مەغریب؛ گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵات
2022-12-15 06:54:19
پەیڕەو ئەنوەر
یەکێک لە وێنەکانی نێو ئەو مۆندیالە، پرسی چیڕۆکی خۆرهەڵاتناسییە! خۆرهەڵات کێیە؟ چییە؟ چۆن دەربکەوێت! دیارە لە کێڵگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان IR کاتیگۆرییەکان زۆرن بۆ پۆلێنکردنی دنیا لەسەر بنەمای جوگرافیا، فەرهەنگ، جیۆپۆلەتیک، چیڕۆک و باڵایی و زۆر کایەی تر. تیۆری نیوە گۆی باکوور و باشوور. تیۆری ناوک و پەراوێز. تیۆری جیهانی یەکەم و دووەم و سێیەم. پێدەچێت تێزەکەی ئیدوارد سەعید بۆ خۆرهەڵاتناسی و خۆرئاواناسی کەمێک کۆمەکمان بکات بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی بەگەڕخستنی خۆرهەڵاتناسی لەم مۆندیالەدا.
سەعید پێی وایە نەهامەتی و دواکەوتوویی خۆرهەڵات بەهۆی خۆرئاواوەیە. ئاڕگیۆمێنتی سەرەکی واداڕێژراوە کە کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوا جوانی و توانا و خەونەکانی خۆرهەڵاتی خنکاندووە. ئەم دیدە خۆراکپێدەری پڕۆسەی جوڵاندنی خۆرهەڵاتناسی بوو لەڕێگەی پێکهاتەی مەغریبەوە. مەغریب وەک نوێنەری خۆرهەڵاتییەکان. پێم خۆشە لەبری هەڵبژاردەی مەغریب، کۆمەڵگەی خۆجێی مەغریب بەکاربهێنم Morocco Community ئەم کۆمەڵگەیە لێرە گوزارشتە لە دۆخێک کە ئەندامانی یەک ناسنامە و دوو ڕەگن. رەگێک لە ناوەند و رەگەکەی تر لە پەراوێز. هەندێكجار دوو ناسنامە و دوو رەگن.
زۆرینەی یاریزانەکانی مەغریب لە ناوک و کۆسمۆپۆلیتانەکانی ئەوڕوپا پەروەردەکراون، دواتر گەڕاونەتەوە و بوون بە ئەندامی کۆمەڵگەیەک، چوونەتە نێو پڕۆسەی نوێنەرایەتیکردن بەبێ نوێنەر چونکە رەگی دڕاشتن و بەرهەمهێنانە کەلتوری و ناوچەییەکە لەشوێن و کەناڵێکی تر بووە. ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتناسی پرە لە چیڕۆکی بەئەویتربوون و بەئەویترکردن. لێرەوە ئەو رستەمان دێتەوەیاد <خۆرهەڵاتییەکان دەبێت نوێنەرایەتی بکرێن> کاتێک باس لە بردنەوەی مەغریب وەک یەکەیەکی ئیسلامی دەکرا <پێکدادانی شارستانیەتەکان>ی هینگتنگتۆنم بیردەکەوەتەوە.
دەرکەوتنی مەغریب لە مۆندیال وەک رووداوێکی گڵۆبال لەدەرەوەی تێگەیشتنی خۆرهەڵاتناسی، دەکرا زۆر پرسیار بێنێتەکایەوە! دوانەی کۆلۆنیالیزم و دبلۆماسی وەرزشی. کۆلۆنیالیزم و ئەندامانی کۆمەڵگەی دوای جەنگ. دنیای فڕانکفۆن و چۆنیەتی داڕشتنەوەی کۆمەڵگە و حکومڕانی. مەغریبییەکان زۆر شتیان پێشکەشکردین بەڵام بەبێ کردەی خۆرهەڵاتناسانە. پیرۆزە لە فەڕەنسا و بەهیوام جامەکە بەرزبکاتەوە.