Draw Media

بۆچی داوەتنامەکەی حکومەتی هەرێم-مان رەتکردەوە

بۆچی داوەتنامەکەی حکومەتی هەرێم-مان رەتکردەوە

2022-12-15 06:25:31


کاوە محەمەد

رۆژی (٢٠١٦/١٢/١٢) کەسێک لەتەشریفاتی (ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم) پەیوەندی پێوەکردم بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەکانی (دارایی، نەوت و بەرگری)، لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەم پرسی، وتی؛ (کاک نێچیرڤان وتار و کاک قوباد پریزینتەیشن-یان هەیە)، کاک (رابەر سدیق-وەزیری دارایی بە وەکالەت) قسەدەکات، دواتریش (د.ئامانج رەحیم-سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) روونکردنەوەی دەبێت، پاشان نیو سەعات دانراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێوە !..واتە نزیکەی (٢٠) پەرلەمانتار تەنها نیو سەعات قسەبکەن، بەڵام زۆربەی کاتی کۆبوونەوەکە ئەوان قسەبکەن و محازەرەمان پێ بڵێن و ئێمەش وەک (تەڵەبەی عاقڵ) گوێیان لێ بگرین. هەرزوو لەگروپی فراکسیۆن نووسیم؛ من لەگەڵ ئەوەم بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەین، بەڵام رای ئێوەم دەوێت، ئەوانیش جگە لە (مەسعود حەیدەر) هەمان رایان هەبوو، بۆ وەرگرتنی رای بزووتنەوەکەش، قسەم لەگەڵ (م.جەلال جەوهەر-رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەت) کرد، ئەویش هەمان رای هەبوو، بەڵام وتی؛ با بزانین برادەرانی تری گردەکە چی دەڵێن، هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە راوێژ لەگەڵ فراکسیۆنە هاوپەیمانەکانمان بکەین و رای پێشوەخت نەڵێین تا بەیەکەوە بڕیارێکی هاوبەش دەدەین. بۆیە پەیوەندیم بە (ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ)ەوە کرد، وتی؛ بە رای خۆم لەگەڵ بایکۆتکردنیم، بەڵام با قسەیەک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی بکەم، (ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی) وتی؛ بەراشکاوی من ناتوانم جارێکی تر تەحەدای مەکتەبی سیاسی بکەمەوە، با راوێژێکیان لەگەڵ بکەم و وەڵامت دەدەمەوە، (د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو) هەرزوو بە کەناڵەکانی میدیای راگەیاندبوو کە بەشداردەبن و نیوەڕۆش پەیوەندی پێوەکردبووم و وتی؛ با پێشنیاری کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت بکەین، دواتر لەگەڵ (ئاڵا تاڵەبانی و ئەحمەدی حاجی رەشید) رێککەوتین کە جارێ داوای دواخستنی کۆبوونەوەکە بکەین، راوێژم بە فراکسیۆن و (م.جەلال جەوهەر) کرد، ئەوانیش دواخستنەکەیان پێ باش بوو.


داوای دواخستنی کۆبوونەوە

عەسری (٢٠١٦/١٢/١٣) سەرۆکی هەر چوار فراکسیۆن (ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی، ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ، د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو و کاوە محەمەد-گۆڕان) لە نووسینگەی پەرلەمانی عیراق لە سلێمانی، کۆبووینەوە و باسمان لە هەڵوێستی هاوبەش بەرامبەر کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم کرد کە بڕیارە سبەی (١٢/١٤) بکرێت، بۆئەوەی بەیەکڕیزی بمێنینەوە، لەسەر ئەوە رێککەوتین کە جارێ داوای دواخستنی بکەین، من پێشتر رەشنووسی راگەیەنراوێکم ئامادەکردبوو، لەو شوێنەی کە داوای دواخستن دەکەین، نووسیبووم؛ دواتر لە (جەدوا)ی کۆبوونەوەکە و ئەجێندا و ئامانجەکانی دەکۆڵینەوە...تاد، مەبەستم بوو کە ئەو وشەیەی تێدابێت کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە دواتریش بەشداری تێدا نەکەین، لەسەر ناوەرۆکەکەی رێککەوتین و دواتر بۆ حکومەتی هەرێم و برادەرانی گردەکەشم نارد.


حکومەتی هەرێم یاسای بودجەی رەتکردەوە

١٤/١٢/٢٠١٦

پێش ئەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عیراق کۆببنەوە، ڕۆژی(٢٠١٦/١٢/١٤) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوە و رایانگەیاند؛ کە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٧)ی عیراق لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نیە و رەتیدەکەنەوە، پێشتریش لە (١٢/٦)دا روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردبۆوە و رایانگەیاندبوو کە ئەوەی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، پیلانێکی مەترسیدارە و پێویستە پەرلەمانتارانی کورد بەشداری نەبن.


بڕیاری بەشداریکردن لەکۆبوونەوەی حکومەت

لەم چەند رۆژەدا لەگەڵ (ئاڵا تاڵەبانی و ئەحمەدی حاجی رەشید) لەسەر خەت بووم، دیار بوو لەناو حزبەکانیاندا ئاراستەی بڕیار بەرەو ئەوەبوو کە بەشداری لەکۆبوونەوەکەی حکومەت دا بکەن، بۆیە رۆژی (١٢/١٩) سەرۆکی هەر چوار فراکسیۆن (گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لەنووسینگەی پەرلەمانی عیراق لەسلێمانی کۆبووینەوە، هەرسێ فراکسیۆنەکەی تر رایان وابوو کە بەشداری لەکۆبوونەوەکە بکەن، من وتم؛ تا سبەی راوێژی ناوخۆیی خۆمان لەناو گۆڕان ماوە کە بڕیار بدەین بەشداری دەکەین یان نا، ئەگەر بڕیاری بەشدارینەکردنمان دا، ئێمە رێز لەرای ئێوە دەگرین، ئەکید ئێوەش تێگەیشتنتان بۆ هەڵوێستی ئێمە دەبێت، گرنگ ئەوەیە هاوهەڵوێست بمێنینەوە و جیارازیمان لەبەرامبەر بەشداریکردن لەکۆبوونەوەیەک، یەکڕیزیمان تێکنەدات. دوای ئەوە بە هاوڕێیانی فراکسیۆنم راگەیاند؛ کە هەڵوێستی ئەوان بەمجۆرەیە، بەڵام پێویستە کەس لەئێمە شتێک نەنووسین و  رانەگەیەنین کە ئەوان ئیحراج یان بریندار بکات، بۆئەوەی دواتر بتوانین یەکڕیزییەکەمان بپارێزین. پاشان لەگەڵ (م.جەلال جەوهەر) قسەمکرد و پێشنیارمکرد کە سبەی (ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و من و خۆی و برادەرانی تری گردەکە) کۆببینەوە تا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەین، ئەو وتی؛ ئەمڕۆ پاش کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ (پارتی)، خۆمان کۆبووینەوە و برادەرانی گردەکە لەگەڵ ئەوەن بەشداری لەکۆبوونەوەکە بکەن.


کاک نەوشیروان: لەهاوپەیمانەکانتان دامەبڕێن
سەرلەبەیانیی (٢٠١٦/١٢/٢٠) من و (ئارام شێخ محەمەد) لەگردی زەرگەتە لەگەڵ هەریەک لە (قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، م.جەلال جەوهەر، مستەفای سەید قادر، م.جەمال محەمەد، د.یوسف محەمەد سادق، ئاواتی شێخ جەناب، حەمە تۆفیق رەحیم، د.ئیسماعیل نامیق، عەبدلرەزاق شەریف و زمناکۆ جەلال) کۆبووینەوە، زۆربەیان لەگەڵ ئەوەبوون کە بچین بۆ کۆبوونەوەکە (ئارام، د.یوسف، حەمە تۆفیق رەحیم، زمناکۆ و من) لەگەڵ بەشداریکردن نەبووین، م.جەمال وتی؛ دوێنێ شەو لەگەڵ (کاک نەوشیروان) قسەمکرد، لەوبارەیەوە لێمپرسی، وتی؛ ئاساییە بچن بۆ کۆبوونەوەکە، راستیەکەی من مەبەستم بوو کە بڕیاری بەشدارینەکردن بدەین، تێبینیمکرد کۆبوونەوەکە بەسەر هەردوو راکەدا دابەشبووە، کە (م.جەمال) وای وت، من وتم؛ رەنگە دەرفەت نەبووبێت (م.جەمال) هەموو وردەکارییەکانی بۆ باس بکات، بۆیە روخسەتم بدەن خۆم قسە لەگەڵ (کاک نەوشیروان) دەکەم و بڕیاری کۆتایی لێ وەردەگرم، وتیان؛ باشە.

عەسری هەمان رۆژ تەلەفۆنم بۆ (کاک نەوشیروان) کرد کە ئەوکاتە بۆ عیلاج لەبەریتانیا بوو، و رای فراکسیۆن و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ و هەردوو جڤات و چوار فراکسیۆنەکە و لێکەوتەکانی چوون و نەچوونم بۆ روونکردەوە و وتم رای ئێوە چیە ؟..وتی؛ بابەتەکە ئاڵۆزە، وتم منیش لەبەر ئەوە پەنام بۆ ئێوە هێناوە کە یەکلای بکەنەوە، وتی؛ رای تۆ چیە ؟ وتم؛ من لەگەڵ بەشدارینەکردنم، هەموو فراکسیۆن (جگە لەمەسعود حەیدەر) ئەو رایەیان هەیە، وتی؛ راستی من لەگەڵ پرەنسیپی بایکۆتکردن نیم و پێمباشە بچن و لە سێ فراکسیۆنەکەی تر دانەبڕێن کە هاوپەیمانی یەکترن، دوێنێ-ش وەفدی پارتی هاتوون بۆ لامان، رەنگە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، بڕۆن لەکۆبوونەوەکە قسەی خۆتان بکەن و پێیانبڵێن کە ئێوە شکستتان هێناوە، ئەگەر هەر سووربوون لەسەر رای خۆیان، دواتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک قورستر بخەنە ئەستۆیان، دوایی لێی پرسیم؛ ئەگەر بەشداربن، کێشە لەناو فراکسیۆنەکەتان دروست نابێت ؟ وتم؛ رای ئەوانم پێ وتیت، بەڵام ئەگەر ئێێوە بڕیارتان لەگەڵ بەشداریکردن بێت، هەموومان پابەند دەبین پێوەی و باوەڕ ناکەم کێشە دروست ببێت.


 

رەخنەبارانکردنی سەرۆکایەتیی حکومەت

سەعات (١١)ی سەرلەبەیانی (٢٠١٦/١٢/٢١) لەسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر، هەریەک لە (ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، سەرۆکی فراکسیۆنەکان؛ ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی، کاوە محەمەد-گۆڕان، خەسرەو گۆران-پارتی، ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەل و جەمال کۆچەر-لەجیاتی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو)، ئەندامانی کورد لەلیژنەی دارایی (حاکم سەرحان-پارتی، مەلا قادر-یەکێتی و مەسعود حەیدەر-گۆڕان) لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکومەت کۆبووینەوە کە بریتی بوون لە (نێچیرڤان بارزانی-سەرۆک، قوباد تاڵەبانی-جێگری سەرۆک، ئاشتی هەورامی-وەزیری سامانە سروشتییەکان، د.عەلی سندی-وەزیری پلاندانان، عەبدلسەتار مەجید-وەزیری کشتوکاڵ، مەولود باوە موراد-وەزیری کاروباری پەرلەمان، رابەر سدیق-وەزیری دارایی بە وەکالەت، سەفین دزەیی-وتەبێژی حکومەت، فازڵ نەبی-بریکاری وەزیری دارایی عیراق و د.ئامانج رەحیم-سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران)، ئێمە بە راشکاوی قسەی خۆمان کرد و پێمانوتن کە سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتیتان شکستی هێناوە، پلان و هەنگاوێکی جدیتان نەبووە بۆ چاکسازی، یەک شتتان کرد کە ئەویش بڕینی مووچەی خەڵک بووە بە ناوی (پاشەکەوتکردن-ەوە)، بێ خەم بوون بەرامبەر یاسای بودجە، وەفدێکتان نەهاتنە بەغدا کە هاوکارمان بن تا بەیەکەوە شەڕ لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و پێشمەرگە بکەین، رۆژانی گفتوگۆی بودجە (عمار الحکیم) خۆی و پارێزگارەکان رۆژانە لەپەرلەمان بوون بۆ بەرگریکردن لەبەشی (حەشدی شەعبی) و پارێزگاکانیان، ئێوە پێش ئەوەی گوێ لەئێمە بگرن، یاساکەتان رەتکردەوە...تاد. (ئاڵا تاڵەبانی) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە راشکاوی رەخنەی لەحکومەتی هەرێم گرت، (قوباد تاڵەبانی)  وتی؛ ئەمەی (ئاڵا) دەیڵێ تەعبیر لەسیاسەتی یەکێتی ناکات، (ئاڵا) وەڵامیدایەوە و وتی؛ بەڵێ ئەوەی من تەعبیر لەسیاسەتی یەکێتی دەکات، چونکە من ئەندامی سەرکردایەتیم (مەبەستی ئەوە بوو کە قوباد ئەندامی سەرکردایەتی نیە).. تیمی حکومەتی هەرێم بە روونی دانیان بەوەدا نا کە کەمتەرخەم بوون، وتیان؛ ئەم دۆخە دژوارەی ئەمڕۆ نە بەغدا و نە ئێوەی پەرلەمانتاران لێی بەرپرسن، بەڵکو بەهۆی ململانێی حزبی و کاریگەریی نەرێنی بەسەر ئیشوکاری حکومەت-ەوە دروست بووە، وتیان؛ راستە کەمتەرخەم بووین بەرامبەر یاسای بودجە، بەڵام داوامان ئەوەیە کە هاوئاهەنگی لەنێوانماندا بەردەوام بێت، پاشان ئەندامانی لیژنەی دارایی (ئەحمەدی حاجی رەشید و مەسعود حەیدەر) روونکردنەوەیان بە داتا و بەڵگە خستەڕوو کە جێبەجێکردنی یاساکە لەبەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، (د.ئامانج رەحیم)یش داتاکانی حکومەتی خستەڕوو کە گوایە نەوت رادەستی بەغدا نەکەن، لەقازانجیانە و باشترە بۆ هەرێم ! وتیان؛ ئێمە ئامادەین کە ئەگەر یەک دۆلار لەبەغداوە زیاترمان دەستکەوێت، یاساکە جێبەجێ بکەین، منیش لێرەدا وەڵامی سەرۆکی حکومەتم دایەوە و وتم؛ باشە ئێوە بە نەوتی هەرێم و کەرکوک مووچەی تەواوەتی خەڵک دابین بکەن، ئاوڕ لە یاساکە نادەینەوە، بەڵام کێشەی گەورە لەداتاکانتاندایە کە دامەزراوەیەکی چاودێری وردبینی تێدا نەکردووە و بیسەلمێنێت دروستن، جاران دەتانوت داهاتەکانمان کەمە و بەشی مووچە ناکات، ئێستا دەڵێن؛ نەخێر ئەوەی خۆمان لەهی بەغدا زیاترە !..

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کە باس هاتە سەر یاسای نەوت و غاز، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە راشکاوی وتی؛ ئێمە لەگەڵ دەرچوونی یاسای نەوت و غازی فیدرالی نین و تا پیتان دەکرێ مەهێڵن دەربکرێت. ئەمەشی بۆ ئەوە بوو کە بتوانن لەسایەی یاسای نەوتی هەرێم درێژە بە سیاسەتەکەی خۆیان و ئەوەی ناویان لێ ناوە (سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت) بدەن.

سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی، بە سەرۆکی حکومەتم وت؛ ئێوە لەساڵی (١٩٩٩)ەوە سەرۆکی حکومەتن (تەنها دوو ساڵەکەی د.بەرهەم-ی لێ دەرچێت)، با بزانین چیتان کردووە بۆ شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە ؟ لەکاتێکدا بە پێی یاساکانی بودجە (باسی یاساکانی بودجەی حەوت هەشت ساڵی پێشترم کرد) دەقێک هەبووە کە تێیدا هاتووە؛ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدرال و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر رێژەیەک بۆ پێشمەرگە رێکدەکەون)، وتی؛ ئەوە (مالکی) رێگر بووە، وتم کاتی خۆی ئەو بە (٨٠) هەزار پێشمەرگە رازی بووە کە شایستە داراییەکانیان لە بەغداوە بۆ سەرف بکرێت، (مام جەلال) قسەی لەگەڵ کردبوو، لەبەر خاتری ئەو کردبووی بە (٩٠) هەزار، بەڵام کاک (مەسعود بارزانی) پێداگری لەسەر (١٢٠) هەزار کردبوو، بۆیە هیچ نەکرا.. ئیتر باش لەوە گەیشتین کە هەموو ئەم داتا و بیانووانەیان هەر بۆ ئەوەیە کە یاساکە جێبەجێ نەکەن، ئەو زیادەیەش لەداهات، هیچ خێرێکی بۆ خەڵک نەبووە، چونکە زیاتر لە (٤٠%)ی داهاتی مانگانەی هەرێم بۆ قەرز و شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت دەچێت کە بەشێکیان کۆمپانیای حزبەکانن.

دوای کۆبوونەوەکە و لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران، ئێمە و یەکێتی و کۆمەڵ قسەمان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، (ئاڵا تاڵەبانی) وتی؛ کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لێکتێگەیشتن هەبوو، (ئەحمەدی حاجی رەشید) وتی؛ ئیتر بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، منیش وتم؛ پێویستە حکومەتی هەرێم یاسای بودجە جێبەجێ بکات و متمانەشمان بە داتاکانی حکومەتی هەرێم نیە..

 

* بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو..ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand