Draw Media

دیوە شارەواکانی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران!

دیوە شارەواکانی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران!

2020-03-16 13:55:17


کاروان عەلی شامار

دابەشکردنی مووچەو پێدانی لە کاتی خۆیدا یەکێکە لە ئەرکە بنچینەییەکانی حکومەتی ھەرێم و مافێکی سادەی موچەخۆرانیشە کە لەبەرامبەر ئەرکەکانیاندا موچەیەکی شایستەی مانگانەیان پێ بدرێ، لەھیچ جێگایەکی ئەم کەونەدا نمونەی وەک حکومەتی ھەرێم بونی نییە، چونکە سەرباری پاشەکەتی دەیان مانگی موچەخۆران ھەنوکە لەبەھارداین و موچەی سەرەتای زستان دابەشکرێ! ئەم ئەزمونە لەحکومەتداری لە دواکەوتوترین وڵاتانی جیھانیشدا پەیرەو ناکرێ.

لە رابردودا دۆخی کوردستان بەزۆر ھەورازو نشێوی سەختدا تێپەریووە وەلێ موچەخۆران ھیچ وەختێ پەرچەکرداری سلبیان نەنواندووە لەبەرامبەر حکومەتەکەیان، بۆ نمونە لەشەری ناوخۆدا چەندین مانگ مووچەی مامۆستاو فەرمانبەران نەدرا لێ ئەوان دەرگای مەکتەبەکانیان دانەخست و لە کارو دەوامی خۆیاندا بەردەوام بوون، بەڵام لەھەمبەر ئەو پەرۆشی و دڵسۆزییەی ھاوڵاتیاندا، حکومەت دەستەوەستانەو نەیتوانیوە ھیچ پاداشتێکی چاکەیان باتەوە!

ئەم بێ دەربەستیەی حکومەت لەئاست موچەخۆرانیدا وایکردوە بێ متمانەیەکی گەورە دروستبێ لەنێوانیاندا، یەقینم گەر مووچەخۆران دلنیابن لەوەی کە ئەو داھاتەی دەست حکومەتی ھەرێم دەکەوێ بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکا ئەوا ئامادەن بێ مووچە دەوامی فەرمی خۆیان بکەن، بەڵام بەپێی ئەو داتاو دۆکۆمێنتانەی کە ھەن، ھەنوکە ئەو داھاتەی دەست حکومەتی ھەرێم دەکەوێ دەتوانێ مانگانە زیاد لە موچەیەکی تەواوی فەرمانبەران بدا!

دابەشکردن و دابەشنەکردنی مووچە دوو رەھەندی سەرەکی ھەیەو گۆران و یەکێتی لێی بەرپرس نین:

یەکەم: تەواوی سێکتەرەکانی حکومەت بە دارایی و نەوتەوە لەلایەن تاک حیزبێکەوە قۆرخ کراوە یەکێتی و گۆران تارادەیەکی کەم ئاگاداری وردەکاری بڕو داھاتی نەوتن، ئەو حیزبە لە ھەموو کات و قۆناغێکدا مووچەی فەرمانبەرانی وەک چەکێک دژ بە مووچەخۆران بەکارھێناوە و بەویستی خۆی مووچەی دابەش کردوەو ھەر بەویستی خۆشی قەیرانێکی بۆ سازاندوەو ئەرگومێنتی بۆ ھێناوەتەوە، دواتریش تەواوی ھۆکاری دواخستن و دابەشنەکردنەکەشی خستۆتە ئەستۆی لایەنەکانی تر!

دووەم: گرنگترین شت لە ئێستایە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم ئەنجامی بدەن رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوەی نایەوێ ئەو رێکەتنە بکرێ تەنھا تاکحزبێکە! چون ئەوان نایەنەوێ پابەست بن بە دواین رێکەوتن نێوانیانەوە کە ئەویش بریتییە لە ناردنی مانگانەی بری ٢٥٠ ھەزار بەرمیل بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێم لێ بەرپرسانی ئەو حیزبە یەقین بوونە لەوەی کە کۆمپانیای سۆمۆ کۆمپانیایەکی شەفافەو کەمتر دەتوانرێ ئیختیلاسی داھات و قوتی خەڵکی تیا بکرێ بۆیە نایەنەوێ ئەو رێکەوتنە لەم کاتەیا برواتە بواری جێبەجێکردنەوە!

خولاصە، حەق وایە بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی لەبری تەخوین کردن و شکانی یەکتر ھەلوێستی فراکسیۆنەکانیان لەھەردوو پەرلەمانی کوردستان و عیراق یەکبخەن و بۆ ئەوەی بتوانرێ سێکتەری نەوت تارادەیەک شەفافکرێ و لەدەستی پاوانخوازی و تاکحیزبی دەربکرێ و کار بکەن بۆ فرۆشتن و ناردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە چون بەوەش ھیچ حیزبێک ناتوانێ بۆ مەرامی تایبەتی یاری بە چارەنوسی قوت و داھاتی مووچەخۆرانەوە بکا، ھەروەھا ھەوڵبدرێ بۆ بەلامەرکەزیکردنی پارێزگاکان و رێکخستنی داھاتی ناوخۆیی و دابەشکردنی مووچەش پابەست کرێ بە پارێزگاکانەوە بۆ ئەوەی ھاوشێوەی پارێزگاکانی عیراق سەرباری دەرگیربونیان بە دەیان ئاڵنگاری وەلێ مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشکرێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand