Draw Media

شاناز برایم ئەحمەد    مێژوی نەتەوەکەمان لێوانلێوە لە بەرانگاربوونەوە، سەردەمانێک داگیرکەر و سەردەمانێک شەری ناوخۆ تاکو گەیشتین بەجەنگی دژ بەتیرۆر ، چەندان ئاوارەیی و تەمەنێک ئابڵوقەی ئابوری ، بەڵێ كوردستان لە مێژوودا روبەڕووی دەیان كارەسات‌و نەهامەتی بۆتەوە، لە دەیان روداوی مێژووییدا گەلی كورد وەك یەك جەستە قوربانیداوە، بەڵام هەمیشە بە یەكڕیزی گەل و خۆنەویستی خەڵك‌و جەنگاوەران و دڵسۆزانی راستەقینە،  ئەو قۆناغە دژوار و خەم‌و مەیناتیانەمان تێپەڕاندووەو دواجاریش بەسەركەوتوویی بەسەر تەگەرە‌و بەربەستەكاندا زاڵبووین، ئەمجارەش پشت بەخواو بەتوانا و جوامێری‌ پزیشك‌و كارمەندانی تەندروستی‌و لیژنە هاوبەشەکانی پارێزگارو قائیمقام و بەرێوەبەرە گشتیەکان واتە ( حکومەتی خۆجێی) و هێزەكانی ناوخۆو بەگشتی ‌و پێشمەرگەو دەزگاكانی راگەیاندن کەبەکۆ ناویان لێدەنێم ( ھێزە سپیەکە) بەسەر ئەو پەتایەدا زاڵ دەبین كە نەك هەر كوردستان، بەڵكو سەرانسەری جیهانی تەنیووەتەوە‌و رۆژ بەرۆژیش هەڕەشەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا رووی لە هەڵكشانە. ئاماژەو ژمارەكانی كوردستان نیشانیدەدات كە لەرێگەی پرۆسەی خۆپارێزی‌و چارەسەرو بەرپرسیاریەتی راستەقینە لەبەرامبەر مەترسییەكان، هەنگاوی گەورە نراوەو كوردستانیان لە بەڵایەكی گەورە پاراستووە. ئەگەرچی ئەرکە قورسەکە بۆ ھێزە سپیەکەیە، دەبێت بشزانین کەھەموان ئەرکمان لەسەرشانەو دەزانم ئەرکی ھەر یەکێکیشمان جیاوازە، ئەرکە ئاسانەکەی زۆرینەشمان لەئێستادا پابەندبوونە بەرێنماییەکان و لەماڵەکانماندا بمێنینەوە، دڵنیام هەموومان تێبینی و رەخنەی زۆرمان هەبووەو هەیە، كە ئەگەر لەكاتی خۆیدا گوێمان لێبگیرایە رەنگە ئێستا بەگڕوتینێكی باشتر و كەرەستەو دامەزراوەی گەورەوە روبەرووی ئەم پەتا كوشندەیە بوینایەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە پێناو یەكڕی دژ بەو پەتایەو پشتیوانیكردنی سەربازە ونەكانی بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگە، پشتیوانی هەموو جەنگاوەرە خۆنەویستەكانی دژ بە كۆرۆنا دەكەین و سوپاس‌و دەستخۆشی بۆ ئەو سەربازە راستەقینانەی رۆژو شەویان خستۆتە سەر یەك بۆ پاراستنی كوردستان‌و خەڵكەكەی. دووبارە تكا لە هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەكەم، پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپاریزی‌و ئەركی ئەو جوامێرانەی كوردستان قورستتر نەكەن. ئەزانم ماندوون، دڵتان تەنگە، گیرفانتان خاڵیە، روحتان ماندووە، بەڵام دەبێت  هەموومان چاومان لە خۆری هیواو سەركەوتنبێت ، ئەوەتا ھێشتا کەسانێک ھەن لەم کوردستانەدا کە پاروی خۆیان دابەش دەکەن بەسەر بێ نەوایاندا سوپاس بۆیان "ئێمە ئەوانە لەبیر ناکەین" دەبێت بشزانین کە بەو شێوەیە بەسەر ئەم دوژمنە نەبینراودا سەردەکەوین، چونکە ئەگەر دوێنی بەتەنها روبەرووی دوژمنانمان بوبێتێنەوە، ئەمڕۆ بەتەنها نین و هەموو جیهان لەگەڵمان و ئێمەش لەگەڵ هەموو جیهان دژ بەو پەتایە دەجەنگین و لەگەڵ مرۆڤایەتیدا ھەنگاو دەنێین. ٢٤-٣-٢٠٢٠


د. رزگار ئاغا وینستۆن چەرچڵ, لە کاتی وەرگرتنی دکتۆرای فەخریی لە یاسا, لە زانکۆی هارڤارد, لە ٦ی سێپتێمبەری ١٩٤٣, وتارێکی مێژوویی پێشکەشکرد و, لە دوو توێی وتارەکەیدا, وتەیەکی بۆ هات, دواتر بوو بە ناونیشانێکی بەناوبانگ ئەویش: " نرخی شکۆمەندیی بریتییە لە بەرپرسیارێتیی" وتارەکەی چەرچڵ, بۆ پێداگییرییکردنی سەرۆکی ئەمەریکا دیلانۆ رۆزەفۆڵت بوو, لە کۆتایی پێهێنانی دابڕانی ئەمەریکا و نەهێشتنی ئەو دوو دڵییەی ئەمەریکا, لە رووبەرووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە هتلەر ئەیکرد, بۆسەر سیستەمی جیهانیی کۆن و, بەو پێەش, کاتی بینیینیی رۆڵی زۆر گرنگتری ئەمەریکایە, بۆ هێنانە ئارای سیستەمێکی نێودەوڵەتیی نوێ, بۆ سەر ئەرزی واقیع. هەتا ٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤١, ئەمەریکا لە جەنگی دووەمی جیهانیی تێوەنەگلابوو, بەڵام لە دوای ئەو بەروارەوە, ناچاربوو بەشداریی جەنگیی ئۆقیانووسی هێمن بکات, دوای ئەوەی ژاپۆن مووشەک بارانی (پێرڵ هاربۆر)ی کرد. هەتا ئەو کاتە, ئەمەریکا تەنیا سەرقاڵی مەشقپێکردنی سەربازە بەریتانیی و فەرەنساییەکان بوو. مێژوونووسان, ئەو وتارەی چەرچڵ, بە داڕێژەرەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستا دائەنێن. لە گەرمەی جەنگی دووەمدا, چەرچل سەیرکرد, بەریتانیا چییتر, توانای هەڵگرتنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی جیهانی نییە, وەک سەرکردەیەک لە سیستەمی جیهانی کۆن دا, بۆیە پێویستیی بە هاوبەشێک بوو, بۆ دارشتنەوەی پێکهێنانی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی نوێ. هەروەها مێژوونووسان, دەڵێن, هەر چەرچڵ بوو, کە رێ و شوێنی دامەزراندنی سیستەمێکی نەختیینەی نێودەوڵەتیی نوێی دامەزراند بۆ پارە, بە سەرپەرشتی سیستەمی بریتۆن وودەوە (Bretton Woods Agreement), کە ئاڵتوون بەهای سەرەکی دۆڵاری ئەمەریکایی بێت, دیزایینەری ئەم سیستەمەش, ئابوورییناسی بەریتانیی جۆن کیینز و, هاری وایت شارەزا لە وەزارەتی دارایی ئەمەریکایی بوون. لەتەک سەرهەڵدانی کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا, زۆرێک لە نووسیینە سیاسیی و ئابوورییەکان لە رۆژنامە ئەمەریکایی و, بەریتانیی و , ئاسیاییەکان , تیشک ئەخەنە سەر گرەوی گرتنە دەستی جڵەوی سەرکردایەتی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی نوێ, لە لایەن چیین , یان مەگەر ئەمەریکا بتوانێـت بەردەوام ئەو سەرکردایەتییە بگرێـتێتەوە دەست. گرەوەکە, زۆر کورت خایەن و سنووردارکراوە, ئەویش بە تواناشکانی ئەمەریکا بەسەر ئەو پەتایەدا, نەک تەنها لە ناوخۆی ئەمەریکا, بەڵکو بۆ هەموو ولاتە تووشبووەکانی حیهان, کە بەرپرسیارێتیی خۆیەتی, وەک سەرکردەی تاقانەی سیستەمی نێودەوڵەتیی. ئەمە, لە کاتێکدایە, کە ئیتالیا زۆرترین بەرکەوتە و زەرەرمەندیی پەتاکەیە و, نە ئەمەریکا و نە یەکێتیی ئەوروپا ( کە ئیتالیا ئەندامە تیایدا) نەهاتوون بەدەم پێداویستییەکانییەوە, بەڵام چیین کۆمەکی لۆجیستی و پزیشکی و تیمی شارەزایانیشی ناردووە, نەک بۆ ئەوێ , بەلکو بۆ ئێران و شوێنی تر و, ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ هەر ولاتێکی تریش کە توانایان نەشکێت بەسەر زاڵبووندا. هاوکات, چیین, زوو پیشانی دنیای دا, کە توانییویەتی بە ماوەیەکی زۆر کورت پەتاکە سنووردار بکات و, ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی جارانی. بەم نامەیە, چیین توانای زەبەلاحی خۆی و, زیاتر خەمخۆریی بۆ کێشەکانی جیهان, لە ئەمەریکا، پیشانی دونیا ئەدات, کە ئەوەی پێ ئەبەخشێت, شایانی ئەوەیە ببێتە سەرکردەی جیهان. ئەمە وەک جێبەجێکردنێکی وتە بەناوبانگەکەی چەرچڵ, شکۆمەندیی ئەدرێـت بۆ هەلگرتنی بەرپرسیارێتی. رادەستکردنی سەرکردایەتی جیهان، لە سەردەستی چەرچڵ لە ئانوساتی جەنگی دووەمی جیهانیی بوو, بێگومان, ئەنجامە یەکلاییبووەکانی جەنگ، ئەو ئاسانکارییەی بەردەست خست هەتا ئەو رادەستکردنە بچێـتە سەر, بە مانایەکی تر، هۆکاری جەنگێکی گەورە، پاساوێک بوو بۆ لاسەنگ گردنی هێز لە سەر زەوی و ملکەچکردنی زلهێزەکانی وەک ئەلمانیا و رووسیا بۆ بەریتانیا و ئەمەریکا. ئێستاش, کرژییەکی گەورە لە ناودایە, گرنگ نییە کام بەرە دەستی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدایە, رەنگە هیچ لایەکیشیان نەبێت, بەلام سیماکانی ئەم پەتا جیهانگییرە, پاساو هەڵدەگرن, بۆ شەرێکی گەورە, کە سەرکردایەتی جیهانی تیادا رادەستی چیین بکرێـت, بەڵام ئەمجارەیان, لەسەر سەکۆی هەموو جیهانە , نەک تەنها ئەوروپا. چیین, هەندێ لە وڵاتانی گرنگیی خستۆتە ناو پشتێن و رێگاکەیەوە, کە رێی خۆش کردووە بۆ سەرکردایەتییەکەی. ئەمەریکا و بەریتانیا و هەندێ هاوپەیمانی ستراتییجیان, وەک وڵاتانی کەنداو و چەند وڵاتێکی تر نازانم کوێ بێت, لە سیستەمێکی دیارییکراودا, لەناو ,یان دەرەوەی ئەو سیستەمە نێودەولەتییە, بە سیاسەتێکی میانرەوانەی ئابووریی سنووردارەوە, ئەمێننەوە. بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا هاتە دەرەوە, هەتا لەم رادەستکردنەدا نەچێتـە ژێر باری هییچ مل کەچ کردنێکەوە, لە لایەکی تریشەوە, خۆدزیینەوەیەکە لە بەرپرسیارێییتەکانی لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا.هەتا پاساو هەبێت بۆ ئیتالیا و وڵاتانی ئەوروپایی تر کە لە یەکێـتیی ئەوروپا بکشێنەوە و رەنگە دواداریش لە سیتسەمی نوێدا هەڵوەشێت. بەرتانیا, هەمان ئیشی هەبوو لە جەنگی دووەمدا, خۆی لە عوسبەتول ئوممەم دزییەوە, کە ئەبوو لە تەک ئەلمان و رووسیا و فەرەنسەدا سیستەمێک پێک بهێنن, بەلام تموحی زۆر زیاتر بوو کەوەک ئەندامێک لەتەک ئەوروپاییەکاندا بێت, لە تەک ئەمەریکادا خەریکی پێکهێنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون بۆ سەرکردایەتیکردنی هەموو حیهان. ئەمەریکاش, لە دەستپێکی ئەم پەتایەدا, وەک ئامادەسازییەک بۆ ئەم گۆڕانکارییە، سووپاکەی ئەفغانستانی جێ هێشت,لە نمایشێکی رواڵەتیی هاوپەیمانیی و گفتۆگۆوگدا, کە تەنها لە کاغەزی رەشکراوە زیاتر هییچی تر نابێت. وردە وردەش, پاشەکشەیە لە ناوچەکانی ناو شورای پشتێن و ڕێگا و, رێخۆشکردن بۆ بەرنامەی سەرکردایەتی چیین. بەڵام ئایا, ئەم رادەستکردنەی ئەمجارە, رێزدارانە ئەبێـت وەک ئەوی پێشوو, یان دەستەویەخەبوون و وێرانکاریش لە نمایشەکەدا ئەبێت؟ رەنگە, شرۆڤە،بۆ ئەم سەرکردایەتی گۆریینە, ئەوە بێت کە چی تر ئەمەریکا و رۆژئاوا توانی ئیدارەدانی سەرکردایەتی نێودەوڵەتییان نەماوە و, ناتوانن کێشەکانی جیهانی سێ جڵەوگییر بکەن. ئەوروپا لە ژێر هەرەشەی تەوژمە ئایینی و نەتەوەییکاندایە و, ئەمریکا تەنها ئەم حەفتا ساڵە توانییویەتی ئەم هەژموونە بپارێزێت. دیموکراسی و دیموکراسی لیبراڵیی لە ولاتانەدا کە تۆکمەیە و, تەوژمە ئایینی و ئیسلامییەکانی وڵاتە کلیپتۆکراسییەکان, هەردووکیان هەرەشەن بۆ سەرکردایەتیەک, کە ئەمەریکا بتوانێـت چی تر پێی هەستێت. چیین و رووسیا, نزیکتریینن لە گۆڕەپانی تەنگژەکانەوە, چیین وەک سەرمایەداریی کۆمۆنیستیی کلیپتۆکراسیی و , رووسیاش وەک سەرمایەدارێکی نەتەوەیی کلیپتۆکراسی. ئەمەریکا و رۆژئاوا, بە بەرنامە، خۆیان هاندەری گەورە بوون, لە برەو پێدانی تەکنۆلۆجی و بازرگانی چیین دا, خۆیان تەنها لە بانکداریی و, مێزەکانی سیاسەتدا بینییەوە. ئەوە جگە لەوەی, بانکە بەریتانی و ئەمەریکاییەکان و ئاژانسەکانی خانووبەرە خەریکی سپییکردنەوەی پارە پییسەکانی دزی و تاڵانچێتی کلیپتۆکراتەکانی رووسیا و, وڵاتە دیکتاتۆرەکانی تری دونیان. پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ ئەم وڵاتانە, لە داخستنی ئاسۆکانی گۆرانکاریی و, خەمساردیی لە گوێزانەوەی دیموکراسیی بۆ جیهانی سێ, هەمووی رێ خۆشکردنی بەرنامەدار بوو, بۆ چیین و رووسیا, لە قۆناغێکدا ئەو بەپرسیارێتییە هەلبگرن. چیین و رووسیا، تەنها پارەیان پێیە بۆ فریودانی هێنانە دیی شورای ( پشتین و ڕێگا) و کڵۆمی بدەن لەسەر مرۆڤایەتی. تەکنۆلۆجیا وپارە ئازادییەکانی دیموکراسیی راستەقیینە ناهێننەوە دیی بۆ ئەوروپاییەکان. چیین و رووسیا نەک ناتوانن, بەڵکو نیازیان نییە و دژە- دیموکراسیین, بۆیە ناتوانن, دونیایەکی باشتر،ئارامتر،جوانتر،کۆمەڵایەتیی تر ،پڕ متمانەتر پێشکەش بکەن. مرۆڤی سایەی دیموکراسیی, جوانتریین نموونەی پێکەوەژیان و ئارامییان هێنایەدیی, زۆرترینی کەلتوور و ئەدەب و هونەر و زانستیان پێشکەشی مرۆڤایەتیی کردووە, لە سایەی ئازادییەکانیانەوە,کە قولاییەکەی بۆ دە سەدە زیاتر ئەگەڕێتەوە. پێ ناچێت, ئەوان بەو ئاسانییە زەرەمەند, ببن. رەنگە هەمان توانای ماددیی بەخۆیان نەبییننەوە, بەڵام زۆر درەنگ, دەستبەرداری بەها گرنگەکان ئەبن, کە زۆر قووڵە لە کەلتوور و تێروانیین و تەموحەکانیاندا بۆ ژیان. قوتابخانە هزری و هونەریی و فەلسەفییەکانیان, هەر چوست ئەبن, زانکۆکانیان زیاتر واڵا ئەبن, ئەمانە میراتی میللەتێکن درەنگ دەستبەرداری ئەبن. با بزانیین, چی دەگوزەرێـت..؟!


شێرکۆ کرمانج کەس نازانێت داخۆ کۆڕۆناڤایرەس چی بەسەر مرۆڤایەتی دێنێت، چەند کەس دەکوژێت، بەگشتیی مردوەکان خەڵکی کوێ دەبن؟ ئەمەو دەیان پرسیاری دیکە کە وەڵامەکانیان تا ئێستا دیار نین بەڵام ئەوەی لای من مەعلومە دنیای دوای کۆڕۆناڤایرەس (post-coronavirus world) وەک دنیا پێش خۆی نابێت. لەم کورتەبابەتە حەزدەکەم هەڵوەستە لەسەر هەندێک لەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانە، یان چاکتر بڵێم چاوەڕوانکراوانەم، بکەم. هەندێکیان تاڕادەیەکی زۆر پێموایە کە وادەبن هەندێکیشیان حەزدەکەم وابن. بەمانایەکی دیکە هەندێکیان هەڵقوڵاوی تێگەیشتنێکی ڕیالیستانەن بۆ دنیاو ئەوانی دیکەش لە دیدێکی ئایدیالیستانەوە سەرچاوەیان گرتوە. یەکەم، دیدیمان بۆ پاکوخاوێنی دەگۆڕێت. لێرە بەدواوە مرۆڤەکان بەگشتیی پاکوخاوێنتر دەبن‌و زیاتر گرنگی بەپاکوخاوێنی خۆیان‌و نانخواردنیان‌و ماڵ‌و دەوروبەریان دەدەن بەڕادەیەک کە لەوانەیە خەڵکێکی زۆر بە قێزو بێزتر بن لە جاران. مرۆڤەکان لێرە بەدواوە دەست لە هەر شتێک بدەن بیر لەوە دەکەنەوە داخۆ ئەم شتە پێش ئەوان کەسێکی دیکە دەستی لێداوە یان نا، داخۆ ئەو کەسەی دەستی لێداوە پاکوخاوێن بووە یان نا، هەڵگری بەکتریاو ڤایرۆس بووە یان نا. دووەم، دیدمان بۆ خێزان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە خێزان ئەو بازنەیەیە کە لە هەموو بازنەکان گرنگترو سەلامەترە. باشتر لەوە تێدەگەین کە لە تەنگانە پێش هەر شتێکی دیکە، تەنانەت دەوڵەتی ڕەشیدیش، ئەوە ئەندامانی خێزانن کە لە ڕووی ماددی‌و مەعنەوەی پێش هەر کەس‌و لایەنێکی دیکە بەهاناتەوە دێن. ئەم بەخۆداچوونەوەیە بەخۆداچوونەوە بۆ دیدی ئێمە بۆ دەوڵەتیش بەدوای خۆیدا دێنێت‌و تێگەیشتنێکی دوولایەنە دەخاتەپێش. لەلایەک گرنگی دەوڵەت دەردەخات لە پارێزگارییکردنی ئاسایشیی گشتیی‌و تەندروستیی گشتیی، لەلایەکی دیکە کورتهێنانی دەوڵەتمان بۆ دەردەخات لە دەستڕاگەیشتنی بەیارمەتیدانی یەکە یەکەی ئەندامانی کۆمەڵگە. سێیەم، دیدمان بۆ پارە دەگۆڕێت. کۆڕۆناڤایرەس فێرمان دەکات کە پارە تەنیا ئەو ئامرازە نیە کە بۆ بەزم‌و ڕەزم‌و سەفا کەڵکی لێوەربگرین بەڵکو ئامرازێکە کە لەکاتی تەنگانە لەوانەیە لە زۆر شتی دیکە باشتر بەهاناتەوە بێت. بۆیە پێموایە مرۆڤی دوای ئەم قەیرانە بەخۆداچوونەوە بۆ ئاستی سەرفکردنی پارە دەکات‌. لەوانەیە مرۆڤەکان لە بەکاربەرێکی ملهوڕی لاساییکەرەوە بگۆڕێت بۆ مرۆڤێک کە نەک هەر عەقڵانیتر بەڵکو مۆڕالانەتریش بیر لە خەرجکردنی پارە بکاتەوە. چوارەم، دیدمان بۆ گڵۆبەلازەیشن دەگۆڕێت. لە دنیای ئەکادیمیا ساڵانێکە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت داخۆ دنیا وەک تۆماس فریدمان باسی دەکات تەخت بووە یان نا، واتە ڕاستە دنیا گڵۆبەڵایزبووە. ئەم گفتوگۆیە دوو دیدی دروستکردبوو. یەکێکیان پێیوابوو کە دنیا گڵۆبەڵایزنەبووە چونکە نیوەی خەڵکی دنیا هێشتان کاریگەرییەکانی گڵۆبەڵازەیشنیان نەگەیشتۆتێ، ئەمانە گوندەکانی هیندستان‌و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دوورەدەستی ئەمریکای لاتینی‌و ئەفریقاو ئاسیایان بەنمونە دەهێنایەوە. ئەوەی دیکەیان، هاودیدەکانی فریدمان، پێیانوایە کە دنیا هێند گڵۆبەڵایزبووە وەک ڕووبەرێکی تەختی لێهاتوە. هەرچۆنێک بێت، کۆڕۆناڤایرەس تاڕادەیەک ئەو ململانێ‌و گفتوگۆییەی یەکلاکردوەو یەکلادەکاتەوە، نەک بە مانا فریدمانییەکەی کە دنیا تەخت بووەو یەکسانی زیادی کردوە، بەڵکو بەو مانایەی کە دنیا هێندە گڵوبەڵایزبووە کە مرۆڤەکان لە هەر شوێنێکی دنیا بن بەشێوەیەک لە شێوەکان پڕوشکی گڵۆبەڵازەیشنیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەردەکەوێت. پێنجەم، هەر لە پەیوەند بە گفتوگۆ لەسەر گڵۆبەڵازەیشن، پرسی کۆڕۆناڤایرەس ئەو گفتوگۆیەشی یەکلاکردوە کە گڵاوبەلازەیشن تەنیا قازانج هێن‌و سودبەخش نیە وەک هەندێک لە لیبرالەکان، بەتایبەتی نیولیبرال‌و لیبرالە ئابورییەکان، بانگەشیان بۆ دەکرد بەڵکو گڵۆبەڵازەیشن کارەساتیش لەگەڵ خۆی دێنێت. شەشەم، دیدمان بۆ سیستەمی سەرمایەداریی، بەتایبەتی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییەی کە نیولیبرالەکان‌و نوخبە سەرمایەدارە گەورەکانی ئەمڕۆی دنیای لە پشتە. سیستەمێکی سەرمایەداری کە تەنیا قازانجی گروپێکی دیاریکراو لە دنیا لەبەرچاودەگرێت‌و هەموو ئەوانی دیکەی کردوە بە ئامراز لە خزمەت خۆی. دیدێک بۆ سەرمایەداری کە هەمیشە لە خەمی بچوکردنەوەی دەوڵەت‌و بڕینی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتە بۆ هاوڵاتیان. دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە دیدە ڕەخنەگرەکە لە سەرمایەداری سەرکەوتو دەبێت، من حەزدەکەم دیدە ڕەخنەگرەکە ڕەواجی زیاتر بێت بەڵام ئەگەری زۆری ھەیە سەرمایەداری و بزنێس و نوخبەکانی، دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکە، سەرەتا خەڵک بە بوژاندنەوەو تێپەڕبوون لە تەنگژەی قەیرانەکە خەریک بکەن و دوای بوژانەوەش، کە حەتمییە، خەڵک وەک ماسی لەبیریان بچێت و بکەونەوە فەزای بەزم و ڕەزمی جارانیان. بەداخەوە مێژوو پێماندەڵێت کە ئێمە زوو قەیرانەکان لەبیر دەکەین... دیارە من پێمباشە قەیران لەبیربکەین بەس نەک وانەی لێ فێرنەبین. بەدڵنیاییەوە ئەمانە تاکە گۆڕانکاریی نین کە بەسەر دیدو هەڵسوکەوتی ئێمەدا دێن لە دنیای دوای کۆڕۆناڤایرەس بەڵکو دەیان‌و هەزاران گۆڕانکاری دیکە هەن، کە دەکرێت تۆش لێرە بەشدار بیت لەگەڵمان. لە بابەتی داهاتودا هەوڵدەدەم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە کێشەی گەورە لە پشت بەرەنگاربوونەوەی قەیرانگەلی وەک کۆڕۆنەڤایرەس چیە. بۆچی دنیا لە ئاست قەیرانێکی ئاوادا تاڕادەیەک دەستەوەستانە. چاوەڕوان بن. بەڵام دەمەوێت پرسیاری ئەوە بکەم داخۆ حەزدەکەن بنوسم یان کلیپی ڤیدیۆی دانێم، کامتان پێ باشترە هاوڕێیان. دڵنیابن سەرنجەکانتان بەهەند وەردەگرم.


عومەر عەلی محەمەد ئەوەی ئێستا دەبینرێت جەنگی جیهانی سێهەمە ۰بەڵام  سیمای ئەم جەنگە جیاوازە لە دوو جەنگەکەی تر۰چونکە ئەودوو جەنگەی تر رو بەروبوونەوەبوو لە نێوان دوو بەرەی شەر لەنێوان وڵاتە زلهێزەکانی سەر گۆی زەویدا.  بەڵام ئەم جەنگەیان لەنێوان هەمو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدایە لەگەڵ ڤایرۆسێکدا کە ناوی کرۆنایە .هێرشەکە لەلایەن ڤایرۆسەکەوە بۆسەر هەریەک لە وڵاتەکان بەشێوەیەکی تایبەتە, لەبەر ئەوەهەرووڵاتێک خۆی بەرپرسیارە لە روبەروبونەوەو بەرگریدا. ئێمەش ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردوستاندا بەرەیەکی ئەو شەڕەین ۰بەحکومەت و ئۆپۆزسیۆن وهاوڵاتیان بەگشتی بەرپرسیارێتی روبەروبوونەوەی ئەو  دوژمنەمان لە ئەستۆدایە  ۰پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکان و مامۆستایانی ئاینی و مزگەوت و هەمو فەرمانگە حکومیەکان, بارێکی نائاساییان ڕاگەیاندوەو ئامادەی بەرگرین لە پێناو پاراستنی ئایندەی نەوەکانماندا ۰ئەم جەنگە لە مێژودا نمونەی نەبوە  ۰چونکە ئێستا سەردەمی بەجیهانیبونەو چارەنوسی هەمو مرۆڤایەتی لە زۆر شتدا بەیەکەوە بەستراوە ,بەتایبەتی بواری ئابوری ۰کەرەستەکانی ئەم جەنگە هاوشێوەی جەنگە تەقلیدیەکان نیەو لە ستراتیجیەتی ئەمنی و سەربازی و سیاسیدا هیچ پێگەیەکی نیە ۰میکانیزمی روبەروبونەوەی ئەم دوژمنە نوێیە پەیوەستە بەکۆمەڵێک رێکاری نوێوە کەزیاتر پزیشکەکان و شارەزایانی تەندروستی پەی پێ دەبەن ,نەک سەرکردە سیاسی و سەربازی و  ئەمنیەکان  بەڵام ئەوەی بەپلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران گوێ گرتنە بۆرێنمایی پزیشکەکان و پشتیوانیکردنی بەرەکانی جەنگە. کە یەکەم شت بەرزکردنەوەی ورەی جەنگاوەرەکان وبەهێزکردنیانە بۆئەوەی درێژە بە بەرگری بدەن و سەنگەر چۆڵ نەکەن .لەم کاتەدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردوستان و بەرپرسە سیاسیەکان دەکەونە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژویی بۆئەوەی پشتیوانی گەل بن و پشتیان لێ نەکەن. چونکە لە مێژودا بەرپرس و سەرکردەکانی کورد مێژویەکی دیاریان هەبوە لە خیانەت و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ دوژمن و هەرەس هێنان بەخەونی سەربەخۆی گەلی کوردوستان ۰ ئەمجارەیان جیاوازە لەهەمو روداوەکانی مێژو ,چونکە دوژمنی ئەمجارە دانوستان لەگەڵ کەسداناکات و خیانەت لەکەس قبوڵ ناکات و  خیانەتکاران لە پێش جەنگاوەرەکاندا لەناو دەبات ۰لە دوای راپەڕینەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ڕێگەی گەندەڵیەوە سامانی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوە لە  دەبەن. بەخەیاڵی ئەوەی لە ئایندەدا نەوەکانیان بچنە ڕۆژئاواو بە ئاسودەیی بیخۆن ۰بەڵام ئەمجارەیان مەترسیەکە لە ڕۆئاوا لە هەمو شوێنێکی تر زۆرترە ,کەواتە ڕێگەیەک نیە بۆدەرچون.  دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت بەبەرپرسیاریەتێکی مێژوییەوە و بە پلانێکی ستراتیجیەوە  بێنە بەرەی گەل و پشتیوانی لەم شەڕە چارەنوسسازەبکەن ,چونکە تێکشکانی گەل لەم شەرەدا واتە تیاچوونی هەمومان کە پێش هەمومان سەرکردەو بەرپرسەکان دەگرێتەوە, ئەم جەنگە هەموانی گەیاندۆتە بەردەم یەک چارەنوس کە ئەویش یان سەرکەوتنی هەمومان یان تیچونی هەموان۰ پێویستە حوکمرانانی کوردوستان ئەم روداوە بۆیان ببێتە خاڵی وەر چەرخان و بەخۆدا چونەوە ,دڵسۆزانە بێنە مەیدان ,ئەخلاقی خیانەت و درۆو گەندەڵی وازلێ بهێنن و وەک سەرکردەو بەرپرسێکی دڵسۆزی نیشتیمانی بێنە مەیدان ومامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن ,ئەویش بەوە دەبێت کە راستگۆیانەو بەشێوەیەکی شەفاف مامەڵە لەگەڵ سامانی نیتیمانیدا بکەن. لەلایەک کەرەستەی پێویستی پزیشکی بۆنەخۆشخانەکان دابین بکەن و گرنگی بەڕۆڵی  پزیشکان وتەندروستکاران بدەن  ,هەروەها ڕۆڵی هەمو جەنگاوەرانیتر لە بیر نەکەن بەتایبەت پێدانی موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا و بەدەمەوەچونی کەسانی هەژارو نەدارو قەرەبوکردنەوەی هەمو  ئەوچین و توێژانەی کە بەهۆی ئەم پەتایەوە زیانمەند دەبن .چونکە سەروەت و سمانی کوردوستان زۆرەو زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەدام هەمو پێداویستیەکانی خەڵکەوەبێت .ئەگەر بەم شێوەیە مامەڵە بکەن , مێژویەکی نوێ بۆخۆیان تۆمار دەکەن و هەر ئەمەشە دەبێتە مایەی سەرکەوتن بەسەر ئەم دۆژمنەدا۰  


شوان سدیق: ئیتاڵیا ئەم ھەرێمە ناوێ لۆمباردیایە گەورە ھەرێمی وڵاتی ئیتاڵیایە لەنێو ھەر بیست ھەرێم و دوو دەوڵەتە بچووکەکەی ئیتاڵیا کەژمارەیان لە ٦٠ ملیۆن زیاترە. بە"ڤاتیکان و سانماڕنیۆ"یشەوە. لۆمباردیا؛ بڕبڕەی پشتی ئابووری و گەشتوگوزاری ئیتاڵیایەو ١٤٪ گەشتیاری ئەم وڵاتەی بەردکەوێ کەساڵانە ژیاتر لە پەنجا ملیۆن گەشتیار ڕوو لە ئیتاڵیا دەکەن. ھەرێمی لۆمباردیا لەڕووی سیاسی و کەرتی ئابووری و بازاری کاڵاو دەرمان و جلوبەرگ و ھونەر و موزیک چاوی ئیتاڵیایە، خەڵکی ئەم وڵاتە لە لۆمباردیاوە سەیری پێشکەوتن و گەشەکردنی وڵاتەکەیان دەکەن. کەئەمڕۆ بەدەست کۆرۆناوە بەرێشانە! ھەرێمی لۆمباردیا دابەش دەبێ بەسەر ١٢ پارێزگاو پایتەختەکەی شاری "میلانۆ"ی ملیۆن و نیو دانیشتوانە. بەگشتی ڕێژەی دانیشتوانی زیاتر لە ١٠ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار کەسە.  ژمارەی بێگانەو پەنابەر و کۆچبەر لەم ھەرێمە بەگشتی دەگاتە  نزیکی ملیۆن و نیوێک زۆرینە ڕۆمانی بە١٤٪ ھەروەھا مەغریبی و ئۆکرانیش ١٦٪ ژمارەی بێگانە  لەم ھەرێمە پێکدەھێنن. چینیەکانی نێو ئیتاڵیاش کەم نین، لەم ھەرێمە ژمارەی ھاوڵاتییانی چینیش دەگاتە نزیکی ١٠٠ ھەزار کەس لە ھەرێمی لۆمباردیا زۆریەنیان دانیشتووی میلانۆن. ئەم ھەرێمە گەورەی وڵات ئێستا بەدەست ڤایرۆسی کۆرۆناوە پەرێشانە ئیتاڵییەکان، لەم سەری ڕاست بۆ ئەوسەری چەپی وڵات، بە پەرۆشەوەن، ھەواڵێکی خۆشی لۆمباردیا ببیستن. بەڵام ئەم ھەواڵە خۆشە تا ئەمڕۆش نەگەیشتووە پێیان! خەڵکی زۆر پەرۆشەوەن بۆ لۆمباردیا ئامارەکانی تووشبوون و کۆچی دوایش ئازاریان دەدات، ئەتیلۆ فۆنتانای  ٦٨ ساڵی سەرۆکی ھەرێمەکەش سات ناساتێ بەدەمامکەوە خۆی دەگەیەنێتە مایکی تەلەفیزیۆن و مێدیاکان و دەڵێ " ھەموو شتێک باش دەبێت". دواین ئاماری ڕۆژی دووشەمە ٢٣ی مانگ ڕوون دەبێتەوە ئەوکەسانەی لە ھەرێمی لۆمباردیای ئیتاڵیا  تووش بوونە ژمارەیەکی زۆرن.. واتە سەدا ھەشتای قوربانییەکان بەر ئەم ھەرێمە دەکەوێت. تووشبووان:  ژمارەیان (٢٨٧٦١) کەسن ھەروەھا ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە (٦٠٧٥) کەسن.  ئاماری مردووانیش لەم ھەرێمە گەیشتووەتە (٣٧٧٦) کەس.


د.كامه‌ران مه‌نتك      خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌ژێر رۆشنایی تیووری بیروباوه‌ڕی شۆكی نۆمی كلاین  سه‌ره‌تا به‌باشی ده‌زانم كروكی ئه‌و تیووره‌ بۆ خوێنه‌ران روونبكه‌مه‌وه‌، ئینجا شیكردنه‌وه‌كه‌ی خۆم ئه‌نجام بده‌م، (تیووری بیروباوه‌ڕی شۆك و به‌رزبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری كاره‌ساته‌كان)ی نۆمی كلاین باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ له‌و سێ ده‌یه‌كه‌ی دوایی، سه‌رمایه‌داری هه‌وڵده‌دات كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كان بقۆزێته‌وه‌، یاخود خۆی كاره‌سات دروست بكات، به‌مه‌به‌ستی ترساندن و تۆقاندنی خه‌ڵك له‌ رێگای شۆكی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه‌، به‌كارهێنانی ئه‌و ترس و تۆقاندنه‌ بۆ نه‌هێشتنی هیچ ئیراده‌یه‌ك لای مرۆڤه‌كان و بۆئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ی سه‌رمایه‌داری ببن، ئه‌و كاته‌ ئه‌ویش ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ ئه‌نجام ده‌دات، كه‌ پلانی بۆ داناوه‌. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و كاره‌ساتانه‌ سه‌رمایه‌داری هه‌وڵده‌دات گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌ كۆی سیسته‌مه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاو ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا دروست بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك باشتر خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌و بكات. كلاین زۆر نمونه‌ دێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و تیووره‌ی له‌سه‌ر پراكتیزه‌ كراوه‌، له‌وانه‌ لێدانی ئێراق. هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌راستیدا هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌كاتێكدا، كه‌ ئه‌مریكا كه‌وتۆته‌ دووریانێك، یاخود ده‌بێت هه‌ڵوێستیكی توند بگرێته‌به‌رو به‌رگری له‌ سیسته‌می تاكجه‌مسه‌ری و باڵاده‌ستی جیهانی خۆی بكات، كه‌ له‌لایه‌ن روسیاو چین و هاوپه‌یمانه‌كانیانه‌وه‌ لێی ده‌كرێت، یاخود ده‌بێت ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ی ركابه‌ره‌كانی بێت و مل بۆ سیسته‌مێكی نوێی جیهانی كه‌چ بكات و ده‌ستبه‌رداری پێگه‌ی جیهانی خۆی بێت، هه‌ردوو حاله‌تیش به‌ بێگۆڕانكاری ریشه‌یی نایه‌ته‌دی، ئه‌مه‌ وا ده‌كات، كه‌ دڵنیابین له‌وه‌ی قۆناغی دوای كۆرۆنا زۆر جیاوازتر ده‌بێت له‌ قۆناغی به‌ر له‌ هاتنی!. گومانه‌كان له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن هاتنی كۆرۆنا كاره‌ساتێكی سروشتی بێت، یاخود دروستكراو، هیچ له‌وه‌ ناگۆڕیت، كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ئێستا رۆڵێكی گه‌وره‌ له‌ سیسته‌می جیهانی و له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌گێڕێت!. ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نیا شیكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و لێدوانه‌ دژ به‌یه‌كانه‌ بكه‌ین، كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌و چاره‌سه‌ری ئه‌و په‌تایه‌ ده‌خرێته‌روو، گومانه‌كان زۆر زیاتر ده‌بێت. بۆیه‌ له‌ ژێر رۆشنایی تیووری شۆك ده‌توانین بڵێین ئێستا ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌داری جیهانیه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ هێنائارای گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌كۆی كایه‌كانی ژیان، تا ئێستا ئه‌و گومانانه‌و ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ ده‌توانین له‌ چه‌ند خاڵێك كورتبكه‌ینه‌وه‌: 1-شكستپێكهینانی سیسته‌می لیبڕاڵی دیموكراسی رۆژئاوایی، كه‌ به‌رله‌ئێستا وه‌ك نمونه‌ی به‌رزی سیسته‌می سیاسی سه‌یر ده‌كراو له‌رێگای میدیاكانه‌وه‌ وه‌ك باشترین سیسته‌م هه‌ژمار ده‌كرا، كه‌ مرۆڤایه‌تی پێی گه‌یشتبێت، به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ده‌بینین ئه‌و سیسته‌مه‌ كه‌وتۆته‌ په‌له‌قاژێ و ئه‌و دیوارانه‌ی خۆی له‌ په‌نا حه‌شاردابوو ئێستا له‌ داڕماندایه‌و وه‌ك ماشێنێكی ماتریالی رووت كه‌وتۆته‌ به‌رچاوان، كه‌ جگه‌ له‌سه‌رمایه‌و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داره‌كان چاوی هیچی تر نابینێت، ئه‌و راسته‌قینه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایك بوونی ئه‌و سیسته‌مه‌دا له‌ ئارادا بووه‌، به‌ڵام له‌هیچ قۆناغێكی مێژوویدا به‌و شێوه‌یه‌ رووی ‌ ده‌رنه‌كه‌تووه‌!. ئه‌وروپای پۆتۆپیای سه‌رزه‌وی، كه‌ خه‌ڵك له‌ ئاسیاو ئه‌فریقاو هه‌موو شوێنێكی دونیا سه‌رۆییان به‌ ژیان و ماڵی خۆیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی پێیبگه‌ن، ئێستا ئاماده‌ نیه‌ رۆڵه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات و وه‌ك پاكتاوكردنێكی ره‌گه‌زی، هه‌وڵده‌دات له‌رێگای مردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مرۆڤه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان قه‌یرانی ئابووری خۆی چاره‌سه‌ر بكات!. ده‌توانین بڵێین رۆڵه‌كانی خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست قه‌زاو قه‌ده‌ر!. 2- به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ چین وه‌ك زلهێزیكی مه‌زن كه‌وتۆته‌ به‌رچاو، توانا مرۆیی ئابووریه‌كانی چین، بۆ نمونه‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 1000 قه‌ره‌وێله‌یی ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ده‌ رۆژدا په‌یامێكی سیاسی ئێجگار گه‌وره‌ی به‌ دنیا راگه‌یاند، ئه‌م په‌یامه‌ و‌ایكردووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا راشكاوانه‌ چین به‌ بوونی ئه‌و ڤایرۆسه‌ تۆمه‌تبار بكات و ته‌نانه‌ت ناوی بنێت ڤایرۆسی چینی، كه‌ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا ئه‌مه‌ وه‌ك بیانگه‌یه‌ك به‌كاربهێنرێت بۆ فراوانكردنی به‌ره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌. 3- كردنی كۆرۆنا به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانی و به‌گه‌ڕخستنی میدیا زه‌به‌لاحه‌كان بۆ خزمه‌تی ئه‌و گه‌وره‌ كردنه‌، هه‌مدیس گومانه‌كان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ وه‌ك شه‌ڕێكی بایۆلۆژی چڕتر ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر بینیمان له‌پاڵ ئه‌و گه‌وره‌ كردنه‌ كۆمه‌ڵێك كرداری تر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌ سه‌رنجی خه‌ڵكی له‌سه‌ر لادراوه‌، وه‌كو شه‌ڕی بازرگانی، شه‌ڕی نه‌وت، شه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی، شه‌ڕی ئابووری، شه‌ڕی سۆفت پاوه‌ر..هتد، ئه‌مانه‌ گومانه‌كه‌ به‌هێزتر ده‌كه‌ن. 4- له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ گوماناوی تر، له‌په‌نای گه‌وره‌كردنی مه‌سه‌له‌ی كۆرۆنا خه‌ریكه‌ ئاڵوگۆڕ به‌هێزه‌كان ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ئاینده‌ ئاماده‌ بكه‌ن، بۆ نمونه‌ له‌و ماوه‌یه‌ ئه‌مریكا به‌هێزترین هێزه‌كانی مارێنزی خۆی، كه‌ ناسراون به‌ هه‌ڵۆ تۆقینه‌ره‌كان گواسته‌وه‌ بۆ ئێراق، هه‌واڵی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، كه‌ به‌هه‌زاران سه‌ربازی ئه‌مریكی به‌ره‌و ئه‌وروپا جوڵاوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌كی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر روسیا دروست ده‌كات!. ئێران كه‌وتۆته‌ داوی نه‌خۆشی و واسڕو لاوازتر ده‌كرێت، كه‌ هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی و جیۆپۆله‌تیكی روسیاو چینه‌، شه‌ڕه‌كان له‌ئێراق له‌نێوان لایه‌نگرانی ئێران هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هاوپه‌یمانه‌كانیان چڕتر بۆته‌وه‌، كۆریای باكوور له‌و كاته‌دا رۆكێتی بالیستی تاقیده‌كاته‌وه‌، به‌ریتانیا سه‌ربازی یه‌ده‌گ بانگ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی كۆرۆنا ببێته‌وه‌، ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسا هێزه‌كانیان خستۆته‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌!. ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه‌ گومانی ئه‌وه‌مان لا زیاتر دروست ده‌كه‌ن، كه‌ مه‌سه‌له‌ی كاره‌ساتی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاره‌ساتێكی دروستكراوبێت له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌داری جیهانیه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی هینانه‌دی گۆڕانكاری گه‌وره‌، كه‌ یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خودی رۆژئاوا خۆی بشكێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو جارێك ئاڕاسته‌ی باكان به‌مگێزی كه‌شتیه‌وانه‌كان نابێت


بەشدار عوسمان بەڕاستی ڕووی دەوێ،٣٠ ساڵ داهاتی کۆمەڵگایەکی تەژی لە سامانی سروشتی و مرۆیت لەژێر دەستا بێ و دوایی کەمتر لە ٣٠ حاڵەتی نەخۆشی هاوارت لێهەڵسێ و بڵێی ( توانا سنووردارە !) بەجدی شەهامەتی دەوێ، ٣٠ ساڵە لەخاکی دەوڵەمەند بە ئاڵتونی رەش حکومڕان بوبیت و دوایی ١٠ رۆژ  لەوەستانی بەشێک لەداهاتەکەی، بێیە سەر شاشە و بڵێی( داهات سفرە !)  کێ سنوورداریکرد ؟ بۆ سفرە ؟! ئێوە سەرداری ئەو وڵاتە بوون بۆیە سنووردار بوو، هێندە لەخەمی چاودێریکردنی دەمی گەنجان و رۆژنامەنووسان بوون رەخنەیەکتان لێنەگرن،هێندە بیرتان بۆ ئەوە نەچوو چاودێری رەوشی نەخۆشخانەکان بکەن، هێندە لێپرسینەوەتان لە کەسانی ناڕازی بەو سیستەمە فاسیدە کرد، فریای ئەوە نەکەوتن لێپرسینەوە لەچوار دکتۆر بکەن و چاوپۆشی لەهەڵە و کەموکوڕییەکانیان نەکەن، هێندە لەخەمی رێکخستنی شانە و تۆڕەکانی جاسوسی بوون لەنێو ئەحزاب و میدیا و ماڵەکان، هێندە  خەیاڵتان بۆ ئەوە نەچوو تۆڕێکی تەندورستی هاوچەرخ دورست بکەن، هێندە بێ شەرمانە خەریکی کڕینی خەڵک و بێدەنگردنیان بوون، بەوە رانەگەیشتن چوار ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی بکڕن، هێندە ناشیرنانە زانکۆکانتان پڕکرد لەکادیری نەخوێندەواری حزبی، بیرتان بۆ ئەوە نەچوو سەد پسپۆڕ و کادیری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە پێبگەیەنن بۆ رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، هێندە بێ باکانە ئەو کۆمەڵگایەتان کرد بە زیندانێکی گەورە، سوپایەک لە کەسانی بەتوانا و پسپۆڕ و شارەزا هەڵاتن و لەوڵاتیکیتر گیرسانەوە . دەکرا توانای رووبەڕووبونەوەکان سەد هێندە زیاتر بوایە، دۆشدامان و تەسلیم بوون هەڵبژاردنی یەکەم نەبێت،ئەگەر کەرتی تەندورستی گشتیتان نەسپاردایە بە چەند بەرپرسێکی بازرگانی دەرمان و نەخۆشخانەی تایبەت، ئەگەر لەو داهاتە بێ شومارەی ئەو کۆمەڵگایە برایە دەرەوە ،دەیان نەخۆشخانەتان دوورست بکردایە .  دەزانن ئەو کۆمەڵگایە بۆ بێ ئیرادە بوو؟ تاکەکان بۆ وورد و خاش بوون؟ نەفسیەت و هێزی بەرەنگاری بۆ وا وێران بوو؟ چونکە لە قوتابخانە و شەقام و زانکۆ و میدیا کارتان لەسەر یەخسیرکردن و بێ ئیرادەکردنیان کرد. دەزانن بۆ خەڵک ناچێتەوە ماڵەوە رووبەڕووی ڤایرۆسەکان دەچێت،چونکە ماڵەکەی هێندە هەڵپڕوکاوە بەرگەی هەفتەیەک بێ ئیشی و کاسبی ناگرێت . ئەمرۆش نەبێت،بەڵام دڵنیام رۆژێک دێ لەوە تێبگەن خوێنی ئەو گەنجانەی لەسەر شەقام دژی نەبوونی و نەداری ڕژا، خوێنیکی چەندە ئاڵ بوون. هاواری ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی بەرەو رووی ئەو جیاوازییە بەرز بوویەوە،هاوارێکی چەندە پیرۆز بوو،بەداخەوە بە گوڵڵەی ناو دەم وەڵامیان وەرگرتەوە . بێ متمانەیتان لەوە تێپەڕیکردووە خەڵک بە لاوکەکانتان گریانی بێ،بچن داهاتی چەندین ساڵەی کەلەکەبووی ژێرزەمین و بانقەکانی ئەوروپا بهێننەوە، لەتوانادایە ئەو پەتا و نەخۆشی و کارەساتانە بەزیانی زۆر کەمتر بەسەر خەڵکدا تەواو بێت .


ئاسۆ حاجی دەڵێن ژنەك منداڵەكی بردە لای مەهاتما گاندی و گوتی منداڵەكەم زۆر شەكر دەخوا،ئامۆژگاری بكە تا واز لەو خوە خراپە بهێنی،گاندی بە ژنەكەی گوت هەفتەیەكی دیكە وەرەوە،دوای هەفتەیەك ژنەكە چۆوە لای گاندی و ئەویش دەستی بە ئامۆژگاری منداڵەكە كرد و باسی زیانەكانی شەكر خواردنی بۆ كرد،كە تەواو بوو ژنەكە بە گاندی گوت بەڕێزم گە گوتت هەفتەیەكی دیكە منداڵەكەت بێنەوە وامزانی دەرمانێكی تایبەتی بۆ ئامادە دەكەی،خۆ دەكرا هەفتەی پێشوو ئەو ئامۆژگاریانەی كوڕەكەم بكەی و ئەو رێیە درێژە نەدەیەوە بەرە من و ئەو مەسروفەم پێ نەكەی،گاندی بە ئافرەتەكەی گوت بمبورە بەڵام هەفتەی رابردوو من بەخۆم شەكرم دەخوارد بۆیە ئەگەر بە كوڕەكەتم بگوتبا شەكر مەخۆ و خراپە ئەوە درۆم لەگەڵ خۆم و ئێوەش دەكرد،بەڵام لەو كاتەوە بڕیارم دا شەكر تەرك بكەم بۆ ئەوەی بە راستگۆیی زیانەكانی شەكر بە كوڕەكەت بڵێم و ئەویش پێم بڕوا بكات. دیمەنەكانی چەند رۆژەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و هەڵسوكەوتی كاربەدەست و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەو بەسەرهاتەی گاندی وەبیرهێنامەوە،دیمەنی ئاگركردنەوەی نەورۆز لەلایەن گەلە بەرپرسەوە و دیمەنی سەیرانی دوای دوازدەی شەوی خەڵك و رێ بەبەرنەكەووتن،جارێكی دیكە ئەو راستەقینەیەی سەلماندەوە كە خەڵك تا هەست بە راستگۆیی و دڵسۆزی دەسەڵاتداران نەكات باوەڕیان پێ ناكات،دەسەڵاتدارانیش ئەگەر بیانەوێ بریار و راسپاردە و رێنماییەكانیان لەلایەن خەڵكەوە پەسند بن و جێبەجێ بكرێن دەبی یەكەمجار خۆیان رێز لە خۆیان بڕیارەكانیان بگرن. كە پارێزگارەكان و وەزیرەكان و ئەوەی هەندوكەك قسەی دەڕوا تەواو پێچەوانەی رێنماییەكان هەلسوكەوت بكا چۆن دەتوانی وا لە خەڵك بكا كە دۆخەكە ترسناكە و هەڕەشەی ڤایرۆسی كڕۆنا جدیە و نابێ لە رێنماییەكان لابدەین. ئێستا باجی دەركەوتن لە ماڵ و سوڕانەوە لە ناو شار وەك ئیمتیازەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و هەرچی بەرپرسی سەربازی و سیاسی و ئیداری هەیە بە منداڵەوە ئەو باجەیان بۆ دروست كراوە و لە رێگای سێلفی و سناپەوە دەسەڵات و قسە رۆیشتنی خۆیان نیشانی خەڵك دەدەن،بە دڵی خۆیان ئەو سەر و ئەمسەری شار دەكەن. ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە مامەڵەكردنی هاوڵاتیان لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆ كردیان رێك هەمان كاردانەوە بووە كە بەرپرسان لە بەرامبەر بڕیارەكە هەیان بووە.  


مەجید ساڵح جەلالی و مەلایی، وەک دوو نەهجی کارکردن نەک وەک فکر و ئەندێشە، لە ژێر ناوی دیکەدا رەگوریشەیان دەگەڕێتەوە بو سەردەمی ئەمیرنشینەکانی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاست بەدواوە، بەڵام لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە بەرگێکی بە روواڵەت ئایدۆلۆژیدا خۆیان بەیان کردەوە، بەبێ ئەوەی نەهجی کارکرنیان کە هەر هەمان نەهجی ئەمیرەکانی کورد کە بریتی بوو لە یەکتر کوشتن و ئیقسا کردن و پەنابردن بۆ بێگانە و ناوناتۆرە لەیەک نان بگۆڕن... ئەم نەهجە لە کارکردن، بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو زیانێکی بەشەری و مادی و سیاسی و ئابوری و لەسەرووی هەمویشیەوە لێکترزانێکی گەوەرە کۆمەڵایەتی نەک هەر ئەم بەشەی کوردستان، بەڵکو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوە..  خودی مام جەلال زۆر بەرپرسیارانە لە چەندین بۆنەو وتاردا باسی لەو زیانانە کردوە.. هەردوو حزب، ئەگەرچی موشتەرەکاتی سیاسی و ئابوری و تەنانەت فکری و کۆمەڵایەتیشیان هەبووە و هەیە، بەڵام موبادەرە و هەوڵەکانی مام جەلالی لێ دەرچێت، زۆر بەدەگمەن کاریان کردوە بۆ لەبیرکردنی رابردووی خوێناویان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیکی سپی.. بگرە لە رێگەی ئەدەبیات و میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانەوە دایم برینەکانیان کولاندوەتەوە و ناهێڵن سارێژ ببێت..  ئەوەی جێگەی داخە ئەم کارکردن و بیرکرنەوە نەوە بە نەوە دەگوازرێتەوە و  کۆمەڵگای کوردیان بەشێوەیەکی  زەق لە نێوان خۆیاندا دابەش و پارچەپارچە کردوە و هەر نزیک بوونەوەیک لە نێوانیاندا دروست ببێت جەماوەرەکەی خۆیان بە خیانەتی دەزانن و رویان لێ وەر دەگێڕن و ناچار بە لێکترازانیان دەکەنەوە... ئەوانەی پەروەردەی جەلالیزمن، نزیک بوونەوەی نەک هەر سەرکردە و  حزبەکەی خۆیان لە پارتی بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن، بەڵکۆ رێگە بە خۆیان دەدەن مۆری خیانەت بدەن لە هەر حزب و سەرکردەیەکی دیکەش لە کە گەڵ پارتیدا دانیشتن و رێکەوتن بکات. لەولاشەوە مەلاییەکان (پارتی)، پێیان وایە هەر سازش و دانوساندنێک لە گەڵ جەلالییەکان (یەکێتی) و هاوشێوەکانیان، یان هەر نزیک بوونەوەیکی لایەنەکانی دیکە لە یەکتر دەبێتە لاوازبوونی پارتی و خیانەتیشە لە رێبازی بارزانی. رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بیرکرنەوەیە زیاتر دەچەسپێ، بەەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا بوون بە خاوەنی دەیان کەناڵی میدیایی و هەزاران پەیج و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ئێستاتدا لە جەنگێکی میدیاییدا هەردولا بە هەموو هێزێکیانەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی یەکتری و نەهێشتنی خاڵە هاوبەشەکان دەکەن.. لەولاشەوە موخابەراتی وڵاتانی نەیار بە کورد و کوردستان، دەستەوەستان دانەنیشتوون و لە قوڵکرنەوەی ناکۆکییەکاندا رۆڵی ئەسپەکەی تروادە دەبینن.. دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵات لە هەردوو حزبدا بە تەواوی کەوتوەتە دەستی کەسانێک کە کەمتر پێشینەی شەڕی براکوژیان هەیە، ئومید دەکرا کۆتایی بەم ئەقڵیەتی یەکتر سڕینەوەیە بهێنرێت، بەلام  هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵەکانیان پێمان دەڵێن لەوە ناچێ ئەوانە دەرسیان لە ناسۆر و نەهامەتیەکانی شەڕی یەکتر کوشتن بینیبێت.. کۆمەڵگایی ئیمە شەکەت و ماندوو بووە لە شەڕ بە هەموو جۆرەکانیەوە، ٢٩ ساڵ تەحەمولی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی هەردوولای کردوە...  ئیتر بەسیەتی... ئەم چاو لەیەکتر سورکرنەوە و کۆمەڵگا لە دڵەراوییەدا هێشتنەوەیە، تاکو کەی؟! کەی رەوایە لەبەر حیمایەیەکی داماوی بێکەسی وەزیرێک کە خیری بو خانەخوێکەی خۆی نەبووە، هەرەشەی هەڵگیرسانی شەڕ لەیەکتری بکەن.. چاوێک لە سەرکردە گەنجەکانی وڵاتی (رەوەندا) بکەن لە ئەفریقا، چۆن دوای شەڕێکی خویناوی، رابردویان لە گۆڕ نا و پێکەوە وڵاتەکەیان کردوەتە پێشکەوتوترین وڵاتی ئەفریقایی و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین ئابوری گەشە سەندوو.. بەسیەتی تاکەی لە بەکوشتدان و برسی کردن و هەژارکردنی خەڵک ماندوو نابن؟؟!!


سەردار عەزیز  چەند دەیەی ڕابوردوو، دەگمەن بوو لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، چونکە ململانێی زلهێزەکانی تیادا نەبوو. بەڵام وەها دیارە ئەو ڕۆژگارانە کۆتاییان هات و ئێمە پێ-ئەنێینەوە سەردەمی ململانێی زلهێزەکانەوە. ئەمە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا دۆخێکی ئاسایی بوە. دۆخی نائاسایی سی ساڵی ڕابوردوو بوو، کە تیایدا ئەمریکا باڵا دەست بوو وەک تەنها زلهێز لە دونیادا و ململانێی زلهێزەکان بونی نەبوو. لە سەردەمی نوێی فرە زلهیزیدا چیدی شەڕەکان وەک جاران نیە. ئێستا ئامراز و بواری جەنگ زۆر جیاواز و گۆڕاوە. لە سەردەمی جەنگدا هەموو ڕوداوێک بەکاردەهێنرێت بۆ لێدانی یەکتر. کورد دەبێت لە هەموو کەسێک زیاتر بەمە ئاشنا بێت چونکە لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، لە نەوەدەکانەوە ئێمە لەم دۆخەدا دەژین، هەموو شتێک خێرا دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو زلهێزەکەی کوردستانی باشور. کۆرۆنا ڕەنگە یەکەم ڕوداوی سەدەی بیست و یەک بێت کە بە ئاستێکی زۆر بەرز لە نێوان ئەمریکا و چیندا بەکاردەهێنرێت وەک ئامرازی جەنگ. کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێک بەرهەمی ململانێی نێوان چین و ئەمریکا نیە، ئەمە لە میانەی فرەیمی ململانێی زلهێزەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە. کورد و کۆمەڵگانی تر خێرا دەبنە قوربانی ئەم دۆخە چونکە دەمێکە پەتای تیورەی پیلانگێڕی تیایاندا ڕەگی داکوتاوە. تیورەی پیلانگێڕی لە هەموو خەسڵەتێکدا لە ئاین دەچێت. بەڵام بە چڕی لە لایەن خەڵکانی سەر بە بەرەی چەپ بانگەشەی بۆ دەکرێت. بە گشتی پیلانگێڕی لەلایەن خەڵکانی پەڕگیر و توندڕەوەوە وەک ئامرازێکی سەرەکی بەکاردەبرێت بۆ ئاسانکردنەوەی دونیا و شیکردنەوەی ڕوداوە ئاڵۆزەکان. ئێستا لە کوردستان لە بومەلەرزەوە هەتا ڤایرۆس و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت هەمووی پیلانە. بۆچی چین و ئەمریکا ئەم جەنگە دەکەن؟ هەمیشە پاڵنەرەکانی هەر کارێک زیاترە لە یەک هۆکار. بۆیە بە کورتی چەند هۆکارێک ئاماژە پێئەدەم، لەو کتێبەی لە سەر چین دەینوسم زیاتر دەچمە تان و پۆی ئەم هۆکارانەوەوە. یەکەم، ترەمپ کاتێک دەنگدەرانی دەدوێنێت ئەوا تاوانبارکردن و ناشیرینکردنی چین کارێکی قبوڵکراو و باشە، چونکە دەنگدەری ترەمپ وەک دوژمن تەماشای چین دەکەن. وەهای دەیبینن کە بەرپرسە لە بردنی هەموو کارەکانیان. دووەم، ئەمریکا لە نەوەدەکانەوە تاوتوێی کۆمەڵێک پرس دەکات لەوانە: ئایا چین بەرەو دیموکراسی دەچێت؟ ئایا چین شارستانی دەبێت یان دەبێت بە شارستانیەتێکی تایبەت بە خۆی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەمیشە ئاڵۆزبوە و چەندین دید و تیورەی جیاواز هەیە لە بارەیانەوە. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا نوخبەی سیاسی ئەمریکی بەرەو ئەوە دەڕوات کە چیدی بڕوا بەوە نەکات کە چین بەرەو دیموکراسی دەچێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە جەنگ لە نێوان چین و ئەمریکادا حەتمیە. چین خۆی لە هیچ هێندەی ئازادی و دیموکراسی ناترسێت. ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنی مێژویی و فیکری چینە، لە کتێبەکەماندا ئەمە ئەکەین. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە کە جەنگ لە پڕوپاگەندە و ئیمیج و پی ئاڕەوە دەست پێبکات. سێیەم، چین دەیەوێت ببێتە هێزێكی جیهانی. بۆ ئەوەی ئەمە بە ئاسانی روبدات چین پێویستی بە وێنایەکی جوانە لە دونیادا. ئەمە خەمی گەورەی چینە. کاتێک ئەمریکا بە کۆرۆنا دەڵێت ڤایرۆسی چینی، ئەوا چین وەک ناشیرینکردن و جەنگی دەبینێت. بۆیە لە پەرچەکرداردا چین دەیەوێت ڤایرۆسەکە بخاتە ملی ئەمریکا. ئەمە پروپاگەندەی جەنگە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕاستی و پیلانگێڕی دەبینرێت. چوارهەم، ئەم جەنگی نێوان دوو زلهێزە ئاراستەی خەڵکانی تر دەکرێت، چونکە هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان کە وێنای یەکتر ناشیرین بکەن لای ئەوانی تر. لە پێناو ئەمەدا، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا دەزگای زۆر و ئامرازی زۆر بەکار دەبەن. بە تایبەتی ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکانەوە، زۆرترین خەڵكی گۆی زەوی دەتوانرێت زانیاری و پڕوپاگەندەی پێبگەیەنرێت. فەیسبوک بەهەشتی تیورەی پیلانگێڕی و شەڕی پروپاگەندەیە، چونکە دەگاتە زۆرترین خەڵک و زۆرینەی خەڵك بە ئاگانیە لە پارادایمی ململانێی زلهیزەکان و بە دوای تەفسیری سادەی ڕوداوەکاندا دەگەڕێت. ئەم سەدەیە پڕ دەبێت لەم جۆرە شەڕانە. ئێمە پێویستمان بە ڕۆشنبیری خوێندەوارە بزانێت ئەم جەنگانە لە چ چوارچێوەیەکدا دەسازێن و ئامانجیان چیە و ئاراستەی کێ دەکرێن، ئەگینا زوو زوو دەبینە قوربانی. بەڵام ڕۆشنبیری خوێندەوار دیاردەیەکی دەگمەنە. هەروەها زمانی دەربڕین و پەیوەندی ئێمە هێشتا هێندە ئاینی و سادە و قیامەتی و پیلانگێڕییە، ئاسان نیە زانستیانە پێی بدوێیت. بە دڵنیاییەوە ئێمە تۆپی شەقشەقێنی زلهێزەکان دەبین لە سەدەی بیست و یەکدا. بە خێربێن بۆ تۆپتۆپێن تا تۆپین.


رێبین هەردی ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شتێک هێندەی کۆڤیدی ١٩ کاریگەری کوشەندەی لەسەر جیهان بەجێ نەهێشتبێت. مەسەلە تەنیا ژمارەی کوژراو و نەخۆشەکانی و بەربڵاوی نیە، مەسەلە تەنیاش ئەو قەیرانە ئابوریانە نیە کە دروستیکردووە و دەیکات و دەشێت دونیا و خەڵکی دوچاری کێشەی گەوەرە بکات، بەڵکو ئەو دەرئەنجامانەی دروستی دەکات دەشێت هاوچەشنی جەنگە جیهانیەکان کۆی عەقڵی سیاسی دنیا بگۆڕێت و دەستکاری زۆر شت بکات. لە ئێستاوە دوو ئاراستە دەرکەوتوون: یەکێکیان دژ بە جیهانگیری و ئەوی تریان بە پێچەوانەوە.ئاراستەکانی دژ بە جیهانگیری بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە دەگێرنەوە بۆ یەکێک لە دەرئەنجامەکانی جیهانگیری و کەوتنی سەروەرری نیشتیمانی و چارەسەریش بە گەرانەوە دەزانن بۆ ئەم سەروەریەوە و سنوردارکردنی سنوری نیشتیمان و توندوتوڵ کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەم بۆچونە پێی وایە جیهانگیری ئابوری ئەو شتەیە کە دوای کۆرۆنا کۆتای پێ دێنێت و ئابوری نیشتیمانی جێگەی دەگرێتەوە. بێگومان دۆخی باڵادەستی دەوڵەت لە کێشەی کۆڤیدی ١٩ دا زۆرتر دەردەکەوێت. خێرای وەڵامدانەوەی دەوڵەتە داخراوەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە و خاوی و تاڕادەیەک لە دەست دەرچوونی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە لە دەوڵەتە دیموکراتیەکاندا گومانێکی زۆری لە دەوری کارایی ئەمجۆرە سیستەمە دروستکردووە. هەندێک تا ئەو رادەیە دەرۆن و دەڵێن دنیای دوای کۆڤیدی ١٩، دنیای کەوتنی ئەمەریکایە وەک بەهێزترین دەوڵەتی دنیا و جێگرتنەوەیەتی بە دەوڵەتی چین. چین لە دوای کۆڤیدی ١٩ جێگەی ئەمەریكا دەگرێتەوە. کۆڤیدی ١٩ خەڵک و قەناعەتەکانیشی گۆڕی. کەسانێکی زۆر کە بەردەوام دژی گەورەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بوون و بەرگریان لە ئازادی زیاتر بۆ کۆمەڵگای مەدەنی دەکرد، لە ڕووداوی کۆڤیدی ١٩دا نەک داوای باڵادەستی دەوڵەت، بگرە داوای سوپاو لەشکر و هێزە ئەمنیەکان دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بە زۆر لەماڵەکانیان زیندانی و قەرەنتینە بکەن. داوای ڕاگرتنی هاتوچۆ و بەکارهێنانی سوپا و لەشکر دەکەن بۆ ئەوەی هیچ سازشێک بەرامبەر هیچ پێشێلکاریەک نیشان نەدات. خەڵکانێکی زۆر کە تاماوەیەکی زۆر هەستیاریان بە بوونی ئەم هێزانە هەبوو، هەنوکە زیاتر لەجاران داواوی دەور و دەسەڵاتی بۆ دەکەن. ئەم دۆخە لەدوای نەخۆشیەکەشەوە بەردووام دەبێت و دەولەت دەوری ناوەندێتی خۆی و دەزگا ئەمنیەکانیش دەستێوەردانی خۆیان لە ژیانی خەلکیدا درێژە پێدەدەن. بەڵام ئاراستەی دووهەم پێی وایە کە بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە چ پەیوەندی بە جیهانگیریەوە نیە و بە دوریشی دەزانن دنیا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی ناو دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵگەی بەهێزی ئەم ئاراستەیەش ئەوەیە کە بێ بووی جیهانگیریش مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو دەرد و نەخۆشیانەی کە هەمو جیهانیان گرتۆتەوە بە بێ ئەوەی جیهانگیریش هەبووبێ. نمونەش بەو تاعونە مێژوویە دەهێننەوە کە لە ساڵی ١٣٤٧دا سەرتاسەری دنیای گرتەوە و دەگوترێت نزیك لەسەدا شەستی ئەوروپای لەناو بردووە. ئەم ڕەهەندە پێی وایە کۆڤیدی ١٩ دنیا دەگۆرێت بەڵام نەک بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ ناو دەوڵەتی نیشتیمانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پاشماوەکانی عەقڵەیەتی دەوڵەتی نەیەوەیی. ئەوەی لەناودەچێت عەقڵیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەروەری نیشتیمانیە کە پێیی وایە هەموو دەوڵەتێک تەنیا بەرپرسیارە لە ژیان و ڕێکخستنی دنیای ناو سنوورەکانی خۆی. ئەوەی لە دوای کۆڤیدی ١٩ لەناو دەچێت هەموو ئەو پاشماوانەی عەقلیەتی دەوڵەت نەتەوەیە کە پێیی وایە سنوری سیاسی دەوڵەت ئەو سنوورەیە کە دەبێت بەرپرسیارانی وڵات خۆیان لەبەردەمیدا بەبەرپرسیار بزانن. لە دوای کۆڤیدی ١٩ نەک جیهانگیری ئابوری کۆتای نایەت، بەڵکو جیهانگیریەکی سیاسی دروستدەکات کە وادەکات هەموان لەبەردەم هەموو دنیادا هەست بە بەپرسیاری بکەن. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ بەر ئەو ڕاستیە دەکەوێت کە نەخۆش کەوتنی کەسێک لە دوردەست ترین شوێنی دنیا،شتێک نیە دوور بێت لەو کەسانەی لە جوگرافیای و دەوڵەت و ناوچەی تردا دەژین، بەڵکو نەخۆش کەوتنی یەک کەس واتە ئەگەری توشبوون و نەخۆش کەووتنی هەموو دنیا. کۆڤیدی١٩ لە خەوهەڵسانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەیە کە تەنیا خۆیان بە بەرپرس لەبەردەم خەڵکی خۆیاندا دەزانن و هیچ گرنگی و گوێیەک بە شوێنەکانی دی نادەن و بگرە هیچ لاریشیان نیە ئەو هەنگاو و بڕیارانە بدەن کە کاریگەریەکی خراپ یان نگەتیڤی لەسەر شوێنەکانی تری دنیا دەبێت. کۆڤیدی ١٩ بەهەموان دەڵێت چیدی ڕێگەیەک بۆ فەرامۆشکردنی هیچ شوێنێکی دنیا نیە و ئەوەی وابزانێت ئەوەی لە دنیای دووردەستی ڕوودەدات، پەیوەندی بەوەوە نیە، بە هەڵەیەکی گەورەدا ئەچێت. ئەو زیانەی بە شوێنێکی دوردەست دەگات، دواجار دەگەرێتەوە بۆ ناو سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییەی وای دەزانی کاریگەری لە سنووری دەسەلاتی ئەو ناکات. تەنانەت ڕوبەڕووبونەوەی نەخۆشیەکەش ئەوەی زیاتر سەلماند کە دنیا هەمووی پێویستی بەیەکە، پێویستی بە ئاڵوگوڕی ئەزمون و وتوێژ و تەکنیکەکانی ڕوبەڕبونەوەی نەخۆشیەکەیە. بە کورتی کۆڤیدی ١٩ دوا زەربە لە پاشماوەکەنی سەروەری نیشتیمانی و سیاستی دەوڵەت نەتەوەیی ددەات و جیهانگیری ئابوری ئەگوڕێت بۆ جیهانگیریەکی سیاسی سەرتاسەری. بێگومان ئەم تابلۆیە وەک کابوسێک وایە بۆ ئەو سیایسیە کۆنزەرڤاتیڤ و چاوچنۆکانەی بەس بەرپێی خۆیان دەبینن(هاوشێوەی ترامپ و لێکچووەکانی). ئەمجۆرە سیاسیانە ئەم دۆخە ئەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پێداگری لە توندکردنی سنوورەکانی خۆیان بکەن و زیاتر خۆیان لە دنیادابڕن. چاوەرێش دەکرێت تەوژمێکی تری راسیسزم بەرێوە بێت کە ئەم سیاسیانە دەبنە تەشەنەکردنی. بەلام ئەوەی راستیە هیچ یەک لەم شتانە رێگەی راستەقینەی کۆتایهاتنی قەیرانی کۆڤیدی ١٩ و نەخۆشیەکانی دی نیە، بەڵکو تاکە رێگە سەیرکردنی دنیایە وەک گەردونێک کە هەموو تیایدا بەرامبەر هەموو بەشێکی بەرپرسیارین. مەسەلە تەنیا نەخۆشی تەندروستی نیە، بەلکو هەموو جۆرە نەخۆشیەکانی تر چ سیاسی و چ ئابوری وەک کۆڤیدی ١٩ کەمتازۆر کاریگەری لەهەموو جیهان دەکات. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ دنیایەکە کە دەبێت لە خەونی خۆشی ئەوە خەبەری بێتەوە کە ئەوەی لە دوردەست ڕوودەدات، هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە. لەبەرئەوەش ئەوەی دەبێ روبدات، نەک پتەوبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و گەڕانەوە نیە بۆسەروەری نیشتیمانی، بەڵکو کۆتای پێهاتنێتی بۆ عەقڵیەتێکی گەردوونی کە بەرپرسانە تەماشای هەوو ڕووداو و بەسەرهاتەکانی دنیا دەکات


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج   رێك له‌و كاته‌دا كه‌ چین دوعا خوازی له‌ په‌تای كۆرۆنا ده‌كات ، ئه‌وروپاو ئێران و ته‌واوی وڵاتانی دیكه‌ی دنیا ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌وه‌ ، چین سه‌ركه‌وت ئه‌گه‌ر به‌ كاتیش بێت ، به‌ڵام ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌یشته‌ هه‌موو دنیا ، ئاخۆ ئه‌مه‌ چیه‌ هه‌ر به‌ڕاستی ڤایرۆسه‌و ده‌رگای ماڵه‌كان ده‌شكێنێ‌ یان شتی تر ، ئاخۆ ئێستا ئه‌و ڤینسیایه‌ی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌یری جادوه‌كه‌یم ده‌كرد دۆخی چۆن بێت ، هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌م ڤایرۆسه‌ به‌ رێكه‌وت یان به‌ ئه‌نقه‌ست ترازا ، وه‌ك ئه‌وه‌ی باس له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ده‌كرێت و كه‌س نیه‌ هه‌قیقه‌تی ته‌واو بدۆزێته‌وه‌ . تۆ بڵێی له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی تاقیگه‌یه‌كی زانستیه‌وه‌ كوڕێك یان كچێك توش نه‌بووبێت و ئه‌وانیش خانه‌واده‌كانیان و ، دواتر گه‌ڕه‌ك و شارو له‌ كۆتایدا دنیا ، ئێستا چۆن دڵنیابین هه‌موومان هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ نین ، یان كێ‌ ده‌ڵێت به‌ ئه‌نقه‌ست و به‌ هه‌مان سیناریۆ نه‌گوازراوه‌ته‌وه‌ ، بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگره‌كه‌ پێی زانیبێت ، شه‌وی رابردوو به‌ به‌ر بارانه‌كه‌دا رێمده‌كردو بیرم له‌ ده‌سته‌ پاچه‌یی زانستی پزیشكی و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌كرده‌وه‌ ، ئه‌ی ئێمه‌ بڕیار نه‌بوو زه‌وی و ئاسمان و سروشت رامبكه‌ین ، یان هێشتا له‌ به‌رده‌م توڕه‌ی ئاسمان و زه‌وی و سروشتا هیچ نین . له‌ سه‌رده‌مێكا كه‌ یه‌ك ئیبن سینا هه‌بوو ، خه‌مخواردن له‌ مرۆڤایه‌تی زیاتر بوو تا ئێستا كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دكتۆرو زانا هه‌یه‌ ، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن ده‌كرێت هه‌موو پێكه‌وه‌ شۆك بین ، ئه‌مه‌ چیه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ی بدۆزرێته‌وه‌ رۆژانه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س توش بن و تا ئێستاش نزیكه‌ی 100هه‌زار چاكبووبێته‌وه‌، ئایه‌ چله‌ كێشی و كاره‌نتینه‌ چاره‌سه‌رن ، یان خۆ شاردنه‌وه‌و ده‌سته‌ پاچه‌یی . ئاخۆ دوای كۆرۆنا مرۆڤایه‌تی له‌و رووكه‌شی بوونه‌ ده‌ربازی ده‌بێت و جارێكی تر رامانه‌كانمان بۆ شته‌كان ده‌گۆڕێن ، یان وه‌ك پێشتر گره‌و له‌ سه‌ر مه‌رگ و هه‌تره‌شبردنی یه‌كتر ده‌كه‌ین ، سه‌رزه‌مین به‌ هاوبه‌شی و له‌ هه‌موو كوچه‌یه‌كی دنیاوه‌ نزیكه‌ی پازده‌ هه‌زار لاشه‌ی خسته‌ گۆڕه‌وه‌ هێشتا ده‌ڵێن هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌ترسیدارتره‌ ، ئه‌و كام هه‌فته‌یه‌ دێت و مه‌ترسی كۆرۆنای له‌ گه‌ڵدا نیه‌ ، ئیبن سینایه‌كیش مرۆڤایه‌تی له‌م بارو دۆخه‌ رزگار ده‌كات ؟.


پەیكار عوسمان    - جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە حیکایەتەکەی کاوەو زوحاكدا نیە، لەوەدانیە کە کامیان کوردەو کامیان فارسە، کامیان زاڵمەو کامیان مەزڵومە.. جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە ماناکەیدایە (ڕۆژی نوێ). کە تیایدا سروشت و ساڵ و ژیان، نوێ ئەبێتەوەو ئەمەش ڕووداوێکی هێندە گەورەو مانایەکی هێندە گرنگە، کە ئەگەر لە هەر ڕۆژێکا بەرجەستەببێ، ئەو ڕۆژە بەحەق شایستەی جەژن و بەرزڕاگرتنە، ئەگەرچی هیچ حیکایەتێکیشی لەپشتەوە نەبێت! - یەعنی حیکایەتە گەورەکە (ژیانەوەو نوێبوونەوەیە) کە حیکایەتێکی ڕاستەقینەو فرێشی ئێستایە. نەك ئەو حیکایەتە بچوکەی دوێنێ، کە هەبێ و نەبێ شتێکی ئەوتۆ نیە! عەقڵە گەورەکانیش نەورۆز لە مانا گەورەکەی ژیان و نوێبوونەوەدا ئەبینن. بەڵام عەقڵە بچوکەکان بەدوای ئەوەوەن کە کێ کوردەو کێ فارسە. - ئەگەر زۆر خەمی کوردیشتە، گرنگە بزانیت کە کوردو هەر نەتەوەیەك، تەنیا بە تێگەیشتن لە مانای ژیانەوەو نوێبوونەوە، ئەگاتە شکۆو باڵایی خۆی، نەك بە مانەوە لە شەڕەشەقەکانی مەرگ و دوێنێدا. - چیرۆکی مەرگدۆستی هەمیشە ڕووی لە دواوەیەو چیرۆکی ژیاندۆستی هەمیشە ڕووی لە پێشەوەیە. ئێمەش بۆئەوەی بگەینە پێشڕەفت و ژیاندۆستی، با سەرەتا لە خودی مانای نەورۆزەوە دەستپێبکەین و زۆر لەسەر چەکوش و هەژدیهاو ڕەهەندە ئەفسانەییەکە نەوەستین و زیاتر گرنگی بە ڕەهەندە گەردوونییەکەی نەورۆز بدەین کە نوێبوونەوەی سروشت و ژیانەو ڕاستییە! - دین و زانست و فەلسەو عەقڵ و ئیستاتیکاو هەموو شتێك پێت ئەڵێ "ژیانەوە" شتێکی جوانەو ئەمە ناکۆکی لەسەر نیە. جا گرنگە لەوێوە لە نەورۆز بڕوانین و بەمەش کۆکیی و خۆشەویستی بەرهەمبهێنین. نەكئەوەی بچینەوە بۆ حیکایەتێك کە دوو نەتەوە لەسەر پاڵەوانەکەی ناکۆکبن و ڕقی پێ تازە بکەنەوە! - تۆ زوحاك ئەکەی بە فارس و کاوە ئەکەی بە کورد، لەوێوە ئەتەوێ بڵێ ی من باڵام و ئەو نزمە. فارسیش ئەم نزمییە قبوڵ ناکاو عەکسی ئەکاتەوە.. جا لەبری ئەم ڕق و بەرزی و نزمییە، بۆ لە تەنیشت یەکاو لەمانایەکی تردا نەرورۆز نەکەین؟ لەبری ئەوەی نەورۆز لە دوێنێ و مەرگا هی یەکێکمان بێت، بۆ لە ژیان و ئێستادا هی هەموومان نەبێ، لەکاتێکا ماناکەی ئەوە هەڵئەگرێ و بەهارو نوێبوونەوەی سروشت، بۆ هەموومانە نەك بۆ یەکێکمان جیا لەویتر! - کاوە فارسە، دەوڵەتی ماد ڕوخاوە.. ئەمانەو هیچ شتێكی تر، بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز. چونکە نەورۆز پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە. ژیانیش خۆی چیرۆکە گەورەکەیەو هەموو چیرۆکەکانی تر لە ژیان بچوکترن و ئەکەونە ناو ژیانەوە. هیچ شتێك بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و رەتکردنەوەی نەورۆز، چونکە نەورۆز پەیوەندی بە نوێبوونەوەوە هەیەو نوێبوونەوەش باشترین چیرۆکی ناو چیرۆکی ژیانە! - وەکو کوردیش، هیچ شتێك بیانووی دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز نیە، چونکە تازە بەشێکە لە بوون و ناسنامەوەی ئێمەو ئێمەش ئەبێ شانازی بکەین، کە ناسنامەو کولتورو چەژنەکەی ئێمە، لەگەڵ مانایەکی گەورەی ئینسانیی و گەردوونییدا یەكئەگرێتەوە، کە ژیانەوەو نوێبوونەوەیە! - دواجار کوردیش مرۆڤەو باشترین بەرگریش بەرامبەر دوژمنەکانی کوردو دوژمنەکانی مرۆڤ، چ جەیشی داگیرکەر، چ ڤایرۆسی کۆرۆنا، چ گەندەڵی، چ برسێتی.. ئەوەیە کە ئێمە ژیانمان خۆشبوێ، نوێبوونەوەمان خۆشبوێ، سروشتمان خۆشبوێ، یەکترمان خۆشبووێ.. ئەمەش بەوە ئەبێ، کە سەرەتا ڕق تەڵاقدەین و خودی خۆشەویستیمان خۆشبوێ! - مەسەلەن لەئێستادا دوو بنەماڵەی مافیا، لەبری ئەوەی خزمەتی تۆ بکەن، جنێو بە یەکتر ئەدەن. چیرۆکی ڕقیان بۆ خستویتەتە بری چیرۆکی خزمەت! چیرۆکی ڕقی سیاسی ئێمەش، ڕەگێکی مێژووی هەیەو لە شەستەکانەوەو لە جیلی یەکەمی جەلالی و مەلاییەوە درێژئەبێتەوە بۆ موعارەزەو دەسەڵات و دواتریش بۆ جیلێکی تری جەلالی و مەلایی.. کە چەقی سیاسەت لەم چیرۆکەدا، لەبری ئەوەی چاکەی گشتی بێت، ڕقی حیزبییە! ئەم تلیاکی ڕقەش هێندە کاریگەرە، هەرئەونەی کە تێوەگلایت و دەمارتی گیرکرد، ئیتر شەڕەکە ئەبێ بە شەڕی خۆت و بە نان و ئاوی خۆشت ئەکەیت و وای لێدێ ئیتر ئەوان پاڵی لێ ئەدەنەوەو تەنانەت ئالیکی شەڕەکەشت نادەنێ! هەر وەکئەوەی ساڵانی گرانییەکە، کە خەڵك نان نەبوو بیخوا، کەچی لەسەر پارتی و یەکێتی چاوی یەکیان دەرئەهێنا! ئاگاداربە ئەوە چیرۆکی تۆنیەو وێڵیانکە با لەناو ڕقی خۆیاندا ئەونەی تر گەڕوگول ببن، مەچۆ شەڕەکەیانەوەو مەیەڵە گولیی ئەوانە لێت بدا، چونکە ئەوە لە کۆرۆنا خراپترە. . .


شوان ئەحمەد باپیر      جەژنی نەرۆز بەجەژنی نەتەوەیی گەلی کوردیش ھەژمار دەکرێت، هاوشێوەی هەریەکە لە( قیرقیزستان ، مەنگۆلیا، کازاخستان، گاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئاژەربایجان ، تورکمانستاندا ، ئەفغانستان، ئێران، ئەرمینیا، کۆسۆڤۆ، ئەلبانیا ، سلاڤییەکان، جۆرجییەکان و قەوقاسییەکان(. کە لە ھەرسەردەمێک دا ماناو ناوەرۆکی تایبەتی خۆی ھەبووە. گەلی کوردیش وەک ھەرنەتەوەیەکی تر لەم جیھانەدا ئەم بۆنەیە وەک جەژنێکی نەتەوەیی خۆی ھەژماردەکات لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا. لەم ماوەیەدا نەورۆز لە یادوبۆنەیەکی سروشتی و ئاساییەوە دەبێتە سیمبوڵ و ھێمایەک بۆنەتەوەو وەک جەژنێکی نەتەوەی دەناسرێت لەوانەیە ھۆنراوەکەی( عەبدولخالق ئەسیری)کە، ساڵی ١٩٢٨ولەژمارە(٣)گۆڤاری زاری کرمانجی دا بڵاوی کردۆتەوە سەرەتایەکی گرنگی ناساندنی نەورۆزبێت، وەک جەژنێکی نەتەوەیی ، دواتریش نەرۆز لەسەردەستی پیرەمێردی شاعیر دەبێتە یەکێک لەو یادانەی کە، ساڵانە وەک جەژنێکی نەتەوەیی یادی دەکرێتەوەو ئاھەنگی بۆ سازدەکرێت، نەورۆز وەک ھێمای سەرکەوتنی نەتەوەیی وسیمبوڵێکی ناسیۆنالیستانەنیشان دەدرێت ودەبێتە ئەو ئەفسانەیەی ناسیۆنالیزمی کوردی ھێزو وزەی خۆی لێوەردەگرێت.   بیرۆکەی زیندوکردنەوەی جەژنی نەورۆز، لە کۆمەڵەی زانستی دا بەستراوەتەوە بەسەردەمی پیرەمێردی شاعیر ئەم بیرۆکەش لەوساتەوە دەست پێدەکات کەبووە بە بەرێوەبەری کۆمەڵەکە، بیری لەوەکردەوە کە، ئەم جەژنە تەوەیەیی گەلی کورد نوێبکاتەوە لەم روانگەیەوە پیرەمێردی شاعیر ٢١ئازاری ھەمووساڵێکی دیاری کرد، بەتایبەتی لە رێکەوتی ڕۆژانی ھەینی دا بەئامانجی ئامادەبوونی گشت چین وتوێژەکان تاوەکودەنگ دانەوەی ئەم جەژنە لە ناوکۆمەڵگەدا رەنگ بداتەوە ئەمەلەلایەکەوە، لەلایەکی تریشەوە دەستنیشان کردنی کارێزی وەستا شەریف و (گردی مامەیارە) لەشاری سلێمانی بە شوێنی یادکرنەوەی جەژنی نەورۆز، کە بەم کارەی ناوناوبانگی نەرۆزی بەرزکردەوە، ھەروەھا ناوی پاڵەوانێکی میللی(مامەیارەی) تازەکردەوە، بەم شێوەیە پیرەمێردی شاعیر سەرکەوتووبوو لەوەی کەلەلایەکەوە، ئەم جەژنە زیندوبکاتەوە بەھاوکاری لاوان ورۆشنبیرانی کۆڵندەر نەرۆز، وەکو جەژنێکی نەتەوەی  کورد لە کۆمەڵگادا رەگ وریشەی داکوتا، وەلەلایەکی تریشەوە بەرگێکی نەتەوەیی بەبەرجەژنی نەورۆز داکرد .  لەزۆربەی کاتەکاندا لەلایەن دامودەزگاکانی میریەوە پیرەمێردوکۆمەڵەی زانستی یان تاوان بارئەکردبەوەی کە، ئەم جەژنە ئاگرپەرستیە پەیوەندی ومافی بە کوردەوەنیە، ئەم کارەی پیرەمێرد ھیچ فری بەسەرنیشتمان وکورد وپێشکەوتنەوەنیە، لە دژایەتی نواندن بەولاوە لەگەڵ ئاین و پێشکەوتن دا ھیچی ترنیە، بەڵام ئەم ھێرشەنارەوایانە کاریان نەکردە سەرپیرەمێردی شاعیرودەستەی رۆشنبیران نەیان توانی کاریگەریان لەسەر دروست بکەن بە وازلێھێنان .  ئەمەش ریپۆرتاژێکە کەپیرەمێردی شاعیر لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوی کردۆتەوە. لە رۆژنامەی ژیان لەساڵی ١٩٣٦کە، وەک بەڵگەیەک دەیخەینە روو لەبارەی رۆڵی کۆمەڵەی زانستی  لە جەژنی نەورۆزدا کەتیایدا ھاتووە (( ئێوارەی جومعە کەبۆشەموودەچوو، رۆڵەی زانستی بەگۆرانیی نەورۆزەوە روویان کردە یارە کەدیاری لێوە دیارە،لەتەپلەسەری گردەکەبەدەوری (یارە)دائەھرامێکی داری سووتەنییان ھەڵ ئەچنی،تاشەوێ،ئەودەمەی رۆژپێی نایە کەلووی بەرخەوە،بەجارێ گرەی ئاگر لەدیاری یارەدا دیاریی ئەدا.   بەیانی زوو ئاوازەی دەھۆڵ وزوڕناونەغمەی شادی نەوجەوانانی زانست لە کووچەو بازارای شاردا دەنگی دایەوە، بەجارێ ڕوومان کردەکۆی ئاتەشگاو کارێزی شەریف، ویزەی سەماوەرپەیدابوو،باوبارانیش لەسەرداکردیانەگیزەوگورە،کەوتینەبەربەرەکانی،کورگەل نەجووڵان تا ئەوشکا. تائێوارە پۆل پۆل وتیپ تیپ ھاتن ئەودەشتەبەگوڵی گیان داری نەورۆزو شادمانیی وئازادیی کچان وخوشکانی دڵ سۆز بوبوە بەھشتێکی فەیرۆزو رۆژێکی بەھرۆز،خواردەمەنیش(ماتشتھی الانفس)کەوتبووە(بروز)دوو ڕیزلەدەنگ خۆشەکانی زانستی وەک دوو دەستەبولبولانی وەتەن دوونەشیدەی نەورۆزیان بەرامبەری یەک ئە خوێندەوە، چواردەستەش لەژێر قوماندەی چوارسەرپەرشتی کەر کە ھەریەکەیان بازووبەندی زانستی یان لەقۆڵ دابوو،لەچوار لاوە بۆ بەپیرە وەچوون وخۆش ئامەدی ومیوان داری خزمەت یان ئەکرد، پیرەمێردیش بەداری خۆی کە بۆنەورۆزی کریبوو ئاگریان تێ بەردابوو، ھەڵپەرکێ وسەرچۆپی ئەم سەرەوسەری سەرگردەکەی بەرکەوتبوو،بەویش وازیان لێ نەھێنا ئەیانگۆت لە نەورۆزا ئەبێ حەوت خواردەمەنی(میم) ھەبێ بەزۆر(ماسی ومریشک ومیوەوماست ومێووژبەخورماوملح-خوێ بۆ ھێلکەومسکەت بۆمنداڵانیان)پێ پەیداکردو نان وپەنیرو گورچیلەیشیان خوارد،دوای تێری چوار تەلەبەی شاعیری زانست غفورزەینەددین وبەنگینەوھیوا مەجیدمناڵ چوارمەنزوومەی میللی جوانیان خوێندەوە،خوا پێمان رەوا ببینێ لە شاگرد نانەواوکەوش دروو،کورەبەردکێش بەسایەی زانستی یەوە ئەم ئاداب وتەمکین وشاعیریی وحیسی میللەت پەروەرییان بۆ پەیدابووە،جەژن وسەیرانێکی وا بە دەبدە بەیان بێ قڕەوگوڕەبەجێ ھێنا، لە نیسانیش دا ھەر ئەم(زانستی)یە٣شەوو٣رۆژ لەسەر کارێزی رێی گۆیژە خێوەت ھەڵ ئەدەن ونان وخوان وسفرەئەرازێننەوە لەبەغدا وھەولێر و خانەقینەوە دەعوەتی ھاونیشتمانەکانیان دەکەن)). بەڵام لەدوای ئەوەی کە، مەجید یەعقوبی دەبێتە موتەسەریفی سلێمانی، کەوتە دژایەتی پیرەمێردوچەندین تۆمەتی خستەپاڵ وەک ھاندانی لاوان بۆیاخی بوون وبڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی لەرۆژنامەکەیدا و ئاگرکردنەوە بۆ نەورۆز.........ھتد.  بۆیە لە٢١/٣/ ١٩٣٨بڕیاریدا بە داخستنی ھەریەکە لە رۆژنامەی ژیان و کۆمەڵەی زانستی لەتەک ئەمەش دا ئاھەنگی جەژنی نەرۆزیشی قەدەغەکرد، بە ھۆی ئەوھۆکارانەی کە، لەسەرەوە باسمان کرد.  ئەمەو دواتر پیرەمێرد کۆڵ نادات و ھەر بەتەنگ بەر زراگرتنی ئەم بۆ نەیەوە بووە  لەم چوارچێوەیەدا لەساڵی ١٩٤٨دا بەشیعری بەناوبانگی نەورۆز توانی ئەم یادو بۆ نەیە بگەیێنێتە لوتکە. بە سود وەرگرتن لە  کتێبی : کۆمەڵەی زانستی کوردان( ١٩٢٦- ١٩٣٩)، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە کارو چاڵاکییەکانی کۆمەڵەکە، هەولێر،٢٠١٤،  ل ل ٧٤- ٧٨.    هاوپێچ وێنەی قوتابییانی کۆمەڵەیی زانستی .. ئەرشیفی بنکەی ژیان سلێمانی:   


 سەنار حەمید و سەركۆ یونس سیاسەتی سك هەڵگوشین (تقشف) و دەستگرتن بەپارەوكەمكردنەوەی زیادە خەرجییەكان كارێكی باشە و خۆپاریزیە لە كێشەكان بەتایبەتی لەدوای كەمبونەوەی گەشەی ئابوری جیهان بۆ نزمترین ئاست و دواتریش دابەزینی نرخی نەوت ... لەماوەی ڕابردودا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزی كەئەم دابەزینە لە (20) ساڵی ڕابردودا هاوشێوەی كەم بووە، هۆكارەكان زۆرن بەڵام گرنگترین هۆكاری ڕاستەقینە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بە (Covid-19 ) بووە بەتایبەت لە وڵاتی چینی خاوەن ئابوری و بەرهەم و دواتریش لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبویەوە و كاریگەری ڕاستەوخۆی كردە سەر چالاكیە ئابورییەكان و بەشێوەیەكی توند ئابوری چینی توشی داتەپین كرد و سەرەنجام بوو بەهۆی كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت وبازارەكانی نەوت بەشێوەیەكی خێرا نزمترین ئاستی نرخیان تۆمار كرد كە (20) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بوو. هاوكات هۆكاری سیاسی و روئیایی عەرەبستانی سعودی لە ئۆپیك بەتایبەتی لەدوای ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ ئەندامانی ئۆپیك و ڕووسیا بگەنە ڕێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو ئەمەش بووە هۆی كە سعودیە پەرچەكردارێكی نالۆژیكی بگرێتە بەر بڕێكی زیاتری نەوتی خاو بخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە سەرئەنجام بوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆنزمترین ئاست.ئەوەی ئاشكرایە سعودیە ئەیەوێ‌ نەوت وەك چەكێكی گرنگ و كاریگەر بەرامبەر ڕوسیا بەكار بهێنێت لە ئێستادا سعودیە یەكەم وڵاتی هەناردەكردنی نەوتە لە سەر ئاستی جیهان،ئەوەشمان لەبیر نەچێت كەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی دەرەكی لەگرنگترین ئەو كەرتە ئابوریانەن كە زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت.. دیارە بەردەوامی ئەم بارودۆخە تەنها پەیوەست نی یە بەململانێ ی سعودیە و ڕووسیا بەڵكو وەكو چۆن بەشێكی گرنگی هۆكارەكە پەیوەستە بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە بەداخەوە خەریكە هێواش هێواش ئابوری ئەوروپا دەگرێتەوە و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ لەچالاكی ئابوری سست دەكات بەگشتی و ئابوری ئەڵمانیا بەتایبەتی ، لەهەمان كاتدا خۆشبەختانە گوێ‌ بیستی هەواڵی تەندروستی مژەبەخش دەبین كە وڵاتان لە هەوڵداندان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێك كە ڕێگە بگرێت لە تەشەنەكردن و چارەسەركردنی توشبووان بەجۆرێك كێبڕكێ‌ دروست بووە لەنێوان وڵاتانی ئەمەریكا و چین و ئەڵمانیا و وڵاتە پێشكەوتوەكانی تر، هەرچۆنێك بێت بۆ ماوەكانی داهاتوو هیوادارین ئەم ڤاكسینە ئامادە ببێت و بكەوێتە بازارەكانی جیهانەوە و تاڕادەیەك ببێتە ڕێگر لەبەردەم تەشەنەكردن و بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ئابوری وڵاتان بكەوێتە سەر پێ‌ ی خۆی ووردە ووردە چالاكییە ئابورییەكان دەست پێ‌ بكرێنەوە بە گشتی و چالاكی كەرتی پیشەسازی وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان بەتایبەتی و ئەمەش ببێتە هۆی دروست بونەوەی خواست لەسەر نەوت و سەرەنجام بەرزبونەوەی نرخی نەوت .هەروەها هەردوو  وڵاتی ڕوسیا و سعودیەش بگەنە ڕێكەوتن لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوتی خاو و بازارەكانی جیهان سەقامگیری و هاوسەنگی بۆبگەرێتەوە ئەوەشمان لەبیر نەچێت داهاتی نەوت بۆ هەریەكە لە سعودیە و ڕووسیا بەشێكی گەورەی بودجەی ساڵانەیان پێك دەهێنێت و هەریەكەیان بەم بارودۆخە گەورەترین مەترسیان لەسەر ئابوری وڵاتەكەیان هەیە بەڵام گومانی تێدا نی یە هۆكاری سیاسی لەپشتەوەیە هەر بۆیە پێمان وایە هەردولا لە مەترسیەكانی ئەم بارە تێ‌ دەگەن و بۆیە ناكرێت بەردەوام ببن لەسەر ئەم سیاسەتەیان هیوادارین لە مانگەكانی داهاتوی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و نزیك ببێتەوە لە (50) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و داهاتی وڵاتانی نەوت فرۆش بەرزببَیتەوە و چالاكیە ئابورییەكان ئاستی بەرز تۆمار بكەن و مرۆڤایەتی لەم قەیران و نەهامەتیانە ڕزگاری ببێت . هەرچی پەیوەستە بە ئابوری كوردستان بەداخەوە ڕەنگدانەوەی دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە كاریگەری خراپ و نێگەتیڤی قورستری دەبێت چونكە وەك ئاشكرایە حكومەتی هەرێم زیاتر (%90) پشتی بە نەوتی فرۆشراو دەبەستێت لەهەردوو سەرچاوەی دەست كەوتنی داهاتەوە جا چ لەرێگەی بەغداوە و بێت یان ئەو بڕە نەوتەی ڕاستەوخۆ خۆی ئەینێریتە بازاڕی جیهانی یەوە .لەڕاستدا فرۆشتنی نەوت بەنرخی (20) دۆلار بۆ هەربەرمیلێك بۆ ئابوری وڵاتانی خاوەن نەوت جێگای هەڵوەستە لەسەر كردنە و پێویستە ڕێگاچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و هەوڵ بدرێت كەمترین لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە بكرێت .هەربۆیە پێمان وایە پێویستە حكومەتی هەرێم بەجدی كار بكات هەتا هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم تووشی نەهامەتی و نارەحەتی و دەردی سەری نەبنەوە و چونكە چیتر هاونیشتیمانیانی هەرێم بەرگەی قەیرانێكی تر ناگرن و هەربۆیە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ فرە سەرچاوە كردنی داهات وبودجەی هەرێم بۆ ئەوەی لەم بارانەدا لەقەیران و كێشەكان باری سەرشانی سووكتر بێت و پێمان وایە لە ئێستادا حكومەت پێویستە كار بۆ كەرتی كشتوكاڵ بكات لەڕووی هاوكاری كردن و یارمەتیدانی جوتیاران هەر لەبەرهەمێنانی بەروبوم و پاشان ساغكردنەوەی لە بازاڕدا لەلایەك سەرچاوەی داهاتی خاوەن كار و جوتیاران زیاد دەكات و لەلایەكی ترەوە ئابوری هەرێم ووردە ووردە ڕوو دەكاتە خۆژێنی و پێداویستییە خۆراكیەكانی ناوخۆ هەر لەناو هەرێمدا دابین دەكات و هاوردەنی كەمتر دەكات و هەر ئەمەش ڕێگە دەگرێت لە چوونە دەرەوەی پارەی هەرێم بۆ دەرەوە و هاوسەنگی دەگەڕێتەوە بۆ تەرازووی پارەدان . لەئێستادا مووچەخۆران و هاونیشتیمانیانی هەرێم لە دوبارەسەرهەڵدانەوەی قەیرانێكی دارایی و ئابوری تر دەترسن و كە گومانی تێدا نی یە ئەمجارە قورستر و گرانتر دەبێت چونكە گۆرانكارییەكانی هەمەچەشن و هەمە لایەنن و پەیوەست نی یە بە كەرتێكی ئابورییەوە..



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand