بەكوردیكردنی كەرەنتینە؟!!
2020-03-16 17:27:38
د. تریفە عومەر
یەكێك لەو گرفتانەی كە ئەمڕۆ رووبەڕووی زمان بووەتەوە، ئەوەیە كە دەزگاو دامەزراوەیەك خۆیان سەرقاڵی وشەهەڵگواستن و وەرگێڕانی زاراوەكان دەكەن، كە كارو پسپۆڕی ئەوان نییەو لە رێگەی دونیا نەشارەزاكەی خۆیانەوە دونیای فەرهەنگی كوردیش دەشێوێنن.
هەڵبەت بۆ هەڵگواستن و داتاشینی (زاراوە)یەك جیاواز لە وەرگێڕانی (وشە)، نەتەنیا پسپۆڕی زمانی كوردی، بەڵكو بوونی چەند پسپۆڕێكی دیكەش هەروەك پسپۆڕی بواری زانستی زاراوەكەو پسپۆری وەرگێڕان، لەنێو دامەزراوەیەكی ئەكادیمیدا، پێویست و زەرەوورە.
زاراوەی كەرەنتین-Quarantine ، كە بەشێكە لە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزی و بنەڕەتی وشەكەش لاتینیە، هەڵگری چەمكی (تەندروستیی)یە، هەروەك بە زمانێكی ساناو، هەرچەند لە ئێستاشدا هەر تاكێك پێی ئاشنایە، دیاریكردنی شوێنیك و قەتیسكردنی خەڵكە نەخۆش و تووشبووەكانە تێیدا، بە ئامانجی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاو درمەكە، ئەم چەمكە تەندروستییە، خودی زاراوەی كەرەنتین پێكدەهێنێت و وادەكات وشەكانی (پەناگە، فڕێگە، پەرێز، ڤارێز...تاد، دوورونزیك پەیوەندی بە چەمكی زاراوەی كەرەنتینەوە نەبێت.
بەمپێیە وەرگێڕان و بە كوردیكردنی زاراوەكان، كە كۆمەڵێك یاساو رێساو بنەمای تایبەت بە خۆی هەیە، نە كارو پیشەی میدیاكاران و نە ئەركی تاكە كەسییە، بەڵكو زۆر تایبەت دەبێت (دامەزراوەی زانستیی) بڕیار لەسەر دانانی زاراوەكان بدات، بۆیە پێویستە هەر كەس قورسایی بەرپرسیارێتی كارەكەی لەبەرچاوبگرێت و بەرەو كارێك بازنەدات كە لە مەودای پسپۆری و بەرپرسیارێتی ئەودا نییە.