Draw Media

رۆژی جیهانی زمانی دایک: کام زمان؟

رۆژی جیهانی زمانی دایک: کام زمان؟

2026-02-23 13:13:23


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


زیاد لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ تالیس، لە رستەیەکی زۆر بەناوبانگدا، مرۆڤ بەوە پێناسە دەکات کە «ئاژەڵێکی قسەکەر»ە. ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی تر جیادەکاتەوە ئەم توانای قسەکردنە لە ڕێگای زمانەوە. ئەو توانا تایبەتانەیە کە زمان بە مرۆڤی دەبەخشن: توانای ناونانی شتەکان و دیاردەکان، توانای گێرانەوە و باسکردن، توانای دروستکردن و بەرهەمهێنانی مانا، توانای پرسیارکردن و نووسین. مرۆڤ لە رێگای زمانەوە دەتوانێت باس لە دەیان و سەدان دیاردەی سەرەکیی ناو ژیان و بوونی بکات، باسی ئازادیی و جوانیی و  چاکەکاریی و دادپەروەریی، باسی خۆشەویستیی و ڕاستیی و وەفا و دڵسۆزیی، هتد...بکات. بەم مانایە ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی تر جیادەکاتەوە زیرەکیی نییە، چونکە زۆر ئاژەڵ هەن خاوەنی زیرەکیەکی سەرسوڕهێنەرن، ئەوەی ئەم کارە دەکات توانای قسەکردنە لە رێگای زمانەوە. 

لە سەدەی بیستەمدا لە زیاد لە لایەکەوە تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ زمان قووڵتر و هەمەلایەنتر دەبێتەوە. روانینەکانی فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدگە بۆ زمان رۆلێکی گرنگ لەم بوارەدا دەبینن. هایدگەریش لە رستەیەکی هێجگار بەناوبانگدا سەبارەت بە زمان دەڵێت: «زمان ماڵی بوونە». مەبەستی هایدگەر لەم گوتراوەدا ئەوەیە، کە زمان تەنها ئامرازی پەیوەندیکردن و وەسفکردنی جیهان و دیاردەکانی ناوی نییە. بەڵکو «ماڵ»، یان «شوێن»ێکە مرۆڤ لەناویدا نیشتەجێیە. «ماڵ» لای هایدگەر تەنها شوێنێکی مادیی نییە، تەنها خشت و بەرد و ژوور و پەنجەرە و دەرگا و سەربان و دیوار نییە، تەنها کۆمەڵێک ماتریاڵ نییە، بەڵکو لەیەککاتدا هەم پەناگەیەکە ژیان دەپارێزێت، هەم بونیادێکە کە قاڵبێکی تایبەت بەو ژیانە دەبەخشێت. زمان وەک «ماڵی بوون»، پێداگرتنە لەسەر ئەوەی زمان بونیاد و مانا و دەلالەت بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێت و تەنها ئامرازێکی سادەی پەیوەندیکردنی مرۆڤەکانە بەیەکترییەوە، نییە. بەبێ زمان مرۆڤ ئەزموونی جیهانی بۆناکرێت، نە ئەزموونی بوونی تاکەکسییانەی خۆی نە ئەزموونی بوونی لەگەڵ ئەوانیتر و شتەکانیتردا. مرۆڤ هەمیشە لەبەردەم جیهانێکدا کە زمان پێشتر ناویناوە و مانای پێبەخشیوە و لەناو قاڵبی جیاوزدا نیشتەجێی کردوە. ئەوە زمانە جیهانمان نیشئنئەدات، نەک جیهان خۆی بەشێوەیەکی خۆبەخۆ لەبەردەمماندا دەربکەوێت. بەبێ زمان مرۆڤ ناتوانێت جیهان ببینێت. 


بۆ نموونە، کاتێک باس لە «شاخ» لە ئەزموونی مرۆڤی کوردا دەکەین، شاخ تەنها ئەو کۆمەڵە بەرد و زیخ و تاوێر و لوتکە و هەوراز و نشێوانە نییە کە دێنە بەرچاومان، بەڵکو شاخ ماڵە، شوێنی خۆپاراستن و بەرگرییە، شوێنی خۆشاردنەوە و خۆ وونکردنە، لانکی شۆڕشە، سەرزەمینێکی موقەدەس و پیرۆزە، هتد...ئەوەی شاخمان پێدەناسێنێت ئەو مانایانەیە ئێمە لە رێگای زمانەوە  پێمانبەخشیوە و پێیدەبەخشین.  
 
جیاوازیی مرۆڤەکانیش لەگەڵ یەکدا تەنها لە رەنگ و روو و کورت و درێژیی لەگەڵیەکدا نییە، بەڵکو لەو زمانەشدایە کە هەر مرۆڤێک هەیەتی و لە رێگایەوە مانایەک بە بوونی خۆی و بە جیهان و بە پەیوەندییەکان و بەوانیتر، دەبەخشەت. 
مرۆڤ چۆن لە رێگای جلوبەرگ و جەستە و رەنگی پێست و دەرکەوتە مادییەکانی تریەوە دەناسرێتەوە، ئاواش لە رێگای زمانییەوە دەناسرێتەوە.  زمان بەشەکی گرنگیی شوناسی مرۆڤە وەک مرۆڤ. ئەمە وادەکات بوون تەنها بوونی مادیی شتەکان نەبێت، دار تەنها دار و بەرد تەنها بەرد و ئاسمان تەنها ئاسمان نەبێت، بەڵکو کۆی ئەو مانا و دەلالەتانەش ەت کە مرۆڤ بەو شتانەیدەبەخشەت و  بەخشیوە. شتێک نییە لە ژیاندا ناوی «واقیعێکی پاکژ»بێت لە دەرەوەی زماندا، ئەوەی هەیە لەناو زماندا هەیە و ئامادەیە. بۆیە دەسکاریکردن جیهان لە هەنگاوی یەکەمدا بەناو دەسکاریکردنی ئەو زمانەدا تێدەپەرێت کە لەناو ئەو جیهانەدا ئامادەیە. دەسکاریکردنی زمان سەرەتای دەسکاریکردنی ماناکانی بوون و  شێوازەکانی بینین و دەرکەوتنەکانی جیهانە، لەبەردەمماند. 

ڕستە بەناوبانگەکەی فەیلەسوفی زمانیش، لۆدڤینگ ڤیتگنشتاین، کە دەڵێت «سنووری زمانەکەم سنووری دنیاکەی منە”، هەمان دیدگا نیشانئەدات.  لای ئەم فەیلەسوفە نەمساویەش ئەگەر شتێک نەتوانین بە زمان تەعبیری لێبکەین و بهێنینە ناو دەستەواژە و چەمکاکنی زمانەوە، ئیدی ئەو شتە دەکەوێتە دەرەوەی سنووریی ئەو شتانەوە کە دەتوانین بیریان لێبکەینەوە. هەرشتێکیش نەتوانین بیری لێبکەینەوە، ئیدی لە دەرەوەی “جیهان”ی ئێمەدایە. بەم مانایە ئەو جیهانەی کە مرۆڤەکان هەیانە ئەو جیهانەیە کە لەناو زمانیاندا نیشتەجێیە. سنوورەکانی زمانی سنوورەکانی ئەو جیهانەیە کە من وەک کەسێک لەناویدا نیشتەجێم. 

لای فەیلەسوفی فەرەنسیی میشێل فوکۆش زمان هەموو بێلایەنییەک لەدەسئەدات و بەردەوام وەک بەشێک لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و لەناو گوتارەکاندا ئامادەیە. لەناو ئەو پەیوەندیی و گوتارانەشدا وەک ئامرازێکی بێلایەنی پەیوەندیکردن ئامادە نییە، بەڵکو رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی دەسەڵات و لە بەرهەمهێنانی مەعریفە خۆیشیدا. لەم دۆخانەشدا ئەوە زمانە پێماندەڵێت چی ئاساییە و چی نائاسایی و چی سروشتییە و چی ناسروشتیی و چی شیاوە و چی نەشیاو. زمانە وەک بەشێک لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و وەک گوتار کاردەکات.

لە ئاستی کۆمەڵگادا زمان دەتوانێت بەیەکەوە کۆمانبکاتەوە و بمانکات بە هاورێ و دۆستی یەکتریی، وامان لێبکات رابردوومان وەک هاوبەشێک و ئایندەمان وەک خەونێکی پێکەوەیی وێنابکەین. توانای ئەوەمان تێدا دروستبکات شیعر بنووسین، هاریکاری یەکتربین، خودا و مرۆڤەکانمان خۆشبوێت، شین و شادیی پێکەوەییمان هەبێت، رێگاکانمان بەیەکتری تێکەڵببن وەک دوو هاوچارەنووس بە جیهاندا تێپەڕین. لەم روانگەیەوە زمان دەتوانێت بمانکات بە نەتەوە و میلەت و گەل، وەک هاوڵاتیی بەرپرسیار بەرامبەر بە خۆمان و بەرامبەر بەیەکتری لەناو ئەو پێکهاتانەدا جێگیرمان بکات. بەڵام زمان دەشتوانێت بمانکات بە خێڵ و ئیمارەت و بەرە و دەستە و جەماعەتی دژ و ناکۆک بەیەکتر، بمانکات بە دوژمن و ناحەز و نادۆست، فریومانبدات و بریندارمان بکات تا ئەو شێنەی تا مردن بە ئازاری ئەو فریودان و برینداربوونانەوە بناڵێنین. زمانی نەخۆش مرۆڤی نەخۆش و زمانی شێواو مرۆڤبوونێکی شێواو دروستدەکات.

زمان تەنها دیکۆرێکی دەرەکیی نییە ێک نییە لەناویدا دانیشتبین، بەڵکو ئەو چوارچێوە و قاڵبانەیە لەناویاندا هەم خۆمان و هەم جیهان و هەم کەسانیتر دەبینین و ئەزمووندەکەین. زمان وادەکات مرۆڤ تەنها لەناو ژینگەیەکی مادیی و سروشتیدا نەژی، بەڵکو لەناو تۆڕێکی گەورەش لە مانا و دەلالەتدا بژی. مرۆڤبوونی هیچ تاکەکەس و هیچ یەکەیەکی کۆیی و دەستەجەمعیی، لە کۆی ئەو گفتوگۆ و راگۆڕکێ و قسەکردنانە جیا ناکرێتەوە، کە ئێمە هەم لەگەڵ خۆمان و هەم لەگەڵ ئەوانیتردا ئەنجامیئەدەین. هەموو گفتوگۆیەک کردەیەکی دووجەمسەرەیە، لەسەرێکەوە قسەکردنی ئەم یان ئەو کەس و گروپە، لە سەرێکی دیکەوە گوێگرتنی ئەو کەس و گروپانەیە لەیەکتری. زمان ئەو پردەیە کە ئەم قسەکردن و گوێگرتنە مەیسەردەکات. مرۆڤبوونی هەریەکێکمان پابەندەیی ئەم کردە دوو جەمسەرە و، ئەو توانای قسەکردن و گوێگرتنەیە.

ئەوەی لە «رۆژی جیهانیی زمانی دایک»دا پێویستە بیریلێبکەینەوە و کاری بۆبکەین، تەنها پاراستنی زمان نییە، بەڵکو پاککردنەوەشیەتی لەو توانا و ئەگەر و بەکارهێنانەی زمان کە زمانەکێک نەخۆشدەخەن. بەم نەخۆشخستنەش هەم مرۆڤ و هەم کۆمەڵگایەکی بیمار دروستببێت توانای قسەکردن و گوێگرتنێکی ماناداری هێمن و ئینسانییانەیان، نەبێت. پاکژکردنەوەی زمان لە خواستی تورەبوون و رق و ئێرەیی، خاوێنکردنەوەی لە هەڵچوون، قیژەقیژ و هاوارکردن، پاکڕاگرتنی لە سوکایەتیی و ئیهانە و زەلیلکردن، ئەرکێکی مێژوویی ئینسانیی گرنگە. دەرهێنان و پوچەڵکردنەوەی سەرجەمی ئەو قونبەلە تەوقیتکراوانەی لەناو زمانی زیاد لە گروپ و لایەن و کەسانێکدا ئامادەن، ئەرکی هەموو ئەوانەیە بەتەنگی ئینسانبوونی خۆیان و کۆمەڵگاکەیانەوە دێن. ئەوانەی هاوسێ و هاوشار و هاووڵاتیانیان بە خائین و ناپاک و خۆفرۆش، یان بە کافر و مولحید و مورتەد و فساق و فجور هتد... ناونابەن.
ئەو زمانە سیاسیی و دینییەی لای زیاد لە هێز و بکەرێک لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە، زمانی وێرانکردنی ئەو« ماڵی بوون» و ئەو «جیهانە هاوبەش»ەیە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئەو زمانەی لای ئەم کەس و گروپانە باڵادەستە، زمانی سڕینەوەی هەموو هاوبەشێکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتییە، زمانی وێرانکردنی ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکەیە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand