فارس نەورۆڵی مێژووی مرۆڤایەتی کارەساتی گەورەی بە خۆوە دیوە، ھەر لە جەنگ و نەخۆشیەوە تا دەگاتە قاتوقڕی و پەتا و ماڵوێرانکەری وا کە ملیونەھا مرۆڤی کوشتووە. ھەریەک لەم کارەساتانە گورزی کەمەرشکێنی لە مرۆڤایەتی وەشاندووە، لەھەمان کاتیشدا گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێناوە. بەڵام لەمێژوی نوێدا، وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانی ئەنگیڵا مێرکڵ دەڵێت: لەدوای جەنگی جیھانی دوھەمەوە ھیچ کارەساتێک وەک کۆرۆنا ترسناک نەبووە، ترسێک کۆی مرۆڤایەتی بگرێتەوە. سەرەڕای ئەم ترسە گشتیە کۆرۆنا قسەی جیای لەسەردەکرێت. ھەندێک کەس بەتیۆری پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەیخوێننەوە،ھەندێکیتر بەجەنگی بایۆلۆژی باسی دەکەن. مێژوش خاڵی نیە لەم ڕوداوانە، لەساڵی ١٦٦٢ تاساڵی ١٧١٢ ئەمریکییە سپی پێستەکان لەڕێگای شەڕەوە نەیانتوانی بەسەرھندە سورەکاندا زاڵ بن، بۆیە چەکی تاعونیان دژیان بەکارھێنا، بەوھۆیەوە نزیکەی لەسەدا ٨٠ ی ھندە سورەکان گیانیان لەدەستدا. ئێستاش وتەبێژی حکومەتی چین ئەمریکای بەوە تاوانبارکرد کە ئەو وڵاتە گەشەی بەڤایرۆسی کۆرۆنا داوە و ناردویەتی بۆ چین. لە بەرامبەردا ترامپ، چینی تاوانبارکرد و ڤایرۆسەکەی بەڤایرۆسی چینی ناو برد. خۆ ئەگەر لە دەرەوەی تیۆری پیلانگێڕی سەیری بکەین، دەبینین ئەوە ڕوونە میدیای ئەمریکی وئەوروپی سەرەتا لە سەرئاستی جیھان ئەم پرسەیان قۆستەوە بۆلێدان لە گەشەی ئابوری چین. ئەوەی گرنگە قسەی لەسەربکەین، لێکەوتەکانی کۆرۆنایە لە ئێستاو لە دوای کۆرۆنا بە پێی ئەو دیمەنانەی کە لە شاشەکانەوە دەیبینین. ئەم ڤایرۆسە جیھانی پەرێشانکردووە، بە یەکجار مرۆڤایەتی کەرەنتینکردووە، ئەمە ڕوداوێکی دەگمەنە لە مێژودا. بۆیە لێکەوتەکانی گۆڕانکاری گەورەی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی و جیھانبینی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. سەرەتا لێکەوتەکانی لەسەر ئابوری دەرکەوتوە وداڕمانێکی گەورەی لە بۆرسە و ئابوری جیھاندا لەگەڵ خۆی ھێناوە و لەسەرئاستی تاکیش تائێستا مەزەندە دەکرێت ٢٥ ملیۆن کەس بێکار ببن، لێرەوە کاریگەریەکانی بۆ ئاست کۆمەڵایەتی وسیاسی پەلدەکێشێ و گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات. گۆڕانکاریەک کە پێدەچێ لەخەیاڵ وئەقڵی زۆرێک لە ئێمەدانەبێت. ئەم گۆڕانکاریانە بەشێکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بۆیە زۆرگرنگە کورد تەواو ھەستیار مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات، بۆئەوەی بە کەمترین زیانی تەندروستی و ئابوری و سیاسی لێی دەرچێت. بۆیە پێویستە پێش ھەرشت خەڵک خۆی بپارێزێت و پابەند بێت بە ڕێنماییەکانەوە، دواتر دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێم ھەماھەنگیی تەواویان ھەبێت و ڕۆڵ لە سەر ئاستی سیاسی و تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و میدیایی دیاری بکرێت ودابەشبکرێت. لە سەر ئاستی حیزبەکانیش مامەڵەی ئەم دۆخە وەک پرسێکی گشتی بکەن، نەک وەک گەمەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات. لە ھەموی گرنگتر بۆ ڕاگرتنی ئارامیی کۆمەڵایەتی ودابینکردنی موچە و لە بەرچاوگرتنی بێ موچەکان، کە کاری ڕۆژانە بژێویی بۆ دابینکردوون و ئێستا بێکارن، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت کە کورد شەڕی داعشی کردووە، بۆیە مافی خۆمانە لەم شەڕەداھاوکارمان بن. لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی کە بەھۆی دۆخی کوردستان دەوڵەمەندبوون و بوون بە سەرمایەداری گەورە لەڕوی ئەخلاقییەوە بەرپرسن، دەبێت ھاوکاری کوردستان بن لەم دۆخەدا. دواجار دەبێ بزانین ژیان و جیھان لە ھەموو کایەکانی سیاسی و ئابوری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دورنیە جوغرافیاش دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لەپێش کۆرۆنا. جیھانبینی مرۆڤەکان دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لە پێش کۆرۆنا، بۆیە دەبێت ئەو دۆخە بە ھەند وەرگرین بەھەموو لایەکمانەوە.
چیا عەباس لە گەڵ دروستبونی گۆڕان بەرەی ئۆپزسیۆن لە باشور پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە کە رێگەی ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی کردە ئەمری واقیع. ئەم وەرچەرخاندنە دەسەڵاتی حوکمرانی هەرێمی شڵەژاند و ئەو هاوسەنگیەی نێوان پارتی و یەکێتی بەجۆرێک تێکچو کە تا دەیان ساڵی تر پێوەی دەناڵێنن. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بەرەی ئۆپزسیۆن، کە زۆربەی لە روی رێكخراویی و سیاسیەوە لە ناو گۆڕاندا بونی هەبو، دوچاری پەرتەوازە و لەتبون و داکشان و لاوازیەکی بەرچاو بو. لێرە بەدواوە دەسەڵات کاری جدی بۆ ئیحتواکردنی پاشماوەکانی بەشێکی ئەو ئۆپزسیۆنەی ناو گۆڕانی کرد و تێیدا سەرکەوتوش بو. کاتێک لە ناو گۆڕان کار لە کار ترازا و ئومێدی گۆرانکاری و چاکسازی تێیدا روی لە ئاوابون کرد، دەیان هەڵسوراو و پەرڵەمانتار و بەرپرسانی گۆڕان بە رێگەی پەیام و پرۆژەوە سەرانی گۆڕان یان لە مەترسیەکانی ئەو نەهجەی گرتبویانە بەر ئاگادار کردەوە، یەکێک لەو گروپانە پرۆگۆڕانە کە لە دەرەوەی وڵات دروستبو و رۆڵێکی بەرچاوی بۆ لێكنزیکبونەوە و لێکتێگەیشتنی بەرەی نارازی ناو گۆڕان لە وڵات و دەرەوە هەیە، هاوکاتیش دەسەڵاتدارانی گۆڕانی لە ئاکامە نەرێنەکانی بەشداری بزوتنەوەکە بەو لاوازی و پەرتەوازیە لە حکومەت بە ئاگاهێنایەوە، سەرانی گۆڕان لە روانگای بەرژەوەندی گروپە جیاکانی خۆیان گوێیان نەگرت و بەشداریان کرد و بێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی گەلەکەیان لە گەڵ پارتی رێکەوتن، کەچی پارتی تا ئەم چرکەیەش بە جورعە شیرینی دەسەڵات بە گۆڕان دەبەخشێ و بێدەنگی کردون. لە ئاکامی ئەم روداوانەدا زۆربەی زۆری بەرەی نارازی جارانی ناو گۆڕان، بە بەندەشەوە، گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە گۆرانکاری و چاکسازی لە ناو گۆڕان و زۆربەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان کۆتایی پێهاتوە و قەوانێکی سواوە و راکردنە بەدوای سەرابدا، بۆیە ئەو قەناعەتە زۆربەمانی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە دەبێت لە مەقامی بنەرەتی و سەرەکیدا خەمخۆری ئایندەی نەتەوە و نیشتمان بین بە پشتبەستن بە هێز و کاری جەماوەر و پرسەکانی گەشەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و چالاکیە مەدەنیەکان. لەو دیدگایەوە بەرەی نارازی هەوڵێکی زۆری دڵسۆزانەی هەمەلایەنەی داوە و بەردەوامیشە بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێک یاخود سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نارازیەکانی دژ بە گەندەڵی و نادادی لە هەرێمدا تا هەڵسن بە ئەرکی مێژویی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمان، پلاتفۆرمێک دور لە دیماگۆگی حزبی و بێبەری لە کەسانی روخسار لەکەدار و دەمامکدار و نیەت خۆپەرست بنیات بنێن، بێگومان بە هاوکاری رێژەیەکی بەرچاوی رۆشنبیر و نوسەر و نارازی ناو هێزەکانی تر هەوڵ دەدرێت پشتگیری لە هەق بکرێت و دژی ناهەقی بوەستنەوە، بەتایبەت بەرامبەر دەسەڵاتی رەهای حزبی لە حوکمرانیدا کە سەرچاوەی بنەرەتی و سەرەکی ناهەقی و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسایە. سەرهەڵدانی ئافاتی کۆرۆنا چاوەروان نەکراو بو، ئێستا بۆتە مەترسیەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، زلهێزەکان و وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتوەکانی دنیا بەرێگەی جیاجیا کۆکن لە سەر ئەوەی دەبێت زیانەکانی ئەم ئافاتە سنوردار بکرێن و دواتر کۆنترۆڵی بکەن، بۆ ئەمەش چەند ترلیۆن دۆلاریان تەرخانکردوە بۆ گوزەرانی هاوڵانیان و دابینکردنی پێداویستیە پزیشکی و مرۆییەکان لە جەنگی دژ بە کۆرۆنا. لە ئێستادا ئێران یەکێکە لە سەنتەرە گەورەکانی تەشەنەکردنی کۆرۆنا، باشوری کوردستان سنورێکی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتری لە گەڵدا هەیە، هاوکاتیش تێکەڵاوبونێکی مێژویی خەستی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و سیاسی لە گەڵدا هەیە، بۆیە مەترسیەکانی سەر کوردستان لەم ئیپی سەنتەرە مەترسیدارەوە کەم نین، دەبێت زۆر ورد و دروست مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. دیارە لە نوسینی پێشومدا " ئەو یەکێتیانە بۆ وادەکەن" مەبەستم بو رونی بکەمەوە کە ئەو مەرزانەی سنور لە گەڵ ئێران کە لە مێژە لەلایەن هەر دو حزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی، کۆنترۆڵ کراون و تا ئەم چرکەیەش بازرگانیان لە رێگەیانەوە قۆرخ کردوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی نایاسایی و نارەوا و تاڵانکردن، بەم دواییەش هەوڵ دراوە گۆڕانیش پشکی تێدا هەبێت، دەبوا ئەم مەرزانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت و وەزارەتی دارایی و دەزگا پەیوەندار و بەرپرسە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی گەل و نیشتماندا بونایە و بەردەوام چاودێری ورد و توند بکرانەیە. ئەم سنور و مەرزانە چەند گرنگیەکی ستراتیژی هەستاریان بۆ باشوری کوردستان و فەرمانرەوایی هەرێم هەیە، لەلایەک گرنگی سیاسی و لە لاکەی تریشەوە دەروازە گرنگەکانی بازرگانی هەرێمن لە گەڵ دنیای دەرەوە، کە لە ساڵانی دوای راپەرینەوە چروپر بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراون. لەم سەردەمەی کۆرۆنا ئەو مەرزانە پێویستیان بە کۆنترۆڵکردنێک هەیە کە وەک دەمامکی خۆپاراستن لە کۆرۆنای لێبکەن، نەک بەو بەرەڵڵاییەی بەر چاو دەکەوێت کە چەند تاقمێک لێی سودمەندن. کاتێکیش باسی وەزیری داراییم کردوە کە بە بریاری حکومەت سەردانی یەک دو مەرزی کردوە بە مەبەستی بەدواداچون و ئەگەرەکانی ئیجرائاتی پێویست، وەک هەواڵێک و جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمانرەوایی ئاماژەم پێداوە، ئەم باسکردنەم بەهیچ شێوەیەک دەربرینی پشتگیری سیاسی نیە بۆ ئەو وەزیرە و حکومەتی هەرێم، بەڵکو ناراستەوخۆ بەشێکی واقیعی ناکۆکی و ململانێی نارەوا و تۆڵەکردنەوە لە نێوان هێزە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆم خستۆتە رو. بێجگە لەو خاڵانەی سەرەوە لە بنەرەتدا لەو باوەرەدام حکومەتی هەرێم لە زۆر بواری هەستیاردا، یەکێک لەوانە مەرزەکانی سنورە و پرسە ستراتیژیەکانی پەیوەست پێیانەوە، تایبەت لەم ساتە وەختەدا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، نابەرپرسانە مامەڵەی کردوە و زۆر کەمیشی هێناوە. بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ئەرکێکی گەورەی نیشتمانیە، هەرچەندە لە ئێستادا خەڵک ناتوانن بە یەکەوە بن بەڵام دەتوانن هاوکاری یەکتر بن بۆ زاڵبون بەسەر ئەم ئافاتەدا. حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری یەکەمە، بە تایبەت لە تەرخانکردنی دارایی پێویست، بەخشینی زانیاری، دابینکردنی پێویستیە بنەرەتیەکان بۆ بژێوی سەدان هەزار کەسی پیر و پەککەوتو و نەخۆش و ئەوانەی موچەخۆر نین و لە ماڵەوەن و کار و کاسبیان نەماوە، ئامادەسازی پزیشکی و دارایی و لۆجیستیک بۆ ئەگەری تەشەنەبونی زیاتری ئەم ئافاتە. حکومەتی هەرێم رێگەی قفڵدانی هەرێـمی بژاردە کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، ئەم ستراتیژیە پێویستی بەدابینکردنی گەڵێک پێدوایستی زۆر بنەرەتی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەیەکی زانستانە و راست و دروست، کەچی لەم ساتە هەستیارەشدا دەسەڵاتدارانی ئەو دو حزبە هێشتا کار بە دو ئیدارەیی دەکەن، بەوەش نەوەستاون لە ئاستی زۆر باڵادا و بەهۆی بەرژەوەندیە نەوتیەکان و رق و کینەی مێژوییەوە کەوتونەتە گیانی یەکتر، بەجۆرێک کە سەردەمەکانی شەرە ناوخۆییەکانی نێو جەستەی کوردایەتیمان لە باشور بەبیر دەهێننەوە. دوبەرەکی و دو ئیدارەیی رێگری گرنگن لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کە تا ئێستاش لە زۆر شوێن کاریگەری نەرێنیان هەیە، وەک لە مەرزەکانی سنور، لە فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکان و چەند دامودەزگای هەستیاری حوکمرانیدا، زیادە بۆ ئەمانەش ژێرخانێکی شەکەتی ئابوری و گواستنەوە و غیابی ئاماری ورد و دروست و دەسەڵاتی گروپە بەرژەوەندخوازەکان لە ناوچە جیاکانی کوردستان، هەروەهاش ژێڕخانێکی پزیشکی و تەندروستی لاواز و کەم ئیمکانیات. ئەم هەمو خاڵە گرنگانە تا ئەم چرکەیەش بەتێر و تەسەلی و راشکاوانە لە کارنامەی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەرچاو نەکەوتون، بەڵكو هەر وەک نەریتی جاران راگەیانراوی زۆر و زەبەندی سەد بارە و سواو رۆژانە نمایش دەکرێن. ئەم سێ هێزەی حوکمرانی بەرپرسیاری یەکەمن لە هەر ئاکامێکی نەخوازیاری ئەم ئافاتە، ئەم هەڵسەنگاندنە بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆنی رانەگەینراویش بێبەری ناکات لەوەی کۆمەڵێک کار هەبو دەیانتوانی و دەشتوانن بیکەن. لە سەرویانەوە سازدانی سندوقێکی کۆمەک بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، تەنگ هەڵچنین بە دەسەڵاتدارانی ئەو هێز و حزبانە بۆ گەرانەوەی پارەی زەوتکراو و هەڵلوشکراوی میللەت لەم سات و ئانەدا تا لە هەڵمەتی دژ بە کۆرۆنا بەکاربهێنرێت، داواکردن لە سەرمایەدارانی گەلەکەمان کە بێنە پێش و لەئاستی بەرپرسیاریەتی مێژویاندا بن لەم جەنگە سەختە دژ بە کۆرۆنا، بەتایبەت لە دابینکردنی بژێوی رۆژانەی کەم دەرامەت و بەتەمەنچوەکان و نەخۆش و پەککەوتەکان. لێرەدا دەسەڵاتی سێ حزبی حوکمرانی بەرپرسی یەکەمن لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ سەرجەم ئەو خاڵە گرنگ و بنەرەتیانە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، هەروەها بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و یارمەتی پێویستی قوربیانیانی کۆرۆنا. وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی پێشکەوتوی تریش سەدان ملیار دۆلاریان تەرخان کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو ئافاتە، تایبەت بۆ قەرەبوکردنەوەی خەڵک لەو زیانانەی بەریان دەکەوێت بەهۆی داخستنی شوێنی کار و بژێوی ژیانیان، هەروەها بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستیە لۆجیستیک و پزیشکیەکان و بەردەوامدان بە پرۆسەی خوێندن و فێربون بە رێگەی ئۆنلاینەوە. کەس داوای مەحاڵ لە حکومەتی هەرێم ناکات، بەڵام ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت هەر سێ حزبی دەسەڵاتدار لێی بەرپرسن و هەریەکە بە پێی دەرامەت و پێگە و قورسایی لە حکومەت و لەودیو سنورەکانی کوردستانیشەوە، هیچ لایەکیان ناتوانن خۆی لەم بەرپرسیاریەتە بێبەری بکات، کاتێک شەریک بن لە دابەشکردنی کێکەکە و شەری خواستەکانیان لە حکومەتدا دەبێت ئەرکەکانیشیان راست و دروست و راستگۆیانە و شەفافانە جێبەجێ بکەن. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام ٢٠ مارچ ٢٠٢٠
شوان سدیق: ئیتاڵیا بێرگامۆ شارێکی جوان و سەرنج و ڕاکێش ڕۆمایەکە بۆخۆی دەوڵەمەندە بەشوێنی مێژووی و ئاسەواری ھەزاران ساڵ، شارێکی تابڵێی زیندوو بەموزیک و کەلتووی کۆن و نوێ. بەھۆی دەوڵەمەندی بەناوچەی گەشتیاری و ھەڵکەوتەی ناوچەیشی لەوەرزە جیاوازەکانی ساڵ بەردەوان جمەی دێت لە گەشتیار. ئەمڕۆ ئەم شارە، تووشی بەڵای خۆی بووە، ئەو بەڵایە لێی دەرچوون ئاسان نییە دەبێ خۆتی لێ لابدەیت، بەڵێ ئەویش کۆڕۆنا ڤایرۆسە، کەمرۆڤایەتی و جیھانی بەچۆکدا ھێناوە. پاریزگای بێرگامۆ لەڕووی ئیداریەوە سەربەھەرێمی لۆمباردیای بەشی باکووری ئیتاڵیا کەمیلانۆ پایتەختیەتی. ئەم شارە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٥٠ کەس دەبێت. ئەم شارە چونکە بەردەوام گەشتیارو کەسانی بیانی سەردانی دەکەن، بەشارێکی جموجوڵ و سەردانیکراو ناوی دەرکردوە، لەڕووی ناو بانگەوە ڕەنگە وەکو شاری پیسا یان بۆلۆنیا نییە بەڵام شارەکە لەپلەیەکی زۆرباشدایە کەتوانای پێشوازیکردنی ھەیە لەگەشتیار و ناوبانگێکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ئیتاڵی و ئەوروپییەکان. ئەمڕۆ ئەم شارە پڕ لەئاسەوار و دڵگیرە، ھەواڵی ناخۆشی تێدابڵاو دەبێتەوە، ڕووداوی جیاجیا بەخۆیەوە دەبینێ کەھەرگیز بۆرگانۆییەکان بەخیاڵیاندا نەھاتووە ئەمەی ئێستاکە رووبدات. تەنیا لەچوار ڕۆژی ڕابردوو دەیان کەسی دانیشتووی شارەکە بەرکەوتەی کۆرۆنای نەفرەتی بوون نەخۆش کەوتن و گیانیان لەدەستدا. جاران، وەختێک کۆرۆنا شەڕی نەپێچابووە ئەم شارە، کەسێک کۆچی دوای دەکرد بەسێ ئۆتۆمبێل و مەراسیمێکی گەورە لەکەنیساوە ماڵئاواییان لێ دەکرد بەڵام ئەمڕۆ زەمەنەکەی گۆڕاوە، شارەکە تەرمێکی زۆری تێدا بڵاوبۆتەوە، چەند کەسێکی تایبەت نەبێ ڕێگە نادرێ ھەموو ھاوڵاتییەک وەکو جاران بەچەپکە گوڵێکەوە بێن، بۆ بەشداری لەمەراسیمی ماڵئاوایی ئازیزانیان. ماڵپەڕی "ئەلێتێیا"ی ئیتاڵی ڕۆژی ١٢ی مارس ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی لە "گۆڕستانەکان شوێن نەماوە" بڵاوکردەوە، لەڕاپۆرتەکە ھاتووە لە"بێرگامۆ" لە ڕۆژێکدا ١٤٢ کەس بوونەتە قوربانی ڤایرۆسی کۆرۆناو مردوون. ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو ئیدارەی شارەکە بەناچاری تەرمەکانیان دابەشی گۆڕستانەکان کردوە، چونکە لەپاش جەنگی جیھانی یەکەم جارە لەڕۆژێکدا دەیان تەرم لەنێو کەنیسەدا بکەون. ھەرچەندە ھێشتا بەتەواوی چیرۆکی بڵاوبوونەوەی سەرھەڵدانی تووشبووی ئیتاڵییەکان بەئەنفلۆنزای کۆرۆنا بەتەواوی دیارنییە بەڵام ئەوە ئاشکرایە لەھەرێمی "لۆمباردیا"یی ١٠ ملیۆن دانیشتوو دەستنێشانکراوە، سەرەتای ئاشکرابوونی ئەم ڤایرۆسە مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ (٢١_٠٢_٢٠٢٠)واتە شوباتی ئەمساڵ. شاری بێرگامۆش، کە سەر بەھەمان ھەرێمە تائەمڕۆ قوربانییەکی زۆری داوە، دانیشتوانەکەی کوارێنتینە کراون، لە باڕودۆخێکی دژواردان. بەگوێرەی ئاماری بەشی تەندروستی وڵاتی ئیتاڵیا ڕۆژی ١٩ی مارس، یەکلایکردنەوەی کەیسی تووشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆنا بەم شێوەیە بووە. تووشبوان: ٤١ ھەزار سی و پێنج چاکبوون، ٤ ھەزار چوارسەدو چل مردووانیش، ٣ ھەزار و چوارسەد و پێنج دیارە لەو ڕێژەی قوربانی بەرکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا پشکی زۆری بەر ھەرێمی لۆمباردیا کەوتووە. بەتایبەتی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستاوە. کەبەم شێوەیە: تووشبوان: ١٩ ھەزار و ھەشت سەدو ھەشتاو چوار چاکبوونەوە؛ ٣ ھەزار و حەفت سەدو حەفتاو ھەشت مردن؛ ٢ ھەزار و سەدو شەست و ھەشت ئەگەر سەیری ئاماری توشبووان و مردن لەم ھەرێمەش بکەین شاری "بێرگامۆ" بەراورد بەڕێژەی دانیشتوانی شاری "میلانۆ"ی ملیۆن کەسی پایتەختی ھەرێمەکە، بێرگامۆ پشکی زۆری قوربانییەکانی بەردەکەوێ کەبەپێی دواین ئامار ٤ ھەزار و ٣٠٥ حاڵەت لەم شارەدان تۆمارکراون. ماڵپەری "بێرگامۆنیوس" رۆژی حەڤدەی ئەم مانگە بلاویکردەوە، ئەم حەفتەیە ٣٣٠ کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان پاش ئەوەی لەنەخۆشخانە دەرکراون بردراونەتە کەنیساکان. ئێستا ئەم شارە بەراورد بەشار و ناوچەکانی تری ھەمان ھەریم بگرە ئیتاڵیاش زۆرترین، چاوی حکومەتی لەسەرەو دانیشتوانەکەی جگەلەوەی کوارێنتینە کراون، چاودێری چڕیشیان خراوەتە سەر. ئێوارەی رۆژی چوار شەممە ١٨ی مانگ، لەمێدیاکان و سۆشیال مێدیا بڵاوکرایەوە کە ٧٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەشارەکەدا بڵاوەی پێکراوە، ئەمەشیان بەنمایشی شانۆی جەنگ وەسفکرد! ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوەندەکەی بۆ شاری وھانی وڵاتی چین دەگەڕێننەوە، سەرەتای سەرھەڵدانی ئەم ڤایرۆسە کوشتنەیە کەتائیستا چارەسەری بنەبڕکردنی لەدژی نەدۆزراوەتەوە، لەم شارە دۆزرایەوە، پاشان بەخیرایی بەجیھاندا بڵاوبوویەوە. [email protected]
بەشدار عوسمان دیمەنی غەرقبوونی یەخت و پاپۆڕەکانی ئیجە کە پڕیەتی لەگەنج و مناڵ و ژنی نائومێد کراوی کوردستان، رۆژانە هەواڵی میدیاکانە، لەولاشەوە دەستبەسەرداگرتنی هەرچی شوێنی ستراتیژیی و زەوی گرانبەهایە لە شارەکان و تاپۆکردنی گرد و تەپۆڵکەکان، تا دەگات بە بەرزکردنەوەی ڤێلا و خانو و شوقەکانیان لەگرانبەهاترین شوێنی شار و پایتەختەکانی دنیا بۆ مناڵ و کوڕ و کوڕەزاکانیان. ترس و تۆقاندن و دەمکوتکردنی هەزاران، تا دەگات بە دیمەنە تراژیدیاکانی لێدان لە ناوگەڵی مامۆستایان و سوتاندنی ڕیشیان، دەربازکردنی سەدان تاوانباری گەورە و بچووک تا دەگات بە ئازادکردنی دەستدرێژیکەرانی سەر مناڵە هەشت ساڵانەکە، دەستواڵایی بۆ دەیان دەزگای موخابەراتی ناوچەکە و دنیا و تیرۆر و تەسلیمکردنەوەی بەرهەڵەستکارانیان لەناو جەرگەی شارەکان. داتەپینی کەرتی تەندروستیی گشتیی و کردنەوەی دەیان نەخۆشخانەی تایبەت بۆ بەرپرسان تا دەگات بە دەرخواردی دەرمانی ئێکسپایەر و کوێرکردن و کوشتن و کەمئەندامی دەیان و سەدان هاوڵاتی، گلدانەوەی سەدان مناڵ و خوێندکار لە ژوورێکی سێ بەچواری بەناو خوێندن و فێربوونی حکومی، تادەگات بە ناردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بۆ مناڵە نازدارەکانیان و کردنەوەی دەیان زانکۆ و قوتابخانەی ئەهلی هاوچەرخ. ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی ئەنجام تا دەگات بە سوتاندنی بنکەکانی دەنگدان، گرتن و زیندانیی و تیرۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان تا دەگات بە کردنەوەی دەزگای میدیای بەپارەی خەیاڵی لەسامانی خەڵک بۆ چەواشەکاریی و ساغکردنەوەی درۆکانیان، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و دەرخوارددانی خواردن و کاڵای ئێکسپایەر. ئەمانە و دەیانیتر، دیمەنی ئاشنان و مێژوویەکی دووری نییە، لە زاکیرەی خەڵکدا زیندوون و شوێنەوارەکانیان بەئاسانیی کاڵ نابێتەوە. بەسێڵفیەکانی کۆڕ و کۆبوونەوەکانتان هەڵمەخەڵەتێن، غرور نەتانگرێت بە سوپا و هێزە چەکدارەکان، بەبێدەنگکردنی زۆرینە و کڕینی دەستەبژێرێک دڵتان خۆش نەبێت، بەبێ ئومێدکردنی خەڵک لە ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازیی ئاسوودە مەبن. کێوێک لە توڕەیی و ناڕازیبوون، لەنێو دڵ و دەروونی بەشێکی هەرە زۆری خەڵک پەنگی خواردووەتەوە، مەودایەکی درێژ لە بێ متمانەیی و بێ سیقەیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات کێشراوە، بۆیە هەست و دڵسۆزیی و هاوکاریی و پشتیوانی خەڵک لەبڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، لە ئاشتکردنەوەی خەڵک بۆ دەسەڵاتێک، کە بۆ ساتێکیش دەستی نەپاراستووە لە ئازار و ئەشکەنجە و رووتانەوەی سامانەکەی، مانایەک پەیدا ناکات. مووچەخۆران چاوەڕێ بوون ژمارەی بانکی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان وەربگرن، نەک ژمارە بانکی بۆ خۆیان بکەنەوە ! ئەگەر زەخت و فشار و ناچارکردن نەبێت، بەدڵنیاییەوە یەک فلسی تێناچێت.
هونەر تۆفیق کورۆنا لەیەک کاتدا هەم ترۆپکی سەردەمی جیهانگیری - گلۆبالیزەیشنە و هەم ڕاگەیاندنی کۆتاییەکەیەتی . زیاتر لەسەدەیەکە سەرمایەداری جیهانی تەروج بۆ تیئۆری جیهانگیری و داڕشتنی نەخشەی جیهان دەکات بەپێ ی ئەو بازاڕانەی خۆی دەیەوێت بازرگانی تیادابکات . ئەم تەرویجە سەرمایەداریە ، کاریگەریەکانی گەشتووە بە فیکر و سیاسەتی دنیا . بەروپێشەچوونە تەکنەلۆژیەکان و هەڵوەشاندنەوەی بلۆکە سۆسیالیزمەکەی رۆژهەڵاتیش ، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ پراکتیزەکردنی تیئۆری جیهانگیری . هیچ هێزێکی ئابووری ڕکابەریش نەبوو ( وەک ئێستای چین بەنمونە) بەر بەو ڕەوتە بگرێت ، مۆدێلی کۆنفیدراسیۆنی ئابووری لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا ، لەئەنجامی کاریگەری ئەو ڕەوتەدا دروستبوون کە شێوەکانی : یەکێتی ئەمریکا - کەنەدا - مەکسیک لەباکووری ئەمریکا . یەکێتی وڵاتانی ئەمریکای لاتین لەباشووری ئەمریکا . یەکێتی ئەوروپا لە خۆرئاوای ئەوروپا . هەوڵی دروستبوونی یەکێتی وڵاتانی باکووری ئەفریقیا . مەجلیسی تەعاونی عەرەبی لەنێوان عێراق ، میسر ، ئوردن و یەمەن . مەجلیسی تەعاونی خلیجی لەنێوان میرنشینەکانی کەنداو . یەکێتی حەوت پڵنگەکە لەنێوان وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا . دواترینیان یەکێتی برێکسی بازرگانی و ئابووری لەنێوان ڕوسیا - چین - هیند - بەرازیلدا . هەندێک لەو فدراسیۆنە ئابووریانە بەهۆی ناکۆکی سیاسیانەوە شکستیان هێنا و بەشێکیشیان بوونە هێزێکی ئابووری دیار وەک بەرەی برێکسە . چین و ڕوسیای وەک دوو هێزی ئابووری و سەربازی رکابەری بەرەی ڕەوتی گلۆبالیزەیشن دەرکەوتن . چین وەک نوێنەری ئابووری و ڕوسیش وەک نوێنەری سەربازی قوتبێکی تریان لەبەرانبەر قوتبە ئەمریکیەکە پێکهێنا . ناکۆکی سیاسی و بازرگانی ئەو دوو قوتبە ، کاریگەربوو بۆ لاوازبوونی ئابووری جیهان . کشانەوەی بەریتانیەکان و پرۆژەی برێکزت لەناو یەکێتی ئەوروپادا هەنگاوی یەکەمی بەرەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپایە . هاوکات بە گرفتە ئابووریەکانی ئەندامەکانی تر وەک ئیسپانیا ، پورتگال و یۆنان و ئیتالیا کە قەیرانی چارەسەرنەکراوی ئەو یەکێتی یە و بیری جیهانگیرین . وڵاتانی لەبری کرانەوە و خۆخستنە ناو جیهانەوە ( وەک ئەوەی جیهانگیری دەخوازێت ) بەرەو بچوکردنەوەی جیهانەکەی بەناوخۆدا دەبات . هاتنی کرۆنا ئەو قەیرانەی بۆ فیکری جیهانگیری قوڵترکردەوە و بەرەو کۆتایی دەبات . لەکاتێکدا پەتاکە بەجیهاندا تەشەنەدەکات و جیهانگیرانە سنوورەکان دەبڕێت ، وڵاتان سنوورەکانیان دادەخەن و هەر وڵاتێک لەناوخۆیدا فریای خۆی دەکەوێت . ئیتاڵی و ئیسپانیەکان ڕوونتر لە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا باسی بێسوودی یەکێتی ئەوروپا دەکەن کەلە بەردەم هێرشی پەتاکەدا بەتەنیا جێیان هێشتوون . جیهانی پاش کورۆنا ، وەک جیهانی پێش کورۆنا نابێت . هەموو دیدە زاڵە سیاسی و ئابووریەکانی جیهان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دێت ، لەسەروی هەموویانەوە کۆتایی بە سەردەمی جیهانگیری دێنێت . نەخشەیەکی بازرگانی تر و هەیکەلێکی ئابووری جیهانی نوێ دروستدەبێتەوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریش لە فیکری سیاسی باوی دنیادا .
کاتێ ئێمە دژی قەرەباڵغی مزگەوت و جومعەو جەماعەت بووین، ئەرێ مەبەستمان خۆپارێزێ بوو، یان مەبەستمان شەڕی ئایدۆلۆژی بوو؟ ئەگەر مەبەستمان خۆپارێزی و ڕێنایی تەندروستیی بوو، ئەوە پێویستە بە هەمان ئاست دژی هەر قەرەباڵغی و مەراسیم و موناسەبەیەکی تریش بین. ئەگەریش تەنیا مەبەستمان شەڕە ئایدۆلۆژییەکەبووبێ، ئەوە پەتی درۆ کورتەو لەوێدا ئەپچڕێ، کە جیاوازیی ئەکەین لەنێوان قەرەباڵغییەکان و هەنێکیان ئەبینین و هەنێکیان نابینین! "کەلیمەی حەق" ئەوەیە کە مەبەستت خودی کەلیمەکەیەو شتەکە لەوێدا کۆتایی دێ و مەبەستت هیچ شتێکی ترنیە. بەڵام "یراد بها باگل" ئەوەیە کە لە کەلیمەی حەق، مەبەستت خودی کەلیمەکە نیەو مەبەستت شتێکی ترە. (کلمە حق یراد بها باگل) ئەرێ ئێمە لە دژایەتی جومعەو جەماعەت، مەبەستمان کەلیمەی حەق بوو، یان لەپشتی کەلیمە حەقەکەوە مورادمان باتڵێك بوو؟ ئەوەی کە دنیای خراپ کردوە، کەلیمەی باگل نیە، چونکە باتڵ بێ پەردەو یەك ڕووەو کەس بە ئاشکرا ئیدیعای خراپە ناکات. ئەوەی کە دنیای خراپ کرد، کەلیمەی حەقە، چونکە کەلیمەی حەق دوو ڕووەو هەموو کات مەبەست لێ ی حەقە ئاشکراکە نیە، بەڵکو زۆربەی کات مەبەست لێ ی، باتڵێکی شاراوەیە! سەیرکە لە دنیادا چی زۆرە کەلیمەی حەق، کەچی هەمان دنیا پڕە لە ناحەقیی! زۆر بە سادەیی، چونکە زۆرینەی کەلیمەی حەقی ئەمسەر، مەبەست لێ ی، باتڵێکی ئەوسەرە، نەك خودی حەقەکە. پۆپۆلزمیش یاریزانێکی باشی ئەم مەیدانەیەو هەمیشە کەسی پۆپۆلیست، کەلیمەی حەق ئەقۆزێتەوە بۆ مەبەستی باتڵی خۆی. بەردەوام نمایش و شۆی حەقت بۆ ئەکاو لەوسەریشەوە حەقێك ناگا بە تۆ، بەڵکو باتڵێك ئەگات بەو! "بوون" خۆبوونە. لاساییکردنەوەو خۆکردن بەوی تریش، گەورەترین بەربەستی بەردەم خۆبوونەو ئیتر نابیت! مرۆڤایەتی یەکێکەو ئەشێ هەموومان لە شتانێکی گشتیدا هاوبەشبین. بەڵام بە وردەکاری و سروشتی خۆمانەوە، نەکئەوەی وردەکاری و سروشتی ئەوانیتر کۆپیکەین و خۆمان بسڕینەوە! مەسەلەن ئەکرێ دین لەویتر وەرگرین، بەڵام ناشێ تەدەیون لەویتر وەرگرین! ئێمە خۆمان موسوڵمان بووین، کەچی سەلەفیەتمان هێنا. لەکاتێکا ئەوە دین نیە، بەڵکو لاساییکردنەوەی تەدەیونی وەهابی سعودییە. جلی کوردەواری خۆی موحتەشەم و داپۆشراوە، کەچی ئێمە حیجابی ئیخوانمان هێنا. لەکاتێکا ئەوە دین نیە، بەڵکو لاساییکردنەوەی "تەدەیونی سیاسی" میسرییە! هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، ئێمە خۆمان لە شەڕی کۆرۆنادا باشمان هێناوەو کارمەندانی تەندروستی و ناوخۆش ڕۆڵی باش ئەگێڕن. جا ئەگەر پێ ی ئەزانیت. وەکو خۆت سوپاسیان بکە نەك وەکو ئیتاڵیا! تۆ کە لە بالکۆنەوە نایکەی، لە فەیسبوكەوە بیکدە، نەك لەسەر جادە میهرەجانی چەپڵە سازکەیت، کە پێشێلی ڕێنماییەکانی تەندروستییەو ڕیسەکە ئەکاتەوە بە خوری! لەئێستادا کۆرۆنا خۆی دوژمنەکەیە، لەپشتی کۆرۆناوە شەڕی دۆژمنی تر مەکە. لەئێستادا کۆرۆنا خۆی سەنگەری بەرامبەرە، مەیکە بە سەنگەر بۆئەوەی لەوێوە شەڕی شتی تر بکەیت. لەئێستادا کۆرۆنا خۆی شەڕەکەیە، مەیکە بە ساحە بۆ شەڕی تر. لەئێستادا کەلیمەی حەق، خۆپارێزی و هاوکاریکردنی یەکترو جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانە. جگە لەمە، هەر شتێکی تر، "یراد بها" باتڵە. ئێستا نە کاتی شەڕی کۆمپانیاکان و کۆکردنەوەی پارەیە. نە کاتی شەڕی وڵاتان و سەپاندنی هەژموونە. نە کاتی شەڕی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگە. نە کاتی پۆپۆلیزم و موزایەدەو دەستشکانەوەی ئەوی ترە. نە کاتی شەڕی ئایدۆلۆژی و منی فریشتەو ئەوی شەیتانە.. ئێستا لە وێنە گەورەکەداو لە بەرزترین ئاستی جیهانەوە، تا وێنە بچوکەکەو خودی خۆت، تەنیا کاتی دوو شتە: (خۆپارێزی و هاوپشتی). خۆپارێزیی وڵات و هاوکاری نێوان وڵاتان. خۆپارێزی مرۆڤ و هاوکاری نێوان مرۆڤەکان. کۆرۆنا چەنێك بیرکردنەوەیە لە خۆت، ئەونەش بیرکردنەوەیە لەو. چەنێك خەمخواردنە لە خۆت، ئەونەش خەمخواردنە لەو. چونکە ئەگەر ئەو بیگرێ تۆش ئەیگریت. ئەگەر تۆ بیگریت ئەویش ئەیگرێ. ئەمەش جیاوازی نەهێشتووەو مرۆڤایەتی کردۆتەوە بە یەك جەستە. ئەمەش سنوری نەهێشتووەو هەسارەکەی کردۆتەوە بە یەك ماڵ. ئا لێرەوە کۆرۆنا خەریکە دەسکاری عەقڵی مرۆڤ ئەکا، چ لەسەر مستەوای تاك و چ لەسەر مستەوای دەوڵەت و سیستەمی جیهانی. خەریکە لە عەقڵیەتی بچوکی هەرمن هەرمنەوە، بمانپەڕێنێتەوە بۆ عەقڵیەتی باڵای "ئێمە هەموومان". کە تەنیا ئەوە ڕێگای ژیان و نەجاتە. کۆرۆنا سەردەمی تاریکی، منی بەهێزو ئەوی لاواز، منی باڵاو ئەوی نزم، منی سەردەست و ئەوی ژێردەستی تێپەڕاندوەو خەریکە مرۆڤایەتی بخاتە سەردەمێکی ڕوناك و زێڕینەوە، کە سەردەمی پێکەوەژیان و هەموومانە! کۆرۆنا خەریکە مرۆڤایەتی لە قۆناغی هێزەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی تۆلێرانس. ئەوەتا بەتەنیا هێز ناتوانێ ئەمریکایەکی بەهێز بپارێزێ! بەڵکو چیتر ئەبێ هەمووان لە خەمی یەکتردابن و ئەمریکاش ئەبێ لەپاڵ تەندروستی خۆیدا، ئاگای لە تەندروستی کوێرە دێیەکی ئەوسەری دنیاش بێت، نەوەك ڤایرۆسێکی لێ بڵاوبێتەوەو دواتر ئەمریکاو دنیاش بتەنێتەوە. ئەگەرچی هێشتا عەقڵی بچوکی وەکو ترەمپ هەیە، کە دنیا لە پارەو دەنگی ئیتیخاباتدا ئەبێنێ و شتەکە لە پرسێکی جیهانی و مرۆڤانەوە بچوكئەکاتەوە بۆ ئەمریکاچێتی و بۆ ململانێ ی نێوان دەوڵەتان و بە کۆرۆنا ئەڵێ "ڤایرۆسە چینییەکە"! بەڵام مرۆڤایەتی ئەم عەقڵە بچوکانە تێئەپەڕێنێ و چیتر دنیا، دنیای "هێز"و ئەمریکاو چین و ڕوسیاو ئەوروپا نیە. بەڵکو دنیای هەمووانەو ئەبێ ژیان و نان و تەندروستی بۆ هەمووان بێت. چونکە کۆرۆنا تێیگەیاندین، ئەم تۆپە خڕە لە هەر لایەکەوە بتەقێ، یارییەکەی هەمووان ئەوەستێ.
بهرزان عهلی حهمه پێشتر داعش نیو كاتژمێر لێمانهوه دوور بوو، زرت و زهلام به چاو دهبینران، ئهم خهڵكهی ئێمه سهیران و سهفا و خۆپیشاندان و ههرای خۆی ڕانهگرت، ئێستا كۆرۆنا هاتووه و به چاو نابینرێت و پێویستی به میكرۆسكۆبه، تۆ به تهمای سهمای ئهم میللهته بوهستێنیت؟ ئهتهوێت به فشهی نهگرێت؟ ئهو داعشی دهبینی پێی فشه بوو، ئێستا كۆرۆنا به ڕاست دهگرێت كه نایبینێت؟ تۆ چۆن تریبیۆن و میدیا دهخهیته بهردهم گهمژهیهك، به ڤایرۆسێك بڵێت فشهیه كه ههرچی تاقیگهی دونیایه دهرمانهكهی پێ نادۆزرێتهوه؟ سهرباری ئهمهش، خۆ گرفته گهورهكه ههر هاتنی كۆرۆنا نییه، بهڵكو ئهوهیه كه ئێمه هێشتا لهو مرۆڤانهمان ههیه كه پاش هاتنه دهرهوه له تهوالێت، دهبێت پێیان بڵێیت دهست و پهلتان به سابوون بشۆن. ئهم رێنمایی و ئامۆژگارییه، له سهدهی نۆزدهوه له ههندێ وڵاتی ژیری دونیا باوی نهماوه. لهوێ خهڵكی دهستیان دهشۆرن، جا كۆرۆنا ههبێت یان نه بێت، پێیان بڵێیت یان نهیڵێیت! ئێ خۆ ڕهنگه له چین-یش ههر ده پانزه كهس دهستیان به باشی نهشووشتبێت و كۆرۆنایان به فشه زانیبێت، ئاوا به ناخێریان مرۆڤایهتیان به قڕان هێناوه! لای خۆشمان ههر چهند ههزار كهسێك بوون گێل و گهمژه به قاچاخ دههاتنهوه و خۆیان ڕادهستی پزیشك و دهوڵهت نهكرد، ئاوا میللهتێكیان رادهستی كۆرۆنا كرد! ئێستا كه بهسهر مێژوودا دهڕۆمهوه، لهوه تێدهگهم كه كورد دهبێت ژمارهی لهمهی ئێستا زۆرتر بووبێت، ڕهنگه له ههندێ شوێن و جوگرافیای دیكهی دنیاش ههبووبن و تاعوون و مهلاریا و كۆلێرا و پهتا و بهڵایهكی ڕۆژگار قات و قڕی كردبن. حهتمهن ئهبێت ئهو كاتیش كهسانێك به تاعوونیان وتبێت فشهیه! له پشت مزگهوتهكانهوه به قاچاخ نوێژیان كردبێت، ئهمه یهكهم جاره حكومهت و كیانێك ههبێت، وهك ڕهمزی دهوڵهت و خاوهنی ڕاستهقینهی میللهت، به زۆر خهڵك بنێرێتهوه ماڵهوه تا ڕهچهڵهك و نهسڵیان بپارێزێت، تاوهكو قات و قڕ نهبن. جا تاقهتت ههیه یان نا به جهههننهم، دنیا له ژوورهوهیه، تۆ بۆ دێیته دهرهوه مردوومرێ؟ دهی خۆ پێش ئهوهی حكومهت به زۆر خهڵك بنێرێتهوه ماڵهوه، به قسهی خۆش و ڕێنمایی كهس نهچوو، ئهگهر ئهم وڵاته بهو جۆره بڕازێنینهوه كه خهڵكی كوردستان حهزی پێیهتی و له فهیسبووك داوای دهكات، دهبێت ده دوانزه ئینقلاب بكهین و سێسهد چوارسهد ههزار كهس بدهین به كوشت و ماوهی ده پانزه ساڵێك له ئۆگهندا یاخود باشووری سوودان بچین. سهقفی داواكارییهكانی خهڵك زۆر بهرز كراوهتهوه. بۆ ئهوهی جێبهجێیشی بكهیت، ههر بهوهنده ناكرێت كه حكومهتهكه وهك ئهوهی سوید یان نهرویجی لێ بكرێت، بهڵكو پێویسته له جێی ئێران فینلهندا دراوسێت بێت. ئهمه كهی جیرانهتییه، پێشتر ههر كهس لێیهوه دههات گومانی سهد گرام هێرۆیینی لێ دهكرا و ئێستاش ههر كهس لێوهی بێت حهفتا گرام كۆرۆنا به گهڵ و گیپاڵییهوهیه. K24
ئارام كۆكۆیی زۆربەمان هێندە بیر لە کاریگەریەکانی ئەم ڤایرۆسە لە سەر تەندروستیمان ئەکەینەوە، هێندە بیر لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەکانی ناکەینەوە. کۆرۆنا لەم ساتەوە نەخشەی جیهانی نوێ دادەڕێژێت، و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی یەکان، بڕیارە سیاسیەکان، و دۆخی ئابووری جیهان وەک مانگێک لەمەو پێش نامێنێتەوە. لە ڕووی ئابووریەوە کۆرۆنا کاریگەری لە مۆدڵی خواست و خستنە ڕوو کردوە، و گەر بە شێوەیەکی سادە لێ بروانین دەبینین کە: - گەشت وهاتووچۆی هەوایی، دەریایی، زەمینی نێوان زۆربەی وڵاتانی جیهان وەستاوە یان سستبووە، هاتووچوو لە نێوان و نێو زۆربەی شارەکانی جیهاندا قەدەغەکراوە. ئەمەش دەرامەتی زۆربەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی وەک فرۆکەوانی، هوتێل، ڕێستورانت، و کافیەکانی بڕیوە. کاری تەکسی و خزمەتگوزاریەکانی کەی وەک دیلیڤەری وەستاندووە. - زۆربەی ئەوانەی لە سێکتەری گەشتوگوزار و گواستنەوەدا کار دەکەن بێکار بوون، و هیچ داهاتێکیان نابێت و زۆربەشیان بە دڵنیایەوە خێزانێک بەڕێوە دەبەن کە خەرجیان دەبێت. - کە خێزانەکان داهاتیان نەبوو، خەرجیان کەمدەبێتەوە بەم شێوەیە بەکارهێنان کەمتر دەبێتەوە. - خاوەن کارگەکان و سێکتەرەکانی کەی وەبەرهێنان، سەڕەڕای ئەوی ناچار دەبن بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە بەر تەندروستی کریکارەکانیان هێلەکانی وەبەرهێنانیان دابخەن. کەمی کرینی بەرهەمەکان و ساغنەبوونەوەی لە بازار، و کەمی قازانج هاندەر دەبێت بۆ داخستنی کارگەکانیان، و بەمەش هەم کرێکاری زیاتر بێکار دەبێت و هەم بەرهەمەکانیشیان لە بازار دەست ناکەوێت. دەستنەکەوتنی بەرهەمێک مانای بەرزبوونەوەی خواستە لە سەری، بەزبوونەوەی خواستیش لە سەر ئەو بەرهەمە مانای گران بوونیەتی. - هەندی وڵاتی جیهان سێکتەری سەرکی ئابووریان گەشتوگوزارە، کە کۆمپانیا فرۆکەوانی و گەشت و گوزاریەکان وەستان ئابووریەکەیان ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە. - هەندی ووڵاتی کە ئابووریەکەیان لە سەر بنەمایی فرۆشتنی سامانی سروشتی بە تایبەت نەوت بنیات ناوە، کە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و گەشتوگوزار و فرۆکەوانی و کارگەکان وەستان، خواست لە سەر بەرهەمە سوتەمەنیەکان کەم دەبێتەوە، کەمبوونەوەی خواستیش لە سەر بەرهەمێک بە مانای هەرزان بوونی ئەو بەرهەمە دێت. واتە ئابووری ئەو ووڵاتانە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە. - کە هۆکارەکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنان کەمبوونەوە بەمەش ڕەفەی سوپرمارکێتەکان خاڵی دەبێت و تۆی بەکاربەر ئەو شمەکەی کە دەتەوێت دەستت ناکەوێت. - پشکی سەرجەم ئەو سێکتەرانەی لە سەرەوە باسم کرد لە بازارە جیهانیەکانی دێتە خواروە بەمەش بازارە داراییەکان زەرەری زۆر دەکەن. ئەوەی سەرەوە وویناکردنێکی ڕەشبینانەی ئابووری جیهانە بە شێوەیەکی زۆر سادە لە ژێر سایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام با بەهیوای ئەوە بین کە ئەم ڤایرۆسە زوو سوری خۆی تەواو دەکات و بزوینەری ئابووری جیهان وەک جاران دەکەوێتەوە گەڕ ،و مرۆڤایەتی ئەم قەیرانەش وەک قەیرانەکانی پێشووتر تێدەپەڕێنێت. هەندی ڕاستکردنەوە: - هەندی کەس پێان وایە دۆلار ئەو هەیمەنەی جارانی نامێنێت، ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە چونکە هەتا ئێستا هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێزی دۆلار نییە، زۆربەی ئابووریە بەهێزەکانی دونیاش بە تایبەتی چین بەهای دراوەکەی گرێداوە بە بەهای دۆلارەوە. شکستی دۆلار شکستی ئابووریەکەیەتی. - بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە هیچ پەیوەندی بە ململانیە ئابووریەکانی نیوان چین و ئەمریکا نیە. ئەم دوو زلهێزە ئابووریەی جیهان گەیشتوونەتە بڕوایەک کە ئابووریەکانیان تەواوکەری یەکترە, ئەمە گەمەیەکی (Zero sum game ) نیە واتە من براوە تۆ دۆڕاو دەبیت. ئەم گەمەی (Win- win situation ) ە واتە بردنەوەی من بردنەوەی تۆیە. هەردوو ئابووریەکە وەها بەیەکەوە گرێدراون داڕمانی یەکیکیان دەبێتە هۆی داڕمانی ئەوی دیکەیان.
ئەمین بەكر شێوازیی ڕووبەڕوو بونەوەی زۆربەی وڵاتان بۆ ڕێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پشتی بە سنوردارکردنی چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان و داخستنی دام ودەزگا حکومی وتایبەتیەکان ،وکەم کردنەوەی جوڵەو هاتوچۆ بەستوە . ئەم ڕێگەیە سەرباری گونجاویەکەی بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە، کاریگەرێکی خراپ لەسەر جوڵەی بازرگانی وبەرهەم هێنان دەکات ، بەشێوەیەک بڕی بەرهەم پێش ئەوەی بەهۆی کەمی خواستەوە دابەزێت ، کارگەو کارخانەکان لەترسی بڵاونەبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا خۆیان لەکارکردن دەوەستن، بەم شێوەیەش بەشێکی زۆریی کەرتەکانی بەرهەمهێنان زیانی گەورە دەکەن وئەگەر دۆخەکە درێژە بکێشێت بەشێکیان ئیفلاس دەکەن ، و خەڵکێکی بێ شوماریش کارەکانیان لەدەست دەدەن ،ئەمە بێجگەلەوەی بەهۆی ڕێ وشوێنەکانی ڕێگرتن لەبڵابونەوەی کۆرۆنا بازاڕوبازرگانی بەڕادەیکی زۆر لاواز دەبێت. هەرچەند خواست لەسەر کاڵا کەمالیات وسەرەتایەکانیش دادەبەزێ ،بەڵام لەبەرامبەردا خواست لەسەر مادە خۆراکیە سەرەکیەکان و، پزیشکێ کان هەروەک خۆیان دەبن وبگرە لەسەر هەندێکیشان زیاتر دەبێت ونرخیان زۆر بەرز دەبێتەوە،بەتایبەت ئەگەر دۆخەکە درێژە بکێشێ بەتاڵ کردنی مارکێتەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەزۆربەی وڵاتان زەنگ ودڵەڕاوکێی ئەو مەترسێ یە یەیە ، بەم شێوەیەش لە حاڵەتی قەیرانی کەمی پێداویستیە خۆراکیەکاندا، وڵاتان سەرەتا بیر لەدابینکردنی پێداویستیەکانی ناوخۆیی خۆیان دەکەنەوە،و تا لەخۆیان زیاد نەبێت ڕێگە بەهەناردەکردنی بۆدەرەوەی سنورەکان نادەن، هەرچەند پێم وانیە قەیرانی خۆراک زۆر درێژە بکێشێ، بەڵام بۆماوەیەک بازرگانی دەرەکی توشی ئاستەنگ دەبێتەوەو مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی کەمی خۆراکیشی دێتەسەر، وکار لەبازرگانی مادە خۆراکیەکان دەکات . لەلایەکی ترەوە لەدرێژە کێشانی ئەو دۆخەدا ، بەهۆی وەستانی کارو نەبونی داهاتەوە لەلایەک وبەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراکیەکان لەلایەکی ترەوە هاوڵاتیان توانای کڕینی پێداویستیەکانیان زۆر دادەبەزێ . بۆ چارەسەرکردن وڕێگرتن لەگەورەبونی قەیرانەکە وڵاتان بودجەی تایبەتیان تەرخان کردوەو، هەندێک لە وڵاتان بەهۆی بونی نەختینە ویەدەگی دراوەوە هەوڵ ئەدەن پاڵپشتی کارگەو دامەزراوەکانی بەرهەم هێنان بکەن و نەهێڵن توشی زەرەرو ئیفلاس بون ببن، و تەنانەت پارە بۆ ئەوکەسانەش تەرخان دەکەن کە ئیشی سەربەخۆدەکەن و ئیشەکانیان وەستاوە ،تاهاوڵاتیانیش بتوانن پێداویستیەکانیان دابین بکەن. بەڵام ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی چیە چۆن هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخەکە دەدا بۆ هەرێمی کوردستان دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، چونکە وەک دەزانین هەرێم لەدابینکردنی موچەو خەرجی گشتیدا لەدۆخی ئاسایدا نەیتوانیوە وەک پێویست بێت ،ئەمە لەکاتێکد سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم لەماوەی ڕابردوی نزیکدا وەکو لەڕاگەیەندراوەکانی حکومەت دا هاتوە ، بڕی27.5% پشتی بە داهاتی ناوخۆیی بەستوە، بێجگە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و هەروەها 43% لەبەشە بودجەی هەرێم لەبغداوە بۆ هاتوە و .29.5% یش لەداهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم پڕ کراوەتەوە . لەم دۆخەدا داهاتی ناوخۆی هەرێمی نانەوتی بەهۆی وەستانی جوڵەی بازرگانی وکارو بەرهەم هێنان یەکجار زۆر دابەزیوەو ،پێدەچێت بێتە خوار 10% ی خەرجی گشتی واتە لە290ملیار دینارەوە بێتە خوار 100ملیار دینار،هەروەک نرخی نەوتیش لەبازاڕەکانی جیهاندا لەم کاتەدا هاڕەی کردوە بۆ خوار 28$ کەنەوتی هەرێم بەپێ ی کوالیتیەکەی بێت 20 تا 22 دۆلار زیاتر ناکاو لەم پارەیەش بەشێکی زۆری بۆ تێچونی کرێ ی گواستنەوەو بەبازاڕکردن وهەروەها پشکی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت دەڕوا، واتە بەم شێوەیە بێت ئەوا نرخی یەک بەرمیل نەوتی هەرێم لەخوار 8$ دەمێنێتەوە ، واتە ئەو 310ملیارەی دینارەی لەماوەی ڕابردودا مانگانە لەپارەی نەوتی هەرێم دەدرا بەوەزارەتی داراییی هەرێم، ئەوا لەئێستادا و بەم نرخە دەبێت بە 100بۆ 130ملیار دینار ، ئەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە لەئێستادا هەرێم مانگانە قەرزی کۆمپانیاکان و قەرزی تورکیا ئەداتەوە و بەشێک لەنەوتەکەشی لەبری قەرزی پێشتر ئەدات. دۆخی عێراقیش لەڕووی داهاتەوە زۆر لەهەرێم باشتر نیە، بەتایبەتی کەبەبڕی 93%داهاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستووە وئێستا نەوت نرخی،زۆر دابەزیوە ،بۆیە بەدور نازانرێ بەشە بودجەکەی هەرێمیش کە بڕی 452 ملیار دینارە و لەبغداوە دێت کێشەی بۆدروست ببێت. ئەگەر ئەوەش ڕوبدات ئەوا هەرێم توشی قەیرانێکی گەورەی داراییی دەبێتەوە ، کەواتە هەرێم لەبەردەم مەترسی دوو قەیرانی تردایە بێجگە لەکۆرۆنا ئەوانیش قەیرانی داراییی و قەیرانی مادە خۆراکیەکانە:. بۆیە کورت کردنەوەی قەیرانەکە لەمەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، بەتەنها هەڵەیەو پێویستە حکومەتی هەرێم پلانێکی گونجاوی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانێکی گریمانەیی خۆراک و قەیرانی داریش هەبێ ،وەگەرنا بەپێچەوانەوە لەحاڵەتی بێ چارەسەری قەیرانەکاندا تێکچونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیش بەدورنازانرێ ، لەپێناو کەم کردنەوەی کاریگەری قەیرانە گریمان کراوەکاندا پێویستە حکومەت کۆمەڵێک هەنگاوی جدی هەڵهێنێ : 1. بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی داراییی ،هەریم پێویستی بەنەختینەیەو هەمو لایەکیش دەزانین ،کە هەرێم نە سندوقێکی سیادی هەیە ونە سندوقی داهاتە نەوتیەکانیشی دروستکردوەو،هەروەک سیستەمێکی بانکی پارەدارو پێشکەوتوشی نیە تاپشتی پێ ببەستێ و،پارەی لێ وەربگرێ، بۆیە هەرێم واباشە چی زووە پەنا بۆ حکومەتی عێراقی ببات و خۆی بەعێراقەوە هەڵواسێت، هەرچۆنێک بێت دۆخی بغدا لەکۆمەڵێک ڕووەوە لەهەرێم باشترە و دەرەچەی چارەسەری زیاتری لەبەردەستە ،لەوانە عێراق زیاتر لە 70ملیار دۆلار نەختینەی یەدەگی هەیە و دەتوانرێت لەحاڵەتی پێویستدا پەنای بۆببرێت هەڕوەک وەک لەساڵانی 2015 و 2016ڕویدا وحکومەتی عێراق زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ(قەرز) لەو یەدەگە بەکار هێنا، ئەمە بێجگە لەوەی عێراق دەوڵەتەو دەتوانێت بەئاسانی قەرزی دەرەکی بکات و بانکەکانی عێراقیش تاڕادەیەکی باش بەراوردبە هەرێم پارەدارترن، لەڕویەکی تریشەوە توانای زیادکردنی بەرهەمی نەوت لەعێراق زیاترە لە هەرێم و نەوتەکەشی پارەی زیاتر دەکات. لەبەرامبەردا هەرێم دەرەچەکانی چارەسەری زۆر کەمترە ،بۆنمونە ئەگەر لەقەیرانی 2014-2016 دا حکومەتی هەرێم پەنای بردبێت، بۆچەند چارەسەرێک بێجگە لە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران، لەوانە وەرگرتنی قەرز لەکۆمپانیاکان ، وبانقەکان ، فرۆشتنی نەوت بەپێشەکی واتە وەرگرتنی پارەو پێدانی نەوتەکە لە ساڵانی ئایندەدا، هەروەها دەست بردن بۆبەکارهێنانی پارەی خەڵک لە بانکەکاندا، بەڵام لەئێستادا هەمووئەو ڕێگایانە لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا داخراون، چونکە دەست بردنەوە بۆموچەی موچەخۆران بێجگە لەپلەباڵاکان ،خەڵکی کاردانەوەی توندیان دەبێ، لەلایەکی ترەوە هەرێم تائێستا قەرزی کۆمپانیاو بانکەکانی بەتەواوی نەداوەتەوە ومانگانە بەشێک لەداهاتەکەی بۆ ئەوان دەڕوا، هەروەک لەئەنجامی دەست بردن بۆ پارەی بانکەکان لەڕابردودا کەرتی بانکی لەهەرێم تاواو ترسێنراوەو هەڵنەستاوەتەوە ،کەواتەهیچ چارەسەرێکی ئاسان بەردەست نیە بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی کە قەیرانەکە جیهانیە و تەنها هەرێم وعێراق نیە وقەرزی دەرەکیش بۆ هەرێم زۆر زەحمەتە، بۆیە پێشنیاری دروست بۆ حکومەتی هەرێم ، دەستکردنە بەگفتوگۆیەکی جدیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا و خۆ پێوە هەڵواسینێتی لەچارەسەرکردنی ئەم قەیرانەدا. 2.کەمکردنەوەی خەرجی گشتی بەکاربردن بێجگە لەموچە وتەنانەت ڕاگرتنی بەشێک لەپڕۆژەکانیش تا ئاسۆیەک بۆ دۆخەکە دەردەکەوێ لەئێستادا پێویستە. 3.هەوڵدان بۆ بەکارخستنەوەی کارگەو کێڵگەکانی بەرهەمە خۆراکیەکان ونەوەستانیان لەژێر چاودێری و ڕێنمایی تەندروستی دا بۆ پارێزی لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، ولەهەمان کاتیشدا ڕێگرتن لەگەورەبونی قەیرانی خۆراک. 4. بۆ بەرگرتن لەدروستبونی قەیرانی خۆراکیش پێویستە بابەتەکە بەهەند بگیرێت و، لیژنەیەکی تایبەت بە ئاسایشی خۆراکی وچۆنیەتی ڕێگری لەسەرهەڵدانی قەیرانی کەمی مادە خۆراکیەکان بەسەرۆکایەتی وەزیری بازرگانی وئەندامێتی کۆمەڵێک تایبەتمەند لەشارەزایانی ئابوری وبازرگانی وکشتوکاڵی پێک بهێندرێت ، وە واباشترە بەڕێوبەران و فەرمان بەرانی حکومی کەمترین دەسەڵاتیان تیایدا هەبێت ، تابتوانرێت لەڕۆتیناتی ئیداری ناو وەزارەتەکان بهێنرێتە دەرەوەو، کارەکەی دیاریکردن ودابین کردنی ئەو کاڵاو کەل وپەلە خۆراکیانە بێت کە پێویستن و وهاوردەکردنی ئەوپێداویستیانەی کە لەتوانای بەرهەم هێنەری ناوخۆیدا نین ،ڕاستەوخۆ یاخود لەڕێگای بازرگانە ناوخۆیەکان لەژێر چاودێری حکومەتدا، وعەمبار کردنیان بەشێوازێکی زانستی، بەتایبەت لەو وڵاتانەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا زۆر بڵاونیە تیاندا، پێش ئەوەی تەواوی بازاڕەکانی وڵاتانی دنیا قەیرانەکە بیان گرێتەوە و سنورەکانیان بەڕووی بازرگانیدا دابخەن . 5. دوای عەمبارکردنی بڕی پێویست لەمادە خۆراکیە سەرەکیەکان ، حکومەت لەگەیاندنی ئەو مادانە بەهاوڵاتیان ڕەچاوی بارودۆخی دارایی گشتی خەڵک بکات و لەحاڵەتی ئاسایدا دەکرێت بخرێتە بازاڕەوەو بەشێوەی ئاسایی بفرۆشرێ بەخەڵک بۆ ڕێگرتن لەوەی هاوردەکارەکان زەرەر بکەن دەتوانرێ لەباج ببخەشرێن ،بەڵام ئەگەر هاتو قەیرانە دارایەکە قوڵ بۆوە ئەوا پێویستە حکومەت خۆی مادە خۆراکیە پێویستەکان دابەش بکات بێ بەرامبەر یاخود بەنرخی پاڵپشت کراو واتە داشکاو بیدات بەهاوڵاتیان. 6. گرنگیدان بەڕۆشنبیری خەرجکردن و هاندانی هاوڵاتیانیش لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی دەست بەخەرجیەوە بگرن وپارە لە شتی پێویستدا نەبێت خەرج نەکەن.
عومەر عەلی محەمەد رۆژی چوار شەممەی رابردوو لە هەمان ئەو هۆتێلەی كە كۆنگرەی دامەزرندنی پارتی دادوو گەشەپێدانی لێ بەسترا ،عەلی بابا جانیش لە هەمان شوێن پارتە نوێیەكەی بەناوی دیموكراتی و پێشكەوتن راگەیاند، ئەم پارتەی باباجان و ئەوەش كە داوود ئۆغلۆ بەناوی داهاتوو دروستیان كردوە ، بە هەمان شێوازو لە سەر هەمان ستایلی دادوو گەشەپیدان بو، چونكە ئەو كاتەش دەوڵەت و گەلی توركیا روبەروی كۆمەڵێك قەیران و تەنگژەی قووڵ بوبوەوە، كە هاوشێوەی ئەوەی ئێستا بوون ،بەڵام دەبێت ئەو راستیە ش بڵێین كە لە ئێستادا پ ارتی دەسەڵاتدار ئەو ئەزمونەی هەیەو وا بە ئاسانی ناهێڵێت مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە. دەست لەكار كێشانەوەی عەلی باباجان هاوكاتە لەگەڵ زنجیرەیەك لەو دەست لەكار كێشانەوانەی كە زیاتر لە دوای كودەتاكەی 2016 وە بەردەوام بوو، چونكە لەو كاتەوە پارتی دادوو گەشەپێدان ئاراستەیەكی تری وەر گرتوەو بە پێی رای زۆرینەی دامەزرێنەران و سیاسیە ناودارەكانی ناو پارتەكە، پێچەوانەی ئەو پرانسیپانەبوە كە كاریا ن بۆ كردوەو وەك پرۆژەی سیاسی بریاریان لێداوە ،بە پێی بۆچوونی هەردوك لە ئەو دوو سەركردەیەی كە ئێستا دوو پارتی تازەیان دروستكردوە ، ئۆردوغان لەدوای گۆرینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی، پشتی لە هەموو ئەدەبیاتی سیاسی پارتەكەی كردوو بەرەو شێوازێكی تاك رەوی هەنگاوی نا ،بە بروای ئەوان لە ئێستادا ئۆردوغان بەلایەوە گرنگ نیە ئایندەی پارتەكەو گەلی توركیا بەرەو كوێ دەروات ،ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە خۆی كەسی یەكەم بێت لە حیزب و حكومەت و دەوڵەتدا ،لە لایەكی ترەوە ئەو دەیەوێت ئەتاتوركێكی تر بێت بە ستایلێكی تر ،داود ئۆغڵۆو عەلی باباجان، جۆرەها شێوازیان بەكارهێنا لە رەخنەو پێشنیارو رو بەروو بوونەوە ،بەڵام دواجار هەمووی بێسوود بوو ،بریاری جیابوونەوەیان دا،لە دوایشدا هەر یەكەیان پارتێكی سیاسیان راگەیاند ،ئەم پارتە نوێیەی باباجان لەلایەن 300 پسپۆری تایبەتەوە پەیرەوو پرۆگرام و پرۆژە سیاسیەكەی دانراوە .ئەم پارتە نوێیە لە 90 ئەندامی دامەزرێنەر پێكدێت كە 27 یان ژنن و 25 یان كوردن. سەرەتای راگەیاندنی پارتەكە بە ووتارێك لە لایەن عەلی باباجانەوە خوێندرایەوە كە ووتی : كاردەكەین بۆ بنیاتنانی توركیایەكی بەهێز ، بەڵێن دەدەین بۆ گەشەپێدان و دیموكراسی و شەفافیەت و زیاد كردنی هەلی كار،پاشان ووتی رێز لە شێوازی ژیانی هەموو كەسێك دەگرین و پیرۆزیەكانی ئاین ناكەینە قوربانی سیاسەت . وەك پسپۆرێكی بواری ئابوریش ووتی: گەندەڵی رێگرە لە پێشكەوتنی ئابوری و كار بۆ بەدیهاتنی شەفافیەت دەكەین ،پاشان رەخنەی لە پارتی دادوو گەشەپێدان گرت و ووتی :لەم كاتەدا لە توانایدا نیە كە لە ئاست جێبەجێكردنی داواكانی گەلی توركیادابێت ،چونكە پشت بە هەرەشەو دورخستنەوە دەبەستێت لە پێناو مانەوەی خۆیدا و بەرەو تاك رەوی هەنگاو دەنێت . پاشان ووتی : ئێمە رێز لە هەموو بۆچوونە جیاوازەكان دەگرین ،رێز بۆ شوناس و بیرو رای جیاواز دادەنێین ،ئێمە جیاوازیەكان بە هەل دەزانین بۆ چارەسەری گرفتەكان ،لەم ووڵاتەی ئێمەدا دادپەروەری بریندارە،ژنان بەدەست توندوتیژیەوە دەنالێنن ،كرێكارو فەرمانبەران لە لەدەستدانی كارەكانیان دەترسن،هاوڵاتیان دڵتەنگ و بریندارن ،بەڵام ئێمە لێرەین ،ئێستا كاتی دیموكراتیە بۆتوركیا . بەپێی بۆجوونی هەندێك لە رۆژنامەنوس و چاودێر لە ناوخۆی توركیاوە ،سەرەرای ئەوقەیرانانەش كە ئێستا روبەروی توركیا بۆتەوە ،بەڵام ئۆردوغان بە بەراورد بە پارتەكانی تر هەتا ئێستاش لە پلەی یەكەمدایە ،بە بۆچونی هەندێك لە چاودێران و راپرسیەكان ئاستی جەماوەری هەردو پارتەكەی باباجان و داود ئۆغڵۆ لە %5 تێپەر نابێت .ئەم رێژەیەش كاتێك كاریگەر دەبێت كە لە هاو پەیمانیتێكی گشتیدا بن دژ بە ئۆردوغان و حیزبەكەی ،بۆ ئەوەی نەهێڵن رێژەی 50 كۆ 1 بەدەست بهێنێت ، ئەم پارتە نوێیە بە شێوەیەكی تایبەت چاوی بریوەتە دەنگدەرانی پارتی دادوو گەشەپێدان و ئەو دەنگدەرە كوردانەی كە دەنگ بە پارتی دادوو گەشەپێدان دەدەن ،چونكە لە ئێستادا كورد زۆر بە گرنگی و بایەخپێدانەوە سەیری ئەم پارتە نوێیەو هەڵوێستەكانی دەكەن لە ئاست كوردوو كێشەكەی ،لە ئێستادا ئەم پارتە نوێیە لە پرۆژە سیاسیەكەیدا گرنگیەكی باشی بە كێشەی كوردو چارەسەری كردوە لە چوارچێوەی توركیایەكی دیموكراسیدا ،لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە كە لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەشێكی زۆریان دەنگ بە ئەم پارتە نوێیە بدەن،چونكە لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە كوردانی باكور دەنگ بە هادەپ نادەن و هەندێكیشیان بروایان وانیە كەكار بۆ كورد بكات، بەڵكو بە پارتی چەپەكانی توركیای دەزانن ،لەبەر ئەوەش كە ئەم پارتە نوێیە لیبرال و كۆنزەرڤاتیڤە ،كەواتە زیاتر لەگەل خواستەكانی ئەواندا دەگونجێت بەڵام لە لایەكی ترەوە دەبێت هەموان ئەو راستیە بزانین كە لە دوای گۆرینی سیستمی سیاسی ،پەرلەمان و دادگاكان و پارتە سیاسەكان كەوتونە پەراوێزوو هەموو فشارێكیش بەكار دەهێنێت بۆ لاوازكردنیان و تەنانەت بۆكرین و گواستنەوەی سەنگەریش، وەك ئەوەی كە لە هەفتەی رابردوودا ئەندام پەرلەمانێكی پارتی چاك چوە ناو فراكسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان لە پەرلەمانی توركیادا ،راستە ئەم پارتە نوێیانە تا ئاستێك لە دەنگدەری دادوو گەشەپێدان كەم دەكەنەوە ،بەڵام ئەویش لە لایەكی ترەوە كاری كردوە لە سەر هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی گەل كە لەنێوان جەهەپەو پارتی چاكدا هەبوو ،لە هەفتەی رابردوودا پارتی چاك لە هاوپەیمانێتیەكە پاشەكشەی كردوو جەهەپەی بەجێهێشت، كە ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ ئەكەپە، لەلایەكی تریش دەیەوێ لە رێگەی پارتی چاكەوە پێشنیاری ئەوە بكرێ كە چاكسازی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا بكرێت و ئاستی براوەی سەرۆك كۆمار بكرێت بە لە %40ئەگەر ئەمەش سەر بگرێت ئەوائۆردوغان لەو تەنگژەیەش رزگاری دەبێت كە ئۆپۆزسیۆن پلانی بۆ داناوە .
دڵشاد عەبدولڕەحمان کابینەی نۆ لەبەرەم ئاڵنگاری گەورەدایەو،بۆ ڕووبەڕوونەوەی پێویستی بەگرتنەبەری چەندین ڕێکاری بوێرانەھەیە ،کە بەرلەھەموان بەشێک لەدەستڕۆیشتوانی ھەرێم دژی دەوەستنەوە ،بەڵام لانیکەم بۆکەمکردنەوەی کاریگەریەکانی ئەم دۆخەسەختە دەبێ پێ بەجەرگی بەرژەوەندیەکانی حزب وھەندێک کەسانی ناو حزب دا بنێ ودەست بەجێ ئەم بڕیارانەبدا : یەکەم :پارەی نەوتی فرۆشراو لەبانکی ئەھلیەوە بگوێزێتەوەبۆبانکی حکومی وگۆڕینەوەی پارەکە بۆدینار لەلایەن بانکی ناوەندی ھەرێمەوە ئەنجام بدرێ . دوەم : ئەرکی پاراستن وسکویریتی کۆمپانیاوکێڵگە نەوتی وغازیەکان لەکۆمپانیاحزبی وتایبەتەکان بسەنرێتەوەو ئەرکەکە بسپێرێتە لیواکانی پۆلیسی نەوت وغاز. سێھەم :ھەموو ئەوکۆمپانیا تایبەتانەی لەدەروازەسنوریەکان گوایە بەئەرکی ڕاپەڕاندنی ھەندێک کار گرێبەستیان بۆکراوە گرێبەستەکانیان ھەڵبوەشێنرێتەوەو کارەکان بسپێرێتە فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی. چوارەم : ھەموو ئەوگرێبەستانەی بۆکۆکردنەوەی پارەی خاشاک وئاوو کارەباو ھەر باجێکی تر دراونەتە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ،ھەڵبوەشێنرێتەوەو فەرمانگەحکومیەکان ئەوئەرکانە ڕابسپێردرێن. پێنجەم : لیژنەیەکی پسپۆڕ بەسەرجەم گرێبەستەکانی نەوت وغاز دابچێتەوەو شەفافانەودوور لەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی ئەم حزب وئەوحزب بکەوێتە گفتوگۆی جددی لەگەڵ کۆمپانیاکان وتەنھابەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان پێوەری گۆڕانکاریەکان بێ لەو گرێبەستانە. شەشەم :ئەوخاڵانەی سەرەوە کاری بەپەلەن ودواکەوتن ھەڵناگرن وبێگومان چەندین بڕیاری تریش ھەن کەدەکرێ شارەزایان بیخەنەبەردەست حکومەت بۆبڕیارلێدان. لەکۆتاییدا دەڵێین سەختی دۆخی دارایی لەڕابردوی نزیکدا تەنھالەسەرشانی فەرمانبەران وخەڵکەئاساییەکە تێپەڕی وھەم بەخوێن کوردستانیان لەشەڕی داعش پاراست وھەم بە سیاسەتی سک ھەڵلوشین ولەبەرانبەریش سەدان چاوچنۆکی دەستڕۆیشتو ژمارەی ملێون وملیارەکانیان چەندقات کردوو چەندین ملوێنەری نوێش ھەڵتۆقین ،بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا دەبێ بەرلەھەموان ئەولایەن وکەسانە شانی بدەنەبەر کەبەناھەق وبەناڕەوا سەرمایەکانیان لەسەر لووش لێدانی سامانی گشتی بەناوی جیاجیاوە پێکەوەناوە.
زەبەنگ بەهادین له دوای ووتاری سهرۆكی چین له ساڵی 2017 كه به روونی ووتی ئێمه چیتر خۆمان به كاری لاوهكی سهرقاڵ ناكهین و گهشه به ئابووری چین دهدهین , پێگهو ئابووری چین له دوای ئهو ووتارهوه ههنگاوی گهورهی نا و بهرهو پێش چوونی چاوهروان نهكراوی به خۆیهوه بینی , ئهو گهشه خێرایهی له ئابووری و تهكنهلۆژی چین دا رووی دا ئهمریكای خسته حاڵهتی ئاماده باشی بۆ بهرهنگار بوونهوهی چین , سهرهتای روو بهرووبونهوهكان به بریارهكهی ترامپ دهستی پێكرد به زیادكرنی باجی گومرگی لهسهر هاوردهی چینی , پاشان به بهرهنگار بوونهوهی كۆمپانیای تهكنهلۆژی پهیوهندی یهكانی هواوی , چینی یهكان هیچ كاردانهوهیهكیان نهبوو به پێچهوهاهوه له سهر ریتمی گهشهی ئابووری خۆیان بهردهوام بوون , وه رێگای نوێیان دۆزیهوه بۆ پهرهپێدانی سیستمی تهكنهلۆژی بهدهر له سیستمهكانی ئهمریكا وهك ئهوهی بڵێن لهمرۆ به دوا جیهان دهكهین به دوو بهشهوه بهشێكی با ئێوه سهركردایتی بكهن و به سیستمی ئێوه برۆن بهرێوه بهشهكهی دی ئێمه سهركردایهتی دهكهین و به سیستمی ئێمه دهرۆن به رێوه. زۆرینهی ئهو لێكۆڵینهوانهی له ئهمریكا كراون ئهوهیان نیشان داوه كه ئابووری چین له ساڵی 2030 دهبێته دوو هێندهی ئابووری ئهمریكا ,ههروهها سهركردایهتی جیهان لهجۆری سهركردایهتی له توانای سهربازی بههێزهوه گۆراوه بۆ سهركردایهتی به توانای ئابووربههێز , به واتای ئابووری بههێز سهركردایهتی جیهان دهكات ئهم پێشكهوتنانهی چین كارێكی وای كرد ئهمریكی یهكان بیر له بهرهنگار بوونهوهی چین بكهنهوه به شێوهیهكی نا راستهوخۆ . كۆرۆنا ئهو فایرۆسهی ههموو جیهانی سهرقاڵ كردووهو كۆڵی به زانست و تهكنهلۆژیا و مرۆڤایهتی داوه تا ئێستا , ههندێك له لیكۆڵهرهكان كۆرۆنا به فایرۆسێكی دهستكردی ئهمریكا دهزانن بۆ داروخانی سیستمی ئابووری چین ههندێكیش به دروستكراوی چینی دهزانن بۆ برهو دان به ئابووری چین و پهلاماردانی ئابوری ئهمریكا و ئهوروپا , ههندێكیش به كارێكی سروشتی دا دهنێن , لێرهدا ئهمه گرنگ نی یه كۆرۆنا كوری كێ یه و باوكی كێ یه گرنگ كێ سوود مهند دهبێت له كۆرۆنا , ئهوهی ئێستا دهگوزهرێ كۆرۆنا سهرجهم وولاتانی ئهوروپی خستۆته شڵهژانێكی قورس و دارمانی ئابوری یهكی خێرا وه له ههمان كات هێدی هێدی ئهمریكاش دهگرێتهوه هێدی هێدی ئابووری ئهمریكا دهكۆڵیت و لاوازی دهكات , پهلام چین توانی سوود ببینێ له كۆرۆنا وهك بهشێك له شهری نێوان ئهمریكا و چین . ههر زوو چینی یهكان زۆرینهی پشكهكانی كۆمپانیا ئهمریكی و ئهوروپی یهكانی كریهوه كه پاش پهیدا بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا له چین زۆرینهی كۆمپانیا ئهوروپی وئهمریكی یهكان نرخهكانیان زۆر دابهزی ئهمه ههلێكی دایه چین بۆ كرینهوهی زۆرینهی كۆمپانیاكان . بهڵام چین به هۆی توانای به هێزی ئابووری و تهكنهلۆژی توانی بهسهر كۆرۆنادا زاڵ بێت ببێته خاوهنی پشكهكانی كۆمپانیا ئهوروپی و ئهمریكی یهكان وه ئێستا دهبینین ژیانی پیشهسازی هێدی هێدی دهگهرێتهوه سهر ریتمی خۆی چین قزانجدار بوو له پهتاكه , به پێچهوانهوه له ئێستا به دوا سهرجهم كۆمپانیاكانی ئهمریكا له ئهمرۆ به دوا قازانج نابینین و رۆژ له دوای رۆژ بهرهو داكشان دهرۆن . سهرهنجام ئهم بهرهو پێش چوونهی چین ئهمریكا تهواو توره دهكات و ترسی لێ دهنیشێت چونكه ئهمریكا باش دهزانێت كه بهمشێوهیه سهركردایهتی جیهان له دهست ئهدات وه چین سهركردایهتی جیهان دهگرێته دهست ئهمهش لای ئهمریكی یهكان زۆر قورسهو به ئاسانی قبوڵ ناكهن , بۆیه ئهمریكا دهبێت جهنگ لهگهڵ چین بهرپا بكات , جهنگ به شێوهی ووشكانی نا وه به شێوهیهكی بهرفراوان نا بهلكو به شێوهیكی ساده تهنها بۆ ئهوهنده دهبێت كه چین ناچار به دانوستان بكات , چونكه ئهمریكا نایهوێت داوای دانوستان له چین بكات بهڵكو دهیهوێت چین ناچار به دانوستان بكات , ئهو دانوستانهی له نێوان ئهمریكا و چین دهبێت نهخشه ریگایهكی نوێ یه بۆ بهرێوهبردنی جیهانێكی نوێ به شێوهیهكی نوێ به سهركردایهتی چین و ئهمریكا پێكهوه .
د. نیاز نەجمەدین ڤایرۆسی كۆرۆنا پەتای ئابوریی بە جیهاندا بڵاوكردۆتەوە و شۆكی ئابوریی دروست كردووە. شۆكی ئابوریی بریتییە لە شڵەژاندنی پلانی بەرهەمهَنان و نرخەكانی، كاركردن و كرێكەی. سەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە بەم شێوەیەیە. ترس و دڵەڕاوكێ دەربارەی داهات و خەرجیی تاك و خێزانەكان دەگرێت، مەسڕەف كەم دەكەنەوە و بودجەیان ئاراستەی چەند ئایتمێك دەكەن. ئەزمونەكانیشیان لەگەڵ قەیرانەكانی پێشوتر زۆرجار هانیان دەدات خەرجییەكانیان كەم بكەنەوە. دواجار مێشك چییە؟ كۆمەڵێك خانەیە، داتا خەزن دەكات و شیكاری دەكات، وەك كۆمپیوتەر نییە هەر كات ویستت بیانسڕیتەوە و شتی نوێیان تیادا خەزن بكەیت. داتا كۆنەكان دەمێننەوە و كار لە رەفتاری ئێستامان دەكەن. بەهەرحاڵ، پەتا بەناو تاك و خێزانەكاندا بڵاودەبێتەوە و ئەم ئەویتر توش دەكات. ئینجا وەبەرهێنەران (بزنسمانەكان) توش دەبن، قولاپ بۆ گرتنی پارەی نوێ فڕێ نادەن، خەرجیی لەسەر بزنسی نوێ كەم دەكەنەوە، پارەكانیان كۆدەكەنەوە و چاوەڕوان دەبن، بازاڕی كاڵا و خزمەتگوزارییەكانیشیان كز بووە. پەتاكە لەم بزنسمان بۆ ئەویتر بڵاودەبێتەوە و بزنسەكانیان دەوەستێنێت. سەرەی بڵاوبونەوەی پەتاكەیە بەناو میللەتاندا. لە چ كەناڵێكەوە؟ بازرگانیی، كە هەناردەكاران و هاوردەكارانن. ڤایرۆس بە هێڵەكانی تەلەفۆن و تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا بڵاونابێتەوە، كەچی لەگەڵ یەكەم هەواڵدا پلانی هاوردەكاران و هەناردەكاران دەگۆڕێت. ئەمریكا (24%)، چیین (16%)، یابان (6%) و ئەڵمانیا (5%) زیاتر لە 50%ی كۆی بەرهەمی جیهان پێكدەهێنن. ئەم ئابورییانە هەم پێكەوە بەستراونەتەوە، هەم هەر یەكێكیان بۆ ناوچەیەك بووە بە محوەر( هەب)، واتە ناوەند. چیین لە یابان و كۆریا و تایوانەوە بەشێك لە ماددەی خام و كاڵا و خزمەتگوزاریی هاوردە دەكات. پەككەوتنی چیین یانی پەككەوتنی ئەو وڵاتانە. بە هەمان شێوە، ئەڵمانیا (بێگومان فەڕەنسا و بەریتانیاش) میحوەرە بۆ ئەوروپا. (see Economics in The Time of COVID-19s) ئەگەر من و تۆ پارە خەرج نەكەین، وەبەرهێنەكەش كاڵا و خزمەتگوزارییەكەی نافرۆشێت، هاوردەكاریش كەمتر كاڵا هاوردە دەكات. هاوردەی ئێمە كەم بوو، یانی هەناردەی وڵاتێكی تر كەمە. ئیش نەما، خواستی خێزانەكان و بزنس و هاوردەكاران كەم بوەوە، حكومەتیش پارەی كەم دەكات، چونكە باج و نرخی كاڵاكانی دادەبەزن. ئەو گۆڕانكارییە لە ناكاوانەی بەسەر خەرجییەكانی ئەم چوار لایەنەدا دێت (خێزان، وەبەرهێن-بزنسمان-، حكومەت، هەناردەكار و هاوردەكار) بە "شۆكی خواستی گشتیی، یان هەمووەكیی" ناسراوە. پەتاكە رێڕەوی تریشی هەیە لێوەی دزە بكات و بڵاوتر ببێتەوە. خواستی هەمووەكیی هاوڕێیەكی هەیە ناوی خستنەڕووی هەمووەكییە(گشتییە)، بەڵام كەمجار دانولەیان بە یەكەوە دەكوڵێت، چونكە هەر لایەكیان لە ژێر كاریگەریی چەند شتێكدایە، پێكەوە ئارام ناگرن و سروشتی مرۆڤایەتییش وایە كە بەبێ یەكتریش نابن. ئەگەر خواستی هەمووەكی لەژێر كاریگەریی رەفتاری خێزانەكان، وەبەرهێنەران، حكومەت و هەناردە و هاوردەدایە، ئەوا خستنەڕوو(ی هەمووەكیی) لە ژێر كاریگەریی كار، سەرمایە، زەوی و رێكخەردایە، كە بە هۆكارەكانی بەرهەمهێنان ناسراون. باسی خستنەڕوو لە باسی تێچووش جیا نابێتەوە. كۆڤید-19 چۆن پەتای لایەنی خستنەڕووی دروست كردووە؟ - كەرەنتینەی كارمەندان، ناردنەوەی دایك و باوك بۆ ماڵەوە بۆ چاودێریی منداڵەكانیان و سەلامەتیی خۆیان، دەكاتە دەركردنی ناچاریی هێزی كار لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، كە وادەكات بەرهەم كەم ببێتەوە. - ئەگەر كارمەندان لە شوێنی ئیشەكانیشیان بن، ئەدا و كارامەییان هەر سست دەبێت بە هۆی هەلومەرجەكەوە، دیسانەوە بەرهەم كەمدەكات. - گەشەی بەرهەم پێویستی بە سەرمایەی مرۆیی لێهاتوو هەیە. پچڕانی خوێندن زیان بە كەڵەكەبونی سەرمایەی مرۆیی و لەمیشەوە بەرهەمهێنان دەدات. - جوڵەی كارمەندان لە نێوان وڵاتاندا دەوەستێنێت، هێندەی تر بێ بەش دەبین لە گەشەی بەرهەمهێنان. - كۆمپانیاكان دەبێت كرێی كارمەندانیش بدەن و قەرزەكانیشیان بدەنەوە، دیسانەوە تێچوو بەرزدەبێتەوە و بەرهەم كەمدەبێتەوە. دوای تێگەیشتن لەوەی لە دوو كەناڵی خواستی گشتیی (هەمووەكیی) و خستنەڕووی گشتییەوە پەتاكە بڵاوبۆتەوە، سەرەی دەستنیشانكردنی زیانلێكەوتوان و ئەركی حكومەت دێت، دەرمانە كۆنەكانی ئابوریی دەخرێنەوەگەڕِ و هەوڵی دۆزینەوەی دەرمانی نوێ دەدرێت. ئەو دەرمانانە چیین؟ پرسیارێكی ترە و روبەرێكی تری بۆ وەڵامدانەوە دەوێت، كە لێرەدا بەش ناكات.
هیوا سەید سەلیم جدیەتی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، و ئەزموونی سێ مانگ لە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێیە، ئەو رێوشوینانەی کە ولاتان گرتیانەبەر بۆ رێگری لە بلاوبوونەوەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە، ئەو پەندە کوردەواریمان بە بیردێنێتەوە کە دەڵێت: ( با پێش تایێ بەڕە بەخۆمان دادەین)، ئەو تایەیی کە گاڵتەی لەگەڵ ناکرێت. ئەو پەندە کوردیە لەو راستیە زانستیە سەرچاوەی گرتووە کە دەوترێت: (خۆپارێزی باشترە لە چارەسەر)، ئێ کەوایە با خۆمان بپارێزین و بە بڕیارەکان پابەند بین. لە رۆژگاری ئەمڕۆمان کە جیهان رووبەڕووی دەردێک بۆتەوە، کە هێشتا وەک پێویست چارەسەری نەدۆزراوەتەوە، و دەتوانین بڵێین ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەو ڤایرۆسەیە کە تا رۆژی ئەمڕۆمان بە زۆریک لە زانستە پزیشکیەکان نامۆ و تازەیە، ناوەندە پزیشکی و زانستیەکانی هێناوەتە سەرخەت. وڵاتی چین کە لە رووی زانستیەوە، کەم وڵات دەیانتوانی شان لە شانی بدات، کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەوەرە ناوەندی پیشەسازی و زانستی وەک ئۆهان بڵابووەوە، ئەوان توانیان ١١ ملیۆن کەس تەنیا لەو شارە بنیرنەوە ناو ماڵەکانیان، دواتریش کەرەنتینکردن تەواوی وڵاتی چینی گرتەوە، بۆیە لیرەدا دەتوانین بڵێین چین بە بەراورد بە هەندێک وڵاتی دیکە بەسەر ئەو ڤایرۆسە سەرکەوت. پێچەوانەی چین ئەزموونی ئیتاڵیا و ئیران هەیە، کە بە خەمساردی مامەڵەیان لەگەل بڵاوبوونەوەی ڤیرۆسی کۆڤید ١٩ کرد، بۆیە دەبینین ڤایرۆسەکە نەک هەر زیانی بەو دوو ولاتە گەیاند، و ئاستی تووشبوون لەو دوو ولاتە بەرزە و قوربانی زۆریشیان داوە، ڤایرۆسەکە لەو وڵاتانە بە جۆرێک بڵاوبووتەوە کە پێیان کۆنتڕۆل نەکراو، و هەر لەو دوو ولاتەش زیاتر بۆ جیهان گوسترایەوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی دیاردەکانی ئەو ڤایرۆسە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان گوازرایەوە، جەند رۆژێکە لە نێوان شارەکان قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندراوە، دەزگا فەرمیەکان داوا لە خەلکی کوردستان دەکەن، بۆ بەرپێگرتنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە، و خۆپارێزی هاولاتیان لەو ڤایرۆسە، لە ماڵەکانیان بمێنەوە، و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، هەموو لایەک خۆیان کەرەنتینە بکەن. ئەمەریکا بەو گەورەیەیی خۆی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تیایدا، رۆژ نیە سەرۆکەکەی جارێک کۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ نەبەستێ، ئەوان بەو ئیمکانیەتیە ماددی و زانستیەی گەورەیی خۆیان حساب بۆ ئەو ڤایرۆسە دەکەن، و لەسەر دوو تەوەرە کاردەکەن، یەکەمیان خۆپارێزی هاوڵاتیانە، لە دەرنەچوونیان لە ماڵەکانیان، دووەمیان کارکردن بۆ دۆزینەوەی پێکووتەی ئەو ڤایرۆسە. بەڵام باشترین بژاردەی ئەمەریکا لە ئێستادا بۆ رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩ بریتیە کەرەنتینەی هاولاتیان، لەوێ خەلک پابەندی بڕیارەکەی کۆشکی سپیە، چونکە خەڵک باش لە مەترسی ڤایرۆسەکە تێدەگات. بەڵام لێرە لە کوردستان لەگەڵ ئەو هەموو داواو بانگەوازیانەی کە بۆ خۆپارێزی دەکرێت، هێشتا وەک پێویست خەلک بە خۆپارێزی پابەند نەبووە. دەبێت هەموو هاوڵاتیەکی کوردستان بزانیت، کەرەنیتینە چەپەری یەکەمی خۆپاریزیە ، ڤایرۆسی کۆڕۆنا زەفەر بەو پەرژینە ببات، ئیدی ڕێوشوینی دیکەمان ئاسان نابێت. نامانەویت خەلک بتۆقینین، بەڵام بارودۆخی ئێمە لەبەر چەندین هۆکار لە ولاتانی دیکە خرابترە. بۆیە چارەسەر لەبەردەم خەلکی کوردستان تەنیا مانەوەیە لە دۆخی کەرەنتینە، ئەویش بە مانەوەیان لەناو ماڵەکانی خۆیان. بۆیە دەڵێین تا ئەو کاتەی مەترسیەکانی ئەو ڤایرۆسە دەڕەوێتەوە، با قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوامی هەبێت و هەموو لایەک بە بریار و راسپاردەکان پابەند بین
نزار نوری سەرهەڵدان و خێرایی و قوربانیەكانی ئەم ڤایرۆسە گومانێكت لا دروستدەكات كە ئەم ڤایرۆسە دروستكراو بێت بەڵام بە مەبەستی سیایی نا واتە؛ بریتیبێت لە جەنگێكی بایۆلۆجی بەڵكو دروستكراوە بە مەبەستی قازانجێكی گەورە بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان كە ئەمە ئەگەرێكی لاوازترە لە ئەگەری دووەم كە رێگرتن یا كەمكردنەوەی هەژموونی خراپبوونی ژینگەیە، بەتایبەت كە لە ئێستادا هەموو راپۆرتەكانی ناساو رێكخراوە جیهانیەكانی بواری ژینگە هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی گۆی زەوی لە گیانەڵادایە و لەوە دەرچووە پێشگیرێ لێ بكرێت بە تایبەت دوای دەركەوتنی قەوزەی سور لەسەر بەفر كە بە (بەفری سور یا بەفرە خوێناویەكان) ناو دەبرێت، كە ئەم دیاردەیە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوییەوە و توانەوەی خێرای بەستەڵەكەكانەوە دروست دەبێت، ئەم دیاردەیە لە (انتاركتیكا) دەركەوتووە. بۆیە بەڕای من ئەگەری ئەوە هەیە (7) وڵاتە گەورە بەرهەمهێنەرەكەی جیهان وەك هیوایەكی بچووك ئەمەیان وەك یەكێك لە ئەگەرەكان دانابێت تا بزانن چەند كاریگەری دەبێت، چونكە جۆرێك لە خەمساردی لە هەڵوێستەكانیاندا بەدی دەكرێت و هەر وڵاتێكیان زیاتر خۆی بۆ ماوەیەكی درێژ ئامادە دەكات لەرووی كۆگاكردنی خواردن و خواردنەوە و سوتەمەنی و پێداویستییەكانی ژیان. گەر سەیری چۆنیەتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوە و گوتەی زۆرێك لە گەورە بەرپرسانی وڵاتەكانی جیهان و دەرەنجامی پەتا دەكەین جۆرێك لە گومان پەیدا دەكەین كە ئەم ڤایرۆسە دەستكرد بێت هەرچەند زۆرێك لە پسپۆرانی بواری پزیشكی بەدووری دەزانن كە دروستكراو بێت، بەڵام گومانەكە لەوە سەرچاوە دەگرێت بەتایبەت پاش دوو هەفتە لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە یەكەم راگەیاندنی ناسا باسی لە پاكبوونەوەی ئاسمانی چین كرد لەو ماوە كورتەی راگرتنی هاتوچۆ و داخستنی بەشێك لە كۆمپانیاكان. هەروەهاهەموو لایەنە پزیشكیەكان جەختیان لەوە كردەوە ئەم پەتایە بەزۆری ئەوانە دەكوژێت كە تەمەنیان لەسەروی 60 بەرەوژوورترە و ئەوانەی نەخۆشی دڵ و سەرەتان و شەكرەو ئایدزو ئیبۆلا و زیكا و نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە، كە لەوانەیە بەڕای ئەوان ئەم خەڵكانە هێندەی بەرخۆرن و لەرووی ژینگەوە بڕێكی زۆر لە ئۆكسجینی گۆی زەوی بەفیڕۆ ئەدەن و مردنیان سودی زیاترە لە مانیان، بەهەمان شێوە لە روی ئابوریشەوە بوونەتە ئەركێكی گران بۆ دەوڵەتەكانیان لە بەكاربردنی خواردن و دەرمان و جێ و رێ و بوارەكانی دیكەی ژیان. سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە لە سێ جێی تایبەت، (وهان) یەكێك لە گەورە شارە بازرگانیەكانی وڵاتی چین و لەوێوە بۆ جیهان و بەتایبەت بۆ شەرقی ئاسیا، (قوم) دوای حەوزەی نەجەف گەورەترین پێگەی حەوزەی شیعە مەزهەب لە ئێران و لەوێوە بۆ زۆرێك لەو وڵاتانەی كە بۆ رێكارە ئاینییەكان سەردانی ئەو شوێنە دەكەن و هەروەها بۆ هەموو وڵاتەكانی خۆرهەڵاتی ناوەراست، بەڕای من ئەگەر مەوسمی حەج لەم وەرزەدا بووایە سعودیەش دەكرایە ئامانج. پاشان وڵاتی ئیتالیای سەنتەری كرستیانەكان و گەورەترین وڵاتی مێژوویی بۆ گەشتیاران و وڵاتی ئیسپانیای گەشتیاری و لەمانەوە بۆ هەموو ئەوروپا و هەردوو ئەمەریكا. دوای گەیشتنی پەتایەكە بۆ ئەوروپا مێركڵ رایگەیاند لە سەدا 50 بۆ لە سەدا 60 ی ئەڵمانیا دەگرێتەوە، ماكرۆن دەڵێت لە سەدا 60 بۆ 70 ی فەرەنسا دەگرێتەوە، جۆنسون گوتی كاتی ئەوە هاتووە خواحافیزی لە خۆشەویستانمان بكەین، ترەمپیش پێشبینیەكانی لەهی ئەمان خراپتر بووە.