Draw Media

"مەسڵەحەی كۆن"ی سلێمانی دەكرێت بە شوقەو شوێنی بازرگانی

"مەسڵەحەی كۆن"ی سلێمانی دەكرێت بە شوقەو شوێنی بازرگانی

2022-02-09 13:59:30


(درەو): 
(دڵی سلێمانی) مەسڵەحەی كۆن كە روبەرەكەی (10) دۆنمەو لەسەر شەقامی سالمە دەكرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبون و شوێنی گەراجی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەھۆی ئەم پرۆژەیەوە كۆمیتەكانی (زانكۆ و پەیمانگاكان، پۆلیس و ئاسایش) كە سەربە مەڵبەندی یەكێتین، گوازراونەتەوە.
ئێستا شوێنی دروستكردنی پرۆژەكە سیاجكراوەو ئامادەیە بۆ كاركردن، شوێنی پرۆژەكە بە گەراجەكەی مەڵبەندەوە (10) دۆنم زەوییە، (100) مەتری رووی لەسەر شەقامی سەرەكی (سالم)ە، لەم شوێنەدا هەر مەترێكی زەوی بەھاكەی زیاتر (2500) دۆلارەو تەنیا رووەكەی بەھاكەی دەگاتە (25 ملیۆن) دۆلار.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، خاوەنی پرۆژەكە بەنیازە لەم شوێنەدا (4) شوقەی (28) نهۆمی دروست بكات و بەشی پێشەوەی زەوییەكەش بكات بە دوكان و بازاڕ.
شوێنی ئەم پرۆژەیە بە دیاریكراوی دەكەوێتە گەڕەكی (رزگاری) لە باشوری شاری سلێمانی و بە ( دڵی سلێمانی) دادەنرێت و بەشی پێشەوەی پرۆژەكە دەكەوێتە سەر شەقامی (سالم)و بەرامبەر سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییە.
شوێنی ئەو زەوییەی دەكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون لەناو خەڵكدا بە "گەراجی مەسڵەحەی كۆن" ناسراوە، ئەم گەراجە ساڵی 1988 دراوە بە چەند كەسێك و بڕیاردراوە (72) پاسی هەبێت، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە تەنیا (12) پاس كاریان تێدا كردووە.
ئەوانەی ئاگاداری چیرۆكی ئەم پارچە زەوییەن دەڵێن: لە چەندین قۆناغدا هەوڵدراوە بەكاربھێنرێت، ئیدارەی گشتی یەكێتی پارەی بەو كەسانە داوەو لە ساڵی 2005 دا داویەتی بە كۆمپانیای (بەڕێز) بۆ پرۆژەو دواتر لێی وەرگیراوەتەوەو قەرەبوو كراوەتەوە.
لە قۆناغی دواتردا چەند ھەوڵێك ھەبووە بۆ ئەوەی ئەم زەوییە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام  لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)و (حاكم قادر حەمەجان) ئەندامانی پێشوی مەكتەبی سیاسی ئەوكاتی یەكێتییەوە رێگریان لێكراوە.
ئێستا وەبەرهێنەرێك بە هاوبەشی ئیدارەی گشتی یەكێتی پرۆژە لەسەر زەوییەكە دروست دەكات، شوێنەكە سەربە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەو لەلایەن ماستەر پلانی سلێمانییەوە پەسەندكراوە، خەڵكی ناوچەكە چەندینجار دااویانكردووە بكرێتە پاركێكی سەوزایی لەبەرئەوەی لەوناوچەیە سەوزایی كەمە، بەڵام دواجار بڕیاردراوە بکرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand