Draw Media

سبەینێ بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی كۆدەبنەوە

سبەینێ بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی كۆدەبنەوە

2022-02-09 18:37:18


 راپۆرت: درەو
مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتیش بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوە، بڕیارە سبەینێ لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆببنەوە،هەرچەندە لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبمەوە  چەند سینارێۆیەک ھەیە بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

بارزانی بەشداری نەکرد !
ئەمڕۆ ماوەی زیاتر لە چوار كاتژمێر، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبوەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووەو فایلی گفتوگۆكانی بەغدادی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كردووە.
لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، سەرەرای ئەوەی پارتی سوربوونی خۆی لەسەر بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك كۆمار دووپاتکردوەتەوە، بەڵام گفتوگۆكراوە بە ئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بۆ ئەوەی بەیەك كاندیدی هاوبەش بچنە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە.
(درەو) زانیویەتی، ئەگەر لەگەڵ یەكێتی رێكنەكەون، پارتی فوئاد حسێن و هۆشیار زێباری كاندید دەكات، لە حاڵەتی یەكلاكردنەوەی كەیسەكەی هۆشیار زێباری و رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراوە، پارتی فوئاد حسێن دەكشێنێتەوەو هۆشیار زێباری دەبێتەوە بە كاندیدی پارتی، ئەگەر دادگا كاندیدبوونی هۆشیار زێباری رەتبكاتەوە، پارتی فوئاد حسێن كاندید دەکات.
بۆچونێكی ھەیە دەڵێ، لەبەرئەوەی هەینی و شەممە پشووە، رۆژی یەكشەممە هاوكات لەگەڵ بڕیاردان لەسەر كەیسەكەی هۆشیار زێباری، دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت. 

یەکێتی بەرھەم ساڵح کاندید دەکاتەوە
ئەمشەو لە شاری سلێمانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە بەشداری بەرهەم ساڵح ئەندامی سەركردایەتی كۆبوەوە.
(درەو) زانیویەتی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریداوە جارێكی تر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار كاندید بكاتەوەو ئامادە نیە کاندیدەکەی بگۆڕێت.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، نوری مالیکی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا داوای لە یەكێتی كردووە كاندیدی سەرۆك كۆمار بگۆڕێت، ئەگەرنا دەنگەكانیان "سپی" دەبێت.

سبەینێ کۆدەبنەوە
بڕیارە سبەینێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستا ئێرانییەکان نێوەندگیری دەكەن بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی بە كاندیدی هاوبەشەوە بچنە بەغداد، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی سورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح و پارتیش سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت.

سینارێۆکانی رێککەوتن
ئێستا چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی سەرۆك كۆماری عێراق:
•    پێشنیازی دوو ساڵ بەدوو ساڵ  لەنێوان یەكێتی و پارتی، هەرچەندە ئەم پێشنیازە لە دەستوردا رێگە پێدراو نیە.  
•    پێشنیازی چوار ساڵ بە چوار ساڵ بۆ یەكێتی و پارتی.
•    پێشنیازی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەرامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار.
•    پێشنیازی پۆستی سەرۆكی هەرێم بە رامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار، (سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand