(درەو) دەقی رێككەوتنی بارزانیو سەدر بڵاودەكاتەوە
2022-02-11 13:07:47
(درەو):
(درەو) بۆ یەكەمجار دەقی رێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانو رەوتی سەدر بڵاودەكاتەوە، ئەم رێككەوتنە (13) خاڵییە، هەموو لە خزمەتی بنیادنانەوەی عێراقدایەو خۆی لە چارەنوسی كوردستانو ناوچە دابڕاوەكان نەداوە، رێككەوتنەكە دژایەتی خۆی بۆ (ئیسرائیل) راگەیاندووەو داوای دادگایكردنی گەندەڵكاران دەكات لە 2003وە بۆ ساڵانی دواتر، وا دەردەكەوێت لەمەدا بەدیاریكراوی (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق كراوەتە ئامانج كە نەیاری سەرسەختی موقتەدا سەدرە.
رێككەوتنەكە جەخت لەسەر هەمواركردنی دەستوری عێراق دەكات لەماوەی ساڵێكو كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكانو تێكەڵكردنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی دەكات.
ئەمە نوسخەی یەكەمی رێككەوتنەكەیەو دواتر گۆڕانكاری بچوك لە چەند خاڵێكیداكراوە.
دەقی رێككەوتنی بارزانیو سەدر
ئەوە روونە عێراق بوەتە دیلی گەندەڵیو وابەستەیی، بەبێ یەكخستنی ئیرادەی ئازادو توانای فەراهەمكردنی بنەمایەكی نیشتمانی پتەو، دەرچوون لەم قەیرانە درێژخانەی كە ئاڕاستەكانی پرۆسەی سیاسی كۆنترۆڵ كردووە، بوونی نییە، بۆ دەربازكردنی وڵات لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گشتگیر كە دەكرێت دووبارە بەها بۆ بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەكان بگەڕێنێتەوە، لەرێگەی تەواوكردنی بنیادنانی دەوڵەتو دەزگاو دامەزراوە دەستورییەكانو گەڕاندنەوەی شكۆ لە هەموو گۆڕەپانو بوارەكاندا، ئەمەش بەدی نایەت، بەبێ رزگاركردنی ئیرادە نیشتمانییەكەیو پاكتاوكردنی هەموو ئەو شتانەی كە لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانیدان لەچوارچێوەی دەستورو بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانو بەهێزكردنی رۆڵی هەریەكەیانو دەستوەرنەدان لە كاروبارەكانیان.
لەم سۆنگەیەوە، ئەوەی پێویستە بكرێت بكرێت، ئەمەیە:
یەكەم: دوای ئیمزاكردن لەسەر ئەم یاداشتە، كرانەوە بەڕووی هەندێك لەو هێزە سیاسییانەی كە ئامادەن ئەم یاداشتە تەبەنی بكەن بە بنەما سەرەكییەكانیو هەر شتێك كە ناوەڕۆكەكەی دەوڵەمەند بكات، بەمەرجێك هەموان پەنا بۆ دەستورو ئەو ئیرادە میللییە ببەن كە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرجەستەی كردووە.
دووەم: رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانی بۆ رزگارییو گۆڕانكاریی، كە بنكەكەی زۆرینەی نیشتمانییەو باوەڕی هەیەو تەبەنی هەر شتێك دەكات بۆ رزگاركردنی وڵات لە بەڵای تائیفیەتو رەگەزپەرەستی، ئەمەش لەڕێگەی كاری هاوبەش بۆ گۆڕانكاری دیموكراتی بەئاڕاستەی بنیادنانو گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دەوڵەتو پشتبەستن بە هاوڵاتیبوونی یەكسانو ئازاد وەكو بنەمایەك بۆ حوكمڕانیو بڕیاردان.
ئەو لایەنانەی كە ئیمزا لەسەر ئەم یاداشتە دەكەنو ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، بەرپرسیارێتی پێكهێنانی حكومەتو گرەنتیكردنی بەردەوامبوونو پێشكەشكردنی پاڵپشتیو لێپرسینەوە لە حكومەتەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ لەچوارچێوەی دەستوردا، بەبێ دەستوەردانی راستەوخۆ لە كاروبارەكانیدا، ئەوان بەرپرسیارن لە سەركەوتن یا پەككەوتن یاخود شكستهێنانی.
سێیەم: رێزگرتن لە بنەمای بوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە پەرلەمان كە چاودێری دەزگای حكومییەكانو دامەزراوەكان لەئەستۆبگرێت، بەجۆرێك رۆڵی چاودێریكردن لە چوارچێوە دەستورییەكەیدا، بەهێز بكات.
چوارەم: كاركردن بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیەك بۆ هەمواری دەستور لە پەرلەمان، بەگوێرەی میكانیزمە دەستورییەكانو پێداویستییەكانی، لەماوەیەكدا كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت.
پێنجەم: سەرپەرەشتیكردنی جێبەجێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەگوێرەی خشتەیەكی زەمەنی كە لەنێوان هەردوولادا بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، دەبێت پەنا بۆ عورفی نێودەوڵەتیو یاسای عێراقی ببرێت.
شەشەم: پابەندبوونی عێراق بە سیاسەتی دژایەتیكردنی زایۆنیزمو بەتاوان ناساندنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
حەوتەم: كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەقە دەستوریو یاساییانەی كە بەهای ئەخلاقییەكان دەپارێزن، حەرامكردنی هەر شتێك كە لادانو رەفتاری پێچەوانەی ئادابی گشتیو تایبەت دروست دەكات.
هەشتەم: رێزگرتن لە شكۆی دەوڵەتو دامەزراوەكانی، بەتایبەتیش دەسەڵاتی دادوەرییو رێگریكردن لە دەستوەردانی حزبو كوتلە سیاسییەكان لە هەموو ئەو شتانەی كە پەیوەندیدارن بە دەسەڵاتو دەزگاكانییەوە، بەرپەرچدانەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكیو بەتاوان ناساندنیو پاراستنی سنورو دەروازەكانی عێراق لە دەسەڵاتی دەرەكیو حزبەكانو درێژكراوەكانیان.
نۆیەم: پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارە حكومییەكانی عێراق لە هەردوو كاروباری ناوخۆییو دەرەكی، لە هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی.
دەیەم: هێزە چەكدارەكان لەڕووی ئامادەییو مەشقو راهێنانو پڕچەككردنەوە، ئامادەبكرێنو توانای بەرگرییان بۆ پاراستنی سەروەریو سەربەخۆیی وڵات بەهێز بكرێت، پاڵپشتی هێزە ئەمنییە فەرمییەكانو سەرچاوەو پێداویستییەكانیان بكرێتو، بەگوێرەی چوارچێوە دەستورییەكان، شكۆو ئامادەییان بۆ پێكهاتەكانی بگەڕێندرێتەوەو لەم چوارچێوەیەدا گەشەپان پێبدرێت، كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەكدارانەی كە لە دەرەوەی پێكهاتە دەوڵەتییەكانەوەنو تێكەڵكردنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی، لەگەڵ پێویستی لەبەرچاوگرتنی كۆنترۆڵكردنو رێكخستنی حەشدو پاككردنەوەی لەخەڵكانی ناپابەندو هێشتنەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا.
یانزەیەم: عێراق وڵاتێكی سەربەخۆو خاوەن سەروەرییە، بۆ جەختكردنەوە لەسەر ئەم بابەتە، بەمشێوەیە كاردەكرێت:
ا- رێكخستنی پەیوەندییە دەرەكییەكانو فەراهەمكردنی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی تردا.
ب- بەهێزكردنی رۆڵی باڵیۆزخانەكانی عێراقو ئامادەكردنیان بۆ نوێنەرایەتیكردنی عێراق بەجۆرێك شایەنی پێگەو رۆڵی عێراق بێت.
ج- كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی پاسپۆرتی عێراق وەكو ئەوەی پێشتر هەبووە، بەجۆرێك لەناو هاوشێوەكانیدا رێزلێگیراو بێت.
دوانزەیەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا كە دەسەڵاتێكی فراوانی هەبێت، بە هەماهەنگی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ وردبینیكردنو لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی حكومەت لە ساڵی 2003وە بۆ ساڵانی دواترو لێپێچینەوە لەوانەی كەمتەرخەمو گەندەڵ بوون بە رێوشوێنی توندو روونو، رێگریكردن لە دەستوەردانی لایەنە سیاسییەكان لە كاری ئەم لیژنەو، شەش مانگ جارێك چاودێركردنی كارەكانی بكرێتو كار بكرێت بۆ پەسەندكردنی یاسای " من این لك هژا ؟".
سیانزەیەم: پێشكەشكردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی كە بۆ بەرژەوەندی گشتی پێویستن بە پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەریانو ئەنجامدانی ئەوەی پێویستە بۆ پەسەندكردنیان، تەواوكردنی بنیادنانی دامەزراوە دەستورییەكانو پێدانی ئەولەویەت بە پرۆژەیاساكانی (ئەنجومەنی فیدراڵ، ئاوەدانكردنەوە، نەوتو غاز)، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كاراكردنو جێبەجێكردنی یاسای دەستەی گشتی بۆ گرەنتیكردنی مافی هەرێمو پارێزگاكان ژمارەی (26)ی ساڵی 2016و یاسای دەستەی گشتی چاودێریی تەرخانكردنی داهاتە فیدراڵییەكان ژمارە (55)ی ساڵی 2017.