فهرهاد حهمزه محهمهد وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای گەران و پشکنینی کۆمپانیای گشتی گەران و رومالی نەوت سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بیابانی رۆژئاوای عێراق، یەدەکی سەلمێنراوی نەوت بە بری ٦ ملیار بەرمیل زیادی کردوە و یەدەکی سەلمێنراوی غازی سروشتی بە بری ٢٣ ملیار پێ سێجا زیادی کردوە، بەم شێوەیە یەدەکی سەلمێنراوی نەوتی عێراق گەیشتۆتە ١٥١ ملیار بەرمیل نەوت . لە ساڵی ٢٠١٤ وتارێکم لەسەر دەوڵەمەندی دەڤەری سوننەنشین نووسی و تیایدا پێشبینی ئەوەم کرد هەر کاتێک کارەکانی وەزارەتی نەوت پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت ئەوا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر سامانی هایدرۆکاربۆنی لە وڵاتدا دێت . وا لای خوارەوە دەقی وتارەکە جارێکی تر بڵاودەکەمەوە : زۆرجار كه باس له ناوچهی سوننهی عێراق دهكرێت باس لهوه دهكرێت كه له بیابانێكی وشك و برنگ بهولاوه هیچی تری تێدانیه . ئهم تێروانینهی خهڵكی بۆ ئهو دهڤهره تا ئهو كاته بڕی دهكرد كه هێزهكانی داعش له 9ی حوزهیرانی ساڵی 2014 دا زۆربهی ناوچه سووننه نشینهكانی عێراقیان كۆنترۆل كرد و خهلافهتی ئیسلامیان لهشاری موسل جاڕدا ، لهو ساتهوه دهزگاكانی ڕاگهیاندن باس لهو نهوته زۆرو زهوهنده دهكهن كه رۆژانه هیزهكانی داعش دهیانفرۆشێت به جۆرێك جگه له مهترسییه سهربازییهكهی مهترسی ئابوورییشیان خسته پاڵ و كردیان بههێزێكی دهوڵهمهند به داهاتی نهوت لهوانه وڵاته یهككگرتووهكانی ئهمریكا كه ئیدیعای ئهوهی دهكرد رۆژانه چهندین ملیۆن دۆلار له داهاتی نهوت دهچێته گیرفانی داعشهوه . له چاو گێرانێكی خێرادا به پارێزگا سوننه نشینهكاندا ئهو راستیانهمان بۆ ئاشكرا دهبێت كه دهڤهری سوننهش له رووی ئابووری نهوت و غازهوه دهوڵهمهندهو له توانای دایه ئهو دەڤەرە پێش بخات و بیهێنێته سهر پێی خۆی . پارێزگای موسڵ _____ له سنووری ئهم پارێزگایهدا نزیكهی 50 ستراكچهری جیۆلۆجی تیا دۆزاوهتهوه كه ژمارهیهكیان بیری نهوتی تێدا ههڵكهنراوهو بوونی نهوتی تێدا سهلمێنراوه ، چهند دانهیهكیش لهمانه گهشهیان پێدراوه و چوونهته بواری بهرههمهینانهوه كه بریتین له كێڵگهی گهیاره , كێڵگهی عهین زاله , كێڵگهی سوفهیه.چهند كێڵگهیهكی تریش وهك نهجمهو بهتمهو جاوان و قهسهب و عهلان و سهرجۆن و خانوقه و نهینهوا ههیه كه تهنها بونی نهوتیان تیا سهلمێنراوه بهڵام گهشهیان پێنهدراوه .به كورتی یهدهكی سهلمێنراوی پارێزگای نهینهوا دەگاتە 3,2% ی یهدهكی ههموو عێراق . پارێزگای سهڵاحهدین لهم پارێزگایهدا ژمارهیهك ستراكچهری جیۆلۆجی بهرچاو دهكرێت بهڵام ئهوانهی بهرههمهێنن ئهمانهن : - كێڵگهی حهمرین , كێڵگهی عهجیل , كێڵگهی بهلهد , بهشێك له كێڵگهی ڕۆژههڵاتی بهغدا 0 . پارێزگای ئهنبار جیۆلۆجییهكان گهیشتوونهته ئهو راستییهیهی كه خۆرئاوای عێراق به تایبهت ئهو بهشهی له سنووری وڵاتی ئوردونهوه نزیكه گومان دهكرێت چهندین كێڵگهی غازی له خۆگرتبێت. ئهگهر رووپێوێكی چاكی ناوچهكه بكرێت ئهوا زیاتر راستییهكان رووندهبنهوه . لهبهرئهوهی رۆژبهرۆژ پێویستی جیهان بۆ غاز زیاتر دهبێت ههربۆیه وهزارهتی نهوتی عێرا ق له بهرنامهیدایه كهبه دهستی شارهزایانی عێراقی و بهتوانای نشتمانی ههلبسێت به رووپێوی ههزاران كیلۆمهتر دووجا له خاكی خۆرئاوای عێراق . ئهوهی تا ئێستا لهو ناوچهیه دۆزراوهتهوهو بهرههمی ههبووه كێڵگهی (عهككاس) ه . كێڵگهی عهككاس كه به یهكێك له كێڵگه غازییهكانی عێراق دهژمێردرێت دهكهوێته بیابانی رۆژئاوای عێراقهوه 30كم له باشووری شارۆچكهی قائیمهوه .یهدهكی غاز لهم كێڵگهیه به 5.6تریلیۆن پێسێ جا دهخهمڵێنرێت ( له كۆی یهدهكی ههردوو كێڵگهی كۆرمۆرو چهمچهماڵ زیاترە ). له پێش پرۆسهی ئازادییدا وهزارهتی نهوتی عێراقی بیابانی ڕۆژئاوای عێراقی دابهشی 12 بلۆك كردبوو 6 لهم بلۆكانه دهكهونه سنوری ههردوو پارێزگای موسڵ و ئهنبارهوه ڕووبهرهكهیشی زیاتر له 46 ههزار كیلۆمهتر دووجایه . به مهبهستی ڕوپێوكردن(مسح-survey ) داوای له ژمارهیهك كۆمپانیای روسی و هندی و ئهندهنوسی كردبوو تا ئهركی ڕوپێوكردنی تێدا ئهنجام بدهن بهڵام ڕوداوهكانی ساڵی 2003 كارهكهی پهكخست . له دوای پرۆسهی ئازادی عێراق وهزارهتی نهوت لە رێگەی کۆمپانیاکانی خۆیەوە پلانی گەڕان بە دوای نەوت و غازی لە ڕۆژ ئاوای عێراق دارشت هەروەها له رَێگهی خولهكانی مۆڵهت پێدانهوه و له خولی چوارهمی مۆڵهت پێداندا دهرگای واڵا كرد بۆ كۆمپانیا بیانیهكان تا بكهونه كێبرَكێوه بۆ بهدهست خستنی كاركردن لهو بلۆكانه . سهبارهت به نهوتیش ئاژانسی نهوتی ئهمریكی له ڕاپۆرتێكیدا له ساڵی 2006 ئاماژه به بوونی 100 ملیار بهرمیل نهوت له بیابانی ڕۆژئاوا دهكات . ئهگهر دۆزینهوهی نهوت له ساڵی 1927 له كهركوك به یهكهم شۆرشی نهوت ههژمار بكرێت ئهوا به تهواو بوونی ئهو پرۆژانهی له سهرهوه باسمان كردن دووهم شۆرشی نهوتی له عێراق بهرپا دهبێت . * كۆمپانیای نهوتی باكوور
ئهمین بهكر بڕیارەکەی ڕۆژی ۲٥/۱ی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی بەدەر نیە لە ئامانجی سیاسی و دیدگای ئەو دادگایە بەتایبەت چەند ئەندامێکی دژە فدڕاڵییە. بەڵام ئەو لایەنەی کە لەم بابەتەدا تاوانبارە تەنها ئەو ئاڕاستە دژە فیدڕاڵییە نیە کە لەبەغدا هەیەو لە دادگای باڵای فیدڕاڵیشدا بڕیاربەدەستە، بەڵکو هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێم (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)یش پشکی شێریان لەو زوڵم و مافخورانەی بەسەر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی ئێمەدا دێت، بەردەکەوێت. لێرەدا نامەوێت باسی ئەوەبکەم کە چەند خەڵکی هەرێمی کوردستان، باجی سیاسەتی ملهوڕی و بێمنەتی ئەو دوو حزبە بەناو کوردستانییەیان داوە، لەدیارترین نمونەکانی ملهوڕیش پشتگوێخستنی داواکارییەکانی بهغدادو دنیا بوو لەپرسی ڕیفراندۆم و بابەتی گرێبەستە نەوتییەکان و پرسە داراییەکانی تری وەک نەگێڕانەوەی داهاتەکان و پرسی گومرگ و سنورەکان و ڕێگریکردن لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ چاودێریکردنی خەرجی و داهاتی هەرێم و نەدانی ڕاپۆڕتی دارایی ساڵانە بووە بە عێراق!. لەبابەتی ملهوڕیدا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تاوانبارن، بەڵام پارتی دیموکرات پشکی زیاتری بەردەکەوێت، هەروەک باسی خۆخۆری و جەمسەربەندی ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارەی هەرێمیش ناکەم کە لە بەغداد ململانێی یەکتری دەکەن و لەو پێناوەشدا لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مافەدەستورییەکانی تەنازولاتی گەورەیان بۆ لایەنە عێراقییەکان کردووەو، بێ ئەوەی هیچ دەسکەوتێک بۆ خەڵکی ڕەش و ڕووتی هەرێم بەدەستبهێنن!. لەدیارترین ئەو تەنارولاتانەش کە لە بهغداد کردویانە، تێپەڕاندنی یاساکانی حەشدی شهعبی و یاسای پەیماننامە دەوڵەتییەکان و چەندان یاسای تر بووە، بێجگە لە ڕێگەدان بەهاتنە ناوەوەی حەشدی شهعبی سەرەتا بۆ دوزخورماتوو دواتر کەرکوک و دەشتی نەینەوا، ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵیش یەکێک بووە لەو تەنازولاتانەی کردویانە، لەم پرسەشدا هەردوو حزب تاوانبارن، بەڵام یەکێتی پشکی زیاتری بەردەکەوێت. بۆچی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامانجی لێدانە لەمافە فیدڕاڵیبەکان؟ لەڕوی یاساییەوە: دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەو بڕیارەی لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی لیژنەی یاسایی دەرکردووە ،کە داوا دەکات بڕیارەکانی ژمارە (٤۰۱،۳۳٥ ،۲٥۷، ۲۲٦،۱۹٤ی سالی ۲۰۲۱و بڕیاری ٨ی سالی ۲۰۲۲ كە لە ۱۱/ ۱/ ۲۰۲۲) ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بەناردنی ۲۰۰ ملیاردینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەنادەستوری دابنێت و هەڵیانبوەشێنێتەوە، چونکە بەدەر لەیاسا دەرکراون، ئەوەی شارەزای یاسا بێت دەزانێت، تانەدان لە بڕیاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەناویاندا بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم دادگای کارگێڕیی دەبێت نەک لەبەردەم دادگای دەستوریی، بەتایبەتیش کە لەدەقی داواکەیدا داواکار وتویەتی لەبەرئەوەی بڕیارەکە پێچەوانەی یاسای بودجەیە، واتە دادگای باڵای فیدڕاڵی تایبەتمەند نەبووە بەو داوایەی کە سەیری کردووەو حکومی لەسەر داو ، دەیان داواش هەن، کە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەرزکراونەتەوەو داواکارەکان داوای نادەستوریبوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بەڵام دادگای ناوبراو بە بیانگەی نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص) ڕەتیکردونەتەوە، تانەت هەندێک داوا هەن کە لەسەر نادەستوریبوونی یاسای بودجە بوون، بەڵام کاتێک داواکە سەرو گوێی حکومەتی فیدڕاڵی گرتۆتەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بەبیانوی نەبونی تایبەتمەندی بەهەمان شێوە ڕەتیکردونەتەوە. ئەم بۆچونەم لەئەنجامی ئەزمونکردنی چەند داوایەکە لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، کە دوو داوایان بەبیانوی نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص) ڕەتکراونەتەوە، داوای یەکەم بەندە لەگەڵ هەردوو بەڕێزان پەرلەمانتاران حاکم سامان فتاح و زانا ڕۆستایی لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرزمانکردبۆوە، کە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی عێراقی و هەروەها بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی، هەمان ئەو ئەنجومەنەی ئێستا دادگای ناوبراو تانەلێدان لەبڕیارەکانی بە اختصاصی خۆی ئەزانێت، بەڵام ئەوکات دادگاکە بەبیانوی عدم الاختصاص داوەکەی ئێمەیان ڕەتکردەوە، داوای دووەمیشم بەندە وەک پارێزەری خۆبەخشی هەردوو بەڕێزان پەرلەمانتاران کاوە محهمهدو غالب محهمهد لەبەردەم هەمان دادگاو هەمان دەستەی دادوەری و لەسەر خورانی موچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێم بوو، و پاڵپشت بە بڕگەی ۳ مادەی ۹٤ی دەستور بەرزم کردبۆوەو سەرەڕای ئەوەی دادبینی چەند دانیشتنێکی بینی، بەڵام کاتێک بەپرسیارێکە ڕون بۆوە بەشێکی شانی حکومەتی عێراقیش دەگرێتەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بەبیانوی عدم الاختصاص بەهەمان شێوەی داواکەی تر ڕەتیکردەوە. بۆیە کاتێک ئێستا هەمان دادگاو بەهەمان دەستەی دادوەری پێشویەوە، داوایەک لەسەر بڕیارەکانی هەمان ئەنجومەنی وەزیران، وەردەگرێ و بەپێچەوانەی بڕیارەکانی پێشووی بە اختصاصی خۆی ئەبینێ و بەپێی بڕگەی ۳ مادەی ۹٤ حوکمی نادەستوریبوونیان لەسەر ئەدات، نیشانەی پرسیارگەلی زۆر هەڵدەگرێ. دادگای ناوبراو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بە بیانوی دەرچون لە دەسەڵاتی ڕێپێدراو هەڵوەشاندونەتەوە. بەڵام کاتێک سەیری ناوەڕۆکی داواکە بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە دادگاکە بەرگری نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرنەگرتووە کە دەڵێت (ئەوە کارێکی کارگێڕییەو پێدانی سلفەی پێشینەیە تا حساباتی کۆتایی دەکرێت و دواتر لەبەشە بودجەی هەرێم دەگێڕدرێتەوە، و کارێکی پێویستە لەپێناو خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و ڕانەوەستانی دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەپێچەوانەوە وتەی نوێنەری یاسایی وەزیری دارایی کردووە بەبەڵگە کە دیارەو بەئەنقەست دان دەنێت بەوەی کە زانیویانە خەرجکردنی ئەو دووسەد ملیارە نایاساییە بەڵام دەبوایە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران جێ بەجێ بکەن). هۆکاری ئەم ئاڕاستە ئامانجدارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دیارە بۆچی جیاوازە لەبڕیارەکانی پێشووی، چونکە ئەمجارە زەرەرمەندی ڕاستەقینە حکومەتی فیدڕاڵی نیە، بەڵکو خەڵکی هەرێمی کوردستانن و لەگەڵیشیدا گورزێکی تریشە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم دوای بڕیارەکەی پێشووی دادگای ناوبراو لەسەر پرسی یاسای نەوت وغازی هەرێم. بڕیاریەکی لەو شێوەیە ئەگەر کاردانەوەی هەڵوێستەکانی پارتە دەسەڵاتدارە کوردستانییەکان بێت، یان دەرئەنجامی هەڵەو تەنازولاتەکانیان بێت، بۆ من ئەوە گرنگە کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر دۆخی خەڵکی کوردستان و زەوتکردنی مافە دارایی و دەستورییەکانیانی لێدەکەوێتەوەو باجەکەشی هەر ئەو خەڵکە ڕەش وڕوتە ئەیدات. پێکهێنانەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەم شێوەی ئێستای تاوانی پارتی و یەکێتی بوو. بەپێی مادەی ۹۲ی دەستوری عێراقی، دەبوایە دوای ساڵی ۲۰۰٥ ، یاسایەکی تایبەت بە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دەربکرایە، و دەرکردنی یاساکەش بەپێی دەستور پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، ئەم زۆرینەیەش وەک گرەنتێک بۆ خواستی پێکهاتەکان و گرنگی ڕۆڵی ئەو دادگایە لەدەستوردا دانرابوو. دەرکردنی ئەو یاسایە دواکەوت و دادگاکەی پێشوو کە پێش دەنگدان لەسەر دەستوری ئێستاو، بەبڕیاری ژمارە ۳۰ سلطەی ئیئتلافی کاتی پێکهاتبوو، بەردەوام بوو لەکارەکەی و هەرچەند زۆر باس لەنادەستوریبوونی دەکرا چونکە بەپێی دەستورە تازەکە دروست نەکرا بوو، بەڵام لێزانینی سەرۆکی دادگاکە کە زیرەکانە بابەتە کێشەلەسەرەکانی ئەخەواند یاخود بەپێی دۆخی سیاسی بڕیاری لێ ئەدان و تاڕادەیەکیش هاوسەنگی دەپاراست، وایکردبوو هێزە سیاسییەکان ئەو داوایانەی دەخەواند کە دەیزانی کێشەی بێ دەنگەی لێ بکەن و تانە لەشەرعیەتی نەدەن، بەهۆی زۆری تەمەنی ئەندامەکانییەوە، و خانەنشینبوونی ئەندامێکی و مردنی ئەندامێکی تری، لەنیوەی دووەمی ۲۰۱۹ەوە ئەو دادگایە کارەکانی وەستاو نەیتوانی کۆببێتەوە، بەهۆی بڕیارێکی پێشووتری دادگاکە خۆشیەوە کە مادەی ۳ی بڕیاری ژمارە ۳۰ سلطەی ئیئتلافی بەنادەستوری دانابوو، ئەو مادەیەی کە شێوازی گۆڕین و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو دادگایەی ڕێکدەخست، نەدەتوانرا دادوەری نوێ بۆ ئەو دادگایە دابنرێت و بەمەش دادگاکە توانای زیندوبونەوەی نەما. بەهۆی خۆپیشاندانەکانی تشرین و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی کە بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختی دابوو، دەویسترا هەڵبژاردن بکرێت و هەڵبژاردنیش بێ زیندوکردنەوەی دادگای باڵی فیدڕاڵی نەدەکرا، چونکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڕیاری ئەو دادگایە پێویست بوو. هێزولایەنە شیعەکان دوای ئەوەی دڵنیابون ناتوانن بەبێ ڕازیکردنی کورد یاسایی دادگای باڵای فیدڕاڵی وەک ئەوەی لەدەستوردا هاتووە تێبپەڕێنن، هاتن پڕۆژەی هەمواری بڕیارەکەی سلطەی ئیئتلافیان هێنا کە دادگا کۆنەکەی لەسەر پێکهاتبوو، وە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ئەم هەموارە پێویستی بەزۆرینەی دوولەسەر سێ نیەو وەک هەر یاسایەکی ئاسایی بەزۆرینەی سادە تێدەپەڕێنرێت، و لەپشتی دەرگاکانیشەوە زەمینە سازیان بۆکرد تا ڕێگری بۆدروست نەبێت. پڕۆژەی هەموارەکە بەپێی دەستور دانەڕێژرابوو، تەنها شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێ ی ئەو دادگایەو ئەندامانی یەدەگی گۆڕیبوو. شیعەکان دەیانویست بەمشێوەیە بەربەستی دوو لەسەر سێی دەنگ تێپەڕێنن و داواکارییەکانی کوردیش لەیاساکەدا جێگیر نەکەن. ئەو پڕۆژەی هەموارە لەزۆر ڕوەوە نادەستوری بوو لەکاتی خۆیدا وتارێکمان لەسەر نوسی، و هەرچەند بەندە پەرلەمانتار نەمابوین بەڵام لەڕێگەی هەندێک لە هاوڕێ پەرلەمانتارەکانمان ڕای خۆمان گەیاندو ئاگادارمانکردن کە ئەم پڕۆژەیە واتە ڕێگەدان بەپێکهێنانەوەی دادگاکە لەڕێگەی هەمواری یاساوە دانی بزمارە لەتابوتی کارتە دەستورییەکانی دەست هەرێم. ئەوە بوو لەکۆتایی مانگی پێنجی ساڵی ۲۰۲۱دا پڕۆژەی هەموارەکە دەنگی لەسەردراو لەنێو لایەنە کوردستانییهکاندا تەنها یەکێتی نیشتمانی دەنگی پێدا. بەڵام پارتیش کاری پێویستی نەکرد بۆ ڕێگرتن لەتێپەڕاندنی، بەتایبەت کە دەیتوانی لەڕێگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە لە پارتی بوو، ڕێگری لێ بکات. یاخود دەیتوانی، لەسەرەتای دەنگدان لەسەر پڕۆژەی هەموارەکە ڕایبگەیەنێت کە دادگاکە بەدەستوری نازانێت و اعترافی پێ ناکات، بەڵام نەک ئەوەی نەکرد بەڵکو پەلەی بوو کەسێک لەپشکی خۆی بنێرێت بۆ ئەندامێتی ئەو دادگایە. بەمشێوەیە لایەنە کوردستانییەکان، کاتی خۆی زۆر بەئاسانی کەوتنە ژێر کاریگەری فشاری هێزە شیعەکان وازیان لەو مافە دەستورییە هێنا کە دەستور دیاریکردووەو ڕێگەیاندا پڕۆژەی هەموارەکە تێبپەڕێ لەکاتێکدا دەیانتوانی لەڕێگەی دەستگرتن بەو مافە دەستورییە گرەنتی پێکهێنانی دادگایەکی دەستوریی عادل بکرێت. تا ئەوکاتەی دادگاکە مانگی دووی ساڵی ۲۰۲۲دا، دەستی برد بۆ مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەرکرد، بەمەش گەرمایی گەیشتە سەر پشتی پارتی دیموکرات و گورزی ڕاستەوخۆی بەرکەوت، و ئیتر بەرامبەر دادگاکە دەنگی لێ بەرزبۆوە، ڕایگەیاند کار بەبڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ناکاو دادگاکە نادەستورییە. ئەمجارەش لە دۆسیەی ناردنی پارە کەدا دادگاکەی بەدادگای ئەنجومەنی سەرکردایەی شۆڕشی سەردەمی بەعس دەشوبهێنێ. بۆیە دەبێت خەڵکی کوردستان لەو دوو هێزە سیاسییە بپرسنەوە کە نەک نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی ئەوان بکەن و مافەکانیان بپارێزن، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ڕۆژ بەڕۆژ زیانی گەورەو کەمەرشکێنیان لەماف و دەسکەوتەکانی ئەم گەلە داوەو، جاری واش هەبووە لەپێناو مەرحەبایەکی گەرمی عێراقییەکان یان تورکیاو ئێران، جاربەجاریش ئەمریکا، سازشی زۆریان لەسەر پرسە چارەنوس سازەکانی ئەم گەلە کردووە. ئەوەی بۆ خەڵکی ڕەش و ڕوتی کوردستانیش ماوەتەوە تەنها قوربانیدان، و ئازارو برسێتی و نەبوونی بووە، جێکەوتی هەڵەکانی ئەوو دوو هێزە سیاسییە تەنها بۆسەر خۆیان نیە بەڵکو باجەکەی گەلی کوردستان داویەتی و دەیدات.
دانا نەقی حکومەتی هەرێم لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری دادوەریی و یاساییە، گەر دیراسە نەکرێت و بەشێوەیەکی دروست کاری بۆ نەکرێت ئەوا ئایندەی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، کوردستان بەرەو قۆناغێکی ترسناک دەبات. بڕیاری پاریس دژ بە هەرێم بۆ چارەنوسی نەوتفرۆشتن لەڕێگەی تورکیاوە وا لە تورکیا دەکات بەرامبەر بە سیادەی عێراق سازش بکات، بە نمونە گەر عێراق براوەی ئەم کەیسە بێت چەند ئەگەرێک هەیە دەبێت تورکیا جێبەجێی بکات كه ئەمانەن. ١- دەبێت تورکیا بڕی زیاد لە بیست و پێنچ ملیار دۆلار بە عێراق بدات، ئەم پارەیە لەلایەن عێراقەوە دانراوە بەهۆی هەرزانفرۆشتنی نەوتی هەرێم بە وڵاتانی دەرەوە، بە گوێرەی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ حکومەتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار نەوتی لەڕێگەی تورکیاوە بە نرخێکی کەمتر ڕەوانەی دەرەوە کردوە. ٢- پێدەچێت بەهۆی غەرامەی ئەم دادگاوە تورکیا هەوڵبدات لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت، بەو نزیکبونەوەش ئەگەری داخستنی بۆری نەوتی جەیهان هەیە. ٣- عێراق لەگەڵ فەرەنسا ڕێکكەوتنی کردووە لەبواری وزە، بەرگریی و، تاقە شەمسی، بەم هەنگاوە عێراق وایکردووە گرنگترین هاوپەیمانی ئەمەریکا لەخۆی ڕازی بکات. ٤- حکومەتی هەرێم دەبێت هەوڵدات ڕێكکەوێت بەشێوەیەکی دەستوری و، سیاسی و، ئابوری چاوەڕێی کات نەکات یاخود وا سەیری عێراق نەکات، کە سەقامگیر نابێت بەڵکو وا بکات هەڵسوکەوتی سیاسی و مافەکانی لەگەڵ بەغداد بە دیبهێنێت. ٥- عێراق و تورکیا بۆ دامرکانەوەی دۆخەکە لە ئەگەری ڕێکكەوتن دەبن بۆ دۆخی ئاو، وە مەرزەکانی نێوان تورکیاو عێراق بەمە لە داهاتوویەکی نزیک عێراق داوای مافەکانی دەکات بۆ مەرزەکانی سەر سنوری تورکیا لە هەرێمی کوردستان. کاتێتی حکومەتی هەرێم گرنگی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بدات لە دانانی خەڵکی لێهاتوو، کارامەو خاوەن زانیاری لە بواری وزە، بۆ ئەوەی زیاتر بە هەڵەدا نەبرێت.
جیهانگیر سدیق گوڵپی دادگای فیدراڵی عێراق لهڕۆژی 25/1/2023 بڕیاریدا به نادروستیی ئهو بڕیارانهی كه ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق له 2021 و 2022 دهریكردون بۆ پێدانی 200 ملیار دینار مانگانه بهههرێم وهك پێشینه(سلفە) بۆ مهبهستی پێدانی موچهی فهرمانبهران. لهخوارهوه تهنها له گۆشهنیگای دارایی و ژمێریاریهوه سهرنج دهخهمه سهر ئهو بڕیاره، خهسڵهتی یاسایی و دهستوریبونی دادگاكه و ئاكاره سیاسیهكهی بهجێ دههێهڵم بۆ كهسانی سیاسی و پسپۆڕانی یاسای دهستوری كه لهو بارهیهوه قسهی پێویستیان كردوه. بهپێی ئهو بڕیارهی ئێستای دادگاكه پێدانی پێشینه لهلایهن بهغداوه بهههرێم چوهته خانهی كاری نادروست و نایاساییهوه. ئهمهیش ههنگاوێكی تره بۆ كڵۆمدانی دهرگای ڕێككهوتن له نێوان ههرێم و بهغدا، نهك لهبهر ئهوهی كه ڕێككهوتن مهرجداره بهوهرگرتنی پارهوه لهبهغدا، بهڵكو ههم لهبهر ئهوهی كه بهبێ پێدانی پێشینه بههیچ جۆرێك یاسای بودجه جێبهجێ ناكرێت و هیچ ڕێككهوتنێكی نێوان ههرێم و بهغدا ناچێته بواری جێبهجێكردنهوه، ههمیش بهپێی یاسا و رێساكانی بواری دارایی گشتی له عێراق و له تهواوی دنیا پێدانی پێشینه بهكارێكی دروست و تهنانهت به مهرج و پێویستیهكی سهرهكی دادهنرێت بۆ جێبهجێكردنی یاسای بودجه. لهم بارهیهوه ههمو یاسا كارپێكراوه بنهڕهتیهكانی بواری دارایی گشتی لهعێراق لهماوهی 100 ساڵی ڕابوردو تاكو ئێستا بهڕونی جهختیان لهسهر ئهوه كردوهو لهبواری كردهییشدا بهبهردهوامی پهیڕهوكراوه، بهڵام دادگای فیدراڵی لهم بڕیارهیدا ئهوهی بۆ ههرێم به نادروست و نایاسایی داناوه. دادگای فیدراڵی له دادبینی و بڕیاردانهكهیدا سهبارهت به نایاسایی بونی ناردنی ئهو پێشینهیه پشتی به مادهی (11)ی یاسای بودجهی ساڵی 2021 بهستوه، لهكاتێكدا بهپێی سیستهمی ژمێریاری ههریهك له پێشینه و بارمتهكان به ههژماری نێوهندگر(حسابات الوسیگە) دادهنرێن و لهیاسای بودجهدا ئاماژهیان بۆ ناكرێت، وه بهههژماری دهرهوهی بودجه(حسابات خارج الموازنە) ناوزهد دهكرێن و تا ڕادهیهكی زۆر جیاوازن له خهسڵهت و بڕی ههژمارهكانی ناو یاسای بودجه، بهڵام دادگای فیدراڵی هاتوه وهك شایسته(مستحقات) مامهڵهی لهگهڵ پێشینه (سلفە) كردوه و ڕاستهوخۆ تێكستی یاسای بودجهی بهموجهڕهدی بهسهردا چهسپاندوه، بۆیه كهوتوهته ههڵهیهكی گهورهوه. نهك ههر ئهوه بهڵكو یهكێك لهوخاڵانهی دادگاكه پشتی پێبهستوه بۆ بڕیاردانهكهی، بریتیه له خاڵی یهكهمی مادهی (11)ی یاسای بودجهی 2021، لهكاتێكدا ئهوخاڵه لهناو مهرجهكانی پێدانی شایستهی ههرێم نیه و دادگا ههڵهیهكی زهقی كردوه كه ئهو خاڵهیشی به مهرجی ناردنی شایستهی ههرێم داناوه. بڕی شایسته یان تهرخانكراو ئهو بڕهیه كه لهیاسای بودجهدا بهپێی بواره تایبهتهكانی خهرجیهكان تهرخاندهركرێت بۆ لایهن و فهرمانگهكان، مهرجی خهرجكردنی شایستهكان بهتهواوی دهبهسترێتهوه بهو رێوشوێنانهوه كه لهیاسای بودجهدا ئاماژهیان بۆ دهكرێت، بهڵام پێشینه جیاوازه، بهپێی یاسای كارگێڕی دارایی ژماره 6ی ساڵی 2019 كه ئێستا بهركاره و بهپێی ههمو یاساكانی تریش تهنها ههبونی تهرخانكراو لهیاسای بودجهدا بهسه بۆ ئهوهی كه لایهنێك یان فهرمانگهیهك یان یهكهیهكی خهرجكردن مافی وهرگرتنی پێشینهی ههبێت بۆ ئهو بابهتانهی كه دۆكیۆمێنتی خهرجكردنی كۆتاییان ئاماده نیه، جێبهجێكردنی یاسای بودجه بهپێدانی پێشینه دهستپێدهكات بۆ یهكهكانی خهرج كردن، وه پێویسته لهماوهی ساڵی داراییدا پێشینهكان پاكتاو بكرێن ئهگهرنا پاكتاوكردنهكه پێویستیی به تهرخانكردن ههیه له بودجهی ساڵی داهاتو. بۆچی پێشینه؟ ههرێمی كوردستا بهپێی یاسای بودجهی عێراق بۆ ساڵی 2021 شایسته و تهرخانكراوی ههیه، بهڵام بڕگهكانی مادهی 11ی یاساكه بهجۆرێك داڕێژراون كه پێویسته ههرێم ههمو ئهوهی لهسهریهتی له داهاته نهوتی و نانهوتیهكان ڕادهستی بهغدای بكات، بۆ داهاته نهوتیهكان دهبێ ههمئاههنگی له نێوان وهزارهتی نهوتی عێراق و وهزارهتی سامانه سروشتیهكانی ههرێم بكرێت و، داهاته نانهوتیهكانیش لهلایهن دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ههرێمهوه ووردبینی بكرێن و..هتد، لهپاش ئهوه ئینجا بهغدا پابهند دهبێت به پێدانی شایستهكانی (مستحقات)ی ههرێم. لێرهدا پرسیار ئهوهیه ئایا ئهو ماده یاسایه چۆن جێبهجێ دهكرێت؟ ئهی بۆچی ههرێم پێویستیی به پێشینه ههیه؟ یان بۆچی بهبێ پێدانی پێشینه یاسای بودجه جێبهجێ ناكرێت؟ لهخوارهوه وهڵامی ئهو پرسیارانه دهدهینهوه: سروشتی كاری حكومهت بهجۆرێكه كه له ههرساتێكی كاركردنیدا خهرجی و داهاتی ههیه، بهجۆرێكیش كه بڕو قهبارهی گهورهی خهرجیهكان زۆرترین جار پێش داهاتهكان دهكهون. داهاته نهوتیهكانی ههرێم نزیكهی دوومانگیان پێویسته تاكو دهگهنه دهستی حكومهت و دهگۆڕدرێنهوهو ڕادهستی وهزارهتی دارایی دهكرێن بۆ خهرج كردن، داهاتهكانی تریش مهرج نیه بهردهوام بهشێوهی دهوری و مونتهزهم لهكاتی پێویست بگهنه گهنجینهی حكومهت و ئامادهبن بۆ خهرجكردن. ئهگهر به ڕوكهش و موجهڕهدانهیه سهیری خاڵی دوهمی مادهی 11ی یاسای بودجهی 2021 بكهین ئهوه پێویسته حكومهتی ههرێم چهند مانگیك یهك دینار خهرج نهكات و ڕاوهستێت تاكو داهاته نهوتیهكان و داهاتهكانی تری دهگهرێنهوه و بهههمئاههنگی لهگهڵ وهزارهتی نهوتی بهغدا رادهستیی بهغدایان بكات و پاشتر ههردوو دیوانی چاودێی ووردبینیان بكهن و ڕاپۆرت بهرز بهكهنهوه ئینجا له بهغداوه ئهگهر كارهكه پهسهندكرا بڕیار بدرێت لهسهر ناردنی شایستهی بودجهی مانگیكی ههرێم!!! پرسیار ئهوهیه ئایا ههرێم یان ههرحكومهت و فهرمانگهیهكی تر دهتوانێت چهند مانگێك بهبێ ئهنجامدانی خهرجی و پێدانی موچه كاربكات و تهنها خهریكی كۆكردنهوهی داهات و ڕادهستكردنی به پایتهخت بێت، تاكو پاشتر لهلایهن پایتهختهوه بڕێك له شایستهكانی بۆ بنێردرێت؟ بێگومان نهخێر. ئهی چارهسهر چیه؟ بهپێی یاسا بهغدا بهرپرسی یهكهمه له جێبهجێكردنی یاسای بودجه، وه بهغدا وهك ههر دهوڵهتێك خاوهنی سهرچاوهی جۆراو جۆری داهات و باڵانسی سوڕاو(رصید مدور) و قهرز و بژاردهی (سحب علی المكشوف ) و..هتده، سود لهوانه وهردهگرێت بۆ خهرج كردن و پارهداركردنی فهرمانگهكان و پێدانی پێشینه بۆ ئهوهی خهرجیهكان ڕانهوهستن، ئهمه لهههمو وڵاتێك ههر بهو شێوهیهیه، بهڵام حكومهتی ههرێم دهوڵهت نیهو ئهو بژاردانهی لهبهردهست نیه، بۆیه یان دهبێت وهك فهرمانگهو بهشهكانی تری عێراق پێشینه له بهغدا وهربگرێت بۆ جێبهجێكردنی یاسای بودجه، تاكو پاشتر كاری پاكتاوكردن و یهكلاییكردنهوهی شایستهكانی و پشكی بودجهكهی ئهنجام بدرێت، یانیش دهبێت یاسای بودجه جێبهجێ نهكرێت و كار بههیچ ڕێككهوتنێك نهكرێت. كێشهی دادگای فیدراڵی لێرهدا ئهوهیه كه جیاوازیی نهكردوه له نێوان شایستهكان(مستحاقات) كه لهیاسای بودجهدا هاتوه لهگهڵ پێشینه(سلفە) كه لهیاسای بودجهدا نایهت و بهپێی یاسای كارگێڕی دارایی دهدرێت بهمهبهستی جێبهجێكردنی یاسای بودجه، ههر بۆیه دادگاكه بهپشت بهستن بهیاساكهی بودجه ئهو بڕیارهی داوه كه ناردنی پێشینه بۆ ههرێم پێچهوانهی یاسایه و قورسكردنی باری گهنجیهنهی دهوڵهته. لهڕاستیدا ناردنی پێشینه نهك نادروست نیه بهڵكو ئهركه لهسهر بهغدا وهك بهشێك لهئهركی جێبهجێكردنی یاسای بودجه. له ناوهڕاست و خواروی عێراق زیاتر له ده ساڵه دهیان وهزارهت و فهرمانگه بهبڕی گهوره و بهقهبارهی ده هێندهی پێشینهكهی ههرێم پێشینهیان وهرگرتوه و تاكو ئێستا پاكتاویان نهكردوه كهچی نه تهمویل كردنیان ڕادهگیرێت و نه پێدانی پێشینه پێیان بهنادروست دهزانرێت و نه رێكاری پێویستیان بهرامبهر دهگیرێتهبهر، لهكاتێكدا ئهوه نادروسته و سهرپێچی یاساییه. كاری دروست ئهوهیه بهیهك جۆر مامهڵه لهگهڵ ههرێم و بهشهكانی تریش بكرێت، بهپێی یاسا بهركارهكان پیشینه بدرێت وردبینی و پاكتاوی بۆ بكرێت، كه ئهوه بهشێكی گرنگ و سهرهكیه له ڕێكارهكانی جێبهجێكردنی یاسای بودجه، بهبێ ئهوه نهیاسای بودجه جێبهجێ دهكرێت نه كار به ڕێككهوتنهكان دهكرێت.
رێبوار سیوەیلی 1. گفتوگۆ هونەرێكی ئاسمانییە. سەرەتا خودا و فریشتەكان، بەتایبەتیش خودا و ئیبلیس گفتگۆ دەكەن. پاشان ئادەم و خودا. بەمجۆرەش پێشنموونەی گفتوگۆ كردەیەكی ئاسمانییە و بنەمایەكی پیرۆزی هەیە. 2. مرۆڤ فێری گفتوگۆ بووە نەك گفتوگۆ شتێك بێت لە جەوهەری مرۆڤبووندا. گفتوگۆ ڕۆشنبیریی و داناییە، نەك بۆماوەیی و غەریزەیی. مرۆڤ بۆ ئەوەی فێری گفتوگۆ ببێت، سەرەتا پێویستی بەوەیە فێری گوێگرتن ببێت. مرۆڤی سەرەتایی ئەم هونەرە بەرزە لە سرووشتەوە فێر بوو: سرووشت بەبەرچاوییەوە خۆی دەنواند، دەپەیڤی و خۆی نوێ دەكردەوە. مرۆڤیش لەمەوە فێری سەما، مۆزیك و زمان و ڕەنگ بوو.. 3. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت گفتوگۆ بكات، پێویستە بتوانێت گفت لە گۆ جوێ بكاتەوە و بیانكاتە یەك: گفتوگۆ! گفت پێویستە گۆ بكرێت، بگوترێت، دەرببڕدرێت و ببێتە دەنگ و سەدا. گفتوگۆ، خۆدواندن نییە، داڵغەلێدان نییە. خۆخواردنەوە نییە، زمانی بێدەنگیی نییە، بەڵكو زمانی دەنگ و گوتن و خۆدەربڕینە. مرۆڤ گەرەكە خۆی دەرببڕێت و بەدەنگی بەرز خۆی بخاتە ڕوو و خۆی بەرجەستە بكات.. لە بێدەنگییدا مانا شیاوی ڕاڤەی جیاوازە، مانا جێگیر نییە، ڕەوانە هێندەی ژمارەی ئەوانەی لە بێدەنگی ڕادەمێنن چونكە هەر كەس لە تێگەیشتنی خۆیەوە لە بێدەنگی تێدەگات. بێدەنگییش زمانێكی تایبەتە، وەلێ بێدەنگانە. 4. بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆ بكەین، نابێت لە قسەكردنەوە دەستپێبكەین. قسەكردن توێكڵی گفتوگۆیە و ئاستی دەربڕینی فیسیۆلۆژیانە و جەستەیی گفتەكانە. لە قسەكردندا، هەناسە، ژێیەكانی گەروو، زمان و لێوەكان دەكەونە گەڕ بۆ دەربڕین، بەڵام لە گفتوگۆدا، لە (گوێگرتن لەئەویترەوە) دەستپێدەكەین. گفتوگۆ هەمیشە لە دەرەوەی قسەوە و لەناو گوێگرتنەوە دەستپێدەكات. گوێگرتن لە دژی ڕەهایگەریی و موتڵەقخوازیی و ئەوەی ڕاستیی بەتەنیا لای منە، ڕاماندەهێنێت. لە فاشیزم و ئوسوڵگەرایی ڕەهاخوازەوە بەرەو دیموكراسییەت و ویژدان و هەڵكردن لەگەڵ جیاوازیی دەمانبات و لەویشدا پێدەگەین و پەروەردە دەبین، نەك چەقبەستوو و بۆگەن بكەین.. 5. گفتوگۆ پێش هەمووشتێك هونەرە: هونەری بوونەخود لە بەرامبەر قەبووڵكردنی ئەوی دی وەك خۆی! ئەگەر مرۆڤ خۆی نەبێت، ناتوانێت ئەویتریش وەكخۆی قەبووڵ بكات و جیاوازیی دەمرێت. ڕەگوڕیشەی هەموو فاشیزم، ڕەگەزپەرستی و فەندەمانتالێزمێك لەو نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، كە مرۆڤ وا بزانێت بۆ ئەوەی خۆی هەبێت، پێوستە ئەویتر بسڕێتەوە و نەمێنێت. گفتۆگۆ وەك هونەر، دێت بۆ ئەوەی تابلۆی پێكەوەبوون تەواو بكات، نەك بەشەكان لەیەكتر جیا بكاتەوە. ئەو دێت بۆ بەرینكردنی مەودای جیاوازی نەك سەلماندنی ڕاست و هەڵەی نێوان جیاوازەكان. گفتوگۆ وەك هونەر، جوانیی بە جیاوازیی دەبەخشێت نەك ڕاستەقینە بۆ لایەنێك بەرێتەوە و لایەنێكی دیكە بەدۆڕاندن بدات. 6. گفتگۆكردن ئاسان نییە، زەحمەتی دەوێت. یەكەم زەحمەت ئەوەیە مرۆڤ خۆی ڕابهێنێت لەسەر گوێگرتن ئەمجا قسەكردن. دووەمین زەحمەت ئەوەیە، مرۆڤ خۆی ڕابهێنێت لەسەر ئەوەی كاتێك قسە دەكات خۆی بخاتە شوێنی ئەویتر و زەحمەتی سێیەمیش ئەوەیە: مرۆڤ خۆی ڕابهێنێت لەسەر ئەوەی كە قسەكانی خۆی لە ئاوێنەی قسەكان و وەڵامەكانی ئەویتردا ڕەنگدانەوەیان دەبێت. ئاوێنەكە دەنگی مرۆڤ خۆیەتی، ئەویتر ڕەنگدانەوەكەیە. 7. بۆ ئەوەی گفتوگۆ ئامانجی خۆی بپێكێت، چونكە هیچ گفتوگۆیەك بێ ئامانج نییە، پێوستە مرۆڤ خۆی لە هەموو بڕیارێكی پێشینە لەبارەی هەر شتێكەوە، كە باری نێگەتیڤ و دزێوی بەسەر ئەویتردا دەسەپێنێت، یان پێیدەبەخشێت، خۆی ڕزگار بكات. حوكمە پێشینەكان لەسەر هەر نیمچەڕاستییەك، یان وەهم و ئایدیۆلۆژیایەكەوە لەسەر ئەویتر دروستبووبن، شێوێنەری گفتوگۆن. گفتوگۆ تەنیا لە نێوان مرۆڤە خاوەن هەقە چونیەكەكاندا ناكرێت، بەڵكو لەنێوان ئەو مرۆڤانەشدا كە مافی چوونیەك بەیەكتر دەبەخشن و ڕوانگەیان بۆ یەكتر چونیەكە. هەركات لەناخی خۆماندا بە نزمی، یان هەژاری، یاخود بە هەر جۆرێكی دیكە ڕوانیمانە ئەویتر، خودی ئەم ڕوانینە ناهەقیییەكە. گفتوگۆ بەم ڕوانگانەوە ناكرێت و ناشگاتە ئەنجام. 8.من ناڵێم گفتوگۆكردن ئاسانە، شیاوە، یاخود بەدەستەوە دێت! بەڵكو دەڵێم: قوورسترین و بەرزترین ئاستی ڕۆشنبیرییە، كە مرۆڤێك یان نەتەوەیەك پێیدەگات. ئاسان نییە و حازریش نییە. دەبێت خۆمانی لەسەر پەروەردە بكەین، بەدەستی بهێنین، خۆمان بەرزكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی بدەین. لەبەر ئەم هۆكارانەیە، كە ئێمەی كورد هێشتا نازانین دەست بۆ ئەو هونەرە ببەین. ئەمەش نەك هەر لە ئاستی تاكەكەسی و جڤاكیدا، بەڵكو لەئاستی پەروەردەیی و سیاسییشدا. سیاسییەكانی ئێمە لە هەموو شتێكدا شارەزابن و بەدەستیان هێنابێت، لە هونەری گفتوگۆدا كۆڵ و كۆڵەوارن: لەو شوێنەی پێویستە عەقڵ كار بكات، ئەوان پەنا بۆ پەرچەكردار دەبەن، لەو شوێنەی پێوستە تەگبیر بێتە ئاراوە، ئەمان كەوگیر لە كێشەكان وەردەدەن و بە حوكمی پێشینەوە دەچنە بەرامبەر ئەویتر كە بەشێكە لە خۆی. ڕۆشنبیرەكانیشمان هەر وان: كەمترین گفتوگۆی ڕۆشنبیریمان لە هەرێم هەیە. ئەوەی كە هەیە گفتوگۆ نییە. یان تەنیا گوتنە، یان دەرپەڕاندن و شكاندنەوە، یاخود یەكتری سڕینەوە و یەكتری نەبینین. ئەگەر جاروبار سیاسییەكان پێكەوە دانیشتنی هەڵخەڵەتێنەری بێ گفتوگۆی نومایشكارانە لەمیدیاكانەوە پەخش دەكەنەوە، ئەوە دەستەبژێر لە حەسوودی و ئیرەییان بەیەكتر، ناتوانن ئەو نومایشەش ساز بكەن. 9. بە بۆچوونی من لە ئێستادا ئەوەی لە ئابووری زیاتر قەیرانی بۆ كۆمەڵگەی ئێمە دروستكردووە، نەبوونی كولتووری گفتوگۆیە. نەبوونی ئەو هونەرە بەرزەیە كە پێشنووسە بۆ چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكان. پێویستە ڕەهەندی گفتوگۆ بێتە نێو سیاسیەتی ئێمەوە، نەك دانوستان و دانیشتن. یان تەسریحات و لەوچەلەوچ و تەنانەت چەقەچەقیش.. پێوستیشە سیاسییەكانی ئێمە لەنێوخۆیانەوە دەست بەگفتوگۆ بكەن، نەك ببنە گوێگر و گوێڕایەڵی بێگانە. سیاسەت پێش هەموو شتێك كاركردنە بە بنەماكانی گفتوگۆ. بە قەبووڵكردنی جیاوازی. ئەوە ئەركی نووخبە و دەستەبژێرە كولتووری گفتوگۆ بهێنێتە ئاراوە، پەرەی پێدات و بیناسێنێت و بیكاتە باو.. 10. گفتوگۆ فێر نەبیت، ئازاد نابیت. ئەگەر گفتوگۆ پێشزەمینەیەكی ئاسمانی هەیە، نەك لەبەرئەوەی ئاسمان پیرۆزیی پێ بەخشیوە. بەڵكو لەبەر ئەوەی گفتوگۆ بوونەوەر ئازاد دەكات و ئازادی ئامانجی گفتوگۆیە. ئیبلیس بەوەی گفتوگۆی كرد بوو بەشەیتان، بەڵام خۆیشی ئازاد كرد. ئادەم بەوەی ملكەچیی هەڵنەبژارد، گوناهی كرد و فڕێدرایە سەر زەوی، بەمانایەكی دی ئازاد بوو. بۆیە جەوهەری گفتوگۆ پێش هەموو شتێك تیلەی چاوی لە ئازادییە. گفتوگۆ هەر بەتەنیا تەكنیكێك بۆ فێربوونی بیروڕاگۆڕینەوە نییە، بەڵكو ڕێگایەكە بۆ گەیشتن بە ئازادی. *لە ئاكاونتی (رێبوار سیوەیلی) وەرگیراوە
عوسمان حاجی مارف دەسەڵاتی زۆنی سەوز ناچارکرا وەڵام بە خواستەکانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکەی شاری پێنجوین بداتەوەو بەزوویی داواکانیان جیبەجێ بکات. ئەمەش دەستکەوت و سەرکەوتنی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریەی خەڵکی پێنجوینە کە توانیان بە یەکڕیزی و یەکگرتوییان وتواناو پێداگری و پێگەی چەند ڕۆژەی خۆپیشاندانەکانیان، ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکەن. چەندین ساڵە دەسەڵاتی کوردایەتی وەها ناسراوە کە لە نمونەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەیە بەهیچ جۆرێک ئاوڕی لە پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی نەداوەتەوەو ناداتەوە. ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستانی بە فەرامۆشکردن و بە قەدەر سپاردووە. لەلایەک جەردەیی و گەندڵی و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایە، خەسڵەتی بێپەردەی تایبەتی سەران و لێپرسراوانی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتیە. لەلایەکی تریشەوە داسەپاندنی نەبونی خزمەتگوزاری و وێرانکاری و نائاسودەیی و هەژارکردنی زیاتری کرێکاران و زەحمەتکێشان شێوازی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیانە. ئەوەی جێگای سەرنجە بەدوای هێنانوبردنێکی کورتماوە، پەیمانیاندا وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی پێنجوین بدەنەوە. لە ئاکامادا بێ گێرمەوکێشە خواستەکانیان جێبەجێکردن. ئاخۆ نهێنی جیاوازی لە نێوان وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکی ناڕازی پێنجوین و وەڵام نەدانەوەو فەرامۆشکردنی تەواوی خواستەکانی چەند ساڵەی ناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکارانی ژینەگەپارێزو خاوەن پێداویستی تایبەت..هتد دەبێت چی بێت؟ ئایا ئەم هەنگاوە پەشیمانی و ئامادەیی و دڵ نەرم بونە لەبەرامبەر گوزەرانی خەڵک، یا بەرژەوەندیەکی ترو ناچاریەکی تر لە پشتی ئەم کردارەوەیە؟ گەر دڵ نەرم بون بێت، دەکرێ پێشبینی ئەوە بکەین چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕ لە مانای بەرنامەی چاکسازیدا وەها ببینین کە بیردەکەنەوەو خەریکن هەوڵ ئەدەن ژیانی ئەو خەڵکە بەرەو باشی و ئاسودەیی و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان دەبەن؟ بەلام نیشانەکانی مامەڵەی پارتی و یەکێتی لە کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان خۆیانداو بەرنامەڕیزی بۆ ئایندەیەک لە کوردستاندا و لە بەرامبەر پێداویستیە سەرەتایی و گرنگەکانی خەڵکی کوردستاندا، لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشویان و بە چڕتر خەریکی زیاتر لەجەردەیی و گەندەڵی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەن و ئایندەی کوردستانیشیان سپاردووە بەقەدەری هەلومەرجێکی نادیارو جەنجاڵ لە بونی دەخالەت و کێشمەکێشی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەو ناکۆکی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا. واتە ناسینەوەی ئەو نهێنیەی کە زۆنی سەوز بەدەنگ خواستەکانی خەڵکی پێنجوینەوە هات و داواکانی بۆ جێبەجێ کردن، دەتوانین بڵێین ئاکامی چۆنیەتی پێگەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە بوو کە توانی سەرانی یەکێتی ملکەچ بە خواستەکانیان بکات. شێوازو چونیەتی ئەم ناڕەزایەتیە لەوەدایە هێزو توانای خۆی نیشانداین کە توانیان قۆرتمی بەرژەوەندی ئابوری سەرانی یەکیتی بگرن. گرتن و داخستنی خاڵی سنوری گومرگی باشماخ و سەیرانبەن مانای ڕاگرتن و زیان گەیاندن بەسەرچاوەیەکی دارایی گەورەی یەکێتی. بۆ ئەمەش ڕیزێکی بەرین و بەرچاوی جەماوەری ناڕازی پێنجوین هاتنە مەیدان و بەو کارە هەستان، هەر بۆیە لە وەڵامدانەوە بە خواستەکانیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. واتە دەسەڵاتی زۆنی سەوز لە ناچاری بۆ پاراستنی سەرچاوەیەکی دارایی کە پڕاوپڕە لە مامەڵەی دزی و گەندەڵی، سەرشۆڕی و ملکەچی نواندوە، نەک لە بە تەنگ هاتنیەوەیە بۆ پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی پێنجوین. ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی پێویستە ببێتە تاقیکردنەوە و ئەزمونی تەواوی ناڕەزایەتیەکان و خەڵکی بزانن چۆن شادەماری سەرچاوە داراییەکانی دەسەڵات دەگرن و ئاستی پێگەی ناڕەزایەتیەکانیان بەرز ڕادەگرن. چۆن ئەتوانن دەسەڵاتداران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بۆ داواکاریەکانیان بکەن. لە مەش گرنگتر پێویستە لە هەنگاوەکانی دواترو داهاتودا خەڵکی ناڕازی ئامادەیی و خۆڕێکخستنی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە جگە لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەڕێوەبردنی بودجە بەندیەکان لە داهات و خەرجی بخەنە ژێردەستی ڕێكخراوە جەماوەریەکانی خۆیانەوە.
هاوڕێ تۆفیق دادگای فیدراڵی سەرجەم بریارەکانی پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەڵوەشاندەوە، ئەو بریارانەی کە تایبەت بوون بە ناردنی پشکی بودجەی هەرێم ، ئەمەش بەو پاساوەی کە ئەو بریارانە پێچەوانەی دەستورن. دادگای فیدراڵی پشتی بە باوەرێکی قانونی و دەستوری بەستوە کە بە گوێرەی دەستوری کۆماری عێراقی فیدراڵ دەسەڵاتەکان لە دەستوردا لە یەکتری جیاکراونەتەوە، پەرلەمان قانون دەردەکات، ئەنجومەنی وەزیران بریارو رێنمایی بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی قانونەکان دەردەکات و ئەمەش نابێت دژ بە قانون بێت ، دادگا دەڵێت پشکی هەرێم لە قانونی بودجەی فیدراڵ باسکراوەو و چونێتی پێدانی دیاریکراوە. ئیتر ئەنجومەنی وەزیران ناتوانێ جگە لەو چوارچێوە قانونیەی کە هەیە رێگای تر دیاری بکات و لەلای خۆیەوە بریار دەربکات. ئەم بریارەی دادگای فیدراڵی ئیتر بە تەواوی دەستی ئەنجومەنی وەزیرانی گرت کە نابێ هیچ بریارێک دەربکات بۆ ناردنی بودجە بۆ هەرێم و دەرگای گفتوگۆی هەرێمی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داخست .چونکە دادگا دەڵێ؛ ناردنی بودجە بۆ هەرێم دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران نیە و لە پسپۆری قانونی بودجەدایە. تاکە دەرگای کراوەی هەرێم پەرلەمانە کە بتوانێ رێککەوتن بکات و مافەکانی لە قانونی بودجە بچەسپێنێت. شەقامی عێراقی دڵخۆشن بەم بریارانەو ئێستا ئەو پەرلەمانتارانەی کە سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێم دەکەن ،دەبن بە پاڵەوان و لە هەمان کاتدا رای گشتی لە شەقامی عێراقیدا دەڵێن، بۆچی هەرێم نەوتی خۆی بۆ خۆی دەبات و لەهەمان کات داوای پشکی نەوتی بەسرەش دەکات! ئاشکرایە کە مەسەلەکان ئاڵۆزبوون، داگای فیدراڵی لە بریاری پێشوتریدا مافی هەرێمەکانی لە دەرهێنانی سامانی سروشتی بە تەواوی زەوتکردو مەرکەزیەتی سامانی سروشتی چەسپاند کە ئەوەش ناکۆکە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی وەکو رژێمی دەستوری دەوڵەت.
عادل عەبدولمەهدی : عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق, لەوتارێكدا بە ناونیشانی (دۆلار, باجی دەوڵەمەندەكانە لەسەر هەژارەكان) نوسیویەتی: مشتومڕێكی زۆر هەیە لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار, بەخێرایی باسی دوو هۆكاری سەرەكی دەكەین: 🔹یەكەم: دیاردەیەكی جیهانییە, دۆلار لەساڵی (2022) دا, بەشێوەیەكی بەرچاو بەرامبەر بە دراوەكانی تر بەرزبوەوە, نزمترین ئاستی كەمتر لە (10%) بوو لەكەنەداو ئوسترالیا و مالیزیا, (10%-20% ) بوو لەناوچەی یۆرۆو كۆریای باشورو بەریتانیاو ژاپۆن, نزیكەی (30%) بوو لەتوركیا, (40%) بوو لەمیسر, هەمووانی گرتەوە بێجیاوازی. 🔹هۆكاری سەرەكی پەیوەستە بە پێشهاتە جیهانییەكانی ئەم دواییەو, بەرەوپێشچونی ژمارەیەكی زۆر لەئابوری وڵاتان, لەبەرامبەر پاشەكشێی ئابوری ئەمریكا, "فیدراڵی" (7) جار نرخی سودی بەرزكردووەتەوە, كە ئەوەش بەرزترینە لە مێژووی دۆلاردا, لە (0.75%-1%) لەمانگی ئازاری (2022) بۆ (4.25%-4.50%) لەكۆتایی ساڵدا, بەئامانجی ڕاگرتنی بەرزبونەوەی نرخەكان و كەمكردنەوەی هەڵئاوسان بۆ (2%), كەئەوەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تەواوی وڵاتان. 🔹 سەرەڕای پاشەكشێی یەدەگی دۆلاری وڵاتان لە (75%) لەساڵی (2000) دا بۆ(58.8%) لەكۆتایی ساڵی (2022), هێشتا دۆلار تاكە دراوی جیهانی بێڕكابەرە, كە ڕۆژانە نزیكەی (6) ترلیۆن دۆلاری لەمامەڵە جیهانییە جیاوازەكاندا ئاڵوگۆڕ دەكرێت. 🔹"فیدراڵی" تەنها بانكی ناوەندیی ئەمریكا نییە, بەڵكو سەرۆكایەتی بانك و ئابوری ئەمریكاش دەكات و, لەچلەكانی سەدەی بیستیشەوە, سەركردایەتی تۆڕی بانك و ئابورییەكانی جیهان دەكات. 🔹بەرزبونەوەی نرخی سود دەبێتە هۆی ڕاكێشانی دۆلاری زیاترو, زیادبونی تێچووی قەرزەكان, تەنها لەئەمریكا نا بەڵكو لەتەواوی جیهان, بەوەش هەڵپەیەكی زۆر بەرەو دۆلار و گلدانەوە لەشوێنە ئارامەكان لەلایەن خاوەنەكانیانەوە دروستدەكات و, كارلێكە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەكەونە جوڵە, لاوەكی و بنەڕەتی, سیاسی و ئابوری و هەڵبەزو دابەزو دەرەونی و دور مەودا, بۆ داواكردنی دۆلار, ئەوەش بەڕێژەی جیاواز وڵاتان بەخۆیەوە دەبینێت, لەنێویاندا عێراق. 🔹ئەم سیاسەتە ڕەنگدانەوەی قەیرانی سیستمی جیهانیشە, كە هەموومان باجەكەی دەدەین, ئەوە سیاسەتێكە لەلایەك لەهەوڵدایە بۆ سوككردنی فشاری بەرزبونەوەی نرخ لەسەر خێزانە ئەمریكییەكان بۆ ئامانجی ئابوری و هەڵبژاردن, لەبەرامبەریشدا ناچارە نەختینەی زیاتر دابین بكات كە ئابوری ئەمریكا پێویستی پێیەتی, بۆیە ناچار دەبێت بە چاپكردنی دۆلاری زیاتر بەبێ بوونی ڕاستییەكی ئابوری هاوتای كە پاڵپشتی بكات, كە دەبێتە قەرزاربوون كە ئەمڕۆ بڕكەی گەیشتوەتە(31.5) ترلیۆن دۆلار. 🔹 بەرزبونەوەی دۆلار هانی هاوردەكردنی زیاترو لاوازبوونی هەناردەكردنی ئەمریكا دەدات و, قەیرانی كێبڕكێكردنی ئابوری ئەمریكا زیاتر دەكات, ئامارەكان دەریانخستووە كە ئابوری جیهان لەساڵی (2000)وە لە (12%) بۆ (8%) پاشەكشێی كردووە. 🔹دووەمیان: دیاردەیەكی ناوخۆییە, داهاتی بنەڕەتی عێراق پشتی بەنەوت بەستووە, كە وابەستەی دۆلارە, بەهۆی تاك سەرچاوەیی ئابورییەكەی, عێراق لەبنەڕەتدا پشت بەهاوردەكردنی كاڵاو شمەك دەبەستێت كە لەساڵی (2021)دا بڕكەی گەیشتووەتە (79.4) ملیار دۆلار, كە بەگوێرەی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی(24.2%)كۆی بەرهەمی دەكات. 🔹ئەوە بەبێ باسكردنی مامەڵەو حەواڵە نایاساییەكان, بۆ نمونە عێراقییەكان لە پلەی سێیەمدا هاتوون لەگڕینی خانوبەرە لەتوركیا كە (6241) موڵكیان لەساڵی (2022)دا كڕیوە, بەحسابكردنێكی خێرای نزیكەی یەك ملیار دۆلار دەكات, كە زۆرینەی بەڕێگای پێچاوپێچ حەواڵە كراون, لەسەر ئەوە پێوانە بكە. 🔹هەندێك دەڵێن: هۆكاری سەرەكی ئەوەی ڕودەدات بۆ ڕاگرتنی سپیكردنەوەی پارەو بەقاچاغبردن و سزاكانی سەر ئێرانە, پێمانوایە ئەوە هۆكارێكی لاوەكییە لەئاست ئەو دوو هۆكارە, جیهانیی وەك بنەڕتی, ناوخۆیی, بەوپێیەی ئابورییەكی كرێخۆرین و پشت بە پترۆدۆلارو هاوردەكردن دەبەستین. 🔹 ئەم قەیرانەی ئێستا پاڵنەرە ناوخۆییەكانی پەیوەستە بەبڕیاڕی كەمكردنەوەی ناسەركەوتوی بەهای دینار لە ساڵی (2020) , بە پاساوی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی (2021)ی پێشنیازكراو, كاتێك نرخی نەوت نزیكەی (50)دۆلار بوو, بڕیارەكە دراو جێبەجێكرا بە كاریگەری دەرەكی. 🔹 بژاردەی نزمكردنەوەی بەهای دراو لە حكومەتی دكتۆر عەبادی و حكومەتی ئێمەدا تاوتوێكرا, ڕەتكرایەوە بەهۆی ناواقیعبونی و لێكەوتەكانی, سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لەو ڕۆژدا بۆ خوار (30) دۆلار داڕمابوو, گەیشتە نزیكەی (17)دۆلار, یەدەگی بانكی ناوەندی بۆ نزیكەی (40) ملیار دۆلار دابەزی, سزاكانی سەر ئێرانیش لەو پەڕی توندبونەوەدا بوو, وێڕای باقی فشارە نەرێنییەكانی تر. 🔹 قەیرانی ئێستا, لەگەڵ كارلێكە دەرەكییە بنەڕەتییەكان, قەیرانی سیاسی و نەخۆشی ئابوری ناوخۆیین, پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەردوو سیاسەتی دارایی و ئابوری هەیە, كە هەردووكیان پایەی سەرەكی سیاسەتی نەختینەن.
هاوڕێ تۆفیق بەشی زۆری گرێ کوێرەکانی هەڵبژاردن کراونەتەوە ،ئەمە جگە لەفشاری نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکا ، کە داوا دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. سەرەتا کێشەکان قوڵ و ئاڵۆزبون بەم شێوەیە بون؛ ١: زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوە بوون بازنەی هەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت و کوردستانیش چونکە چوار پارێزگایە کەواتە بکرێت بە چوار بازنە ،بەڵام پارتی دیموکرات نارازی بوو. ٢: زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەو رایە بوون کە تۆماری بایۆمتری هەڵبژاردنی فیدراڵ کە کۆمیسۆنی فیدراڵ ئامادەی کردوە بکرێتە تۆماری دەنگدەران ،لەو روانگەیەی راستر و خاوێنترە ،بەڵام پارتی دیموکرات لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بوو. ٣: پارتی دیموکرات داوای دەکرد کە پێش مەرجی هەڵبژاردن کاراکردنەوەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن بێت، پاشان قانونی هەڵبژاردن هەموار بکرێ، بەڵام زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوە بوون کە پێش مەرج قانونی هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە. ٤: مەسەلەی یانزە کورسیەکەی کۆتا دەرگایەکی داخراوی هەڵبژاردنە ، پارتی دیموکرات دژی کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانیانە ، لایەنەکانی تر داوای کەمکردنەوەی کورسیەکانیان دەکەن، یان بە هەر رێگایەکی تر بێت داوادەکەن کە تۆماری تایبەت بە پێکهاتەکان دروست بکرێ، هەرچەندە ئەمەیان لەرووی هونەرییەوە ئاڵۆزەو جێبەجێکردنی سەختە. لە ئێستادا کۆمەڵێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر بوون، بەم شێوەیە؛ ١: هەڵبژاردن فرە بازنەیی دەبێت و کوردستان بکرێت دەکرێت بە چوار بازنەوە. ٢: تۆماری دەنگدەرانی بایۆمتری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ دەکرێتە تۆماری دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان. ٣: کۆمیسۆن کارا دەکرێتەوە. مەترسیەکانی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن؛ بەو هۆیەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم پشکپشکێنەیە، لە کاتێکدا ئەنجامەکان دڵخوازی لایەنەکان نەبوو ، هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە ناو ئەنجومەنی کۆمیسیاران دروست دووبارە دەبێتەوە ، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران پێکهاتوە لە نۆ ئەندام و بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن پێویستی بە دەنگی پێنچ ئەندام هەیە، ئەگەرنا ،ئەنجامەکە پەسەندکراو نابێت. ئەمەش ئەگەر هەیە بەهۆی ئاڵۆزی سیاسیەوە ئەو ژمارەیە دروست نەبێت.
د. جەعفەر عەلی کۆمەڵەی ژێکاف ڕێکخراوێکی کوردستانی بوو، بە کردەوە مەیلی ناوچەگەری و عەشیرەتگەری خستبووە لاوە. کارەکانی هەرچی زیاتر لە چوارچێوەیەکی گشتی نەتەوەییدا بوو. دامەزرێنەرانی ژێکاف، بە زۆری بۆرژوای شارنشینی تەقلیدی بوون، هیچ نوێنەرێکی خاوەن موڵک و بۆرژوای بازرگانی گەورەیان تێدانەبوو. لە ژێکافدا کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان دەیانتوانی ببنە ئەندام. چوار دەستەش دەیانتوانی ببنە ئەندام، بەڵام مافیان نەبوو بگەنە پلەی سەرۆکایەتی کۆمەڵەکە، ئەوانیش (ئاغا، شێخ، مەلا و سەید) بوون. ژێکاف بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردووی کورد، قورسایی کار و چالاکی خۆی خستبووەسەر لایەنی چۆنایەتی ڕێکخراوەکە، نەک چەندایەتی، واتە مەسەلەی تیۆری دیوێکی گرنگ و پایەکی بنەڕەتی کار و چالاکی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکە بووە. یەکەم گرفتی بەردەم ژێکاف، فراوانبوونی بنکە کۆمەڵایەتییەکەی بوو. ئەم فراوانبوونە ڕێکخراوەکەی لەبەردەم پارادۆکسێکدا ڕاگرت، یان پێشگرتن بە فراوانبوونەکە، یان دەرچوون لەو بنەما تیۆری و پرەنسیپانەی ڕێکخراوەکەی لەسەر بونیادنرابوو، واتە لە دەرەوەی دامەزرێنەرانی ژێکاف گەڕان بەدوای فیگەرێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی نێوان ڕابەرایەتی و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی. ئەم دروستبوونی ناهاوسەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە وایکرد ژێکاف لە دەرگای کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و دینی ناسراوی مەهاباد، قازی محەمەد بدات، تا لە ڕێگەی پێگە کۆمەڵایەتیەکەی ئەوەوە، وەڵام بەو پێگە فراوانەی چین و توێژە کۆمەڵایەتییانە بداتەوە، کە ڕوویان لە ڕیزەکانی ژێکاف کردبوو. بە مانا واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی لە خواستی دامەزرێنەرانی ژێکاف بەهێزتر بوو. بە بوونی قازی محەمەد، تا ڕادەیەک ئەو ناتەباییە کۆمەڵایەتییەی لە ژێکافدا هەبوو چارەسەرکرا، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عەشیرەتی و سەرۆک عەشیرەت و دەرەبەگی کورد، هاتنە ڕیزی کۆمەڵەوە. ئەوانە پێشتر نەک هەر جۆری بیرکردنەوەیان لەگەڵ سیاسەتی دامەزرێنەرانی ژێکاف وەک نوێنەرانی وردەبۆرژوای شاری نەدەگونجا، بەڵکو زۆرجاریش بە کەسانی کۆمۆنیست، خوانەناس و دژەئیسلامیان دەناسین. نە ژێکاف کۆمەڵەیەکی چەکدار بوو، نە کۆماری کوردستان بەرهەمی خەباتی چەکداری بوو. چ ژێکاف و چ کۆمار، ئەزموونی سیاسی و ڕێکخراوەیی ناو شار بوون، تەنانەت لە کاتی پەلاماردانی کۆماریشدا پەنا بۆ چەک نەبرا. پارادۆکسێکی گەورە لە کۆماردا ئەوەبوو، سیستەمی سیاسی دەوڵەتی ئێران پاشایی دەستوری بوو، کەچی لە کوردستان سیستەم کۆماری بوو. ئەوە لە کاتێکدا، نە داوای ڕووخاندنی سیستەم لە تاران، نە داوای جیابوونەوەش لە دەوڵەت دەکرا. کۆمار یان دەبوایە ستراتیژی ژێکاف، سەربەخۆیی پەسەند بکردایە، یان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند، بیری لە ئاڵوگۆڕ لە دەستوری بنەڕەتی ئێران بە قازانجی خودموختاری، یان سیستەمی فیدڕاڵی بکردبایەوە. فراوانبوونی بنکەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری، وەک چۆن لە ڕووی ژمارە و چەندێتییەوە ژێکاف و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆماری گەورە کرد، هەمانکات هۆکارێکیش بوو بۆ هەڵتەکاندنی ژێکاف و دیموکرات و کۆماریش لە ناوەوەدا. ئەم دۆخی گەڕان بە دوای بنکەی کۆمەڵایەتی فراوان و پێگەی جەماوەری گەورەوە، بە بڕوای من هەمان زەرەری لە (بزووتنەوەی گۆڕان)یشدا. لە هەر کوێیەک، لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا، مەسەلەی چۆنایەتی کرایە قوربانی گەورەبوون وکۆکردنەوەی بێ بنەما و پۆپۆلیستیانەی جەماوەری، لەوێدا دەستکەوتێکی کاتی و ماوەکورت هەیە، بەڵام سەرەنجام زیانێکی سیاسی و ستراتیژی گەورەتر لە ناوەوە هەم حیزبەکە هەڵدەتەکێنێت، هەم کۆمەڵگە ڕووبەڕووی نائومێدی سیاسی و کۆمەڵایەتی قورس دەکاتەوە. بە لای منەوە، ڕەنگە جوانترینی کۆمار ئەو دیوە سیاسییەی بێت، هێندەی ئاگاداربم، لە نزیک بە یەک ساڵی تەمەنیدا، یەک کەس بە هۆکاری جیاوازی بیروڕا و ئازادی گووتن، نەبووەتە قوربانی. کۆمارێک خاڵی لە تیرۆری سیاسی و فیکری. قازی کەسایەتییەکی جوانی ناو مێژووی ئێمە و، کۆماریش ئەزموونێکی گرنگ و پڕ بایەخ.
سالار مەحمود حوکمڕانی کۆماری مھاباد گەرچی بەپێوانی کات کەم بەرکار بوو، وەلێ وەک وەرچەرخانێکی سیاسی مەودای کاردانەوەی دورو درێژە، تا بە ئەمڕۆ دەگات. وەک گەرەکە لەسەر ئەو ئەزموونە شەن و کەو نەکراوە بۆ پەند وەرگرتن لەفاکتەرە دەرەکیەکان بۆ لەناوبردنی توانای ناوخۆیی. فەوتانی کۆمار پەیوەندی بە پیلانی نێودەوڵەتی ھەبوو بەپلەی یەکەم. لەو ساوە بۆ ئێستا دەرس لەو مێژووە وەرنەگیراوە. چەند وزەی ناوخۆیی گرنگە دواجار بۆ چارونووسی کورد بڕیار لەسەر مێزی دەرەوە دەدرێت. ئەمە بەو مانایە نا بوونی خود گرنگ نیە وەک ئاکتەرێکی کارا. بەڵام بۆ ھەلومەرجی کوردستان تایبەتمەندییەکەی ھەمیشە فاکتەری دەرەکی رۆڵی زۆرتر گێڕاوە. لەوساوە بۆ ئێستا راستیەک ھەیە نابێ فەرامۆش بکرێت کە "چیتر کورد فاکتەر نیە ئاکتەرە". بەھەر حاڵ رۆژی راگەیاندنی کۆماری کوردستان رۆژێکی دیرۆکیە. ئەزموونی تەنیا بەشێکی کوردستان نیە. وەک رۆژێکی نیشتمانی ئەبێت بخرێتە رۆژمێری فەرمیەوە. پەرلەمانی کوردستان کارێکی باش دەکات بە رۆژێکی نیشتمانی بیناسێنێ. جاڕدان بۆ بەفەرمی کردنی ئەم رۆژە نیشتمانیە. لە رەوتی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کورددا خۆشدانێکی تر دروست دەکات و، لە بونیادنانی پایەکانی نیشتمانسازیدا دەتوانین سود لە دیوە جیاوازەکانی کۆماری کوردستان وەربگرین. لە ٢٢ ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ قازی کۆماری کوردستانی راگەیاند. لەم رۆژەدا کەسایەتی قازی وەک سەرکردەیەک کە گەردنی خۆی بۆ نەجاتی گەلەکەی کردە پەتەوە بەبیر دەھێنمەوە. ھەم لە قازی و ھەم لە دەوران و رۆژی جاڕدانی کۆماردا دەست لەسەر تەوێڵی سەر دادەنێین و ئاوڕ لە قوڵایی مێژوو دەدەینەوە کە ئەم ھەموو ترسە لە بوونی قەوارەی دەوڵەتی و سەربەخۆیی نیشتمانی کورد بۆ؟. ترس لەدیرۆک، یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانیی، لە کەلتورو مرۆڤی کورد بۆ؟. لەبەرامبەردا بەرز راگرتنی ئەو نۆ مانگەی حوکمڕانی کۆمار وەک بەشێکی گرنگ لەتێکۆشانی یەکێتی نەتەوەیی و تێکۆشانی پێکەوەیی با ببێتە دەستمایەمان لە پرۆسەی وڵامدانەوەی داگیرکەران و غەدری مێژوو لە خەڵک و خاکی کوردستان.
سەروەت هەڵەبجەیی سعوودیە و تورکیا بە دوو وڵاتی دژبەر و ڕکابەری ئێران هەژمار دەکرێن، ڕەنگە بوترێت کە تورکیا پەیوەندی لە گەڵ ئێران هەیە، بەڵام کۆی ڕووداوەکان و دیوی پشتەوەیان پیشان دەدات کە تورکیا وەک دژبەرێکی ئێران لە ناوچەیە هەڵسووکەوت دەکات تا وەک وڵاتێکی هاوبەش یان تەنانەت ڕکابەر. ئەگەرچی هەندێک دۆسیەی وەک کورد ئەم دوو وڵاتە لە هەندێک قۆناغدا پێکەوە دەبەستێتەوە. سەردەمێک مەلیک عەبدوڵڵای شای سعوودیە لە چاوپێکەوتنی باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، ئێرانی وەک سەری مارەکە پێناسە دەکرد کە دەبێت پان بکرێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرجی ناوچەکە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە و ئەو مارەی کە تەنگی بە ئێران هەڵچنیوە دوو سەری هەیە، سەرێکی لە سعوودیە و ئەو سەری دیکەی لە تورکیایە. ئەم دوو وڵاتە بە هاوپەیمانییەکانی خۆیان وەک مەقەسێک لە بەرامبەر ئێران دەردەکەون. ئەگەرچی دۆسیەی کوژرانی جەمال خاشقچی لە ئیستەنبووڵ تا ڕادەیەک گرژیی خستە پەیوەندییەکانی نێوانیان بەڵام دواتر ئەنکەرە و ڕیاز بەوە گەیشتن کە دەبێت واز لەم ئاڵۆزییە بێنن و جارێکی دیکە پەیوەندییەکانیان نزیک کردەوە تا پرۆژەی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران تەواو بکرێت. سعوودیە وەک گەورە وەبەرهێنەرێکی نەوت، پێگە ئیسلامییەکەی و برا گەورەی وڵاتانی عەرەبی ڕۆڵی گرنگی لە پێکهێنانی هاوپەیمانییە ناوچەییەکاندا هەیە. سعوودیە وەک ڕابردوو ئەو وڵاتە نییە کە تەنیا گوێڕایەڵی زلهێزەکانی وەک ئەمریکا بێت. کاریگەری نەوتیش لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا گۆڕاوە. سعوودیەی سەردەمی بن سەلمان هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی وەک کاراکتەرێکی سەربەخۆی جیهانی دەدات. ئەمڕۆ شێخە حوشترسوارەکانی سعوودیە لە سەر ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لێدەخوڕن و نەوتیان تەنیا بۆ فرۆشتن نییە بەڵکوو بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری کەڵکی لێ وەردەگرن. سعوودیە لە ئێستادا تەنیا پشت بە ئەمریکا نابەستێت، بە واتایەکی دیکە سەرجەم هێلکەکانی ناخاتە سەبەتەی ئەمریکاوە، بەڵکوو لە گەڵ زلهێزەکانی دیکەش دان و سانی هەیە. ئەم وڵاتە لەم چەشنەسیاسەتەی هەیە کە تەنیا یاری بە یەک کارت نەکات، بەڵکوو کۆمەڵە کارتێک بۆ یاریکردن بە دەستەوە دەگرێت، لە سەر ئەم جۆرە مامەڵەیە کە چین و ڕووسیا هاتوونەتە گۆڕەپانی یارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. ئەگەر ئەمریکا ئەمڕۆ هەوڵی هاوپەیمانی لە دژی چین و ڕووسیا دەدات، بەڵام لە ڕوانگەی هاوپەیمانێکی وەک سعوودیەوە چین و ڕووسیا دوژمن نین. سعوودیە بۆ داهاتووی خۆی دوو بنەمای خستووەتە سیاسەتی دەرەوەی، یەکەم ئەوەی کە نەوتەکەیان بە نرخی دڵخوازی خۆیان دەفرۆشن و پارەکەشی لە پێناو گەشە و پێشکەوتن بە کار دێنن، ئەمەش بۆ دواڕۆژی وڵات و خەڵکەکەیان زۆر باشە و دووەم جۆربەجۆرکردنی سیاسەتی دەرەوەیان. سەبارەت بە تورکیاش پێویستە بوترێت کە ئەنکەرە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاڵۆز کردووە، ئەمەش بە هەندێک پرۆژەی وەک گاپ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سیاسەتی سفرکردنی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ لای تورکیا باوی نەماوە. ئەم سیاسەتەی تورکیا لە ناوچەی قەوقاز ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە و ئامانجی سەرەکیشی ئێرانە. لەم سیاسەتەی تورکیا چەند ئامانجێک بوونی هەیە. یەکەم گوشار خستنە سەر ئەرمینیا تا باس لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان نەکەن و لەو بوارەدا کێشە بۆ تورکیا نەخوڵقێنن. دووەم، بەهێزکردنی کۆماری ئازەربایجان تا لەو ڕێگایەوە ڕاستەوخۆ دەستی بە باکور و دەریای خەزەر بگات. سێهەم گەمارۆدانی ئێران لە ڕێگای داخستنی ڕێڕەوی زەنگزۆر کە بە واتای بڕینی پەیوەندی ئێرانە لە گەڵ ئەورووپا. سعوودیە و تورکیا وەک دوو هێزی ناوچەکە دەیانەوێت بە هەر شێوازێک کاریگەری و شوێن دەستی خۆیان زیاتر بکەن. ئەگەرچی ئەم دوو وڵاتە هێزێکی زۆر گەورە نین بەڵام بە هۆی پەیوەندییەکانیانەوە لە گەڵ زلهێزەکان دەتوانن سیاسەتی تایبەت بە خۆیان ببەنە پێشەوە. ئەوان تەنیا سەر بە یەک جەمسەر نین و هەوڵ دەدەن یاری بە جەمسەرە جیاجیاکانەوە بکەن، ئەوان هەوڵ دەدەن هەم بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین بکەن و هەم هاوسەنگییەک لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی دیکەشدا مسۆگەر بکەن. ئەم دوو وڵاتە هەوڵ دەدەن هەرێمێکی پارێزراو لە ناوچەی دەرەوەی نزیک لە خۆیان پێناسە بکەن، تورکیا لە ناوچەی قەوقاز و سوریا و ناوچەکانی نزیکی دیکە، سعوودیەش لە ناوچەی کەنداو و یەمەن. هەرچەندە لە هەندێک دۆسیەی وەک کوژرانی خاشقچی تا ڕادەیەک پەیوەندییەکانیان ئاڵۆز بووە بەڵام هاوبەشی لە بەرژەوەندییەکان وایکردووە کە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان کۆنتڕۆڵ بکەن، ئێستا بەرەی سعوودیە و تورکیا بووەتە دژبەرێکی ئێران لە ناوچەکە. ئەم بەرەیە تەنیا هەوڵی پەراوێزخستنی ئێران نادەن بەڵکوو هەوڵ دەدەن بە گەمارۆدانی ئەم وڵاتە ڕۆڵ و کاریگەری تاران لە ناوچەکە لە ناو ببەن.
سامان جاف پەروەردەو فێركردن هۆكاری پێشخستنی وڵاتە پێشكەوتووەكانە، بە پێچەوانەشەوە ئیهمال كردنی هۆكاری دواكەتوویی زۆرێك لە وڵاتەكانە. ئەم پلانەی دەیخەینە ڕوو ڕەنگە ئالانگارییەكی گەورە بێت، چونكە بە تەواوی گۆڕینی سیستمی پەروەردەو فێركردنە، ڕەنگە كەسانێك دژی بن ڕەنگە بەشێكیش بە دڵییان بێت، بەڵام بە دڵنییایەوە ئەم شێوازەی دەیخەینە ڕوو تەواو جیاوازە لەو شێوازە تەقلیدییەی چەندین ساڵە منداڵەكانمانی پێ فێر دەكەین بەبێ ئەوەی سوودێكی ئەوتۆمان لە ڕێگای سیستمی پەروەردەو فێركردنەوە بە منداڵەكانمان گەیاندبێت كەواتە پەروەردە چییە؟ فێركردن چییە؟ پەروەردە بریتییە لەو ڕەفتارو ئاكارانەی كە منداڵ لە ڕێگای خێزان یان منداڵی هاوڕێیەوە وەری دەگرێت ئایا بە لاساییكردنەوە بێت یان لە ڕێگای تێكەڵاوبوونی لەگەڵ كەسانی هاوتەمەنی خۆیدا و دەبێتە كەسایەتی ئەو تاكە لە كۆمەڵگادا، ئەم ڕەفتار و ئاكارانە بۆی هەیە لەو تاكەدا بە هەتاهەتایی بمێنێتەوە ئەگەر ڕەفتاری باش بن یان خراپ، ڕەنگە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا گۆڕانكاری بەسەردا بێت ، واتە كەسێك لە منداڵیدا فێری ڕەفتارێكی خراپ بووە لە گەورەیدا وازی لێ بهێنێت، لەوانەشە ئەو ڕەفتارە ببێتە بەشێك لە كەسایەتی ئەو تاكە و هەرگیز نەتوانێت وازی لێ بهێنێت. بناغەی پەروەردە بۆ منداڵ بریتییە لە دایك و باوك، دەبێت ئەو دایك و باوكە خۆیان دوو كەسەیاتی زۆر باش بن لە ڕووی پەروەردەییەوە، بەڵام لێرەدا زۆرینەی كێشەكان دێتە پێشەوە، چونكە خودی هاوسەرگیری لە كۆمەڵگای كوردیدا هەم لە كێشەدایە هەم دروستكردنی خێزان و هاوسەرگیری لەسەر بناغەیەكی تەندروست و ڕاست نییە. بەو مانایەی تاكەكان هاوسەرگیری دەكەن، بەڵام لە هاوسەرگیری تێ نەگەیشتوون، نازانن خودی هاوسەرگیری بۆ چییە كەواتە زۆر گرنگە لەسەر بنەما هاوسەرگیری بكرێت كە ئەمەیان بە پلانێكی جیاواز بە ناوی پلانی هاوسەرگیرییەوە دەیخەینە ڕوو، واتە تاك چۆن، كەی بڕیاری هاوسەرگیری بدات؟ كێ بكاتە هاوسەری خۆی؟ چونكە خودی كۆمەڵگا لە خێزانەوە بەرهەم هاتوون. خێزانیش لە هاوسەرگیرییەوە بەرهەم هاتووە، هاوسەرگیریش لە یەكگرتنی دوو تاكەوە دروست دەبێت، كەواتە دەبێت ئەم دوو تاكە لەوپەڕی تێگەیشتندابن بۆ پرۆسەكە نەك هەر بوترێت كاری خێر تا زوو بكرێت چاكە، چونكە هۆكاری لێك هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو خێزانە هەروا لە خۆوە نییە، خودی كۆمەڵگاش مەترسی لەسەرە بە هۆی ئەو هەموو جیابوونەوەی هاوسەرانەوە. ئایا پەروەردە هەر لە چوارچێوەی خێزاندا دەمێنێتەوە؟ نەخێر، لە دەرەوەی خێزان یەكەم كەس هاوڕێ هاوتەمەنەكانییەتی، دەبێت زۆر ئاگاداری ڕەفتارو ئاكاری ئەوانیش بیت، زۆر گرنگە چاودێری هاوڕێكانی بكەیت، چونكە ئەوەی لە هاوڕێكەیەوە بە چەند كاتژمێرێك وەری دەگرێت بەهێندەی ئەرك و ماندووبوونی تەواوی ساڵەكانی پەروەردەی دایك و باوكییەتی. كاتێك ڕەفتارێكی ناشرین لە هاوڕێیەكی منداڵەكەتدا دەبینی دەبێت منداڵەكەتی لێ ئاگادار بكەیتەوە، پێی بڵێت لەبەر ئەو ڕەفتارە حەز ناكەم تێكەڵاوی ئەو كەسە بكەیت، چونكە لائیرادی كەسایەتی ئەو هاوڕێیەی وەردەگرێت. هەر سیفەتێكی ناشرینی هەبێت ڕەنگە منداڵەكەی تۆش ئەنجامی بدات بەبێ ئەوەی پێشتر ئەو سیفەتەی هەبوبێت. دەبێت پەروەردە لە سیستمی فێركردندا بوونی هەبێت ، بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی مامۆستای پسپۆڕ لە بواری پەروەردەی منداڵ هەر لە منداڵییەوە ڕەفتار و ئاكارە جوانەكان فێری منداڵ بكات، لە ڕەفتارە ناپەسەند و خراپەكانیش ئاگادارییان بكاتەوە. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ سیستمی فێركاریدا بەشێوەیەكی هاوتەریب دەڕۆن واتە لە ڕووی پەورەدەییەوە تاكێكی زۆر باش لە كۆمەڵگادا بوونی دەبێت كە هەموو سیفەت و ئاكارێكی باشی تێدابێت، بڕوای بە خۆیەتی، هیچ سیفەت و ئاكارێكی خراپ لەم تاكەدا بوونی نییە، ئەمە بە كێ دەكرێت؟ دایك و باوك بە پلەی یەكەم، حكومەت بە پلەی دووەم بەڵام خودی دایك و باوكیش دەبێت دایك و باوكێكی تەندروست بن، لەبەرئەوەی ئەگەر خێزانێك بە خراپی دروست بوبێت مەگەر چۆنها ئەگینا چاوەڕوانی منداڵی تەندروست لەو خێزانە ناكرێت. فێركردن ئەو بەشەی تەركیزێكی زیاتر دەخەینە سەری، چونكە هەم گرنگە، هەم پەیوەندی بە داهاتووی تاك بە تاكی كۆمەڵگاكەمانەوە هەیە فێركردن چییە؟ چی فێری منداڵ بكرێت؟ ئەم شێوازی فێركردنەی ئێستا چۆنە؟ زیانەكانی چین؟ جێگرەوەی ئەم شێوازە چییە؟ فێركردن بریتییە لە هەر پسپۆڕییەك یان پیشەیەك كە لە ڕێگای سیستمی فێركردنەوە فێری منداڵ دەكرێت، لە پێش دروستبوونی سەردەمی پاشایەتیدا سیستمی فێركردن سیستمێكی هەڕەمەكی ئەزموون كردنی ئەو ناوچەی نیشتەجێبوونە بووە بەپێی پێویستییان بۆ ئەو شتانەی كە ویستی لەسەر بووە. تاكو دەگەینە ئەم قۆناغەی ئێستا كە لە منداڵییەوە و بە دیاریكراوی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە منداڵ دەنێردرێتە بەر قۆناغەكانی خوێندن و دواتر بۆ زانكۆ و پاشان پسپۆڕی پرۆسەی فێركردن پرۆسەیەكی جیهانییە، هەموو جیهان سیستمی فێركردنی هەیە، بەڵام بەهۆی جیاوازی پرۆسەكە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر بووەتە هۆی پێشكەوتنی وڵاتێك و دواكەوتوویی وڵاتێكی تر، دەبینین هەندێك وڵات ساڵانە بەرەو پێشكەوتنی زیاتر دەڕۆن و دەگەن بە ئامانجی گەورەتر، لە هەمان كاتدا چەندین وڵاتی تر سەرباری ئەوەی پێشناكەون بەڵكو بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە. ئا لێرەدا دەبێت بپرسین دەبێت چی فێری منداڵەكانمان بكەین؟ لە تەمەنی چەند ساڵییەوە فێركردن دەست پێ دەكات؟ شێوازی فێركردنەكەمان چۆن بێت؟ تەمەنی دەستپێكردنی فێركردنی منداڵ بریتییە لە تەمەنی 7 ساڵی، تاكو ئەو تەمەنە دەبێت منداڵ یاری بكات، بە داخەوە زۆر دژایەتی ئەم تەمەنەی منداڵ دەكرێت، ڕێگا نادرێت منداڵ منداڵی خۆی بە تەواوی تێپەڕێنێ زۆرێك لە كێشەكانی كەسایەتی تاكی كورد لەم قۆناغەوە دەستی پێ كردووە، چونكە ڕێگامان نەداوە منداڵ منداڵی خۆی بە تێروپڕی ئەزموون بكات، ئەم منداڵە كاتێك دەگاتە قۆناغی هەرزەكاری دەیەوێت قەرەبووی منداڵی بكاتەوە، بەڵام بە ناوی گەورەبوونەوە ڕێگای لێدەگرن، كاتێك دەچێتە قۆناغی زانكۆش دەبینی ئەم كەسە حەزی منداڵی تێدا ماوە، هەندێك ڕەفتار دەكات ڕەفتاری منداڵین بەڵام بێ ئاگاین لەوەی كە لە منداڵیدا ڕێگای لێ گیراوەو نەیان هێشتووە حەزەكانی منداڵی بە تەواوی تێر بكات. كەواتە ئێمە باسی فێركردنێك دەكەین كە قۆناغی منداڵی بە تەواوی تێپەڕاندبێت بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ فێربوون، چونكە منداڵ ئامادەی فێربوون نابێت ئەگەر حەزەكانی چەپێنرابێت. گریمان منداڵێكی تەندروستمان هەیە، چی فێری منداڵەكەمان بكەین؟ لەم پلانەدا نموونە زۆر دەهێنینەوە، بۆ نموونە كەسێك دەیەوێت ببێتە دیزاینەر، ئایا سیستمی فێركردن ڕێزی حەزی ئەم كەسەی گرتووە؟ كارمان بۆ ئەوە كردووە لە ڕێگای سیستمی فێركردنەوە توانای ئەم كەسە لەو بوارەدا بدۆزینەوە بۆ ئەوەی تواناكەی بخاتە خزمەتی ئەو حەزەوە یان بەشێوەیەكی دیكتاتۆری سەپاندوومانە بەسەریدا كە چ شتێك بخوێنێت وە چ بەشێكی زانكۆ تەواو بكات؟ سیستمی فێركاری ئێمە چۆنە لەسەرەتای دەستپێكردنی خوێندنەوە كۆمەڵێك وانەمان هەیە تاكو قۆناغی زانكۆ، سیستمی فێركاری كۆمەڵێك وانەی داناوە وەك مەنهەج و پەیڕەوو پرۆگرام، لە ڕێگای ئەم وانانەوە داهاتوو بۆ نەوەكانمان دیاری دەكەین، ئەوەی زۆر سەیرە و بنەمای ئەم پلانەی لەسەر داڕێژراوە ئەوەیە كە لە قۆناغی زانكۆدا لە بوارێكی زۆر جیاوازتر وەردەگیرێت لەو وانانەی كە خوێندویەتی. لە قۆناغی سەرەتای خوێندندا وانەكانی فیزیا و كیمیاو زیندەوەرزانی لە وانەی زانستدا كۆكراوەتەوە. بەم شێوازە منداڵ ساڵەكانی تەمەنی لەگەڵ ئەم وانانەدا بەڕێ دەكات تاكو قۆناغی دوانزەی بنەڕەتی، ئا لێرەدا بڕیارە چارەنوسسازەكە لەسەر داهاتووی تاك بە تاكی كۆمەڵگا دەدرێت ، منداڵێك ئەم هەموو ساڵە دەخوێنێت لە پاش ئەم ساڵانەی خوێندن بڕیاری چارەنوسساز لەسەر ئەم تاكە بە كۆنمرەی ساڵێك دەدرێت ، كۆنمرەی ساڵێك دەكرێتە پێوەر بۆ ئەوەی كەسێك داهاتووی كار و پیشەی دیاری بكرێت، لە كاتێكدا ئەو شوێنەی لێی وەردەگیرێت لە زانكۆ هیچ پەیوەندییەكی بەو وانانەوە نییە كە خوێندویەتی. سیستمی كۆنمرە داهاتووی تاك بە تاكمانی پێوە پەیوەست كراوە؟ هەر تاكێك لە قۆناغی دوانزەی بنەڕەتی زانستی ئەم وانانە دەخوێنێت، (ئاین – عەرەبی – كوردی – ئینگلیزی – بیركاری – فیزیا – كیمیا – زیندەوەرزانی )، حكومەتی ئێمە یان سیستمی فێركردنی ئێمە تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایەی ناچار كردووە، ئەگەر لە دوانزەی بنەڕەتی بیت و بتەوێت كۆلێژی پزیشكی گشتی وەرتبگرێت دەبێت لەم وانانەدا 99 بۆ 100 نمرە بهێنیت بەڵام با سەرنجێكی وردی ئەو وانانە بدەین لەگەڵ كۆلێژی پزیشكی، هەر یەكێك لەو وانانە چ پەیوەندییەكی بە كۆلێژی پزیشكییەوە هەیە تاكو من 100 نمرەی تیا بهێنم واتە بۆ دەبێت من سێ وانەیان كە زمانن وەك عەرەبی و كوردی و ئینگلیزی 100 نمرە بهێنم بۆ ئەوەی لە كۆلێژی پزیشكی وەربگیرێم؟ بۆ دەبێت لە فیزیا و كیمیا و زیندەوەرزانی 100 نمرە بهێنم بۆ ئەوەی لە كۆلێژی پزیشكی وەربگیرێم؟ بۆ دەبێت لە بیركاری 100 نمرە بهێنم؟ بەردەوام ئەو پرسیارە لە مێشكمدا هاتوچۆی كردووە، ئایا چ نهێنییەك لە نێوان ئەو وانانە و كۆلێژی پزیشكیدا هەیە؟ چ شتێك دەیانبەستێت بە یەكەوە؟ لە كاتێكدا وانەكانی پزیشكی تەواو جیاوازە لەو وانانە بەڵام من دەبێت 100 نمرە بهێنم بۆ ئەوەی وەربگیرێم، بە تەنیا كۆلێژی پزیشكی نییە كە دەتوانین ئەم ڕونكردنەوە لەبەرچاو بگرین بۆی ، بەڵكو كۆلێژی ئەندازیاری بە هەمان شێوەیە ، كۆلێژی یاسا بە هەمان شێوەیە ، نەك ئەم سێ كۆلێژە بە تەنیا بەڵكو تەواوی كۆلێژەكان بەو جۆرەیە. تەنانەت ئەو كۆلێژانەشی كە خودی ئەم وانانەی تێدان، بۆ نموونە كۆلێژی زمان بەشی ئینگلیزی، كۆ نمرەی سەرو 90 وەردەگرێت، باشە بۆ لە كوردی و عەرەبی و وانەكانی تر دەبێت خوێندكار 90 نمرەی هەبێت بۆ ئەوەی بچێتە زمانی ئینگلیزی !، وانەی كیمیا و فیزیا و زیندەوەرزانی چ پەیوەندییەكیان بە زمانی ئینگلیزییەوە هەیە ! یەك بە یەكی كۆلێژەكان بەم شێوازە هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن و هەمان پرسیار بكەن، بۆتان دەردەكەوێت كەموكوڕییەكانی ئەم سیستمە چەندە. ئەمە بەدەر لەوەی چەندین خوێندكارمان هەیە لەبەرئەوەی لەم وانانەدا نمرەی بەرزییان نەهێناوە ئێستا یان لە ماڵەوەیە یان سەری خۆی هەڵگرتووە یان دەستی چۆتە ڕۆحی خۆی و خۆی كوشتووە. لە پێناوی چیدا؟ ئایا سیستمی فێركردن لێكۆڵینەوەی لەم خوێندكارە كرد بزانیت توانا و لێهاتوویی لە چ بوارێكدا هەیە؟ تاكو لەو بوارەدا خزمەت بكات؟ یان بە پێوەری كۆنمرە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی توانا مرۆییەكانی ناو كۆمەڵگا دەكرێت. لە ئێستادا كەسانێكمان هەیە لە میكانیكی ئوتومبێلدا زیرەكە، شارەزای بازرگانییە، مۆسیقارە، یان دەرهێنەرە، نوسەرە، واتە لە بوارێكدا شارەزایی هەیە بەبێ ئەوەی لە ڕێگای ئەم سیستمە داڕێژراوەوە بەو حەزەی خۆی گەیشتبێت، ئەكرێت تۆ پێی بڵێیت مادام لە ڕێگای سیستمەكەی منەوە ئەو بوارەت بەدەست نەهێناوە كەواتە تۆ كەسێكی سەركەوتوو نیت؟ دەكرێت ئەم بۆچوونەی خۆمان بە ڕوپێوییەك بسەلمێنین، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ، لە كاتێكدا ئەم شێوازە هەڵەیە ئەی جێگرەوەی ئەمە چییە؟ ئەو پلانە چییە كە دەتوانین وەك جێگرەوەی ئەم پرۆسەی خوێندنە سوودی لێ وەربگرین؟ پلانی جێگرەوە : ئاماژەمان بەوەدا كە سیستمی كۆ نمرە خراپە، دەتوانین بە ڕوپێوییەكیش بە وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی هەموو ئەوانەی كە پۆلی دوانزەی بنەڕەتییان بڕیوە بیسەلمێنین، بەڵام جێگرەوەی ئەمە چی بێت؟ دەبێت هەموو ئەو بوارانەی ئێستا وەك كۆلێژ هەن بخرێنە سیستمی خوێندنەوە، واتای كۆلێژی پزیشكی بە مەنهەجی سادە و بە شێوەی وانە وانە بكرێت بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی، ئەندازیاری و هەموو بوارەكانی تر بكرێتە مەنهەجی سادە قۆناغ بە قۆناغ منداڵ لەگەڵیدا بڕوات، وردە وردە مەنهەجەكە بەرەو پیشەگەری و مەنهەجی تەواو بڕوات. ڕەنگە پرسیاری ئەوە بكرێت چۆن ئەم كارە بكرێت؟ منداڵ لە تەمەنی منداڵیدا چ شتێك بخەیتە بەردەمی توانای وەرگرتنی هەیە، بەڵام لە چ بوارێكدا زۆر باش بێت تواناكەی لەو بوارەدا دەردەكەوێت ، ئەگەر لە بابەتی پزیشیكیدا هەیكەلی مرۆڤ بە شێوەی سری دی بخەیتە بەردەستی حەزی كەشفكردنی بۆ دروست دەبێت و پرسیار دەكات ئەمە چییە؟ ئەوە چییە؟ بەو جۆرە حەزی زانینی بۆ دروست دەبێت. هەروەها ئەگەر بینایەكی دروست كراوی ئەندازیاری بخەیتە بەردەمی منداڵ حەزی پرسیار كردن وای لێ دەكات ئاڕاستە وەرگرێت بەرەو ئەندازیاری. لەبەرئەوەی منداڵ پاكە و درۆ نازانێت حەزی بۆ چ بوارێك بۆ دروست ببێت لە منداڵییەوە بەرەو ڕووی ئەو حەزە ئاڕاستە وەردەگرێت. بەڵام بەهۆی سنورداركردنی سیستمی فێركردنەوە لە چەند وانەیەكدا، منداڵ حەزەكانیشی سنورداركراوە، دەبێت تەواوی ئەو زانستانەی ئێستا بوونییان هەیە بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی بخرێنە بەردەستی منداڵ بۆ ئەوەی تواناكەی بدۆزینەوە. هەموو بوارەكان بەشێوەی مەنهەجی سادە دەخەینە بەردەستی منداڵ كە مێشكی توانای وەرگرتنی هەبێت و لێی تێ بگات، ئێمە لەم پلانەدا ناڵێین لە بابەتی پزیشكیدا منداڵ فێری نەشتەرگەری دەكەین، بەڵكو وانەی پزیشكی بە شێوەی مەنهەجی سادە هەموو زانستەكان بەشێوەی وانەیەكی گشتگیر دەخەینە بەردەمی خوێندكار، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەست بكرێت بە خوێندنییان، بۆ هەر وانەیەك نمرەی تیۆری و پراكتیكی دەنوسین بەڵام كەوتن و دەرچوون نییە بۆچی كەوتن و دەرچوون پەیڕەو نەكەین؟ چونكە لە ڕووی دەروونییەوە زۆرێك لە منداڵەكان دەڕوخێن، دەبێت منداڵ هانبدرێت و تواناكەی بدرۆزرێتەوە نەك بە هۆی دیاریكردنی خوێندكارێك بە زیرەك ڕق بخەیتە دڵی ئەوانی تر بەرامبەر ئەم منداڵە. مەبەستی سەرەكی ئەم پلانە دۆزینەوەی توانای تاكە لە بوارێكدا لەو بوارانەی دەخرێنە سیستمی خوێندنەوە ، بۆ ماوەی حەوت ساڵ ئەم سیستمی خوێندنە پەیڕەو دەكەین لە پاش ئەم حەوت ساڵە تێبینی تەواوی منداڵەكە دەدەكەین بۆ ئەوەی بزانین لە چ بوارێكدا زۆر بە توانایە، ئەو كات پەیوەندی بە دایك و باوكییانەوە دەكەین و پێیان ڕادەگەیەنین منداڵەكەی تۆ لەم بوارەدا زۆر بە توانایە، ئەگەر بچێتە ئەم بوارەوە دەبێتە پسپۆڕێكی زۆر باش. ئایا مەگەر خودی خوێندنی ئێستاش هەر بۆ ئەوە نییە؟ هەر بۆ ئەو مەبەستە لە بوارێكدا لە زانكۆ وەرناگیرێت؟ ئەی بۆ لەو بوارەدا وەرنەگیرێت كە حەزی پێیەتی و توانەكەی دەرخستووە. منداڵ لە قۆناغی منداڵیدا حەزی زۆر لە پرسیار كردنە، كاتێك هەرشتێك دەبینێ پرسیاری دەربارە دەكات، ئەگەر لاشەی مرۆڤێك و هەموو كۆئەندامەكانی بخەیتە بەردەستی بە شێوەی پلاستیكی، دەزانی ئەو منداڵەی حەزی بە زانینی بەشەكانی ئەو مرۆڤە چەند پرسیار دەكات؟ ئەمە چییە؟ ئەمە بۆ لێرەیە؟ ئەمە بۆ وایە؟ كاتێك مامۆستاش بەشەكانی مرۆڤییان بۆ شی دەكاتەوە حەزی زانینی زیاترییان بۆ دروست دەبێت. بەم جۆرە یەكەم هەنگاوت بۆ ڕوون دەبێتەوە كە بەشێك لە منداڵەكان حەز لە پزیشكی دەكەن بەڵام هەموویان نا. ڕەنگە ئەگەر ژمارەی خوێندكارەكانت 250 خوێندكار بن 20 خوێندكارییان حەز لە پزیشكی بكات یان تواناكەی لەو بوارەدا دەركەوێت، بەهەمان شێوە بۆ بوارەكانی تریش. چونكە تەواوی منداڵەكانی تریش حەز و توانای خۆیان بەو جۆرە دەدۆزنەوە. ئەم شێوازی خوێندنە بەم جۆرە دەكرێت حەوت ساڵ بەردەوام بێت، تاكو حەزی خوێندكارەكە بە تەواوی بدۆزرێتەوە ، لە كۆتایی ئەم حەوت ساڵەدا لە ڕێگای نمرەی تیۆری و پراكتیكی منداڵ و حەز و توانایەوە لە ڕێگای توێژەرێكی كۆمەڵایەتییەوە دەردەكەوێت ئەم منداڵە تواناكەی بۆ چ بوارێك زۆر باشە. لە دوای ئەوەی تواناو لێهاتوویی منداڵەكەمان دۆزییەوە پاشان بەرەو پسپۆڕی ئاڕاستەی دەكەین، ئەو بوارەی كە خۆی حەزی پێیەتی، یەك بوارە، ئیتر تەنیا ئەو بابەتە دەخوێنێت كە تواناكەی تێدا دۆزراوەتەوە، ئەو مەنهەجە دەخوێنێت بە چڕو پڕی. ئیتر پێویست ناكات بابەتی تر و وانەی تر بخوێنێت بەڵكو ئەو بابەتە دەخوێنێت كە حەزی لێیەتی. مەگەر سیستمی ئێستای خوێندنیش بەو هەموو كەموكوڕییەوە نایەوێت ئەو كەسە بەرەو پسپۆڕی ئاڕاستە بكات؟ بۆ نموونە من دەمەوێت ببمە ئەندازیار، بە سیستمی كۆنمرە چۆن دەبمە ئەندازیار؟ دەبێت لەو حەوت وانەیەی دیاری كراوە بۆم كە هیچییان پەیوەندییان بە ئەندازیارییەوە نییە 98 نمرە بهێنم، لە پاش 12 ساڵ خوێندن. ئەی بە پلانی تازە چۆن دەبم بە ئەندازیار، لە ڕێگای وانە تیۆری و پراكتیكییەكانەوە حەز لە بینا دروست كراوەكان دەكەم، دیكۆرەكەی دەچێتە دڵمەوە، بینا دروست دەكەم بەو پارچانەی كە بوونییان هەیە لە وانەی پراكتیكیدا، پاش حەوت ساڵ لە خوێندن دەردەكەوێت من هیواو ئارەزووم ئەندازیارییە، حەوت ساڵی دواتر تەواوی پسپۆڕییەكەم لە بواری ئەندازیاریدا دەبێت، ئیتر هیچ پێویست ناكات وانەی تر بخوێنم. ئاڕاستە وەرگرتن بەرەو پسپۆڕیی لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەست پێ دەكات. لەو تەمەنەوە تۆ هانی ئەو خوێندكارە دەدەیت داهێنان بكات. ئیتر چ پێویست دەكات وانەی تر بخوێنێت كە هیچ حەزێكی بۆی نییە. ڕەنگە بەپێی ئەم پلانە خوێندكارێك لە چەند بوارێكدا بە توانا بێت، ئەو خوێندكارە دەتوانێت ئەو بوارانەش بخوێنێت ئەگەر دەركەوت زۆر بە توانایە تێیدا، بەڵام ڕێی تێ ناچێت لە هەموو بوارەكاندا بە توانا بێت. بەشێكی تر كە زۆر گرنگە و لەم پلانەدا جێگایەكی تایبەتمان بۆ كردۆتەوە بریتییە لە پیشە، بە داخەوە ئەم سیستەمی خوێندنەی ئێستا كەسانی بێ پیشەی بەرهەم هێناوە، چونكە حسابی ئەوە نەكراوە ئەگەر كەسێك نەیتوانی لە ڕێگای ئەم سیستەمەوە لەو بوارەی تەواوی دەكات دابمەزرێت یان بچێتە سەر كارێك ، داهاتووی ئەو كەسە لەپاش ئەو هەموو ساڵە لە خوێندن دانیشتن دەبێت لە ماڵەوە. بۆچی ئەو هەموو پیشەیەمان هەیە لە ڕێگای سیستمی خوێندنەوە پیشەیەك بە شێوەی زانستی فێری ئەم خوێندكارە نەكرێت؟ لەبەرئەوەی ئەگەر لە خوێندن شكستی هێنا ئەو پیشەیە قەرەبووی بۆ بكاتەوە. زۆرێك لە خوێندكاران دوای ئەوەی لە سیستمی خوێندنندا دانامەزرێن یان نابنە خاوەن كار توشی خەمۆكی دەبن، لەبەرئەوەی فێری هیچ پیشەیەكیش نەبوون ڕووی ئەوەیان نییە پیشەیەك لەدەرەوەی خوێندنەكەیان بكەن. بەڵام ئەگەر هەر لە منداڵییەوە بە زانستییانە فێری پیشەیەك بوبێت ڕەنگە ببێتە داهێنەر لەو بوارەدا. ئەگەر لە منداڵییەوە فێری پیشەیەك نەبوبن ئەستەمە لە دوای زانكۆ بتوانن كارێك ئەنجام بدەن لەبەر دوو هۆكار یەكەم : فێرنەكراوە دووەم : لە پاش ئەو هەموو ساڵە پێی شەرمە بە بڕە پارەیەكی كەم لە بوارێكدا كار بكات كە هیچی لێ نازانێت. زۆر بە سادەیی ڕەنگە بڵێت ئەی ئەو هەموو ساڵە بۆچی خوێندم. كەواتە هەر لە منداڵییەوە هەموو ئەو پیشانەی كە بوونییان هەیە بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی وەك مەنهەج بۆ خوێندكاران بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەگەر لە خوێندندا سەركەوتوو نەبوون پیشەكەیان بكەنە كاری داهاتوویان. كەواتە گرنگی ئەم پلانە لەوەدایە كە توانای خوێندكار دەدۆزیتەوە، بوارییان بۆ دەڕەخسێنیت داهێنان ئەنجام بدەن، چونكە حەزی بەو بوارە هەیە كە تیایدا دەخوێنێت. بەڵام ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت چونكە وەك زۆرەملێی لێهاتووە، تاكو ئێستا نەمانتوانیوە لە هیچ بوارێكدا داهێنەرێك یان بە توانایەك دروست بكەین، تەنانەت ئەو كەسانەشی كە زیرەكن لە بوارێكدا سیستمەكە زیرەكی نەكردوون بەڵكو خۆیان بەرەو ئەو بوارە هەنگاوییان ناوە بە پێی سیستمی كۆ نمرە ئەم پلانە ئەگەر بەباشی جێبەجێ بكرێت ڕەنگە بۆ داهاتوو كەسانی زۆر بە تواناو لێهاتوو لە هەموو بوارەكاندا بەرهەم بهێنین، بەڵام ئەگەر بیری خۆپەرستی زاڵ بێت بەسەرماندا و بەبێ هیچ هۆكارێكی زانستی ئەم پلانە ڕەتبكرێتەوە ئەوا هەڵە نیم ئەگەر بڵێم ڕۆژ لە دوای كەسانی بێ توانا و كەسانێك كە هیچ سوودێكیان بۆ خۆشییان و كۆمەڵگاش نابێت لە ڕێگای ئەم سیستمەوە بەرهەم دەهێنین.
یاسین تەها هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراقێكی فیدراڵی ئاڵۆزو ناسەقامگیر، بە كۆمەڵێك كێشەی كەڵەكەبووەوە پێی نایە ساڵی نوێ (2023). هەندێك لەم كێشانە، بەرماوەو درێژكراوەی ساڵانی ڕابردوون، هەندێكی تریشیان دەشێت زیاتر لە ئەمساڵدا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر ئەو كێشە هاوبەشانەی كە لە ئاسۆی ساڵی نوێدا هەن. كێشەكانی هەرێم و بەغدا لە ساڵی 2022 هەرەسهێنانی هاوپەیمانیی "انقاذ وطن" بە سەرۆكایەتیی سەدرو بەشداریی پارتی و هاپەیمانیی سیادەی سوننە، بەخێرایی قەرەبوو كرایەوە بە دروستكردنی جێگرەوەیەك لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەو دوو هاوپەیمانێتی سوننەو دوو لایەنی كوردی بە ناوی "إدارە الدولە" ([1]). لایەنی باشی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە لەوەدا بوو كە، دیارترین ئەو هێزە شیعانەی تێدا بوو (جگە لە سەدر) كە خاوەن پێگەو نفووزی ڕاستەقینەن؛ ئەمە جگە لە دوو بەرەی سەرەكیی سوننە (سیادە و عەزم). ئەمەیش ڕێگەخۆشكەرە بۆ ئەوەی ئەگەر بڕیارو ئیرادە لە هەولێرو بەغداوە هەبێت، ئەوە كێشەكان بكەونە سەر ڕێگەی چارەسەر. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، پاش نزیكبوونەوەی وادەی ١٠٠ ڕۆژ لە تەمەنی حكومەتی "محەمەد سودانی"، هێشتا بەرەوپێشچوونی زۆر بنەڕەتی لە ڕەوشی پەیوەندییەكانی هەردوولادا نییە كە لەسەر بنەمای چارەسەری ڕیشەییی هەندێك لە كێشەكان بێت. لە پاش سێ مانگ لە پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییەیش (إدارە الدولە) هێشتا حكومەت و چوارچێوە سیاسییەكەی لە سێ دۆسیەی سەرەكیدا چەقیان بەستووە كە ئەوانیش بریتین لە: جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسییە دووقۆڵییەكان، پەسەندكردن و ڕەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان و، یەكخستنی دیدی پشتیوانانی حكومەت لەبارەی زۆر پرسی هەستیاری لە چەشنی هەڵوێست لە ئەمریكاو چۆنێتیی دابەشكردنی سامانە فیدراڵییەكان. ئەمەیش وا دەكات هەندێك لە چاودێران باس لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەم هاوپەیمانییە بكەن ([2])، بەتایبەت كە ئێستا لە بەرە شیعییەكەیەوە گیرۆدەی ململانێی جەمسەرەكانی مالیكی و خەزعەلییە([3]؛؛ لە بەرە سوننەكەیشییەوە هەر دووچاری پەرتەوازەیی و داخوران بووەتەوەو پەیوەندیی جەمسەرەكانی ڕووی لە ئاڵۆزیی زۆرەو جارجارە ناكۆكییەكانی تا ئاستی "شەڕە جنێوی ناشرین"یش دەڕوات([4]). لە بەرنامەی كاری حكومەتی نوێدا ماوەی شەش مانگ بۆ یەكلاكردنەوەی دوو یاسای گرنگ دانراوە، كە ئەوانیش یاساكانی نەوت و گازو یاسای دادگەی فیدراڵییە ([5])؛ بەڵام نیوەی ماوەی دیاریكراو تێپەڕی كردووە بەبێ ئەوەی بەرەوپێشچوونی گەورە هەبێت لەبارەی ئەو دوو یاسایە كە گرنگیی زۆریان لە خستنەسەرپێی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا هەیە. ئەمەیش بە مانای مانەوەی چارەسەرە كاتی و كورتمەوداكانە وەك تاقە بژاردە، لە كاتێكدا ئەم چارەسەر كاتییانە ئۆقرەیی و دڵنیاییی سیاسی و ئابووریی لێ ناكەوێتەوە؛ هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێم هەر بەبێ بودجەی جێگیر بمێنێتەوە كە ئەمەیش ناتەبایە لەگەڵ حوكمڕانیی هاوچەرخ و تەندروست و، هەر بەم هۆیەیشەوە تێپەڕاندنی بودجەی فیدراڵی لە وادەی خۆی دواكەوتووە ([6]). لە لایەكی تریشەوە مانەوەی دادگەی فیدراڵی بە هەمان پەیكەری كۆن وایكردووە، هەولێرو بەغدا زۆرجار لە گرژی و كێشمەكێشدا بن لەگەڵ لێكەوتەكانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی كە زەقترینیان لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕەتكردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەچووە. تەرازووی هێز لە بەغدای پایتەخت هەرچەندە نزیكەی سێ مانگ بەسەر پێكهاتنی حكومەتی سودانی گوزەری كردووە، بەڵام هێشتا شوناسی ڕاستەقینەی ئەو حكومەتەو بنكە ڕاستەقینەكەی جێگەی مشتومڕەو، چاوەڕوان دەكرێت یەكلاكردنەوەی ئەمەیش لە سەرەتای 2023دا بێت. یەكێك لە كۆڵەكەكانی حكومەت كە "بزووتنەوەی عەسائیب"ە، پێی خۆشە ناوبنرێت حكومەتی بەرگری (المقاومە) ([7])؛ لە دەرەوەی ئەم پێكهاتە سیاسییەیش گروپە چەكدارەكانی وەك "كەتیبەكانی حزبوڵڵا"و " ئیمام عەلی"و... هەمان بۆچوونیان هەیە. ئەمەیش لێكەوتەی سیاسی و ئابوریی زۆری دەبێت لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژاواو ئەمریكاو، قەیرانی ئەم دواییەی دۆلار یەكێك لە لێكەوتەكانی، هەوڵی ڕۆیشتن بەرەو ئەو ئاڕاستەیە. بەرامبەر بەم جەمەسەرە شیعەیەیش هەندێكی تر لە هێزەكانی ئەم پێكهاتەیە لە بارگرانییەكانی خۆساغكردنەوە بەسەر ئێراندا تێ دەگەن و زیاتر لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگیدان لەنێوان بەرەكانی ئەمریكا و ئێران. زاڵبوونی هەژمونی ئێرانی بەو جۆرەی هەندێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دەیانەوێت، ئەگەر سەر بگرێت، لێكەوتەی جۆراوجۆری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؛ یەكێك لەوانە ئەگەری خراپبوونی باری دارایی و ئابوریی عێراقە كە دانیشتوانی هەرێمیش دەگرێتەوە؛ بەو پێیەی بەهای دینارو دۆلار فیدراڵییە، هەروەها دەرفەتی گێچەڵپێكردنی گرووپەكانیش بە سیماو دیاردە نائێرانییەكان لە عێراق و كوردستاندا زیاتر دەكات. بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەم سیناریۆیە، ئەگەرێكی دووەم هەیە لەبارەی گەڕانەوەی ئیدارەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرباری سەرقاڵییەكانی لە چین و ڕوسیاو لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەم ئەگەرەیش كە لە ناوەندە میدیایییە ئەمریكییەكان ئاماژەی پێ كراوە ([8])، یەكێك لە هاندەرو پاساوەكانی، گرنگیدان دەبێت بە عێراق و لەم حاڵەتەیشدا هەرێمی كوردستان سودمەند دەبێت، چونكە باڵانسی هێز لەنێوان ئەم دوو زلهێزەدا لە وڵات جارێكی تر دەگەڕێتەوەو عێراق بەتەواوی نابێتە پاشكۆیەكی ئێرانی. لەسەر ئاستی ناوخۆییی عێراقیش باوەڕ وایە 2023 ساڵی گەڕانەوەی سەدرییەكان بێت بۆ سەر شانۆی سیاسیی عێراق، هەر هیچ نەبێت لە دەروازەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە كە لەئێستاوە ئامادەكاریی بۆ دەكرێت لە ئۆكتۆبەری 2023 بەڕێوە بچێت ([9]). بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیش سەدرییەكان ڕۆژی هەینی (12ی كانوونی دووەمی 2023) نوێژێكی هەینیی "یەكگرتوو"یان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری عێراق ئەنجام دا (جگە لە بەسرە)؛ ئەمەیش وەها لێكدراوەتەوە كە دەسپێك و ئامادەكاری بێت بۆ گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆسەر گۆڕەپانی سیاسی لە دەروازەی نوێژی هەینییەوە چونكە ئامادەكارییەكان جۆش و خرۆشی سەدرییەكانی بەرزكردەوە؛ لە بەرامبەریشدا بووە مایەی نیگەرانی بۆ هێزەكانی چوارچێوەی شیعە ([10]). لە ئەزموونی نوێژەكەیشەوە دەركەوت جەماوەری سەدر هیچ باكیان بە بڕیارە كتوپڕو بەپەلەكانی ڕێبەرەكەیان نییە كە دەشێت گورزی لێ دابن؛ هەر كاتیش موقتەدا بیەوێت بەكەیفی خۆی جووڵەیان پێ دەكات و سەرمایە كۆمەڵایەتی و بنكە جەماوەرییەكەی هەروەك خۆیەتی. هەندێك بۆچوونیش پێیان وایە تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر تەمەنی حكومەتی سودانی و كۆتاییهاتنی پاڵەوانێتیی جامی كەنداو، پاساوێكی بەجێن بۆ گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ شانۆی سیاسی ([11]). تێكڕای ئەم ئەگەرو گۆڕانە چاوەڕوانكراوانەیش لە بەغدا بەشێوازی جۆراوجۆر كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەگەر سەدرییەكان دەرفەت بقۆزنەوەو ناڕەزایی دژی حكومەتی چوارچێوەی شیعە بەرپا بكەن، ئەوە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەپێشنەی گرنگیدانی حكومەت نابن و، ئەم ئەزمونەیش لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی پێشینەی هەیە كە خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 نەیهێشت لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنەكەی تەواو بكات. مەترسیی تیرۆر بە گوێرەی هەندێك هەڵسەنگاندنی ئەمریكی، پڕۆژە جیهانییەكەی داعش بە سەركردایەتییەكی ناوەندگەرایییەوە وەك خۆی بەردەوامە، جگە لەوەیش پێدەچێت بەردەوام بێت؛ ئەمەیش مەترسییە بۆ سەر كۆمەڵگە ناوخۆیییەكانی عێرق و سوریا ([12]). ئەم هەڵسەنگاندنە پشتئەستوورە بەو داتایانەی باس لەوە دەكەن سەرباری ئەوەی داعش دەیان سەركردەی باڵای لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەدەستداوە، بەڵام بەردەوامە لە سەركردایەتیكردنی یاخیبوون لە عێراق و سوریا؛ هەروەها سەرۆكایەتیی تۆڕێكی جیهانیی یەكگرتوو دەكات كە تا ئەفریقا درێژبووەتەوە. جگە لەوەیش پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی داعش بەئاسانی سەركردەی نوێیان قبوڵ كردووە لە جێگەی ئەوانەی كوژراون؛ هەروەها هەست بە نیشانەكانی دابەشبوون یان هەڵوەشانەوە ناكرێت لەناو لق و تۆڕەكانی ڕێكخراوەكەدا. لەژێر سەركردایەتیی نوێیشدا، ڕێكخراوەكە هەر پابەندە بە ئامانجە درێژخایەنەكەیەوە كە بریتییە لە دامەزراندنی "خەلافەتی ئیسلامی"؛ بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیش یەكێك لەو میكانیزمە سەرەكییانەی بۆ هەڕەشەكردن بەكاریدەهێنێ، میدیاكەیەتی. لە دەرەوەی تۆڕەكانی ئینترنێتیش كەڵك لە ناوچە فشۆڵ و لاوازەكانی عێراق و سوریا وەردەگرێت، شتێكی ڕوونیشە كە بەشێك لەو كۆمەڵگەیانەی تەماسیان لەگەڵ داعش هەیە لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان و لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغدان، بەشێكی زۆرییش لەو دانیشتوانە كوردن. بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی داعش لە دوو ڕێگەوە دەكرێت: یەكەمیان بەهێزكردنی هەماهەنگییە لەنێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا؛ دووەمیشیان پەرەپێدان و بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكانی كوردستانە، بەتایبەت پێشمەرگە. بژاردەی یەكەم، گیرۆدەی چەقبەستنی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدایە، كە هێشتا دیلی بەدگومانی و سستی و خاوەخاوە بەهۆی زۆر هۆكارەوە؛ دووەمیشیان بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆیییەكانی "پارتی"و "یەكێتی"یەوە دووچاری مەترسی بووەتەوەو بەڕای ئەوانەی شارەزان، "یەكخستنەوەی هێزەكان كارێكی قورسە؛ ئەمەیش بەهۆی زاڵبوونی بیركردنەوەی حزبایەتی بەسەر هێزەكان." ئەم شارەزایانەی ڕەوشی پێشمەرگە، زۆر گەشبین نین بە زەمینەسازییەكان چونكە "ئاسان نابێت ئەو هێزانەی سەر بە یەكێتی و پارتین بیركردنەوەیان بگۆڕێت و بكرێن بە هێزێكی نیشتمانی"([13])؛ ئەمە لە كاتێكدا كە سەرچاوە پەرلەمانییەكان باس لەوە دەكەن ئەمریكا هەڕەشەی ڕاگرتنی هەموو هاوكارییە سەربازی و لۆجستییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە كردووە لە ئەگەری یەكنەخستنەوەی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. هەروەها هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو هێزانە دەكاتەوە، كە هاوكاریی دارایی و موچەكانیان بووەتە بارگرانی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە ([14])؛ هەروەها ئەم بابەتەیش یەكێك بووە لە تەوەرەكانی گفتوگۆی دوا سەردانی تیمی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی "برێت مەكگۆرك" لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ([15]). ئەم چاكسازی و یەكخستنەوە دواخراوەیش، یەكێكە لە ئاڵنگارییەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم لە 2023، بەو پێیەی تەبایی و ئیرادەی سیاسی و كاری هاوبەشی زۆری پێویستەو، بەبێ زەمینە جێبەجێبوونی لەسەر ئەرزی واقع ئەستەمە. كێشەی هەڵبژاردن و شەرعیەتی پەرلەمان سەربارەی ئەوەی ئاماژەكان لەسەر ئەوەن هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حكومەتی سودانیدا ئەگەرێكی قورس و زەحمەتە ([16])، بەڵام هەر ئەگەرێكی كراوەیە لە عێراق، چونكە لە كارنامەی حكومەتدا چەسپێنراوەو لە كاتی گرژیدا دەرچەی دەربازبوونە. هەڵبژاردنی پارێزگاكانیش خواست و داوای زۆری سیاسی و حزبیی لەسەرە بۆ پایزی داهاتوو، بەڵام لە كوردستان وێڕای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێك، ئاسۆیەكی ڕوون بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە ئارادا نییە. ئەمەیش پەڵەو كێشەیە بۆ ئەزموونی دیموكراسی لە هەرێم بەراورد بە عێراق كە لەڕووی ڕواڵەت و ڕووكەشەوە پابەندە بە وادە دەستوورییەكان. پێشهاتێكی تری نوێ لەم بوارەدا هاتنەسەرخەتی دادگەی فیدراڵییە كە بڕیارە لە كۆتاییی ئەم مانگە (31/ 1/ 2023) دانیشتنێكی تری دادبینی بۆ ئەو سكاڵایانە بكات كە لەبارەی نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە پێشكەش كراون ([17]). سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكانی بڕیاری دادگاكەیش لە سێ حاڵەتدا خۆی دەبینێتەوە كە بریتین لە ڕەتكردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی یاسایییانەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. ئەمەیش بە مانای دروستبوونی بۆشاییی یاسایی و گورز بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان دێت، یان سەرزەنشتكردنی یاسای درێژكردنەوە لەڕووی پڕەنسیپەوەو پەسەندكردنی تێپەڕاندنی لەبەر ناچاری، یان بەیاسایی وەرگرتنی درێژكردنەوەكە وەك ئەوەی كراوە. لە دوو بژاردە چاوەڕوانكراوەكەی دواییشدا هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە درێژكردنەوە بژاردەیەكی خوازراو نییە بۆ سیستەمی سیاسیی كوردستان كە ئەزموونی یەكەم هەڵبژاردنی لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992؛ هێندەیش بەسە ئاماژەی پێ بكرێت كە یاساكە (12 / 2022) لە "ڕۆژنامەی وەقایع" بەبێ ئیمزای هیچ یەك لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و پەرلەمان بڵاوكراوەتەوەو پەنا بۆ تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی براوە پاش دەنگدان لەسەر یاساكە ([18])، وەك گوزارشتێك لە بێزاری لەو قەیرانەی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم دروست بووە. ژمارەی دانیشتووان و گرفتەكانی پەرەپێدان مەترسییە سەرەكییەكانی سەر عێراق بە گوێرەی خەمڵاندنی دەزگەی ئاسایشی نەتەوەییی عێراق، جگە لە تیرۆر، زیاتر ماددەی هۆشبەرو گۆڕانی كەشوهەواو دیاردەی گەندەڵین ([19])، بەڵام لە پەنا ئەمانەیشدا هەندێك پێشهات و ئاڵنگاریی تر هەن كە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هاوبەشن؛ لەوانەیش: هەڵكشانی ژمارەی دانیشتوان و لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵكشانی ڕێژەی بێكاری و لاوازیی ژێرخانی ئابوری. بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی پلاندانان، لە ئێستادا دانیشتوانی عێراق 42 ملیۆنیان تێ پەڕاندووە. ئەگەرچی ئەم ژمارە فەرمییە جێگەی متمانە نییە چونكە پشتئەستور نییە بە ئامار، بەڵام ئەوە یەكلایییە كە ژمارەی لەدایكبووە تۆماركراوەكانی ساڵانە لە 2020 بەدواوە لە ملیۆن زیاترەو، پار (2022) لە سەروو 1.3 ملیۆن منداڵەوە بووە ([20]). ئەم زیادبوونە زۆرەیش كە بە ڕێژەی (2.5%)ەو گەر بەردەوام بێت، لە 2030 دانیشتوانی عێراق دەگەیەنێتە 50 ملیۆن كەس ([21])؛ كێشەو بارگرانیی زۆری ئابوری و ستراتیژی دروستدەكات كە یەكێكیان پەروەردەیییە، چونكە كەرتی پەروەردە گیرۆدەی لاوازی و داڕمانی ژێرخان و خراپیی ژینگەی خوێندنە. ئەم حاڵەتە بۆ كوردستانیش هەمان شتە كە لە ئێستادا بەگوێرەی ئاماری ڕەگەزنامەی هەرێم، شەش ملیۆن و 300 هەزار كەسی تێپەڕاندووە ([22]). ئەگەرچی جیاوازییەك هەیە لە ناوەندی لەدایكبوون و ناوەندی خێزان لەنێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور، بەڵام شارەزایان كۆكن لەسەر ئەوەی هەموو زیادبوونێكی دانیشتوان، پێویستە هاوتەریب بێت لەگەڵ پەرەسەندنی ژێرخان و ئامادەكاری بۆ ڕەخساندنی هەلی كار. لەم ئاڵنگارییەیشدا بەغداو هەرێم هاوبەشن و ساڵانە ڕێژەی نەوە تازەو نوێیەكان زیاتر دەكات و چاوەڕوانیی ئەوانەیش بۆ هەلی كار بە هەمان شێوە، لە حاڵەتی چارەسەرنەكردنیدا ئەگەری تەقینەوەی كۆمەڵایەتی و دروستبوونی ناڕەزایەتی هەیە، بەتایبەت كە بەگوێرەی هەندێك لە ئامارەكان ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە ساڵی نوێدا دەكاتە 10 ملیۆن كەس كە ڕێژەی دەوروبەری 25%ی دانیشتوان دەكات و لە هەندێك پارێزگای باشوری عێراق دەگاتە 50%ی دانیشتوان بەرامبەر 10%ی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان؛ هێڵی هەژارییش بۆ هەر تاكێك لە مانگێكدا بە 115 هەزار دینار دیاری كراوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە، لە مەترسیی گەورەدایە ([23]). پوختە و پێشنیار لە ساڵی نوێدا عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەردەم كۆمەڵێك ئاڵنگاریی هاوبەشی سیاسی، یاسایی، ئەمنی و ئابوریدان؛ بەشێك لەم كێشانە درێژكراوەی كێشەكانی ساڵی ڕابردوون، بەشەكەی تریان لێكەوتەو بەرەنجامی پەرەسەندنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و دیمۆگرافیی وڵاتەكەن و هەندێكیشیان مەحكومن بە گۆڕانكارییە سروشتییەكان. لە حكومەتی نوێی عێراقدا بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی، دەرفەت هەیە بۆ گەیشتن بۆ چارەسەری هەندێك لەو كێشانەو بۆ دروستكردنی كاری پێكەوەیی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییە دوورمەوداكان؛ بەڵام لە بەرامبەر ئەمەیشدا لەمپەرو ڕێگرو مەترسی هەن كە سەرەكیترینیان فاكتەری كاتە، چونكە لە ئەزمونەكانی پێشوودا دروستكردنی هەماهەنگی بەهۆی دواكەوتن و پێشهاتی گەورەترەوە لەبارچوون؛ دەكرێت لەم خولەدا ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە بگیرێت، ئەگەرنا دۆخەكە لە هەردوولا لە زۆر بوارو لایەنەوە بەناسەقامگیر دەمێنێتەوە، كە سەركیترینیان دارایییە. ([1]) https://bit.ly/3XtvRKy ([2]) https://bit.ly/3W8RjDC ([3]) https://www.aljarida.com/article/11287 ([4]) https://bit.ly/3w7nj0f ([5]) https://www.ina.iq/168772--.html ([6]) https://bit.ly/3QOO4A7 ([7]) https://bit.ly/3QGf4lt ([8]) https://bit.ly/3QXE8EN ([9]) https://bit.ly/3Wgj4dA ([10]) https://www.youtube.com/watch?v=laeWTI2UBQE&t=375s ([11]) https://bit.ly/3XRfo3h ([12]) https://bit.ly/3WcWToE ([13]) https://www.youtube.com/watch?v=xgxDkI73Df0 ([14]) https://bit.ly/3CQEdUK ([15]) https://bit.ly/3XxxKqh ([16]) https://bit.ly/3QKXPiQ ([17]) https://bit.ly/3ZwYf0a ([18]) وەقایعی كوردستان، ژمارە 293، 2/ 11/ 2022 لا 1. ([19]) https://alrafidaincenter.com/ar/4142 ([20]) https://bit.ly/3kkFGfH ([21]) https://www.ina.iq/171458--.html ([22]) https://bit.ly/3Xxw8MD ([23]) https://bit.ly/3GMHDc9
د. نیاز نەجمەدین بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا، واتە ئەگەر شتی تر روونەدات، باوەڕ ناکەم لە شەش مانگی داهاتوودا دراوی عێراقیی وەک دراوی لوبنان و ئێرانی بەسەر بێت، بەڵام گومانم هەیە لەوەی بانکی مەرکەزیی سەرکەوتوو بێت لەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە ١٤٧ دا جێگیر بکاتەوە مەگەر بە شێوەیەکی کاتیی، یان لە دەرەوەی هاوکێشەکەی ئێستا شتی تر رووبدات (بۆ نمونە نرخی نەوت بفڕێت). بۆچی پێشبینیی هەرەسی خێرای دیناری عێراقیی ناکەم؟ لەبەرئەوەی بانکی مەرکەزیی دۆلاری پێیە. ئەو دێت دۆلار دەخاتە بازاڕەوە تا دینار راکێشێتەوە و نرخەکەی لە ئاستێکدا راگرێت، ئەمەش بوو وایکرد لە ساڵانی رابردوودا بە رێژەیی ئامانجی خۆی بپێکێت و خەڵکیش متمانەی پێ بکەن. لە رووی سیاسییشەوە، ئەمریکا رەنگە نەیەوێت پێی بڵێن " تۆ عێراقت وێران کرد". بەڵام سیستمێکی نەخت(واتە دراو)ی لەم چەشنە لە بونیادەوە لاوازیی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی بەبێ دۆلار ئیشەکەی مەیسەر نابێت. ئەی ئەگەر دۆلار نەما؟ بێگومان بەهای دینار هاڕڕە ئەکات، بەتایبەت ئەگەر ئابووریی عێراق هەر وەک ئێستا لەسەر نەوت بژی و نرخی نەوت بشکێت و توانای هەناردەی شمەکی تری نەبێت و ژینگەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی باشتر نەبووبێت، یان ململانێ سیاسییەکانی قورستر ببنەوە. روونتر، حکومەت سیاسەتی دەعم(هاوکاری)ی دینار بەکارئەهێنێت. لە بازاڕی ئازاددا دینار خۆی زۆر هەرزانترە لەوەی حکومەت بە زۆر بەهایەکی بەرزتری پێ بەخشیوە. دڵەڕاوکێی من لێرەدا ئەوەیە کە سیاسەتی دەعمی هەر شتێک سودیشی هەبێت توانای بەردەوامبوونی ئەبەدیی نییە. لای کەم، بانکی مەرکەزیی جگە لە خستنەڕووی دۆلار تەکنیکێکی زیاتری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خستنەڕووی دینار گەشە پێ نەداوە. سیستمێکی لەم چەشنە بە ئاسانیی یاریی پێ ئەکرێت. تۆ کە خاڵی لاوازی کەسێکت دەستکەوت، ئیتر دەتوانیت یاریی پێ بکەیت. ئەمەش وایە. بەشێک لەو دۆلارەی عێراق دەیخاتە بازاڕەوە خۆی ئەکات بە ئێراندا، هاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەڕووی دینار لە ناوخۆدا تێک ئەدات، نرخ ئەخاتە هەلەکەسەما. مەسەلەکە زیاترە لە سنورداریی توانای بانکی مەرکەزیی، یان رۆڵی یاریزانە جیهانییەکان، پێشبینیی ئێمەش (تاک و خێزانەکان، وەبەرهێنەران) رۆڵی خۆی هەیە. کاتێک پێشبیینیمان کرد دینار ئامرازێکە لاوازە لە پاراستنی سەروەتەکانمان و ئەبینین بەهاکەی دادەبەزێت، یەکسەر دەچین بۆ بازاڕ و شمەک دەکڕین لە شوێنی. لە لایەکەوە، ئەگەر نادڵنیاییەکە زیادی کرد، ئەوا بەزمەکە ئەقەومێت: دەماودەم قسەوباس ئەڕوات کە "ئەڵێن دینار زیاتر ئەشکێت"، خەڵک خێراتر ئەگەنە بازاڕ و شمەک ئەکڕن، بۆیە خستنەڕووی دینار زیاد ئەکات. لە لایەکەی ترەوە، یەکێک لەو کاڵایانەی ئەیکڕین دۆلارە، چونکە ئەو گرەنتیی زیاترە سەروەتەکەمان بپارێزێت. دۆلار دێتە گیرفانمان و نامانەوێت بە ئاسانیی لە دەستمان بڕوات، چونکە پێشبینیی ئەکەین نرخی بەرزتر ببێتەوە (واتە ئەیشارینەوە). لە پرۆسەی کڕینی دۆلار لە بازاڕی دۆلارەکەدا جارێکی تر دینار ئەخەینەوە بازاڕ و دۆلار رائەکێشینەوە، جگە لەوەی بەشێکی مامەڵەکانیشمان بە دۆلارە(واتە خواست زیاد ئەکات لەسەری). ئەمانەش وائەکەن پێچەوانەی سیاسەتەکەی بانکی مەرکەزیی کە ئەیەوێت خستنەڕووی دۆلار زیاد بکات، بجوڵێینەوە. بۆ نەگبەتیی دینار، جگە لە خۆمان، خەڵکی بیانییش زۆر پێویستیان پێی نییە لەبەرئەوەی ئیشێکی ئەوتۆیان بە عێراق و هەرێمەکەی نییە تا بیکڕن (واتە خواست بکەنە سەری). بە ناشوکوری نەبێت، نە لە شوێنێک ئەژین بە کەڵکی ئەوە بێت بە سەفەر سەردانمان بکەن و لە کرانەوەی کەلتورمان و بە سەلامەتیی پیاسەکردن بە سروشتە جوانەکەماندا چێژ وەرگرن، نە شتێکمان هەیە لە بازاڕدا لێمان بکڕن و هاوردەی لای خۆیانی بکەن (واتە هەناردەی نانەوتییمان لاوازە). کەواتە چی؟ بانکی مەرکەزی ناتوانێت بە کەیفی خۆی کاربکاتە سەر نرخی دینار، متمانەشی بەرەو پوکانەوە دەچێت. دۆلاریش بەم نزیکانە هەیمەنەی خۆی لە دەست نادات. بۆیە بە هەڵەدا دەچیت تەواوی پلانی خۆت سەبارەت بە دینار و دۆلار لەسەر بانگەوازەکانی بانکی مەرکەزیی عێراق داڕێژیت.