ئەو یەکێتیانە بۆ وا دەکەن ؟
2020-03-17 15:02:03
چیا عەباس
خەڵکی کوردستان خوازیار بون دوا کۆنگرەی یەکێتی کە پاش جەر حەبلێکی توندی درێژخایانی یەکێتیەکان بەرێکرا بتوانێت ئارامی و سەقامگیری بەم هێزە ببەخشێت، چونکە دوای کۆچی دوایی خوالێخۆشبو مام جلال جەمسەرگەری و پەرتەوازەیی و بێسەروبەری و ناکۆکی و ململانێی توند و گروپەکانی بەرژەوەندی تایبەت بونیادی حزبەکەیان زیاتر هەراسان و شەکەت کردبو. بەلای خەڵکەوە ئارامی و جێگیری یەکێتی رەنگدانەوەی ئەرێنیان لە سەر دۆخی حوکمرانی و سیاسی هەرێم دەبێت.
کۆنگرە بەسترا، دەزگاکانی یەکێتی بە شێوەیەک داریژران و رێکخرانەوە کە جۆرێک لە زەوابتی بۆ هاوسەنگیەکی لاسەنگی نێوان جەمسەر و گروپە جیاکان رێكخست، لەو پرۆسەیەدا بە پێوەرەکانی قەوارە و هێزی جەمسەرەکان و بەرژەوەندیەکانیان دەسەڵاتەکانیان نێوان خۆیان بەشکرد، بە هەمان ئەو پێوەرانەش لە حوکمرانیدا شوێنی خۆیان کردەوە.
پێموایە ئەم سازانە سەرکەشیەی ناو یەکێتی، بێجگە لە نەمانی مام جلال وەک مەرجەعی سەرەکی، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بو:
یەکەم: باڵادەستی پارتی لە زۆر بواردا،
دوەم: سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی وەک ئامۆزاکەی نەرم و چاوپۆشەر نیە و کۆمەڵێک زەوابتی توند و رونی بۆ حوکمرانی دارشتوە،
سێیەم: نزیکبونەوەی پارتی و گۆڕان لاسەنگی نێوان یەکێتی و گۆڕانی تا رادەیەک بەبەرژەوەندی گۆڕان شکاندۆتەوە،
چوارەم: دۆخی شڵەژاوی عێراق بەشێکی بەرچاوی دەروازەکانی بەغدای بەروی جەمسەرەکانی یەکێتیدا لە سەر درزێک داناوە،
پێنجەم: پێگەی ئێران لە ناوچەکە، پاڵپشتێکی گرنگی یەکێتی، لە دوا ساڵی دواییدا لاواز و کەم کاریگەرتر بوە،
شەشەم: تا بێبەش نەبن لە دەسکەوت و پێگە و پارە و ....تاد.
لە واقیعدا کۆنگرەکە شکستی هێنا لە دارشتنی کەرەستەکانی گۆرینی ئەقڵیەتی کلاسیکی سیاسی و حوکمرانی یەکێتییەکان: پشتبەستن بە نەیارەکانی پارتی لە عێراق و ناوچەکە بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لە گەڵ پارتیدا و پاراستنی ناوچەی دەسەڵاتیان و کۆنترۆڵکردنی بە رێگەی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و بازرگان و کادری حزبی و تەنانەتیش تا وەک ( ملاژ ێمن) ێك بۆ کاتی پێویست بەدەستیانەوە بێت، هاوکاتیش تا رادەیەک دابینکردنی کەش و هەوایەکی نیمچە ئازاد بۆ هێزەکانی تری ناوچەی کەسکی جاران و راگەیاندنی ئەهلی تا ئارامی ناوچەی دەسەڵاتیان پارێزراو بێت. یەکێتیەکان هەر ساتێک هەست بکەن ئەم کۆڵەکە بنەرەتیانەی ستراتیژیان رویان لە داشکانە دەچنەوە سەر رێبازە دێرینەکەی جاران، ئەویش توندبون و هەرەشەکردن و ئامادەیی بۆ بەکارهێنانی چەک.
لە دۆخی دوای شکستی سەربازی داعش و کارەساتی ئۆکتۆبەر، وێرای ئەوەی یەکێتی لە یەکەمدا رۆڵی قارەمانەی هەبو و لە دوەمدا رۆڵی نەرێنی، بەڵام تا رادەیەک بەدەستی بەتاڵ لە هەر دوکیان دەرچو. لە گەڵ ئەوەشدا نە دەرفەتیان بۆ رەخسا و نە توانیشیان دۆخە نوێکە بەسودی خۆیان بشکێننەوە. هەڵبژاردنی دکتۆر بەرهەم بۆ سەرۆک کۆمار بە ئیرادەی پاڵپشتەکانی یەکێتی لە بەغدا کرا.
ئەو نمایشکردنە خەستەی بەرپرسانی باڵای یەکێتی دوای کۆنگرە دەیکەن کە یەکریز و هاوران لە واقیعدا بونی نیە، بەڵکو لە سەر ئەو خاڵانەی سەرەوە و ئەو ستراتیژە دێرینە کۆکن، کە پەیوەندی تۆکمەی راستەوخۆی بە پەیامە رەسەنەکەی یەکێتی و ئایندەیەوە نیە.
پێش کۆنگرە زۆربەی چاودێر و سیاسیەکان پێیان وابو یەکێتی لە بەردەم دوریانێکدایە، پاش کۆنگرە دەرکەوت یەکێتی توانی سەرجەم رێ و تولە رێکان لە ناو جەستەیدا بیانهێڵێتەوە، بەڵام نەیتوانی بەیەکیانەوە گرێبدات و گوزەرکردن تێیاندا بەیەک وەتیرەی هۆمۆجین ئاراستە بکات.
بەشێکی جەمسەر و گروپەکانی ناو یەکێتی، بە هۆکاری ئەو پێگە لاوازەی دوای کۆنگرە پێیان دراون، بەم سازانە سەرکەشیە رازی نین و تەماع و داواکاری زیاتریان هەیە، نارەزایی ئاشکرایان دوای کۆنگرە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی ناو یەکێتی و حوکمرانی راشکاوانە دەبیسترا، بۆیە رێگەی خۆیان گرتۆتە بەر.
یەکێتی لە بنەرەتەوە حزبێکی هەرەمی نەبوە، مام جلال بە چەپکە گوڵ وەسفی کردوە، دوای نەخۆشکەوتنی و کۆچی دوایی کاک نەوشیروان و مام جلال ئیتر جادەکە بۆ ئەو جۆرە گروپانە تەخت بو. لەلایەک تەحەدای مەسرور بارزانی و جەمسەرە بەهێزەکانی ناو یەکێتی یان پێ ناکرێت، لە لاکەی تریشەوە وەک گروپە بەرژەوەندپەرست لە ناوچەکانی خۆیان باڵادەستن و خاوەنی هێزی سەربازی و تۆرێکی توندی حوکمرانی لۆکاڵی و بازرگانی سپی و رەشی هەمو کاڵایەکن.
پرسی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی مەرزەکانی سنورەکانی ناوچەی دەسەڵاتی ئەم گروپانەی ناو یەکێتی لای هەمو ئاشکرایە، بەهۆکاری سەرهەڵدانی ئافاتی کۆرۆناوە جارێ ئەم پرسە هەستیارە بە تێروتەسەلی ورد نەکراوەتەوە.
ئەوەی شایستەی ئاماژە پێکردنە لە سایەی دۆخی ئەو ئافاتەدا ئەو گروپە چاوچنۆک و گەندەڵانە مەبەستیان بو دۆخەکە بقۆزنەوە و گەورەترین قازانجی مادی بەدەست بهێنن. ئامارەکانی مەرزەکان لە ماوەی ٣ و ٤ مانگی دواییدا گەواهی ئەو هەڵمەتانە دەدەن . ئەمە بەو مانایە نیە مەرزەکانی تری هەرێمی کوردستان شامی شەریفن، جیاوازی بنەرەتی نێوانیان ئەوەیە لە ناوچەی یەکێتی هەر گروپە بۆ خۆیەتی و لە شوێنەکانی تر پارتی بە یەک ئیرادە کۆنترۆڵی ئەو پرۆسەیەی کردوە. پاش لێپرسینەوە و ئاشکرابونی رەوشی خراپی چەند مەرزێک لە ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپانەدا، هاوکاتیش ئیجرائاتی توند بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی کوردستان بەشێک لە یەکێتیەکان کەوتنە هێڕشکردنێکی نارەوای قێزەوەن بۆ سەر وەزیری دارایی هەرێم.
بۆ خۆم تێبینی زۆر رەخنە ئامێزم لە وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب، هەیە، بەڵام هەق هەقە و دەبێت بوترێت. وەزیری دارایی کە لە پشکی گۆڕانە ئەرکێکی بەرنامەی حکومەتی بۆ کۆنترۆڵکردن و لێپرسینەوە و ئاراستەکردنی دەروازە سنوریەکان کردوە، ماف و دەسەلاتی خۆیەتی هەمو ئیجرائات و بریار لە چوارچێوەی ئەنجومەنی وەزیران بدات دەرباری پێشێلکردنی یاسا و رێنماییە گومرگی و تەندروستیەکانی ئەو مەرزانە لە هەر سنورێکی کوردستان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ.
هاوکات وەزیری دارایی ئەندامێکە لە ئەنجومەنێکی وەزیران کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکەکەیەتی، یەکێتی نزیکەی نیو دەرزەن وەزیری هەیە و سەرۆکی پەرلەمانیش پۆستی ئەوانە. ناشێت لە یادی بکەین ئەو سەردەمانەی بۆ ساڵانێکی دور و درێژ وەزیری دارایی لە پشکی یەکێتی بو گەورەترین دزی و گەندەڵی ئەنجام دراون، لێرەدا بابەتێکی کاک مەلا بەختیار لەو سەردەمەدا بەبیری یەکێتیەکان دەهێنمەوە کاتێک باسی پارەی ژێر زەمینەکانی کرد. خەڵک ئەوەندە گەمژە نیە وەک ئەوەی ئەو یەكیتیە دەمار رەقانە تێی گەیشتون، چونکە وردەکاریەکانی ئەو قسانەی بەرپرسی پێشوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی لە سەر پارەی ژێر زەمینەکان نەفەوتاون.
ئەم هێرشە نارەوایەی دەکرێتە سەر وەزیری دارایی هیچ پەیوەندی بە موچە و دادپەروەریە نیە، خاڵی سەرەکی ئەوەیە گیرفانی ئەو گروپانەی یەکێتی وەک جاران رۆژانە پر نابێت و تێكەڵاویش بە نیەتێکی تۆڵەکردنەوەی سیاسی.
ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت بۆی نیە بەرد بگرێتە خەڵکی تر. مەلەفەکانی گەندەڵی و بازرگانی رەش بە نەوت و بە ئاڵتون و بە شتی تریشەوە لە ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتی لە دۆکیۆمێنتەکانی ئەمریکادا بە وردەکاریەکانەوە سەلمێندراون.
نوسینی: چیا عەباس
١٧ مارچ ٢٠٢٠