Draw Media

زۆر درەنگە کاک قوباد...

زۆر درەنگە کاک قوباد...

2022-12-16 08:42:13


كاوە شێخ عەبدوڵا
هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی داهاتی زۆنی سەوز و بەرچاوخستنی ئەو ژمارە و داتایانە، تازە هیچ سوودێکی نییە. هەشت ساڵ زیاترە هەمووان هاوار دەکەن سلێمانی جێما. سلێمانی پووکایەوە.
خۆ پەراوێزخستن و ڕووتانەوەی سلێمانی، بارانی پایز نییە ئێستا دایکردبێ و بە پەلەپڕوزێ وەخۆ کەون بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە داهات و خەرجی و پڕۆژە تەواونەکراوەکان. پڕۆژەیەکی جدی بوو ئیشی بۆ کرا و قوباد تاڵەبانی و حزبەکەی لە هەموو کەس باشتر و وردتر ئاگاداری ئەمەبوون.
ئێستا کە قوباد تاڵەبانی دەیەوێ ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێ، هیچ سوودێکی نییە، چونکە سلێمانی... وەکو پارێزگا نەک تەنیا وەکو شارێک... بووە بەژێر یەک دنیا پڕۆژەی تەواو نەکراوە و حکومەت و حوکمڕانی بەتەواوی بێ سام و شکۆ کراوەوە.
هیچ ئاسۆیەکی گەشیش نییە لە سایەی حوکمڕانی یەکێتییەوە، خوارییەکان و شکستەکانی حکومەت و حوکمڕانی چاک بکرێن و رێک بکرێنەوە. چونکە یەکێتی ڕووئیای نییە بۆ حوکمڕانی، هەر لەسەر ئەو میراتەی لە سی ساڵی رابردوودا بۆی ماوەتەوە، بەخراپ درێژە بە حزبییکردنی دامەزراوەکانی حکومەت دەدات، حزبییەکەیشی ئەوەیە کە هەمووان دەیبینین!
ئەگەر ئیرادە هەبێ بۆ رێککردنەوەی خوارییەکان و کۆتاییهێنان بە هەڵەکوشندەکان، یەکێک دەبم لەو کەسانەی بەوپەڕی لێبڕانەوە کار دەکەم بۆ سلێمانی، بەڵام زۆر بێومێد و ڕەشبینم لە یەکێتی و سیاسەتە ناڕوونەکانی. دڵنیام دەیان و سەدانی وەکو من هەن بەڵام ئەوانیش بێئومێد و ڕەشبین.
بێئومێدی و ڕەشبینیی ئێمەومانان بۆ ئەوە نییە کۆڵ بدەین و دەسەپاچە دابنیشین بەدیار قەدەرەوە، بەڵکو پێویستە بەچاودێری و بەشداریی ڕاستەوخۆ بچینە ژێرباری ئەم شکست و هەڵانەی کە ژیانی زۆربەمانی تەواو تێکدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand