كاوە مەحمود بیمەی تەندروستی سیستمێکی کۆمەڵایەتییە کە بنەماکەی بریتییە لە هاوکاری کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی پێشکەشکردنی خزمەتی تەندروستی بۆ تاکەکانی کۆمەڵ، بە جۆرێک خزمەتی تەندروستی بۆ تاک دابین بکرێت و کۆمەڵگا بە شێوازی جۆراجۆر بەرپرسی خۆی بەرامبەر تاک وەرگرێت، کە ئەمەش شێوازی جۆراجۆری هەیە، و ئەو خەرجی قەبەیە بە شێوەکی گونجاو بەسەر تاک و کۆمەڵدا دابەش دەکرێت بێ ئەوەی قورسایی بەسەر تاکدا جێ بهێلێت. ئەم سیستمە شێواز و ڕێگای جۆراجۆری هەیە، و جاران لە هەندێ وڵاتی سوشیالستی گەیشتە ئەو ڕادەیەی خزمەتگوزاری تەندروستی بە خۆرایی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان یان بۆ توێژێکی کۆمەڵایەتی مسۆکەر بکرێت. بە گشتی ئەم سیستمە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازی هەیە، و لە خودی وڵاتێکی دیاریکراودا بەردەوام بە پێی گۆڕانکاری سیاسی یان زیادبوونی خولیای فراوانکردنی ئەرکی دەوڵەت لە بواری خەرجی کۆمەڵایەتیدا، ئەم سیستمە پەرەی سەندووە، و کار بۆ ئەوە دەکرێ باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی بۆ تاک وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی دابین بکرێت. ئەرکی ئەم سیستمە پاراستنی تاکە لە بواری چاودێری تەندروستی بۆ ئەوەی هەژاری یان نەبوونی توانای دارایی رێگەر لە بەردەم کنەفتی و پەککەوتن و بەردەوام نەبوونی ژیانی تاک نەبێت. بێگومان لە سەرجەم سیستمەکانی بیمەی تەندروستی کۆمەڵێک کێشەی هاوبەش هەیە، لەوانە: ئەو سیستمە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵ ناگرێتەوە، و هەندێ جار قورسایی بۆ تاک درووست دەکات، چونکە تاک لە حاڵەتی نەبوونی پرنسیپی خۆرایی لە خزمەتگوزاری تەندروستی توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەی نییە، و بەم جۆرە توێژی پەراوێزخراو لە نێو کومەڵگادا درووست دەکات. بۆیە باشترین جۆری سیستمی بیمەی تەندروستی لەو وڵاتانەیە کە فەلسەفەی حوکمرانی تیایدا لە سەر بنەمای بیری سۆشیالستییە. چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سیستمێکی بیمەی تەندروستی بەرفراوانی تیایدایە، کە بەردەوام پەرەی پێدەدرێت. بنەمای سیاسەتی خزمەتگوزاری و بیمەی تەندروستی لە چین بەشێکە لە سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە و کارکردن بۆ بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی هاوچەرخدا. بەم جۆرە ئەم سیاسەتە لە کارکردن بۆ تێکرای بوارەکانی بنیاتنانی سوشیالستی جیاناکریتەوە، بەڵکو بەشێکە لە چەمکی گەشەپێدانی زانسی کە مرۆڤ ڕەوت و ناوەندی ئەو گەشەپێدانەیە و تێکۆشانە بۆ دابینکردنی کۆمەڵگای خۆشگوزەرانی لە چیندا. کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە و چاکسازی لە سیاسەتی کشتوکاڵ و درووستکردنی پیشەسازی دۆستی ژینگە، و نەهێشتنی هەژاری، و بەرزکردنی ئاستی سەرجەم خزمەتگوزراییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرجەم ڕەهەندەکانی سوشیالستی بە تایبەتەمەندی چینییەوە، بەشێکی تەواوکەرن لە دانانی سیاسەتی قوڵکردنەوەی و پەرەپێدانی بیمەی تەندروستی. یەکێک لەو ئەرکانەی کە هەژدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ئاماژەی پێکردوە، بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی گەلە، بەو پێیەی تەندروستی بنەمایەکی بێ چەندوچونی برەوپێدانی گەشەپێدانی سەرانسەری مرۆڤە. بۆیە لەو ڕاپۆڕتەدا بە پلەی یەکەم جەخت لە سەر ئاستی پاراستنی تەندروستی کراوەتەوە، و زیاتر فۆکس لەسەر ئەنجامدانی خزمەتگوزاری لە ناوچە گوندنشینەکان کراوەتەوە، و ئاماژە بە بایەخدان بە زانستی پزیشکی کۆن و نەریتی چین و زانستی پزیشکی رۆژئاوا لە یەک کاتدا کرایەوە، بەجۆرێک چاکسازی لە بواری بیمە و خزمەتگوزاری تەندروستی و دابینکردنی دەرمان، و چاودێریکردنی، و بایەخدان بە تەندروستی گشتی و چاککردنی بە پێی پێداویستی خەڵکی، و دابینکردنی خزمەتگوزاری کاریگەر و ئاسان و هەرزان لە بواری چارەسەرکردنی بنەڕەتی پزیشکی بۆ جەماوەر، ئەنجام بدرێت. هەر لەم بوارەدا کۆنگرە جەختی لە سەر سیستمی بیمەی تەندروستی نیشتمانی، و دامەزراندنی میکانیزمی بیمە و هاوکاری هاوڵاتیان دژ بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، و میکانیزمی خۆپاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە کوشندە و مەترسیدارەکان، کردەوە. بۆیە کۆنگرە بە ئەرکی دەوڵەتی زانی کە سیستمی سەرەکی دەرمان بچەسپێنێت، و تۆڕی خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی گوندەکان، و سیستمی خزمەتگوزارییەکان لە کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی شارەکان پەرەپێبدات، و چاکسازی لە نەخۆشخانە حکومییەکان ئەنجام بدات، و هانی وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتییانە لە بەرێوەبردنی دامودەزگا پزیشکییەکان، و گەشەپێدانی پزیشکی نەریتی (ترادسیۆنی) و دەرمانی نەریتی، و دەرمانی تایبەت و بەکارهاتوو لە کەلتوری پێکهاتە نەتەوەییەکان، بدرێت. هەر تایبەت بەم بوارە کۆنگرە داوای کرد گرنگی بە تواناسازی کارگێران و کادیرانی بواری پزیشکی و تەندروستی بدرێت، و چاکسازی لە سیستم و میکانیزمی چاودێری سەلامەتی خواردن و دەرمان، و هەڵمەتی تەندروستی بەرفراوان لە ئاستی نیشتمانی بە مەبەستی بەهێزکردنی گەل لە بواری دەروونی و جەستەیی، ئەنجام بدرێت. لە بواری سیاسەتی دەوڵەت بۆ رێکخستنی خێزان، و بایەخدان بە منداڵانی لە دایک بووی نوێ، جەخت لە سەر کاردن بۆ بەردەوامبوونی چاکسازی کرا بە جۆرێک ئاستی گەشەی دانیشتوانی وڵات بە مەودایەکی گشتی بە شێوەکی هاوسەنگ بەرێوە بچێت. نوزدەهەمین کۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی چین کە لە ساڵی 2017 بەسترا، ئاماژە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی سیستمی یەکگرتووی بیمەی تەندروستی بنەڕەتی، و بیمە دژ بە نەخۆشییە مەترسییەدارەکانی دانیشتوانی شار و گوندنشینەکان، و بێکاری و پێکدادانی کاتی کار، و دامەزراندی سکۆیەکی نیشتمانی و یەکگرتووی خزمەتگوزاری بیمەی کۆمەڵایەتی گشتی، و هاوکاریکردنی کۆمەڵایەتی لە شار وگوندەکان، و بەجێگەیاندنی سیستمی بیمەی ئاست و ڕادەی نزمی گوزەرانی، دەکات. لەم کۆنگرەیەدا ئاماژە بە ستراتیجی ساغڵەمی لە چبن درا، بەو پێیەی کە تەندروستی گەل نیشانەیەکی گرنگی گەشەی نەتەوە و چاکگوزەرانی دەوڵەتە. بۆیە جەخت لەسەر ئەم خاڵە سەرەکییانە کرایەوە: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ جەماوەر لە قۆناغە جیاجیاکانی تەمەن.. دامەزراندنی سیستمی پزیشکی و تەندروستی بنەڕەتی و سیستمی بیمەی تەندروستی بە تایبەتمەندی چینی.. پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و کاریگەری خزمەتگوزاری تەندروستی.. دانانی سیستمی نوێی بەرێوەبردنی نەخۆشخانەکان.. قوڵکردنەوی هەڵمەتی تەندروستی نیشتمانی و بانگەشەکردن بۆ شێوازی شارستانی و ژیانێکی پڕ تەندروست.. سەلامەتی خواردن بۆ گەل.. یایەخدان بە تەندروستی کەسانی بەتەمن و دانانی سیستمێکی گونجاو بۆ بایەخدان پێیان.. پەرەپێدانی پزیشکی نەریتی چینی، و پشتگیرکردنی بەشداری ناحکومی لە بەرێوەبردنی نەخۆشخانەکان و پەرەپێدانی کەرتی تەندرووستی. سیستمی بیمەی تەندرووستی لە چیندا بۆ سێ جۆر دابەش دەبێت: یەکەم/ بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ کارگێران لە ناوچە شارنشینەکان، کە ئەمە لە شێوازی سندوقێکی بیمەی تەندروستییە کە لە بەشداری خودی تاکە کەسەکان (کارگێران)، و خاوەن کار پێک دێت، و لە رێگای ئەم سندوقەوە هەر کارگەرێک دووچاری نەخۆشییەک ببێتەوە، ئەوا چارەسەری پێویستی، بۆ دابین دەکرێت. دووەم/ بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ دانیشتوانی شار کە ئەمەش ئاراستەیەکی دەوڵەتە بۆ دامەزراندنی سیستمی بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ کارگێران لە ناوچە شارنشینەکان، نایانگرێتەوە. ئەم ناوەندەش لە خوێندکاران و منداڵان و دانیشتوانی شار کە سیستمی یەکەم نایانگرێتەوە، پێک دێن. هێزی دارایی ئەم سیستمە لە خەرجی تاک و خێزان، و هاوکاری دەوڵەت بۆ توێژە کەمدەرامەتەکان پێک دێت، و دابینی خەرجی بۆ ئەو نەخۆشانە لە خستەخانەکان و نەخۆشی نۆژدارە دەرەکییەکان، دەکات. سێیەم/ بیمەی تەندروستی هەرەوەزی نوێی ناوچە گوندنشینەکان کە حکومەت پشتگیری و ئاراستە و ڕێکیدەخات، و جوتیاران بە شێوەیکی ئارەزومەندانە تیایدا بەشدار دەبن. ئەم سیستمە چارەسەری پزیشکی سەرەکی بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەکان دەکات، و داهاتی ئەم سیستمە لە خەرجی تاکەکان و پشتگیری بە کۆمەڵ و پشتگیری حکومەت پێک دێت. هەڵبەتە ئەوەی یارمەتی و پشتگیری ئەو سیستمانە لە ناوچە شارنشین و ناوچە گوند نشینەکان دەکات، سیاسەتی بیمەی کۆمەڵایەتییە، و ئەو هەوڵ و کۆششانەیە کە بۆ نەهێشتنی بێکاری و دۆزینەوەی فرسەتی کار دەدرێت. تێکرای ئەم کارانە وای کردوە کە ئەوانەی موچەی بیمە دەیانگرێتەو زیاترە لە 790 ملیون کەسە، جکە لەوەی کە موچەی خانەنشین لە ساڵی 2004 بریتی بوو لە 700 یوان و لە ساڵی 2012 بۆ نموونە گەیشتە 1721 یوان. سیستمی بیمەی تەندروستی لەم ئاستە نەمایەوە، و لە گەڵ دامەزراندنی سیستمی بنەڕەتی بۆ دانیشتوانی شارەکان و ناوچە گوندنشینەکان ژمارەی ئەوانەی سوودیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی وەردەگرن گەیشتۆتە 1،3 ملیار کەس. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ئاژانسی شینخوا ی چینی بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2009 وە چین زیاتر 480 ملیار دولاری لە بواری چاکسازی خزمەتگوزاری تەندروستی خەرج کردوە. بە پێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "گەل" کە لە نیسانی 2019 بڵاوبۆتەوە، ڕاپۆرتی ئاژانسی خزمەتگوزاری نیشتمانی چین بۆ بیمەی تەندروستی باس لەوە دەکات، کە بە کۆتایی ساڵی 2018، کەسانی بەشدار بوو لە بیمەی بنەڕەتی تەندروستی لە چین گەیشتۆتە 1،34452 ملیار کەس، و ژمارەی فەرمانبەرانی بەشداربوو 316،73 ملیونە، و ژمارەی دانیشتوانی شار و گوندەکان 897،41 ملیونە، ژمارەی بەشداربووانی بیمەی تەندروستی نوێی هەروەزی 130،38 ملیون کەسە. بەم جۆرە چین کە ژمارەی دانیشتوانی 1،4 ملیار کەسە، گەورەترین و بەرفەراوانترین سیستمی بیمەی تەندروستی لە جیهاندا هەیە. بە پێی ئامارەکان حکومەت بە بەردەوامی رێژەی پشتگیری و هاریکاری خۆی بۆ ئەم بوارە زیاد دەکات. پشتگیری حکومەت کە بۆ بیمەی تەندروستی دانیشتوویەکی شار و گوندەکان لە 80 یوان لە ساڵی 2009 گەیشتە 450 یوان لە ساڵی 2017دا، و بەگشتی حکومەت لە 75% خەرجی چاکردنەوەی نەخۆشییەکان دەدات. بەشێک لە سەرکەوتنی سیاسەتی بیمەی کۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لە چیندا لە بەرزبوونەوەی ئاستی تەمەن دەرکەوتووە. ئەو ئاستە لە ساڵی 2010 ، بریتی بوو لە 74،83 ساڵ، و لە 2016 گەیشتە 76،5 ساڵ. هەروەها ئاستی مردنی دایکیان کەم بۆوە، و ئەو رێژەیە لە ساڵی 2010 بریتی بوو لە 30 بۆ هەر100000، و لە ساڵی 2017 ئەو رێژەیە گەیشتە 19،6بۆ 100000. کاتێک باس لەم دەسکەوت و پەرەسەندنانە لە بواری سیستمی بیمەی کۆمەڵایەتی و نەخشەکیشان و بەرێوەیردنی سیاسەتی تەندروستی دەکەین، دەبێ ئەوە بوترێ کە جارێ کەموکوڕی لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە، بەڵام سوور بوون لە سەر پەیڕەکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە، و گرێدانی سیکتەری سیاسەت و خزمەتگوزاری تەندروستی بە بوارەکانی دیکەی پرۆسەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی و نەخشە و پلاندانان تا ساڵی 2050 کە تیایدا نویکاری لە بنیاتنانی سوشیالستی سەرجەم بوارەکان بگرێتەوە، ئاسۆیەکی کراوە و پرشنگداری بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی سیاسەتی تەندروستی لە وڵاتی چیندا داناوە کە پێوەر و داینەمۆی سەرەکی ئەم سیاسەتە زامینکردنی خۆشگوزەرانی مرۆڤە، و بێگومان تەندروستی بنەمایەکی سەرەکی ئەو سیاسەتەیە.
د. کاروان حەمەساڵح بەدەر لە زیانە جۆراوجۆرەکان; ئەم دۆخە نوێیەی جیهان بە هۆی ڤایروسی کۆرۆناوە کۆمەڵێک بەهای لەدەستچووی مرۆڤایەتی گێڕاوەتەوە یان بەرەوپێشی بردووە، وەهەروەها کۆمەڵێک فرسەتی بەخۆداچوونەوەی بەخشیوە بە سیستەمی بەڕێوەبردن لەووڵاتاندا; لە هەموو جیهاندا کاری خۆبەخشی زۆر پەرەوپێش چووە و بە جۆرێک کە لە پێشتردا وێنەی نەبووە، بە تایبەت لە ووڵاتە سەرمایەدارەکاندا! هاوکاری و بەدەمەوەچوونی خەڵکی بۆ یەکتر زۆر پەرەی سەندووە. لە ڕووی دارایی، توانا، بەخشینی کات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە “دابڕانی کۆمەڵایەتی- Social Distancing“ نیە، بەڵکو “دابڕانی جەستەییە- physical Distancing” ، لە هەمانکاتدا بەهێزبوونی گیانی مرۆڤایەتی و“لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵایەتی“ە. ئەم نەخۆشیە، چەندین نەخۆشیی و دەردی لە سیستەمی ئابووری و سیاسیی و تەندروستی و هتد، ئاشکرا کرد کە پێشتر یان جێی بایەخ نەبوون، یان نەزانرابوون یان پەردەپۆشکرابوون! هەر بۆیە زۆرینەوەی ووڵاتە پێشکەوتووەکان لە ئێستادا بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ جارێکیتر هەڵسەنگاندنەوەی ئەو بوارانە تەرخان دەکەن. بۆ حکومەتی هەرێمیش کە هەمیشە دوخێکی سیاسیی و ئابوریی ناجێگیری هەیە و دەمێکە ووتومانە بەرگەی بچوکترین قەیران ناگرێت! فرسەتێکی باشە و ساتی ئەوەیە کە گەر بیانەوێت چاکسازیی ڕاستەقینە بکەن; سەرەتا دەبێت اعترافی جەریئانە بکەن و بڵێن; ئەوەی لە ڕابڕدوودا هەمان بووە نە حکومڕانیی بووە، نە سیستەمی دەوڵەتداریی، بەڵکو کارێکی ژمێریاریی و کەسابەتێکی نێوخۆیی و دەرەکیی! لەسەر ئاستی تاکیش; وانەیەکی گەورەشە بۆ هەر یەکێکمان تا بزانین کە لەم ژیانەدا هەمووشت چاوەڕوانکراوە. ئەوەی لە هەموو مێژوودا ڕووی نەداوە لە ڕووی زیان و قەبارە و جۆری ڕووداوەکانەوە، دەکرێت لەزەمەنی من و تۆدا ڕووبدات. بۆیە گرنگە احتیاگاتی خراپترین ئەگەر بکەین (بەڵام بە بڕوابەخۆبونەوە، نەک ترسەوە)، لە ڕووی تەندروستی و داریی و ئابووری و ئیداریەوە. لەگەڵ هیوای تەندروستیەکی پاش بۆ هەموو لایەک
مەحمود رەزا ئەمین کاتێ کۆرۆنا لە ئێران بڵاو بوەوە، بە گوێرەی زانیارییە راگەیەنراوەکانی حوکمەتی خۆجێیی سلێمانی، (11 هەزار) کەس لە دانیشتوانی هەرێم لە شارەکانی ئێران بون. لەو ژمارەیە (10 هەزار)ـیان خەڵکی پارێزگای سلێمانی بون، بەو حوکمەی، سنوری پارێزگای سلێمانی* بە ئێرانەوە زۆر درێژترە لە سنوری هەولێر و دهۆک بە ئێرانەوە: سنوری پارێزگای سلێمانی بە ئێرانەوە (528 کم) درێژە سنوری پارێزگای هەولێر بە ئێرانەوە (240 کم) درێژە سنوری پارێزگای دهۆک بە ئێرانەوە (245 کم) درێژە سلێمانی هەر سنورەکەی لەگەڵ ئێران لە هی هەولێر و دهۆک درێژتر نیە، بەڵکو بە ژمارەی دنیشتوانیش لەوان گەورەترە. بە گوێرەی خەمڵاندنی ساڵی 2018: ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (2 ملیۆن) و (162 هەزار) و (279) کەسە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن) و (854 هەزار) و (778) کەسە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک (1 ملیۆن) و (292 هەزار) و (535) کەسە سلێمانی بە روبەریش لە هەردو پارێزگاکەی کە گەورەترە: روبەری سلێمانی (20 هەزار) و (83) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە روبەری هەولێر (15 هەزار) و (74) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە روبەری دهۆک (6 هەزار) و (553) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە بەحوکمی فاکتەرەکانی: 1. درێژیی سنور بە ئێرانەوە؛ 2. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگا؛ 3. روبەری پارێزگا و 4. زۆریی ژمارەی گەڕاوەی دانیشتوانی هەرێم لە ئێرانەوە، لەوەتی قەیرانی کۆرۆنا گەیشتۆتە ناوچەکە.. بە هەر چوار حوکمەکە، کە سلێمانی لە هەمویانا یەکەمینە، ئەبو ژمارەی تێستکردنی رۆژانە، بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، لە سلێمانی زیاتر لە سێقاتی تێستکراوەکانی هەولێر بوایە. بەڵام مەخابن، هەتا سەعات 23ی شەوی رابردو (ئەمڕۆ: 5ی 4ی 2020)، کە بەرنامەی (ستودیۆ 19)ـی تەلەفزیۆنی رودا و بڵاوی کردەوە، لە هەوەڵی قەیرانەکەوە تا دوێنێ شەو، رێژەی تێستەکانی هەولێر نزیکەی 3 قات و نیوی ئەوانەی سلێمانییە: رێژەی تێستکراو بۆ هەر 3 پارێزگاکە، تا نیوەشەوی دوێنێ ، بەم شێوەیە بوە: رێژەی تێستکراوی پارێزگای هەولێر %68 رێژەی تێستکراوی پارێزگای سلێمانی %20 رێژەی تێستکراوی پارێزگای دهۆک %12 وەزارەتی تەندروستیی حوکمەتی مەجازیی هەرێم و دەزگا تەندروستییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و پسپۆڕانی بواری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم، ئەزانن، رێچڵەکی کۆرۆنای پارێزگای سلێمانی ئێرانە. چونکە لە (11 هەزار) کەس کە لەدیوی ئێران گەڕانەوە، (10 هەزار)یان دانیشتوی سنوری پارێزگای سلێمانیین، کەچی وەزارەتی تەندروستی بەگوێرەی زانست و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ خەتەرەکەی سلێمانی ناکا. ئێستا بە گومانێکی گەورەوە ئەپرسم: حوکمەتی مەجازیی هەولێر بۆچی لەم قەیرانە گەورە و کوشندەیەشا بەم شێوە نا بەرپرسیارانەیە مامەڵە لەگەڵ سلێمانی ئەکا؟ ئاخۆ لە سلێمانی توانای پسپۆڕی و تەکنیکیی پێویست نییە بۆئەوەی رۆژانە چەن قاتی هەولێر تێست بکا؟ یاخود پێوەندیی بە توانای مادییەوە هەیە و بە ئابڵوقەی مادی، دەستی سلێمانی بەستراوە، نەتوانێ رۆژانە لەو ژمارە کەم و دیاریکراوە زیاتر، تێست بکا؟ بەندە لە ساڵی 2010 ەوە لە رێگەی لێکۆڵینەوە و ئاوەزەوە، گومانی لەسەر ژمارەکان و جوڵەکانی حوکمەتی مەجازیی هەرێم بەرامبەر سلێمانی دەر بڕیوە. 2 توێژەرەوەی تریش، بەڕێزان: بەیار عومەر عەبدوڵڵا و ئەرکان رەوف لە چەن توێژینەوەیەکا ساخیان کردۆتەوە کە، حوکمەتی مەجازیی هەرێم بە پلان ئەیەوێ سلێمانی بخنکێنێ، بۆیە لە کەیسی کۆرۆناشا، بەگومانێکی زۆر گەورەوە لە هەڵسوکەوتی وەزارەتی تەندروستیی حوکمەتی مەجازیی هەولێر ئەڕوانم، هەتا ئەو کاتەی بەشێوەیەکی زانستی وەڵامی پرسیارەکانم ئەدەنەوە. * چ هەرێم و چ حوکمەتی ئیتیحادی ژمارەی توشبوانی پارێزگای هەڵەبجە بە کۆرۆنا، لەسەر سلێمانی حساب ئەکەن. لەبەر ئەوە منیش وەکو ئەوان ئەکەم. سنور و ژمارەی دانیشتوان و روبەری سلێمانی، کە لە مەتنی ئەم وتارەدا هاتون، بەشەکەی هەڵەبجەشی تیایە.
ئاری هەرسین کە ئاسایشی نیشتیمانی لە وڵاتێکدا دەکەوێتە بە ر مەترسیەکی جدییەوە، ئیتر هەموو مەسەلەکانی دیکە دە بنە خاڵی لاوەکی و، هەڵدەپەسێردرێن. چونکە مەسەلەی مانەوە (بقا) دەبێتە ئەولەویەت. ئەم هێرشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر بەشەریەت، مەترسیەکی گەورە و جددی نەک تەنیا لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتان داناوا، بەڵکو ( لە حاڵەتی گوێ پێنەدان و ئیهمالیدا) مانەوەی ئینسانیشی لەسەر گۆی زەوی خستۆتە بەر پرسیارێکی مەترسیدارەوە. لە ئێستادا وڵاتانی زلهێز و بەهێزی وەک ئەمەریکای باکور، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕوسیا، چین، فەڕەنساو زۆریتر، ڕۆژانە، جگە لە ڕێژەی بەرزی مردوو و توشبوون بە ڤایرۆسەکە، خۆیان لە بەرەوڕو بونەوەی بێکاریەکی زۆر، کەمبونەوەی ڕێژەی خواردەمەنی و ئاوی پاک و داڕمانی ئابوری وڵاتەکانیاندا دەبیننەوە. ئەگەر بەراوردێکی عاقڵانە و ڕاستگۆیانەی توانای دام و دەزگای تەندروستی هەرێمی کوردستان و، توانای مالی حکومەتی خۆمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەین، وەک ئەوە وایە مێرولەیەک بە فیلێک بەراورد بکەین. دام و دەزگا تەندروستیەکانی ئەمەریکا و ئیتالیا و ئەسپانیا و فەڕەنسا، لە لایەن وڵاتانی ترەوە خێریان پێدەکرەت. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی دەزگاکانی تەندروستی ئەو وڵاتانە، پڕ بوونی بەشی ئینعاشی نەخۆشخانەکان و کەمی قەڵەوێرە و ئامێری پێدەری ئۆکسجینە. لە ئەمەریکا قەیرانی ماسکی خۆپاراستن هەیە و، بازاڕی ڕەش بۆ شاردنەوە و بە گران فرۆشتنی ماسک هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئێستا گەرم نەبوە. لە زۆربەی ئەو وڵاتە زلهێزانە شکاندنی کەرەنتینە و، بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆمەڵگەکانیان سزای توندی قانونی لەسەرە. لە کاتێکا ئەو وڵاتانە کەس لە خۆیان بە دیموکرات تر نازانن. ئیتر دەبێت حکومەتی ئێمە بڵێت چی؟ مەسەلەی مووچە بۆ هاوڵاتیان لەسەروو هەموو شتێکی ترەوە یە. چونکە ئەگەر بە کۆرۆناش نەمریت، ئەگەر پارەت پێ نەبێت خواردەمەنی پێویست دابین بکەیت، ئەوا لە برسا دەمریت. ڕاستیە تاڵەکە ئەوەیە کە باری ئابوری حکومەتی ئێمە (وەک هەموو وڵاتانی تری دونیای) وەک پێش هێرشی کۆرۆنا نیە. لە مەسەلەی مووچەدا، حکومەت لە دوو بژاردە زیاتری لەبەر دەستا نیە. یان ئەوەتا مووچە کەم بکاتەوە و هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا دابەشی بکات، یان بە ٤٠ بۆ ٤٥ ڕۆژ جارێک مووچە بدات. ئەوەی پێویستە حکومەت لە ئێستادا بیکات ئەوەیە کە، ئایا کام یەک لەم دوو بژاردەیە لە قازانجی هاوڵاتیانی کوردستانە؟ سەرەڕای ئەم پێشەکیە متەوازعەی باسمان کرد، کەچی لەم هەرێمە کەم دەسەڵاتەی ئێمەدا (کە دەوڵەتی سەربەخۆش نیە) کەسانێک کە خۆیان بە ڕۆشنبیر و هەندێکیتریش سیاسەتمەدار دەزانن، لە بری ئەوەی دڵیان بە خەڵک بسوتێت و (بە ئامۆژگاری عاقڵانە) لە مەترسی مردن بیانپارێزن، خەڵک هاندەدەن بۆ دژایەتیکردنی حکومەت و دەربڕینی ناڕەزایی بچنە سەر شەقام. هەموو دونیا دەڵێت مەسافەی دوو مەتر لە یەکتر بپارێزن، ئەمانە دەڵێن: لەدژی حکومەتی هەرێم بچنە سەر شەقام و بە پاڵەپەستۆی حەشامات ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاو بکەنەوە با ڕۆژی ١٠٠٠ کەستان لێ بمرێت…! لەم ڕۆژانەدا برادەرێک پێی وتم کە هاوڵاتیەکی کورد کە لە بەریتانیا دە ژی بۆی گێڕاوەتەوە کە گوایا حکومەتی بەریتانی بە خەڵکی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندوا کە هەفتەی ٥٠٠ پاوەن (کە بە نزیکی دەکاتە ٦١٣ دۆلار و مانگی دەکاتە نزیک ٢٥٠٠ دۆلار) دە داتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی با لە ماڵەوە دانیش!… من زۆر سەرم سوڕما، چونکە هەموو بەیانیەک هەتا دانی نیوەڕوان سەیری کەناڵی بی بی سی لەندەن دەکەم و بۆ جارێکیش گوێم لەم هەواڵە نەبوە. دە بێت حکومەتی بەریتانیا کە لە ئێستادا ئابوریەکەی ئیفلیج بوە لەسەر کانێکی لەبن نەهاتووی پارە دانیشتبێت بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات. بە پێچەوانەوە کەناڵی بی بی سی بەم ڕۆژگارە ئامۆژگاری خەڵک دەکات بۆ خۆپاراستن لە مردن، سۆشیال میدیا نەکەنە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری و، تەنیا پشت بە ڕێنماییە فەرمیەکانی حکومەت ببەستن، بەتایبەتی ئەو هەواڵانەی کە پەیوەندیان بە بواری تەندروستیەوە هەیە. بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەیەکدا ٦ ملیۆن کەس بێکار بوون، کەچی کەس هانی بێکارانی نەدان بێنە سەر شەقام و داوای کار بکەن، چونکە منداڵێکیش دەزانێت کە لە سەردەمی کۆرۆنادا ئەوە کردەوەیەکی خۆکوژیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە کەمو کوڕی لە ئوسلوبی حوکمڕانی خۆماڵی هەر لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە هەتا ئێستا هەیە. ئەم کەم و کوڕیانە ڕیشەیی و سیستەماتیکن و، شتێک نین بە شەوو ڕۆژێک و بە چاوتروکاندنێک چارەسەر بکرێن. ئەو کەسانەی لە ئێستادا بۆ کەم و کوڕیەکان دەگەڕێن و هاوڵاتیانی پێ ئیسارە دەکەن، دومەڵ و شێرپەنجەی ئەم وڵاتەن و تەنیا مەبەستیان خۆدەرخستنە و هیچیتر. هیچ سیاسەتمەدارێکی نیشتیمان پەروەر نابێت چاو لە گەندەڵی و کەمو کوڕی حکومەتی وڵاتەکەی بپۆشێت، هەر وەک چۆن نابێت ماستاو بۆ حوکمڕان سارد بکاتەوە و خۆی بکاتە محامی گەندەڵکاران و کەسانی نا مەسئول. بەڵام ئەگەر سیاسەتمەدارێک تۆزقاڵە زەڕڕەیەک ئەخلاقی نیشتیمانپەروەری تێدابێت، نابێت لەسەردەمی ئەم قەیرانە سەختەدا نامەرد فرسەت بێت و حکومەتێک بکاتە ئامانج کە شەوی خستۆتە سەر ڕۆژ بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێرش و بەڵای جیهانگیری کۆرۆنا.
د رزگار ئاغا ئەوە شتێک نییە، کەس نەیزانێت، کە سیستەمێک نییە بۆ ڕێکخستنی داهاتی تاک. وەزارەتی دارایی، تەنها زانیاریی مووچەخۆری لایە،بەو هەموو فەوزایەی کە بەدرێژایی سی ساڵە کەڵەکە ئەبێت،سەرباری پرۆسەی بایۆمەتریی،قەوارەی مووچە وەک خۆیەتی، پڕ لە مووچەی نایاسایی و،وەهمیی و،بن دیوار و، ئەو بابەتانە. ئیتر،حوکوومەت هییچ زانیارییەکی نییە،لە بارەی هاوڵاتیی مووچەنەخۆرەوە. باس لە دەوڵەمەندەکان ناکەین،ئەوانە حیزبەکان ئاگادارن،چەندیان هەیە. با بێینەسەر "خەڵکی بێ دەرامەت یان کەم دەرامەت": واز لە ناشریینی ئەو پێناسەیە بهێنە،کە فۆرمی فەرمیی نییە و،زیاتر وەک "بەزەیی"لە میدیاکانەوە ناودەبرێت،لەسەر زمانی حوکوومەت یان هەر لایەنێکەوە. بەڵام ئەوەی بابەتە: تا ئێستا،حکوومەت،روونتر بڵێین،پەرلەمان و، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی،پێناسەیەکی یاسایی نەکردووە بۆ ئەم جۆرە هاوڵاتییە! نە پێوەرێک هەیە، نە تۆمارێک هەیە،نە ئەژمارێک هەیە،نە ھەتا ئێستاش بییری لێکراوەتەوە.سی ساڵ،تەخشانی پارە لەم هەرێمە، بودجەیەک بەم ناوەوە نییە! کەم دەرامەت،لە ئەوروپا پێی دەوترێت:low income کە بە یاسا، داھاتیان دیارییە کە لەژێر سنووری ژیارییدایە،لێرەدا، ئەو کەسانە،ئاستی داھاتییان بەرزکراوەتەوە بۆ ئەو پێوانە پێویستەی کە توانای کرێ خانوو،تەندرووستیی،خوێندن دابیین بکرێت. واز لەمە بێنە، ئەوەی مایەی نیگەرانیی قووڵ، پێکەنیینە، لەم تەنگژەی کۆرونایەدا،ھەڵمەتی کۆمەک(تبرع) و خێر و سەدەقە، لە زەقتریین دیاردەکانە، لە لایەک حوکوومەت داوای پارە ئەکات بۆ پشتییوانی خۆی لەم تەنگژەیە،لە لایەکی ترەوە،خێروسەدەقە و، رێژەیەک لە بڕیینی پارەی بەرپرس و ،دەوڵەمەندەکان، بە ناوی خەڵکی کەم دەرامەتەوە، ھەر لە وەزیر و بەرێوەبەری گشتیی و پەرلەمانتاران و پارەی تری ئەم و ئەو، بۆ ھاوکارییکردنی خەڵکی کەم دەرامەت! پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەو پارە کۆکراوەیە ئەدرێت بە کێ؟ کاتێک لە لای حوکوومەت،ئەژمارێک نەبێت بە ناوی ھاوڵاتیی کەم دەرامەت؟ کێ دابەشی ئەکات؟چۆن دابەش ئەکرێت؟ لە کوێ دابەش ئەکرێت؟کەی دابەش ئەکرێت؟ ئایا ئەم ھەڵمەتە بوونی ھەیە؟ کەس بەرپرسیارە لە کۆی پارەکە و دابەشکردنی؟ ئایا چاودێریی دارایی ئاگای لێیە و مافی ھەیە بە دواداچوونی بۆ بکات؟ دەیان پرسیاری تر!؟ کەم دەرامەت کێ دەگرێتەوە؟ ئایا کەم دەرامەت،ھەر ئەم دوو سێ ھەفتەیە پەکییان کەوتووە و لە قەیراندان؟ مووچە بڕیین و پاشەکەوتی مووچە،تۆ بڵێی کەسی ھەژار و ژەم دەرامەت نەکردبێت؟ ھێشتا نوێترین ھەڕەشەی مووچە بریین لە پاکەتایە و ھەڵنەپچڕاوە! ئەم جۆرە مامەڵەکردن و ھەڵمەتانە،زۆر عەیبن، شەرمھێنن! قێزت یەتەوە،ھەواڵی لەوجۆرە و رەفتاری نایاسایی بە نیشتمان پەروەریی بفرۆشرێت! ئەڵێم،نیشتمان پەروەرەکان،کاتی نوکتە و پێکەنیینی ئێوەمان نییە!
مەریوان وریا قانع ئەم دۆخە ترسناکەی ئەمڕۆ کە ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤی لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا گرتۆتەوە و بوونیانی خستۆتە ژێر ھەڕەشەی مردنەوە، دۆخێکی جیھانی سەرتاسەریی تایبەتی دروستکردوە.لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا شێوازی بەرەنگاربوونەوە ڤایرۆسەکە لێکدەچن، ھەندێک جیاوازیی لەم یان لەو وڵاتەدا دەبینرێت، بەڵام ھێڵە گشتییەکانی بەگژاچوونەوەکە ھەمان ھێڵن. ئەوەی شوێنی لەسەروەستانە سەرلەنوێ ئامادەگیی دەوڵەتە لەناو سێنتەری دۆخەکەدا و بوونی دەوڵەتە بە بکەری ژمارە یەک و زۆرجاریش تاکە بکەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەوە زیاد لە تێزێک لەناو فیکری سیاسیی وکۆمەڵایەتیدا پەیدابوون کە باسیان لە کۆتاییھاتنی ڕۆڵی دەوڵەت و لاوازبوون و جێگرتنەوەی بە فۆرمی تری حوکمڕانیی و شێوازت تری ئۆرگان و ڕێکخستن دەکرد، بەڵام ھیچ ساتێک بەقەد ئەم ساتەی ئێستامان لاوازیی ئەو تێز و بۆچوونانە نیشاننادات. ئەوەی دەبینین ئەوەیە کە دەوڵەت بکەری ژمارە یەکە نەک تاکەکەس، نەک ئەم یان ئەو گروپی کۆمەڵایەتیی، نەک ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگای مەدەنیی، نەک ئەم یان ئەو ئۆرگانی نادەوڵەتی ناوەکیی و دەرەکیی. بەشی زۆری کۆمەڵگاکان تەواوی بەرپرسیارێتی، یان بەشی ھەرەزۆری ئەو بەرپرسیارێتییەیان، خستۆتە دەستی دەوڵەتەوە. زۆرینەی کۆمەڵایەتیی پێی ئاساییە دەوڵەت لەڕێگای ھێزەوە ڕێنماییەکان بسەپێنێت و بەرپرسیاریەتیی لای تاکەکەس جێنەھێڵدرێت، پەنا بۆ فشار و یاساغکردن ببات، تەنانەت خەڵک بترسێنێت و سزاش بدات. ئەو کۆمەڵگایانەش کە بە کۆمەڵگای ماف و ئازادییەکان ناسراون، بە کۆمەڵگای ڕێز و پاراستنی کەرامەتی ئینسان، بۆ نموونە بەشێک لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان، سڵیان لەوە نەکردۆتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو ماف و ئازادییانە بدەنەوە دەستی دەوڵەت و لێگەڕێن دەوڵەت پێیانبڵێت تا چەند و تا کوێ ئازادبن. لە نێوان دەوڵەت و مافدا دەوڵەتیان ھەڵبژاردوە. لەمەش بترازێت، ڕێک بە پێچەوانەی لۆژیکی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداریی نیولیبرالەوە، دەوڵەت لەم دۆخەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستدەخاتە ناو کایەی ئابورییەوە، پارە و سەرمایەی گەورە دەردەھێنێت و بەلۆژیکی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە خەرجیدەکات، مەسەلەی تەندروستی گشتیی، ئاسایش، جوڵەی دانیشتوان، ئیش و کاری دەزگاکان و ئۆرگانەکان، سیستمی خوێندن، ھاتوچۆ و زۆرشتی تریش، دەستنیشاندەکات. دۆخەکە وادەردەکەوێت کەمجار دەوڵەتی مۆدێرن لە مێژووی خۆیدا بە ڕادەی ئەمڕۆ ئەو ڕۆڵە سێنتراڵیی و سەرەکییەی بینیبێت و کەمجاریش لە مێژوودا ئەو زۆرینە کۆمەڵایەتییەی لەپشت بوووبێت بۆ بینینی ئەو ڕۆڵە. پێناچێت دوای کۆتاییھاتنی قەیرانەکە و ئاساییبوونەوەی ژیانی کۆمەڵگاکان، ئەم ڕۆڵە گەورەیە لە دەوڵەت بسێندرێتەوە. بۆ بەرەنگاربوونی دەرەنجامی قەیرانەکان دیسانەوە دەوڵەت وەک بکەری ژمارە یەک پێویستە. ئەم لێکدانەوەیە بەسەر حکومەتی ھەرێم و ھاوشێوەکانیدا پیادەنابێت، ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە دەوڵەت و حوکمڕانیی نییە بەو مانایەی من لێرەدا باسیدەکەم، ئەوەی ھەیە تێکەڵێکی ناتەندروستیی دەسەڵاتێکی خێزانیی و حیزبیی و سوڵتانییە، کە نە دەتوانێت لۆژیکی ئیشکردنی دەوڵەتی وەک دەوڵەت ھەبێت و نە دەشتوانێت ئەو بەرپرسیارێتی و ھەڵسوکەوتانەی ھەبێت کە دەوڵەت ھەیەتی.
بەشدار عوسمان ئەوانەی دەیان ساڵە فێری یاسا شکێنی دەکرێن، ئەوانەی دەیان ساڵە بە پێشێلکاری ڕادەهێندرێن، ئەوانەی دەرس دران گەندەڵی و تاڵانی و نەوت دزینیان لا ئاسایی بێت، ئەوانەی واسیتەکارییان لە دامودەزگاکان کردە کەلتور، ئەوانەی فێرکران ساردکردنەوەی لاشەی کەسانێک داوای ماف و ئازادی بکات،ئاساییە، ئەوانەی جورئەتیان پێ بەخشین و خولیان بۆ کردنەوە گوللە بنێن بەدەمو سینگی گەنج و رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران، ئەوانەی شەقیان لەناو گەڵی ئەو مامۆستایانە کوتا کاتێک داوایی کرێی وانەکانی دەکرد، دواتر پەنادران، ئەوانەی بە تەسکیە و واسیتە کران بە دکتۆر و دەیانجار ژیانی خەڵک و کۆمەڵگایان خستە مەترسیەوە،بازرگانە چاوچنۆکەکانی پاڵ دەستڕۆیشتووەکان، پاسەوانی ئەو بەرپرسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر مناڵان و لەیاساش دەرباز دەکرێن، ئەوانەی بازرگانیان لەگەڵ داعشکرد، ئەوانی بۆری نەوتیان کون کرد،... هەموو ئەوانەیان کردە جەلاد و شەقوەشێن و ناسنامەیەکی دەزگایەکیان خستە گیرفانیان و بەهەرچی ناشیرینیە ڕاهێندران و ئێستاش کۆنترۆڵ ناکرێن، گوێ بە ئاسایش و تەندورستی خۆیان و کۆمەڵگاکەشیان نادەن . ئێمە بەهۆی کارە رۆژنامەوانیەکانمان دەبینین،خەڵکی ئاساییی چەندە خۆی و دەووروبەرەکەی لا گرینگە سەرەڕایی کێشەی ئابوری و تەندورستی پابەندبونەکانی لە ئاستێکی چەندە بەرزە هەتاکو ئێستا، لەولاشەوە گوێشمان لە بازگەکانی پۆلیس و ئاسایش گرتووە چۆن گیریان خواردووە بە دەستی مناڵی بەرپرسان و پاسەوانی سێبەر و بندیواری و چاودێری ڤێلا و رەز و باخەکانیان . خەڵک و کۆمەلگا، باجی بێ پلانی حکومڕانانی ٣٠ ساڵی رابردوو دەدات،باجی نەخوێندەواری و کورتبینی راوێژکارە حزبیەکان دەدات،قوربانی کادیرانێکە ساڵانێکە خەڵکانی ناڕازی و رۆژنامەنووسانیان بە دوژمن ناساند و خوێنیان حەڵاڵ دەکردن، باجی خێزانە حکومڕانەکان دەدات، هەرچی دامودەزگای مەدەنی و خزمەتگوزار هەبوو دایانشۆری لەهەموو یاسا و مەرجێکی دامەزراوەیی و پڕەسیپێکی ئینسانی و مەدەنی، لەسەر بنەمای خێل و خێزان هەیکەلی ئەو وڵاتەیان داڕشتەوە . بێ ئومێدین لەوەی دەرس لەهەڵەکانتان وەربگرن، ئەو کۆمەڵگایە بویە تاقیگەیەک لەئەنجامی هەڵەکانی دەسەڵاتداران هەرچی ناخۆشی بوو بەسەریدا تاقیکرایەوە و باج و قوربانی گەورەیدا، توندکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامند لەسەر پۆستێکی فەیسبوک بۆ ماوەی دوو هەفتەیە کە توڕەیی بوو لەبێ باکی حکومرانان بەرامبەر ژیان و گوزەرانی ئەو کۆمەڵگایە پڕ مەینەتیە، دوایین ئاماژە ترسناکەکەیە کە ئەو کۆمەڵگایە بەرەو ئاقارێکی تەندورستی هەنگاو هەڵناگرێ.
هیوا سەید سەلیم هیچ گومانی تێدانیە کە ئەو رێوشوێنانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرپێگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر تا ئاستێکی باش ئامانجی خۆی پێکاوە، بە شێوەیەک کە ئەگەر رێژەی تووشبووانی هەرێمی کوردستان بەراوردبکەین لەگەڵ ولاتانی دەوروبەری خۆمان، ئەو دەگەینە ئەو راستیەی کە ئێمە لەوان باشترین. بە دیوێکی دیکە ئەگەر ئەو رێژەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەراوردێکی پێبکەین، لە نێوان تووشبوون و چاکبوونەوە ، دیسان رێژەی چاکبوونەوە خەریکە بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەک کە تا ئێستا نزیکەی ٣٥٪ ی کەیسەکان چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. شایانی باسە لە سەرتایی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە پێکهات، رۆژانە وەزارەتی تەندرووستی ئامارەکان بۆ رای گشتی و راگەیاندنەکان دەخاتەڕوو، لە پاڵ وەزارەتی تەندرووستیدا، وەزارەتی ناوخۆ ریوشوێنەکانی قەدەغەی هاتۆچۆ دیای دەکات، تا ئێستا ٢٤ بڕیار و رێنمایی دەرکردووە. لە کوردستان وێڕای هەبوونی سەرنج و تێبینی لەسەر بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، کاریگەری ئەو بڕیارانە لەسەر خەڵکانی کەم دەرامەت، بە تایبەت ئەو چین و توێژانەی کە قووتی خێزانییان لەسەر داهاتی رۆژانەیان بووە، بەڵام کەمن ئەوانەی کە پێیانخۆش بووە کە قەدەغەی هاتووچۆپەیڕەوبکرێت. لەو بارودۆخە سەختەی هاوڵاتیان، و دوای چەندین جار دریژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، لە پڕ وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری ژمارە ٢٤ دەردەکات، کە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی ئۆتۆمبێل و پیادە رابگیرێت، مارکێت و نانەواخانەکان دابخرێن. ئەو بڕیارە ئەگەر وەک بڕیارەکانی پێش خۆی لە بەرژەوەندی کۆنتڕۆلکردنی دۆخەکەش بێت، بەڵام رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، چونکە بارودۆخێکی لێکەتەوە، کە رێک پێچەوانەی رێوشوێنەکانی پێشتری خۆپارێزی بووە، ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆ وەزارەت لە لایەک و کەمتەرخەمی هاولاتیان لە لاکەی دیکە. ئەگەر بیانووی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤، پابەندنەبوونی بەشێکی هاوڵاتیان بێت، دەبوو لە کاتی دەرکردنی دوایین بڕیاریان زۆر خاڵیان لەبەرچاوبگرتایە، تا خەڵک بەو شێوەیە روو لە مارکێت و نانەواخانەکان نەکات. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: لە رۆژانی رابردوو رێگاپێدانی زۆر بە خەڵک دراوە، ئێ خۆ ئاشکرایە کێ ئەو ریگاپێدانانەی داوە، زۆربەی ئەو دەزگایانەی دەسەڵاتی رێگاپێدانیان هەبووە، سەر بە خودی وەزارەتی ناوخۆ بوونە، دوایی کە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی پیادەتان داوە، چ پێویستی دەکرد باس لە داخستنی مارکێت و نانەواخانەکان بکەن؟ پێدەچێت وەزارەتی ناوخۆ لە دەرکردنی بڕیارەکەیان راوێژیان بە هیچ لایەنێک نەکردبێت، تەنانەت وەزارەتی تەندرووستیش، هەربۆیە بڕیارەکە نیگەرانی پزیشکان و کارمەندانی تەندرووستی لێدەکەوێتەوە. جگە لەو نیگەرانیە پێشتر وەزارەتی تەندرووستی بریاری دابوو کە رۆژی یەکشەمە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندرووستیەکان هەڵمەتی کوتانی سنووردار دەستپێبکاتەوە، بە دەرکردنی ئەو بڕیارە ئاستەنگ بۆ ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندرووستی درووست دەبێت. دەبوو وەزارەتی ناوخۆ کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی دوای بڕیارەکەیان، بخەنە پێش دەرکردنی بڕیارەکە ، چوونکە بە دەرچوونی بە لێشاوی هاوڵاتیان بۆ مارکێتەکان خەریک بوو ریسەکەیان لێ بکرێتە خوری و ئاستەنگ بۆ بەرنامەرێژی وەزارەتی تەندرووستی درووست بکەن. پرسی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا بڵێی هەستیارە، بە هیچ شێوەیەک هەڵە قەبوول ناکات، بۆیە دەبێت بە بڕیار و رێنمایی درووست و هاوکاری تەواوی هاوڵاتیان ئەو دۆخە مەترسیدارە تێبپەڕێنرێت.
شێرزاد حەسەن رەزا گازی ژەهراوی سارین( Sarin )،یەکێکە لە جۆرە مەترسیدارەکانی چەکی کیمیایی کە بە شێوەی شل و گاز هەیە شێوگی کیمیایی بە ( C4H10FO2P )دەناسرێت،ئەم گازە كار لە مێشك دەكات، مادەیەكی زۆر ژەهرینە، نە رەنگ و نە بۆنی هەیە، هەروەها بە (GB) ناودەبرێت،وەک مێرووکوژ بەکاردەهێنرێت،زاناكان لە ئەڵمانیا لە ساڵی 1938 پێكهاتەكەیان دۆزییەوە،هەڵمژینی ئەم گازە فسفۆریە ئەندامیە یان تەنانەت بەر پێست كەوتنی، دەبێتە هۆی تێكدانی رۆیشتنی شلەی دەماری و وەستانی دڵ یان پەكخستنی كۆئەندامی هەناسە. بڕی نیو میلیگرامیش بەسە بۆ ئەوەی كەسێكی پێگەیشتووی پێ بكوژرێت. -نیشانەکانی چین؟ لە نیشانەكانی بەركەوتن یان هەڵمژینی گازەكە: تووشبوونی ژانەسەرێكی ئێجگار زۆر، فراوانبوونی بیلبیلەكانی چاو و لێڵبوونی چاو و ئارەقەكردن، تەشەنوجی دەماری و هەناسە وەستان و لەهۆشخۆچوون و پاشانیش مردن.ئەم نیشانانەش لەدوی چەند چركەیەك روودەدەن ئەگەر بە شێوەی گازی بوو یان 18 كاژێر ئەگەر بەشێوەی شلە بوو،سارین دەكرێ بەچەند شێوەیەك بەكار بهێنرێت، وەك بەشێوەی پەمپ بڕژێنرێت یان بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە یاخود دەكرێ ئاو یان خۆراكی پێ ژەهراوی بكرێت ،دوای بەركەوتنی سارین بۆ چارەسەركردنی كەسە توشبووەكە دەبێ بەزوویی جلوبەرگی توشبووەكە داماڵرێ و توشبوو بە سابوون و بڕێكی زۆر ئاو بشۆرێت. شوشتنەكەش دەبێ بەلایەنی كەمەوە 45 خولەك بێت و چاوە توشبووەكانیش بەهەمان شێوە بشۆرێن بە بێ بەكارهێنانی سابوون. ـ کەی دۆزرایەوە؟ دروستكردنی گازی سارین كارێكی ئاڵۆزە و زانا ئەڵمانییەكان لە ساڵی 1938 بە رێكەوت پێكهاتەكەیان دۆزییەوە، كاتێ خەریكی ئامادەكرنی تێكەڵەیەك بوون بۆ ئەوەی مێرووی پێ لەناوبەرن. _ لەکوێ بەکار هاتوە؟ ئەم گازە لەلایەن رژێمی سەدامەوە لە زۆرینەی قۆناغەکانی ئەنفالدا بەکارهاتوە و هەروەها بەسەر شاری هەڵەبجەدا رژێنرا لە ساڵی 1988، كە بووە هۆی كوژرانی 5000 كەس. جارێكی دیكە لە ساڵی 1995 لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن لە لایەن هۆزێكەوە بەكارهات و بەهۆیەوە 12 كەس كوژران و هەزارانی دیكە برینداربوون..گازی سارین، لە 21ی ئابی 2013 لە سووریا بەكارهاتووە و بووە هۆی كوشتنی ۱٤۲۹ کەس کە لە نێویاندا ٤۲٦ منداڵی تێدابوو، دواین جار لە ساڵی ۲٠۱۷ لە خان شیخون ،رژێمی سوریا ئەم گازی بەکارهێناوە زیاتر لە هەزار کەسی خنکاند،بە گوێرەی نیشانەكانی كە لەسەر جەستەی قوربانییەكان دەركەوتووە شارەزایان وتیان ئەمە گازی ژەهراوی سارین بووە. ـخۆپارستن لە گازی سارین گازی سارین بەهۆی بوونی بەندی نێوان P—F واتە فسفۆڕ و قلۆر،زۆر بەئاسانی بە ئاو تێک دەشکێت و مادەیەکی نا ژەهری وەک ترشی فسفۆرێکی لێ دروست دەبێت،هەروەها لە هەوا قورسترە و بەئاسانی دەنیشت و کاریگەری نامێنێت،بۆ زانیاری زیاتر ئەم گازە لەرێگەی خواردن و هەوا و بەرکەوتنی رووی شتە پیسبوەکان وئاوی پیس بوو توشی مرۆڤ دەبێت و لە ماوەی چەند چرکەیەکدا نیشانەکان دەردەکەوێت وەک فرمێسکی زۆری چاو و ئاو بەلووتا هاتنەخوارەوە وتێکچوونی بینین وزیادبوونی لیک وئارەق کردنەوە وکۆکە وسینگ توندی و سکچوون و میز زۆر کردن و سەرگێژێ و سەرئێشە ودڵ تێکهەڵهاتن و ئازاری ناوسک و لە هۆش خۆچوون ،هەروەها بەرکەوتەکە لەسەر پێست شوێنەوار بەجێ دەهێڵێت،مرۆڤەکانی ناوچەی بەرکەوتوو زۆرینەی تووشی گرفتاری دەبێت، ئەم گازە وەک لە پێشتر روونمان کردوە وەک چەکێکی بایلۆژی بەکارهاتووە،ئەوەی ئێستا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا روو ئەدات دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بەم شێواز و نیشانە و گرفتانەوە نیە،بەڵکو ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رێگەی مادە بۆماوەیەکەوە بە ئامێری PCR دەست نیشان کراوە و هیچ پەیوەندیان بە یەکترەوە نیە،ئەو دەنگۆ و قسەو قسەڵۆکانەی لێرەولەوێ دەکرێت سەبارەت بەگازی سارین،هەموو دوورن لە راستیەوە
پەیكا عوسمان ئازادی ڕەهایی نیە، ئازادیش هەر پابەندییە، بەڵام بە عەقڵ و ئەخلاق و چاکەوە. تۆش کە لە ماڵەوەیت و نایەیتە دەرەوە، ئەمە دیلێتی نیەو خودی ئازادییە، چونکە پابەندبوونە بە عەقڵ و ئەخلاق و چاکەوە! مرۆڤی ئازاد تەسلیمی عەقڵ ئەبێ بۆئەوەی تەسلیمی هێز نەبێت. ملدانت بۆ عەقڵ، هۆشیارییە. بەڵام ملپێدانت بۆ عەقڵ، یەعنی تۆ هێشتا دیلی جەهلیت! ملدانت بۆ ئەخلاق، ئەخلاقییبوونە. بەڵام ملپێدانت بۆ ئەخلاق، ناکاتە ئەخلاقیبوون، چونکە ئەخلاقیبوون ئازادانەیە! ملدانت بۆ چاکە، یەعنی کەوتنە ناو "چاکبوون". بەڵام ملپێدانت بۆ چاکە، یەعنی تۆ هێشتا لەناو فەساددایت! "چاکبوون" بڕیاری تۆیە. ئەوەیە کە لەناو خۆتداو لەڕێگەی عەقڵ و ویژدان و هۆشیارییەوە پێ ی ئەگەیت. بەڵام "ناچارکردنت بە چاکبوون" بڕیاری ئەوانیترەو سنوردانانە بۆ خراپبوونت! ئەمە تەنیا لە خراپبوون ئەتوەستێنێ، نەکئەوەی بتخاتە ناو چاکبوونەوە، چونکە تۆ لەناو خۆتەوە ئەتوانی بکەویتە ناو چاکبوونەوە، نەك لەهێزو پاڵنەری دەرەکییەوە. لەڕاستیدا یاساو دین و کۆمەڵگاو فشارە دەرەکیەکان، هیچیان تۆ ناکەن بە ئینسان. ئەوانە تەنیا بەربەستن لەبەردەمتا، بۆئەوەی نەبی بە وەحش! ئەوەی کە ئەتکا بە ئینسان، تەنیا بوونی ناوەکیی خۆتە. ئەگەر دزیکردن بەنمونە وەرگرین. لێرەدا پێش ئەوەی لە دەرەوەی تۆوە، یاسا بڵێ تاوانەو دین بڵێ حەرامەو کۆمەڵگا بڵێ عەیبە.. شتێك لەناوەوەی خۆتەوە، پێتئەڵێ دزی خراپە. ئیتر تۆ دزی نایکەیت بۆئەوەی نەکەویتە ناو خراپبوونەوە. بۆئەوەی ویژدانی خۆت ئازارنەدەیت و دەروونی خۆت خراپ نەکەیت. هەر لەبەر ئەمە نەك لەبەر هیچ ئیعتبارێکی تر! ئەو دەنگە ناوەکییەش، خۆتیت و کە بەگوێت کرد، ئیتر تۆ چاکیت لەخۆتدا، نەك لە شتی ترو لەژێر فشاردا. ئاخر چاکی ژێرفشار، چاك نیەو تەنیا خراپێکی وەستاوە لە چاوەڕوانی دەرفەتدا! یەعنی مەنهۆڵێکە سەری نراوەتەوە. بەڵام چاکی ناوەکیی خۆی ئاوێکی سازگارە. لێرەدا پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگ ئەگێڕێ و ئەو پەروەردەیەی کە پێتئەڵێ، یاسا وا ئەڵێ و دەوڵەت وا ئەڵێ و شەرع وا ئەڵێ و شۆڕش وا ئەڵێ و کۆمەڵگا وا ئەڵێ.. ئینسانێکت ئەداتێ کە ئیتر ئەو خۆی هیچ ناڵێ! پەروەردەی دروست ئەوەیە کە قسەی ئەخیر بداتەوە بە ئینسان و وابکات کە ئەو شتێك بڵێ، نەکئەوەی بە وتنە دەرەکییەکان توانای وتنە ناوەکییەکەی بکوژێت. دینیش لەوێدا ڕاستەقینەیەو گرنگە، کە بیری ئەو ناوەکییەی خۆمانمان بخاتەوە، نەکئەوەی ببێتە پۆلیسێكی دەرەکیی بەسەرمانەوە! تەقواش ئامادەبوونی ئەو ناوەکییەی تۆیە، نەك کوشتنی ئەوێ ی خۆت، بە عیبادەتی شکڵیی و بەشتانێکی دەرەکیی! ئەوێ گوڵەکەیەو عیبادەتی ڕاستەقینە، بۆ ئاودان و زیندوڕاگرتنی ئەوێیە، نەكئەوەی عیبادەت خۆی ئەوێ بێت! بەهەمان شێوە، خوێندنەوەو کتێبیش، هەر بۆ ئەوە باشن کە بیرکردنەوەمان چالاك بکەن، نەكئەوەی ببنە بەدیلی بیرکردنەوەو کۆڵەوارترمان بکەن! هۆشیاری و چاکبوون، پاکێجێکەو ڕەبتی بە ئازادییەوە هەیە. ئازادیش ئیختیارەو تۆ بە ویستی خۆت و لەناو خۆتەوە عەقڵ و ئەخلاق و چاکە هەڵئەبژێریت. جەهالەت و فەسادیش پاکێجێکەو ڕەبتی بە دیلێتییەوە هەیە. ئەوەیە کە تۆ لە ناوەوەی خۆتەوەو ئازادانە، مل بۆ چاکە نادەیت و ئەبێ بە هێزێکی دەرەکی ملکەچ و ناچار بکرێ ی. جا لای خۆمان و لە هەموو دنیاش، دواجار سەرپێچیکاران بە حوکمی هێز هەر ئەکرێنە ژوورەوە. بەڵام مرۆڤی ئازاد تەسلیمی عەقڵ ئەبێت، بۆئەوەی شەرعیەت بە شەقێك نەدا کە لە خۆی هەڵئەدرێ! مرۆڤی نائازادیش، دیلی جەهلی خۆیەتی، کە هەمیشە ئەیخاتەوە بەردەم شەق و ناچارکردن! دەسەڵات بەگشتی و دەسەڵاتی ستەمکار بەتایبەت، بوونی خۆی لە هێزدا ئەبینێ و حەزی لە دۆخێکە کە "شەرعیەتی هێز" تیایا سەروەربێ! مرۆڤی ئازاد ئەو چانسە بە دەسەڵات ناداو بە ویستی خۆی ئەچێتە ژوورەوەو عەقڵ و ئیرادەی خۆی سەرئەخا بەسەر هێزو دەسەڵاتدا! کاتی تۆم و جیرییە بێتامەکەی "دەسەڵات و موعارەزە"و جووتدژە تەقلیدییەکان نیە. کاتی هاوپشتی و هاوکاری گشتییە. ئەگەریش هەر لەسەر عەقڵە کۆنەکەی، ئەوە بزانە کە لەم کاتەدا بەرگری ئەوەنیە کە دێزانەو لەسەر حسابی خۆت و ژیانی گشتی، سەرپێچی بڕیاری دەسەڵات بکەیت و دواجار شەرعیەت بۆ هێزو دارو شەقەکەیان بهێنیت. چونکە لێرەدا خۆپارێزی و پابەندبوونی تۆ، پێشئەوەی بڕیاری دەسەڵاتێکی گەندەڵبێ، بڕیاری عەقڵ و ئەخلاق و چاکەو مرۆڤبوونە. حوکمی دەیان ساڵەی بێگانەی ستەمکارو گەندەڵی خۆماڵیی، وایکردوە کە، بێگوێی ببێ بە کولتورو عەکسێتیی ببێ بە جۆرێك لە بەرگری! کە ئەمە هەڵەیەو کۆرۆناش وێستگەیەکە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە. لەڕاستیدا موخالەفەی دەسەڵاتی ستەمکارو گەندەڵیش، بە ڕەهایی دروست نیەو تەنیا ئەو کاتە دروستە کە بەرهەڵستیەکە چاکبێت. لەوێدا کە خراپەو خراپەیەك ئیزافە ئەکا، ئەمە قوڕەکە خەستتر ئەکاتەوەو وزەی چەقین و مانەوەیە، نەك وزەی تێپەڕاندن و دەرچوون لە قوڕەکە! کێشەی مرۆڤ ترازانیەتی لە مرۆڤبوون. یان لەڕاستیدا هەر نەگەیشتووە تا لێ ی بترازێ! مرۆڤبوونیش عەقڵ و ئەخلاق و چاکەیە. جا بۆئەوەی مرۆڤ بچیتە ناو مرۆڤبوون، پێویستە خۆی و هەرشتێك کە دایهێناوە، لە دەوڵەت و سیاسەت و ئابووری و زانست و ئایدۆلۆجیاو تەکنەلۆژیا.. جارێکی تر هەمووی بخاتەوە بەردەم عەقڵ و ئەخلاق و چاکە. لێرەشەوە لادانەکان ڕاستبکرێنەوەو شتەکان بچنەوە ناو حەجمی ئاسایی خۆیان، کە قاوغی عەدالەتە. واز لە مەلای خۆمان بێنە، قەشەیەكی ئەمریکی خەڵك بانگ ئەکا بۆ نوێژو دوعای بەکۆمەڵ! فەیلەسوفێکی ئیتاڵیش ئەڵێ وەرنە دەرەوەو تەوقی کەرەنتین بشکێن لەپێناو "ئازادی"! کە ئەمە هەردوکی یەك عەقڵەو تێنەگەیشتنە هەم لە دین و هەم لە ئازادی، کە جەوهەری هەردوکیان چاکبوونە. چاکبوونیش لە ئێستادا، لە ماڵەوەیە نەك لە پەرستگاو شەقام! چاکبوون شتێکە کە بچێتەوە سەر ژیان، نەك لە پشتی دروشمی ئایدۆلۆژییەوە بتخاتە ناو مەرگەوە. لەڕاستیدا تاکە شتێك کە خەتەرە لەسەر ئازادی، بڕوانەبوونە بە ئازادی. ئەوەشی کە بڕوای بە ئازادی نیە، "هەموو شتێك" ئەکاتە دەرفەت بۆ لێدانی ئازادی. کەرەنتینیش بێلایەنەو تەنیا یەکێکە لەو شتانە، نەکئەوەی خۆی لەخۆیدا دژەئازادی بێت! ئازادیی ئێمەش لە حیزبی میلیشیایی و لەناو حیزبی میلیشیاییشدا، لە زاڵبوونی باڵی ئەمنییەوە لە مەترسیدایە، نەك لە کۆرۆناو کەرەنتینەوە. ئازادی ئێمە، لە چەکەوە لە مەترسیدایە، کە دەسەڵات لەبری کۆکردنەوەی، تەوزیعی ئەکات! نەك لە کۆرۆناوە کە خودی چەکی خستە ژێر پرسیارەوەو پێ ی وتین کە دەرمان گرنگترە لە چەکی ئەتۆمی! ئازادی لە عەقڵی دۆگماو "فریشتاندنی خۆم و شەیتاندنی ئەو"ەوە لە مەترسیدایە کە هەموومانی تێداین، نەك لە ڤایرۆسێكەوە کە هێشتا هەنێکمانی توش کردوە. ستەمکاریی بەزەرورەت دژەئازادییەو بە بەرنامەو بە پلان و بە ئاگاییەوە لە ئازادی ئەدا. ئازادیش لێرەوە لە مەرسیدایە، نەك لە ڤایرۆسێکەوە کە بێئاگایەو هەر نازانێ ئازادی چیە! ئازادی لە پۆپۆلیزم و لە ختوکەدانی عەقڵی جەمعەوە لە مەترسیدایە، کە نایەڵی عەقڵی فەرد بیربکاتەوەو بڕیاری ئازادانە بدات. نەك لە کۆڤید نۆزدەوە، کە پێش هەرشتێ مرۆڤی خستە بەردەم بیرکردنەوە! ئەبێ ئەوەش بڵێین کە خەڵك بە دوو هۆکار دێنە دەرەوە: جەهل و پێویستی. ئەبێ حکومەت پێویستییەکانی ژیان بۆ هاوڵاتی دابینکا، ئینجا بیانکاتە ژوورەوە. ئەو هاوڵاتییەی کە پێویستی ئەیهێنێتە دەرەوە، جیایە لەوەی کە جەهل ئەیهێنێتە دەرەوە. ئەوەی کە جەهل ئەیهێنێتە دەرەوە، شەقی حەڵاڵکردووەو پێویستە بە هێزو سزا بکرێتەوە ژوورەوە. بەڵام ئەوەی کە بۆ نان دێتە دەرەوە، ئەبێ نانەکەی بەیتێ ئینجا لەڕوتبێ پێ ی بڵێ ی بڕۆ ژوورەوە. کەرەنتینکردنی خەڵکیش بەبێ خەمخواردن لە بژێوییان، بەرپرسیارێتی نیە، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی! خۆ خواهەڵناگرێ حکومەتی ئێمەش شەڕی کۆرۆنا ئەکا. بەس فەرقەکە ئەوەیە، تەواوی حکومەتەکانی دنیا، لە ڕێگەی بەرپرسیارێتییەوە ئەو شەڕە ئەکەن. تەنیاو تاقانە حکومەتەکەی ئێمە نەبێ، کە لە ڕێگەی نابەرپرسیارێتی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەوە شەڕی کۆرۆنا ئەکات!
لهتیف فاتیح فهرهج دهسته پاچهیی زانستی پزیشكی لهبهردهم ڤایرۆسی كۆرۆنادا ، ئێمه ناچاری ئهوه دهكات ههڵوهسته له سهر ئهوه بكهین ، داخوا له سهرهتای سهدهی بیست و یهكهمداین ، یان له سهدهكانی حهڤدهو ههژدهو پێشتردا ، مهرگی زیاتر له پهنجا ههزار كهس و ئهگهری بهرزبوونهوهی مردن بۆ چهند هێندهی تر ، بێئابڕووی سهرانی دنیا له داوای ماڵئاوای كردن له ئازیزان ، ناكرێت ههربهو جۆره سهیر بكرێت كه ئیتر ئهمه ڤایرۆسێكهو هاتووه ، ئهگهر هیچ پرسیار له بارهی ئهوهوه نهكهین ، ئهم ڤایرۆسه چۆن هات و چۆن له پڕدا جهنگی بهرانبهر ههموو گۆی زهوی و مرۆڤایهتی راگهیاند ، ئایه ئهمه له ههڵهیهكهوه دروست بوو، یان ههقیقهتێكی سروشتی ، خۆ دهبێت پرسیاری ئهوه بكهین ، دنیای ئێمه ، دنیای مرۆڤایهتی ، دنیای پیرو گهنج و ژن و پیاوی گۆی زهوی ، دنیای ههژارهكان و دهوڵهمهندهكان و مام ناوهندهكان ، دنیای ساغ و نهخۆش و بهلهنگازو بێنیشتمان و نیشتمانداران ، دنیای باوهڕدارو بێباوهڕهكان ، دنیای ئایندارو بێ ئاینهكان ، دنیای گشتمانه ، دنیایهك كه خهریك بوو له بیرمان بچێتهوه ، خهریك بوو له رێگهی كۆمپانیا زهبهلاحهكانهوه توشی سیل و شێرپهنجه دهكرا ، ناكرێت ههر بهو جۆره لێی بگهڕێین ، دنیا بهس دنیای سهرۆك و سهركردهكان و مناڵهكانی ئهوان نیه ، هی ههموومانه ، هی ئهوانهشه كه به هیچ شێوهیهك ئازاری زهویان نهداوه ، نهكۆمپانیا ، نه شهڕ ، نهچهك و چۆڵ ، نهبیره نهوت ، نهمیدیا ، نهمافیا ، نهچهتهیان نیهو بهیانیان به قوقهی كهڵهشێر له خهو ههڵدهستن ، ئێواران بۆ ماوهیهكی زۆر گوێ بۆجریوه جریووی چۆلهكهی سهردارهكان رادهگرن ،كاتێك ههموویان دهیانهوێت تا بهیانی جێ خهوێك بۆ خۆیان بدۆزنهوه ، بهڵام به تهنیشت یهكترهوه ، لهو سهردارهی كه هیچ چۆلهكهیهك لهوی تر زیاتر جێ داگیر ناكات ، ، دنیا هی ئهوانهشه كه هێشتا له جوانی سروشت دهڕوانن ، بۆ ماوهیهكی زۆر سهیری ئاسكێك دهكهن وهك ئهوهی چیرۆكێك ههبێت بۆ یهكدی بگێڕنهوه . دنیا بهس هی ئهوانه نیه كهزهوی پیس دهكهن ، كه دوانه ئۆكسیدی كاربۆن دهكهن به ههناسهی زهویدا ، كه تهنگ به ماسی و نهههنگ و ئاژهڵهكانی ناو دهریاو زهریاكان ههڵدهچنن ، كه رۆژ نیه ههزاران جۆری چهكی تازه دروست نهكهن ، دنیا هی ئهو پیاوهشه كه بهڕیشێكی سپی و تهسبیحێكهوه به یانیان زوو دهچێته سهر بهرماڵهكهی و له خودا دهپاڕێتهوه ئهمڕۆ بۆ مرۆڤهكان رۆژێكی باش بێت ، هی ئهو كرێكارهشه كه كاتژمێرێك پێش له خهوههستانی خێزانهكهی ههڵدهستێت و لهبهر خۆیهوه سرودی ئینتهر ناسیونال دهڵێت ، سرودێك كه باسی رزگاری ئینسان دهكات ، هی ئهو مناڵهشهكه جانتاكهی دهكاته شان ، ئهو كابانهش كه هێشتا لهو پهڕی دنیا دهیهوێت چهند نانێكی گهرم بۆ مناڵهكانی بكات ، ئهو عاشقهش كه بیر لهوه دهكاتهوه ئهمڕۆ چۆن خۆشهویستهكهی ببینێت ، ئهو نوسهرهش كه دهیهوێت دوابهشی رۆمانهكه بنووسێ ، دنیا به تهنێ هی ئهوانه نیه كه له شاشهی تهلهفیزیۆنهكانهوه دهردهچن و قسهی زل دهكهن ، ئهوانهی ههمیشه شاشهكانیان داگیر كردووه ، دنیا هی ئهوانهشه كه ههرگیز هیچ كامێرایهك وێنهیان ناگرێت ، ئهو دكتۆرانهی له سهنگهری پێشهوهی شهڕی كۆرۆنادان ، ئهو پهرستارو فریشتانهی به بزهیهكی شیرینهوه ئومێدی چاكبوونهوه به نهخۆشهكان دهبهخشن ، دنیا هی ئهو ساوایهیه كه ئێستا له دایك دهبێت، ئهو خاتونهی دوای چهندین ژان چاوهكانی دهبنه گۆمی فرمێسك و رووهگهشهكهی له تهك دڵۆپه ئارهقهكانی سهر گۆنایدا دهبنه جوانترین تابلۆ ، دنیای هی ههموومانه نهك گروپێكی چڵێس و مهترسیدارو شهڕهنگێز كه دهیانهوێت چهرخهكه به ئارهزووی ئهوان بسوڕێت . ئێمه ملیارهها خهڵكی سهر ئهم گۆی زهویه ئاشتی و ئارامی و سفرهیهكی سادهو دڵێكی پڕ له خۆشهویستیمان دهوێت ، ئێمه لهوه زیاترمان ناوێت كه ههمانه ، كهبهشی رۆژێكمان دهكات بۆ ژیان ، كه دهتوانین بهشی دوو رێبواریشی لێبدهین ، كه پێش ئهوهی تهواو بێت دهڵێین دهشێت پهلهوهرو ئاژهڵهكانیشمان له بیر بێت ، ئێمه نهچهكمان دهوێت ، نهتانك و زریپۆش و نهداگیر كردنی زهوی خهڵكی ترو نهبیره نهوت ، ئێمه دنیایهكی ئارام و بێكێشهمان دهوێت ، دنیایهك تێیدا سهركردهو سهرۆكه مشهخۆرو چهنهبازهكان بێدهنگ بن و ژهنیارو گۆرانیبێژهكان پڕمان كهن له ئاواز.
ئادەم ئاودەل ماوەیەکە دەنگۆی برین و کەم بونەوەی موچە سەریھەڵداوەتەوە ، شەپۆلی ئەم دەنگۆیانە ھاوکات بوو لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا زیاتر لە نیوەی جیھان پێیەوە گرفتارە . ھەر لە سەروبەندی ئەو دەنگۆیانە بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارتی بابەتەکەیان رەتکردەوە و بە ناراستیان لە قەلەمدا ، بەشێکیش لە نوێنەران و بەرپرسانی یەکێتی و گۆران نەیان شاردەوە کە ھەولێک لە ئارادایە بۆ دەستکاری کردنی موچەی فەرمانبەران ، لە سەرو ھەموشیانەوە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی کە ئەویش بە ناراستەوخۆی ئاماژەی بە ئەگەرەکانی دەستکاری موچەدا. لێرەدا حەقە بپرسین ئایە کەسێکی وەک سەرۆکی پەرلەمان کە بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتە دەکرێ لە خۆیەوە قسە بکات و بابەتیێکی ھەستیاری لەو جۆرەیە بێ زانیاری بوروژێنێ ؟؟ بێگومان نەخێر ... یا دەکرێ وەزیری دارایی و ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاران بێ زانیاری قسە بکەن ؟؟ یا ھەموویان سەرقالی موزایەدەبن؟؟. ئێستا ئەوەی کە ھەیە ھەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە پاشەکەوتیش نەیەتەوە حەتمەن موچە دوا دەکەوێ و لەمەودوا موچە بێ کێشە نابێ ، ئەوەی ئەم بابەتەی بەتەواوی پشتراست کردۆتەوە قسەی بەرپرسانی حکومەت و پارتی خۆیان بون کە لە زاری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاماژەی پێدراو رایگەیاند کە ./.٣٥ داھاتی ھەرێم کەمی کردوە ، بەم پێشھات و گۆرانکاریانەش بێ کە ھەیە دەردەکەوێ کە حکومەت توانای پێدانی موچەی نیە چونکە حکومەت دوچاری چەند قەیرانێکی لەناکاو بۆیەوە ، دابەزینی نرخی نەوت و کەمبونەوەی داھاتی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرچاو کە ھۆکارەکانیان ڤایرۆسی کۆرۆنایە ، حکومەتی گەیاندۆتە دوریانی مەترسیداری ئابوری . جیا لەمانەش تا ئێستا گەرەنتی پارەی بەغدا نیە کە لە ناردنی بەردەوام ئەبێ ، کە زیاتر لە نیوەی موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ئەکرا ، بەتایبەتی کە بەغداش گیرۆرەی ھەمان قەیرانەکانی ھەرێمە . وروژاندنی خراپی دۆخی دارایی و ئەگەرێ دەستکاری کردنی موچە لە لایەن بەرپرسانەوە و دواتریش رەتکردنەوەی دەستکاری موچە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ، رەنگە جۆرێک لە پلانی حکومەت بێ و نیەتی زانینی کاردانەوەی خەلک و شەقام بێ ، بەجۆرێک بانەتەکەیان لە راگەیاندنەکانەوە وروژاند و نارەزایەتی زۆری خەلکی لێکەوتەوە و بەمەش حکومەت تێ گەیشت دەست بردن بۆ موچە ئاسان نیە . ھەربۆیە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتای بە دەستکاری کردنی موچە ھێنا بەڵام بابەتەکەی دانەخست و بە کراوەیی مایەوە ، کە ئایا موچە لە ھەموو مانگێک جارێک لە کاتی خۆیدا ئەدرێ یا سەردەکێشێ بۆ (٤٥ )و (٥٠ )رۆژ . بەھەموو پێودانگێک موچە وەک مانگەکانی پێشو نابێ، گەر پاشەکەوتیش نەکرێ مانگانە لەکاتی خۆیدا نادرێ ، بەڵام بۆچونەکان بۆ ئەوەدەچن دۆخەکە کاتی بێت و لەگەل کۆتایی ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەم نرخی نەوت بەرزبێتەوە و ھەمیش داھاتی ناوخۆ بێتەوە دەست. رەنگە ئەمە واقیعەکە بێت بەڵام جۆرێک لە بێ متمانەیی لە نێوان حکومەت و خەلکدا دروست بووە ، دەسەڵاتداران ھەر رێگەیەک بگرنەبەر جێگەی باوەری خەلک نین.
گوڵاڵە سدیق دراو یان پارە بە گرنگترین هۆکاری مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دادەنرێت بۆ کڕینی شتومەک و خزمەتگوزاری لەنێوان دەوڵەتەکاندا، یان لە ناوخۆی هەمان دەوڵەت لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا. لە سەرەتادا دراوی ئاڵتون و مس بەکار دەهێنرا و بەهۆی کێشیانەوە نرخ و بەهاکەی دەستنیشان دەکرا، بەڵام بەهۆی گەشەسەندی بازرگانی نێوان دەوڵەتەکان و دروستبونی ئاستەنگ بۆ بازرگانەکان بەهۆی زۆری کێش و قەبارەی دراوە کانزاییەکانەوە، وە بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ بازرگانەکان، ووڵاتی چین یەکەم ووڵات بوو هەستا بەچاپکردنی دروای کاغەز، نرخی دراوە کاغەکە دیاریدەکرا بەبڕی ئەو ئاڵتونەی کە دەتوانرێ بەو پارە کاغەزە بکڕدرێت. لە کۆندا هەر دەوڵەتێک هەوڵی چاپکردنی دراوی کاغەزی بدایە، دەبوایە بە تەواوەتی بەقەدەر نرخی ئەو پارەیەی کە چاپی کردوە ئاڵتونی بەرامبەر دابنایە لە بانکی ناوەندی، وە بانکی ناوەندی زۆر بەئاسانی ئاڵتونی دەدا بە هەر تاکێک کە دراوێکی کاغەزی بۆ ببردایە، بەجۆرێک هەر جۆرە دراوێکی کاغەز بڕەکەی بەیاسا دیاریکرابوو چەند ئاڵتون دەکات. بە تێپەڕبونی کات و فراوانبونی بازرگانی ئەم یاسایە بەرەو کاڵبونەوە چوو، لە ئێستادا بانکە ناوەندییەکان بەرامبەر چاپکردنی دراوی وڵاتەکەیان جگە لە ئاڵتون دەتوانن دراوی ئەجنەبی و سەنەدات دابنێن وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو دراوە نیشتمانییە کە چاپی دەکەن، وە ئەوەی نرخی ئەو دراوە چاپکراوە دیاری دەکات، هێزی ئابوری ئەو ووڵاتەیە لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا. دەوڵەت خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بۆ چاپکردنی دراو، دەتوانێت هەر بڕە پارەیەک کە بیەوێت و چاپی بکات، کەواتە بۆ دەوڵەت ئەو کارە ناکات تا وڵاتەکەی لە قەیرانی کورتهێنانی بودجە و قەرز بپارێزێت؟ چاپکردنی دراوی زۆر، بەبێ هیچ پاڵپشتێکی نەختینەیی، لە ڕوی شکڵییەوە پارەیەکی زۆر دێتە وڵاتەوە و کورتهێنان لە بودجەدا پڕ دەکاتەوە، بەڵام لە ڕوە ئابورییەکەیەوە ئەم جۆرە چاپکردنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهای ڕاستەقینەی دراوەکە، دراوەکە نرخە ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات، وە ئابوری دەوڵەت بەرەو داڕوخان دەبات. چونکە کاتێک کە دەوڵەت بێ گوێدانە پاڵپشتی نەختینەیی و قەبارەی ئابوری وڵاتەکەی و قەبارە و ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ووڵاتەکەی دراوی زۆر بە چاپ بگەیەنێت، ئەوا نرخی کاڵاو شتومەک و خزمەتگوازرییەکان لەو وڵاتەدا بەرز دەبێتەوە و هاوڵاتیان هیچ سودێک لەو خستنەڕوە وەرناگرن. وە ئەم جۆرە خستنەڕوە و چاپکردنە تەنها بۆ مامەڵکردنی ناوخۆیی بەچاپ دەگەینرێت، ئەگینا لەڕوی نرخی کاڵا و شتومەکەوە بازاڕی ناوخۆی وڵاتەکەی بەرەو هەڵئاوەسان دەبات و کاڵا و شتومەکەکان نرخە ڕاستەقینەکەی خۆیان لەدەست دەدەن و نرخیان بەرز دەبێتەوە. کەواتە هەر جۆرە چاپکردنێکی دراوی نوێ بەبێ پاڵپشتی نەختینەیی و ئاڵتون هیچ سودێکی نابێت، وە لە ئەگەری هانا بردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەم دەرفەتە ئەوا نرخی دراوی عێراقی دادەبەزێت، وەک ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو یان وەک ووڵاتی فەنزوێلا نرخەکان بەرزدەبنەوە.
د.هاوار كەمال دوشەممەی ڕەش جەنگی نەوتی سعودی-ڕوسی و لێکەوتەکانی سعودییە كە لە ئاداری 1938دا یەكەمین بەرمیل نەوتی لە بیری(دمام-7) بەرهەمهێنا كە دواتر ناونرا (بیری خێر). بەم جۆرە لەو كاتەوە سعودییە قۆناغ بە قۆناغ پێگەی خۆی لە بازاڕیی نەوتی جیهانیدا كردەوەو لە ئێستادا یەكێكە لە سێ وڵاتە زەبەلاحەكەی بەرهەمهێنەلاری نەوت. هەربۆیە كاریگەریی دیاریی لە دیاریكردنی نرخو بەرهەمهێنانی نەوتدا هەیە. لەم ڕووەوە، لە سایەی ئەو دابەزینەی بازاری نەوتی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینی بە هۆی كەمبوونەوەی خواستو بەكارهێنانی نەوت لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا(كۆڤید-19). ئابووریی جیهان لەرزینێكی تووندی پێكەوت. ئەمە لە كاتێكدابوو، سعودییە لە 9ی ئاداری 2020دا جەنگێكی ئابووریی دژی ڕوسیا ڕاگەیاند، كە بووە هۆی دابەزینی لە ناكاوی بەهای نوت بۆ كەمتر لە نیوەی نرخەكەییو بەهای ڕاستەقینەی لەدەستدا كە لە جەنگی كەنداوی دووەمەوە 1991، گەورەترین دابەزینە لە بازاڕیی نەوت كە بەم جۆرە بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر. لێرەوە بەهای پشكەكانی كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆی سعودییو ڕۆزەنەفتی ڕوسی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیی. سەرەڕای داڕوخانی بەهای نەوت، كەچی ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی سعودییە بەردەوامی بدات بە نوقمكردنی بازاڕی نەوتی جیهانی لە ڕێگەی زیادكردنی بەهەمهێنانی نەوت لە 9 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ (13) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە. ئەمەش زیادبوونێكی خەیاڵییە لە مێژووی كەرتی نەوتی سعودییەدا. بەو هەنگاوە سعودییە ڕۆژانە نزیكەی (300)ملیۆن دۆلار زیان دەكات بە پێی ڕاپۆرتێكی 20ی ئاداری ڕابردوو. دۆخێكی وا وڵاتانی تری بەرهەمهێنانی نەوتی هاندا بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ قەرەبووكردنەوەی لێكەوتە نەرێنییەكانی دووشەممەی ڕەش لەسەر ئابوورییەكەیان. لە ڕاستییدا پێش هەفتەیەك لە دەستپێكردنی جەنگی نەوتی سعودیی-ڕوسی، سعودییە پێشنیاریی كرد بۆ وەزیرانی ئۆپیك ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەمبكەنەوە، كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت لە شوباتی ئەمساڵدا بۆ(50) دۆلار دابەزیی بە هۆی كەمبوونەوەی كەرتی گەشتیارییو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵام ڕوسیا ئەو پێشنیارەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیان، دەستدەكات بە بەرهەمهێنانو فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی تاكلایەنە. ڕِیاز ئەم هەنگاوەی مۆسكۆی بە هەڕەشەو ئاڵنگاریی(تحدی) لێكدایەوەو بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ (13) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرزكردەوە. ڕوسیا پێی وایە، كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كە چوار ساڵە بەردەوامە، لەو ڕێگەیەوە كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا ئەو كەمكردنەوەیان قۆستۆتەوەو پێگەو ڕۆڵیان لە بازاڕیی نەوتدا چالاكتر بووە. ئەمەش ڕاستی دیدگای ڕوسیایە، كە ئەمریكا لە ساڵی 2019دا پلەی یەكەمی لە بەرهەم هێنانی نەوتی لە ڕوسیا وەرگرت لەسەر حسابی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕوسیاو سعودییە زیانێكی گەورەی ئابووریی دەكەن، كە ڕوسیا (37%)ی ئابووری وڵاتەكەی پشت بە نەوت دەبەستێتو سعودییەش (67%)، بەڵام ئەم جەنگە زەنگێكی مەترسیدارترە بۆ ئابووریی ئەمریكا، چونكە كۆمپانیاكانی نەوتی خاوی ئەمریكی مایەپوچ دەبنەوە، لەبەرئەوەی تێچوی دەرهێنانی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكی(30$) تێدەپەڕێنێت. لە كاتێكدا تێچوی دەرهێنانی بەرمیلێك نەوت لە سعودییە(9$)و لە ڕوسیا(19$). بەمەش ئەگەر بەرمیلی نەوت بۆ (25$) دابەزێت پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی ئەمریكی دەوەستێت. بەپێی هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەكان، سعودییە كورتهێنانی بودجەی لە ساڵی 2020دا بە ڕێژەی 16%دەبێت لە كاتێكدا لەمساڵدا 6% ئەویش ئەكەر ناوەندی نرخی بەرمیلێك نەوت(40$) بێت. سعودییە هەوڵدەدات دەست بۆ یەدەگی نەختینەی وڵاتەكەی نەباتو بە قەرزكردن ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە. هەرچی وڵاتانی تری كەنداوە بە نموونە كاریگەریی ئەم جەنگەیان بە ڕێژەی جیاجیا لەسەر بەدیاردەكەوێت. بۆ نموونە، عومان كە بودجەی وڵات بە ڕێژەی(44%) پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت لە كاتێكدا كورتهێنانی بودجە (62) ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پلانیان بۆ قەرزی دەرەكی داناوە بۆ هاوسەنگكردنەوەی باری لاری ئابووری وڵاتەكەیان. هەرچی بەحرەین نموونەیەكی ترە كە ڕۆژانە(500) هەزار بەرمیل نەوت بەهەمدەهێنێت، بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی ئەم جەنگە ڕۆژانە پێویستی بە یەك ملیۆن دۆلارە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وڵاتەكەیان. لە كاتێكدا ئەم نرخ دابەزینە بەردەوام بێت بەحرەین نیوەی داهاتی خۆی لەدەست دەدات. باری مەترسیدار لەسەر ئابوری عێراقە كە (93%) بودجە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. عێراق ڕۆژانە نزیكەی (100)ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، چونكە لە كاتێكدا حكومەت نرخی نەوتی بە (56$) خەمڵاندووە بۆ بودجەی 2020 كە هێشتا بەهۆی كێشەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە پەرلەمان تێنەپەڕێندراوە. ئەمەش هۆشدارییەكە بە قەیرانێكی چاوەڕوانكراو وڵات دەگرێتەوە كە كورتهێنانی بودجە بە(40) ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە ئەگەر بارودۆخی بازاڕیی نەوت بەم جۆرە بەردەوامبێت. هەرچی وڵاتانی تری وەك قەتەر كە زیاتر پشت بە هەناردەكردنی غازی سروشتی دەبەستێتو ئیماراتو كوەیتیش كاریگەرییەكانی ئەم جەنگە كەمتر دەبێت. بەڵام كاریگەریی لەسەر وڵاتی جەزائیر گەورەو تووندە. لە سایەی جەنگێكی لەم جۆرەدا، كە كاراكتەرە بەهێزەكانی ئابووریی جیهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. حكومەتی هەرێم دەبێت بەباشی تێبگات، بەرگریی لە بەرامبەر متبوونی بازاڕو، ژیانی خەڵكو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تەبەڕوعاتی خەیرییو سەدەقەی خەڵكی تێناپەڕێت. بە دەیان وەزیرو پەرلەمانتار بە وتار و داتای جۆراوجۆرو دڵەڕاوكێ جدییان دروستكردووەو سەریان لە بازاڕو خەڵكو حكومەت تێكداوە. بە جۆرێك وەزیر هەیە هیچ پەیوەندییەكی بە ئابوورریەوە نییەو لە جیاتی هەموان ڕایدەگەیەنێت حكومەت دەستكاریی موچە دەكات یان نا!! جیا لەوە، بێ متمانەیی لە نێوان خەڵكو بە ئاشكرا لەتبوونی نێوانی حیزبەكان ئەگەرچی تاكتیكیش بێت، ئەمە لە پاڵ كۆنترۆڵی نوخبەیەكی باڵادەستی حیزبی مەترسیدار، كە بازرگانی نەوتو ناوخۆیان قۆرخكردووە تاڕادەیەكی باش. بە جۆرێك بوونەتە گرفت بۆ حیزبەكانی خۆشیان. لەلایەكی ترەوە نادیاریی مەلەفی نەوت لە خەڵكو ناوەندە ئابوورییە جیهانییەكان. كارێكی وای كردووە، هەرێمی كوردستان نەتوانێت ڕەسیدێكی جێگیری هەبێت لە بازاڕیی ئابووریی جیهانیو بانكە قەرزدەرە نێودەوڵەتییەكان. بانگەشەی میراتی (25) ملیار دۆلاری سەرۆكی حكومەت لەكاتی وەرگرتنی سەرۆك وەزیریو دەیان مەلەفی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەولێرو بەغدادو ئەو بارودۆخەی لە ناوچەكە دەگوزەرێت موژدەبەخش نین بۆ ئایندەیەكی ئابووریی باشتر لە داهاتوودا. هێشتا ئاماژەی خراپ هەن سەبارەت بەوەی ئاسان نییە پەتای كۆرۆنا بە ئاسانی تێپەڕێت. بە تایبەت لە ئێستادا تەواوی ژیانی لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان وەستاندووە. ئەمانە لە پاڵ ئەو بانگەشەو هەڕەشانەی سەرۆك ترەمپ دەیانكات سەبارەت بە خستنەوە سەر سكەی نرخی نەوت ئەگەر بە فشاری ئەمریكاش بێت، هەروەها جموجوڵی گوماناوی سوپای ئەمریكا لە بنكە سەربازییەكانو تاڕادەی هەڕەشەی داتەپاندنی ئابووری عێراقو مامەڵەی هاوتەریبی وەك ئێران لە بەرامبەر حكومەتی عێراق لە حاست بێدەنگی لە هێرشە ناوبەناوەكانی میلیشیاكانی سەربە ئێران بۆ سەر سەربازانی ئەمریكا. هەموو ئەمانە ئاماژەی مەترسیدارنو بێ حساب تێناپەڕن، بێگومان لە ئەگەری پێكدادانی سەربازیی ئەگەرچی سنورداریش بێت، چەقی پێكدادانەكان گۆڕەپانی عێراق دەبنو كوردستانیش وەك بەشێكی نفوزی ئەمریكا زیانی گەورەی بەردەكەوێت. موشەكە ئاڕاستەكراوەكان بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە هەولێر ئاماژەی ڕوون بوون بۆ سەركردایەتی كورد. بە كورتی ئاڵۆزترین سەردەمی پڕكێشەی سیاسیو ئاسایشیو ئابووریی گەمارۆ حكومەتی هەرێمی داوەو پێویستی بە عەقڵێكی ستراتیجیو كارێكی پێكەوەیی هەماهەنگی جەماوەرو حكومەتو حیزبەكان هەیە بۆ تێپەڕاندنی بە كەمترین زیان، پێچەوانەكەشی زیانی قەرەبوو نەكراوەی بەدوادا دەبێت.
ئەبوكاروان ئەرکی حزبی سیاسیی نییە خواردن و خواردهمهنی دابەشبکات بهسەر چەند خێزانێکی ھەژارو زەحمەتکیش و دهرامهت سنورداردا. بەھاوکاریکردن و یارمەتیدانی چەند ماڵێک ھیچ لە کێشەکان ناگوڕێت، لە کاتیکدا لە ھەریمی کوردستان زیاتر لە ملیونێک و چوار سەد ھەزار موچە خۆری ھەیە و ئێستا مانگی چوارەو کەچی بەشێکی زۆری مووچە خۆران موچەی كۆتا مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، ئێ باشە چارەسەری ھەزاران ھاووڵاتی پێشەوەر و ئەوانەی کاری ڕۆژانە دەکەن و بهو داهاتهی ڕۆژانه دهستیان دهكهوێت دهژین و ئێستا لە ماڵەوە ئاخێنراون چیدەکەن و چێبکەن؟ بهچی بژین؟ بۆ چارهسهری ههژاری دهبێ سیستهمێك ههبێ، سیستهمێك كه بهراستهقینه ههژار لێی سودمهند بێت، نهوهك هاوكارییهك كه زیاتر له موزایهده و نمایش دهچێ. بەڵێ ئەرکیی حزبی سیاسیی ههوڵدانه بۆ گهیشتن به دهسهڵات و، لهو ڕێگهیهشهوه بهرنامه سیاسیی و كۆمهڵایهتیهكهی جێبێبهجێ بكات و ههروهها ئهركی حزبی سیاسیی ھۆشیارکردنەوەی جەماوەرە و داکوکی کردنە لە مافە ڕەواکانییان، ئەرکی حزبه سیاسییهكانی دهرهوهی دهسهڵات بریتییه لهپێشرەوایەتی جەماوەرە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دەسەڵاته کە ساڵانیکە دەستی لە قۆرگی ئەم گەلەدایە، ئاخر دەسەڵاتیک ھێشتا دەستی نەبردوە بۆ کەمترین توانای ماددی خۆیان و حزبەکانیان لە ژێر زەمینەکان و بانکەکانی دەرەوە دەربھێنن و تاوهكو کەمترین ھاوکاری خەڵکی ڕەش و ڕووتی ئەم گەلە بکەن کەچی ههندێ حزبی سیاسیی بەدەم داخوازییەکانی ئەم دەسەڵاتەوە بێن و کۆمەک کۆبکەنەوە. ئاخر تائێستا کەناڵیکی ڕاگەیاندنیان لەو ژماره زۆرهی كهناڵ ڕاگرتووه؟ تاوهكو کەمێ لەو بوجە زەبەلاحەیان كهمكاتهوه بۆ ئهوهی حزبی سیاسبی خیرو صدقه کۆبکاتەوە و دابەشی چەند خێزانێکی ھەژارو کەم درامەت بکات. حزبی سیاسیی وا ھەیە دەیان خێزانی شەھید دەرگای بارەگای لێگرتوون و سەرکردەکانییان نەک ئامادە نەبوونە ھاوکارییان بکەن، بەڵکو ئامادە نەبوونە بیانبینن کەچی ئیستا کەلوپەل و خۆراک کۆدەکەنەوە و گوایە ھاوکاری خەڵکی بێدرامەت دەکەن، دەزانن گەر بەو ڕووحیەتە لە ناوخۆی خۆدی ئەو حزبانە بەم شیوەییە کاریان بکردایە ئەوا ئەو جەیشە ئەندامه لەدەرەوەی حزب نەدەبوون! بەڵی ئەرکی دەسەڵاتە، دەسەڵات نەک حزب کۆمەکی خهڵك بكات، بەتایبەتی ھێشتا مانگیک تەواو نەبووە کە حکومەتی ھەریم لە قەیراندایە و داھاتی نەوت کەم بووەتەوە. ئەی گەر بەردەوام بێت دەبێت چی بکات؟ ئەگەریش قەیرانەکان بەردەوام بێیت چی دەکات؟ پرسیارێکە و لای ئێمه وەڵامی ڕوونە بەڵام سەرەتاکەی کە بەبڕین و کەمکردنەوەی موچەخۆران دەست پێدەکات.
