کوردستان پێویستی بە مەرجەعێکی ئۆپۆزسیۆن هەیە ؟!!!!
2022-12-15 17:20:41
شیلان حاجی شەریف
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت نەبوونی هێزێکی تۆکمەی ئۆپۆزسیۆنە ، داهاتی ئەم هەرێمە زۆرەو نادیارە کۆمەڵێکی پڕی خۆسەپێن و زۆرینەیەکی گیرفان بەتاڵی مل کەچ دروستبووە ، لە غیابی نەبوونی هێزێکی دڵسۆزو بە هەڵوێست، حکومەت بودجەی نیە ، بۆیە سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی مووچە وەکو خێرو زەکات سەیر دەکەن و دەیدەن بە مووچەخۆران ، دوو ئیدارەیی زۆرترە لە ساڵانی نەوەدەکان ، کێشەکان زۆرن بەڵام لێرە دەرفەت نیە باس بکرێت ، بۆیە دەچمە سەر ئەسڵی بابەتەکە .
سروشتی میللەتانی رۆژهەڵاتە کە دەکەونە دوای قسەی گەورەو مەرجەع و سیاسییەکان ، هەمیشە چاوەڕێی گەورەیەکن حوکمیان بکات ، هەمیشە کەسێک گەورە دەکەن لە قەبارەی خۆی و وەکو رەمزو پاڵەوان سەیری دەکەن ، بۆیە زۆربەی جار پاڵەوانەکان دیکتاتۆر دەبن ، بە کورتی میللەت خۆی کارگەی دیکتاتۆرییە و خۆی بەرهەمی دەهێنێت . شۆڕشگێرەکان ئەونە شۆڕش پیرۆزە لایان تا دەگەنە دەسەڵات ، میللەت هەموو کات خۆی بە بچوکی شۆڕشگێرەکان دەزانێت ، بۆیە ئەو کەسانەی لە ڕێی شۆڕشەوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات هەمیشە رۆژەکانی رابردوویان بە چاوی میللەت دەدەنەوە ، هەموو ئەو چرکانەی تەمەنیان لەناو شۆڕش بەسەر بردووە ، سەدەها جار حەقەکەیان لە ماڵ و سامانی میللەت وەرگرتۆتەوە ، کەچی میللەت چەپڵەیان بۆ لێدەدەن ، بۆیە لە خەباتی ئۆپۆزسیۆنیشدا پێویست دەبێت ، گەورەیەک ، یان مەرجەعێک هەبێت و میللەت وەکو رەمز سەیریان بکات .
ئێستا لە کوردستان نیگەرانی زۆرە ، زۆربەی میللەت بێزارە لە دەسەڵات ، زۆربەی رۆژەکانی ساڵ ، لە هەموو چین و توێژێکدا ، میللەت لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە ، بەڵام هیچ بەرهەمێکیشی نیە ، تا وای لێهاتووە دەسەڵات باکی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نەماوە ، تەنانەت خودی ناڕەزایەتی کاریگەری نەماوە ، هۆکاری هەموو ئەمانەش نەبوونی کەسێکە ، کە ئیتر مەرجەع بێت یان سەرۆکی حیزبێک بێت ، یان سیاسییەک تا رێبەرایەتی خەڵکی بکات و بێتە شەڤام و خەڵکی بجوڵێنێت لە هەر پرس و کێشەیەک ، بۆ بارودۆخی ئێستای خەڵکی کوردستان، مەرجەعێک لە هەموو کات پێویسترە ، مەرجەعێک وەکو سەدر هەرکاتێک بیەوێت، بتوانێت میللەت بجوڵێنێت ، بۆ هەر پرسێک یان داواکارییەک بتوانێت کات بۆ دەسەڵات دابنێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت .
بە داخەوە لە کوردستان نە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر هەیە ، نە مەرجەعێک ، نە کەسێکی کاریگەر ، نە حیزبێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن ، کەی ئیشی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە تونێڵ چاک بکاتەوە یان پرد دروست بکات ، یان مووچەکەی خۆی بداتە نەخۆشخانەکان ؟!!!!!!.
ئۆپۆزسیۆن ئەو هێزەیە کە شەو بانگەواز بکات بۆ خۆپیشاندان ، وەکو بانگەوازەکانی سەدر بۆ خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی ، چونکە ئەو خۆپیشاندانانە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات .
تازەترین پرس (400) ملیارەکە و مووچەی مانگی (12) یە ، ئەوە گەر مەرجەعێکی ئۆپۆزسیۆن هەبووایە ئەم هەینییە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکرا ، بەڵام سەرۆکی لیستی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئەکاونتی خۆیانەوە دەڵێن : سرن و گومی مەکەن، یان مەیدەنەوە قەرز .
بۆیە تا ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە بەهێزە دروست نەبێت ، یان مەرجەعێک نەبێت، گۆڕانکاری دروست نابێت و دەیەها (400) ملیاری دیکە وون دەبێت لە نێوان یەکێتی و پارتی و ساڵانەش چەند مووچەیەک پاشەکەوت دەکرێت .