زیانە داراییەكانی فرۆشی نەوتی هەرێم
2022-02-07 11:38:03
راپۆرتی: درەو
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (8 ساڵی رابردوو)دا زیاتر لە (ملیارێكو 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام كەمتر لە (31 ترلیۆن) دیناری داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەشێوەی سەربەخۆ، هەرێم بڕی (81 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق لەدەستداوەو (45 ترلیۆن) دیناریش قەرزار بووە.
پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق
پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەماوەی نێوان ساڵانی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن) دینار، لەم بڕە پارەیە تەنیا (15 ترلیۆن) دینار رەوانەی هەرێم كراوە، واتا بڕی (81 ترلیۆن) دینار لە پشكی هەرێم راگیراوە.
یەكەم: پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی (2004-2014)
پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، واتا فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ، لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە وەكو پشكی كورد، بڕێكی زۆر پارە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێم دەكرا، بەجۆرێك لە دوای ساڵی 2004 -2014، حكومەتی فیدراڵ 17%ی بودجەی گشتی بۆ هەرێم ناردووە.
بەپێی سەرچاوەكان، ئەو پارانەی لە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێم لە حكومەتی فیدراڵ دەست حكومەتی هەرێم كەوتووە، كە لە ساڵی 2004ەوە تا ساڵی 2014 بەردەوام بووە، بریتی بووە لە (75 ملیارو 177 ملیۆن) دۆلار (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛
ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعشو گرفتەكانی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، یاسای بودجە نەبوو، دەسەڵاتی خەرجییەكان درابوو بە وەزارەتەكان، ئیتر لێرەوە پشكی هەرێم بڕدرا.
بەپێی توێژینەوەیەكی (فەرمانگەی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) كە لە تشرینی یەكەمی 2020 بڵاوكراوەتەوە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005تاوەكو 2019 بڕی (96 ترلیۆنو 196 ملیارو 503 ملیۆن) دیناری لە بەغدادەوە وەرگرتووە، لە بەرامبەردا تەنها (2 ترلیۆنو 273 ملیارو 430 ملیۆن) دینار داهاتی خۆی بۆ حكومەتی ناوەند لە بەغداد گەڕاندوەتەوە.
دووەم؛ پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی 2014-2021)
لەدوای ساڵی (2014)ەوە دۆخەكە بەشێوەیەكی ترە، ئەگەرچی لە یاساكانی بودجەی (2014-2021) پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمو سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هیچ كات ئەو بڕە پارەی كە وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە، وەك خۆی بۆ هەرێم نەنێردراوە، بۆ نمونە بڕوانە خشتەی ژمارە (1)؛
پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق (2021-2014) (دینار)
تێبینییەكان دەربارەی خشتەی ژمارە (1)
1. حكومەتی عێراق لە ساڵی 2020 یاسای بودجەی نەبووە.
2. سێ مانگی سەرەتای 2020، هەموو مانگێك 453 ملیار لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە.
3. (6) مانگی سەرەتای ساڵی (2021) تێپەڕی بەڵام حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردووە، لە (6) مانگی دووەمی ساڵی (2021) بە شێوەی سلفە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار وەك سلفە رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە.
شیكاری خشتەی ژمارە (1)
1. پشكی هەرێمی كوردستان لەماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن و 540) ملیار و 995) ملیۆن دینار.
2. تەنها بڕی (15 ترلیۆن و 929 ملیار و 533 ملیۆن) دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە.
3. بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە.
سێیەم؛ داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی ئابوری سەربەخۆدا
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆدا، لەماوەی ساڵی (2014) تا كۆتایی ساڵی (2021) زیاتر لە (1 ملیارو 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، بە تێكڕا بەرمیلێكی نەوتی بە بڕی (54) دۆلار فرۆشتووە، بەكۆی گشتیو بەبێ هیچ خەرجیو تێچونێك، بەهای ئەو بڕە نەوتەی فرۆشتویەتی زیاتر بوو لە (55 ملیار دۆلار) بەرامبەر بە زیاتر لە (68) ترلیۆن دینار (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
فرۆشی نەوتی هەرێم (2014- 2021)
بەڵام بەپێی وتەی (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان) كە رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) لە كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند؛ (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات تێچووی دەرهێنانی نەوتەو (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێت، بۆیە دوای لێدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوتو هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە (ساڵی ڕابردوو)دا لە ڕێگەی فرۆشتنی (1 ملیارو 103 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتەوە، دەكاتە (25 ملیارو 485 ملیۆن 858 هەزارو 150) دۆلار، كە بەهای (1) دۆلار بە تێكڕا لەماوەی (ساڵی رابردوو) بریییە لە (1 هەزار و 211) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (30 ترلیۆنو 863 ملیارو 374 ملیۆنو 220 هەزارو 231) دینار وەك داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)
فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم (2014-2021)
پاش لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی
چوارەم؛ دەرەنجامی فرۆشی سەربەخۆی نەوت
ئەگەر بەراوردی ئەو داهاتە بكەین كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی كەوتووە، بەو بەشەی لە بودجەی عێراق لەدەستی داوە، ئەوا؛
1. حكومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422 ملیۆن) دینار بودجەی لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە.
2. حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بڕی (1 ملیارو 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8 ساڵ)دا هەناردە بكات، بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار دوای لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی بۆ بمێنێتەوە.
3. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەكەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار.
پێنجەم: كەڵەكەبونی قەرزە گشتییەكان
بەهۆی كورتهێنانە بەردەوامەكانو بەتایبەتیش بەهۆی قەیرانەكانی ساڵانی (2014-2017و 2020)، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، كە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆرانو بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەكانو قەرزی دەرەكیو قەرزی بانكی (تی بی ئای)و قەرزی ناوخۆین، بڕی ئەم قەرزانە زیاتر لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریكییە (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) بەشێكی گەورەی قەرزەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ پێش كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بروانە چارتی ژمارە (3)). هاوكات (خشتەی ژماره (4)) دەربڕی قەبارەی قەرزە گشتییە كەڵەكەبووەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە درێژایی ساڵانی (2012 - 2021).
چارتی ژمارە (2)
چارتی ژمارە (3)
خشتەی (4)
سەرچاوەکان
1. کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28/6/2021.
2. م.جهانگیر صدیق احمد، چاكسازى ئابوری له ههرێمی كوردستان، پاساو و بهربهستهكان له (2005 - 2019)، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، مجلة الدراسات السياسية و الأمنية - المجلد (الرابع) العدد (الثامن) كانون الاول ٢٠٢١؛
https://www.centerfs.org/files/2021/12/3-Vol.4-No.8k-81-112-3.pdf
3. ماڵپەڕی درەو میدیا، زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتاو ژمارەكانی حكومەت؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5813
4. ماڵپەڕی درەو میدیا، فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9584
5. ماڵپەڕی درەو میدیا، لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ ئابوری سەربەخۆیان؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8611
6. قانون الموازنة العامة الاتحادية للسنة المالية2021.
7. ابتسام عبد اللطيف محمد، مستحقات اقليم كوردستان وكميات ومبالغ تصدير النفط خارج اطار شركة (سومو) ومدى تاثيرها على الموازنة الاتحادية للمدة (2005-2019)، دائرة البحوث والدراسات النيابية مكتب بحوث الموازنة.
8. Deloitte, Kurdistan Regional Government of Iraq, Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020, 20 June 2021.