پارتە نوێیەكەی عەلی باباجان وەك هەرەشەیەك لە سەرئایندەی ئۆردوغان
2020-03-19 08:53:55
عومەر عەلی محەمەد
رۆژی چوار شەممەی رابردوو لە هەمان ئەو هۆتێلەی كە كۆنگرەی دامەزرندنی پارتی دادوو گەشەپێدانی لێ بەسترا ،عەلی بابا جانیش لە هەمان شوێن پارتە نوێیەكەی بەناوی دیموكراتی و پێشكەوتن راگەیاند، ئەم پارتەی باباجان و ئەوەش كە داوود ئۆغلۆ بەناوی داهاتوو دروستیان كردوە ، بە هەمان شێوازو لە سەر هەمان ستایلی دادوو گەشەپیدان بو، چونكە ئەو كاتەش دەوڵەت و گەلی توركیا روبەروی كۆمەڵێك قەیران و تەنگژەی قووڵ بوبوەوە، كە هاوشێوەی ئەوەی ئێستا بوون ،بەڵام دەبێت ئەو راستیە ش بڵێین كە لە ئێستادا پ ارتی دەسەڵاتدار ئەو ئەزمونەی هەیەو وا بە ئاسانی ناهێڵێت مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە. دەست لەكار كێشانەوەی عەلی باباجان هاوكاتە لەگەڵ زنجیرەیەك لەو دەست لەكار كێشانەوانەی كە زیاتر لە دوای كودەتاكەی 2016 وە بەردەوام بوو، چونكە لەو كاتەوە پارتی دادوو گەشەپێدان ئاراستەیەكی تری وەر گرتوەو بە پێی رای زۆرینەی دامەزرێنەران و سیاسیە ناودارەكانی ناو پارتەكە، پێچەوانەی ئەو پرانسیپانەبوە كە كاریا ن بۆ كردوەو وەك پرۆژەی سیاسی بریاریان لێداوە ،بە پێی بۆچوونی هەردوك لە ئەو دوو سەركردەیەی كە ئێستا دوو پارتی تازەیان دروستكردوە ، ئۆردوغان لەدوای گۆرینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی، پشتی لە هەموو ئەدەبیاتی سیاسی پارتەكەی كردوو بەرەو شێوازێكی تاك رەوی هەنگاوی نا ،بە بروای ئەوان لە ئێستادا ئۆردوغان بەلایەوە گرنگ نیە ئایندەی پارتەكەو گەلی توركیا بەرەو كوێ دەروات ،ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە خۆی كەسی یەكەم بێت لە حیزب و حكومەت و دەوڵەتدا ،لە لایەكی ترەوە ئەو دەیەوێت ئەتاتوركێكی تر بێت بە ستایلێكی تر ،داود ئۆغڵۆو عەلی باباجان، جۆرەها شێوازیان بەكارهێنا لە رەخنەو پێشنیارو رو بەروو بوونەوە ،بەڵام دواجار هەمووی بێسوود بوو ،بریاری جیابوونەوەیان دا،لە دوایشدا هەر یەكەیان پارتێكی سیاسیان راگەیاند ،ئەم پارتە نوێیەی باباجان لەلایەن 300 پسپۆری تایبەتەوە پەیرەوو پرۆگرام و پرۆژە سیاسیەكەی دانراوە .ئەم پارتە نوێیە لە 90 ئەندامی دامەزرێنەر پێكدێت كە 27 یان ژنن و 25 یان كوردن.
سەرەتای راگەیاندنی پارتەكە بە ووتارێك لە لایەن عەلی باباجانەوە خوێندرایەوە كە ووتی : كاردەكەین بۆ بنیاتنانی توركیایەكی بەهێز ،
بەڵێن دەدەین بۆ گەشەپێدان و دیموكراسی و شەفافیەت و زیاد كردنی هەلی كار،پاشان ووتی رێز لە شێوازی ژیانی هەموو كەسێك دەگرین و پیرۆزیەكانی ئاین ناكەینە قوربانی سیاسەت .
وەك پسپۆرێكی بواری ئابوریش ووتی: گەندەڵی رێگرە لە پێشكەوتنی ئابوری و كار بۆ بەدیهاتنی شەفافیەت دەكەین ،پاشان رەخنەی لە پارتی دادوو گەشەپێدان گرت و ووتی :لەم كاتەدا لە توانایدا نیە كە لە ئاست جێبەجێكردنی داواكانی گەلی توركیادابێت ،چونكە پشت بە هەرەشەو دورخستنەوە دەبەستێت لە پێناو مانەوەی خۆیدا و بەرەو تاك رەوی هەنگاو دەنێت .
پاشان ووتی : ئێمە رێز لە هەموو بۆچوونە جیاوازەكان دەگرین ،رێز بۆ شوناس و بیرو رای جیاواز دادەنێین ،ئێمە جیاوازیەكان بە هەل دەزانین بۆ چارەسەری گرفتەكان ،لەم ووڵاتەی ئێمەدا دادپەروەری بریندارە،ژنان بەدەست توندوتیژیەوە دەنالێنن ،كرێكارو فەرمانبەران لە لەدەستدانی كارەكانیان دەترسن،هاوڵاتیان دڵتەنگ و بریندارن ،بەڵام ئێمە لێرەین ،ئێستا كاتی دیموكراتیە بۆتوركیا .
بەپێی بۆجوونی هەندێك لە رۆژنامەنوس و چاودێر لە ناوخۆی توركیاوە ،سەرەرای ئەوقەیرانانەش كە ئێستا روبەروی توركیا بۆتەوە ،بەڵام ئۆردوغان بە بەراورد بە پارتەكانی تر هەتا ئێستاش لە پلەی یەكەمدایە ،بە بۆچونی هەندێك لە چاودێران و راپرسیەكان ئاستی جەماوەری هەردو پارتەكەی باباجان و داود ئۆغڵۆ لە %5 تێپەر نابێت .ئەم رێژەیەش كاتێك كاریگەر دەبێت كە لە هاو پەیمانیتێكی گشتیدا بن دژ بە ئۆردوغان و حیزبەكەی ،بۆ ئەوەی نەهێڵن رێژەی 50 كۆ 1 بەدەست بهێنێت ،
ئەم پارتە نوێیە بە شێوەیەكی تایبەت چاوی بریوەتە دەنگدەرانی پارتی دادوو گەشەپێدان و ئەو دەنگدەرە كوردانەی كە دەنگ بە پارتی دادوو گەشەپێدان دەدەن ،چونكە لە ئێستادا كورد زۆر بە گرنگی و بایەخپێدانەوە سەیری ئەم پارتە نوێیەو هەڵوێستەكانی دەكەن لە ئاست كوردوو كێشەكەی ،لە ئێستادا ئەم پارتە نوێیە لە پرۆژە سیاسیەكەیدا گرنگیەكی باشی بە كێشەی كوردو چارەسەری كردوە لە چوارچێوەی توركیایەكی دیموكراسیدا ،لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە كە لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەشێكی زۆریان دەنگ بە ئەم پارتە نوێیە بدەن،چونكە لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە كوردانی باكور دەنگ بە هادەپ نادەن و هەندێكیشیان بروایان وانیە كەكار بۆ كورد بكات، بەڵكو بە پارتی چەپەكانی توركیای دەزانن ،لەبەر ئەوەش كە ئەم پارتە نوێیە لیبرال و كۆنزەرڤاتیڤە ،كەواتە زیاتر لەگەل خواستەكانی ئەواندا دەگونجێت
بەڵام لە لایەكی ترەوە دەبێت هەموان ئەو راستیە بزانین كە لە دوای گۆرینی سیستمی سیاسی ،پەرلەمان و دادگاكان و پارتە سیاسەكان كەوتونە پەراوێزوو هەموو فشارێكیش بەكار دەهێنێت بۆ لاوازكردنیان و تەنانەت بۆكرین و گواستنەوەی سەنگەریش، وەك ئەوەی كە لە هەفتەی رابردوودا ئەندام پەرلەمانێكی پارتی چاك چوە ناو فراكسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان لە پەرلەمانی توركیادا ،راستە ئەم پارتە نوێیانە تا ئاستێك لە دەنگدەری دادوو گەشەپێدان كەم دەكەنەوە ،بەڵام ئەویش لە لایەكی ترەوە كاری كردوە لە سەر هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی گەل كە لەنێوان جەهەپەو پارتی چاكدا هەبوو ،لە هەفتەی رابردوودا پارتی چاك لە هاوپەیمانێتیەكە پاشەكشەی كردوو جەهەپەی بەجێهێشت، كە ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ ئەكەپە، لەلایەكی تریش دەیەوێ لە رێگەی پارتی چاكەوە پێشنیاری ئەوە بكرێ كە چاكسازی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا بكرێت و ئاستی براوەی سەرۆك كۆمار بكرێت بە لە %40ئەگەر ئەمەش سەر بگرێت ئەوائۆردوغان لەو تەنگژەیەش رزگاری دەبێت كە ئۆپۆزسیۆن پلانی بۆ داناوە .