Draw Media

پارەکە هات گرنگە بزانرێت چی لێدێت؟

پارەکە هات گرنگە بزانرێت چی لێدێت؟

2022-12-15 17:16:40



    هیوا سەید سەلیم
ئەو بەرپرسانەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکەن زۆر سەیرن، چونکە هەمیشە ئەرکی خۆیان لێوون دەبێت، ئەوان نازانن کە بەرپرسن لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و، دابینکردنی مووچە بۆ مووچەخۆران، لەبەر ئەوەی  لەو چەند ساڵە لێیان قەبوولکراوە، ئەوان وەک چۆن وویستویانە مووچە دابەش کردووە، تەنانەت دابەشکردنی مووچە کە ئەرکە کراوتە مووژدانە، لەو هەرێمەی ئێمە بە بڵاوکردنەوەی خشتەی موووچە هەر پەرلەمانتار و وەزیرە شانازی دەکات، وەزیر و قسەکەرانیان بە دەستکەوتی دەزانن.
هەر بۆیەشە کاتێک بەغدا 400 ملیار دینارەکە دەنێڕێت، شەڕە لەسەر ئەوە دەبێت کە بە هەوڵێ کێ قەناعەت بە سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق کراوە تا ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، نازانن ئەوەی گرەنتی ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکات لە بەغداوە پابەندبوونی هەموو لایەکە بە ناوڕۆکی ئەو ڕێکەوتنەی سەبارەت بە پرسی بودجە کراوە، بە تایبەت پابەندبوونی هەرێم بە هەریەک لە ئەرک و مافەکانی.
ئەزموونی چەند ساڵ لە قەیرانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەوەمان پێدەڵێت، کە بەغدا پارەکە بنێرێت یان نا داهاتی هەرێمی کوردستان بای ئەوە دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچە لە کاتی خۆی دابەش بکات، بەڵام ئەگەر پارەکە لە بەغداوە بێت چاکتر دەبێت،  چونکە برەکەی دیارە و بوار بۆ دیزە بەدەرخونە کردنی نابێت.
لە کابینەی تازەی حکومەتەکەی "سودانی" نیەتێک هەیە کە رێکەوتنامەکان بەدەردی کابینەکانی ڕابردوو نەبردرێن، لە نێویاندا پرسی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا بریتیە لە 400 ملیار دینار.
چەند رۆژێکە هەواڵی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی مانگی 11 بڵاوبۆتەوە، قسەش هەیە شایستەی دارایی مانگی 12 بگاتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی کە کراوەتە جێگای باس ئەو بابەتەیە کە ئەو بڕە پارایە لە ڕێگەی چ لایەنێکەوە هاتووە، بۆیە هەر لایەنەوە خۆی بەو بابەتە بادەدات و میرکوڕی مەیدانەکەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا، کێشە و ململانێی حزبە حوکمڕانەکان و، کارنەکردن بە پڕەنسیپی دامەزراوەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و، باڵادەستی دەستی حزب بەسەر دامەزراوەکان زەمینەی ئەو شەڕەی خۆشکردووە، ئەگینا دەبینین بەغدا بەو بێسەروبەریەی حوکمڕانی خۆی،  کە هەر چەند وەزارەتێک لە دەستی حزبێک دایە،  بەڵام بۆ جارێکیش نەمانبینیوە و نەمانبیستووە  حزبی دەعوە بێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەویان بودجەی شاری بەسڕای دابینکردوە، یان کوتلەی وەزاری حزبی دەعوە مووچەی حەشدی شەعبی دابین کردووە، ئەو فەوزا و بێ سەروبەریە تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
لەم هەرێمە، حکومەت هەیە،  کە حکومەتی ئیئتلافی نێوان (پارتی و یەکێتی و گۆڕان)ە، بەشێک لە حزب و پێکهاتەکان بەشداریان پێکراوە، حکومەت لە دەستبەکاربوونی کارنامەی ئیشکردنی ڕاگەیاندووە، دەبێت هەر وەزارەتە و ئەرکی دیار بێت، لە چوارچێوەی ئەو کارنامەیە ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئەوە بە بیر سەرۆک و جێکر و وەزیرەکانی حکومەت بهێنینەوە کە دابینکردنی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان ئەرکە لەسەر شانتان، خەڵک متمانەی پێداون تا ئەو بەڵێنانە بە کردار بکەن، نەک وەک دەستکەوت بەخەڵکی بفرۆشنەوە، ئەوەیان ئەلف و بێی حوکمڕانی تەندرووستە.
ئێستا کە باس لە گەیشتی بڕە پارەکەی بەغدا دەکرێت، نەک پێویست ناکات ئەوە بەخەڵک بفرۆشنەوە کە بە هەوڵێ کام بەرپرس و، بە هیمەتی کام کوتلەی وەزاریی، بەغدا پارەکەی ناردووە، بگرە خەڵک بە گشتی و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەلایانەوە گرنگە بزانن کە ئەو پارەیە چی لێدێت؟
وا ساڵی 2022 بەرەوە کۆتایی دەچێت و،  تا دە رۆژی دیکەش پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 تەواو نابێت، گومان دەکرێت مووچەی مانگی 12 بخرێتە سەر مووچە نەدراوەکانی ساڵانی ڕابردوو، یان ئەو مووچەیە لە مانگی یەکی ساڵی 2023 دابەشبکرێت، گومانی خەڵک لە کاتێک دایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوێکی لەبەر دەست نەماوە بۆ دواخستنی مووچە و، گێڕانەوەی شایستەی مووچەخۆران لە قەرزە پاشەکەوتکراوکانیان، مافی پلە بەرکردنەوەیان.
ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان "شەڕی داعش، دابەزینی بەهای فرۆشتنی نەوت، نەناردنی شایستەی دارایی لە لایەن بەغداوە ، کەمی داهاتی ناوخۆی"  دەکردە بیانوو تا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببات، لە ئێستادا هیچ یەک لەو بیانووانە نەماون، مەگەر شەڕی کێ پارەکەی بەغدای هێناوە بکرێتە بیانوو، ئەگەرنا دەبوو ئێستا حکومەت بێت داوایی لێبووردن لە خەڵک بکات کە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەرگەی زوڵمێکی زۆیان گرتووە کە حکومەتی هەرێم لێیکردوون  لە "پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە، دابەشنەکردنی لە کاتی خۆیدا، زەوتکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران". جارێکی دیکە دەڵێین بە وەڵامدانەوەی پرسیاری "ئەو پارەیە چی لێدەکەن؟ وە  بە وەڵامی قەناعەت پێکەری ئێوە گومانەکانی خەڵک دەڕەوێتەوە، خەڵکتان مارانگاز کردووە ناحەقیان نیە لە هەموو کارێکتان بە گومان بێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand