1274 رۆژە سەرۆک ئەم داوایە دەکات
2022-12-17 17:55:53
تەنیا کوردی
ئەمڕۆ لە گوتاری سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی پێشوازیی تەرمی شەهید ئاکام عومەردا، کۆدی روون و ئاشکرا ھەبوون، کاتێک دووبارە داوای لە ھێزە سیاسییەکان کرد تەبابن و بە گفتوگۆ ناکۆکییەکان وەلابنێن و سەرۆک، 1274 رۆژ زیاترە داوای ئاشتی و تەبایی لە ھێزە سیاسییەکان دەکات.
دەڵێن، پەنجا ساڵ گفتوگۆ باشترە لە سەعاتێکی جەنگ، ھەروەھا دەشڵێن، کە ھەزار سەعاتی گفتوگۆ باشترە لە خولەکێکی شەڕ..کەوایە دەبێ بۆ ئێمەی کورد چەند ساڵ بەسبێ تا لە نرخی گفتوگۆی بەرھەمدار و، بەھێزکردنی قۆناغی ئاشتەوایی تێدەگەین.
بابەتەکە ھەر تێگەیشتن نییە، بەڵکوو چارەنووسی گەلێکی ستەملێکراوی وەک کورد بەدرێژایی مێژوو قوربانی لێکتێنەگەیشتنی نێوماڵی خۆی بووە، ئێستا کە قەوارەیەک ھەیە، ناسنامەیەکی شەرعی ھەیە، دەرفەتێک لە بەغدا بۆ چارەسەری بەشێک لە کیشەکانی ھەولێر و بەغدا ھەیە، لە ناوچەیەکی ئاگریندا، دەرفەتێک ھەیە بە کۆدەنگی کێشەکانی سەرسنوور نەپەڕنەوە نێو ماڵی ھەرێم و ئەم دەسکەوتانەی ھەن نەکەونە ژێر لەبارچونێکی نێوخۆیی و ئیقلیمی، ئایا ئەگەر بەگفتوگۆ ھێزە سیاسییەکان لەیەکتری تێنەگەن کە ئەم مەترسیانە زۆر جیددین، ئەی چۆن ھاوپەیمانان لەمە تێبگەن کە قەوارەی ھەرێم پێویستی بە پارێزگارییە، ئەی نەیارانی کورد چۆن ئەو بۆشاییەی کە لە پەڕتەوازەیی ھەیە، چ گرەنتیەک ھەیە کە دەستوەردان نەکەن و بۆ لاوازیمان فشار دروست نەکەن.
راستە خەڵکانێک ھەن کە لە زمانی ئاشتی دا تێناگەن، بەڵام گەلێکی ئاشتیخواز ھەیە کە زۆر باش لەمە تێدەگات کە مەترسییەکان چین.
ئەمڕۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھۆشداری دا کە ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ھەڕەشەو مەترسی دایە، وەک ھەمیشە چارەسەریەکەی خستەڕوو کە پارتی و یەکێتی دەبێ لەم قۆناغەدا تەبابن و ئەم تەبایەشە کە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان بەدەوری پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێم کۆدەکاتەوە.
ئەرێ 1274 رۆژ لە پێداگری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھیچ ھێزێکی سیاسی ماوە لەمە تێنەگات کە دەبێ چی بکەین؟
ئێستا کوردستانیان زۆر باش لەم پەیامەی سەرۆک تێدەگەن، ئەرێ ئەوانەی تێناگەن کێن؟ بۆچی تێناگەن؟ ئایا بەدیلی ئاشتی شەڕە؟ ئەگەر بەدیلی ئاشتی شەڕبێ ئایا کوردستانیان ئامادەن جارێکی تر شەڕ قبووڵ بکەن؟ بێگومان نەخێر.
لەم پەیامەدا سەرۆک ھۆشداری دا، کە تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی وادەکات کە کورد سەنگی لە بەغداو لای ھاوپەیمانان زیاتر بێ، خۆ ئەمە روونە ئەگەر وانەکەین سەنگی ھەرێم دەبێ لەپەرتەوازەیی چی لێبێ؟
راستە شەڕی سەربازی لە ئارادانییە، بەڵام پشتکردنە یەکتر لەو مەترسیە جیدیانەی لەسەر ھەرێم ھەیە، ئەمە جۆرێکی تری شەڕە، ئەگەر بەیەکەوەنەبین و پاڵپشتی یەکتر نەبین لەھەر ھەڕەشەیەکی سەر ھەرێم، بەیەکەوە زیانبار دەبین و دەکەوین.
-سەرۆک دەڵێت، سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت.
-سەرۆک دەڵێت، هێز و ئاماده‌يى و سه‌نگ و قورساييمان له به‌غدا و لاى هاوپه‌يمانان و دۆستانمان له جيهان، به ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌بێت.
-سەرۆک دەڵێت، دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتر، شكستى هه‌موومان و شكستى هه‌رێمى كوردستانه.
سەرۆک دەڵێت، هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان و پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى، به يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى سه‌رده‌كه‌ون.
سەرۆک دەڵێت، شكستى هيچمان سه‌ركه‌وتنى ئه‌ويتر نييه، سه‌ركه‌وتن و شكستى هه‌موومان پێكه‌وه‌يه.
سەرۆک دەڵێت، له يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييدا، هه‌موومان و هه‌موو گه‌لى كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه براوه و سه‌ركه‌وتوون. له ناته‌بايى و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتردا، هه‌موومان دۆڕاو و شكستخواردووين.
سەرۆک دەڵێت، داوا له هێز و لايه‌نه سياسييه‌كان ده‌كه‌ين كێشه و ناكۆكى به‌لاوه بنێن و به گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن چاره‌سه‌ريان بكه‌ن. يه‌كڕيزى و ته‌بايى بپارێزن. با پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و كاركردن له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ گه‌لى كوردستان، هه‌موومان پێكه‌وه كۆبكاته‌وه.
ئەرێ ئێستا پێویستە ھێزە سیاسییەکان چی بڵێن؟ لە کاتێکدا رای گشتی پشتیوان بە داواکاری سەرۆک دەڵێ، ئیتر تەبابن.
ھیوادارین لەم حەفتەیەدا لەسەر ئەم داوایەی سەرۆک، گفتوگۆیەکی بەرھەمدار ببێنین.