Draw Media

ئێمە وئەوان..دوبارە

ئێمە وئەوان..دوبارە

2022-12-15 06:30:48


ئارام سەعید

لە ئێستادا زۆر گوتاری سیاسی دوبارەمان گوێ لێدەبێت، لە رابردووشدا هەروابووە، بۆ داهاتووش هەر گوتاری دوبارە دەبیستین، کە رەنگە بەشێکی بۆ سوربونی سیاسییەکان بێت لەسەر چەسپاندنی پەیامەکانیان، ئەمە بۆ ستەمکارو ستەملێکراویش هەر راستە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین دوبارەکردنەوەی هەمان پەیام پێشەی بکەرە سیاسییەکانە.. لەهەموو گوتارەکانیان دوو بەرە هەیە بەرەیەک "ئەوان" واتە دوژمنەکان، بەرەیەک "ئێمە" واتە هاوپەیمان و دۆستەکان، هەمیشە نمایشیکی باش و پۆزەتیڤی خۆیان نیشان دەدەن لەبەرامبەر نیشاندانی ئەوانی تر بەناشرینی و نێگەتیڤ.

دەشێت ئەو دوبارەکردنەوەیە بۆ شاردنەوەی مەرامی بکەری سیاسی بێت کە لەپشتی ئەو گوتارە دوبارەیەوە یارییەکی گەورە دەکات بە لایەنگرانی، پشتی گوتارەکان پێمان دەڵێت هەموو شتێک بەستراوەتەوە بەسەرکەوتنی ئێمەوە گەر سەرنەکەوین ئەوا هەموتان شکست دەهێنن، سەربکەوین هەموتان سەرکەوتودەبن.

لەم روانگەیەوە ئەگەر سەرنج لە گوتاری سیاسی ئێستای حزبەکانی کوردستان بدەین زۆر نمونەمان دەست دەکەوێت لە گوتاری دوبارە کە هەمان پەیامە دوبارە دەبنەوە رەنگە سەرەتای قسەکان و کۆتاییەکەی هەر هەمان پەیام بن و ئەوەی دەگۆڕێت ناوەراستی گوتارەکەیە، بۆچون زۆرە لەسەر دوبارەکردنەوەی گوتارە سیاسییەکان، هەیە دەڵێت" ئەگەر رستەیەک زۆر دوبارە بێتەوە ئەوا متمانە دروست دەکات"و یەکێکی تر دەڵێت" درۆ ئەگەر هەزار جار بگوتریتەوە دەبێتە راستیی" یان دوبارەکردنەوە کارێک دەکات پەیامەکانمان لەبیر نەچێتەوە ئەمەش بۆ سیاسی باشە تا بەرامبەرەکەی قەناعەت بکات بە قسەکانی...

لەناو ئەو گوتارانەدا دەتوانرێت ئەو یاریکردنە بدۆزرێتەوە، بۆ نمونە نەواز شەریف لە پاکستان ئەوکاتەی سەرۆک وەزیرانی پێش خۆی یوسف رەزا گەیلانی لەلایەن دادگاوە تۆمەتبارکرا (٢٠١٢)، شەریف ستایشی بڕیارەکەی دادگای کردو داوای لەو سەرۆکە کرد کارەکەی بەجێ بهێڵێت و بڕواتەوە ماڵەوە، بەڵام کاتێک هەمان دادگا خۆی تۆمەتبارکرد بریارەکەی بە زوڵم وەسف کردو هیرشی کردەسەر دادگاکە بەوەی دوژمنایەتی ئەو دەکەن، لێرەوە خۆپەرستی گەورە لەپشت گوتارەکەیەوە دەبینرێت و بیرکردنەوەی ئەو سیاسییەمان بۆ دەردەکەویت.

سەرنجی گوتاری حکومەت بدەین هەمیشە دەیەویت پێمان بڵی لەسایەی ئەو سیاسەتەی ئەواندا چەند کاری باش کراوە، چەند بەرەوپێشجون رویداوە، لایەکەی تریش گوتاریکی تر نمایش دەکات و هەمیشە باسی ئەو پرۆژانە دەکات کە نەکراوە یان تەواو نەبووە واتە هەرلایەکیان بۆ نیشاندانی خۆی بەجوانی لاکەی تر ناشرین دەکات. جگە لە ئۆپۆزیسیۆن ئەم گوتارە لەناو خودی حکومەت و دەسەڵاتیشدا دەیان سالە یەکێتی و پارتی پیادەی دەکەن بەرامبەر یەکتر هەریەکەیان ئەوی تر وەک دوژمن و نەیار نیشان دەدات .. لەهەموو گوتارەکانیان دوو بەرە هەیە "ئێمە و ئەوان"

لە ناوەرۆکی گوتاری هەریەکێکیان فریشتەیەک و شەیتانێک هەیە، خاوەنی گوتار خۆی وەک فریشتەو بەرامبەر وەک شەیتان نیشان دەدات!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand