بۆچی ئه‌م قه‌یرانه داراییه‌ی ئه‌مڕۆ جیاوازه له‌وه‌ی ٢٠١٤؟
2020-03-16 20:08:00
محەمەد حسێن
له ٢٠١٤، هه‌رێمی كوردستان توشی قه‌یرانێكی دارایی پڕوكێنه‌ر بوو به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و شه‌ڕی داعش و ناكۆكیه داراییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌كاتێكدا حكومه‌تی عێراق به هه‌مان ئه‌ندازه قورسایی قه‌یرانه‌كه‌ی نه‌كه‌وته سه‌رشان. به‌لام ئه‌م جاره ته‌واو جیاوازه، نرخی نه‌وت و بڕی هه‌نارده‌كردنی عێراق پێمان ده‌ڵێت كه به‌غداش به‌هه‌مان شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان گیرۆده‌ی ئه‌م قه‌یرانه ده‌بێت.
هه‌موو داتا‌و حساباته دارایی و ئابوریه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له مانگی ٥ی ئه‌مساڵدا حكومه‌تی عێراق ناتوانێت موچه‌ی كارمه‌نده‌كانی و خه‌رجیه ئیداریه‌كانی وه‌ك ئێستا دابین بكات. زۆر به‌ساده‌یی ئه‌وه‌ی له فرۆشی نه‌وت ده‌ستی ده‌كه‌وێت كه‌متره له ٢.٧ ملیار دۆلاری مانگانه، به‌لام خه‌رجیه‌كانی زیاتره له ٥ ملیار دۆلاری مانگانه.
ئێستا (ئێواره‌ی ١٦\٣\٢٠٢٠) نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت ٣١ دۆلاره. نه‌وتی عێراق و كوردستان له باشترین دۆخدا به نزیكه‌ی ٢٥ دۆلار ده‌فرۆشرێت. مانگی پێشوو هه‌رێمی كوردستان رۆژانه نزیكه‌ی ٤٧٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ده‌فرۆشت، حكومه‌تی فیدراڵی عێراقیش رۆژانه نزیكه‌ی ٣.٤ ملیۆن به‌رمیل. تێچوی به‌رهه‌مهێنان و بازاڕیكردن و فرۆشتنی هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت له عێراقدا كه‌متره له ١٠ دۆلار، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رێم (كه گرێبه‌ستی به‌شداری به‌رهه‌می هه‌یه له گه‌ڵ كۆمپانیاكان) حساباتی جیاوازه. ئه‌ویش هه‌ر تێچووه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه بۆ نزیكه‌ی ١٢ دۆلار ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت له ٣٠ دۆلاردا بێت.
بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م قه‌یرانه هه‌ر هه‌مان تاڵی و ناخۆشی ئه‌وه‌ی ٢٠١٤ی ده‌بێت، به‌ڵام بۆ حكومه‌تی به‌غدا ته‌واو جیاوازه له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه:
١- ئه‌م جاره عێراق ناتوانێت وه‌ك ٢٠١٤ یه‌ده‌كی دراوه بیانیه‌كانی به‌كاربهێنێت و خه‌رجی بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه داراییه‌كانی. ئیداره‌ی ترامپ پشتگیری ناكات و ره‌نگه رێگه‌یشی پێنه‌دات پاره‌كانی له بانكه‌كانی ئه‌مریكا سه‌حب بكاته‌وه كه‌ی بیه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ده‌یكرد. ئه‌گه‌ر میلیشا شیعه‌كان به‌رده‌وام بن له لێدانی بنكه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق له‌وانه‌یه ئیداره‌ی ترامپ كێشه‌ی ئه‌وه‌یشی بۆ دروست بكات كه بڵێت به مه‌رجێك دۆلار دێته بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه كه حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه زهمانكات ئه‌و میلیشیانهو ئێران ( كه له لیستی سزادراوه‌كانی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكان) سودی لێوه‌رناگرن. هه‌موومان هه‌ڕه‌شه‌كانی ترامپمان له بیره بۆ سه‌پاندنی سزای ئابوری به‌سه‌ر عێراقدا گه‌ر بێتوو سوپای ئه‌مریكا ده‌ركه‌ن له عێراق به شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌یه‌وێت.
٢- ئێستا سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (IMF) و ئیداره‌ی ئه‌مریكاش وازیان له‌وه هێناوه یارمه‌تی دارایی و ته‌كنیكی عێراق بده‌ن و هیچ پرۆژه‌یه‌كی ته‌مویل بكه‌ن و قه‌رزی ده‌ره‌كی بۆ دابین بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌رده‌می عه‌بادی ده‌یانكرد . له ٢٠١٦ سندوقی دراوی نێوده‌وله‌تی له چوارچێوه‌ی پرۆگرامی ( Stand-By Arrangement )دا٥.٤ ملیار دۆلاری دابینكرد بۆ پاره‌داركردنی پرۆژه‌كانی عێراق، به‌و مه‌رجه‌ی عێراق چه‌ند ریفۆرمێكی دارایی و ئابوری ئه‌نجامبدات، یه‌كێك له‌وانه گۆڕینی سیاسه‌تی دارایی و زیادكردنی داهاته نانه‌وتییه‌كان بوو. به‌ڵام عێراق سودی له یارمهتیهكان وه‌رگرت و مه‌رجه‌كانی فه‌رامۆشكرد.
له ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیشدا، هه‌موو ئه‌و وڵات و ده‌زگاو ڕێكخراوانه‌ی كه له كاتی شه‌ڕی داعشدا یارمه‌تی عێراق و ( هه‌ندێك جار كوردستانیشیان ده‌دا) ئێستا خۆیان گیرۆده‌ی لێكه‌وته‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. ئه‌وانه‌ی له كۆنگره‌ی كۆیت به‌ڵێنی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقیاندا بۆ خۆیان كێشه‌ی داراییان هه‌یه‌و هێستا نازانن ڤایرۆسی كۆرۆنا دهیانگهنێت به كوێ.
واقعی داهات و خه‌رجیه‌كان (نه‌وت و پاره) له عێراق و كوردستان چیمان پێ ده‌ڵێت؟
له ئێستادا داهاتی نه‌وتی عێراق كه‌متره له ٦٠%ی خه‌رجیه‌كانی ئه‌گه‌ر به لۆجیكی یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩یش حسابی بكه‌ین، نه‌ك ٢٠٢٠ كه عادل عه‌بدولمه‌هدی نزیكه‌ی نیوملیۆن كه‌سی تری دامه‌زراندووه و به‌ڵێنی موچه‌ی هه‌ژارانه‌ی به خێزانه كهمدهستهكان داوه.
له باشترین سیناریۆدا، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت وا بمێنێته‌وه عێراق موچه‌ی مانگی ٣ و ٤ ی بۆ دابین ده‌كرێت، به‌ڵام له مانگی ٥دا په‌كی ده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ خه‌رجكردنی یه‌ده‌كی دراوه بیانیهكانیشی به‌رێت ترسی داڕوخانی به‌های دیناری عێراقی هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ساڵی ١٩٩٠و ساڵانی دواتر رویدا، یان ئه‌وه‌ی ئێستا له ئێران ده‌گوزه‌رێت. بۆ ئه‌وه‌ی مانای داڕوخانی به‌های دینار زیاتر رونبكهمهوه، با ته‌ماشای ئه‌م نمونه‌یه بكه‌ین: یه‌ك فه‌رده ئاردی ٥٠ كیلۆیی له مانگی ٧ی ١٩٩٠دا نزیكه‌ی ٤ دیناری عێراقی بوو، له مانگی ١١ی هه‌مان ساڵ گه‌یشته نزیكه‌ی ٩٠ دینار، له ساڵی ١٩٩٣ گه‌یشته نزیكه‌ی ٧٠٠ دینار، ئه‌مه له زمانی ئابوری‌دا پێی ده‌ڵێن هه‌ڵاوسانی باڵا (Hyperinflation).
له كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێم ئێستا پاره‌ی یه‌ك موچه‌ی پێیه، به‌ڵام هێشتا حه‌قده‌ستی (مانگی ٢ی)كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی نه‌داوه. له مانگی ٤دا هه‌رێمیش پاره‌ی نامێنێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئێستا موچه دابه‌ش بكات.
ئه‌مه‌ی لێره‌دا نوسراوه، حساباتی بیركاریانهیه؛ ئاگام له‌وه نیه چی له خه‌یاڵی سیاسیه‌كاندا هه‌یه. من داتاكانی فرۆشی نه‌وت و نرخ ده‌زانم وته‌نها ئه‌وانه‌م زه‌رب و ته‌رح كردووه. به‌داخه‌وه وێنه‌كه زۆر زۆر تاریكه.
به‌ڵام، هه‌میشه هیوایه‌ك هه‌ر هه‌یه. ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه كار له دۆخی ئابوری ده‌كه‌ن رۆژانه ده‌گۆڕێن، ئه‌گه‌ری باشتر بوونی دۆخه‌كه هه‌میشه ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه؛ بۆ نمونه به خێرایی ڤایرۆسی كۆرۆنامان له كۆڵ ببێته‌وه ئابوری جیهان بكه‌وێته‌وه سه‌ر سكه‌ی بوژاندندوه شتێكی مه‌حال نیه.
ئینجا، سه‌رچاوه‌ی ئه‌م قه‌یرانه سه‌خته، به‌شێكی كه‌می كۆرۆنایه، به‌شی هه‌ر زۆری ئه‌وه‌یه كه عێراق و كوردستانیش به سیاسه‌تی ئابوری و دارایی زۆر هه‌ڵه‌و خراپه‌وه ئیداره كراون، تا ئه‌م هه‌ڵانه ( كه‌هه‌مووی له ته‌وه‌ری سیاسه‌تی پشت بهنهوتبهستندا ده‌خولێنه‌وه) چاك نه‌كرێنه‌وه، هه‌رماوه‌یه‌ك جارێك توشی ئه‌م جۆره قه‌یرانه ده‌بینه‌وه.
له ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداش ده‌توانن به سیاسه‌تی زك-هه‌ڵگوشین (ته‌قه‌شوف)و كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان، هه‌ندێك له سه‌ختی قه‌یرانه‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵام هچ چاره‌سه‌ریه‌كی ئابوریانه‌ی خێرا له ئاستی كورتماوه‌دا به دیناكرێت. چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و بوژاندنه‌وه‌ی كهرتاكانی تری وه‌ك پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، بازرگانی و گه‌شتیاریه، ئه‌مه‌ش كاری ده‌یان ساڵه‌یه نه‌ك مانگ و دوو مانگ.