کۆمەڵگای ترس
2022-02-09 17:52:13
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ترس لە گلۆبالیزم، لە بێکاریی و داکەوتنی ئاستی گوزەرانیی تاکەکان، لە پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی وشەکەساڵی و تۆفان، ترس لە کۆچی بەکۆمەڵ و بێگانە و گروپە توندڕەو و تیرۆریستەکان، ترس لە جەنگی جیهانی سێهەم و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی، دیارترین و گەورەترین شێوەکانی ترسی سەدەی بیستویەکن.
گەر ئەم پرسانە لە ئەوروپا و ئەمریکا کۆڵەکە سەرەکییەکانی ترس پێکبهێنن، ئەوا لە هەرێمی کوردستان ترسەکان هەندێ ڕەهەندی تریان هەیە. کۆمەڵگای ئێمە لە هەموو ڕووەکانەوە لەبەردەم مەترسیی و هەڕەشەی گەورە و بچووکدایە. لە دونیای ئێمەدا ترسەکان تەنها مەترسیی دزینی مووچە و گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوت و بێکاریی و هەژاریی و باجی زۆر و ووشکەساڵیی و هەڕەشەی دووبارەسەرهەڵدانەوەی تیڕۆری داعش و بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا و تۆپبارانی ئارتەشی ئێرانیی و سەرهەڵدانەوەی قۆناغێکی تری گرژبوونەوەی پەیوەندی پارتیی و یەکێتیی نییە، بەڵکو ترسی بنەڕەتیی لە هەرێمدا بریتییە لە بەدمەستبوونی نوخبە سوڵتانییەکە بە دەسەڵات، تا ڕادەی خۆکوژیی سیاسیی. ئەوەی لەناو یەکێتیدا ڕوویدا و ئەوەی ئێستاش لەنێوان پارتیی و یەکێتییدا لەبەغدا ڕوودەدات، ڕوویەکی مەترسییداری ئەو ئیدمانەیە کە هەر یەک لە نوخبە سوڵتانییەکە بۆ دەسەڵات هەیانە. هەر جارێک کە بیر لە مۆدێلی دەسەڵاتی کوردیی دەکەمەوە یەکسەر فیلمە فەرەنسیی - ئیتالییەکەی (مارکۆ فێرێری) دەرهێنەرم بیردەخاتە، کە بەناوی بوفێ گەورەکە (La Grande Bouffe) لە ساڵی 1973دا نماییشکرا. ئەم فیلمە باس لە چوار هاوڕێی خۆشگوزەران دەکات کە لە ڤێلایەکدا کۆدەبنەوە و بڕیاردەدەن تا ئاستی ڕشانەوە و خۆکوژیی بخۆن، بخۆنەوە و سێکس و کەیف بکەن. بێگومان فیلمەکە ڕەخنەیەکی توندە لە کۆمەڵگای بەرخۆریی، ئەو کۆمەڵگایەی کە خەسڵەت و دیاردەکانی بەشێوەیەکی مەترسییدار گەیشتە کۆمەڵگای ئێمەش. نوخبە ئابووریی و سیاسییەکانی ئێمەش وێنەیەکی کوردییانەی هیدۆنیزمی سیاسیی و کولتووری بەرخۆرییە کە لە فیلمەکەی مارکۆ فێرێریدا بەرجەستەکراوە.
سەردەمی زێڕینی بەرخۆریی لە هەرێمی کوردستاندا کورت بوو. بەهۆی پێترۆدۆلارەوە ماوەیەکی کورت تاکەکان لە فەنتازیای ئەوەدا دەژیان کە دەتوانن هەموو شتێک هەڵبژێرن. لەم قۆناغەدا مۆدێلێک لە دیکتاتۆرییەتی هەڵاوێرد (ئیختیار) بوو بە ئایینی نوێی کۆمەڵایەتیی لە هەرێمی کوردستان، چونکە تاکەکان حەزیان بەچی بکردبایە دەیانتوانی بە پارە بەدەستیبهێنن. نوخبەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ سەریهەڵدا کە ئامادەبوو بە پارەیەکی خەیاڵیی ژمارەی دڵخوازی خۆی بۆ ئۆتۆمبیل و مۆبایلەکەی بکڕێت، عەقڵی وەبەرهێنانی سەرمایەکەیان تەنها لە زەوی و خانوو و شوقەکڕیندا چەقیبەستبوو؛ سەفەر، هاوسەرگیریی، خوێندن و پلە و پۆستی ئەکادیمیی و زۆر شتی تریشیان بە پارە وەدەستدەهێنا. ئەم نوخبە سوڵتانییەی کۆمەڵگای ئێمەش هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو بوو بە بەشێک لەو جیهانە نیولیبراڵەی کە بەهۆی پارەی پێترۆدۆلارەوە بۆ ماوەیەکی کورت مێژووی سەردەمی زیڕینی لە هەرێمدا پێنووسرایەوە. ئەو قۆناغە کورتە لە وەهمی خۆشگوزەرانیی هەمیشەیی تراویلکەیەک بوو، لەماوەیەکی زۆر کورتدا سەرلەبەری ڕەوییەوە. ئەم ڕەوینەوەیەش تەنها پەیوەندیی بە هاتنی داعش و نزمبوونەوەی نرخی نەوتەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵی بەو مۆدێلە فاشیلە لە سیاسەتی ئابووریی و ئیداریی ئەو نەوخبە سوڵتانییەوە هەبوو کە عەقڵییەتێکی بەرخۆریی مەترسییداری بەرهەمهێنا، بەهاکانی ئیمتیاز (privilege)ی لە کۆمەڵگای ئێمەدا گۆڕی بۆ حیزبی و ناحیزبیی، ئینتیمای بۆ نیشتیمان و ئەندامبوون لە کۆمەڵگا وەک هاونیشتیمانییەک گۆڕیی بۆ ئەندامبوون و وەلائەتی ڕەها بۆ خێزانە سیاسییەکان.
چواردەوری ژیانی ئینسانەکانی ئێمە بە مەترسیی تەنراوە، هەر لە مەترسییە دەرەکییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە مەترسییە ناوەکییەکان، لە مەترسیی کۆمەڵایەتییەوە تادەگاتە مەترسیی پەروەردەیی، لە مەترسیی ئابوورییەوە تادەگاتە مەترسیی تێکچوونی ئاساییشی نیشتیمانیی. بەمچەشنە ترسەکان لە هەرێمەکەی ئێمەشدا شلبوونەتەوە، بەمانای ئەوەی دابەشبوون بەسەر بەرهەمهێنانی چەندین مەترسییدا، لە مەترسیی مووچەوە بیگرە تادەگاتە مەترسیی ئاساییشی تەندروستیی و خۆراک، لە مەترسیی مردنی هاونیشتیمانیانەوە بیگرە بەهۆی ڕێگاوبانی خراپەوە تادەگاتە مردنی خەڵک بە گاز و نەوت، لە مەترسیی کوشتنی بەهەوەسی خەڵکی مەدەنیی لەلایەن منداڵ و چەکدارانی خێزانە سیاسییەکانەوە، تادەگاتە نەدانی بەهەوەسی زەریبە لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە. دەسەڵاتی کوردیی، دەسەڵاتێکی سوڵتانیی بێپەروایە، تاوەکو مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دروستنەبێت، نیگەرانیی و ترسەکانی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا نابینێت. ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە مەحاڵە تیایدا خۆمان لە ترس ڕزگاربکەین. دابەشکردنی ترسەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە مانای سەرقاڵکردنی ڕۆژانەی ئینسانەکانی ئێمەیە بە خەمی گەورە و باری گران و کێشەی زۆر و چارەسەری کەم، کە جەستە و سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیی کۆمەڵگا شەکەت و هەلاهەلا دەکات.
کۆمەڵگای ئێمە بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە کۆمەڵگایەکی تاڵ، تاڵ بەو مانایەی ئینسانەکان هیچ شتێکیان بۆ گرنگ نەماوە، گاڵتەیان بە هەموو شتێک دێت. دانیشتوانی هەرێم نە بڕوایان بە مژدە ناسیۆنالیستییەکانی سیاسییە پیرەکانی سەدەی بیستەم ماوە و نە متمانەشیان بە مژدەی ئۆپۆزیسیۆنە پۆپۆلیستەکانی ئەم سەدەیەش هەیە و نە ئومێدیشیان بە دوعای ئیسلامییەکانە تاوەکو خودا سیاسییە جیاوازەکانیان عەزابی ئەم گەلە کەمبکاتەوە. خەڵکی ئێمە بێزارە لە هەموو قسە و کردەیەکی نوخبە سیاسییەکە و باوەڕی بە دواڕۆژێکی باشیش نەماوە، چونکە سیاسەت لەم وڵاتەدا پیشەی کەسانی باش نییە. ئینسانەکانی ئێمە تاڵبوون، تاڵبوون مانای لەیادچوونەوەی ئەو هەستەیە کە پێماندەڵێت ژیان دەتوانێت شیرین بێت.
گەر لەسەردەمی بەعسدا ساڵانێکی زۆر کۆمەڵگایەکی ترساومان هەبووبێت، ساڵانێکە دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی کۆمەڵگای ترسیان بەرهەمهێناوە. گەورەترین سەرمایەگوزاریی دەسەڵاتی کوردیی لەئاستە ئابوورییەکەی لە نەوت و گازدا بێت، لەئاستە سایکۆلۆژییەکەی سەرمایەگوزارییە لە ترس. بۆیە یەکێک لە مەترسییە جدییەکان بۆ سەر ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە ڕاهاتنە لەگەڵ ترس. مەترسیی ڕاهاتن لەسەر شتێک یان دۆخێک مانای قبووڵکردنی حاڵەتێکە کە نە بە چاک و نە بە خراپ نەتەوێت بیگۆڕیت. ئێمە ناتوانین ڕەهەندی ترس لە تێگەیشتنمان بۆ شەڕانییەت و خراپەکاریی دابڕێنین، ئەو مەترسییانەی ئێستا دونیای ئێمەی داگیرکردووە تەنها مەترسیی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی و هەژاریی و کارەساتی ژینگەیی و نەخۆشیی نییە، بەڵکو بەپلەی یەکەم ئامادەگیی دەسەڵات خۆیەتی بۆ داماڵینی سیاسەت لە هەموو چاکەیەکی گشتیی و دروستکردنی وەحشەتگەریی و ئاساییبوونەوەی شەڕانییەت لە هەموو شێوازەکانیدا.
بەشی دووەم و کۆتایی