هونەر تۆفیق لە ڕاستیدا قسەکردن لە سەر دیاردەیەکی تەندروستی ئیشی پزیشکی پسپۆڕ و تایبەتمەندە . بەڵام ئێمە بۆ بەرچاوڕوونی کۆمەڵگە و هاندانی خەڵک بۆ خۆپارێزی ، دیاردە کۆمەڵایەتیەکانیمان بەلاوە گرنگە تا ببێتە تەواوکاری ئەرکە پزیشکیەکە و ئەوەی بەسەر وڵاتانی دیکەدا هاتوون بەهۆی خەمساردیەوە ، لەو ئەزموونانەوە بەسەر ئێمەشدا نەیەت . سایتی worldometer لە ١٥ ی شوباتەوە تۆماری توشبووەکانی لەهەموو وڵاتەکاندا داتادەکات ، تۆماری داتای ڕیزبەندی یەکەم هەشت وڵات وردتر بڵاودەکاتەوە . لە ڕێگای ئەو داتایانەوە سلوکی تەشەنکردن و بڵاوبوونەوەکە دەزانرێت کە لەیەکەم تۆمارەوە تا کاتی لەدەستدەرچوونی چۆنە و کەی ڕووئەدات . بەپێ ی داتاکان لەنێوان رۆژی یەکەمی تۆمارکردنەکە کە چەند کەسێکی کەمێکی توشبوون تا رۆژی هەڵکشانە زۆرە لەدەست دەرچووەکان نزیکەی بیست رۆژە . وەک ئەڵمانیا ، ئیتالیا ، ئیسپانیا ، دانمارک . لەپاش بیست رۆژەکە ژمارەی تۆمارەی توشبووەکان لەپڕێکدا هەڵدەکشێن بۆ زیادەی رۆژانە دووبەرابەر و سێ بەرانبەر بەرۆژی ڕابردوو . واتە لە سەد بۆ دووسەد ، دووسەد بۆ چوارسەد ، جوارسەد بۆ هەشت سەد .. هتد . بەپێ ی بەرزبوونەوەی رۆژانی هەڵکشانەکان ، شڵەژانی حکومەتەکان لە میدیاکانەوە دەبینرێت . لەبەر ئەوەی من کچەکەم لە دانیمارک دەژی ، وردتر متابەعەی وڵاتی دانیمارکم دەکرد . تا سێ هەفتەی یەکەم ئەو تۆمارەی لە دانیمارکدا داتاکردبوو گۆڕانکاری بەسەردا نەدەهات . لەچوار ڕۆژی دوایدا لەپڕێکدا ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ رۆژانە سەدان تۆماری زیاتر . لەو سێ هەفتەیەدا حکومەت هەڵمەتی خۆپارێزیەکەی دەست پێنەکردبوو ، پێیان وابوو ژمارەی توشبووان هەر ئەو چەند کەسەیە لە ژێرکۆنترۆڵدایە . بەڵام دواتر لەسلوکی تەشەنەکردنەکە تێگەیشتن کە تۆماری چەند کەسی یەکەم مانای ڕاوەستان و لەژێر کۆنترۆڵ بووندا ناگەیەنێت ، بەڵکە مانای هاتنی شەپۆلی دووەم و سێهەم دەکات بەڕێژەی سەد بەرانبەری شەپۆلە بچوکەکەی یەکەم . کاتێک داتاکان بەراورد دەکرێت لەگەڵ داتاکانی چین ، حکومەتەکان ناچار دەکات وەک ئەزموونی چین ڕێکاری نەک داخستن و کەرەنتینەکردن بەڵکە جوڵەبرێن (منع تجول) بگرێتە بەر وەک ئەوەی ئیتالیا کە دواجار ناچاربوو ئەویش جوڵەکردن ڕابگرێت . باجی ڕاگرتنی جوڵەکردن لە ڕووی ئابووریەوە قورس دەبێت بەسەر وڵاتەوە ، بەڵام باشترە لە شێواوی شڵەژان و باجی تەندروستی ، تەنیا چارەسەریشە بۆ تێکدانی سلوکی بڵاوبوونەوەی پەتاکە . بەسوپاسەوە ئەوەی تەندروستی سلێمانی ئەنجامی داوە چەند هەنگاوێک لەپێش لە وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارکەوەیە . بەپێ ی ئەزموونی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەکان ئێمە لەکۆتایی شەپۆلی دوو هەفتەی یەکەمداین کە دواتر شەپۆلە قورسەکانی بەدوادادێت . دەبێت تەندروستی سلێمانی دەستەڵاتی ڕاگرتنی جوڵەی لەبەردەستدا بێت و کۆمەڵگەش ئامادەیی قبوڵکردنی رۆژانی ( منع تجول ) ی هەبێت کە تەنیا چارەسەری بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە بڕینی سلوکی بڵاوبوونەوەکەی دەکرێت ، دەبێت هەموومان هاوکار و گوێڕایەڵی ڕێنماییە تەندروستیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی بین .
د.شوان ئادەم ئەیڤەس ھەڵمەتی نیشتمانیی لەماڵەوە مانەوە بۆ سنوردارکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ دەشێ بکرێتە خاڵی دابڕان و وەرچەرخان لەنێوان پێش و پاش دەرکەوتنییدا. ئەویش لەرووی خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازیی و بەئەلکترۆنییکردنی دام و دەزگاکانی حکومەت بەگشتیی و کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەتایبەتی. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای جیھانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتی چیینەوە بۆ وڵاتانی خۆرئاوا و خۆرھەڵات، عێراق و ھەرێمی کوردستانیشی گرتەوەو بۆ بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو پەتایە، دەوامی فەرمانگە و نێوەندەکانی خوێندن راگیرا. ئەوەش وایکرد بەناچاریی بیر لەخوێندنی ئەلکترۆنیی بکرێتەوە و بەکارھێنانی ئینتەرنێت وەک ئامرازێکی کارگێڕیی و پەروەردەیی زیاتر بەھەند وەربگیرێت و رێوشوێنی پێویستیی سەرپێخستنی بۆ بگیرێتەبەر. ئێستا دەبێت سوپاسی روانگەی گەشبینانەی ئەم پەتا جیھانییە بکەین کە دەکرێت رێوشوێنەکانی سنوردارکردنی؛ بەقازانجی ھەڵمەتێکی نیشتمانیی پرۆسەی خێراترکردنی چاکسازیی لەفەلسەفەی کارگێڕیی و دارایی، سیستمی بانکینگ و بازاڕکردنی ئەلکترۆنی، پشکنینی نەخۆش و سیستمی تەندروستی، پەروەردە و سیستمی خوێندنی باڵا و زۆر کایەی دیکەدا بەکاربھێنرێت و سوود لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگیرێت. بەداخەوە دوای ساڵانێک لە دەنگھەڵبڕین بۆ گەڵاڵەکردنی سیستمێکی ھاوچەرخی پەروەردەیی و ھاوارکردن بۆ سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت و کاراکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئیمەیڵ و کڵاسرووم و زانستخوازی بەردەوام و ھەگبە و پرۆفایلی ئەکادیمیی مامۆستا و فیدباک لەسەر ئینتەرنێت، ھەمووجارێک بەوە تۆمەتبار دەکراین کە «خۆ ئێرە بەریتانیا نییە کە بتەوێت ھەمووشتێک بە سیستم و ئۆنلاین بێت» یان «ناکرێت تەلەبە ناچاربکەیت لەبری فەیسبووک، ئیمەیڵ بەکاربھێنێت» یان «خۆ بەنیازی دانانی کۆمپانیا نیت وا دەتەوێت تەلەبە فێری سیڤیی نووسین بکەیت»، بەڵام خۆشبەختانە کۆرۆنا؛ خەریکە قەناعەتی دروستکەرانی بڕیار و بڕیاربەدەستانی ئەم ھەرێمە بندەستەی عێراق دەگۆڕێت، چونکە ھەروەک لەماڵپەرەکەیاندا بڵاوکراوەتەوە، «بۆ ئەوەى چیتر خوێندکارانى زانکۆ لە پرۆسەى خوێندن دانەبڕین، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئامادەكارییەكانی بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی خوێندنی ئەلیكترۆنی (ئۆنلاین) بۆ خوێندكاران تەواوكردوە». ئەو ئامادەکاریانە ئەگەر بەجدیتر سەرپێبخرێن، جێگەی دەستخۆشیی و دڵخۆشییە؛ دەکرێت ببێتە بەردی بناغەی زنجیرە چاکسازییەکی گشتگیرتر کە ھەم رۆڵ و پەیوەندیی مامۆستا و خوێندکار گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا بھێنرێت، ھەم سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا ھەمواربکرێتەوەو لەوێشەوە کۆی دەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی ئەلکترۆنیی لەھەرێمی کوردستاندا بەگەڕبخرێن و کولتورێکی نوێی کارکردن بھێنرێتەئاراوە. لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا دەکرێت بپرسین؛ ئایا سەرچاوەکانی دابینکردنی ئینتەرنێت و کارەبای بەردەوام ھێند لەباردەبن بۆ دەستپێکردنی ئەم ھەنگاوە ھاوچەرخە یان ئەمیش وەک زۆر بیرۆکە و پرۆژەی دیکە، ماوەیەک بازاڕسازیی بۆدەکرێت و خەڵکی پێوە سەرقاڵدەکرێت و پاشتر دەخرێتە ئەرشیڤەوە یان بەسەروگوێلاککراویی درێژە بەجێبەجێکردنی دەدرێت؟
ئەنوەر حسێن (بازگر) پاش بیست ساڵ ڕەجەوی بۆ دەرکەوتەوە؟ مەسعود ڕەجەوی سەرۆکی ڕێکخراوی سازمانی مجاهیدینی خەڵقی ئێران، پاش دیار نەمان و ونبوونی بۆ ماوەی (20) ساڵ، لە تازەترین لێدوانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵبژاردنەکانی ئێران لێدوانیدا و تا ئێستاش (22) ڕاگەیاندنی داوە، کە دواترینیان ڕۆژی 9ی مارسی 2020 لە چواردە خاڵدا، داوای شۆڕش دەکات دژی کۆرۆنا و ویلایەتی فەقیهی. ئەوەی گرنگ و جێی باسە، ئایا بیست ساڵە مەسعود ڕەجەوی لە کوێ بوە؟ چۆن خۆی شاردۆتەوە؟ ئایا مەبەست لەم سیناریۆیە چی بوە؟ پێشتر زۆربەی لایەنەکان لەو باوەڕدا بوون، کە ڕەجەوی کوژراوە، یان تیرۆر کراوە، لەمبارەیەوە جگەلە کۆماری ئیسلامی ئێران، تورکت فەیسەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری پێشووی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی 9/6/2016 لە کۆنگرەی ئازادی بۆ ئێران، کە ساڵانە لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت، وتی: "سڵاوم هەیە بۆ مەریەم ڕەجەوی هاوسەری مەسعود ڕەجەوی خوالێخۆشبوو پشتیوانیانم". ئەم قسانەی فەیسەڵ، دەنگدانەوەیەکی میدیایی گەورەی لێکەوتەوە و سەرزەنشتی کرا و دواتریش ڕوونکردنەوەیدا. مەسعود ڕەجەوی، وەکو یەکێک لە بونیادگوزارانی سازمانی موجاهیدنی خەڵق 1965 ئەم ڕێکخراوەیان دروستکرد، کە ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامیستە و پێیوایە ئیسلام بۆ خۆی ئایدۆلۆژیایەکی دیموکراتی خاوەن دینامیکایە. ئەو لە دژی ڕژێمی شا، ڕۆڵی گەورەی هەبوو، دواتریش بوە هاوپەیمانی خومەینی، بەڵام هەر زوو پەیوەندییان تێکچوە و کەوتە پشتیوانی حەسەن بەنی سەدر و دواتر (ئەنجومەنی شورای میللی مقاوەمەت)یان دروستکرد و ڕەجەوی بوە سەرۆکی، کە ئەوکات حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و قاسملۆش تێیدا ئەندامبوون، پاش ئەوەی ڕایانکردە پاریس، لە دەیەی هەشتاکاندا عێراق کەوتە پشتیوانیکردنیان و کردنەوەی بارەگا و پێدانی پارە، چەک و کەلوپەلی سەربازی و کەمپی (ئەشرەف) لە نزیک شارۆچکەی (خالص)ی عێراق بۆ کردنەوە. بەوشێوەیە مجاهیدین تا دەهات بەهێزتر دەبوو، سازمانی مجاهیدینی خەڵق لە 1981 تەقینەوەیەکی تیرۆریستی کرد لە بارەگای پارتی کۆماری لە تاران، کە بوە هۆی کوشتنی (72) گەورە ئێرانی لە ناویاندا بەهەشتی و هەروەها لەسەرکوتی خەکی کوردستان لە ڕاپەرینی 1991 لەگەڵ هێزەکانی بەعس ڕۆڵی دوژمنکارانەی گێڕا و دەیان خەڵکی بێ دیفاعی کوردی تیرۆر کرد و دواتریش لە ساڵی 1997 ئەمەریکا موجاهیدینی خستە لیستی تیرۆرەوە و ساڵی (2003) دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەمەریکا موجاهیدینی لە لیستی تیرۆر سڕییەوە. سازمانی مجاهیدینی خەڵقی ئێران پەرلەمانێکی لە مەنفا هەیە کە (550) ئەندامی هەیە، جگەلە سوپای ڕزگاری نیشتمانی ئێران باڵی چەکداری بزوتنەوەکەیە و ساڵی 1993 پەرلەمانی موجاهیدین مەریەم ڕەجەوی وەکو سەرۆکی ئێران لە مەنفا هەڵبژارد، بەڵام پاش ئەوەی دواین دەرکەوتنی مەسعود ڕەجەوی لەگەڵ سەدام حسێن لە ساڵی (2000)دا، لەوکاتەوە مەریەم ڕەجەوی هەموو کاروبارەکانی سازمان بەڕێوە دەبات و کەسی یەکەمی ڕێکخراوەکە بوە، لەوبارەیەوە قوربان عەلی حوسێنی نەژاد (غوڵام) یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی مجاهیدین پاش ئەوەی لەو سازمانە جیابۆوە لە ساڵی (2012) دەڵێت "سازمانی موجاهیدین بەشێکبوو لە دەزگای هەواڵگری عێراق و هەموو سوپاکەشی بەشێکبوو لە سوپای سەدام حسێن دا و لە بەرامبەردا سەدام حسێن مانگانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی دەدایە مەسعود ڕەجەوی، بۆیە پاش ونبوونی مەسعود ڕەجەوی لە ساڵی (2000) کۆی ئەو ملیاران دۆلارە مەریەم ڕەجەوی مامەڵەی پێوە دەکات"، وەکو قوربانی دەڵێت "مەریەم ڕەجەوی شاهانە دەژی، لە بابەتی خەرجی زۆر و زەوەندەی کۆشکەکەی لە پاریس، لە پۆشاک و جلوبەرگە مارکە جۆراوجۆرەکان و خەرجی نەشتەرگەری جوانکاری بەردەوامی، خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کۆنفرانس و ئاهەنگەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، پارەیەکی زۆر بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا و میدیاکان تا پشتیوانی لێبکەن". سازمانی موجاهیدینی خەڵق سەرەڕای ئەوانە وەکو ڕێکخراوێکی دینی، خاوەنی جەماوەرێکی زۆرە لە ئێران و ئێستاش جگە لەوەی ئەمەریکا، ئەوروپا، سعودیە و وڵاتانی کەنداو پشتیوانی لێدەکەن، ساڵی (2003) و دوای ڕووخانی بەعس و پاش دەرپەڕاندنیان لە عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە، بە پشتیوانی ئەمەریکا و فەڕەنسا کامپێکی گەورەیان بەناوی ئەشرەف لە ئەلبانیا بۆ کردونەتەوە و بەردەوامیش پشتیوانیان دەکەن، سەرچاوەکانی زانیاری دەڵێن "کە سازمانی موجاهیدین ڕۆڵی زۆری گێڕاوە لە ئاشکراکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە (ناتانز و ئاراک) بە قازانجی ئەمەریکا و ئیسرائیل"، جیا لەوانە وەکو (مەریەم سەنجانی) یەکێک لە ژنە بەرپرسەکانی ڕێکخراوەکە پاش جیابوونەوەی دەڵێت "مەریەم و موجاهیدین پەیوەندی توند و تۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە هەیە و گوایە هەردوو وڵات پشتیوانی ئابوری و ئەمنی و سەربازی سازمانی موجاهیدین دەکەن". ئێستا باسی گەرم ئەوەیە، ئایا مەسعود ڕەجەوی بیست ساڵە لە کوێیە؟ لە کوێ خۆی حەشارداوە؟ ئایا ئەمەریکا داڵدەی دابوو؟ یان وەکو دەیانوت لە ئوردونە؟ یان باسی ئەوە دەکرا، کە تیرۆر کراوە؟ یان ئیسرائیل بە نهێنی پارێزگاری لێدەکرد؟ یان لە پاریس بوو؟ پرسیاری گرنگ ئەوەبوو، مەسعود ڕەجەوی ئێستا لە کوێیە؟ (شاهێن قوبادی) وتەبێژی سازمانی موجاهیدینی خەڵق بەردەوام وتویەتی: مەسعود ڕەجەوی لە شوێنێکی نادیار و ئارام ژیان بەسەر دەبات...! سازمانی موجاهیدینی خەڵق، بەردەوام خۆی وەکو ئەڵتەرناتیڤی ئێران ناساندوە و هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا دەستی لە هیچ نەپاراستوە، لە کوشتن، تیرۆر، تەقینەوە، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی نەیاری ئێران و قەتڵ و عامی خەڵکی کوردستان لە 1991 و دژایەتی خەڵکی عێراق و پشتیوانی لە ڕژێمی بەعس، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین "تا ئێستا یەکێکە لەو سازمانانەی بەسەر پێوە وەستاوە"، سەنا بەرق زاهیدی سەرۆکی لیژنەی دادوەری لە ئەنجومەنی نیشتمانی مقاوەمەتی ئێران دەڵێت "دوای (2016) توانیمان گشت موجاهیدینەکانی کامپی لیبرتی لە عێراق بگوازینەوە بۆ ئەلبانیا"، هەرچەندە پێشتر ناسر ڕەزەوی یەکێک لە بەرپرسانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران وتبووی: "مەسعود ڕەجەوی ماوە و زیندوە و لەنێوان فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا هاتوچۆ دەکات"، بەڵام زۆر باوەڕی پێنەکرا. ئێستا پاش بیست ساڵ و تۆماری دەنگی و ڕاگەیاندنە ڕۆژانەییەکانی مەسعود ڕەجەوی، دەرکەوت مەسعود ڕەجەوی نەکوژراوە و لە ژیاندا ماوە ئەمەش گرنگە. گرنگی لەوەدایە سازمانی موجاهیدنی خەڵق توانیویەتی بیست ساڵ سیناریۆی مردن و مانەوەی کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە بشارێتەوە و بە نهێنی پارێزگاری لێبکات وەکو سیمبوڵ و ڕەمزێکی گەورەی حەرەکەتەکە سەیری بکەن، کە کەم حاڵەتی وا ڕویداوە بزوتنەوەیەکی سیاسی بتوانێت بیست ساڵ ڕەهبەرەکەی بشارێتەوە، جا بە زیندوویی یان مردوویی. ئێستا دەکرێت بڵێین "ونبوون و شاردنەوەی مەسعود ڕەجەوی بۆ ئەوە بووە کە موجاهیدین خۆی ئامادە کردوە بۆ ئەوەی مەسعود ڕەجەوی وەکو سیمبوڵێکی گەورەی شۆڕشگێر و مبارز، وەکو ئایەتوڵڵا خومەینی لە ئاڵوگۆڕێکی وەکو شۆڕشی خەڵکی ئێران 1979 بگەڕێتەوە ئێران و پەرجوو بێت بۆ خەڵکی ئێران و وەکو فریادڕەس سەیری بکەن و جڵەوی داهاتووی ئێران هاوشێوەی خومەینی بگرێتە دەست. مجاهیدین دەیویست مەسعود وەکو پێغەمبەری ئاخر زەمان لە نمایشێکی یەک ملیۆنی بگەڕێتەوە تاران، ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەوە نەکرا و ڕووی نەدا؟ بۆچی خۆی دەرخستەوە؟
پەیكار عوسمان یەکێ لە نیشانەکانی پاشەکشێ ی ئەخلاقیی، کورتکردنەوەی ئەخلاقە لە سێکسا. یەکێ لە سەرچاوەکانی فەسادیش، یەکسانکردنی فەسادە بە سێکس. ئەو فەسادە زۆرەی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان، لەو عەقڵیەتەوە هاتووە، کە سێکسی نێوان دوو کەس، بە گەورەترین فەساد ئەزانێ. ئیتر فەساد خۆی، یان "فەسادی گشتی"، وەکو شتێکی بچوك، یان تەنانەت وەکو نافەسادێك، بەسەرماندا تێئەپەڕێ! ئەخلاق بەها باڵاکانی وەکو دەسپاکی و ڕاستگۆیی و یەکسانی و ڕێزگرتنە.. کە جێگیرەو لە هەموو کات و شوێنێکدا هەر خۆیەتی ناگۆڕێ. بەڵام سێکس شتێکە خۆی لە خۆیدا، نە ئەخلاقییە نە نائەخلاقیی. بەڵکو یاساو نەریت و کات و شوێن و کۆمەڵگاکان سنوری ئەخلاقییبوونی دیاری ئەکەن! جا کاتێ تۆ ئەخلاق کورتئەکەیتەوە لە سێکسا، ئیتر بازێکت بەسەر خودی ئەخلاقدا داوە، بۆیە ئەخلاق خەلەلی تێئەکەوێ. کاتێ فەساد یەکسانبێ بە سێکس، ئیتر دەرگا کراوەیە بۆ فەسادەکانی تری وەکو فەسادی سیاسی و ئابووری و ئیداریی.. ئەم فەسادانەش کە هاتن، فەسادی سێکسییش لەگەڵ خۆیان ئەهێنن و یەکێ لە لێکەوتەکانیان، هەر ئەوەیە کە ئێمە پێ ی ئەڵێین فەسادی ئەخلاقیی! یەعنی کاتێ تۆ فەساد لە سێکسا ببینی، نەك فەسادی سێکس بنبڕ ناکەیت، بەڵکو فەسادەکانی تر زائید فەسادی سێکسیش بەرهەمئەهێنیت! ئا لێرەوەیە کە کە کۆمەڵگا "سێکس ئەخلاقەکان" هەموو جۆرەکانی فەسادیان هەیە بە فەسادی سێکسیشەوە. ئا لێرەشەوەیە کە کۆمەڵگای "ناسێکس ئەخلاق" پاشەکشێ بە فەسادەکانی تر ئەکاو لەگەڵیا فەسادی سێکسییش دائەکشێ! چەقی ئەخلاق، مەسەلەی عەدالەت و ستەمکارییە، کاتێ ئەم چەقە ئەگۆڕیت و ئەیکەیت بە سێکس، ئیتر ناعەدالەتی و ستەمکاریی دێن، یەکێ لە لێکەوتەکانی ناعەدالەتی و ستەمکارییش، خودی فەسادی سێکسی یە! سێکس ببەرەوە حەجمی خۆی و وەکو ئازادی کەسیی سەیریکە، ئیتر عەقڵت ئەکرێتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاق و دەستت ئەکرێتەوە بۆ لێدان لە فەساد، لەناویا لە فەسادی سێکسیش! سێکس لە حەجمی خۆی دەرکەو بیکە بە کۆی فەسادو هەموو ئەخلاق، ئیتر مێشکت لەسێکسا داخراوەو لە ئەخلاق ناگەیت. ئیتر دەسیشت بەستراوەو لە فەساد نادەیت. ئا لێرەوەیە کە لەسەر مستەوای جیهان، کۆمەڵگا دینییەکان، یەکەمن لە تەحەروش و نێربازی لەشفرۆشی و لە موتابەعەی سایتە سێکسییەکاندا.. لەکاتێکا ئەم نەوعە کۆمەڵگایانە، خۆیان بە ئەخلاقیی و غەیری خۆشیان بە نائەخلاقیی ئەزانن و پێوەرەکەشیان بۆ ئەمە، مەسەلەی سێکسە. کەچی بە بەپێوەرەکانی ترناو هەر بەو پێوەرە، داتاکان و واقعی حاڵ، پێچەوانەکەیمان پێئەڵێن! تۆ وائەزانی لایەکی ئەوروپا هاوڕەگەزبازە، "کە ئەمە ئەگەر واشبێ کێشەیەك نیە لە ئینسانییەتی ئینساندا" لەکاتێکا ئەمە وانیەو ئەوانە تەنیا کەمینەیەکی زۆر کەمن، بەڵام کەمێکی ئاشکران و مافەکانیان پارێزراوەو کەس ناتوانێ لەسەر ئەوە لە مرۆڤایەتییان کەمکاتەوەو مافیان پێشێڵبکات. لەکاتێکا لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا، ئەشێ دیاردەکە زۆر زیاتربێ، بەڵام شاراوەیەو لەوپەڕی نامرۆڤایەتی و پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەشدایە! ئا ئەمەیە کە تۆ لەڕوانگەیەوە خۆت بە ئەخلاقیی و غەرب بە نائەخلاقیی ئەزانیت. لەکاتێکا سەیرکردنی بابەتە وەکو بابەتێکی شەخسی و ڕێزگرتنی مرۆڤەکە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی، زۆر ئەخلاقییترە لە بە ئەخلاقیکردنی کەیسەکەو کەرامەتشکاندنی مرۆڤەکە! کاتێ سێکس یەکسانبێ بە ئەخلاق و ئەخلاق یەکسانبێ بە سێکس، ئیتر بەگشتی لە ئەخلاقداو بەتایبەتیش لە ئەخلاقی سێکسدا پاشەکشێ ئەکەین و فەزای تاوانی سێکسیی ئەخولقێت، لەبابەتی تەحەروش و لاقەو ئیستغلالکردنی جنسی.. بەڵام بەشاراوەیی و لەپشتی پەردەیەکی موزەییەفی ئەخلاقیبووندا! لەڕاستیدا نە زەواج و گانی حەڵاڵ، پرسێکی موهیمەو هی ئەوەیە کە دوو تایەفە بۆی هەڵپەڕێ. نە سێکس و گانی حەرام هی ئەوەیە پرسێکی گشتیبێ و کۆمەڵگای بۆ بهەژێ. بەڵکو هەردوکیان ئازادیی کەسین و هەردوکیان ئەکرێ ئەخلاقیی بن و هەردوکیشان ئەکرێ نائەخلاقیی بن! مەسەلەن خودی پرۆسەی زەواج و دامەزراوەی خێزان، پڕیەتی لە درۆو خیانەت و ناچاری و ناعەدالەتی و ڕەنگە عیلاقەی کوڕوکچێكی ئەروپی، زۆر ڕاستگۆیانەترو شەریفانەتربێ، لەو بتە موقەدەسەی ئێمە، کە ناوی خێزانەو کە بە چارەسەری قەیرانی ئەخلاقی ئەزانین، لەکاتێکا خۆی کێشەی ئەخلاقیی هەیەو هەر خودی پیرۆزکردنەکەی، یەك دنیا لێکەوتەی نائەخلاقیی هەیە! بەڵێ زەواج خۆی لە خۆیداو لەوەدا پیرۆزنیە کە کۆمەڵگاو ئەوانیتر بە پیرۆزی بزانن، بەڵکو شتەکە لە ناوەڕۆکداو لەوەدا پیرۆزە، کە چەنێك پەیوەندییەکی ئەخلاقیی ئینسانییە بۆ دوو کەسەکە خۆیان. یەعنی "خێزان" بەخۆی پیرۆز نیە، بەوە پیرۆزە کە چی تێدایەو چی لەناویدا ئەگوزەرێ. لێرەدا عورفی کۆمەڵایەتی و دینی، ڕۆڵێکی خراپیان گێراوەو پیرۆزیی پرۆسەی زەواج و دامەزراوەی خێزانیان، سەرخستوە بەسەر پیرۆزیی بەهاکانی ناو زەواج و خێزاندا! ئیتر "خێزان" خوی ئەبێتە ئامانج و جێگای خودی "ئەخلاق" ئەگرێتەوەو ئەونەی خەمەکە بۆ ئەوەیە کە دووکەس خێزانێك دروست بکەن، ئەونە خەمەکە بۆئەوەنیە کە ئەوان ژیانێکی ئەخلاقیی دروستکەن. ئەونەی خەمەکە بۆئەوەیە کە دوو کەس، جیانەبنەوەو خێزان هەڵنەوەشێتەوە، ئەونە خەمەکە ئەوەنیە کە پەیوەندی نێوان دوو کەسەکە چیەو چۆنەو چەنێك ئەخلاقییەو چەنێك کەرامەتی ئەوانی تیا پارێزراوە! لێرەشەوە خێزان ئەبێتە ئەو سجنە نابووتەی کە هەر قابیل بە هەڵوەشانەوەیەو لەڕاستیدا من ئامارەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان نەك بە زیاد نازانم، بەڵکو پێموایە ڕێژەیەکی زۆر لەوە زیاتری خێزانی ئێمە، لە پەیوەندییەکی ناتەندروستدان و هەڵوەشانەوەیان دروستترە لەوەی کە دانیشن بەلای بتی خێزانەوەو نەوێرن بیشکێنن! ئەخلاق پەوەندی بە سێکس و ناسێکسەوە نیە، پەیوەندی بە زەواج و نازەواجەوە نیە.. پەیوەندی بە خودی بەها باڵاکانی وەکو ئازادی و عەدالەت و ڕاستگۆیی و دەستپاکی و خیانەتنەکردن و ئەم شتانەوە هەیە.. ئەمانە هەبوو پەیوەندییەکە ئەخلاقییە، با نازەواجیش بێت. ئەمانە نەبوو، پەیوەندییەکە نائەخلاقییە، با زەواجیش بێت. ئەم نوسینە، بەرگری نیە لە وێنەو فەزیحەی مەسولێکی بەدڕەوشت، کە ئاشکرایە سێکسی ئەوان، سەربە ئازادیی فەردی نیەو سەربە فەسادو ئیستغلالکردنی دەسەڵات و ماڵی گشتییەو شتەکە تاوانە. بەڵکو ئەمەوێ بڵێم، ئەم دەعبایانە لە شوێنێکی ترەوەو (لە ستەمکاری و ناعەدالەتییەوە) فاسدن، ئینجا لە سێکسەوە. ئێمەش لە عەقڵیەت و تێروانینمانەوە بۆ ئەخلاق و (کورتکردنەوەی لە سێکس و جەستەدا) فاسدین، بۆیە ناتوانین پاشەکشێ بە کۆی فەسادو لەناویا بە فەسادی ئەخلاقییش بکەین. - ئینجا "سێکسباز" مەبەستم ئەو سێکسە نیە کە دووکەس بۆ "خۆیان" و بۆ "سێکس" ئەیکەن. مەبەستم ئەو سێکسەیە کە بۆ شتی ترو بۆ ئەوانیتر ئەکرێ! - ئینجا "ئەخلاقچی" مەبەستم ئەو کەسە نیە کە بنەما نەگۆڕەکانی ئەخلاق لەناو خۆیدا بەرجەستە ئەکا. بەڵکو مەبەستم کەسێکە، کە پۆلیسی ئەخلاق و مامۆستای ئەخلاقی ئەوانیترە لە بنەما گۆڕاوەکانی ئەخلاقدا! هەر کۆمەڵگایەکیش مامۆستاو پۆلیسی ئەخلاقی زۆربوو، ئەوە بێ شك لە قەیرانێکی قووڵی ئەخلاقدایە! چونکە مامۆستای ئەخلاق و پۆلیسی ئەخلاق، خودی ئەخلاق لە بەها نەگۆڕە ناوەکییەکانەوە ئەگۆڕن بۆ شتانێکی ترو ڕووکەشی، لەبابەتی سێکس و جلوبەرگ و پەرستشی دینیی.. ئیتر ئەخلاق خۆی ئەکەوێتە دواوەو ئەبێتە شتێکی یەدەگ و پلە دوو! ئینجا نامەو وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی کەسەکان فەساد نیە. بڵاوکردنەوەو بەگشتیکردنی فەسادە. ئینجا سێکسی ناو متمانەی دوو کەس فەساد نیە. نەمان و هاڕەکردنی متمانەی نێوان ئینسانەکان فەسادە. ئینجا ئەوەی لەناو سنوری ژیانی تایبەتی ئینسانەکاندا ئەگوزەرێ، فەساد نیە. شکاندنی ئەو سنورە فەسادە. ئینجا هەرچی لەناو ئازادی دوو کەسدایە، فەساد نیە. دەستدرێژی و ئیستغلالکردن و ناچارکردن فەسادە. ئینجا سێکس وەکو خۆی فەساد نیە. وەکو ململانێ و کارت و کەرەستەی شکاندنی یەکتر فەسادە.
شێرکۆ کرمانج لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆڕۆنا ڤایرۆس ماوەیەکە کەم بوار ماوە لە پەیوەند بەم پرسە قسەی لەسەر نەکرابێت، هەر لە تەندروستی بگرە تا دەگاتە ئابوریو داراییو بازرگانی. لەوانەیە پەیوەندی نێوان دیموکراسیو تەشەنەی ڤایرۆسەکە یەکێک لەو بوارانە بێت کە قسەو باسی چڕوپڕی لەسەر نەکراوە. لەم بابەتە هەوڵدەدەم پێداگری لەسەر ئەوە بکەم کە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە هەر فۆرمێکدا بن باشترن لە سیستەمە دیموکراسییەکان بە هەموو فۆرمەکانییەوە. لەم پەیوەندەدا سەرەتا حەزدەکەم ئەوە بڵێم کە بۆ پرسی مافو ئازادییەکانی مرۆڤ بەگشتیی کۆدەنگییەک هەیە کە سیستەمە دیموکراسییەکان زۆر سەرکەوتوترنو چاکتر مافەکان فەراهەمو ئازادییەکان بەرجەستە دەکەن بەراورد بە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان کە بەگشتیی ڕێگرن لەپێش مافەکانو ئازادییەکان پێشێل دەکەن. سەرەڕای ئەمە، بۆ ئیدارەدانی دەوڵەتو کۆمەڵگەو بەڕێوەبردنی ئابوریو بازرگانی گفتوگۆی زۆر هەیەو ڕای جیاواز هەیە. ئەگەر تاوەکو چەند ساڵێک پێش ئێستا بەگشتیی هەر سیستەمە دیموکراسییەکان بەباشتر زانرابن ئەوە ماوەیەکە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بەرچاوو قەبەبوونی ئابوریو پیشەسازیو بازرگانی وڵاتی چینو گەیشتنی ئەو وڵاتە بە پلەی دووەم لە قەوارەی ئابوریی لە دوای ئەمریکا لە جیهان، ئەوە پێداچوونەوە بەو ڕایە کراوەو دەکرێت. هەندێک کەس پێییانوایە کە بۆ گەشەی ئابوریو ئیدارەدانی مەرج نیە ئابوری ئازاد (وەک ئەمریکا) سەرکەوتوتر بێت لە ئابوری کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن دەوڵەت (وەک چین). بەهەرحاڵ، لەم بابەتە نامەوێت قسە لەسەر ئەو پرسانە بکەم بەڵکو دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو ئارگیومێنتەی لەسەرەتا وروژاندم کە سیستەمە دیموکراسییەکانم بە خراپتر لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان دانا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، یان هەر کارەساتێکی لەم چەشنە. لێرە بەکورتی هۆکارەکانی باشتربوونی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان دەخەمەڕوو. یەکەم، لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان دەسەڵاتەکان لە دەست کەسێک یان چەند کەسێک کۆکراونەتەوەو ئەمەش پڕۆسەی بڕیاردان ئاسانترو خێراتر دەکات. لەبەرابەردا، لە سیستەمە دیموکراسییەکان دەسەڵاتەکان ئاسۆیی دابەشن (حکومەت، پەرلەمان، دادگا)، هاوکات، شاقوڵی شۆڕبوونەتەوە بۆ ناو یەکە ئیدارییەکانو هەر یەکەیەک جۆرێک لەسەربەخۆییو سەروەریی خۆی هەیە. ئەمانەش پرسی بڕیاردان ئێجگار پڕ لە دڵەڕاوکێو خاو دەکەنەوە. دووەم، دیکتاتۆرەکان زۆر گوێ بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی بڕیارەکانیان نادەن. بۆ نمونە بیر لەوە ناکرێتەوە، یان گوێ بەوە نادرێت داخۆ کێ ڕازییەو کێ ناڕازییە. بێجگە لەمە، هەر دەنگی ناڕازی لەو جۆرە سیستەمانە کەمەو خەڵک بڕیارو ڕێنماییەکان وەک خۆی بێ بیرکردنەوە جێبەجێ دەکەن. بەپێچەوانەوە لە سیستەمە دیموکراتییەکان، بیر لە وردو درشت دەکرێتەوە. بیر لەوە دەکرێتەوە داخۆ بڕیاری داخستنی قوتابخانەو زانکۆکان کێو کێ لێی زەرەرمەند دەبێت؟ داخۆ کاریگەریی لەسەر ئابوری چ دەبێت؟ بڕی باجی کۆکراوە ئەم مانگە یان ئەم ساڵە چی لێدێتو چەند کەم دەکات؟ کێ و چۆن قەرەبۆی زەرەرلێکەوتوان بکرێتەوە؟ ئەمانەو سەدان پرسیاری دیکەی لاوەکی کە هەندێکیان نەک هەر گرنگ نین بەڵکو بێ مانان. ئەمەش پرسی بڕیاردان هێندەی دیکە قورسو سەختو درێژ دەکاتەوە. سێیەم، سیستەمە دیکتاتۆرییەکان زۆر ئاسانترو چاکتر دەتوانن خەڵک هەڵسوڕێنو وەگەڕخەن (مۆبەلایزبکەن) کە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسگەلی وەک ڤایرۆس. بۆ بەگژاچوونەوەی ئافاتو کارەساتو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەوڵەتو کۆمەڵگە دەبێت لەسەر هەر دوو ئاستی ماکرو مایکرۆ، واتە شۆڕکردنەوەی کار بۆ ئاستی جادەو کۆڵانو ماڵەکان، کاربکەن. بۆ ئەمەش سیستەمە دیکتاتۆرەکان سەرکەوتوترن. لە بەرابەردا لە سیستەمە دیموکراسییەکان لە دژی هەر بڕیارێکی لەو چەشنە دەیان دەنگ لە میدیاکان قیت دەبنەوەو ڕەخنەی ئەوە دەگرنو دەڵێن ئەی حکومەت بۆ بەخۆی ئەم کارە ناکات بۆ دەبێت خەڵک ئەرکی کارەکانی حکومەت بگرێتە ئەستۆ. یان ئەوەتا دەڵێن دەسەڵات پێوەرو هەنگاوی توندڕەوانەی (دراکۆنیانی) وەک دەسەڵاتە ئۆتۆریتەرەکان گرتۆتە بەرو ئەم ئازادیانەی لەم قۆناغە لەدەستی دەدەین لەوانەیە بۆ هەمیشە لەدەستی بدەین. چوارەم، لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان بڕیارو کردارو هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵات بەسیاسیی ناکرێنو بۆ وەرگرتنی دەستکەوتی سیاسی بەکارنایەن. دیارە ئەمە لە ئاکامی پێگەییوی (نزوجی) کۆمەڵگەو سیستەمەکە نیە بەڵکو لە ئاکامی نەبوونی یان کپکراویی هێزو دەنگە ناڕازیو ئۆپۆزسیۆنەکانە. بەپێچەوانەوە، لە سیستەمە دیموکراسییەکان هێزو دەنگە ئۆپۆزسیۆنەکان بە زەڕەبین دەڕواننە بڕیارو کردارو ڕەفتارەکانی دەسەڵاتو کەموکورتییەکانی دەخەنەڕو و هەراوهۆسەی وای لێ دروست دەکەن کە هێشتا بڕیارەکە نەدراوە شکستی پێدێنن یان بڕیارەکە دراوەو خەڵکی لەدژی وەگەڕ دەخەن. لە کاتی بڵاوبوونەوەی پرسگەلی وەک تەشەنەی ڤایرۆس ئۆپۆزسیۆنەکان هەندێکجار لە دیدو چوارچێوەی پرسی ئاسایشی تەندروستیو خەمی گشتییەوە پرسەکە نابینن بەڵکو لەخەمی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکن لەدژی دەسەڵات. دیارە لێرە مەبەستم ئەوە نیە کە هەمیشە ئۆپۆزسیۆن بەمشێوازە کاردەکات، یان بوونی ئۆپۆزسیۆن خراپە، بەڵکو مەبەستی من لێرە ئەوەیە کە بوونی ئۆپۆزسیۆن لە سیستەمە دیموکراتییەکان پڕۆسەی بڕیاردان خاو دەکاتەوەو هەندێکجار بەلاڕێدا دەبات چونکە دەسەڵات هەندێک شت ناکات نەک لەبەر خراپی یان باشی بەڵکو لەترسی لەدەستدانی دەسەڵات. بەگشتیی، کۆبوونەوەی دەسەڵات لە سیستەمە دیکتاتۆرەکانو توانایان بۆ وەگەڕخستنی خەڵکو سەپاندنی بڕیارو یاساو ڕێنماییەکان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوانەو گوێنەدان بە کاریگەرییە لاوەکییەکانو نەبوونی ترس لە ئۆپۆزسیۆن، هەمووی بەسەریەکەوە، دەبنە هۆکاری ئەوەی کە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان ئاسانترو باشترو کاریگەرترو خێراتر بەگژ پرسگەلی کێشەئامێزی وەک تەشەنەی ڤایرۆسو ئافاتو کارەساتەکان ببنەوە. ماوەیەکە کەیسی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنە لە ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیاو ئوسترالیا هەیە. چەند حەفتەیەکی پێچوو تا ئیتاڵیا توانی بڕیاری کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان لە ماڵەکانی خۆیدا دا. هۆڵەنداو ئەڵمانیاو ئوسترالیا هێشتا نەیانتوانیوە بڕیاری داخستنی قوتابخانە سەرەتاییو ئامادەییەکان بدەن. ئەمەش وادەکات کە تا ئەوکاتەی بڕیارەکە دەدرێت کار لە کار بترازێو ڤایرۆسەکە بەتەواوی تەشەنە بکات. کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی توشبووانو زیادبوونی ژمارەی چاکبووەوان لە چین، سەرەڕای ئەوەی کە بێشکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوو، پشتڕاستی ئەو ئارگیۆمێنتەی سەرەوە دەکەنەوە کە جەختی لە گونجاوتربوونی سیستەمە دیکاتۆرییەکان کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس. هاوکات، بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە ئیتاڵیاو وڵاتانی دیکەی ئەوڕوپا بەهەمانشێوە پشتڕاستی ئەو ڕاستییە دەکەنەوە کە سیستەمە دیموکراتییەکان توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیان لە چین کە سیستەمێکی ئۆتۆریتاریی/دیکتاتۆرییە زۆر کەمترە.
ھێمن کەریم پرۆسەی خوێندن لە زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە راگیراوە، شەقامەكان چۆڵ و بازاڕەكان بێ جووڵەن، هەر مرۆڤێك كە دەكۆكێت تەواوی چاوی دونیا لەسەریەتی، سنوورەكان داخراون، هەر وڵاتەو سەرقاڵی مرۆڤەكانی خۆیەتی. ئەم دیمەنەی كە لەجیهاندا دەگوزەرێت، وێنەیەكە كە مرۆڤایەتی خستۆتە كەنارەوە، هەندێك دەڵین تۆڵەی سروشتە لە مرۆڤایەتی، هەندێكی دیكەش دەڵێن خودا دەیەوێت زەوی لە مرۆڤە پیسەكان پاكبكاتەوە،واتە هەركەسە و بەپێوەری خۆی دەیپێوێت. ئەم جەنگی ڤایرۆسە كە مرۆڤایەتی شڵەژاندووە، تەواوی مرۆڤایەتی خستۆتە گومانەوە، هەر مرۆڤەو هەوڵی مانەوەی لەژیاندا خراوەتە دەست خۆیەوە ، بەپێی ئەو رێنماییانەی كە رێكخراوی تەندروستیی جیهان WHO بڵاویان دەكاتەوە. تەواوی دونیا سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكە بۆ دەردێك كە تائێستا دیارنییە، هۆكار و سەرهەڵدانی راستەقینەی لەكوێ و كێ لێ بەرپرسە، هەرچی وڵاتانی دژبەیەكە لەسەر ئەم ڤایرۆسە (كۆرۆنا) یەكتر تۆمەتباردەكەن، تەنها و تەنها رێكخراوی تەندروستیی جیهان سەرقاڵی راستەقینەی بەدەستهێنانی دەرمانە بۆ ئەم دەردە. پرۆسەی تۆمەتباركردن لەگەشەدایە، هەرچی ئێرانە بێ جووڵەیە لەكایەی سیاسی، روسیا خەریكی وەڵامێكە بیداتە دونیا كە بڵێت: «ئەمریكا لەپشتی گەشەی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە»، چین وڵاتی یەكەم و لانكەی یەكەمی (ڤایرۆسی كۆرۆنا) دەیەوێت بەكڕینی پشكی كۆمپانیاكان خۆی بێنێتەوە مایە و هەرچی وڵاتانی عەرەبیشە هێندە دەردی سیاسییان زۆرە، سەریان نەپەرژاوەتە سەر ئەم دەردە نوێیەیان. سعودیە و ئێران ئەو دوو وڵاتەن كە هەمیشە دەنووكیان لەسەر یەكە، ئێستا لە جووڵە و لێدوانی دژبەیەك خراون. بەكورتی هەرچی دونیایە خەریكی دەردی خۆیەتی، كەچی عیراق ئەو وڵاتەی سنووری ناپارێزرێت، ڤایرۆسی كۆرونا سەرقاڵی نەكردووە، تائێستا شەڕی بەوەكالەتی پۆستی سەرۆك وەزیرانی رانەگرتووە. بەدبەختیی هاووڵاتیانی عیراق ئەوەیە لە وڵاتێكدا دەژین كە پشتی بە نەوتەكەی بەستووە، لەكاتێكدا ئەم ڤایرۆسە نرخی نەوتی هێناوەتە خوار نزیكەی 40 دۆلار، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەو وڵاتانەی پشتیان بە نەوت بەستووە، ئەم پەتای ڤایرۆسە هەستیارترین دۆخە بۆیان، بەچەشنێك وێنەدەكرێن ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی داراییان تەنها نەوتە، لەبەرامبەر ئەم ڤایرۆسەدا زۆر لاوازترن ، لەوڵاتێك كە دەستی كارو هەلی كاری تێدابێت. ئەوەی دەیبینین تائێستا هیچ پلانێك و نیازێك لەلایەن بەرپرسانی عیراقەوە نەخراوەتەڕوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەرنجامە ئابوورییەكانی ئەم ڤایرۆسە جیهانییەدا ، هەر هیچ نا بۆ ئەو مرۆڤانەی كە ئەم ڤایرۆسە تووشی بێكارییان دەكات. هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەو وڵاتانەی كە پشتی تەنها بە سەرچاوەی نەوت بەستووە، بەدەر لەوەی دامەزراوەكانی تەندروستی سەرقاڵی پارێزبەندیی و رێنماییەكانی خۆپاراستنن بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە ئەوە كارێكی هەرە لەپێشی هەموو وڵاتێكە، كەچی راگەیاندنەكەی هەر خەریكی مامۆستای ئاینییە تا شیكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ بكات و هێشتا بەشێكیان داوای نوێژی بەكۆمەڵ دەكەن، بەڵام كەسێك نییە لەڕووی ئابورییەوە قسەیەك بكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا چی بەسەر ئەو وڵاتانەدا هێناوە كە بێخەمن و جووڵەیان نەوەستاندووە، بەڵی بە هەرێمی كوردستان لەبری كەسی پسپۆڕ و شیكەرەوەی ئابووریی و سیاسی لەسەر باردودۆخەكە بدوێن، دێن و كەسانێك دەخەنە سەر شاشەكان كەهەر خەریكی پیاهەڵدان و گومان دروستكردنن لەسەر فڵان شارو لكاندنی سنوورەكانی بەم یان ئەو وڵاتی دراوسێوە، كە ئەم گومانە ئەگەری كاولكاریی تێدا دەكرێت، وەك ئەوەی بگوترێت لەئایندەدا دەبێـت كۆی فڵان شار داببڕێنریت لە عەقڵی سیاسی. ئەوەی گرنگە كە تەواوی میدیای كوردی دەبێت بەئاگاییەوە بیكات، وێناكردن و پیشاندانی ئەو ڤایرۆسەیە، كە وەك دەردێكی بێ دەرمان وایە بۆ كوردستان و دەبێت بەسادەیی وەك پەتایەكی ئاسایی پیشانی نەدات، ئەمە مانای وانییە كە دڵەڕاوكێ دروستبكرێت، بەڵكو بەو مانایەی كە هەرێمی كوردستان وڵاتێكە بەرگەی ئەو ڤایرۆسە دووسەرە ناگرێت و بەدەر لە مرۆڤەكانی ناوی، تەواوی بەرهەم و دەستكەوتەكانیشی دەخاتە ژێر دابڕانەوە.
سامانی وەستا بەكر مرۆڤ تاكە هەڵسوڕێنەور و بەكاربەری گەردوونە تاكو ئێستا كە زانست و گەردووناسەكان هیچی شتێكیان نەدۆزیوەتەوە هاوشێوەی مرۆڤ تەنانەت هیچ چۆرە بوونەوەرێكیش، هەر بۆیە مرۆڤ گرنگترین بوونەوەری هەسارەی زەوی و گەردوونیشە، بەبێ مرۆڤ گەردوون بەرهەمێكی بێ بەكاربەر ئەمێنێتەوە، كەواتە پارێزگاری كردن لە مرۆڤ و ژیانی و تەندروستی گرنگترین پێویستیەكانی ژیانە. بەهەر هۆكارێكبێ ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دوژمنێكی كوشندەو نەناسراو ئەبێتەوە، دوژمنێك نەبەچاو ئەبینرێ و بە بۆن و هەستیشی پێئەكرێ. كۆرۆنا یان كۆڤید ١٩ كە تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠٠ كەسی بەبێ دەنگی كوشتووە نابێ بەكەم تەماشاكرێ هەروەك چۆن ناشبێ لە خۆی زیاتر گەورەكرێ و خەڵكی پێ بترسێنرێ. ئەم پەتایە پەتایەكی وەرزی نیە تا شارەزای و لەبارەیەوە هەبێ بەڵكو هێندە نامۆیە تا ئێستا چارەسەرێك یان دژە كوتانێكیش بوونی نیە بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی، بەهەرحاڵ ئەمەیان بابەتی ئێمە نیە بەڵكو ئەوەی جێگەی تێڕامانە تیشكی ئەخەینە سەر. حكومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە چەند ڕێگایەكی گرۆتەبەر كە هەندێكیان زۆر باش گرنگن، وە هەندێكیشیان زیادەڕۆی تیا كراوە، وە هەندێك ڕێگای تریش هەن كە نەگیراوەتەبەر كە لەوانەیە ئەمەیان بەهۆی ناناسینی ڤایرۆسەكەوەبێ و وە لە كۆی دنیاشا جارێ هەروایە، بەڵام بەكۆی گشتی ئەوەی ئەبینرێ حكومەت لە هەوڵایە بۆ سنوردار كردنی ئەم پەتایە و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری. یاسا لە هەر وڵاتێك بۆ هەر كەسێك و بۆ هەر ئاینێك و هەر گروپێك جیاوازی ناكا و ئەبێ بەسەر هەموو لایەكا جێبەجێ بكرێ، بۆیە كاتێ حكومەت بڕیارێك دەرەكا گرنگە هەموو لایەك وەك خۆی جێبەجێبكات ئەگەرچێب تێبینیش لەسەری هەبێت بەڵام بۆ یاسا ئەوترێ (نفژ پم ناقش) واتە جێبەجێكە پاشان گفتوگۆیبكە. نەئەبوو هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە حكومەت كەمتەرخەمی بكات و ڕێگەبات كە هیچ لایەنێك جگە لە بڵاوكراوە ڕێنماییەكانی حكومەت هیچ بۆچوونێك و ڕێنماییەكی جیاواز بڵاوكاتەوە، تا نەبێتە هۆكاری دوو دڵی و دڵەڕاوكێی خەڵكی لەكاتێكا متمانە بوون بە دەسەڵات لای خەڵكی تا ئاستێكی باش لاوازە. ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوێستەیە ئەو فتوایە بوو كە "لیژنەی فەتوایی هەرێم" بڵاویكردەوە كە تەواو پێچەوانەی ڕێنماییەكانی كۆی دنیا بوون لە ناویشیانا ئەزهەر و دەسەتەی باڵای گەورە باڵایانی زانایانی سعودیە و دەسەڵاتدارانی ئێران كە تەمسیلی مەزهەبی شیعەی دنیا ئەكەن وە عەلی سستانی كە بەگەورە مەرجەعی شیعە دائەنرێ. تا ئێستا نەبینراوە هیچ كڵێسەیەك پێچەوانەی پاپا و فاتیكان ڕێنماییەك دەربكەن كە ببێتە هۆكاری دوو دڵی باوەڕداران. كۆی جیهان بە تەواوی ڕێكخراو حكومەت و دەزگا و ئاین و ئاینزا و دەزگا تەندروستییەكانەوە لەسەر ئەوە ئەوە كۆكن كە كۆڕ و كۆبوونەوە نەكرێ و دووركروتنەوە لە هەموو ئەو شوێنانەی ئەبێتە جێگایەك بۆ كۆبوونەوەی مرۆڤەكان لە ناویشیانا داخستنی كەعبە و ڕێگرتن لە چوون بۆ مزگەوتی پێغەمبەر (مسجد النبوی) كە بە یەكێك لە بەهەشتەكانی بەهەشت ناویهێنراوە، لەوەش گرنگتر ڕاگرتنی عەمرە كە ئەمەیان نەك درێژكراویەكی ئاینی هەیە بەڵكو ئەبێتە هۆكاری زەرەرێكی زۆر لە ئابوری سعودیەش، كەچی لیژنەی فەتوای هەرێم زۆر نابەرپرسانە داوا لە خەڵكی ئەكا بەردەوامبن لە چوون بۆ مزگەوت ولەناویشیانا نوێژی هەینی لە ئەبێتە هۆی كۆبوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كە دووریان لەیەك لە چەند سانتیمەرێك تێناپەڕێ، بە هۆكاری ئەوەی ناكرێ نوێژ و نزا و خوداپەرستی لەناو مزگەوتەكانا نەكرێ وەك ئەوەی خواوەند تەنها لەمزگەتا هەبێ! كە ئەكرێ ئەم فەتوا نابەرپرسانەیە ببێتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو خەڵكیا تا ئاستێك لە كۆنترۆڵ دەربچێ. "ولا تقتلوا أنفسكم إن الله كان بكم رحیما"، "ولا تلقوا بایدیكم الی تهلكە"، ئەمە دوو نمونە كە داوا لە مرۆڤەكان ئەكرێ خۆیان بپارێزن و خۆشیان نەخەتە هەڵدێر و ماندووبوونەوە، كە ئەمەش سەرچاویەكە بۆ شەریعە كە هەر خودی شەریعە بۆ خۆپارێزی هاتووە واتە خۆپاراستن لەهەر هۆكارێك مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ و ئازار بكاتەوە، ئیتر كە ئەمە شەریعەو دەقە ئاسمانیەكانبێ چۆن ئەكرێ لیژنەی فەتوا هانی خەڵكی بات بەوەی كە ئەگەر بەو ڤایرۆسە بمرن "شەهیدن"! (یا أیها الژین ێمنوا أگیعوا الله وأگیعوا الرسول وأولی اڵامر منكم) خۆ ئەگەر ئەوانە ئیماندرابن بەڕاستی ئەوا هەر بەپێی دەقە ئاسمانییەكان ئەبوو گوێڕایەڵی ڕێنمانییەكانی حكومەت بوونایە و چونكە گویڕایەڵی ئەوان بۆ فەرمانڕەوا بابەتێكی جیاوازترە و فەرمانیان پێكراوە كە ملكەچ و گوێڕایەڵبن. هەڵبەتە تا ئاستێك ناهەقی لیژنەی فەتوا ناگیرێ چونكە دیندارەكان وە بەتایبەتی موسوڵمانان زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە لێكدانەوە بۆ دەقە ئاسمانییەكان ئەكەن هەر كەسەو بەكەیفی خۆی بەبەری خۆیدا ئەیدورێ و لەوەش سەیرتر چەندین ئایەت بە چەندین لێكدانەوەی جیاوازەوە ئەدەن بەگوێی باوەڕدارانا. هەرچۆنێكبێت گرنگە حكومەت لێرەوە ڕژدتربێت لەسەر ئەوەی كە ڕێگە بە هیچ كەسێك نەدا دەست بخاتە كارەكانیەوە بە تایبەت لە بابەتێكی ئاوا هەستیارا كە گیانی هەزاران هاوڵاتی ئەخاتە مەترسییەوە، ئاخر ئەگەر هەر لە سەرەتایی دروست بوونیەوە دەستی حیزب و مەكتەب سیاسیەكان و خەڵكانی باڵا دەستی لە حكومەت دوورخستایەتەوە ئەوا ئێستا لیژنەی فەتواش ڕێگەی بەخۆی نەئەیا كە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی حكومەت شتێكیتری هەبێ بۆ ووتن. ئەوەی جێگای نیگەرانیە بە پلەی دووەم مێدیایە كە سەرەتا زۆر نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەیا ئەكرد بە خەڵك ترساندن، بەڵام هەرچەندە ئێستا تا ئاستێك بەرپرسانەتر مامەڵە ئەكەن بەڵام بەهەر هۆكارێكبێ هەندێ لەو مێدیایانە بەردەوامن لە هەندێ جۆری بڵاوكردنوەو ڕووماڵ كردن كە نابێ ڕێگەی پێبدرێ، جا لە ڕێگەی دەزگاكانی حكومەتەوەبێت یان لەڕێی ویژدان و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی ئەو دەزگا مێدیایانەوەبێ، خۆ ئەگەر لە دووەمیانەوەبێ زۆر باشترە.
ئازادکردنی هەولێر و یادێک لە شەهید خەجەباوە هیوا سەید سەلیم دوای راپەرینی ٥ی ئاداری شاری رانیە و دەوروبەری، دواتر ئازدکردنی شاری سلێمانی، بەعسیەکان زۆریان مەبەست بوو لە هەولێر خۆیان بگرنەوە، دەیانویست ئەو شارەیان لەدەست دەرنەچێت، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان هەولێر لە رووی سیاسیەوە بارەگای ئەنجوومەن کارتۆنیەکەی یاسادانان و جێبەجێکردن لێ بوو، وە لە رووی سەربازیەوە بارەگای فەیلەق و چەندین سەربازگەی گرنگی تێدابوو، وە لە رووی ئەمنیش ناوندێکی گرنگ بوو بۆ رژێمی بەعس. رۆژی ٦ مانگ بەعسیەکان لە زۆربەی گەڕەکەکان بنکەی خۆپارێزی کردەوە، خەڵکانێکیان بەناوی جەیشی شەعبی لێدامەزراند، هەموو ئەو کەسانەی پلەی حزبیان لەنێو حزبی بەعس هەبوو دەبوو پەیوەندی بەو ناوەندانە بکەن و چەك هەڵگرن. بەڵام دوو رۆژی پێنەچوو زۆربەی ئەو ناوەندانەیان لە گەڕەکەکان کێشایەوە بۆ دەوروبەری دائیرەی ئەمن و بارەگای پارێزگا و لە بینا بەرزەکانی ناوشار دایانمەزراندن. لەبەرامبەر هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە بەعسیەکان بۆ خۆقایمکردن لەنێو شاری هەولێر دەیانگرتە بەر، رۆژ بەرۆژ جەماوەر باشتر خۆی ساز دەکرد، ئێواران شەقامەکانی ناو بازاڕ بە تایبەت لە فولکەی چەپەکان تا کۆتری سەلام، ئەولاو ئەولای پڕدەبوو لە خەڵک، مقۆمقۆی نزیکبوونەوی هێزی پێشمەرگە دەنگوباسی گرنگی ناو خەڵکی بوو، ماکینەی پڕوپاگەندەی خەڵک ورەی وەبەر هێزەکانی رژێم نەهێشت بوو. تا دەهات حەماسەتی جەماوەر زیاتر دەبوو، نە راسپارەدکانی پێشمەرگە و لایەنەکانی بەرەی کوردستانی، وە نە ترس و رێوشوێنەکانی بەعسیەکان بۆ بەرگرتن بە ئازادکردنی هەولێر نەیانتوانی رێگا بە حەماسەتی خەڵک بگرن. رۆژی ٦ ئادار خۆنیشاندانەکەی ناو بازاڕی دەلالخانە کە چەند هاوڕێیکی شیوعی بەچەکەوە بەشداریان تێداکرد، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ بەعسیەکان، بەوەی ناتوانن بەر بە تەقینەوەی ناڕەزایەکانی خەڵک لە شاری هەولێر بگرن. ئێوارەی ١٠ مانگ وەک وەلامێک بۆ بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی بەعسیەکان، لە نزیک گۆڕستانی گەڕەکی باداوە، ژمارەیەک گەنجی رێکخراو بە مەبەستی هەڵکوتانە سەر یەکێک لەو بنکانەی جەیشی شەعبی کە نزیک لەو شوێنەبوو گردبوونەوە، لەوێش بە کوژرانی چەکدارێکی بەعسی، پلانەکە ئاشکرا بوو، ئەو رۆژەش بەو چالاکیە پەیام بە بەعسیەکان دەدرێت کە هەولێر چاوەڕوانی رۆژی خۆی دەکات. رۆژی ١٠ مانگ لە هەولێر بریاری قەدەغەی هاتووچۆ بۆ بەعسیەکان نەچووە سەر، ئەوان مەبەستیان بوو لە رۆژی قەدەغەی هاتووچۆ ئاڵوگۆڕ بە هیزەکانیان بکەن، کە کردیشیان، هەرچی چەکداری هەولێڕ بوو گواستیانەوە بۆ بادینان، جاش و چەکداری بادینایان بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی خۆیان هێنایە شاری هەولێر. ١١ ئادار رۆژی حسابی یەکجارەکی هەولێریەکان بوو لەگەڵ بەعسیەکان، بەرەبەیانی زوو ئەوانەی ئاگاداری پلانەکە بوون، دەبوو لە کاتژمێر شەشی بەیانی بچنە جێ ژوانی خۆیان، زۆری نەبرد بانگی ئازادی لەسەرجەم گەڕەکەکان رادێرا( راپەڕینە – راپەڕینە). جێ ژوانی شەهیدبوونی خەجەباوە، نزیک دائیرەی ئەمن بوو، کە ئێستا بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانە، وەک شایەدیەک بۆ مێژوو دەینووسم : ئەگەڕ شەهید خەجە باوە نەبایە ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەو شوێنە شەهید دەبوون، ئەوان وایان زانی دۆشکای سەر پرسگەی دائیرەی ئەمن لە بەرگری کەوتووە، ویستیان هەڵبکوتنە سەر ئەو شوێنە، لەگەڵ هاواری شەهید خەجە، ( لە شەقامی سینەما سەڵاحەدین لە بەرامبەر بارەگای ئێستای کونسڵیەی فەڕەنسی) هەمووان هوشیاربوونەوە و ناچار بوون رێڕەوی خۆیان بگۆڕن. شەهید خەجە باوە، تەنیا هێمای راپەڕینی ئازادکردنی هەولێر نیە، بگرە ئەگەر خوێنی ئەو نەبایە ئێستا زۆرێکی وەک ئێمە ناومان لە لیستی شەهیدانی ١١ ئاداری ١٩٩١ شاری هەولیر دەبوو. دوای نیوەڕۆ تەواوی شار ئازادکرا و شکست بە پلانی بەعسیەکان بۆ ریگری لە راپەڕینی هەولێر هێنرا، بەڵام بۆ چەواشەکردنی خەلک و رێگری لە پێشڕەوی خۆپیشاندان رادیۆی بەغدا دەیووت: ( شعبنا الکردي في المنطقة الحكم الذاتي يحتفل بالمناسبة 11 اذار)
ئەبوکاروان لای ھەمووان ئاشکرایە و ئەوەی لەسیاسەتدا کاری کردبێت و مێژووی خۆیندبێتەوە باش دەزانێ کە دەوڵەتی عێراقی چۆن دامەزرا، ئهوهش دهزانرێ کە کوردستان چۆن دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتی دەورووبەردا، دوور لەخواستی خۆی لکێنراوە بەو دەوڵەتانەوە، ئهو دابهشكارییهش له دهرئهنجامی خواست و بەرنامەی ئیمپریالیزمی ئهوكاتە بوو. تا ئەمڕۆکەش ھەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی ھەریەکێک لەو بەشانەی کوردستان(باشوور ، باکوور، ڕۆژھەڵات، ڕۆژئاوا)تایبەتمەندی خۆیان ھەیە لە ڕوئیاو کارکردن و داخوازییەکانیان لەگەڵ ھەریەکێک لەو دەوڵەتانەی پێیەوەلکێنراون(عێراق ، سوریا، ئێران، توركیا). مامەڵەکردنی ئەو دەوڵەتە ناوەندییانە لە دەوڵەتێکەوە بۆ ئەوی تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر ، دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی وەکو یەک نین، کرداروو ڕەفتاریان جیاوازن لەھەمبەر پرسی کوردو مافەڕەواکانی گەلی کوردستان . من لێرەدا دەمەوێ لە باشورەوە و لە دهوڵهتی عێراقهوه دەست پێبکەم و بپرسم ئایا کێشە و گرفتەکان و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە کوردستان تەنھا پەیوەندی بە ئەشکالیەتی دەوڵەتی عێراقەوە هه یه؟ ئایا پەیوەندی بەنەتەوەی سەردەست و بن دەستەوە ھەیە؟ ئایا دەسەڵاتی حوکمڕانی لە دەسەڵاتی حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر، لە سەرۆکێکەوە بۆ ئەویتر جیاوازییان نەبووە و نییە لە عێراقدا؟ ئایا کورد بەتەواوی لە ههموو قۆناغەکاندا بەیەک ئاڕاستە مامەڵەی لەگەڵ كراوەو فهرامۆش كراوه و بەشدار نهبووه له حوكمڕانی و وەرگرتنی پلەو پۆستی گرنگ؟ ئایا بەپێی بەش بەشێنە کاریانکردوە لەگەڵ کورد؟ ئایا حزبە کوردستانییەکان و سەرکردەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان چەند بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆییە و کاریگەری نەگەتیڤ یان ھەبووە لە ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە و نەگەیشتن بەڕێککەوتن و چارەسەر؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و گەڕانەوە بۆ مێژوو گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغەکانی و کێشەو گرفتەکانی ڕابردوو دەمەوێ ڕاوبۆچونەکانم بهم شێوهیەی لای خوارهوه بخهمهڕوو: لە حوکمی مەلەکیەددا کە ئێمەی شیوعییەکان دوژمنی سەرسەختی بووین لەبەر ئەوەی دهستكهلای بریتانیا بوون و ھاوکاری داگیرکەر بوون، بەڵام سهرهڕای ئهوهش چەندین پلە و پۆستی باڵاو کاریگەر (سهرۆک وەزیران، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری ... ھتد)بە دەستی کوردەوە بووه دوور لە بەش بەشێنەی تایفیی و نەتەوەیی و حزبیی کە ئێستا له عێراقدا پەیڕەو دەکرێ، ئەو کەسایەتیانەش کە بەر پرسیارێتیان ھەبووە لە دەسەڵاتی مەلەکیدا کەسیش بەخیانەتکار لە قەڵەمی نەداون تەنھا حزبی شیوعیی نەبێت کە چەند کەسێکی دیاریکراویان بە خیانەتکار دەستنیشانیکردون، بە پێچەوانەی حزبە نەتەوەییەکان و بەشێکی زۆری سیاسەتمەدار و مێژووناسانی کورد کە وەک ڕەمزو کەسایەتی خەباتگێڕ و ناوزەندیان کردوون. کاتێک شۆڕشی چواردەی تەمووز بەرپابوو ، سیستهمی كۆماری دامهزرا، حکومەتی ئەو کاتە دەرگای پێشووازییان لەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (بارزانی) یادی بەخێر کردەوە، کە ساڵانێک لە یەکێتی سۆڤیەت ئاوارە بوو، لەکاتی گەڕانەوەیدا لە بەسرەوە تاکو زاخۆ سەدان ھەزار کەس لە عهرهب و کورد و تورکمان و کلدو ئاشورو سابیئەی مەندائی بەشداری ئاھەنگ و خۆپیشاندانی پشتگیری یانکرد لەگەڕانەوەی بارزانی کە حزبی شیوعی و لایەنگرانی قاسم سەرپەرشتیان دەکرد، ئەرێ ئەو کاتەیش دەوڵەت دەوڵەتی عێراق نهبوو؟، نەتەوەی عەرەب نەتەوەی زۆرینه نەبوو؟ کەچی دەبینرا ئازادییەکان بۆ ھەمووان فەراھم کرابوو، ئەمن و ئاسایش بۆ ھەمووان لە بەسرەو بۆ زاخۆ بەبێ جیاوازی دابین کرابوو، بەڵام دەبێ ئەویشمان لەبیر نەچێ لە بەرامبەر ئەو پشتگیری یەو دیاریکردنی شەریکایەتی کوردو عه ره ب له دەستوردا و یاسای چاكسازی کشتوکاڵی، ھەڵگەڕانەوەی چەکداری لە کوردستان ڕوویداو کۆمەڵێ کاری تێکدەرانە ئەنجامدرا، دواتریش بزوتنەوەی کوردایەتی پشتگیری خۆیان بۆ ئاغاو دەربەگەکان کە زەرەرمەند بوون لە یاسای چاکسازی ڕاگەیاندو دواتریش ناوی لێنرا شۆڕش ، خودی سەرکردەکانی ئەو شۆڕشە لەو بارەیەوە چەندین نووسین و بەڵگەنامەیان لەو ڕووەوە خستۆتە ڕوو، كه تێدا تێبینی و سهرنجی جدی یان ھەبووە لەسهر بەرپاکردنی . لە دوای ئەوەی شەڕ بەرپابوو لە نێوان قاسم و ئەم بزوتنەوەییە، بەسەرپەرشتی حزبی شیوعی و کەسانی ئازادیخواز ھەزاران كەس هاتنه سەرجاده له بەغداو پارێزگاکان(زۆربەی زۆریان لە نەتەوەی عهرەب بوون) دژی ھێرشەکانی حكومەتی عێراق وەستانەوه به دروشمی (ئاشتی بۆ كوردستان) دهیان خۆپیشاندانییان ئەنجامدا، كه واتا نە ئەشکالیەتی دەوڵەت و نەشەڕی کورد و عەرەب بوو . لێرەدا گەر دەمانەوێ کێشەی ئەم ساڵانەی ڕابردوو لەگەڵ بەغدا ببەستینەوە تەنھا بە نەبوونی دەوڵەت لە کاتێکدا کوردو سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداری کاریگەریان ھەبوەو ھەیە لە عێراقی ئە مڕۆدا، ئەوا توشی ھەڵەی کوشندە دەبین لە شرۆڤە و بیرکردنەوەماندا، خۆ ئەگەریش سەر چاوەی ئەو بۆچونانەمان دەستووری عێراق بێت کە لایەنی کوردستانی بەشداری کاریگەریان ھەبوو لە داڕشتن و بڕیاردان و دەنگدان لە سەری ، ئەوا دیسان دەکەوینە ھەڵەوە چونکە ئەو دەستورە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ و دەیان بەرکەوتن و ناکۆکی تێدایە، جگە لەوەی زیاتر لە پەنجا ماددەی پێویستی بەوە ھەیە بە یاسا ڕێکبخرێت، ئهو دەستورە ھەر لایەنێک بۆ خۆی و لەخزمەتی خۆی تفسیری بۆ دەکات، نمونەش زۆرە کە ھەردوو لایەنی ناکۆک (ههرێم و بەغدا) لەیەکێک لە قۆناغەکاندا بۆ بەرژەوەندییان خۆیان لێكدانەوەیان بۆ کردوە ، لەوانە کاتێک ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستھێناو ناوچە کوردستانییەکانیان کۆنترۆڵکرد سەرکردەکانی ھەرێم لێدوانیان دەدا کە ماددەی (١٤٠)ی دەستور جێبەجێکرا لە کاتێکدا باش دەیانزانی و ئاگاداربوون کەتەنھا بە ڕزگارکردنی ناوچەکە ئەو ماددەیە جێبەجێ ناکرێت و جێبەجێکردنی پەیوەستە بە قۆناغەکانی(ئاسایکردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی)، ھەر بەھەمان شێوە دەسەڵاتی بەغدا بەپشت بەستن بە دەستورو لەوەڵامدانەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا ھێرشی ستهمكارانهیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و لە بەرنامەیاندا بوو کە ھەموو کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن ئەگەر ھەندێ ھۆکاری نێودەوڵەتی و ناوخۆی ڕێگر نەبوایە ، ئەرێ ئێمە بەرپرس نین کە ساڵانیک کەرکوک و خانەقین و ئەو ناوچانە تێکۆشانی بۆ دەکەین و دەستبەرداری بووین و خستمانە بەر ڕەحمەتی دەستورو قایل بووین لەڕیگای ماددەی (١٤٠) وه چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە بکەین وگومانمان بۆ کوردستانییەتی ئەو ناوچانە دروستکرد؟. بەڵی و بە بۆچونی من، سازان (تەوافق )نێوان ھەرێم و بە غدا بەردەوامە و پێویستە واقعیانه بۆ چوونەکانمان دەربڕین، گەر نەماوەو بە زۆرینە و کەمینە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، چوون لایەنی کوردستانی بە پەنجا و ھەشت پەرلەمانتار دەبینە خاوەنی سەرکۆمار؟ ـ جێگری سەرۆکی پەرلەمان؟ و وەزیر ... ھتد. له کۆتاییدا دەڵیم پێویستە وەک گەلی کوردستان و ئێمەی شیوعییەكانیش سەرچاوەی بیرکردنەوەمان مرۆڤ دۆستانە بێت و لە چەمکی ھاوڵاتی بوون و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سۆشیالێزمەوە سەرچاوە بگرێت ، چەوسانەوە ھەر چەوسانەوەییە گەر ھەر دەوڵەت و نەتەوەییەک بێکات عەرەب بێت فارسی یان تورک یان کورد بێت ھەر چەوسانەوەیە ، باشترە ئەوەشمان لە بیرنەچێت لە قۆناغی شیوعییەتدا دەوڵەت نامێنێ و ھەموو مروڤەکان یەکسان دەبن ، کەواتا ئەشکالیەت ئە شکالیەتی دەوڵەت نابێت و حوکمڕانی و شێوازی بیرکردنەوە سەرچاوەی کێشەکانە.
رێبوار کەریم وەلی رەنگبێ باسکردن لە رابردوو، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە دەرفەتێک لە ئارادا بووبێت و تازە ئیتر نەگەڕێتەوە، تەنھا لە دووتوێی دەرس وەرگرتن و ئەزمووندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ھێشتا بوار مابێت و لە چوارچێوەی سیاسەتیشدا بێت، ئەوا ھێندەش بێھودە نابێت. بۆ زۆرکەس تاوەکو ئێستاش نامەعلومە کە بۆ لەپڕڕا نێوانی (دۆستانە) سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە 2012 تێکچوو. ئەگەرچی پێشتر و دوای واژۆ کردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق، سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و، جێگیرکردنی ھێزەکانی دیجلە لەو ناوچانەی کە لە سنووری ماددەی 140 دا بوون، بە بڕیارێکی تاکلایەنەی مالیکی لێکدرایەوە و سەرۆک بارزانی بە تووندی رووبەڕووی بووەوە و لە دوای ئەویش ھەوڵەکان بۆ لابردنی مالیکی دەستی پێکرد، بەڵام لە راستیدا ئەو بابەتە بەو رادەیە نەبوو کە بگاتە ئاستی ئەوەی کە بەغدا بودجە و مووچە لە ھەرێمی کوردستان ببڕێت و پەیوەندیی نێوان بارزانی و مالیکی وا خراپ بێت. عەڕابی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییە تاڵەبانی بوو. مالیکی وەک سەرۆکوەزیرانێکی موقتەدیر کە ئەمریکا و دەوروبەریش پشتیوانییان دەکرد، میلیشیاکانی سەدر و بەدری کلک و گوێ کردبوو، تاڵەبانیش دەبوو بۆ دەرچوون لە رۆڵە تەشریفاتییەکەی دەرچەیەک بدۆزرێتەوە. * تاڵەبانی وەکو ھەمیشە، بە شەخسی خۆی سەرپەرشتیی ھەوڵی لادانی نووری مالیکی کرد، ئەڵبەتە نەیدەویست ئەویش بە دەردی ئیبراهیم جەعفەری بچێت. نامە و نامەکاری لە بناگوێی نووری مالیکی لەنێوان نەیارانی مالیکی (بە شیعە و سوننەوە) لەگەڵ بارزانی دەستی پێکرد. مالیکیش گوێی لە ھەموو شتێک بوو، خۆی بێدەنگ کردبوو. لە سوننەوە دەستیپێکرد و دەرپەڕاندن بۆ کوردستان، لەوەشیاندا تاڵەبانی رێگەی پیرمامی بۆ دەرپەڕیوەکان وەسف دەکرد! ئینجا لەکاتێکدا لە دووکان سەرپەرشتیی گەورەترین کۆبوونەوەی دەکرد بۆ لادانی مالیکی، لە ژێرەوە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی دەنووسی و لە میدیاش دەیگوت بەدیلی مالیکی ھەر مالیکییە! * سەرۆککۆمار قەت مەبەستی نەبوو مالیکی لا بدرێت، دەیویست لە رێگەی بارزانییەوە کەمێک مالیکی عەیار بدات و، ھەیبەت و شکۆی جاران بۆ پۆستەکەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئیتر کار لەکار ترازا. ئەبویوسرا وا بە ئاسانی عەیار نەدرا! مالیکی سەرەڕۆتر، کورد سەرکز و تاڵەبانیش بێدەسەڵاتتر بوو. بە نەخۆش کەوتنی تاڵەبانیش ئیتر گەمەکە کۆتایی ھات و ھەرکەسەو لە ماڵی خۆی دانیشت. * لەناو شیعەدا، مالیکی تاکە سەرکردەیە کە لانیکەم لە دۆستایەتی و دوژمنایەتیدا، سەرڕاستە. عەبادی کە دوای مالیکی ھات دەبوایە ھەر بۆ چەند مانگێکیش بێت بودجەی کوردستان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەویش نەیکرد. کەواتە کورد لە غیابی دۆستەکانی لە بەغدا، دەبێ بیر لە جێگرەوەی دیکە بکاتەوە. مالیکی تاقیکراوەیە و کەسایەتییەکی لاواز نییە کە کەس بتوانێ لەدژی ھەولێر و سلێمانی بەکاری بێنێت. بۆ ئەم قۆناخە راگوزەرە کە کوردستان پێویستیی بە کەسێکی سەرڕاست ھەیە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی وەک بودجە، نەوت و غاز، پێشمەرگە و زۆر بابەتی دیکە، لانیکەم تاوەکو ھەڵبژاردنی داھاتوو سەقامگیرییەک دێتە ئاراوە. مالیکی ئەگەر دڵنیابێت لەوەی کورد و سوننە لەو ململانێیەدا پشتیوانی دەکەن، سڵ لەوە ناکاتەوە کە بێتەوە پێش و گۆڕەپانەکە بۆ ئانارشیستێکی وەکو سەدر چۆڵ ناکات. * ئەگەر ھیچ مەجالێک بۆ درێژەدانی عەبدولمەھدی لە پۆستەکەیدا مابێت، ئەوە باشە، ئەگەرنا ھاتنەوەی مالیکی دەرفەتێکە کە جارێکی دیکە کورد رێگە نەدات، شیعەی ئێرانی و پەروەردەکراوی بەریتانی (کە وا دەکات ئەمریکا پشتیان بگرێت) حوکمی بەغدایان لەدەستدا بێت. مالیکی لەسەردەمی خۆیدا زۆر ھەڵەی بەرامبەر کورد کرد و پێیشی کرا، بەڵام ئەویش رەنگبێ ئێستا دەرسی لە رابردوو وەرگرتبێت. مادام کورد ڤیتۆی لەسەر کەس نییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، دەبێ دەرگای بەسەر ھاوپەیمانیی نوێ واڵا بێت و ھەموو ھێلکەکانیش نەخەنە ناو سەبەتەی سوننەوە. RUDAW
سەركۆ عوسمان دوای بڵاو بونەوەی ئەو گرتە ڤیدیویەی كە بەڕێزتان دۆشداماون لە چاوەڕوانی كردن و ڕێگە پێدانتان تا چاوتان بە سەرۆك پۆتین بكەوێت دەری خست كە ئیتر هەقە جەنابت و گەلەكەشت بكەونە فورمات كردنی مێشكی خۆتان و گۆڕینی بۆچونە دوژمانكارەكانتان و ڕق وكینەكانتان بەرامبەر بە میللەتی كورد بەتەواوی بسڕنەوە لاپەڕەیەكی نوێ بۆ پەیەوەندی خۆتان و گەلانی تر هەڵبژێرن . هۆكاری ئەو ڕیسوایەی بەسەرتان هات دەستبردنتانە بۆ هەموو لایەك تابتوانن زەرەر و زیان بگەێنن بە میلەتێكی هەق خوراو كە داواكارە لە ماڵی خۆی بە ئاشتی بژیی بێ ئەوەی دەستدرێژی لە خاك و مافی كەس كردبێت، میللەتێك خوازیاری ئاشتی و ئاسایشە بۆ خۆی و دراوسیكانی ، ڕێزی بۆ هەممو گەلانی دەوروپشتی هەبووە لەسەر یاسای مافی ڕێزگرتنی یەكتر ، میللەتێك مافەكانی لێ زەوتكراوە لە لایەن مێشكێكی وەكو جەنابتانەوە خۆ ئەگەر وا نەبن ئەو میللەتە دەستی ئاشتی وپێكەوە ژیانی زۆر دەمێكە ڕاكێشاوە بۆ ئێوەو عەرەب و فارسیش وە هەرگیس سوكایەتی و ڕیسواكردنی هیچ ئینسانێك و گەلێكی لا پەسند نەبووە جا ئیتر نازانم ئەو هەموو ڕیسوایە بەسەر خۆتان دەهێنن لە پای چی ؟! ئەو هەموو سوكایەتی كردنە قبوڵ دەكەن بەرامبەر بەچی !؟ بەرامبەڕ قڕكردن و كوشتنی بڕینی گەلێك كە بەدرێژای مێژوو غەدری دراوسێ و و غەدری مێشكی وشكی نەژادپەرستی وەك جەنابتان ڕێگەی پێ نەداوە خاوەنی وڵاتی خۆی بێت ، بەڵام خۆڕاگری و ڕۆحی بەرخۆدانی بۆ ژیان بۆ ئاشتی بۆ برایەتی گەلان چۆكی پێ دانەیاوە و هەر ماوەتەوە لە سەر خاكی خۆی بۆتە سومبلی داكۆكی و پاراستنی گەلانیش ، لەبەر ئەوە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە فوڕماتی مێشكتان بكەنەوە ئەو ڕق وكینەیە بەلاوە بنێن و دەستی برایەتی و پێكەوە ژیان هەڵبژێرن و تا چیتر دوچاری سوكایەتی و ڕیسوا بون و شەرمەزاری تر نەبنەوە.
🔹 سەردار عەزیز لە ئێستادا لە دونیادا نرخی نەوت بە شێوەیەکی زۆر خێرا و دراماتیکی دابەزیوە. ئەمە چەند هۆکارێكی هەیە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێئەدەین. یەکەم، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەکاربردنی نەوت لە دونیادا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. وڵاتانی ئۆپێک پلەس کە بریتیین لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک لە گەڵ ڕوسیادا. وڵاتانی ئۆپێک بریتین لە جەزائیر، ئەنگۆلا، کۆنگۆ، گینیا، گابۆن، سعودییە، ئیمارات، عێراق، کوێت، نایجیرییا. ئایدیای ئۆپێک وەک کارتێڵێک ئەوەیە کە بتوانێت بڕ و نرخ کۆنترۆڵ بکات. چونکە نرخ پەیوەستە بە بڕەوە، ئەوا ئەگەر بتوانیت بڕ کۆنتۆڵ بکەیت نرخیش بە پێی بازاڕ کۆنترۆڵ دەکەیت. ئەمە بە لە بەرچاوگرتنی هەبونی نەوتیش لە دەرەوەی وڵاتانی ئۆپیک، لە سەروی هەمویانەوە ئەمریکا. دووەم، ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی ڕابوردوو، وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، کۆبونەوە و بڕیار وەهابوو کە بڕی سێ ملیون و شەسەت هەزار بەرمیل لە بازاڕدا کەمبکەنەوە. داوا کرا لە ڕوسیا، لە زیاتر لە دە ملیون بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، بری ملیون و نیوێک بەرمیل کەم بکاتەوە، بەڵام ڕوسەکان بەمە ڕازی نەبوون. سێ، چەندین هۆکار لە ئارادان کە بۆچی ئۆپیک پڵەس لە ڕێساکانی لایاندا. بە پێی ڕێساکان، دەبوو ئەگەر وڵاتێکش ناتوانێت یان نایەوێت لە ئێستادا بڕ کەمبکاتەوە، ئەوانیتر، بڕەکە کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی نرخ دانەبەزێت و شەڕی نرخ نەیەتە ئاراوە. بەڵام ئەمجارە، بە هۆی بونی کەسایەتییەکی نوێ لە سیاسەتی سعودی، محمد بن سەلمان، کە بەوە ناسراوە کە حەزی لە نمایشی دەسەڵات و سەرکێشییە، بە ئاراستەی پێچەوانەدا چوو. ڕوسەکانیش ئەوەیان پێ قبوڵ نیە کە کەڵەگاییان بە سەرەوە بکرێت. بۆیە ڕوسەکان ووتیان لە مانگی چوارەوە هەرکەس بە ئارەزوی خۆی بڕی خۆی بەرهەم بهێنێت. لە بەرامبەر ئەمەدا سعودییەکان دەیانەوێت نرخ وەها لێبکەن کە ڕوسەکان نەتوانن بەرگەی بگرن و ناچارییان بکەن بێنەوە سەر مێزی دانوستان. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێت سعودییەکان سیاسەتی دانوستانیان بگۆڕن. ئێستا بە عەقڵیەتی قبوڵی بکە یان وازی لێبهێنە کار دەکەن، کە بۆ ڕوسەکان قابیلی قبوڵ نیە. چوارهەم، ڕوسەکان تەنها لە مامەڵەی سعودییەکان قەڵس نین، بەڵکو لە هەمانکاتدا لەوە بێزارن کە دەڵێن کاتێک ئەوان بری نەوتیان کەم دەکەنەوە دەستوبرد کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕەکە پڕ دەکەنەوە. نەوتی ئەمریکی نەوتی بەردینە، شێڵ. سروشتی ئەم نەوتە وەهایە کە تێچونی زۆرە، بۆیە بە نرخی کەم ناچارە لە بازار بکشێتەوە یان ئیفلاس بکات. ڕوسەکان بە هیوان ئەمریکیەکان ئیفلاس بکەن. بەڵام شارەزایانی بازاڕ ئاماژە بە ئەوە ئەدەن ئەمە کاتێک دەبێت کە ٢٠٢٠ کۆتایی پێبێت، ئەمەش ئەستەمە ڕوسیا بتوانێت بەرگەی بگرێت. پێنجەهەم، گەرچی بۆ ئەمریکا، بە تایبەتی بۆ دەنگدەری ترەمپ وەها باشە کە نرخی نەوت کەم بێتەوە. دەنگدەرانی ترەمپ بە ئاستێکی زۆر دژ بە ئۆپێکن. بەڵام لە درێژخایەندا لە دوو ئاستدا زیان بە ئیدارەی ترەمپ دەگەیەنێت، یەکەم دابەزینی نرخی نەوت دەبێت هۆی دابەزینی بەهای زۆر لە کاڵاو ئاماژە ئابورییەکانی تر. لە هەمانکاتدا نزیکەی دە ملیون کەس بێکار دەبن بە تایبەتی لە ولایەتی تەکساس و دێکۆتای باکور. شەشەم، نرخی نەوت ڕێسا و مێژووی خۆی هەیە. لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت، بڕی نەوت زۆر بەکاردەبرێت هەروەها لە ماوەیەکی دیاریکراودا، زۆر بەرهەمهێن ناتوانن بەرهەم بهێنن، وەک نەوتی بن دەریا، نەوتی لماوی، نەوتی بەردین لە ئەنجامدا بڕی نەوت کەم دەکات و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە. بەڵام ئەمە پێویستی بەوە هەیە وڵاتانی نەوتفرۆش بتوانن بەرگەی نزمی نرخ بگرن بۆ پڕکردنەوەی بودجەیان. حەوتەم، ئایا وڵاتانی نەوتی دەتوانن چی بکەن؟ وەک باوە زۆربەی وڵاتانی نەوتی لە کاتی قەیران قەرز دەکەن بۆ پڕکردنەوەی کەمی داهاتیان. لە هەمانکاتدا وڵاتان ناچارن ئۆستریتی یان تەقەشوف بکەن، بە تایبەتی لە بوارە ناپێویستەکاندا. بەڵام چارەسەری درێژخایەن ئەوەیە کە داهاتی نەوت لە دەرەوەی داهاتی نانەوتی بێت. داهاتی نەوت بۆ دروستکردنی بواری نانەوتی بێت، ئەگینا وڵات هەمیشە لە هەڵبەز و دابەزدا دەبێت. هەشتەم، هەریـی کوردستان لە وڵاتانی تر لاوازترە بۆ مامەڵە لە گەڵ یاری و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، چونکە بە ئاسانی ناتوانێت قەرز بکات. گەر قەرزیش بکات توانای بژاردنەوەی نیە، بۆیە زۆت لە سەری دەکەوێت. هەرێم دەبێت بیر لە سیستەمی ئابوری بکاتەوە کە نیەتی ، بیر لە سیستەمی دارایی بکاتەوە، لە سیستەمی باج، لە چۆنێتی سوڕانەوەی دراو، لە وەبەرهێنان و دروستکردنی کار.
حلمی رەسول رەزا ژینگهی كوردستان جۆرێك له باریی بۆ هەندێ جوڵە دروست بوه، و ورده ورده ئاماژهكانی تاك دهسهڵاتی و یهك جهمسهری تێدا دهردهكهوێ، لەناو ئەو تاک جەمسەریەشدا دەسەڵاتی بنەماڵەیەک بەرادەیەک خۆدەنوێنێت کەههموو جومگهكانی دەسەڵاتدارێتی وەک دەسەڵاتی ناوحزب لێبکات و له دهستی خۆیدا مۆڵی بکات. بۆیه هەرکەس و لایەنێک لەسەر ئەم سیاسەتە قسەیەکی پێچەوانەی هەبێت، دەچێته ناو زائیدەکەو دەستی لێناپارێزرێت کە له چركهیهكدا بکرێت به خائین و گەر پێویستیش بکات لە وەرچەرخانێکدا بەقودرەتی قادر خائین دەبێتە پاڵهوانی نیشتمان پەروەرو شەریک. دیاره ئەوەی تارادەیەک تائێستا له گۆرهپانهكاندا حزورێکی دیاری و کاریگەری هەبێت و نهچوبێته ژێر ئهو بارهوه، ئەوە دكتۆر بهرههم ساڵحهو له چهند قۆناغێكدا زۆر بهباشی توانیویهتی خۆی لهو تهبهعیهته بپارێزێ و نهبێته پاشكۆی ئەو سیاسەتە، بۆیە ئهوهی ئێستا زیاتر زومی میدیای پارتی چوەتە سەر هەر ئەوە. هۆكاری ئهمهش بۆ چهند خاڵێكی سهرهكی دهگهڕێتهوه: یهكهمیان: ئهوهی زۆر پارتی نیگهران كردو ناتوانێ ئهو گرێ دهرونیه تێپهڕێنێ، بونه سهرۆك كۆماری دكتۆر بهرههم بوو بهبێ موبارهكهی بارزانی، و ئهو تابۆیەکی تێكشكاند كه چهندین ساڵ بوو كهس توخنی نهدهكهوت، ههرچهنده له راستیدا دهبوو پارتی وهك دهسكهوتێكی دیموكراسی رهفتاری لهگهڵ بكردایه، بهڵام نهیكرد و ناشتوانێت لە بیرخۆی بەرێتەوە. دووهم: دكتۆر بهرههم ساڵح به هیچ شێوهیهك ههوڵی ئهوهی نهداوه كاری بازرگانی و لینك لهگهڵ پارتیدا دروست بكات، چونكه سیاسهتی پارتی لهسهر ئهو بنهمایه بنیادكراوه له رێگهی دهستهمۆ كردنی تاكهكانهوه دهست بهسهر سیاسهتی حزبهكاندا بگرێ و ئهو ئاینده و ئاراستەی سیاسیان بۆ دیاری بكات. پارتی لەگەڵ زۆربەی حزبەکان ئەم هەنگاوەی پەیڕەو کردوەو تارادەیەک سەرکەوتوش بووە، بەڵام لەگەڵ دکتۆر بەرهەم نەیتوانیوە سەرکەوتو بێت. سێیهم: له پێش گرێدانی كۆنگرهی یهكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی چاوهڕوانی ئهوهی دهكرد دكتۆر بهرههم داوای جۆرێك له یارمهتی لێبكات بۆ ئهوهی به حسابی خۆیان بهجۆرێك له ئۆكهی ئهوان سهرۆكی یهكێتی بهدهست بهێنێ، بەتایبەتی کە دەزانرا پارتی گرفتی هەبوو لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی، بەڵام دکتۆر ئەوەی رەتکردەوە بە ئۆکەی پارتی بەشداری کۆنگرەی یەکێتی بکات و پۆست وەربگرێت. چوارهم: له ڕهتكردنهوهی راسپاردنی عهیدانیدا، سهرۆك كۆمار وهك خۆی ناوبراوی رهتكردهوه بەهۆی رەتکردنەوەی لەلایەن شەقامەوە، بهبێ ئهوهی هیچ پرس و ڕایهك به كهس بكات و چاوهڕوانی پەیام بێت. پێنجەم: لهلایهكی ترهوه، سهردانه خێرا و له ڕادهبهدهرهكانی بۆ دهرهوهی وڵات و گرنگی پێدانی و وڵاتان لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی و ههرێمایهتی وای كرد پارتی وا تێبگات ئهمه له پێگهی ئهوان كهمدهكاتهوه، و بۆچونیشی وابوو دكتۆر بهرههم نوێنهرایهتی دهنگێكی تهواو جیاواز دهكات، بۆیە جگەلەوەی پارتی توانای خۆی بەکار هێنا تا لە گرنگیی سەردانەکان کەم بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوونەبوو بۆیە ئەمەی وەک هەرەشەیەک لەسەر هەژمون و باڵادەستی خۆی زانی. شەشەم: سهبارهت به دیاریكردنی محمد تۆفیق عهلاوی بۆ پێكهێنانی حكومهت، ئهو وهك سهرۆك كۆمار و بهگوێرهی دهستور ئەوی راسپاردوە، عەلاوی پێشتر بەرێککەوتنی عامری و موقتەدا سەدروبارزانی کاندید کراوە، بهڵام پاش ئهوهی لهبهرهۆكاری دورخستنەوەی وەزیرەکانی بارهگای بارزانی دۆخهكهی تێكدا و لەگەڵ حەشدی شەعبی و مالیکی پێکەوە کەوتنە دژایەتی عەلاوی، دكتۆر بهرههم نەکەوتە شوێن ئاراستەکەی پارتی و خۆی دور گرت و نههاتهوه نێو گهمهكه، چونكه راسپاردنی ههر سهرۆك وهزیرانێك پێویستی به جۆرێك له پشتیوانی سهرۆك كۆمار ههیه و ئەوەش پهیوهندی به شتی ترهوه نیه. هەرچەندە بهگوێرهی زانیاری هەندێک پەرلەمانتارەوە لە نێو دانوستانهكان عهلاوی پهیمانی ئهوهی دابوو موچهو بودجهی ههرێم بنێرێ و حهشدی شهعبی له كهركوك بكشێنێتهوه. ئهوهی لهم كهین و بهینهدا رون دهبێتهوه ئهوهیه؛ ههر كهس پێچهوانهی حهزهكانی بارزانی رهفتار بكات و بڵێ لهل و كاریگهری تایبهتی خۆی دروست بكات، ئهوا پارتی زۆرترین ههڵمهت له رێگای ئهو میدیا زهبهلاحانهوه دهكاته سهری كه پاره و قوتی خهڵك بنیادیان ناوه. ههر لهبهرئهوهشه به شێوهیهكی زۆر ورد و به ههماههنگی ژمارهیهك میدیای بینراوو بیستراو ههڵمهتی جۆراو جۆر بۆ سەر دکتۆر بەرهەم دەکەن، گومانیشی تێدا نیه ههرچی راگهیاندنی پارتی ههیه لهژێر كۆنترۆڵی بهرپرسه بڕیار بهدهستهكانی ناو پارتیدایە و هەر ئەوان راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم هەڵمەتەدەکەن.
لهتیف فاتیح فهرهج ئهو روداوهی رۆژی ههین له ناوچهی شوان ڕویداو تێیدا كوڕو باوكێك گیانیان له دهستدا ، ههموومانی خهمبارو نیگهران كرد ، ئهم روداوه ناخۆشانه مایهی ئهوهن كه ئیدی بیر لهوه بكهرێتهوه چۆن بهریان پێبگیرێت ، خهیروڵای كوێخا شهریف و كوڕهكهی به دهسڕێژی گولهو به روداوێكی نهخوازراو كوژران ، ئهوان نهوهی كوێخا شهریفی سهیدانن ، ئهو پیاوهی تا كۆچی دوای كرد له ڕژێمه یهك له دوا یهكهكانی عیراق یاخی بوو ، پیاوێكی ئازاو ناسراو ، نهك ههر له بهر كوێخاشهریف بگره لهبهر خهیروڵا و كوڕهكهشی روداوهكه وهك كۆستی ههموو ناوچهكهو ههموو چهمچهماڵیهكان وابوو ، ئهم روداوه كۆمهڵایهتیه یهكهم روداو دوا روداوی ناوچهكهو ههموو كوردستانیش نیهو له رابردوودا هاوشێوهی ئهم روداوه له ههموو ناوچهكانی ههرێمی كوردستان رویداوه ، قسه له سهر ئهوهیه چۆن بهر بهم روداوانه بگیرێت ، ئاخر دهڵێن كاتی خۆی كه حكومهت و زهبت و رهبت ههبووه ، پۆلیسێكی سواره به خۆی و ئهسپێكهوه توانیویهتی لێپرسینهوه بكات و خهڵكیش حسابیان بۆ كردووه ، كهواته روون و ڕهوان كێشهكه ئهوهیه ئێستا حساب بۆ حكومهت ناكرێت ، ئهم حساب بۆ نهكردنهش لهوهوه سهرچاوهی گرت له سنوری زهرد بكوژ خۆی دهكرد بهم دیوداو له سنوری ئهودهمی سهوز بكوژ خۆی دهكرد بهو دیودا ، ئهوه جگه لهوهی له دهزگای دادوهری كوردستان داواكاری گشتی لاوازهو ناتوانێت هیچ دۆسیهیهك بجوڵێنێت . رهنگه دهیان جاری دیكه له سهر ئهو كێشه كۆمهڵایهتیانهمان نووسیبێت ، سهیر ئهوهیه له ههموو دنیا دهسهڵات به دواداچوون بۆ نووسینی رۆژنامهنووس و نوسهران دهكات و كاری له سهر دهكات ، له باشوری كوردستان بشخوێنرێتهوه كاری له سهر ناكرێت ، گرفتهكه ئهوهیه له كوردستان رای گشتی دروست نابێت ، هۆكاری رێگری كردن له رای گشتی ئهوهیه كه دهسهڵاتی باشوری كوردستان جگهلهوهی سیاسهتی پهرتكهو زاڵبهی به كار هێناوه ، جۆرێك له دڕدۆنگی و ناجۆری له نێوان شارو شارۆكهو بنهماڵهكانی كوردستانیشدا دروست كردووه ، تهنانهت دهسهڵات ماوهیهكی زۆره كار له سهر زندووكردنهوهی خێڵ و هۆزو بنهماڵه دهكات و بۆ ئهو مهبهسته پارهش تهرخان دهكات به ناوی جیاجیاوه ، ههڵبهت ئهگهر رای گشتی دروست بێت حكومهتیش ناچار دهبێت لێپرسینهوهو به دواداچوون بۆ ئهو روداوانه بكات .
هیوا سەید سەلیم لە دیداری ٥ی ئاداری نێوان (پوتین – ئەردۆغان)، کە دوای قەیرانی ئیدلب هات، کە ژمارەیەک سەربازی تورکیا لە لایەن هێزەکانی سوریا بە پشتیوانی روسیا کوژران، شێوازی پێشوازی کردن لە ئەردۆغان و شاندە زۆرەکەی کە لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی میت و سەربازی پێکهاتبوو، هەروەها ڕاگرتنی شاندەکە لەسەرپێیان و لەژێر پەیکەری کاترینای مەزن، ئەوەمان پێدەڵێت کە روسیا و سەرۆکەکەی ئەم هەڵسوکەوتەی بە بەرنامە بۆ بێڕیزی کردن لەگەڵ شاندی میوان ئەنجام داوە. دەوترێت تورکەکان یادگاری ناخۆشیان لەگەڵ پەیکەری کاترینای مەزن هەیە، ئەو لەو ماوەی کە ٣٤ ساڵی دەسەڵاتی خۆی وەک قەیسەری روسیا لە (١٧٦٢-١٧٩٦)، چەندین جار پیلانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ داگیرکردنی روسیا تێکشکاندووە. بۆیە پوتین ویستی بە دانانی پەیکەری کاترینا، پەیامێک بداتە سوڵتانە تازەکەی تورکیا، هەر چەند رۆژێک دوای دیداری (پوتین - ئەردۆغان) لە هەمان هۆڵ پوتین، پێشوازی لە شاندێک دەکات ئەو پەیکەرەی لێ نەماوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە پەیکەری کاترینای مەزن تایبەت بۆ ئەوان داندرابێت تا وەک سەرباز لە ژێری بووەستن، هەرواشیان لێکردن. پێش دیدارەکە بە چەند رۆژێک، لەلایەن ئاژانسی هەواڵی سەربازی روسی، دزە بە راپۆرتێک کرا، لەو راپۆرتەدا، کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خستنەخوارەوەی فرۆکە روسیەکە لە لایەن هێزەکانی تورکیا، شێوازی مامەڵەی پوتن لەگەڵ ئەردۆغان خراوەتەڕوو. بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە، هەر پەیامێک بوو بۆ ئەردۆغان، تا پوتین بەبیری بێنێتەوە کە ئەوساش چەندە سازشی پیکردووە. لەو راپۆرتە دەردەکەوێت تا ئەردۆگان بە نووسراو داوای لێبوردنی لە روسیا نەکرد، پوتین ئامادەنەبوو لە مۆسکۆ پێشوازی لێبکات. مەرجێکی دیکەی پ پوتین بۆ ئەردۆغان ئەوەبوو، کە دەبێت دووەمیان داوای لێبووردنەکە لە راگەیاندنە تورکیەکان بڵاوبکاتەوە، وە روسیاش لە راگەیاندنە جیهانیەکان بڵاوی دەکاتەوە، سەرنجام ئەردۆغان بە هەموو ئەو مەرجانەی پوتین رازی دەبێت، تەنیا بۆ ئەوەی پوتین رازی بێت پێشوازی لێبکات. چەند رۆژێک بەسەر دوا دیداری (پوتین - ئەردۆغان) تێدەپەڕێت، ئەو جارەشیان کەناڵە روسیەکان دزە بە ڤیدیۆیەک دەکەن کە تیایدا شیوازی پێشوازی ئەردۆغان لە کۆشکی کرملین نیشاندەدات. لەو ڤیدیۆیەدا دەبینرێت هیچ کەس لە پێشوازی شاندەکەی تورکیا نیە، تەنانەت دەرگای هۆڵی پێشوازیش داخراوە. ئەردۆغان دەموچاوی نیگەرانی زۆری پێوە دیارە و هیچ یەک لە شاندی یاوەریشی جورئەت ناکەن قسەی لەگەڵ بکەن، بگرە هەریەکە و بە شتێک خۆی خەریک دەکات، ئەردۆغان خەریک دەبێت لە پشتی دەرگای پوتین دابنیشێت، دووەمیان بەخێری خۆی دەرگای لێدەکاتەوە. هەموو ئەوانەی شارەزایان لە عورف و ئادابی دبلۆماسی هەیە، کاتێک لەو ڤیدیۆیە دەڕوانن، ئەو تێدەگەن ئەوەی پوتین لەو دیدارە بە ئەردۆغانی کردووە، نەک هەر بریتی نیە لە دیداری دۆستانە، بگرە سووکایەتیە ، لە زمانی جەستەی هەردوولاش ئەمە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت. لێرەدا دەپرسین ئایا ئەردۆغان چەندین جارە بۆچی ئەو سوکایەتیەی رووسەکان قەبوول دەکات؟ خۆ بریار بوو ئەو نەچێت بۆ روسیا، بگرە لەبەرامبەردا بانگهێشتی پوتینی کرد کە لە ئەنقەڕە میوانداری بکات. لە لەیەکی دیکە مەبەستی بوو کۆبوونەوەی لوتکەی چوار قۆڵێ (پۆتن – مێرکل – ماکرۆن – ئەردۆغان) ئەنجام بدرێت. کە ئەمانە بۆ ئەردۆغان نەچووە سەر، هەروەها ئەمەریکا و ناتۆ لە کێشەی ئیدلب پشتیوانیان لێ نەکرد، وە ماددەی ٥ی پەیمانامەی ناتۆیان پێ رەوا نەبینی، کە باس لە ئاسایشی بە کۆمەڵی ئەندامانی ناتۆ دەکات. ئەردۆغان ناچاربوو جارێک دیکە روو لە کۆشکی کریملن بکات، هەموو ئەو سوکایەتیەش قەبوول بکاتەوە، کە دەمێکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هاواردەکەن ئەردۆغان هیچ بەهایەکی بۆ دبلۆماسیەت و سیاستی دەرەوەی تورکیا نەهێشتۆتەوە.
