Draw Media

”مەسەلەی کورد“: حیکایەتێکی کوژراو

”مەسەلەی کورد“: حیکایەتێکی کوژراو

2022-02-06 07:23:17


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

ساڵانێکە من بەرگریی لەو بۆچوونە دەکەم کە شتێک بە ناوی ”مەسەلەی کورد“ەوە لە سیاسەتی ھێزە باڵادەستەکانی ھەرێمدا، نەماوەتەوە. سیاسەتی ھەرێم، کە بە پلەی یەکەم سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دوای ئەویشەوە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانییە، لە دەوری کۆمەڵێک سود و قازانج و دەسکەوت دەسوڕێتەوە، کە سود و قازانج و دەسکەوتیی سوڵتانیی و بنەماڵەیی و خێزانییە. ئەوەی ئاراستە و ناوەرکی ئەم سیاسەتە دەستنیشاندەکات ئەو گرێدانە توند و ھەمەلایەنەی خواستی ئەو بنەمالە سیاسییانەیە بە کردەی سیاسییەوە، لە ھەرێمدا. حیزب خۆیشی، وەک یەکەی سیاسیی سەرەکیی لە ھەرێمدا، ئامرازیی پاراستن و سەپاندنی ئەم ویستە خێزانیی و بنەماڵەییەیە. ئەم دۆخە لە دەیان سات و لەچەندن ساتەوەختی جیاوازدا ئاشکرا و بەرجەستە، بووە. ئەوەی ئێستا و لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقەوە لە بەغداد ڕووئەدات، ھەم بەرجەستەبوونێکی تازەی ئەم ستراتیژە تایبەتە و ھەم دەرکەوتێکی نوێی کۆتاییھاتنی ئەو شتەیە کەناوی ”مەسەلەی کورد“ە لە سیاسەتەکانی ھەرێمدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ”مەسەلەی کورد“ چییە و چ مانایەکی ھەیە و بە کام مانا کۆتاییھاتوە؟
جەوھەری مەسەلەی کورد لە وڵاتێکی وەک عێراقدا مەسەلەی گۆڕانی ”میلەت“ ێکە بۆ ”کەمینە“یەکی ئەتنی. لە ڕووی مێژووییەوە ئەم گۆڕانە بەھۆی کۆمەڵێک ھاوکێشەی ناھاوسەنگ و پەیوەندیی کۆلۆنیالی  و نێودەوڵەتیی و ناوچەییەوە، ڕووئەدات، لەناو دەوڵەتێکی تازەدروستکراویشدا کە ڕەگەزێکی تائیفی بەھێز لە دروستکردن و پێکھاتەکەیدا، بەشدارە.  ئەم ”بەکەمینەبوون“ە لەناو دەوڵەتێکی نادیموکرات و دەسەڵاتگەردا، ژیێرخانی سیاسیی سەرەکیی و بنەڕەتیی مەسەلەی کورد دەستنیشاندەکات. ئەو مانایانەش کە چەمکی ”مەسەلەی کورد“ لەم ڕەوتەدا لەخۆی دەگرێت، پابەستە بە بەرگریکردنی ئەو کەمینە ئەتنیەوە لە کۆمەڵێک مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی کە دۆخی کەمینەبوونەکە دەیانسەپێنێت. بە کورتییەکەی لەپشتی چەمکی ”مەسەلەی کورد“ەوە شوناسێکی سیاسیی و کولتوریی پەراوێزخراو و چەپێنراو ئامادەیە کە بۆ مانەوەی بەرگریی لە کۆمەڵێک ماف و بەھای ئینسانیی و دیموکراسیی دەکات، خۆی وەکو ھێزێک بۆ دروستردنی ژینگەیەکی سیاسیی و ئینسانیی مافپەروەر و ڕێزگر لە مرۆڤ، نمایشدەکات.


بەم مانایە ”مەسەلەی کورد“ چەندە مەسەلەیەکی سیاسییە، بەھەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش ”مەسەلەیەکی ئەخلاقیی“شە، ھەڵگری ڕەھەندێکی ویژدانیی و ئەخلاقیی گرنگە کە خۆی لە بەرگریکردنێکی سەرسەخت و بەردەوامدا لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پاراستنی شکۆ و کەرامەتی ئینسانیدا، بەرجەستەدەکات. بە بۆچونی من ئەوەی لە سیاسەتی ھێزە کوردییەکانی ھەرێمدا بوونی نییە و سڕاوەتەوە، ئەم مانا ئینسانیی و دیموکراسیی و مافپەروەرانەی ”مەسەلەی کورد“ە. ناشتنی ”مەسەلەی کورد“ە وەک مەسەلەی میلەتێکی بە کەمینەکراو، کە لە دۆخی کەمینەبوونییەوە، بەرگریی لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و مافی جیاوازبوون و مافی پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی، دەکات. 
لە ئێستادا مەسەلەی کورد کورتکرواوەتەوە بۆ مەسەلەی ئیدارەدانێکی سوڵتانیی و بنەماڵەیی چەند چاڵە نەوتێک و بەڕێوەبردنی ڕاکێشانی چەند بۆرییەکی غاز بۆ تورکیا و ئێران و کۆکردنەوەی پارەکانی لەناو کۆمەڵێک دەغیلەی کۆنترۆڵنەکراو و نەناسراودا. بەم مانایە ”مەسەلەی کورد“ کورتکراوەتەوە بۆ چەند پرۆژەیەکی ئابوریی و بازرگانیی کە لە دیدگا و بەپێی خواستی کۆمەڵێک خێزانی سیاسیی بەڕێوەدەبرێت.  بە دیوێکی تردا ”مەسەلەی کورد“ کورتکراوەتەوە بۆ کۆمەڵێک ”سیاسەتی ڕەمزیی“ بەتاڵیش، کە ھیچ کاریگەرییەک لەسەر دەستەبەرکردنی مانا دیموکراس و ویژدانیی و ئەخلاقییەکەی ئەم مەسەلەیە دانانێت. بە پێچەوانەوە بەڕەمزیکردنی ئەم سیاسەتە دورخستنەوەی ئەم مەسەلەیەیە لە جەوھەرە ئەخلاقیی و ویژدانییەکەی و ئامرازێکیشە بۆ شاردنەوەی پرۆژە ئابورییە سوڵتانییەکانی ناوی. مەبەستم لە ”سیاسەتی ڕەمزیی“ کۆی ئەو سیاسەتانەیە کە بەردەوام لە دەوری باسکردن و دروستکردن و بەرزکردنەوەی ئاڵا و بەرزکردنەوەی دورشمی بێبناغە و بەرھەمھێنانی حەماسی ناسیۆنالیستییانەی ھەرزان  و شتی دیکەی لەم بابەتەدا، دەسوڕێتەوە. یاخود لەوەدا کێ و کام ھێز دەتوانێت پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی عێراق، کە پۆستێکی تەواو ڕەمزییە، بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت و بەم سەپاندنەش حەیای ھێزە ڕکابەرە کوردییەکەی دراوسێیی ببات. 


سادەتر بدوێم مەسەلەی کورد مەسەلەی ئاڵایەک نییە لە بۆنە ڕەسمییەکاندا بەرزبکرێتەوە، ”ئەی ڕەقیب“ێک نییە لەدوای داگیرسانی حەماسەتێکی کاتییەوە بگوترێتەوە، ھەروەھا مەسەلەی باسکردنی مەوسمییانەی ئەم یان ئەو داخوازیی سیاسیی نییە کە خودی باسکردنەکە بەشێکبێت لە یاریکردن بە یاداوەریی برینداریی مرۆڤی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا. وەکچۆن ھەڵگرتن و نووقمبوون لەناو ئەو گوتارە موسمیە درۆزنانەی بەعێراقیبوون و بەرگریکردن لە ”قوڵایی عەرەبیی“ دەوڵەتی عێراقیشدا نییە، کە دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بێ تەریقبوونەوە بەرزدەکرێنەوە.  ھەروەھا پەیوەندیشی بەو جەنگە بوغزاویی و ڕقاوییەوە لەسەر پۆستی سەرۆکی عێراق نییە. 
کاتێک باس لە ”مەسەلەی کورد“ دەکەین باس لەم یارییە موسمیانە و باس لەو پرۆژە بازرگانیە قاچاغ و ناقاچاغانە و باس لە خواست و قازانجی ئەم یان ئەو تاکەکەس و بنەماڵەی سیاسیی ناکەین، بەڵکو باس لە ”مەسەلەی دانیپانان“ بە بوونی میلەتێکدا دەکەین کە خاوەنی کۆمەڵێک مافی ئینسانیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییە. داننان بە مرۆڤی ئەم دەڤەرەدا وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت، وەک کەسێک نەکرێت و نەتوانرێت بێنرخ و بریندار بکرێت، یان وەک بوونەوەری پلە دوو و پلە سێ و پلە چوار، مامەڵەبکرێت.
مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی داننان بە کۆمەڵێک مافدا، کورتنابێتەوە تەنھا بۆ دانپیانانی ھێزە دەرەکییەکان بەم مافانەدا، دانپیانانێکیش نییە پێوسیتە تەنھا دەوڵەتە مەرکەزییەکانی وەک عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا دەستەبەریبکەن، بەڵکو پێویستە خودی دانپیانانەکە، بەر لەوان، لەناوخۆی کوردستان خۆیدا و لەلایەن سەرجەمی ھێزە کوردییەکان خۆیانەوە، قبووڵ و پیادەبکرێت. ڕەگوڕیشە و ژێرخانە سیاسیی و ئەخلاقیی و ویژدانییەکەی ئەم دانپیانانە پێویستە پێشوەخت لەناو ھەرێم خۆیدا و لەناو ئاکار و بیرکردنەوە و جوڵەی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆیاندا، ئامادەبن. بەڵام ئەوەی ئێمە ڕۆژانە دەیبینین و تێبینی دەکەین، داماڵینی ”مەسەلەی کورد“ە لەم ژێرخانە سیاسیی و ئەخلاقیی و ویژدانییە و کورتکردنەوەیەتی بۆ بزنسێکی سیاسیی ئابوریی ڕووت، کورتبونەوەیەتی بۆ ڕکابەرایەتییەک کە ڕق و بوغزی کۆمەڵێک خێزان و کەسایەتی سیاسیی لە یەکتریی و لە خودی میلەتەکە خۆیشی، بەڕێوەیدەبات. ئەوەی بە بەرچاوماندا تێدەپەڕێت سیاسەتی ملشکاندن و یەکتر نەفیکردن و سوکایەتیکردنە بە یەکتریی، دروستکردنی ھەندێک زۆنی جوگرافی و سیاسیی قۆخکراوی دەرەبەگانە و بونیادانی دوو ئیمارەتی سوڵتانییە، کە سوپایەک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنجیان ھەڵھێناوە و ئەو سوپایە چارەنووسی خەڵکی ھەرێمەکە دادەڕێژن و بەڕێوەدەبەن. لەسەروی ئەمانەشەوە دروستکردنی بارەگا و ”مەقاماتی سوڵتانی“یانەی تایبەتە، کە ھەموو ”مەسەلەکان“، بە ”مەسەلەی کورد“ خۆیشیەوە، وەک خزمەتکاری ئەو مەقاماتە سوڵتانییە وێنادەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand