ئازادکردنی هەولێر و یادێک لە شەهید خەجەباوە هیوا سەید سەلیم دوای راپەرینی ٥ی ئاداری شاری رانیە و دەوروبەری، دواتر ئازدکردنی شاری سلێمانی، بەعسیەکان زۆریان مەبەست بوو لە هەولێر خۆیان بگرنەوە، دەیانویست ئەو شارەیان لەدەست دەرنەچێت، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان هەولێر لە رووی سیاسیەوە بارەگای ئەنجوومەن کارتۆنیەکەی یاسادانان و جێبەجێکردن لێ بوو، وە لە رووی سەربازیەوە بارەگای فەیلەق و چەندین سەربازگەی گرنگی تێدابوو، وە لە رووی ئەمنیش ناوندێکی گرنگ بوو بۆ رژێمی بەعس. رۆژی ٦ مانگ بەعسیەکان لە زۆربەی گەڕەکەکان بنکەی خۆپارێزی کردەوە، خەڵکانێکیان بەناوی جەیشی شەعبی لێدامەزراند، هەموو ئەو کەسانەی پلەی حزبیان لەنێو حزبی بەعس هەبوو دەبوو پەیوەندی بەو ناوەندانە بکەن و چەك هەڵگرن. بەڵام دوو رۆژی پێنەچوو زۆربەی ئەو ناوەندانەیان لە گەڕەکەکان کێشایەوە بۆ دەوروبەری دائیرەی ئەمن و بارەگای پارێزگا و لە بینا بەرزەکانی ناوشار دایانمەزراندن. لەبەرامبەر هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە بەعسیەکان بۆ خۆقایمکردن لەنێو شاری هەولێر دەیانگرتە بەر، رۆژ بەرۆژ جەماوەر باشتر خۆی ساز دەکرد، ئێواران شەقامەکانی ناو بازاڕ بە تایبەت لە فولکەی چەپەکان تا کۆتری سەلام، ئەولاو ئەولای پڕدەبوو لە خەڵک، مقۆمقۆی نزیکبوونەوی هێزی پێشمەرگە دەنگوباسی گرنگی ناو خەڵکی بوو، ماکینەی پڕوپاگەندەی خەڵک ورەی وەبەر هێزەکانی رژێم نەهێشت بوو. تا دەهات حەماسەتی جەماوەر زیاتر دەبوو، نە راسپارەدکانی پێشمەرگە و لایەنەکانی بەرەی کوردستانی، وە نە ترس و رێوشوێنەکانی بەعسیەکان بۆ بەرگرتن بە ئازادکردنی هەولێر نەیانتوانی رێگا بە حەماسەتی خەڵک بگرن. رۆژی ٦ ئادار خۆنیشاندانەکەی ناو بازاڕی دەلالخانە کە چەند هاوڕێیکی شیوعی بەچەکەوە بەشداریان تێداکرد، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ بەعسیەکان، بەوەی ناتوانن بەر بە تەقینەوەی ناڕەزایەکانی خەڵک لە شاری هەولێر بگرن. ئێوارەی ١٠ مانگ وەک وەلامێک بۆ بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی بەعسیەکان، لە نزیک گۆڕستانی گەڕەکی باداوە، ژمارەیەک گەنجی رێکخراو بە مەبەستی هەڵکوتانە سەر یەکێک لەو بنکانەی جەیشی شەعبی کە نزیک لەو شوێنەبوو گردبوونەوە، لەوێش بە کوژرانی چەکدارێکی بەعسی، پلانەکە ئاشکرا بوو، ئەو رۆژەش بەو چالاکیە پەیام بە بەعسیەکان دەدرێت کە هەولێر چاوەڕوانی رۆژی خۆی دەکات. رۆژی ١٠ مانگ لە هەولێر بریاری قەدەغەی هاتووچۆ بۆ بەعسیەکان نەچووە سەر، ئەوان مەبەستیان بوو لە رۆژی قەدەغەی هاتووچۆ ئاڵوگۆڕ بە هیزەکانیان بکەن، کە کردیشیان، هەرچی چەکداری هەولێڕ بوو گواستیانەوە بۆ بادینان، جاش و چەکداری بادینایان بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی خۆیان هێنایە شاری هەولێر. ١١ ئادار رۆژی حسابی یەکجارەکی هەولێریەکان بوو لەگەڵ بەعسیەکان، بەرەبەیانی زوو ئەوانەی ئاگاداری پلانەکە بوون، دەبوو لە کاتژمێر شەشی بەیانی بچنە جێ ژوانی خۆیان، زۆری نەبرد بانگی ئازادی لەسەرجەم گەڕەکەکان رادێرا( راپەڕینە – راپەڕینە). جێ ژوانی شەهیدبوونی خەجەباوە، نزیک دائیرەی ئەمن بوو، کە ئێستا بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانە، وەک شایەدیەک بۆ مێژوو دەینووسم : ئەگەڕ شەهید خەجە باوە نەبایە ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەو شوێنە شەهید دەبوون، ئەوان وایان زانی دۆشکای سەر پرسگەی دائیرەی ئەمن لە بەرگری کەوتووە، ویستیان هەڵبکوتنە سەر ئەو شوێنە، لەگەڵ هاواری شەهید خەجە، ( لە شەقامی سینەما سەڵاحەدین لە بەرامبەر بارەگای ئێستای کونسڵیەی فەڕەنسی) هەمووان هوشیاربوونەوە و ناچار بوون رێڕەوی خۆیان بگۆڕن. شەهید خەجە باوە، تەنیا هێمای راپەڕینی ئازادکردنی هەولێر نیە، بگرە ئەگەر خوێنی ئەو نەبایە ئێستا زۆرێکی وەک ئێمە ناومان لە لیستی شەهیدانی ١١ ئاداری ١٩٩١ شاری هەولیر دەبوو. دوای نیوەڕۆ تەواوی شار ئازادکرا و شکست بە پلانی بەعسیەکان بۆ ریگری لە راپەڕینی هەولێر هێنرا، بەڵام بۆ چەواشەکردنی خەلک و رێگری لە پێشڕەوی خۆپیشاندان رادیۆی بەغدا دەیووت: ( شعبنا الکردي في المنطقة الحكم الذاتي يحتفل بالمناسبة 11 اذار)
ئەبوکاروان لای ھەمووان ئاشکرایە و ئەوەی لەسیاسەتدا کاری کردبێت و مێژووی خۆیندبێتەوە باش دەزانێ کە دەوڵەتی عێراقی چۆن دامەزرا، ئهوهش دهزانرێ کە کوردستان چۆن دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتی دەورووبەردا، دوور لەخواستی خۆی لکێنراوە بەو دەوڵەتانەوە، ئهو دابهشكارییهش له دهرئهنجامی خواست و بەرنامەی ئیمپریالیزمی ئهوكاتە بوو. تا ئەمڕۆکەش ھەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی ھەریەکێک لەو بەشانەی کوردستان(باشوور ، باکوور، ڕۆژھەڵات، ڕۆژئاوا)تایبەتمەندی خۆیان ھەیە لە ڕوئیاو کارکردن و داخوازییەکانیان لەگەڵ ھەریەکێک لەو دەوڵەتانەی پێیەوەلکێنراون(عێراق ، سوریا، ئێران، توركیا). مامەڵەکردنی ئەو دەوڵەتە ناوەندییانە لە دەوڵەتێکەوە بۆ ئەوی تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر ، دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی وەکو یەک نین، کرداروو ڕەفتاریان جیاوازن لەھەمبەر پرسی کوردو مافەڕەواکانی گەلی کوردستان . من لێرەدا دەمەوێ لە باشورەوە و لە دهوڵهتی عێراقهوه دەست پێبکەم و بپرسم ئایا کێشە و گرفتەکان و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە کوردستان تەنھا پەیوەندی بە ئەشکالیەتی دەوڵەتی عێراقەوە هه یه؟ ئایا پەیوەندی بەنەتەوەی سەردەست و بن دەستەوە ھەیە؟ ئایا دەسەڵاتی حوکمڕانی لە دەسەڵاتی حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر، لە سەرۆکێکەوە بۆ ئەویتر جیاوازییان نەبووە و نییە لە عێراقدا؟ ئایا کورد بەتەواوی لە ههموو قۆناغەکاندا بەیەک ئاڕاستە مامەڵەی لەگەڵ كراوەو فهرامۆش كراوه و بەشدار نهبووه له حوكمڕانی و وەرگرتنی پلەو پۆستی گرنگ؟ ئایا بەپێی بەش بەشێنە کاریانکردوە لەگەڵ کورد؟ ئایا حزبە کوردستانییەکان و سەرکردەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان چەند بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆییە و کاریگەری نەگەتیڤ یان ھەبووە لە ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە و نەگەیشتن بەڕێککەوتن و چارەسەر؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و گەڕانەوە بۆ مێژوو گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغەکانی و کێشەو گرفتەکانی ڕابردوو دەمەوێ ڕاوبۆچونەکانم بهم شێوهیەی لای خوارهوه بخهمهڕوو: لە حوکمی مەلەکیەددا کە ئێمەی شیوعییەکان دوژمنی سەرسەختی بووین لەبەر ئەوەی دهستكهلای بریتانیا بوون و ھاوکاری داگیرکەر بوون، بەڵام سهرهڕای ئهوهش چەندین پلە و پۆستی باڵاو کاریگەر (سهرۆک وەزیران، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری ... ھتد)بە دەستی کوردەوە بووه دوور لە بەش بەشێنەی تایفیی و نەتەوەیی و حزبیی کە ئێستا له عێراقدا پەیڕەو دەکرێ، ئەو کەسایەتیانەش کە بەر پرسیارێتیان ھەبووە لە دەسەڵاتی مەلەکیدا کەسیش بەخیانەتکار لە قەڵەمی نەداون تەنھا حزبی شیوعیی نەبێت کە چەند کەسێکی دیاریکراویان بە خیانەتکار دەستنیشانیکردون، بە پێچەوانەی حزبە نەتەوەییەکان و بەشێکی زۆری سیاسەتمەدار و مێژووناسانی کورد کە وەک ڕەمزو کەسایەتی خەباتگێڕ و ناوزەندیان کردوون. کاتێک شۆڕشی چواردەی تەمووز بەرپابوو ، سیستهمی كۆماری دامهزرا، حکومەتی ئەو کاتە دەرگای پێشووازییان لەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (بارزانی) یادی بەخێر کردەوە، کە ساڵانێک لە یەکێتی سۆڤیەت ئاوارە بوو، لەکاتی گەڕانەوەیدا لە بەسرەوە تاکو زاخۆ سەدان ھەزار کەس لە عهرهب و کورد و تورکمان و کلدو ئاشورو سابیئەی مەندائی بەشداری ئاھەنگ و خۆپیشاندانی پشتگیری یانکرد لەگەڕانەوەی بارزانی کە حزبی شیوعی و لایەنگرانی قاسم سەرپەرشتیان دەکرد، ئەرێ ئەو کاتەیش دەوڵەت دەوڵەتی عێراق نهبوو؟، نەتەوەی عەرەب نەتەوەی زۆرینه نەبوو؟ کەچی دەبینرا ئازادییەکان بۆ ھەمووان فەراھم کرابوو، ئەمن و ئاسایش بۆ ھەمووان لە بەسرەو بۆ زاخۆ بەبێ جیاوازی دابین کرابوو، بەڵام دەبێ ئەویشمان لەبیر نەچێ لە بەرامبەر ئەو پشتگیری یەو دیاریکردنی شەریکایەتی کوردو عه ره ب له دەستوردا و یاسای چاكسازی کشتوکاڵی، ھەڵگەڕانەوەی چەکداری لە کوردستان ڕوویداو کۆمەڵێ کاری تێکدەرانە ئەنجامدرا، دواتریش بزوتنەوەی کوردایەتی پشتگیری خۆیان بۆ ئاغاو دەربەگەکان کە زەرەرمەند بوون لە یاسای چاکسازی ڕاگەیاندو دواتریش ناوی لێنرا شۆڕش ، خودی سەرکردەکانی ئەو شۆڕشە لەو بارەیەوە چەندین نووسین و بەڵگەنامەیان لەو ڕووەوە خستۆتە ڕوو، كه تێدا تێبینی و سهرنجی جدی یان ھەبووە لەسهر بەرپاکردنی . لە دوای ئەوەی شەڕ بەرپابوو لە نێوان قاسم و ئەم بزوتنەوەییە، بەسەرپەرشتی حزبی شیوعی و کەسانی ئازادیخواز ھەزاران كەس هاتنه سەرجاده له بەغداو پارێزگاکان(زۆربەی زۆریان لە نەتەوەی عهرەب بوون) دژی ھێرشەکانی حكومەتی عێراق وەستانەوه به دروشمی (ئاشتی بۆ كوردستان) دهیان خۆپیشاندانییان ئەنجامدا، كه واتا نە ئەشکالیەتی دەوڵەت و نەشەڕی کورد و عەرەب بوو . لێرەدا گەر دەمانەوێ کێشەی ئەم ساڵانەی ڕابردوو لەگەڵ بەغدا ببەستینەوە تەنھا بە نەبوونی دەوڵەت لە کاتێکدا کوردو سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداری کاریگەریان ھەبوەو ھەیە لە عێراقی ئە مڕۆدا، ئەوا توشی ھەڵەی کوشندە دەبین لە شرۆڤە و بیرکردنەوەماندا، خۆ ئەگەریش سەر چاوەی ئەو بۆچونانەمان دەستووری عێراق بێت کە لایەنی کوردستانی بەشداری کاریگەریان ھەبوو لە داڕشتن و بڕیاردان و دەنگدان لە سەری ، ئەوا دیسان دەکەوینە ھەڵەوە چونکە ئەو دەستورە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ و دەیان بەرکەوتن و ناکۆکی تێدایە، جگە لەوەی زیاتر لە پەنجا ماددەی پێویستی بەوە ھەیە بە یاسا ڕێکبخرێت، ئهو دەستورە ھەر لایەنێک بۆ خۆی و لەخزمەتی خۆی تفسیری بۆ دەکات، نمونەش زۆرە کە ھەردوو لایەنی ناکۆک (ههرێم و بەغدا) لەیەکێک لە قۆناغەکاندا بۆ بەرژەوەندییان خۆیان لێكدانەوەیان بۆ کردوە ، لەوانە کاتێک ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستھێناو ناوچە کوردستانییەکانیان کۆنترۆڵکرد سەرکردەکانی ھەرێم لێدوانیان دەدا کە ماددەی (١٤٠)ی دەستور جێبەجێکرا لە کاتێکدا باش دەیانزانی و ئاگاداربوون کەتەنھا بە ڕزگارکردنی ناوچەکە ئەو ماددەیە جێبەجێ ناکرێت و جێبەجێکردنی پەیوەستە بە قۆناغەکانی(ئاسایکردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی)، ھەر بەھەمان شێوە دەسەڵاتی بەغدا بەپشت بەستن بە دەستورو لەوەڵامدانەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا ھێرشی ستهمكارانهیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و لە بەرنامەیاندا بوو کە ھەموو کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن ئەگەر ھەندێ ھۆکاری نێودەوڵەتی و ناوخۆی ڕێگر نەبوایە ، ئەرێ ئێمە بەرپرس نین کە ساڵانیک کەرکوک و خانەقین و ئەو ناوچانە تێکۆشانی بۆ دەکەین و دەستبەرداری بووین و خستمانە بەر ڕەحمەتی دەستورو قایل بووین لەڕیگای ماددەی (١٤٠) وه چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە بکەین وگومانمان بۆ کوردستانییەتی ئەو ناوچانە دروستکرد؟. بەڵی و بە بۆچونی من، سازان (تەوافق )نێوان ھەرێم و بە غدا بەردەوامە و پێویستە واقعیانه بۆ چوونەکانمان دەربڕین، گەر نەماوەو بە زۆرینە و کەمینە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، چوون لایەنی کوردستانی بە پەنجا و ھەشت پەرلەمانتار دەبینە خاوەنی سەرکۆمار؟ ـ جێگری سەرۆکی پەرلەمان؟ و وەزیر ... ھتد. له کۆتاییدا دەڵیم پێویستە وەک گەلی کوردستان و ئێمەی شیوعییەكانیش سەرچاوەی بیرکردنەوەمان مرۆڤ دۆستانە بێت و لە چەمکی ھاوڵاتی بوون و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سۆشیالێزمەوە سەرچاوە بگرێت ، چەوسانەوە ھەر چەوسانەوەییە گەر ھەر دەوڵەت و نەتەوەییەک بێکات عەرەب بێت فارسی یان تورک یان کورد بێت ھەر چەوسانەوەیە ، باشترە ئەوەشمان لە بیرنەچێت لە قۆناغی شیوعییەتدا دەوڵەت نامێنێ و ھەموو مروڤەکان یەکسان دەبن ، کەواتا ئەشکالیەت ئە شکالیەتی دەوڵەت نابێت و حوکمڕانی و شێوازی بیرکردنەوە سەرچاوەی کێشەکانە.
رێبوار کەریم وەلی رەنگبێ باسکردن لە رابردوو، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە دەرفەتێک لە ئارادا بووبێت و تازە ئیتر نەگەڕێتەوە، تەنھا لە دووتوێی دەرس وەرگرتن و ئەزمووندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ھێشتا بوار مابێت و لە چوارچێوەی سیاسەتیشدا بێت، ئەوا ھێندەش بێھودە نابێت. بۆ زۆرکەس تاوەکو ئێستاش نامەعلومە کە بۆ لەپڕڕا نێوانی (دۆستانە) سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە 2012 تێکچوو. ئەگەرچی پێشتر و دوای واژۆ کردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق، سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و، جێگیرکردنی ھێزەکانی دیجلە لەو ناوچانەی کە لە سنووری ماددەی 140 دا بوون، بە بڕیارێکی تاکلایەنەی مالیکی لێکدرایەوە و سەرۆک بارزانی بە تووندی رووبەڕووی بووەوە و لە دوای ئەویش ھەوڵەکان بۆ لابردنی مالیکی دەستی پێکرد، بەڵام لە راستیدا ئەو بابەتە بەو رادەیە نەبوو کە بگاتە ئاستی ئەوەی کە بەغدا بودجە و مووچە لە ھەرێمی کوردستان ببڕێت و پەیوەندیی نێوان بارزانی و مالیکی وا خراپ بێت. عەڕابی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییە تاڵەبانی بوو. مالیکی وەک سەرۆکوەزیرانێکی موقتەدیر کە ئەمریکا و دەوروبەریش پشتیوانییان دەکرد، میلیشیاکانی سەدر و بەدری کلک و گوێ کردبوو، تاڵەبانیش دەبوو بۆ دەرچوون لە رۆڵە تەشریفاتییەکەی دەرچەیەک بدۆزرێتەوە. * تاڵەبانی وەکو ھەمیشە، بە شەخسی خۆی سەرپەرشتیی ھەوڵی لادانی نووری مالیکی کرد، ئەڵبەتە نەیدەویست ئەویش بە دەردی ئیبراهیم جەعفەری بچێت. نامە و نامەکاری لە بناگوێی نووری مالیکی لەنێوان نەیارانی مالیکی (بە شیعە و سوننەوە) لەگەڵ بارزانی دەستی پێکرد. مالیکیش گوێی لە ھەموو شتێک بوو، خۆی بێدەنگ کردبوو. لە سوننەوە دەستیپێکرد و دەرپەڕاندن بۆ کوردستان، لەوەشیاندا تاڵەبانی رێگەی پیرمامی بۆ دەرپەڕیوەکان وەسف دەکرد! ئینجا لەکاتێکدا لە دووکان سەرپەرشتیی گەورەترین کۆبوونەوەی دەکرد بۆ لادانی مالیکی، لە ژێرەوە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی دەنووسی و لە میدیاش دەیگوت بەدیلی مالیکی ھەر مالیکییە! * سەرۆککۆمار قەت مەبەستی نەبوو مالیکی لا بدرێت، دەیویست لە رێگەی بارزانییەوە کەمێک مالیکی عەیار بدات و، ھەیبەت و شکۆی جاران بۆ پۆستەکەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئیتر کار لەکار ترازا. ئەبویوسرا وا بە ئاسانی عەیار نەدرا! مالیکی سەرەڕۆتر، کورد سەرکز و تاڵەبانیش بێدەسەڵاتتر بوو. بە نەخۆش کەوتنی تاڵەبانیش ئیتر گەمەکە کۆتایی ھات و ھەرکەسەو لە ماڵی خۆی دانیشت. * لەناو شیعەدا، مالیکی تاکە سەرکردەیە کە لانیکەم لە دۆستایەتی و دوژمنایەتیدا، سەرڕاستە. عەبادی کە دوای مالیکی ھات دەبوایە ھەر بۆ چەند مانگێکیش بێت بودجەی کوردستان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەویش نەیکرد. کەواتە کورد لە غیابی دۆستەکانی لە بەغدا، دەبێ بیر لە جێگرەوەی دیکە بکاتەوە. مالیکی تاقیکراوەیە و کەسایەتییەکی لاواز نییە کە کەس بتوانێ لەدژی ھەولێر و سلێمانی بەکاری بێنێت. بۆ ئەم قۆناخە راگوزەرە کە کوردستان پێویستیی بە کەسێکی سەرڕاست ھەیە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی وەک بودجە، نەوت و غاز، پێشمەرگە و زۆر بابەتی دیکە، لانیکەم تاوەکو ھەڵبژاردنی داھاتوو سەقامگیرییەک دێتە ئاراوە. مالیکی ئەگەر دڵنیابێت لەوەی کورد و سوننە لەو ململانێیەدا پشتیوانی دەکەن، سڵ لەوە ناکاتەوە کە بێتەوە پێش و گۆڕەپانەکە بۆ ئانارشیستێکی وەکو سەدر چۆڵ ناکات. * ئەگەر ھیچ مەجالێک بۆ درێژەدانی عەبدولمەھدی لە پۆستەکەیدا مابێت، ئەوە باشە، ئەگەرنا ھاتنەوەی مالیکی دەرفەتێکە کە جارێکی دیکە کورد رێگە نەدات، شیعەی ئێرانی و پەروەردەکراوی بەریتانی (کە وا دەکات ئەمریکا پشتیان بگرێت) حوکمی بەغدایان لەدەستدا بێت. مالیکی لەسەردەمی خۆیدا زۆر ھەڵەی بەرامبەر کورد کرد و پێیشی کرا، بەڵام ئەویش رەنگبێ ئێستا دەرسی لە رابردوو وەرگرتبێت. مادام کورد ڤیتۆی لەسەر کەس نییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، دەبێ دەرگای بەسەر ھاوپەیمانیی نوێ واڵا بێت و ھەموو ھێلکەکانیش نەخەنە ناو سەبەتەی سوننەوە. RUDAW
سەركۆ عوسمان دوای بڵاو بونەوەی ئەو گرتە ڤیدیویەی كە بەڕێزتان دۆشداماون لە چاوەڕوانی كردن و ڕێگە پێدانتان تا چاوتان بە سەرۆك پۆتین بكەوێت دەری خست كە ئیتر هەقە جەنابت و گەلەكەشت بكەونە فورمات كردنی مێشكی خۆتان و گۆڕینی بۆچونە دوژمانكارەكانتان و ڕق وكینەكانتان بەرامبەر بە میللەتی كورد بەتەواوی بسڕنەوە لاپەڕەیەكی نوێ بۆ پەیەوەندی خۆتان و گەلانی تر هەڵبژێرن . هۆكاری ئەو ڕیسوایەی بەسەرتان هات دەستبردنتانە بۆ هەموو لایەك تابتوانن زەرەر و زیان بگەێنن بە میلەتێكی هەق خوراو كە داواكارە لە ماڵی خۆی بە ئاشتی بژیی بێ ئەوەی دەستدرێژی لە خاك و مافی كەس كردبێت، میللەتێك خوازیاری ئاشتی و ئاسایشە بۆ خۆی و دراوسیكانی ، ڕێزی بۆ هەممو گەلانی دەوروپشتی هەبووە لەسەر یاسای مافی ڕێزگرتنی یەكتر ، میللەتێك مافەكانی لێ زەوتكراوە لە لایەن مێشكێكی وەكو جەنابتانەوە خۆ ئەگەر وا نەبن ئەو میللەتە دەستی ئاشتی وپێكەوە ژیانی زۆر دەمێكە ڕاكێشاوە بۆ ئێوەو عەرەب و فارسیش وە هەرگیس سوكایەتی و ڕیسواكردنی هیچ ئینسانێك و گەلێكی لا پەسند نەبووە جا ئیتر نازانم ئەو هەموو ڕیسوایە بەسەر خۆتان دەهێنن لە پای چی ؟! ئەو هەموو سوكایەتی كردنە قبوڵ دەكەن بەرامبەر بەچی !؟ بەرامبەڕ قڕكردن و كوشتنی بڕینی گەلێك كە بەدرێژای مێژوو غەدری دراوسێ و و غەدری مێشكی وشكی نەژادپەرستی وەك جەنابتان ڕێگەی پێ نەداوە خاوەنی وڵاتی خۆی بێت ، بەڵام خۆڕاگری و ڕۆحی بەرخۆدانی بۆ ژیان بۆ ئاشتی بۆ برایەتی گەلان چۆكی پێ دانەیاوە و هەر ماوەتەوە لە سەر خاكی خۆی بۆتە سومبلی داكۆكی و پاراستنی گەلانیش ، لەبەر ئەوە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە فوڕماتی مێشكتان بكەنەوە ئەو ڕق وكینەیە بەلاوە بنێن و دەستی برایەتی و پێكەوە ژیان هەڵبژێرن و تا چیتر دوچاری سوكایەتی و ڕیسوا بون و شەرمەزاری تر نەبنەوە.
🔹 سەردار عەزیز لە ئێستادا لە دونیادا نرخی نەوت بە شێوەیەکی زۆر خێرا و دراماتیکی دابەزیوە. ئەمە چەند هۆکارێكی هەیە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێئەدەین. یەکەم، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەکاربردنی نەوت لە دونیادا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. وڵاتانی ئۆپێک پلەس کە بریتیین لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک لە گەڵ ڕوسیادا. وڵاتانی ئۆپێک بریتین لە جەزائیر، ئەنگۆلا، کۆنگۆ، گینیا، گابۆن، سعودییە، ئیمارات، عێراق، کوێت، نایجیرییا. ئایدیای ئۆپێک وەک کارتێڵێک ئەوەیە کە بتوانێت بڕ و نرخ کۆنترۆڵ بکات. چونکە نرخ پەیوەستە بە بڕەوە، ئەوا ئەگەر بتوانیت بڕ کۆنتۆڵ بکەیت نرخیش بە پێی بازاڕ کۆنترۆڵ دەکەیت. ئەمە بە لە بەرچاوگرتنی هەبونی نەوتیش لە دەرەوەی وڵاتانی ئۆپیک، لە سەروی هەمویانەوە ئەمریکا. دووەم، ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی ڕابوردوو، وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، کۆبونەوە و بڕیار وەهابوو کە بڕی سێ ملیون و شەسەت هەزار بەرمیل لە بازاڕدا کەمبکەنەوە. داوا کرا لە ڕوسیا، لە زیاتر لە دە ملیون بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، بری ملیون و نیوێک بەرمیل کەم بکاتەوە، بەڵام ڕوسەکان بەمە ڕازی نەبوون. سێ، چەندین هۆکار لە ئارادان کە بۆچی ئۆپیک پڵەس لە ڕێساکانی لایاندا. بە پێی ڕێساکان، دەبوو ئەگەر وڵاتێکش ناتوانێت یان نایەوێت لە ئێستادا بڕ کەمبکاتەوە، ئەوانیتر، بڕەکە کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی نرخ دانەبەزێت و شەڕی نرخ نەیەتە ئاراوە. بەڵام ئەمجارە، بە هۆی بونی کەسایەتییەکی نوێ لە سیاسەتی سعودی، محمد بن سەلمان، کە بەوە ناسراوە کە حەزی لە نمایشی دەسەڵات و سەرکێشییە، بە ئاراستەی پێچەوانەدا چوو. ڕوسەکانیش ئەوەیان پێ قبوڵ نیە کە کەڵەگاییان بە سەرەوە بکرێت. بۆیە ڕوسەکان ووتیان لە مانگی چوارەوە هەرکەس بە ئارەزوی خۆی بڕی خۆی بەرهەم بهێنێت. لە بەرامبەر ئەمەدا سعودییەکان دەیانەوێت نرخ وەها لێبکەن کە ڕوسەکان نەتوانن بەرگەی بگرن و ناچارییان بکەن بێنەوە سەر مێزی دانوستان. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێت سعودییەکان سیاسەتی دانوستانیان بگۆڕن. ئێستا بە عەقڵیەتی قبوڵی بکە یان وازی لێبهێنە کار دەکەن، کە بۆ ڕوسەکان قابیلی قبوڵ نیە. چوارهەم، ڕوسەکان تەنها لە مامەڵەی سعودییەکان قەڵس نین، بەڵکو لە هەمانکاتدا لەوە بێزارن کە دەڵێن کاتێک ئەوان بری نەوتیان کەم دەکەنەوە دەستوبرد کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕەکە پڕ دەکەنەوە. نەوتی ئەمریکی نەوتی بەردینە، شێڵ. سروشتی ئەم نەوتە وەهایە کە تێچونی زۆرە، بۆیە بە نرخی کەم ناچارە لە بازار بکشێتەوە یان ئیفلاس بکات. ڕوسەکان بە هیوان ئەمریکیەکان ئیفلاس بکەن. بەڵام شارەزایانی بازاڕ ئاماژە بە ئەوە ئەدەن ئەمە کاتێک دەبێت کە ٢٠٢٠ کۆتایی پێبێت، ئەمەش ئەستەمە ڕوسیا بتوانێت بەرگەی بگرێت. پێنجەهەم، گەرچی بۆ ئەمریکا، بە تایبەتی بۆ دەنگدەری ترەمپ وەها باشە کە نرخی نەوت کەم بێتەوە. دەنگدەرانی ترەمپ بە ئاستێکی زۆر دژ بە ئۆپێکن. بەڵام لە درێژخایەندا لە دوو ئاستدا زیان بە ئیدارەی ترەمپ دەگەیەنێت، یەکەم دابەزینی نرخی نەوت دەبێت هۆی دابەزینی بەهای زۆر لە کاڵاو ئاماژە ئابورییەکانی تر. لە هەمانکاتدا نزیکەی دە ملیون کەس بێکار دەبن بە تایبەتی لە ولایەتی تەکساس و دێکۆتای باکور. شەشەم، نرخی نەوت ڕێسا و مێژووی خۆی هەیە. لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت، بڕی نەوت زۆر بەکاردەبرێت هەروەها لە ماوەیەکی دیاریکراودا، زۆر بەرهەمهێن ناتوانن بەرهەم بهێنن، وەک نەوتی بن دەریا، نەوتی لماوی، نەوتی بەردین لە ئەنجامدا بڕی نەوت کەم دەکات و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە. بەڵام ئەمە پێویستی بەوە هەیە وڵاتانی نەوتفرۆش بتوانن بەرگەی نزمی نرخ بگرن بۆ پڕکردنەوەی بودجەیان. حەوتەم، ئایا وڵاتانی نەوتی دەتوانن چی بکەن؟ وەک باوە زۆربەی وڵاتانی نەوتی لە کاتی قەیران قەرز دەکەن بۆ پڕکردنەوەی کەمی داهاتیان. لە هەمانکاتدا وڵاتان ناچارن ئۆستریتی یان تەقەشوف بکەن، بە تایبەتی لە بوارە ناپێویستەکاندا. بەڵام چارەسەری درێژخایەن ئەوەیە کە داهاتی نەوت لە دەرەوەی داهاتی نانەوتی بێت. داهاتی نەوت بۆ دروستکردنی بواری نانەوتی بێت، ئەگینا وڵات هەمیشە لە هەڵبەز و دابەزدا دەبێت. هەشتەم، هەریـی کوردستان لە وڵاتانی تر لاوازترە بۆ مامەڵە لە گەڵ یاری و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، چونکە بە ئاسانی ناتوانێت قەرز بکات. گەر قەرزیش بکات توانای بژاردنەوەی نیە، بۆیە زۆت لە سەری دەکەوێت. هەرێم دەبێت بیر لە سیستەمی ئابوری بکاتەوە کە نیەتی ، بیر لە سیستەمی دارایی بکاتەوە، لە سیستەمی باج، لە چۆنێتی سوڕانەوەی دراو، لە وەبەرهێنان و دروستکردنی کار.
حلمی رەسول رەزا ژینگهی كوردستان جۆرێك له باریی بۆ هەندێ جوڵە دروست بوه، و ورده ورده ئاماژهكانی تاك دهسهڵاتی و یهك جهمسهری تێدا دهردهكهوێ، لەناو ئەو تاک جەمسەریەشدا دەسەڵاتی بنەماڵەیەک بەرادەیەک خۆدەنوێنێت کەههموو جومگهكانی دەسەڵاتدارێتی وەک دەسەڵاتی ناوحزب لێبکات و له دهستی خۆیدا مۆڵی بکات. بۆیه هەرکەس و لایەنێک لەسەر ئەم سیاسەتە قسەیەکی پێچەوانەی هەبێت، دەچێته ناو زائیدەکەو دەستی لێناپارێزرێت کە له چركهیهكدا بکرێت به خائین و گەر پێویستیش بکات لە وەرچەرخانێکدا بەقودرەتی قادر خائین دەبێتە پاڵهوانی نیشتمان پەروەرو شەریک. دیاره ئەوەی تارادەیەک تائێستا له گۆرهپانهكاندا حزورێکی دیاری و کاریگەری هەبێت و نهچوبێته ژێر ئهو بارهوه، ئەوە دكتۆر بهرههم ساڵحهو له چهند قۆناغێكدا زۆر بهباشی توانیویهتی خۆی لهو تهبهعیهته بپارێزێ و نهبێته پاشكۆی ئەو سیاسەتە، بۆیە ئهوهی ئێستا زیاتر زومی میدیای پارتی چوەتە سەر هەر ئەوە. هۆكاری ئهمهش بۆ چهند خاڵێكی سهرهكی دهگهڕێتهوه: یهكهمیان: ئهوهی زۆر پارتی نیگهران كردو ناتوانێ ئهو گرێ دهرونیه تێپهڕێنێ، بونه سهرۆك كۆماری دكتۆر بهرههم بوو بهبێ موبارهكهی بارزانی، و ئهو تابۆیەکی تێكشكاند كه چهندین ساڵ بوو كهس توخنی نهدهكهوت، ههرچهنده له راستیدا دهبوو پارتی وهك دهسكهوتێكی دیموكراسی رهفتاری لهگهڵ بكردایه، بهڵام نهیكرد و ناشتوانێت لە بیرخۆی بەرێتەوە. دووهم: دكتۆر بهرههم ساڵح به هیچ شێوهیهك ههوڵی ئهوهی نهداوه كاری بازرگانی و لینك لهگهڵ پارتیدا دروست بكات، چونكه سیاسهتی پارتی لهسهر ئهو بنهمایه بنیادكراوه له رێگهی دهستهمۆ كردنی تاكهكانهوه دهست بهسهر سیاسهتی حزبهكاندا بگرێ و ئهو ئاینده و ئاراستەی سیاسیان بۆ دیاری بكات. پارتی لەگەڵ زۆربەی حزبەکان ئەم هەنگاوەی پەیڕەو کردوەو تارادەیەک سەرکەوتوش بووە، بەڵام لەگەڵ دکتۆر بەرهەم نەیتوانیوە سەرکەوتو بێت. سێیهم: له پێش گرێدانی كۆنگرهی یهكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی چاوهڕوانی ئهوهی دهكرد دكتۆر بهرههم داوای جۆرێك له یارمهتی لێبكات بۆ ئهوهی به حسابی خۆیان بهجۆرێك له ئۆكهی ئهوان سهرۆكی یهكێتی بهدهست بهێنێ، بەتایبەتی کە دەزانرا پارتی گرفتی هەبوو لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی، بەڵام دکتۆر ئەوەی رەتکردەوە بە ئۆکەی پارتی بەشداری کۆنگرەی یەکێتی بکات و پۆست وەربگرێت. چوارهم: له ڕهتكردنهوهی راسپاردنی عهیدانیدا، سهرۆك كۆمار وهك خۆی ناوبراوی رهتكردهوه بەهۆی رەتکردنەوەی لەلایەن شەقامەوە، بهبێ ئهوهی هیچ پرس و ڕایهك به كهس بكات و چاوهڕوانی پەیام بێت. پێنجەم: لهلایهكی ترهوه، سهردانه خێرا و له ڕادهبهدهرهكانی بۆ دهرهوهی وڵات و گرنگی پێدانی و وڵاتان لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی و ههرێمایهتی وای كرد پارتی وا تێبگات ئهمه له پێگهی ئهوان كهمدهكاتهوه، و بۆچونیشی وابوو دكتۆر بهرههم نوێنهرایهتی دهنگێكی تهواو جیاواز دهكات، بۆیە جگەلەوەی پارتی توانای خۆی بەکار هێنا تا لە گرنگیی سەردانەکان کەم بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوونەبوو بۆیە ئەمەی وەک هەرەشەیەک لەسەر هەژمون و باڵادەستی خۆی زانی. شەشەم: سهبارهت به دیاریكردنی محمد تۆفیق عهلاوی بۆ پێكهێنانی حكومهت، ئهو وهك سهرۆك كۆمار و بهگوێرهی دهستور ئەوی راسپاردوە، عەلاوی پێشتر بەرێککەوتنی عامری و موقتەدا سەدروبارزانی کاندید کراوە، بهڵام پاش ئهوهی لهبهرهۆكاری دورخستنەوەی وەزیرەکانی بارهگای بارزانی دۆخهكهی تێكدا و لەگەڵ حەشدی شەعبی و مالیکی پێکەوە کەوتنە دژایەتی عەلاوی، دكتۆر بهرههم نەکەوتە شوێن ئاراستەکەی پارتی و خۆی دور گرت و نههاتهوه نێو گهمهكه، چونكه راسپاردنی ههر سهرۆك وهزیرانێك پێویستی به جۆرێك له پشتیوانی سهرۆك كۆمار ههیه و ئەوەش پهیوهندی به شتی ترهوه نیه. هەرچەندە بهگوێرهی زانیاری هەندێک پەرلەمانتارەوە لە نێو دانوستانهكان عهلاوی پهیمانی ئهوهی دابوو موچهو بودجهی ههرێم بنێرێ و حهشدی شهعبی له كهركوك بكشێنێتهوه. ئهوهی لهم كهین و بهینهدا رون دهبێتهوه ئهوهیه؛ ههر كهس پێچهوانهی حهزهكانی بارزانی رهفتار بكات و بڵێ لهل و كاریگهری تایبهتی خۆی دروست بكات، ئهوا پارتی زۆرترین ههڵمهت له رێگای ئهو میدیا زهبهلاحانهوه دهكاته سهری كه پاره و قوتی خهڵك بنیادیان ناوه. ههر لهبهرئهوهشه به شێوهیهكی زۆر ورد و به ههماههنگی ژمارهیهك میدیای بینراوو بیستراو ههڵمهتی جۆراو جۆر بۆ سەر دکتۆر بەرهەم دەکەن، گومانیشی تێدا نیه ههرچی راگهیاندنی پارتی ههیه لهژێر كۆنترۆڵی بهرپرسه بڕیار بهدهستهكانی ناو پارتیدایە و هەر ئەوان راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم هەڵمەتەدەکەن.
لهتیف فاتیح فهرهج ئهو روداوهی رۆژی ههین له ناوچهی شوان ڕویداو تێیدا كوڕو باوكێك گیانیان له دهستدا ، ههموومانی خهمبارو نیگهران كرد ، ئهم روداوه ناخۆشانه مایهی ئهوهن كه ئیدی بیر لهوه بكهرێتهوه چۆن بهریان پێبگیرێت ، خهیروڵای كوێخا شهریف و كوڕهكهی به دهسڕێژی گولهو به روداوێكی نهخوازراو كوژران ، ئهوان نهوهی كوێخا شهریفی سهیدانن ، ئهو پیاوهی تا كۆچی دوای كرد له ڕژێمه یهك له دوا یهكهكانی عیراق یاخی بوو ، پیاوێكی ئازاو ناسراو ، نهك ههر له بهر كوێخاشهریف بگره لهبهر خهیروڵا و كوڕهكهشی روداوهكه وهك كۆستی ههموو ناوچهكهو ههموو چهمچهماڵیهكان وابوو ، ئهم روداوه كۆمهڵایهتیه یهكهم روداو دوا روداوی ناوچهكهو ههموو كوردستانیش نیهو له رابردوودا هاوشێوهی ئهم روداوه له ههموو ناوچهكانی ههرێمی كوردستان رویداوه ، قسه له سهر ئهوهیه چۆن بهر بهم روداوانه بگیرێت ، ئاخر دهڵێن كاتی خۆی كه حكومهت و زهبت و رهبت ههبووه ، پۆلیسێكی سواره به خۆی و ئهسپێكهوه توانیویهتی لێپرسینهوه بكات و خهڵكیش حسابیان بۆ كردووه ، كهواته روون و ڕهوان كێشهكه ئهوهیه ئێستا حساب بۆ حكومهت ناكرێت ، ئهم حساب بۆ نهكردنهش لهوهوه سهرچاوهی گرت له سنوری زهرد بكوژ خۆی دهكرد بهم دیوداو له سنوری ئهودهمی سهوز بكوژ خۆی دهكرد بهو دیودا ، ئهوه جگه لهوهی له دهزگای دادوهری كوردستان داواكاری گشتی لاوازهو ناتوانێت هیچ دۆسیهیهك بجوڵێنێت . رهنگه دهیان جاری دیكه له سهر ئهو كێشه كۆمهڵایهتیانهمان نووسیبێت ، سهیر ئهوهیه له ههموو دنیا دهسهڵات به دواداچوون بۆ نووسینی رۆژنامهنووس و نوسهران دهكات و كاری له سهر دهكات ، له باشوری كوردستان بشخوێنرێتهوه كاری له سهر ناكرێت ، گرفتهكه ئهوهیه له كوردستان رای گشتی دروست نابێت ، هۆكاری رێگری كردن له رای گشتی ئهوهیه كه دهسهڵاتی باشوری كوردستان جگهلهوهی سیاسهتی پهرتكهو زاڵبهی به كار هێناوه ، جۆرێك له دڕدۆنگی و ناجۆری له نێوان شارو شارۆكهو بنهماڵهكانی كوردستانیشدا دروست كردووه ، تهنانهت دهسهڵات ماوهیهكی زۆره كار له سهر زندووكردنهوهی خێڵ و هۆزو بنهماڵه دهكات و بۆ ئهو مهبهسته پارهش تهرخان دهكات به ناوی جیاجیاوه ، ههڵبهت ئهگهر رای گشتی دروست بێت حكومهتیش ناچار دهبێت لێپرسینهوهو به دواداچوون بۆ ئهو روداوانه بكات .
هیوا سەید سەلیم لە دیداری ٥ی ئاداری نێوان (پوتین – ئەردۆغان)، کە دوای قەیرانی ئیدلب هات، کە ژمارەیەک سەربازی تورکیا لە لایەن هێزەکانی سوریا بە پشتیوانی روسیا کوژران، شێوازی پێشوازی کردن لە ئەردۆغان و شاندە زۆرەکەی کە لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی میت و سەربازی پێکهاتبوو، هەروەها ڕاگرتنی شاندەکە لەسەرپێیان و لەژێر پەیکەری کاترینای مەزن، ئەوەمان پێدەڵێت کە روسیا و سەرۆکەکەی ئەم هەڵسوکەوتەی بە بەرنامە بۆ بێڕیزی کردن لەگەڵ شاندی میوان ئەنجام داوە. دەوترێت تورکەکان یادگاری ناخۆشیان لەگەڵ پەیکەری کاترینای مەزن هەیە، ئەو لەو ماوەی کە ٣٤ ساڵی دەسەڵاتی خۆی وەک قەیسەری روسیا لە (١٧٦٢-١٧٩٦)، چەندین جار پیلانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ داگیرکردنی روسیا تێکشکاندووە. بۆیە پوتین ویستی بە دانانی پەیکەری کاترینا، پەیامێک بداتە سوڵتانە تازەکەی تورکیا، هەر چەند رۆژێک دوای دیداری (پوتین - ئەردۆغان) لە هەمان هۆڵ پوتین، پێشوازی لە شاندێک دەکات ئەو پەیکەرەی لێ نەماوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە پەیکەری کاترینای مەزن تایبەت بۆ ئەوان داندرابێت تا وەک سەرباز لە ژێری بووەستن، هەرواشیان لێکردن. پێش دیدارەکە بە چەند رۆژێک، لەلایەن ئاژانسی هەواڵی سەربازی روسی، دزە بە راپۆرتێک کرا، لەو راپۆرتەدا، کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خستنەخوارەوەی فرۆکە روسیەکە لە لایەن هێزەکانی تورکیا، شێوازی مامەڵەی پوتن لەگەڵ ئەردۆغان خراوەتەڕوو. بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە، هەر پەیامێک بوو بۆ ئەردۆغان، تا پوتین بەبیری بێنێتەوە کە ئەوساش چەندە سازشی پیکردووە. لەو راپۆرتە دەردەکەوێت تا ئەردۆگان بە نووسراو داوای لێبوردنی لە روسیا نەکرد، پوتین ئامادەنەبوو لە مۆسکۆ پێشوازی لێبکات. مەرجێکی دیکەی پ پوتین بۆ ئەردۆغان ئەوەبوو، کە دەبێت دووەمیان داوای لێبووردنەکە لە راگەیاندنە تورکیەکان بڵاوبکاتەوە، وە روسیاش لە راگەیاندنە جیهانیەکان بڵاوی دەکاتەوە، سەرنجام ئەردۆغان بە هەموو ئەو مەرجانەی پوتین رازی دەبێت، تەنیا بۆ ئەوەی پوتین رازی بێت پێشوازی لێبکات. چەند رۆژێک بەسەر دوا دیداری (پوتین - ئەردۆغان) تێدەپەڕێت، ئەو جارەشیان کەناڵە روسیەکان دزە بە ڤیدیۆیەک دەکەن کە تیایدا شیوازی پێشوازی ئەردۆغان لە کۆشکی کرملین نیشاندەدات. لەو ڤیدیۆیەدا دەبینرێت هیچ کەس لە پێشوازی شاندەکەی تورکیا نیە، تەنانەت دەرگای هۆڵی پێشوازیش داخراوە. ئەردۆغان دەموچاوی نیگەرانی زۆری پێوە دیارە و هیچ یەک لە شاندی یاوەریشی جورئەت ناکەن قسەی لەگەڵ بکەن، بگرە هەریەکە و بە شتێک خۆی خەریک دەکات، ئەردۆغان خەریک دەبێت لە پشتی دەرگای پوتین دابنیشێت، دووەمیان بەخێری خۆی دەرگای لێدەکاتەوە. هەموو ئەوانەی شارەزایان لە عورف و ئادابی دبلۆماسی هەیە، کاتێک لەو ڤیدیۆیە دەڕوانن، ئەو تێدەگەن ئەوەی پوتین لەو دیدارە بە ئەردۆغانی کردووە، نەک هەر بریتی نیە لە دیداری دۆستانە، بگرە سووکایەتیە ، لە زمانی جەستەی هەردوولاش ئەمە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت. لێرەدا دەپرسین ئایا ئەردۆغان چەندین جارە بۆچی ئەو سوکایەتیەی رووسەکان قەبوول دەکات؟ خۆ بریار بوو ئەو نەچێت بۆ روسیا، بگرە لەبەرامبەردا بانگهێشتی پوتینی کرد کە لە ئەنقەڕە میوانداری بکات. لە لەیەکی دیکە مەبەستی بوو کۆبوونەوەی لوتکەی چوار قۆڵێ (پۆتن – مێرکل – ماکرۆن – ئەردۆغان) ئەنجام بدرێت. کە ئەمانە بۆ ئەردۆغان نەچووە سەر، هەروەها ئەمەریکا و ناتۆ لە کێشەی ئیدلب پشتیوانیان لێ نەکرد، وە ماددەی ٥ی پەیمانامەی ناتۆیان پێ رەوا نەبینی، کە باس لە ئاسایشی بە کۆمەڵی ئەندامانی ناتۆ دەکات. ئەردۆغان ناچاربوو جارێک دیکە روو لە کۆشکی کریملن بکات، هەموو ئەو سوکایەتیەش قەبوول بکاتەوە، کە دەمێکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هاواردەکەن ئەردۆغان هیچ بەهایەکی بۆ دبلۆماسیەت و سیاستی دەرەوەی تورکیا نەهێشتۆتەوە.
چیا عەباس نوسەری بەناوبانگی کۆڵۆمبی جابریل گارسیا مارکێز براوەی خەڵاتی نۆبڵ رۆمانێکی ناوداری هەیە بە ناوی " خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلیرا " ، باسی خۆشەویستی پیاوێک بۆ ئافرەتێک دەکات کە پاش چاوەروانی نیو سەدەی پیاوەکە بە خۆشەویستەکەی دەگات و بەیەکەوە کەشتێکی دەریایی دور و درێژ دەکەن، پیاوەکە کە خاوەنی کەشتیەکەیە نیشانەی نەخۆشی کۆلێرا لە کەشتیەکەی هەڵدەکات تا کەس کەش و هەوای خۆی و خۆشەویستەکەی تێک نەدات. کوردی ئەم بەشەی کوردستانەکەمان، لە سایەی حوکمرانی رژێمەکانی بەغدا کە سەدام درندەترینان بو و لە سەردەمی فیدرالی کە کورد لە لوتکەکانی ئەو حوکمرانیەدا بونی هەبوە و هەیە ، مافە رەواکانی لێ زوەتکرابو و ئەوەشی بەدەستی هێناوە پچڕپچڕ و بە جورعە وەک خێرێک پێێ " دەدرێت "، ئارامی و سەقامگیری و دڵنیایی و گەشەکردنی دروستی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە خۆیەوە نەبینیوە، زۆربەی کات لە دوریانی هات و نەهاتدا گیرساوەتەوە و لە سایەی مەترسی و هەرەشەدا گوزەری کردوە. تا راپەرین ماڵوێرانی و دەربەدەری و تەعریب و ئەنفال و کیمیاباران و کوشتن و برین پشکی کورد بوە لە دەوڵەتی عێراق. نیشتمان و نەتەوە دەیان ساڵ چاوەروان بون، راپەرین بوە وێستگەی وەرچەرخاندنی ئەو چاوەروانیکردنە، مەخابن لە دوای راپەرینیشەوە ساڵانێکی درێژی شەری ناوخۆ، دابەشکردنی نیشتمان و نەتەوە، دۆخی ئاڵٶزی ئابوری، پێشێلکردنی یاسا و ئازادی، کوشتن و گرتن و نانبرین و سزای سیاسی، دواتریش قرتاندنی موچە و گەندەڵی، بەخشینی نیوەی نیشتمان بە ناحەز و داگیرکەر و... تاد جومگە هەستیارەکانی ژیانی هاوڵاتی کوردیان هەراسان کردوە، بێئومێد و دەستبەستراو و لە سایەی زەبر و زەنگی دەسەڵاتداران و گروپەکانی مافیادا ئێستا و ئایندەیان نائارام و نادیارە. نیشتمان لە سەرهەڵدان و شۆرشەکانی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول لە لایەک بەدەست رژێمی بەغداوە کرابو بە دۆزەخ و لە لاکەی تریشەوە نەتەوە بۆ ماوەی نزیکەی١٣ ساڵ بە دەست شەری حزب و هێزە " شۆرشگیرەکانی " خەباتی شاخەوە دەیناڵاند و کرابونە سوتەمەنی مەرگەپانی ئەو شەرە خۆخۆریانە. نیشتمان ناهەقی نەبو دەگریا، لە گەڵ ئەوەشدا چاویشی بریبوە رۆڵە دڵسۆزەکانی و دەیلاواننەوە، بۆیە هیوا و ئومێد لە گەڵ فرمێسکی نیشتمان بزوێنەری جەنگی خۆشەویستی کورد بو بۆ نیشتمان و مانەوەی لە سەر زێدی باو و باپیران، وێرای هەوڵە درندەکانی دوژمن و داگیرکەران نیشتمان کەوتەوە دەستی رۆڵەکانی. نیشتمان ناهەقی نیە لە سایەی دەسەڵاتی بەشێک لە رۆڵەکانی دوێنێدا بگری، فرمێسکی گریانی ئەمجارەی نیشتمان بە زاخاوی بێ ئومێدی و لەباربردنی خەون و چاوەروانیەکانی و رادەستکردنی نیوەی جەستەی بە ناحەز و داگیرکەر چێژ و رەنگێکی تاڵ و قەترانی لە خۆ گرتوە. جاران کە نیشتمان دەگریا گوێبیستی دایكی رۆڵەکانی بو دەیگوت: کورم قەت نەکەی پۆستاڵی دوژمن لە پێکەی و بەسەر خاکی نیشتماندا برۆیت، برۆ بۆ شاخ و دۆڵ و ئەشکەوتەکان زەماوەندی شۆرش بەرپابکە، نیشتمان ئاهێک بە دڵیدا دەهاتەوە و هیوا و ئومێد لە ئاسۆیدا دەدرەوشانەوە. لە گەڵ یەکەم هەناسەی ئازادیدا نیشتمان بینی رۆڵەکانی بە پەرۆشیەکی بێ وێنە دەنگ بە شتێک بۆ ئایندە دەدەن، سەرلەنوێ روخساری نیشتمان دەدرەوشایەوە، دواتر بینیشی حزب و بەرپرس کەوتنە کوشتنی یەکتر و رۆڵەکانیان فێرکردوە دەنگ دژ بە شتێک بدەن کە ئایندەیان ئاڵۆز و نادیار دەکات، نیشتمان دڵتەنگ بوەوە و تەوژمی گریان ناخ و دەرونیان دەکوڵان. نیو سەدەیە نیشتمان دەگری، چاوەکانی ماندو و جەستەی زامدار، کۆرپە و رۆڵە بەئەمەکەکانی چاویان بریوەتە هەر تروسکاییەکئ ئومێد، نیشتمانی دایک بە فرمێسکە تاڵ و سوێرەکانی تینویەتی و برسیەتی و هەڵچون و تورەیی ناخ و دەرونی رۆڵەکانی کە چاوەروانن دەلاوێنێتەوە. نیشتمان چٶن نەگری کاتێک پەرژینەکانی بونەتە درک و داڵ و خرنۆک، رۆح و هەناویان زامدار کردوە، کاتێک کەنزەکانی و کەرامەت و رەسەنی گڵ و ئاو و هەواکەی بە ئاسانی لە بازاری عەکازی سیاسیدا موقایەزەیان پێوە دەکرێت، کاتێک دەبینێت ئەویان کردۆتە قەڵغانێک بۆ ئەو کارانە و بە ناویەوە و لە سایەیدا هەناو و رۆحی هەراج دەکەن و ... تاد. ئێستا نیشتمان زیاتر لە جاران هەقیەتی بە دڵ و بە کوڵ بگری کاتێک دیموکراسیەت کە بەناویەوە بێ ژمارە بەکارهێنراوە و سەدان هەزار کۆرپەی بۆ ئەو خەونە بەخشیوە کراوەتە کۆت و بەندێک لە گەردن و رۆحی ئاڵاندراوە. دیموکراسیەکی کۆنترۆڵکراو، بێدەنگ کراو و کۆیلە کراو دەنگی رۆڵەکانی خەفە و بێ بەها کردوە. نیشتمان: سەردەمی کۆرۆنایە، مەترسی گەورە و زۆر لە ئایندەدا چاوەروان دەکرێن، نیشتمان: تێر تێر بگری، بەدڵ و بەکوڵ بگری، ئەوەندە کۆرپە و رۆڵە لە کۆشی گەرم و پر سۆزی خۆتا چاویان کردۆتەوە و گۆشەکراون کە ئۆقیانوسێکن لە خۆشەویستی بۆ تۆ، بۆیە چاوەروان بە.... نیشتمان: بێگومان رۆژێک دێت ئەوان دێنە دەنگ و خەمخۆری ئایندەی تۆن و بەخۆشەویستیان ئاسودە و بەختەوەریت پێ دەبەخشنەوە. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٨ ی مارچی ٢٠٢٠
عومەر عەلی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوكاتەوە كە لەشاری ووهان ی چینەوە سەری هەڵداوە, زۆر بە زوویی وەك نەخۆشییەك لە فەزای بە جیهانی بووندا دەركەوت, چونكە هەر دووای سەرهەڵدانی، بەشێكی زۆری شارەكانی چینی گرتەوە و پاشان لە زیاتر لە نێو هەشتا وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەوە ، كە بووە هۆی كوشتنی زیاتر لە دەهەزار كەس و تووشبوونی زیاتر لە 100 هەزار كەس لە ئاستی جیهان، ئەو نەخۆشیەی كە بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوەو سەری هەڵدا, ڕاگەیاندن لەسەر ئاستێكی جیهانی گرنگی زۆری پێدا و بەم هۆیەشەوە زیانێكی گەورەی ئابووری بەزۆر لە وڵاتان و كۆمپانیاكان گەیاند ، كە تا ئێستا ڕێژەكەی دەگاتە 444 ملیار دۆلار كە تیایدا چین و ئێران لە پلەی یەكەمدان. لە دید و تێڕوانینی بەشێك لە موسوڵمانان ئەمە سزایەكی خواییە بۆ مرۆڤایەتی، ئەم تێڕوانینەش دیدێكی ڕووكەشە بۆ دەقە ئاینیەكان و خوێندنەوەی ڕوداوەكەیە لە ناوجەرگەی مێژووەوە. بەڵام ئەگەر سەرنجی قورئان بدەین لە ئایەتێكدا دەفەرموێت ( ڤَهَرَ الْفَسَادُ فِی الْبَرِّ ۆالْبَحْڕ بِمَا كَسَبَتْ أَیْدِی النَّاسِ لِیُژِیقَهُمْ بَعْچَ الَّژِی عَمِلُوا ڵعَلَّهُمْ ێرْجِعُونَ) ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت كەهەر خراپە و قەیران و كاولكارییەك ڕووبكاتە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەهۆی بەرهەمی دەستی مرۆڤ خۆیەتی. ئەگەر سەرنج بدەین خوای گەوورە لە قورئاندا بە شێوەیەك باسی زەوی و گەردوون دەكات كە هەمووی لە پێناو مرۆڤدا درووست كردووە و پاشان زەوی هەڵبژاردووە بۆ ژیان و هەموو پێداویستیەكانی بۆ دابین كردووە و لە دوای ئەوەش مرۆڤی تێدا نیشتەجێ كردووە، پاشان پێخەمبەران و پەیامەكانی بۆ ناردووە، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بژین و زەوی ئاوەدان بكەنەوە و ژیانێكی كامەرانی تیادا بەسەر بەرن و لە بەهەشتی دنیا و دواڕۆژدا بژین. خوای گەوورە گەردوونی لەسەر كۆمەڵێك یاسای زانستی هاوسەنگ دروست كردووە، لەهەمان كاتدا بنەمای هەموو زانستەكانی لە گەردووندا بنیا د ناوە,هەر لە ڕوانگەی ئەو هاوسەنگی و ئەندازەگیریەی گەردوونەوە ،داوالە مرۆڤ دەكات زەوی ئاوەدان بكاتەوە, لەگەڵ یەكتردا وەك برا بژین و یەكتریان خۆشبووێت, بۆ ئەم مەبەستەش ئاینەكانی ناردووە كە هەڵگری كۆمەڵێك بەهای مرۆین، وەك ڕاستگۆیی و لێبووردەی و دادپەروەری و ئازادی ....هتد. بەڵام ئەوەی ئێستا لە سەر زەویدا دەیبینین بە تایبەتیش لەم سەردەمی بەجیهانی بوونەدا شتێكی جیاواز و تایبەتە, زۆربەی مرۆڤەكان پشتیان لە مەعنەویات كردووە و ڕویان كردووتە ژینێكی مادی پراگماتی كە ئەمەش بەشێكی زاڵبوونی دیدوو فەلسەفەی تاك گەرایی لیبڕالیزمە و بەشەكەی تریشی ئایدۆلۆژیای مادی چەپ و سۆشیالیستەكانە یان ئەو پووچ گەراییەیە كە بەشێكی زۆر لە مرۆڤەكانی تێكەوتووە و ئامانجێكی نەهێشتۆتەوە بۆ ژیانی مرۆڤ و بەهاكان و ئاینەكان، بەم هۆیەشەوە بەشێكی زۆر لە مرۆڤایەتی لەجیاتی لەبەرچاو گرتنی بەها مرۆیەكان، وەك فۆكۆ یاما دەڵێت: لە پێناو لەزەت و خۆشیدا دەژین هەر ئەمەشە كەبۆتە هۆی ئەوەی كە مرۆڤ وەك ڕۆبۆتێكی ووشكی لێبێت و بەها مەعنەویەكان تێیدا بمرن، بەهۆی ئەمەشەوە ئەو زانست و تەكنەلۆژیایەی كەبەدەستی هێناوە ئاراستەیەكەی دژە مرۆیی وەرگرتووە و نەبۆتە هۆی دابین كردنی ژیانێكی شایستە بۆ هەموو مرۆڤەكان, خوای گەورە لە پەیامە ئاسمانیەكاندا بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەوە، داوا لە مرۆڤ دەكات كەدوور بكەوێتەوە لە تاوان و حەرام و ستەمكاری و نادادی و برەوبدات بە گیانی مرۆڤ دۆستی، ئەمەش پەیامێكی گشتییە بۆ ئەوەی مرۆ ڤەكان بە ئاسوودەیی بژین. بەڵام كاتێك مرۆڤایەتی پشت لەم پەیامە مەعنەوییە دەكات، ڕووە و ئاراستەیەكی تر دەجوڵێت ،كەبەهۆیەوە زانست و پێشكەوتنەكەی دەبێتە مایەی كاول كاری و مرۆڤ كوژی و دروست كردنی پەتا و ڤایرۆس و چەكی كۆكوژ, ئێمە زیاد لە سەدەیەكە لە ئەم سەرزەویدا كۆمەڵێك لەو مرۆڤانە دەبینین كە دەسەڵاتی گەورەی زەویان لە ئەستۆدایە كە چۆن وەك كائینێكی دڕندە مامەڵە دەكەن, كێبڕكێ دەكەن لەسەر پەرەپێدانی چەكی كۆكوژ و موشەكی دوور هاوێژ و چەكە ناوكیەكان بە هەموو جۆرەكانیەوە، كە دوایەمینیشیان چەكی بایۆلۆژییە. هەر لە پێش ئەوەش كە ئەم ڤایرۆسە ترسناكە سەر هەڵ بدات دەیان ملیۆن مرۆڤ بوونە قوربانی و جەنگەكانی یەكەم و دووەمی جیهانیش باشترین نموونەن, تەنها لە شەڕی ساردی نێوان یەكیەتی سۆڤیەت و ئەمریكادا 20 ملیۆن مرۆڤ بوونە قوربانی ململانێكانی نێوان ئەو دوو زلهێزە, بەڵام یەك سەربازی ئەمریكی سەربازێكی سۆڤیەتی نەكووشتووە و قوربانیەكان هەموویان لە وڵاتانی جیهانی سێدا بوون، ئەمە سەرەڕای دەیان كودەتای سەربازی و هەڵگیرساندنی دەیان شەڕی ناوخۆ و سیاسەتی برسی كردن و وێران كردنی دەیان وڵات. تەنها لە شەڕی دووەمی كەنداو و ڕزگاركردنی عێراقدا 273 تەن یۆرانیۆم بەكار هاتووە، كەمەش هەمووی بۆتە هۆی تێكدانی ژینگە و پیسكردنی هەوا و بەم هۆیەشەوە دەیان هەزار كەس تووشی شێرپەنجە و جۆرەها نەخۆشی تر بوون، لەسەر ئاستێكی جیهانیش بەهۆی شەڕە جۆربەجۆرەكان و پیشەسازیەكانی بواری سەربازی ژینگەیەكی پیس لە ئاستێكی جیهانیدا دروست بووە و ڕێژەی كاربۆن و گازە ژەهراویەكان زۆر زیادی كردووە و تەنانەت كاری لە بەرگە هەواش كردووە و ڕێژەی گازی ئۆزۆنی كەم كردۆتەوە ،كەبەمەش سەرجەم ژیانی مرۆڤایەتی كەوتۆتە بەردەم مەترسی و پلەی گەرمای زەوی بەرزبۆتەوە و بومەلەرزە و ڕەشەبا زیادی كردووە و باران و ئاوی ژێر زەوی لەزۆر ناوچەدا كەم بۆتەوە. ژمارەی قووربانیان و نەخۆشیە مەترسیدارەكان و پەتا جۆربەجۆرەكان ڕۆژ بە ڕۆ ژلە زیاد بووندایە, بەپێی سەرژمێریەكان ساڵانە 2,2 ملیۆن كەس لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی جەڵدەی مێشكەوە و 1,7 ملیۆن كەسیش بەهۆی نەخۆشیەكانی سی و شێرپەنجەوە دەمرن. لە ئێستاشدا كە جیهان كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی نیولیبرالیزمەكان و مرۆڤە بێ مۆڕاڵەكان,جۆرێكی تر لە ململانێ سەری هەڵداوە كە ئامانجیش تیایدا تەنها قازانج و دەست كەوتی مادییە. ئەمانە خاوەنی هیچ بەهایەكی مرۆی نین, بەلایەنەوە گرنگ نییە ملیۆنان مرۆڤ بكەنە قوربانی، تەنها لەبەر ئەوەی قازانج بكەن. لە ئێستادا مرۆڤایەتی كەوتۆتە ژێر هەژموونی كۆمەڵێك لە مافیای گەورەی جیهانی و لەم ڕێگەیەشەوە سیاسەتی زلهێزە گەورەكانیان كۆنتڕۆڵ كردووە و بەئاراستەی ئامانجەكانی خۆیان دەیان جوڵێنن, ئەمانە خاوەنی سەدان دامەزراوەی زانستین كەبە دەیان سەنتەری توێژینەوە پاڵپشتی دەكرێن , ئەمانە بەهۆی ئەم قەیرانانەی كەلەسەر ئاستی جیهان دروستی دەكەن ساڵانە ملیارەها دۆلار قازانج دەكەن. لە ئێستادا جەنگی بایۆلۆژی وەك بواریكی گەورەی بازرگانی و قازانج بەكار دەهێنرێت, ئەم دامەزراوانە دەتوانن جۆرەها ڤایرۆس و بەكتریا و پەتای جۆربەجۆر بەرهەم بهێنن و بڵاوی بكەنەوە, بۆ ئەم مەبەستەش توێژینەوەی ورد دەكەن و چارەسەرەكەی هەر لای خۆیان ئامادە دەكەن، كۆمپانیاكانی بواری دەرمانیش كەهەر سەر بە خۆیانن ئامادە دەكەن بۆ بەرهەم هێنانی هەموو پێداویستیە سروشتیەكان و بازاڕێكی باشیان بۆ دەستەبەر دەكەن . دكتۆر جابوو ئەكایدا لە ڕێكخراوی ( داد و گەشەپێدان بۆ ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا ) دەڵێت : چاوەڕێبن ئەمركا لە ماوەیەكی كورتدا چارەسەری نەخۆشیەكە بڵاو دەكاتەوە و دەیخاتە بازاڕەوە, ئەمەش هاوشێوەی هەموو پەتا و نەخۆشیەكانی پێشوو, بەم هۆیەشەوە كۆمپانیا ئەمریكیەكان ملیارەها دۆلار قازانج دەكەن. جۆرج دراون كە پزیشكێكی بەڕیتانییە دەڵێت لە ئێستادا جەنگێكی بە وەكالەت لە نێوان وڵاتاندا سەری هەڵداوە, ئەم جەنگە نوێیە جەنگێكی بایۆلۆژیە، پشت دەبەستن بە بڵاوكردنەوەی پەتاو نەخۆشیە ڤایرۆسیە ترسناكەكان, ئەوەی ئێستا لە چیندا دەیبینین ئەمریكا و ڕووسیا دەستیان هەیە لە دروست كردنیدا, ئامانجەكەش وێران كردنی ئابووری چینە, بۆچونێكی تریش هەیە دەڵێت چین خۆی ئەو ڤایرۆسەی دروست كردووە، بەمەبەستی ئەوەی كە قازانجەكەی بڕژێتە گیرفانی كۆمپانیا چینیەكانەوە. بۆچونێكی تریش هەیە دەڵێت دوور نیە ئەم ڤایرۆسە دروستكراوی دەستی مافیاكانی بازرگانی دەرمان بێت كە ئەنجامەكەی قازانجی ملیارەها دۆلارە. بە بڕوای هەندێك لە چاودێران هەر وەك چۆن خاوەن سەرمایە و لۆبی تایبەت هەن بۆ پەیدا كردنی بازاڕ بۆ كۆمپانیاكانی دروست كردنی چەك, بەهەمان شێوەش لۆبی تایبەت هەن بۆ كۆمپانیاكانی پیشەسازی دەرمان، لەئێستاشدا باشترین ڕێگا بۆ درووست كردنی ئەم بازاڕە گەشەپێدانی جەنگی بایۆلۆژییە كەئەمەش پاڵپشت بە چەندەها ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و كۆمپانیای گەورەی میدیای جیهانی و دەسەڵاتی سیاسی دەبێت، كە ئاستێكی مەترسیداری لە بواری جیهانیدا بۆ دروست دەكەن، ئەمەش بە مەبەستی درووست كردنی بازاڕێكی گەورەی جیهانی, هەر وەك پێشتریش بۆ نەخۆشی مانگا شێتەكانی بەریِتانیا و ئەنفلۆنزای باڵندە و بەراز كردیان، كە قازانجەكەی ملیارەها دۆلار بوو. لەبەر ئەوە ئەو دۆخەی كە ئێستا مرۆڤایەتی تێی كەوتووە، زۆر مەترسیدار و ناهەموارە، چونكە پێشكەوتنە زانستیەكان بەدەست كەسانێكەوەن كە خاوەنی بچووكترین بەهای مرۆی نین و خاوەنی ویژدانێكی مردوون و خاوەنی چەندان پلانی مەترسیدارن دژ بە مرۆڤایەتی, ئەمەش جاریكی تر دەمانگێڕێتەوە بۆ ئە ڕاستییەی كە زانست بە بێ مۆڕاڵ و بەها ئاینی و مرۆیەكان، ناتوانێت خۆشبەختی بۆ مرۆڤایەتی بهێنێت و زۆرجاریش هەڕەشەی ترسناك لەسەر هەموو كایەكانی ژیان درووست دەكات .
گوڵاڵە سدیق کۆرۆنا ڤایرۆس، ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە کە لە ووڵاتی چینەوە سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ترس و دڵەڕاوکێی لە جیهاندا بڵاوکردەوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەدا ترس تەنها لە کەرتی تەندروستی هەبوو، چونکە ڤایرۆسەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی توشبوەکە دادەنا و بەرەو مردنی دەبرد ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا چارەسەری بۆ نەکرایە، بەڵام بەهۆی نەدۆزینەوەی چارەسەری بنبڕەوە هەتا ئێستا، ووردە ووردە ترسەکە پەلیهاویشتوە بۆ سەر کەرەتەکانی ئابوری و پیشەسازی و گەشتوگوزار. واتە جگە لە لایەنی تەندروستی لایەنی ئابوریش لەبەردەم هەڕەشەیەکی جدیدایە! هەرچەندە ووڵاتی چین شوێنی لە دایکبونی ڤایرۆسەکەیه، بەڵام لەڕوی ئابورییەوە بەتەنها زەرەرمەند نابێت، چونکە ئابوری چین بەشێوەیەکی فراوان بەستراوە بە ئابوری جیهانەوە وە هەر پاشەکشەیەک لە ئابوری چین دەبێتە هۆی پاشەکشەی ئابوری جیهان. هەر لە سەرەتای قەیرانەکەدا، بۆرسە جیهانیەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاشەکشەیەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینی، وە بەهۆی لەکارکەوتنی کارگە چینییەکان نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی خێرا نرخی دابەزی، چونکە ووڵاتی چین لە پێشەنگی ووڵاتاندایە لە کڕینی نەوت و بەکارهێنانیدا بۆ مەبەستی پیشەسازی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری و دارایی لەو ووڵاتانەی کە بۆ دابینکردنی بودجەی ووڵاتەکەیان پشتیان بە نەوت بەستوە! بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە کاریگەری گەورەی لەسەر کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەیه، چونکە چین بە یاریکەرێکی گەورە و بنەڕەتی دادەنرێت لەڕوی پیشەسازی و بەرهەمەوە، وە پشکی شێری بەرهەمی ووڵاتان پەیوەستە بەو هەناردانەوە کە لە ووڵاتی چینەوە بۆیان هەناردە دەکرێت. ئاشکرایە چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانی کە بارەگاکانیان لە شارەکانی ووڵاتی چینە، بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بارەگاکانیان دەخراوە و بوەتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەم لە ووڵاتەکەی خۆیان کە لە ووڵاتی چینەوە کەلوپەل و پێداویستیان بۆ هەناردە دەکرێت. وە ئاشکرایە زۆربەی ووڵاتانی جیهان پشتیان بەو کەلوپەلانە بەستوە کە ڕۆژانە لە ووڵاتی چینەوە بۆ ووڵاتەکەیان هەناردە دەکرێت، واتە لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانەکە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی پێداویستی ڕۆژانە و بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و شتومەکی ڕۆژانە. بەهۆی بەرهەمنەهێنان و پەکەوتنی کارگەکان لە چین و دانیشتی هاوڵاتی چینی لە ماڵەکانیان، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروستکردوە لە جیهان بەگشتی و لە چین بەتایبەتی، چونکە بوەنە هۆی ئەوەی هاوڵاتی چینی ببن بە تاکێکی بەرخۆر هەتا ئەو کاتەی ووڵات دەکەوێتەوە سەر هێڵە ئابورییەکەی جارانی. بەهەمان شێوە بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە، کەرتی گەشتوگوزار بەدەر نەبوە لەو گورزە کوشندەیەی کە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بەریکەوتوە، ڕۆژانە پشکی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان لە پاشەکشەدایە و توشی زیانێکی دارایی زۆر هاتون. کەواتە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتەنها مەترسی نیه لەسەر کەرتی تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان، بەڵکو لەهەمان کاتدا ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر کەرتەکانی ئابوری و پیشەسازی و گەشتوگوزاریش دروستکردوە، ئەگەر ئێمەی هاوڵاتی تەنها ڕوە تەندروستیەکی ببینین، ئەوا ئەو کەسانەی کە لە بۆرسە جیهانییەکان کاردەکەن لە چەندین ڕوی ئابورییەوە لێکدانەوە و توێژینەوەی جۆراوجۆر لەسەر ڤایرۆسەکە و لێکەوتە ئابورییەکانی دەکەن. ڕاستە لە ڕوی تەندروستیەوە ڤایرۆسەکە کوشندەیە و توشبوان دەمرن ئەگەر چارەسەر نەکرێن، بەڵام لە ئایندەیەکی کورت یان مامناوەندا ئەگەر چارەسەر نەدۆزرایەوە ئەوا کاریگەری ڤایرۆسەکە لەسەر کەرتەکانی ئابوری و پیشەسازی و گەشتوگوزار کەمتر نابێت لە کەرتی تەندروستی، وە لە ڕوی ئابورییەوە زۆربەی ووڵاتان توشی شەلەلی ئابوری دەبن، کە کاردەکاتە سەر بەهای پارەی ئەو ووڵاتانەی کە لە بۆرسە حیهانییەکان مامەڵە بە دراوەکەیانەوە دەکرێت، جگە لە قەیرانی تەندروستی و ئابوری زۆر ووڵاتیش توشی کەمبونەوەی نەختینەیی و کێشەی دارایی دەبن، چونکە هەمیشە قەیرانی ئابوری درێژخایەن دەبێتە هۆی قەیرانی دارایی. کەواتە کۆرۆنا ڤایرۆس گەر درێژە بکێشت، جگە لە مەترسیەکانی سەر کەرتی تەندروستی، دەبێتە هۆی زەرەرێکی ئابوری بۆ ووڵاتان، چ بەرهەمهێن بن یان بەرخۆر.
پشتیوان جەمال ئەوەی وەک ڕاپەڕین لەساڵی" ۱۹۹۱"دا ڕووڕیداو،وەک گەورەترین ڕووداوی سیاسی لەهەرێمی کوردستان هاتەئەژمارکردن،ڕەنگە هێندەی"صدام حسین" لەئەنجامی پەلاماردانی کوێت و هاتنەسەرخەتی دەیان وڵات لەسەئەوپەلامارەو،شڵەژانی بۆحکومەتی بەعس دروست کرد،بووە هۆی بەخت یاوەری شۆڕشی کورد تا ڕاپەڕینێک لەباشور ئەنجام بدات،هێندە شۆڕشی کورد لەڕوی توانای هێزی سەربازی و لۆجستی سەربازیەوە ئامەدەگی نەبو،ئەوەی گڕوتنی دابەم ڕاپەڕینەش هاوڵاتیانی ڕاپەڕیوبون شێلگیرانە توانیان ڕوبەڕی کۆڵۆنیالیزمی بەعس ببنەوەو،شان بەشانی شۆڕشگێڕان هەنگاوبنێن بەرەوئازادکردنی هەرێمی کوردستان. ئەوەی دەمانەوێت باسی لێوەبکەین حوکمڕانی ڕێبەرانی شۆڕشی کوردە لەدوای ڕاپەڕین،بەدرێژایی مێژوی گەلان هەمو شۆڕش و گەلێك و دەسەڵاتێكی سیاسی و حكومی پێویستی بە سەركردەی سیاسی و حكومی و جەنگی لی هاتوو و گەل ویست دەبێت ، بۆ ئەوەی میللەتەكەی بگاتە كەناری ئارامی و لە سایەیدا هاوڵاتیەکانی لە ژێر ئەو سولگە سیاسیەی كە سەركردەكان ڕابەڕایەتی دەكەن ئازاد و یەكسان بن ، لە وانەیە گەلی كورد پێچەوانەی زۆرێك لە وڵاتان بەختی بەو جۆرە سەركردانە نەبوبێت تا ئێستا،ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینەوە کرا بەداخەوە نەهامەتی شەڕی ناو خۆبوو،تاکاربەوە گەیشت پارتی "لە۳۱ ئابی ساڵی ۱۹۹٦" لەدژی یەکێتی دەبابەکانی بەعسی هێنایە سەرپەرلەمان هەمان ئەودەبابانەی بەخوێنی هەزاران لەگەنج ولاو پیرو ژنی ئەم کوردستانە وەدەرنرابوون،وایان کرد کوردستان بەسەردوو زۆن دابەش ببێت و براببێت بەدوژمنی براو،نە هامەتی و قەیران بۆ ئەم خەڵکە ببێتەپاداشتی ئەم ڕاپەڕینە،لەپاڵ ئەوەشدا داگیرکردنی پلەو پایەبەرزەکانی ئەم وڵاتە تەنها لای خۆیان بێت و تەحەکومی پێوەبکەن، دابەشکاری سامانی نەوت و،گومرگ، هەرچی داهاتی ناوخۆ هەیە بدرێن بەفیشەک و بەڕوی یەکتردابیتەقێنن، لەیەکەم ھەنگاوی دوای وەدەرنانی دەزگا سەربازی و ھەواڵگری ئەمنیەکانی ڕژێمی بەعس ئەو دۆخەیان قۆستەوە و ھەموو دەستکەوتێکیان کردە (غەنیمە)ی جەنگ بۆ خۆیان و گلیاندایەوە ، بەگەلیان ووت: "ئەمە کەمترین پاداشتە بۆئێمە، چونکە ئێمە خەباتمان بۆ کردووە" وەک ئەوەی وابێ گەڵ بەشداری لەڕاپەڕین نەکردبێت، لەکاتێکدا ھەموو سوکایەتی و سێدارەوئەنفال وکیمیاباران وڕاگواستن بەرامبەر ھاونیشتمانی کرابوو. تا ئێستاشی لەگەڵەدابێ لەدوای تێکەڵ کردنی دووئیداریی و، بێ هێزبوونی یەکێتی بەهۆی جیابونەوەی بزتنەوەی گۆڕان لێی،هاوسەنگی تێک چوو،ئیتر پارتی دیموکراتی کوردستان بووبە چەقی بڕیاردان وزۆرینەی دارایی هەرێم وپشکی دەسەڵاتی ە هەرێمەی لایە ، زۆرینەی ئیلاقەی دەوڵەتان ودیبلۆماسیەکان لای ئەم حیزبەبووە،کەچی تەنها بۆخزمەتی حزبەکەی خۆی بە کاری هێناوە، هەرکات ویستبێتی بڕیاری لەچارەنوسی ئەو میللەتەداوەو گەورەترین کارت کەلەدەستی کوردیدا سەربەخۆی کوردبوو،لەڕێگای ڕیفران دۆمەوە،بەبێ بوونی هیچ ئامادەکاریەک لەدەستی کوردی دا و٪٥۰ ی خاکی هرێمی لەدەستدا، لەکاتێکدا کەلەدوای ۲۰۰۳وەو ئازادکردنی عێڕاق دەوڵەتی عێراق تەنها لەسەر کاغەزناوی هەبوو،بەڵام نەویسترا کەداوای سەربەخۆی بکرێت، لەجیاتی سەربەخۆیی پارەو پۆست داواکراو داوای برایەتی عەرەب و کوردکرایەوە، ڕەنگە نەهامەتیەکانی دوای ڕاپەڕین بەچەندوتارێک کۆتایی نەیەت،هێندە زۆرن نەهامەتیەکانی بەسەرکۆمەڵگای کوردیدا هاتووە. ئەگەر بمان هەوێت ئەم دۆخە باش بێت و هیوا بگەڕێنینەوە بۆ بێ هیواكان و ئینتیمای خاك و نیشتیمان بۆ نەوەی ئێستاو داهاتو دروست بكەینەوەو هەناسەیەكی ئارام بۆ دایكی شەهیدانی نیو سەدەلە خەبات بگەڕێنینەوە ، پێویستە ئەو دەموچاوانەی لە دوای ڕاپەڕین و گشت كایەكانی سیاسەت و حكومەت و هاوڵاتیان قۆرخ كردووە،ڕێگابدرێت بەکەسانی ڕیفۆرم خوازی ناو حزبەکان بدرێت تائەو مللەتە کەمێ لەپاداشتی ڕاپەڕین بگاتەکەناری ئارامی،واز لە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بهێنن و خەمی میللەت و بژێوی گەلەكەیان لە پێش دەستكەوتی خانەوادەییەكانیان بێت.
ژیوار مودەریس لە مەبەستە دیارەکانی شەریعەتی ئیسلامی "پاراستنی گیان و دین"ە. بەپێی دەلالەتی خوێندنەوەی دەقی پیرۆز و وتەی زانایان، ئەوا پاراستنی گیان لە پێش پاراستنی دینەوە دێت (بڕوانە المحصول ی ئیمامی رازی و الفروق ی ئیمامی قەرافی و مناهج الوصول ی ئیمامی بیضاوی). هەر لەم بۆچوونەشەوە، لەو کاتانەدا کە نەفسی بەشەر رووبەڕووی لە ناوچوون دەبێتەوە، روخسەت دراوە بەو شتانەی کە حەرامن. نەک تەنها روخسەت بەڵکو هەندێک موحەڕەمات بە واجیب دانراوە لەو کاتانەدا. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک هیچ نەبوو بیخوات و خەریک بوو لە برساندا بمرێت، ئەوا واجیبە کە ئەو شتانە بخوات کە لێی حەرامن وەکو کەلاکی تۆپیو و گۆشتی بەراز و هەر شتێکی دیکەی لەو جۆرە. هەروەها ئەوەی کە پێی وترا یان دەبێت کوفر بکات یان دەکوژرێت، ئەوا جائیزە کە لە پێناوی پاراستنی گیانی کوفر بکات. هەر لەم پێشەکییەشەوە، ئەوەی سەرنجی لە حەدیس و ئایاتی قورئانی پیرۆز دابێت، گەلێک دەقی پیرۆز دەدۆزێتەوە کە نەهی لە خۆ فڕێدان بەرەوە تەهلوکە و مردن دەکەن. کەسی وردبینی ئەو دەقە پیرۆزانەش دەزانێت کە ئەمر بە دانانی یاسای گشتی ئەوتۆ دەکەن وەک یاسای جیاکردنەوەی تەندروستی لە پێناوی پاراستنی گیانی خەڵکدا. لە صەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتووە کە پێغەمبەری مەزن دروودی خوای لەسەر بێت، موسوڵمانانی نەهی کردووە لە چوونە ئەو ناوچانەی کە پەتایان تێدا بڵاو بۆتەوە وگەر لەو ناوچانەشدا بوون نەهی کردوون لە دەرچوون لەو ناوچانە، بۆ ئەوەی نەوەک ببنە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە. هەر لەم مەقسەدەوە پێغەمبەری مەزن دەفەرموێت ئەوەی بەو پەتایە مرد ئەوا شەهیدە. واتە بۆ ئەوەی ئارەزووی دەرنەچوون لەو شوێنانە لە ناو موسوڵماناندا زیاد بکات و لە جێی خۆیان نەچنە دەرەوە تا نەبنە هۆی بڵاوکردەوەی پەتاکە. نەک بۆ ئەوەی گیانی بێ باکی بە پەتاکە بڵاوبکاتەوە و وا لە موسوڵمانان بکات تێکەڵی خەڵک بن و بچنە شوێنە گشتییەکانەوە بە نییەتی تووشبوونی پەتاکە و بەدەست هێنانی شەهادەت، وەک چۆن هەندێک ساویلکە بە هەڵە لەو حەدیسەی پێغەمبەری مەزن تێگەیشتوون. ئەو حەدیسە پیرۆزە بۆ ئەوە هاتووە کە مانەوە و دەرنەچوون لە شوێنانی تووشبوو بە پەتا لە لای خەڵک شیرین بکات و ئەو کارەیان بگەیەنێتە مەقامی شەهادەت لەبەر ئەوەی جۆرێکە لە جیهادی مەزن کە تێیدا نەفسی خۆیان بکەن بە قوربانی نەفسی خەلکی دیکە لە کۆمەڵگاکەیاندا، واتە بۆ مەبەستی قوربانیدانە بە نەفس لە پێناوی پاراستنی نەفسی خەڵکدا، نەک بە پێچەوانەوە. هەرکەسێکیش بەرامبەر بە پەتا بە فەرامۆش کردن و ئیهمال کردن بە ناوی تەسلیم بوونی قەدەری خودا کاری کرد، ئەوا ئەو کارەی لە مەقامی خۆکوژی، بەڵکو کوشتنی خەڵک دادەنرێت! - و لا تلقوا بأيديكم إلى التهلكة: بە دەستی خۆتان خۆتان فڕێمەدەنە تەهلوکە و فەوتانەوە - لە پاڵ هەڵە تێگەیشتن لە شەهادەت لە کاتی پەتادا، هەڵيیەکی دیکە لەم کاتانەدا لەلای هەندێک کەس بڵاودەبێتەوە دەربارەی قەدەر، وەک ئەوەی لە بری خۆپاراستن دەڵێن ئەوەی خودا دایناوە بۆمان هەر روو دەدات، بۆیە پێویست بە خۆپاراستن ناکات. بەشێکی ئەم بۆچوونە راستە. بەڵام خۆپاراستنیش قەدەری خودای گەورەیە. هەڵە تێگەیشتن لە قەدەر لەسەردەمی بانگەشەی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت، ئەوکاتیش هەبوو. هەندێک سەحابە لە پێغەمبەریان پرسی بۆچی خۆمان تیمار بکەین و خۆمان بپارێزین لە کاتێکدا قەدەری خودا هەر دەبێت روو بدات؟ پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت فەرمووی ئەوەش بە قەدەری خودا روو دەدات. (بڕوانە السنن ی ئیمامی ترمذی) کاتێک خەلیفە عومەری کوڕی خەطاب لە رێگادا بوو بەرەو شام، بیستی کە تاعون لەوێ بڵاو بۆتەوە. بڕیاری دا نەچێتە شامەوە. ئەبو عوبەیدە لێی پرسی: را دەکەیت لە قەدەری خودا؟ حەزرەتی عومەر وەڵامی دایەوە: بەڵی لە قەدەری خودا رادەکەین بەرەو قەدەری خودا. (بوخاری و موسلیم گێراویانەتەوە). هەروەها کەسێک کە نەخۆشیی گەڕیی گرتبوو ویستی دەست بخاتە دەستی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت بۆ هاتنە ناو دینی ئیسلام و هاوپەیمانێتی، پێغەمبەر دەستی وەرنەگرت و پیی گوت: بڕۆ بەیعەمان دایتێ (بڕوانە السنن الکبری ی بەیهەقی) پێغەمبەری مەزن لەم ریوایەتەدا گوێی نەدا بەو تێگەیشتنە سواوانەی عەوام هەیانە دەربارەی دین و قەدەری خودا! لەسەر ئەم بنەمایانە، هەرکەسێک دیراسەتی دەقە پیرۆزەکان بکات و یاسا و رێساکانی لێوە دەربێنێت، بۆی دەردەکەوێت کەپاراستنی گیان بە ئەصل و مەقسەدێکی بنەڕەتیی دین دادەنرێت. بۆیە بڕیاری داخستنی مزگەوت و شوێنی عیبادەت لەم کاتەدا دەچێتە جوملەی جێبەجێکردنی فەرمانی لا تلقوا بأيديكم إلى التهلكة و مەقسەدەکانی دین بە گشتی. هەروەها جێبەجێکردنی فەرموودەی پێغەمبەری مەزن دروودی خوای لەسەر بێتە کە دەڵێت: دع ما یریبک واتە لەو شتانە گەڕێ کە بە گومانیت لێی (بڕوانە سنن ی ترمذی). وە هەر شتێک کە گومان لەلامان درووست بکات پێویستە تەرکی بکەین و خۆمانی لێ بپارێزین، بەو شتانەشەوە کە پەیوەندن بە پاراستنی گیانەوە. هەروەها هەرچیەک بەرەو تەهلوکە و فەوتان بمانبات دەبێت تەرکی بکەین و خۆمانی لێ بپارێزین. ئەوەی بە پێچەوانەی ئەم وەسییەتەی پێغەمبەر کار بکات ئەوا گوناهبارە چونکە خۆی و خەڵک بەرەو تەهلوکە و فەوتان دەبات و ئەوەش جۆرێکە لە کوشتنی بە ئانقسد! ئەمە رای دین و شەریعەتی پیرۆزە. ئەوەش کە ئەمڕۆ هەندێک عەوام و ناشارەزا کردیان، بە نوێژی جەماعەت کردن لە باخە گشتییەکاندا لە بریی مزگەوتەکان، و وایان دەزانی فەرزێکی خودا جێبەجێ دەکەن، پێی لە خودا نزیک دەبنەوە، هەمووی دەچێتە خانەی خۆ فڕێدانە تەهلوکە و فەوتانەوە. لە رووی شەرعییەوە، کاری وەها سەرپێچییە لە فەرموودەی خودا وپێغەمبەر و خراپەکارییە بەرامبەر بە دین و شێواندنی وێنەیەتی بە پیشاندانی وێنەیەکی دواکەوتوو لە بریی. بۆیە پێویستە رێکاری توند بەرامبەر بە دیاردەی وەها بگیرێت، چ لە رێی زانایانی دین یان لە رێی دەسەڵاتە فەرمانرەواکانەوە. بێدەنگی لە ئاستی کوشتنی نەفس، چ لەلایەن زانایانی دین یان لە لایەن دەسەڵاتەوە بێت، جۆرێکە لە بەشداری لەو تاوانەدا. وەرگێڕانی ئالان م نوری
ئاری هەرسین میللەتێک ئەبێت خاوەنی یەک نیشتیمان، یەک زمان، یەک مێژوو و یەک چارەنوسی هاوبەش بێت. شەق کردن و پارچە پارچە کردنی میللەت بە بێ سێو دوو گەورەترین خیانەتە. پاش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆر لە وڵاتانی جیهان، ڤایرۆسەکە هاتە وڵاتی کوردستانیشەوە. ئەم ڤایرۆسە نە نەتەوە ئەناسێت نە پێستی ڕەنگی سپی و زەرد و ڕەش. نە وڵاتی دەوڵەمەند ئەناسێت و نە هەژار. خۆشبەختانە ئەم ڤایرۆسە (هەر وەک مردن) نە فەقیر ئەناسێ و نە دەوڵەمەند. کەچی هەندێک کەس لە هەرێمە بچکۆلانەکەی ئێمەدا لە ئامار و زانیاری بڵاوکردنەوە لەسەر ئەم ڤایرۆسە دیسانەوە میللەت شەق ئەکەن. گوایە لە هەولیر هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا نیە و ئەم ڤایرۆسە بە تەنیا تەماعی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانە. وەک بڵێی سلێمانیەکان خۆیان دەعوەتی ئەم ڤایرۆسەیان کردوە بۆ ئەو دەڤەرە…! ئەگەر حکومتی هەرێم حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە؟ ئەگەر یەک نیشتیمانی پیرۆزی کوردستانە؟ نابێت حکومەت نە ڕێگە بە م جیاوازیە بدات و نە سیاسەتی خۆشی بداتە دەست خەڵکانی نامەسئول و بێ ئیشی سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان. ئێمەی خەڵکی کوردستان وەک حەشاماتێکی ملیۆنی واین لە یەک جەستەدا. ئەگەر کوردستانیەک لە زاخۆ هەتا خانەقین یان لە هەر هەر کوێرە دێیەکی ئەم خاکە پیرۆزە ئازاری پەنجە توتەیەکی هەبێت، وەک ئەوە وایە هەمومان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوبین. ڵە ڕاستیشدا گاڵتەجاڕێکی گەورەیە ڤایرۆسی کۆرۆناش بکەینە دوو ئیدارەیی. من هیوادارم هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لە هەولێر و هیچ شوێنێکی دونیا نەبینم. بەڵام شاردنەوەی زانیاری بەری کورتە و خزمەت بە هاوڵاتیان ناکات. بۆیە حکومەت نابێت ڕێگە بدات هەندێک لە ستافەکەی بە ئاڕاستەی مەبدە ئی نەعامەکەی بەرن. ئەگەریش زانیاریەکان دروست نین، پێویستە حکومەت خۆی ڕونکردنەوەی هەبێت و، سەرجەم ئامارەکانی هەرێم بڵاو بکاتەوە و، سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بونەتە دەمڕاستی حکومەت.
د. رزگار ئاغــا دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی وتەیەک: هەتا ئێستا, زانیاری و رێنوومایی فەرمانەگەی تەندرووستیی و, هەندێ پزیشک, لەسەر شاشەی تەلەفیزۆنەکان, دەربارەی گوێزانەوە و تووش بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ, ئەو بیرۆکە باوەیە کە جۆریکە لە جۆرەکانی هەوکردنی قورسی سییەکان بێت. واتە, گوێزانەوەکە لە رێی کۆئەندامیی هەناسەوە بێـت. هەندێ رێ وشوێن و رێنماییانە بڵاوکردۆتەوە کە تایبەتن بەم شێوازی گوێزانەوەیە. هەروەها, هەڵە لێکدانەوەیەک لە رێنماییکردن بۆ خواردنەوەی ئاو بە شێوەیەکی بەردەوام, گوایە ئەم ڤایرۆسە ئەچێتـە گەدەوە و لەوێ لە رێی ترشەکانی گەدەوە لەناو ئەچن! بەڵام لە تەک توێژیینەوەی زیاتر و, بڵاوبوونەوەی ئەم درمە بەو خێراییە تییژە, توێژەر و زانایان – جگە لە بەرکەوتنی هەناسەیی وەک کۆکە و پژمیین –, بۆ ئەوە ئەچن کە, ڕێگەی تریش هەبێت کە مایەی بلاوبوونەوە و تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە بن. باس و خواسی گەرم هەیە, لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە -پێ بەپێی رەوشتی ڤایرۆسەکانی پێشوو ترەوە وەک سارس- لە رێگەی کۆئەندامی هەناسە و هەرسەوە تەشەنەیان کردووە, وەک لە وتارێکدا بە ناونیشانی : "?The 2019-nCoV coronavirus: Are there two routes to infection" لە لایەن رچارد لارسن, لە سایتی " inform.org " لەم بارەیەوە نووسراوە بە تێرو تەسەلیی. بۆیە, بریاری داخستنی شوێنە گشتیییەکانی وەک: قوتابخانە و, زانکۆ و, پەرستن و, خۆشیی و, بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و, کۆبوونەوە فەرمییەکان گرنگن, بۆ ڕێگرییکردن لە هەردوو شێوازی گواستنەوە و, تەشەنەی ئەم نەخۆشییە. کەمیی رۆشنبیریی تەندرووستی و, سستی بەدواداچوونی پسپۆڕانی ئەم بوارەش, کاریگەرییان هەیە لەسەر نەبوونی ئاوەزایەکی کراوە, بۆ پەسەندکردن وو گوێڕایەڵیی لە ئاستی مەترسیی وەها گەورەدا, کە کۆمەڵگە, سەرتاسەریی, رووبەرووی ئەبێتەوە. بە هیوای ئەوەی ئەم نووسیینەی ریچارد لارسن, کە کردوومە بە کوردیی, لێرەدا, سەرنجی لایەنی پەیوەندیداری هەڵمەتی قەلاچۆکردن و, خۆپارێزیی لەم نەخۆشییە, رابکێشێت و بەهەند وەریبگرن و, لای خۆیانەوە, لە سەر ئاستێکی زانستیی نێودەوڵەتییش, شوێنی بکەون بۆ دەرئەنجامەکانی. ------------ نووسیینەکە: کۆرۆنا: ئایا دوو سوور هەیە بۆ گوێزانەوەی نەخۆشییە درمەکان؟ ڤایرۆسە نوێیەکە, ئەشێت, لە رێگەی هەناسەدان و ریخۆڵەوە, لە مرۆڤ بچێتە دەروەوە. نووسیینی رێچارد لارسن پرۆفیسۆر ریچارد لارسن, توێژەر لە پەیمانگای (MIT) لە ئەمەریکا, نووسیینێکی زۆر سەرنج راکێشی پزییشکییانەی نووسییوە و, لە سایتی (inform.org) بڵاوی کردۆتەوە, هەر وەک خۆی ئەڵێـت, ئەم بۆچوونانەم, پێویستییان بە وردبوونەوە و بەدواداچوونی تاقییگەیی هەیە, بۆ بەهەند وەرگرتن و, گرتنەبەری رێ و شوێنی پێویست لە ئاستیدا. ریچارد, بە بەسەرهاتی یەکەم قوربانیی ئەم ڤایرۆسە دەست پێدەکات: لە شاری (وهان) ی چیین, لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩, پزیشکێکی ٣٤ ساڵ بە ناوی ( لیی ویین لینگ), سەرنجی ڤایرۆسێکی نامۆی نوێی دا, وەک خۆی گێڕاویەتەوە:( زانیم کە ئەم نەخۆشییە, درمە, کاتێک لە نەخۆشێکەوە بۆم گوێزرایەوە, هەڵسوکەوتی لەتەک حێزانەکەیا هەبووە لە ماڵەوە و, منیش یەکسەر لێوەی تووش بووم. بەم شێویە بوو, زانیم کە درمەکەی زۆر توندە, بەڵام سەیر ئەوەبوو , ئەو نەخۆشە هییچ نیشانەیەکی پێوە دیارنەبوو, بۆیە خەمسارد بووم لە ئاستییدا). دکتۆر ( لیی) وای زانیبوو, نەخۆشەکەی هەڵگری نیشانەکانی " سارس", کە لە هەرێمی گواندۆنگ لە باشووری چیین لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە ٢٠٠٣ دا ناسرا. (لیی) بە دیارییکراوی ئەڵێت: وام زانی " سارس" گەڕاوەتەوە و, لام وابوو,هەموو پێویسیتمان بەوەیە, خۆمان ساز و ئامادەبکەین بۆ رووبەرووبوونەوەی و, رێ و شوێنی خۆپارێزیی زیاتر بگریینە دەست. ئەم پزیشکە, ویستی هاوڕێکانی و کەسانی تری نەخۆشخانە وریابکاتەوە و, هەواڵێکی گشتگییری بلاوکردەوە لەسەر ئەم ڤایرۆسە نوێیە, بەڵام لە لایەن بەپرسیارانەوە سزا درا و, ناچارکرا کە قسەکانی بکێشێتەوە. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی, چەند هەفتەیەک ئەم مەترسییە دوا بکەوێت, پێش ئەوەی تەندرووستی چیین مامەڵەی تەواو و درووست لەتەک ئەم ڤایرۆسە نوێیەدا بکات. پاش ئەوەی کە ئەم پزیشکە, بوو بە پاڵەوانێکی نەتەوەیی و, لە رۆژی ٧ی شوباتی ٢٠٢٠ بەم ڤایرۆسە مرد, کە لە نەخۆشێکی خۆیەوە وەری گرت. زۆریینەی زۆری باس و خواسەکانی فایرۆس کۆرۆنا ئەوەیە, کە " هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدا"ە. وایان زانراوە مردنی دکتۆر (لیی) یش بە ڤایرۆسی سارسی ٢٠٠٣ بووە. ئیتر کاتی پرسیار هاتووە: "ئایا سەرەکییترین رێگەی باو بۆ گواستنەوەی سارس بۆ کەسانی تر چیی بووە؟". رەنگە, وەڵامەکە بمانباتەوە بۆ باخچەکانی" ئامۆیی" لە هۆنگ کۆنگ. کۆمەڵگایەکی نیشتەجیبوونی ١٩ بینا بوو, کە گەورەترین موڵگەی بڵاوبوونەوەی سارس بوو, لەسەر ئاستی کۆ بە کۆیی خەڵک دا. لەم شوێنە, ٣٠٠ حاڵەتی سارس کەوتەوە, کە دەرکەوت هەموویان لە نیشتەجێیەکی ٣٣ سالی نیشتەجێی یەکێک لە فلاتەکانی ئەو کۆمەڵگە یەوە, تووش بووبوون, کە چارەسەری نەخۆشی گورچیلەی ئەخوارد و, توشی سار بووبوو و, لە تەکیشییدا تووشی "سکچوون یان رەوانیی – الاسهال-" بوو بوو, وەک نیشانەیەکی توندی سارس. ئیتر زۆری نەبردووە, هەموو دانیشتوانیی فلاتەکانی ئەو بینایەی ئەوی تیاژیاوە, بە شێویەکی شاقووڵییانە, هەموویان تووش بوون, واتە سەروو فلاتەکەی خۆی تا سەربان و , خوار فلاتەکەی خۆی تا زەمیین. بەجۆرێک بەهییچ جۆرێک, چاوی بە کەس, یان بەریەککەوتنی لەو هاوسێیانەی نەبووە. بەپێی ئەو بەدواداچون و پشکنییانەی, کە کران بۆ دۆزیینەوەی هۆکاری راست و درووست, دەرکەوت کە ڤایرۆسەکە, چووتە بۆری ئاوەرۆی توالێتەکانەوە, لە رێی توالێتی فلاتی تووشبووەکەوە و, لە رێی گوێزانەوەی گازی سکچوونەکەیەوە بە بۆریەکاندا, بۆ فلاتەکانی سەروو و خوارووی خۆی. دواتر, پشکنیینە تاقییگەییەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوت, کە ڤایرۆسەکە توانای گوێزانەوەی هەتا ٢٠٠ مەتری هەیە , لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر. ئەم ئەنجامانە سەرسووڕهێنەرن, لەوکاتەی پژمیین, یان کۆکەی کەسێکی تووشبوو بە " نەخۆشی هەناسەیی", تەنها لە چەند مەترێکی کەمەوە توانای تووشکردنی کەسانی تری هەیە, بەلام بۆری ئاوەرۆ, توانای تووشکردنی کەسانی تری هەیە هەتا ٢٠٠ مەتر. زاناکان وتیان کە ١٠ % هەتا ٢٠%ی تووشبووانی سارس, تووشی سکچوون ئەبن و, ئەگەری گوێزا نەوەی درمەکەیان هەیە لە رێگەی ریخۆڵەوە. هەت رۆژی ١٤ی شوبات, نووسەری ئەم وتارە ئەوە دڵنیایە, کە بۆری ئاوەڕۆی گوێزەرەوەی سارس لە باخچەکانی " ئامۆیی" هۆنگ کۆنگ, وەک کێشەیەک لەم بابەتدا سەیر نەکراوە. تەنانەت, ئەگەر مرۆڤ نەچێتە توالێتیش بۆ هەڵمژیینی ئەم گازانە, ئەوا هەر خۆی رۆژانە 0.6 هەتا 1.8 لتر گازی دووەم ئۆکسیید لە ریخۆڵەکانییدا درووست ئەکات. رێگەی دەرکردنی ئەم گازانە بۆ هەوا, ئەتوانرێت بۆ راڤەکردنی بڵاوبوونەوە و گوێزانەوەی ئەم فایرۆسە لە ناو خێزاندا ئاسان بکات, چونکە هەموو, هەمان توالێت بەکار ئەهێنن. ئەمەش کە دەرکەوت, توشبوون لە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەوە بەبێ بەریەک کەوتنی هەناسەیش روویداوە, وەک لە نەخۆشەکەی دکتۆر (لیی) دەرکەوتبوو. ئەم رێتێچوونانە, دەرئەنجامی زانستی یەکلاییکەرەوە نیین, بەڵکو توێژیینەوە و پشکنیینی زیاتری وردتریش پێویستن. رۆژی ١١ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠, گۆڤاری " نیۆیۆرک تایمز" بڵاویکردەوە, هەر لەو شارەی, لە باخچەکانی " ئامەوی" دا, سارس بڵاوبووەوە, ژنێکی ٦٢ ساڵی هۆنگ کۆنگیی, لە دە فلات لە ژێرەوەی فلاتی تووشبوویەکی کۆرۆناوە, ئەمیش تووشی کۆرۆنا بووە, بە هەمان شێوە لە رێی بۆریەکانی ئاوەڕۆوە. لەو حاڵەتانەی کە زۆر چەسپاون, لە ٤٩ حاڵەتی تووشبووی هۆنگ کۆنگیی, سێ حاڵەتیان بۆ خێزانی ئەو ژنە تووشبووە ٦٢ ساڵە ئەگەڕێنەوە, دوانیان لە هەمان فلاتدا ئەژیین و, وەک تەگبیرێکی خۆپاراستن, ٥٠ دانیشتووی ئەو بینایە خراونەتە کەرەنتیینەوە. پوختەیەکی نووسیینەکە: بە کورتییەکەی, رووداوە تۆمارکراوەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠, سەلماندوویانە, کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ, تەنها نەخۆشییەکی هەناسەیی نییە, بەڵکو ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بە دوو شێوە دەرئەچێت: یەکێکیان هەواییە, ئەوی تریان ریخۆڵەییە. لە حاڵەتی ریخۆڵەییدا, ئەو مادەییە ڤایرۆسەکەی هەڵگرتووە, رەنگە دۆخی رەق, شل, یان گازیی بێت. بەڵام گوێزانەوە هەواییەکەی ڤایرۆسەکە, لە یەکێکەوە بۆ ئەوی تر, بە رێگەی پژمیین یان کۆکە ئەبێت, واتە پێویستیی بە کارلەیەکی دوو کەس هەیە بە نزیکیی ٢-٣ مەترەوە. کاری پشکنیین و بەدواداچوونی مەیدانیی, کە بۆ سارس کرا لە ٢٠٠٣, دەریخست, کە گازی سکچوونی پڕ لە ڤایرۆسەکە ئەتوانێـت بە هەڵگرەکەیەوە بنووسێـت ,کە هەوای ناو بۆریەکانە و, بە شێوەیەکی بەرفراوانی مەترسییدار بڵاوبێتەوە بۆ هەناسەی زۆرترین بەرکەوتوو. پرسیار لە بارەی ئەوەوە, مەبەست لە بەیەکدادان بە کەسێکی تردا مانای چیی ئەگەیەنێت؟ لە حاڵەتی نەخۆشیی هەواییدا, بوونی دوو کەس ئەگەیەنێـت بەیەکەوە, یان لە دووریی ٢ – ٣ مەترەوە و بۆ کاتێکی کەم. بەڵام ئەوەی مەبەستە لەم وتارەدا, واتە بەکارهێنانی هەمان توالێت, بە هەر ماوەیەک بێت, کورت یان درێژ, چونکە ئەو هەوایە هەڵدەمژێت, کە لە توالێتەکەدایە, خراپتریش ئەوەیە کە هەواکێشی (ساحبە) تێدانەبێت, یان حاڵەتی نیشتەجیبوون لەو بینا بەرزانەی, کە هەموو فلاتەکان یەک هەواکێشی هاوبەشیان هەبێت. ئەکەر دەرکەوت, ئەم گریمانانەی وتمان, راست دەربچن, بەشێکی یان هەمووی, ئەوا زۆرێک لە گۆڕانکارییەکان پێویستن, کە ببن لە ناو سیستەم و رێ وشوێنە گییراوەکانی قەلاچۆکردنی ئەم نەخۆشییەدا, کە پێویستن فەراهەم بهێنرێن لە ناو حەمام و توالێتەکان و, هەواکێشی تەواو بۆ دەرەوە, بە سەربەخۆیانە هەبن بۆ هەموو نەخۆشەکان لە کەرەنتیینەکاندا. بە گەڕانەوە بۆ سارس لە ٢٠٠٣ دا, ئەو نەخۆشە درمە بە کوتانەکان (ڤاکسیینەکان) نەوەستێنرا, بە ڵکو لەڕێی هەلسوکەوتی تاکەکانەوە بوو, کە تێکچڕان و قەرەباڵغییان کەم و دیاریی کرد و, پاکژیی رۆژانەیان پاراست بە جوانتریین شێوە و, گۆشەگییرییان گرتەبەر بۆ هەر کاتێک گومانیان لا دروست ببێت. ئەمرۆش لە نەبوونی کوتان (ڤاکسیین)ی ئەم نەخۆشییە, باشتریین شتێک بگییرێتە بەر, پابەندبوونە بەو رێ و شوێنانەی پێشووتر, بە شێوەیەکی چڕوپڕ و رێکخراوانە. سەرچاوە: https://pubsonline.informs.org/do/10.1287/orms.2020.02.01/full/