Draw Media

مەجید ساڵح جەلالی و مەلایی، وەک دوو نەهجی کارکردن نەک وەک فکر و ئەندێشە، لە ژێر ناوی دیکەدا رەگوریشەیان دەگەڕێتەوە بو سەردەمی ئەمیرنشینەکانی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاست بەدواوە، بەڵام لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە بەرگێکی بە روواڵەت ئایدۆلۆژیدا خۆیان بەیان کردەوە، بەبێ ئەوەی نەهجی کارکرنیان کە هەر هەمان نەهجی ئەمیرەکانی کورد کە بریتی بوو لە یەکتر کوشتن و ئیقسا کردن و پەنابردن بۆ بێگانە و ناوناتۆرە لەیەک نان بگۆڕن... ئەم نەهجە لە کارکردن، بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو زیانێکی بەشەری و مادی و سیاسی و ئابوری و لەسەرووی هەمویشیەوە لێکترزانێکی گەوەرە کۆمەڵایەتی نەک هەر ئەم بەشەی کوردستان، بەڵکو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوە..  خودی مام جەلال زۆر بەرپرسیارانە لە چەندین بۆنەو وتاردا باسی لەو زیانانە کردوە.. هەردوو حزب، ئەگەرچی موشتەرەکاتی سیاسی و ئابوری و تەنانەت فکری و کۆمەڵایەتیشیان هەبووە و هەیە، بەڵام موبادەرە و هەوڵەکانی مام جەلالی لێ دەرچێت، زۆر بەدەگمەن کاریان کردوە بۆ لەبیرکردنی رابردووی خوێناویان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیکی سپی.. بگرە لە رێگەی ئەدەبیات و میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانەوە دایم برینەکانیان کولاندوەتەوە و ناهێڵن سارێژ ببێت..  ئەوەی جێگەی داخە ئەم کارکردن و بیرکرنەوە نەوە بە نەوە دەگوازرێتەوە و  کۆمەڵگای کوردیان بەشێوەیەکی  زەق لە نێوان خۆیاندا دابەش و پارچەپارچە کردوە و هەر نزیک بوونەوەیک لە نێوانیاندا دروست ببێت جەماوەرەکەی خۆیان بە خیانەتی دەزانن و رویان لێ وەر دەگێڕن و ناچار بە لێکترازانیان دەکەنەوە... ئەوانەی پەروەردەی جەلالیزمن، نزیک بوونەوەی نەک هەر سەرکردە و  حزبەکەی خۆیان لە پارتی بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن، بەڵکۆ رێگە بە خۆیان دەدەن مۆری خیانەت بدەن لە هەر حزب و سەرکردەیەکی دیکەش لە کە گەڵ پارتیدا دانیشتن و رێکەوتن بکات. لەولاشەوە مەلاییەکان (پارتی)، پێیان وایە هەر سازش و دانوساندنێک لە گەڵ جەلالییەکان (یەکێتی) و هاوشێوەکانیان، یان هەر نزیک بوونەوەیکی لایەنەکانی دیکە لە یەکتر دەبێتە لاوازبوونی پارتی و خیانەتیشە لە رێبازی بارزانی. رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بیرکرنەوەیە زیاتر دەچەسپێ، بەەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا بوون بە خاوەنی دەیان کەناڵی میدیایی و هەزاران پەیج و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ئێستاتدا لە جەنگێکی میدیاییدا هەردولا بە هەموو هێزێکیانەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی یەکتری و نەهێشتنی خاڵە هاوبەشەکان دەکەن.. لەولاشەوە موخابەراتی وڵاتانی نەیار بە کورد و کوردستان، دەستەوەستان دانەنیشتوون و لە قوڵکرنەوەی ناکۆکییەکاندا رۆڵی ئەسپەکەی تروادە دەبینن.. دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵات لە هەردوو حزبدا بە تەواوی کەوتوەتە دەستی کەسانێک کە کەمتر پێشینەی شەڕی براکوژیان هەیە، ئومید دەکرا کۆتایی بەم ئەقڵیەتی یەکتر سڕینەوەیە بهێنرێت، بەلام  هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵەکانیان پێمان دەڵێن لەوە ناچێ ئەوانە دەرسیان لە ناسۆر و نەهامەتیەکانی شەڕی یەکتر کوشتن بینیبێت.. کۆمەڵگایی ئیمە شەکەت و ماندوو بووە لە شەڕ بە هەموو جۆرەکانیەوە، ٢٩ ساڵ تەحەمولی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی هەردوولای کردوە...  ئیتر بەسیەتی... ئەم چاو لەیەکتر سورکرنەوە و کۆمەڵگا لە دڵەراوییەدا هێشتنەوەیە، تاکو کەی؟! کەی رەوایە لەبەر حیمایەیەکی داماوی بێکەسی وەزیرێک کە خیری بو خانەخوێکەی خۆی نەبووە، هەرەشەی هەڵگیرسانی شەڕ لەیەکتری بکەن.. چاوێک لە سەرکردە گەنجەکانی وڵاتی (رەوەندا) بکەن لە ئەفریقا، چۆن دوای شەڕێکی خویناوی، رابردویان لە گۆڕ نا و پێکەوە وڵاتەکەیان کردوەتە پێشکەوتوترین وڵاتی ئەفریقایی و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین ئابوری گەشە سەندوو.. بەسیەتی تاکەی لە بەکوشتدان و برسی کردن و هەژارکردنی خەڵک ماندوو نابن؟؟!!


سەردار عەزیز  چەند دەیەی ڕابوردوو، دەگمەن بوو لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، چونکە ململانێی زلهێزەکانی تیادا نەبوو. بەڵام وەها دیارە ئەو ڕۆژگارانە کۆتاییان هات و ئێمە پێ-ئەنێینەوە سەردەمی ململانێی زلهێزەکانەوە. ئەمە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا دۆخێکی ئاسایی بوە. دۆخی نائاسایی سی ساڵی ڕابوردوو بوو، کە تیایدا ئەمریکا باڵا دەست بوو وەک تەنها زلهێز لە دونیادا و ململانێی زلهێزەکان بونی نەبوو. لە سەردەمی نوێی فرە زلهیزیدا چیدی شەڕەکان وەک جاران نیە. ئێستا ئامراز و بواری جەنگ زۆر جیاواز و گۆڕاوە. لە سەردەمی جەنگدا هەموو ڕوداوێک بەکاردەهێنرێت بۆ لێدانی یەکتر. کورد دەبێت لە هەموو کەسێک زیاتر بەمە ئاشنا بێت چونکە لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، لە نەوەدەکانەوە ئێمە لەم دۆخەدا دەژین، هەموو شتێک خێرا دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو زلهێزەکەی کوردستانی باشور. کۆرۆنا ڕەنگە یەکەم ڕوداوی سەدەی بیست و یەک بێت کە بە ئاستێکی زۆر بەرز لە نێوان ئەمریکا و چیندا بەکاردەهێنرێت وەک ئامرازی جەنگ. کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێک بەرهەمی ململانێی نێوان چین و ئەمریکا نیە، ئەمە لە میانەی فرەیمی ململانێی زلهێزەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە. کورد و کۆمەڵگانی تر خێرا دەبنە قوربانی ئەم دۆخە چونکە دەمێکە پەتای تیورەی پیلانگێڕی تیایاندا ڕەگی داکوتاوە. تیورەی پیلانگێڕی لە هەموو خەسڵەتێکدا لە ئاین دەچێت. بەڵام بە چڕی لە لایەن خەڵکانی سەر بە بەرەی چەپ بانگەشەی بۆ دەکرێت. بە گشتی پیلانگێڕی لەلایەن خەڵکانی پەڕگیر و توندڕەوەوە وەک ئامرازێکی سەرەکی بەکاردەبرێت بۆ ئاسانکردنەوەی دونیا و شیکردنەوەی ڕوداوە ئاڵۆزەکان. ئێستا لە کوردستان لە بومەلەرزەوە هەتا ڤایرۆس و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت هەمووی پیلانە. بۆچی چین و ئەمریکا ئەم جەنگە دەکەن؟ هەمیشە پاڵنەرەکانی هەر کارێک زیاترە لە یەک هۆکار. بۆیە بە کورتی چەند هۆکارێک ئاماژە پێئەدەم، لەو کتێبەی لە سەر چین دەینوسم زیاتر دەچمە تان و پۆی ئەم هۆکارانەوەوە. یەکەم، ترەمپ کاتێک دەنگدەرانی دەدوێنێت ئەوا تاوانبارکردن و ناشیرینکردنی چین کارێکی قبوڵکراو و باشە، چونکە دەنگدەری ترەمپ وەک دوژمن تەماشای چین دەکەن. وەهای دەیبینن کە بەرپرسە لە بردنی هەموو کارەکانیان. دووەم، ئەمریکا لە نەوەدەکانەوە تاوتوێی کۆمەڵێک پرس دەکات لەوانە: ئایا چین بەرەو دیموکراسی دەچێت؟ ئایا چین شارستانی دەبێت یان دەبێت بە شارستانیەتێکی تایبەت بە خۆی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەمیشە ئاڵۆزبوە و چەندین دید و تیورەی جیاواز هەیە لە بارەیانەوە. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا نوخبەی سیاسی ئەمریکی بەرەو ئەوە دەڕوات کە چیدی بڕوا بەوە نەکات کە چین بەرەو دیموکراسی دەچێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە جەنگ لە نێوان چین و ئەمریکادا حەتمیە. چین خۆی لە هیچ هێندەی ئازادی و دیموکراسی ناترسێت. ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنی مێژویی و فیکری چینە، لە کتێبەکەماندا ئەمە ئەکەین. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە کە جەنگ لە پڕوپاگەندە و ئیمیج و پی ئاڕەوە دەست پێبکات. سێیەم، چین دەیەوێت ببێتە هێزێكی جیهانی. بۆ ئەوەی ئەمە بە ئاسانی روبدات چین پێویستی بە وێنایەکی جوانە لە دونیادا. ئەمە خەمی گەورەی چینە. کاتێک ئەمریکا بە کۆرۆنا دەڵێت ڤایرۆسی چینی، ئەوا چین وەک ناشیرینکردن و جەنگی دەبینێت. بۆیە لە پەرچەکرداردا چین دەیەوێت ڤایرۆسەکە بخاتە ملی ئەمریکا. ئەمە پروپاگەندەی جەنگە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕاستی و پیلانگێڕی دەبینرێت. چوارهەم، ئەم جەنگی نێوان دوو زلهێزە ئاراستەی خەڵکانی تر دەکرێت، چونکە هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان کە وێنای یەکتر ناشیرین بکەن لای ئەوانی تر. لە پێناو ئەمەدا، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا دەزگای زۆر و ئامرازی زۆر بەکار دەبەن. بە تایبەتی ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکانەوە، زۆرترین خەڵكی گۆی زەوی دەتوانرێت زانیاری و پڕوپاگەندەی پێبگەیەنرێت. فەیسبوک بەهەشتی تیورەی پیلانگێڕی و شەڕی پروپاگەندەیە، چونکە دەگاتە زۆرترین خەڵک و زۆرینەی خەڵك بە ئاگانیە لە پارادایمی ململانێی زلهیزەکان و بە دوای تەفسیری سادەی ڕوداوەکاندا دەگەڕێت. ئەم سەدەیە پڕ دەبێت لەم جۆرە شەڕانە. ئێمە پێویستمان بە ڕۆشنبیری خوێندەوارە بزانێت ئەم جەنگانە لە چ چوارچێوەیەکدا دەسازێن و ئامانجیان چیە و ئاراستەی کێ دەکرێن، ئەگینا زوو زوو دەبینە قوربانی. بەڵام ڕۆشنبیری خوێندەوار دیاردەیەکی دەگمەنە. هەروەها زمانی دەربڕین و پەیوەندی ئێمە هێشتا هێندە ئاینی و سادە و قیامەتی و پیلانگێڕییە، ئاسان نیە زانستیانە پێی بدوێیت. بە دڵنیاییەوە ئێمە تۆپی شەقشەقێنی زلهێزەکان دەبین لە سەدەی بیست و یەکدا. بە خێربێن بۆ تۆپتۆپێن تا تۆپین.


رێبین هەردی ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شتێک هێندەی کۆڤیدی ١٩ کاریگەری کوشەندەی لەسەر جیهان بەجێ نەهێشتبێت. مەسەلە تەنیا ژمارەی کوژراو و نەخۆشەکانی و بەربڵاوی نیە، مەسەلە تەنیاش ئەو قەیرانە ئابوریانە نیە کە دروستیکردووە و دەیکات و دەشێت دونیا و خەڵکی دوچاری کێشەی گەوەرە بکات، بەڵکو ئەو دەرئەنجامانەی دروستی دەکات دەشێت هاوچەشنی جەنگە جیهانیەکان کۆی عەقڵی سیاسی دنیا بگۆڕێت و دەستکاری زۆر شت بکات. لە ئێستاوە دوو ئاراستە دەرکەوتوون: یەکێکیان دژ بە جیهانگیری و ئەوی تریان بە پێچەوانەوە.ئاراستەکانی دژ بە جیهانگیری بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە دەگێرنەوە بۆ یەکێک لە دەرئەنجامەکانی جیهانگیری و کەوتنی سەروەرری نیشتیمانی و چارەسەریش بە گەرانەوە دەزانن بۆ ئەم سەروەریەوە و سنوردارکردنی سنوری نیشتیمان و توندوتوڵ کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەم بۆچونە پێی وایە جیهانگیری ئابوری ئەو شتەیە کە دوای کۆرۆنا کۆتای پێ دێنێت و ئابوری نیشتیمانی جێگەی دەگرێتەوە. بێگومان دۆخی باڵادەستی دەوڵەت لە کێشەی کۆڤیدی ١٩ دا زۆرتر دەردەکەوێت. خێرای وەڵامدانەوەی دەوڵەتە داخراوەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە و خاوی و تاڕادەیەک لە دەست دەرچوونی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە لە دەوڵەتە دیموکراتیەکاندا گومانێکی زۆری لە دەوری کارایی ئەمجۆرە سیستەمە دروستکردووە. هەندێک تا ئەو رادەیە دەرۆن و دەڵێن دنیای دوای کۆڤیدی ١٩، دنیای کەوتنی ئەمەریکایە وەک بەهێزترین دەوڵەتی دنیا و جێگرتنەوەیەتی بە دەوڵەتی چین. چین لە دوای کۆڤیدی ١٩ جێگەی ئەمەریكا دەگرێتەوە. کۆڤیدی ١٩ خەڵک و قەناعەتەکانیشی گۆڕی. کەسانێکی زۆر کە بەردەوام دژی گەورەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بوون و بەرگریان لە ئازادی زیاتر بۆ کۆمەڵگای مەدەنی دەکرد، لە ڕووداوی کۆڤیدی ١٩دا نەک داوای باڵادەستی دەوڵەت، بگرە داوای سوپاو لەشکر و هێزە ئەمنیەکان دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بە زۆر لەماڵەکانیان زیندانی و قەرەنتینە بکەن. داوای ڕاگرتنی هاتوچۆ و بەکارهێنانی سوپا و لەشکر دەکەن بۆ ئەوەی هیچ سازشێک بەرامبەر هیچ پێشێلکاریەک نیشان نەدات. خەڵکانێکی زۆر کە تاماوەیەکی زۆر هەستیاریان بە بوونی ئەم هێزانە هەبوو، هەنوکە زیاتر لەجاران داواوی دەور و دەسەڵاتی بۆ دەکەن. ئەم دۆخە لەدوای نەخۆشیەکەشەوە بەردووام دەبێت و دەولەت دەوری ناوەندێتی خۆی و دەزگا ئەمنیەکانیش دەستێوەردانی خۆیان لە ژیانی خەلکیدا درێژە پێدەدەن. بەڵام ئاراستەی دووهەم پێی وایە کە بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە چ پەیوەندی بە جیهانگیریەوە نیە و بە دوریشی دەزانن دنیا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی ناو دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵگەی بەهێزی ئەم ئاراستەیەش ئەوەیە کە بێ بووی جیهانگیریش مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو دەرد و نەخۆشیانەی کە هەمو جیهانیان گرتۆتەوە بە بێ ئەوەی جیهانگیریش هەبووبێ. نمونەش بەو تاعونە مێژوویە دەهێننەوە کە لە ساڵی ١٣٤٧دا سەرتاسەری دنیای گرتەوە و دەگوترێت نزیك لەسەدا شەستی ئەوروپای لەناو بردووە. ئەم ڕەهەندە پێی وایە کۆڤیدی ١٩ دنیا دەگۆرێت بەڵام نەک بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ ناو دەوڵەتی نیشتیمانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پاشماوەکانی عەقڵەیەتی دەوڵەتی نەیەوەیی. ئەوەی لەناودەچێت عەقڵیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەروەری نیشتیمانیە کە پێیی وایە هەموو دەوڵەتێک تەنیا بەرپرسیارە لە ژیان و ڕێکخستنی دنیای ناو سنوورەکانی خۆی. ئەوەی لە دوای کۆڤیدی ١٩ لەناو دەچێت هەموو ئەو پاشماوانەی عەقلیەتی دەوڵەت نەتەوەیە کە پێیی وایە سنوری سیاسی دەوڵەت ئەو سنوورەیە کە دەبێت بەرپرسیارانی وڵات خۆیان لەبەردەمیدا بەبەرپرسیار بزانن. لە دوای کۆڤیدی ١٩ نەک جیهانگیری ئابوری کۆتای نایەت، بەڵکو جیهانگیریەکی سیاسی دروستدەکات کە وادەکات هەموان لەبەردەم هەموو دنیادا هەست بە بەپرسیاری بکەن. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ بەر ئەو ڕاستیە دەکەوێت کە نەخۆش کەوتنی کەسێک لە دوردەست ترین شوێنی دنیا،شتێک نیە دوور بێت لەو کەسانەی لە جوگرافیای و دەوڵەت و ناوچەی تردا دەژین، بەڵکو نەخۆش کەوتنی یەک کەس واتە ئەگەری توشبوون و نەخۆش کەووتنی هەموو دنیا. کۆڤیدی١٩ لە خەوهەڵسانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەیە کە تەنیا خۆیان بە بەرپرس لەبەردەم خەڵکی خۆیاندا دەزانن و هیچ گرنگی و گوێیەک بە شوێنەکانی دی نادەن و بگرە هیچ لاریشیان نیە ئەو هەنگاو و بڕیارانە بدەن کە کاریگەریەکی خراپ یان نگەتیڤی لەسەر شوێنەکانی تری دنیا دەبێت. کۆڤیدی ١٩ بەهەموان دەڵێت چیدی ڕێگەیەک بۆ فەرامۆشکردنی هیچ شوێنێکی دنیا نیە و ئەوەی وابزانێت ئەوەی لە دنیای دووردەستی ڕوودەدات، پەیوەندی بەوەوە نیە، بە هەڵەیەکی گەورەدا ئەچێت. ئەو زیانەی بە شوێنێکی دوردەست دەگات، دواجار دەگەرێتەوە بۆ ناو سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییەی وای دەزانی کاریگەری لە سنووری دەسەلاتی ئەو ناکات. تەنانەت ڕوبەڕووبونەوەی نەخۆشیەکەش ئەوەی زیاتر سەلماند کە دنیا هەمووی پێویستی بەیەکە، پێویستی بە ئاڵوگوڕی ئەزمون و وتوێژ و تەکنیکەکانی ڕوبەڕبونەوەی نەخۆشیەکەیە. بە کورتی کۆڤیدی ١٩ دوا زەربە لە پاشماوەکەنی سەروەری نیشتیمانی و سیاستی دەوڵەت نەتەوەیی ددەات و جیهانگیری ئابوری ئەگوڕێت بۆ جیهانگیریەکی سیاسی سەرتاسەری. بێگومان ئەم تابلۆیە وەک کابوسێک وایە بۆ ئەو سیایسیە کۆنزەرڤاتیڤ و چاوچنۆکانەی بەس بەرپێی خۆیان دەبینن(هاوشێوەی ترامپ و لێکچووەکانی). ئەمجۆرە سیاسیانە ئەم دۆخە ئەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پێداگری لە توندکردنی سنوورەکانی خۆیان بکەن و زیاتر خۆیان لە دنیادابڕن. چاوەرێش دەکرێت تەوژمێکی تری راسیسزم بەرێوە بێت کە ئەم سیاسیانە دەبنە تەشەنەکردنی. بەلام ئەوەی راستیە هیچ یەک لەم شتانە رێگەی راستەقینەی کۆتایهاتنی قەیرانی کۆڤیدی ١٩ و نەخۆشیەکانی دی نیە، بەڵکو تاکە رێگە سەیرکردنی دنیایە وەک گەردونێک کە هەموو تیایدا بەرامبەر هەموو بەشێکی بەرپرسیارین. مەسەلە تەنیا نەخۆشی تەندروستی نیە، بەلکو هەموو جۆرە نەخۆشیەکانی تر چ سیاسی و چ ئابوری وەک کۆڤیدی ١٩ کەمتازۆر کاریگەری لەهەموو جیهان دەکات. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ دنیایەکە کە دەبێت لە خەونی خۆشی ئەوە خەبەری بێتەوە کە ئەوەی لە دوردەست ڕوودەدات، هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە. لەبەرئەوەش ئەوەی دەبێ روبدات، نەک پتەوبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و گەڕانەوە نیە بۆسەروەری نیشتیمانی، بەڵکو کۆتای پێهاتنێتی بۆ عەقڵیەتێکی گەردوونی کە بەرپرسانە تەماشای هەوو ڕووداو و بەسەرهاتەکانی دنیا دەکات


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج   رێك له‌و كاته‌دا كه‌ چین دوعا خوازی له‌ په‌تای كۆرۆنا ده‌كات ، ئه‌وروپاو ئێران و ته‌واوی وڵاتانی دیكه‌ی دنیا ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌وه‌ ، چین سه‌ركه‌وت ئه‌گه‌ر به‌ كاتیش بێت ، به‌ڵام ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌یشته‌ هه‌موو دنیا ، ئاخۆ ئه‌مه‌ چیه‌ هه‌ر به‌ڕاستی ڤایرۆسه‌و ده‌رگای ماڵه‌كان ده‌شكێنێ‌ یان شتی تر ، ئاخۆ ئێستا ئه‌و ڤینسیایه‌ی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌یری جادوه‌كه‌یم ده‌كرد دۆخی چۆن بێت ، هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌م ڤایرۆسه‌ به‌ رێكه‌وت یان به‌ ئه‌نقه‌ست ترازا ، وه‌ك ئه‌وه‌ی باس له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ده‌كرێت و كه‌س نیه‌ هه‌قیقه‌تی ته‌واو بدۆزێته‌وه‌ . تۆ بڵێی له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی تاقیگه‌یه‌كی زانستیه‌وه‌ كوڕێك یان كچێك توش نه‌بووبێت و ئه‌وانیش خانه‌واده‌كانیان و ، دواتر گه‌ڕه‌ك و شارو له‌ كۆتایدا دنیا ، ئێستا چۆن دڵنیابین هه‌موومان هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ نین ، یان كێ‌ ده‌ڵێت به‌ ئه‌نقه‌ست و به‌ هه‌مان سیناریۆ نه‌گوازراوه‌ته‌وه‌ ، بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگره‌كه‌ پێی زانیبێت ، شه‌وی رابردوو به‌ به‌ر بارانه‌كه‌دا رێمده‌كردو بیرم له‌ ده‌سته‌ پاچه‌یی زانستی پزیشكی و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌كرده‌وه‌ ، ئه‌ی ئێمه‌ بڕیار نه‌بوو زه‌وی و ئاسمان و سروشت رامبكه‌ین ، یان هێشتا له‌ به‌رده‌م توڕه‌ی ئاسمان و زه‌وی و سروشتا هیچ نین . له‌ سه‌رده‌مێكا كه‌ یه‌ك ئیبن سینا هه‌بوو ، خه‌مخواردن له‌ مرۆڤایه‌تی زیاتر بوو تا ئێستا كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دكتۆرو زانا هه‌یه‌ ، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن ده‌كرێت هه‌موو پێكه‌وه‌ شۆك بین ، ئه‌مه‌ چیه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ی بدۆزرێته‌وه‌ رۆژانه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س توش بن و تا ئێستاش نزیكه‌ی 100هه‌زار چاكبووبێته‌وه‌، ئایه‌ چله‌ كێشی و كاره‌نتینه‌ چاره‌سه‌رن ، یان خۆ شاردنه‌وه‌و ده‌سته‌ پاچه‌یی . ئاخۆ دوای كۆرۆنا مرۆڤایه‌تی له‌و رووكه‌شی بوونه‌ ده‌ربازی ده‌بێت و جارێكی تر رامانه‌كانمان بۆ شته‌كان ده‌گۆڕێن ، یان وه‌ك پێشتر گره‌و له‌ سه‌ر مه‌رگ و هه‌تره‌شبردنی یه‌كتر ده‌كه‌ین ، سه‌رزه‌مین به‌ هاوبه‌شی و له‌ هه‌موو كوچه‌یه‌كی دنیاوه‌ نزیكه‌ی پازده‌ هه‌زار لاشه‌ی خسته‌ گۆڕه‌وه‌ هێشتا ده‌ڵێن هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌ترسیدارتره‌ ، ئه‌و كام هه‌فته‌یه‌ دێت و مه‌ترسی كۆرۆنای له‌ گه‌ڵدا نیه‌ ، ئیبن سینایه‌كیش مرۆڤایه‌تی له‌م بارو دۆخه‌ رزگار ده‌كات ؟.


پەیكار عوسمان    - جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە حیکایەتەکەی کاوەو زوحاكدا نیە، لەوەدانیە کە کامیان کوردەو کامیان فارسە، کامیان زاڵمەو کامیان مەزڵومە.. جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە ماناکەیدایە (ڕۆژی نوێ). کە تیایدا سروشت و ساڵ و ژیان، نوێ ئەبێتەوەو ئەمەش ڕووداوێکی هێندە گەورەو مانایەکی هێندە گرنگە، کە ئەگەر لە هەر ڕۆژێکا بەرجەستەببێ، ئەو ڕۆژە بەحەق شایستەی جەژن و بەرزڕاگرتنە، ئەگەرچی هیچ حیکایەتێکیشی لەپشتەوە نەبێت! - یەعنی حیکایەتە گەورەکە (ژیانەوەو نوێبوونەوەیە) کە حیکایەتێکی ڕاستەقینەو فرێشی ئێستایە. نەك ئەو حیکایەتە بچوکەی دوێنێ، کە هەبێ و نەبێ شتێکی ئەوتۆ نیە! عەقڵە گەورەکانیش نەورۆز لە مانا گەورەکەی ژیان و نوێبوونەوەدا ئەبینن. بەڵام عەقڵە بچوکەکان بەدوای ئەوەوەن کە کێ کوردەو کێ فارسە. - ئەگەر زۆر خەمی کوردیشتە، گرنگە بزانیت کە کوردو هەر نەتەوەیەك، تەنیا بە تێگەیشتن لە مانای ژیانەوەو نوێبوونەوە، ئەگاتە شکۆو باڵایی خۆی، نەك بە مانەوە لە شەڕەشەقەکانی مەرگ و دوێنێدا. - چیرۆکی مەرگدۆستی هەمیشە ڕووی لە دواوەیەو چیرۆکی ژیاندۆستی هەمیشە ڕووی لە پێشەوەیە. ئێمەش بۆئەوەی بگەینە پێشڕەفت و ژیاندۆستی، با سەرەتا لە خودی مانای نەورۆزەوە دەستپێبکەین و زۆر لەسەر چەکوش و هەژدیهاو ڕەهەندە ئەفسانەییەکە نەوەستین و زیاتر گرنگی بە ڕەهەندە گەردوونییەکەی نەورۆز بدەین کە نوێبوونەوەی سروشت و ژیانەو ڕاستییە! - دین و زانست و فەلسەو عەقڵ و ئیستاتیکاو هەموو شتێك پێت ئەڵێ "ژیانەوە" شتێکی جوانەو ئەمە ناکۆکی لەسەر نیە. جا گرنگە لەوێوە لە نەورۆز بڕوانین و بەمەش کۆکیی و خۆشەویستی بەرهەمبهێنین. نەكئەوەی بچینەوە بۆ حیکایەتێك کە دوو نەتەوە لەسەر پاڵەوانەکەی ناکۆکبن و ڕقی پێ تازە بکەنەوە! - تۆ زوحاك ئەکەی بە فارس و کاوە ئەکەی بە کورد، لەوێوە ئەتەوێ بڵێ ی من باڵام و ئەو نزمە. فارسیش ئەم نزمییە قبوڵ ناکاو عەکسی ئەکاتەوە.. جا لەبری ئەم ڕق و بەرزی و نزمییە، بۆ لە تەنیشت یەکاو لەمانایەکی تردا نەرورۆز نەکەین؟ لەبری ئەوەی نەورۆز لە دوێنێ و مەرگا هی یەکێکمان بێت، بۆ لە ژیان و ئێستادا هی هەموومان نەبێ، لەکاتێکا ماناکەی ئەوە هەڵئەگرێ و بەهارو نوێبوونەوەی سروشت، بۆ هەموومانە نەك بۆ یەکێکمان جیا لەویتر! - کاوە فارسە، دەوڵەتی ماد ڕوخاوە.. ئەمانەو هیچ شتێكی تر، بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز. چونکە نەورۆز پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە. ژیانیش خۆی چیرۆکە گەورەکەیەو هەموو چیرۆکەکانی تر لە ژیان بچوکترن و ئەکەونە ناو ژیانەوە. هیچ شتێك بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و رەتکردنەوەی نەورۆز، چونکە نەورۆز پەیوەندی بە نوێبوونەوەوە هەیەو نوێبوونەوەش باشترین چیرۆکی ناو چیرۆکی ژیانە! - وەکو کوردیش، هیچ شتێك بیانووی دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز نیە، چونکە تازە بەشێکە لە بوون و ناسنامەوەی ئێمەو ئێمەش ئەبێ شانازی بکەین، کە ناسنامەو کولتورو چەژنەکەی ئێمە، لەگەڵ مانایەکی گەورەی ئینسانیی و گەردوونییدا یەكئەگرێتەوە، کە ژیانەوەو نوێبوونەوەیە! - دواجار کوردیش مرۆڤەو باشترین بەرگریش بەرامبەر دوژمنەکانی کوردو دوژمنەکانی مرۆڤ، چ جەیشی داگیرکەر، چ ڤایرۆسی کۆرۆنا، چ گەندەڵی، چ برسێتی.. ئەوەیە کە ئێمە ژیانمان خۆشبوێ، نوێبوونەوەمان خۆشبوێ، سروشتمان خۆشبوێ، یەکترمان خۆشبووێ.. ئەمەش بەوە ئەبێ، کە سەرەتا ڕق تەڵاقدەین و خودی خۆشەویستیمان خۆشبوێ! - مەسەلەن لەئێستادا دوو بنەماڵەی مافیا، لەبری ئەوەی خزمەتی تۆ بکەن، جنێو بە یەکتر ئەدەن. چیرۆکی ڕقیان بۆ خستویتەتە بری چیرۆکی خزمەت! چیرۆکی ڕقی سیاسی ئێمەش، ڕەگێکی مێژووی هەیەو لە شەستەکانەوەو لە جیلی یەکەمی جەلالی و مەلاییەوە درێژئەبێتەوە بۆ موعارەزەو دەسەڵات و دواتریش بۆ جیلێکی تری جەلالی و مەلایی.. کە چەقی سیاسەت لەم چیرۆکەدا، لەبری ئەوەی چاکەی گشتی بێت، ڕقی حیزبییە! ئەم تلیاکی ڕقەش هێندە کاریگەرە، هەرئەونەی کە تێوەگلایت و دەمارتی گیرکرد، ئیتر شەڕەکە ئەبێ بە شەڕی خۆت و بە نان و ئاوی خۆشت ئەکەیت و وای لێدێ ئیتر ئەوان پاڵی لێ ئەدەنەوەو تەنانەت ئالیکی شەڕەکەشت نادەنێ! هەر وەکئەوەی ساڵانی گرانییەکە، کە خەڵك نان نەبوو بیخوا، کەچی لەسەر پارتی و یەکێتی چاوی یەکیان دەرئەهێنا! ئاگاداربە ئەوە چیرۆکی تۆنیەو وێڵیانکە با لەناو ڕقی خۆیاندا ئەونەی تر گەڕوگول ببن، مەچۆ شەڕەکەیانەوەو مەیەڵە گولیی ئەوانە لێت بدا، چونکە ئەوە لە کۆرۆنا خراپترە. . .


شوان ئەحمەد باپیر      جەژنی نەرۆز بەجەژنی نەتەوەیی گەلی کوردیش ھەژمار دەکرێت، هاوشێوەی هەریەکە لە( قیرقیزستان ، مەنگۆلیا، کازاخستان، گاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئاژەربایجان ، تورکمانستاندا ، ئەفغانستان، ئێران، ئەرمینیا، کۆسۆڤۆ، ئەلبانیا ، سلاڤییەکان، جۆرجییەکان و قەوقاسییەکان(. کە لە ھەرسەردەمێک دا ماناو ناوەرۆکی تایبەتی خۆی ھەبووە. گەلی کوردیش وەک ھەرنەتەوەیەکی تر لەم جیھانەدا ئەم بۆنەیە وەک جەژنێکی نەتەوەیی خۆی ھەژماردەکات لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا. لەم ماوەیەدا نەورۆز لە یادوبۆنەیەکی سروشتی و ئاساییەوە دەبێتە سیمبوڵ و ھێمایەک بۆنەتەوەو وەک جەژنێکی نەتەوەی دەناسرێت لەوانەیە ھۆنراوەکەی( عەبدولخالق ئەسیری)کە، ساڵی ١٩٢٨ولەژمارە(٣)گۆڤاری زاری کرمانجی دا بڵاوی کردۆتەوە سەرەتایەکی گرنگی ناساندنی نەورۆزبێت، وەک جەژنێکی نەتەوەیی ، دواتریش نەرۆز لەسەردەستی پیرەمێردی شاعیر دەبێتە یەکێک لەو یادانەی کە، ساڵانە وەک جەژنێکی نەتەوەیی یادی دەکرێتەوەو ئاھەنگی بۆ سازدەکرێت، نەورۆز وەک ھێمای سەرکەوتنی نەتەوەیی وسیمبوڵێکی ناسیۆنالیستانەنیشان دەدرێت ودەبێتە ئەو ئەفسانەیەی ناسیۆنالیزمی کوردی ھێزو وزەی خۆی لێوەردەگرێت.   بیرۆکەی زیندوکردنەوەی جەژنی نەورۆز، لە کۆمەڵەی زانستی دا بەستراوەتەوە بەسەردەمی پیرەمێردی شاعیر ئەم بیرۆکەش لەوساتەوە دەست پێدەکات کەبووە بە بەرێوەبەری کۆمەڵەکە، بیری لەوەکردەوە کە، ئەم جەژنە تەوەیەیی گەلی کورد نوێبکاتەوە لەم روانگەیەوە پیرەمێردی شاعیر ٢١ئازاری ھەمووساڵێکی دیاری کرد، بەتایبەتی لە رێکەوتی ڕۆژانی ھەینی دا بەئامانجی ئامادەبوونی گشت چین وتوێژەکان تاوەکودەنگ دانەوەی ئەم جەژنە لە ناوکۆمەڵگەدا رەنگ بداتەوە ئەمەلەلایەکەوە، لەلایەکی تریشەوە دەستنیشان کردنی کارێزی وەستا شەریف و (گردی مامەیارە) لەشاری سلێمانی بە شوێنی یادکرنەوەی جەژنی نەورۆز، کە بەم کارەی ناوناوبانگی نەرۆزی بەرزکردەوە، ھەروەھا ناوی پاڵەوانێکی میللی(مامەیارەی) تازەکردەوە، بەم شێوەیە پیرەمێردی شاعیر سەرکەوتووبوو لەوەی کەلەلایەکەوە، ئەم جەژنە زیندوبکاتەوە بەھاوکاری لاوان ورۆشنبیرانی کۆڵندەر نەرۆز، وەکو جەژنێکی نەتەوەی  کورد لە کۆمەڵگادا رەگ وریشەی داکوتا، وەلەلایەکی تریشەوە بەرگێکی نەتەوەیی بەبەرجەژنی نەورۆز داکرد .  لەزۆربەی کاتەکاندا لەلایەن دامودەزگاکانی میریەوە پیرەمێردوکۆمەڵەی زانستی یان تاوان بارئەکردبەوەی کە، ئەم جەژنە ئاگرپەرستیە پەیوەندی ومافی بە کوردەوەنیە، ئەم کارەی پیرەمێرد ھیچ فری بەسەرنیشتمان وکورد وپێشکەوتنەوەنیە، لە دژایەتی نواندن بەولاوە لەگەڵ ئاین و پێشکەوتن دا ھیچی ترنیە، بەڵام ئەم ھێرشەنارەوایانە کاریان نەکردە سەرپیرەمێردی شاعیرودەستەی رۆشنبیران نەیان توانی کاریگەریان لەسەر دروست بکەن بە وازلێھێنان .  ئەمەش ریپۆرتاژێکە کەپیرەمێردی شاعیر لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوی کردۆتەوە. لە رۆژنامەی ژیان لەساڵی ١٩٣٦کە، وەک بەڵگەیەک دەیخەینە روو لەبارەی رۆڵی کۆمەڵەی زانستی  لە جەژنی نەورۆزدا کەتیایدا ھاتووە (( ئێوارەی جومعە کەبۆشەموودەچوو، رۆڵەی زانستی بەگۆرانیی نەورۆزەوە روویان کردە یارە کەدیاری لێوە دیارە،لەتەپلەسەری گردەکەبەدەوری (یارە)دائەھرامێکی داری سووتەنییان ھەڵ ئەچنی،تاشەوێ،ئەودەمەی رۆژپێی نایە کەلووی بەرخەوە،بەجارێ گرەی ئاگر لەدیاری یارەدا دیاریی ئەدا.   بەیانی زوو ئاوازەی دەھۆڵ وزوڕناونەغمەی شادی نەوجەوانانی زانست لە کووچەو بازارای شاردا دەنگی دایەوە، بەجارێ ڕوومان کردەکۆی ئاتەشگاو کارێزی شەریف، ویزەی سەماوەرپەیدابوو،باوبارانیش لەسەرداکردیانەگیزەوگورە،کەوتینەبەربەرەکانی،کورگەل نەجووڵان تا ئەوشکا. تائێوارە پۆل پۆل وتیپ تیپ ھاتن ئەودەشتەبەگوڵی گیان داری نەورۆزو شادمانیی وئازادیی کچان وخوشکانی دڵ سۆز بوبوە بەھشتێکی فەیرۆزو رۆژێکی بەھرۆز،خواردەمەنیش(ماتشتھی الانفس)کەوتبووە(بروز)دوو ڕیزلەدەنگ خۆشەکانی زانستی وەک دوو دەستەبولبولانی وەتەن دوونەشیدەی نەورۆزیان بەرامبەری یەک ئە خوێندەوە، چواردەستەش لەژێر قوماندەی چوارسەرپەرشتی کەر کە ھەریەکەیان بازووبەندی زانستی یان لەقۆڵ دابوو،لەچوار لاوە بۆ بەپیرە وەچوون وخۆش ئامەدی ومیوان داری خزمەت یان ئەکرد، پیرەمێردیش بەداری خۆی کە بۆنەورۆزی کریبوو ئاگریان تێ بەردابوو، ھەڵپەرکێ وسەرچۆپی ئەم سەرەوسەری سەرگردەکەی بەرکەوتبوو،بەویش وازیان لێ نەھێنا ئەیانگۆت لە نەورۆزا ئەبێ حەوت خواردەمەنی(میم) ھەبێ بەزۆر(ماسی ومریشک ومیوەوماست ومێووژبەخورماوملح-خوێ بۆ ھێلکەومسکەت بۆمنداڵانیان)پێ پەیداکردو نان وپەنیرو گورچیلەیشیان خوارد،دوای تێری چوار تەلەبەی شاعیری زانست غفورزەینەددین وبەنگینەوھیوا مەجیدمناڵ چوارمەنزوومەی میللی جوانیان خوێندەوە،خوا پێمان رەوا ببینێ لە شاگرد نانەواوکەوش دروو،کورەبەردکێش بەسایەی زانستی یەوە ئەم ئاداب وتەمکین وشاعیریی وحیسی میللەت پەروەرییان بۆ پەیدابووە،جەژن وسەیرانێکی وا بە دەبدە بەیان بێ قڕەوگوڕەبەجێ ھێنا، لە نیسانیش دا ھەر ئەم(زانستی)یە٣شەوو٣رۆژ لەسەر کارێزی رێی گۆیژە خێوەت ھەڵ ئەدەن ونان وخوان وسفرەئەرازێننەوە لەبەغدا وھەولێر و خانەقینەوە دەعوەتی ھاونیشتمانەکانیان دەکەن)). بەڵام لەدوای ئەوەی کە، مەجید یەعقوبی دەبێتە موتەسەریفی سلێمانی، کەوتە دژایەتی پیرەمێردوچەندین تۆمەتی خستەپاڵ وەک ھاندانی لاوان بۆیاخی بوون وبڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی لەرۆژنامەکەیدا و ئاگرکردنەوە بۆ نەورۆز.........ھتد.  بۆیە لە٢١/٣/ ١٩٣٨بڕیاریدا بە داخستنی ھەریەکە لە رۆژنامەی ژیان و کۆمەڵەی زانستی لەتەک ئەمەش دا ئاھەنگی جەژنی نەرۆزیشی قەدەغەکرد، بە ھۆی ئەوھۆکارانەی کە، لەسەرەوە باسمان کرد.  ئەمەو دواتر پیرەمێرد کۆڵ نادات و ھەر بەتەنگ بەر زراگرتنی ئەم بۆ نەیەوە بووە  لەم چوارچێوەیەدا لەساڵی ١٩٤٨دا بەشیعری بەناوبانگی نەورۆز توانی ئەم یادو بۆ نەیە بگەیێنێتە لوتکە. بە سود وەرگرتن لە  کتێبی : کۆمەڵەی زانستی کوردان( ١٩٢٦- ١٩٣٩)، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە کارو چاڵاکییەکانی کۆمەڵەکە، هەولێر،٢٠١٤،  ل ل ٧٤- ٧٨.    هاوپێچ وێنەی قوتابییانی کۆمەڵەیی زانستی .. ئەرشیفی بنکەی ژیان سلێمانی:   


 سەنار حەمید و سەركۆ یونس سیاسەتی سك هەڵگوشین (تقشف) و دەستگرتن بەپارەوكەمكردنەوەی زیادە خەرجییەكان كارێكی باشە و خۆپاریزیە لە كێشەكان بەتایبەتی لەدوای كەمبونەوەی گەشەی ئابوری جیهان بۆ نزمترین ئاست و دواتریش دابەزینی نرخی نەوت ... لەماوەی ڕابردودا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزی كەئەم دابەزینە لە (20) ساڵی ڕابردودا هاوشێوەی كەم بووە، هۆكارەكان زۆرن بەڵام گرنگترین هۆكاری ڕاستەقینە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بە (Covid-19 ) بووە بەتایبەت لە وڵاتی چینی خاوەن ئابوری و بەرهەم و دواتریش لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبویەوە و كاریگەری ڕاستەوخۆی كردە سەر چالاكیە ئابورییەكان و بەشێوەیەكی توند ئابوری چینی توشی داتەپین كرد و سەرەنجام بوو بەهۆی كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت وبازارەكانی نەوت بەشێوەیەكی خێرا نزمترین ئاستی نرخیان تۆمار كرد كە (20) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بوو. هاوكات هۆكاری سیاسی و روئیایی عەرەبستانی سعودی لە ئۆپیك بەتایبەتی لەدوای ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ ئەندامانی ئۆپیك و ڕووسیا بگەنە ڕێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو ئەمەش بووە هۆی كە سعودیە پەرچەكردارێكی نالۆژیكی بگرێتە بەر بڕێكی زیاتری نەوتی خاو بخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە سەرئەنجام بوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆنزمترین ئاست.ئەوەی ئاشكرایە سعودیە ئەیەوێ‌ نەوت وەك چەكێكی گرنگ و كاریگەر بەرامبەر ڕوسیا بەكار بهێنێت لە ئێستادا سعودیە یەكەم وڵاتی هەناردەكردنی نەوتە لە سەر ئاستی جیهان،ئەوەشمان لەبیر نەچێت كەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی دەرەكی لەگرنگترین ئەو كەرتە ئابوریانەن كە زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت.. دیارە بەردەوامی ئەم بارودۆخە تەنها پەیوەست نی یە بەململانێ ی سعودیە و ڕووسیا بەڵكو وەكو چۆن بەشێكی گرنگی هۆكارەكە پەیوەستە بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە بەداخەوە خەریكە هێواش هێواش ئابوری ئەوروپا دەگرێتەوە و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ لەچالاكی ئابوری سست دەكات بەگشتی و ئابوری ئەڵمانیا بەتایبەتی ، لەهەمان كاتدا خۆشبەختانە گوێ‌ بیستی هەواڵی تەندروستی مژەبەخش دەبین كە وڵاتان لە هەوڵداندان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێك كە ڕێگە بگرێت لە تەشەنەكردن و چارەسەركردنی توشبووان بەجۆرێك كێبڕكێ‌ دروست بووە لەنێوان وڵاتانی ئەمەریكا و چین و ئەڵمانیا و وڵاتە پێشكەوتوەكانی تر، هەرچۆنێك بێت بۆ ماوەكانی داهاتوو هیوادارین ئەم ڤاكسینە ئامادە ببێت و بكەوێتە بازارەكانی جیهانەوە و تاڕادەیەك ببێتە ڕێگر لەبەردەم تەشەنەكردن و بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ئابوری وڵاتان بكەوێتە سەر پێ‌ ی خۆی ووردە ووردە چالاكییە ئابورییەكان دەست پێ‌ بكرێنەوە بە گشتی و چالاكی كەرتی پیشەسازی وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان بەتایبەتی و ئەمەش ببێتە هۆی دروست بونەوەی خواست لەسەر نەوت و سەرەنجام بەرزبونەوەی نرخی نەوت .هەروەها هەردوو  وڵاتی ڕوسیا و سعودیەش بگەنە ڕێكەوتن لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوتی خاو و بازارەكانی جیهان سەقامگیری و هاوسەنگی بۆبگەرێتەوە ئەوەشمان لەبیر نەچێت داهاتی نەوت بۆ هەریەكە لە سعودیە و ڕووسیا بەشێكی گەورەی بودجەی ساڵانەیان پێك دەهێنێت و هەریەكەیان بەم بارودۆخە گەورەترین مەترسیان لەسەر ئابوری وڵاتەكەیان هەیە بەڵام گومانی تێدا نی یە هۆكاری سیاسی لەپشتەوەیە هەر بۆیە پێمان وایە هەردولا لە مەترسیەكانی ئەم بارە تێ‌ دەگەن و بۆیە ناكرێت بەردەوام ببن لەسەر ئەم سیاسەتەیان هیوادارین لە مانگەكانی داهاتوی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و نزیك ببێتەوە لە (50) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و داهاتی وڵاتانی نەوت فرۆش بەرزببَیتەوە و چالاكیە ئابورییەكان ئاستی بەرز تۆمار بكەن و مرۆڤایەتی لەم قەیران و نەهامەتیانە ڕزگاری ببێت . هەرچی پەیوەستە بە ئابوری كوردستان بەداخەوە ڕەنگدانەوەی دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە كاریگەری خراپ و نێگەتیڤی قورستری دەبێت چونكە وەك ئاشكرایە حكومەتی هەرێم زیاتر (%90) پشتی بە نەوتی فرۆشراو دەبەستێت لەهەردوو سەرچاوەی دەست كەوتنی داهاتەوە جا چ لەرێگەی بەغداوە و بێت یان ئەو بڕە نەوتەی ڕاستەوخۆ خۆی ئەینێریتە بازاڕی جیهانی یەوە .لەڕاستدا فرۆشتنی نەوت بەنرخی (20) دۆلار بۆ هەربەرمیلێك بۆ ئابوری وڵاتانی خاوەن نەوت جێگای هەڵوەستە لەسەر كردنە و پێویستە ڕێگاچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و هەوڵ بدرێت كەمترین لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە بكرێت .هەربۆیە پێمان وایە پێویستە حكومەتی هەرێم بەجدی كار بكات هەتا هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم تووشی نەهامەتی و نارەحەتی و دەردی سەری نەبنەوە و چونكە چیتر هاونیشتیمانیانی هەرێم بەرگەی قەیرانێكی تر ناگرن و هەربۆیە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ فرە سەرچاوە كردنی داهات وبودجەی هەرێم بۆ ئەوەی لەم بارانەدا لەقەیران و كێشەكان باری سەرشانی سووكتر بێت و پێمان وایە لە ئێستادا حكومەت پێویستە كار بۆ كەرتی كشتوكاڵ بكات لەڕووی هاوكاری كردن و یارمەتیدانی جوتیاران هەر لەبەرهەمێنانی بەروبوم و پاشان ساغكردنەوەی لە بازاڕدا لەلایەك سەرچاوەی داهاتی خاوەن كار و جوتیاران زیاد دەكات و لەلایەكی ترەوە ئابوری هەرێم ووردە ووردە ڕوو دەكاتە خۆژێنی و پێداویستییە خۆراكیەكانی ناوخۆ هەر لەناو هەرێمدا دابین دەكات و هاوردەنی كەمتر دەكات و هەر ئەمەش ڕێگە دەگرێت لە چوونە دەرەوەی پارەی هەرێم بۆ دەرەوە و هاوسەنگی دەگەڕێتەوە بۆ تەرازووی پارەدان . لەئێستادا مووچەخۆران و هاونیشتیمانیانی هەرێم لە دوبارەسەرهەڵدانەوەی قەیرانێكی دارایی و ئابوری تر دەترسن و كە گومانی تێدا نی یە ئەمجارە قورستر و گرانتر دەبێت چونكە گۆرانكارییەكانی هەمەچەشن و هەمە لایەنن و پەیوەست نی یە بە كەرتێكی ئابورییەوە..


فارس نەورۆڵی مێژووی مرۆڤایەتی کارەساتی گەورەی بە خۆوە دیوە، ھەر لە جەنگ و نەخۆشیەوە تا دەگاتە قاتوقڕی و پەتا و ماڵوێرانکەری وا کە ملیونەھا مرۆڤی کوشتووە. ھەریەک لەم کارەساتانە گورزی کەمەرشکێنی لە مرۆڤایەتی وەشاندووە، لەھەمان کاتیشدا گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێناوە.  بەڵام لەمێژوی نوێدا، وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانی ئەنگیڵا مێرکڵ دەڵێت: لەدوای جەنگی جیھانی دوھەمەوە ھیچ کارەساتێک وەک کۆرۆنا ترسناک نەبووە، ترسێک کۆی مرۆڤایەتی بگرێتەوە. سەرەڕای ئەم ترسە گشتیە کۆرۆنا قسەی جیای لەسەردەکرێت. ھەندێک کەس بەتیۆری پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەیخوێننەوە،ھەندێکیتر بەجەنگی بایۆلۆژی  باسی دەکەن. مێژوش خاڵی نیە لەم ڕوداوانە، لەساڵی ١٦٦٢ تاساڵی ١٧١٢ ئەمریکییە سپی پێستەکان لەڕێگای شەڕەوە نەیانتوانی بەسەرھندە سورەکاندا زاڵ بن،  بۆیە چەکی تاعونیان دژیان بەکارھێنا، بەوھۆیەوە نزیکەی لەسەدا ٨٠ ی ھندە سورەکان گیانیان لەدەستدا.  ئێستاش وتەبێژی حکومەتی چین ئەمریکای بەوە تاوانبارکرد کە ئەو وڵاتە گەشەی بەڤایرۆسی کۆرۆنا داوە و ناردویەتی بۆ چین.  لە بەرامبەردا ترامپ، چینی تاوانبارکرد و ڤایرۆسەکەی بەڤایرۆسی چینی ناو برد. خۆ ئەگەر لە دەرەوەی تیۆری پیلانگێڕی سەیری بکەین، دەبینین ئەوە ڕوونە میدیای ئەمریکی وئەوروپی سەرەتا لە سەرئاستی جیھان ئەم پرسەیان قۆستەوە بۆلێدان لە گەشەی ئابوری چین. ئەوەی گرنگە قسەی لەسەربکەین، لێکەوتەکانی کۆرۆنایە لە ئێستاو لە دوای کۆرۆنا بە پێی ئەو دیمەنانەی کە لە شاشەکانەوە دەیبینین. ئەم ڤایرۆسە جیھانی پەرێشانکردووە، بە یەکجار مرۆڤایەتی کەرەنتینکردووە، ئەمە ڕوداوێکی دەگمەنە لە مێژودا. بۆیە لێکەوتەکانی گۆڕانکاری گەورەی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی و جیھانبینی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. سەرەتا لێکەوتەکانی لەسەر ئابوری دەرکەوتوە وداڕمانێکی گەورەی لە بۆرسە و ئابوری جیھاندا لەگەڵ خۆی ھێناوە و لەسەرئاستی تاکیش تائێستا مەزەندە دەکرێت ٢٥ ملیۆن کەس بێکار ببن، لێرەوە کاریگەریەکانی بۆ ئاست کۆمەڵایەتی وسیاسی پەلدەکێشێ و گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات. گۆڕانکاریەک کە پێدەچێ لەخەیاڵ وئەقڵی زۆرێک لە ئێمەدانەبێت. ئەم گۆڕانکاریانە بەشێکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بۆیە زۆرگرنگە کورد تەواو ھەستیار مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات، بۆئەوەی بە کەمترین زیانی تەندروستی و ئابوری و سیاسی لێی دەرچێت. بۆیە پێویستە پێش ھەرشت خەڵک خۆی بپارێزێت و پابەند بێت بە ڕێنماییەکانەوە، دواتر دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێم ھەماھەنگیی تەواویان ھەبێت و ڕۆڵ لە سەر ئاستی سیاسی و تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و میدیایی دیاری بکرێت ودابەشبکرێت. لە سەر ئاستی حیزبەکانیش مامەڵەی ئەم دۆخە وەک پرسێکی گشتی بکەن، نەک وەک گەمەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات. لە ھەموی گرنگتر بۆ ڕاگرتنی ئارامیی کۆمەڵایەتی ودابینکردنی موچە و لە بەرچاوگرتنی بێ موچەکان، کە کاری ڕۆژانە بژێویی بۆ دابینکردوون و ئێستا بێکارن، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت کە کورد شەڕی داعشی کردووە، بۆیە مافی خۆمانە لەم شەڕەداھاوکارمان بن. لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی کە بەھۆی دۆخی کوردستان دەوڵەمەندبوون و بوون بە سەرمایەداری گەورە لەڕوی ئەخلاقییەوە بەرپرسن، دەبێت ھاوکاری کوردستان بن لەم دۆخەدا. دواجار دەبێ بزانین ژیان و جیھان لە ھەموو کایەکانی سیاسی و ئابوری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دورنیە جوغرافیاش دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لەپێش کۆرۆنا. جیھانبینی مرۆڤەکان دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لە پێش کۆرۆنا، بۆیە دەبێت ئەو دۆخە بە ھەند وەرگرین بەھەموو لایەکمانەوە.  


چیا عەباس   لە گەڵ دروستبونی گۆڕان بەرەی ئۆپزسیۆن لە باشور پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە کە رێگەی ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی کردە ئەمری واقیع. ئەم وەرچەرخاندنە دەسەڵاتی حوکمرانی هەرێمی شڵەژاند و ئەو هاوسەنگیەی نێوان پارتی و یەکێتی بەجۆرێک تێکچو کە تا دەیان ساڵی تر پێوەی دەناڵێنن. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بەرەی ئۆپزسیۆن، کە زۆربەی لە روی رێكخراویی و سیاسیەوە لە ناو گۆڕاندا بونی هەبو، دوچاری پەرتەوازە و لەتبون و داکشان و لاوازیەکی بەرچاو بو. لێرە بەدواوە دەسەڵات کاری جدی بۆ ئیحتواکردنی پاشماوەکانی بەشێکی ئەو ئۆپزسیۆنەی ناو گۆڕانی کرد و تێیدا سەرکەوتوش بو.  کاتێک لە ناو گۆڕان کار لە کار ترازا و ئومێدی گۆرانکاری و چاکسازی تێیدا روی لە ئاوابون کرد، دەیان هەڵسوراو و پەرڵەمانتار و بەرپرسانی گۆڕان بە رێگەی پەیام و پرۆژەوە سەرانی گۆڕان یان لە مەترسیەکانی ئەو نەهجەی گرتبویانە بەر ئاگادار کردەوە، یەکێک لەو گروپانە پرۆگۆڕانە کە لە دەرەوەی وڵات دروستبو و رۆڵێکی بەرچاوی بۆ لێكنزیکبونەوە و لێکتێگەیشتنی بەرەی نارازی ناو گۆڕان لە وڵات و دەرەوە هەیە، هاوکاتیش دەسەڵاتدارانی گۆڕانی لە ئاکامە نەرێنەکانی بەشداری بزوتنەوەکە بەو لاوازی و پەرتەوازیە لە حکومەت بە ئاگاهێنایەوە، سەرانی گۆڕان لە روانگای بەرژەوەندی گروپە جیاکانی خۆیان گوێیان نەگرت و بەشداریان کرد و بێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی گەلەکەیان لە گەڵ پارتی رێکەوتن، کەچی پارتی تا ئەم چرکەیەش بە جورعە شیرینی دەسەڵات بە گۆڕان دەبەخشێ و بێدەنگی کردون. لە ئاکامی ئەم روداوانەدا زۆربەی زۆری بەرەی نارازی جارانی ناو گۆڕان، بە بەندەشەوە،  گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە گۆرانکاری و چاکسازی لە ناو گۆڕان و زۆربەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان کۆتایی پێهاتوە و قەوانێکی سواوە و راکردنە بەدوای سەرابدا، بۆیە ئەو قەناعەتە زۆربەمانی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە دەبێت لە مەقامی بنەرەتی و سەرەکیدا خەمخۆری ئایندەی نەتەوە و نیشتمان بین بە پشتبەستن بە هێز و کاری جەماوەر  و پرسەکانی گەشەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و چالاکیە مەدەنیەکان. لەو دیدگایەوە بەرەی نارازی هەوڵێکی زۆری دڵسۆزانەی هەمەلایەنەی داوە  و بەردەوامیشە بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێک یاخود سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نارازیەکانی دژ بە گەندەڵی و نادادی لە هەرێمدا تا هەڵسن بە ئەرکی مێژویی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمان، پلاتفۆرمێک دور لە دیماگۆگی حزبی و بێبەری لە کەسانی روخسار لەکەدار و دەمامکدار و نیەت خۆپەرست بنیات بنێن، بێگومان بە هاوکاری رێژەیەکی بەرچاوی رۆشنبیر و نوسەر و نارازی ناو هێزەکانی تر هەوڵ دەدرێت  پشتگیری لە هەق بکرێت و دژی ناهەقی بوەستنەوە، بەتایبەت بەرامبەر دەسەڵاتی رەهای حزبی لە حوکمرانیدا کە سەرچاوەی بنەرەتی و سەرەکی ناهەقی و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسایە. سەرهەڵدانی ئافاتی کۆرۆنا چاوەروان نەکراو بو، ئێستا بۆتە مەترسیەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، زلهێزەکان و وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتوەکانی دنیا بەرێگەی جیاجیا کۆکن لە سەر ئەوەی دەبێت زیانەکانی ئەم ئافاتە سنوردار بکرێن و دواتر کۆنترۆڵی بکەن، بۆ ئەمەش چەند ترلیۆن دۆلاریان تەرخانکردوە بۆ گوزەرانی هاوڵانیان و دابینکردنی پێداویستیە پزیشکی و مرۆییەکان لە جەنگی دژ بە کۆرۆنا. لە ئێستادا ئێران یەکێکە لە سەنتەرە گەورەکانی تەشەنەکردنی کۆرۆنا، باشوری کوردستان سنورێکی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتری لە گەڵدا هەیە، هاوکاتیش تێکەڵاوبونێکی مێژویی خەستی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و سیاسی لە گەڵدا هەیە، بۆیە مەترسیەکانی سەر کوردستان لەم ئیپی سەنتەرە مەترسیدارەوە کەم نین، دەبێت زۆر ورد و دروست مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. دیارە لە نوسینی پێشومدا " ئەو یەکێتیانە بۆ وادەکەن" مەبەستم بو رونی بکەمەوە کە ئەو مەرزانەی سنور لە گەڵ ئێران کە لە مێژە لەلایەن هەر دو حزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی، کۆنترۆڵ کراون و تا ئەم چرکەیەش بازرگانیان لە رێگەیانەوە قۆرخ کردوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی نایاسایی و نارەوا و تاڵانکردن، بەم دواییەش هەوڵ دراوە گۆڕانیش پشکی تێدا هەبێت، دەبوا ئەم مەرزانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت و وەزارەتی دارایی و دەزگا پەیوەندار و بەرپرسە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی گەل و نیشتماندا بونایە و بەردەوام چاودێری ورد و توند بکرانەیە. ئەم سنور و مەرزانە چەند گرنگیەکی ستراتیژی هەستاریان بۆ باشوری کوردستان و فەرمانرەوایی هەرێم هەیە، لەلایەک گرنگی سیاسی و لە لاکەی تریشەوە دەروازە گرنگەکانی بازرگانی هەرێمن لە گەڵ دنیای دەرەوە، کە لە ساڵانی دوای راپەرینەوە چروپر بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراون. لەم سەردەمەی کۆرۆنا ئەو مەرزانە پێویستیان بە کۆنترۆڵکردنێک هەیە کە وەک دەمامکی خۆپاراستن لە کۆرۆنای لێبکەن، نەک بەو بەرەڵڵاییەی بەر چاو دەکەوێت کە چەند تاقمێک لێی سودمەندن. کاتێکیش باسی وەزیری داراییم کردوە کە بە بریاری حکومەت سەردانی یەک دو مەرزی کردوە بە مەبەستی بەدواداچون و ئەگەرەکانی ئیجرائاتی پێویست، وەک هەواڵێک و جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمانرەوایی ئاماژەم پێداوە، ئەم باسکردنەم بەهیچ شێوەیەک دەربرینی پشتگیری سیاسی نیە بۆ ئەو وەزیرە و حکومەتی هەرێم، بەڵکو ناراستەوخۆ بەشێکی واقیعی ناکۆکی و ململانێی نارەوا و تۆڵەکردنەوە لە نێوان هێزە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆم خستۆتە رو. بێجگە لەو خاڵانەی سەرەوە لە بنەرەتدا لەو باوەرەدام حکومەتی هەرێم لە زۆر بواری هەستیاردا، یەکێک لەوانە مەرزەکانی سنورە و پرسە ستراتیژیەکانی پەیوەست پێیانەوە، تایبەت لەم ساتە وەختەدا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، نابەرپرسانە مامەڵەی کردوە و زۆر کەمیشی هێناوە. بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ئەرکێکی گەورەی نیشتمانیە، هەرچەندە لە ئێستادا خەڵک ناتوانن بە یەکەوە بن بەڵام دەتوانن هاوکاری یەکتر بن بۆ زاڵبون بەسەر ئەم ئافاتەدا. حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری یەکەمە، بە تایبەت لە تەرخانکردنی دارایی پێویست، بەخشینی زانیاری، دابینکردنی پێویستیە بنەرەتیەکان بۆ بژێوی سەدان هەزار کەسی پیر و پەککەوتو و نەخۆش و ئەوانەی موچەخۆر نین و لە ماڵەوەن و کار و کاسبیان نەماوە، ئامادەسازی پزیشکی و دارایی و لۆجیستیک بۆ ئەگەری تەشەنەبونی زیاتری ئەم ئافاتە. حکومەتی هەرێم رێگەی قفڵدانی هەرێـمی  بژاردە کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، ئەم ستراتیژیە پێویستی بەدابینکردنی گەڵێک پێدوایستی زۆر بنەرەتی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەیەکی زانستانە و راست و دروست، کەچی لەم ساتە هەستیارەشدا دەسەڵاتدارانی ئەو دو حزبە هێشتا کار بە دو ئیدارەیی دەکەن، بەوەش نەوەستاون لە ئاستی زۆر باڵادا و بەهۆی بەرژەوەندیە نەوتیەکان و رق و کینەی مێژوییەوە کەوتونەتە گیانی یەکتر، بەجۆرێک کە سەردەمەکانی شەرە ناوخۆییەکانی نێو جەستەی کوردایەتیمان لە باشور بەبیر دەهێننەوە.  دوبەرەکی و دو ئیدارەیی رێگری گرنگن لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کە تا ئێستاش لە زۆر شوێن کاریگەری نەرێنیان هەیە، وەک لە مەرزەکانی سنور، لە فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکان و چەند دامودەزگای هەستیاری حوکمرانیدا، زیادە بۆ ئەمانەش ژێرخانێکی شەکەتی ئابوری و گواستنەوە و غیابی ئاماری ورد و دروست و دەسەڵاتی گروپە بەرژەوەندخوازەکان لە ناوچە جیاکانی کوردستان، هەروەهاش ژێڕخانێکی پزیشکی و تەندروستی لاواز و کەم ئیمکانیات. ئەم هەمو خاڵە گرنگانە تا ئەم چرکەیەش بەتێر و تەسەلی و راشکاوانە لە کارنامەی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەرچاو نەکەوتون، بەڵكو هەر وەک نەریتی جاران راگەیانراوی زۆر و زەبەندی سەد بارە و سواو  رۆژانە نمایش دەکرێن. ئەم سێ هێزەی حوکمرانی بەرپرسیاری یەکەمن لە هەر ئاکامێکی نەخوازیاری ئەم ئافاتە، ئەم هەڵسەنگاندنە بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆنی رانەگەینراویش بێبەری ناکات لەوەی کۆمەڵێک کار هەبو دەیانتوانی و دەشتوانن بیکەن. لە سەرویانەوە سازدانی سندوقێکی کۆمەک بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، تەنگ هەڵچنین بە دەسەڵاتدارانی ئەو هێز و حزبانە بۆ گەرانەوەی پارەی زەوتکراو و هەڵلوشکراوی میللەت لەم سات و ئانەدا تا لە هەڵمەتی دژ بە کۆرۆنا بەکاربهێنرێت، داواکردن لە سەرمایەدارانی گەلەکەمان کە بێنە پێش و لەئاستی بەرپرسیاریەتی مێژویاندا بن لەم جەنگە سەختە دژ بە کۆرۆنا، بەتایبەت لە دابینکردنی بژێوی رۆژانەی کەم دەرامەت و بەتەمەنچوەکان و نەخۆش و پەککەوتەکان. لێرەدا دەسەڵاتی سێ حزبی حوکمرانی بەرپرسی یەکەمن لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ سەرجەم ئەو خاڵە گرنگ و بنەرەتیانە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، هەروەها بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و یارمەتی پێویستی قوربیانیانی کۆرۆنا. وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی پێشکەوتوی تریش سەدان ملیار دۆلاریان تەرخان کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو ئافاتە، تایبەت بۆ قەرەبوکردنەوەی خەڵک لەو زیانانەی بەریان دەکەوێت بەهۆی داخستنی شوێنی کار و بژێوی ژیانیان، هەروەها بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستیە لۆجیستیک و پزیشکیەکان و بەردەوامدان بە پرۆسەی خوێندن و فێربون بە رێگەی ئۆنلاینەوە. کەس داوای مەحاڵ لە حکومەتی هەرێم ناکات، بەڵام ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت هەر سێ حزبی دەسەڵاتدار لێی بەرپرسن و هەریەکە بە پێی دەرامەت و پێگە و قورسایی لە حکومەت و لەودیو سنورەکانی کوردستانیشەوە، هیچ لایەکیان ناتوانن خۆی لەم بەرپرسیاریەتە بێبەری بکات، کاتێک شەریک بن لە دابەشکردنی کێکەکە و شەری خواستەکانیان لە حکومەتدا دەبێت ئەرکەکانیشیان راست و دروست و راستگۆیانە و شەفافانە جێبەجێ بکەن. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام ٢٠ مارچ ٢٠٢٠         


شوان سدیق: ئیتاڵیا بێرگامۆ شارێکی جوان و سەرنج و ڕاکێش ڕۆمایەکە بۆخۆی دەوڵەمەندە بەشوێنی مێژووی و ئاسەواری ھەزاران ساڵ، شارێکی تابڵێی زیندوو بەموزیک و کەلتووی کۆن و نوێ. بەھۆی دەوڵەمەندی بەناوچەی گەشتیاری و ھەڵکەوتەی ناوچەیشی لەوەرزە جیاوازەکانی ساڵ بەردەوان جمەی دێت لە گەشتیار. ئەمڕۆ ئەم شارە، تووشی بەڵای خۆی بووە، ئەو بەڵایە لێی دەرچوون ئاسان نییە دەبێ خۆتی لێ لابدەیت، بەڵێ ئەویش کۆڕۆنا ڤایرۆسە، کەمرۆڤایەتی و جیھانی بەچۆکدا ھێناوە. پاریزگای بێرگامۆ لەڕووی ئیداریەوە سەربەھەرێمی لۆمباردیای بەشی باکووری ئیتاڵیا کەمیلانۆ پایتەختیەتی. ئەم شارە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٥٠ کەس دەبێت. ئەم شارە چونکە بەردەوام گەشتیارو کەسانی بیانی سەردانی دەکەن، بەشارێکی جموجوڵ و سەردانیکراو ناوی دەرکردوە، لەڕووی ناو بانگەوە ڕەنگە وەکو شاری پیسا یان بۆلۆنیا نییە بەڵام شارەکە لەپلەیەکی زۆرباشدایە کەتوانای پێشوازیکردنی ھەیە لەگەشتیار و ناوبانگێکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ئیتاڵی و ئەوروپییەکان. ئەمڕۆ ئەم شارە پڕ لەئاسەوار و دڵگیرە، ھەواڵی ناخۆشی تێدابڵاو دەبێتەوە، ڕووداوی جیاجیا بەخۆیەوە دەبینێ کەھەرگیز بۆرگانۆییەکان بەخیاڵیاندا نەھاتووە ئەمەی ئێستاکە رووبدات. تەنیا لەچوار ڕۆژی ڕابردوو دەیان کەسی دانیشتووی شارەکە بەرکەوتەی کۆرۆنای نەفرەتی بوون نەخۆش کەوتن و گیانیان لەدەستدا. جاران، وەختێک کۆرۆنا شەڕی نەپێچابووە ئەم شارە، کەسێک کۆچی دوای دەکرد بەسێ ئۆتۆمبێل و مەراسیمێکی گەورە لەکەنیساوە ماڵئاواییان لێ دەکرد بەڵام ئەمڕۆ زەمەنەکەی گۆڕاوە، شارەکە تەرمێکی زۆری تێدا بڵاوبۆتەوە، چەند کەسێکی تایبەت نەبێ ڕێگە نادرێ ھەموو ھاوڵاتییەک وەکو جاران بەچەپکە گوڵێکەوە بێن، بۆ بەشداری لەمەراسیمی ماڵئاوایی ئازیزانیان. ماڵپەڕی "ئەلێتێیا"ی ئیتاڵی ڕۆژی ١٢ی مارس ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی لە "گۆڕستانەکان شوێن نەماوە" بڵاوکردەوە، لەڕاپۆرتەکە ھاتووە لە"بێرگامۆ" لە ڕۆژێکدا ١٤٢ کەس بوونەتە قوربانی ڤایرۆسی کۆرۆناو مردوون. ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو ئیدارەی شارەکە بەناچاری تەرمەکانیان دابەشی گۆڕستانەکان کردوە، چونکە لەپاش جەنگی جیھانی یەکەم جارە لەڕۆژێکدا دەیان تەرم لەنێو کەنیسەدا بکەون. ھەرچەندە ھێشتا بەتەواوی چیرۆکی بڵاوبوونەوەی سەرھەڵدانی تووشبووی ئیتاڵییەکان بەئەنفلۆنزای کۆرۆنا بەتەواوی دیارنییە بەڵام ئەوە ئاشکرایە لەھەرێمی "لۆمباردیا"یی ١٠ ملیۆن دانیشتوو دەستنێشانکراوە، سەرەتای ئاشکرابوونی ئەم ڤایرۆسە مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ (٢١_٠٢_٢٠٢٠)واتە شوباتی ئەمساڵ. شاری بێرگامۆش، کە سەر بەھەمان ھەرێمە تائەمڕۆ قوربانییەکی زۆری داوە، دانیشتوانەکەی کوارێنتینە کراون، لە باڕودۆخێکی دژواردان. بەگوێرەی  ئاماری بەشی تەندروستی وڵاتی ئیتاڵیا ڕۆژی ١٩ی مارس، یەکلایکردنەوەی کەیسی تووشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆنا بەم شێوەیە بووە. تووشبوان: ٤١ ھەزار سی و پێنج چاکبوون، ٤ ھەزار چوارسەدو چل مردووانیش، ٣ ھەزار و چوارسەد و پێنج دیارە لەو ڕێژەی قوربانی بەرکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا پشکی زۆری بەر ھەرێمی لۆمباردیا کەوتووە. بەتایبەتی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستاوە. کەبەم شێوەیە: تووشبوان: ١٩ ھەزار و ھەشت سەدو ھەشتاو چوار چاکبوونەوە؛ ٣ ھەزار و حەفت سەدو حەفتاو ھەشت مردن؛ ٢ ھەزار و سەدو شەست و ھەشت ئەگەر سەیری ئاماری توشبووان و مردن لەم ھەرێمەش بکەین شاری "بێرگامۆ" بەراورد بەڕێژەی دانیشتوانی شاری "میلانۆ"ی ملیۆن کەسی پایتەختی ھەرێمەکە، بێرگامۆ پشکی زۆری قوربانییەکانی بەردەکەوێ کەبەپێی دواین ئامار ٤ ھەزار و ٣٠٥ حاڵەت لەم شارەدان تۆمارکراون. ماڵپەری "بێرگامۆنیوس" رۆژی حەڤدەی ئەم مانگە بلاویکردەوە، ئەم حەفتەیە ٣٣٠ کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان پاش ئەوەی لەنەخۆشخانە دەرکراون بردراونەتە کەنیساکان. ئێستا ئەم شارە بەراورد بەشار و ناوچەکانی تری ھەمان ھەریم بگرە ئیتاڵیاش زۆرترین، چاوی حکومەتی لەسەرەو دانیشتوانەکەی جگەلەوەی کوارێنتینە کراون، چاودێری چڕیشیان خراوەتە سەر. ئێوارەی رۆژی چوار شەممە ١٨ی مانگ، لەمێدیاکان و سۆشیال مێدیا بڵاوکرایەوە کە ٧٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەشارەکەدا بڵاوەی پێکراوە، ئەمەشیان بەنمایشی شانۆی جەنگ وەسفکرد! ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوەندەکەی بۆ شاری وھانی وڵاتی چین دەگەڕێننەوە، سەرەتای سەرھەڵدانی ئەم ڤایرۆسە کوشتنەیە کەتائیستا چارەسەری بنەبڕکردنی لەدژی نەدۆزراوەتەوە، لەم شارە دۆزرایەوە، پاشان بەخیرایی بەجیھاندا بڵاوبوویەوە. [email protected]


بەشدار عوسمان دیمەنی غەرقبوونی یەخت و پاپۆڕەکانی ئیجە کە پڕیەتی لەگەنج و مناڵ و ژنی نائومێد کراوی کوردستان، رۆژانە هەواڵی میدیاکانە، لەولاشەوە دەستبەسەرداگرتنی هەرچی شوێنی ستراتیژیی و زەوی گرانبەهایە لە شارەکان و تاپۆکردنی گرد و تەپۆڵکەکان، تا دەگات بە بەرزکردنەوەی ڤێلا و خانو و شوقەکانیان لەگرانبەهاترین شوێنی شار و پایتەختەکانی دنیا بۆ مناڵ و کوڕ و کوڕەزاکانیان. ترس و تۆقاندن و دەمکوتکردنی هەزاران، تا دەگات بە دیمەنە تراژیدیاکانی لێدان لە ناوگەڵی مامۆستایان و سوتاندنی ڕیشیان، دەربازکردنی سەدان تاوانباری گەورە و بچووک تا دەگات بە ئازادکردنی دەستدرێژیکەرانی سەر مناڵە هەشت ساڵانەکە، دەستواڵایی بۆ دەیان دەزگای موخابەراتی ناوچەکە و دنیا و تیرۆر و تەسلیمکردنەوەی بەرهەڵەستکارانیان لەناو جەرگەی شارەکان.  داتەپینی کەرتی تەندروستیی گشتیی و کردنەوەی دەیان نەخۆشخانەی تایبەت بۆ بەرپرسان تا دەگات بە دەرخواردی دەرمانی ئێکسپایەر و کوێرکردن و کوشتن و کەمئەندامی دەیان و سەدان هاوڵاتی، گلدانەوەی سەدان مناڵ و خوێندکار لە ژوورێکی سێ بەچواری بەناو خوێندن و فێربوونی حکومی، تادەگات بە ناردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بۆ مناڵە نازدارەکانیان و کردنەوەی دەیان زانکۆ و قوتابخانەی ئەهلی هاوچەرخ.  ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی ئەنجام تا دەگات بە سوتاندنی بنکەکانی دەنگدان، گرتن و زیندانیی و تیرۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان تا دەگات بە کردنەوەی دەزگای میدیای بەپارەی خەیاڵی لەسامانی خەڵک بۆ چەواشەکاریی و ساغکردنەوەی درۆکانیان، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و دەرخوارددانی خواردن و کاڵای ئێکسپایەر.  ئەمانە و دەیانیتر، دیمەنی ئاشنان و مێژوویەکی دووری نییە، لە زاکیرەی خەڵکدا زیندوون و شوێنەوارەکانیان بەئاسانیی کاڵ نابێتەوە.  بەسێڵفیەکانی کۆڕ و کۆبوونەوەکانتان هەڵمەخەڵەتێن، غرور نەتانگرێت بە سوپا و هێزە چەکدارەکان، بەبێدەنگکردنی زۆرینە و کڕینی دەستەبژێرێک دڵتان خۆش نەبێت، بەبێ ئومێدکردنی خەڵک لە ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازیی ئاسوودە مەبن. کێوێک لە توڕەیی و ناڕازیبوون، لەنێو دڵ و دەروونی بەشێکی هەرە زۆری خەڵک پەنگی خواردووەتەوە، مەودایەکی درێژ لە بێ متمانەیی و بێ سیقەیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات کێشراوە، بۆیە هەست و دڵسۆزیی و هاوکاریی و پشتیوانی خەڵک لەبڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، لە ئاشتکردنەوەی خەڵک بۆ دەسەڵاتێک، کە بۆ ساتێکیش دەستی نەپاراستووە لە ئازار و ئەشکەنجە و رووتانەوەی سامانەکەی، مانایەک پەیدا ناکات. مووچەخۆران چاوەڕێ بوون ژمارەی بانکی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان وەربگرن، نەک ژمارە بانکی بۆ خۆیان بکەنەوە ! ئەگەر زەخت و فشار و ناچارکردن نەبێت، بەدڵنیاییەوە یەک فلسی تێناچێت.


هونەر تۆفیق  کورۆنا لەیەک کاتدا هەم ترۆپکی سەردەمی جیهانگیری - گلۆبالیزەیشنە و هەم ڕاگەیاندنی کۆتاییەکەیەتی .  زیاتر لەسەدەیەکە سەرمایەداری جیهانی تەروج بۆ تیئۆری جیهانگیری و داڕشتنی نەخشەی جیهان دەکات بەپێ ی ئەو بازاڕانەی خۆی دەیەوێت بازرگانی تیادابکات . ئەم تەرویجە سەرمایەداریە ، کاریگەریەکانی گەشتووە بە فیکر و سیاسەتی دنیا . بەروپێشەچوونە تەکنەلۆژیەکان و هەڵوەشاندنەوەی بلۆکە سۆسیالیزمەکەی رۆژهەڵاتیش ، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ پراکتیزەکردنی تیئۆری جیهانگیری .  هیچ هێزێکی ئابووری  ڕکابەریش نەبوو ( وەک ئێستای چین بەنمونە) بەر بەو ڕەوتە بگرێت ، مۆدێلی کۆنفیدراسیۆنی ئابووری لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا ، لەئەنجامی  کاریگەری ئەو ڕەوتەدا دروستبوون کە شێوەکانی : یەکێتی ئەمریکا - کەنەدا - مەکسیک لەباکووری ئەمریکا . یەکێتی وڵاتانی ئەمریکای لاتین لەباشووری ئەمریکا . یەکێتی ئەوروپا لە خۆرئاوای ئەوروپا . هەوڵی دروستبوونی یەکێتی وڵاتانی باکووری ئەفریقیا . مەجلیسی تەعاونی عەرەبی لەنێوان عێراق ، میسر ، ئوردن و یەمەن . مەجلیسی تەعاونی خلیجی لەنێوان میرنشینەکانی کەنداو . یەکێتی حەوت پڵنگەکە لەنێوان وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا . دواترینیان یەکێتی برێکسی بازرگانی و ئابووری لەنێوان ڕوسیا - چین - هیند - بەرازیلدا   . هەندێک لەو فدراسیۆنە ئابووریانە بەهۆی ناکۆکی سیاسیانەوە شکستیان هێنا و بەشێکیشیان بوونە هێزێکی ئابووری دیار وەک  بەرەی  برێکسە .   چین و ڕوسیای وەک دوو هێزی ئابووری و سەربازی رکابەری بەرەی ڕەوتی گلۆبالیزەیشن دەرکەوتن . چین وەک نوێنەری ئابووری و ڕوسیش وەک نوێنەری سەربازی قوتبێکی تریان لەبەرانبەر قوتبە ئەمریکیەکە پێکهێنا .  ناکۆکی سیاسی و بازرگانی ئەو دوو قوتبە ، کاریگەربوو بۆ  لاوازبوونی ئابووری جیهان . کشانەوەی بەریتانیەکان و پرۆژەی برێکزت لەناو یەکێتی ئەوروپادا هەنگاوی یەکەمی بەرەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپایە . هاوکات بە گرفتە ئابووریەکانی ئەندامەکانی تر وەک ئیسپانیا ، پورتگال و یۆنان و ئیتالیا کە قەیرانی چارەسەرنەکراوی ئەو یەکێتی یە و بیری جیهانگیرین . وڵاتانی لەبری کرانەوە و خۆخستنە ناو جیهانەوە ( وەک ئەوەی جیهانگیری دەخوازێت ) بەرەو بچوکردنەوەی جیهانەکەی بەناوخۆدا دەبات . هاتنی کرۆنا ئەو قەیرانەی بۆ فیکری جیهانگیری قوڵترکردەوە و بەرەو کۆتایی دەبات . لەکاتێکدا پەتاکە بەجیهاندا تەشەنەدەکات و جیهانگیرانە سنوورەکان دەبڕێت ، وڵاتان سنوورەکانیان دادەخەن و هەر وڵاتێک لەناوخۆیدا فریای خۆی دەکەوێت . ئیتاڵی و ئیسپانیەکان ڕوونتر لە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا باسی بێسوودی یەکێتی ئەوروپا دەکەن کەلە بەردەم هێرشی پەتاکەدا بەتەنیا جێیان هێشتوون .  جیهانی پاش کورۆنا ، وەک جیهانی پێش کورۆنا نابێت . هەموو دیدە زاڵە سیاسی و ئابووریەکانی جیهان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دێت ، لەسەروی هەموویانەوە کۆتایی بە سەردەمی جیهانگیری دێنێت . نەخشەیەکی بازرگانی تر و هەیکەلێکی ئابووری جیهانی نوێ دروستدەبێتەوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریش لە فیکری سیاسی باوی دنیادا .


کاتێ ئێمە دژی قەرەباڵغی مزگەوت و جومعەو جەماعەت بووین، ئەرێ مەبەستمان خۆپارێزێ بوو، یان مەبەستمان شەڕی ئایدۆلۆژی بوو؟ ئەگەر مەبەستمان خۆپارێزی و ڕێنایی تەندروستیی بوو، ئەوە پێویستە بە هەمان ئاست دژی هەر قەرەباڵغی و مەراسیم و موناسەبەیەکی تریش بین. ئەگەریش تەنیا مەبەستمان شەڕە ئایدۆلۆژییەکەبووبێ، ئەوە پەتی درۆ کورتەو لەوێدا ئەپچڕێ، کە جیاوازیی ئەکەین لەنێوان قەرەباڵغییەکان و هەنێکیان ئەبینین و هەنێکیان نابینین! "کەلیمەی حەق" ئەوەیە کە مەبەستت خودی کەلیمەکەیەو شتەکە لەوێدا کۆتایی دێ و مەبەستت هیچ شتێکی ترنیە. بەڵام "یراد بها باگل" ئەوەیە کە لە کەلیمەی حەق، مەبەستت خودی کەلیمەکە نیەو مەبەستت شتێکی ترە. (کلمە حق یراد بها باگل) ئەرێ ئێمە لە دژایەتی جومعەو جەماعەت، مەبەستمان کەلیمەی حەق بوو، یان لەپشتی کەلیمە حەقەکەوە مورادمان باتڵێك بوو؟ ئەوەی کە دنیای خراپ کردوە، کەلیمەی باگل نیە، چونکە باتڵ بێ پەردەو یەك ڕووەو کەس بە ئاشکرا ئیدیعای خراپە ناکات. ئەوەی کە دنیای خراپ کرد، کەلیمەی حەقە، چونکە کەلیمەی حەق دوو ڕووەو هەموو کات مەبەست لێ ی حەقە ئاشکراکە نیە، بەڵکو زۆربەی کات مەبەست لێ ی، باتڵێکی شاراوەیە! سەیرکە لە دنیادا چی زۆرە کەلیمەی حەق، کەچی هەمان دنیا پڕە لە ناحەقیی! زۆر بە سادەیی، چونکە زۆرینەی کەلیمەی حەقی ئەمسەر، مەبەست لێ ی، باتڵێکی ئەوسەرە، نەك خودی حەقەکە. پۆپۆلزمیش یاریزانێکی باشی ئەم مەیدانەیەو هەمیشە کەسی پۆپۆلیست، کەلیمەی حەق ئەقۆزێتەوە بۆ مەبەستی باتڵی خۆی. بەردەوام نمایش و شۆی حەقت بۆ ئەکاو لەوسەریشەوە حەقێك ناگا بە تۆ، بەڵکو باتڵێك ئەگات بەو! "بوون" خۆبوونە. لاساییکردنەوەو خۆکردن بەوی تریش، گەورەترین بەربەستی بەردەم خۆبوونەو ئیتر نابیت! مرۆڤایەتی یەکێکەو ئەشێ هەموومان لە شتانێکی گشتیدا هاوبەشبین. بەڵام بە وردەکاری و سروشتی خۆمانەوە، نەکئەوەی وردەکاری و سروشتی ئەوانیتر کۆپیکەین و خۆمان بسڕینەوە! مەسەلەن ئەکرێ دین لەویتر وەرگرین، بەڵام ناشێ تەدەیون لەویتر وەرگرین! ئێمە خۆمان موسوڵمان بووین، کەچی سەلەفیەتمان هێنا. لەکاتێکا ئەوە دین نیە، بەڵکو لاساییکردنەوەی تەدەیونی وەهابی سعودییە. جلی کوردەواری خۆی موحتەشەم و داپۆشراوە، کەچی ئێمە حیجابی ئیخوانمان هێنا. لەکاتێکا ئەوە دین نیە، بەڵکو لاساییکردنەوەی "تەدەیونی سیاسی" میسرییە! هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، ئێمە خۆمان لە شەڕی کۆرۆنادا باشمان هێناوەو کارمەندانی تەندروستی و ناوخۆش ڕۆڵی باش ئەگێڕن. جا ئەگەر پێ ی ئەزانیت. وەکو خۆت سوپاسیان بکە نەك وەکو ئیتاڵیا! تۆ کە لە بالکۆنەوە نایکەی، لە فەیسبوكەوە بیکدە، نەك لەسەر جادە میهرەجانی چەپڵە سازکەیت، کە پێشێلی ڕێنماییەکانی تەندروستییەو ڕیسەکە ئەکاتەوە بە خوری! لەئێستادا کۆرۆنا خۆی دوژمنەکەیە، لەپشتی کۆرۆناوە شەڕی دۆژمنی تر مەکە. لەئێستادا کۆرۆنا خۆی سەنگەری بەرامبەرە، مەیکە بە سەنگەر بۆئەوەی لەوێوە شەڕی شتی تر بکەیت. لەئێستادا کۆرۆنا خۆی شەڕەکەیە، مەیکە بە ساحە بۆ شەڕی تر. لەئێستادا کەلیمەی حەق، خۆپارێزی و هاوکاریکردنی یەکترو جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانە. جگە لەمە، هەر شتێکی تر، "یراد بها" باتڵە. ئێستا نە کاتی شەڕی کۆمپانیاکان و کۆکردنەوەی پارەیە. نە کاتی شەڕی وڵاتان و سەپاندنی هەژموونە. نە کاتی شەڕی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگە. نە کاتی پۆپۆلیزم و موزایەدەو دەستشکانەوەی ئەوی ترە. نە کاتی شەڕی ئایدۆلۆژی و منی فریشتەو ئەوی شەیتانە.. ئێستا لە وێنە گەورەکەداو لە بەرزترین ئاستی جیهانەوە، تا وێنە بچوکەکەو خودی خۆت، تەنیا کاتی دوو شتە: (خۆپارێزی و هاوپشتی). خۆپارێزیی وڵات و هاوکاری نێوان وڵاتان. خۆپارێزی مرۆڤ و هاوکاری نێوان مرۆڤەکان. کۆرۆنا چەنێك بیرکردنەوەیە لە خۆت، ئەونەش بیرکردنەوەیە لەو. چەنێك خەمخواردنە لە خۆت، ئەونەش خەمخواردنە لەو. چونکە ئەگەر ئەو بیگرێ تۆش ئەیگریت. ئەگەر تۆ بیگریت ئەویش ئەیگرێ. ئەمەش جیاوازی نەهێشتووەو مرۆڤایەتی کردۆتەوە بە یەك جەستە. ئەمەش سنوری نەهێشتووەو هەسارەکەی کردۆتەوە بە یەك ماڵ. ئا لێرەوە کۆرۆنا خەریکە دەسکاری عەقڵی مرۆڤ ئەکا، چ لەسەر مستەوای تاك و چ لەسەر مستەوای دەوڵەت و سیستەمی جیهانی. خەریکە لە عەقڵیەتی بچوکی هەرمن هەرمنەوە، بمانپەڕێنێتەوە بۆ عەقڵیەتی باڵای "ئێمە هەموومان". کە تەنیا ئەوە ڕێگای ژیان و نەجاتە. کۆرۆنا سەردەمی تاریکی، منی بەهێزو ئەوی لاواز، منی باڵاو ئەوی نزم، منی سەردەست و ئەوی ژێردەستی تێپەڕاندوەو خەریکە مرۆڤایەتی بخاتە سەردەمێکی ڕوناك و زێڕینەوە، کە سەردەمی پێکەوەژیان و هەموومانە! کۆرۆنا خەریکە مرۆڤایەتی لە قۆناغی هێزەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی تۆلێرانس. ئەوەتا بەتەنیا هێز ناتوانێ ئەمریکایەکی بەهێز بپارێزێ! بەڵکو چیتر ئەبێ هەمووان لە خەمی یەکتردابن و ئەمریکاش ئەبێ لەپاڵ تەندروستی خۆیدا، ئاگای لە تەندروستی کوێرە دێیەکی ئەوسەری دنیاش بێت، نەوەك ڤایرۆسێکی لێ بڵاوبێتەوەو دواتر ئەمریکاو دنیاش بتەنێتەوە. ئەگەرچی هێشتا عەقڵی بچوکی وەکو ترەمپ هەیە، کە دنیا لە پارەو دەنگی ئیتیخاباتدا ئەبێنێ و شتەکە لە پرسێکی جیهانی و مرۆڤانەوە بچوكئەکاتەوە بۆ ئەمریکاچێتی و بۆ ململانێ ی نێوان دەوڵەتان و بە کۆرۆنا ئەڵێ "ڤایرۆسە چینییەکە"! بەڵام مرۆڤایەتی ئەم عەقڵە بچوکانە تێئەپەڕێنێ و چیتر دنیا، دنیای "هێز"و ئەمریکاو چین و ڕوسیاو ئەوروپا نیە. بەڵکو دنیای هەمووانەو ئەبێ ژیان و نان و تەندروستی بۆ هەمووان بێت. چونکە کۆرۆنا تێیگەیاندین، ئەم تۆپە خڕە لە هەر لایەکەوە بتەقێ، یارییەکەی هەمووان ئەوەستێ.


به‌رزان عه‌لی حه‌مه‌ پێشتر داعش نیو كاتژمێر لێمانه‌وه‌ دوور بوو، زرت و زه‌لام به‌ چاو ده‌بینران، ئه‌م خه‌ڵكه‌ی ئێمه‌‌ سه‌یران و سه‌فا و خۆپیشاندان و هه‌رای خۆی ڕانه‌گرت، ئێستا كۆرۆنا هاتووه‌ و به‌ چاو نابینرێت و پێویستی به‌ میكرۆسكۆبه‌، تۆ به ‌ته‌مای سه‌مای ئه‌م میلله‌ته‌ بوه‌ستێنیت؟ ئه‌ته‌وێت به‌ فشه‌ی نه‌گرێت؟ ئه‌و داعشی ده‌بینی پێی فشه‌ بوو، ئێستا كۆرۆنا به‌ ڕاست ده‌گرێت كه‌ نایبینێت؟ تۆ چۆن تریبیۆن و میدیا ده‌خه‌یته‌ به‌رده‌م گه‌مژه‌یه‌ك، به‌ ڤایرۆسێك بڵێت فشه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی تاقیگه‌ی دونیایه‌ ده‌رمانه‌كه‌ی پێ نادۆزرێته‌وه‌؟ سه‌رباری ئه‌مه‌ش، خۆ گرفته‌ گه‌وره‌كه‌ هه‌ر هاتنی كۆرۆنا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ هێشتا له‌و مرۆڤانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ پاش هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ته‌والێت، ده‌بێت پێیان بڵێیت ده‌ست و په‌لتان به‌ سابوون بشۆن. ئه‌م رێنمایی و ئامۆژگارییه‌، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌وه‌ له‌ هه‌ندێ وڵاتی ژیری دونیا باوی نه‌ماوه‌. له‌وێ خه‌ڵكی ده‌ستیان ده‌شۆرن، جا كۆرۆنا هه‌بێت یان نه‌ بێت، پێیان بڵێیت یان نه‌یڵێیت! ئێ خۆ ڕه‌نگه‌ له‌ چین-یش هه‌ر ده‌ پانزه‌ كه‌س ده‌ستیان به‌ باشی نه‌شووشتبێت و كۆرۆنایان به‌ فشه‌ زانیبێت، ئاوا به‌ ناخێریان مرۆڤایه‌تیان به‌ قڕان هێناوه‌! لای خۆشمان هه‌ر چه‌ند هه‌زار كه‌سێك بوون‌ گێل و گه‌مژه‌ به‌ قاچاخ ده‌هاتنه‌وه‌ و خۆیان ڕاده‌ستی پزیشك و ده‌وڵه‌ت نه‌كرد، ئاوا میلله‌تێكیان راده‌ستی كۆرۆنا كرد! ئێستا كه‌ به‌سه‌ر مێژوودا ده‌ڕۆمه‌وه‌، له‌وه‌ تێده‌گه‌م كه‌ كورد ده‌بێت ژماره‌ی له‌مه‌ی ئێستا زۆرتر بووبێت، ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ندێ شوێن و جوگرافیای دیكه‌ی دنیاش هه‌بووبن و تاعوون و مه‌لاریا و كۆلێرا و په‌تا و به‌ڵایه‌كی ڕۆژگار قات و قڕی كردبن. حه‌تمه‌ن ئه‌بێت ئه‌و كاتیش كه‌سانێك به‌ تاعوونیان وتبێت فشه‌یه‌! له‌ پشت مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ به‌ قاچاخ نوێژیان كردبێت، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ حكومه‌ت و كیانێك هه‌بێت، وه‌ك ڕه‌مزی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی میلله‌ت، به‌ زۆر خه‌ڵك بنێرێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ تا ڕه‌چه‌ڵه‌ك و نه‌سڵیان بپارێزێت، تاوه‌كو قات و قڕ نه‌بن. جا تاقه‌تت هه‌یه‌ یان نا به‌ جه‌هه‌ننه‌م، دنیا له‌ ژووره‌وه‌یه‌، تۆ بۆ دێیته‌ ده‌ره‌وه‌ مردوومرێ؟ ده‌ی خۆ پێش ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌ زۆر خه‌ڵك بنێرێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، به‌ قسه‌ی خۆش و ڕێنمایی كه‌س نه‌چوو، ئه‌گه‌ر ئه‌م وڵاته‌ به‌و جۆره‌ بڕازێنینه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان حه‌زی پێیه‌تی و له‌ فه‌یسبووك داوای ده‌كات، ده‌بێت ده‌ دوانزه‌ ئینقلاب بكه‌ین و سێسه‌د چوارسه‌د هه‌زار كه‌س بده‌ین به‌ كوشت و ماوه‌ی ده‌ پانزه‌ ساڵێك له‌ ئۆگه‌ندا یاخود باشووری سوودان بچین. سه‌قفی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك زۆر به‌رز كراوه‌ته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێیشی بكه‌یت، هه‌ر به‌وه‌نده‌ ناكرێت كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی سوید یان نه‌رویجی لێ بكرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌ جێی ئێران فینله‌ندا دراوسێت بێت. ئه‌مه‌ كه‌ی جیرانه‌تییه‌‌، پێشتر هه‌ر كه‌س لێیه‌وه‌ ده‌هات گومانی سه‌د گرام هێرۆیینی لێ ده‌كرا و ئێستاش هه‌ر كه‌س لێوه‌ی بێت حه‌فتا گرام كۆرۆنا به‌ گه‌ڵ و گیپاڵییه‌وه‌یه‌. K24


ئارام كۆكۆیی زۆربەمان هێندە بیر لە کاریگەریەکانی ئەم ڤایرۆسە لە سەر تەندروستیمان ئەکەینەوە، هێندە بیر لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەکانی ناکەینەوە. کۆرۆنا لەم ساتەوە نەخشەی جیهانی نوێ دادەڕێژێت، و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی یەکان، بڕیارە سیاسیەکان، و دۆخی ئابووری جیهان وەک مانگێک لەمەو پێش نامێنێتەوە. لە ڕووی ئابووریەوە کۆرۆنا کاریگەری لە مۆدڵی خواست و خستنە ڕوو کردوە، و گەر بە شێوەیەکی سادە لێ بروانین دەبینین کە: - گەشت وهاتووچۆی هەوایی، دەریایی، زەمینی نێوان زۆربەی وڵاتانی جیهان وەستاوە یان سستبووە، هاتووچوو لە نێوان و نێو زۆربەی شارەکانی جیهاندا قەدەغەکراوە. ئەمەش دەرامەتی زۆربەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی وەک فرۆکەوانی، هوتێل، ڕێستورانت، و کافیەکانی بڕیوە. کاری تەکسی و خزمەتگوزاریەکانی کەی وەک دیلیڤەری وەستاندووە. - زۆربەی ئەوانەی لە سێکتەری گەشتوگوزار و گواستنەوەدا کار دەکەن بێکار بوون، و هیچ داهاتێکیان نابێت و زۆربەشیان بە دڵنیایەوە خێزانێک بەڕێوە دەبەن کە خەرجیان دەبێت. - کە خێزانەکان داهاتیان نەبوو، خەرجیان کەمدەبێتەوە بەم شێوەیە بەکارهێنان کەمتر دەبێتەوە. - خاوەن کارگەکان و سێکتەرەکانی کەی وەبەرهێنان، سەڕەڕای ئەوی ناچار دەبن بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە بەر تەندروستی کریکارەکانیان هێلەکانی وەبەرهێنانیان دابخەن. کەمی کرینی بەرهەمەکان و ساغنەبوونەوەی لە بازار، و کەمی قازانج هاندەر دەبێت بۆ داخستنی کارگەکانیان، و بەمەش هەم کرێکاری زیاتر بێکار دەبێت و هەم بەرهەمەکانیشیان لە بازار دەست ناکەوێت. دەستنەکەوتنی بەرهەمێک مانای بەرزبوونەوەی خواستە لە سەری، بەزبوونەوەی خواستیش لە سەر ئەو بەرهەمە مانای گران بوونیەتی. - هەندی وڵاتی جیهان سێکتەری سەرکی ئابووریان گەشتوگوزارە، کە کۆمپانیا فرۆکەوانی و گەشت و گوزاریەکان وەستان ئابووریەکەیان ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە. - هەندی ووڵاتی کە ئابووریەکەیان لە سەر بنەمایی فرۆشتنی سامانی سروشتی بە تایبەت نەوت بنیات ناوە، کە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و گەشتوگوزار و فرۆکەوانی و کارگەکان وەستان، خواست لە سەر بەرهەمە سوتەمەنیەکان کەم دەبێتەوە، کەمبوونەوەی خواستیش لە سەر بەرهەمێک بە مانای هەرزان بوونی ئەو بەرهەمە دێت. واتە ئابووری ئەو ووڵاتانە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە. - کە هۆکارەکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنان کەمبوونەوە بەمەش ڕەفەی سوپرمارکێتەکان خاڵی دەبێت و تۆی بەکاربەر ئەو شمەکەی کە دەتەوێت دەستت ناکەوێت. - پشکی سەرجەم ئەو سێکتەرانەی لە سەرەوە باسم کرد لە بازارە جیهانیەکانی دێتە خواروە بەمەش بازارە داراییەکان زەرەری زۆر دەکەن. ئەوەی سەرەوە وویناکردنێکی ڕەشبینانەی ئابووری جیهانە بە شێوەیەکی زۆر سادە لە ژێر سایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام با بەهیوای ئەوە بین کە ئەم ڤایرۆسە زوو سوری خۆی تەواو دەکات و بزوینەری ئابووری جیهان وەک جاران دەکەوێتەوە گەڕ ،و مرۆڤایەتی ئەم قەیرانەش وەک قەیرانەکانی پێشووتر تێدەپەڕێنێت. هەندی ڕاستکردنەوە: - هەندی کەس پێان وایە دۆلار ئەو هەیمەنەی جارانی نامێنێت، ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە چونکە هەتا ئێستا هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێزی دۆلار نییە، زۆربەی ئابووریە بەهێزەکانی دونیاش بە تایبەتی چین بەهای دراوەکەی گرێداوە بە بەهای دۆلارەوە. شکستی دۆلار شکستی ئابووریەکەیەتی. - بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە هیچ پەیوەندی بە ململانیە ئابووریەکانی نیوان چین و ئەمریکا نیە. ئەم دوو زلهێزە ئابووریەی جیهان گەیشتوونەتە بڕوایەک کە ئابووریەکانیان تەواوکەری یەکترە, ئەمە گەمەیەکی (Zero sum game ) نیە واتە من براوە تۆ دۆڕاو دەبیت. ئەم گەمەی (Win- win situation ) ە واتە بردنەوەی من بردنەوەی تۆیە. هەردوو ئابووریەکە وەها بەیەکەوە گرێدراون داڕمانی یەکیکیان دەبێتە هۆی داڕمانی ئەوی دیکەیان.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand