محەمەد حسێن چەند هۆکارێکی تەکنیکی دۆلاری (بەرامبەر دینار) گران کردووە، بەڵام حکومەتەکەی سودانی و بانکی ناوەندی عێراق دەتوانن سنورێک بۆ ئەم گرانبوونە دابنێن؛ هاوکات سوریشن لەسەر ئەوەی نەهێلن دۆلار گرانتربێت لەو نرخە فەرمییەی کە دیاریکراوە. ئەم گران-بوونە چۆن رویداو کێشەکان لە کوێدان؟ لە وەتەی دەوڵەتی عێراق دروست بووە، حکومەتەکانی سیستەمی نرخی ئاڵوگۆڕی جێگیریان بەکارهێناوە، نەک نرخی گۆڕاو وەک ئەوەی کە لە تورکیاو ئێران هەیە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەم ناسەقامگیریەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دەبوایە روی-نەدایە. ئەمە کەلێنێکمان نیشان دەدات لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دراوی حکومەتەکە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە، بانکی ناوەندی عێراق لە رێگای مەزادی عمولەوە، رۆژانە دۆلاری بە دینار دەفرۆشت، چەند بانک و کۆمپانیایەکی دیاریکراو بە نرخی فەرمی ($١=١٤٦٠ دینار) دۆلار دەکڕن و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە؛ ئەمە ئەو دۆلارە کاشەیە کەدێتە بازاڕ. هەر ئەم بانکانە بەڵگەکانی هاوردەکردنی کاڵا دەخەنە ڕوو تا بانکی ناوەندی عێراق بەقەدەر بەهای هاوردەکان حەوالەیان بۆ بکات. لە عێراقدا، دوو جۆر دۆلارمان هەیە، دۆلاری کاش کە نزیکەی ٢٠ تا ٢٥%ی ئەو دۆلارەیە بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت لە ڕێگای چەند بانکێکەوە دێتە بازاڕەوە، وە دۆلاری حەواڵە بەشەکەی تریەتی. زۆر وتراوە لە سەر گەندەڵی و گرفتەکانی ئەم سیستەمە، بەڵام بۆ ئابورییەکی ئازادی پشت-بەستوو بە میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕ، ئەم سیستەمە بۆ خۆی هیچ گرفتێکی نیە ئەگەر سیاسییەکان و بانکە-گومانلێکراوەکانیان بە خراپی سودییان لێوەرنەگرتایە. کێشەیەکی ئەم مەزادی عمولە ئەوەبوو کە بڕێکی زۆری ئەو دۆلارانەی بە ناوی بازرگان و هاوردەکارانی عێراقەوە لە بانکی ناوەندی دەردەکرا، لە رێگای چەند بانکێکی وەسیتەوە لە دوبەی و عەمان دەگەیشتنە دەست چەند بانک و کەسایەتی و کۆمپانیایەکی سەربە ئێران، یان نزیک لە حیزبوالله ی لبنانی و سوریای ئەسەد. ئەم کەسایەتی و هەژمارو کۆمپانیانە لە لایەن ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزادراون لەبەر هۆکاری سیاسی جیاجیا. ئەم دۆخە هەمیشە مایەی ناڕەزایەتی ئیدارەی ئەمریکا بووەو وەک پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بینراوە. لە ٥ ساڵی رابردوودا، ئەمریکیەکان زۆر هەوڵیاندا حکومەتی عێراق خۆی رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەو دۆلارانەی کە دەگەنە هەژماری ئەو لایەن و کەسایەتییانەی لەژێر سزاکانی ئەمریکادان، بەڵام لایەنی عێراقی دەستەوەستان بوو. ئەوەبوو بانکی ناوەندی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (U.S.Federal Reserve) خۆی سزای ٤ لەو بانکانەی دا کە گومان دەکرێت رۆڵی گەورەیان هەبوبێت لە گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراوە بۆ لایەن و کەسایەتیە سزادراوەکان. هەر کە بانکی ناوەندی ئەمریکا ئەم سزانەی راگەیاند، یەکسەر بانکی ناوەندی عێراق ئەم بانکانەی دوورخستەوە لە هەموو مامەڵەو رێکارەکانی خۆی. هاوکات میکانیزمی مەزادی عمولەیان هەڵوەشاندەوە. ئێستا راستەوخۆ بانکی ناوەندی عێراق خۆی دۆلار نافرۆشێت بە دینار بۆ هەرکەس و بانکێک کە بیەوێت، بەڵکو حەواڵەی بانکی دابین دەکات بۆ ئەو بازرگانانەی کە بە راستی کاڵا هاوردە دەکەن، یان ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن لە کارتێکی بانکی رافیدەین دا ١٠ هەزار دۆلاری بۆ دەگۆڕنەوە بە نرخی فەرمی. ئەم میکانیزمە نوێ-یە (کە لە ساڵانی ١٩٦٠ەتاندا بە ناوی پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی بەکاردەهێنرا) وایکردووە پرۆسەی دۆلار فرۆشتن بە خەڵک و دابینکردنی حەواڵەی بازرگانی بۆ پارەدارکردنی کاڵای هاوردەکراو کەمێک خاو ببێتەوە، چونکە پشکنین و بەدواداجوونی هەموو ئەو مامەڵانەی بۆ کڕینی دۆلار (بە دینار) دەکرێت کاتێکی زیاتری دەوێت لەوەی تیمەکانی بانکی ناوەندی عێراق و رافیدەین دەتوانن رایی بکەن. ئەم سیستەمە نوێیە دەبێت بە پێی ستانداردی سیستەمی سویفتی نێودەولەتی بێت و توانای کارمەندانی بانکە عێراقییەکان زۆر لەوە بچوکترە بە ئاسانی لەگەڵیا رابێن. بەڵام بانکی ناوەندی خۆی سورە لەسەر ئەوەی رێگای جیاجیا تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەم کورت-هێنانەی دۆلار چارەسەر بکات بە زووترین کات.* بەڵام ئێستا چی دەگوزەرێت؟ یەکەم: بانکی ناوەندی عێراق ناچارکراوە سیستەمی مەزادی عمولە بگۆڕێت و لە جیاتی ئەوە راستەوخۆ حەواڵەی بازرگانەکان دابین بکات و دۆلار بە ئەو عێراقییانە بفرۆشێت کە دەچنە دەرەوە چونکە مەترسی ئەوەی هەبوو ئەو دوو هەژمارە بانکییەی عێراق لە ئەمریکا هەیەتی (یەکیان ناوی عێراق١ بۆ کۆکردنەوەی داهاتە نەوتیەکانەو ئەی تریش عێراق٢ بۆ هەڵگرتنی یەدەکی دراوە بیانییەکانە) سڕبکرێن. ئەو کاتەی ئەمریکیەکان قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان کوشت و پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا راوێژکارە سەربازییە ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکات، دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمەریکا راستەوخۆ وتی ئەگەر عێراق ئەمە بکات ئەوا هەژمارە بانکیەکانی حکومەتی عێراق سڕ دەکات**. لە ماوەی رابردوودا سەفیری ئەمریکا پەیامێکی تری هەڕەشە ئامێزی گەیاندۆتە حکومەتەکەی سودانی لەسەر فرۆشتنی دۆلار بە کەس و کیانە سزادراوەکان. هاوکات چوار بانکی ئەهلی گومانلێکراویان سزادا و ١٤ی تریشیان خستە ژێرچاودێرییەوە. بێ گومان هەر بانک و کەسایەتییەک لە لایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە سزابدرێت بانکی ناوەندی عێراقیش راستەوخۆ سزاکەی جێ بەجێ دەکات و ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات. دووەم: بانک و کۆمپانیا داراییە گومانلێکراوەکان رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاریان لە بانکی ناوەندی عێراق وەردەگرت بە ناوی هاوردەکردنی کاڵاوە، لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگای بانکە وەسیتەکانی دوبەی و عەمانەوە ئەم دۆلارانە بنێرن بۆ ئەو کۆمپانیاو لایەنانەی لەسەر فاتورەکە ناوییان هاتبوو، دیان نارد بۆ چەند هەژمارێکی تر کە بەلای زۆرەوە لە لیستی سزادراوەکانی ئەمریکادا بوون؛ پارەکە نەدەگەیشتە ئەو شوێنانەی کە لە فاتورەکەدا ناویان هاتووەو بە حساب کاڵا هەناردەی عێراق دەکەن، بەڵکو دەگەیشتنە چەند هەژمارێکی تری بانکی کە لە دواجاردا هی کەسایەتی و دەزگاکانی ئەو وڵات و شوێنانە بوون کە سزادراون. سزادانی ئەم چوار بانکەو ئەو رێکارانەی گیراوەتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەم حەواڵە گومانلێکراوانە بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو دۆلارە کاشەی کە رۆژانە دێتە بازاڕی دراوەکانەوە لە ناو شارەکانی عێراقدا. ئەمەش وایکردووە نرخی نافەرمی دۆلار زیاتربێت لە نرخە فەرمییەکەی. سێهەم: ئەوەی کە هەیە گرانبوونی دۆلارە لە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراقدا، ئەگینا نرخی دۆلار هەر وەک خۆیەتی و هەرکەس لە بانکی ناوەندی یان رافیدەین دۆلار بکڕێت ١$=١٤٦٠ دینار، کێ بازرگانەو بۆ هاوردەکردنی کاڵا دۆلاری پێویستە دەتوانێت بەم نرخە فەرمییە دۆلاری دەستبکەوێت، کێ سەفەری دەەرەوەی وڵات دەکات دەتوانێت بەم نرخە تا ١٠ هەزار دۆلاری دەستبکەوێت..هۆکاری گرانبوونی دۆلاری کاش لە بازاڕە نافەرمیەکەدا تەکنیکییە. ئەو بڕە دۆلارەی دێتە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراق نەختێک کەمترە لەوەی کە خواستی لەسەرە، ئەمەش وایکردووە شتێک گرانتر بێت لە نرخە فەرمییەکەی. چارەسەرچیە؟ بە گشتی ئەم گرفتەی ئێستا هێندە گەورە نیە، نرخی دۆلار بەرز نەبۆتەوەو دیناریش دانەبەزیوە، تەنها ئەو دۆلارە کاشە گران بووە کە لە بازاڕە نافەرمییەکەدا هەیە. هەموو هاوردەکارێک، یان گەشتیارێک، دەتوانێت دۆلارێک بە ١٤٦٠ دینار بکڕێت لە بانکی رافیدەین، یان لە بانکی ناوەندی. بۆ چارەسەری گرفتی کورتهێنانی دۆلار لە بازاڕە نافەرمییەکەدا، بانکی ناوەندی عێراق دەیان رێگاو ئامرازی لە بەردەستە. بۆ نمونە، ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی بەڵێندەر و کۆمپانیا عێراقییەکان بە دۆلار بدات. یان ٢٠%ی موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بە دۆلار دابەش بکات، ئەو کات ئەم گرفتە چارەسەر دەبێت. بەڵام هیچ زەمانێک نیە دوای بانکە ئەهلییەکانی سیاسییە گومانلێکراوەکان جارێکی تر ئەم دۆلارەش لە بازاڕدا ناچننەوە و ناینێرنەوە بۆ وڵات و لایەنە سزادراوەکان. ئێران وەک سەرچاوەی ئەم گرفتە دەبینرێت لە لایەن زۆر لەو کەس و شارەزایانەی لە روانگەیەکی سیاسییەوە تەماشای پرسی کورتهێنانی دۆلاری کاش دەکەن لە بازاڕە نافەرمیەکەدا؛ کێشەکانی ئێران و ئەمریکا رۆڵێکی هەیە لە دروستکردنی ئەم گرفتەدا، بەڵام لە راستیدا هۆکاری سەرەکی نیە. ئەگەر عێراق سێکتەرێکی بانکی پێشکەوتووی هەبوایە و گرێدراوبوایە بە تۆڕی سویفتی جیهانی و توانای رەوانەکردنی حەواڵەکان و رایی کردنی بازرگانییە دەرەکیەکەی هەبوایە، ئێران نەدەبووە کێشە. کەلێنەکە لە ناوخۆی عێراقدایە، ئیتر ئێرانیەکان یان هەر کەس و لایەنێکی تر رەنگە بێن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن. بە دیوەکەی تریشدا، ئەوە راستە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هاوکات داڕوخانە ئابورییەکەی ئێران وای کردووە فشارێکی زیاتر لەسەر بانکەکانی عێراو دروست ببێت. بانکی ناوەندی ئەمریکا بە مافی خۆی دەزانێت کە دڵنیابێت لەوەی دۆلارەکانی (باوەکو هی عێراق و عێراقییەکانیش بێت) ناچنە گیرفان و قاسەکانی لایەن و کەسە سزادراوەکانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو فشارێک دەخاتە سەر لایەنی عێراقی. بەڵام ئایا بانکەکانی عێراق و حکومەتەکەی سودانی چۆن زەمانی ئەوە دەکەن کە دۆلارەکانیان ناڕواتە قاسەی سزادراوەکانی ئەمریکاوە؟ ئەمە ئەو پرسارە تەنکنیکییەیە کە بەغدا دەتوانێت ئەم قەیرانەی ئەمڕۆی نرخی دینار-دۆلاری پێ چارەسەر بکات. کێشەیەکی تری عێراق ئەوەیە، ئابوریەکەی زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت. عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەیە، وا تەقدیر دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیشەوە نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەموو عێراق بکرێت. ئەم بڕە زۆر زۆرە بۆ ئابورییەکی وەک عێراق کە کۆ بەرهەمەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنها ٢٠٧ ملیار دۆلار بووە***. *https://cbi.iq/news/view/2177 ** https://on.wsj.com/3GsLwV3 *** https://tradingeconomics.com/iraq/gdp
كاوە محەمەد ئێوارەی رۆژی (١٢/٧/٢٠١٤) لەگەڵ هاوڕێیانی فراکسیۆنی گۆڕان و فراکسیۆنی یەکێتی بە فڕۆکە سەفەری بەغدامان کرد، شەو خەریکی راوێژ و پەیوەندیکردن بووین بۆ زانینی رووداوەکانی پشتی پەردە، بۆمان روونبۆوە کە سوننەکان خۆیان لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان یەکلادەکەنەوە، ئیتر شەو درەنگ لەسەر (د.سەلیم جبوری) ساغ بوونەوە کە بە رەسمی دەبێتە کاندیدیان تا لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگی پێ بدرێت. چونکە لەدانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا هێشتا رێکنەکەوتبوون لەسەر کاندیدێک، شیعەکان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون (ئوسامە نوجەیفی) قبوڵ بکەن ببێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان، بەتایبەتیش کە ئەوان رێککەوتبوون جارێکی تر (نوری مالکی) نەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران. رۆژێک پێشتر (١١/٧) لەگەڵ هەریەک لە؛ (رێبین هەردی، عەبدلرەزاق شەریف، ئازاد کاکە رەش، نەوزاد نوری بەگ، کوردە حەسەن و سیروان غەریب) لەماڵی کاک نەوشیروان بووین، تازە (ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی) مەرجەعی شیعەکان وتبووی؛ "پێویستە حکومەت پێکبهێنرێت و پشتیوانیی فراوانی هەبێت"، (کاک نەوشیروان) دەیوت؛ ئەوە مەبەستی مالکی-یە، من رام جیاواز بوو و وتم؛ نەخێر مەبەستی دانانی کەسێکی تری غەیری مالکی-یە، چونکە ئێستا ئەو پشتیوانییە فراوانەی نیە کە (سیستانی) باسی دەکات. ئیتر لەم کاتانەدا ئێمەش لەناوخۆی فراکسیۆن بە گەرمی باسمان لەوەکرد کە مادام سێ پۆستی سیادی بەر کورد دەکەوێت، سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ پارتی، ئێ گۆڕان-یش سێیەم فراکسیۆنی گەورەی کوردستانییە، بۆیە مافی (گۆڕان)ە کە سێیەم پۆستی سیادی (جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان) وەربگرێت. سەعات (١٢ی نیوەڕۆی ١٣/٧/٢٠١٤) دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ماوەیەک دواخرا، ئەویش بەهۆی نەگەیشتنی لایەنەکان بە رێککەوتن، هەروەها بەهۆی نەهاتنی پەرلەمانتارانی پارتی لەهەولێرەوە، چونکە تۆز و بایەکی زۆر بوو لەبەغدا و فڕۆکە نەیدەتوانی بنیشێتەوە. بەر لەدانیشتنەکە ئێمە وەک فراکسیۆن لەئۆفیسەکەی خۆمان لەپەرلەمان، کۆبووینەوە و باسمان لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد وەک ئیستیحقاقی گۆڕان، هەموومان لەسەر ئەو پرسە هاوڕابووین، من لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ئەوەشم کرد کە با بە فەرمی داوای پێکهێنانی (ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان) بکەین، بۆئەوەی هاوئاهەنگیی کوردستانی دروستبکەین، نەک بەهۆی کەمیی ژمارەی کورسیەکانمانەوە بکەوینە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانی پارتی و یەکێتی، ئەگەر رازی بوون، کارێکی باش دەبێ، ئەگەر رازیش نەبوون، دەڵێین داوامانکرد و نەیانکرد و روانگەی حزبییان زاڵکردەوە. سەعات (٦.٣٠)ی ئێوارە، (ئارام شێخ محەمەد) کە سەرۆکی فراکسیۆن بوو، لەلایەن (خەسرەو گۆران)ی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی-ەوە ئاگادارکرابۆوە کە خۆی (خەسرەو) کاندیدە بۆ پۆستەکە، ئەمەمان بە کارێکی نابەجێ دانا، ئێمە دژ و یەکێتییەکانیش لێی ناڕەحەت بوون، ئیتر (ئارام شێخ محەمەد) لەگەڵ (کاک نەشیروان) قسەیکردبوو، وتبووی؛ دیارە خۆتان حەزتان لێیە و بۆ خۆتانە، دەنا وەزارەت باشترە لەجێگری سەرۆکی پەرلەمان کە وەریگرن. هەروەها لێی پرسیبوو کە کەس لەبەرپرسانی پارتی قسەی لەگەڵ کردوویت ؟ (کاک نەوشیروان) وتبووی؛ نەخێر کەس قسەی لەگەڵ نەکردووم، پاشان (کاک نەوشیروان) تەلەفۆنی بۆ کردەوە و پێی وتبوو کە (کاک مەسعود بارزانی) پەیوەندی پێوەکردووم و وتوویەتی؛ من لاریم نیە کاندیدەکە لەهەر لایەنێکەوە بێت. لەدانیشتنەکەی پەرلەمانیش هەندێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (الوطنیەی ایاد عەلاوی کە پێشتر بایکۆتی یەکەم دانیشتنیان کردبوو) سوێندی یاساییان خوارد، دواتر (اسامە النجیفی) رایگەیاند کە (سلیم الجبوری)کاندیدی ئەوانە (تحالف القوی العراقیة) بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. هەرچەندە شیعەکانیش گەیشتبوونە نیمچە رێککەوتنێک کە (همام حمودی) بۆ پۆستی جێگری یەکەم کاندید بکەن، بەڵام سەرۆکی کاتیی پەرلەمان (مهدی الحافظ) دانیشتەکەی کۆتایی پێهێنا و بۆ دووسبەی (١٥/٧) دوایخست. دوای دانیشتنەکە، جارێکی تر وەک فراکسیۆن کۆبووینەوە و بڕیارماندا هەنگاوی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە بنێین، ئیتر من و (هۆشیار عەبدوڵڵا) هەواڵەکەمان بۆ هەندێ لەسایتەکان دزەپێکرد و دەستمانکرد بە پەیوەندیکردن بە لایەنە کوردستانییەکان. رۆژی ١٤/٧/٢٠١٤ (ئارێز عەبدوڵڵا-پەرلەمانتاری یەکێتی) پەیوەندی پێوەکردم و وتی؛ دەمەوێ بە فەرمی پێتانڕابگەیەنم کە ئێمە پێمانباشە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئێوە بێت، ئەمەش رای فەرمی مەکتەبی سیاسیمانە نەک تەنها فراکسیۆن. پارتی-ش لەرێگەی (فازڵ میرانی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەیوەندیان بە (عومەری سەید عەلی)ەوە کردبوو و رەزامەندیی خۆیان دەربڕیبوو، دواتر (کاک نەوشیروان) پەیوەندی بە (ئارام شێخ محەمەد)ەوە کرد و پێی وتبوو؛ لەناو خۆتاندا کەسێک بۆ پۆستەکە دیاری بکەن و وەڵامم بدەنەوە تا پارتی لێ ئاگاداربکەمەوە. دوای نیوەڕۆ ئەندامانی فراکسیۆن (جگە لەمەسعود حەیدەر کە بە سەفەر لەهۆڵەندا بوو) لەشوقەکەی من کۆبووینەوە، دەرگای خۆکاندیدکردن کرایەوە، سەرەتا کەس خۆی کاندید نەکرد، دواتر(د،تاڤگە ئەحمەد) وتی؛ با (کاک ئارام) بێت، ئەویش وتی؛ بەڵی من خۆم کاندید دەکەم و لەخۆم رادەبینم بە باشی کاری تێدابکەم، روویان لەمن کرد، منیش وتم با (کاک ئارام) بێت، پاشان لەسەر پێشنیاری (ئەمین بەکر) بە تەلەفۆن پەیوەندیمان بە (مەسعود حەیدەر)ەوە کرد و مەوزوعەکەمان بۆ باسکرد و وتمان وەک دەنگ و وەک کاندید دەتوانێت بەشداربێت، سەرەتا وتی؛ ئەمە مەسەلەیەکی ئیداری و سیاسییە و پێویستە گردەکە دیاریبکات، ئینجا وتی؛ منیش خۆم کاندید دەکەم، ئیتر بە نهێنی دەنگماندا، ئارام (٨) دەنگ و مەسعود (١) دەنگی هێنا و یەکلاکرایەوە. ئەمەش بۆ گۆڕان گرنگ بوو کە لەکاتێکی پێوانەیی و لەیەک کۆبوونەوەی کورتدا کاندیدی خۆی دیاریکرد. پاشان لەرێگەی پەرلەمانتاران (د.نەجمەدین کەریم و ئاڵا تاڵەبانی)ەوە بە یەکێتی-مان راگەیاند، ئینجا قسەمان لەگەڵ پەرلەمانتاران (ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ) و (د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو) کرد، کۆمەڵ پشتیوانیان لێ کرد و یەکگرتووش وتیان باشە، بەڵام پێویستە ئێمەش لەپۆستەکانی تر هەقمان نەفەوتێ. چاوەڕێی هاتنی پەرلەمانتارانی پارتی بووین، ئێوارە گەیشتنە بەغدا و شەو من و (ئارام شێخ محەمەد) و (د.دەرباز محەمەد) لەهۆتێل رەشید لەژوورەکەی خۆی لەگەڵ (خەسرەو گۆران) دانیشتین، وتی؛ ئێمە هیچ کێشەیەکمان نیە، ئەمە لەنێوان ئێمە و ئێوەیە، کە ئێوە داوایدەکەن، ئێمەش لاریمان نیە و بە گرنگی دەزانین بۆ یەکڕیزیی کوردستانی. پاشان لەگەڵ لایەنەکانی تر رێککەوتین کە سبەی پێش دانیشتنی پەرلەمان سەرۆکی هەر پێنج فراکسیۆنە کوردستانییەکە کۆببنەوە و لەسەر پرسەکە رێکبکەون، بەڵام دواتر (ئارام) قسەی لەگەڵ (د.نەجمەدین) کرد و وتی؛ باشە، بەڵام دەبێ ئێوەش بۆ سەرۆکی (ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان) پشتیوانی لەئێمە بکەن. سەعات (١١)ی سەرلەبەیانی رۆژی (١٥/٧/٢٠٤) دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ئەمە درێژەی دانیشتنی یەکەمە، چونکە بە کراوەیی بەجێهێڵرابوو، بۆئەوەی پێچەوانەی مادەی (٥٥)ی دەستوور نەبێت کە داوادەکات لەجەلسەی یەکەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان کرایەوە، کاندیدی سوننەکان (د.سلیم الجبوری) و ژنە پەرلەمانتار (شروق العبایچی)ش کاندیدی (هاوپەیمانیی دیموکراتیی نیشتیمانی) بوون، دەنگدانی نهێنی کرا و د.سلیم (١٩٤) دەنگ و شروق-یش (١٩)دەنگ-یان بەدەستهێنا، (٦٠) دەنگیش بەتاڵ بوون، ئەمەش لەکۆی (٢٧٣) دەنگدەر، بۆیە (د.سلیم) بوو بە سەرۆکی پەرلەمان کە بە پێی دەستوور دەبێ (زۆرینەی رەها)ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، واتە (٥٠+١) ی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە (١٦٥) لەکۆی (٣٢٩) پەرلەمانتار. دوای ئەوە، بۆ جێگری یەکەمی پەرلەمان هەریەک لە (حیدر العبادی) لە دەوڵەتی یاسا و وەک کاندیدی شیعەکان (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) کاندیدکرا، بەهۆی ململانێی سەدرییەکان و مالیکییەکان، (د.احمد الچلبی)ش هەر لە(هاوپەیمانیی نیشتیمانی) خۆی کاندیدکرد، دواتر لەژێر گوشاری سەرکردەکانی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی)، رایگەیاند کە بە سیفەتی شەخسی، خۆی کاندید کردووە، دەنگدان بەڕێوەچوو و لەکۆی (٢٦٣) دەنگدەر، عبادی (١٤٩) دەنگ و چلبی-ش (١٠٧) و فارس جەجۆ کاندیدی هاوپەیمانیی دیموکراتیی نیشتیمانی (٦) دەنگیان بەدەستهێنا و (١٣) دەنگیش پووچەڵ بوون. بەمشێوەیە هیچیان نەیانتوانی (٥٠+١)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، بۆیە دەرفەتێکی نیو سەعاتی رەخسێنرا تا شیعەکان لەناوخۆیاندا رێککەون، دواتر هاتنە ناو هۆڵی کۆبوونەوە و بڕیاردرا پرۆسەکە بۆ دوو کاندیدی یەکەم دووبارە بکرێتەوە، (همام حمودی) رایگەیاند کە (چلبی) رازی بووە خۆی لەکاندیدبوون بکێشێتەوە، چلبی خۆیشی قسەیکرد و هەمان شتی راگەیاند، دیاربوو ئەو کاندیدی ناڕاستەوخۆی سەدرییەکان بوو و مەبەستیان بوو پەیامی خۆیان بە (دەوڵەتی یاسا) بگەیەنن. بۆیە دەنگدان کرایەوە و ئەمجارە عبادی (١٨٨) دەنگی لەکۆی (٢٦٣) دەنگ بەدەستهێنا و (٧٦) دەنگیش پووچەڵ بوون و بەمجۆرە عبادی بوو بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان. نۆرە هاتە سەر هەڵبژاردنی جێگری دووەم و (ئارام شێخ محەمەد) تاکە کاندیدی کورد بوو و خۆی ناساند و توانی لەکۆی (٢٤١) دەنگ (١٧١) دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێت بە جێگری دووەم. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گۆڕان و بۆ کوردیش کە بێ کێشە هەڵبژێردرا. * بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو.. ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)
گوڵاڵە سدیق پاش دەستبەکاربونی حکومەتی نوێی عێراق، لەکاتێکدا شەقامی عێراقی چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەهای دینار بوون بۆ دۆخی جارانی، لەپڕ، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، شەقامی عێراقی و بازاڕی توشی شۆک کرد! هەمیشە نرخی دراو و بازاڕ و ئابوری ووڵات و ژیانی خەڵک، چوار بازنەی پێکەوە گرێدراون، بەڵام هەمیشە خەڵک زەرەرمەندی سەرەکی ئەم چوار بازنەیەیە. وە لەبەرئەوەی عێراق یەکێکە لە ووڵاتە بەرخۆرەکان، هەر زیادبونێک لە نرخی دۆلار، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوەنەی کاڵا و شمەک لەبازاڕدا، چونکە کاڵا هاوردەکان بە دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت. وە هەتا ئەم ساتەش حکومەتی عێراق لەبانکی ناوەندی دۆلار بەنرخی پێشو دەفرۆشێت، وە لە موزانەی ٢٠٢٣ هیچ گۆڕانکارییەک لەنرخی دۆلار نەکراوە. چەند هۆکارێک لەپشت بەرزبونەوەی نرخی دۆلارە، بەڵام هەمو هۆکارەکان پەیوەستن بە پرسی سپیکردنەوە، لەوانە: ١ـ بە هۆی سزادانی چەند بانکێک بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ووڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت ئێران، بانکی ناوەندی توشی شڵەژانێکی گەورە هاتوە بەهۆی کەمبونەوەی خستنەڕوی دۆلار بەڕێژەی %٤٠ قەبارەی جارانی. ئەم کەمی خستنەڕوە، ئوتوماتیکی دەبێتە هۆی زیادبونی خواست، چونکە خواست و خستنەڕوو هەمیشە دوو کرداری پێچەوانەن. ٢ـ لەئێستادا، تومەنی ئێرانی بەهای خۆی لەدەستداوە و پێشبینی ئەوە دەکرێت زیاتر بەهای خۆی لەدەست بدات، بەم هۆیەوە حکومەتی ئێرانی و هاوڵاتی ئێرانی هەوڵدەدەن پارەکانیان بکەن بە دۆلار، کە زۆرینەی ئەو دۆلارانەی دەچێتە ئێران، لەڕێی عێراق و بازاڕی داریی عێراقەوە دەچێتە ئەو ووڵاتە. لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لە مەرزی باشماخ دەستگیراوە بەسەر چەند قەواڵەیەکی تەزویری فرۆشی دۆلار کە بانکی ناوەندی عێراقی دەیفرۆشێت. (واتە لەپێناو بردنەدەرەوەی دۆلار قەواڵەکان تەزویر کراوە) ٣ـ هەڵمەتی حکومەتی نوێی عێراقی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، کە بڕیاری لێپێچینەوەی بۆ چەند بەرپرسێک دەرکردوە، لەئێستادا، ئەم بەرپرسانە دەستیانکردوە بەکڕینی دۆلار و هەڵمەتی ناردنە دەرەوەی پارەکانیان. (لەناو ئەو بەرپرسانەدا ناوی مستەفا کازمیش هاتوە). ٤ـ پارەی فرۆشی نەوتی عێراق، لە بانکی فیدراڵی ئەمریکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، لەئێستادا بەبیانوی بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ ووڵاتانی دراوسێ، بڕی پارەی گەڕاوەی نەوت کەمیکردوە. چونکە عێراق زۆرترین کاڵا هاوردە دەکات، زۆرترین دۆلار دەچێتە دەرەوەی عێراق، بەڵام حکومەتی ئەمریکی نیگەرانە لەوەی ئەو پارانەی بەبیانوی هاوردەکردن دەنێردرێتە دەرەوەی عێراق ڕاستەوخۆ ناچێت بۆ ووڵاتی هەناردەکەر، هەمیشە وەسیتێک یان زیاتر لەنێوان عێراق و ووڵاتی هەناردەکەر هەیە، ئەمەش بیانوی داوە بەدەست حکومەتی ئەمریکا کە گومانی زیاتر بخاتە سەر عێراق بۆ سپیکردنەوەی ئەو دۆلارە بۆ ووڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران. بەم هۆیەوە لەئێستادا حکومەتی ئەمریکی داوای ئالیەتی سیوفتی ڕاستەوخۆ دەکات لەنێوان عێراق و ووڵاتی هەناردەکەر بەبێ بونی هیچ وەسیتێک. ٥ـ هەمیشە پەیوەندییەکی ژێربەژێر و سەفەقات هەیە لەنێوان هەندێک بەرپرس و پەرلەمانتار، کە بەلێدوانی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانە شڵەژان دەخەنە بازاڕی دراوەوە، وەک بینیمان لە ماوەکانی پێشودا چەند جارێک بازاڕی دۆلاریان شکاند، وە لە ئێستاشدا بەهۆی هەر لێدوانێکی ئاگرینی ئەوانەوە گڕ لە بازاڕی دۆلار دەدەن کە هەمیشە خەڵک زەرەرمەند و ئەوان سودمەند! سەرەڕای هەبونی ئەم هۆکار و ئاڵنگارییانە بۆ شڵەژانی بازاڕ و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، وە سەرەڕای خەمساردی بەرپرسانی عێراق سەبارەت بەبەهای دیناری عێراقی و بەتاڵانبردنی دۆلار لەپێناو ووڵاتانی دراوسێ، بەڵام بەهای دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، چونکە هیچ گۆڕانکارییەکی نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی ڕوینەداوە، وە هیچ گۆڕانکارییەکیش لە نرخی دۆلار لە موازەنەی ٢٠٢٣ نەکراوە، وە عێراق خاوەنی یەدەکێکی نەختینەیی بەرز و ئاڵتونێکی باشە و نرخی نەوتیش لەبەرژەوەندی ووڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە، لە مانگی یەکەمی ساڵی داهاتو هەموو دۆخەکان ئاسایی دەبنەوە و نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی.
ھاوکار عزەت * 🔘چەند رۆژێکەو بە تایبەت ئەمڕۆ، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی و تومەنی ئێرانی بەرزترین ئاستی تۆمارکردوە، یان ڕاستتر بڵێین ئەو دوو دراوە کەمترین ئاستیان لە بەرامبەر دۆلار تۆمارکردوەو بەهاکەی خۆیان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێندە لە دەستداوە. ساڵانێکی زۆرە و لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەرز و نزمی ئاستی دینار بەرامبەر بە دۆلار دیاردەیەکی هەمیشە بینراوەو هیچ ڕۆژێک نەبوە بەهای دینارو دۆلار وەک ڕۆژی پێشخۆی یان دوای خۆی بێت، بۆ تومەنیش بە هەمانشێوەبوە. هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە نا ئاساییەی ئێستای دۆلار و داڕمانی بەهای دینار و تومەن، یەکێکە لە دەستودیارییەکانی حکومەتێکی نەزانی خۆپەرستی خۆقوتارکەر لە قەیران و نەهامەتیی و ئیحراجیەکان. 🔘کاتێک حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکەی نرخی دۆلار لەسەدا ١٧ بەرز بکاتەوەو دەرگایەک بەڕوی بازرگانانی چاوچنۆکدا بکاتەوە بۆ زیاتر یاریکردن بە نرخەکان و بەرزکردنەوەی نرخەکان، ئێرانیش لەهەمان کاتدا بۆ هەمان مەبەست هەمان کاری کرد کە عێراق کردی و بەهای تومەنی بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند بۆ ئەوەی داهاتی وڵاتەکەی زیادبکات و کورتهێنانی بودجەی پێکەم بکاتەوە یان پڕبکاتەوە. 🔘ئێستا عێراقیش و ئێرانیش هەردووکیان لە بەردەم داڕمانی دراوەکەیاندا بێدەسەڵات ماونەتەوەو بازار کەوتۆتە دەست بازرگانان و، بانکی ناوەندیش هیچ دەسەڵاتێکی نییە بەسەر دۆخەکەدا، ئەو دو وڵاتە ئێستا لە بەردەم ئاریشەیەکی گەورەی داراییدان و ناتوانن بڕیاری دروست بدەن، ناتوانن ڕاست و چەپی خۆیان لێک جیابکەوە، ناتوانن سیاسەتی نەقدی و سیاسەتی پاراستنی بەهای دراوی نەتەوەیی بپارێزن. 🔘عێراق کە دراوە دۆلارەکەی کە ڕۆژانە دەیخاتە بازارەکانەوە بەشی خواستی ناوخۆیی ناکات، کەچی بەشێکی زۆری بەرۆژی ڕوناک دەچێتە وڵاتانی دەرەوەو بە قاچاخ ساغدەکرێتەوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتیش تەنها تەماشاکارن. باجی سەرەتاو کۆتایی ئەم بێ سیاسیەتییەی بانکی ناوەندی و حکومەتەکانی ئەم دوو دەوڵەتە تەنها هاوڵاتیەکانیان دەیدەن، تەنها ئەوان بونەتە قوربانیی دەستی سیاسەتی چەوت و نەزانانەی سیاسیە بەناو ئیدارییەکانیان، ئەوان گوێ لە کەس ناگرن جگە لە مەرجەعە سیاسی و دینیەکانیان بۆیە ڕۆژ بەرۆژ دۆخەکە خراپتر دەبێت. 🔘بە هەموو پێوەرێک و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ڕۆژانی داهاتوو نرخی دینار و تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزێت و ئەگەری هەیە بەهای هەر ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٦٠ هەزار دینار، هەمان هاوکێشە بۆ تومەنیش راستە ئەگەر دۆلارە دزەپێکراوەکانی عێراق نەبنە فریادرەس بۆ گێرانەوەی بەهای تومەن!! 🔘ئەوەی لەو بوارە خوێندومانەو خوێندومانەتەوە ، وا تێدەگەین کە جگە لە هەڵەیەکی گەورەی دارایی هیچی تر هۆکاری ئەم قەیرانە نوێیە نییە کە بەرۆکی هاوڵاتیانی هەردوو ولاتی گرتۆتەوەو تەنها بە پێداوچونەوەیەکی جدی و تێفکرینێکی مەنهەجییانە چارەسەر دەکرێت لە هۆکارەکان و بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەر پێویستە. 🔘زۆن ئەو وڵاتانەی لە مێژوی جیهاندا بە قەیرانی توند و کەمەرشکێندا تێپەڕیون، بەڵام بە هۆی بیرکردنەوەی حەکیمانەو گوێکردن لە شارەزایان و تێفکرین لە قەیرانە هاوشێوە جیهانیەکان توانییانە ئیلهامی چارەسەری و دەرچوون لە چوارگۆشەی قەیرانەکان دەربازبن، ئاخۆ عراقیەکان ئەو ئیلهامە دەدۆزنەوە؟!!! * شارەزای دارایی و بانک
د. نیاز نەجمەدین قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی سێکس داخوازییەکی ئیسلامیی نییە، شتێک نییە تەنها کۆمەڵگەیەکی ئیسلامیی بیەوێت جێبەجێی بکات و وەک دەستکەوتێکی خۆی باسی بکات. سوید لە ١٩٩٩ەوە قەدەغەی کڕینی سێکسی کردووە و بەدوایدا نەرویج و ئایسلاند و ئیرلەندە و هەڵەش نەبم کەنەدا شوێن ئەم مۆدێلە کەوتوون. ئایدیاکە ئەوەیە ئایا لەشفرۆش سزا بدرێت یان لەشکڕ؟ ئەمە پرسێکی ئابوورییە و زۆربەی بۆچونەکان ئەوەیە سزادانی لەشکڕەکە وادەکات خواست لەسەر کڕین و فرۆشتنی سێکس کەم ببێتەوە. لە رووی سیاسی و فەلسەفیشەوە، بۆچونەکە ئەوەیە تۆ ناتوانیت رێ لە کەسێک بگریت چی بە جەستەی خۆی دەکات. جەستەی خۆی هی خۆیەتی. بۆیە هەردەبێت رێ لە کەستمەرەکە بگریت، توشی سترێسی بکەیت و بەکورتییەکەی بە سزای توند زیڕەی پێ بکەیت و نەهێڵیت بە دڵییەوە بنوسێت تا لەو دیاردەیە دوورکەوێتەوە. بەهەرحاڵ، قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیە مەتڵەبێکی رۆژئاواییشە و بە ملیۆنان کەس دژی بازرگانیی سێکسن، شتێک نییە دنیای ئیسلامیی پۆزی پێوە لێ بدات. لە هەرێمی کوردستانیشدا داخوازیی هەر ئەو کەسانە نییە کە نوێژکەر و رۆژوگرن. ئەمە خاڵێکە زۆرینە دەتوانن لەسەری کۆک بن. بەڵام لە کوێدا سەرکەوتوو بووە؟ وەک چۆن لە ئێراندا سەرکەوتوو نەبووە و وڵاتێکی ئیسلامییشە، لە کۆمەڵگەی کوردییشدا ئەگەری سەرکەوتنی کەمە، لەبەرئەوەی سێ پایەی سەرەکیی دەوێت و لێرە پتەو نین: پایەی یاسایی، پایەی کۆمەڵایەتیی، پایەی ئابووریی. لە رووی یاساییەوە، ئێمە دەبینین لە غیاب و لاوازیی پایەی یاساییدا، کاک بافڵ بڕیار دەدات. سوپاسی ئەو دەکەین، بەڵام ئەمە بۆ خۆی بەڵگەی نەبوونی هەیمەنەی یاسا و لایەنی یاساییە. هەروەها ململانێی سیاسیی نێوان دەستە و تاقمەکان و کەڵەکەکردنی سامان ناهێڵێت لەسەر هیچ خاالێک کۆک بن. بۆیە شوێنی لەشفرۆشیی فڵان مەسول دادەخرێت وهی فڵان مەسولی تر هێز نییە بچێت بە لایدا.واتە خودی سیاسییەکەش بژاردەی زۆری لەبەردەست نییە و زۆر دژایەتیی دەکرێت. لە رووی ئابوورییەوە. هەم هەژاریی و بێکاریی و هەم نایەکسانیی زۆرە: ئەگەر هەژاریش نەبن، مرۆڤی هاوچەرخ تازە بە هیچ شتێک بە ئاسانیی تێر ناکرێت، شتەکانیش پارەیان دەوێت و بە پارە چارە دەبن نەک بە عەقڵ و قسەبۆکردن و ئەو شتانە. ئەمانەش رۆڵیان هەیە لەوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی سێکس بەردەوام بێت هەم وەک ئامرازی راکێشانی کڕیار و هەم وەک کەرەستەی غەریزەتێرکردن. واتە کەلێنی چینایەتیی بەهێزتر بووە و سێکسیش سەرچاوەیەکی قازانکۆکردنەوەیە و ئاسان نییە دژایەتیی بکرێت. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگەیەکە ئازادیی تیدا نییە و تەنها لە زەواجدا رێت پێ دەدات سێکست دەستکەوێت. خەڵکەکەش (زیاتر جیلی نوێ) کە لە روویەکەوە بۆ سێکس زەواج دەکەن، بە رێژەی بەرچاو فەشەل دەهێنن و بەرگەی ئەم فەشەلە ناگرن و بەربەستی هاتنە دەرەوەش زۆر زۆرە. زۆر کەسم دوواندووە و گەشتوم بەو دەرئەنجامەی لە هەندێک ئاستدا، گەشەی خواست لەسەر سێکس خۆی ئیفرازی بازاڕی هاوسەرگیرییە کە سەر ئێشەت توش دەکات، لە رۆتینی خۆیدا بێزارت دەکات، تەنانەت فەنتاسییە سێکسییەکانیشت تێر ناکات(واتە ئەم دوو خزمەتگوزارییە بەدیلی یەکترن و کار لە بازاڕی یەکتر دەکەن). لە نێوان بازاڕی هاوسەرگیریی و بازاڕی سێکسدا ئەوەیە پەیوەندیی کراوە هەبێت و سێکس وەک بەشێک لە حەز و ئارەزوو دەستکەوێت، نە ناچار بیت بیکڕیت و نە ناچار بیت هاوسەرگیریی بۆ بکەیت. بەڵام تێچووی ئەمەش بەرزە، بەتایبەت لەسەر کچان. بەکورتیی، ئەگەر رۆژئاوا بە دەست زۆریی بژاردەکانەوە دەناڵێنێت، کۆمەڵگەی ئێمە بە دەست کەمی بژاردەوە.بژاردەکە هاوسەرگیرییە و هاوسەرگیرییش پڕە لە کێشە و پێمان خۆش بێت یان نا، دنیای نوێش بە هەموو ئیغرائاتەکانییەوە چۆتە ناو پەیوەندییەکانەوە و ئاسان راناگیرێن. کەواتە هۆکار زۆرن خواست لەسەر سێکسکڕین زیاد بکات (یان دەبێت خۆت سەرکوت بکەیت). لەم ژینگەیەدا، جیاوازیی نێوان دەستە و گروپەکان فکر و ئارگومێنتی زانستیی نییە. مەبەستم چییە؟ لە وڵاتێکدا زانست رێزی هەبێت و ئازادیی هەبێت، گوێت لە کەسێک دەبێت دەڵێت (با بازاڕی کڕینی سێکس هەبێت چونکە راستە من وتۆ خۆمان دەگرین بەلام هەندێک هەن خۆیان ناگرن و تەحەروش بە کچ و ژن دەکەن. ئەمانە بە ترساندن چارە نابن. پێویستە لە پلانداناندا بیر لەوانیش بکرێتەوە نەک بانگەشەی گرتن و سەرپانکردنەوەیان بکرێت). یەکێکی تر ئەڵێ (نا با نەبێت، چۆن دەبێت دەرگای بازرگانیی بە جەستەوە بکەینەوە؟ ). لە بری مشتومڕی زانستیی، شەرعییەتدان هەیە کە زۆر سادە و ساکار و بێ بیرکردنەوەیە. جیاوازیی نێوان ئەم بەرەیە(بەرەی شەرعیەتپێدان) ئەوەیە کێ شەرعیەتێک پەیدا دەکات کۆمەڵگە قبوڵی بکات؟ بەهێزترن شەرعییەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە لە کونوکەلەبەرێکدا حەدیسێک یان ئایەتێک دەستخەیت. ئیتر سیغە دەکەیت، دوو ژن دەهێنیت، ژن تەڵاق دەدەیت بۆت ئاسان دەبێت کەسیش ناپرسێت کاکی فەتواچیی لە کوێ خوێندووتە؟ ئۆکسفۆرد یان هارڤارد و ئەمەت لە کوێ بوو؟ ئەشتوانیت لە شاخ و شۆڕشەوە شەرعییەتێک بهێنیت و بەسە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند ببیت، رابوێریت، دوو ژن بێنی، هتد. من و تۆ دژی فڵانە کەسین تەنها لەبەرئەوەی شەرعیەتی لە شوێنێک نەهێناوە، سەر بە مەزهەب و دیدگاکەی من و تۆ نییە. جا بۆیە گرنگ ئەوەیە شەرعیەتێک بێنیت، لە شاخەوە بێت یان لە مێژووەوە یان لە رۆژئاواوە تا دەرفەتەکانی ئەم کۆمەڵگەیەت دەستکەوێت. وەلحاڵ، زەمینەی کەمکردنەوەی بازرگانیی بە سێکسەوە لای ئێمە ئامادە نەکراوە. تەنانەت راگەیاندنیش رۆڵی باشی لەمەدا نییە، کۆمەڵگەش ئەیەوێت خۆی بسەپێنێت بێ ئەوەی سوچی دەرگایەکی تر بکاتەوە و مشتومڕی قوڵتر سەرپێ بخات، تا ئەو رادەیەی بڵێم دنیا خەریکە لەناو سادەییدا دەخنکێت: سادەیی لە بیکردنەوە و زۆر شت. هەڵبەت خۆشحالییەکی گەورەیە بۆ هەر مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی دنیا بێت ببینێت کەس پێویستی بە کڕین و فرۆشتنی سێکس نەماوە. قەدەغەکردنی بە یاساش هەنگاوێکی باشە وەلەو کەموکورتە.
عەبدولڕەزاق شەریف ناونیشانی ئەم وتارە، پرسیارێکی جەوهەری مام جەلال بو .! دوای هەڵبژاردنی مانگی نۆی دوهەزارونۆ، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بیستوپێنج کادری (ی ن ک)دا، کەتایبەت خۆی بەمەبەستی وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ قەڵاچوالان و ماڵەکەی داوەتی کردبوین . ـ پرسیارێک ئەکەم و ئیتر پێچەوانەی هەمو کۆبونەوەکانم من قسە ناکەم! گوێ لەوەڵامی ئێوە دەگرم و ئەنوسم، بەئازادی وەڵامم بدەنەوە، دوو رۆژ کاتم بۆ وەڵام و قسەکانتان هەیە .! مام جەلال ئەم قسەیەی کرد و قەڵەمەکەی خستە سەر ئەو لاپەڕە سپیانەی کەبەشێوەیەکی ناڕێک لەسەر مێزێکی بچوک لە هۆڵێکی گەورەدا لەبەر دەستیا دانرابو . وەک ئیمامی تەزبیحێک لەسەرەوە و ئێمەش دەنکە وردەکانی بازنەیەکمان بۆ دروستکردبو، هەر خۆشی وتی بەسەرە و بەریز دەست پێبکەن . پێچەوانەی خوڵقی خۆی لە هیچ وەڵامێک توڕە و دڕدۆنگ نەئەبو، بۆیە هەتا نۆرە ئەچوە سەر ئەویتر، قسەکانمان توندتر و ئازا و ئازادانەتر ئەبو، من دواکەس دوام، پێش منیش هاوڕێ سوارە پێی وت (مام جەلال ئەم ئیشەی تۆ لەبەغدا ئەیکەیت بۆ کورد بێسودە و هیچت نەکردوە و هیچیشت پێ ناکرێت، وەک ئەوە وایە پوش لە کا ببژێریت). ـ کارێک هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی سلێمانی تەنیا بەتۆ دەکرێت، ئەتوانی ئێستا بڕیار بدەیت هەرچی زەوی و بینای موڵکی گشتی خەڵکی ئەم شارە کەلەلایەن (ی ن ک) ەوە براوە و لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانیان … من ئەو قسەیەمکرد و چەندین نمونەشم خستە روو کەهەندێکیان بۆ بەرژەوەندی شەخسی چەند بەرپرسێکی یەکێتی بەکار دەهێنران . لەسەرسوڕمان و بێدەنگی ئەویشا خوێندمەوە کەپێی وایە ئەو زانیاریانەی لەسەر گەندەڵی یەکێتی و مەسولەکانی هەیەتی کەسیتر وردەکاریەکانی نازانێت .! چەند رۆژێکە و باڤڵی کوڕە گەورەی جێنشینی مام، وەک باوکی باسی ئاشتبونەوەی یەکێتی و خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکات . بە کارکردن بۆ گەڕانەوەی دۆخی سەرچنار بۆ ساڵانی پێشوتری، بەدروشمی پارێزگاری لە بەها ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان هەڵمەتێکی دەستپێکردوە و بەڵێنی بەردەوامی ئەدات . هەواری سەرچنار، لەگەڵ دروستبونی شاری سلێمانیدا، شوێنی سەیران و کەیف و سەفا و مەیخواردنەوە بوە، لە سەدان تێکستی ئەدەبی و هونەری پیاوە ناودارەکانیدا، وەسفی جوانی و گەورەیی کراوە، هەڵەیەکی گەورە لە مێژوی پیشەسازی عێراقدا کرا کە زیاتر لە تۆڵە کردنەوە لە شارەکە ئەچو نەک ئاوەدانکردنەوە ! کارگەی چیمەنتۆیان لەوێ دروستکرد، کارێکی باشکرا درەنگ وەخت راستکرایەوە و گواسترایەوە . ئەو نمونانەی پێش سیانزە ساڵ بۆ سکرتێری گشتیم باسکرد تەنیا موڵکە داگیرکراوەکانی شەقامی سالم بوو، لە (ئوتێل سلێمانی) یەوە وەک رێوڕۆیشتن پیایدا هاتم و نەگەیشتمە( یانەی شەوانەی سەناعە ) کە دواتر نەما و درا بە ئیدارەی گشتی و سەرمایەدارێک، ئیتر کیفایەتی پێهێنام . ئەمەی ئێستاش ئەینوسم ئەوانەی سەرچنارن و بۆ سەرۆکی ئەنێرم، بۆ ئەوەی وەک (یانەی شەوانەی سەناعە) دوای داخستنیان نەکرێن بە ئوتێل و پرۆژەی بازرگانی هاوبەش، بەڵکو رێگە دروستەکە بگرێت و تاپۆکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ موڵکی گشتی و فەرمانگە رەسمیەکانی خۆیان، ئەو بڕیارەش تەنیا بەسەرۆکایەتی ئەو لە یەکێتیدا ئەدرێت و کەسیتر . دەستخستنی زانیاریەکان بۆ سەرۆک هیچ گران نین، وەک دەستخستنی (ئیزبارە و سجلی ئەساس)ی موڵکەکانی قادرکەرەم مەکە .! کەئەبوا کەسێکی خۆتت راسپاردایە وێنەیەکی لەبەر بگرتنایەتەوە و بۆی رەوانە بکردیتایە، چونکە دواجار وێنە ئۆرجیناڵەکە شوێنەکەی دائیرەی تاپۆیە، موڵکی وەزارەتی عەدلی عێراقیە و وێنەیەکی تریش هەر لەو وەزارەتە لە بەغدا هەیە، کەساڵانێکی زۆرە وەزیرەکەی کورد و یەکێتیە . لە سەرچنار : * دوو ئوتێلی پێنج ئەستێرە دیار نەماون * بێشەکان و باخەکان بەسەر مەسولەکان و ئیدارەی گشتی دابەشکراون * (خانوەکانی مەنسەب) هەریەک هەزاران مەتر بوو، لەسەر هەندێ مەسول تاپۆ کراون * سەرجەم یانەکانی لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون * شاری یاری و هەوارگەی تاڤگە، هەوارگەکانی چەق چەق لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون * کارگەی چیمەنتۆکە لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە * سەیرانگای نەورۆز لەنێوان کێشەی جەلال خەفاف و نەرۆزدا، مەکتەبی شەهیدانی یەکێتی تاپۆی کرد و جەلال و خانەوادەکەی هانایان بۆ مەسعود بارزانی برد ! ئەویش هیچی بۆ نەکردن و شاربەدەر و ئاوارەی دەرەوە بون * زەویەکانی شەقامی سەرەکی بۆ ناو سەرچنار (بەبازرگانی کران) و بەسەر مەسولەکانا دابەشکران لەم هەمو موڵک و زەویانەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی( شارەوانی ، زەراعە و سیاحە ) یەک پارچەشیان نەماوە .! گەر ئەتەوێت بەراستی خەڵکی سلێمانی ئاشت بکەیتەوە ؟ سەرۆک داوای وێنەیەکی ( ئیزبارە و سجلی ئەساس ) ی موڵکەکانی سەرچنار بکە و لیژنەیەکی شارەزای تاپۆش، ئەتوانن هاوکاریت بکەن، بەڵام لەو کارمەند و بەڕێوەبەرانە نەبن کە وەک غەنیمەی شەڕ رەفتاریان لەگەڵ موڵکی گشتی شاری سلێمانیدا کرد . سەرۆک ئەو موڵک و زەویانە بگەڕێنەرەوە بۆ خەڵکی شار، گەر ئەوەت جێبەجێکرد، بەڵێن بێت تەواوی موڵک و زەویە گشتیەکانی (دزراو و داگیرکراو)ی شاری سلێمانیت بۆ ئەنوسم و هەموشمان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانا ئاشت ئەبینەوە
بڵێسە جەبار فەرمان کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، یان کورد گەلی بێ وڵات. ئەمە یەکێکە لەو پێناسانەی کە بۆ کورد دەکرێت. ھەرجارێک ئەم پێناسەیە دەخوێنمەوە یا دەبیستم پەست دەبم و جۆرێک لە شەرم دامدەگرێت. پەست بوون لە دوژمنەکانمان و ئەوانەی بوونە ھۆکاری دابەش بوونمان نا، بەڵکو لە خۆمان. کورد، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ھۆکاری سەرەکی دەردەسەریەکانی دەزانێت، بەڵام لە بری دروست کردنی لۆبی و دیبلۆماسیەت و سیاسەتکردن لەسەر بنەمای دەوڵەتداری لە دژیان، پەنا دەبات بۆ شاخەکان و دژ بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دەجەنگێت. وێنەی کورد لە زھنی جیھان و خۆمانیشدا وێنەی پێشمەرگەیەکە بە بڕنەوەوە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان لە سەنگەردا. دەوترێت لە سیاسەتدا دۆستایەتی و دوژمنایەتی تا سەر نیە. بائێمەش بە لیستی دۆست و دوژمنەکانمان دا بچینەوەو لەسەر بنەمای دەستکەوت بۆ نەتەوەکەمان سیاسەتمان داڕێژین. پرسی کورد چەن ناوخۆیی و پەیوەندی بەدەوروبەرەوە ھەیە، لەوە زیاتریش پەیوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلمیەوە ھەیە. دۆزی کورد لە مەتبەخی سیاسی جیھان دا بڕیاری لەسەر دەدرێت. کەواتە مەحفەلی نێودەوڵەتی ھەمیشە یەکلاکەرەوەیە. کورد دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بە لیستی دۆست و دوژمنەکانی دا بڕواتەوەو دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بکات. دەوترێت کورد ھەمیشە خیانەتی لێ دەکرێت و ھەرزان فرۆش دەکرێت. ئایا ھۆکاری ئەم بەکارھێنانەی کوردو دواتر پشتتێکردنی بێ شەھامەتی ئەو وڵاتانەیە یا ساویلکەیی کوردە؟ دەرس لە مێژوو وەرگرتن و پێداچونە بە سیاسەت و ستراتیجیەتەکان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ بۆ ئایندە دەبێت لە دەستپێکی شێوازی کارکردنمان بێت. شەرمە لەمە زیاتر گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات بین. لە ئێستا بە دواوە دەبێت سنورە دروست کراوەکانی نێوان بەشەکانی کوردستان نەھێڵرێت و کارو سیاسەتی ھاوبەش لەنێواندا دابڕێژرێت. بەرخورد کردنمان لەگەڵ ھەموو بەشەکانی نیشتمان لە روانگەی نەتەوەییەوە بێت. پشتیوانی سیاسی یەکتر، پشتیوانی کالتوری و ئابوری یەکتر، لەجیاتی دەستتێوەردان لە کاروباری یەکتر، کە داگیرکەر سودی لێ دەبینێت. باشترینە. با ئەو سنورە دروست کراوەی غەدری وڵاتان و مێژوو بە پشتیوانی لەیەکتر کاڵ بکرێتەوە. کورد سەرباری مەترسیەکان لەسەری بەھۆی بوونی حوکمڕانیەکی نیمچەیی لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت ھێزی دیبلۆماسی بەکاربھێنێت. لە رێگەی کەناڵی جیاجیاوە کە دەتوانرێت کار بکەنە سەر بیروڕای ناوەندی بڕیار بەدەستی جیھانی. ھەروەھا تێگەیاندنیان لەسەر کرۆکی کێشەی مێژوویی ناوچەکە ئەو کێشەیەی کە بڕیاری نێودەوڵەتی خۆی دروستی کردوە. دواجار ئەرکی ئەوانە چارەی بکەن و ئەرکی کورد خۆشیەتی تێگەیشتنی چارەسەریان بۆ دروست بکات. رۆژئاوای کوردستان بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگیەکی ستراتیجی ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش بایەخی زۆر ستراتیجی تری بۆ رۆژئاڤا ھەیە. کوردستانی عیراق شەریکی راستەقینەی سەرکەوتنی حوکمڕانی رۆژئاڤایەو بەھێزی پێشمەرگە بەشداری شەڕەکانی دژی تاریکپەرستانی داعش کرد. نوسینگەی فەرمی کانتۆنەکانیش لە سلێمانی کرایەوەو، ئعتراف کرا بەو ئەزموونە کوردستانیە لە رۆژئاڤا. لە ئێستادا بەرەیەکی ھاوبەش وەک بەرەی دژ بە تیرۆر، ئاوەھاش بەرەیەکی کوردستانی ھاوبەش زەرورەتی خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی کوردستانە. بۆچی رۆژئاڤا بۆ ئێمە گرنگە، چونکە تاقە حوکمڕانیەکە بە خوێنی کوردی ھەر بەشی کوردستان ئازاد کراوەو ھەرێمی کوردستانیش رۆڵی راستەوخۆی ھەبوو لەو سەرکەوتنە. لەھەمان کاتدا دوژمنی ھاوبەشمان ھەیەو خاڵی ھاوبەشی خوێن و کەلتورمان ھەیە. پشتیوانی کردنی یەکترو دۆستی نێودەوڵەتی زیاتر کردن تەجروبەکە ئەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو تر. ھەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا لەسەر ھێڵی ھەناردە کردنی نەوت و گازن بە بەندەرەکانی جیھان. بونی ئەم ھێڵە گرنگە ھاوپەیمانی نوێ و دۆستی نوێمان بۆ پەیدا دەکات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش. باش ئیدارەدانی ئەم مەلەفە کورد دەباتە ئاستێکی تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. بێگومان ئەم ھاوکێشەیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و بەکرێگیراوەکانیان نیە. بەدڵنییایەوە دیسانەوە لەناو خۆماندا لە ئیدارەدانی ئەو مەلەفە ناکۆکیمان دەبێت و ھەندێ لایەن لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ دژایەتی دەکەن. ئەمە بێجگە لەوەی ئەو ھێڵە حەریریە کە ساڵانێکی زۆرە لە لایەن چینەوە کاری بۆ دەکرێت بە رۆژئاڤا و ھەرێمی کوردستان دا تێدەپەرێت. ئەم ناوچەیە بەو ھۆیەوە بازرگانی جیھان دەبەستێتەوە. بەرژەوەندی ھاوبەش و ھێڵی ئاسنین ئسرائیل و سعودیەی پێکەوە خستە بەرەیەکەو و ھاوپەیمانی و پەیماننامەیان لە نێوان خۆیان دا ئەنجام دا. یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیاسەت بریتیە لە ئابوری. وەک ئاماژەم پێی دا سیاسەتی جیھانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەکان پەیڕەو دەکرێت. گەر کورد بە لێھاتوویی سیاسەت بکات، دەتوانرێت دەرگای ئەم سیاسەتە لە گۆڕەپانی جیھانیدا بەسەر کورد دا بکرێتەوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک ھێزێکی کوردستانی کاریگەر بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەو ھاوکێشە نوێیانەی سیاسەت و چی لەبەرژەوەندی یەکڕیزی نیشتمانی گەلەکەمان بێت درێغی نەکردوەو نایکەین. بەتابەتیش بۆ زیندوو کردنەوەی نەریتی پشتیوانی بەشەکانی تری کوردستان. دیداری یەکێتی بڕیاری پەیڕەو کردنی سیاسەتی پشتیوانی دا. لەھەمان کاتدا دەستێوەردانی رەتکردۆتەوە، یەکێتی وەک ھێزی حوکمڕان لە ھەرێمی کوردستاندا توانیویەتی ئەزمونێکی باش لە راگرتنی باڵانس پێشکەش بەم خەباتە بکات. لە گوتاری سیاسی باڵای یەکێتیەکەماندا ئەم نەھجە بە روونی ئاماژە پێ دەکرێت نەک ھەر ئەوە لە دیدارو کۆبونەکان لەگەڵ لایەنە کوردستانیەکان ئاماژە بە پەرۆشی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی لە پێناو ئامانجە باڵاکاندا دەکرێت و شاھیدی بۆ دەدەن. لە ماوەی رابردودا بە نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشدار بوین لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدالەگەڵ پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان کۆبووینەوە بەئامادەبوونی ئاسیا عەبدوڵا بەپرسی پەیەدەو عەبدولکەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندیەکانی کانتۆنەکانی رۆژئاواو سەرۆک و نوێنەری زیاتر لە حەوت پارتی تری رۆژئاوا. ھاوکاری و پشتیوانیەکانی یەکێتی و سیاسەتی یەکێتی بۆ پرسی رۆژئاوای کوردستان روون کردەوە. لایەنەکانی ئامادەبووی کۆبوونەوە رۆڵی یەکێتیان لە سەرخستنی ئەزموونی رۆژئاوا بەرزنرخاند. بوونی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی سیاسیان بە پێویست زانی. ئەم ھەوڵانە دواجار دەڕژێنە جۆگەڵەی بەھێز کردنی بەرەی ناوخۆییمان و پەیداکردنی پشتیوانی بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان. بۆ ئەوەی چیتر نەوترێت کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، ئەو دوو ئەزموونەی حوکمڕانی کوردستان بە ھاوکاری یەکترو ھاوبەشیکردنی زۆرترو کردنەوەی سنوری زۆرتر لەنێوان دا بەھێز بکرێت. ھەم بۆ خۆشگوزەرانی ھاونیشتمانیانی ھەردوو لاو ھەم پتەو کردنی بەرەی دژایەتی کردنی تیرۆر، ئاکامیش لە فۆرمێکی باشتر لە ئێستا ببێتە ناوکی دەستخستنی مافی چارەنووسی کوردستان.
جەگەر محەمەد ئێک ژ کارێن هەڕە مەزن یێن بەنکێن بازرگانی، ئەڤە کو دبیتە ناڤەندگێر دناڤبەرا وان جهـ و کەسێن پارێ زێدە هەی ووان جهـ و کەسێن پارە نەبن. ئەو کەس وجهێن پارێن زێدە هەی، پارێن خو دانە بەنکان، بەرامبەر رێژەکا قازانجی کو نهادا لـ هەرێمێ لـ بەنکێن بازرگانی (4%)ـیە، بەنکێن بازرگانی ئەوی پارەی جارەکا دی دەنە کەس وجهێن دی ب رێژەیا قازانجێ زێدەتر ژ 4%. بو نمونە، کەسەکێ 100 هزار دینارا بدانیتە بەنکێ، بەنک دێ 20% هەلگریت وەک یەدەکا نەچاری، کو بەنکا ناڤەندی لـ سەر بەنکێن بازرگانی سەپینیت، و دێ 80 هزاران ب قەر دەتە کەسەکێ دی، ئەو کەس دێ 80 هزارا بەتە بەنکەکا دی، جارەکادی ئەو بەنک 64 هزاران دەتە کەسەکێ دی ب قەر، و ئەڤ کریارە دێ بەردەوام بیت، دبێژنە ڤێ کریارێ چێکڕنا پارەیان. تنێ دڤان دوو نمونەیان دا هەر 100 هزار دیناران 44 هزار دینار زێدەبون، واتە قەبارەیێ دڕاڤی لـ بازاری دا زێدەبوو، زێدەبونا دراڤی واتە بێ بهبونا وی، ئەڤە دەمەکێ دایە کو بەنکا ناڤەندی تێرا 100 هزار دیناران کەڤەر (پارسەنگ)ـا دیناری هەیە، و ئەو 44 هزار بێ کەڤەرن، واتە بێ زێر وکاغەزێن دارایی و بازرگانی نە و ئەڤ زێدەبونە زێدەبونەکا ژمارەیی یە، ئەڤە بوو هەمی دڕاڤ ووەڵاتان راستە.
شوان سدیق: ئیتاڵیا رۆژی هەینی جۆرجیا میلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، سەردانی هەرێمی کوردستان کرد. "سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگ دەبێ، بەتایبەتی بۆ بەسەرکردنەوەی یەکەیەکی هەزار سەربازی ئیتاڵی و ناتۆ کەئێستە ئیتاڵیا سەرۆکایەتی ناتۆیش دەکات لە عێراق، پاشان بابەتی پرسی وزەو چەک و کۆمپانیا ئیتاڵیەکان لە عێراق بابەتێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانەو دەیەوێ لەم ڕێگاوە پەیامی خۆیان بۆ پشتیوانی ئۆکرانیاو دۆزینەوەی بازاڕی وزە لەبری وزەی ڕووسیا".. لیبێرۆکواتێدیانی مێدیای ئیتاڵی... ئیتاڵیا پەیوەندی سیاسی و بازرگانی و کەلتووری لەگەڵ عێراق و هەرێم زۆرە. ئەندامی هاوپەیمانی شەری دژە داعشەو سەرۆکی خوولی ئێستای ناتۆیە لە عێراق. قەبارەی ئابووری نێوان عێراق و ئیتاڵیا نزیکەی 600 ملێۆن دۆلارە لە ساڵێکدا. ژمارەی کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا نزیکەی 100 کۆمپانیا دەبن، لەبواری وزە، ڕێگاوبان، هەروەها کاڵاو پێداویستی جوانکاری، کشتوکاڵ، خواردن و خواردنەوە. کریارێکی سەرەکی نەوتی هەرێمیش بووە لە ساڵی 2015 بەردەوام نەوتیان کڕیوە، بۆنموونە نەوتی مانگی 2021ی هەرێم 40٪ بەئیتاڵیا فرۆشراوە، تائێستەیش ڕێژەی 37٪ نەوتی هەرێم دەکرێ! ڕاستە سەردانەکەی مێلۆنی بەشێکی بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئیتاڵیایە بەڵام پەیامێکی سیاسی و دیبلۆماسیشی لە پشتە، ئێستە وڵاتانی کەنداو عێراقیش بەشێکە لێیان بۆتە جێی سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی لەبواری وزە. بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە هەڵئاوسانی ئابووری لە ئیتاڵیا گەیشتۆتە 11٪ ئەمەیش وایکردوە، دەوڵەت بیر لەڕێگا چارەیەک بکاتەوە، پاش جەزائیر و قەتەر و چەند وڵاتێکی ئەفریقی پێدەچێ عێراقیش لەڕیزی ئەو وڵاتانە بێ ئیتاڵیا هەوڵ دەدا گرێبەستی وزەو سووتەمەنیان لەگەڵ واژۆ بکات. جۆرجیا مێلۆنی تەمەنی 45 ساڵەو هاوژینی هەیەو خاوەن کچێکن. مێلۆنی سەرۆکی پارتی فرەتێلی/برایەتی ئیتاڵیە پاش ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پارتەکەی بووە یەکەمی براوەی هەڵبژاردن و لەگەڵ پارتی فۆرزا ئیتاڵیای سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی و پارتی لێگای ماتێۆ سالڤینی هاوپەیمانی باڵی راستی ناوەندیان پێکهێنا. مێلۆنی یەکەم ژنە لە مێژووی ئیتاڵیا دەبێتە ٦٨هەمین سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە ڕۆژی 23ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ. پێناسەی مێلۆنی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات:. ٭ دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ خێزانەکان. پاڵپشتی خێزان و منداڵان و بەرزکردنەوەی بژێوی ژیانیان. ٭ کەمکردنەوەی باج لەسەر داهات کەمەکان و بەرزکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاو بازرگانان. هەر چەندە بەپێی یاسا ڕێگایان پێدەدرێ بەڵام مێلۆنی دژیانە! یەکەم: مێلۆنی دژی لەباربردنی منداڵەو نایەوێ ڕێگابدرێ کەژنان بەهەر بیانوویەک منداڵەکانیان لەبار ببەن. دووەم: پرسی هاوڕەگەزخوازی و بابەتی هاسەرگیریانە لە ئیتاڵیا ڕێگایان پێدەدرێ و ئازادن، بەڵام میلۆنی دژایەتیان دەکات، ئەوایش بەردەوام لە شەقامەکان ناڕەزایی دەردەبڕن! خاڵێکی دیکە مێلۆنی دژایەتی و نەیاری خۆی لەبەرامبەر بێگانەو کۆچبەران نەشاردۆتەوە، ئەو پێیوایە پێویستە "ئێمە شوناسی نەتەوەیمان بپارێزین. لە بەرامبەر هاتنی بەلێشاوی بێگانە بۆ ئیتاڵیا!! هەروها ڕێگری لە پەنابەرانی نایاسایی دەکات بێنە نێو ئیتاڵیا.. وەکو یەکەم ئیدارەدان لەلایەن باڵی راستی ناوەند و ئەوفشارانەی لەسەر مێلۆنیە، لەنێوخۆ و ئەوروپایش ئیدارەکەی دەیەوێ پەیوەندی دیبلۆماسی بەقازانجی خۆیان پەرەپێبدەن، هەر ئەمەیش وایکردوە، مێلۆنی لەماوەی ئەم دوو مانگەی لەدەسەڵاتی دووجار گەشتی کردوە بۆ ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست... دەربارەی ئیتاڵیا.. کۆماری پەرلەمانیەو هەموو پێنج ساڵ جارێ هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ، سەرکۆمار حەفت ساڵ جارێ لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێ. لەم خوولەی ئێستەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران، بەپشت بەستن بەریفراندۆمی گشتی ڕابردوو ژمارەی کورسیەکان کەمرانەوە. ئەنجوومەنی پیران لە 315 بۆ 200 کورسی. پەرلەمان، لە 630 ئەندام بۆ 415 ئەندام.. ژمارەی دانیشتوانی ئیتاڵیا زیاتر لە 60 ملێۆنەو دابەشبوونە بەسەر 20 هەرێم. ئیتاڵیا لە ئەوروپا ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، بانکی ناوەند، ڕێکەوتنی شنگ و ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆیە. لەسەر ئاستی جیهانیش ئەندامی کۆمەڵەی حەفت وڵاتە پیشەسازیە جیهانیەکەیە بەکۆمەڵەی G7 ناسراوە.
ئاسۆ عەبدوللەتیف کوردی عێراق “تەڤگەری باشور” لەگەڵ سیستمی شیعەی دەسەڵاتداری نوێی عێراقدا، ڕێککەوتنی سیاسی و دۆخی لێتێگەیشتنی سازانی لەم ساڵانەی دوایی دروست کردو ڕێگا لۆژیکیەکەی حوکمڕانیکردنی هەڵبژارد لەبری ڕێککەوتن لەگەڵ ناڕازیەکان و ئۆپۆزسیۆنی نادیارو ڕاڕادا، کوردی تورکیاش “تەڤگەری باکور” دەبێت چیتر باوەڕ بە گوتاری ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنە ساختەو تازانە نەکات کە ماوەیەکە بانگەشەی ڕیفۆرم و دیموکراسیەتیان بەرزکردۆتەوە، هەدەپە کە نوێنەرایەتی فەرمی ئەو خەتە گشتییە کوردییە دەکات لە تورکیا، یان دەبێت هێڵی سێهەمی خۆی بپارێزێت یان سازان بکات لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداری ئاکپارتی. پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، خاوەن ٦٧ کورسی پەڕلەمان و سێهەم گەورەترین فراکسیۆنەو بۆتە ئەمری واقیع و ماکینەی گەرمبوونی پرۆسەی سیاسیی و کەلتوریی و ناکرێ پشتگوێ بخرێ، تەنانەت ئەردوغان حسابی جددیان بۆدەکات، کەچی لای ئۆپۆزسیۆنی نوێ توندتر پەراوێزخراون! ئەم بەرە شەش حیزبە ئۆپۆزسیۆنەی تورکیا بەبێ هەدەپەو بە سیاسەتی نەژادپەرستی و دورخستنەوەو دیدی تۆڵەسەندن، مێژووی تاڵ و تراژیدیاکانی سڕینەوەو ئایسیمیلاسیۆنی نەوەدساڵی رابردویان دەرهەق بە کورد هەڵدایەوە. هەر لەو سەرەتایەوە سەردەمی کۆنی نکوڵیکردن و ڕەدکردنەوەی سیستمی دڵڕەقانەی کەمالیزمیان بیرخستینەوە، دژی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەساڵی ١٩٢٥ و ڕاپەڕین و شۆڕشی ئاگریی- ئارارات لە ساڵی ١٩٣٠ و کۆمەڵکوژیەکانی دێرسیم و سەرهەڵدانەکانی سەیدڕەزاو هۆزەکان لەساڵی ١٩٣٧ تا کۆمەڵکوژی شێرناخ و ئامەد. ئەو پارتانە پەیامێکی فاشیستانەیان دا بە گوێی دەنگدەرانی تورکدا کە کوردەکان جێگایەکیان نییە بۆ هاوژیانیی لە ئەجێنداو ڕۆژمێری تازەی ئەواندا گوایە بەو سیاسەتە دەنگ باشتر کۆدەکەنەوە، ئەو پەیامە لە پەیامەکانی ئاکەپەی دەسەڵاتدار توندتربوو، ئەوە هێڵی نیۆفاشیزمی لیبڕاڵە، هەدەپە دەبێ حساباتی بۆبکات چونکە ئەمانە سبەی دەبنە بەشێک لە دەسەڵات، وەک گورگە بۆرەکان و ڕوانگە فیکریەکانی نیۆفاشیزم و ڕاسیستی نوێ دژی کوردو مافەکانی کاردەکەن. ئەگەرچی لە ئەدەبیاتی سیاسیاندا باس لە هەندێک ماف و ئیمتیاز کراوە بۆ کوردی باکورو کەمەنەتەوەکان، کەچی هەدەپەیان نەخستۆتە بەرەکەیان و هەر لەو سەرەتایەوە ئەجێندای ئەو پارتانە، پڕیەتی لە دیدی فاشیزم و نەژادپەرستی و پاکتاوکردن و گوتاری ڕەدکردنەوەی بە تۆپزیی پێوە دیارە، بەیاننامەی سەرەتاشیان لە ٥/٢/٢٠٢٢ بە دیدێکی تەسکی حیزبیی پانتورکی و تۆرانیزم نوسرا، ئەوە نەخشەڕێگایەکی دژە دیموکراسیی پەتییە کە ئازادی گەلان هەرگیز لە بەرچاو نەگیراوە. گەرچی ئاماژە بە فیدراڵیەت و مافی زمان و کەڵچەر دراوە بە نەژادەکانی ئەرمەنی و یۆنانی بەپێی پێوەری دیموکراسی و خۆ وەرچەرخان بۆ ئەو فرە رەنگیەی یەکێتی ئەوروپا بەڵام ئەوە بەس نییە. بۆیە گرنگە هەدەپەش ئەجێندای ڕوون بێت و یارییان پێ بکات، بیانخاتە ناو سیناریۆکانی خۆیەوە، بیانکاتە بابەتی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ ئاکپارتی بۆ دەستکەوتی حیزبی و نەتەوەیی و جڤاکیی. هەدەپە چەندین ساڵە باش لە ستراتیژو ڕوانگەکانی ئاکپارتی تێگەشتوەو تێدەگات،خۆی ڕاهێناوە لەسەر ڕەوشەکەو دەبێ لە ئێستاوە سزای ئەو شەش پارتە بدات دەرچوون لە بازنەکەیان، لە ڕابردوودا هەدەپە کاندیدی چەهەپە-ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆیان سەرخست بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ دژی کاندیدەکەی ئاکپارتی و هیچ دەستکەوتێکی بۆ کوردو دۆزەکەی نەبوو بگرە زیانی زیاتری پێگەیشت لە سیاسەتی جێگیردانان-قەیومدا. بۆیە هەدەپە لەداهاتووی نزیکی هەڵبژاردنی گشتی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا. دەبێ مۆدێلێکی تر تاقی بکاتەوە، هیچ نەبێت بەو مەسافەو ئەوەندە دوور نەوەستێت لەگەڵ گوتاری ئاکپارتیدا بۆئەوەی بە ئاگری پارتی ئۆپۆزسیۆنی نیۆفاشیستەکان نەسوتێنەوە.
فارس نەوڕۆڵی ژیان لەسەر دوو چەمک بەڕێوە دەچێت، ئەو دوو چەمکە یەکێکیان فەزای ئاشوب و ئەوی دیکەیان فەزای ئارامی دروست دەکات. ئەو دوو چەمکەش (توندوتیژی و ناتوندوتیژییە) هەریەک لەو دوو چەمکە تیۆریست و ڕابەرانی خۆیان هەیە. مەبەستمە قسە لەسەر کەلتوری ناتوندوتیژی بکەم، کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ یەکێتی ژیان لە نێوان سۆز و بۆچوون و کارکردنمان و گەڕان بە دوای فەلسەفەی ژیاندا، ژیانیش واتە بەرهەمهێنان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێ ترس و ئازا، مەبەست لە ئازایەتی بەو مانا دواکەوتووە وەحشیانە نیە، کە بریتی بێت لە مرۆڤ کوژ و تۆقێنەر و ترسێنەری خەڵک ئازایەتی مانای ئەوە نییە خەڵک لێت بترسێت، چونکە ئەگەر لێت ترسان ڕۆژێک بیر لە کوشتنت دەکەنەوە، بەڵکو ئازایەتی لە ڕووی مرۆیی و ئەخلاقییەوە واتە ناتوندوتیژ و تێکۆشان دژی ترس و لەرز، بۆیە ڕابەرانی ناتوندوتیژی (گاندی و مارتن لۆسەر و ماندێلا) ئازایەتیان بەرجەستە کرد بۆ نەمانی ترس و تۆقاندن و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێ ترس، چونکە ئەو ڕابەرانەی ناتوندوتیژی پێیان وابوو هیچ نەتەوەو شارستانییەتێک بەر مەبنای ترس پێشناکەوێت و دروست نابێت. کەواتە هەر حکومەتێک و هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرمەبنای ترس و تۆقاندن دامەزرێ ئەوا نەتەوەیەکی ترسنۆک دروستدەکات و توانای هیچ ئاڵنگارییەکی دەرەوەی خۆی نییە. بۆیە مارتن لۆسەر پێیوایە ئازایەتی هێزی زیهنە بۆ لەناوبردن و ملکەچکردنی ترس هەتا کۆمەڵگایەکی بوێر دروستببێت. کەواتە ناتوندوتیژی بۆ ئەوەیە ترس لەناوبەرین نەک کۆتایی بە ململانێی جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤەکان بهێنین، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ دروستکردنی ململانێی ئاشتییانەی نێوان ئامانجە جیاوازە ئەخلاقییەکان. کەواتە مرۆڤە بە ئەخلاق و بوێرەکان مرۆڤە ناتوندوتیژەکانن لەبەرامبەردا ترسنۆکەکان توندوتیژن، نمونەی دیکتاتۆرەکانی جیهان زۆرن بۆیە گاندی ڕابەری ناتوندوتیژی دەڵێت: ( ناتوندوتیژی شایستەی ئەو کەسانەیە کە لە ڕووی ڕۆحییەوە بەهێزن نەک ئەوانەی دوو دڵ و لەرزۆکن ) ناتوندوتیژی ئەو فەزایە دروستدەکات جیاوازەکان پێکەوە هەڵکەن، لە ناتوندوتیژیدا زەمینەی دادپەروەری فەراهەم دەبێت و ڕێگا خۆش دەکات داهات بە دادپەروەرانە دابەشبکرێت. ئەو کاتەش داهات بە دادپەروەرانە دابەشکرا ڕێگا لە ئاشوب دەگیرێت. کورد ئەو نەتەوەیەین کە لە مێژەوە زۆرترین بەریەککەوتنمان لەتەک توندوتیژی داگیرکەراندا هەبووە هەتا ئاستی سڕینەوەمان، لەلایەکی دیکەوە ئەو توندوتیژییانەی لەناوخۆدا دەرهەق بە یەکتر کردومانە کەمتر نییە لە توندوتیژی داگیرکەران. بۆیە گەلی کوردستان لە هەموو شت زیاتر پێویستی بە قوڵکردنەوە و چاندنی کەلتوری ناتوندوتیژییە و پێویستی بە ئامرازی ناتوندوتیژییە، پێویستی بە پەروەردەی ناتوندوتیژییە، پێویستی بە سیاسەت و حزب و کارەکتەری ناتوندوتیژە، پێویستی بە کۆمەڵگای ناتوندوتیژە بۆ ئەوەی تاکێکی بێ ترس و کۆمەڵگایەکی بێترس بەرهەمبێت، چونکە ئەوە تاکی ئازاو ئازاد و نەترسە دەتوانێ نەتەوەو دیموکراسی دروستبکات نەک دەوڵەتی بەهێز، بۆیە ڕێگای ناتوندوتیژی کلتوری ناتوندوتیژی تەنها ڕێگایە بۆ ڕێگرتن لە ئاشوب و گەشتن بە ئامانجەکانمان.
شوان سدیق یەنک٫ بەناوی شەفافیەت و پدک چاکسازی دەیانەوێ کات بکوژن لەبەرژەوەندی مانەوەیان لە دەسەڵات، هەندێ کەسیش بە تەڵەکەوە بوونەو ڕیکلامیان بۆ دەکەن! نیشتیمان پەروەرە گەندەڵەکانی ئەمڕۆ، پدک بەناوی چاکسازی و یەنکیش شەفافیەت دەیانەوێ درێژە بە بەردەوامی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بدەن. هەردوو حزبەکە، زۆر دوواکەوتن لەوەی بێن باسی چاکسازی و شەفافەت بکەن، بگرە ئەگەر ئیسڵاحخوازبن خۆیان دەتاوێنەوە چۆن؟! چەندین ساڵە داهاتی گشتیان قۆرغکردوە، پێکهاتەی حزبی و دامەزروەکانی خۆیان وەکو کۆمپانیا، مێدیا، سەپۆتکردنی ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی حزبەکانیان. لەسەر داهاتی گشتییە. هەردوو حزبەکە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس داهاتی گشتیان دابەشی ٤٣% بە ٥٧% لە نێوان سلێمانی و هەولێرکرد پاشان ئەو داهاتە بەبێ چاودێری ڕەقبێکی دڵسۆز لەنێوان هەردوولا حزب دێزەبەدەرخونەکراوە! بانگەشەی چاکسازی و شەفایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چۆن ولەپای چی؟ یان پاش چی، ئەمە پرسیارە خەڵک دەیکات و تێدەگات کە هەردوو حزب جێی متمانە نین. چۆن شەفاف دەبن و چاکسازی دەکەن، تەنیا سەیری ئەم پاکێجە بکەن. لە شکرێ مێدیای حزب و سێبەر بەپارەی چی و کێ بەێوەدەچێت؟ سەرمایەی کۆمپانیاکانی پدک و یەنک لەبواری نەوت، ڕێگاوبان، چیمەنتۆ، هاوردەکردن و هەناردەکردن..هتد. داهاتی ئەم کۆمپانیانە بۆکوێ دەچێ و هی کێیە؟! هەردوو حزب بازاڕیان تەنیوە، سەرمایەی وڵاتەکەیان بەناشەرعی لەنێوخۆیان دابەشکردوەو بەشی کۆمەڵێک کارەکتەری دەوروپشتی خۆیانداوە، ئەوانیش ڕژاونەتە نێو بازاڕی کارو سەرمایەگوزاری دەکەن. خەڵک هەمووی تێدەگات و دەزانێ، تەنانەت وردە سەرمایەدارێکیش کە ئیشی خانووبەرە بکات یان مارکێتێکی داناوە، ئاشکرایە ئەو پارەی کاری پێدەکات هی کێیەو چۆن پەیدای کردوە! لەکوردستان بەئاسانی حزب دێت پارەی گشتی دەکەن بە ڕەش و دووبارە لەبەرژەوەندی خۆیان سپی دەکەنەوە.. دیارە لە کوردستان، پارەسپکردنەوە، وەکو تاوانێکی دارایی بوونی هەیە جۆری ئەم پارەیە بەپێچەوانەی زۆر وڵاتی دوونیا پارەی کوردستان موڵکی گشتیەو بەئاشکرا دەدزرێ. ئاشکرایە کە پارەی کوردستان داهاتی قومارخانەو مەلهاو چەتەو ڕێگرەکان نییە، بەڵکو داهاتی گشتیەو هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار لەسەرەوە دەستی بەسەردا دەگرن و بۆ خوارەوە شۆڕی دەکەنەوە. ئاشکرایە، ئەم داهاتە ئێستە لە نێو بازاڕی کاردایە جگەلەوەی لەرێی كڕینی ڤێلا و ئۆتومبێلی گرانبەها پارەی گشتی بەهەدەر براوە. هەردوو حزب هەستاون بە دروستكردنی كۆمپانیا بەناوی خۆیان و شەخسی نزیکیشیان تەنانەت کۆمپانیا وەهمی بەرێكاری یاسایی و ئەنجامدانی گرێبەست بە پارەی خەیاڵی. وەها چونەتە نێو بازاڕەوە ئاشکراکردنیان ئاسان نییە، بەڵام دیاریشە کەسێک کە خاوەنی هیچ نەبووە ئێستە کۆمپانیای بەناوە! کەواته قسەیەک بەناوی چاکسازی و شەفافیەت بۆ ساردکردنەوەی شەقامەو بەس!!
پشکۆ ناکام ئاساییە هەر کەسێک بیەوێ شار یان ناوچەیەک بکا بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ، بەڵام ئەو هاوکارییە لە دیدی" قۆنتەرات"ەوە بێ ئەچێتە قاڵبی بزنس و مامەڵەی بازرگانی و قازانجی ماددی ، کاتێک کادرێکی پارتی !!! ببێ بە قۆنتەراتچی ئەوا لەماوەی شەش ساڵا سلێمانی ئەکا بە هەولێر و دهۆک جا نازانین لە ڕووی خزمەتگوزارییەوەیە یان لە ڕووی زۆری هێزی چەکدار تەنها بۆ بۆ دوو شار وەک" میلیشیاتی جەکدار ، زێڕەڤانی ، زیوە ڤانی، پاراستن ، هێزی تایبەت ، پۆلیس..هێزی گوڵان ، هێزی ئینجانەیان ، دژە تیرۆر ، هێزی بلە و ئەوی تر..هێزی وەزارەتی ناوخۆ و هێزی سیخوڕە خۆبەخشەکان...هتد....بەڵام بە قۆنتەرات گرتنی سلێمانی دووپات کردنەوەی ئەو ڕاستیەیە کە چۆن وەک حیزب!! و پارتییەکان وەک" بسیج" هەردەم لە دیدی قۆنتەرات و بیسنزی قۆنتەراتەوە ئەڕوانە هەموو مەسەلەکان بە مەسەلە نیشتیمانیەکانیشەوە ، ئەوەش لە چەن لایەکەوە سەلمێنراوە وەک جۆن کاتی خۆی "بزووتنەوەی ئەیلول"یان وەک قۆنتەراتێک لە شای ئێرانەوە وەرگرتبوو ، دواتر قۆنتەراتی بەگژا چوونەوەی بەرگری پێشمەرگەی دوای ئاشبەتاڵیان یابو بە " مفارزی خاصة" بە ووتەی عەسکەری و "جاش" بە ووتەی شەعبی" ، پاشتریش هەر هەمان حیزب و لە ڕێ ی کادیرەکانییەوە قۆنتەراتی بە سەلامەت تێپەڕ بوونی " داعش"یان گرتە ئەستۆ بۆ "کۆمەڵ کوژی شەنگال و یەزیدییەکان کە دواتر بوو بە قۆنتەراتی فرۆشتنی نەوت لە لایەن داعشەوە بە تورکیا بە دەڵاڵیی پارتی...جگە لەوەش "سلێمانی" لە پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو شاعیر و کەڵە پیاوەکانی ئەیان ووت: خۆش بێ وەتەن... بە عیلم و فەن ، ئەو سەردەمانە حیزبی ئەو تازە قۆنتەراتچییە لە ناوچە و زێدی خۆیان بە شەڕی عەشایەرەوە سەرقاڵی ئەوە بوون کام"ئەزبەنی" سەرۆک و مەرجەعە..... خۆ ئەگەر سلێمانی بە قۆنتەرات بۆ شەش ساڵ بچێتە ژێر ڕکێفی پارتییەوە ئەوە باشترە خەڵکی شارەکە هەموو خۆیان فێری عەرەبی بکەن تا لە دووبارە بوونەوەی دوا ڕۆژی ئابێکی تر بتوانن وەک"هاوڕێ"یەک پێشوازی لە میوانەکان بکەن ، دیارە فێربوونی "تورک"یش زەرورەتێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و نەوتییەکانی ئێمە و تورکیا ، جگە لەوە گەر لەو شەش ساڵی قۆنتەراتیەیا هەر بە "مناقصة" حکومەتیان دامەزران با ووتە بێژەکەی "کاڵا" و"کاڵەک" لە یەک جیاکاتەوە...!! ڕەنگە ئەمڕۆ سلێمانی بەدەست موسیبەتێکی سیاسی و ئابوورییەوە بناڵێنێ ،بەڵام بە قۆنتەرات گرتنییەوە لای ئەو کادیرەی پارتییەوە وەک بە قۆنتەراتگرتنی هەڵبژاردەی" ئەرجەنتین"ە لە لایەن "عدنان القیسی"وە... باشترین پرسیار ئەوەیە کە ئایا لە نەبوون یان کامڵ نەبوونی فیکر و مێشکا قۆنتەراتچییەکی حیزبی ئەتوانێ چی بکا کە ئەو شار و لەتەی کە باسی لێوە ئەکا لەگەڵ هەر بارانێکا خەڵکەکەی ئەبێ بە بەلەمی"ئیمارات"ی هات و چۆ بکەن چونکە ئەو دەڤەرە بە بە "دوبەی"ئەشوبهێنرێ ، ، گەر باس هەر باسی بە قۆنتەراتگرتنی سلێمانییەوە بێ لە لایەن حیزبی ئەو برادەوە بۆ یەکسەر وەک شار و لەتەکەی تر هەر بەبێ قۆنتەرات یەکسەر تەسلیم بە تورکیا نەکرێ و لە ڕووی "ئەمن "یشەوە جەندرمەی تورکی لە تەیارەی بێ تەیارەچی ئەمانپارێزن..!! ئەو برادەرە کە حەزی لە" قۆنتەراتچێتی"یە هەقە شار و دەسەڵات لەیەک جیابکاتەوە گەر ئەو بکوژی باوکێک و سەرۆکێک وەک یەک سەیر بکا باشتر وایە پێش ئەوەی خوو باتە قۆنتەراتچێتی بە کرێکاری دەست پێ بکا و ببێ بە شاگرد
كاوە محەمەد رۆژی (٩/٩/٢٠١٦) ئاڵا تالەبانیی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی؛ مەبەستمانە سبەی هەردوو فراکسیۆن (یەکیتی و گۆڕان) سەردانی مام جەلال بکەین و هەر لەوێ ئیئتیلافەکەمان (ئیئتیلافی هەردوو فراکسیۆن لەپەرلەمانی عیراق بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی) رابگەیەنین، (م.جەلال جەوهەر-رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەت و ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمان)یش پەیوەندییان پێوەکردم و وتیان؛ پێمانباشە بچن، کە لەگروپی فراکسیۆن بیرۆکەکەم بە هاوڕییان راگەیاند، وتم؛ منیش هاوڕام بچین، چونکە بۆ ئێمە باشترە تا زووە ئیئتیلافەکە رابگەیەنین، (هۆشیار عەبدوڵلا) وتی؛ بە باشی نازانم و ئامادە نابم، چونکە وا بکەین، دەبینە بەشێک لەململانێکانی ناوخۆی یەکێتی، دواتر (مەحمود رەزا) پێشنیاریکرد کە دوای ئەوە سەردانی (کۆسرەت رەسوڵ و د.بەرهەم)یش بکەین، م.جەلال-یش ئەو پێشنیارەی پێ باش بوو، قسەم لەگەڵ (ئاڵا) کردەوە، دوای راوێژ لەگەڵ سەرووی خۆی، وتی؛ ئێمە بۆ لای ئەوان نایەین، چونکە کە دەچینە لای مام جەلال، ئەو هی هەمووانە.. پاشان تەلەفۆنم بۆ (د.بەرهەم) کرد، وتی؛ پشتیوانی تەواوی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەین، بەڵام ئێمە تا ئێستا کێشەی ناوخۆی یەکێتی و فراکسیۆنەکەی بەغدامان هەیە و داواکارین ئێوە خۆتان نەگلێننە ناو ئەو کێشانەوە، وتم؛ ئێمە کە دەمانەوێ سەردانی ئێوەش بکەین، مەبەستمانە بزانن بە یەک مەسافە لەباڵەکان دەوەستین، وتی؛ ئاساییە دانیشتنەکەمان بخەینە دوای جەژن ؟ وتم ئاساییە، ئەگەر ئامادەبن سبەی دەتانبینین، ئیتر خۆت قسە لەگەڵ کاک کۆسرەت بکە و وەڵاممان بدەنەوە، وتی؛ باشە.. سەردانی مام جەلال و راگەیاندنی ئیئتیلاف رۆژی (١٠/٩/٢٠١٦) هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان، لەماڵەکەی خۆی لەدەباشان، سەردانی مام جەلال-مان کرد و لەهەواڵی تەندروستیمان پرسی، ئەو نەیدەتوانی هیچ قسەیەک بکات، بەڵام بە روخسار و ئاماژەکانی سەر رووی دیاربوو کە قسەکانمان دەبیستێت و خۆشحاڵە بە رێککەوتنەکە و بەیەکەوەبوونمان..دواتر هاتینە دەرەوە و لەبەردەم ماڵەکەی مام جەلال (من و ئاڵا تاڵەبانی) قسەمان بۆ رۆژنامەنووسان کرد و ئیئتیلافەکەمان بە فەرمی راگەیاند.. سەردانی (کۆسرەت رەسوڵ و د.بەرهەم) داوایانکرد پشتیوانی لە(زێباری) بکەین رۆژی (١١/٩/٢٠١٦) هەریەک لە؛(ئەمین بەکر، مەحمود رەزا، مەسعود حەیدەر و کاوە محەمەد) لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ (ماڵە کۆنەکەی پارێزگاری سلێمانی)، سەردانی (کۆسرەت رەسوڵ و د.بەرهەم)مان کرد، من باسم لەوەکرد کە دوێنێ سەردانی جەنابی مام جەلال-مان کرد وەک سکرتێری گشتی و چەتری کۆکەرەوەی یەکێتی و هەر لەوێ ئیئتیلافەکەمان راگەیاند، دەمانەوێ ئەو پەیامە بگەیەنین کە ئێمە بە یەک دووری لەهەردوو باڵەکەی یەکێتی دەوەستین، هیوادارین ئێوەش بتوانن بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانتان چارەسەر بکەن، کێشەی ناوخۆی یەکێتی کاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ سەر رێککەوتنەکەی نێوانمان، پێویستیمان بە پشتیوانی ئێوەشە بۆ ئیئتیلافەکەمان، لەگەڵ یەکڕیزیی کوردین لەبەغدا، بەڵام پارتی وەک چۆن لەهەرێم تاکڕەوانە رەفتار دەکات، لەبەغداش حیساب بۆ یەکڕیزیی کورد ناکات.. ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ رێککەوتنەکە دەربڕی، (کۆسرەت رەسوڵ) وتی؛ من خۆم ئیمزامکردووە، بێگومان پشتیوانی لێ دەکەین، بەڵام وتیان؛ ئێمە کێشەمان هەیە و پێویستە مەنزومەی حزبی لەکوردستان گۆڕانکاری بەسەردابێت..دواتر (کۆسرەت رەسوڵ) بە روونی و (د.بەرهەم)یش لەژێر لێوەوە داوایانکرد کە لەپەرلەمان پشتیوانی لە(هۆشیار زێباری-وەزیری دارایی) بکەین تا متمانەی لێ نەسەنرێتەوە (ئەوکاتە زێباری لەبەردەم لێپێچینەوە و لێسەندنەوەی متمانەی پەرلەمان-دا بوو)، ئێمەش وتمان؛ ئەو کەسێکە تۆمەتبارە بە کۆمەڵێک کەیسی گەندەڵی، هەق نیە ئەمە بکرێتە پرسێکی نەتەوەیی وەک پارتی وێنای دەکات.. * بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو.. ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)
لهتیف فاتیح فهرهج له ڕاستیدا من وهك خۆم هاوڕهگهزخوازی به نهخۆشی دهزانم ، نهخۆشیهكی كۆمهڵایهتی زۆر پیسیش ، بڕواشم وایه ئهم بابهته تهنانهت له رۆژئاواش بۆ كهسهكان بوێریهكی زۆری دهوێت به ئاشكرا له بارهیهوه قسه بكات ، له رابردوی دوردا له رۆژئاوا سزای گهورهی له سهر بووه ، ئێستا له بهر ئهوهی سیستمی لیبراڵیزمی جیهانی و نیو لیبرالیزم خهونی گهورهیان ئهوهیه گهشهی مرۆڤایهتی و ئهو زیادبوونه خێرایه رابگرن ، ههموو رێگهیهك بۆ بهرگرتنی تاقیدهكهنهوه كه من لام وایه ئهمهش رێگهیهك بێت بۆیه ههرچۆنێكه ئێستا بانگهشهی بۆ دهكهن و له قوتابخانهسهرهتایهكانی ههندێ وڵاتیشدا بازاڕسازی بۆ دهكهن ، دهنا ئهم بابهتهش جگه له نهخۆشیهكی ناشرین چی تر نیهو له داهاتوشدا له ناو كۆمهڵگهو له سهر ئاستی وڵاتانیش ڕووبهڕووی رهخنهو له قاو دانی گهوره دهبێتهوه ، گهوره كردنهوهو باس و خواسی فراوانیشی له بارهیهوه له ههرێمی كوردستان جگه له تێكدانی پهیوهندی كۆمهڵایهتی و بوغزاندنی یهكتر شتێكی ئهوتۆی لێسهوز نابێت . یهكێك له رۆشنبیرو خوێنهوارو تهنانهت فهیلهسوفه ههره ههمهكارو ئاوهزدارهكانی ئهمڕۆ " یۆڤاڵ نوح ههراری "یه من سهرهڕای سهرسامیم به نوسین و گفت و گۆو دیدارهكانی ، بهڵام تێناگهم بۆچی به ناوی ئازادی ویست و حهزهوه خۆی دانی ناوه بهوه دا كه شوی به پیاوێك كردووهو به ئاشكراش دهڵێت دڵم بۆ ئهو لێیداو حهزم لێكرد ، یانی تۆ بڵێی بیرمهندێك مهترسیهكانی ئهم نهخۆشیه قڕكهری مرۆڤایهتیه نهزانێت و ئهم جۆره ڕهوتاره دور له ئاكاره گشتی و كهسیهش به ئازادی لێكبداتهوه ، به داخهوهم كه ئهمه پرسی ڕهگهز گۆڕین نیه بهو مانایهی كهسێك رێژهی چهندی نێرهو چهندی مێ ، ئهو بابهته له نێو كۆمهڵی مرۆیدا ژمارهیهكی یهكجار كهمهو جێی ههڵوهسته نیه ، بهڵام بابهتی هاوڕهگهز بازی و ئهوهی ئێستا له ئهوروپا و ئهمهریكا بانگهشهی بۆ دهكرێت و روسیا به ئاشكرا دژایهتی دهكات ، دهكرێت خوێندنهوهی تری بۆ بكرێت . له پهنا بازاڕسازی دژبهرو ئهوانهش كه وهك جۆرێك له ئازادی مرۆڤ سهیری ئهم بابهته دهكهن ، كێشهیهكی تر سهری ههڵداوه كه بریتیه له پێناسهو مانادانا ن به ئارهزوی كهسێك ، بۆ ههندێك چهمكی تر ، وهك پێناسهی جێندهرو ههروهها فیمینزم و ئهو بابهتانه ، له راستیدا رهنگه خوێندنهوهی فیمینزم ئهوهی له ئهمهریكاو ئهوروپا له بارهیهوه قسهو باسی زۆر كراوهو مێژویهكی درێژی زیاتر له 150 ساڵی ههیه ، زۆر جیاواز بێت له ههمان بابهت بۆ رۆژههڵات و كۆمهڵی رۆژههڵاتی و به تایبهت كۆمهڵی كوردهواری ،ههڵبهت ههندێك سهرههڵدانی بزاڤهكهو سهرهتاكهی بۆ سهدهكانی پازدهو شازده دهگێڕنهوه ، دواتریش ئهم بابهته لق و چڵی زۆری لێبوهتهوه له فیمینیزمی سۆسیالیستی و لیبراڵی و رادیكاڵ و تادوای، ههوڵدان بۆ داتاشینی ماناو وێنهی نوێ بهم بابهتهو به كار هێنانی به مهبهست و بۆ كاری دیكه له كۆتایدا به زیانی گشتی تهواو دهبێت ، ئهمه بۆ جێندهریش وایه كه لهم ماوانهی رابردودا خوێندنهوهی سهیر، سهیری بۆ دهكرا و ههندێك ههر بۆئهوهی خهڵكی لێهانبدهن به شێوازی نا ئاوهزی پێناسهیان دهكرد, به باوهڕی من دوو بابهتی جێندهرو فیمینزم دهبێت به جیا له هاوڕهگهز بازی تهماشا بكرێن و ئهگهر ههڵوهستهشیان له سهر بكرێت ، دهكرێت به بهرتاقای كۆمهڵگهی رۆژههڵاتی ههڵوهستهیان له سهر بكرێت و ناكرێت ئهم دوو بابهته گرێبدرێن به هاوڕهگهزبازیهوه ، وهك ئهوهی له رابردودا له لایهن كهسانێكهوه ئهوه كرا . هاوڕهگهز خوازی نهك ئازادی نیه پێشێلكردنی ئازادیهو ههوڵێكیشه بۆ له مهنگهنه دانی كۆمهڵگهو تێكدانی پهیوهندی خێزانی و شێواندنی پێكهوهییه ، ئهمهیان پێویسته به ههر جۆرێكه له قاو بدرێت ، چونكه ئهم نهخۆشیه ههموو كۆمهڵگهیهكی تهندروست بهرهو شێواندن و ههڵوهشانهوه دهبات و چهكێكی مهترسیداره به دهست سیستمی ئێستای شهقاوهی دنیاوه بۆ سهرقاڵكردن و له بیر بردنهوهی خهم و ئازاری مرۆڤایهتی ، ئهوهی جێگهی خۆشبهختی كوردهواریه ، ئهوهیه هیچ رۆشنبیرو خوێنهوارو ئازادیخوازێك له گهڵ بڵاو بوونهوهی ئهم نهخۆشیه نیهو كهس نههاتووه بازاڕسازی بۆ بكات ، بۆیه به باوهڕی من ئهم بابهته ناكرێت ببێته بابهتی قسهو باس وله رێگهی ئهو باس و خواسهوه قهبه بكرێت .