Draw Media

  هیوا سەید سەلیم   دوای ئەوی سوپای توركیا لە ئیدلب تووشی شكست  سەربازی  بوو، كە تیایدا بە دەیان سەربازی وڵاتەكەی و چەندین تیرۆرستی نزیك لە خۆی كوژران.  وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو شکستە سەربازیە، وە بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی ئەوڕپا و هاوپەیمانی ناتۆ كە توركیا ئەندامی ئەو هاوپەیمانیەیە، توركیا هەڵسا بە کردنەوەی دەروازە سنووریەكانی لەبەردەم هەزاران كۆچبەر، تا رووبکەنە وڵاتانی ئەورپا، لە پڕۆسەیەكی بە قاچاغبردنی رێكخراو، بەدەیان هەزارهاوڵاتی كە هەڵگری رەگەزنامەی جۆراوجۆرن بۆ سنوورەكانی یۆنانستان و بولگاریای بەڕێكرد.   قەڵفڕكردنی (تهریب)  پەنابەران، پرسێكی سیاسیە کە توركیا دەستی بۆبردووە،  توركیا دەیەوێت پرسی پەنابەران وەک  كارتی فشار بۆ سەر وڵاتانی ئەورپی بەكاربێنێت، بۆ ئەوەی دەستكەوتی سیاسی و ماددی دەستكەوێته. هەروەها  لەپا‌ڵ پرسە سیاسیەکە ئەو بابەتە پرسێكی یاسایشە، چونكە قەڵفڕكردنی پەنابەران تاونێكە پەیوەستە بە رێكەوتنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان، تایبەت بە رووبەڕوبونەوەی تاوانی رێكخراو، كە بەقاچاغ ناردنی پەنابەرانیش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی رێكخراو.  ئەو تاوانە كە ئەمجارەیان توركیا ئەنجامی دەدات، هەموو سیماكانی تاوانی ریكخراوی تێدایە لەوەی بە بەرنامە و ئاشكرا پەنابەران هاندەدا و ناچاریان دەكات كە بە نایاسایی روو لە وڵاتی دیكە بكەن، وەك چۆن بینیمان كارئاسانی بۆ هەزاران پەنابەركرد لە رێگەی ئۆتۆبوسەوە گواستنیەوە بۆ خاڵە سنووریەكان. خاڵی دووەمی تاوانی رێكخراو وەك لە یاسا نێودەوڵەتیەكان هاتووە، بریتیە لە مەترسی ئەو پرۆسەیەی توركیا دەستی بۆ بردووە لە هاندانی پەنابەران،  مەترسی لەسەر گیانی هەزاران كەس لە خەڵكانی سڤیل درووست دەكات، كە ئەمەشیان پێچەوانەی یاسا و رێسا  نێودەوڵەتیەكانە، چونكە بە هاندان و ناچاركردنی ئەو پەنابەرانە گیانیان دەكەوێتە مەترسیەوە، لەبەرئەوەی  پڕۆسەكە بە ئاسایی و یاسایی بەڕێوە ناچێت بگرە قاچاغە. دەوڵەتی توركیا جگە لەوەی لە یاسا نیشتمانیەكانی خۆشیدا، یاسای تایبەتی هەیە سەبارەت بە بەقاچاغ ناردنی پەنابەران، هەروەها لەوبارەیەوە چەندین ریكەوتنی تایبەتی واژۆكردووە،  سەبارەت بە رێگری لە كۆچی پەنابەران، دواین رێكەوتنامەش كە لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوڕپا واژۆكراوە،  ریكەوتنامەی ٢٠١٦ بووە،  كە لە بەرامبەر رێگری توركیا لە چوونی پەنابەران بۆ ئەوڕپا، لایەنی دووەم ساڵانە هاوكاری ماددی توركیا دەكات بە بڕی ٣ێ ملیار یۆرۆ. توركیا ئەوجارەیان هەموو بیانوەكانی بریتیە لەوەی فشارێكی زۆری پەنابەرانی سوریای لەسەرە،  وە  شەڕی ئیدلب فشارەكانی سەر تورکیای بۆ لە ئەستۆگرتنی کاروباری پەنابەران زیاتركردوە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی كە لەنێو پەنابەرەكان بڵاودەكرێنەوە پێچەوانەكەمان پێدەڵێن، لەوەی كەمترین ژمارەی ئەو پەنابەرانەی توركیا قەڵفڕیان دەكات،  هەڵگری رەگەزنامەی سوریایین و لە نێو ئەوانیش كەمترینیان خەڵكی دەڤەری ئیدلبن . كارتی پەنابەران كە توركیا وەك فشار بەرامبەر ئەورپا بەكاریان دێنێت، تا ئێستا كارتێكی بێكاریگەر بووە، چونكە وەك باسمانكرد توركیا دەستی بۆ پرسێكی نایاسایی بردووە،  كە لە رۆژگاری ئەمڕۆمان پرسێكی جدی جیهانیە، ئەویش پرسی كۆچی نایاسای پەنابەرانە، كە كێشەی ئابووری و بێكاری لەو ولاتانە درووستكردووە كە لێشاوی پەنابەران رووی تێدەكەن، وڵاتی یۆنانستان بە نموونە. ئەم کێشەیە وا لە ولاتانی ئەورپا دەكات كە بۆ لەمەودوا متمانەیان بە توركیا نەبێت، چونكە ئەگەر جاران توركیا بە نەهێنی ولاتی ترازێتی كۆچی نایاسایی بووە، ئەوا ئەمجارەیان بەبەرچاوی هەموو دونیا دەرگای لەبەردەم كۆچی نایاسی كردۆتەوە، گیانی دەیان هەزاران هاوڵاتی سڤیل وەک کارت دژی وڵاتانی رۆژئاوا بەکاردێنێت، بێباک لەوەی چارەنووسی ئەو هاوڵاتیانە چیان بەسەر دێت، لەوەی لە برسان دەمرن، یان لەسەرمان رەقدەبنەوە، یان دەبنە قوربانی شەپۆڵەکانی دەریا. •    قەڵفڕکردن= تەهریب  


هەردی مەهدی میکە گێڕانەوە مێژووییەکان و بەڵگەنامەکان، ئاماژەی ئەوەیان لێهەڵدەهێنجرێت زۆرینەی پەتا‌ جیهانگرەکان، کە زۆربەی سەرچاوەکانی لە دووسەدەی ڕابردوودا، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە، عێراق و ئێران ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و ئەم جووتە دراوسێیەش بۆیەکیان گواستۆتەوە،‌ زۆرجار ناوچە کوردنشینەکان پردی گواستنەوەکە بوون، بەتایبەت مەرزەکانی گەرمیان و سلێمانی/کرماشان و سنە، ئێران بە کۆرۆناوە هەشت جار، ڕووبەڕووی پەتای جیهانگر بۆتەوە، توندترینیان ئەوەی ساڵانی 1824 و 1904بوون، هەردووکیان لە عێراقی عوسمانی هەناردەی ئێرانی قاجاری کراون، ئەوەی یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ پاش گەمارۆی بەغدا لەلایەن دەوڵەتی قاجارەوە، بەڵام پاش کشانەوەیان، سەربازانی ئێرانی پەتابڵاوەکەی ئەوسای بەغدایان بردەوە ناوچەی کرماشان و پاشتر سەرجەم شارەکانی ئێرانی ئالودەکرد. هەرچی پەتای 1903_1904یشە کە‌ کاریگەرتر و کوشندەتر بوو، بەهۆی زیارەتی ئێرانییەکان بوو بۆ مەزارگەکانی شیعە لە سامەرا و نەجەف و کەربەلا بوو، کە لەوێ پاش تێکەڵبوونیان لەگەڵ سەردانکەرانی وڵاتانی دی، لەگەڵ خۆیان بردیانەوە و بەسەر دەوڵەتی قاجار (ئێرانی ئێستادا)بەشیانەوە... لە سەرجەم پەتاکاندا، توێژینەوە مێژووییەکان نیشانی دەدەن، پیسوپۆخڵی، بێمتمانەیی بە حکومەت، کەمتوانایی چارەسەرگە و تیمارخانەکان، خورافات و ئاین و ملنەدانی پیاوانی ئاینی بۆ ڕێنماییەکان و دواجار پەیوەندیەکان و تێکەڵی خەڵک لە بۆنەکاندا، هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە و کۆنتڕۆڵنەکردنی پەتاکان بوون. ئێستاش هەر هەمان فاکتەر لەم دوو وڵاتە جێکەوتەیان هەیە و هاندەرن بۆ تەشەنەسەندن. گەر حکومەتی ئێران و مەلامەزهەبیەکانیان لە هەفتەی یەکەمدا، بەگوێی ڕێنمای تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندرووستی خۆی بکردایە، بەدڵنیایی ناوچەکە و ئێرانیش ئارامتر دەبوون، ڕێک ئەوکاتە کە وتیان با هاتوچۆی قوم دابخرێت بەڵام هەژموونی ئایەتوڵاکان و کەسابەتی یاسیی و بازرگانەکان نەیانهێشت! ناکرێت لەبەر نیەتخوێندنەوە‌ و گومان، ئەو هەموو تەرمانەی چین و ئێران نەبینرێن. شیکاری پەتا زانست و ئەزموونی پێویستە، نەک گومان و "پێمووایە" و عەقیدەپەرستی. قورئان لە فەرموودە و سوننەت گرنگترە (لاتلقوا بایدیکم الی التهلکە)، شەهید بەشەهید دانانرێت گەر خۆی بکاتە مردوو، دەبێت پاش بەرەنگاریی و هەوڵ بۆ دنیا و مرۆڤدۆستی شەهید بێت، وشەی شەهید گەر تەفسیری مرۆڤسەنتەریی بۆ نەکرێت مەترسیدارە، ئاخر شەهیددۆستی داعشفیکرەکانی بەرهەمهێنا. بۆیە وەک چۆن پێویستە سەرجەم یاریگا، باڕ، زانکۆ، قوتابخانە، هۆڵ و بەرنامە قەرەباڵغەکان دابخرێن مزگەوت و پەرستگاکانیش هەروا، مرۆڤ میحوەری بوونە. خێرایی بڵاوبوونەوە و پەیوەندییەکان، نەخۆشیی ئاسایی و ڤایرۆسەکان دەکەنە پەتا، گەرنا ئەوان (ڤایرۆسەکەن) هەمیشە نزیک و هاوڕێ و مشەخۆری سەر دنیا و جەستەی مرۆڤ بوون. گەر وابکەین دەمێنینەوە و ئەمە و هی دیکەش تێدەپەڕێنین و ئەوسا هەم نەورۆز و هەم مەولودی ئازیز جارێکیتر دەکەینەوە. حەیفە شارستانیەت و ڕۆحی ئینسان بە کۆرۆنا لەباربچێت.


بەیار عومەر عەبدوڵا یۆنانی کۆن سیستەمێکی فیدرالی هەبووە؛ هەر ناوچەیەک حکومەتێکی تایبەت بەخۆی هەبووە، بەڵام هەمویان یەک پایتەختیان هەبووە کە بریتی بووە لە ئەسینا. یەکێک لەو حکومەتانە ناوی سپارتا بووە و کەوتۆتە باشوری یۆنانەوە.  خەلکی سپارتا بە جەنگاوەری ئازا و چاونەترس ناسرابوون لەبەر ئەوەی حکومەتی سپارتا هەر لە سەرەتاوە ڕاهێنانی جەستەیی و مەشقی سەربازیان بە منداڵەکانیان دەکرد لەسەر چۆنێتی شەڕکردن و چاونەترسی. ئەمەش وایکردبوو کە خەلکی سپارتا، کە پێیان دەوترێت سپارتان بە ئازاترین و کاریگەرترین هێزی شەڕکەر لە ناو یۆنانی کۆندا بناسرێن. بەپێچەوانەی خەلکی ئەسینای پایتەختەوە کە زیاتر سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسین و فەلسەفە بوون و کەمتر شارەزای هونەری شەڕکردن بوون.  لە ساڵی ٥٠٠ بۆ ساڵی ٤٥٠ پێش زاین، واتە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ فارسەکان و یۆنانیەکان لە شەڕدا بوون. ئەمەش بەوە دەستیپێکرد کە کۆرشی پاشای فارسەکان و دواتریش داریوش دەستیانکرد بە داگیرکردنی بەشێکی یۆنان. دواجار سپارتانەکان تاکە هێز بوون کە فریای یۆنان و ئەسینا کەوتن و توانیان سوپای فارسەکان تێکبشکێنن و لە یۆنان دەریانبکەن، ئەگەرنا فارسەکان خەریکبوو تەواوی یۆنان داگیربکەن. دوای تەواوبونی جەنگ، سپارتانەکان کە خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانی و دەیانویست دەسەڵاتیان پێبدرێت، لەگەڵ حکومەتی ئەسینا کەوتنە شەڕەوە کە ٣٠ ساڵی خایاند. لە شەڕەکەدا سپارتانەکان بردیانەوە چونکە خەلکەکەی زیاتر شارەزای بواری سەربازی و جەنگ بوون.  دواجار سەرکردەکانی ئەسینا کە زانیان بە شەڕ دەرەقەتی سپارتانەکان نایەن، ناچار پەنایان بردە بەر ئەوەی کە بە پارە و پۆست و هەندێک ئیغرائاتی تر فەرماندەکانی سپارتا لە خشتەبەرن و بیانکەن بە گوێڕایەڵی خۆیان. واتە ئەوەی بە شەڕ پێیان نەکرا، توانیان بە فریوی پارە و پۆست بەدەستی بهێنن و سپارتانەکانی پێلاوازبکەن. ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە پارتی هاوشێوەی ئەسینای کۆن بەدرێژایی شەڕی نەگریسی ناوخۆ دەرەقەتی یەکێتی نەهات و نەیتوانی لەناویبەرێت، چونکە یەکێتی هاوشێوەی سپارتانەکان زیاتر شارەزای جەنگ بوون، پارتی ناچار پەنای بردە بەر ئەوەی بە فریوی پارە و پۆست و هەندێک ئیغرائاتی تر بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی یەکێتی لاواز و گوێڕایەڵ بکات.  شۆڕشی نوێ و ڕاپەڕینی ١٩٩١ یش یەکێتی دەوری سەرەکی هەبوو تێیدا (کە ئێستا سەرکردەکانی دابەش بون بەسەر یەکێتی و گۆڕاندا)، بەڵام لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی و لاوازی بەرامبەر فریوی پارە و پۆست و غەریزە، پارتی بوو بە خاوەن ماڵ و باقیاتیش بوون بە میوان. دواتریش بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی سنوری سەوز باوەڕیان وابوو کە بزوتنەوەی گۆڕان لەجیاتی یەکێتی دەتوانێت بەرامبەر پارتی بوەستێتەوە و خزمەتی ئەم سنورە بکات، بەڵام دواجار پارتی توانی لە ڕێی ئەوەی بیانخاتە حکومەتەوە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی فعلیان بداتێ بۆ خزمەتی ئەم سنورە، خەلک لە گۆڕانیش بێئومێد بکات.  هەر هێزێک بیەوێت هەڵسێتەوە و ببێتەوە بە خاوەنی بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆ و بتوانێت خزمەتی ئەم سنورە بکات، دەبێت خۆی لەو کەسانە ڕزگاربکات کە وەک سپارتانەکان ئیرادەیان لاوازە بەرامبەر فریوی پارە و پۆست و غەریزەکانی تر. 


دانا ھەڵەبجەیی   ئەم پەتایە، ئەم تاعون و ئاوڵە و کۆلێرا و مەلاریایە، دنیای چاک سەرقاڵ و وروژاندووە. مرۆڤایەتی لە سەرەتاکانی مێژوودا تا سەرەتای سەدەی بیستەم زۆرلەم جۆرە ڤایرۆسەی  ھاوچەشنی کرۆنای بەخۆیەوە بینەوە، بەڵام کەس ئاگای لە کەس نەبووە و  وڵات و تەنانەت کیشوەرەکان بێ ئاگان بوون لە یەکتر، پەتاکان وئافاتاکان لەم کۆرۆنایەش مەترسیدارتر بوون و بەڕێشیانکردووە. ھەرچەند بە ملێۆنەھا مرۆڤی لەناوبردووە و ھیچ چارەیەکشی نەبووە، ئەمە سەراڕی ئەوەی زانست و چارەی دەرمانیش وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبووە، بەڵام وەک ئێستا گۆی زەوی نەتۆقاندووە. ئەگینا جاران زۆرتر بەو ڤایرۆسە جۆراوجۆرانە  زیاتر بە ملێۆنەھا مردوون نەک ئێستا بە سەدھا. بەڵام ئەمڕۆ سۆسیالمیدیا و تەکنەلۆژی دنیای تەنیوە و ھەرتاکێکی ئەوپەڕی دونیا ئاگای لەوپەڕی دونیا ھەیە.   ئاڵای زەرد بە ھەر ماڵێک و بەلەمێک و کالیسکەیەک بوایە، مانای تووشبوانی مەرگی ئەگرتەوە. ئیتر ئاڵای زەرد مانای تاعون و مەرگ بوو، خەڵکی پێ ئاگادار ئەکرایەوە کە کەس نزیکی نەبێتەوە، کەرنتیرەش ھەر لەو کاتەوە سەری ھەڵدا و چل ڕۆژ خەڵکی تووشبویان گێرۆدەی شوێنێک ئەکرد و نیمچە زیندانییەکی ڕێزدارانە بوو. تەنانەت  ھیتلەر بۆ قێزەوەنکردنی جووەکان ئەستێرە شەش نوکەکەی جولەکانی لە پارچە قوماشێکی زەرد درووستکردبوو و ئەیکردە قۆڵیان، بۆ ئەوەی کە وا نیشان بدات کە جووەکانیش وەک نەخۆشی تاعون مەرگھێنەرن و خەڵک  پێوێستە خۆیانی لێ دوور بخەنەوە و بناسرێنەوە. بە کورتییەکەی پەتای ڤایرۆس و بەکتریا و نەخۆشی بە کۆمەڵ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ھەبووە و بە ملیۆنان مرۆڤی کوشتتووە، بەڵام  ھیچ کاتێک وەک ئەم کۆرۆنایە ناوبانگی نەبووە و خەڵکی نەتۆقاندووە، ئەرێ خۆ ھەر دوێنێ بوو ئەنفلۆنزای کۆتر ومرێشک و بەراز و مانگا بڵاوببوویە، لەمەش زیاتر خەڵکی تووشکرد و کوشتی، کەچی خەڵکییان وەک ئێستا ھەراسان نەکردبوو، ئاخر چونکە ناوی ئەنفلۆنزا( ھەڵامەت) ی پێوە بوو و ئەوەندە ترسی نەبوو، بەڵام ئەم ناوە ڕێتمدار و مۆسیقییە و سەرنجدارەی کۆرۆنا، سام و ھەیبەت و ئاوازێکی تایبەتی خۆی ھەیە کە لە خۆیەوە مرۆڤ ئەبێت گرنگایەتی پێ بدات. باشە ئەگەر ئەم بەڵایە ھەر وا بەردوام بێت خۆ ئەگەر مرۆڤەکانی  دونیا  نەکوژێت، ئەوا دونیا سەقاڵی خۆی ئەکات. بەڵام ئەی نابێت پرسیار بکرێت ئەمە تا کەی بەردەوام ئەبێت، تاکەی ئەم خەڵکەی سەر گۆی زەوی پێوەی سەەقاڵ ئەبن؟. کەی کۆتایی دێت و چارەکەی چییە؟!. ئیتر دونیا  بچوک بووەتەوە و دەسەڵاتداریی جیھان بە تانک و تۆپ ناکرێت، جەنگی ڤایرۆس و بەکتریا ئاسانترینترینە میتۆدی تۆقاندن و خۆڕادەەستکردنە بۆ زلھێزوکەی جیھان. ئەوەتا لە کوردستان شەڕە لەسەر ئەوەی کە موسڵمان توشی نابێت و ئەوەی بە کۆرۆنا ئەمرێت ئەچێتە بەھەشت و شەھیدە!. تەنانەت دونیای ئایین و فەلسەفە وزانستی ھێناوەتە ژێر پرسیار و سایکۆلۆژی مرۆڤەکانی ھێناوەتە ژێر تاقیکردنەوە. بەڵام  ئەوەتا وڵاتێکی وەک تورکیا و میسر لە میللەت و جیھانی ئەشارنەوە کە ئەو کۆرۆنایە نەھاتۆتە وڵاتەکەیان، کە من پێم وایە بۆ ئەوەی کە ئەم ھاوینە ھەموو ئەورپا ڕوویان تێبکات، کە گوایە ئاسایشترین شوینن بۆ پشوو و ئاسودەیی، ئاخر لە نیوەی زیاتر داھاتی وڵاتەکەیان لەسەر گەشت و گوزارە!. ھەولێرەکەی خۆشمان ھەمان ڕۆڵی تورکیا ئەبینێت، کەواتە ئەم کۆرۆنایە ھەم مەرگە ھەم تۆقاندنە، ھەم ئابووری و سیاسەت. ئەگینا ڤایرۆسێک لە سەدا سێ بکوژێت و بە تێکەڵەی ئامپولی ئایدز و ھەڵامەت چارە بکرێت، ئیتر ئەم ھاشوھوشەی بۆ چییە؟.


سەركەوت شەمسەدین لەم ئەزمونە کەمەی ئێمە لە بەغداد بوین دەرفەتێکی گەورەبوو بتوانین لە نزیکەوە سەوداو مامەڵەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغداد باشتر تێبگەین، بزانین پرسە گرنگەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چین، پێوەرەکان بۆ دۆست و نەیار لە بەغداد چین، هێزەکانی ناوەراست و باشور و رۆژئاوای عێراق لەسەر و لە چیدا ناکۆکن لەگەڵ هەرێم؟ بۆ پارتی هێواش هێواش کار بۆ گەراندنەوەی مالکی دەکات، بۆ ناتوانن لەگەڵ سەدر سیاسەت بکەن؟ بۆ وەزیری داراییەکەی سەر بە پارتی بۆ رۆژێکیش پارەی ئەو کۆمپانیایانە دواناخات بەڵام لە ئاست دواکەوتنی موچە و پارەی جوتیارانی هەرێم بێ دەسەڵاتە؟ هەموو ئەمانە بێ کارکردنی ورد لە بەغداد تێگەشتنیان زەحمەتە. ئەوەی بۆ ئێمە رونبویەوە کە هەردوو حیزب خاوەن چەندین گرێبەستی زەبەلاحی سەدان ملیۆن دۆلارین لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق (بۆنمونە کۆمپانیای کار ی سەربە پارتی و قەیوان ی سەربە یەکێتی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوت ی عێراق بەهای گرێبەستەکانیان نزیکەی دوو ملیار دۆلارە). چەندین گرێبەستی تر لەگەڵ کۆمپانیای هاوبەشی سەربە نوری مالکی و گروپی عەساییب وهەندێ لە بازرگانە سنوننەکان. ئەم گرێبەستانە بەشێوەیەک کراون و پارێزراون کە دەستبۆبردنیان زەحەمەتە. ئەمانە کە سودی هەردوو حیزب و هێزەکانی ناوەراست و باشوری تێدا پارێزراوە (بۆ نمونە گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت کە بەشی زۆری کۆمپانیای سەربە پارتی و یەکێتین)، خاڵی بەیەک گەشتن و ململانێی پارتی و یەکێتی و هێزەکانی باشورە، نەک پرسی موچە و بودجە و پارەی جوتیاران. چەند جارێک هەوڵ هەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لەم گرێبەستانە بەڵام هەرزوو لێکۆڵینەوەکان پەکیان کەوت. کاتێک  پەرلەمانتارێکی کوتلەی نەسر ی سەر بە عەبادی  بابەتی ئەم گرێبەستانەی وروژاند  کوتلەی پارتی کەوتنە لۆبیکردن و هەوڵدان بۆ دەمکوترکردنی، هەتا وەزیرێکی پارتی لە بەغداد بە عەبادی وتوبوو "ئەگەر ئەو پەرلەمانتارەتان بێدەنگ نەکەن، ئێمەش مەلەفمان لایە لەسەرت." کاتێکیش بەزۆر توانرا بابەتی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی کارەبا و نەوت  بکرێت کە هەردوو کۆمپانیای قەیوان و کاریشی دەگرتەوە، پارتی لەرێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەیەوە بابەتەکەیان داخست و دواتر لیژنەیەک پێکهێنرا بەڵام لیژنەکە نەیتوانی هیچ کۆبونەوەیەک بکات و ئەنجامی نەبوو. بۆیە گرێی سەرەکی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەغداد (کە لەسەر زۆر بابەت ناکۆکن جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی کۆمپانیاکانیان) کێشەی موچە و بودجە و کێشەی پارە جوتیاران و کەرکوک نیە.  یەکێتی کە تەواوی نوێنەرە کوردەکانی کەرکوکی بۆخۆی قۆرغ کردووە هیچ شەرێکی جدی بۆ مافی کەرکوک لە بودجە و دامەزراندن نەکرد، هیچ کارێکی جدی بۆ پێکهێنانی لیژنەی کاتی مادەی ۱٤٠ نەکرد.  پارتی یەک رۆژیش دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان تەرخان نەکردوە، بەتایبەت شەنگال و مەخمور کە میدیاکانی شین و رۆرۆیانە. ئەوپەری بێ ئاگاییە پێتوابێت لەدوای ۲٠۱٠ ەوە پارتی و یەکێتی جگە لە گرێبەست و بەرژەوەندی حزبی هیچ جۆرە بابەتێکی بەرژەوەندی گشتی ستراتیژی کارکدنیان نەبووە لە بەغدا. هەموو ئەو شەرفرۆشت نە بە محمد تۆفیق عەلاوی سەدر هیچ پەیوەندی بە بودجەی کوردستان و کەرکوک ەوە نیە، بەڵام بۆ فریودانی حزبەکانی تر لە کۆبونەوە فەرمیەکانی ئەوەی پێیدەوترێت گەلەکۆمەی کوردایەتی داواکاریەکان کۆمەڵێ خاڵی کۆنکرێتین، بەڵام قسەی جدی لەپشتی پەردە دەکرێت کە جگەلە پارتی و یەکێتی حزبەکانی تر هیچ بەشدارییەکیان پێناکرێت و وەک بوکەڵە لەلایەن پارتی و یەکێتی ەوە بەکاردەهێنرێن. سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فراکسیۆنی ئایندە ن. پارێزگای سلێمانی


‎هاودەنگ فاروق   ‎بەڕێکەوت سایتێکی ناوعەنتیکەم هاتە پێش چاو، سەرنجی ڕاکێشام، ناوی "درەو" میدیا بوو. ئاخر" درەو" لە بادینان واتا " درۆ"، گوتم: سایتی واش پەیدا بووە؟! کلیکێکم لە سەرکرد، کەیلی درۆ و بوختان و ڕق و قینێكی پەنگخواردوو بوو، ناو و ناوەڕۆك هەر هەمووی چەواشەکاری و ئاوەژووکردن بوو.   ‎ماوەیەکە، مۆدیلێکی نوێ لە ناو فەوزای سۆشیال میدیای کوردیدا هەڵتۆقیوە، جاران سایت و پەیجی بندیوار، بۆ ناودەرکردن، درۆیان بڵاو دەکردنەوە، ئێستا ئیشەکە بۆتە تیجارەت، درۆ بکە، ‎جنێو بدە، دراوی خۆت وەرگرە.   ‎خۆش ئەوەیە: ئەو جنێوفرۆش و درۆفرۆشانە ناوی خۆیان ناوە سەربەخۆ و هەر قسە دێتە ناو قسان، لافوگەزافی سەربەخۆییمان پێ دەفرۆشن، ئیتر گلەییان لی ناكەین، چونكە ئەوانە كار و پیشەیان بووەتە فرۆشتن جا لە خۆیانەوە بگرە تا درۆ و تەنانەت نیشتمان و گەل، هەمووی بە عانەیەك دەدەن.   ‎دیارە جەماعەتی سایتی ناوبراو ناسراون و، بەشێکن لە پاشماوەی مەکینەی ئیڕهابە فیكرییەكەی جاران، کە هەر بۆ ئەو ئیشە ناموبارەکە ساز درابوون.   ‎سایتی درۆ، لە زۆربەی حزبەکانەوە نەفەریان بۆهێناوە، بۆ ئەوەی هەموویان بدۆشن، ئەوەی پوڵیشیان پێنەدات، پەلاماری دەدەن. بۆ ئەم بازاڕگەرمیەشیان، وەک هەمیشە پارتی باشترینە.   ‎ئەمانە کە زۆرینەیان لە بەر لاساریی و بێ مۆڕاڵی لە حزبەکانیان دەرکراون، ئێستا وەک شاگردی بێ باڵن، بە جووتە ڕاپۆرت دەنووسن، کێ تێردراویان کات، ئەو باوکیانە و کلکیان لەوێ تۆز دەکات.   ‎سایتی "درەو" میدیا، کە هەر ناوەکەی پڕ بەپێستی خۆی پێ بڕاوە، ڕاپۆرتێکی بێ نرخ و پڕ لە زانیاریی ئاوەژووکراوی بڵاوکردۆتەوە گوایە: سەرۆک بارزانی، ڕێککەوتنێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا هەڵوەشاندۆتەوە).   ‎پێشتریش گوتومانە، سەرۆک بارزانی کێشەی شەخسیی لە گەڵ هیچ کەسێک نەبووەو نییە لە بەغدا، بەڵام کێشەی لە گەڵ ڕوانگەی شۆڤێنی و هەموو ئەوانەیە، کە دەیانەویست بە کەڵەگایی ئەجێندای خۆیان بەسەر گەلی کوردستان و عێراقدا بسەپێنن، سەرۆک ئەوە قەبووڵ ناکات، جا لە مالیکی بێت یا عببادی و عەلاوی و هەر كام لەوانەی ڕووگەی هومێدی ئێوەن..   ‎ئەگەر سەرۆک بارزانی شکستی بەم هەوڵانە هێنا، هەروەک لە پەیامەکەشیدا هاتبوو: بە پشتگیری و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان بوو، کە توانرا، ئەم سەرکەوتنە بۆ گەلی کوردستان و عێراق بێتە دی، ئەو شانازییە بۆ یەکڕیزیی هەموو ئەو لایەنە کوردستانییانەشە، کە لە ژێر چەتری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێم کۆ بوونەوەو، بە یەک دەنگ و یەک پەیامی کوردستانیانەیان ڕووبەڕووی هەوڵەکانی بەغدا بوونەوە، شاندی هاوبەشی حزبەکان و هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان بە سەرۆکوەزیری کاندیدکراویان ڕاگەیاند، دەبێ بەخۆیدا بچێتەوە، لایەنە کوردستانیەکان ڕازی نین، لە دەرەوی دەزگا فەرمییەکانی کوردستان، نوێنەریان لە بەغداوە دابنرێن. ئەمەش سەرلەبەری ئەوهەواڵە چەواشەکاریانەی ئەم سایتی و کەسانە بە درۆ دەخاتەوە.   ‎ئەوە سەرکەوتنی یەکڕیزیی میللەتی کورد بوو، بێگومان ئەو میدیاکارە دراودۆست و ئەونانخۆرانەشی کە لە بەغداوە بەناوی پارلەمانتاری کورد دەوروخولی عەلاوییان دەدا و وەعدی گەورەیان وەرگرتبوو، ئومێدبڕاو کران، بۆیە ناهەقیان نییە کە سێرە لە پارتی و بارزانی دەگرن و فرمێسکیش بۆ عەلاوی دەبارێنن، خەونی گەورەیان ئەوە بوو کە بەڵکو عەلاوی بێت و یەکەم ئیشی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بێت، بەڵام ئیڕادەی گەلی کوردستان سەرکەوت و ئەوانیش زمان لە دەست درێژتر گەڕانەوە.   ‎ لێرەوە هێندەی شەرمەزاریی ئەوان، سەربەرزی و شانازی بەو كەسانە بڕاوە كە بەدیهێنەر و پارێزەری ئەو یەكڕیزییە بوون و لە سایەی ئەو یەكڕیزییەوە سەركەوتنیان بۆ میللەتەكەیان بەدیاری هێناوە.   * رۆژنامەی هەولێر


حلمی ره‌سول ره‌زا له‌ پاش ئه‌وه‌ی محمد تۆفیق عه‌لاوی نه‌یتوانی كابینه‌كه‌ی پێك بهێنێ، ده‌هۆڵی یه‌كرزی و فرۆشتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی لێره‌و له‌وێ لێدرایه‌وه‌و لایه‌نگرانیش وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان کەوتنە هۆنینەوەی چیرۆک و بارزانیش وه‌ك پاڵه‌وانی تێكدانی ئه‌م پێكهانه‌ وێنا كرا؛ ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەوەی گوایە گه‌وره‌ترین پلانی دژی ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان شكست پێ هێناوه‌. من لێره‌دا نامه‌وێ فاڵ بۆ ئه‌وه‌ بگرمه‌وه‌، دژ بونه‌كه‌ی بارزانی له‌ ئاینده‌دا ده‌چێته‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ یاخود حزبی و شەخسییەوە‌، یان بێ بەڵگە ناتوانم بڵێم ئەوەی روویدا بەراستی ئاکامەکەی باش ئەبێت بۆ کورد یان بەپێچەوانەوە، چونکە زۆر جار شای و لۆغان بۆ شتێک کراوە کە دواتر سەرلەبەری بەزیان بەسەر خەڵکدا شکاوەتەوە.  ئه‌وه‌ی جێگای سه‌ره‌نجی من بوو، تازە راوێژكارێكی کۆنە نەیاری بارزانی له‌ باره‌ی پێكنه‌هاتنی ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌، هه‌م وه‌ك مێژوونوسێك و هه‌م شیكاركارێك و هه‌م وه‌ك فاڵگه‌ره‌وه‌یه‌ك به‌ناو كه‌وتوه‌و له‌ مێژوویی دێرێنی عێراقه‌وه‌ هێناویه‌تی تاكو ئه‌م شازده‌ ساڵه‌ی دوایی و هه‌ر هه‌مووانی وه‌ به‌ر ته‌شه‌ر داوه‌و پێی وایه‌ هیچ یه‌كێك له‌ عێراقدا دیموكراسی نیه‌ و وه‌ك به‌رگریكارێك هاتۆته‌ مه‌یدان و شیوه‌ن بۆ خه‌ڵكی سه‌ر جاده‌ ده‌كات، دیارە ئێمە شاهیدی ئەوەین کە  خه‌ڵك و خوێنی رژاوی سه‌ر سەرشەقامی سلێمانی ئه‌وی كرد به‌ده‌م سپی و له‌و رێگایه‌وه‌ گه‌یشت به‌و مه‌رامه‌ی كه‌ ئێستا ئه‌و ده‌یه‌وێ و له‌ مونته‌ڵه‌قی هێزه‌وه‌ خۆی نمایش ده‌كات (ئه‌مه‌یان هه‌ڵئه‌گرم بۆ دەنگدەرانی فه‌قیرو هه‌ژاری گۆڕان كه‌ به‌سه‌ر پشتی ئه‌واندا رۆشتوه‌و ئێستا له‌ ئه‌مانێكی بێ سنوردایه‌ و رڵی راوێژكاری روقایم دەبینێ‌). راوێژكاره‌كه‌ی بارزانی له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا هاتۆته‌ گۆو دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحی خزاندۆته‌ به‌ناو پیلانێک كه‌ بەخەیاڵی ئه‌و باس دەکرێت، بۆ له‌باربردنی كورد دروست ‌ببوو، کاکی راوێژکار زۆر بێ ویژدانانه‌ ده‌یه‌وێ وێنای سه‌رۆك كۆمار به‌ پلانگێر دژی گه‌له‌كه‌ی بكات و له‌ هه‌مان كاتدا ژه‌هری دووبه‌ره‌كی به‌ قوڕگی هاوڕێكانیدا بکات و ده‌ڵێ: ویستویه‌تی تۆڵه‌ له‌ هاوڕێكانی نێو یه‌كێتی بكاته‌وه‌ به‌وه‌ی نه‌كراوه‌ به‌ سكرتێر.  هەرچەندە من و زۆرکەسی تر هیچ سه‌رمان له‌م هاوكێشه‌یه‌ ده‌رناچێت كه‌ راوێژكار بۆی چوه‌، چونكه‌ كاك به‌رهه‌م به‌ ئاشكرا و به‌ نوێژی نیوه‌رۆ له‌ سیسته‌می هاوسه‌رۆكی كشاوه‌ته‌وه‌و به‌ڵێنی پشتیوانیشی به‌ هاوسه‌رۆكان داوه‌. ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌شی ویستویه‌تی تۆڵه‌ له‌ پارتی بكاته‌وه‌، دیسان جه‌نابی راوێژكار ده‌یه‌وێ دووبه‌ره‌كی له‌ نێو ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا دروست بكات، چونكه‌ كاك به‌رهه‌م غه‌یری ئه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتیدا له‌نێو په‌رله‌مان بردویتیه‌وه‌ و پاشانیش پارتی پێشوازی لێ كردوه‌و پشتیوانی بۆ هه‌وڵه‌كانی ده‌ربڕیوه‌؛ هیچ رەفتاریكی تری نەکردوە جێگای نیگەرانیی بێت..ئیتر نازانم پارتی له‌ پای چی له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ پشتیوانی ناكات. ره‌نگه‌ ئه‌م قسه‌ی پشتیوانی نه‌كردنه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ زۆر راست و دروست بێت، چونكه‌ به‌رهه‌م ساڵح خاوه‌نی خۆیه‌تی و رقی له‌ ته‌به‌عیه‌ته‌ جا له‌ هه‌ر بوارێكی تریشدا بێت. ئه‌وه‌شی پێویسته‌ راوێژكاره‌كه‌ی بارزانی لێی تێبگات ئه‌وه‌یه‌، دەبێت راستگۆیانە ئەوە باس بکات، کە شه‌قام خه‌ڵكی حزبی ناوێت، ئێوەش باس لە پشتیوانی شەقام دەکەن وشەرەکەشتان لەسەر ئەوەیە وەزیرە دوبارەکراوەکان دابنرێنەوە یان هیچ نەبێت وەزیری حزبی بسەپێنن، پاشان شاندی هەرێم هاتونەتە بەغداد و خۆیان دانوستاندنیان لەگەڵ عەلاوی کردوە بەسەرۆکایەتی کاک نێچیرڤان، نەک کاک بەرهەم، ئەوان تارادەیەکیش رەزامەند بوون، بەڵام دواتر لەپشتی دامەزراوەکانی هەرێمەوە کاک مەسعود رێککەوتنی لەگەڵ هەندێک هێز کرد، کە پێشتر بە دوژمنی کورد ناسێنرابوون، بۆ تێکدانی رێککەوتنی شاندە کوردیەکە نەک نارەزایەتی لەدژی پیلانگێرییەک کە وەک ئێوە باسی ئەکەن، بۆیە لەراستیدا ئەوەی رویدا، کودەتا بوو بەسەر دامەزراوەکانی هەرێم بەناوی دژایەتیکردنی پیلانگێرییەوە، هەربۆیە دواتر کاک مەسعودیش لەباتی هەمووان دەستخۆشی لەهاوبەشەکانی کرد، نەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم.  دوا قسەش ئەوەیە ئه‌گه‌ر کاکی راوێژکار بەمەبەست سەر لە خۆی نه‌شێوێنی ده‌زانێ سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر ئه‌و رێسایه‌ كاری كردوه‌ كه‌ شه‌قام و كه‌س و كاری خوێنڕژاوان داوای ده‌كه‌ن، خۆ گەر ئێوەش ئەوەنە خەمخۆری داخوازی شەقامن و باکتان بە دەنگی شەقام هەیە باجارێ واز بێنین لەشەقامی عەرەبی، باشترە خەمێک لەداخوازیەکانی شەقامی کوردی بخۆین خۆ لەهەرێم هەموو دەسەڵاتەکان لای بارەگای بارزانیە و بفەرموو پێی بڵێن، ئاورێکیش لەوخەڵکە داماوەی خۆمان بدەنەوە نەبا جارێکی تریش بەداخوازیی و نارەزایەتیەکانیان بوترێتەوە هەڵپەرین و داپەرین.


رێبوار کەریم وەلی ئەمجارەیان یەکێتی لە ئیمتیحانێکی سەخت دەرچوو؛ سەرۆک بەرھەم ساڵح و حەمەتۆفیق عەللاوی لەژێر پەردەی بێلایەنی و خەڵکی ناحزبیدا، لانیکەم سێ وەزیریان لە پشکی کورد خستبۆ ناو کابینەی لەدایک نەبووەوە. سێ وەزیر کە ھەرسێکیان، ئەگەر یەکێتیش نەبووبن، لانیکەم پارتی نەبوون. ھەر حزبێک لە جێگەی یەکێتی بوایە کە چەندین مانگ بۆ وەزارەتێک لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدیدا تەشەبوسیان بە دار و بەرد کرد و، پارتی رێگری دەکرد، ھەر بۆ تۆڵەسەندنەوە دەبوایە دەمودەست موبارەکەی حکومەتەکەی عەللاوی بکات. یەکێتی عەکسەکەی کرد. تەڵەکەی تەقاند و پشتی لە ئیجماعی کوردستانی نەکرد. پێدەچێ دوای نەمانی مۆتەکەی قاسم سلێمانی یەکێتی دەست کراوەتر بێت لە سیاسەتدا و، ھاوسەرۆکەکانیش نەیانویست لە یەکەم ھەنگاودا، تووشی بەریەککەوتن بن لەگەڵ پارتیدا تا ئەوکاتەی شوێن پێی خۆیان قایم دەکەن.  * شکستی عەللاوی لە پێکھێنانی حکومەت، شکستی سێکوچکەی قوم (بەرھەم ساڵح، عامری و سەدر) بوو. سەرەتا ھێندە بێمنەت و بوغڕا بوون کە حیسابیان بۆ ھیچکەس نەدەکرد. ئەم سێکۆچکەیە کە ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵیان دا شەقام و رای گشتی بە کارەکتەرێکی ساختی ئێرانی و تا سەر ئێسقان حزبی و مەزھەبی ھەڵخەڵەتێنن، گرەویان لەسەر ئەوە بوو کە لەناو کورد یەکێتی و لەناو سوننەش گرووپگەلێک ھەن کە پشتیوانیان دەبن و(ئاغای) عەللاویش لەسەر کورسییەکە دادەنیشێت. بەڵام حیسابی ئەوەیان نەکردبوو کە ناوماڵی شیعە ھەڵتەکاوە. نەمانی حاجی ئەوانیشی بێ شوان کردووە. بۆیە راستە یەکڕیزیی کورد گرنگ و چارەنووسساز بوو، بەڵام ئەگەر شیعە لەناو خۆیان تەبا بان، بە دڵنیاییەوە، بێ کورد و سوننە، تەنانەت قونچکە حکومەتیشیان پێک دەھێنا.  * شکستپێھێنانی ھەوڵەکانی سێکوچکەی قوم، فەزڵەکەی بۆ کورد و سووننە و لەناو کوردیش بۆ پێداگریی سەرۆک بارزانی، ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێم و یەکڕیزیی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە. لەو کێشمەکێشەدا جیاوازیی کاریزمای بارزانی وەکو سەرکردە لە بەرامبەر سیاسییە پلە دوو و سێیەکان بەدیار کەوت. ھەبوون کە پێیانوابوو ئیتر خۆی بارزانی لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و ئاراستەکردنی سیاسەت و حوکمڕانیی عێراق ئاوا بووە، ئەمجارەیان گەڕانەوەیەکی پڕشکۆ بوو. بە شێوەیەک کە ئەمجارەش خەونی زۆرینەی سیاسی لە عێراق نەھاتەدی و ئەو ڤایرۆسەی کە وەک کڕۆنا لەناو جەستەی ھێزە سیاسییە کوردییەکان بوو، گوازرایەوە بۆ ناو ماڵی شیعە. یەک پەیامی بارزانی کە گوتی ئەگەر بێ کورد و سووننە دەتوانن حکومەت پێک بێنن، پیرۆزیان بێت، بەس بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە سێکوچکەی قوم بێت. *  پێداگریی سەدر و ئەوانی دیکە لەسەر سەرۆکوەزیرانێکی بێلایەن و تەکنۆکرات، کە بە قسەی خۆیان عێراق لەو مەینەتییە رزگار بکات، تا ئەو کاتە راستە کە لێرە بەدواوە، سەرۆک بەرھەم ساڵح کە موکەللەفە بەوەی کە تا دوو ھەفتەی دیکە کەسێکی دیکە بۆ پێکھێنانی حکومەت راسپێرێت، وەکو پارێزەری دەستوور و بێ جیاوازی ئەو شانسە بدا بە کەسانی دیکەش، نەک ئەوانەی لە قومەوە دەستنیشان دەکرێن. سیاسییەکانی شیعە لە 17 ساڵی رابردوو کەسیان نەما تاقی نەکرێنەوە، ھەموویان فاشل دەرچوون. با ئەمجارە سەرۆک بەرھەم ساڵح ئەو شانسە بداتە کوردێک یان سوننەیەکی تێکنۆکرات، یان لانیکەم ئەو شانسە بدرێتە کەسایەتییەکی وەکو ئەیاد عەللاوی کە شیعەیەکی لیبراڵ و دۆستی کورد و سوننەیە. تۆ بڵێی ئەو کاتەش جەنابی سەدر و عامری و، تەنانەت خۆیشی پشتیوانیی لێ بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێک دوور لە دەستێوەردانی حزبەکان؟  * پوختەی کەلام، ئەو حەمە تۆفیق عەللاوییەش ناوی دەچێتە ناو مێژووەوە، بەوەی کە لە دوای 2003 وە ئەوە یەکەم کەسە کە راسپێردرێت بۆ پێکھێنانی حکومەت، بەڵام نەتوانی حکومەت پێکبێنێت. RUDAW


مەجید ساڵح   (1) پسپۆرانی بواری (بەڕێوەبردنی قەیران)، هەموو قەیرانەکان جا سروشتی بێت یان ئابوری یاخود تەندروستی و سیاسی.... دەکەن بە پێنج قۆناغەوە کە بریتین لە: ١. چاوەڕوانی؛ ٢. راگەیاندنی مەترسی؛ ٣. رزگاربون؛ ٤. ئاسایی کردنەوە؛ ٥. بونیاد نانەوە. بەپێی ئەم مۆدێلە، پرۆسەی بەڕێوەبردنی قەیران بە پێشبینی کردن دەست پێدەکات و بە سەرلەنوێ بونیاد نانەوەی ئەوەی زیانی لێکەوتوە کۆتایی دێت. بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس لە زۆربەی وڵاتاندا، شتێکی چاوەڕوان کراوە بوو کە ئەم ڤایرۆسە ئەمڕۆ بێ یان سبەی خۆی دەگەیەنێتە هەرێمی کوردستان. بۆیە کارئاسانی کرد بۆ داموودەزگاکانی حکومەت تاوەکو بکەونە خۆیان و دۆخەکە بە مەترسیدان لە قەڵەم بدەن و بکەونە ئامادەباشی. بەپێی ئەم مۆدێلەی بەڕێوەبردنی قویران بێت ئێستا ئێمە لە قۆناغی دووەمداین و سێ قۆناغی دیکەمان لەبەردەمدایە. حکومەت چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەو سێ قۆناغەدا دەکات؟ نامەوێ پێشبینی بکەم، ئەوە بەجێ دێڵم بۆ دوای تێپەڕبوونی قەیرانەکە. بەپێی پسپۆریەکەم کە راگەیاندنە، هەوڵدەدەم هەڵسەنگاندنێکی خێرا بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی میدیاکانی کوردستان لەگەڵ قۆناغی یەکەم و دووەم بکەم. (2) بەو پێیەی زۆربەی میدیاکانی کوردستان لە وەرگرتنی هەواڵ و زانیاریدا پشت بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی هەواڵ دەبەستن، بۆیە لەهەندێ حاڵەتی کەمدا نەبێ، ئەگینا زۆربەی ئەو زانیارییانەی کە لەسەر کۆرۆنا ڤایرۆس بە خەڵکی ئێمە دەگەیشت و زۆربەشیان (هەواڵە تۆقێنەرەکان) بوون لە دەستی دووەوە بوو، بۆیە لە پرۆسەی وەرگێڕان و ئامادەکردنی زانیارییەکاندا هەندێکی لێ دەپچرا و هەندێکی دیکەشی بە شێواوی دەگەیشتە لای خەڵک، بە گەڕانەوە  و شیکردنەوەی ناوەڕۆک بۆ ئەو هەواڵ و زانیارییە ناکوک و دژبەیەکانەی کە میدیای کوردی لەکاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەدا بڵاویان دەکردەوە بۆت روون دەبێتەوە کە ئەو کەناڵانە چ فەوازیەکی زانیارییان لە لای خەڵک دروست کردوە چ سەرلێشێوان و سڵەژانێکی دەروونیان بەرپاکردوە. تەنانەت هەندێ کەناڵ ئەم دۆخەیان بە هەل زانی و بۆ زۆرکردنی بینەر و بیسەر و خوێنەر و هەژموون پەیداکردن لە دڵی خەڵکی ساف و ساویلکەدا، کەسانی دەجال و پۆخڵەواتیان دەهێنا قسەلەسەر ئەم قەیرانە تەندروستیە جیهانییە بکات کە زانایان تا ئەمڕۆش لە ناسینەوەیدا دۆش داماون. ئەو دەجالانە خواردنەوەی میز و پیساییان بە چارەسەر دەزانی، باری دەروونی خەڵکیان بۆ ئەوە رادەهێنا تەسلیمی ئەمری واقع ببن و مردنێک قەرزارن و گەر بەم ڤایرۆسەش مردن ترستان نەبێ، چونکە ئێوە بە پێچەوانەی کافرەکان بەهەشت چاوەڕوانتان دەکات. هەربەڕاستی لە (قۆناغی چاوەڕوانی)دا بەشیکی زۆری میدیاکانی هەرێم لە گۆمی لێڵدا مەلەیان کرد و خەڵکیان تاڕادەی تۆقاندن برد و گەمەیان بە ئەقڵی خەڵک دەکرد. بە هەمان شێوە لە قۆناغی (راگەیاندنی مەترسی) و ئیعلان کردنی حکومەت بەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمدا بارگەی داکوتاوە، بەشی زۆری میدیاکان بە تایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتەوە نزیکن، ١٨٠ پلە بایاندایەوە و کەوتنە هێورکردنەوەی دۆخەکە، لە هەواڵ و چاوپێکەوتنەکاندا، لەسەر یەک ئەو زانیارییانەیان بڵاودەکردەوە کە دۆخەکە هێندەش مەترسیدار نییە و ڤایرۆسەکە ئەوەندەش کوشندە نییە؛ ئەمەش رێک پێچەوانەی بۆچوونەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەزمونی ئەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا دەستوپەنجە نەرم دەکەن و پێیان وایە زۆرمەترسیدارە گەر رووبەڕووی نەبینەوە.  لە کاتی روودانی هەر قەیرانێکدا کاری راگەیاندن نە تۆقاندنی خەڵکە بەو رادەیەی کە دەستوپێی خۆیان ون بکەن و تەسلیمی مردن ببن، نە سادەکردنەوە  و هێورکردنەوەی دۆخەکەشە بەرادیەیەک پشتێنی لێ بکەنەوە و بێخەم لێی دانشن.. ئەرکی ئەوان گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و رێنمایی راست و دروست و لەسەرچاوەی باوەڕ پێکراو و شارەزایە، نەک لە کڵاوچی و دەجال.. هەموو قەیرانێک سەرەتا و گەیشتن بە لوتکە و کۆتایی هەیە، ئەم قەیرانەش هەروایە، زوو کۆتایی هاتنی دەکەوێتە دەستی هەوڵەکانی حکومەت و پەیڕوکردنی رێنماییەکان لە لایەن خەڵکەوە. بەڵام گەر راگەیاندنەکان هەروەها نازانستیانە و بە ئارەزووی خۆیان و بە پێی میزاجی حزبەکانی پشتیان مامەڵە لە گەڵ سێ قۆناغەکەی دیکەدا بکەن، بە دڵنیایەوە لە شێواندنی باری دەروونی خەڵک و درێژکردنەوەی ماوەی قەیرانەکەدا رۆڵی گەورە دەبینن. * ماستەر لە بەڕێوەبردن و ژینگەی کاری میدیایی  


  شێرزاد شیخانی   به‌پێی زانسته‌ پزیشكییه‌كان ته‌وقه‌كردن و یه‌كتر ماچكردن یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌ فایرۆسییه‌كان ، به‌تایبه‌تیش نه‌خۆشی ئه‌نفله‌وه‌نزا ، له‌وانه‌ش ده‌رده‌ پییسه‌كه‌ی ئێستای كۆرۆنا كه‌ خه‌رێكه‌ جیهان وێران ئه‌كا .. ئه‌مه‌و جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ زانایانی پزیشكی باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌وا زۆربه‌ی نه‌خۆشیه‌كانی پێستیش به‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ له‌مرۆڤێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكتر .. له‌نێو به‌شێك له‌گه‌لانی دونیادا سڵاوكردن ورێزگرتن له‌به‌رامبه‌ر ، مه‌رج نیه‌ به ‌باوه‌شگرتن و ماچوومووچ و ده‌ست ماچكردن ته‌عبیری لێبكرێ ، وه‌كو ئه‌بینین گه‌لانی ژاپۆن وچیینییه‌كان و زۆربه‌ی گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا به‌ نووشتانه‌وه‌ سڵاو له‌یه‌كتر ئه‌كه‌ن .. گه‌لانی هیندستان دوو ده‌ست به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌گرن و ‌تۆزیك ئه‌چه‌مێنه‌وه‌ . له‌وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپاش له‌م سه‌رده‌مه‌دا باوه‌شكردن وماچكردن زۆر كارێكی عه‌یبه‌ و مایه‌ی ئیحراجییه‌ و قبوولی ناكه‌ن كه‌سێك باوه‌شیان پێوه‌ بكات . له‌لای خۆمان ئه‌م كلتووری باوه‌ش پێداگرتن و ماچومووچه‌ هه‌زاران ساڵه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا باوه‌ ، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی و رێزو ئیحترام چوارجار ماچكردنی به‌رامبه‌ریشت ئه‌وپه‌ڕی رێزده‌رخستنه‌ .. جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ تا ئێستا ئاساییی بووبێت ، پێویسته‌ له‌مه‌ولا شوێنگره‌وه‌یه‌كی تازه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه‌ ، چونكه‌ هه‌م دیارده‌كه‌ ناشرینه‌ كاتێك پیاو پیاو ماچ ده‌كا ، هه‌م له‌رووی شه‌رعی ئیسلامیشه‌وه‌ حه‌ڕامه‌ پیاو ژن ماچ بكات . من پێشنیارێكم هه‌یه‌ حه‌زم كرد بیخه‌مه‌ به‌رده‌متان بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌وه‌و بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووشمان ببێته‌ كلتوورێكی جێگره‌وه‌ی ئه‌م كلتوره‌ بۆماوه‌ سه‌قه‌ته‌ی ماچكردن وته‌وقه‌كردن . هیواداریشم هه‌مووتان پشتگییری بكه‌ن . پێشنیاره‌كه‌ش به‌مشێویه‌ :  ( بۆ سڵاوكردن پێمباشه‌ ده‌ست بخرێته‌ سه‌ر سه‌رو دواتریش ده‌سته‌كه‌ بخرێته‌ سه‌ر سینگ له‌گه‌ڵ تۆزێك مل چه‌ماندنه‌وه‌ .. ئه‌گه‌ر ویستیشت رێزێكی زیاتر بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بنوێنێ ، ئه‌توانی له‌جیاتی جارێك ، دوو یان سێ جار ملت بچه‌مێنیته‌وه‌ ) .. پێموایه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌توانی باشتر ته‌عبیر له‌رێزگرتن له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بكه‌ی له‌و ماچوومووچه‌ی ئێستا كه‌ به‌ڕاستی كلتورێكی بێزاركه‌ره‌ره‌ بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت نه‌وه‌ك رێزلێنان . با له‌ئێستاوه‌ 


سەید ئەكرەم    هەڤالان، خویندەڤانێن عەزیز ڤێ حیکایەتێ باش بخوین، بهزر و رامان تێفکرنێ تێدا بکەن، دا بزانین چ حیکمەت ل پشت ڤێ گوتنا پێشینەیادا هەیە...!! مە پاشەکەڤتێ خوە دڤێتن..بزانن چەند هەژاری و تێنەگەهشتن مە هەیە، برینا هزری و دەردی کەساتیا کوردی لباشور چەند و  کویرو  ب ئازارە...!! ئاخەک ۱٤۰۰سال داگیر کری، گەلەک بن دەست و هەژار،  ۱۰۰سەد سال سیاسەت، ٦۰شێست سال شورەش و کوشتن، هەزارەها شەهید و دەربەدەر، هەزارەها بریندار و سەقەت..دێروکێ بخوینە عێراقاکەڤن یا کوردان بو، دەولەتا کاشیا کوردی حاکمداریا عێراقێ دکر..تاکو سالا۱۹٦٨ بغداد یا کوردان بو، ۷۰٪ مللک و مال و بازرگانی و تاکو دەستهەلات یا کوردان بو...ژنشکەکێ شورەش و خەباتا بێ لوجیک..بەغدا چوو، میسل چوو، خەریکە کەرکوک ژی بچیتن..دهوک ، هەولێر، سلێمانی خەریکە پروسێسا تەعریب، تەتریک، تەفریسێ لێ دهێتن پەیادە کرن...پشتی سیهسالان دەستهەلاتا خوبخویی ل سەر ڤێ خەزینا سامانن، ل جەنەتا سەرئەردی، وەی هەوار ...من پاشەکەڤتێ خوە دڤێتن...کەڤل بئاڤێ دا چوو، ژنوی پسیارا کەڤلی دکەی...داخازا ئاخێ ناکەن، داخازا یاسایێ ناکەن، داخازا دادەڤانیێ ناکەن، داخازا بەرێ خوین و خوها چەندین سالی دایی ناکەن...مە پاشەکەڤتێ خوە دڤێتن...سیهسالە تو حوکمداری..بەغدا ۱۷ هەڤدە سالە ژ دەستێن سەدامی رزگار بویی...دسەر هەمی خرابیا هەی ل بەغدایێ، داخازا ئاخێ دکەن، دبێن مە وەڵاتێ خوە دڤێتن، مە حوکمێ یاسایێ دڤێتن، مە کەساتیا خوە دڤێتن...داخا موچە و بودجا ناکەن...لەو مانێ ئەوا ل بەغدایێ دهێتن کرن، تەختێ سیهسالێن  دەستهەلاتا دزو جەردەچیێن هەولێرێ لەقاند و هەژاند، دزانن ئەو خودان دەستورن و داخازیا عەدالەتێ دکەن...ئەو سەرکرد و بن گردێن سەر و مالێ مەتالان دکری  و دبنە  دەرڤەیی وەڵاتی،  کەیف و لەزەتا پێ دکەن،  دگەل سوزانی و بودیگاردێن تورک و عرەب و فارسی..دبێژن چریوو....ل دەمێ ڤەگەریانێ بقونێن ب باوەسیر و بکیرێن تژی ڤایروسێ ئێدزێ، ڤەدگەرهانە کوردستانێ...نوکە بەغدایێ کورسکێن وان هەژاندن و خەونێن وان کرینە کابوس...دبێژنێ هوین دێ چنە بن دارێ دادگەها گەلی...نوکە پێن وان لبن زکێ وان جووت بوینە....دهێتنە بیرا وان...دێهلال بایە، صەیێ ل بەغدایە...!! ژنوی ئەڤ بێ قیمەتە دزانن، ئەڤ پەندە باب و کالان بو وان هێلایە، دا کو بوخو بکەنە سەربور...ژنوی دزانن رامانا ڤێ پەندێ چیە...!! نوی دزانن ئەول بانە و صەیێ ل بەغدایێ و دزانن دێ گوهنێلێ ژ وان کەتن.....!! کوردێ هەژار ژی وەکی پەپیکا دکەتن هەوار....دبێژیتن مە پاشەکەڤتێ خوە دڤێتن....!! دەهلمن و ڤێ تێگەهشتنێ...براکا تو ل کیڤەی... داخازا ئاخێ بکەن، داخازا دادەڤانیێ بکەن...ئاخا مە کانیا زێریە، ئەقلێ مەهەبیتن...پێویستیا مە ب پاشەکەڤتی نینە، ئاخا خوە وەرگرین و باش وەبەرهێنانێ تێدا بکەین...مالا مە دێ بیتن جەنەت، ژیان دێ بیتن کەیف و لەزەت...بەس داخازا ئاخێ، دادڤانیێ، ئەقلێ ئازاد بکەن...هەرتشت وەک هەوە بڤێتن دێ چێبیتن...داخازا پاشەکەڤتی نەکەن، خونە خاپینن...بهایێن زۆر مەسترێ مەداینە...داخازیا بهایێن خویێن گەوهەری بکەن...براستی داخازیا موچە و بوجەی بەرنامەیەکێ پویچە و ئارمانجەکا بێ ووجە..!!


عومەر عەلی محەمەد ئەگەر سەیری سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین لە جیاتی ئەوەی هەنگاو هەڵبگرێت بەرەو ئەوەی کە ببێتە حکومەتی هاوڵاتییان یان حکومەتی چاک ، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هاوڵاتیان بێ هیوا دەکات و بارگرانی زیاتریان بۆ دروست دەکات و توشی ڕەشبینی و دڵەڕاوکێ و دواجاریش نەخۆشی دەرونی و جەستەی زیاتریان دەکات ، هەر حکومەتێک کە دروست دەبێت لە جیاتی چاوگێڕانەوە بە خواست و ویستەکانی هاوڵاتی و چارەسەری گەندەڵییەکانی حکومەتی پێشوو ، تەنها لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکی بێ ناوەڕۆک دەخاتە ڕوو کە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەو هیچی تر ، بە هەمان شێوازو ستایلی حکومەتی پێشوو درێژە بە کارەکانی دەدات ، بەمەش دەتوانین بڵێین حکومەتی هەرێم لە جیاتی ئەوەی خاوەنی ۲۹ ساڵ لە حکومڕانی بێت ، تەنها یەک ساڵەو ۲۹ جار دوبارەی دەکاتەوە .دروست بونی ئەم کابینە نوێیەی حکومەت لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازتر بوو لە حکومەتەکانی پێشوو ، ئەو پڕۆژەیەش کە سەرۆکی حکومەت ڕای گەیاند سەرەتا خەڵک وا چاوەڕوانی دەکرد کە شتێکی نوێ بێ و هیوایەک بۆ هاوڵاتییانی بگەڕێتەوە ، چونکە ئەم حکومەتە لە دوای شەڕی داعش بو کە ئەمەش خەرجییەکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاندەوە ، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ۲۱ دۆلارەوە گەیاندە سەرو ٦۰ دۆلار ، دەستکەوتی دارایی ناوخۆش لە ۱۰۰ ملیۆن دۆلارەوە بەرز بووەوە بۆ زیاتر لە ۳۰۰ ملیۆن .ئەمەش سەرەڕای زیادکردنی باج و چەندان شتی تری وەک نرخی فلێکس و ئاوی ماڵان و کارەباو گەشەسەندنی بواری بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ، لە لایەکی تریشەوە هەتا ئێستاش هاوپەیمانان بڕی ۲٥ ملیۆن دۆلار دەدەنە هێزی پێشمەرگە ، ئەمەش سەرەڕای زیادبونی دەستکەوتی سامانی گازو خاڵە سنورییەکان ، لە جیاتی ئەوەی حکومەت پڕۆژەیەکی تازە ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی کە زیادبونی دەستکەوتی دارایی بکاتە هۆکارێک بۆ گەشەپێدان و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری ، بەڵام هەموو چاکسازییەکی ئەوە بوو کە لە پەرلەمان پڕۆژەیەکی خستەڕوو کە ئەویش تەنها ڕێکخستنەوەی مووچە بوو . حکومەت هەتا ئێستاش ناتوانێت ئەوەی کە هاڵاتی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیانەوێت ئەنجامی بدات کە ئەویش خۆی لە شەفافیەت و فرۆشتنی سامانی وزەیە کە لە نەوت و گازدا خۆی دەبینێتەوە ، لە ڕاستیشدا ئەمەش سەنگی مەحەکی ئەم حکومەتەیە ، لەمەوە دەتوانین بگەینە ئەو ڕاستیەی کەلە هەرێمی کوردستاندا دوو حکومەت بونی هەیە ، حکومەتێک لە پشتی پەردەوەو پارتە دەسەڵاتدارەکان بەڕێوەی دەبەن ، ئەو حکومەتەش کە وەک دیکۆر لە واقیعدا دەبینرێت . لەبەر ئەوە هەتا ئەم دوو حکومەتە یەکنەخرێت و بە شەفافی داهاتی نەوت و دەستکەوتەکانی تر نەخرێتە ڕوو ئەم دۆخە چارەسەر نابێت ، چونکە لەو دۆخەدا حیزب و بەرپرس و کۆمپانیاکانی هەڵدەستن بە دادۆشینی حکومەت و لەم حاڵەتەشدا هەر ئەوە بەرهەمدێت کە دەبینرێت ، ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوڵاتییان ڕۆژانە ئەم دۆخە ناهەموارە دەبینن و ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن . کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا  ئەم حکومەتە بۆ ئەوە هاتووە کە سزای هاوڵاتییانی بدات و لە مانگە ساردەکانی زستاندا سزای بێ نەوتی و بێ غازی بدات و موچەی بۆ پاشەکەوت بکات و سەروەت و سامانەکەی بەرێت . لە راستیدا ئێستا حکومەت تەنها ئەرکی بۆتە دابەشکردنی موچەو ناتوانێت ئەم کارەش بەباشی بکات و لە ئێستادا کە مانگی سێیە موچەی مانگی ۱۱ی پاردەدات کەواتە کە بەر پرسیایێتی حکومەت تەنها ئەمەبێت کواتە خەڵک حکومەتی بۆچیە چونکە ئەو ئەرکە بە فەرمانگەیەکیش دەکرێت و پێویست بەو هەمو دامەزراوە زەبەلاحە ناکات باشە حکومەت دەبوایە بەم شێوە بوایە یان دەبوایە بەردەوام لەگەڵ هاوڵاتییاندا بژیایە و هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان بدات و ببێتە سەرچاوەی دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆیان و گرنگی بە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە بدایە .


زمناکۆ ئیسماعیل      بەهۆی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (covid - 19)، بڕیاری داخستنی خوێندنگاکان لەزۆرێک لەووڵاتانی جیهان،  بەشێوەیەکی کاتی خرایە بواری جێبەجێکردن، بەمەبەستی پارستنی خوێندکاران لەو ڤایرۆسە، لەهەرێمی کوردستانیش هەمان رێگا هەڵبژێردرا، دەرگای خوێندنگاکان بەشێوەیەکی کاتی داخراو خوێندن راگیرا، ئەمە کارێکی باش و دروستە کە بەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە جێبەجێکرا، بەڵام دەکرێت رێگای دیکە بۆ خوێندنی خوێندکاران بگیرێتەبەر، بەوپێیەی ئەو ڤایرۆسە هەتا ئێستا ڤاکسینی بۆ نەدۆزراوەتەوە، رەنگە ماوەی مانەوەی ئەو ڤایرۆسە، بۆ کۆتاییەکانی مانگی چوارو هەتا ناوەڕاستی مانگی پێنجیش درێژە بخایەنێت، لەوڕانگەیەوە دەبێت وەک ووڵاتانی پێشکەوتوو، بیر لەڕێگای (خوێندنی ئۆنلاین)، بکرێتەوە، بەتایبەت بۆ هەرسێ پۆلەکانی (شەش و نۆ و دوانزە)، کە تاقیکردنەوەی نیشتیمانین (بەکەلۆرییان) لەپێشە. بەلاتانەوە سەیر نەبێت، لە ١٥ی یەنایەر حکومەتی چین مەترسی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، سەرەتا شاری هۆهان و پاشتر سەرجەم ووڵاتی چین، خوێندنی ووڵاتیان لەسەرەتاییەوە هەتا زانکۆکانیش کرد بە خوێندنی (ئۆنلاین)، خوێندکار لەماڵەکەی خۆی دادەنیشێت و مامۆستاکان لەڕێگای ئۆنلاین وانەیان پێ دەڵێتەوە، رەنگە بگۆترێت چێن پێشکەوتوەو کارەباوو ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پێشکەوتنیان بۆ دابینکراوە، بەڵام ئەگەر خوێندن بەئۆنلاین بەڕێنەکرێت، دەبێت ئەمساڵی خوێندن و ساڵی داهاتوو نزیک یەک بکرێتەوە، سێ مانگی پشوی خوێندکارو مامۆستایان بکرێتە وەرزی خوێندن، (ئەم روداوە لەسەردەمی خوێندنی ئێمە لەدوای راکردنەکەی ١٩٩١ رویدا، کە سێ مانگی پشوو بکرێتە خوێندن، بەڵام بۆ ئەو کات ئەنجامی نەبوو، لەمانگی یەکەمی درێژکردنەوەی خوێندن ئەمە وەستێندرا، لەبەرئەوە خوێندنی ئەو ساڵە بەشێوەیەکی خراپ تێپەڕی بەسەر خوێندکارو مامۆستادا)، چەند رۆژێکیش لەمەوبەرو کاتێک ئەمریکا رایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەووڵاتەکەیاندا هەیە، لای خۆیەوە دکتۆرە نانسی میسیۆنەو بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییە خێراکان، لە وولایەتە یەکگرتوەکان رایگەیاند "لەئەگەری کۆنتڕۆڵنەکردنی ئەو ڤایرۆسە، دەتوانین خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بکەین بە ئۆنلاین"، لەچەند ناوچەیەکی ژاپۆن و کۆریای باشور، کەمەترسی تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە هەیە، خوێندنکراوە بە ئۆنلاین. ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەم ئەزمونە بۆ خوێندنکارانی (شەش و نۆ و دوانزە)، تاقیبکەینەوەو بۆ ماوەیەکی کاتی بیخەینە بواری جێبەجێکردن، هەتا ئەو خوێندکارانە لە پەیڕەوی خوێندن دوانەکەون، چونکە تا ئێستاو بەپێی هەواڵی میدیا گەورەکانی جیهان، پێکوتە (ڤاکسین)،ی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، لەئەگەری دۆزینەوەشیدا رەنگە درەنگتر بگات بەدەستی ئێمەی کورد، لەچاو هەندێک ووڵاتی خاوەن ئابوری بەهێزی جیهان، لێرەشدا سێ رێگامان دێتە بەردەم، یان دەبێت دەرگای خوێندن بکرێتەوەو مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای وەلا بنرێت لەپێناوی دوانەکەوتنی خوێندکار لەخوێندن، یاخود دەبێت فشاری زۆر بخرێتە سەر خوێندکارو مامۆستا، لەمانگەکانی پشوی هاویندا قەرەبوی نەخوێندنی ئەم چەند مانگە بکرێتەوە، لەوڕوانگەشەوە ئەم رێگایە زەرەر لە خوێندکارانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئەدات، یاخود دەبێت خوێندن بکرێت بە ئۆنلاین، بەو مەرجەی ئاسانکاری بۆ خوێندکار بکرێت، هەتا ئەم دۆخەی ئێستا تێدەپەڕێنین. ئەگەر ئەم رێگایە بۆ خوێندنی پۆلەکانی شەش و سێ و دوانزە بەئەنجام بوو، ئەوا دەتوانین بەسەر زانکۆو پەیمانگاو یەکەکانی دیکەی خوێندندا پەخشی بکەین و ئەوانیش خوێندنیان بکەن بەئۆنلاین، هەتا ئەو کاتەی کە مەترسی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای (covid-19)، نامێنێت.  


سه لام عەبدوڵڵا ئەمە تێزی‮ ‬موحەمەد تۆفیق عەلاوییە كە دەیەوێ‌ سواری‮ ‬شەپۆلی‮ ‬خۆپیشاندەران و ناڕەزایی‮ ‬گۆڕەپانەكانی‮ ‬بەغدا و شارەكانی‮ ‬خوارووی‮ ‬عێراق بێت‮ (‬كە زۆربەی‮ ‬شیعە مەزهەبن‮). ‬ بەڵام ئایا لە سەرانسەری‮ ‬جیهاندا حكوومەتێك هەیە وەك عەللاوی‮ ‬و ناڕازییەكان داوا دەكەن كە هەر هەمووی‮ ‬ناحزبی‮ ‬بێت؟ لە وڵاتانی‮ ‬دیموكراتیدا رەنگە لە دامەزراندنی‮ ‬حكوومەتێكدا كەسێك‮ ‬یان كەسانێك بەشداری‮ ‬حكوومەتیان پێ‌ بكرێ‌،‮ ‬ئەگەرچی‮ ‬ناحزبیش بن،‮ ‬ئەویش لەبەر لێوەشاوەیی‮ ‬و شارەزاییان لە بوارێكدا كە رەنگە لەنێو سیاسییەكاندا پەیدا نەبێت بەو توانا و شارەزاییەی‮ ‬كەسانی‮ ‬پسپۆڕ،‮ ‬بۆیە زۆر ئاساییە و گەلێك جاریش روویداوە كەسانی‮ ‬سەربەخۆ و ناحزبی‮ ‬لە وڵاتانی‮ ‬دیموكراتیدا بەشداری‮ ‬حكومەتییان پێ بكرێ‌ و سەركەوتووش بن،‮ ‬بەڵام بتەوێت هەموو بەشداربووانی‮ ‬حكوومەت،‮ ‬كەسانی‮ ‬سەربەخۆ و ناحزبی‮ ‬بن تائێستا نموونەی‮ ‬لەو جۆرە نەبووە‮.‬ راستە حزبە سیاسییەكانی‮ ‬عێراق،‮ ‬دوای‮ ‬رووخانی‮ ‬رژێمی‮ ‬دیكتاتۆریی‮ ‬عێراق،‮ ‬چاوەڕێی‮ ‬ئەوەی‮ ‬لێ‌ دەكرا كە قۆناغێكی‮ ‬نوێ‌،‮ ‬پاش ساڵانی‮ ‬دوورودرێژی‮ ‬دیكتاتۆریەت بێتە ئاراوە،‮ ‬كە خزمەتی‮ ‬گەلانی‮ ‬عێراق بكات و دۆخیكی‮ ‬ئاوا بینیتە كایەوە كە سەرجەم پیكهاتەكانی‮ ‬نیو عێراق سوودمەندبن و لاپەڕەیەكی‮ ‬نوێی‮ ‬پێكەوەژیانی‮ ‬ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی‮ ‬پێكەوە لەبن سێبەری‮ ‬سیستەمیكی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬و فرەیی‮ ‬و فیدراڵیدا هەڵبدەنەوە و كۆمەڵگەیەكی‮ ‬نموونەیی‮ ‬بنیات بنێن‮.‬ بەڵام مەخابن،‮ ‬ئەو حزبانەی‮ ‬كە ساڵانیكی‮ ‬دوورودرێژ،‮ ‬دژایەتی‮ ‬دیكتاتۆریەت و رژێمی‮ ‬عەسكەرتارییەتیان دەكرد،‮ ‬ئەوانیش وردە وردە بەرەو بنیاتنانی‮ ‬سیستەمیكی‮ ‬نادیموكراتی‮ ‬و مەزهەبی‮ ‬هەنگاویان نا كە عێراقی‮ ‬نوقمی‮ ‬گەندەڵی‮ ‬كرد،‮ ‬بە ئاستێك عێراقی‮ ‬ئەمڕۆ لە پیشەنگی‮ ‬دەوڵەتە هەرە گەندەڵەكانی‮ ‬جیهاندایە،‮ ‬ئەگەرچی‮ ‬خاوەن سەرەوت و سامانێكی‮ ‬ئەوتۆشە كە دەكرا وڵاتێكی‮ ‬خۆشگوزەران و خزمەتگوزارییەكی‮ ‬بەرفراوان و سیستەمێكی‮ ‬پێشكەوتوو و مرۆڤدۆستانەی‮ ‬تێدا بنیات بنرێت كە نەنرا‮.‬ عێراق كە وڵاتێكی‮ ‬فرە پێكهاتە و فرەئایین و مەزهەبە،‮ ‬لەسەر بنەمای‮ ‬تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگی‮ ‬بنیاتنرایەوە،‮ ‬دوای‮ ‬چەندین ساڵ لە دیكتاتۆریەت و تاكە حزب،‮ ‬بۆیە ئەمڕۆ ئاسان نییە ئەو راستییە لەبەرچاو نەگیرێ و ئەو بنەمایانە كە گەرەنتی‮ ‬ئارامی‮ ‬و پێكەوەژیان و حوكمڕانی‮ ‬دەكرد،‮ ‬پێشێل بكرێ‌ و بە ئارەزووی‮ ‬تاكە كەسێك كە خۆشی‮ ‬دەستنیشاندەی‮ ‬چەند لایەنێكی‮ ‬سیاسییە،‮ ‬ئەمڕۆ ئاوا نادیدە بگیرێ كە سەراپای‮ ‬پڕۆسەی‮ ‬سیاسی‮ ‬لە عێراقدا‮ ‬دەگێڕێتەوە بۆ چوار گۆشەی‮ ‬یەكەم،‮ ‬كە لە زیان زیاتر هیچی‮ ‬دیكەی‮ ‬لێ دەستەبەر نابێت‮.‬ بۆیە ئەم هەوڵەی‮ ‬عەللاوی‮ ‬سەركەوتوو نابێت و ئەمڕۆ‮ ‬یان سبەی‮ ‬لە پەرلەمانی‮ ‬بەغدا رووبەڕووی‮ ‬ئەو راستییە دەبێتەوە‮.‬ حكومڕانی‮ ‬لە عێراقدا بە حوكمی‮ ‬پیكهاتەكانی،‮ ‬هەر دەبێت لەسەر بنەمای‮ ‬تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگی‮ ‬بێت،‮ ‬دەنا ئەم عێراقە بەزۆر پێكەوە لكێنراوە،‮ ‬لەوە زیاتر بڕ‮ ‬ناكات و هەرەس دەهێنێت‮.‬


مەسعود عەبدولخالق لەرۆژێكی وەك ئەوڕۆ 1/3/1979رادیۆی لەندەن (bbc) هەوالی كۆچی دوای بارزانی ڕاگەیاند كەلەئەمریكابوو ، خەلكی كوردستان هەموی گوێی لەو ڕادیۆیە دەگرت وەك سەرچاوەیەكی باوەڕپیكراو ، هەر بۆ بەیانی خەلكی بەدوو جۆر گوزارشیان لەوخەمباریە كرد ،بەشی هەرە زۆری پشتێن وكراسی ڕەشیان لەبەر كرد ، دوەمیان كچانی قوتابخانە خۆپیشاندانیان كرد و دروشمەكەیان : سەرۆكی هەمو كوردان بوو خوای لێخۆش بی زۆر ئازابوو ...ئەوە لەشارەكانی سلیمانی و هەولیركرا بەلام كەمتر لە ناوچەكانی دهۆك بەدی كرا ، كاتی تەرمەكەشی گەیشتەوە شنۆ كاك مسعود لەسەر گۆڕەكەی ووتارەكی داو ووتی : بارزانی بەمردنی خۆی نەمرد بەلكو بە پیلانی سیای ئەمریكی لەناویان برد ، هەندێك لە سروشتەكانی مەلا مستەفا: 1- زۆر لەگەل حزبایەتی نەبوو (بەپیچەوانەی ئیستا) ئەگەر بێلایەنێك وحزبیەك هەبوایە بۆ پۆستێك ئەوا مەلا مستەفا لایەنگیری بێلایەنەكە دەبوو عادەتەن (م س)یش لایەنگری حزبیەكە دەبوو ، بەو مەرجەی ئەوكاتی حزبی بوون زۆر سەربلندی بوو نەك وەكو ئیستا حزبی بوون بەمانای پیدانی ئیمتیازو یاساشكاندن وتەمبەلی بێت . 2- زۆر دژی ئەوەبوو بەرپرسی حزب لەسەر حیسابی هەژارو میلەت خۆ دەولەمەندبكاو ناوی لێنابوون دز ،هەردەم دەیشكاندنەوە لەبەرچاوی خەلكی بۆیە ئەودیاردەیە زۆر كەم بوو بەپیچەوانەی ئیستا كە ڕێز لەدز دەگیرێ . 3- دەیزانی لەدوای خۆی ئەو مەسئولانە چ بەو میلەتە دەكەن بۆیە وەسیەتێكی بەناوبانگی هەیە و تیایدا هاتوە : (حكومەتی عێراق بێ‌ ئەقلە، ئێمە داوای حوكمی زاتی دەكەین كەچی ئەوان دەستی بەدەستیمان پێ‌ دەكەن، ئەگەر ئەقلیان هەبێ‌ سەربەخۆیی تەواومان پێ‌ دەدەن ئینجا بزانە دوای شەش مانگ لێپرسراوانی كورد چی بەسەر ئەو میللەتە دەهێنن) . 4- زۆر سادە بوو دانی بەهەلە دادەینا ئەگەر هەلەی بكردایە لەبەلگەنامەیبریتانی هەیە ودەلیت:( هەلەمان كرد ئێمە عبدالكریم قاسممان ماندوو كردو بەعسیش بە ئاسانی ڕاوی كرد). 5- ئەگەر دادگایی هەبوایە لەنێوان هەژاریك ودەسەلاتداریك هەردەم لای یەكەمی دەگرت بەپیچەوانەی ئیستا . لەگەل زۆر خالی تر ...وای كردبوو شەعبیەتی یەكجار زۆر بێت ، هەتا لەكاتی شكستیش ، بەپیچەوانەی ئیستا وا لەدەسەلاتن ئەوەندە بێشەعبیەتن لەتەنگانەیەكی زۆر سادە فەرماندەكانیان بەرەكانی جەنگ بەجێدێلن وهەلدێن وناچار داوای بەهانا هاتن لە ئیران وتوركیاو لای تر دەكەن . هەرچەندە ئەو وەسفانەی مەلامستەفا دەكریت بە مەدرەسەو ڕێبازو ..ئەوانە بەو شێوەیە نەبوە خوێندەواریەكەی زۆر نەبوە ،بەلام جاران هەمو مالێك رەسمیكی مەلا مستەفای لەمالەوە هەبوو نرخەكەشی لەچاو ئەو سەردەمی گران بوو كەچی ئیستا وینەی سەركردەكانی كورد بەدەگمەن نەبیت لەمالان نادۆزیەوە هەرچەندە نرخەكەشی هەرزانە ، ئەدی كەی شەعبیەتی مەلا مستەفا زۆر كەم بوویەوە ؟ كاتێ ئەو نەوەیەی ئیستا بینیان وا بەئاشكرا كوردایەتی وحزبایەتی بریتیە لە بازرگانی وكۆمپانیاو دزی و گەندەلی ..دەشلێن ئەوە ڕێبازی بارزانیە ئیتر ووتیان مادام ئەوە رێبازەكە بێت دیارە ڕێبازی دزی بووە ، هەر بۆیەش لەئیستا دا (پ د ك)لەبازنەی 36%ی بەشداربووی هەلبژاردن 44%ی هێناوە كە دەكاتە كەمتر لە20% دەنگی ماوە ، دەبوایە بۆ پاراستنی ئەو شەعبیەتەی مەلا مستەفا ( پ د ك)ی ئیستا ئیدعای ئەوەی نەكردبایە كە ئەوە رێبازی بارزانیە ،تا ئەو ئیدیعایە بەردەوام بێت شەعبیەتی كەمتر دەبێتەوە



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand