ئەگەر لەماوەی 30 رۆژدا سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا ؟
2022-02-05 20:50:24
درەو:
ئەگەر ڕۆژی دووشەممە نیسابی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو نەبوو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، ئەوا وادەیەكی نوێ دیاری دەكرێت و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوەو چانسی رێككەوتن لەسەر كاندیدی هاوبەش لە نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر دەبێت .سەرۆك كۆماری ئێستاش بەشێوەیەكی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت لە پۆستەكەیدا.
بە گوێرەی وادە دەستورییەكان، پێویستە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 8/2/2022 كە (30) رۆژ دەكات، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێك بۆ هەڵبژادنی سەرۆك كۆمار ئەنجامبدات، دانیشتنەكە پێویستی بە ئامادەبونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، بەپێی پێشبینیەكان نیسابی یاسایی تەواو نابێت بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكە، كوتلەی سەدری كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی هەیە، ڕایگەیاندووە بایكۆتی ئەو كۆبونەوەیە دەكات، پێدەچێ هەردوو هاوپەیمانەكەشی سیادەو پارتی هەمان هەنگاوبنێن، بەوەش پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەناچێت و جارێكی تر وادەیەكی نوێ دیاری دەكرێت و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە،
هەڵنەبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە وادەی دەستوریدا مشتومڕی لێكەوتەوە، هەندێك دەڵێن عێراق دەكەوێتە بۆشایی دەستورییەوەو هەندێكیش جەختدەكەنەوە كە بۆشایی دەستوری دروست نابێت.
دادگای فیدراڵی چی دەڵێت؟
دادگای فیدراڵی ساڵی 2010 حوكمێكی دەركردووە كە وەڵامی دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا دەداتەوە، دادگا دەڵێ ئەو وادەی (30) رۆژەی دوای كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، وادەیەكە "بۆ رێكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، نەك بۆ خستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار".
بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگای فیدڕاڵی، ئەگەر رۆژی دووشەممە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵنەبژێردرێت، رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرفتی بۆ دروست نابێتو دەكرێت لەكاتێكی تردا رێككەوتن بكرێتو نیسابی یاسایی تەواو بكرێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەوكاتەش بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی وەكو سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت.
كاندیدی نوێ
پۆستی سەرۆك كۆمار ڕكابەرییەكی توندی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا لێكەوتوەتەوە، هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەدژی پەسەندكردنی كاندیدبونی تۆماركراوە، بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیش نەیتوانیوە ڕەزامەندی زۆرینەی كوتلەكان بەدەستبهێنێت، بۆیە ئەگەر رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیهێنا، ڕەنگە پارتی و یەكێتی كاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن یان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبكەون.
لەبارەی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عزەت شابەندەر سیاسەتمەداری عێراقی لەتۆڕی كومەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، بایكۆتكردنی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لەلایەن كوتلەی سەدرییەوە لە 7/2/2022 ماوە دەستورییەكان دەكاتەوەو هەل دەڕەخسێنێت بۆئەوەی كاندیدی نوێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دابنرێت.