Draw Media

ئیسلامییەکان و جامی جیھان: نموونەی سەلەفییەکانی مییسر

ئیسلامییەکان و جامی جیھان: نموونەی سەلەفییەکانی مییسر

2022-12-14 08:30:53


مەریوان وریا قانع

وەک ھەمیشە ئیسلامییەکان، وەک بزاوتێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، یەک گروپی ھاوشێوە و لێکچوونین، ئەوان لەناوخۆیاندا نەک تەنھا لەڕووی سیاسییەوە جیاوازن، بەڵکو لە تێگەیشتنیشیان بۆ دین و بۆ حەڵاڵ و حەرام و بۆ دەشێ و ناشێی دینیی و ئەخلاقیش، تەواو جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکن. ھەموویان باس لە ئیسلام دەکەن، بەڵام ئیسلامەکانیان تەواو ناکۆک و دژبەیەکە. بۆ نموونە، لە ھەفتەی یەکەمی دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیھاندا، سەرۆکی پێشوی ”پارتی نور“ و سەرۆکی ئێستای ئەوپارتە، سەیرکردنی یارییەکانیان حەرامکرد و لەوەدوان کە ئیسلام سەیرکردنی یاریی بە ڕاست نازانێت و موسڵمانان لە قیامەتدا تووشی لێپرسینەوە دەکات. کەچی لیژنەی فەتوای زانکۆی ئەزھەر و مامۆستایەکی ئەو زاکۆیە فەتوای ئەوەیان دا کە سەیکردنی یارییەکان نەک حەرام نییە، بەڵکو بۆ گەشەی عەقڵیش باشە.

پارتی نور پارتی ھێزە سەلفییەکانی میسرە و دوای ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی لەو وڵاتەدا دامەزرا. دامەزرێنەرە سەلەفییەکانی ئەم پارتە ساڵانێکی درێژ باسیان لەوەدەکرد کە ئەوان سیاسەت ناکەن و دینداریی و سیاسەت نابێت بەیەکتری تێکەڵبکرێن. ئەوان پێیانوابوو حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسر، گەرچی ھەنێک خراپەکاری ھەیە، بەڵام ھاوکات وەلی ئەمری میلەتەکەیە و موسڵمانان پێوسیەت گۆێڕایەڵی فەرمایشەکانی بن.
بەڵام کە بەھاری عەرەبی دۆخەکەی گۆڕیی و ئەگەری ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانی ڕاستەقینەی خستە بەردەمی میلەتی میسر، ئەم سەلەفییانە، کە خاوەنی کۆمەڵێک ڕێکخراوی دینیی بوون، بە پێچەوانەی قسەکانی پێشوتریانەوە، بە  پەلە پارتێکی سیاسیان بە سەرۆکایەتی یاسر بورھامی دروستکرد. سەرەتا سەلەفییەکانی میسر، بە تایبەتی سەرۆکەکەیان یاسر بورھامی، دژی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی بوون و داوایان لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکرد بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن. بەڵام کە ڕاپەڕینەکە سەرکەوت ئەوان پارتەکە سیاسییەکەیان دروستکرد و بڕیاری بەشداریکردنی ھەڵبژاردنیان دا، ھاوکات بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن قەتەرەوە ھاریکاری کران و لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١١دا،  ١١١ ، سەد و یازدە کورسیان، لەکۆی  ٤٩٨ کورسییەکەی پەرلەمانی میسری بردەوە، کە دەکاتە ٢٢% دەنگەکانی میسر. بەمەش بوون بە دووھەمیان پارتی سیاسیی ئەو وڵاتە لە دوای ئیخوانی موسلیمینەوە. دوای ھەڵبژاردنەکانیش لەگەڵ ئیخوانەکاندا بەیەکەوە حکومەتیان دروستکرد و لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا دەنگیان بە محەمەد مورسی کاندیدی ئیخوان، دا. بەڵام دوو ساڵ دواتر کە ئیخوانەکان تووشی فشاری سوپا و فشاری بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای میسری بوونەوە، پارتی نور لە ئیخوانەکان ھەڵگەرایەوە و لە سڵی ٢٠١٣دا پشتگیری کۆدێتاکەی عەبدولفەتاح سی سی یان دژ بە مورسی و حوکمی ئیخوانەکان، کرد.  
پارتی نور، وەک پارتێکی سەلەفیی، ژمارەیەکی زۆر ئەندام و ھەواداری ژنانیان ھەبوو، بەڵام ئەگەر یاسای ھەڵبژاردن ناچاری نەکردبان، نەیاندەویست کاندیدی ژنیان بۆ پەرلەمان ھەبێت، لەو شوێنانەدا کە یاساکە ناچاری نەدەکردن کاندیدی ژنیان نەبوو. لە ھەمانکاتدا کاندیدە ژنەکانیان بۆیان نەبوو لە پروپاگەندەی ھەڵبژاردانی پەرلەماندا، وێنەی خۆیان لەسەر پۆستەر و لافیتەکانیان دابنێن. ئەمە بەلای ئەو پارتەوە حەرامبوو.  ھەروەھا لەو کارتی ناسنامەیەدا کە ئەم پارتە بۆ ئەندامەکانی دروستدەکرد، کارتی پیاوان وێنەی لەسەربوو، بەڵام کارتی ژنان وێنەی لەسەر نەبوو. ئەم پارتە سەلەفییە ئیسلامییە ھەڵگری پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییە شەریعەت حوکمی بکات، بەڵام ئیسلام و شەریعەت بەوجۆرەی ئەوان لێیتێگەیشتون. 
یونس مەخیون، سەرۆکی پێشوی پارتی نور، لە ڕۆژی ٢٧ مانگی ١١ ی ئەمساڵدا، واتە ھەفتەیەک دوای دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیھان، سەیرکردنی یارییەکانی حەرام کرد و لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی نووسی: ”سەیرکردنی یاریەکانی جامی جیھان بەفیڕۆدانی کاتە، لە ڕۆژی قیامەتدا موسڵمانەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبن بۆ ئەو کاتەی لە سەیرکردنی یاریدا بەفیڕۆیان داوە“. ھەروەھا خۆشویستن و ھاندانی یاریزانەکانی، وەک ئەوەی بەرامبەر میسی یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین دەکرێت،  بە نەشیاو ناوبرد، چونکە ئەم خۆشویستن و ھاندانە وەک  دروستکردنی بت و پەرستنی بتە وایە. ھاوکات دەربارەی قەتەر دەنووسێت: ”ئێمە شانازی بە وڵاتێکی عەرەبییەوە ناکەین کە مۆندیالەکەی ڕێکخستووە و ملیارەها دۆلاری بۆ ئەو چالاکییە خەرج کردووە. هیوادارین بوارەکانی تر کە شوێنی شانازی بن بۆ ئێمە گرننگیان پێبدرێت، وەک دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، بەوشێوەیەی ئێران دەیکات”. لەسەر ھەمان نەزم یاسر بورھامی، دامەزرێنەری پارتی نور، ئەو حەماسەتەی کە تەماشاکەران بۆ یاریکەکانی نیشانئەدەن بە ”مەیلی جاھیلیەت“ ناودەبات. (لای خۆمان ئیسلامییەکان ئەو حەماسەتەیان وەک جیھاد دژ بە کافر و سەرکەوتنی ئیسلام بەسەر کوفردا نیشاندا)
وەک پێشتر ھێمام پێکرد، بەرامبەر بەم حەرامکردنەی سەیرکردنی یاری تۆپی پێ لەلایەن سەلەفیەکانەوە لە میسر، لیژنەی فەتوا لە ھەمان وڵاتدا، دژە فەتوایەکی پێچەوانە دەردەکات و جەغت لەوەدەکات کە سەیرکردنی یارییەکان بەپێی شەریعەت ڕێپێدراوە و حەرام نییە. ھاوکات  یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی ئەزھەریش، بەناوی ئامینە ناسر، بە پێچەوانەی سەلەفییەکانەوە دەڵێت ”سەیرکردنی یارییەکانی تۆپی پێ بە کات بەسەربردنێکی ڕێگەپێدراو دەزانێت کە ئەقڵ بەھێزدەکات و هیچ ناڕەزایەتییەکی ئیسلامییانەش بەرامبەر بەو سەیرکردنە نییە“.

ئەوەی لێرەدا تێبینی دەکرێت دووشتە:
یەکەم: ئیسلامییەکان لەناو خۆیاندا تەواو دابەش و پارچەپارچەن و  فەتوا و فەتوای پێچەوانە دژ بەیەک دەردەکەن، ھەریەکیێکان ئیسلام بە خواست و بەپێی عەقڵ و تێگەیشتنی خۆی لێکئەداتەوە. بەمەش لەباتی باسکردنی ئیسلامێک ئێمە لەبەردەم باسکردنی چەندەھا ئیسلامی جیاوازداین تەنانەت لەناو خودی ھێزە ئیسلامییەکان خۆشیاندا. سڵ لەوەش ناکەنەوە ئەمیان ئەویتریان بە بیدعەچی و نەزان و موشریک ناوببات. 
دووھەم: ئەم ھێزانە بە پلەی یەکەم سیاسەت دەکەن نەک دینداریی، کە سیاسەتیش دەکەن، بە ئاسانی پێگە و ھەڵوێستی سیاسیی خۆیان دەگۆڕن، وەک لە دۆخی پارتی نور لە میسردا دەیبینین. خودی گۆڕانەکەش پەیوەندیی بە ئیسلام و دین و دیندارییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە قازانج و مەسڵەحەتی پارتەکە و سەرکردەکانییەوە ھەیە. 

ھەم وێنەکە و ھەم بڕیارێک لە زانیارییەکانی ناو ئەم نووسینە لە سایتی مۆنیتێرەوە وەرگیراوە، Al-Monitor

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand