Draw Media

راپۆرت: درەو رۆژی 1ی ئابی ئەمساڵ دادگای كەرخ لە بەغداد بڕیاری كۆتایی خۆی لەسەر سكاڵایەكی یاسایی دەدات كە لاهور شێخ جەنگیی لەدژی بافڵ تاڵەبانیی تۆماریكردووە، سكاڵایەك كە لەڕووی  یاساییەوە حجزی لەسەر هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لەناو یەكێتیی دروستكردووە‌و بەبێ سازدانی كۆنگرە كێشە بۆ "سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانیی" دروست دەكات، لە فەرمانگەی حزب و رێكخراوە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا هێشتا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكە،  وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانیی لەبەردەم یاسادا ماوەی سێ رۆژە میدیاكانی یەكێتیی بەفەرمی (بافڵ تاڵەبانیی)یان وەكو (سەرۆك)ی یەكێتیی ناساندووە، ئەمە دانانێكی رەمزییە، چونكە دۆسیەی یەكێتیی لە دادگای بەرایی كەرخ لە بەغداد، بەهۆی سكاڵایەكی (لاهور شێخ جەنگی)یەوە حجزی خراوەتەسەر.  واتە بەگوێرەی فەرمانی دادگای عێراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاوەكو دوای یەكلابونەوەی كێشەی بافڵ تاڵەبانیی‌و لاهور شێخ جەنگیی ناتوانێت هیچ گۆڕانكارییەكی حزبی خۆی بەشێوەیەكی یاسایی بچەسپێنێت‌و لە فەرمانگەی كاروباری پارت‌و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماری بكات، بەتایبەتیش دانانی بافڵ تاڵەبانیی وەكو سەرۆكی حزب.   كێشەی یەكێتی لە دادگاكاندا  رۆژی 8ی تەموزی ساڵی رابردوو، ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتیی (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، بافڵ تاڵەبانیی لە بەیانی ئەو رۆژەدا (دەزگای زانیاری‌و دژەتیرۆر)ی كۆنترۆڵ كرد، دوای ئەم رووداوە بەفەرمی (لاهور شێخ جەنگیی) تۆمەتبار كرد بەوەی (ژەهرخوارد)ی كردووە‌و هەوڵی تیرۆركردنی داوە، بەهۆی ئەم تۆمەتەوەن لاهور شێخ جەنگیی بە مەرجی ئەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە دروست بكرێت، دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكایەتی خۆی رادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، بەڵام لیژنە دروست نەكراو ئەنجامەكانیش رانەگەیەندرا، ئەمە وایكرد لاهور شێخ جەنگیی سەرلەنوێ داوای دەسەڵاتەكانی بكاتەوە.  رۆژی 2ی تشرینی دووەمی 2021 دوای نزیكەی چوار مانگ لە رووداوەكانی 8ی تەموز‌و جموجوڵی سەربازیی لەلایەن هەردوو جەمسەری كێشەكەوە، بافڵ تاڵەبانیی بە نوسراوێك لاهور شێخ جەنگیی هاوسەرۆكی یەكێتی لە ئەندامێتی یەكێتی دورخستەوە، واتە یەكێك لە هاوسەرۆكەكان ئەوی تری لە حزب دەركرد. بەگوێرەی یاسای بەركار، هەر گۆڕانكارییەك كە لەناوخۆی حزبە سیاسییەكاندا روودەدات، دەبێت لەماوەی مانگێكدا بە نوسراوی فەرمی (فەرمانگەی حزب‌و رێكخراوە سیاسییەكان)ی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی لێ ئاگاداربكرێتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانیی دوای تێپەڕینی شەش مانگ هێشتا بڕیارەكەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی لە یەكێتی رەوانەی فەرمانگەی حزب‌و رێكخراوە سیاسییەكان نەكردووە، بەوهۆیەوە ئێستا لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە هێشتا هاوسەرۆكی یەكێتییە‌و دادگای بەغداد حجزی لەسەر هەر گۆڕانكارییەك لەناو یەكێتی داناوە.  بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگیی مانگی ئازاری ئەمساڵ لەدادگای سلێمانی سكاڵای یاسایی دژی بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە.  رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ فەرمانگەی كاروباری حزب‌و رێكخراوە سیاسییەكان نوسراوێكی ئاڕاستەی (دادگای لێكۆڵینەوە یەك-ی سلێمانی) كردووە، تێیدا لاهور شێخ جەنگی وەكو (ئەندامێكی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی)‌و (هاوسەرۆك)ی یەكێتی دەناسێنێت، واتە تا ئەوكاتەش كە نزیكەی (5) مانگ بەسەر بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەركردنى لاهور شێخ جەنگی تێپەڕیوە ، هێشتا بافڵ تاڵەبانیی فەرمانەكەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی رەوانەی فەرمانگەی حزب‌و رێكخراوە سیاسییەكان نەكردووە‌و دورخستنەوەكەی لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە نەچەسپاندووە.  دوای تەماشاكردنی دۆسیەكە، دادگای سلێمانی لاهور شێخ جەنگیی ئاگاداركردووە لەوەی سكاڵا یاساییەكەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، چونكە دۆسیەی كاروباری حزبەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، بەوهۆیەوە هەر لە مانگی ئازاردا دۆسیەكەی بردوەتە دادگای بەرایی (كەرخ) لە بەغداد.  بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، رۆژی 11ی ئەیلولی ئەمساڵ دادگای كەرخ ئاگادارینامەی بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە بۆ ئەوەی بۆ بافڵ تاڵەبانیی ئاگادار بكات لەوەی  رۆژی 25ی ئەیلول بەردەم دادگا ئامادە بێت لەسەر بنەمای ئەو سكاڵا یاساییەی كە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆماركردووە.  بافڵ تاڵەبانیی ئاگادارینامەكەی دادگای كەرخی وەرنەگرتووە، رۆژی 25ی ئایار بەبێ ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانیی یاخود پارێزەرە یاساییەكەی، دادگای كەرخ لەسەر سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیی دانیشت، لەم دانیشتنەدا بڕیاریدا رۆژی 1ی ئابی داهاتوو حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی سكاڵا یاساییەكە یەكلابكاتەوە، ئەمجارە لەبری دادگای بەرایی سلێمانی، لەرێگەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداركردنەوە بۆ  بافڵ تاڵەبانیی نێردراوە، ئەگەر ئەمجارەش ئاگادارینامەكە وەرنەگرێت‌و نەچێتە بەردەم دادگا، رۆژی 1ی ئابی داهاتوو بەبێ ئامادەبوونی خۆی، دادگای كەرخ بڕیار لەسەر ئەو سكاڵا یاساییە دەردەكات كە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆماركردووە.  ئەگەر  لەم دۆسیە یاساییەدا لاهور شێخ جەنگیی لە بافڵ تاڵەبانیی بباتەوە، كێشەی یاسایی بۆ یەكێتیی لە بەغداد دروست دەكات، كێشەیەك كە رەنگە تەنیا سازدانی كۆنگرەیەكی نوێ لەناو یەكێتیدا چارەسەری بكات.  سەرباری ئەو كێشە یاساییەی كە لەسەر پرسی سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی لە دادگای كەرخ هەیە، رۆژی 22ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكدا لە قەڵاچوالان  بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیی  وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناساند، رۆژی 28ی ئەم مانگەش لەبەردەم لایەنگرانی یەكێتی كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش ئامادەی بوو، سەرلەنوێ بافڵ تاڵەبانی وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناسێندرایەوە‌و چەند سەركردەیەكی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەسەر ئاستی عێراق پیرۆزباییان لە بافڵ تاڵەبانیی كرد.   كرۆكی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیی بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی لەبەردەستی (درەو)دایە، لەو سكاڵا یاساییەدا كە لاهور شێخ جەنگیی  لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە (سەیوان سیروان جاسم) لە دادگای (كەرخ) تۆماریكردووە، باس لەوە دەكات، بافڵ تاڵەبانیی پێشتر چەند بڕیارێكی لەدژی ئەو دەركردووە بۆ لەكارخستن‌و دورخستنەوەی لە حزب، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی، پەیڕەوێك كە لە كۆنگرەی یەكێتیدا پەسەندكراوە‌و لەلایەن فەرمانگەی حزبەكانی عێراقەوە پشتڕاستكراوەتەوە.  لە سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیدا ئاماژە بەوەكراوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرچاوەی بڕیار لەدەستی (ئەنجومەنی سەركردایەتی)دایە‌و ئەو بەرزترین دەسەڵاتە لەناو حزبدا. بەشێكی تری سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگیی دەڵێ" بافڵ تاڵەبانیی هەندێك تۆمەتی نادروستی بۆ لاهور شێخ جەنگیی دروستكردووە‌و رێگری لێدەكات دەسەڵاتەكانی خۆی پەیڕەو بكات‌و ئەمەش پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە، بۆیە داوا دەكەین دادگا كەسی سكاڵا لەسەركراو بانگهێشت بكات‌و بڕیار بدات لەسەر نایاسایبوونی ئەو بڕیارانەی دەریكردووە‌و سنورێك بۆ رێگیركردن لە پەیڕەوكردنی دەسەڵاتەكانی لاهور شێخ جەنگیی وەكو هاوسەرۆك دابنرێت".   


شیكاری: درەو لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (68.5 ترلیۆن) دینار، کە (95%)ی داهاتی نەوت و(5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (43 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (95.4%)ی خەرجییەکانی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها (2.1 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (4.6%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی، بەڕێژەی (35%) و نزیکەی (23.5 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. یەکەم: داهاتی گشتی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (68 ترلیۆن و 572 ملیار و 522 ملیۆن و 428 هەزار و 437) دینار، بەجۆرێک بڕی (65 ترلیۆن و 340 ملیار و 20 ملیۆن و 628 هەزار و 667) دیناری بەڕێژەی (95%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (3 ترلیۆن و 232 ملیار و 501 ملیۆن و 799 هەزار و 770) دینار، بەڕێژەی (5%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (1)).   دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) ، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (45 ترلیۆن و 125 ملیار و 566 ملیۆن و 397 هەزار و 805) دینار، بەجۆرێک بڕی (43 ترلیۆن و 7 ملیار و 195 ملیۆن و 592 هەزار و 339) دیناری بەڕێژەی (95.4%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (2 ترلیۆن و 118 ملیار و 370 ملیۆن و 805 هەزار و 446) دیناری بەڕێژەی (4.6%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. سەبارەت بە وردەکاری سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (2)).   سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە چارەکی یەکەمی 2022 خەرجییە گشتییەکانی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (2 ترلیۆن و 118 ملیار و 370 ملیۆن و 805 هەزار و 446) دیناری بەڕێژەی (4.6%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (14 ملیار و 907 ملیۆن و 493 هەزار و 577) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (482 ملیار و 685 ملیۆن و 23 هەزار و 336) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (627 ملیار و 841 ملیۆن و 994 هەزار و 58) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی بڕی (846 ملیار و 194 ملیۆن و 499 هەزار و 215) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (146 ملیار و 741 ملیۆن و 795 هەزار و 280) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (3)).   چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (45 ترلیۆن و 125 ملیار و 566 ملیۆن و 397 هەزار و 805) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (68 ترلیۆن و 572 ملیار و 522 ملیۆن و 428 هەزار و 437) دینار. واتە بڕی (23 ترلیۆن و 446 ملیار و 956 ملیۆن و 30 هەزار و 632) دیناری بەڕێژەی (35%) لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (2 ترلیۆن و 118 ملیار و 370 ملیۆن و 805 هەزار و 446) دیناری لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (4)).   چوارەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بڕی بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 420 ملیار و 115 ملیۆن و 22 هەزار و 876) دینار بووە. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (238 ملیار و 422 ملیۆن و 921 هەزار و 123) دیناری خەرجکردووە، بە جۆرێک تەنها (5) هەزار دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.  2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (21 ملیار و 122 ملیۆن و 833 هەزار و 927) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (3 ترلیۆن و 160 ملیار و 569 ملیۆن و 267 هەزار و 826) دیناری خەرجکردووە، بڕی (2 ترلیۆن و 959 ملیار و 139 ملیۆن و 195 هەزار و 162) دیناری لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (201 ملیار و 430 ملیۆن و 72 هەزار و 664) دیناری بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.  بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (5)).     سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة حساب الدولة لغایة شباط 2022 للموازنە الاتحادیة حساب الدولة لغایة اذار 2022 للموازنە الاتحادیة


راپۆرت: درەو هەڕەشەی پارچە پارچەكردنی ئەو كەسانەی كرد كە گەندەڵن، بەڵام لەبەردەم سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانیدا بە چۆكدا هات، ئەو كەمال ئەتروشییە، ئەو پیاوەی وتی "خۆم نەوت دەبەم بۆ گوندەكان" بەلام لەسەردەمی ئەودا خەڵك لەسەرما رەقبووەوە، باسی چارەسەری كێشەی بەنزینی كرد‌و لەسەردەمی ئەودا بەنزین بەرزترین نرخی تۆماركرد، كەمال ئەتروشی بەهۆی نەخۆشییەوە دەستی لەكاركێشایەوە یان نیگەرانە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  نەخۆشە یان نیگەرانە ؟ راگەیاندراوی نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشی بۆ بارودۆخی تەندروستی وەزیر دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر پەیوەندی بە دەستوەردانی لە كاروباری وەزارەتەكەی هەیە، بەتایبەتیش دەستڕۆیشتوویی دكتۆرە (رانیا مەجید) یاریدەدەری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری ئابوری لە كاروباری وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دكتۆرە (رانیا) جگە لەوەی یاریدەدەری مەسرور بارزانییە بۆ كاروباری ئابوری، ماوەی ساڵێكە بەهۆی بلۆككردنی ئاشتی هەورامیی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، كاروبارەكانی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری (وزە)ش بەڕێوە دەبات، واتە لەیەك كاتدا یاریدەدەرە بۆ كاروباری ئابوری‌و هەم یاریدەدەرە بۆ كاروباری وزە.  (درەو) زانیویەتی، بەشێكی تری نیگەرانییەكانی كەمال ئەتروشی‌و دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پەیوەندی بە دەستوەردانی بێسنوری ژنێكی ترەوە هەیە بەناوی (دكتۆرە غەزالە)، ئەم ژنە بەڕێوەبەری گشتی گرێبەست‌و كۆمپانیاكانە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.  دكتۆرە رانیا‌و دكتۆرە غەزالە هەردووكیان دوو كەسی زۆر نزیكن لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە.  ئەتروشی كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی وەرگرت، یەكەم بەڵێنی ئەوە بوو پەیكەری وەزارەتەكە بگۆڕێت، وەكو خۆی دەیوت "دەیەوێت پەیكەرێك بۆ وەزارەتەكەی دروست بكات كە نێودەوڵەتی بێت"، بەڵام نەیتوانی ئەمە بكات، پەیكەرەكەی سەرۆكی حكومەت لەناو وەزارەتدا بەهێزتر بوو.  كۆتاییەكانی 2021 كەمال ئەتروشی بۆ ماوەیەك وەزارەتەكەی بەجهێشت، ئەوكاتیش دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوبووەوە، بەڵام دواتر رەتیكردەوە‌و وتی بۆ وەگرتنی چارەسەر چوەتە دەرەوەی وڵات.  نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندا  پێش دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشی‌و دوای دەستلەكاركێشانەوەشی، دۆسیەی نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندایە كە هەرسێكیان كەسانی نزیكی بنەماڵەی بارزانین.  ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە سێبەری مەسرور بارزانییە لەناو حكومەتدا، بەرپرسی هێنانەوەی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمە لە (سیتی بانك)ی ئەمریكاوە بۆ بانكی (میسر) لە دوبەی، دوای هێنانەوەی پارەكە بۆ كوردستان، داهاتی نەوت دەچێتە (RT) بانك، بەڕێوەبەری ئەم بانكە ژنێكە بەناوی (همێلە عەبدولستار گەردی)، لای ئەم ژنەوە پارەی نەوت رەوانەی بانكی (منارە) دەكرێت بۆ خەرجی موچە. (همێلە گەردی) لەگەڵ (دكتۆرە رانیا مەجید)‌و (دكتۆرە غەزالە) وەكو سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانی، جڵەوی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و داهاتەكانیان بەدەستەوەیە‌و لەسەردەمی مەسرور بارزانیدا هیچ وەزیرێكی نەوت ناتوانێت تەجاوزی دەسەڵاتی ئەم سێ ژنە بكات.  هەڕەشەی بەغداو چۆڵبوونی وەزارەت ! دوای نزیكەی ساڵ‌و نیوێك لە دەستبەكاربوونی، كەمال ئەتروشی دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستان دەستی لەكاركێشایەوە.  وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نۆیەمدا هەر لەسەرەتاوە بە قەیران دەستیپێكرد، ئەم وەزارەتە دوای ساڵ‌و نیوێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت پڕكرایەوە. بەر لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە تەموزی 2019دا، گۆڕانكارییەك لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، مەسعود بارزانی كە خۆی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵگرتبوو پۆستی سەرۆكی هەرێمی دا بە نێچیرڤان بارزانی برازای، لەبەرامبەر ئەمەدا نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو بۆ مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی مامی، مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربونیدا ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، ئاشتی نزیك بوو لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ماوەی زیاتر لە 14 ساڵ لەگەڵ ئەودا كاری كردبوو، بەمە مەسرور بارزانی ویستی سەرچاوەی دارایی نێچیرڤان بارزانی لە نەوتی هەرێمدا وشك بكات‌و خۆی جڵەوی دۆسیەكە بگرێتە دەست.   پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەكاتێكدا چۆڵ دەبێت لە 15ی شوباتی ئەمساڵدا دوای (10) ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە، دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە‌و داوای كرد هەرێم نەوت‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.  ئێستا كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چۆڵ بووە‌و مەسرور بارزانی بە وەكالەت كاروباری وەزارەتەكەی داوەتە دەست (كەمال محەمەد)ی وەزیری كارەبا، وەزارەتی نەوت دوو هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم هەڵگرتووە، لە هەنگاوی یەكەمدا نامەی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت‌و غاز لە هەرێم ناردووە‌و داوایان لێدەكات بێنە پێشەوە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق، لە هەنگاوی دووەمیشدا باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردووە‌و داوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی لێكردووە.  لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ كەمال ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 وەكو دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، كەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.  بەم سوێندخواردنە، كەمال ئەتروشی كۆتایی بە ماوەی زیاتر لە (14) ساڵ دەستڕۆیشتویی (ئاشتی هەورامی) هێنا بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، وەزیرێك كە وەزارەتی نەبوو، دۆسیەی نەوت‌و غازی كوردستان لەناو (جانتا)كەیدا هەڵگرتبوو، لە لەندەنەوە مامەڵەی بە سامانی سروشتی كوردستانەوە دەكرد.  ئەتروشی كە مەسرور بارزانی كاندیدی كرد‌و مەسعود بارزانی پاڵپشتی لێدەكرد، ساڵی 1955 لەدایكبووە، 1975 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە كۆلیژی زانستەكانی زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دوای تەواوكردنی خوێندن دەستی بەكاركردن كردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا، تاوەكو 1985 كاری بۆ كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق كردووە.  چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، ساڵی 1987 خوێندنی باڵای لەزانكۆی (بۆردۆ)ی فەڕەنسا تەواوكردووە‌و بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە، لە هەمان زانكۆ ساڵی 1991 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە. دوای تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا، كەمال ئەتروشی لە پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ نەوت دەستی بە كاری توێژینەوە كردووە، شارەزایی (35 ساڵ)ی لە بواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە، لەگەڵ چەندین دامەزراوەو كۆمپانیای گەورەدا كاریكردووە، لەوانە: •    كۆمپانیاكانی (Elf)ی فەڕەنسی •    ئاژانسی نێودەوڵەتی كەنەدا •    توێژەرو وانەبێژ لە زانكۆكانی (مكگیل)‌و (كارلتۆن)ی كەنەدی •     كۆمپانیای نەوتی كوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت •    كۆمپانیای (پترۆناس)ی مالیزی •    كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسی  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كەمال ئەتروشی دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، رووی لە كوەیت كردووە‌و لەگەڵ خێزانەكەیدا لە كوەیت دەژی.  ئێستا كە ئیتر كەمال ئەتروشی پۆستەكەی بەجێهێشتووە، خەڵكی هەرێمی كوردستان تەنیا دوو یادگاری ئەوی بۆ بەجێماوە، یادگاریی یەكەم كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆر بڵاوبووەوە قسەیەكی ئەو بوو كە وتی" ئەوەی گەندەڵی دەكاتن نە شەرەفی هەیە نە ناموسی هەیە نە عەسڵی هەیە نە ئەخلاقی هەیە.. بە حەققی خوای.. رب العالمین.. ئەوەی بگرم موەزەفی من بیتن، بیانی بیتن یان چاوشین بیتن سەد پارچەی دەكەم". قسەیەكی تری كەمال ئەتروشی لەو ماوەی كە وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو جێگای سەرەنجی رایگشتی بوو، ئەویش ئەو قسەیە بوو كە وتی خۆم دەچمە ناو گوندەكان لە ناوچە شاخاوییەكان‌و نەوتی سپی دابەش دەكەم، بەڵام لەسەردەمی ئەودا خێزانێك لەسەرمادا بەهۆی بەكارهێنانی دار بۆ خۆگەرمكردنەوە، بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستدا.  ئەتروشی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی بەنزینی دا، بەڵام ئەم بەڵێنەشی بەجێ نەگەیاند‌و نرخی بەنزین لەسەردەمی ئەودا نرخی بەنزین بەرزترین ئاستی تۆماركرد‌و تائێستاش بەردەوامە.   


راپۆرت: درەو ساڵێك لەمەوبەر وتی" پێتان وانەبێ ئۆتۆنۆمییەكەی هەرێمی كوردستان تاسەر بەردەوام دەبێت" لەدوای ئەم قسەیەوە دادگای فیدراڵی عێراق بەبڕیارێك هەرێمی ناچاركردووە نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئێستا قسەیەكی تر دەكات‌و دەڵێ"لایەنی جوگرافیی هەمیشە لەبەرژەوەندی هەرێمدا نییە"، ئەو خاتوو جینین پلاسخارتە، ژنێك كە كێشەی (زەردو سەوز)ی گەیاندوەتە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  عێراق لەسەردەمی پلاسخارتدا "دۆست ئەو كەسەیە ئەتگرێنێ" جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ساڵێك لەمەوبەر لەبەردەم سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەمشێوەیە قسەی كرد.  خاتوو پلاسخارت ئەم قسەیەی كرد بۆ ئەوەی دواتر بە سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بڵێ" پێتان وانەبێت ئەو ئۆتۆنۆمیەی ئێستا هەتانە هەروا بە مسۆگەریی‌و هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، یەكڕیزیی بۆ مانەوەی ئەو قەوارەیە پێویستە". لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، خاتوو پلاسخارت حەوتەمین نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عێراق، ئەم ژنە لە ئابی 2018وە لە عێراق دەستبەكاربووە، واتە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی داعش‌و ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانەوە، دوو رووداو كە بارودۆخی ئەمنی‌و سیاسی عێراقیان ئاڵۆز كردبوو.  لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم  ژنەوە، عێراق رووداوێكی سیاسی گەورەی بەخۆوە بینی، ئۆكتۆبەری 2019دا شەپۆلێك خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق دژی خراپی خزمەتگوزاریی دەستیپێكرد، ئەم خۆپیشاندانانە دواتر فراوانتر بوون‌و داوای لادانی چینی دەسەڵاتداری دوای روخانی سەددامیان دەكرد، خۆپیشاندانەكان (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناچار كرد دەستلەكاربكێشێتەوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئەمە یەكەمجار بوو سەرۆك وەزیرانێك لەژێر فشاری شەقامدا ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكرێت.  پلاسخارت لەوانە بوو هەرزوو كەوتە بەرەی خۆپیشاندەرانەوە دژی چینی دەستڕۆیشتووی عێراق، ئەو چووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی لە بەغداد، سواری "توك توك" بوو كە سیمبولی ناڕەزایەتییەكان بوو، بە لەچكەوە سەردانی ئایەتوڵلا عەلی سیستانی كرد لە نەجەف‌و پاڵپشتی سیستانی بۆ خۆپیشاندەران‌و ئەنجامدانی چاكسازی لە عێراق راگەیاند.  مەندوبی سامی یان نوێنەری یو ئێن ؟ لەوكاتەوە رۆڵی پلاسخارت لە عێراق زیادی كرد، نەخشەرێگای بۆ دەربازبوون لە بارودۆخەكە ئاڕاستەی حكومەت‌و پەرلەمان دەكرد، جموجوڵەكانی ئەو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی نیگەران كرد، هەندێك پێیان دەوت "ئەم ژنە وەكو مەندوبی سامی مامەڵە دەكات نەك وەكو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان" لەمەدا ئەیانویست بڵێن ئەو كارانەی خاتوو پلاسخارت دەیكات لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆی دیاریكردووە.  هەندێك لە عێراقییەكان لەبارەی دەسەڵاتی پلاسخارتەوە زیاتریش دەڕۆشتن‌و بەراوردیان دەكرد بە خاتوو (گێرترود بێل) راوێژكاری (پێرسی كۆكس) مەندوبی سامی بەریتانیا لە عێراق لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا، ژنێك كە دەوترێت دەسەڵاتێكی رەهای هەبووە‌و راپۆرت‌و بیروبۆچونەكانی لای بەریتانییەكان بایەخی گەورەی هەبووە‌و سەركردە سیاسییەكان‌و وەزیرو ئەفسەرو پیاوماقوڵانی عێراق پێیان وتووە (خاتوون)‌و لەخوایان ویستووە جارێك بچنە دیداری، چونكە خاتوون دەسەڵاتی رەهای هەبووە‌و توانیویەتی ئیشوكارەكانیان رایی بكات.      پلاسخارت دووەم هاوڵاتی هۆڵەندییە كە پۆستی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقی دوای روخانی سەددامدا وەردەگرێت، پێش ئەم لە ماوەی 2009  تا  2011 نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (ئاد میلكەرت) بوو كە ئەویش پیاوێكی هۆڵەندی بوو.     "وەكو سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مامەڵە دەكات" پلاسخارت لەوانە بوو كە رۆڵی كاریگەریی هەبوو لە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن (شیعەكانی دۆستی ئێران) تۆمەتباریان كرد بەوەی رۆڵی هەبووە لە نوسینەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن.  كۆتا رۆژەكانی تشرینی دووەمی 2021 هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح‌و دیارترین دۆڕاوی هەڵبژاردن، جامی توڕەیی خۆی بەسەر خاتوو پلاسخارتدا رشت‌و وتی:" بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەی كە پلاسخارت دەیكات خەریكە متمانەمان بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەق دەبێت، پلاسخارت وەكو ئەوەی سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بێت دەستوەردان لە هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانیدا دەكات.. ئێمە مەندوبی سامی قبوڵ ناكەین، دەبێت پلاسخارت پابەندبێت بە ئەركی خۆیەوە".  ئەوكات لایەنە شیعە دۆڕاوەكان باسیان لەوە دەكرد، سەدان بەڵگەی ساختەكارییان لە هەڵبژاردن خستوەتە بەردەم خاتوو پلاسخارت، ئەویش بەڵێنی پێداون لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا باس لەو ساختەكارییانە بكات، بەڵام كاتێك لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش قسەی كردووە، رێك بەپێچەوانەی بەڵێنەكەیەوە وتویەتی" هەڵبژاردنەكە خاوێنە".  پلاسخارت‌و پرۆژەی كۆنفیدراڵی ! دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق، پلاسخارت كەوتەوە جموجوڵ، ئەمجارەیان پرۆژەیەكی گەورەتری بۆ عێراق ئامادە كردبوو كە پرۆژەی (كۆنفیدراڵی) بوو.  لە تەموزی 2020 پلاسخارت جموجوڵ‌و سەردانە سیاسییەكانی زیاتر كرد، ئەوكات سەرچاوە ئاگادارەكان باسیان لەوە دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی عێراق نەخشەرێگایەكی "گشتگیر"ی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە. وەكو باسدەكرا، پرۆژەكە داوای جێبەجێكردنی سیستمی "كۆنفیدراڵی"ی دەكرد لە عێراقدا، بەپێی پرۆژەكە، لەنێوان ئەو حكومەتانەی كە لە عێراقدا هەن هەندێك دەسەڵاتی وەكو ئابوری‌و دارایی‌و گومرگەكان ئازاد دەكرێن‌و بڕیار بەكۆی دەنگ دەدرێت، ئەگەر یەكێك لە حكومەتەكان بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئەو نییە، پابەند نابێت بە جێبەجێكردنییەوە. واتە پلاسخارت هەوڵی دەدات عێراق لە وڵاتێكی (فیدراڵی)یەوە بكات بە وڵاتێكی (كۆنفیدراڵی)، مەسعود بارزانی لەوانە بوو كە پاڵپشتی لە پرۆژەكە دەكرد، بەڵام هەرزوو پرسی كۆنفیدراڵی لەلایەن لایەنە عێراقییەكانەوە رەتكرایەوە‌و هەوڵەكە بە شكست كۆتایی هات.  بۆ دەستپێكردنی ئەم هەوڵە، خاتوو پلاسخارت شكستهێنانی بەردەوامی دانوستانەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستانی كردبوو بە هۆكار‌و باسی لەوەكردبوو پرۆژەكە لەلایەن وڵاتانی گەورەی جیهان لە پێش هەمویانەوە ئەمریكا، پاڵپشتی دەكرێت. ئێستا پلاسخارت لەبارەی دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادەوە لەبەردەم واقعێكی گەورەتردایە، كە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە بۆ رادەستكردنی نەوت‌و غاز لەلایەن هەرێمەوە، بڕیارێك كە رۆژ لەدوای رۆژ پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. زەردو سەوز.. جوگرافیای هەرێم رۆژی 17ی ئەم مانگە لەدواین وتاریدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پلاسخارت لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە وتی:" ساڵێك لەمەوبەر لەزانكۆی كوردستان جەختم لەسەر دوركەوتنەوە لە دووبەرەكیی نێوان (زەردو سەوز) كرد واتە پارتی‌و یەكێتی، بەڵام دوای ساڵێك دووبەرەكی قوڵتربوەتەوە، ئەمەش بەخراپی كاریگەریی لەسەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە".  پلاسخارت ئاماژەی بەوەكرد، هەرێمی كوردستان بژاردەی لەبەردەمدایە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، بۆ ئەمەش داوایكرد كەشوهەوای هەڵبژاردن فەراهەم بكرێت‌و دەرفەتی یەكسان بەهەموو لایەنەكان بە گەورەو بچوكەوە بدرێت، دواین بڕیاری پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی خواستی پلاسخارتە، پەرلەمان پرسی هەڵبژاردنی داوەتە دەست حزبەكان، ئەمەش ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن زیاتر دەكات.  پلاسخارت جارێكی تر هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دایەوە، وتی:" لایەنی جوگرافی هەمیشە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە، دەبێت بارودۆخی ناوازەی جیۆپۆلەتیكی كوردستان هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بەوردی بیربكەنەوە".  "پیرەژنەكە" سەرباری ئەوەی لەناو ململانێی توندی پیاوە سیاسییەكانی عێراقدا كاردەكات، بەڵام هێشتا پلاسخارت وەكو هەر ژنێكی ئاسایی پێی ناخۆشە پێی بوترێت پیر بووە. تشرینی دووەمی 2021 لە كۆنفرانسێكی جێندەریدا خاتوو پلاسخارت گلەیی لە حاڵی خۆی كرد‌و وتی: منیش توندوتیژیم بەرامبەر كراوە، پێم دەڵێن پیرەژن.. پیاوێك لە تەمەنی مندا پێی دەوترێت گەنج یان پێی دەوترێت عاقڵ‌و به‌ئەزمون، ئەوانەی دەیانەوێت سوكایەتی بكەن دەبێت پێیان ناخۆش نەبێت ئەو پیاوانەی كە هاوتاو هاوكاری منن بەلایەنی كەمەوە دەیەیەك لە من گەورەترن". پلاسخارت نیسانی 1973 لە هۆڵەندا لەدایكبووە، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزمونی كاری سیاسی هەیە، یەكەم ژن بووە لەماوەی ساڵانی (2012 بۆ 2017) وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە، ئەمەش ئەو ماوەیە بووە كە رێكخراوی "داعش" تێیدا سەریهەڵداوە.  بەهۆی پۆستەكەیەوە وەكو وەزیری بەرگریی، پلاسخارت بەرپرسی ئەركانی هێزی چەكدارو هێزی پاڵپشتی‌و هێزی شاهانەی هۆڵەندا بووە كە ئەمانەش بەگشتی چوار جۆر هێز بوون (زەمینی، دەریایی، پۆلیسی سەربازیی، هێزی پاسەوانی سنور)، لەو ماوەیەدا سەرپەرەشتی بەشداری هۆڵەندای كردووە لە جەنگی (مالی) لە كیشوەری ئەفریقا، ئەفغانستان‌و عێراق، بەرپرسی هەماهەنگیی بووە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا‌و ناتۆ‌و نەتەوە یەكگرتووەكان.  پلاسخارت لە ماوەی ساڵانی 2010 بۆ 2012 ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا بووە، لە 2004 بۆ 2010 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووەن وەكو نێردەی كۆمسیۆنی ئەوروپا لە ئەمیستەردام‌و لاتیڤیا كاریكردووە. 


  راپۆرت: درەو ژمارەیەك لە كوڕو كەسی نزیكی بەرپرسانی حزبی و سەربازی و وەزیر و پەرلەمانتارانی یەكێتی لە خولی دەرچوانی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالاندا بینران، 12 پاسەوانی وەزیری پێشمەرگە و تەنانەت كوڕی وەزیری رۆشنبیریش لەم كۆلێژەدا پلەی ملازمی دوویان وەرگرت، ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان و ئەوانەش تەنیا خولێكی كەمتر لە (8) مانگیان بینی هەردووكیان یەك جۆر پلەی سەربازیان وەرگرت.   دەرچوانی قەڵاچوالان  لە خولی  دەرچوانی كۆلێژی قەڵاچوالاندا كە رۆژی 22ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وێنەی كوڕو كەسە نزیكەكانی بەرپرسە حزبی و وەزیر و پەرلەمانتاران دەركەوتن،  رۆژی 22ی ئەم مانگە مەراسیمی دەرچوانی خولی (16)ی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداری لەم مەراسیمەدا كرد. لەكاتێكدا باس لە دورخستنەوەی دەستی حزب دەكرێت لەناو هێزی پێشمەرگە، رۆژێك بەر لە مەراسیمی دەرچونی خوێندكاران، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ هەر دەرچوویەكی كۆلیژی سەربازیی (دەمانچە)یەكی پێشكەش كردن.  لە خولی (16)ی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالاندا (503) خوێندكار لە هەردوو رەگەزیی (كچ‌و كوڕ) دەرچوون، (350) كەس لە دەرچووەكان ماوەی دوو ساڵی خوێندنی كۆلیژەكەیان تەواو كرد‌و بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)ی سەربازییان وەرگرت‌و پلەی (ملازمی دوو)یان پێدرا. (153) كەسی تریان تەنیا خولێكی كەمتر (8) مانگییان خوێندو هاوشێوەی ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان، پلەی (ملازمی دوو)یان خرایەسەر شان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەرەتا بەرپرسانی یەكێتی تەنیا (350) كەسیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان داخڵ كردووە، بەڵام دواتر كە زانیویانە لە سنوری پارتی (500) كەس داخڵی خولەكە كراوە، ئەوانیش ناوی (153) كەسی تریان بە پەلە داخڵ كردووە، ئەمە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا رویداوە، ئەو (153) كەسەی كە ناویان داخڵ كراوە ئەوانەن كە خولە (8) مانگییەكەیان خوێندووە.  كوڕو كەسوكاری بەرپرسان لە كۆلیژی سەربازیی  لەم خولەدا ژمارەیەك لە ئامر لیواو ئامر فەوجەكانی یەكێتی كوڕو خوشكەزارو برازای خۆیان داخڵ كردووە، بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، جگە لە وەزیری پێشمەرگە كە (12) كەسی لە سریەی پاسەوانەكانی خۆی داخڵ كردووە، لە لیستی ناو و وێنەی دەرچواندا كوڕی وەزیری رۆشنبیری‌و وەزیری دارایی بینران و پلەی (ملازمی دوو)یان وەرگرتووە.  چەندین بەرپرسی باڵای حزبی كوڕو كەسە نزیكەكانیان داخڵكردووە (درەو) زانیویەتی، پەرلەمانتارێكی یەكێتی (2) كوڕو (2) برازای لە كۆلیژەكە داخڵ كراوە.    پێوەرەكان چین ؟ سەرەتای كە دەست بە ناونوسین كراوە بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان، باسلەوە كراوە ئەوانەی وەردەگیرێن دەبێت بڕوانامەی (بەكالۆریۆس) یان (دیپلۆم) كەمتریان نەبێت، بەڵام دواتر پلەی بڕوانامە بۆ خوێندنی ناوەندی دابەزێندراوە. لە وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی ناوخۆوە قوتابی بۆ ئەم كۆلێژە نێردراوە، كەسانێكی تریش كە هێشتا لە هیچ یەكێك لەو دوو وەزارەتە دانەمەزراون لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان وەرگیراون، بەڵام ئەولەویەت دراوە بەوانەی لە بەرپرسانی حزب‌و حكومەتەوە نزیكن.  لەبارەی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالانەوە  كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە ساڵی 1992 لەلایەن جەلال  تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی دروستكراوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئەم كۆلیژە خرایە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. 


شیكاری: درەو داهاتی گشتی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بەڕێژەی لە (45%) زیادی کردووە بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی (2021). بەجۆرێک داهاتەکە زیاتر بووە لە (21 ملیار و 114 ملیۆن) دۆلار، بەڵام لە چوار مانگی دووەمی (2022) بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە (38 ملیار و 595 ملیۆن) دۆلار. هاوکات بەڕێژەی نزیکەی (11%) توانای هەناردەکردنی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2021  بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردووەتەوە (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (351 ملیۆن و 510 هەزار و 702) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 930 هەزار و 138) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (21 ملیار و 114 ملیۆن و 66 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2021 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2021) بڕی (88 ملیۆن و 922 هەزار و 697) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 868 هەزار و 474) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (53.59) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (54.77) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (1.18) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (4 ملیار و 765 ملیۆن) دۆلار. 2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2021 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2021) بڕی (82 ملیۆن و 877 هەزار و 757) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 959 هەزار و 920) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (60.49) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (62.28) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (1.78) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 13 ملیۆن و 13 هەزار) دۆلار. 3.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2021 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (91 ملیۆن و 311 هەزار و 929) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 945 هەزار و 546) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (63.37) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (65.41) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 786 ملیۆن و 536 هەزار) دۆلار. 4.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2021 پاڵپشت ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2021) بڕی (88 ملیۆن و 398 هەزار و 319) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 946 هەزار و 611) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (62.78) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (64.81) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.3) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 549 ملیۆن و 517 هەزار) دۆلار. دووەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2022  بەپێی  ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (394 ملیۆن و 46 هەزار و 525) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 285 هەزار و 226) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە نزیکەی (98) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (38 ملیار و 595 ملیۆن و 38 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (99 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 202 هەزار و 777) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (83.83) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (86.51) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.69) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 322 ملیۆن 679 هەزار) دۆلار. 2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2022 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 313 هەزار و 935) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (94.94) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (97.13) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.19) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 809 ملیۆن و 162 هەزار) دۆلار. 3.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (100 ملیۆن و 579 هەزار و 612) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 244 هەزار و 504) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (108.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (117.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (9) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 913 ملیۆن و 197 هەزار) دۆلار. 4.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2022 پاڵپشت ئامارەکانی سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 390 هەزار و 662) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 379 هەزار و 689) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (104.09) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (104.58) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (0.49) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 550 ملیۆن) دۆلار. سێیەم: بەراوردکردنی داهات و  بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی لە ساڵانی 2021 و 2022  1.    بەراوردی بڕی نەوتی هەناردەکراو وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (3514 ملیۆن و 510 هەزار و 702) بەرمیل نەوتی عێراق لە ڕێگەی کۆمۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەکە بەرزبووتەوە بۆ (394 ملیۆن و 46 هەزار و 525) بەرمیل نەوتی فرۆشراو. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی عێراق بڕی (42 ملیۆن 535 هەزار و 823) بەرمیل و بەڕێژەی (11%) زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (1)). 2.    بەراوردی نرخی نەوتی فرۆشراوی عێراق وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (60.06) دۆلار فرۆشتووە.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (97.84) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش هەر بەرملێکی نەوتی عێراق بڕی (37.78) دۆلار و بەنزیکەی (38%) بەهاکەی زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) 3.    بەراوردی داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراوی عێراق وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە بەهای (21 ملیار و 114 ملیۆن و 66 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەی داهاتەکە بەڕێژەی (45.3%)بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو گەیشتووە بە (38 ملیار و 595 ملیۆن و 38 هەزار) دۆلار.  واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی عێراق بەبەهای (17 ملیار و 480 ملیۆن و 972 هەزار) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (3)).  چارتی ژمارە (3) سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2021، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=198 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=272 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=375 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=403 ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=909 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=951 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1003 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1018  


درەو: راپۆرتی:  سەنتەری توێژینەوەی نەوەی نوێ   دەستپێک  دیاردەی خۆڵبارین ئێستا بووە بە گرفتێکی گەورەیی ژینگەیی لە عێراق و زۆر وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش، بەتایبەتی سوریا، ئوردن  ئێران و تورکیا. ئەم خۆڵبارینە دەرەنجامێکی راستەوخۆی ئەو گۆڕانی کەش و هەوایە کە بەسەر گۆی زەویدا هاتووە، بەڵام بەشێکیشی دەرەنجامی خراپ مامەڵەکردنی مرۆڤەکانە لەگەڵ ژینگەو سەرچاوەکاندا. چارەسەری ئەم کێشەیەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاریکاری هەرێمایەتی و جیهانی هەیە بۆ رێگرتن لە دەرەنجامە کارەساتبارەکانی کە دوور نیە بەشێک لەم وڵاتانە بەکەڵکی ژیانکردن نەمێنن بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانەی کەش و هەواوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران  پرۆژەی گاپی تورکیا ( دروستکردنی ٢٢ بەنداو لە سەر دیجلەو فورات)ی وەک هۆکاری ئەم خۆڵبارینە ناوبردووە، لە بەرامبەردا تورکیاش ئەمەی رەتکردۆتەوەو گرفتەکە وەک دیاردەیەکی سروشتی دەبینێت کە تورکیاشی وەک عێراق گرتۆتەوە.  راپۆرتە چەند پێشنیارێکی خستۆتەڕوو کە دەکرێپ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمیش کاری لەسەر بکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە مەترسیدارەکانی ئەم خۆڵبارینە.  خۆڵبارین چیە؟ خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی کە هەندێ جار سروشتییەو و هەندێک جاریش کردەییە، یان لە ئەنجامی کارە نا تەندروستەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت. ئەم دیاردەیە بە هۆی راماڵینی خاکەوە دروست دەبێ بە هێزی با و دواتر دەنکۆڵەکانی خاک بەرز دەبنەوە بۆ بەرگی هەوایی وتا زیاتر لە ٢ کم لە رووی زەوییەوە.  بۆ روودانی ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی سروشتی پێویستە خێرایی با زیاتر بێت لە ٢٥ کم/کاتژمێر لە شوێنی سەرچاوەوە کە زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەکو بیابانی عەرەبی و بیابانی خۆرئاوای عیراق وهەندێ جاریش لە بیابانی ئەفریقیاوە.  هۆکاری خۆڵبارین مەرج نییە خۆڵبارین تەنها لە بیابانەکانەوە سەرچاوە بگرێت چونکە زۆر جار لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دروست دەبێت. یەکەم: ئەو زەوییانەی کە دەکەونە ناوچە وشک و نیمچە ووشکەکانەوەو کە بە هۆی کەمی روپۆشی رووەکی، کەم بارانی و بەرزی پلەکانی گەرمیاوە مادەی ئۆرگانیان زۆر کەم بۆتەوەو خاکەکانیان لاوازەو بە تەواوەتی شی بوەتەوە.  بۆیە ئەم تایبەتمەندیانە وادەکەن کە خاکەکە بە ئاسانی لەگەڵ هەڵکردنی رەشەبادا بچێتە بەرگی هەواییەوە وبگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تر.   دووەم: چالاکییە ناتەندروستیەکانی مرۆڤ لەو جۆرە زەوییانە وەکو جووتکردن بە شێوەیەکی نازانستی، بە کارهێنانی ئۆتۆمبێڵ لەو زەوییانەو چالاکییە سەربازییەکان زیاتر بەشی سەرەوەی خاک شیدەکەنەوەو توشی راماڵێن دێت بە با.   بەپێی وتەی شارەزایەکی ستراتیجی و سیاساتی ئاوی، چاوەڕێ دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠، خۆڵبارین لە ٣٠٠ رۆژی ساڵەکەدا هەبێت (نزیکەی ٨٣% هەموو کات و تەمەنی مرۆڤەکان)، ئەگەر بێت و هەنگاوی پێویست نەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هۆکارانەی کە بوون بە هۆی دیاردەکە. چونکە ٧٠% زەویە کشتوکاڵیەکانی عێراق یان وێران بوون، یان لەبەردەم هەڕەشەی وێران بووندان.  شەڕو ململانێ سیاسیەکانی ناوچەکەش رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە وێرانکردنی زەویە کشتوکاڵیەکان و خێراکردنی دیاردەی بە بیابانبوون، کە هۆکارێکی سەرەکی ئەم خۆڵ بارینەن. بۆ نمونە، سوریا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە، ٢٥% ی زەویە کشتوکاڵیەکانی لە دەستداوە. بە پێی خەملاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیانی راستەوخۆی ئەم خۆڵبارینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانە ١٣ ملیار دۆلارە، زیانە ناراستەوخۆکانیشی چەندین جار زیاترە لەمە.     لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، ساڵانە خۆڵبارین لە عێراقدا هەر هەبووە کەم و زۆر، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا وڵاتەکە روبەڕوی شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆڵبارین بۆتەوە بە جۆرێک مەودای بینین لە زۆربەی شارەکانی عێراق کەمبۆتەوە بۆ ٥٠ مەتر و هەزاران کەسیشی خستۆتە نەخۆشخانەکانەوە، ئەمە جگەلەوەی کە بە دەیان ملیۆن دۆلار زیانی لە کشتوکاڵی عێراق داوە. لە عێراقدا وشک-کردنی زۆنگاوەکانی باشور لە لایەن رژێمەکەی سەدام حسێنەوە، دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیاو ئێران، کەمکردنەوەی دارستان و روپۆشە سەوزیەکان و کردنیان بە شوێنی نیشتەجێبوون وەک هۆکاری راستەوخۆیانەی دیاردەکەی باس دەکرێن. پێکهاتەی خۆڵبارین پێکهاتەی خۆڵبارین بە پێی سەرچاوەکەی دەگوڕێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەنکۆڵەکانی خۆڵ (خاک) تیرەیان ٥٠٠ مایکرۆن یا کەمترە، بە پێی کاریگەریان و رۆڵیان لە چڕی خوڵبارین وتوانای مانەوەیان لە بەرگی هەواییدا وکاریگەریان لەسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ ئەکرێتە چوار بەشەوە: ١- زۆر زبر: ئەم دەنکۆڵانە تیرەیان نزیکەی ٥٠٠ مایکرۆنەو لە بەر کێشیانەوە تا چەند سانتێمێک یا چەند مەترێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا دادەبەزنەوە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر چڕی خۆڵبارین وهەروەها لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆر کەمە یا هەر نییە.  ٢- زبر: تێرەی ئەم دەنکۆڵانە لە نێوان ١٠-٥٠٠ مایکرۆنن وتا قەبارەیان نزیک بێت لە ١٠ مایکرۆنەوە زیاتر لە بەرگە هەواییدا دەمێننەوە بەڵام مانەوەیان لە بەرگە هەوایی تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە ودواتر دادەبزنە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە بەڵام بە شێویەکی زۆر کەم. ٣- ورد: ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تیرەیان لە نێوان ٥,٢-١٠ مایکرۆنە وبۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرگی هەواییدا دەمێننەوەو کاریگەریان زۆرە لە سەر تەندروستی مرۆڤ وبە تایبەتی لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان وتوشبوون بە هەستیاری چاوو کۆئەندامی هەناسەدان.  ٤- زۆر وورد: ئەو دەنکۆڵانە دەگرێتەوە کە تیرەیان کەمترە لە ٥,٢ مایکرۆن. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە بە هەڵواسراوی لە بەرگی هەوا وهەندێ جار بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ رۆژ دەمێننەوە. وکاریگەری لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆرە ویەکێکە لە پڕمەترسیدارترین جۆرەکانی دەنکۆڵە و بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە زۆر بە ئاسانی تێکەڵ بە سوری خوێن دەبن وزۆر جار بە هۆی کرداری گۆڕینەوەی ئایۆنی (ion exchange) میتاڵە قورسەکانیان پێوەیە بۆیە  ئەمەش مەترسیەکانی خۆڵبارین بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگا زیاتر دەکاتەوە.  کاریگەرییە ژینگەییەکانی خۆڵبارین جگە لەوەی کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی رادەی بینین، لە گەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆری هەیە لە سەر هاوسەنگی نێوان تیشکی خۆر وتیشکی زەوی. کواڵیتی هەوا بە تەواوەتی دەگۆڕێت چونکە کاریگەری زۆری لە سەر رێژەی ئۆکسجین دەبێت.  لەلایەکی ترەوە، بە هۆی وردی دەنکۆڵەکانی خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەنیشنە سەر گەڵای دارو رووەک و بەروبومە کێڵگەییەکانەوە بۆیە دەبێتە هۆی داخستنی مولولەی سەر گەڵای دارەکان و پەکخستنی کرداری رۆشنەپێکهاتن و دواتر وەرینی گەڵای دارەکان وکەمکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەروبومە کێڵگەییەکان.  لەلایەکی دیکەوە، دوای نیشتنەوەیان لە سەر زەوی یا خاک دەبێتە هۆی تێکچونی پێکهاتەی خاک لە رووی کیمیاوی وفیزیاوی وبایۆڵۆجیەوە، و رێژەی میتاڵە قورسەکان لە خاک زیاد کات.  تایبەت بە سەرچاوەکانی ئاو، دیاردەی خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ زیادبوونی لێڵی ئاو و زۆر جار بە پێی خەستی خۆڵبارینەکە رێژەی ترشی وتفتی (pH)ی ئاو دەگورێت، هەروەها رێژەی میتاڵە قورسەکان لە ئاو زیاد دەکات کە هەموو ئەمانە کاریگەریان لە سەر زیندەوەرانی ناو سەرچاوەکانی ئاو دەبێت وتەنانەت کواڵێتی ئاوەکە دەگۆڕن.  کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین تایبەت بە کۆنترۆلکردنی یا کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین تەکنیکەکان دەگوڕێت بە پێی شوێنی سەرچاوە یا شوێنی هەڵکردنی خۆڵبارینەکە. رووبەری بچووک: لە روبەرە بچوکەکان پێویستە رێژەی مادەی ئۆرگانی لە نێو خاکدا زیادبکرێت، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە شێوەی زانستی و تێکەڵکردنی پاشماوەی رووەک و داری هاڕاو یا فراوانکردنی رووپۆشی رووەکی و دروستکردنی پشتوێنەی سەوز لە دەوروپشتی شارەکان.  هەندێ مادەی کیمیاویش بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو مادانە کاریگەریان لە سەر ژینگە زۆر خراپە بۆیە پێویست ناکات ئاماژەیان پێبکرێت.  رووبەری فراوان: بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین لە بیابانەکانەوە، بە هۆی فراوانی رووبەریان ئەوە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە نێوان ئەو وڵاتانەی کە خۆڵبارین کاریگەری دروستکردووە لە سەریان وەکو وڵاتانی کەنداو، عیراق، سوریا، ئێران و تورکیا و پێویستە بودجەی هاوبەشی بۆ تەرخان بکرێت بە مەبەستی ئیستغلالکردنی ئەو بیابانانە بە شێوەی زانستی. لە ئێستادا و بە هۆی کەم بارانی ووشکە ساڵی کە هۆکارێکن بۆ زیادبونی دیاردەی خۆڵبارین. ئەوەی زۆر پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە لە رووی کاریگەری خۆڵبارین لە سەر تەندروستی مرۆڤ و چۆنیەتی خۆپارێزی لەم دیاردەیە.  پێشنیاز و چارەسەر لە روی دیپلۆماسی و سیاسیەوە: یەکەم:  حکومەتی فیدراڵی عێراقی دەتوانێت لە رێگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە فشاربکات لەسەر ئێران و تورکیا بۆ بەردانەوەی بەشی پێویستی ئاوی روبارەکان. دووەم: بەدیهێنانی هاریکاری هەرێمایەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی خۆڵبارین هەنگاوێکی گرنگ و سەرەکی هەر چارەسەرێکە و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەتوانێت دەستپێشخەری بکات بۆ مەیسەرکردنی ئەم هاریکاریە لە نێوان تورکیا، ئێران، ئۆردن، سوریا، سعودیە و کۆیت.  لەرووی زانستی و تەکنیکیەوە: ئەوەی پێویستە لە بیابانەکانی عیراق پەیڕەو بکرێت بە تایبەتی لە ناوچەی بادیە (موصل)، بیابانەکانی رۆژئاوا (ئەنبار) و بیابانی سماوە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەن:  یەکەم: زۆر گرنگە لەو ناوچانەی خۆڵبارینی لێوە سەرچاوە دەگرێت (وەکو بادیەی موصڵ، بیابانی رۆژئاوا لە ئەنبار و بیابانەکانی سماوە) تەکنیکی بارانی دەستکرد – (پیتاندنی هەور) پەیڕەو بکرێت بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی شێ لە خاکدا وجێگیرکردنی. وئامادەکردنی کەشێکی گونجاو بۆ گەشەکردنی رووەکی سروشتی لەو ناوچانە.   دووەم: زیادکردنی ریژەی ماددەی ئۆرگانی لە ناو خاکی بیابانەکانی عێراق وەک پاشماوەی رووەکی وئاژەڵی وداری هاڕاوکراو. سێیەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بە درێژایی بیابانەکان و بە پێی پلانێکی تایبەت کە لە ماوەی ٥-١٠ ساڵ زیاتر نەبێت.  پێویستە لەو ناوچانەی کە ئاماژەی پێکرا پشتوێنەی سەوز بە پانتاییەکی زۆر دروستبکرێت وهەوڵبدرێت بە شێوەی کەنتۆری بێت بۆ کەمکردنەوەی جوڵەی راماڵینی خاک. چوارەم: چاندنی ئەو جۆرە دارانەی کە پێویستی بە رێژەیەکی زۆر کەم لە ئاو هەیەو بەرگەی وشکی وپلەی گەرمی بەرز ومادەی پیس دەگرێت وەکو (کالیپتۆز، صەفصاف و ئەسل). پێنجەم: ئاودێری کردنی ئەو پشتوێنە سەوزە بە ئاوی زێراب (پاشەڕۆ) دوای فلتەرکردنی بە شێوەیەکی زانستی سادە و بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێری نوێ (دڵۆپاندن یا پرشاندن) کە رێژەی بەفیرۆدانی ئاو کەم دەکاتەوە. هەروەها ئەتوانرێت بیر هەڵکەندرێت لەو بیابانانەو بە هەمان شێوە ئاوی ئەو بیرانە بە شێوەی زانستی بەکاربهێنرێت.  ئەمەش پێویستی بە گواستنەوەی پاشەڕۆی هەندێ لە شارەکانە بۆ بیابانەکان بە سیستمی کەناڵی داخراو ودروستکردنی گۆماوی دەستکرد.     شەشەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بۆ هەموو شارەکان.  حەوتەم: پەیڕەوکردنی سیستمی چاندن بە بێ کێڵان (zero tillage) لە زەوییەکشتوکاڵیەکانی هەموو ناوچەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان کە وادەکات رێژەی راماڵینی خاک کەم ببێتەوە.  ئەم تەکنیکە کاری سەرەکی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوە بەتایبەتی پێویستی بە چالاککردنی بەرێوەبەرایەتی رێنمایی کشتوکاڵی هەیە لە هەموو بەرێوەبەرایەتییە گشتیەکان.   پێشنیاز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان  یەکەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بۆ هەموو شارەکانی کوردستان بە تایبەتی گەرمیان، دەشتی هەولێر وباشوری دهۆک بە رێگەی سیستەمی دڵۆپاندن و بەکارهێنانی ئاوی زێرابی شارەکان دوای پالاوتنیان. چونکە ئەم ناوچانە زۆرترین مەترسی بەبیابانبوونیان لە سەرە. دووەم: راهێنانی جوتیاران لەسەر شێوازی نوێی کشتوکاڵکردن و پشتگیریکردنیان بۆ بە بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری زیرەک وەک دڵۆپاندن لەو ناوچانەی کە دەتوانن پشوێنەی سەوز بۆ کوردستان دروست بکەن، وەک گەرمیان، دەشتی هەولێر و باشوری دهۆک.  سێهەم: بە هەمان شێوەی بەشەکانی تری عێراق، کوردستانیش پێویستی بەو دارانە هەیە کە بە رێژەیەکی زۆر کەم لە ئاو دەوێت و بەرگەی وشکی و پلەی گەرمای بەرز ومادەی پیس دەگرێت وەک کالیپتۆز، صەفصاف و ئەسل. 


 (درەو): دوای ناردنی نامەیەك بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە دووەم هەنگاودا بۆ جێبەجێكردنی بریاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم، وەزیری نەوتی عێراق لە بەغداد باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كرد‌و دەیەوێت لەرێگەی توركیاوە هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، عێراق بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كارتێكی دژی توركیا بە دەستەوەیە كە  حوكمی دادگای پاریسە‌و یەكلابونەوەی ئەم حوكمە بڕی (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو دەخاتە ئەستۆی توركیا.  لە توركیاوە بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ دەكرێت  ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق عەلی رەزا كۆنای باڵیۆزی توركیای لە عێراق بانگهێشت كرد. بەگوێرەی هەوڵی پێگەی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری نەوتی عێراق باسی لە زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی عێراق كردووە لەرێگای بەندەری جیهانی توركی‌و چارەسەری كێشە یاساییەكان‌و پرۆژەو رێككەوتنی نوێ كردووە. خاڵی گرنگ‌و جەوهەری كۆبونەوەكە، گفتوگۆكردن بووە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نادەستوریبوونی پرۆسەی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستان. بەپێی زانیارییەكان، وەزیری نەوتی عێراق بەڕوونی پەیامێكی ئاڕاستەی توركیا كردووە لەبارەی ئەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم نایاساییەو پێویستە لیژنە پێكبهێندرێت سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێگای كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە.  وەزیری نەوتی عێراق هۆشداریشی بە باڵیۆزی توركیا داوە، ئەگەر ئەنكەرە پابەندنەبێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، ئەوا داوا یاساییەكەی 2015ی بۆ زیندوو دەكرێتەوە كە عێراق لە دادگای پاریس لە دژی توركیا تۆماریكردووە.  ئەمە دووەم هەنگاوی وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان، لە یەكەم هەنگاودا وەزیری نەوت نامەیەكی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم ناردو داوای لێكردن بێنە پێشەوە‌و لەبری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای "سۆمۆ" گرێبەستی كاركردنیان لە كێڵگە نەوتیی‌و غازییەكانی هەرێمی كوردستان نوێ بكەنەوە.  توركیا چی دەڵێ  ؟  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی توركیا‌و ئیماراتی عەرەبی ئامۆژگاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نەبێت‌و لە رادەستكردنی نەوت‌و غاز بە حكومەتی عێراق پەلە نەكات‌و كاتەكە درێژ بكاتەوە.  لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، توركیا چاوی لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئامادەیە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كۆتایی بە مامەڵەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت. حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوە‌و هەڕەشەیە لەسەر توركیا. بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوە‌و رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت. هەرێم‌و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە. كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە: •    یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان‌ نادەستورییە‌و هەڵدەوەشێندرێتەوە.  •    حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)‌و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی.  •    سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێم‌و نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكی‌و دەوڵەت‌و كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوت‌و دەرهێنانی‌و هەناردەكردن‌و فرۆشتنی ئیمزای كردووە.  •    پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراق‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوت‌و غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیان‌و دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها  پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات.  


شیكاری: درەو داهاتی گشتی نەوتی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بەڕێژەی (42%) زیادی کردووە بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی (2021). بەجۆرێک داهاتەکە لە (2 ملیار و 536 ملیۆن) دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ (4 ملیار و 341 ملیۆن) دۆلار. بەهان شێوە، ئەو داهاتەشی دوای لێدەکردنی خەرجییەکان گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم بە ڕێژەی (42%) زیادی کردووە بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی (2021). بەجۆرێک داهاتی گەڕاوە لە  (1 ملیار و 142 ملیۆن) دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ(1 ملیار و 970 ملیۆن) دۆلار.   یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2021  بەپێی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (50 ملیۆن و 644 هەزار و 230) بەرمیل نەوتی تەنها بە بۆری لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە (دوای پاککردنەوەو لێدەرکردنی خڵتەو خەوش و ئاو لەو نەوتەی هەناردە کراوە)، هەر بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیاکە ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە نزیکەی (50) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. واتە کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (2 ملیار و 536 ملیۆن و 358 هەزار و 78) دۆلار، بەڵام بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (1 ملیار و 394 ملیۆن و 149 هەزار و 925) دۆلار، بەم پێیەش (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (1 ملیار و 142 ملیۆن و 208 هەزار و 154) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت. 1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە حکومەتی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 273 هەزار و 995) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (43.45) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (54.77) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11.32) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (533 ملیۆن و 268 هەزار و 261) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (48%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (257 ملیۆن و 21 هەزار و 772) دۆلار، واتە نزیکەی (52%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (276 ملیۆن و 246 هەزار و 489) دۆلار. 2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی شوباتی 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێم لە مانگی شوباتی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 152 هەزار و 497) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (50) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (62) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (12) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (608 ملیۆن و 815 هەزار و 795) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (55%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (355 ملیۆن و 303 هەزار و 819) دۆلار، واتە نزیکەی (45%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (273 ملیۆن و 511 هەزار و 976) دۆلار. 3.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی ئازاری 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (13 ملیۆن و 18 هەزار و 30) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (65) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (12) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (691 ملیۆن و 244 هەزار و 375) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (57.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (398 ملیۆن و 252 هەزار و 151) دۆلار، واتە نزیکەی (42.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (292 ملیۆن و 992 هەزار و 223) دۆلار. 4.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی نیسانی 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (13 ملیۆن و 199 هەزار و 708) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (64) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (703 ملیۆن و 29 هەزار و 648) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (57.4%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (403 ملیۆن و 572 هەزار و 182) دۆلار، واتە نزیکەی (42.6%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (299 ملیۆن و 457 هەزار و 466) دۆلار.   دووەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە (11ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2022  بەپێی ئەو ئامارانەی لای درەو میدیایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (49 ملیۆن و 56 هەزار) بەرمیل نەوتی تەنها بە بۆری لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (88) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. واتە کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (4 ملیار و 341 ملیۆن و 348 هەزار و 280) دۆلار، بەهەمان پێوەری داتاکانی ساڵی (2021)ی کۆمپانیای دیلۆیت بە تێکڕا (54.6%)ی داهات چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت، ئەگەر هەمان ئەو بڕەش لە خەرجی بۆ مانگەکانی ساڵی (2022) بە پێوەر وەربگرین، ئەوا بڕی خەرجییەکە بریتییە لە (2 ملیار و 370 ملیۆن و 376 هەزار و 161) دۆلار، بەم پێیەش (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (1 ملیار و 970 ملیۆن و 972 هەزار و 119) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت. 1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی 2022 بەپێی زانیارییەکانی درەو حکومەتی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (12 ملیۆن و 860 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.51) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (86.51) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (971 ملیۆن و 58 هەزار و 600) دۆلار، بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە (بەهان پێوەری ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی (2021)) کە بڕەکەی بریتی دەبێت لە (530 ملیۆن و 197 هەزار و 996) دۆلار، (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (440 ملیۆن و 860 هەزار و 604) دۆلار. 2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی شوباتی 2022 بەپێی زانیارییەکان حکومەتی هەرێم لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (11 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (86.13) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (97.13) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (981 ملیۆن و 882 هەزار) دۆلار، بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (536 ملیۆن و 107 هەزار و 572) دۆلار، واتە (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (445 ملیۆن و 774 هەزار و 428) دۆلار. 3.    هات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی زانیارییەکانی درەو حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (11 ملیۆن و 180 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (100.88) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (117.70) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە نزیکەی (17) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (1 ملیار و 127 ملیۆن و 838 هەزار و 400) دۆلار، بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (614 ملیۆن و 799 هەزار و 766) دۆلار، واتە (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (512 ملیۆن و 38 هەزار و 634) دۆلار. 4.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی نیسانی 2022 باڵپشت بە زانیارییەکان حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (13 ملیۆن و 616 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (92.58) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی بەتێکڕا (104.58) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (12) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (1 ملیار و 260 ملیۆن و 569 هەزار و 280) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (615 ملیۆن و 799 هەزار و 766) دۆلار، واتە بەتێکڕا (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (572 ملیۆن و 298 هەزار و 453) دۆلار.   سێیەم: بەراوردکردنی داهات و خەرجی و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی لە ساڵانی 2021 و 2022  1.    بەراوردی بڕی نەوتی هەناردەکراو وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (50 ملیۆن و 644 هەزار و 230) بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشراوە.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەکە دابەزیوە بۆ (49 ملیۆن و 56 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشراو. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بڕی (1 ملیۆن 588 هەزار و 230) بەرمیل کەمی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (1) 2.    بەراوردی نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (49.98) دۆلار فرۆشتووە.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (88.78) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش هەر بەرملێکی نەوتی هەرێم بڕی (38.8) دۆلار بەهاکەی زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) 3.    بەراوردی داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە بەهای (2 ملیار و 536 ملیۆن و 358 هەزار و 78) دۆلار نەوتی فرۆشتووە.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەی داهاتەکە بەڕێژەی (42%)بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو گەیشتووە بە (4 ملیار و 341 ملیۆن و 348 هەزار 280) دۆلار.  واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بەبەهای (1 ملیار و 804 ملیۆن 990 هەزار و 202) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (3)). چارتی ژمارە (3) 4.    بەراوردی سافی داهاتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە بڕی (1 ملیار و 142 ملیۆن و 208 هەزار و 154) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە بۆ گەڕاوەتەوە.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەی داهاتەکە بەڕێژەی (42%)بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک سافی داهاتی نەوتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بریتی بووە لە (1 ملیار و 970 ملیۆن و 972 هەزار 119) دۆلار.  واتە سافی داهاتی نەوتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە (828 ملیۆن 763 هەزار و 965) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (4)). چارتی ژمارە (4) 5.    بەراوردی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بە گوێرەی داتاکانی دیلۆیت (وەک لە خشتەی ژمارە (1)) دا هاتبوو، کۆی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021)دا گەیشتبوو بە بڕی (1 ملیار و 394 ملیۆن و 149 هەزار و 925) دۆلاری ئەمریکی.  بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕی بڕی خەرجییەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە زۆر بەرز بووەتەوەو گەیشتووە بە بڕی (2 ملیار و 370 ملیۆن و 376 هەزار 161) دۆلار.  واتە خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بە ڕێژەی (41%) و بەبەهای (976 ملیۆن 226 هەزار و 236) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5)                                                                          سەرچاوەکان؛   1.    راپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی 1ی کانوونی دووەمی 2021 تاکو 31ی ئازاری 2021؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q1%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf 2.    راپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی 1ی نیسانی 2021 تاکو 30ی حوزەیران 2021؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q2%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf 3.    درەو میدیا، زیانە داراییەکانی فرۆشی نەوتی سەربەخۆ لە چارەکی یەکەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10123 4.    درەو میدیا، حكومەت:  داهاتی نەوت (ملیارێك و 128 ملیۆن)  دۆلار بووە؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10104 5.    ئەنوەر کەریم، داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی  نیسانی ساڵی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10230  


  راپۆرت: دره‌و تەرمی شاعیری "شیعری قاچاخ" گەیشتەوە عێراق، بەهۆی شیعرە یاخییەكانییەوە نیوەی تەمەنی خۆی لە تاراوگە بەسەر برد، مردنەكەشی جیاواز بوو، ناڕەزایەتی خەڵكی عێراقی بە دەسەڵاتداراندا تەقاندەوە، پەلاماری كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران درا، مزەفەر نەواب كێیە ؟ ئەو شاعیرەی سەددام حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركردو بۆشی دەگریا، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  مردنی مێژوویەكی تری شیعر "ئەو لە ساڵی 2005وە مردووە" نوسەرو رۆماننوسی سوری (ئیبراهیم  جەبین) بەمشێوەیە باسی لە مردنی شاعیری گەورەی عێراقی (مزەفەر نەواب) كرد.  دوێنێ هەواڵی كۆچی دوایی مزەفەر نەواب لە تەمەنی (88) ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی (شاریقە) لە ئیماراتی عەرەبی راگەیەندرا، نەواب دوای ململانێیەكی دورو درێژ لەگەڵ نەخۆشی ماڵئاوایی كرد.  ئەو بە یەكێك لە دیاترین ئەو شاعیرانەی عێراق دادەنرێت كە كاروانی شیعرییان لە پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوو دەستیپێكردووە، بەمردنی ئەم پیاوە لاپەڕەی قۆناغێكی مێژووی شیعری عێراقی هەڵدرایەوە كە نوسینی شیعر بوو بە رۆحێكی یاخیانە‌و شێوازێكی ناباو، بەوە ناسرابوو شێوازێكی دانسقەی لە نوسین‌و خوێندنەوەی شیعردا هەیە بە هەردوو شێوازی زمانی ستانداردی عەرەبی‌و زمانی ئاخاوتن، بەتایبەتیش كاتێك لەبەردەم جەماوەردا شیعرەكانی دەخوێندەوە.  ریشەیەكی ئۆرستۆكراتی مزەفەر نەواب لە یەكێك لە گەڕەكە كۆنەكانی بەغداد لە ساڵی 1934 لەدایكبووە، ئەو یەكێكە لە ئەندامانی خێزانی (نەواب) كە بەر لە داگیركردنی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە، خێزانەكەی حاكمی یەكێك لە ویلایەتەكانی هیندی باكور بوون.  خێزانەكەی بەرەنگاری داگیركاریی بەریتانییەكان بونەتەوە، ئەمە حاكمی ئینگلیزی لە خێزانەكەی توڕە كردووە، دوای لێكردوون یەكێك لە وڵاتانی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی دوربخرێنەوە، خێزانەكەی عێراقیان هەڵبژاردووە، ئیتر لە هندستانەوە بەرەو عێراق نەفی كراون، واتە لە بنەڕەتەوە نەواب خەڵكی هیندستانە.  خێزانی نەواب كە خێزانێكی دەوڵەمەندی ئۆرستۆكرات بوون، چێژیان لە مۆسیقا‌و هونەرەكان وەرگرتووە، كۆشكی خێزانەكە دوای نەفیكردنیان لەسەر روباری دیجلە بووە لە بەغداد، ئەم جێگایە شوێنی كۆبونەوەی شاعیرو هونەرمەندو سیاسەتمەداران بووە.  لە پۆلی سێی سەرەتایدا، مامۆستاكەی هەستی بە بەهرەی مزەفەر نەواب لە نوسینی شیعردا كردووە، لە قۆناغی ئامادەیدا وای لێهاتووە شیعری لە دیواربەندی خوێندنگەكەی بڵاوكردوەتەوە.  لەناو بارودۆخێكی ئابوری سەختدا ساڵی 1956 كۆلیژی ئادابی لە بەغداد تەواو كردووە، لەم ساڵانەدا باوكی توشی زیانێكی دارایی گەورە دەبێتەوە‌و هەموو سەروەت‌و سامانەكەی لەدەستدەدات، تەنانەت كۆشكە جوانەكەشی، دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ، نەواب وەكو پشكنەری هونەری لە وەزارەتی پەروەردە دامەزرێندراوە، ئەم كارە دەرفەتی ئەوەی پێدەدات هانی ئەو كەسانە بدات لەبواری مۆسیقا‌و هونەری شێوەكاریدا بەهرەیان هەیە، لە تافی لاوێتیدا نەواب چوەتە ریزی حزبی شیوعی عێراقییەوە‌و لەناو ئەم حزبەدا خەباتی كردووە. مردنی دایكی  مزەفەر نەواب یەكێك لە پاڵەوانەكانی رۆمانی (عین الشرق)ە، كە رۆماننوسی سوری ئیبراهیم جەبین نوسیویەتی‌و لە چەند بەشێكی ئەم رۆمانەدا باس لەو بەشەی ژیانی نەواب دەكات كە بۆ زۆر كەس زانراو نین، بەدیاریكراویش پەیوەندی نەواب لەگەڵ دایكیدا.  جەبین لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ سایتی (الحرە)دەڵێ" دایكی نەواب خاتونێكی بەغدادی كەم وێنە بوو، پیانۆژەن بووەو ئەو پەروەردەی كردبوو لەسەر چێژوەرگرتن لە هونەر".  جەبین كە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، لە ساڵی 1989وە دۆستایەتی لەگەڵ نەواب پەیدا كردووە، كاتێك كە نەواب لە تاراوگەی دیمەشقدا ژیانی بەسەر بردووە.  دواینجار كە نەوابی بینیوە، نەواب سكاڵای لەو شۆكە بەردەوامە كردووە كە لە ژیانیدا رویداوە‌و ئەوەش دواجار بوەتە هۆی مردنی، ئەمە بەگوێرەی قسەی جەبین كە باسلەوە دەكات، مزەفەر نەواب لەڕووی جەستەییەوە بەهێز بووە‌و زۆر بایەخی بە تەندروستی خۆی داوە، بەڵام مردنی دایكی كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لەسەر مردنەكەی.  "ئەو ساتەی كە تێیدا هەواڵی مردنی دایكی پێدەدرێت، ساتی شۆك بوو، پێشبینی مردنی ئەو ژنەی نەدەكرد". جبین باس لە یەكەمین سات دەكات كە نەواب هەواڵی مردنی دایكی پێگەیشتووە، چۆن ئەو هەواڵە دواتر كاریگەریی لەسەر دروستكردووە‌و كردوەیەتی بە كەسێكی جیاواز.  "یەكێك لە رۆژەكانی ساڵی 2005 پەیوەندی بە دایكییەوە كرد لە بەغداد بۆ ئەوەی لەبارودۆخی دڵنیا بێت، پێیان وت كەس لە ماڵەوە نییە، پرسیاری كرد بۆ كوێ رۆشتوون؟ پێیانوت بەرێگاوەن بۆ گۆڕستان، چونكە دایكی بەخاكدەسپێرن".  جەبین دەڵێ" دوای ئەم هەواڵە نەواب راستەوخۆ توشی شۆك بوو، بەپێی قسەی خۆی ئەم شۆكە لاوازترین گۆشەی جەستەی هەڵبژاردووە كە كۆئەندامی دەمارە".  دوای ئەو رووداوە خەمناكە لەسەر دڵی نەواب، دەركەوت دوچاری نەخۆشی ئیفلیجی (پاركینسۆن) بووە‌و لەوكاتەوە تا مردنی ئیفلیج بوو.  جەبین دەڵێ" ئەو لەو ساتەوە مرد، ئیتر ئەو مزەفەرە نەبوو دەمانناسی، كە مرۆڤێكی دڵخۆش بووە تەنانەت لەناو شیعرە خەمناكەكانیشیدا هەستت بە خۆشی‌و شادی‌و گەشبینی دەكرد‌و بێئومێدی بوونی نەبوو، مردنی دایكی لەناوەوە رۆحی وێران كرد".  شیعری شۆڕشگێڕانە بەهۆی مەیلی سیاسی‌و شعرە شۆڕشگێڕانەكانییەوە، نەواب زیاتر لە نیوەی ژیانی لە تاراوگە‌و دوور لە نیشتمانی دایكی بەسەر برد، لەنێوان سوریا‌و لوبنان‌و لیبیا‌و وڵاتانی تردا هاتوچۆی دەكرد.  ئەو سەردەمەی مێژووی عێراق سەردەمی كودەتاكان‌و ململانێی توندی نێوان شیوعییەكان‌و قەومییەكان بوو، كە دوای كودەتاكەی ساڵی 1963 دەستیان بەسەر حوكمدا گرت‌و دەستیان كرد بە راوەدونانی مزەفەر نەواب‌و هاوڕێكانی، ئەمە نەوابی ناچاركرد بەرەو ئێران هەڵبێت، ئەو دەیویست لەڕێگەی ئێرانەوەی خۆی بگەیەنێتە یەكێتی سۆڤیەتی جاران.  بەڵام دەزگای هەواڵگری ئێران نەوابی دەستگیركرد‌و رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراقی كردەوە، دەسەڵاتی ئەوكاتی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، دواتر سزاكەی بۆ زیندانی هەتا هەتایی كەمكردەوە.  كۆتایی 1963 نەواب چووە زیندانەوە، لەوكاتەدا شیعرە بەناوبانگەكەی (البرا‌ءة)ی نوسی، كە یەكێكە لە دیارترین نوسینەكانی، شاعیری جوانەمەرگی كورد (دڵشاد مەریوانی) ئەم شیعرەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی (شیعری پاكانە)، هونەرمەندی كۆچكردوو (حەمە جەزا) ئەم شیعرەی كردووە بە مەقام.  نەواب لە زیندانی بەدناوی "نوگرە سەلمان" زیندانی كراوە، كە لەو سەردەمەدا تایبەتكراوە بە گیراوانی سیاسی عێراق، دواتر گواستراوەتەوە بۆ زیندانی (حلە) لە پارێزگای بابل، لەوێ نەواب لەگەڵ زیندانییەكانی تردا بەشێوازێكی سەرەنجڕاكێش لەرێگەی هەڵكەندنی تونێلێكەوە،  لە زیندان هەڵاتن.  دوای هەڵاتنی لە زیندان، نەواب ماوەی (6) مانگ خۆی لە بەرچاوی خەڵك ون دەكات‌و لەناو بەغداد خۆی دەشارێتەوە، دواتر دەچێت بۆ هۆڕەكان لە باشوری عێراق‌و ماوەی ساڵێَك لەگەڵ خەڵكی جوتیارو سادەی ناوچەكەدا ژیاوە، ساڵی 1969 دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی عێراق لێبوردنێكی گشتی دەردەكەن، بەهۆی ئەم لێبوردنەوە نەواب دەگەڕێتەوە بۆسەر كارەكەی لە وەزارەتی پەروەردە، بەڵام زۆر نامێنێتەوە‌و ئیتر لێرەوە عێراق بەجێدەهێڵێت‌و لەنێوان چەند پایتەختێكی وڵاتانی عەرەبی لەوانە (بەیروت‌و دیمەشق‌و عەممان)دا هاتوچۆ دەكات.  ریل‌و حەمەد لەو ماوەیەدا كە عێراقی بەجێهێشت، نەواب یەكەمین دیوانی خۆی نوسی، دیوانەكە بە زمانی ئاخاوتنی عێراقی بوو، دیوانەكەی ناونیشانی یەكێك لە شیعرە بەناوبانگەكانی هەڵگرتبوو كە شیعری (الریل و حمد) بوو كە ساڵی 1956 دەستی بە نوسینی كردبوو لە ساڵی 1958دا تەواوی كردبوو.  لەم دیوانەی نەوابەوە بەناوبانگترین گۆرانی عێراقیی هاتنە دەرەوە كە ئەوانیش گۆرانی (الریل وحمد)‌و گۆرانی (البنفسج)ی گۆرانیبێژی ناسراوی عێراقی (یاس خزر) بوون.  نەواب زۆر بایەخی بە پاڵپشتیكردنی دۆزی فەلەستین دەدا، دەیان شیعری بۆ نوسیوە لە دیارترینیان شیعری (القدس عروس عروبتكم)ە، كە تێیدا هێرش دەكاتەسەر سەركردەكانی عەرەب، ئەمە وایكرد زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی قەدەغەیان كرد نەواب پێ بخاتە ناو خاكی وڵاتەكەیانەوە، ئیتر لێرەوە نازناوی "شاعیری شیعری قاچاخ" بەخشرا بە مزەفەر نەواب.  نەواب بەشێوازێكی تەنزئامێز رەخنەی لە كۆبونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی دەگرت، دیاترین ئەو شیعرانەی بۆ كۆبونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی نوسیویەتی بریتی بوون لە (دوامە النورس الحزین)‌و (القمە الپانیە)‌و (تكاثرت القمم).  لە دیاترین شیعرەكانی تری نەواب بریتین لە (بنفسج الچباب)‌و (فی الحانە القدیمە)‌و (قرا‌وە فی دفتر المطر)‌و (یا حزن)‌و (عائلە القطط)‌و (یا جهیمان)، سەرباری كاریگەربوونی بە بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەمەی كە تێیدا ژیاوە‌و بۆی نوسیوە، نەواب شیعری خۆشەویستیشی نوسیوە.  سەددام‌و ئەسەدر ساڵی 1968 دوای ئەوەی بەعس دەسەڵاتی لە عێراق گرتەدەست، لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیان سیاسی دەركرد، لەم ساڵەدا نەواب چاوی بە سەددام حسێن دەكەوێت كە لەوكاتەدا جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت، لەبارەی ئەم دیدارەوە، نەواب لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ چاوپێكەوتنەكە ماوەی نزیكەی دوو كاتژمێرەی خایاند لە بەغداد، لەم دیدارەدا سەددام پێی وتووە دەبێت شیوعییەكان هاوكاری بەعسییەكان بكەن، پێشنیازی وەرگرتنی پۆستێكی فەرمی بە مزەفەر نەواب داوە، بەڵام ئەو رەتیكردوەتەوە. ئیتر لێرەوە نەواب عێراقی بەجێهێشت‌و تاوەكو ساڵی 2011 نەگەڕایەوە، گەڕانەوەكەشی تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێك بوو، جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق پێشوازی لێكرد.  رۆماننوسی سوری ئیبراهیم جەبین دەڵێ، نەواب جارێك پێی وتووە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی سەددام كە لە رژێمەكەی جیابوەتەوە، بۆی باسكردووە چۆن سەددام گوێی لە شیعرە میللییەكان نەواب گرتووە‌و گریاوە.  ئاماژە بەوەدەكات" ئەم رووداوە زۆر كاریگەری لەسەر مزەفەر نەواب هەبووە، بەوپێیەی سەرسەختترین دوژمنەكانی كە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە گوێی لە كاسێتە قەدەغەكراوەكانی ئەو گرتووە لە عێراق‌و هێندە كاریگەر بووە پێی گریاوە". هەر ئەمە نییە، بەپێی قسەی جەبین، شاعیر مزەفەر نەواب هەڵوێستی لە حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سوریاش وەرگرتووە، سەرباری ئەوەی لە دیمەشق ژیاوە رەتیكردوەتەوە دیداری حافز ئەسەد بكات، ئەم كارەشی لەناو وڵاتێكدا كردووە كە رژێمێكی دیكتاتۆری حوكمی دەكات.  "نەواب میواانداریكردن‌و مانەوەی لە سوریا قبوڵكرد، بەڵام بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانكردنی كۆشكی كۆمارو دیداری ئەسەد رەتكردەوە".  جەبین باسلەوە دەكات" نەواب كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر شیعری عەرەبی بەجێهێشتووە، كاریگەرییەك كە كەمتر نییە لە كاریگەری شاعیری گەورە نزار قەبانی، رەنگە زیاتریش، چونكە ئەو لە یەككاتدا بە زمانی ستانداردو بە زمانی ئاخاوتنیش دەینوسی".  "من ئەمڕۆ خەمبار نیم بە مردنی ئەو، چونكە باش دەزانم كاریگەریی ئەو دەمێنێتەوە‌و بەردەوام دەبێت‌و زیاتر بەو كەسانە دەگات كە ناسیویانە یاخود نەیانناسیوە لە نەوەكانی داهاتوو".     


شیكاری:درەو   لەکۆی (57) بلۆکی کانزایی (نەوت و غاز)، (10) بلۆکی نەوتی و (2) بلۆکی غازی، دەکەونە سنوری ناوچەی گەرمیانەوە، کە (10) کۆمپانیای بیانی کاری پشکنین و گەڕان و هەڵکەندن بەرهەمێنانی نەوت و غاز دەکەن، ناسنامەی کۆمپانیاکان دەگەڕێتەو بۆ (6) دەوڵەتی جیاوازی بیانی.  بە گوێرەی راپۆتی دیلۆیت لە  ساڵی (2021)دا، حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا بە بەهای زیاتر لە (651) ملیۆن دۆلار نەوتی تەنها لە کێڵگەی گەرمیان فرۆشتووە، جگە لە بەرهەم و داهاتی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەرهەمی کێڵگەکانی تر. یەکەم؛ بلۆکە نەوتییەکانی سنوری گەرمیان لەکۆی (57) بلۆکی کانزایی (نەوت و غاز)، (10) بلۆکی نەوتی و (2) بلۆکی غازی، دەکەونە سنوری ناوچەی گەرمیانەوە، کە (10) کۆمپانیای بیانی کاری پشکنین و گەڕان و هەڵکەندن بەرهەمێنانی نەوت و غاز، ناسنامەی کۆمپانیاکان دەگەڕێتەو بۆ (6) جیاوازی هەریەک لە (روسیا، کەنەدا، تورکیا، ئیمارات، کۆریا و ئوسترالیا). بەم شێوەیە؛ بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)) 1.    بلۆكی باكوری سه‌نگاو: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌كه‌وێته‌ باكوری ناحیه‌ی سه‌نگاو له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، ڕووبه‌ری (492) كیلۆ مه‌تر دووجا ده‌گرێته‌وه‌ و به‌پێ ی زانیارییەکان بڕی (6.163) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه‌. پشكی ئه‌م بلۆكه‌ سه‌ته‌ر لینگ ئینه‌رجی ئه‌مریكی (40%) و ئه‌داكس هاوبه‌شی كه‌نه‌دی و سویسری (20%و20%) (كه‌ی ئێن ئۆ سی) كۆری و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ 2.    بلۆكی تۆپخانه‌: لە ناوچەی گەرمیان، ڕۆژهه‌ڵاتی ناحیه‌ی قادركه‌ره‌م و ناوچه‌ی جه‌باری ده‌گرێته‌وه‌ و ڕووبه‌ری (945) كیلۆ مه‌تر دووجایه‌، بەپێی زانیارییەکان بڕی (4) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایە سه‌ره‌ڕای بڕێكی زۆری غاز. لە ناوچەی گەرمیان، پشكه‌كانی (60%) دراوه‌ته‌ (تالیسمان ئینه‌رجی) كه‌نه‌دی ‌و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. ‌(20%) ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر. 3.    بلۆكی تازه‌: لە ناوچەی گەرمیان، به‌شێك له‌ سنووری ناحیه‌ی نه‌وجول و خۆرئاوای ناحیه‌ی قادركه‌ره‌م ده‌گرێته‌وه‌، ڕووبه‌ره‌كه‌ی (700) كیلۆمه‌تر دووجایه، پێشبینی بڕی (3) ملیار یه‌ده‌گی نه‌وت و بڕێكی زۆر غاز ده‌كرێت. پشكی (60%) دراوه‌ته‌ كۆمپانیای (ئۆیڵ سێرچ)ی ئوسترالی و پشكی (20%) دراوه‌ته‌ تۆتاڵی فه‌ڕه‌نسی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 4.    بلۆكی په‌ڵكانه‌: لە ناوچەی گەرمیان، قه‌زای دووزخورماتو ناحیه‌ی جه‌باره‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی (529) كیلۆ مه‌تر دووجایه‌، بڕی (1.58) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (60%) دراوه‌ته‌ كۆمپانیای (شاماران پیترۆلیۆم) و (20%) پشكی (پیت ئۆیڵ)ی توركیه‌ و(20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 5.    بلۆكی باشوری سه‌نگاو: لە ناوچەی گەرمیان، سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سه‌نگاو و ده‌وروبه‌ری ده‌گرێته‌وه‌ و ڕووبه‌ری (846) كیلۆ مه‌تر دووجایه‌ پێشبینی یه‌ده‌گی (2) ملیار به‌رمیل نه‌وت ده‌كرێت و بڕی یه‌ك تریلیۆن مه‌تر سێجا غازی سروشتی تێدایه. پشكی (60%)ی دراوه‌ته‌ (كه‌ی ئێن ئۆ سی)ی ‌و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. ‌(20%) ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر. 6.    بلۆكی كورده‌میر: لە ناوچەی گەرمیان، خوارووی ناحیه‌ی سه‌نگاو و باكوری قه‌زای كه‌لار ده‌گرێته‌وه‌ و تا سه‌ر ڕووباری سیروان و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (620) كیلۆمه‌تر دووجایه‌ وبڕی (5.129) ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی تێدایه. پشكی (40%)ی دراوه‌ته‌ (ویسترۆن زاگرۆس)ی كه‌نه‌دی و (40%)ی پشكی (تالیسمان ئێنێرجی) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 7.    بلۆكی گه‌رمیان: باكوری قه‌زای كه‌لارو ناحیه‌كانی باوه‌نورو سه‌رقه‌ڵاو شێخ ته‌ویل ده‌گرێته‌وه‌ و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (2120) كیلۆمه‌تر دووجایه‌، بڕی زیاتر له (4) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه‌. پشكی (40%)ی كۆمپانیای (غاز پرۆم) له‌ كۆمپانیای (تالیسمانی كڕیوه)‌ و پشكی (40%)ی دراوه‌ته‌ كۆمپانیای (ویسترۆن زاگرۆس) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ 8.    بلۆكی شاكه‌ل: لە ناوچەی گەرمیان، خواروی قه‌زای كه‌لار و ناحیه‌ی ڕزگاری و قه‌زای كفری ده‌گرێته‌وه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی (832) كیلۆمه‌تر دووجایه‌، نزیكه‌ی (2) ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی تێدایه‌. پشكی (80%)ی كۆمپانیای (غاز پرۆم) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ 9.    بلۆكی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری سیروان و ناحیه‌كانی قۆره‌توو مه‌یدان له‌ قه‌زای خانه‌قین ده‌گرێته‌وه‌ تا سنوری ئێران و ڕووبه‌ری (938) كیلۆمه‌تر دووجایه‌ و به‌ پێی ڕاپۆرتی سكۆتیا كاپیتاڵ بڕی (5.656) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. لە ناوچەی گەرمیان، كۆمپانیای (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی (60%) پشكه‌كانی له‌ كۆمپانیای (لۆنگفۆرد ئێنێرجی) كڕیوه‌ و (پیت ئۆیڵ) خاوه‌نی (20%)ی پشكه‌كانه‌و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ 10.    بلۆكی كۆرمۆر: ده‌كه‌وێته‌ ناحیه‌ی قادركه‌ره‌می سه‌ر به‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (510) كیلۆمه‌تر دووجایه، بڕی زیاتر له‌ (2 تریلیۆن) مه‌تر سێجا غازی تێدایه‌، له‌ ئێستا دا به‌ بۆڕیه‌كی (181) كیلۆمه‌تری تیره‌ (24) ئینج غاز ده‌گه‌یه‌نرێته‌ وێستگه‌ كاره‌بایه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر و دهۆك. 11.    بلۆكی چه‌مچەماڵ: له‌زێ ی بچوكه‌وه‌ تا سه‌ر ڕووباری باسه‌ڕه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ و شاری چه‌مچه‌ماڵ له‌ سه‌ر ئه‌م بلۆكه‌یه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی (1169) كیلۆمه‌تر دووجایه، جگه‌ له‌ نه‌وت كێڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی غازی تێدایه‌ كه‌ درێژیه‌كه‌ی نزیكه‌ی (80) كیلۆمه‌ترو پانی پتر له‌ (10) كیلۆمه‌تره‌ بڕی (3) تریلیۆن مه‌تر سێ جا غازی تێدایه‌،هه‌ریه‌ك له‌ دانه‌ غازو كریسنت ئۆیڵ پشكی 40%یان هه‌یه‌. 12.    بلۆكی قه‌ره‌هه‌نجیر: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌كه‌وێته‌ نێوان چه‌مچه‌ماڵ و كه‌ركوكه‌وه‌، ناوچه‌ی شوان و ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیرو ناحیه‌ی ته‌كێی جه‌باری ده‌گرێته‌وه‌ و ڕووبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی (1200) كیلۆمه‌تردووجایه، پێشبینی بڕی (5 بۆ 10) ملیار به‌رمیل نه‌وت ده‌كرێت. (80%)ی پشكه‌كانی درا بە كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبایل)ی ئه‌مریكی و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ ئەو بلۆکانەی گەیشتوون بە قۆناغی بەرهەمهێنان لە سنوری گەرمیان بلۆکی گەرمیان  ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵایی سه‌ر به‌ كفریه‌وه‌، پێکدێت لە چوار بیرە نەوت (سەرقەڵا١، سەرقەڵا٢، سەرقەڵا٣ و سەرقەڵا٤). بیری ژمارە چوار لەمانگی ئازاری (2021) تەواو بوە. به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌(پێشبینیه‌كان) حه‌وت تریلیۆن پێی سێجا گازی سروشتی له‌م بلۆكه‌ نه‌وتیه‌دا هه‌یه‌. بەپێی دواین ئامارەکان لە چارەکی یەکەمی (2022) بڕی (30 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمی بووە. بلۆکی نەوتی چیاسورخ ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناحیه‌یه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قینه‌، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا به‌شێكی زۆری ئازادكراوه‌، ئیداره‌دانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌. لەم بلۆکە نەوتیە دا ٩ بیری کۆن هەیە، كه‌ له‌ ساڵی ١٩٠٢ تا ١٩٥٤ له‌لایه‌ن (ئه‌نگلۆ-پێرژه‌ن) كه‌ كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی به‌ریتانی-ئێرانیه‌ كاری تێداكراوه‌، له‌ كۆتای ساڵی ٢٠٠٩ كۆمپانیای (GGFZ)ی چینی كاری به‌دواداگه‌رانی بۆكرد(سایزمیك)، به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیای جه‌نه‌ڵ ئینێرجی(توركی-به‌ریتانی) له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٢، بیری ژماره‌(١٠،١١،١٢) تێدا لێدراوە. یەکێک لەگرفتەکانی ئەم بلۆکە نەوتیە ئەوەیە کاری دەرهێنانی دراوە بە چەند کۆمپانیایەک کە ئەزمونیان کەمە و بە بەردەوامی گرفتیان بۆ دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتی دەرهێنانی نەوتەکەیدا ئاو و نەوت پێکەوە تێکەڵ دەبن، بەمەش تێچوی زیاتری دەوێت، دەبێت بنێردرێت بۆ پاڵاوگە بۆ جیاکردنەوەیان. بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە لە ئێستادا بەپێی زانیارییەکان لە نێوان (١٥٠٠-٢٠٠٠) هەزار بەرمیل نەوتە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا ناوه‌راستی ئه‌مساڵ به‌رهه‌می رۆژانه‌ی بگاته‌ چوار هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌. بلۆکی نەوتی کوردەمیر ده‌كه‌وێته‌ نێوان سنوری ناحیه‌ی شێخ ته‌ویلی سه‌ر به‌ كه‌لار و سه‌نگاوی سه‌ر به‌ چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌. ئەم بلۆکە نەوتیە بەرهەمی گازی لە نەوتی رەش زیاترە، پێکهاتوە لە ٦ بیرە نەوت ئەوانەش ئەمانەن: (k1, k2, k3, k4،k39،k44). لە ئێستادا قوفڵ لە بیرەکانی دراوەو کاری دەرهێنانی بۆ ناکرێت. به‌پێی سەرچاوەکانی وزە ئه‌م كێڵگه‌یه‌ (٥٤١) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت یه‌ده‌گی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك ٢ تریلیۆن پێی سێ جا غازی سروشتی هه‌یه‌. ئه‌م بلۆكه‌ نه‌وتیه‌ پێشتر له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی وێسترن زاگرۆسی كه‌نه‌دی بو كه‌ دواتر پشكه‌كانی فرۆشته‌وه‌ به‌ كۆمپانیای تالیسمان، دواتریش هه‌ردو بیره‌ نه‌وتی (k39،k44) فرۆشته‌وه‌ به‌ ریپسۆڵی ئیسپانی، كۆمپانیا ئیسپانیه‌كه‌ش بلۆكه‌كه‌ی فرۆشتوه‌ته‌وه‌ به‌ دایناسیتی پترلیۆم، كه‌ كۆمپانیایه‌كی ناوخۆییه‌ و له‌ سلێمانیه‌، به‌ڵام وه‌زیری پێشوی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشتی هه‌ورامی، واژوی كۆتای بۆ راده‌ستكردنی بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كه‌ بۆ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كه‌ نه‌كرد، كه‌ دواتر كۆمپانیای دایناستی له‌ دادگای باڵای به‌ریتانیا سكاڵای له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم تۆمار كردوه‌ و داوای ملیارێك و شه‌سه‌ت ملیۆن دۆلار ده‌كات وه‌ك قه‌ره‌بو، پاش چه‌ند جارێك دانشتنی دادگا له‌و باره‌یه‌وه‌ بریاره‌ له‌ چه‌ند مانگی داهاتو دادگایی باڵای به‌ریتانیا له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیار بدات. له‌ ئێستاشدا دوباره‌ بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كه‌ دراوه‌ته‌وه‌ كۆمپانیای ویسترن زاگرۆس.  بلۆکی نەوتی تازە پێکهاتوە لە ٣ بیرە نەوت، کاری دەرهێنان تێیدا شکستی هێناوە، چونکە نەوتەکەی لە جۆری سوێر و قورسبوە.   بلۆکی نەوتی شاکەل  ده‌كه‌وێته‌ ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵای سه‌ر به‌ قه‌زای كفری. دوای چەند ساڵێك كاركردن لێی و هەڵكەندنی سێ بیر تێیدا، سەرئەنجام گازپرۆمی روسی ساڵی ٢٠١٩ ئەو بلۆكەی رادەستی حكومەت کردەوە. ‎بلۆكی نەوتی شاكەل سێ بیری تێدا هەڵکەندرابو(شاكەلی یەك، شاكەلی دو و شاكەلی سێ) هەرسێ بیرەكەشی شكستیان هێنابو، بەپێی زانیارییەكان هۆكارەكەی خراپی كوالێتی و كەمی نەوت بوە لەو بلۆكە نەوتییەدا. به‌ پێی زانیارییه‌كان له‌ شكستهێنانی ئه‌و بیره‌ نه‌وتیانه‌دا نزیكه‌ی ١٠٠ ملیۆن دۆلار زیان به‌ر كۆمپانیای گازپرۆم و حكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوه‌، كه‌ پشكه‌كانی ئه‌و بلۆكه‌ نه‌وتیه‌ (٨٠٪)ی پشکی كۆمپانیا روسیه‌كه‌یه‌ و (٢٠٪)ی پشکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. بلۆکی کۆرمۆر هاوکات هەر لە سنوری گەرمیان کێڵگەی (کۆرمۆر) کە کێڵگەیەکی ‌غازییە لە ساڵی (2009) وە لە بەرهەم هێندانایە، ئەم کێڵگەیە کە لەلایەن کۆمپانیای (دانا گاز)ی ئیماراتییەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، لە مانگی کانونی دووەمی 2022 لە ڕایگەیاندراوێکدا کۆمپانیاکە ئەوەی ئاشکرا کرد، لە كێڵگەی (كۆرمۆر) ئاستی بەرهەمهێنانی ‏گازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452 ملیۆن) پێ سێجای ڕۆژانە.‏ وەك ئەوەی کۆمپانیاکە دەیڵێت، پلانیشیان هەیە تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە (700 ملیۆن) پێ ‏سێجای ڕۆژانە.‏ له‌ ئێستادا كێڵگه‌كه‌ سێ جۆر به‌رهه‌می هه‌یه؛ 1.    ڕۆژانه‌ (452) ملیۆن پێ سێجا (13ملیۆن مه‌تر سێجا) گازی سروشتی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له‌ ڕێگه‌ی بۆڕیه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ هه‌ردوو وێستگه‌ی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ و هه‌وڵێر. 2.    ڕۆژانه‌ بڕی (22) هه‌زار به‌رمیل كۆندێنسه‌یت به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به‌تانكه‌ر ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ وێستگه‌ی په‌مپی خورمه‌ڵه‌و تێكه‌ڵ به‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی نه‌وتی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم به‌نرخی ڕۆژ له‌ كۆمپانیاكه‌ی ده‌كڕێته‌وه‌ 3.    بڕی (1050) تۆن گازی شل LPJ به‌رهه‌م دێت و داناگاز خۆی ده‌یفرۆشێته‌وه‌ كۆمپانیا ناوخۆیه‌كان و له‌ ئێستادا كۆمپانیای ساوس كوردستان ده‌یكڕێت و ده‌یگوازێته‌وه‌. سێەم؛ داهاتی نەوتی گەرمیان لە ساڵی رابردو بە گوێرەی راپۆتی دیلۆیت لە  ساڵی (2021)دا، تێكڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (59.49) دۆلار بوە، تێكڕای نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت (70.68) دۆلارە، بەمەش هەرێم (11.19) دۆلار كەمتر لە نرخی برێنت نەوتەكەی فرۆشتوە.  بۆ ئەمەش ئەو نرخە هەژماردەکەین کە حکومەتی هەرێم نەوتەکەی پێی فرۆشتوە، لە ئەنجامدا داهاتی ساڵی رابردوی نەوتی گەرمیان  ئەگەر بە (30) هەزار بەرمیلی رۆژانەو  بە نرخی (59.49) دۆلار هەژماری بکەین، دەکاتە (1 ملیۆن و 784 هەزار و 700) دۆلاری ڕۆژانە، بە کۆی ساڵەکە دەکاتە (651 ملیۆن و 415 هەزار و 500) دۆلار، ئەم داهاتەش تەنها داهاتی نەوتی بلۆکی گەرمیانە جگە لە بەرهەم و داهاتی کێڵگەی غازی کۆرمۆر. سەرچاوەکان: 1.    د. سەفین جەلال فتح اللە، نەوتی هەرێمی کوردستان؛ شیکردنەوەیەکی جوگرافیایی سیاسی، دەزگای چاپ و پەخشی نارین، چاپی یەکەم، هەولێر 2015، ل 81-107. 2.    یه‌كه‌ی چاودێریی حكومه‌تی خۆجێی گه‌رمیان"، ڕاپۆرتێک دەربارەی "كه‌رتی نه‌وت له‌ گه‌رمیان"، 2021، گەرمیان. 3.    وریا عەبدولخالق، بلۆکی کۆرمۆر؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9701 4.    درەو میدیا؛  پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680 5.    یادگار سدیق گەڵاڵی، سەربەخۆیی دارایی و دابەشبوونی جوگرافی کێڵگەکانی نەوت وغازی هەرێم، ماڵپەڕی زەمەن؛ https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=3464 1.    The Oil and Gas Year, The Oil and Gas Year: Kurdistan Region of Iraq 2011 (KURDISTAN REGION Regional Blocks Divisions, International Journal of Business and Social Science Vol. 11 • No. 5 • May 2020. 2.    LICENCES AND ENERGY INFRASTRUCTURE, MAP 2013. http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/images/pdfs/Licences_and_energy_infrastructure_TOGY_2013_1.pdf  


راپۆرت: درەو ئەمڕۆ (5) ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تێدەپەڕێت، لەكاتێكدا بزوتنەوەكەی یادی كۆچی دوایی ئەو دەكەنەوە، حزبەكە سەری نەماوە، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندنەكەی كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی ناو بزوتنەوەكەن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.  عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەكە ئەمڕۆ چوەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا‌و تاجەگوڵینەی دانا.  زیاتر لە حەوت مانگە رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەسیان لەكاركێشاوەتەوە‌و هێشتا شوێنەكانیان پڕنەكراوەتەوە، بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی بزوتنەوەكە بڕیاردراوە تاوەكو بەر لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان سازبدرێت‌و ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە كە لە پەیكەری سیاسی بزوتنەوەكەدا دروستبووە.  چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاند‌و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد.  25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی دژایەتیكردنی "گەندەڵی" بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌و لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم.  بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (13) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكرا‌و لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان درا. خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بڕیارەكانی خۆی لە جڤاتی نیشتمانی وەردەگرێت‌و جێبەجێان دەكات.  خانەی یەكەم  تاوەكو نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندا بوو، خانەی راپەڕاندن دروست نەكرا، ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، دوای مردنی، ئەو موڵك‌و ماڵانەی كە بەناویەوە بوو، كوڕەكانی گواستیانەوە سەر ناوی خۆیان، ئەم رووداوە كاردانەوەی هەندێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە‌و وەكو "تەوریسی سیاسی"‌و "دەستگرتن بەسەر موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەكە" ناویان برد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد‌و شوێنەكەی نەوشیروان مستەفاشی بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.  یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە:  •  عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە •  عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكە‌و دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوە‌و ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات) •  جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی •  جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان •  محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان  •  شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك •  رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی دیارترین كارێك رێكخەری گشتی‌و یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردی، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروستكرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات‌و پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە‌و گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوە‌و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد. خانەی دووەم خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو. جڤاتی نیشتمانی كە خۆشی وادەی بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێكهاتەی نوێی خانە كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر بەهۆی شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەستیان لەكاركێشایەوە بەمشێوەیە بوو: •  عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان •  عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا) •  جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو قسەی هەیە لە پرۆسەی دروستكردنی دەستە كاتییەكەدا)  • دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری ژورەكان •  شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا، یەكێك لەوانە بوو كە داوای دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ببرێتە دەرەوە‌و موڵك‌و ماڵی گۆڕان لە موڵك‌و ماڵی تایبەتی نەوشیروان مستەفا جیا بكرێتەوە) •  برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك (لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كاندید بوو لە بازنەی هەولێر، بەڵام سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان)  خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بووە. كۆنفرانسی نیشتمانی بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021دا، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی 2021 دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلی‌و هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری.  ئاسۆی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی گۆڕان هێشتا لەناو گردی زەرگەتەدا دەسوڕێتەوە‌و ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە تائێستا زۆربەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ كاری سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. گۆڕان لەكاتێكدا توشی ئەم تەقینەوە ناوخۆییە بووە، كە ماوەیەكە‌و بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەكیان لەگەڵ سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەی‌و ئەوی تریان دژ، جڤاتەكەشی بۆچونی جیاوازیان هەیە لەبارەی مانەوە یاخود كشانەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەكاتێكدا جڤاتەكەی بڕیاری كشانەوەی داوە، چەند رۆژی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە بۆ پڕكردنەوەی چەند پۆستێكی تری خۆی لەناو حكومەت‌و پەرلەمان بە پلەی (راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی). 


راپۆرت: درەو  پرسیارێكی بەرهەم ساڵح لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕی نزیكەی (3 ملیار) دۆلاری پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراكدا بڕی، ئەمە گورزێكی سیاسی تری بەرهەم ساڵح بوو لە پارتی، كە بەهۆی پارتییەوە دارایی حكومەتی هەرێمیش زیانی بەركەوت، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  گورزێكی دارایی لە حكومەتی هەرێم دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە‌و تانە لە بڕیارەكانی نادرێت، دوێنێ گورزێكی تری لە هاوپەیمانی سێقۆڵیی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) وەشاند.  دادگا پرۆژە یاسای (پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك‌و گەشەپێدان) رەتكردەوە، ئەم پرۆژە یاسایە حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی پێشكەشی پەرلەمانی كردبوو، ماوەی نزیكەی دوو مانگ بوو خرابووە بەردەم پەرلەمان، هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) پاڵپشتی دەكرد. پرۆژە یاسایەكە لەبری یاسای بودجە بوو بۆ حكومەتی مستەفا كازمی، حكومەتێك كە ماوەی (7) مانگە بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕێوەدەچێت‌و رەنگە بەهۆی پێكنەهێنانی كابینەی نوێ حكومەتەوە تەمەنی لەمە زیاتریش درێژببێتەوە.  ئەم پرۆژە یاسایە كە دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە، بڕی (35 ترلیۆن) دینار واتە نزیكەی (20 ملیار) دۆلاری بۆ حكومەتی كازمی تەرخان كردبوو، بۆئەوەی لە نەبوونی یاسای بودجەدا بەم پارەیە كاروباری وڵات بەڕێوەببات، بەڵام دوێنێ دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نوسراوێكدا كە سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح لەبارەی لێكدانەوەی دەستەواژەی (حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە) ئاڕاستەی كردبوو، قسەی خۆی كردو وتی" حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نییە پرۆژە یاسا پێشكەش بكات".  بەرهەم ساڵح كە بارودۆخی سیاسی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەناچاری كردویەتی بە هاوپەیمانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رۆڵی هەبوو لەوەی ئەمجارەش لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری شیعه‌، گورزێكی تر لە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بەهۆی پارتیشەوە لە بودجەی حكومەتی هەرێم بدرێت، چونكە بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، لە كۆی نزیكەی (20 ملیار) دۆلارەكەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك، بڕی نزیكەی (3 ملیار) دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبوو، ئەمە چوارچێوەیەكی یاسایی باش بوو بۆ حكومەتی مەسرور بارزانی لە حاڵی نەبوونی یاسای بودجەی گشتی عێراق‌و ناكۆكییەكان لەبارەی ناردن یاخود نەناردنی (200 ملیار) دۆلارەكەی بەغداد، سود لەو بڕە پارەیە وەربگرێت.   چوارچێوەی هەماهەنگی دژ بوون ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح  فەیاز، عەبادی، حەكیم) بوو، چونكە ئەوان بەدیاریكراویش مالیكی دژی پرۆژە یاساكە بوون، دەیانوت پرۆژە یاساكە بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتییە‌و بەدیلێكی (نەگونجاو)ە بۆ پرۆژە یاسای بودجە.  مالیكی كە خۆی لە بنەڕەتەوە لەگەڵ حكومەتی كازمی ناكۆك بوو، لەبارەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراكەوە رایگەیاند، بەهۆی لێكەوتەكانی جەنگی روسیاو ئۆكرانیاوە جیهان روبەڕووی قەیرانی مادە خۆراكییە بنەڕەتییەكان بوەتەوە، عێراق لەو وڵاتانەیە كە بەهۆی كەمبونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵییەوە كاریگەریی ئەم بارودۆخەی كەوتوەتەسەر، بەڵام ئەم داواكارییە رەوایە نابێت ببێتە هۆی سەرپێچی یاسایی‌و دەستوریی". بە بڕوای مالیكی، حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی لەبری ئەوەی بەپێچەوانەی دەستورەوە پرۆژە یاسا پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ چارەسەری قەیرانی خۆراك، دەبوو هاوشێوەی حكومەتەكانی پێشتری بكردایە، چونكە بەوتەی ئەو حكومەتەكانی پێشتر كە سەركەوتوو نەبوون لە تێپەڕاندنی یاسای بودجە، پەنایان بۆ رێگەچارەیەكی یاسایی‌و دەستوری بردووە كە وەرگرتنی سولفەیە لە وەزارەتی دارایی، واتە بە قسەی مالیكی دەبێت كازمی پەنا بۆ وەرگرتنی سولفە ببات لە وەزارەتی دارایی بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی ماددە خۆراكییەكان.  چارەنوسی پرۆسەی سیاسی چارەنوسی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەنادیاری ماوەتەوە، ئاسۆی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت بەهۆی دابەشبوونی ماڵی شیعە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، هێشتا نادیارە. ناكۆكی (سەدر)‌و لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) نەك تەنیا ماڵی شیعە، مالیكی كورد‌و سوننە‌و تەنانەت پەرلەمانتارانی سەربەخۆشی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا.  هەردوو بەرەكە (سەدر)‌و (چوارچێوەی هەماهەنگیی) هیچ یەكێكیان بە تەنیا‌و بەبێ ئەوەی تر ناتوانێت كوتلەی گەورەی پەرلەمان پێكهبێنێت‌و لەم رێگەشەوە پۆستی سەرۆك كۆمار پڕ بكاتەوە‌و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێبكات. دوای (7) مانگ مشتومڕو راكێشانی دادگای فیدراڵی بۆ ناو ناكۆكییە سیاسییەكان، هەردوو بەرەكە ئێستا گرەوی سیاسی خۆیان داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆ‌و داوا لە سەربەخۆكان دەكەن حكومەت پێكبهێنن، سەربەخۆكانیش كە ژمارەیان نزیكەی (40) پەرلەمانتارە، لەناو خۆیاندا دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا.  سەدر داوای "حكومەتی زۆرینە"‌و چوارچێوەی هەماهەنگیش هێشتا لەسەر قسەی خۆی "حكومەتی تەوافوقی" سورە، هەردوو جەمسەرەكە دەستپێشخەریی خۆیان بۆ چارەسەری "بنبەستی سیاسی" خستوەتەڕوو، بە هەندێك جیاوازییەوە هەردوولا جڵەوی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان لە پێكهاتەی شیعە داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆی پێكهاتەی شیعە، سەربەخۆكانیش دوێنێ دەستپێشخەری خۆیان راگەیاند‌و داوای پێكهێنانی كوتلەی گەورەی پەرلەمان لە هەردوو جەمسەرە ناكۆكەكە دەكەن، لەم حاڵەتەدا ئامادەییان نیشانداوە كاندیدێكی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكەن.  لەكاتێكدا سەربەخۆكان دەستپێشخەریی خۆیان راگەیاند، سەدر لە هەنگاوێكی كتوپڕدا‌و لە تویتێكدا رایگەیاند، بۆ ماوەی (30) رۆژ دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن، ئەمجارەیان نەك هەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی وەكو نەیاری سیاسی، بەڵكو دەرفەتی بە هاوپەیمانەكانیشی (بارزانی‌و حەلبوسی) داوە لەم ماوەیەدا هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن.       سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقە، ئەمە جاری سێیەمە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەگرێت، جاری یەكەم لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا بوو، وەكو خۆی وتی لەو مانگەدا دەرفەتی دایە لایەنەكانی چوارچێوە بۆ ئەوەی حكومەت دروست بكەن، دەرفەتی دووەمیشی ئەو دەستپێشخەرییە بوو كە بەمدواییە كردی‌و دەرفەتی پێكهێنانی حكومەتی دایەدەست سەربەخۆكان، دەرفەتی سێیەمیشی كە دوێنێ رایگەیاند، بۆ هاوپەیمانەكانی (بارزانی‌و حەلبوسی)یە.  لە هەرسێ دەرفەتەكەیدا، سەدر خۆی لە دەرەوەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت داناوە‌و ئۆپۆزسیۆنبوونی هەڵبژاردووە، ئەمەیە وایكردووە عێراق لە بنبەستی سیاسی دەرنەچێت.  دوای حەوت مانگ ناكۆكی ناو ماڵی شیعە‌و دواكەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق، وا دەردەكەوێت لە بنەڕەتەوە كێشە گەورەكە پەیوەندی بە ناكۆكی تایبەتی نێوان سەدرو مالیكییەوە هەبێت، ئەم ناكۆكییە ئێستا بەجۆرێك گەورە بووە كە دەرفەتی دەستوەردانی زیاتری بۆ وڵاتانی ناوچەكە كردوەتەوە.   سەدر سەرباری ئەوەی داوای حكومەتی "زۆرینە" دەكات، بەڵام لە حەوت مانگی رابردوودا دەرفەتی بۆ بەشداریكردنی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان  لە حكومەت كردوەتەوە جگە لە (نوری مالیكی)، مالیكی كە براوەی یەكەمی ناو دۆڕاوەكان بوو لە دواین هەڵبژاردندا، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە سەركەوتوو بوو لەوەی جڵەوی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە سەدرو هاوپەیمانەكانی بسەنێتەوە.  بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، عێراقی توشی بنبەستی سیاسی كرد، دیاریكردنی دوو لەسەر سێی وەكو نیساب بۆ دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، یەك لەسەر سێی پەكخەری لەناو پەرلەمانی عێراقدا كارا كرد، تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتار هەیە لە كۆی 329 پەرلەمانتار، چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆكایەتی مالیكی 110 كورسی پەرلەمانی كۆكردەوە‌و بە یەك لەسەر سێی پەكخەر، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری پەكخست.  بەگوێرەی دەستوری عێراق، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە دەستپێدەكات، مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی لە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە هەنگاوەكانی سەدریان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگرت.  پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی نەریتی دوای روخانی رژێمی سەددام پشكی كوردە، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئەم پۆستە، كوردی دابەشكرد بەسەر دوو جەمسەرە ناكۆكەكەی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی لەبەرەی سەدرو یەكێتیش لە بەرەی مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی. رێككەوتنی پارتی لەگەڵ سەدر رێككەوتنێكی نوسراوە كە زامنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات بۆ پارتی، بەڵام یەكێتی رێككەوتنی زارەكی لەگەڵ مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی هەیە‌و هیچ زەمانەتێكی بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار وەرنەگرتووە. سەرباری ئەوەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری راگرتووە، بەڵام مالیكی دەڵێ بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلانابێتەوە.  بنبەستی سیاسی لە عێراق رەهەندی ناوچەیشی وەرگرتووە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هاوپەیمانەكانیان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، سەدرو هاوپەیمانەكانیشی بەوە تۆمەتبار دەكرێن پرۆژەی توركیا‌و ئیماراتی عەرەبین.   


وەرگێڕانی/ ئەنوەر کەریم  راپۆرتی/ بلومبێرگ کۆمپانیا گەورەکانی نەوت خەرجیەکانیان لەوەبەرهێنەراندا دەکەن نەک لە زیادکردنی بەرهەمدا، بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت بە بەرزی دەمێنێتەوە.  هەرچەندە کۆمپانیا گەورەکان لە سەر بڕێکی زۆری پارە دانیشتون بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە، بەڵام قازانجەکانیان  لەوەبەرهینانی نەوتدا ناکەن تا بتوانن جێگای  نەوت و سووتەمەنی روسیا پڕبکەنەوە وەک جێگرەوەیەک. بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکان پاداشتی پشک هەڵگرەکانیان ئەکەن، بەمەش جیهان  ئامادە دەکەن  بۆ  کەمبوونەوەی خستنەڕوی نەوت بۆ چەند ساڵی داهاتوو. پێنج کۆمپانیا گەورەکەی نەوتی جیهان دەستکەوتەکەیان  ( 36.6) ملیار دۆلار بووە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، واتە ( 400) ملیۆن دۆلاری  زیادەی  ڕۆژانە کە ئەوەش دووەمین گەورەترین دەستکەوتە لە وەرزێکدا لە مێژوودا سەرەڕای ئەو زیانەی لێییانکەوتوە بەهۆی هاتنە دەرەوەیان لە روسیا  کە بە بەهای زیانەکەیان ملیاران دۆلارە.  بەرزی نرخی نەوت وادەکات  کە  گەڕان و پشکنین زیاد بکات بەدوای نەوتدا  بەڵام ئەمجارە وانیە، هەر پێنج کۆمپانیا گەورەکە ئەمجارە خەریکی پاشەکەوتکردنی بودجەی خەرجیەکانی ساڵانەیانن  بەناوی ئەوەی  کە دەیانەوێت  دیسپلینی خۆیان بکەن لە  خەرجکردندا بۆ ساڵانی داهاتوو.  لەوکاتەوە نرخی نەوت لەسەروو (100) دۆلار ماوەتەوە لە  دوای پێنج رۆژ  کە روسیا  وڵاتی لە مانگی  شوباتی ئەمساڵەوە ئۆکرانیای داگیرکردوە. لە کاتێکدا کە بەرهەمهێنان لە بیری نەوتدا بەشێوەیەکی سروشتی  کەمدەکات  لە دەرهینانی نەوت. ساڵانە وە دەستپێشخەری زۆر و وەبەرهینانی زۆری ئەوێت و کاتی زۆری ئەوێت تا بەرهەم دەگەیەنرێتەوە دۆخی پێشوو.   لەم  دۆخەی ئێستادا کە نرخ  لە رادەبەدەر بەرزە. لەوانەیە  کۆمپانیا گەورەکان بیانەویت لە ئاوی دەریاکاندا وەبەرهینان بکەن کە  چەند ساڵێکی دەوێت تا بگەنە بەرهەم، ئەم بوچونە لە ئیستاداهەڵەیە .  پێشتر و لە ساڵی (2013) کە نرخی نەوت بۆ ماوەیەک لە  سەرو (100) دۆلاوە بوو، خەرجکرکردنی سەرمایەکانی ئەم کۆمپانیانە ( 158.7) ملیار  دۆلار بوو،  بە گریمانەی  دوو ئەوندەی  ئیستا بوە کە  کۆمپانیاکان خەرجیانکردوە  بە پێێ زانیاریەکانی بلومبێڕگ.  گروپی کۆپمپانیا گەورەکان کە بریتین لە کۆمپانیای (شێڵ) و ( تۆتاڵ ) و ( بی پی) ئەم سێ کۆمپانیایە  دیسپلینیان کردوە بە بە بڕیاری رۆژانەیان.  بەڕێوبەری دارایی کۆمپانیای ( بی پی) لە کۆبونەوەیەکدا  بە ئامادەبوانی ووت  بودجەی (12) مانگی داهاتوومان ( 14-15) ملیار دۆلار نیە. پلانیكی (16) ملیار دۆلاریان داناوە لەسەری  ئەڕۆین بە هێواشی سەرەڕای ئەوەی هەڵائاوسانی ئابوری بەڕێژەی 10 بەرزبۆتەوە، کۆمپانیای (شێڵ) کە زۆرترین قازانجی  تۆمارکردوە کە لەسەروو پێشیینی بەرزترین شیکەرەوەی دارایی بوو،  بەڕێوبەرە دارایەکەی ووتی: ئەو (23-27) ملیار دۆلارە کە دانراوە بۆ درێژەپێدانی  کارکردن کات دیارینەکراوە تا بگۆڕێ بڕیارێکی تازەمان دەرنەکردوە لە   چوارچێوەی  کارکردندا.  کۆمپانیاکان بڕیاریانداوە پاداشتی  خاوەن پشکەەکانیان بکەن وەک جێگرەوەیەک بۆ خەرجکردن دوای ئەوەی چەندین ساڵە نرخی نەوت بەرزنەبوەتەوە، کۆمپانیای (ئێكسۆن و بی پی و تۆتاڵ) ئێستا سەرقاڵی کڕینەوەی پشکەکانی کۆمانیاکانیانی خۆیانن، هەروەها کۆمپانیای شێڤرۆن خەریکی کڕینەوەی خەزانەکانە.    رونەکردنەوەی کۆمپانیاکان ئەوەیە کە بژاردەی خەرجنەکردنی پارەی گەورەیان داوە، هۆکارە سەرەکیەکشی دەگەڕێتەوە بۆ چالاکوانی ژینگە و سیاسیەکان و گومان لە سەر خواست بۆ نەوت  لە چەند ساڵی داهاتودا،  هەرچەندە ( بی پی) و(شێڵ)  چالاکانە خۆیان قایمکردوە تا دوربکەونەوە لەم جۆرە سوتەمەنیەی نەوتی ژێرزەوی  لە دەیەکانی پێشوودا سترێسی زۆری دروستکردوە بۆ کۆمپانیاکان  بەهۆی نرخەوە.  هەموو سوربوون و ئامادەبوونێک بۆ زیادکردنی بەرهەم و خەرجکردنی سەرمایە  لەوانەیە سەرمایەکەیان بخاتە ناو سەرکێشییەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەمە ووتەی (جەیسن کێنی) شیکەرەوەی بانکی ( بانکۆ سانتەندەر).   گۆڕینی کەشوهەوا  و پێشکەوتن و گەشەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وە گوێدان بە پیسبوونی  ژینگە  هۆکاری سەرەکیە بۆ ئەوەی بە ملیارەها دۆلار خەرجنەکرێت و سەرکێشی نەکرێت لە کێڵگە تازەکاندا.  سەرەڕای  ئەو هەموو ئاڵنگارییە، پارە خەرجکردن لە کەرتی (upstream)   واتە گەڕان و پشکنین و  هەڵکەندن لە ساڵی (2020) دا  بەڕێژەی (30%) دابەزیوە، لە کاتێكدا  کە لە 12 مانگی رابردوودا 341 ملیار دۆلار خەرجکراوە ،    بەڵام لە پێش   پەتای کۆڤیدەوە  بەڕێژەی 23%  کەمیکردوە، بە پێد راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان .  جۆزێف ماک مۆنیگڵ سکرتیری   ( IEF)  پێیوایە، ماوەی دو ساڵ بەبەردەوامی وەبەرهینانی کەم و گەشەپێنەدان لە نەوت و سووتەمەنیدا، ئەبیتە هۆی  ئەوەی بەرەو نرخی بەرزو گرانی و بەرزبوون و دابەزینی زۆر لە کۆتای ئەم دەیەدا تووشمان ببێت. جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا  لە کۆمپانیاکانی نەوت دەپاڕێتەوە ئەو قازانجەی کە کردویانە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا  وەبەر‌هێنانی پێوە بکەن بۆ زیادکردنی بەرهەم بۆ ئەوەی  باری قورسی سەر  شانی خەڵک کەمببێتەوە بەرامبەر بەرزی نرخی نەوت رویداوە بەهۆی ئەو کەمبونەوەی کە لە نەوتی رووسیادا، بەڵام هەندێ لە سیاسییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا پێیانوایە باجی زیاتر بخەنەسەر کۆمپانیاکان بۆ ئەوی باری شانی خەڵك سوکتر بێت.  https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-05-07/big-oil-spends-on-investors-not-output-prolonging-crude-crunch  


 (درەو):  شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان بە سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی هەڵبژێردرا، ئاژانسی هەواڵەكانی ئیمارات (وام) ئەم هەواڵەی راگەیاند.  بەپێی قسەی ئاژانسەكە، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ، ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ محەمەدبن زاید ئال نهەیانی بە سەرۆك هەڵبژاردووە.  ئەمە دوای رۆژێك دێت لە مردنی شێخ خەلیفە بن زاید ئال نهەیان كە لە ساڵی 2004وە سەرۆكایەتی ئیماراتی دەكرد.  لە ئیمارات وەزارەتێك هەیە بەناوی (وەزارەتی كاروباری سەرۆكایەتی)، ئەم وەزارەتە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە هەڵبژاردنی محەمەد بن زاید ئال نهەیان وەكو سەرۆكی وڵات بەگوێرەی ماددەی (51)ی دەستوری ئیمارات بووە.  لەبارەی سەرۆكی كۆچكردوو دوێنێ شێخ خەلیفە بن زاید ئال نهەیان سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.  وەزارەتی كاروباری سەرۆكایەتی ئیمارات، كە هەواڵی مردنی سەرۆكی ئاشكراكرد، پرسەی فەرمی لە وڵات راگەیاند، فەرمانیدا ئاڵای وڵات بۆ ماوەی (40) رۆژ دابگیرێت، ماوەی سێ رۆژ دەوامی فەرمانگەكانی دەوڵەتیش كرا بە پشوو.  شێخ خەلیفە بن زاید دووەم سەرۆك بوو لە مێژووی ئیماراتی عەرەبیدا، 16هەمین حاكم بوو لە مێژووی ئەمارەتی ئەبوزەبی، كە گەورەترین ئەمارەت لەناو (7) ئەمارەتەكەدا كە پێكەوە ئیماراتە فیدراڵەكانیان پێكدەهێنن.  ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2004 شێخ خەلیفەی وەكو سەرۆكی ئیمارات هەڵبژارد، ئەمەش دوای مردنی باوكی (شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهەیان) كە لە ساڵی 1971دا دەوڵەتەكەی دروستكرد.  خەلیفە بن زاید ساڵی 1948 لە شاری (عەین)ی ئەمارەت ئەبوزەبی لەدایكبووە، كوڕە گەورەی شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهەیان بووە‌و جێنشینی باوكی بووە، لەشاری (عەین)‌و لە خوێندنگەی (نەهەیانییە) كە باوكی دروستكردووە، خوێندنی بنەڕەتی تەواو كردووە.  یەكەمین پۆست كە وەریگرتووە پۆستی (نوێنەری حاكمی ئەبوزەبی بووە لە ناوچەی خۆرهەڵات‌و سەرۆكی دادگاكان بووە لەم ناوچەیەدا)، ئەمە لە ساڵی 1966دا بووە كە ئەوكات هێشتا تەمەنی 19 ساڵی تەواو نەكردووە.  لە 1ی شوباتی 1969دا بووە بە جێنشینی ئیمارەتی ئەبوزەبی، لەو كاتەدا تەمەنی 21 ساڵ بووە‌و دوای رۆژێك دواتر پۆستی سەرۆكایەتی فەرمانگەی بەرگریی لە ئەمارەتی ئەبوزەبی وەرگرتووە، یەكێك لە ئەركەكانی ئەم پۆستە سەرپەرەشتیكردنی هێزی بەرگریی ئەمارەتەكە بووە، كە ئەم هێزە دواتر بووە بە بناغە بۆ دروستكردنی سوپای ئیماراتی عەرەبی.  1ی تەموزی 1971 شێخ خەلیفە سەرۆكایەتی یەكەمین ئەنجومەنی وەزیرانی لە ئەمارەتی ئەبوزەبی وەرگرتووە، لەپاڵ ئەمەشدا هەرددوو پۆستی وەزارەتی بەرگری‌و دارایی لای خۆی بووە.  دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی لە كانونی یەكەمی 1971دا، لە كانونی یەكەمی 1973دا حكومەتی فیدراڵی ئیمارات دروستكراوە، لەم حكومەتەشدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران دراوە بە شێخ خەلیفە، ئەمە لەپاڵ ئەو پۆست‌و بەرپرسیارێتییە خۆجێیانەی تر كە هەیبووە.  20ی شوباتی 1974 دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی خۆجێی، شێخ خەلیفە بووە بە یەكەمین سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە شوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمارەتەكەی.  بەوپێیەی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن بووە لە ئەمارەتی ئەبوزەبی، شێخ خەلیفە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای پترۆڵیشی وەرگرتووە، كە بەرپرسیارێتی پیشەسازی نەوتی لە ئەمارەتەكە‌و پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان دەكەوێتە ئەستۆ.  لەپاڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردندا، شێخ خەلیفە ساڵی 1976 دەزگای ئەبوزەبی بۆ وەبەرهێنان دروستكردووە كە سەرپەرەشتی بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی دارایی دەكات لە ئەمارەتەكەدا‌و خۆی بووە بە سەرۆكی ئەم دەزگایە.  ئایاری 1976 دوای یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی هەر حەوت ئەمارەتەكە لەژێر یەك فەرماندەیی‌و یەك ئاڵادا، شێخ خەلیفە بووە بە جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی.  شێخ خەلیفە بۆ چەند كاتێكیش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سندوقی دراوی عەرەبی‌و پۆستی نوێنەری ئیماراتی عەرەبی لە دەستەی عەرەبی بۆ پیشەسازی سەربازیی وەرگرتووە.  لە دیارترین دەستكەوتەكانی سەرۆكی كۆچكردووی ئیمارات دروستكردنی فەرمانگەی خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی‌و بینا بازرگانییەكانە لە ساڵی 1981دا كە بە "لیژنەی شێخ خەلیفە" ناسراوە، ئەم دەزگایە رۆڵی هەبووە لە دابەشكردنی سامانی وڵات بەسەر هاوڵاتیاندا لە ئەمارەتی ئەبوزەبی، ئەمەش لەرێگەی پێدانی پارە بەبێ وەرگرتنی سود بۆ دروستكردنی بینای بازرگانی كە داهاتی وەرزیی بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە رۆڵی بینیوە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان لە پرۆسەی رابوونی بیناسازی ئەمارەتەكەدا. لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ گەشەپێدانی ژێرخان‌و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ئیماراتی عەرەبیدا، شێخ خەلیفە لەوانە بووە كە پاڵپشتی بنیادنانی بەرزترین بورجی كردووە لە وڵاتەكەیدا كە (بورجی خەلیفە)یە‌و بەرزترین بینایە كە مرۆڤ دروستی كردبێت‌و بەرزییەكەی (828 مەتر)ە، ئەم بورجە بەر لە مانگێك لە مردنی باوكی شێخ خەلیفە لە (2004) دەست بە دروستكردنی كرا‌و لە سەرەتای 2010دا تەواوكراو بەڕووی گەشتیاراندا كرایەوە.  لەبواری كۆمەڵایەتی‌و مرۆییدا، شێخ  خەلیفە ساڵی 2007 دامەزراوەی خەلیفە بن زاید ئال نەهەیان-ی بۆ كاروباری مرۆیی دروستكردووە، كە خەرجی چارەسەری پزیشكی‌و خوێندن‌و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە‌و خۆراكی بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت لە چەند ناوچەیەكی جیهان لەئەستۆ گرتووە.  شێخ خەلیفە لەوانە بووە كە بایەخێكی تایبەتی بە پاراستنی ژینگە داوە، یەكەمین وەزیری ژینگە لە  دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا لەلایەن ئەوەوە دانراوە.  سەرباری ئەمە، شێخ خەلیفە مافی ئەوەی بە ژنانی ئیماراتی داوە ئەگەر هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوی بیانیدا كرد، رەگەزنامە بە منداڵەكانیان بدات كاتێك دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن، هەر لە سەردەمی ئەو پیاوەدا یەكەمین ژن بووە بەئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی فیدڕاڵی ئیمارات واتە پەرلەمانی ئیمارات.  شێخ خەلیفە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی فیدراڵی (پەرلەمان) هەمواركرد، وای لێكرد نیوەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە كە ژمارەی ئەندامەكانی (40) كەسە بە هەڵبژاردن دابنرێن‌و نیوەكەی تری دابنرێن.  بەڵام شێخ خەلیفە دەسەڵاتی زیاتر لە دەسەڵاتی راوێژكاریی بە ئەنجومەنی نیشتمانی (پەرلەمان) نەبەخشی، ئەمە وایكردووە هەندێك رەخنە لە چاكسازییەكانی بگرن لەم بوارەدا‌و تاڕەدەیەك بە چاكسازی روكەش لەبواری دیموكراتیەتی حوكمڕانیدا ناوی ببەن.  كانونی دووەمی 2014 شێخ خەلیفە دوچاری جەڵتەی مێشك بووە، بەهۆیەوە نەشتەرگەریی بۆ كراو نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بوو، بەڵام  لەوكاتەوە دەركەوتنی لە بوارە گشتییەكاندا وەكو سەرۆك دەوڵەت كەمبووەوە، زۆرینەی كاروبارەكانی خۆی رادەستی محەمەد بن زاید ئال نهەیانی برای كرد كە جێنشینی ئەبوزەبی بوو.  شێخ خەلیفە ساڵی 1964 هاوسەرگیری لەگەڵ (شەمسەی كچی شوهێل مەزروعی)دا كردووە‌و دوو كوڕو شەش كچان هەیە.  یەكێك لە دەوڵەمەندترین سەرۆكەكان سەروەت‌و سامانی شێخ خەلیفە بەنزیكەی (18 ملیار) دۆلار ئەژماردەكرێت‌و چوارەمین سه‌رۆكه‌ دەوڵەمەندەكانه‌ لەسەر ئاستی جیهان.  سەرۆكی كۆچكردووی ئیمارات خاوەنی گەورەترین یەختە لە جیهاندا  كە ناوی یەختی "عەزام"ە‌و درێژییەكەی نزیكەی (180 مەتر)ەو دروستكردنی ئەم یەختە ماوەی چوار ساڵی خایاندووە‌و بڕی (نیو ملیار) دۆلاری تێچووە، خەرجی ساڵانەی ئەم یەختە نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلارە، لەسەر ڕووی یەختەكە‌و لەناویدا مەلەوانگە هەیە، ئەمە لەپاڵ شوێنی نیشتنەوەی هێلیكۆپتەر.  ئۆكتۆبەری 2020 رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی هەندێك بەڵگەنامەی  بڵاویكردەوە كە نیشانی دەدات شێخ خەلیفە خاوەنی ئیمپراتۆریەتی خانوبەرەیە لە بەریتانیا، بەجۆرێك لەوكاتەدا بەهای ئەو موڵك‌و ماڵانە گەیشتوەتە زیاتر لە (5 ملیار) جونەیهی ئەستەرلینی، لەناو خێزانی شێخ خەلیفەدا ناكۆكی هەیە لەبارەی ئەم موڵك‌و ماڵانەوە.  راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، هەگبەی خانوبەرە تایبەتییەكانی شێخ خەلیفە، كە هەندێكیان دەكەوێتە گرانترین گەڕەكەكانی لەندەن، زیاتر خانووی بازرگانی‌و نیشتەجێبوونی كوالیتی بەرزن.  شیكاری تۆماری خانوبەرە نیشانی دەدات شێخ خەلیفە خاوەنی نزیكەی 170 موڵكی بازرگانی‌و تایبەتە، كە بریتین لە كۆشكێكی چەپەك لەنزیك ریچمۆند پارك بۆ ژمارەیەكی زۆر بینای ئۆفێسی سەردەمیانە لە لەندەن كە بەكرێ دەدرێن بە سندوق‌و بانكە وەبەرهێنەكان، كرێی ساڵانەی ئەم  موڵكانە دەگاتە (160 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی.  سەرچاوە: بی بی سی  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand