سایتێكی توركیا: چارەسەری قەیرانی غاز لە تەنیشتی خۆماندایە
2022-02-07 15:35:38
(درەو):
بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ سەردانی ئەنكەرەی كردو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای بینی، ئەم سەردانە كتوپڕە سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی هەرێمە لەگەڵ توركیا، كە دوای نەوت، غازی هەرێمی كوردستانیش رادەستی توركیا دەكات، سایتێكی توركیا باس لە بایەخی غازەكەی كوردستان بۆ توركیا دەكات، دەڵێ ئەو غازە توركیا لە قەیران رزگار دەكات، توركەكان، تەنانەت چاویان لەو (كبریت)ەشە كە لەناو غازەكەی هەرێمدا هەیە.
دەقی هەواڵی سایتی (haber 7) لەبارەی غاز لە كورستان:
توركیا 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە تەنیشت خۆیدا هەیە
چارەسەری وزە لە تەنیشتی خۆماندایە، عێراق (900 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی هەیە، پسپۆڕان دەڵێن" دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە رزگارمان ببێ كە كاریگەری لەسەر جیهان بەگشتی دروستكردووە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە دەكەوێتە تەنیشتی خۆمانەوە".
لە فڕۆكەكەیدا لەكاتی گەڕانەوەی لە ئۆكرانیا، سەرۆك ئەردۆغان وتی" دەكرێت غازی سروشتی لە عێراقەوە بۆ توركیا دابین بكرێت"، بەمەش وردەكاری پرۆژەكە ئاشكرا بوو.
پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی باكوری عێراق (میدیا توركییەكە ناوی كوردستانی نەهێناوە) كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 2017وە پچڕا، لەبواری ئابوریو وزەو سیاسەتدا كاریگەر بوون.
ساڵی رابردوو (192 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەرێگەی ئەم هێڵەوە گواستراوەتەوە، كە رۆژانە توانای وەرگرتنی (ملیۆنێك) بەرمیلی هەیە، (گۆخان یاردیم) بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای (بۆتاش) دەڵێ" 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە باكوری عێراقدا هەیە.. توركیا دەستكەوتی مێژوویی بەدەستدەهێنێت لەرێگەی دامەزراندنی هێڵی وەبەرهێنانو گواستەوەی ئەم غازە لە پاڵ نەوتدا".
(عارف ئەكتورك) سەرۆكی پێشووی بەشی فرۆشتنی غازی سروشتی لە كۆمپانیای (بۆتاش) وتی" لە ساڵی 1974وە بازرگانی هایدرۆكاربۆنیمان لەگەڵ عێراق هەیەو ساڵی 2013 نوێكراوەتەوە، ئێمە دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە دەرباز ببین كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە، لەوێ كێڵگەی غاز هەیە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە تەنیشتنی خۆماندایە".
بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی توركیا، (گۆخان یەردیم) بە ئاماژەدان بەوەی ژێرخانی بازرگانی غاز لەگەڵ باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) ئامادەیە، وتویەتی" كۆمپانیاكانی (تاپكۆ)و (بۆتاش) كە دوو كۆمپانیای جیهانین، لەحاڵەتی رێككەوتنی فەرمیدا، تاپكۆ دەتوانێت لەماوەیەكی كورتدا كاری هەڵكەندنو دەرهێنان ئەنجام بدات.. هێڵی بۆریمان هەیە كە تا خۆرهەڵاتی توركیا درێژدەبێتەوە، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێڵەكە لە خاكی عێراقدا دەكەوێتە سەر زەوییەكی تەختو دەكرێت لەماوەیەكی زۆر كورتدا ئامادە ببێت، یەدەگێكی نائاسایی غاز لە (مەنسوریە)و (كۆرمۆر) لە ناوچەی چەمچەماڵ هەیە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی توركیاو عێراق رەزامەندی لەسەر بدەن، توانای یەك ملیۆن بەرمیل بەس نییەو دەبێت هێڵێكی تری بۆری نەوت دروست بكرێت، ئەم توانایە هەیەو ئەو ژمارەیە گواستنەوەی لەرێگە تانكەر ناگرێتەوەو ئامانجەكە ئەوەیە لە پلانی سەرەتایدا ئاستی هەناردە لە (10 ملیار) مەتر سێجاوە بگەیەندرێتە (10 ملیار) مەتر سێجای ساڵانە.
لەپاڵ نەوتو غازدا، عارف ئەكتورك باس لە زنجیرەیەك سودی تر دەكاتو دەڵێ" غاز لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بڕێكی زۆر كبریتی تێدایە، ئەگەر بتوانرێت ئەم كبریتە بخرێتە بازاڕەوە، ملیاران دۆلار سودی ئابوری تێدا دەبێت، بەڵام ئەگەر كبریتەكە لەناو كێڵگەدا بمێنێتەوە، شاخی كبریتی لەناوچەكەدا لێ دروست دەبێتو لەكاتی بارانباریندا ترشی كبریتی دروست دەكاتو كارەساتی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە.
حكومەتی ناوەندی عێراق سكاڵایەتی یاسایی لەسەر توركیا بەرزكردوەتەوە كە پەیوەندی بە بازرگانی نەوتەوە هەیە لە ساڵی 2013و دواتر لەرێگەی هێڵی بۆری (IT Petrol)، كرۆكی سكاڵاكە كە بەرزكراوەتەوە بۆ بڕیاردانو هێشتا ئەنجامی حوكمەكەی رانەگەیەندراوە دەڵێ، حكومەتی باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) دەتوانێت تەنیا رێژەی 17%ی نەوتی هەناردەكراو ببات، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، توركیا دیپلۆماسیەتێكی چڕ لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لە بەغدادو ئیدارەی بەرزانیدا پەیڕەو دەكات، سەرچاوە دیپلۆماسییەكان دەڵێن دەستكەوتی گەورە لەم بوارەدا بەدەستهاتووە.