Draw Media

دژایەتیکردنی رۆشنبیران

دژایەتیکردنی رۆشنبیران

2022-12-17 08:38:34


فەرحان جەوهەر
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، نوسەرو رۆشنبیرە منەوەرەکانی کوردستان، لەلایەن رەوتە سەلەفی و ئیخوانەکانەوە، کەوتوونەتە بەر هێرشێکی ناڕەواو رێکخراو و بەرنامە بۆداڕێژراو. ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارەو ئەگەر رێی لێنەگیرێت، لە ماوەیەکی کورتدا، منەوەرەکانمان دەکەونە بەر تیرۆرو شاڵاوی جەستەیی، وەکچۆن ماوەیەک بەر لەئێستا، هەڕەشەی مەرگیان بۆ نوسەری ناوداری کوردستان شێرزاد حەسەن نارد.
سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازییە فیکری و سیاسیانەش کە لەگەڵ کۆمەڵێک لەو منەوەرانە هەمانە، بەڵام دواجار ئەوانە سەرمایەی رەمزی نیشتمانی ئێمەن و بەهیچ کڵۆجێک و لەژێر هەر ناوێک بێت، ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە خاوەنیان نەزانێت و بەرگریان لێنەکات و دەرخواردی گورگانیان بدات.
پڕۆژەی ئەو رەوتانە لەسەر ئێستاو ئاییندەی گەلی کوردستان زۆر مەترسیدارە، ئاخر ئەمانە دەیانەوێت بەناوی ئایین، نیشتمانێک بدزن و بە دیاری پێشکەشی عروبەی بکەن، دواتر دینەکەشمان دەشێوێنن و لەناوی دەبەن، ئەو میللەتەی بە خۆڕسک ئایینپەروەرو ئیسلامخوازێکی ئیماندارە.
ئەوە رۆشنبیرەکان نیین، کە شیرازەی کۆمەڵایەتی و خێزانیمان لێ تێکدەدەن، بەڵکو ئەوەی خێزان و کۆمەڵگاشی بەگژیەکدا کردووە تۆی رقێکی گەورە دەچێنێت ئێوەن، کە بەدەیان جۆری جیاواز چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژ پیشانی گەنجەکانمان دەدەن، کە هەزاران ساڵە باب و باپیرانیان نوێژخوێن و خواپەرست بوونە، ئەوە هەر ئێوەن یەکترو هەموو کۆمەڵگا کافر دەکەن، رۆشنبیرەکانیش بەرلەخۆیان، داوای ئازادی و ماف بۆ ئێوەش دەکەن.
ئەوەتا دەبینین، لەسایەی فیکری مۆدێرنەتەوەیە، ئێوە هەزاران بانگخوازو چالاکوانی رەوتەکەتان، لە ئەوروپاو ئەمریکا بڵاوکردۆتەوەو بە ئازادی دەژین و پارەیان لێ وەردەگرن و دژایەتیشیان دەکەن، فکرەکەشتان لە مەوتەنی ئەسڵی خۆی شوێنی نابێتەوەو دەگیرێن و دەکوژرێن، کەچی لێرە بە ئازادی دژایەتی و هەڕەشە لە سەرمایەی رەمزی نیشتمانەکەمان دەکەن، کۆمەڵێک لەو رۆشنبیرانە لە رۆژانی سەختی ژێر دەستەی بەعس مللیان خستبووە سەر چەقۆ، دەتانەوێت ئەو میللەتە لە هەموو داهێنانێک بکەوێت و بگەڕێتەوە سەردەمە تاریکەکان، بۆئەوەی خەڵکێکی سادەتان بۆ بمێنێتەوە و بە کەیف و هەوەسی خۆتان بیانجولێنن. ئێوە چاک تێگەیشتوون، ئەوەی ناهێڵێت ئەم میللەتە فریوو بخوات و بکەوێتە بەر دەستتان، ئەو رۆشنبیرانەن، بۆیە بەم شێوەیە ئاگرتان تێبەربووە، دەتانەوێت میللەتێک بێ شیعرو ئەدەب بێت، چونکە باش دەزانن تا شیعرو ئەدەب ماون، ئێوە ناگەن بە مەرامەکانتان.
ئەو هزرو بیرەی ئێوە، دەمێکە لە شوێنی خۆی یاساغە، بەڵام بۆ ئێمەی رەوانە دەکەن، ئەگەر خێری تێدابا، لەچاوگی رەسەنی خۆی، بۆخۆیان هەڵدەگرت.
دەڵێن: (کەسێکی گەندەڵی ئیسلامیمان بۆ دیاری بکەن)، وەک ئەوەی خەڵک نەزانێت ئەوەی حوکمی عیراق و مەغریب و تونس و لوبنان و یەمەن و ئەفغانستان و سوودان چەندان شوێنی تر دەکات کێن!، دیارە خەڵک نازانێت و ئەوەندە وشیار نییە، نەزانێ خەڵکی ئەو وڵاتانە لە چ دۆزەخێکدا دەژین، ئەگەر بڵێن ئێمە مەبەستمان کوردستانە، ئەوە لێرە هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، ئەگەرنا هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ ئەوانەی ناومان هێنان نییە، خۆ ئێوە بێچووی ئەوانن.
لەم ساڵانەی دوایدا محەمەد کوڕی سەلمان شانشینی عەرەبستان، پڕۆژەی خاوێنکردنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەربێت) بەڕێوەبرد. لەکۆی چواردە هەزار فەرموودە، تەنها بۆ سەت فەرموودە کەمی کردەوە، هەمووی لەسەر زاری پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت)، بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێک بە درۆ گوترابوون، ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ خاوەندارێتی ئەو رەوتە لە کوردستان دەکەن و دژایەتی رۆشنبیرو منەوەرەکانی کوردستان دەکەن.
ئەم رەوتە ساڵانێکی زۆرە ئەم ئایینە جوان و پیرۆزەیان گۆڕیووە و ساختەیان کردووە، خاوەنی ئەو فیکرە تەکفیرییە، کاتی خۆی بە هاوکاری هەواڵگری ئینگلیز ئەم رەوتە ئایینیەی لە جەزیرەی عەرەبی داناوە، ئەمەش لەپێناو لاوازکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و دروستکردنی ناکۆکی بوو لەنێوانیان، کە داعش و قاعیدە بەرهەمی ئەو هزرەن. کارکردنی ئەو رەوتە لە نێو کۆمەڵگادا زۆر مەترسیدارە، شیرازەی خێزان تێکدەدەن و هەڵیدەوەشێنن، لەڕێگای ناکۆکی دروستکردن لەنێوان ئەندامانی یەک خێزان، کوڕو کچانی هەرزەکار بەگژ دایک و باوکانیان دەدەنەوە، دەزانن لەسەرچی؟، لەسەر جیاوازی نوێژکردنیان، پێیان دەڵێن نوێژکردنی ئێوە هەڵەیە، دەبێت وەک ئێمە بیکەن. ئەمانە هەر بەوەش ناوەستن، هەوڵدەدەن لە رێگای گۆڕینی کولتوور، میللەتێک بە عەرەب بکەن.
بانگخوازێکی ئەوان، کۆمەڵێک کوڕو کچی کۆکردبووەوە و پێیگوتبوون: (بسم الله) بەهیچ شێوەیەک بۆ سەر زمانی کوردی تەرجوومە ناکرێت، هەروەها نابێت بڵێن خودا، دەبێت بڵێن (الله)، چونکە ئەوە ناوەو تەرجوومە ناکرێت. مەبەستیانە ئەم وشە کوردییانە لە ناوببەن، بۆئەوەی خەڵکی کوردستان مێژووی خۆیان لەبیر بچێتەوە، کە هەزاران ساڵە میللەتێکی خواناسە.
کەسانی سەر بەم رەوتانە، لەڕێگەی نانەوەی ئاشووب و ناکۆکی لەنێوان تاکەکانی، دەیانەوێت وڵاتێک وێران بکەن، لە هەموو پێشکەوتنێک دایبماڵن، دەیانەوێت رەوشێک درووست بکەن، کە تیایدا دەبێت شەو و ڕۆژ، ئێمە لەناو خۆماندا هەر خەریکی ئەو گفتوگۆیە بین، کە ئایا کاتێک چووینە حەمام، دەبێت کام پێ، چەپ یان راست، پێش ئەوی تر بهاوێژین؟، یان ئەگەر کەسێک (بایەکی بێهێزی لێدەرچوو)، دەستنوێژی دەشکێت یان نا؟، ئێدی دەبێت نامەی ماستەرو دکتۆرایەکانمان هەر لەسەر ئەم بابەتانە بن، بۆیە دژایەتی نوسەرو رۆشنبیرانی کوردستان دەکەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand