ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە عێراق
2022-02-10 20:43:23
راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
لەخولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران (38) رۆژ داوی دانیشتنی یەکەم و خولی دووەم دوای (151) ڕۆژو خولی سێیەم دوای (24) ڕۆژو لە خولی چوارەم دوای (30) ڕۆژ لە دانیشتنی یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا. لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (123) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردن (32) ڕۆژ بەسەر دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕییوەو تا ئێستا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە.
بەپێی ئامارەکان لەماوەی چوار خولی ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران (1020) دانیشتنی ئەنجامداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (690) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (20) پرساندن و (179) میوانداری و (30) پرسیار و (3) وەرگرتنەوەی متمانەو (3) ئیقالەی بەرپرسانی حکومەتی کردووە.
هەڵبژاردنی گشتی و دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (15/12/2005) بەڕێوەچوو (92) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (16/3/2006) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بەڵام پاش تێپەڕبوونی (38) ڕۆژ و لە (22/4/2006) (جەلال تاڵەبانی) وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010) بەڕێوەچوو (100) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (14/6/2010) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بەڵام پاش تێپەڕبوونی (151) ڕۆژ و لە (11/11/2010) (جەلال تاڵەبانی) جارێکی تر وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.
پاشان لە خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو (63) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (1/7/2014) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (24) ڕۆژ و لە (24/7/2014) (د.فوئاد مەعسوم) وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (12/5/2018) بەڕێوەچوو (115) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (3/9/2018) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (30) ڕۆژ و لە (2/10/2018) (د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح) وەک سەرۆکی کۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو (91) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕی و لە (9/1/2022) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، لە ئێستادا و پاش تێپەڕبوونی (32) ڕۆژ و بەسەر یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ململانێکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەردەوامەو دیار نییە ئەم خولەی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کێ و کام لایەنی سیاسی دەبێت
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە چوار خولی ئەنجومەنی نەێنەرانی عێراق
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چوار خولی خۆی تەواو کردووەو ئێستا پێی ناوەتە سەرەتای خولی پێنجەمی خۆیەوە، ئەرکی لە پێشینەشی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق.
لە خولی یەکەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (130) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (266) ئەندام لەکۆی (275) لە (22/4/2006) دەستەی سەرۆکایەتی و لە نێویشیاندا (جەلال تاڵەبانی) وەک سەرۆک کۆماری عێراق متمانەی پێدرا.
لە خولی دووەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (251) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (232) ئەندامی ئەنجومەنەکە لە (11/11/2010) بە ڕکابەری دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (جەلال تاڵەبانی) وەک سەرۆک کۆماری عێراق جارێکی تر متمانەی وەرگرتەوە.
لە خولی سێیەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (87) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (269) ئەندامی ئەنجومەنەکە لە (24/7/2014) بە ڕکابەری (93) کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (د.فوئاد مەعسوم) و لە گەڕی دووەمدا وەک سەرۆک کۆماری عێراق متمانەی لە ئەنجومەنی نوێنەران وەرگرت.
لە خولی چوارەمی ئەنجومەنەکە و دوای تێپەڕبوونی (145) ڕۆژ لە هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی (302) ئەندامی ئەنجومەنەکە لەکۆی (275) ئەندام لە (2/10/2018) بە ڕکابەری (23) کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح) و لە گەڕی دووەمی دەنگداندا وەک سەرۆک کۆماری عێراق متمانەی لە ئەنجومەنی نوێنەران وەرگرت.
لە ئێستاشدا کە لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانداین (123) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردندا ڕۆیشتووەو پرۆسەی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆمار کۆتایی نەهاتووەو ململانێکان بەردەوامن.
کاروچالاکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە چوار خولی ڕابردوو
بەپێی ئامارەکان لەماوەی چوار خولی ڕابردووی خۆی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (1020) دانیشتنی ئەنجامداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (690) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (20) پرساندن و (179) میوانداری و (30) پرسیار و (3) وەرگرتنەوەی متمانەو (3) ئیقالەی بەرپرسانی حکومەتی کردووە، بەجۆرێک؛
خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (355) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (218) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (5) پرساندن و (71) بەرپرسانی حکومی کردووە.
خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (255) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (215) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (3) پرساندن و (47) میوانداری بەرپرسانی حکومی کردووە.
خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (278) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (166) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (11) پرساندن و (46) میوانداری و (25) پرسیار و (1) وەرگرتنەوەی متمانەو (2) ئیقالەی بەرپرسانی حکومی کردووە.
خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەراورد بە خولەکانی تر کەمترین چالاکی هەبووەو (152) دانیشتنی گرێداوەو لە کۆی ئەو دانیشتنانەدا (91) یاسای دەرکردووە، لە بواری چاودێریشدا (1) پرساندن و (15) میوانداری و (5) پرسیار و (1) وەرگرتنەوەی متمانەو (1) ئیقالەی بەرپرسانی حکومی کردووە.
لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2006 - 2021)
بەشێوەیەکی گشتی لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوار خولی ڕابردوودا ژمارەیان لە نێوان (24 - 26) لیژنە بووەو ئەندامێتیش لە نێویاندا کەمترینی (7) ئەندام و زۆرترینی (21) ئەندام بووە.
(11) لیژنەش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرچوار خولەکەدا دووبارە (تیکرار) بوونەتەوە، ئەوانیش لیژنەکانی (نەوت و وزەو سەرچاوە سروشتییەکان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاسایش و بەرگری، پەیوەندییەکانی دەرەوە، تەندروستی و ژینگە، هەرێم و پارێزگاکان، دارایی، دەستپاکی، ئابوری و وەبەرهێنان، یاسایی، وەرزش و لاوان).