(درەو): دواجار توركیا وەكو ئەندامێكی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، رەزامەندی نیشاندا لەسەر وەرگرتنی (سوید)و(فینلەندا) لە پەیمانەكەدا. توركیا پێشتر دژایەتی هەوڵی وڵاتانی باكوری ئەوروپای دەكرد بۆ ئەندامبوون لە (ناتۆ)، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی سویدو فینلەندا پێشوازی لە "چەكدارانی كورد"ی نەیاری توركیا دەكەن، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بوو. بەبێ پاڵپشتی توركیا، سویدو فینلەندا نەیاندەتوانی ببن بە ئەندام لە (ناتۆ)دا، روسیاش بەتوندی دژی ئەندامبوونی ئەم دوو وڵاتە بوو، ئەمەی وەكو فراوانكردنی هاوپەیمانی سەربازی خۆرئاوا وەسفكرد بەهۆی جەنگەكەیەوە لە ئۆكراینا. جەنگی روسیا لە ئۆكراینا كاریگەریی پێچەوانەی دروستكرد، دەرگای (ناتۆ)ی لەبەردەم وڵاتاندا واڵا كرد. وەزیرانی دەرەوەی سویدو فینلەنداو توركیا رێككەوتنێكی ئەمنی هاوبەشیان ئیمزاكرد، ئەم رێككەوتنە مەترسییە ئەمنییەكانی توركیای سەربارەت بە دۆزی كورد رەواندەوە. ینس ستۆلتنبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، سوید رەزامەندی نیشانداوە لەبارەی چڕكردنەوەی هەوڵەكانی لەبارەی داواكارییەكانی توركیا بۆ رادەستكردنەوەی "چەكدارە تاوانكارە گومانلێكراوەكانەوە"، كە مەبەست لێی بەپلەی یەكەم چالاكوانانی كوردی باكوری كوردستانو گەریلاكانی پەكەكەیە لەناو خاكی سویددا. لەپاڵ فشارخستنە سەر كورد، دوو دەوڵەتەكەی ئیسكەندەناڤیا (سویدو فینلەندا) بڕیاریانداوە كۆتوبەند لەسەر فرۆشتنی چەك بە توركیا هەڵگرن. نینیستۆ سەرۆكی فینلەندا وتی: هەرسێ دەوڵەت یاداشتێكی هاوبەشیان ئیمزاكردووە بۆ پێشكەشكردنی پاڵپشتی تەواوەتی خۆیان دژی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر هەریەكەیان. خاتوو (ماگدالینا ئەندەرسۆن) سەرۆك وەزیرانی سوید دەڵێ" ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ ناتۆ". نوسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاش رایگەیاند" ئەوەی لە سویدو فنلەندامان دەیوست رویدا". وەكو كاردانەوەیەك بۆ هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا، مانگی ئایاری رابردوو سویدو فینلەندا نیازی خۆیان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ نیشاندا. ستۆڵتنبێرگ ئەوكات پێشنیازی كرد "پەلە" بكرێت لە كارەكە، چونكە ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان هەیە لەگەڵ ناتۆدا، بەڵام كارەكە بەو خێراییەی ئەو دەیویست تێنەپەڕی، توركیا كە وەكو ئەندامێكی ناتۆ مافی تانەدانی هەبوو، سویدو فینلەندای تۆمەتبار كرد بەوەی پاڵپشتی لە "چەكدارانی كورد" دەكەن، بۆیە پاڵپشتی ئەندامبوونیان لە (ناتۆ) ناكات. بەپێی پەیماننامەی پێكهێنانی ناتۆ، بۆ زیادكردنی هەر ئەندامێك بۆ هاوپەیمانێتییەكە، دەبێت هەر (30) دەوڵەتە ئەندامەكە رەزامەندی لەسەر نیشان بدەن. توركیا ماوەیەكی زۆرە سوید تۆمەتبار دەكات بەوەی پەنای چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەدات، ئەمە تۆمەتێكە كە ستۆكهۆڵم بەردەوام رەتیدەكاتەوە. ئێستا كە سویدو فینلەندا ملكەچبوون بۆ داواكارییەكانی توركیا، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكرێت ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەو دوو وڵاتە بەهۆی هەمواركردنەوەی یاساكانیانەوە روبەڕووی سەركوتكاری ببنەوە. ئەگەر فینلەنداو سوید ببن بە ئەندامی ناتۆ، كۆتایی بەماوەی زیاتر لە (200 ساڵ) سیاسەتی بێلایەنی سود دێت، بەڵام فینلەندا دوای شكستی سەختی یەكێتی سۆڤیەت لە جەنگی دووەمی جیهاندا سیاسەتی بێلایەنی پەیڕەو كرد. پاڵپشتی شەقامی فینلەندا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەنێوان 20-25% بوو، بەڵام دوای هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا ئاستی پاڵپشتییە میللییەكە بۆ 79% بەرزبووەوە، لە سوید رێژەی 60%ی دانیشتوانی وڵات لەگەڵ ئەوەدابوون جارێكی تر داوای ئەندامبوون لە ناتۆ بكرێت، ئەمەش رێژەیەكی زۆر زیاتر لەوەی بەر لە جەنگ هەبوو. "دەریاچەی ناتۆ" فرانك گاردنەر پەیامنێری (بی بی سی) بۆ كاروباری ئەمنی دەڵێ" فینلەنداو سوید دوو دەوڵەتی هاوچەرخی دیموكراتین، ئاڕاستەی خۆرئاواییو سوپای باش راهێنراو و پڕچەكیان هەیە، كە زۆرجار لە بارودۆخە سەختەكاندا لەوپەڕی باكوری ئەوروپا بەكاردەهێنرێن. "تەنیا بە تەوابوونی ئەندامبونیان، ژمارەی ئەندامانی ناتۆ لەسەر دەریای بەلتیك بۆ هەشت وڵات بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەشێوەیەكی كردەیی وادەكان ئەم ناوچەیە ببێت بە دەریاچەی ناتۆ" ئەمە بەپێی ئەوەی گارنەر دەڵێ. باسلەوە دەكات" هەردوو دەروازەكەی روسیا لە سان پتریبۆرگو كالینینگراد بەشێوەیەكی زیاتر دادەبڕێن". سەرچاوە: BBC
ڕاپۆرتی: ڕێکخراوی ستۆپ بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ستۆپ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (417) رێگا باج و رسومات و کرێ و سزاکان وەردەگیرێت و دەبێتە سەرچاوەی داهاتی نانەوتی. بەپێی خەملاندنی ئەو داتا و زانیاریانەی داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان هەیە، داهاتی باج لە نێوان (2012 بۆ 2021) بە رێژەی (%621) زیادی کردووە، بەڵام بەراورد بە ساڵی (2019) زیادکردنەکە بە ڕێژەی (12%) بووەو گەیشتووە بە زیاتر لە (3 ترلیۆن و 726 ملیار) دینار. کورتەی راپۆرتی (پێنجەمی) ڕێکخراوی ستۆپ تایبەت چاودێری و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشەکی کۆڵەکەی سیستەمی حکومڕانی لە هەرێم بەهۆی ئەوەی لاوازە، یەکێک لەو سێکتەرانەی داهاتی ناوخۆیە کە پێویستی بەچاکسازی قوڵ هەیە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبەرواری ١٥ی ٧ی ٢٠١٩ یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامداوە، پرسی ریفۆرمی دارایی وەک یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی خۆی پەسەند کرد، لەچوارچێوەی ٥٢ خاڵی هێلە گشتیەکانی کارنامەکەیدا، لە ١٣ خاڵدا باسی هێلە گشتیەکانی چاکسازی کردووە، کە لە ٢ خاڵدا باسی لە داهاتی ناوخۆ کردووە. یەکێک لە ئامانجەکانی لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، چەسپاندنی شەفافیەت لە داهاتی ناوخۆ و داپەرەوەری لە وەرگرتنی باج. بەگوێرەی ئەو داتا و زانیاریانەی دەست تیمی ئامادەکردنی راپۆرت لە رێکخراوەکەوە کەوتووە، بەراوردی داتا ژمارەکانی داهاتی ناوخۆ لە سەرەتای کابینەی نۆیەم و ئێستایان کردووە. لەبواری داهاتی نەوت بەراوردی کابینەی پێشوو و ئەم کابینەی نۆ کراوە، بەگوێرەی ئەو بەراوردکاریەی لەم راپۆرتە خراوەتە ڕوو دەبینرێت کە لە هەندێ بوار بەرەو پێشچونی سنوردار هەیە، بەتایبەت لەبواری داهاتی ناوخۆ، لە کەرتی نەوتیشدا لەهەندێ بواریدا پاشەکشە دەبینرێت. بۆیە بەگشتی ئەوەی تێبینی دەکرێت، چاکسازی بۆ زیاترکردنی داهاتی گشتی تا ئێستا لە ئاستی پێویست نین، هەرچەندە هێشتا تەمەنی ئەم کابینەیە کۆتایی نەهاتوە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی، بەڵام بەگشتی تاکو ئێستا هەنگاوەکان لە ئاستی بەڵێنەکان نین. بەشی یەکەم؛ داهاتی نانەوتی ... گۆڕانکارییەکان و کێشەکانی بەردەمی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم ئێستا داهاتی نانەوتی لە دوو سەرچاوەی سەرەکی بەدەست دەهێنێت، یەکەم داهاتی باجەکان کە بە شێوازی زۆرەملێ وەردەگیرێت. دووەم داهاتی غەیرە-باج، وەک رسومات و کرێی خزمەتگوزاری و سزاکان. لە بنەڕەتدا نابێ بەمەبەستی زیادکردنی داهات وەربگیرێت، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە تێچووی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکیانەی حکومەت پێشکەشیان دەکات یان بۆ سەپاندنی یاسا. بەگوێرەی زانیارییەکان بە (417) رێگا باج و رسومات و کرێ و سزاکان وەردەگیرێت و دەبێتە سەرچاوە داهاتی نانەوتی. یاساکانی باج له ههرێمی کوردستان ئهو یاسا کۆنانهیه که پێش راپهڕین حکومەتی عێراق ههبوون، بەڵام دواتر له پهرلهمانی کوردستان ههموار کراونهتهوه. سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی خوارەوەیە: باج: ئەو بڕە پارەیە کە دەسەپێنرێت لەسەر دەرامەت و سەرمایە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە پێی یاسا بەرکارەکان. رەسم: ئەو بڕە پارەیەیە کە بە شێوەیەکی پابەندی (الزامی) لە سەرجەم ئەو وەرەقانە وەردەگیرێت کە رەسمیان بەسەردا سەپێنراوە و بڕەکەش بە کاش وەردەگیرێت. رەسمی گومرگی: بریتییە لەو بڕە پارەی سەر کاڵا و شتومەک و کەلوپەل و ئامێرەکان لە کاتی هاوردەکردن و هەناردەکردن بەپێی یاسای پێناسەی گومرگی. کرێیەکان: ئەو بڕە پارانەن کە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی حکومەت وەردەگیرێن بە شێوەیەکی نا پابەندبوون (غیر الزامی). هاوڵاتی سەرپشکە لە ویست و رەتکردنەوەی خزمەتگوزاری پێشکەشکراو. سزای دارایی: بریتییە لەو بڕە پارەیەی بە شێوەی نەقدی وەک سزا دیاریکراوە و سەپێنراوە لەسەر تاکی سەرپێچیکار لە یاسا، بە ئامانجی جێبەجێکردنی یاساکان. داهاتی راسمالی: ئەو داهاتەیە کە لە فرۆشتنی موڵک و کەلوپەل بەدەست دەهێنرێت. داهاتی تەحویلی: ئەو داهاتەیە کە لە جیاوازی دراوەکان و خەرجی و موچەی گەڕاوە بەدەست دەهێنرێت. لە خوارەوە هەندێک زانیاری دەربارەی باجدەران خراوەتەوە روو: خشتەی ژمارە (١) بەپێی زانیارییەکان ئێستا ژمارەی کۆمپانیاکان سەروی (٣٠ هەزار)ی تێپەڕاندووە، بەڵام سەرجەم کۆمپانیاکان باج نادەن، هەندێک بەهۆی هەلپەساردن بەشێکیش بەهۆی نەبونی قازانج، هەندێکیش خۆدزینەوە. خشتەی ژمارە (٢) خستنەڕووی داتا و زانیاری داهاتی ناوخۆ (٢٠١٢ تا ٢٠٢١) داهاتی ناوخۆ یاخود نانەوتی لە هەرێمی کوردستان لە (١٠ ساڵ)ی رابردوو گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و رێژەکەی بە پلەبەندی بەرزبۆتەوە، بە تایبەتی لە کابینەی نۆیەم رێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ توندکراونەتەوە، ئاماری (١٠ ساڵ)ی رابردوو بە تایبەتی لە ساڵی (٢٠١٢) تاوەکو ساڵی (٢٠٢١) ئەوە دەردەخات ساڵ دوای ساڵ رێژەی داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە، لە دەرئەنجامی قەیرانی ئابوری و توندکردنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باج لەلایەن حکومەتی هەرێمی کورستانەوە. لەو چارت و خشتەی خوارەوە بە ژمارە روونکراوەتەوە: هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٢) داهاتی باج بڕەکەی (١٢٨ ملیار) دینار بووە، بەڵام ئەو رێژەیە بۆ ساڵی (٢٠٢١) زۆر بەرزدەبێتەوە و بڕەکەی دەگاتە (٧٩٦) ملیار دینار، لەخوارە بڕی داهاتی باج بەپێی ساڵەکان رونکراوەتەوە: خشتەی (٣) بەپێی خەملاندنی ئەو داتا و زانیاریانەی داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەراوردی داهاتی باج لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ بۆ ٢٠٢١) دەردەکەوێت کە ساڵی (٢٠٢١) رێژەی (%621) زیادی کردووە. دۆخی داهاتی ناوخۆ لە کابینەی نۆیەم کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە ئامانجەکانی لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، رێکخستنەوەی باج و بەرپاکردنی دادپەروەری و شەفافیەت بووە. بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی هەوڵەکان لە بواری رێکخستنەوەی داهاتی ناخۆ بەراوردی دوو ساڵی داهاتی ناوخۆ ساڵانی (٢٠١٩ و ٢٠٢١) دەکەین، بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەستمان کەوتووە. وردەکاری داهاتی نانەوتی ساڵی ٢٠١٩ داهاتی نانەوتی لە ساڵی (٢٠١٩) بەووردەکارییەوە دەخەینەڕوو بەمەبەستی ئەوەی روونبێتەوە سەرچاوەکانی داهات نانەوتی چۆن کۆدەکرێتەوە، ئەو دامەزراوانەی کە سەرچاوەن بۆ داهات. کۆی گشتی داهاتی نانەوتی لە ساڵی (٢٠١٩) بڕەکەی (3 تریلیۆن 266 ملیار و 384 ملیۆن) دینارە بووە. خشتەی (٤) داهاتی نانەوتی لە ساڵی (٢٠١٩) ڕێژەی (٢٥.٨ %)ی خەرجییەکانی پڕکردبووەوە. خشتەی (٥) خشتەی (٦) وردەکاری داهاتی ناوخۆی ساڵی ٢٠٢١ داهاتی ناوخۆ لە ساڵی (٢٠٢١) بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە بڕی (٣ ترلیۆن و ٧٢٦ ملیار و ٣١ ملیۆن) دینار بۆ تەواوکاری موچە تەرخانکرا. بەپێی راپۆرتێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری داھاتی مانگانەی حکومەت لە (٦ مانگ)ی یەکەمی ساڵی (٢٠٢١) نزیکەی (٦٩٧ ملیۆن) دۆلاری ئەمەریکییە، کە بەوشێوەیە دابەشبووە: یەکەم: (350 ملیۆن) دۆلار کۆی گشتیی داهاتی نەوت. دووەم: (195 ملیۆن) دۆلار داهاتی ناوخۆ. سێیەم: هاوکاریی مانگانەی هاوپەیمانان (17 ملیۆن) دۆلار. خشتەی (٧) هەرچەندە لە نێوان ئاماری وەزارەتی دارایی و بانکی هەرێم لە سلێمانی جیاوازی هەیە، وەزارەت زانیارییەکانی بانکی هەرێم - سلێمانی رەتکردەوە و رایگەیاندوە، کە سلێمانی زۆر کەمتر لەو پارەیەی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە. خشتەی ژمارە (٨) خشتەی ژمارە (٩) هەڵسەنگاندن و شیکاری هەنگاوەکان لێکەوتەکانی زیادبونی داهات و هەوڵەکانی چاکسازیی بەشێوەیەکی گشتی لەو ماوەیە گۆڕانکاری بەسەر بڕی داهاتی ناوخۆ هاتوە، لەخوارەوە بەرواردی داهاتی نانەوتی ساڵی ٢٠١٩ و ساڵی ٢٠٢١ دەکەین کە بەوشێوەیە: خشتەی ژمارە (١٠) یەکەم: هۆکارەکانی زیادبونی داهاتی ناوخۆ - توندکردنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باج: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ئەو گۆڕانکاریانە لە ئەنجامی توندکردنەوەی رێکارەکان و چاکسازی بوو لە بواری باج، بە پابەندکردنی کۆمپانیاکانی وزە و گواستنەوە و گەیاندن بە پێدانی شایستە داراییەکان و بڕی پارەی باج و ڕەسم و سزای دواکەوتن و قەرزەکانیان. هاوکات سەپاندنی باج لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، گرێبەستە بانەوانییەکان و ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری دەروازە سنوورییەکان و گرێبەستەکانیان. ڕێگریکردن لە خۆدزینەوەی باج و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران. هەر بەشێک لەم چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان هۆکار بونە لە کابینەی نۆیەم و لە ماوەی پێنج مانگ داهاتی ناوخۆی هەرێم له ١٤٠,٠٠٠,٠٠٠ دۆلارەوه بگاتە ٢٤٤,٠٠٠,٠٠٠ دۆلار. لەلایەکی دیکەدا زیادبونی باجدەرەکان، وەک لە بەرێوەبەرایەتی گەورە باجدەران لە ٢٤٠ کۆمپانیا دوای دوو ساڵ زیادی کردووە بۆ ٦٧٨ کۆمپانیا، بەهۆی زیادکردنی رێوشوێنی وەرگرتنی باج لەسەر کۆمپانیاکان. خشتەی ژمارە (١١) هەرچەندە ئەم داتایانە جێگیر نین، بەگوێرەی تێپەڕینی کات و ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان له کۆی ٦٨٧ گهوره باجدهر له ههرێمی کوردستان نزیکە ٢٥٠ کۆمپانیا باج دهدهن، چونکه پڕۆژەکانیان زۆربهی پڕۆژەی وهبهرهێنانن و بەپێی یاسای وهبهرهێنان بۆ ماوهی ١٠ ساڵ لێخۆشبونی باجیان بۆ کراوه. دووەم: ئایا چاکسازیی ریشەیی کراوە؟ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە ئامانجەکانی چاکسازی لە سیستەمی باج و دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر بکەن، هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان لە4 ی تەممووزی 2021 سەبارەت بەڕێکخستنەوەی باج و رسومات و میکانیزمی کۆکردنەوەی باجەکان بڕیاردا، جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات بکات. لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی وەزیران بەفەرمانی (ژمارە ٩٦)ی رێکەوتی ١٠/١/٢٠٢١، بەمەبەستی رێکخستنەوەی سیستەمی کۆکردنەوەی باج و رسومات ١١ بڕیاری دەرکرد، بەتایبەت پابەندکردنی کۆمپانیاکانی بواری ئەنتەرنێت و تیلیکۆم بە پێدانی باجی فرۆشراوەکان (مبیعات) کۆمەڵێک بڕیاری دیکە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون راسپێردراوە بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیران. هەروەها حکومەتی هەرێم بۆ زۆرێک کاروباری پشت بە لیژنە دەبەستێت، بەتایبەت بۆ ئەنجامدانی بەدواداچون و لێکۆلینەوە زۆر لیژنە دروست دەکات. کەچی ئەنجامی لیژنەکان وەکخۆی دەمێنێتەوە و کار لەسەر سپاردەی لیژنەکان ناکرێت. بە بەمەبەستی رێکخستنەوەی رسومات حکومەتی هەرێم لیژنەی دیراسەتکردن و ڕێکخستنەوەی رسومات بە بڕیاری ژمارە (٣)ی ئەنجومەنی ئابووری لە ٢٧/١/٢٠٢٠ پێکهێنا. ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتییە لە ڕێکخستنەوەی داهاتی رسومات، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە بۆ ئەم مەبەستە تۆمار کراون. ئەو لیژنە لە کۆتایی کارەکەیدا راپۆرتێکیان پێشکەشی حکومەتی هەرێم کردوە. سێیەم: ئایا باج و رسومات زیاد کراوە؟ پرسی زیادکردنی باج و رسومات قسەو باسێکی زۆری دەربارە کراوە، رۆژانە هاوڵاتیان گلەیی لەبارەوە دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتی باج و دەراماتەکان، باج زیاد نەکراوە، تەنها رێکخراوەتەوە. هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێم دووپاتی کردۆتەوە، "کە کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا شێوازی کۆکردنەوەی باجەکانی ڕێکخستووەتەوە و ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، کۆیان دەکاتەوە." حکومەتی هەرێم پێوایە، گلەیی هاوڵاتیان لە زیاد بوونی باج و رسومات لەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێشتر هەرێمی کوردستان بودجە و شایستەی دارایی لە بەغدا بۆ هاتووە، کەمتر پشت بە داهاتی ناوخۆ بەستراوە و لە وەرگرتنی باج و رسومات چاوپۆشی کراوە. دوابەدوا ساڵی ٢٠١٦ رسومات لە زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەکان زیادی کرد، ئەنجومەنی وەزیران بە پشت بەستن بە ئەحکامی مادەی هەشتەم لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو، بەمەبەستی رێکخستنەوەی کرێ و رسومات، چەندین بڕیاری دەرکرد، بەنمونە بەبڕیاری ٧٨ی ساڵی ٢٠١٦ رسوماتی تاپۆکردنی خانووبەرە لە ١% بۆ ٣% زیادکرا، هەروەها بڕیاری ژمارە (٧٥)ی ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگرتنی (ڕسووماتی) تایبەت بەکەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان زیاد کرا. هەروەها بڕیاری ژمارە (٨٠)ی ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگرتنی (ڕسوومات) و کرێی (أجور) لەبەرامبەر خزمەتگوزاری شارەوانییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەمانە نیگەران و گلەیی زۆری لای هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، بارگرانی لەسەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار و مام ناوەندی کۆمەڵگە دروست کردوە. بەهۆی دواکەوتنی موچە لە دۆخەکی خراپی ئابوری دابوون، کە لەسەروبەندی ساڵی ٢٠١٦ حکومەت بڕیارەکانی زیادکردنی رسوماتی دەرکرد. چوارەم: ئایا لە روویی یاسایی زیادکردنەکانی رسومات یاسایین؟ بەپێی دەستوری عێراق لە مادەی ٢٨یدا هاتووە، "لە بڕگەی یەکەم، باج و روسومات ناسەپێندرێت و هەموار ناکرێت و وەرناگیرێت و لێبوردن نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت. برگەی دووەم، خاوەن داهاتی کەم لە باج دەبەخشرێت بۆ ئەوەی راێگەنەدرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر لایەنی کەمی ئاستی بژێوی، ئەمەش بە یاسا رێکدەخرێت". یاساناسان پێیانوایە، بەگوێرەی ئەو مادە دەستورییە هەر سەپاندنی باج یان رسوماتێک زیادکردن و کەمکردنەوەی یان لێخۆشبون لێی دەبێ بە یاسایەک بێ کە لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت، بەپێچەوانەوە بە رێنمایی یان بە بریاری حکومەت یان وەزیر سەپێندرابێ پووچەلە. پێنجەم: پوچەڵکردنەوەی بڕیاری نایاسایی وەک لەپێشتر روونکرایەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار و رێکاری وەرگرتنی باج و رسومات توندکردەوە. هاوکات چەندین بڕیاری وەرگرتنی رسوماتی نوێی دەرکرد، هاوڵاتیان و شارەزایانی یاسایی پێیانوابووە، ئەو بڕیارانە نایاسایین و لە کاتی قەیراناوی بەسەر هاوڵاتیان سەپێندراوە. لە ماوەی رابردوو دوو بڕیاری دادگا بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو گرێبەستانە دەرچووە. لێکەوتەی گۆڕانکارییەکان لەم تەوەرەدا ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ستۆپ لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە بە وردی وەستاوە، ئەوانیش؛ ئایا داهاتی نانەوتی بژێو و گوزەرانی هەوڵاتیانی بوژاندۆتەوە لێکەوتەی هەنگاوەکان بەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەڵاوسانی بازاڕ گرفتەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی یەکەم: مامەڵەی دوو ئیدارەیی دووەم: کێشەکانی کۆکردنەوەی داهاتی ناوچەکان سێیەم: کێشەی تەکنیکی لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ بەشی دووەم چاکسازی لە داهاتی نانەوتی یەکەم: پێدانەوەی رۆڵ بە کەرتی حکومی کەرتی حکومی هەیکەلێکی گەورە و میلاکێکی زۆری هەیە، بەشی هەرە زۆری بودجە بۆ موچە بەرێژەی ٨٥% دەچێت، زیاتر لە ١,٢٥١,٠٠٠ موچەخۆر هەیە، کەچی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان حکومەت چەندین سێکتەری بە کۆمپانیا و کەرتی تایبەت سپاردووە، داهاتەکەش بۆ کەرتی تایبەت دەچێت، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم دەتوانێت ئەو خزمەتگوزاری و ئەرکانە جێبەجێ بکات. لە خوارەوە چەند سێکتەرێک دەخەینەڕوو کە پێویستە چاکسازی تێدا بکرێت. ١. خاڵە سنورییەکان ٢. کۆمپانیا ئەمنیەکان ٣. لێخۆشبونی گومرگی ٤. پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دووەم: پرسی دەروازە سنورییەکان و نەهێشتنی قاچاخچیەتی سێیەم: یاسای بودجەی ساڵانە چاکسازی لە داهاتی کەرتی نەوت لەم تەوەردا شیکاری بە وردی و دورو درێژی بەراوردکاری کراوە بۆ دوو ڕاپۆرتی دیلۆیت، یەکەمیان راپۆرتی دیلۆیت کە بڵاوکراوەتەوە بۆ شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٧، دووەمیان کۆتا ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی دیلۆیتە بۆ ماوەی چارەکی کۆتایی ٢٠٢١ هەوڵدەدەین لەم شیکارییە بەراوردکارییەدا بۆمان دەرکەوێت کە تا چ ئاستێک چاکسازی لەکەرتی داهاتی نەوت کراوە، لەرێی زانینی گۆرانکاری لە نرخی فرۆشی نەوت، خەرجی و تێچویی نەوت و زیاد و کەم کردنی داهاتی گەڕاوەی نەوتەوە. چەند خاڵێکی ناو ئەو دوو ڕاپۆرتەی دیلۆیت بەراورد کراوە کە بریتییە لە دەرخستنی ئاستی زیاد بوونی داهات و کەمبوونەوەی خەرجییەکان یان بە پێچەوانەوە بەمانایەکی تر ئاستی چاکسازی، ئەوانیش ١. نرخی فرۆشی نەوت ٢. داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکان ٣. خەرجی گواستنەوەی نەوتی هەرێم ا. لە خاکی تورکیادا ب. لە ناو هەرێمدا ٤. داهاتی ماوە بۆ هەرێم دەرئەنجامی راپۆرت ١. بەڵێنەکانی چاکسازی بۆ باشتر بەرێوەبردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی وەکخۆی جێبەجێ نەکراوە. ٢. هەرێمی کوردستان هێشتا لە قەیرانی بەرێوەبردنی دارایی و ئابوری دایە، سەرچاوەکانی داهات و بڕەکەی شەفاف نییە. ٣. رێکارەکانی وەرگرتنی باج و رسومات توندکراوەتەوە، داهاتی باج زیادی کردوە. ٤. بەرێوەبردنی داهاتی گشتی هێشتا وەک پێویست نەبۆتە هۆی بەرپاکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەربکات، بەڵکو چینی هەژار لە کۆمەڵگەدا زۆرینەی پێکدەهێنێت. ٥. سیستەمی کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی پێویستی بە پێداچونەوەی ریشەیی و دیراسەکردن هەیە، بۆ ئەوەی بزانرێت چ کاریگەریەکی لەسەر بژێوی هاوڵاتیان و جموجۆڵی ئابوری داناوە. ٦. داهاتێکی زۆری حکومەت بۆ کەرتی تایبەت دەچێت، لەرێگای پێدانی پێشکەشکردنی بەشێک لە خزمەتگوزاریەکان بە کۆمپانیاکان، کە لە گرێبەستەکان هەست بەناهاوسەنگی بە قازانجی کۆمپانیاکان دەکرێـت. ٧. داهاتی دەروازە سنورییەکان بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە. کاری نایاسایی و قاچاخچیەتی بەردەوامە. ٨. چاکسازیەکانی سێکتەری نەوت وەک پێویست کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی گشتی دانەناوە. راسپاردەکانی راپۆرت ١. پێویستە حکومەتی هەرێم بە ئیرادەیەکی بەهێز روبەڕوی کێشەکانی بەردەم داهاتی ناوخۆ ببێتەوە، دامەزراوە فەرمیەکان بەهێز بکات. بۆ چارەسەری کێشەکان پشتیان پێببەستێت، نەوەک هەر دروست کردنی لیژنە و دواتر بێئەنجام کۆتایی بێت. ٢.پێداچونەوە بە رۆڵی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت، خەریکە زۆرێک لەو سێکتەرە گشتیانەی سەرچاوەی داهاتی ناوخۆن دەدرێتە کەرتی تایبەت. ٣. کۆکردنەوەی داهات بە دامەزراوەیی بکرێت، رێگە لە نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بگیرێت، داهات لە یەک سەرچاوە کۆبکرێتەوە. ٤. چارەسەری کێشە و گرفتەکانی دەروازە سنورییەکان بکرێت، بەتایبەت لە: - رێگەگرتن لە قاچاخچیەتی. - چارەسەری کۆمپانیاکانی دەروازە سنورییەکان بکرێت. - بەیەکبەستنەوەی دەروازەکان بە سیستەمێکی کارگێری و ژمێریاری بەهێز. - هێزی پاراستنی دەروازە سنورییەکان توندوتۆڵ بکرێتەوە. - بەشێوەیەکی یەکگرتوو یاسا و بڕیارەکان لە دەروازەکان جێبەجێ بکرێت. ٥. پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی ساڵانە لە پەرلەمان، لەپێناو زیاترکردنی شەفافییەت لە بەرێوەبردنی داهات و خەرجیەکان، بۆ ئەوەی متمانە لای هاوڵاتیان دروست بێتەوە، کە ئەو داهاتانەی کۆدەکرێتەوە هەر بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەکاردەهێندرێتەوە. ٦. پێویستە هەنگاوەکانی چاکسازی لە داهات، هاوتەریب چاکسازی لە خەرجیشدا بکرێت، چونکە دوو ئاراستەن دەبێ بەیەکەوە هەنگاوەکان ئەنجام بدرێت. ٧. نەهێشتنی مامەڵەی دوو ئیدارەیی لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، کە تا ئێستا بەرپرسانی باڵای حکومەت دانی پێدادەنێن. ٨. هەژموونی حزبی لەسەر پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ نەهێلدرێت، بەتایبەت لە دەروازە سنورییەکان. وەزارەتی دارایی و ئابوری و دامەزراوەکان لە کۆکردنەوەی داهات سەرپشکبکرێن. ٩. پێویستە لەکاتی پێداچونەوە بە کێشەکانی باج و رسومات و کرێ و سزاکان ئەو خاڵانە لەبەرچاو بگیرێت: - کاریگەری لەسەر خاوکردنەوەی جموجۆڵی ئابوری نەبێت، هەرێمی کوردستان پێگە و رێڕەوی بازرگانی لەدەست نەدات، سەرباری ئەوەی یاسای هاوردەکردن و وەرگرتنی باج و رسومات، لە دەروازە سنورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان یاسایە، لە ماوەی رابردوو بەشێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە کاڵاکانیان هاوردە دەکەن، لە ئەنجامدا کاریگەری و زیانی لەسەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت. - زیادکردنی زۆری رسومات کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی، چونکە زۆربەی بڕەکان جێگیرن و بۆ هەموو چینەکان هەمان بڕ وەردەگیرێت، بگرە دەبێتە هۆکاری بەرپابوونی نا دادپەروەری. ١٠. لە کۆکردنەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی، دواتر لە پرۆسەی خەرجکردنەوەی پێویستە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵانە بەپێی بنەمای ژمارەی دانیشتوان و رێژەی پێویستی شارەکان بۆ خزمەتگوزاریی بەشێوەی دادپەروەرانە داهاتی نەوتی و نانەوتی دابەشبکرێتەوە. ١١. چاودێری و لێکۆلینەوە و بەدواداچونی دامەزراوەکان لەسەر داهاتی نانەوتی رۆڵی زیاتریان پێبدرێت. بەتایبەت دیوانی چاودیری دارایی وردبینی لە داهاتەکانی ناوخۆی هەرێم بکات. ١٢. بەهێزکردنی سیستەمی بانکی و پرۆسەی بەرێوەبردن و کۆکردنەوەی باج کە بە پڕۆگرامی ئەلیکترۆنی پشتگیریی کرابێت. هەروەها پێویسته حکومەتی هەرێم داتا سەنتەر و سیستەمی ئەلیکترۆنی دابمەزرێنێت و سیستەمی بانکی بۆ کۆکردنەوەی باج بەکاربهێنێت، دەبێتە ڕێگهیەکی سەرەکییە بۆ چاکسازیی لە بواری باج. ١٣. هەندێک لەو کەڵوپەل و خواردن و خواردنەوانەی گومرگیان بەرزبێت و بەشێکیان بەرێگای قاچاخ هاوردە دەکرێن. پێویستە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت تا دەروازەی قاچاخچیەتی بنبڕبێت. ١٤. پێویستە رێکارەکانی وەرگرتنی باج و رسومات لە کۆمپانیا گەورەکان بەشێوەیەکی داپەروەرانە لەسەر هەمویان بێ جیاکاری جێبەجێ بکرێت، هەروەها گۆڕانکاری لە کۆمپانیای دەروازە سنورییەکان کە بڕێکی زۆری داهاتی دەروازەکان بۆ ئەوان دەچێت. ١٥. لە سێکتەری نەوت لەو ماوەیەدا، رێژەی تێچووەکان نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو زیادی کردووە و داشکاندنی نرخی فرۆشی نەوتیش لە بری ئەوەی کەم بکات زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان بۆ چاکسازی لەو بوارە ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی کەمکردنەوەی خەرجیەکان و زیادکردنی داهات. بەڕێوەبەری پڕۆژە ئاری عەبدوڵڵا رێکخەری راپۆرت فەرمان رەشاد هەڵسەنگاندنی سێکتەری نەوت یادگار سدیق لیژنەی هەماهەنگی خەتاب عەزیز هەژار سەلیم عبدالباری ساڵح
راپۆرت: درەو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی هێرشی حەشدی شەعبیدایە، دوكەڵی ئەم شەڕە لە (كۆرمۆر)ەوە دەركەوت، بەڵام پێدەچێت ئاگرەكە لە (خورمەڵە) بكەوێتەوە، وادەردەكەوێت 16ی ئۆكتۆبەر لە سیناریۆیەكی نوێدا خۆی نمایش بكات، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. حەشد شادەماری ئابوری كوردستان دەبڕێت هێشتا تەمومژی دوكەڵی كاتیۆشاكانی كێڵگەی (كۆرمۆر) نەڕەویوەتەوە، جموجوڵی هێز لە نزیك كێڵگەی (خورمەڵە) دەستی پێكردووە. پێدەچێت ئەو موشەكانەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڕاستەی كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) كران لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، تەنیا بۆ مەبەستی دورخستنەوەی سەرەنج بن لەبارەی ئامانجە سەرەكییەكە، كە ئەویش ئەنجامدانی هەڵمەتێكی سەربازییە لەسنوری دەسەڵاتی پارتیدا. ئاخر بۆ هەموان شۆك بوو كێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا بكرێت بە ئامانجی هێرشی موشەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی، لەكاتێكدا یەكێتی لە هەشت مانگی رابردوودا لەبەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بوو، واتە حەشدو بەرەكەی ئێرانو رۆڵی گرنگی گێڕا لە دروستكردنی "یەك لەسەر سێی پەكخەر" لەناو پەرلەمانی عێراقدا، كە بەم هەنگاوە توانییان هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) رابگرنو پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیان لەدەست دەربهێنن. لەو رۆژانەدا كە موشەكەكان ئاڕاستەی (كۆرمۆر) دەكران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چووە (تەوێڵە)و لە باخەكەی (جەمیل هەورامی) چەند بەرپرسێكی ئێرانی بینی، ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە، دیارنییە ئایا باسی هێرشەكانی كۆرمۆرو خورمەڵەی تێدا كراوە یاخود نا. بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی (درەو) لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای پارتیو یەكێتیو لایەنە عێراقییەكان كردویەتی سەبارەت بە دۆخی ئێستا، هێزەكانی حەشدی شەعبی بەنیازن پەلاماری كێڵگەی (خۆرمەڵە) بدەن، بەوپێیەی ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی عێراق، دوان لە گەورە دەسەڵاتدارانی ناو حەشد كە هەریەكە لە (هادی عامریو قەیس خەزعەلی)ن، جەخت لە دەستبەسەرداگرتنی ئەم كێڵگەیە دەكەنو لەگفتوگۆیاندا لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی كورد بەراشكاوی باسیان كردووە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، ئێستا چەند گروپێكی حەشدی شەعبی هێزیان بەرەو نزیكی مەخمورو خۆرمەڵە جوڵە پێكردووە. بەیاننامەی دوێنێ شەوی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەم بارودۆخە نوێیەی بەسەردا زاڵ بوو، كاتێك رایگەیاند" وەزیرانی كاروباری پێشمەرگەو ناوخۆم راسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتیو دامەزراوەكانی نەوتو گاز.. رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر". دۆخەكە گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی دوێنێ شەو، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندی بە (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقاوە بكاتو لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەنیازە پەیوەندی بە "دۆستە نێودەوڵەتییەكان"ەوە بكاتو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارودۆخی ئێستا ئاگادار بكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هێزێكی لەشكری (گوڵان)و زێرەڤانی پارتی دوێنێ شەو بەرەو كێڵگەی خورمەڵە جوڵەیان پێكراوە، لەبەرامبەردا بەشێوەیەكی نهێنی حەشدی شەعبیش هەندێك لە هێزەكانی خۆی گواستوەتەوە بۆ سنورەكە. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی عێراق كە چاوی لەوەیە جارێكی تر لە پۆستەكەی دابنرێتەوە، چەند رۆژێكە هەوڵی لێكنزیككردنەوەی زیاتری ئێرانو سعودیە دەدات، بەڵام لە جوڵەی هێزی حەشدی شەعبی بەرەو (خورمەڵە) خۆی بێئاگا كردووەو نایەوێت هیچ كاردانەوەیەك نیشان بدات. حەشد كە بەشێكی سەرەكی پێكهێنەری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، وا چاوەڕوان دەكرا دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت وەفدی دانوستانكار رەوانەی هەولێر بكات، بەڵام بەر لە دیپلۆماسیەت، هێزی چەكدار دەنێرێتە سنورەكانی هەولێرەوە. 16ی ئۆكتۆبەرێكی تر ! ئەوەی ئێستا روودەدات، بەلای هەندێك لەوانەی كە چاودێری بارودۆخەكە دەكەن، 16ی ئۆكتۆبەرێكی ترە، كە تێیدا حەشد سنوری دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە جێناكۆكەكان فراوانتر دەكات، ئەگەر پاڵنەری روودانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بێت، ئەوەی ئێستا روودەدات بەهانەكەی تەقاندنەوەی كێشەكانی ناو ماڵی شیعەیە بە هەرێمی كورستاندا لەبەر رۆشنایی رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم. بەلای ئێرانو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم)، بارزانی بەو رێككەوتنەی لەگەڵ سەدر كردویەتی، بوەتە هۆكاری پەرتەوازەبوونی ناو ماڵی شیعە، بەجۆرێك چیتر لەتوانایاندا نییە كابینەی نوێی حكومەت دروست بكەن، كابینەیەك كە لەناو ماڵی شیعە خۆیەوە (سەدر) هەڕەشەی كەوتنی لەسەر نەبێت. ئەگەر حەشد دەست بەسەر كێڵگەی خورمەڵەدا بگرێت، جگە لەوەی شادەماری ئابوری هەرێم دەبڕێت، بوونی هێزەكانی لەم ناوچەیەدا لەڕووی ئەمنییەوە دەبێت بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەولێر، چونكە خورمەڵە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. پارتی دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نیشاندا، بەڵام هەرزوو مەرجی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت نیشاندا كە پەسەندكردنی یاسای نەوتو غازی عێراقو چارەسەركردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو دژی هەرێم، رەنگە مالیكیو دۆستەكانی ئامادە نەبن لە بنەڕەتەوە بچنە ژێر باری هیچ مەرجێكی بارزانی، بۆیە بەر لە دانوستان، هێرشی سەربازی دەكەن. خورمەڵە.. شادەماری ئابوری كوردستان بلۆكی خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر، ئەم كێڵگەیە درێژكراوەی كێڵگەی كەركوكە، لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت. ناوەڕاستی ئایاری رابردوو، كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگەی (خورمەڵە). حكومەتی عێراق گەورەترین كێڵگەی (غاز)ی هەرێمی كوردستان كە كێڵگەی كۆرمۆرە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێم كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی بە هی خۆی دەزانێت، ئێستاو دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق هەڕەشە لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەكاتو بە كۆنترۆڵكردنی كێڵگەی (خورمەڵە)ش دەیەوێت لە شادەماری ئابوری هەرێمی كوردستان بدات، چونكە: • داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم كێڵگەیە مانگانە (525 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دابین دەكات، لەكاتێكدا تێكڕای داهاتی مانگانەی ئێستای نەوتی هەرێم (ملیارێكو 260 ملیۆن) دۆلارە. • لەكۆی (421 هەزار) بەرمیل نەوت كە رۆژانە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات بڕی (175 هەزار) بەرمیلی بەتەنیا لە كێڵگەی (خورمەڵە) بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش رێژەی 42%ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو و داهاتی نەوتی هەرێم لە (خورمەڵە)وە سەرچاوە دەگرێت. سەرباری ئەمە، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كێڵگەی (خورمەڵە)ەوە دەستپێدەكات، رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك دەچێتە خورمەڵەو لەرێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، داهاتی ئەم نەوتە بۆ حكومەتی عێراقە، بەڵام كۆمپانیای كار كرێی بۆرییەكە لە عێراق وەردەگرێتو بۆ هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك بڕی (10) دۆلاری دەستدەكەوێت، كە بەتێكڕا مانگانە داهاتەكەی دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار.
(درەو): دوای زیاتر لە سێ ساڵ پشتگوێخستنی، پارتی نیسابی ئەنجومەنی ھەرێمیی بۆ کاروباری نەوت و غاز لە بەرژەوەندی خۆی تەواو دەکات و دەیەوێت لەم ئەنجومەنەوە ھاوکات لەگەڵ ئەو فشارانەی لە بەغدادەوە لەسەر نەوتی ھەرێم دروستبوون، بڕیارەکان دەربکات و بەرگی کۆدەنگییان بکات بەبەردا، لە دوو بەسێوە كردنی بە سێ بەسێ، ئێستا قسەی مەسرور بارزانی یەكلاكەرەوەیە. زیندوکردنەوەی ئەمجومەنەکە ! ئهنجومهنی ههرێمی بۆ كاروباری نهوت و گاز له ههرێمی كوردستان دوای سێ ساڵ پەکخستن، پارتی لەڕێگەی پرۆژە یاسایەکەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کاراکردنەوەیدایە. زیاتر لە سێ ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی "ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازی هەرێم" بەڕێوەنەچووە، لەئێستادا دەیانەوێت ئەندامێكی تری بۆ زیاد بكەن، كە ئەمە كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی ئەنجومەنەکە دەبێت، چونکە لەرێگەی سەرۆکێک و دوو ئەندامەوە، پارتی هەر بڕیارێکی بوێت تێدەپەڕێت، هەروەک چۆن هەرچییەکی بوێت پەکیدەخات. بەتایبەتی کە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری حکومەت بۆ پێکهێنانی كۆمپانیای كوردستان بۆ نهوت و غاز (KROC) تایبهت به بواری دۆزینهوه، دهرهێنان و بهرههمهێنانی نهوت و غاز و كۆمپانیای كوردستان بۆ بهبازاڕكردنی نهوت (KOMO) بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکەم: پێکهاتەو دەسەڵاتەکانی ئهنجومهنی ههرێمی لە چوارچێوەی یاسای نەوت غازدا پەرلەمانی كوردستان (15) ساڵ پێش ئێستا، یاسای ژماره ( 22 )ی ساڵی 2007ی یاسای نهوت و گازی ههرێمی كوردستان-عێراقی پەسەندی كرد، لە یاساکەدا زۆرترین دەسەڵاتی بە ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو گاز بەخشیوە، بەڵام ئەم ئەنجومەنە تەنها ناوێكی گەورەبووەو ڕۆلێكی ئەوتۆی نەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی هەرێمدا. یاسای نهوت و گازی ههرێمی كوردستان، لەچەند ماددەیەکدا ئاماژەی بە پێکهاتەو دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی هەرێمی داوە کە بریتین لە؛ لە (ماددهی سێیهم: بڕگەی چوارهم)دا هاتووە: حكومهتی ههرێم سهرپهرشتیكردن و ڕێكخستنی ههموو پڕۆسهكانی نهوت دهگرێتهئهستۆ، بهپێی ماددهی (115)، به خوگونجاندن لهگهڵ ماددهی (112) له دهستووری فیدراڵدا، وهزیریش بۆی ههیه لهدوای وهرگرتنی رهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی، ڕێگا بهلایهنی سێیهم بدات پڕۆسهكانی نهوت جێبهجێ بكات لهپێناو زیادكردنی داهاتهكان له سامانی نهوتی ههرێمدا. بەپێی (ماددهی چوارهم) ئهنجومهنی ههرێمی بهمشێوهیهی خوارهوه پێكدههێنرێت:- 1. سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران - سهرۆك. 2. جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران – جێگر. 3. وهزیری سامانه سروشتییهكان - ئهندام. 4. وهزیری دارایی وئابووری- ئـهندام. 5. وهزیری پلان دانان- ئهندام. هاوکات لە (ماددهی پێنجهم) دا هاتووە؛ ئهنجومهنی ههرێمی ئهمانهی خوارهوه دهگرێته ئهستۆ: 1. دانانی پرینسیپهكانی گشتی بۆ سیاسهتهكانی نهوت و پلانی بهدواگهران و پەرهپێدانی گێلگهكان له ههرێم دا لهگهڵ ههمواركردنیان. 2. پێدانی رهزامهندی بۆ ئهو گرێبهستانهی تایبهت به پڕۆسهكانی نهوتی. 3. دیاركردنی ئاستی بهرههمهێنان لە ههرێمدا بهشێوهیهك لهگهڵ بڕگهی دووهمی ماددهی (112)ی دهستووری فیدرالی بگونجێت. وەک لەیاساکەدا هاتووە "كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینهوه و وهبهرهێنانی نهوت (KEPCO)" دادەمەزرێندرێت و لە (ماددهی دهیهم: بڕگەی چوارەم): كۆمپانیا بهڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی بۆی ههیه: 1. ڕكابهری كردن لهگهڵ كۆمپانیای دیكهوه بۆ بهدهستهێنانی مۆڵهتی رێپێدانی تایبهت به كێڵگهكانی ئاینده. 2. ئهنجامدانی ڕێككهوتننامهكانی هاوبهشیكردن و هاوشێوهكانی له ڕێككهوتنهكانی كاركردن له ههرێمدا یان لهناوچهكانی دیكهی عێراقدا یان له دهرهوه. 3. دامهزراندنی كۆمپانیاكانی بهكارخستنی سهربهخۆی بێت و به موڵكداریهتی خۆی بێت تایبهت به پڕۆسهكانی نهوت كه پهیوهسته بهكێڵگهكانی ئایندهدا. هاوکات بەپێی یاسای نەوت و گازی هەرێم "كۆمپانیای كوردستانی نیشتمانی نهوت (KNOC)" دادەمەزرێندرێت و لە (ماددهی یازدهم: بڕگەی چوارهم): بهڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی كۆمپانیا بۆی ههیه: 1. ڕكابهری لهگهڵ كۆمپانیاكانی دیكه بكات بۆ بهدهست هێنانی مۆڵهتی تایبهت به بهڕێوهبردنی كێڵگهكانی ئێستا. 2. ئهنجامدانی ڕێكهوتننامهی هاوبهشیكردن لهگهڵ كۆمپانیا جیهانیهكانی نهوت كه شارهزاییان ههیه و ناوبانگیان باشه له پڕۆسهكانی نهوت دا، بۆ بههێزكردنی بهرههمهێنانی كێڵگهكانی ئێستا بۆ بهدهستهێنانی پتری داهاتهكان به خێرایی. 3. ڕكابهری كردن بۆ بهدهستهێنانی مۆڵهتی تایبهت به كێڵگهكانی ئاینده و ههریهكهو بهپێی دۆخی تایبهتی خۆی. جگە لەو دوو کۆمپانیایە یاساکە ئاماژەی داوە بە دروستکردنی " كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسهكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی (KODO)" بەپێی (ماددهی سێزدهم: بڕگەی چوارهم: خاڵی 2 و 3 و 4): 2. ڕكابهریكردن لهگهڵ كۆمپانیاكانی دیكهوه بۆ بهدهستهێنانی مۆڵهتهكان دوای ڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی، وه مافی ئهوهی ههیه ههلبستێت به كارهكانی بهگهڕخستنی تایبهت به پڕۆسهكانی نهوتی وه رێككهوتنهكانی هاوبهشی كردن یان گرێبهستنی هاوشێوهی ئهنجام بدات، چ له ههرێم بێت و یان له ههرێمهكان و پارێزگاكانی تردا. 3. به هاوبهشی كردن لهگهڵ كۆمپانیا نهوتیهكانی جیهان یان لهگهڵ كهرتی تایبهت له پڕۆسهكانی نهوتی تازهو به ڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی. 4. بهڕێگهدان بهلایهنی سێیهم بۆ بهڕێوهبردنی ههریهكێك له دهزگاكانی و به ڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی. هاوکات لە (بهشی دهیهم: گرێبهستی بهشداریكردنی بهرههمهێنان: مهرجهكانی گرێبهست : ماددهی سی و حهوت: بڕگەی دووەم)دا هاتووە: ئهگهر وهزیر وایدانا كه گرێبهستی نهوت مهترسییه بازرگانیهكان گهورهیه یان پێویستی بهپشتیوانی پارهی زۆره لهسهرهتای وهبهرهێناندا، وهزیر بۆی ههیه لهدوای رهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی ڕێژهی موڵكانهی جێگیر له بڕگهی یهكهمی (7) لهم ماددهیهدا كهمبكاتهوه،و بڕی خهرجی گهراوهو جێگیر له بڕگهی یهكهمی (6) لهم ماددهیهدا بهپێی مهترسییهكان زیاد بكات. دووەم: ئەنجومەنێکی کارتۆنی بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە وەک لە بەشی پێشوودا ئاماژەمان بە پێکهاتەو دەسەڵاتە گەورەو زۆرەکانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غازدا، بەڵام ئەنجومەنەکە بەهیچ شێوەک جێدەستی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمەوە دیار نییە. ئاماژە بە "ڕاپۆرتی رێکخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت سەبارەت بە وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩"دا کە لەلایەن (یادگار گەڵاڵی و فریا كاڵێ)ەوە نوسراوە، لەم بارەوە ئاماژەیان داوە بەوەی؛ هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی باش کێشەی یاسایی نییە لەبواری نەوتدا بەڵکو کێشەکە لە بوارە کرداریەکەدایە (جێبەجێ کردنی یاساکان)، لەم بارەیەوە؛ 1. یاسای نەوت و گازی هەرێم بڕگە گرنگ و جەوهەرییەکانی پشتگوێ خراوە و حکومەتی هەرێم هەتا ئەم ساتە وەختە چەند مادەیەکی گرنگی یاساکەی جێ بەجێ نەکردووە کە راستەوەخۆ پەیوەستە بە بنیادنان و ڕێکخستنی ژێرخانی نەوتی هەرێمەوە، وە ماوەی (15) ساڵە دواکەوتووە و بەبێ هیچ هۆیەکی تەکنیکی. بەپێی ئەو یاسایە دەبوایە ئەم چوار کۆمپانیایە درووست بکرایە (١. کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمێنان ,(KEPCO) ٢ .کۆمپانیای کوردستانی نیشتیمانی نەوت(KNOC)، ٣. کۆمپانیای کوردستان بۆ هەناردنی نەوت (KOMO)، ٤. کۆمپانیای کوردستان بۆ پرۆسەکانی پاڵاوتن و پاشکۆکانی ((KODO).گرنگی ئەم کۆمپانیایانە لەوەدایە هەلی کاری ناوخۆ زیاد دەکات، پسپۆری خۆماڵی پێدەگەیێنێت وە پشتی پێ دەبەستێت، لە ئەنجامیشدا دەتوانێت کۆنترۆڵی بەڕێوبردنی سەکتەری نەوت بکات بەشێوەیەکی باشتر. ئێستا هەندێك لە گرێبەستە نەوتیەکان هەژدە ساڵ زیاتری تێپەڕاندووە. بۆ نموونە گرێبەستی کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی لە کێڵگەی تەقتەق و گرێبەستی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە کێڵگەی تاوکی لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئمیزا کراون. و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بین وە کۆمپانیاکان درووست نەکرێن، ئەوە لەکاتی کۆتایهاتنی گرێبەستەکاندا هەروەك سەرەتای گرێبەستەکان هیچ جێگرەوەیەکی کۆمپانیا نێودەوڵەتێکانمان نیە، وە ناچار دەبین کە بەهەمان مەرجی سەرەتای کارکردنمان ڕازی بین و هیچ جۆرە پسپۆریەکیش بەدەست ناهێنین. بۆیە تا رۆژێك زووتر دەستپێشخەری بکەین لە درووستکردنی ئەم چوار کۆمپانیانە، شارەزایی زیاتر بەدەست دەهێنین و باشتر ئەم کەرتە بەڕێوەدەبەین لە ئایندەدا. بەپێی یاسای نەوت وگاز سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێ بدرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە درووستکرابن سەرۆکی حکومەت تەنها دوای یەك ساڵ لە دەرچوونی یاسای نەوت و گاز بەناوی کۆمپانیای کیبکۆ KEPCOوە چەند گرێبەستێکی ئیمزا کردووە، لەناویاندا گڕێبەستی کێڵگەی هەولێر لەنێوان کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی کۆریا (Korea National Oil Corporation)و کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنان (KEPCO)، نیچیرڤان بارزانی لەبری کۆمپانیای کێبکۆ ئیمزای کردووە. یاسایی بوون و نەبوونی کۆمپانیایەك کە بوونی نەبێت بۆ پەرلەمان و داواکاری گشتی جێ دەهێڵین. دواتر لە ای نیسانی ساڵی ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستان یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەکانی دەرکرد. ئەم کارە ئەرکێکی یاساییە لەئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی (یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان). ئەم دامەزراوانە بەیەکەوە تەواوکەری یەکترین و دەکرا دۆسیەی نەوت لەئاستێکی تاڕادەیەک بەرزدا بەرەوپێشبەرێت. 2. دیلۆیت بەرپرسە بەرانبەر ئەنجومەنی نەوت وگازی هەرێم چونکە گرێبەستی لەگەڵ ئەودا هەیە و پابەندی ڕێککەوتنەکەیەتی، ئەوە تێدەگەین و بەشێکە لە پابەندی گرێبەستەکەی نێوانیان. ئەی ئەنجومەنی نەوت و گاز کە لە سەرۆك وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی و سامانە سروشتییەکان و پلان دانان پێكدێت بەرانبەر کێ بەر پرسیارە؟ کێ متمانەی پێداون؟ ئەسڵ وایە پەرلەمان ئەولایەنەیە کە متمانە دەدات بە حکومەت و لێپرسینەوەی لێدەکات. لەکاتێکدا ئێمە باسی ڕوون بینی و شەفافییەت دەکەین، لە بازنەیەکی فراوانتردا هاوڵاتیش متمانەی بەو نوێنەرانە داوە لەپەرلەمان، ئەوانیش حکومەت هەڵدەبژێرێن، بۆیە مافی هاوڵاتیشە لە وردەکاری داهات و خەرجی ئاگاداربێت. هەروەها دەستخستنی زانیاری بەشێکە لە مافی مرۆڤ بەواتایکی تر شاردنەوەی زانیاری پێشیلی مافی مرۆڤە. ئەوەی لێرەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە بەشی زۆری ئەو دەسەڵاتانەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت غاز هەیانە، دوای تێپەڕبوونی پانزە ساڵ بەسەر یاساکەدا دامەزراوەکانی دروست نەکراون (کۆمپانیا خۆماڵییەکانی نەوت) تا ئەوەی ئەنجومەنەکە بتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت. باشترین بەڵگە ڕاگەیەندراوەکەی (ئاوات شێج جەناب/ وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم) کە لە (3/3/2022) لە ڕونکردنەوەیەکیدا بۆ وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کاتێک مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردبوو وەزیری دارایی ئاگادارە داهاتی نەوت چەندە و چەندی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. ئەویش لە ڕێگەی میدیای بزوتنەوەکەیەوە ئەوەی بڵاوکردەوە: "ئێمە ئاگاداری راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت و ئەو (350) ملیۆن دۆلارەین کە دێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەمان" سێیەم: بۆچی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غازو دەستکاریکردنی پێکهاتەی ئەنجومەنی هەرێمی؟ سێ ساڵ و چەند ڕۆژێک تێپەڕدەبێت بەسەر دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، واتە لە (12/7/2019)ەوە لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە ئەنجومەن هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجام نەداوە، ئەمە لە کاتێکدایە لەسەردەمی کابینەکانی پێشووتر، هەفتانە ئەو ئەنجومەنە کۆبونەوەی ئەنجام داوە. لەگەڵ ئەوەشدا دوای لەکارخستی ئەنجومەنە لە ماوە درێژەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕۆژی (15/6/2022) بە بڕیاری ژمارە (154)، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی ئاراستەی پەرلەمان كردووە بۆ زیادکردنی ئەندامێکی ئەنجومەکە، کە ئەویش (سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە) (ئەو پۆستە ئێستا لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە). بەپێی بهرنامهی كاری دانیشتنی ژماره (٧)ی ئاساییی خولی بههارهی پەرلەمانی کۆردستان ڕۆژی (22/6/2022) خۆێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە دەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەم هەوڵە نوێیەش دەگەڕێتەوە بۆ؛ یەکەم: حكومهتی ههرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا نامیلکەیەکی بڵاوکردەوە بە ناوەی (ئەرکی حکومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان: ڕوانگەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت) لە دەستپێکی نامیلکەکەدا هاتووە "حكومهتی ههرێمی كوردستان كۆمپانیای كوردستان بۆ نهوت و غاز (KROC) تایبهت به بواری دۆزینهوه، دهرهێنان و بهرههمهێنانی نهوت و غاز و كۆمپانیای كوردستان بۆ بهبازاڕكردنی نهوت (KOMO) دادهمهزرێنێت.. ئهو دوو كۆمپانیایه لهلایهک ههماههنگییان لهگهڵ یهك ههبێت و لهلایهكی دیكهشهوه ههماههنگیان لهگهڵ كۆمپانیای نهوتی نیشتمانی عێراق (سۆمۆ) ههبێت و ههمان پهیوهندیش لهنێوان وهزارهتی نهوتی عێراق و وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان ههبێت". ئەم هەنگاوەش پێویستی بە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غاز هەیە. دووەم: هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ زیادکردنی ئەندامێکی خۆی لەنێو ئەنجومەنەکەدا، لەمبارەیەوە (زانا عەبدولرەحمان/ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی؛ "نزیكەی سێ ساڵە پارتی نەهێشتووە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز كۆبونەوە بكات، چونكە لە (٥) ئەندامی ئەنجومەنەكە تەنها (٢) كەس پارتی بوون، ئێستا پڕۆژەیەكی ئاراستەی پەرلەمان كردوە كە ئەندامێكی تری پارتی زیادبكرێت ببێتە (٦) ئەندام بۆ ئەوەی ئەنجومەنەكە بەتەواوی كۆنتڕۆڵ بكات". (گرافیکەکان ئەم ڕاستییە ڕوونتر دەکاتەوە). ئەوەش ئەم ڕاستییە ڕونتر دەکاتەوە لە پرۆژە یاساکەی حکومەت (ماددەی چوارەم: بڕگەی دووەم) بەمشێوەیە هەمواردەکرێتەوە" ئەنجومەنی هەرێمی بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەکانی کۆدەبێتەوە، و بڕیارەکانی بەزۆرینەی دەنگی ئامادەبووان دەردەکات، و لەکاتی یەکسان بوونی دەنگەکان ئەو لایەنە پێشدەخرێت کە سەرۆک دەنگی لەگەڵداوە". بەمشێوەیەش بەپێی یاساکە ئەنجومەنی هەرێمی لە دوو ئەندام و سەرۆکێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت و دوو جێگرو ئەندامێکی یەکێتی و ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕان پێکدێت، بەم پێکهاتەیەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هەر بڕیارێکی بوێت تێدەپەڕێنێت، هەروەک چۆن هەرچییەکی بوێت پەکی دەخات. گرافیک ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازی هەرێم لە (ئێستاو کابینەکانی پێشتر) سەرچاوەکان: 1. یاسای نەوت گازی هەرێم ژمارەی (22)ی ساڵی 2007. 2. دەقی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای نەوت و غازی هەرێم (درەو میدیا). 3. دەقی نامیلکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی (ئەرکی حکومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان: ڕوانگەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت) (درەو میدیا) 4. وەزیری دارایی هەرێم: ئاگاداری راپۆرتی دیلۆیت و (350) ملیۆن دۆلارەکەین. (ماڵپەڕی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان) 3/3/2022 5. یادگار گەڵاڵی و فریا كاڵێ؛ ڕاپۆرتی رێکخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت سەبارەت بە وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩. (روونبیین) 6. زانا عەبدولرەحمان/ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان. (لاپەرەی فەرمی: فەیس بووک) 7. دوو ساڵ و پێنج مانگە ئەنجومەنی نەوت و گاز کۆنەبووەتەوە (بوار نیوز)
راپۆرت: درەو دوو هێرشی موشەكیی بۆسەر كێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، سەرچاوەی سەرەكی غازی هەرێمی كوردستانی خستوەتە مەترسییەوە، گومان لە هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە، بافڵ تاڵەبانی سەرەتای هەفتە دەچێتە بەغداد، غازی كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی ناردنە دەرەوەی بۆ توركیاو پرۆژەی راكێشانی بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان گیری خواردووە، كاتیۆشاكان لە كوێوە ئاراستەكراون؟ پەیامی پشت موشەكەكان چین؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كێ هێرش دەكات ؟ لەماوەی دوو رۆژدا دووجار بە موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایەسەر كێڵگەی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی (قادر كەرەم)ی سەربە قەزای چەمچەماڵ. هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیش كە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ هیچ لایەك رانەكێشاوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن. بەرپرسانی سەربازیی سنورەكە ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووەو دەڵێن: * كاتیوشاكان لە گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم گوندە تەنیا (5) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا. * لەم ناوچەیەدا هێزەكانی (كەتایبی حزیبوڵڵا)ی سەربە حەشدی شەعبی هەیەو فەرماندەكەیان كەسێكە بەناوی (ئەبو عەباس)، لە سنوری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزەكانی بەرگری فریاكەوتنو لیواكانی هێزی (70)ی یەكێتی ئامادەیە. * كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە. * ئەو كاتیوشیانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێتو بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت، ئەم جورە حەشوە تەنیا لای هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران بەردەستە. (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەنیازە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بكات، بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی (كۆرمۆر). بۆچی كۆرمۆر ؟ رۆژی 5ی ئایاری ئەمساڵ كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر). خورمەڵە گەورەترین كێڵگەی نەوتی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمە لە زۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی كێشەلەسەرو حكومەتی عێراق داوای دەكاتەوە، لە زۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستانو پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات. كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵەو كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە. لەپاڵ سكاڵای كۆمپانیای نەوتی باكوردا، دوای شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەسەر هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاكلایەنە، بەمدواییە وەزارەتی نەوت نامەی بۆ هەموو ئەو كۆمپانیایانە ناردووە كە لە كەرتی نەوتو غازی هەرێمدا كاردەكەنو داوایان لێدەكات لەماوەی سێ مانگدا گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق نوێ بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ناویان دەخاتە لیستی رەشەوە. هەندێك پێیانوایە ئەم بارودۆخە وایكردووە گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان لە شوێنە دیپلۆماسییەكانەوە بگوازنەوە بۆسەر دامەزراوەكانی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان لەسنوری دەسەڵاتی پارتیو یەكێتی. لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە هۆكاری پشت هێرشەكان بۆسەر كۆرمۆر دەبەستێتەوە بە كێشەیەكی یاسایی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیو حكومەتی ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە غاز، كۆمپانیا ئیماراتییەكە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكات لە دادگای پاریس سكاڵای لەسەر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران تۆمار كردووە لەبارەی پابەندنەبوون بە رێككەوتنێكی (25 ساڵە) كە ساڵی 2005 لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە، سكاڵاكەی دانەغاز دوو بەشە، بەشی یەكەمی لە ئێران بردوەتەوە كە بەهاكەی (608 ملیۆن) دۆلارەو بڕیارە دادگا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بڕیار لەسەر بەشی دووەمی كەیسەكە بدات. گومان دەكرێت ئێران لەرێگەی میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە شەڕی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی گواستبێتەوە بۆ كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پەیام بە ئیماراتییەكان بدات لەبارەی ئەوە دەتوانێت زیان بە ئابورییەكەیان بگەیەنێت. كوردستان غاز هەناردە دەكات ! شوباتی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد. ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراقو ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراقو توركیاش دابین بكەین. هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕو دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوەو یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئەم بڕیارە پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو عێراق بردە دواوە، پێشتر ئەگەر وەفدەكانی هەرێمی لە دانوستانەكانیاندا بۆ پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت باسیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی تایبەت بە چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكانو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق كردبێت، ئێستا مانشێتی سەرەكی دانوستانەكانیان چارەنوسی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانە. فشارەكە تەنیا لەناوخۆی عێراقدا رانەوەستاوە، ئازاری ئەمساڵو دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێسپێردراوە، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراقو ئەمریكیو توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكیو ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراقو توركیاو نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا. بۆری غاز بەسەر لاشەی بافڵ تاڵەبانیدا ! غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان لەناوخۆدا. بەمدواییە بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەیە راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆر بێت بۆ توركیا. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتی رێگری كرد. رۆژی 28ی نیسانی ئەمساڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانو رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" دەبێت گرێبەستو شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە، نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێتو هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لەدەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا روونو ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت". بافڵ تاڵەبانی ئەوكات كە ئەم قسەیەی كرد پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو پارتیدا ئاڵۆز بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە هەندێك ئاسایی بوەتەوە، رۆژی 11ی ئەم مانگە بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی كرد، لە دەرەوەی وەفدی هەردوولا، خۆشیان بە دووقۆڵی دانیشتن. هەندێك سەرچاوەی نافەرمی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، باسلەوە دەكەن، یەكێتی دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشی لە كێڵگەكە بۆ (ملیارو نیوێك) پێ سێجا بەرزبكاتەوەو لەم رێگەیەوە پرۆسەی دانانی بۆری ماڵانو كارگەكانی سنوری دەسەڵاتی خۆی وەربگرێتو سەرچاوەیەكی دارایی گەورە بۆ خۆیو سنورەكەی دابین بكات، لەم حاڵەتەدا بەربەست بۆ ناردنە دەرەوەی غازەكە دروست دەكات، بەڵام سەرچاوە فەرمییەكان راستی ئەم قسانە رەتدەكەنەوە. دوێنێ بەرپرسێكی ئێرانیی بەنهێنی گەیشتە تەوێڵە، لە باخێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوەی كرد، هێشتا (درەو) زانیاری لەبارەی بەرپرسە ئێرانییەكەو تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان دەست نەكەوتووە. كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ. كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر. بەرهەمی ئێستا كێڵگەكە بەمشێوەیە: • گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا • كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی • گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێتو دەیگوازێتەوە. غاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا
راپۆرت: درەو دابەشكردنی میراتیە سیاسییهكەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی لایەنەكانی بوژاندەوە، بەتایبەتیش هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەی ساڵی رابردوو بوو، كێكەكەی سەدر چۆن بەشكرا ؟ دوای كشانەوەی سەدر نەخشەی دابەشبوونی پەرلەمان چی بەسەر دێت ؟ بەبێ سەدر، چوارچێوەی هەماهەنگیی كابینەی نوێی حكومەتی پێ دروست دەكرێت ؟ چوارچێوه دهتوانیت پارتی و یهكێتی لهسهر پۆستی سهرۆك كۆمار رێكبخات یان كارهكه دهداته دهست ئێران ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. میراتە سیاسییەكەی سەدر بەشكرا پەرلەمانی عێراق دوێنێ بەتەواوەتی دەرگای لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ ناو پەرلەمان داخست، ئەمە دوای پڕكردنەوەی كورسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر. لەكۆی (73) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان، پەرلەمان (64) كورسی بە كاندیدە جێگرەوەكان پڕكردەوە (كاندیدی جێگرەوە ئەوانەن پێیان دەوترێت گەورەترین دۆڕاو لە بازنەكانی هەڵبژاردندا)، (9) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕنەكرایەوە، ئەم (9) كورسییە (5)یان بەر (حەرەكەی حقوق) كەوتبوو، ئامادەنەبوون كورسی سەدرییەكان وەربگرن. حەرەكەی حقوق باڵی سیاسی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقە، (حسێن موئنس) سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پیاوە هاوپەیمانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان داوای پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كردووە واتە شوێنەكەی (حاكم زاملی) كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام لایەنە شیعەكان رەتیانكردوەتەوەو پێیانوابووە پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكەی سەدر لەلایەن حەرەكەی حقوقەوە، جۆرێك لە ئیستفزازی تێدا دەبێت بۆ سەدرییەكانو بۆ شەقامیش، بەوپێیەی ناڕەزایەتی دژی كەتیبەكانی حزبوڵاو هێرشەكانیان هەیەو ناكرێت ئەو پۆستە گەورەیە بدرێت بەوان، ئەمە وایكرد حسێن موئنیس كە تەنیا خۆی سەركەوتبوو بۆ پەرلەمان لەگەڵ سەدرییەكان دەستلەكاربكێشێتەوەو وەرگرتنی كورسی بەتاڵی سەدرییەكانیش رەتبكاتەوە. (4) كورسییەكەی تری سەدرییەكان، كاندیدە جێگرەوەكانیان هەر لە رەوتی سەدر خۆی بوون، ئەوانیش بەهۆی بڕیاری رێبەری رەوتەكەیانەوە نەچونە پەرلەمانو كورسییەكانی خۆیان پڕنەكردەوە. بۆ پڕكردنەوەی ئەو (9) كورسییە بەتاڵە، دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ناوی (9) كاندیدی جێگرەوەی تر دیاری بكات كە بریتی دەبن لە دووەم گەورە دۆڕاوەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا. سهدر نهیارهكانی به كورسی پهرلهمان دهبوژێنێتهوه ! كێكی (73) كورسییەكەی سەدر دابەشكرا، هەریەكەو پشكی خۆی برد، عامری سودمەندی یەكەمو سەربەخۆكان سودمەندی دووەم، حەكیمو عەبادیو مالیكیش پشكی خۆیان چینییەوە: • هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری پشكی شێری كێكی كورسییە بەتاڵەكانی سەدری بەركەوت، لەكۆی (64) كورسی سەدرییەكان كە دوێنێ پڕكرایەوە (12) كورسی برد، ئەمە ژمارەی كورسییەكانی عامری لەناو پەرلەمانی عێراق لە (17) كورسییەوە بەرزكردەوە بۆ (29) كورسی. • (قوی الدولە) كە هاوپەیمانێتی نێوان (عەممار حەكیمو حەیدەر عەبادی)یەو لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تەنیا (4) كورسی بردەوە، لە پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوەی سەدر سودمەند بوو، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كێكەكەی سەدر (8) كورسی بەركەوت، بەمەش ژمارەی كورسییەكان لە پەرلەمان بۆ (12) كورسی بەرزبووەوە، سەرباری ئەم زیادبوونە، عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر بڕیاری خۆیو دەڵێ بەشداری كابینەی نوێی حكومەت ناكەم، بەڵام عەبادی چاوێكی لەوەیە ببێت بە كاندیدی یەكلاكەرەوەی ناو ماڵی شیعە لەنێوان مالیكیو سەدردا، حەكیمو عەبادی بەشێكن لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەكیم+ عەبادی). • ئەوانەی لەژێر ناوی (سەربەخۆ)دا بەشداربوون، سودمەندی دووەمی كێكەكەی سەدر بوون لە پەرلەمانو (11) كەسیان بوون بە شوێنگرەوەی سەدرییەكان. • بزوتنەوەی ئیمتیداد كە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراقی دەكردو (9) كورسی بردەوە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (7) كاندیدی تری سەركەوت بۆ پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات بەمدواییە ناكۆكی كەوتە ناو بزوتنەوەكەی لە كۆی (9) پەرلەمانتار (5) پەرلەمانتاریان جیابوەنەوە، بزوتنەوەی ئیمتیداد كە عەلا ركابی سەرۆكایەتی دەكرد لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكیان هەیە بەناوی (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك). • ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكاتو نەیاری سەرسەختی سەدرە، ئەویش (5) كورسی سەدرییەكانی چنییەوەو بەمەش ژمارەی كورسییەكانی لە (33) كورسییەوە زیادی كرد بۆ (38) كورسی، مالیكی رێبەرایەتی لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی كرد، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە سەركەوتوو بوو لە كاراكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) لەناو پەرلەمانی عێراقو بەمەش رێگری لە سەدر كرد "حكومەتی زۆرینە" دروست بكات، مالیكی كە سەری گەورەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، خەونی هەیە جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە. • كوتلەی (نەهجی وەتەنی) كە بریتییە لە (حزبی فەزیلە)ی پێشوو و بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەویش سودمەندبوو لە كورسییە بەتاڵەكانی سەدرو (3) كورسی تری دەستكەوت، بەمەش تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (4) كورسی بەرزبووەوە. • هاوپەیمانی (تصمیم) كە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە سەرۆكایەتی دەكاتو دابەشبووە بەسەر هەردوو بەرە ناكۆكەكەی ناو ماڵی شیعەدا (چوارچێوەی هەماهەنگیو سەدر)، ئەویش لە شوێنی بەتاڵی سەدرییەكان (3) كورسی سودمەند بووەو بەمە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (8) كورسی بەرزبووەوە، ئەسعەد عیدانی دەیەوێت خۆی وەكو كاندیدی یەكلاكەرەوەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیو سەدر نیشان بدات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆیە ناوی لە لیستی ئەوانەدا دەهێنرێت كە لەناو ماڵی شیعەوە كاندید دەكرێن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. • هاوپەیمانی (عەقدی وەتەنی) كە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆكایەتی دەكات، ئەویش (4) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕدەكاتەوەو بەمە ژمارەی كورسییەكان لە (4) كورسییەوە بۆ (8) كورسی زیاد دەكات. • رەوتی (الفراتین) كە محەمەد سودانی وەزیری پێشووتری مافی مرۆڤ سەرۆكایەتی دەكاتو بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو (1) كورسی پەرلەمانی هەیە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (2) كورسی تری دەستكەوتو تێكڕای كورسییەكانی بوو بە (3) كورسی. • عامر عەبدولجەبار وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق یەكێك لەو تاكە كەسانەیە كە سودمەند بوو لە كشانەوەی سەدرییەكان، عامر لەچوارچێوەی رەوتێكی نوێدا بەناوی رەوتی (گردبونەوەی فاو و زاخۆ) بەشداری هەڵبژاردنی كرد، سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، بەڵام ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە كورسییەكەی خۆی لە بەسرە بردەوە. • حزبی (قادمون للتغییر) كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی كردو لە هەموو ناوچەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كاندیدی هەبوو، بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە لە هیچەوە بوو بە خاوەنی (2) كورسی پەرلەمان لە پارێزگاكانی بەغدادو بەسرە. • عەدنان زورفی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئەویش بۆ یەكەمجار بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە دوو كورسی پەرلەمانی لەسەر بازنەكانی پارێزگای نەجەف دەستكەوت، یەكێك لەوانە خۆیەتی كە بوو بە ئەندامی پەرلەمان. • بزوتنەوەی (نور) كە پەرلەمانتاری پێشووی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا (محەمەد هینداوی) سەرۆكایەتی دەكات، كورسییەكی سەدرییەكانی لەسەر پارێزگای بەسرە بەركەوت، بەڵام ناخۆشییەكەی ئەوەیە ئەو كەسەی لە حزبەكەی شوێنی سەدرییەكانی پڕكردەوە هینداوی خۆی نەبوو، بەڵكو ژنێكە، ئاخر هینداوی لە هەڵبژاردندا خۆیو كوڕەكەشی كاندید كردبوو، بەڵام كەسیان سەرنەكەوتن. • ئیشراقەی كانون كە ئەویش وەكو ئیمتیدا بە هێزێكی سەربەخۆ ناودەبرێت، كورسییەكی لە كشانەوەی سەدرییەكان دەستكەوت. • هاوپەیمانی (تەقەدوم) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، بە (2) كورسی لە كشانەوەی سەدر سودمەند بوو، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی بۆ (39) كورسی زیادی كرد، حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا هاوپەیمانی سەدر بوو، بەڵام هەر دوای كشانەوەی سەدرییەكان سەرۆكایەتی هەوڵی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی كرد. • گردبونەوەی خەڵكی واست، كە محەمەد میاحی پارێزگاری واست سەرۆكایەتی دەكاتو لە هەڵبژاردندا یەك كورسی بردەوەو چووە پاڵ سەدرییەكان، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە كورسییەكەی تریشی دەستكەوتو ژمارەی كورسییەكانی بوو بە (2) كورسی. نەخشەی پەرلەمان دوای سەدرییەكان ئێستا كە ئیتر كورسییە بەتاڵەكانی سەدر پڕكراوەتەوە، نەخشەی دابەشبوونی كوتلە سیاسییەكان لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە: • لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان (88) كورسییەوە بۆ (120) كورسی بەرزبووەوەو ئێستا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانن، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەم كوتلەیە رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران. • بارزانیو حەلبوسی كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییان لەگەڵ سەدر كرد (هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتمان)، ئێستاو دوای كشانەوەی سەدر هەوڵی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەدەن، بارزانیو حەلبوسی بەبەشداریكردنی پەرلەمانتارەكانیان لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانو پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر، یەكەمین كاری هاوبەشی خۆیان لەگەڵ مالیكیو هاوپەیمانە شیعەكانی تری دەستپێكرد. • لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەحاڵی دەستپێكردنی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتیو یەكێتی، دەبێت ناكۆكی نێوان ئەم دوو لایەنە كوردییە لەبارەی پۆستەكە چارەسەر بكەن، چوارچێوەی هەماهەنگیی رێز لە هەڵوێستی یەكێتی هەشت مانگی رابردووی یەكێتی دەگرێت كە لەو ماوەیەدا لەدژی سەدر پشتیوانی لە چوارچێوە كردووەو بە (18) پەرلەمانتاری خۆی نیسابی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی لەناو پەرلەمان بۆ مالیكیو دۆستەكانی تەواو كردووە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرێت بەبێ بەشداریكردنی پارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تاڕادەیەك ئاستەم دەبێت. • پارتی بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر، هەرێمی كوردستان روبەڕووی ژمارەیەك فشاری سەربازیو یاساییو سیاسی كردەوە، لەسەرو هەموشیانەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان، پارتی ئێستا بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای چارەسەركردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكات، ئەمە دانوستانی مالیكیو هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بارزانی قورس دەكات، ئایا مالیكیو عامری دەچنە ژێر باری هیچ بەڵێنێك بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان ؟ • بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ سوننەكان هێندەی كورد قورس نابێت، چونكە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەكانە پڕكراوەتەوە، بەڵام لە پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی پێكهاتەی سوننەدا دەبێت جگە لە حەلبوسیو خەمیس خەنجەر، هەندێكیش هاوپەیمانی عەزم لەبەرچاوبگرێت كە لەماوەی رابردوودا وەكو بەشێك لە پێكهاتەی سوننە لەگەڵ مالیكیو هاوپەیمانەكانی دژی سەدر راوەستاون. • لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر ئەوەی نایەوێت بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، رەنگە ئەمە وابكات چوارچێوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (واتە شوێنەكەی حاكم زاملی پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی سەدر) بۆ ئەو بەجێبهێڵن. • لەحاڵی رێكنەكەوتنی بارزانی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەگەری هەیە ئەویش هاوشێوەی سەدر لە پەرلەمان یاخود بەشداریكردن لە حكومەت بكشێتەوەو ئەمە ئاستەنگێكی زیاتر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەلایەن مالیكیو هاوپەیمانەكانییەوە دروست دەكات. • سەربەخۆكان كە ژمارەیان (45) پەرلەمانتار بوو، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە 11 كورسی تریش زیادیان كردووە، لەماوەی رابردوودا كە بەهۆی ناكۆكی هەردوو بەرەكەی ناو ماڵی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگییو سەدر) رۆڵیان لەخۆیان گەورەتر دەركەوت، ئیتر ئەو رۆڵەیان نابێت، رەنگە ئەمجارەیان زیاتریش پەرت ببن لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتو سەدر وەكو رێبەری ناڕەزایەتی شەقام. • كشانەوەی سەدر چەندە سودی بەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گەیاندو باری لاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بۆ راستكردنەوە، رەنگە زیانی گەورەشیان پێ بگەیەنێت، چونكە لەمەودوا زیاتر ناكۆكییەكانیان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانو دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان دەردەكەوێت، چونكە ئەم هاوپەیمانێتییە بەپلەی یەكەم هاوپەیمانێتی روبەڕووبونەوەی سەدر بوو، نەك هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت. • مانەوەی سەدر لە دەرەوەی پەرلەمان، مەترسییەكی ئامادەیە لەبەردەم هەر حكومەتێكدا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دروستی بكات، سەرباری بەشدارییان لە حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رەنگە بارزانیو حەلبوسی هەروەكو هاوپەیمانی شاراوەی سەدر لەناو حكومەتو پەرلەماندا بمێننەوەو لەحاڵی دروستبوونی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ لای سەدر. • خاڵی بەهێزی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پاڵشتی ئێرانە، ئێرانییەكان رەنگە رۆڵی گەورە بگێڕن لەسەرپێخستنی حكومەتی نوێی عێراق، بەتایبەتیش چارەسەركردنی ناكۆكی پارتیو یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار.
درەو: پێشەکی: ڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت حكومهتی ههرێمی كوردستان دوو كۆمپانیای گشتی دادهمهزرێنێت ئهوانیش كۆمپانیای ههرێمی كوردستان بۆ نهوت و غاز (KROC) كه تایبهتمهند دهبێت له بواری دۆزینهوه و دهرهێنان و بهرههمهێنانی نهوت و غاز، ههروهها كۆمپانیای كوردستان بۆ بهبازاڕكردنی نهوت (KOMO) كه تایبهتمهند دهبێت به بازاڕكردنی نهوت. دهكرێ له لایهك ههماههنگی له نێوان ههر دوو كۆمپانیاكه ههبێت، له لایهكی ترهوه ئهم ههماههنگییه لهگهڵ كۆمپانیای نهوتی نیشتمانی و كۆمپانیای سۆمۆ له بوارهكانی ههمان پهیوهندی ههبێت، هاوكات لهگهڵ بوونی ههمان پهیوهندی و ههماههنگی له نێوان وهزارهتی نهوتی فیدڕاڵ و وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان. ههموو ئهمانه و تهواوكردنی ستراكچهری كۆمپانیای سۆمۆ و ههمواركردنهوهی پهیڕهوی ناوخۆی و كردنی به دامهزراوهیهكی فیدڕاڵی پێویست به بڕیاری هاوبهش دهكات، كه دهبێته مایهی ئهوهی ههرێمی كوردستان بهشدارییهكی ڕاستهقینه لهو كۆمپانیایه بكات و پۆستی جێگری سهرۆكی كۆمپانیاكه بۆ ئهو بێ، هاوكات لهگهڵ بوونی دوو نوێنهری ههرێمی كوردستان له بهڕێوهبردن و جومگهكانی كۆمپانیاكه، ههروهها ههرێمی كوردستان مافی ڕهتكردنهوه (ڤیتۆ)ـی ههبێت سهبارهت بهو پرسانهی پهیوهندیان به ههرێمی كوردستانهوه ههیه. ١. سهبارهت به دۆسیهی پابهندییه داراییهكانی پهیوهست به دهرئهنجامی دۆسیهی نهوت و غاز، بۆچوونی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهوهدا كورت دهبێتهوه كه بهردهوام بێت له فرۆشتنی بڕی ههناردهكردنی نهوت له ههرێم له ڕێگهی ههمان كۆمپانیاكان، هاوكات لهگهڵ پێویستی دووباره چاو خشاندنهوه به گرێبهستهكان له ڕووی نرخ و لابردنی ههموو كۆت و ئاستهنگهكان كه كۆمپانیای سۆ بهرانبهر به پرۆسهكانی فرۆشتنی نهوتی ههرێمی كوردستان دایناوه. ٢. له بارهی داهاتی نهوتی ههناردهكراو له لایهن ههریمهوه، پێویسته ئهم داهاتانه بۆ ههژمارێكی بانكی بگوازرێتهوه كه ههرێمی كوردستان خۆی ههڵیبژێرێ و سهرپهرشتی بهڕێوهبردنی بكات، هاوكات له میانهیهوه گواستنهوهی دارایی بۆ ههرێمی كوردستان ڕاستهوخۆ بێت بۆ ئهوهی شایستهی كۆمپانیاكانی بهرههمهێنان و گواستنهوه بدات، ههروهها ئهوهی دهمێنێتهوه بۆ وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان بگوازرێتهوه وهك بهشێك له پشكی بودجهی فیدڕاڵی، تا ئهو كاتهی كه بهشهكانی تری له پشكی بودجهی فیدڕاڵی له لایهن حكومهتی فیدڕاڵهوه به دهست دهگات. بەشی یەکەم: ساڵ: ٢٠١٩ چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ١. پێکهێنانی لێژنەی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان: دوای متمانەدان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ ی تەمموزی ٢٠١٩ زایینی، شاندێک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت لە ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩ سەردانی بەغدای کرد، ئەنجامی ئەم سەردانەش پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا بوو لە نێوان هەردوولا. ٢. لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی پێشکەش کرد بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی بە هەڵواسراوی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ماونەتەوە، گرفتەکانیش بریتین لە: ـ پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان ـ پرسی نەوت و غاز ـ پرسە داراییەکان ـ پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی. ئەم کارنامەیەش لە یەکەمین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای هاوبەش لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، گفتۆگۆی لەسەر کرا و حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی لە بواری نەوت و دارایی کردووە بەرامبەر پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم. ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لە حکومەتەکەی د.عادل عەبدولمەهدی، لەسەر یەکەمین پڕۆژەی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتن کرا. لەمبارەیەوە شاندێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ ئەنجام دا لەم کۆبوونەوەیەش ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوولای لێکەوتەوە، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، لەم پڕۆژە یاسایەدا جەخت لەسەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بەتایبەت نەوت و دارایی، کارنامەی بنەما سەرەتاییەکانیش بەم شێوەیەیە: ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو بە کۆمپانیای (سۆمۆ) داهاتەکانیش لە ئەژماری حکومەتی فیدراڵ دادەنێت، لەگەڵ ئاگادارکردنەوی (سۆمۆ) دەربارەی هەموو گرێبەستەکانی رابردووی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها نرخ و بەهای گواستنەوەی نەوتە خاوەکە، ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت. ٢. ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڕی ٤٥٠ هەزار بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا، هەروەها حکومەتی هەرێم هەموو زانیاری و داتای تایبەت لەو بڕەی دەمینێت لە بەرهەمی گشتی هەرێم بە تێچووی پێشبینیکراو پێشکەش بکات بە بڕی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەم بارەوەش چەندین ڕاپۆرت بە وردەکاریی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و هەناردەکردن و فرۆشتن و بەکارهێنان و سەرمایەگوزاریی و وردەکاریی خەرجی تایبەت بە پڕۆسە و کاروباری تایبەت بە نەوت پێشکەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کران. ٣. گواستنەوەی داهاتە نەوتییەکان لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەپێی حوکمی یاسایی کارگێری دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩ی زایینی. لە بەرامبەر ئەم خاڵەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١٢ تریلیۆن و ٥٧٧ ملیارو ٨٧ ملیۆن و ٢٢ هەزار دینار دەستنیشان کرا، کە دەکاتە (٨٥٧ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک)، ئەمە جگە لە گوژمەی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم بەبڕی ٢٩ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک و لەسەر بنەمای کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن) و(النفقات الجاریە و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان)، بەڵام بارودۆخی سیاسی ئەوکات و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی د.عادل عەبدولمەهدی ڕێگر بوون لەوەی ئەم پڕۆژەیە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت. ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی لەسەر نامەی وەزیری دارایی فیدراڵ د.عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی (ژمارە ٨٠٢) لە ١٩/٥/٢٠٢٠ی زایینی، لەسەر ئەم بنەمایە چەندین کۆبوونەوە لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، لە ئەنجامدا ڕێککەوتن لەبارەی چەندین بەندی تایبەتییەوە کرا بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە داراییە هەڵواسراوەکان، ئەم خاڵەش ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە نووسراوی ژمارە (١٣٢٢٩) لە ڕێککەوتی ١٥/٨/٢٠٢٠ی زایینی جەختی لەسەر دەکاتەوە. ئەم ڕێککەوتنە ئاماژە بەوە دەکات: ـ پێوسیتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت وەک بەشێک لە خەرجییەکانی هەرێم. ـ ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بنەمای هاوکێشەیەکی ژمێریاری دەستنیشان کراوە. ـ ئەو بنەما هاوکێشییە ژمێریارییەش بریتییە لە خەمڵاندنی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەو داهاتە نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن و داهاتەکانی دیکەی هەرێم. ـ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حکومەتی فیدراڵ بڕی هەموو داهاتەکانی خەرێمی کوردستانی بە داهاتی نەوتی و داهاتەکانی دیکەی لە شایستە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ بڕیوە. ٢. بە پێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، پشکی هەرێمی کوردستان ١٢,١٦% بوو، بەڵام هەرێمی کوردستان بڕی تەنیا ٣٢٠ ملیار دیناری لە حکومەتی فیدراڵەوە پێ دەگەیشت، سەرەڕای ئەم ڕێککەوتنەش هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی لە بری مانگەکانی (ئایار، حوزەیران، تەمموز و تشرینی یەکەم)ـی ٢٠٢٠ وەرنەگرتووە و هیچ پاساوێکیش بۆ ئەم نەناردنە نەبوو، جگە لەوەش هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی پێشمەرگە خەرج نەکراوە، سەرەڕای دانانی خەرجی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دەرماڵەکانی وەزارەتی بەرگری، بۆ زانیاریش ڕێککەوتن کراوە لەسەر پڕۆژەی دووەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و ناردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تێپەڕاندنی یاسا بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور: جگە لە ناڕەزایی هەرێم لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری نوینەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دەقی ماددەی (٧)ی ئەم یاسایە دەڵێت: پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن – جاری و پڕۆژەی وەبەرهینان) ئەژمار دەکرێت هەروەها مەرجی بۆ ئەم خەرجیانە داناوە بۆ هەرێم بریتییە لە ڕادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم جگە لە داهاتی دیکەی نەوتی. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی کردووەتەوە. هەڵوێستی خۆی بە پێی هەردوو نووسراوی ژمارە (١٨٣٩) ڕێکەوتی ٥/١٠/٢٠٢٠ و ژمارە (٣٧٩) لە ڕێکەوتی ١٨/١٠/٢٠٢٠ دووپات کردەوە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە: ١. ڕادەستکردنی ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان هاتووە، هەروەها پشتبەستن بە حوکمی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩. ٢. دەرچوواندنی یاساکانی (نەوت و غازی فیدراڵ، دابەشکردنی داهاتی فیدراڵ، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت). ٣. ڕادەستکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەو ڕێژەیەی لە یاساکەدا بڕیاری لەسەر دراوە. ٤. بە دووپاتکردنەوەی پڕەنسیپی شەفافیەت پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی/دووەم، بەندی /ب لە ماددەی (٣٤)ـی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆساڵی ٢٠١٩. ٥. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لارییەکی نییە لەبارەی بهڕێوەبردنی گومرگەکان بە پێی حوکمی بڕگەی/ یەکەم لە ماددەی (١١٤)ـی دەستووری عیراقی فیدراڵ. ٦. حکومەتی هەرێمی کوردستان وای دەبینێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی فیدراڵ بە قەرز وەریدەگرێت پێویستە ڕێژەیەکی دادپەروەرانەی لێ دیاری بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم پرسەش بە ڕوونی لە ماددەی (١٠٦) ی دەستووری عێراق جەختی لەسەر کراوەتەوە. ٧. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵ لە بواری وزەدا، بە هەر دوو دۆسیەی کارەبا و غازیشەوە، بە پێی ئەو ڕێکارە یاساییانەی هە ردوو لا لەسەری ڕێک کەوتوون. ٨. نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ نووسینگەی سەرۆک وەزیران ژمارە (٥٠٠) لە ٢٦/١١/٢٠٢٠: لە کۆبوونەوەی ژمارە (٤٥) له ڕێکەوتی ٢٥/١١/٢٠٢٠ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ نارد، تیایدا جەخت لەسەر هەڵویستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لەگەڵ دیدی حکومەت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەبارەی پڕۆژ یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٠. بەشی دووەم دیــوانی ئەنجوومــەنی وەزیــرانی حکومــەتی هەرێمــی کوردســتان نــووسراوی بــۆ ئەمیندارییه گشــتیی ئەنجومەنــی وەزیرانی عێراقــی فیــدراڵ کــردووە کــە خــۆی وەڵامــی "نــوورساوی ژمــاره ٢/٥/٨٨٥٧ لــه ڕێکــەوتی ١/٤/٢٠٢٠"ـــه کــە ئاراسـتەی وەزارەتـی دارایـی حکومـەتی هەرێـم كرابـوو بـۆ ڕاگرتنـی خەرجكردنـی مووچــەی فەرمانبەرانــی هەرێمــی كوردســتان و لــە وەڵامیــدا هاتــووە: یهكهم: سیاسهتی حكومهتی ههرێمی كوردستان پێشتریش و تا ئێستاش ئامانجی چارهسهكردنی كێشهكانه لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵ به پێی دهستوور و پشت بهستن به ماددهكانی بهو پێیهی ههرێمی كوردستان قهوارهیهكی دهستوورییه له چوارچێوهی دهوڵهتی عێراقی فیدڕاڵ. دووهم: دەستوور مافی بەشداریکردنی وەک بنەمایەکی دامەزرێنەری سیستەمی فیدراڵی بۆ ئەو هەرێم و پارێزگایانە مسۆگەر کردووە کە لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا بە پێی بنەماکانی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان و دادپەروەری ڕێک نەخراون بۆ هەرێمێک، كه ناكرێت دروست ببێت بهبێ بوونی بنهمای یهكسانی له نێوان هاووڵاتیانی ههرێمهكان و پاڕێزگاكانی تری عێراق له ڕووی سوود وهرگرتن و پیادهكردنی مافهكانیان، له ناویشیاندا مووچه و شایسته داراییهكانی فهرمانبهران، له ڕاستیدا فهرمان كردن به ڕاگرتنی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان پێشێلكارییه، به تایبهتی خهرجكردنی مووچهی فهرانبهرانی حكومهتی فیدڕاڵ له پازده پارێزگا عێراقییهكهی تر به ئاسانی دهڕوات بهبێ بوونی هیچ لێدوانێك لهسهر مهرجهكان، جهخت دهكهینهوه كه فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان هیچ جیاوازییهكیان لهگهڵ فهرمانبهرانی تهواوی بهشهكانی تری عێراق نییه و له چوارچێوهی قهوارهی یهك دهوڵهتدا خزمهتی گشتی جێبهجێ دهكهن. سێیهم: له ماددهی (56)ـی یاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵی ژماره (٦)ـی ساڵی ٢٠١٩ دا هاتووه كه له وادهی دهرچوونییهوه دهست دهكرێت به ساڵی دارایی داهاتوو، ههروهها ماددهی یهكهم/ بڕگهی (نۆیهم) له ساڵی دارایی وا پێناسهی كردووه كه بریتییه لهو ماوهیهی كه كه تێیدا یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی جێبهجێ دهكرێت، به شێوهیهك یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا بڕیاری لهسهر نهدراوه، بۆیه ساڵی دارایی تا ئێستا دهستی پێ نهكردووه، ئهمهش واتای وایه كه ئهم یاسایه نهچووهته واری جێبهجێكردن، هاوكات لهگهڵ دهرنهكردنی ڕێنماییهكان كه كارئاسانی بۆ جێبهجێكردنی یاساكه دهكات له لایهن ئهنجومهنی وهزیرانهوه به گوێرهی ماددهی ٥٤ی یاساكه، ههروهها نوێنهرانی وهزارهتی دارایی فیدڕاڵی جهختیان لهسهر پێویستی دهركردنی ئهو ڕێنماییانه كردهوه له میانی كۆبوونهوهیان لهگهڵ نوێنهرانی حكومهتی ههرێمی كوردستان له ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٠ له بهغدا. چوارهم: بۆ سهپاندنی ڕاستی جێبهجێكردنی یاسای بهڕێوهبردنی دارایی، بڕگهی یهكهم له مادده (13)ـی یاساكه، وهزیری دارایی پابهند كردووه به دهركردنی گشتاندن بۆ خهرجكردن به ڕێژەی ١/١٢ له كۆی گشتی خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به خهرجییهكانی ساڵی دارایی ڕابردوو واته ساڵی (٢٠١٩) و لهسهر بنهمای مانگانه تاكو پهسندكردنی یاسای بودجهی گشتی ساڵی ٢٠٢٠، ههروهها بڕگهی سێیهمی ههمان مادده زانیارییه كۆتاییهكانی دارایی ساڵی ڕابردوو (٢٠١٩)ـی لهسهر بنهمای زانیارییه داراییهكانی ساڵی ٢٠٢٠ دیاری ههژمار كردووه. پێنجهم: ههرێم مانگانه مافی خۆیهتی ١/١٢ـی خهرجییه ڕاستهقینهكانی خهرجییه داراییهكانی ساڵی دارایی ٢٠١٩ وهربگرێت وهك تهواوی پارێزگاكانی تری عێراق و به پێی خشتهی ژماره (١)ـی هاوپێچكراو، لهو كاتهی ههروهها پێچهوانهی ماددهكانی یاسای كارگێڕی دارایی ماوهی سێ مانگی یهكهمی ساڵی ٢٠٢٠ هیچ خهرجییهك له شایسته داراییهكان بۆ ههرێمی كوردستان خهرج نهكراوه، جگه له خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به دابینكردنی قهرهبووكردنهوهكانی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان كه دهگاته 452 ملیار دینار، كه ئهمینداریهتی گشتی ئهنجومهنی وهزیرانی داوای ڕاگرتنی دهكات، كه ئهمهش پێشلكاری ئهو یاسایه كه پشتی پێ دهبهسترێت. شهشهم: ماددهی (١٠/ دووهم-ج) له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩ حكومهتی فیدڕاڵ پابهند دهكات به دانی شایستهكانی ههرێمی كوردستان له ناویشیاندا قهرهبووكردنهوهی فهرمانبهران و بڕینی بڕی زیانهكان له پشكی ههرێمی كوردستان له ئهگهری ڕادهستنهكردنی ئهو بڕه نهوتهی كه بڕیاری لهسهر دراوه، ههروهها وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ بڕی ٤٥٢ ملیار دیناری مانگانهی بۆ ههرێمی كوردستان دابین كرد وهك خهرجییهكان و قهرهبووكردنهوهی فهرمانبهران كه كۆی گشتی ساڵانه دهگاته پێنج تریلیۆن و ٢٢٨ ملیار دینار له كۆی گشتی پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی خهرجی جاری و خهرجی وهبهرهێنان له ساڵی ٢٠١٩ كه دهكاته بڕی ١٠,٥٩٩,٠٢٥,٨١١ دینار له ناویشیاندا دابینكردنی مووچهی پێشمهرگه كه دهكاته بڕی ٨١٦ ملیار دینار له چوارچێوهی خشتهی خهرجییه سیادییهكان، بهڵام هیچ بڕە شایستهییهكی تری ههرێمی كوردستان له ناویشیاندا مووچهی هێزهكانی پێشمهرگه خهرج نهكراوه وهك جێبهجێكردنی ماددهی (١٠/ دووهم-ج) له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩. كۆی گشتی ئهو بڕهی كه دهبوو به ههرێمی كوردستان بدرێت، بهڵام كه نهدراوه وهك له خشتهی ژماره (٢)ـی هاوپێچكراو دهردهكهوێت، زیاتره له بههای ئهو زیانهی كه بهر داهاتی گهنجینهی گشتی فیدڕاڵی كهوتووه له ئهنجامی ڕادهستنهكردنی بڕی ٢٥٠ ههزار بهرمیل نهوتی ڕۆژانه به كۆمپانیای سۆمۆ له لایهن ههرێمی كوردستانهوه. حهوتهم: پشت بهستن به بڕگهی پێنجهمی ماددهی (٢٧)ـی یاسای كارگێڕی دارایی بۆ ڕاگرتنی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بههۆی كۆمهڵێك هۆكارهوه جێبهجێ نهكراوه، لهوانه: ١. ماددهی (٢٧) له یاساكه، وهزارهتی دارایی ڕاسپاردووه به دابهزاندنی (مبالغ المترتبە) لهسهر حهواڵهنهكردنی داهاتی نهوت و غاز و ههر بابهتێكی تر له لایهن ههرێمی كوردستانهوه لهوانهش (تهمویلكردنی ساڵانهی ههرێمی كوردستان) نهك لهسهر بنهمای مانگانه، جێبهجێكردنی ئهمه پێویست به دیاریكردنی پارهداركردنی ساڵانهی ههرێمی كوردستان دهكات به پێی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ بۆ ئهوهی وهزارهتی دارایی دهست به دابهزاندنی داهاتهكان بكات. ٢. خهرجكردنی ڕێژەی ١/١٢ له كۆی گشتی خهرجییه ڕاستهقینهكان بۆ خهرجییه جارییهكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی ساڵی ڕابردوو واته (٢٠١٩) له لایهن وهزارهتی داراییهوه لهسهر بنهمای مانگا تا ئهو كاتهی یاسای بودجهی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پهسند دهكرێت، ڕێكارێكی یاساییه و پشت بهستووه به حوكمهكانی بڕگهی یهكهم له ماددهی ١٣ـی یاسای كارگێڕی دارایی كه به شێواز (صیغە)ـیهكی ڕهها هاتووه بێ بوونی هیچ لێدوانێك لهسهر جێبهجێكردنی بڕگهی پێنجهم له ماددهی ٢٧ی یاساكه، ههروهها هیچ بۆچوون و ئیجتیهادێك له ناوهڕۆكی دهقهكه بوونی نییه، بۆیه ههڵپهساردنی خهرجكردنی ڕێژەی ١/١٢ بۆ ههرێمی كوردستان هیچ بهڵگهیهكی یاسایی نییه، چونكه له یاساكهدا هیچ دهقێك نییه بۆ ههڵپهساردنی خهرجكردنی ئهم ڕێژهیه لهسهر بنهمای دابهزاندنی (مبالغ المترتبە) بههۆی حهواڵهنهكردنی داهاتهكان له لایهن ههرێمی كوردستانهوه. ٣. بڕی ئهو زیانهی بهر گهنجینهی گشتی كهوتووه بههۆی ڕادهستنهكردنی ئهو بڕە نهوتهی كه دهبوو ههرێمی كوردستان بیدات له لایهن وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ دابهزێندراوه، بهڵام ئهم پرسه بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ پێویستی به دهركردنی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ههیه كه پڕۆژەیاساكهی به ڕێككهوتن له لایهن ههر دوو حكومهتی فیدڕاڵ و حكومهتی ههرێمی كوردستان له مانگی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩ ئاماده كراوه، كه تێیدا پابهندییه دارایی و نهوتییهكانی ههرێمی كوردستانی دیاریكراوه بهرامبهر به خهرجكردنی شایسته داراییه جێگیركراوهكان له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، بهم شێوهیه له ئێستادا میكانیزمێكی ڕوون بۆ دیاریكردنی چۆنیهتی دابهزاندنی داهاتهكان له پارهداركردن و خهرجی ساڵانهی ههرێم بوونی نییه، كه ئهم بابهتهش پێویستی به دهقێك ههیه له چوارچێوهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ یانیش له میانی لیژنهیهك كه له میانی كۆبوونهوهیهكی هاوبهش به بهشداری بهڕێزتان و بهڕێزان وهزیری دارایی فیدڕاڵ و نوێنهرانی ههرێمی كوردستان له ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ به ڕێوه چوو، پێشنیاز كرا. ٤. جەخت لهسهر پابهندبوونی تهواوهتی دهكهینهوه لهو لێكتێگهیشتنهی كه لهگهڵ ئێوهدا له مانگی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩ دروست بووه له چوارچێوهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، هیوادارین كه ڕهوانهی ئهنجومهنی نوێنهران بكرێت له ئهگهری پێكهێنانی كابینهی نوێ، كه بارودۆخی ئهم دواییانهی عێراق حكومهتیان ههڵوهشاندهوه و كابینهی ئێستای حكومهت دهستی له كار كێشایهوه و ئێستا بووهته حكومهتی كاربهڕێكهر، كه بههۆیهوه ئهم حكومهته ناتوانێت پڕۆژهیاسای پێشكهش به ئهنجومهنی نوێنهران بكات. ههشتهم: سهرهڕای ئهوهی پێشمهرگه به پێی دهستوور بهشێكه له سیستمی بهرگری عێراق و چهندین قوربانی داوه به تایبهت له ڕووبهڕووبوونهوه و لهناوبردنی تیرۆر، بهڵام تا ئێستا شایستهكانی پێشمهرگه له مووچه و خهرجییهكانی پڕچهككردن و ئامادهكردن و مهشقپێدانهوهی خهرج نهكراوه، سهرهڕای بوونی ژمارهیهك دهق له ناو یاساكانی بودجهی فیدڕاڵی لهوهتهی ساڵی ٢٠٠٥ـوه، كه ئهمهش وایكردووه وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان لهوهتهی ساڵی ٢٠٠٥ـوه مووچهی پێشمهرگه بخاته ئهستۆی خۆی، ههروهها لهوهتهی ساڵی ٢٠١٤ـوە به ههمان شێوه تێچووی جهنگی دژ به داعشی له ئهستۆ گرتووه سهرهڕای بوونی تهنگژەی دارایی بههۆی ئهوهی له شوباتی ٢٠١٤ـەوە پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی گشتی فیدڕاڵ بڕاوه، ههروهها مووچهی پێشمهرگه له ساڵی دارایی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ خهرج نهكراوه كه دهگاته بڕی ٦٨ ملیار دیناری مانگانه، سهرباری ئهوهی له خشتهی خهرجییه سیادییهكان بۆ ساڵی ٢٠١٩ جێگیر كراوه. نۆیهم: ههرێم پێشتر و ئێستاش زیاتر له ملیۆنێك ئاواره و پهناههندهی له خۆ گرتووه، كه حكومهتی ههرێمی كوردستان تێچووی خهرجی ئهو ئاواره و پهناههندانهی له هاووڵاتیانمان له پارێزگاكانی تر له ئهستۆ گرتووه به تایبهت له ڕووی چاودێری ئاسایش و تهندروستی و فێركردن و دابینكردنی پێداویستی و پێویستییهكانی بژێویان لهوهتهی ساڵی 2014، تهواوی ئهوانهش له ڕاپۆرتی هاوپێچكراو خراونهته ڕوو، كه هاوكات ڕوون كراوهتهوه حكومهتی فیدڕاڵ هیچ بهشدارییهكی نهكردووه. دهیهم: حكومهتی فیدڕاڵ لهوهتهی شوباتی ٢٠١٤ـەوە تا ساڵی ٢٠١٩ شایستهكانی ههرێمی كوردستانی ڕهوانه نهكردووه، ئهمهش وایكردووه ههرێم پهنا بباته بهر دۆزینهوهی سهرچاوه بۆ پارهداركردن و خهرجی و پێداویستییهكانی له میانی قهزر كردن و گرتنبهری تهقهشوف و ڕێكاری كهمكردنهوهی خهرجییه گشتییهكان و پاشهكهوتی ناچاری به ڕێژهیهكی زۆر له مووچهی فهرمانبهرانی ههرێم، هاوكات لهگهڵ دابینكردنی خهرجی بۆ ژمارهیهكی گهوره له پهناههنده و ئاوارهكان و تێچووی جهنگی دژ به تیرۆر، كه ههموو ئهمانه وایانكردووه ههرێمی كوردستان ڕووبهڕووی بارگرانییهكی گهورهی دارایی ببێتهوه، هاوكات ههرێم پشتوانی له ساغكردنهوهی شایستهكان دهكاتهوه له نێوان ههرێم و حكومهتی فیدڕاڵ بۆ ههموو ئهو ساڵانهی ڕابردوو، ئهمهش له میانی میكانیزمگهلێك كه له یاساكانی بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ دیاریكردنی ماف و ئهركهكانی ههر دوو لا ئاماژەی بۆ كراوه. له كۆتاییدا بۆ حكومهتی فیدڕاڵ دووپات دهكهینهوه كه ههڵوێستی ههرێمی كوردستان نهگۆڕە و سیاسهتهكانی بۆ چارهسهركردنی ئهم دۆسیهیه به پێی دهستوور و یاسا و لهسهر بنهمای هاوبهشی دهبێت، داوا دهكهین لهسهر بنهمای ڕاسپاردهی هاوبهش كه ههر دوو لا له ئهنجامی كۆبوونهوهی بهغدا له ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ له نێوان نوێنهرانی (ئهمینداریهتی گشتی ئهنجومهنی وهزیران و نوێنهرانی وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ و شاندی ههرێمی كوردستان) پێی گهیشتووین، چاو بهو ڕێكاره بخشێننهوه كه له نووسراوی سهرهوهتان ئاماژهی بۆ كراوه، كه دیاره ناوهڕۆكی ئهم لێكتێگهیشتنه هاوبهشه ڕاسپاردهی ڕاگرتنی جێبهجێكردنی نووسراوهكهتان دهكات و داوای بهردهوامی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان دهكات وهك سهرجهم فهرمانبهرانی تری حكومهتی فیدڕاڵ، هاوكات لهگهڵ پێكهێنانی لیژنهیهكی هاوبهش له نێوان ههر دوو لا به بهشداری دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری دارایی ههرێم بۆ دیاریكردنی ئهوهی له ئهستۆی ههرێمدایه له پابهندبوونهكان و مافهكانی له ژێر ڕۆشنایی دهستوور و یاساكانی بودجهی فیدڕاڵی بۆ ساڵهكانی 2014 تاكو 2019 به مهبهستی یهكلاییكردنهوهیان. ههروهها ئهم دهرفهته دهقۆزینهوه بۆ دووبارهكردنهوهی ههڵوێستی نهگۆڕمان به پابهندبوون به لێكتێگهیشتنی هاوبهش كه له چوارچێوهی ئامادهكردنی پڕۆژیاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی 2020 لهسهری ڕێككهوتووین و تێیدا چارهسهری پابهندییه دارایی و نهوتییهكانی نێوان ههردوولامان كرد به شێوهیهكی هاوسهنگ كه خزمهت به بهرژهوهندی گشتی بكات، بۆیه ئومێدهوارین بگهینه چارهسهرێكی ڕیشهیی بۆ ئهو كێشه ههڵواسراوانه له میانی گهیشتن به ئامادهكردنی پڕۆژهیاسای فیدڕاڵی هاوبهش بۆ نهوت و غاز و دابهشكردنی داهاتهكان. هاوپێچهكان: 1- خشتهی ژماره (1) خهرجییه ڕاستهقینهكان و خهرجییه جارییهكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2019. 2- خشتهی ژماره (2) خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به نهوت و غاز بۆ ساڵی دارایی 2019. 3- خشتهی ژماره (3) شایستهكانی ههریمی كوردستان به گوێرهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2019. 4- خشتهی ژماره (4) تایبهت به بڕی قهرهبووكردنهوهی زیانهكانی ههرێمی كوردستان له ئهنجامی تاوانهكانی ڕژێمی پێشوو له ساڵی 1963 تاكو ساڵی 2003. 5- ڕاپۆرتێكی تایبهت به زانیارییه تایبهتهكان سهبارهت به ژمارهی ئاواره و پهناههندهكانی ههرێمی كوردستان و تێچووهكانیان. 6- خشتهی ژماره (5) پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی گشتی فیدڕاڵ و بڕی ناردراو له ساڵی 2014 تاكو 2019. 7- خشتهی ژماره (6) خهرجییهكانی تایبهت به بههای كڕینی كارهبا له ههرێم به گوێرهی گرێبهستهكان لهگهڵ كۆمپانیاكانی (كار، قهیوان، فۆكس ئینهرجی، بهختیار گرووپ، ماس) كه حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهو خهرجییانهی به دۆلار به وهبهرهێنهران داوه له ساڵی 2019. 8- خشتهی ژماره (7) تایبهته به دیاریكردنی بڕی وزهی كارهبای ئامادهكراو بۆ پارێزگای كهركووك كه له لایهن ههرێمهوه سووتهمهنی پێویستی بۆ دابین كراوه.
درەو: ئەحمەد عەزیز- کەرکوک 6/2022 وەک دەسپێک و پێش ئەوەی بچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، بە پێویستی دەزانم وەڵامی دو پرسیاربدەمەوە :- 1. ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرایا، سوپای عێراق هێرشی ئەنجام دەدا و دەستی بە سەرکەرکودا دەگرت! بێگومان ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام نەدرابایا حکومەتی عێراق هێرشی بۆ سەر کەرکوک ئەنجام دەدا وهەوڵی کۆنتڕڵکردنی دەدا، بەڵام لێکەوتە وئەنجامەکانی زۆر جیاوازتر دەبو وەک لەوەی ئێستا هەیە، لە حاڵەتێکی وەهادا، ئەوسا کورد دەیتوانی لوبی بۆ بکات وپشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بە دەست بهێنێت لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، کە پشتیوان وهاوکاری کورد بون لە سەرەتای ڕزگارکردنی کەرکوک لە ساڵی 2003 تا کوتایی هاتنی شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2017، چاوەڕوان دەکرا سوپای عێراق بە هەمان شێوەی پێش ساڵی 2014 بگەڕابایەتەوە بۆ کەرکوک بۆ هەمان ئەو سنور ودەسەڵاتەی هەیبو لە ڕابوردودا، بەڵام وەک دیفاکتۆ دەسەڵاتی کورد وەکو خۆی دەمایەوە و بڕیاردەر دەبو، لە سەر بنەمای ئەوەش، کە لە مادەی ١٤٠دا هاتوە، ناوچەی جێناکۆک بە هاوبەشی لە نێوان هەرێم و ناوەند بەڕێوە دەبڕێت تا ئەو کاتەی چارەنوسی یەکلای دەبێتەوە. 2. ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجام نەدرابایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕویدەدا، کەرکوک هەمان ئەو چارەنوسەی ئێسای دەبو! ئەڵبەتە من پێم وایە ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕوی نەدەدا ، حکومەتی عێراق زەفەری بە کورد نەدەبرد، چونکە هیچ لایەنێکی کورد ئەوەندە لاواز نەدەبو تا بەو شێوە وئاستە بکەوێتە ژێر فشارەکانی (عێراق – ئێران -تورکیا) لە سایەی پشتیوانی هاوپەیمانان وئەمریکا، هەروەها پەیوەندی پارتی و عێراق نادەگەیشتە بنبەست لە گەڵ عێراق ولە کەرکوک ناوچەجێناکۆکەکان دەمایەوە، پێویستە ئەوەش بوترێت16 ی ئۆکتۆبەر بە دیویکی تردا کاردانەوە بو بەرانبەر بە کورد، چونکە کاتێک داعش سەری هەڵدا لە ساڵی 2014، لایەنی کورد لە کەرکوک هەڵیان کوتایە سەر هێزەکانی سوپای عێراق(فرقەی12 لە کەیون- لە موسڵیش کورد ڕۆڵی هەبو لە داڕمانی سوپای عێراق) و چەکیان کردن و بارەگاکانیشیان تاڵان کردن، هۆکارێکی تری سەرەکیش، کە پێویستە باسی بکەین ئەوەیە، کە یەکێتی وبزوتنەوەی گۆڕان ولایەنەکانی تریش بەشدار وهاوبەشی پارتی بون لە ئەنجامدانی ڕایفراندۆم، هەر لایەنەو بە گوێرەی دەسەڵات و قەبارەی خۆی، ئەگەر نا، پارتی بە تاقی تەنیا ئەستەم بو، بتوانێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لە تەواوی کوردستان و کەرکوک، جگە لە کەمپینی نەخێر، کە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون. دیارە کورد لە ماوەی سەدەی (100 ساڵ)ی ڕابوردو، پاش خەباتێکی بێوچان وبەخشینی ڕوبارێک خوێن لە پێناو ڕزگارکردنی کەرکوکدا، بۆ یەکەمین جار لە وەرچەرخان و ڕوداوێکی مێژویدا، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 توانی بۆ ماوەی نزیەکەی یەک هەفتە کەرکوک ئازاد بکات، هاوکاتی هەر شارێکی تری کوردستان، کە بێ گومان ئەوە دەلالەتێکی سیاسی ومێژوی گەروەی کوردستانی بونی کەرکوک بو، بۆ جارێکی تر و لە پاش 12 ساڵ، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ساڵی 2003 ئیدارە ودەسەڵاتی کەرکوک سپێردرایەوە کورد، سەرەڕای ناڕەزایی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی تورکیا، لە ماوەی ئەو 14 ساڵەی حوکمڕانی کورد لە کەرکوک، خراپترین نمونەی بەڕێوەبردن ودەسەڵاتی کوردی پێشکەش کرا، کە دەبو کورد پێچەوانەکەی بکردبایا، ئەو ئەزمونە تاڵە، تەنانەت خودی کوردی دانیشتوی ناوچەکەش لێی نیگەران وناڕازی بون، بەشی هەرە زۆری دیاردەکانی، دوئیدارەیی وململانێی تەسکی حزبایەتی و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردستان گوێزرایەوە و شۆڕکرایەوە بۆ کەرکوک بە زیادەوە، لە نمونەی (دو ئاسایش، دو پەروەردە ودو هێزی پێشمەرگە وتاد). بۆیە پێکهاتەکانی کەرکوک لە دەرفەت وهەلێک دەگەڕان بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی کورد خۆیان ڕزگار بکەن، ئەڵبەت کۆتای هاتنی شەڕ و سەرکەتن بەسەر داعشدا لە ساڵی 2017 و گلانی کورد بە ڕیفراندۆم لەو کاتە نامەدروس ونەگونجاوەدا، دو هەل ودەرفەتێکی زێڕین بو بۆ نەیاران، تا کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک و ناوچەدابڕێنداروەکان بهێنن، کە دەکاتە 51%ی گەرنگترین بەشی خاکی کوردستان لە ڕوی جیوپۆلیتیکی و ئابوری وئیستراتیجی، کە هەردەم لە ڕوانگەی عەرەب ووڵاتانی ناوچەکە بە کلیل و سەرچاوەی دەوڵەتی کوردی پێناسە کراوە وکەرکوک سومبلەکەیەتی(بڕوانە بەڵگەنامەی هاوپێچ)، هاوشێوەی کۆتای هاتنی شەڕی ئێران – عێراق لە ساڵی 1988 ، کە دەوڵەتی ئەوسای عێراق لە سەردەمی سەدام حوسێندا قۆستێوەو پڕۆسەی ئەنفالی بەدناویان دژی جولانەوەی سیاسی کورد ئەنجامدا و شۆڕشیان پێ خامۆش کرد تا بەهاری ساڵی 1991. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کورد پێویستە چەندی تر چاوەڕوان بێت و تێبکۆشێت، تا جارێکی خەونی هێنانەدی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ئامێزی کورستان بە دی بهێنێت، ئایا ئەو کارەکتەرو حزبانەی لە سەر دەستی ئەوان دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک لە باربرا و کەوتنی عەفرینیشی لێ کەوتەوە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت جارێکی تر لە لایەن ئەوانەوە کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان! بێ گومان نەخێر، چونکە ئەوانەی کەرکوکیان بەو دەردە برد، ئێساتشی لە گەڵدا بێت هیچ پەند وعیبرەتێکیان وەرنەگرتوە لە کەوتنی کەرکوک، گەر بڕوانینە شێوازی ئێستای حومکڕانی کوردستان و سیاسەت کردنیان بەرانبەر بە کەرکوک، دەبینین هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆیان لێ بە دیناکرێت، دور نیە ئەو بەشەی هەرێمیش کە ماوەتەوە بە دەردی کەرکوکی بچێت لە سایەی ئەوان، بۆیە ئەگەر ئەو بۆشایەی کە ئێستا هەیە لە نێو دەسەڵاتی سیاسی کوردستان پڕ نەکرێتەوە و ئەڵتەرناتیفێکی بۆ نەیەتە کایەوە، نەک کەرکوک ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەوەی هەشمانە لە ناو دەبرێت، وەک نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان جینین پلاسەخارت و باڵوێزی پێشوی ئەمریکا (ماسیو تولەر)هۆشداریان داوە لەو بارەیەوە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢. گەر بڕوانینە ئەو داتا وزانیاریانەی لە دوتوێی ئەم بابەتەدا دەیخەینە ڕو، دەبینین دەرئەنجامەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەر بەردەوامە، هەمو ئەوەی کورد بە دەستی هێنابو لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردو لە کەرکوک، (پارێزگاری کورد -75% ی کورد لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا – تەواوی ئەمنیەتی کەرکوک – بەڕێوەبەری بەشی هەرە زۆری فەرمانگەکان وفەرمانڕەوای کەرکوک، گشتی لێوەرگیرایەوە، ئێستا کورد لە ڕوی مافەکانێوە، گەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی 2003، لە کاتێکدا هەمیشە کورد، لە پاش ساڵی 2003وە، 6 بۆ 8کورسی بە دەست هێناوە لە کۆی 12 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بۆ کەرکوک دیاری کراوە، واتا لە پاش ساڵی 2003وە، هەردەم کورد کەمتر لە 50%ی ڕێژە ودەنگی کەرکوکی نەبوە، بەڵام لە پێدانی مافدا ستەمی گەوەری لێ دەکرێت، ئێستا لە فەرمانڕەوای کەرکوکدا، کورد بە تەواوەتی بێ بەش کراوە، پارێزگار عەرەبە، قایمقامی سەنتەری کەرکوک تورکمانە، سەرۆکی دادگای کەرکوک عەرەبە، ئەمنیەتی کەرکوک بە دەست عەرەبەوەیە(سوپا وئەحکامی عورفی)، تەنانەت لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانیش کورد ماف وئیستحقاقی خۆی پێنەدراوە، نە لە سەر ئاستی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و نە لە ڕێژەی کارمەند وفەرمانبەران لە کۆی داودەزگاکانی کەرکوکدا، وەک لەو گرافیکانەی لە خوارەوە نمایشی دەکەین، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، کە یەکێتی وپارتی سەرکەوتو نەبونە لە نوێنەرایەتی و سەرکردایەتیکردنی کورد لە عێراق و کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکاندا، لە ماوەی19 ساڵی ڕابوردو تا ئێستا کەمتر لە 20%ی قۆناغی یەکەمی مادەی 140 جێبەجێکراوە. لێرەدا پێویستە بپرسین، ئایا ئەو ستەم ونادادی وناوهاوسەنگیەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت لە کەرکوک و ناوچەکوردستانیەدابڕێندراوەکان، لە گەڵ کام یاسا وبڕگەی دەستوری دەوڵەتی نوێی عێراق یەکدەگرێتەوە، ئەوەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت ئەگەر پێچەوانەی دەستور ویاسایە، هەڵویست وڕوڵی سەرۆک کۆمار– جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزیرە کوردەکان لە عێراق، هەروەها حکومەت وپارلەمان کوردستان بەرانبەر بەو پێشێلکاریانە چی بوە، وەڵامەکەی بە جێ دەهێڵم بۆ خوێنەر وڕای گشتی گەلی کورد. باڵانس وڕێژەی گشتی کارمەند وفەرمانبەرانی کورد ونەتەوەکانی تر، لە داودەزگاکانی کەرکوکدا رێژەی کورد بۆ خۆی نزیکەی 50% ی کەرکوکە، بەڵام ڕێژی بەرکەوتەی لە فەرمانبەران 25.6%، بەڵام تورکمان رێژەی دانیشتوانی کەمتر لە 15%، بەڵام بەرکەوتەی نزیکەی 25.8% فەرمانی کەرکوکی هەیە, عەرەب ڕێژەی نزیکەی 35% دانیشتوان پێکدەهێنێت، بەڵام بەرکەوتەی لە ڕێژەی فەرمانبەران 47.7% هەیە. باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی کەرکوک، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پێش 16 ئۆکتۆبەری 2017 باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەخزمەتگوزاریەکان، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پاش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 106 فەرمانگە، کورد بەڕێوەبەری 34 فەرمانگەی بەرکەوتوە، لە کاتێکیدا ڕێژەی دانیشتیوانی کورد لە کەرکوک نزیکەی 50%، ڕێژەی دانیشتوانت تورکمان کەمتر لە 15%، بەڵام بەڕێوەبەری 32 فەرمانگەیان بەرکەوتوە. گرافیکی دابەش بونی ناحیەکانی کەرکوک بە سەر نەتەوەکاندا پاش 16ی ئۆکتۆبەر لە کۆی 8 ناحیە، تەنها بەڕێوەبەری 2 ناحیە کوردە (پرێ وسەرگەڕانە)، کوردێک بە وەکالەت دانراوە بۆ هەردو ناحیەکە، واتا کاتیە. گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا، پێش 16 ئۆکتۆبەری 2017 گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا پاش 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 8 قەزا، کورد هیچ قائمقامێکی پێنەدراوە.
راپۆرت: درەو - ئالان بەرزنجی سلێمانی بەهۆی (كۆلێرا)وە لە دەستە خوشكی شاری (توسان)ی ئەمریكاوە بووە بە دەستەخوشكی شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیاو یەمەن و پاكستانو كامیرۆن لە كیشوەری ئەفریقا، كۆلێرا نەخۆشی وڵاتو ناوچە گەندەڵ و دواكەوتووەكانە، ئەوانەی بەهۆی جەنگەوە ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆكانیان تێكەڵ بەیەكتر بوون یاخود بەهۆی گەندەڵی و پاشاگەردانیەوە هێشتا چارەسەری بنەڕەتیان بۆ كێشەی ئاوی پاكژی خواردنەوەو ئاوەڕۆی سەردەمیان نەكردووە، كۆلێرا چییە ؟ دۆخی سلێمانی لە كوێدایە ؟ كۆلێرا سلێمانی دەباتە ناو میدیای جیهانییەوە میدیا گەورەكانی جیهان هەواڵی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرایان لە سلێمانی بڵاوكردەوە، ئێستا لەكاتی گەڕان بەدوای ئەو ناوچانەی نەخۆشی كۆلێرایان تێدا بڵاوبونەوە ناوی سلێمانی لەپێش هەموو ناوچەكانی جیهانەوەیە. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بەفەرمی هۆكاری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكەی بۆ (ئاوی پیس)و (خواردنی پیس) گەڕاندەوە. (10) حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا بەفەرمی لەلایەن تەندروستی سلێمانییەوە پشتڕاستكرایەوە كە سامپڵەكان لە بەغداد كۆنفێرم كراون، ئەمە جگە لە (56) حاڵەتی توشبوون كە لە تەندروستی سلێمانی پشتڕاستكراونەتەوە. ئێستا سلێمانی لەڕووی تەندروستییەوە لەحاڵەتی "كتوپڕ"دایە، لە چەند رۆژی رابردوودا (4 هەزار) كەس لە سلێمانی چارەسەری سكچونو رشانەوەیان وەرگرتووە، ئێستا (3 هەزارو 965) كەس لە نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا چارەسەر وەردەگرن. بەرپرسانی سلێمانی بۆ ئەوەی شانی خۆیان لەبەرپرسیارێتی خراپی ئاوی خواردنەوە بتەكێنن، باسلەوە دەكەن نەخۆشییەكە هەموو عێراق دەگرێتەوەو داوا دەكەن میدیاكان ئەم بابەتە گەورە نەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەواڵی كۆلێراكەی سلێمانی گەیشتوەتە میدیا جیهانییەكان. گابرێل گارسیا ماركیز رۆمانی بەناوبانگی "خۆشەویستی لەزەمەنی كۆلێرادا" نوسی، دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، دوای دۆسیەی قاچاخچێتی سنورەكانو خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، ئێستا رۆژگاری حوكمڕانی خۆی لەسەردەمی (كۆلێرا)دا بەڕێوەدەبات. كۆلێرا چییە ؟ كۆلێرا نەخۆشییەكە كە دەگاتە ئاستی پەتا، بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا، بریتییە لە هەوكردنی ریخۆڵە، بەهۆی بەكتریایەكەوە دروست دەبێت كە پێی دەوترێت (Vibrio Cholerae). نیشانەی جیاكەرەوەی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە سكچونێكی زۆر، دەكرێت ئەمە وەكو (نەخۆشییەك لەوڵاتێك یان ناوچەیەك)دا دەربكەوێت یاخود وەكو (پەتا) یان نەخۆشییەكی بەربڵاو خۆی نیشان بدات. سەرباری ئەو پێشكەوتنەی لەبواری توێژینەوەی نەخۆشییەكان سەریهەڵداوە، بەڵام هێشتا كۆلێرا وەكو ئاڵنگارییەك لەبەردەم زانستنی پزیشكیی هاوچەرخدا راوەستاوە، جگە لە ڤاكسینی دژە پەتاكە، (پاكوخاوێنی) بە رەگەزی سەرەكی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە دادەنرێت. لەكاتێكدا توشبوونی ئاسایی بە كۆلێرا رەنگە هەندێك نیشانەی ئاسایی هەبێت یاخود هەر نیشانەی لەسەر نەخۆشەكە دەرنەكەوێت، بەڵام توشبوونی سەخت دەكرێت ببێتەهۆی لەدەستدانێكی مەترسیداری شلەو خوێی لەشی نەخۆشەكەو لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بیكوژێت. كۆلێرا لەرێگەی دەمەوە دەگوازرێتەوە بەهۆی پسبوون بە پاشەڕۆی كەسی نەخۆش، لە وڵاتی پێشكەوتوو بەهۆی پاككردنەوەی ئاو و بوونی ئاوەڕۆی پێشكەوتوو، نەخۆشی كۆلێرا نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ خەڵك. دەستنیشانكردنی ورد مەرج چارەسەری توشبوانی كۆلێرا نییە، چونكە كاری لەپێشینە لە هەر حاڵەتێكی سكچوونی توندا بریتییە لە قەرەبوكردنەوەی شلەمەنیو خوێی جەستەو پێدانی دژەبەكتریای گونجاو بە نەخۆشەكە لەكاتی پێویستدا. مێژووی كۆلێرا كۆلێرا بە نەخۆشییەكی درێرین ئەژماردەكرێت، كە بەدرێژایی مێژوو دوچاری گەلان بووە لەسەرتاسەری جیهاندا، هیپۆكرات (460 بۆ 377)ی پێش زاینو هەندێك لە زانایانی هیند لە نوسینەكانیاندا باسی جۆرە نەخۆشییەك دەكەن كە رەنگە نەخۆشی (كۆلێرا) بێت. پزیشكی بەریتانی (جۆن سنو) یەكەم كەسە كە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئەوەی سەلماندووە كە "لەرێگەی فەراهەمكردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە بۆ خەڵك، تاڕادەیەكی زۆر دەكرێت رێگری لە گواستنەوەی كۆلێرا بكرێت". لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتای كۆلیرادا لە لەندەن لە ساڵی 1854دا، (جۆن سنو) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە پەمپێكی ئاو لە شەقامی (برود ستریت) سەرچاوەی سەرەكی پەتاكەیە، هەرواش دەرچوو، چونكە دوای گۆڕینی پەمپەكە پەتاكە كۆنترۆڵكرا. بەكتریای كۆلێرا ساڵی (1883) لەلایەن بەكتریاناسی ئەڵمانی (رۆبەرت كوخ) دۆزراوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا بووە كە پەتاكە لە میسر بڵاوبوەتەوە، بەشی یەكەم ناوی میكرۆبەكە بەواتای ئەوەدێت لەكاتی جوڵانیدا دەلەرزێت. لە ساڵی 1817وە جیهان (7) حاڵەتی بڵاوبونەوەی بەرفراوانی ئەم نەخۆشییەی بەخۆوە بینیوە كە سەرجەمیان لە خەزێنەی كۆلێرا لە نیمچە دورگەی هیندەوە سەرچاوەیان گرتووە، شەش حاڵەتی یەكەمی بڵاوبونەوەی پەتاكە لەنێوان ساڵانی 1817 بۆ 1923دا بووە، پێنج شەپۆلی نەخۆشییەكە ئەوروپای گرتوەتەوە، چوار شەپۆلیان گەیشتوەتە ئەمریكاو لەساڵی 1832دا بوەتە هۆی مردنی (150 هەزار) كەسو لەساڵی 1866دا بوەتەهۆی مردنی (50 هەزار) كەس. بەڵام حاڵەتی بڵاوبونەوەی گشتگیری حەوتەم كە یەكەم شەپۆل بووە لە سەدەی بیستەمدا، لەساڵی 1961وە دەستیپێكردووەو لە سەرەتای ساڵی 1991دا گەیشتوەتە (5) كیشوەرو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. كۆلێرا لە كۆێ بڵاودەبێتەوە ؟ بەپلەی یەكەم نەخۆشی كۆلێرا لەو وڵاتانەدا بڵاودەبێتەوە كە بەدەست جەنگێكی درێژخایەنەوە دەناڵێننو بەهۆی شەڕەوە سەرچاوەی ئاوی خاوێنی خواردنەوەیان تێكەڵ دەبێت لەگەڵ ئاوەڕۆكاندا. دواین ناوچەی جیهان كە هاوكات لەگەڵ شاری سلێمانیدا گومانی ئەوەی لێدەكرێت نەخۆشی كۆلێرای تێدا بڵاوبوبێتەوە شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیایە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە ماریۆپول چەقی جەنگێكی سەختی نێوان روسیاو ئۆكرانیا بووە كە ماوەی سێ مانگی خایاندووەو ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تێدا كوژراوە، بەڵام سلێمانی وەكو بەردەوام پارێزگارەكەیو دەسەڵاتدارانی یەكێتی باسی دەكەن یەكێك لەناوچە ئارامەكانی جیهانە. سلێمانی ماوەی زیاتر لە (15) ساڵە دەستەخوشكی شاری (توسان)ە لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریكا، بەڵام لەڕاستیدا ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆلێراوە زیاتر لە دەستە خوشكی (ماریۆپول) دەچێت. دوای سێ مانگ هێرشی بەردەوام، مانگی ئایاری رابردوو شاری ماریۆپول كەوتە دەست هێزەكانی سوپای روسیا، بەشێكی زۆری ئەم شارە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە، تەرمی كوژراوەكان بەشێوەیەكی كاتیی لە دەوروبەری شارەكە لە گۆڕنراون، هەندێكیش لە كوژراوەكان لە حەوشەی پشتی خانوەكان یاخود باخچەو گۆڕەپانەكانی شارەكە لەچاڵنراون. ئەمە هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی خۆڵو خاشاك لە كوچەو كۆڵانەكانی شارەكەدا دۆخێكی تەندروستی ناهەمواری دروستكردووە، بەگوێرەی قسەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئێستا خەڵكی شاری ماریوپۆل روبەڕووی مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا بونەتەوە. راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ: بەهۆی شەڕەوە ژێرخانی ماریۆپول زیانی بەركەوتووە، ئەمە بوەتەهۆی تێكەڵبوونی ئاوی خواردنەوە بە ئاوەڕۆكانی شارەكە. بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشی كۆلێرا بەهۆی پیسبوونی خۆراكو ئاو و خراپی سیستمی ئاوەڕۆكانەوە بڵاودەبێتەوە، ئەوەی لە سلێمانی روودەدات بەپێی قسەی هەندێك لە پسپۆڕانی تەندروستی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەوە هەیە، بەتایبەتیش ئەو ئاوەی كە خەڵك بە تانكەر دەیكڕن بەهۆی ئەوەی ئاوی خاوێنیان وەكو پێویست بەدەست ناگات. كۆلێرا نەخۆشی وڵاتە دواكەوتووەكانە، ئەوانەی كە هێشتا توانای دابینكردنی ئاوی پاكژی خواردنەوەیان نییە بۆ خەڵكەكەیان، بەر لە شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیا، دواین ناوچەی جیهان كە كۆلێرای تێدا بڵاوبووەوە كامیرۆنە لە كیشوەری ئەفریقاو پاكستانە، پێشترو لە ساڵی 2017دا هاوكات لەگەڵ جەنگی ناوخۆییو داڕمانی ئابوری وڵاتەكە، كۆلێرا لە یەمەن بڵاوبووەوە، بەمدواییە دەنگۆی بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە ناوچەیەكی كۆریای باكوریش لەئارادایە.
درەو: ئامادەكردنی: ئیسماعیل عەبدوڵا لە دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ٨ی ٤ی ٢٠٢٢دا پێنج پاکێجی سزادانی بەسەر رووسیادا سەپاند. لەوکاتەوەی کە جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێك سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە کە سنوورداری گواستنەوە و هاتووچۆی پارەکانی رووسیا لە بانکەکانی ئەوروپا و گواستنەوەی کاڵاکانی رووسیا دەکەن، سزایەکان بانکەکان، کۆمپانیایەکان، کەسایەتییە دیارەکان، وەرزشوانان، فیلم سازان و بازرگانەکانی رووسیاشی گرتەوە. وە یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ پاکێجی شەشەمی سزایەکانی بەسەر رووسیادا سەپاند، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی پاکێجی شەشەمی سزایەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا درەنگ کەوتن، تەنانەت بەر لە پاکێجی شەشەمی سزایەکان گواستنەوەی وزە بە ڕێگەی ئۆکرانیاوە هیچ گۆڕانکاریێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەبینی و گواستنەوەی گاز وەکو ڕۆژانی بەر لە جەنگ ئاسایی بوو؟ "ڕێوشوێن و سزایەکان دەبێت لە داهاتوودا نەوت و تەنانەت گازی سرووشتیش بگرنەوە، جا چ زووتر بێت وە یانیش درەنگتر!" چارلس میشێڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا وێنەی یەکەم: هێڵی بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە و غازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا بەپێی ئامارێکی یۆرۆستات لە ساڵی ٢٠٢٠دا یەکێتی ئەوروپا ٢٤٪، واتا نزیکەی چارەگێکی وزەکەی لە گاز بەرهەم دەهێنێت، وە بە نزیکەیی نیوەی بڕی گازەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکات، کە رووسیا گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری گازە لە جیهاندا، وە ئەو گواستنەوەی گازە لە ڕێگەی شەش بۆڕی هێڵی سەرەکی گواستنەوەی وزەیە لە رووسیا بۆ ئەوروپا، کە چوار بۆڕیان بە خاکی ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبن کە یەکێك لەو بۆڕیانە بەسەر خاکی کازاخستانیشدا تێپەڕ دەبێت، وە بۆڕیێكی تر بە دەریای ڕەش و بۆڕیێکی تریش بە دەریای بەلتیقدا. ئەڵمانیا وەکو خاوەن بەهێزترین ئابووری ئەوروپا زۆرترین پشکی ئەو هاوردەکردنەی بەردەکەوێت، لەوکاتەوەی کە جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە ئەڵمانیا بە نزیکەیی ڕۆژانە ٢٢٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە رووسیا لە بەرامبەر هەناردەکردنی گاز بۆ ئەڵمانیا. ئەڵمانیا ئەو ڕێژە زۆرەی گاز بۆچی بەکاردەهێنێت؟ ئەڵمانیا گاز بۆ گەرم کردنەوەی نزیکەی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن ماڵ بەکاردەهێنێت، وە بۆ بەگەڕخستنی بەشێکی گەورەی پیشەسازی وڵاتەکەی وە حکومەتەکەی بەرلین تاوەکو پاکێجی شەشەمی سزایەکانی لە دژی هەر سزایێك وەستاوەتەوە کە گواستنەوەی گاز بۆ ئەوروپا لە نێوانیاندا بە تایبەتی ئەڵمانیا سنووردار بکات. "ناکرێت، کە سەرچاوەکانی گواستنەوەی گاز سنووردار بکرێن." کریستیان لیندەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا بێ گومانە ئەمانە گشتی لە بەرژەوەندی رووسیا و کۆمپانیایەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی رووسیا بوون، وە بە هەمان شێوە لە بەرژەوەندی هێرشی رووسیا بوون بۆ سەر ئۆکرانیا. بۆچی ئەڵمانیا زۆر پشتی بەستووە بە گازی رووسیا وەکو سەرچاوەیێکی گرینگ لە کاتێکدا ئەڵمانیا لە ماوەی ڕابردوودا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا بووە، کە سوودی لە سەرچاوە نوێیەکانی وزە وەردەگرت؟ بۆچی ئەڵمانیا ناتوانێت دەستبەرداری گازی رووسیا ببێت؟ باکگراوندێکی مێژوویی ئەڵمانیا ڕاستەخۆ کەوتبوویە نێوەندی جەنگی ساردەوە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم سنوورێکی پتەو ئەڵمانیای ڕۆژئاوای لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و وڵاتەکانی تری پەیوەست بە یەکێتی سۆڤیەتەوە جیاکردەوە. جەنگی جیهانی دووەم وێرانکاریێکی گەورەی دووچاری ئەڵمانیا کردەوە، بەڵام لە پەنجایەکانی سەدەی ڕابردوو ئەڵمانیای ڕۆژئاوا خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگی لە گەشەسەندنی ئابووری بە خۆیەوە بینی، پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا وەکو پیشەسازی ئاسن بە شێوەیێکی بەرچاو گەشەیسەند، بەڵام پیشەسازییەکانیان پێویستی بە وزەی زیاتر بوو بۆ وەگەڕخستنیان، ئەو گەشەسەندنە ئابوورییەی ئەڵمانیا هاوکات بوو لەگەڵ دۆزینەوەی یەدەگێکی گەورەی گازی سرووشتی لە ڕۆژئاوای سیبیریا لە لایەن یەکێتی سۆڤییەت، یەکێتی سۆڤییەت کۆمەڵێك هێڵی بۆڕی دامەزراند بۆ دابینکردنی وزە بۆ شارە گەورەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا درێژکردنەوەی ئەو بۆڕیانە بۆ پڕکردنەوەی وزەی وڵاتانی ئەوروپا کاریگەریێکی گەورەی دەکردە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری یەکێتی سۆڤییەت. لە ساڵی ١٩٦٩ کاتێك ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ڕاوێژکارێکی نوێی بە ناوی ویڵی برادنت هەڵبژارد کە سیاسەتێکی نوێی بە ناوی ئۆستپۆلیتیك پەیڕەو کرد، کە جەختی لەسەر نزیك کردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دەکردەوە لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێککەوتنەوە. بواری وزە هەلێکی گەورەی رەخساند کە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و یەکێتی سۆڤییەت بگەن بە ڕێککەوتنێك، بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان یەکێتی سۆڤییەت پێداویستی وزەی ئەڵمانیای ڕۆژئاوای پڕدەکردەوە، وە لە بەرامبەردا ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بۆڕیە لوولەی ئاسنی کوالێتی بەرزی بۆ یەکێتی سۆڤییەت بەرهەم دەهێنا، هەتاوەکو بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە درێژ بکاتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی تر، ئەو ڕێککەوتنەی نێوانیان نزیکەی ٢٠ ساڵی خایاند. بۆ تێگەییشتن لەوەی کە چۆن ئەڵمانیا ناچاری ئەو ڕێککەوتنە بوو، پێویستە لەوە تێبگەین کە چی وادەکات گازی سرووشتی گوازراوە لە ڕێگەی بۆڕییەوە جیاواز بێت لە سەرچاوەکانی تری وزە بۆ ئەڵمانیا؟ گازی سرووشتی لەگەڵ نەوت و خەڵووز سێ لە سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوەی بەبەردبوو)ە سەرەکییەکانن کە لە جیهاندا بەکاردەهێندرێن، بەڵام بە پێچەوانەی خەڵووز و نەوتەوە کە دەکرێن لە ڕێگەی کەشتیەوە وە یانیش لە ڕێگەی ترەوە بگوازرێنەوە، گازی سرووشتی لە ڕێگەی بۆڕییەوە سەرچاوەیێکی وزەیە کە بەستراوە بە نزیکی جوگرافییەوە، بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی کۆمپانیایەکانی وەبەرهێنان بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن بۆ درووستکردنی بۆڕی گواستنەوە لە نێوان کڕیار و فرۆشیارەکانیانەوە، چونکە ئەو هێڵە بۆڕیانە بۆ ماوەیێکی زۆر دەمێننەوە و ڕێگایێکی پارێزراون بۆ گواستنەوەی وزە کە دەتوانن بۆ چەندین دەیە بمێننەوە. لە هەشتایەکانی سەدەی ڕابڕدوودا یەکێتی سۆڤییەت ئەو هێڵە بۆڕییانەی گواستنەوەی وزەی بۆ ئەوروپا درێژ کردەوە، وە لە دەیەی کۆتایی سەدەی بیستدا ڕێژەی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە یەکێتی سۆڤییەتەوە بۆ رووسیا گەییشتە ٤٢٪، وە لە دوای ئەوەش یەکێتی سۆڤییەت ڕووخا و رووسیا شوێنی گرتەوە. وێنەی دووەم: هێڵی بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە و گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا، کە بە خاکی ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبن سەرچاوەی ئینفۆگرافیکەکە: پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ توێژینەوەکانی وزە کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی، کە حکومەتەکەی مۆسکۆ خاوەنداریەتی دەکات دەستی بەسەر هێڵە بۆڕییە گازییەکانی سۆڤییەتی پێشوودا گرت، بەڵام نەخشەی رووسیا جارێکی تر گۆڕانکاری بەسەردا هاتەوە، کاتێك ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی لە رووسیا ڕاگەیاند، لەوکاتەوە وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکرد چوار هێڵی سەرەکی بۆڕی گواستنەوەی وزە لە رووسیاوە بۆ ئەوروپا بە ئۆکرانیاوە تێپەڕ دەبن، بەمەش بەشێکی سەرەکی سەرچاوەی ئابووری گازی رووسیا بەستراوە بە ڕێگای ئۆکرانیا، کە چیتر لە ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆدا نییە، بۆیە لە ئەنجامدا لە پێناوی زیادکردنی ڕێگایەکانی گواستنەوەی گاز بۆ ئەڵمانیا، رووسیا دەستی بە بونیادنانی هێڵی بۆڕیێکی نوێ کرد، لەو پرۆسەیەدا و لە ساڵی ١٩٩٩ پڕۆژەی هێڵی بۆڕیێکی نوێ کە بە خاکی بێلارووسیادا تێپەڕ دەبوو کۆتایی هات، وە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستیان بە پڕۆژەی بونیادنانی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم کرد، کە لە پێشتردا ئاماژەم پێکرد بە دەریای بەلتیقدا تێپەڕ دەبێت لە پێناو گەییشتن بە ئەڵمانیا ڕاستەخۆ، نەوەك یەکەم جار بە خاکی وڵاتانی تردا تێپەڕ ببێت، وە جیا لەمەش هێڵی بۆڕی گواستنەوەی وزەیان لە نێوخۆی ئەڵمانیادا بونیادنا وەکو ڕێگایێك بۆ ڕێگا خۆشکردن بۆ گواستنەوەی وزەی گوازراوە لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا و ڕێگایەکانی پاشەکەوتکردنی وزە و گازی سرووشتی، کە لە نێویاندا کۆگای گازی سرووشتی ئاستۆرا لە شاری رێهدنی باکووری ئەڵمانیا کە یەکێکە لە گەورەترین کۆگایەکانی گازی سرووشتی لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بە توانای کارکردنی نزیکەی چوار ملیار سێ جا لەسەر ڕووبەرێك بە قووڵایی ٨ کیلۆمەتر چوار گۆشە، بەمەش لەوکاتەدا رووسیا بە ڕێگای ئۆکرانیاشەوە سێ هێڵی بۆڕی گواستنەوەی وزەی بۆ ئەڵمانیا هەبوو. پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتەکانی تری ئەوروپا بازرگانی گازی سرووشتی لە نێوان ئەڵمانیا و رووسیا بەهێز بوو، بەڵام ئەمە تەنها کاریگەری نەکردە سەر لایەنی ئابووری، بەڵکو لە هەمان کاتدا گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەوروپاشدا هێنا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٨، ڕێککەوتنەکان سەبارەت بە نرخی غاز لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا تەگەرەی تێکەوت، بەمەش تەنها لە چەند ڕۆژی دواتردا رووسیا هەناردەکردنی غازی لە ڕێگەی هێڵە بۆڕییەکانی خاکی ئۆکرانیاوە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بڕی، وە بە هۆی ئەوەی هێڵی بۆڕییەکانی خاکی ئۆکرانیا گوێزەرەوەی سەرەکی گواستنەوەی وزە بوون بۆ ئەوروپا، ئەو بڕینە بۆشایێکی گەورەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی گازی سرووشتی زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا درووست کرد. بە دەیان هەزار ماڵ گازی سرووشتیان بۆ گەرم کردنەوەی خانووەکانیان لە دەستدا، بەپێی راپۆرتێکی ڕاگەیاندنی گاردیانی بەریتانی لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ بەهۆی خۆدزینەوە لە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هاوردەکردنی گاز لەگەڵ رووسیا ١١ کەس بەهۆی رەق بوونەوە لە سەرما لە پۆڵەندا مردن. هەموو ئەمانە ئەوروپای خستە ئامادە باشییەوە. ڕوون بوو کە رووسیا لە ڕێگەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا هێز و کاریگەریێکی گەورەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپادا هەبوو، بەڵام هەر لەوکاتەدا پڕۆژەیێکی تری هێڵی گواستنەوەی وزە ڕاگەیاندرا بە ناوی نۆرد ستریم ٢ بە گوژمەی ١١ ملیار دۆلار و بە درێژایی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ١، لە پێناوی دوو هێندە کردنی گواستنەوەی غاز بۆ ئەڵمانیا. لە دواتردا و لە ساڵی ٢٠١٤ رووسیا نیمچە دوورگەی کریمیای بە سنوورەکانی لکاند و خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشی داگیر کرد. لە وەڵامی فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی رووسیا یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیێك لە سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، کە کار گەییشتە ئەوەی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا بیر لە بنەبڕکردنی هەناردەکردنی گاز لە رووسیاوە بۆ وڵاتەکانیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو سزا و هەوڵانە نەبوونە هۆی نەهێشتن وە یانیش کەم کردنەوەی هەناردەکردنی گاز لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە هاوردەکردنی گاز تەنانەت ڕێژەکەی لە جاران بەرەو زیاتر بوون دەچوو. لەم ڕۆژانەی ئەمڕۆدا و لە کاتی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەو کارەساتانەی کە سوپای رووسیا لەوێ دەیخوڵقێنێت و هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، فشارەکانی سەر ئەڵمانیا لە زیادبووندان بۆ کەم کردنەوەی بڕی هاوردەکراوی غازی سرووشتی لە رووسیا، بەڵام بەپێی ئامارێکی (ئەوەر وێرلد ئین دەیتا)، کە بڵاوکراوەیێکی زانستییە تایبەت بە توێژینەوە و داتا، لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕی خەملێندراوی بەکاربردنی گازی هاوردەکراوی رووسیا لە لایەن ئەڵمانیاوە بە ٢٦٪ دەخەملێنێت، بەمەش شوێنگرەوەی گازی رووسیا ئاسان نابێت چ بۆ ئەڵمانیا و چ بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا، چونکە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە کە هێڵی بۆڕییەکانی رووسیا بەستراون بە ماڵ و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا، بەمەش بەبێ گۆڕانکاریێکی گەورە لە ژێرخانی ئابووری ئەوروپا، پێداویستییەکانی گازی سرووشتی ئەوروپا تەنها دەبێت لە ڕێگەی گازی سرووشتی وڵاتانی تری دەرەوەی ئەوروپاوە شوێنی بگیرێتەوە، وە هەڵبژاردەکانی بەردەم ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا سنووردارن، ئەمە لە کاتێکدایە کە گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتی ئەوروپا لە هۆڵەندایە. لە کاتی گەڕان بۆ شوێنگرەوەی گازی سرووشتی رووسیا، هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە جەزائیر و لیبیا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە ڕووی لە زیادبوونە کە پشکێکی زۆری ئەو هاوردەکردنەش بەر هەر دوو وڵاتی ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەکەوێت، وە هێڵی بۆڕی ڕێڕەوی گازی باشوور، کە ئازەربایجان بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و بەسەر خاکی هەر یەکێك لە وڵاتانی جیۆرجیا، تورکیا، یۆنان ئەلبانیا و ئیتاڵیادا تێپەڕ دەبێت. ڕێڕەوی هێڵی بۆڕی گازی باشوور پڕۆژەیێکی کۆمسیۆنی ئەوروپا بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێشنیار کرا بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەرچاوەی گازی سرووشتی لە وڵاتانی سەر دەریای قەزوین و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوروپا، کە ئامانجی سەرەکی ئەو پڕۆژەیە کەم کردنەوەی پشتبەستنی وڵاتانی ئەوروپا بوو بە گازی رووسیا و هەمە جۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، بەڵام ئەو هێڵی بۆڕییەش لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوو. گشت ئەو ڕێگایانەی، کە وڵاتانی ئەوروپا گرتیانە بەر بۆ کەم کردنەوەی پشتبەستن بە گازی سرووشتی رووسیا کاریگەریێکی دیار و بەرچاوی نەکردە سەر سەرچاوەکانی وزەی ئەوروپا و لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون. بژاردەیێکی تری بەردەم ئەوروپا (گازی سرووشتی شلەکراو) بوو، کە هەمان گازی سرووشتییە بەڵام گەرم دەکرێت هەتاوەکو دەچێتە دۆخی شلی، بەڵام هەندێك جار گازەكە خۆی لەدۆخی شلی دایه و بە تەنها كەمێك پەستان دەبێت بە گازی شل، هەر وەكو (غازی پێترۆلیۆمی شلەکراو)، کە ئەویش پێی دەوترێت گازی شل كە پێكهاتەكەی لە پرۆپان و بیوتان پێكدێت، زیاتر لە غازی ماڵان و ئۆتۆمبێل بەكار دێت، وە هەر دوو جۆر لە گازە شلەکراوەکە لە دواییدا لە رێگەی ئاوی و کەشتی گەورەی تایبەتەوە دەگوازرێنەوە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا، ئەو وڵاتانەی لەو شێوەیەی گاز زیاتر سوود وەردەگرن بریتین لە وڵاتانی سەر دەریا، هەر وەكو وڵاتانی باشوری ئەوروپا و باشووری ئاسیا، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەم ڕێگایەش ڕێگایێکی شوێنگرەوەی درێژ خایەن و تێچوویێکی زۆری گواستنەوەی گازە شلەکراوەکەیە لە ڕێگەی دەریاوە و کەشتییە گەورە و تایبەتەکانەوە، پێویستی بە زۆرێك لە ژێرخانی ئابووری، تەکنەلۆژی، تەکنیکی و کارگێڕی نوێ هەیە. لەم دوو دەیەی ڕابردوودا وڵاتانی ئەوروپا کۆمەڵێك وێستگەی گازی شلیان بە درێژایی کەناراوەکانیان بونیادنا، ئەڵمانیا پلانی وایە کە لە ٥ ساڵی داهاتوودا سێ وێستگەی بکاتەوە، بەڵام هەتاوەکو ئەم ڕۆژانەی ئەمڕۆ ئەڵمانیا هیچ وێستگەیێکی گازی شلی لە کەناراوەکانیدا نییە. شوێنگرتنەوەی گازی سرووشتی و سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوە بەبەردبووەکان)ی تر بە سەرچاوە نوێیەکانی وزە ئامانجی کۆتایی ئەڵمانیایە. بەپێی پڕۆژەیێکی وەزارەتی ئابووری و کەشوهەوای حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا، ئەڵمانیا لە پلانی دایە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٥ گشت سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی وزەی کارەبا لە سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوەی بەبەردبووەکان)ی وەکو گازی سرووشتی و نەوت و خەڵووز بگۆڕێت بۆ سەرچاوە نوێیەکانی وزە وەکو تیشکی خۆر، با، باران، هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی دەریا، شەپۆڵەکانی دەریا و گەرمی ناخی زەوی، بەڵام بێ گومان ئەمە گۆڕانکارێکی گەورە دەبێت بە تێچوونێکی دارایی زۆرەوە، کە ئەستەمە هەتاوەکو ساڵی ٢٠٣٥ تەواو ببێت. لە هەمان ئەوکاتانەدا ئەڵمانەکان لە ماڵەکانیاندا هەڵوێست دەنوێنن و داوای دەستبەجێ کاردانەوەی ئەڵمانیا دەکەن لە بەرامبەر فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی رووسیا، بەپێی سەرژمێریێکی (زێد دی ئێف)، زۆرینەی ئەڵمانەکان کە ٥٥٪ی سەرژمێرییکە پێکدەهێنن پاڵپشتی لە بایکۆتی غازی رووسیا لە لایەن وڵاتەکەیان دەکەن، ٣٩٪ لە دژی بایکۆتن و لە ٦٪یش هیچ هەبژاردەیێکیان هەڵنەبژاردووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەپێی پێشبینی ئابووریناسان بڕینی هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە رووسیاوە کۆمەڵێك دەرئەنجامی خراپی ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەپێی پێشبینی فیلیپ ئۆڵتێرمان لە ڕاگەیاندنی گاردیانی بەریتانی قەدەغەکردنی گازی رووسیا لە لایەن ئەڵمانیاوە دەبێتە هۆکاری پووکانەوەی ئابووری ئەڵمانیا کە بوندسبانك(بانکی فیدراڵی ئەڵمانی) هۆشداری پێش وەختەی داوە، وە کریستۆفەر ف. شوتزێ لە ڕاگەیاندنی نیویۆرك تایمس ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرپرسەکانی ئەڵمانیا بەردەوام هۆشداری دەدەن لەوەی هەر جۆرە بایکۆتێك بۆ سەر وزە هاوردەکراوەکانی رووسیا ’بە سەدان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.‘ بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەڵمانیا هەندێك هەنگاوی ناوە بۆ کەم کردنەوەی هاوردەکردنەکە. "هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ٢ ناکرێت لە ئێستادا مۆڵەتی پێبدرێت، وە بەبێ ئەو مۆڵەت پێدانە ناکرێت لە ئێستادا بخرێتە کار." ئۆلاف شۆلتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پڕۆژەی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ٢ وەستێندرا، وە لە هەمان کاتدا نزیکەی ١٥٪ی پشتبەستن بە گازی رووسیا کەم کرایەوە، وە دەستیان بەسەر سەرپەرشتی لقێکی کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی داگرت، کە سەرپەرشتی گواستنەوەی غازی سرووشتی لە ئەڵمانیا دەکرد، بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانەش بەرپرسەکانی حکومەتی ئەڵمانی و بازرگانەکان بەردەوام بوون لە وەستانەوە لە دژی هەر سزایێك، کە هاوردەکردنی گازی سرووشی لە رووسیاوە بە تەواوی قەدەغە بکەن. پاکێجی شەشەمی سزایەکان لووتکەی یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ بڕیاریدا، کە لە پاکێجی شەشەمی سزایەکانیدا گەمارۆ بخاتە سەر وزە و گازی سرووشتی و نەوتی رووسیا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام سزایەکان بۆ ماوەیێکی کاتی نەوتی خاو ناگرنەوە، کە هەموو ئەمانەش بوونە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. ڕەشنووسی پاکێجەکە بە گوێرەی ڕەشنووسەکە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا نەیانتوانیوە بە زۆرینەی دەنگ لەسەر تەواوی وردەکارییەکان سەبارەت بە سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر وزە و گازی سرووشتی و نەوتی رووسیا هاوڕابن. بەپێی ڕەشنووسەکە "ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا هاوڕایە، کە پاکێجی شەشەمی سزاکان لە دژی رووسیا نەوتی خاو و بەرهەمە پێترۆلیۆمەکانی تر، کە لە رووسیاوە هەناردەی وڵاتانی ئەندام دەکرێت دەگرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی ئەو نەوتە خاوەی کە لە ڕێگەی هێڵی بۆڕییەکانەوە هاوردە دەکرێت ناگرێتەوە." هەر بەپێی ڕەشنووسەکە "ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا داوا لە ئەنجوومەن دەکات کە پاکێجی سزایەکە بەبێ دواخستن جێبەجێ بکرێت، وە بە دڵنیاییشەوە زەمینە بۆ کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و گۆڕەپانێکی هاو ئاست لە ئاستی بازاڕی یەکێتی ئەوروپا برەخسێندرێت و هاوسۆزیش لە نێو وڵاتانی ئەندامدا هەبێت بۆ دۆخێك کە پچڕانی لە ناکاوی خستنەڕوو ڕووبدات." وە لە ڕەشنووسەکەشدا هاتووە، کە ئەو جیاکارییەی کە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هێڵی بۆڕییەوە هەژمار کراوە پێویستە، کە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. وڵاتانی ئەوروپا ڕێککەوتوون، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە ڕێژەی ٩٠٪ نەوتی هاوردەکراوی رووسیا کەم بکەنەوە، کە ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا و بەرزبوونەوەی ڕێژەیێکی بەرچاوی نرخی نەوتی لە جیهاندا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەندێك لە شیککەرەوانی بواری نەوت پێشبینیان کردووە، کە لە ماوەیێکی کورتدا نرخەکانی نەوت هێندە بە خێرایی بەرز نابنەوە. ستێڤن ئێنەس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێس پی ئای ئەسێت دەڵێت، کە بازاڕی نەوت پێش وەختە پێشبینی رێککەوتنی سەرکردەکانی ئەوروپای سەبارەت کەم کردنەوەی ڕێژەی هاوردەکراوی نەوتی رووسیا کردووە و نرخەکانیش لە پێشینەدا کاردانەوەیان هەبووە و بەرز بوونەتەوە، بۆیە لە ماوەیێکی کورتدا نرخەکان بە شێوەیێکی بەرچاو بەرز نابنەوە. سەرچاوەکان German-Russian Gas Relations: A Special Relationship in Troubled Waters, Aurélie Bros, Tatiana Mitrova, and Kirsten Westphal, SWP Research Paper Stiftung Wissenschaft und Politik German Institute for International and Security Affairs, December 2017, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.swp-berlin.org/publications/products/research_papers/2017RP13_wep_EtAl.pdf. The Russo-Ukrainian gas dispute of a comprehensive assessment, Simon Pirani, Jonathan Stern and Katja Yafimava, Oxford Institute for Energy Studies, February 2009, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2010/11/NG27-TheRussoUkrainianGasDisputeofJanuary2009AComprehensiveAssessment-JonathanSternSimonPiraniKatjaYafimava-2009.pdf. Sanctions adopted following Russia’s military aggression against Ukraine, Timeline: measures adopted in 2022, European Commision: An official European Union website, https://ec.europa.eu/info/business-economy-euro/banking-and-finance/international-relations/restrictive-measures-sanctions/sanctions-adopted-following-russias-military-aggression-against-ukraine_en. Reliance on Russian Fossil Fuels Data Explorer, IEA (2022), Paris, https://www.iea.org/reports/reliance-on-russian-fossil-fuels-data-explorer. Europe Beyond Coal, Eu member state spending on Russian fossil fuels, How many millions (M) of euros from the EU has been spent on Russian coal, oil, and gas since the war on Ukraine began on 24 February?, According to UN Comtrade trade data (2019 data is shown when 2021 is not yet available. Data for 2020 is not representative due to the impact of COVID-19), https://beyond-coal.eu/russian-fossil-fuel-tracker/. Why pipelines persist amid geopolitical turmoil, In a new book, Thane Gustafson analyses the Russia–Europe gas trade, By Andrew Moravcsik, Science in culture, Books & arts, 02 December 2019, Correction 27 January 2020, https://www.nature.com/articles/d41586-019-03694-y. Russian Energy Chains: The Remaking of Technopolitics From Siberia to Ukraine to the European Union, By Margarita M. Balmaceda, Columbia University Press, 2021, 440 pp, Reviewed by Maria Lipman, November 2021, https://www.foreignaffairs.com/reviews/capsule-review/2021-10-19/russian-energy-chains-remaking-technopolitics-siberia-ukraine. Why Germany is hooked on Russian gas: How Germany got stuck paying for Russia’s war, By Christina Thornell, Vox.com news website, May 18, 2022, 5:20pm EDT, https://www.vox.com/2022/5/18/23125845/germany-eu-natural-gas-russia-dependency. Red Gas: Russia and the Origins of European Energy Dependence(Transnational History Series), by Per Högselius, Palgrave Macmillan, Palgrave Macmillan, 2013th edition (December 28, 2012), https://www.amazon.com/Red-Gas-Dependence-Macmillan-Transnational/dp/1137293713. The Gas Pipelines Linking Russia and Europe, by Katharina Buchholz, Statista – Energy - Russian natural gas industry, Feb 3, 2022, https://www.statista.com/chart/amp/26769/russian-european-gas-pipelines-map/. From Pipelines to Ports, These Are Ukraine’s Key Commodity Sites, ByAine Quinn, Elena Mazneva, and Megan Durisin, Bloomberg – Middle East Edition, The Oxford Institute for Energy Studies, February 24, 2022, 9:55 AM GMT+3Updated onFebruary 25, 2022, 4:57 PM GMT+3, https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-02-24/from-pipelines-to-ports-these-are-ukraine-s-key-commodity-sites. EXCLUSIVE Germany begins filling Rehden gas storage site, By Vera Eckert, Christoph Steitz and Tom Käckenhoff, Reuters, May 12, 2022, 1:43 PM GMT+3, https://www.reuters.com/business/energy/exclusive-gazprom-germania-trustee-says-rehden-gas-storage-unit-is-being-filled-2022-05-05/. Ban on Russian oil and gas imports will be needed at some point-EU's Michel, Reporting by Jan Strupczewski and Benoit Van Overstraeten, Reuters, April 6, 2022, 10:26 AM GMT+3, https://www.reuters.com/world/europe/ban-russian-oil-gas-imports-will-be-needed-some-point-eus-michel-2022-04-06/. The eighth Ministerial Meeting of the Southern Gas Corridor Advisory Council, Energy, Baku, European Commision: An official European Union website, 4 February 2022, https://ec.europa.eu/info/news/eighth-ministerial-meeting-southern-gas-corridor-advisory-council-2022-feb-04_en. Liquefied Natural Gas, The Editors of Encyclopaedia Britannica, 11 Aug. 2021, https://www.britannica.com/science/liquefied-natural-gas. Accessed 17 June 2022. EU sanctions against Russia explained, European Commision: An official European Union website, Policies, How and when the EU adopts sanctions, EU restrictive mesures against Russia over Ukraine, 8 June 2022, https://www.consilium.europa.eu/en/policies/sanctions/restrictive-measures-against-russia-over-ukraine/sanctions-against-russia-explained/.
درەو: عەدنان ئەحمەد/ لە ژمارە (8)ی گۆڤاری ئاییندەناسی-یەوە وەرگیراوە بەرایی جیهان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەنگاوێکی گەورەی نا، ئەویش پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو. هەر چەندە درۆنەکان مێژوویەکی کۆنتریان هەیە، بەڵام هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیست سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە جیهانی درۆنەکاندا، ئیتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوون بە چەکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و پێکدادانە گەورەکان، سوپاکان بەبێ ئەوەی سەربازەکانیان بنێرنە بەرەکانی جەنگ، توانییان جەنگەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن. جیهانی هەنووکە لە قۆناغی چوارەمی شۆڕشی پیشەسازیدایە، پێشکەوتنەکان لە هەر کاتێک خێراترن و گۆڕانکارییەکانیش وردترن. پیشەسازیی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان یەکێکن لە پێشکەوتنەکانی ئەم قۆناغە. تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە لە پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان قۆناغی گەورە و وردی بڕیوە، لەم بوارەشدا هەوڵی داوە لە ئاستی جیهاندا کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان بکات و دەرەئەنجامەکانیش دەریدەخەن کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پێش دراوسێکانی کەوتووە، بەتایبەت ئێران و لە ئێستاشدا دەیەوێت شان لە شانی ئیسرائیل بدات، لە کاتێکدا تا ١٥ ساڵ لەمەوپێش پشتی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە دەبەست. تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە پارێزگاری لە هەژموون و پێگە سەربازییەکەی بکات و ببێت بە هێزی تاک و تەنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە پێشخستنی درۆنەکانی و جگە لەوەی بووە بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات، پێگەکەی بەهێزتر و تواناکانی فراوانتر کردووە. بەپێی دەرئەنجامەکان، تورکیا (جگە لە ئیسرائیل) لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە زیاتر توانیویەتی لەگەڵ شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا هەنگاو بنێت و دوا نەکەوێت. ئەگەر هیچ ڕێگرییەکی گەورە و گەمارۆیەکی قورس ڕووبەڕووی ئەنقەرە نەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت تا چەند ساڵی داهاتوو تورکیا وەک پێشەنگی بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بمێنێتەوە. سەرهەڵدانی درۆنەکان یەکەم هێرشی درۆن كە لە جیهاندا تۆمار کرابێت ساڵی ١٨٤٩ بووە، لەم ساڵەدا ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا تەقەمەنیی لە باڵۆنە هەواییەکان دەبەست و بەسەر شاری ڤینیسیادا بەری دەدانەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە و باڵۆن بەکار هێنراوە، بەڵام بە یەکەم هێرشی درۆن دادەنرێت لە مێژوودا. بە هۆی ئەوەی باڵۆنەکان کۆنترۆڵنەکراو بوون و وزەی با کاریگەریی لەسەر ئاراستەکەیان هەبووە، ژمارەیەکی زۆریان ئامانجەکانیان نەدەپێکا. لە ساڵی ١٨٩٩دا لە “کۆنفڕانسی ئاشتیی لاهای”، بۆردوومانکردن بە باڵۆن بە نایاسایی دانرا، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا بە ڕێگای دیکە بۆردوومان بەردەوامیی پێ درا کە بەشێکە لە مێژووی درۆنەکان. لە ساڵانی دواتردا ئەمەریکا بە هەلیکۆپتەر مووشەکی ئاراستەی کەشتییەکانی سوپای ڕووسیا دەکرد و دواتریش و لە جەنگی ڤێتنامدا دەست كرا بە تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٠)شەوە قۆناغێکی نوێ لە جیهانی درۆنەکاندا دەستی پێ کرد و پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆجیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی(1). یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی درۆنەکان و گەشەپێدانیان، ئەوە بوو کە سوپاکانی جیهان لە شەڕەکاندا و بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەوانیان لەدەست دەدا، ئەم مەترسییە بە هۆی دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە ڕەوییەوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن کەسێکەوە و لە شوێنێکی پارێزراوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ژیانی فڕۆکەوان لە مەترسیدا نییە، هەر کەوتنەخوارەوەیەکی فڕۆکەکەش هیچ زیانێک بە کەسی کۆنترۆڵکار ناگەیەنێت. مانەوەی درۆنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا، یەکێکی دیکەیە لە سوودە هەرە گەورە و بەرچاوەکان، چونکە فڕۆکە ئاساییەکان ناتوانن ماوەیەکی درێژ لە ئاسماندا بمێننەوە. بەشێک لە درۆنە زۆر پێشکەوتووەکان دەتوانن خۆیان بفڕن و بشگەڕێنەوە فڕۆکەخانە و بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ بنیشنەوە، بۆیە لە کاتی پچڕانی پەیوەندیی ناوەندی کۆنترۆڵکردن لەگەڵ درۆنەکەدا، هیچ مەترسییەک لەسەر کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دروست نابێت(2). دوو جۆری سەرەکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە: فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئاساییەکان: کە لە چەندین بواری وەک چاودێریکردن، دۆزینەوە و ئاشکراکردن، گواستنەوەی تایبەت، ڤیدیۆ، دەرمانکردنی کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکەی مەدەنی. فڕۆکە شەڕکەرە بێفڕۆکەوانەکان: لە جەنگەکان و بۆ هێرش و پێکانی ئامانجەکان بەکار دەهێنرێن(3). لە بارووتەوە بۆ درۆن ئەو کاتەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و دەوڵەتی کۆماریی تورکیا دروست بوو، وڵاتێکی تێكشكاو بوو كە پێویست بوو سەرلەنوێ خۆی بونیاد بنێتەوە. سەرجەم كەرتەكانی وڵات لە قەیراندا بوو و لە بواری پیشەسازیی جەنگی و چەک بەخاوی هەنگاوی دەنا. کۆماری تورکیا تاکوو کۆتایی سەدەی بیستەم پشتی بە وڵاتانی دیکە دەبەست، بەڵام لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، تورکیا دەستی بە پێشخستنی بواری چەک کرد و بناغەکانی پیشەسازیی چەکی ناوخۆیی دانا. یەکەم هەنگاوی تورکیا بۆ پێشخستنی بواری چەک، گرنگیدان بوو بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەبەر ئەوەی سەرەتا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکڕی؛ هەنگاوەکانی خاو بوون، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە، ئیتر تورکیا هەنگاوەکانی خێراتر و هەوڵەکانی فراوانتر کرد. لەگەڵ ئەوەی گەشەدان بە درۆنی ناوخۆیی لەلایەن تورکیاوە لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە هەنگاوی باشی نا، بەڵام دەرگای سەرەکیی ئەم پێشکەوتنە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠دا کرایەوە، بەتایبەت کاتێک داواکارییەکانی ئەنقەرە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Predator” لە ئەمەریکا ئەنجامی دڵخۆشکەریان نەبوو، ئەو درۆنانەشی لە ئیسرائیلەوە دەهاتن بەمەبەست دوا دەخران، ئەمەش هێندەی دیکە تورکیای خستە سەر ڕێگای بەرهەمهێنانی درۆنە ناوخۆییەکانی(4). بەدیاریکراوی یەکەم گرووپی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان لە ئەڵمانیا و دواتر لە ئەمەریکاوە هێنرا، بەڵام هەندێکیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە بەکارهێنانیان ڕاگیرا، یەکەم فڕۆکەش خرابێتە ناو سیستمی بەرگریی تورکی لە ساڵی ١٩٩٣دا بوو. لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تورکیا دەستی بە هەوڵەکانی بەرهەمهێنانی درۆنی ناوخۆیی کرد، بەڵام ئەنجامەکەی تاکوو دوای ٢٠١٠ دوا کەوت. تورکیا ساڵی ٢٠٠٥ یەک درۆنی “Heron”ی بە بەهای چوار ملیۆن دۆلار لە ئیسرائیل کڕی، بەڵام دوای سێ ساڵ لە بەکارهێنان؛ گەڕاندیەوە بۆ ئیسرائیل. دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٧، سێ درۆنی لە ئیسرائیلەوە بە کرێی ١٥ ملیۆن دۆلار هێنا کە لە جۆری هێرۆن بوون، کە دەیانتوانی ٦ بۆ ٨ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێننەوە، بەڵام بە شێوەیەکی چالاک بەکار نەهێنران و هەمووشیان کەوتنە خوارەوە. ساڵانی دواتر تورکیا بە بەهای ١٨٨ ملیۆن دۆلار، ١٠ درۆنی دیکەی لە جۆری هێرۆن لە ئیسرائیل کڕی. یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوە بوو کە کۆنترۆڵی فڕین و نیشتنەوەی هێرۆنەکان لەدەستی ئیسرائیلدا بوو، هەموو ئەو وێنانەشی کە درۆنەکان لە هێزەكانی پەكەكە (گەریلا) دەیگرت؛ دەگەیشتنەوە ئیسرائیلیش، ئەمەش سەرەتای دوورکەوتنەوەی تورکیا بوو لە ئیسرائیل و درۆنەکانی(5). تورکیا پێشتر و ساڵانی ١٩٩٠، درۆنی هێرۆنی لە ئیسرائیل و “GNAT” لە ئەمەریکا کڕی. دوای ساڵی ٢٠٠٠، کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێگای نەدا ڤێرژنە نوێیەکانی “GNAT” بە تورکیا بفرۆشرێت کە بریتی بوون لە “Predator” و “Repaer”، ئەمەش هانی تورکیای دا دەست بە دروستکردن و گەشەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ناوخۆیی بکاتەوە، تاکوو گەیشت بە بەرهەمهێنانی “Bayraktar TB2” و “Anka” کە دوو درۆنی زۆر پەسەندکراو و پێشکەوتووی تورکیان(6). هۆکاری سەرەکی كە وای کرد تورکیا پەرە بە پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات، ئەو گەمارۆ ئابوورییە بوو کە لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە لەلایەن ئەمەریکاوە خرابووە سەری، جگە لەوەی ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەکانی جۆری “Predator” و “Reaper”ی بە تورکیا سنووردار کرد. تورکیا لە ساڵانی ١٩٤٠دا وەک بەرهەمهێنەرێکی چالاکی فڕۆکەی مەدەنی چووە ناو ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی و ساڵانی دواتر پاشەکشەی کرد، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەهێزەکانی، توانیی سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت .گێتینگەر پسپۆڕی بواری درۆنەکان دەڵێت: لەنێو نەوەی نوێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا تورکیا پێگەی خۆی هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا ٩٥ وڵاتی جیهان دەستیان بە دروستکردن و گەشەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ٦٠ وڵاتیش نزیکەی ٢٦٧ جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرهەم هێناوە. گوینتای شیمشەک پسپۆڕی بواری فڕۆکەوانی دەڵێت: لە ڕووی پڕۆگرام و مۆدێلی بەکارهێنانەوە، تورکیا لە لیستی پێنج وڵاتی پێشکەوتووی بەرهەمهێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندایە. بەپێی توێژینەوەکانی دامەزراوەی “Drone Wars” کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، تورکیا لەو وڵاتانەیە کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە ئاستێکی زۆردا پشت بە خۆی دەبەستێت. پێگەی “The Intercept” لە بابەتێکیدا بە ناوی “سەردەمی دووەمی درۆن، تورکیا چۆن لەبەردەم ئەمەریکادا وەستا و بوو بە هێزێکی بکوژ و شەڕکەری درۆن”، باسی ئەوە دەکات تورکیا لە ئاستی جیهاندا لە بەکارهێنانی درۆنە هێرشبەرەکانیدا ڕکابەریی ئەمەریکا و بەریتانیا دەکات(7). کۆمپانیای بایراکتار ساڵی ٢٠١٥ لە بارەی فڕۆکەی “Bayraktar TB2” ڕایگەیاند، ئەم فڕۆکەیە توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی ٢٥٠ کیلۆگرام کەلوپەل و مووشەکی هەیە. ساڵی ٢٠١٦، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Anka” توانای گواستنەوەی شمەک و مووشەکی نەبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ و لە ڤێرژنە نوێیەکەدا توانرا مووشەکی لێ ببەسترێت و توانای هەڵگرتنی چەکی بگەیەنرێتە ٢٠٠ کیلۆگرام. هەردوو درۆنەکەی تورکیا مووشەکی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای “Roketsan” بەکار دەهێنن و دەتوانرێت لە هەر ناوچەیەکدا بەکار بهێنرێت کە مانگە دەستکردەکانی “TÜRKSAT” پێی بگەن .سەرەڕای ئەوەی درۆنەکانی تورکیا دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام هەندێک پارچەی بەشە گرنگ و ئاڵۆزەکانی، بۆ نموونە ماتۆڕەکەی، لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت، بۆیە کەرتی پیشەسازیی تورکی لە هەوڵی بەردەوامدایە تاکوو خۆیان ئەم ماتۆڕانە بەرهەم بهێنن. خاوەن پشکەکانی پیشەسازیی ئاسمانیی تورکیا بریتین لە وەقفی بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، ڕاوێژکاریەتیی پیشەسازیی بەرگری و دەزگای ئاسمانیی تورکی. ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیای ڤێستڵی تورکی مۆدێلێکی درۆنی بە ناوی “Karayel” پێشکەش کرد، کە توانای هەڵگرتنی ١٢٠ کیلۆگرام چەک و شمەکی هەبوو(8). پێگەی “Army Technology”، پۆلێنی ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەهێزی لە جیهاندا کردووە، لە ڕیزبەندیی دەیەمدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئانکای تورکی دانراوە، کە بەرهەمی پیشەسازیی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی تورکیایە و دەتوانێت زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و خێراییەکەی ٢١٧ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا(9). درۆنە تورکییەکان لە چاوی فۆکویاماوە فرانسیس فۆکویاما لە وتارێکیدا باس لە کاریگەرییە گەورە و بەهێزەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ڕۆڵیان لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئایندە لە جیهاندا دەکات و بەوردییش تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی تورکیا لەم بوارەدا و بە باسکردنی هێرشەکانی تورکیا لە سووریا و لیبیا، ئاماژە بە بەهێزی، پێشکەوتن و توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەکات و ئەوە دەخاتە ڕوو تورکیا لە ڕێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە توانیویەتی هێز و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت و کاریگەریی لەسەر یەکلاکردنەوەی جەنگە گەورەکان هەبێت، ئەمەش کردوویەتی بە هێزێکی دیاری ناوچەکە. فۆکویاما دەڵێت یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم پێشکەوتنەی لە بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەیە لە جیهاندا، تورکیایە لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری وڵات. فوکویاما لە وتارەکەیدا دەڵێت: من ١٠ ساڵ پێشتر لە ڕۆژنامەی “Financial Times” وتم: “ئەگەر من توانام هەبێت ببمە خاوەن درۆن، ئەوا هەر کەسێکی دیکە دەتوانێت، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی جیهانی دەبێت.” ئەو سەردەمە وڵاتانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی فراوان کۆنترۆڵی تەواوەتیی تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردبوو، هەر ئەو کاتە باسم لەوە کرد ئەم جۆرە تەکنۆلۆجیایە لە ئایندەدا لە ئاستێکی فراواندا بڵاو دەبێتەوە و تەواوی سروشتی ململانێی نێوان دەوڵەتەکانی جیهان دەگۆڕێت. بەر لە پێشکەوتنی درۆنەکان، فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە نەیاندەتوانی ئامانجەکانیان بپێکن و جەنگەکان یەکلا بکەنەوە. بۆ نموونە؛ لە جەنگی ١٩٦٧دا تەنها دوو تانکی میسری لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە تێک شکێنران، چونکە فڕۆکەکان نەیاندەتوانی لە ئاسمانەوە و بەوردی ئامانجەکانیان بپێکن و زۆربەی هێرشەکان هەڕەمەکی بوون(10). پشتبەخۆبەستن و هەناردە بەپێی زانیارییەکانی گرووپی شیکاری و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی “Blue Melange”، تاکوو سەرەتای ٢٠٢١ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕادەستی هێزەکانی تورکیا کراون گەیشتوونەتە ١٧٤، ئەمە لە کاتێکدا ساڵێک پێش ئەم ڕێکەوتە ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ١٤٠ دانە بوو، ئەمەش زیادبوونێکی خێرایە. لەم ژمارەیەش ١٢٤ دانەیان لە جۆری “Bayraktar TB2″، ٤٠ دانەیان لە جۆری “Anka”یە و ١٠ دانەشیان لە جۆری “Heron”ی ئیسرائیلییە. بایراکتار و ئانکای دروستکراوی ناوخۆ لە ئەنجامدانی هێرش و چاودێرییشدا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هێرۆنی ئیسرائیلی تەنها بۆ چاودێریکردن بەکار دەهێنرێت. ئیسماعیل ئۆزدەمیر سەرۆکی پیشەسازیی بازرگانیی تورکیا، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا ڕایگەیاند سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی “Bayraktar TB2” ڕادەستی فەرماندەیی گشتیی جەندرمە کراوە، بەم جۆرەش ژمارەی بایراکتارە بەکارهێنراوەکان گەیشتە ١٠٧(11). هەناردەی کەرتی فڕۆکەوانی و بەرگریی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ لەچاو ساڵی پێشووتر ٦,٣٤٪ بەرز بووەوە و گەیشتە دوو ملیار و ٧٤ ملیۆن دۆلار و ئامانجی تورکیاش ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهای هەناردەی چەک بگەیەنێتە ١٠ ملیار دۆلار. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگای ستۆکهۆڵم، لەگەڵ ئەوەی هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩؛ ٤٨٪ کەمی کردبوو، بەڵام بەراورد بە ساڵانی نێوان ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣، هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، نزیکەی ١٧٠٪ بەرز بووەتەوە. هۆکاری کەمبوونەوەی هەناردە لەنێوان ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩، بە هۆی ئەوەوە بووە کە تورکیا لەو ماوەیەدا هەوڵی داوە گرنگی بە پێشخستنی تەکنۆلۆجیای چەکی تایبەت بە خۆی بدات و هاوردەی چەکەکانیشی لە وڵاتانی دەرەوە دوا کەوتبوو. گێتینگەر پێی وایە هۆکاری ئەوەی وڵاتان ڕوو لە کڕینی درۆنی “Bayraktar TB2” دەکەن، ئەوەیە کە لە درۆنی وڵاتانی دیکە هەرزانتر دەکەوێت، ئەمەش بۆ ئەو وڵاتانەی باری داراییان زۆر باش نییە زۆر گرنگە. یەکێک لەو خاڵانەی بەردەوام بەرپرسانی تورکیا وەک شانازی باسی دەکەن ئەوەیە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان، بەتایبەتی “Bayraktar TB2″، بەتەواوی دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام دانیەڵ گاتینگەر دەڵێت بەشی هەستەوەریی فڕۆکەکە لە کەنەدا و تەکنۆلۆجیای ئامانجپێکانی مووشەکەکانی فڕۆکەکە لە ئەڵمانیاوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەمە خاڵی لاواز نییە، چونکە تەنانەت ئەمەریکاش بەشێک لە تەکنۆلۆجیاکانی لە دەرەوە دەهێنێت، بەڵام پێبەستراوەیی تورکیا بە دەرەوە خاڵی لاوازە. سامیۆل براونسوۆرد کە یەکێکە لە توێژەرانی دامەزراوەی کۆمەڵگای مەدەنی “Drone Wars”ی بەریتانی، پێی وایە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Akıncı” پێگەی تورکیای وەک بەرهەمهێنەرێکی درۆنەکان بەهێز کرد و ئاستی هەناردەکردنی چەکی تورکییشی بەرز کردەوە (12). سەلچوک بایراکتاری لە ئێستادا کەسی یەکەم و دیاری ناو پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە تورکیا و ڕۆڵی گەورە و دیاری بەرهەمەکەشی کە “Bayraktar TB2” لە جەنگەکانی سووریا، لیبیا و ئازەربایجان هێندەی دیکە ناوبانگەکەی گەورەتر کردووە. بایراکتار دەیەوێت خەونی خەزووری بەدی بهێنێت کە تورکیایەکی خاوەن چەکی درۆنی پێشکەوتووە و پێویستی بە هیچ وڵاتێک نییە، بەتایبەت ئەمەریکا، هەر هەنگاوێکی تورکیاش لەم مەیدانەدا کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەبێت کە خۆیان بە ڕکابەری تورکیا دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگا بۆ ئەنقەرە دەکاتەوە کە بە فرۆشتنی درۆنەکانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ چەند وڵاتێکدا دابمەزرێنێت. تورکیا وەک چۆن لەبەردەم سەردەمێکی نوێدایە، بە هەمان شێوە لەبەردەم ئەگەری تەنیاکەوتن و گۆشەگیرکردندایە. رالوکا سێرناتۆنی لە دامەزراوەی هزریی “Crnegie Europe”دا دەڵێت: تورکیا لە بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بەخێرایی ڕێگا دەبڕێت و بەردەوام بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بەشێکە لە ئامانجی ئەردۆغان کە دەیەوێت وڵاتەکەی بە وڵاتانی دیکەوە پەیوەست نەبێت و خاوەن چەکی خۆیان بن، بەتایبەت کە هەناردەی چەک لە ٢٠٢٠دا گەیشتە دوو ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ڕێگایە ئاسان نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەنەدا ڕایگەیاند بە هۆی ئەگەری بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەکنۆلۆجیای کەنەدیی تێدا بەکار هێنراوە، هەناردەی پارچەکانی ئەم فڕۆکانەی بۆ تورکیا هەڵپەسارد و دواتریش بەتەواوی ڕایگرت(13). یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar Mini” لە مانگی تەممووزی ٢٠١٢ بە قەتەر فرۆشرا. گەشەدان بە بایراکتار بەردەوامیی هەبوو، لە هەر ڤێرژنێکی نوێدا ئاستی مانەوەی لە ئاسمان زیاتر و کاریگەرییەکەی بەهێزتر و توانای هەڵگرتنی مووشەک و شمەکی زیاتر دەکرا، تاکوو ساڵی ٢٠١٩ گەیشتە ئەو ئاستەی بتوانێت ٢٧ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە. بایراکتار تیبی ٢ لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئۆکرانیا و قەتەریش فرۆشرا(14). تورکیا ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی ناوە، دوای سەرکەوتنەکانی لە لیبیا و کاراباخ، سەرنجی ھەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە ڕێککەوتن لەگەڵ پۆڵۆنیای ئەندامی ناتۆش؛ قۆناغێلی گەورەی بڕی. لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١، بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ئاندرزێژ سێباستیان دودا؛ سەرۆکی پۆڵۆنیا، واژۆ لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵات لە بارەی کڕین و فرۆشتنی درۆنەکانی تورکیا کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ٢٤ دانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری جۆری “Bayraktar TB2” بە پۆڵۆنیا دەفرۆشێت، بەم جۆرەش پۆڵۆنیا بوو بە یەکەم ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا کە درۆن لە تورکیا بکڕێت. بەم جۆرە لەدوای ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجان، پۆڵۆنیا بوو بە چوارەم وڵات کە تورکیا تەکنۆلۆجیای زۆر بەرزی سەربازیی “درۆن” واتە جۆری “Bayraktar TB2″ی پێ بفرۆشێت، ئەگەرنا جۆری دیکە بە تونسیش فرۆشراوە. ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩، تورکیا لە ئاسمانە وشک، گەرم و تەپوتۆزاوییەکەی کوێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Bayraktar TB2″ی تاقی کردەوە، فڕۆکەکە توانیی بەبێ پچڕان ٢٧ کاتژمێر و سێ چرکە لە ئاسماندا بفڕێت. لە ئێستادا ١٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar TB2″ی تورکی لە ئاسمانەکانی ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجاندان، دوای چەند مانگێکی دیکەش ٢٤ فڕۆکەی دیکەش دەچنە ئاسمانی پۆڵۆنیا(15). بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵگری و ڕۆژنامەوانی، ئۆکرانیا بەشێک لەو بایراکتارانەی لە تورکیای کڕیوە؛ لە شەڕ و ناکۆکییەکانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی “Donetsk” لەگەڵ ڕووسیا بەکاری هێناوە(16). بەپێی هەندێک زانیاری کە لەلایەن هیچ کام لەم دوو وڵاتەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، سعودیە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە تورکیا کڕیوە و چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن بۆ کڕینی درۆنە تورکییەکان داواکاریی پێشکەشی ئەنقەرە کردووە(17). بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن تورکیا چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بایراکتار تیبی ٢ی بە سعودیە فرۆشتووە تاکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکاندا بەکاری بهێنێت، ئەم هەواڵانەش دوای ئەوە هات لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ هەردوو وڵات لە یەکتر نزیک بوونەوە و تا ئاستێکی سنووردار کۆتاییان بە جەنگی ساردی نێوانیان هێنا، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن ئەوەی تورکیا بە سعودیەی داوە؛ “VestelKarayel-SU”ە(18). بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن چەند وڵاتێکی ئەورووپی بیریان لە کڕینی بایراکتار لە تورکیا کردووەتەوە و تەنانەت بەریتانیا داوای کڕینی کردووە. بەریتانیا بیری لەوە کردووتەوە لەبریی درۆنە ئەمەریکییەکان کە پارەیەکی زۆریان دەوێت، هەر بایراکتارێک بە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار یۆرۆ بکڕێت(19). ترسی ئەمەریکا و درۆنی گرووپەکان لە عێراق دەستڕاگەیشتنی گرووپە چەکدارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نیگەرانیی قووڵی لای ئەمەریکییەکان و سەرجەم ئەو وڵاتانە دروست کردووە کە هێزەکانیان لە ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، چونکە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، وەک ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگای درۆنەوە چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر هێزە بیانییەکان و حوسییەکانیش لە یەمەن بەردەوام لە ڕێگای درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە نەوتی و ئەمنییەکانی سعودیە. دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەریان لە عێراق، کینس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هۆشداریی لە بەهێزبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان دا و ئاماژەی بەوە کرد گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەستیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ئەم دەستڕاگەیستنەی گرووپە چەکدارەکانیش مەترسیی لەسەر ئاسایشی ئایندەی جیهان هەیە(20). بەرپرسە حکومی و سەربازییەکانی عێراقیش لە زیادبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان نیگەرانن و دەڵێن کێشەی گەورە ئەوەیە نازانن سروشتی ئەم درۆنانە چۆنە ئەم گرووپە چەکدارانە بەکاریان دەهێنن و ناشزانن کێ کاریان پێ دەکات. زانیارییە بەردەستەکان جۆربەجۆرن، بەڵام ئەوەی لای ئەوان ڕوونە ئەوەیە کە لایەنی دەرەکی لەپشت ئەم بابەتەوەیە. بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکانیش دەڵێن ئەو درۆنانەی گرووپە چەکدارەکان بەکاریان دەهێنن؛ دروستکراوی ئێرانن و بەشێکیشیان جۆری سەرەتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانن. ئەوەی نیگەرانییەکانی زۆرتر کردووە بچووکیی ئەم درۆنانە وای کردووە بەئاسانی لەلایەن سیستمی بەرگری و ڕادارەوە نەناسرێنەوە و نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن(21). کاراباخ، لیبیا و سووریا؛ هەلی دەرکەوتن سەرهەڵدانی شەڕی کاراباخ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەلێکی گەورە بوو بۆ تورکیا تاکوو هێز و کاریگەریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ هەموو جیهان بسەلمێنێت. هەموو زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکەدا(22). ئیلهام ئالیەڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “France 24″، لە ١٥ی تەممووزی ساڵی ڕابردوو، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری تورکیتان هەیە؟” وتی: “بەشی پێویستمان هەیە. بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانمان بگەین، دەبێت ئەو زانیارییە پارێزراو بێت کە چەند دانەمان هەیە و پێمان باش نییە ئاشکرای بکەین.” لە بارەی ئەوەشی درۆنە تورکییەکان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەر شەڕەکاندا هێناوە، ئالیەڤ وتی: “بێگومان ئەم فڕۆکانە چەکی زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوون، بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە تورکیامان کڕیوە، بایی یەک ملیار دۆلار چەکی ئەرمەنستانمان وێران کردووە.” تورکیا یەکێک بوو لە لایەنە سەرەکییەکانی شەڕی لیبیا، ڕاپۆرتە هەواڵگری و ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرکەوتنەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دژی خەلیفە حەفتەر بینیوە و هەر ئەم بەشدارییەی تورکیاش هێرشەکانی حەفتەری بۆ سەر ناوچەکانی لیبیا ڕاگرت. مارک گارنو وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەیان لەلایەن تورکیاوە ئامادە کراوە، دەریدەخات تورکیا لە جەنگە ناوچەییەکاندا سوودی خراپی لە فڕۆکەکانیان وەرگرتووە، بۆیە هەناردەی ئەو فڕۆکەیە بۆ تورکیا ڕاگیراوە. مارک گارنو باسی لەوەش کردبوو پێشتر پەیوەندییان بە مەولوود چاوشئۆغلۆ؛ وەزیری دەرەوەی تورکیاوە کردووە و نیگەرانیی قووڵیان نیشان داوە لە بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە لە شەڕەکانیدا لە قەیرانی قەرەباغ کە لەلایەن تورکیاوە پێیان دراوە، ئەم هەنگاوەش ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیان. پێشتر بەشێک لە هەناردە سەربازییەکانی کەنەدا بۆ تورکیا لە پاییزی ساڵی ڕابردوو هەڵپەسێردرابوو، بەڵام ئێستا بەتەواوی فرۆشی ئەو جۆرە فڕۆکە بە تورکیا هەڵوەشاوەتەوە. ئارۆن شتاین بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە پەیمانگای لێکۆڵینەوە دەرەکییەکان کە بارەگاکەی لە فیلادلفیایە، دەڵێت ڕێککەوتنی کەنەدا و تورکیا بەو جۆرە بووە کە نابێت ئەو چەکانە بە لایەنی سێیەم بدرێن. ئەوەی کەنەدییەکانی نیگەران کرد ئەوە بوو کە هەناردەی کەلوپەلی سەربازیی تورکیا بۆ ئازەربایجان لە ساڵی ڕابردوودا شەش هێندە زیادی کرد و تەنها لە مانگی ئەیلوولدا واتە پێش شەڕی کاراباخ، تورکیا بە بڕی ٧٧ ملیۆن دۆلار چەکی بە ئازەربایجان فرۆشت(23). تورکیا لە سووریاش بەچڕی درۆنەکانی بەکار هێنا، دوای ئەوەی ٣٤ سەربازی تورکیا لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە کوژران، وای کرد تورکیا ئاراستەی درۆنەکانی بکاتە سووریا. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئاسمانی ناوچەکە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام درۆنە تورکییەکان توانیویانە کەلەبەری سیستمی بەرگریی ڕووسیاش تێبپەڕێنن و گورزی کوشندە لە هێزەکانی دیمەشق بوەشێنن. ئەوەی مایەی سەرنجە، درۆنە تورکییەکان لە شەڕی سووریا، کاراباخ و لیبیاشدا لەو شوێنانەیان داوە کە سیستمی بەرگریی ڕووسیی لێ بووە، ئەمەش وەهای کردووە ڕووسەکان بە چاوێکی دیکەوە لە هێزی ئاسمانی و توانای درۆنەکانی ئەنقەرە بڕوانن(24). لە جەنگی کاراباخیش لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تورکیا دەستوەردانی سەربازیی کرد. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر سوپای ئەرمینیا، نزیکەی ٢٠٠ تانک، نۆ زرێپۆش و ١٨٢ یەکەی بەرگرییان تێک شکاند، ئەمەش سوپای ئەرمینیای ناچار کرد لە بەشێکی گەورەی بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە و تا ئاستێکی زۆر جەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئازەربایجانی هاوپەیمانی یەکلا بکاتەوە(25). کورد لەژێر درۆنەکانی تورکیادا تورکیا لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەچڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەکار هێناوە. بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا و میدیای تورکییش ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری درۆنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا دەکەن، ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی جووڵە و چالاکییەکانی گەریلا لە دژی هێزە ئەمنییەکان و سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان، هەر چەند پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکات لە ناوخۆی تورکیادا چەند جارێک بە درۆن هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگا ئەمنی و سەربازییەکان. هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) و هەرێمی کوردستان، دژی گەریلاکانی پەکەکە؛ بایراکتار تیبی ٢ و ئانکای بەکار هێناوە(26). بەپێی لێدوانی ئیسماعل دەمیر؛ ڕاوێژکاری پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، تاکوو مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە کوشتنی سێ هەزار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستاندا(27). تورکیا بە بیانووی لێدان لە گەریلاکانی پەکەکە، لەناو خاکی خۆیدا درۆنەکانی بەکار دەهێنێت، ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی لەناو سنوورەکانی خۆیدا بەکار دەهێنێت و هاوڵاتییەکانی خۆی پێ دەکوژێت، بەڵام تورکیا تاکە وڵات نییە ئەم کارە دەکات و یەکەم وڵات کە بە درۆنەکانی هاوڵاتیی خۆی کوشتبێت، ئەمەریکایە. ئەمەریکا لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١١، لە یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەمیر خانی کوشت کە هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز ئەمەریکی و لەدایکبوونی سعودیە بوو(28). پسپۆڕانی بواری چەکی تورکیا دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی تورکیا لە بواری درۆنەکان ئەوەیە کە ئەم وڵاتە لەناو خاکی خۆیدا و دژ بە پەکەکە بەکاری هێناوە و ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی دژ بە هاوڵاتیانی خۆی بەکار هێناوە و تەنانەت سامیۆل براونسوۆرد دەڵێت تورکیا یەکەم وڵاتە کە درۆنەکانی لەناو خاکی خۆیدا بەکار هێناوە، ئەم هەنگاوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی کردووەتەوە. زۆر جار لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت پەرلەمانتارە بەرهەڵستکارەکانی ناو تورکیاشەوە ڕەخنەی ئەوە گیراوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خەڵکی مەدەنییان کردووەتەوە ئامانج، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان(29). فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام داون، بە شێوەیەکی چڕ و کاریگەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا بەکار هێناوە. چەند ساڵێکە تورکیا بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە، درۆنەکانی تورکیا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا چەند بەرپرس و کەسێکی دیاری پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە ئامانج، چەند جارێکیش هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کەوتوون، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەوردی ئامانجەکان لە هەرێمی کوردستان دەپێکن و تەنانەت دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێلە مەدەنییانەش بپێکن کە گەریلایان تێدایە، ئەمەش جگە لە بەهێزیی توانای هەواڵگریی تورکیا لە هەرێم؛ بۆ وردیی درۆنەکان دەگەڕێتەوە. سیناریۆکان یەکەم: ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل هۆکاری سەرەکی بوون، وایان لە تورکیا کرد ڕوو لە بەرەوپێشبردنی درۆن بکات، ئەم ناکۆکییانە بەردەوامییان هەیە و تورکیا ناتوانێت پشتیان پێ ببەستێت، ئەمەش وەها دەکات لە هەر کاتێک زیاتر سوور بێت لەسەر بەرەوپێشبردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و تەنانەت ڕکابەریکردنیان. دووەم: ساڵ لەدوای ساڵ داهاتی فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ تورکیا زیاتر دەبێت، ئەگەر تورکیا ڕووبەڕووی سزا و گەمارۆ نەکرێتەوە، لە ساڵانی ئایندەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەبن بە یەکێک لە دەروازە گەورەکانی داهات بۆ تورکیا. سێیەم: ئاستی درۆنەکانی تورکیا، وردی و پێشکەوتنیان بەردەوام زیاتر دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ساڵێكی دیکەدا درۆنەکانی تورکیا ببنە ڕکابەری سەرەکیی درۆنە پێشکەوتووەکان، بە مەرجێک ئەم هەوڵانە بە سزا و گەمارۆ خاو نەکرێنەوە. چوارەم: ڕۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکانی لیبیا، کاراباخ و سووریا، پێگە و هەژموونی تورکیای لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە، ئەمەش وەها دەکات لە ساڵانی ئایندەدا لە ناکۆکی و یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکەدا پێگەی بەهێزتر و دەستڕۆیشتووتری بکات. پێنجەم: پشتبەخۆبەستنی تورکیا بە درۆنەکانی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی پەیوەستییەکانی بە ئەمەریکا و هێزە گەورەکان و سەربەخۆیی لە بڕیارەکانیدا، ئەمەش بۆ دەستوەردان لە جەنگ و ململانێ هەرێمییەکان بۆ تورکیا گرنگ و بۆ وڵاتانی دیکە مایەی نیگەرانییە. شەشەم: درۆنەکان پێگە و هێزی تورکیایان بەرامبەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چەند هێندەی جاران زیاتر و کاریگەرتر کردووە، تورکیا لە ئێستا و ئایندەدا ئاسانتر، وردتر، بەهێزتر و خێراتر بنکەی گەریلا و بەرپرسەکانی پەکەکە دەكاتە ئامانج، ئەمەش پەکەکە ناچار بە گۆڕینی ستراتیژ، تەکتیک، شوێن، شێواز و تەنانەت ئاراستەی ململانێ و شەڕەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات. حەوتەم: لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر هەیە تورکیا کەمتر هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و زیاتر بە درۆنەکان و بەبێ ئامادەبوونی سەرباز شەڕ لە دژی پەکەکە درێژە پێ بدات، بەم جۆرە هەم ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی کەم دەکاتەوە، هەم ئامانجی زیاتر دەپێکێت و هەم کەمتر خۆی تووشی ناکۆکی دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق. سەرچاوەكان: (1) SİHA nedir? Nasılortayaçıktı?sonerişim tarihi-9-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor1 (2) SİHA’larnedentercihediliyor? Nasılkullanılıyor?sonerişim tarihi-10-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor2 (3) SİHA nedir? SİHA ve İHA arasındakifarknedir?TürkSİHA’larınınözellikleri- son erişim tarihi-8-6-2021 https://www.ensonhaber.com/gundem/siha-nedir-siha-ve-iha-arasindaki-fark-nedir-turk-sihalarinin-ozellikleri?fbclid=IwAR2tJiretHoKB3spKapqZRItwr8A5pE5l6mezRcCGbULJ_55hvPv21POc70 (4) (Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları) son erişim tarihi-14-6-2021 https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4 (5) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar son erişim tarihi-7-6-2021 https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw (6) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (7) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü?sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (8) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişimtarihi- 14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (9) Dünyanıneniyi 10 savaşçıİHA’larıhangileri? sonerişimtarihi- 5-6-2021- 17-6-2021 https://tr.euronews.com/2020/07/04/dunyanin-en-iyi-10-savasci-ihalari-hangileri-ukrayna-siha-bayraktar-akinci-turk-savunma?fbclid=IwAR0wz76Prb5KT6ws3mdfR9JSaFkJd9O8F9h3dsPxUO9ilFdINmZojh3vjaY (10) Droning On in the Middle East 1-6-2021 https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/ (11) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda (12) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (13) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor. sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8 (14) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar. sonerişimtarihi- 16-6-2021 https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw (15) Polonyaile SİHA imzalarıatıldı: Türkiyetarihinde ilk. sonerişimtarihi- 12-6-2021 https://www.indyturk.com/node/364166/haber/polonya-ile-si%CC%87ha-imzalar%C4%B1-at%C4%B1ld%C4%B1-t%C3%BCrkiye-tarihinde-ilk (16) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda (17) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor. sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8 (18) مصدران تركيان يوضحان لـ”الحرة” حقيقة مشاركة مسيرات “بيرقدار” في حرب اليمن، ١٩/٦/٢٠٢١. https://www.alhurra.com/turkey/2021/03/09/%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D9%88%D8%B6%D8%AD%D8%A7%D9%86-%D9%84%D9%80%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A9-%D8%AD%D9%82%D9%8A%D9%82%D8%A9-%D9%85%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D9%85%D8%B3%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A8%D9%8A%D8%B1%D9%82%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%85%D9%86%C2%A0 (19) Dünyatersinedöndü… AvrupaTürkSİHA’larıiçinsırayagirdi.sonerişim tarihi-5-6-2021 https://www.sozcu.com.tr/2021/dunya/dunya-tersine-dondu-avrupa-turk-sihalari-icin-siraya-girdi-6195879/?fbclid=IwAR2yD5cuz9hooIj_qvDoZAdk2xVSar6wimN5oJSn9TLkMryWWtlFizvMavY (20) حرب بلا جنود.. الأمن العالمي في خطر بسبب “الدرونز”، ١٥/٦/٢٠٢١. https://www.skynewsarabia.com/world/1441085-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A8%D9%84%D8%A7-%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8A-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A8%D8%B3%D8%A8%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2?fbclid=IwAR3y6OHcWyfTkYdJspgSMXZtzUMsJB9iZVRBM4-85LEFzfNQ7E6Y696yiwY “جهات خارجية” وبحث عن أدلة.. خطر الدرونز يتصاعد في العراق، ١٣/٦/٢٠٢١. (21) https://www.alhurra.com/iraq/2021/06/08/%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%AA-%D8%AE%D8%A7%D8%B1%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A8%D8%AD%D8%AB-%D8%A3%D8%AF%D9%84%D8%A9-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2-%D9%8A%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82 (22) Wall Street Journal: DüşükmaliyetliTürkSİHA’larıçatışmabölgelerinivejeopolitiğiyenidenşekillendiriyor. sonerişim tarihi-19-6-2021 https://tr.sputniknews.com/abd/202106041044655740-Wall-street-journal-dusuk-maliyetli-turk-sihalari-catisma-bolgelerini-ve-jeopolitigi-yeniden/ (23) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (24) Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları. sonerişim tarihi-14-6-2021 https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4 (25) Droning On in the Middle East. 1-6-2021 https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/ (26) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda (27)Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (28) Dünyadahangiülkelerkullanıyor? sonerişim tarihi-20-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor4 (29) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (8)ی تهمووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
شیكاری: درەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر بە ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بكرێت، بۆ هەولێر و دهۆك (4) كورسی زیاتر دەبێت و بۆ سلێمانی و هەڵەبجە (4) كورسی كەمتر دەبێت، پارتی پشتیوانی دەكات، ئەگەر بە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوە بچێت ئەوا (4) كورسی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت و (4) كورسی بۆ هەولێر و دهۆك كەمتر دەبێت بۆیە لایەنەكانی دیكە پشتیوانی دەكەن. واتا ئەگەر هەڵبژاردن بە ئاماری هەرێم بكرێت، هەولێر و دهۆك (63) كورسی سلێمانی و هەڵەبجە (37) كورسیان بەردەكەوێت، بەپێی سەرژمێری پلاندانانی عێراق بەرێوەبچێت هەولێر و دهۆك (59) كورسی و سلێمانی و هەڵەبجە (41) كورسی بەردەكەوێت، جیاوازیەكەش (4) كورسیە. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم، پارێزگای هەولێر (36) کورسی و دهۆک (27) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (37) کورسیان بەردەکەوێت. بەڵام بەپێی سەرژمێرییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک (4) کورسی کەمتریان بەردەکەوێت، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر (35) کورسی و دهۆک (24) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسیان بەردەکەوێت. وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا... دەستپێک لایەنەکان ناکۆکن لە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەک یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دابەشکردنی کەمینەکان، ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران و دیاریکردنی سیستمی هەرڵبژاردن... لە نێو ئەو گرفتانەشدا گۆڕینی کوردستان لە بازنەیەکەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان کە کێشەی میکانزمی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکان دێنێتە ئاراوە. لەم بارەیەوە سێ میکانیزم لە ئارادایە کە یەکێکیان تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگری لێ دەکات کە پشت بەستنە بە (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێم). میکانیزمی دووەمیان (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق) کە سەرجەم لایەنەکان بەرگری لێدەکەن جگە لە پارتی، لەم ڕاپۆرتەدا جیاوازی هەردوو ئامارەکەو لێکەوتەکانی لەسەر پشکی پارێزگاکان لە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕووندەکەینەوە. دواینیان کە لە منداڵدانی میکانزمی دووەمدایە، ئەویش بە پێوەر گرتنی دابەشکردنی کوردسییەکانە، پاڵپشت بە بەرکەوتی پارێزگاکانی هەرێم لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021. یەکەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێمی کوردستان لەمانگی کۆتایی ساڵی (2020) وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم لە ساڵی (2020) بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکە کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتبووە (6 ملیۆن و 171 هەزار و 83) کەس. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم زۆرترین ژمارەی دانیشتوان دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێروە کە ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 254 هەزار و 422) کەس خەمڵێندرابوو. لە دوای پارێزگای هەولێرەوە پارێزگای سلێمانی دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە، کە بە (2 ملیۆن و 152 هەزار و 595) کەس خەمڵیندرابوو. پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی گەیشتبووە (1 ملیۆن و 648 هەزار و 611) کەس. پارێزگای هەڵەبجە، لە ریزبەندی چوارەمی پارێزگاکانی هەرێمدابوو بە (115 هەزار و 455) دانیشتوو. هەر بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری هەرێم پشت بەست بەو داتایانە، پارێزگای هەولێر زیاتر لە (36%) ، پارێزگای سلێمانی نزیک لە (35%)، پارێزگای دهۆک زیاتر لە (26%) و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2%)ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (36) کورسی، پارێزگای سلێمانی (35) کورسی، پارێزگای دهۆک (27) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2) کورسی بەردەکەوێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1)) نەخشەی خەمڵێندراوی دانیشوانی هەرێم دووەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی بۆ ژمارەی دانیشتوانی عێراق و لە نێویشیاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2021) هاتووە، کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتووە بە (5 ملیۆن و 736 هەزار و 634) کەس. بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق کە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی پێکەوە هەژمار کردووەو زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لەخۆ دەگرێت لەسەر ئاستی هەرێم و ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 336 هەزار و191) کەس خەمڵێندرابوو. لە دوای ئەویشەوە پارێزگای هەولێر دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە لەسەر ئاستی هەرێم، کە بە (2 ملیۆن و 3 هەزار و 963) کەس خەمڵیندراوە. پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی بە (1 ملیۆن و 396 هەزار و 480) کەس خەمڵێندراوە. بەپێی ئەم داتایانە، پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە لە (41%) ، پارێزگای هەولێر (35%) و پارێزگای دهۆکیش لە (24%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (35) کورسی، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسی و پارێزگای دهۆک (24) کورسی کورسی بەردەکەوێت. بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2)) سێیەم؛ بە پێوەرگرتنی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرکارە، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. بەڵام لە حاڵەتی هەموار کردنی یاساکە، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکەی کارگێڕی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بە پشت بەستن بەو پێوەرەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگاکان کوردسییان بۆ تەرخان کرابوو، بە شێوەیەک؛ بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی، بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (44) کورسی تەرخان کرابوو، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر کە لە (4) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (15) کورسی و پارێزگای "سلێمانی و هەڵەبجە" لە (5) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (18) کورسی و پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (11) کورسی بۆ تەرخان کرابوو. بەڵام ئەگەر ڕکابەرییەکە لەسەر (100) کورسی پەرلەمانی کوردستان بێت لە بری (44) کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا پشکی پارێزگاکانی هەرێم بۆ ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر؛ (15) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای سلێمانی؛ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگا سلێمانی بە بازنەیەکی هەڵبژاردن هەژمار کرابوو، بەڵام پارێزگای سلێمانی جگە لە بازنەکەی پارێزگای هەڵەبجە، (15) کوردسی بۆ تەرخان کرابوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دهۆک؛ (11) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (25) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە؛ (3) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (7) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ کاریگەری ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی (هەرێم و عێراق) و لێکەوتەکانی لەسەر بەرکەوتی کورسی پارێزگان بۆ پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بەو ئامارانەی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە لێکەوتەی جیاوازی دەبێت لەسەر پشکی کورسی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەجۆرێک؛ پارێزگای هەولێر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (36) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (35) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (37) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (41) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پارێزگای دهۆک بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (27) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (24) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. بەڵام ئەگەر پشت بە میکانیزمی سێهەم ببەسترێت کە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 ئەنجامدراوە، ئەوا پارێزگای هەولێر (34) کورسی و پارێزگای سلێمانی (34) کورسی و پارێزگای دهۆک (25) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە (7) کورسی پەرلەمانییان لە پەرلەمانی کوردستان بەردەکەێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4)) سەرچاوەکان - وزارة التخطیط، الجهاز المرکزي للاحصاء، تقديرات سكان العراق حسب المحافظات والبيئة والجنس لسنة 2021؛ https://cosit.gov.iq/ar/?option=com_content&view=article&layout=edit&id=174&jsn_setmobile=no - وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی شیكاریی دانیشتوانی ههرێمی كوردستان – عێراق؛ https://krso.gov.krd/content/upload/1/root/kurdistan-population-analysis-report-kurdish-v6-final-corrected-29052022.pdf - وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، نەخشەی دانیشتوان؛ https://krso.gov.krd/ku/map/%DA%BE%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%DA%86%DB%8C%D9%86%DB%95%D9%83%D8%A7%D9%86/%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%88%D8%A7%D9%86-1 - درەو میدیا، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10435
درەو: راپۆرتی:BBC چۆن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی توانای راگرتنی بڕیاری راگواستنی پەنابەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا هەبوو؟ دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوا ساتەکاندا توانی گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بوەستێنێت، پەرلەمانتارەکانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە توندی نیگەرانبوون کە دادگایەک بارەگاکەی لە دەرەوەی ولاتەکەیدا بێت بتوانێت گەشتێکی ئاسمانی بەریتانیا بوەستێنێت، بە تایبەت لە دوای ئەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هاتۆتە دەرەوە، ئەمە یەکەم جاریش نییە ئەو دادگایە لە لایەن بەرپرس و سیاسییەکانی بەریتانیاوە هێرشی دەکرێتە سەر، کەواتە چیرۆکەکە چۆنە؟ دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی چییە؟ دادگایەکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی (1959) دامەزراوە، بارەگاکەیە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە، دادگاکە سەر بە یەکێتی ئەوروپا نییە، لە ژمارەیەک دادوەر پێکدێت کە یەکسانن بە ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی ئەندامن لە ئەنجومەنی ئەوروپی،جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ناسراو بە (میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ)یان پەسەندکردووە، دادوەرەکان بە سیفەتی کەسی ئەندامن لە دادگاکەو نوێنەرایەتی ولاتەکانیان ناکەن. ئەنجومەنی ئەورپی چییە؟ ئەنجومەنی ئەوروپی گەورەترین رێکخراوی مافی مرۆڤە لە ئەوروپا، ژمارەی ئەندامەکانی (46) دەوڵەتە، لە ناویاندا (27) دەوڵەتیان ئەندامی یەکێتی ئەوروپان، ساڵی (1949) بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی ئەوروپا و جەختکردنەوە لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، تەنانەت لە ساڵی (1943) پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم،وینستۆن چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا پێشنیاری دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ئەوروپی کرد تا زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەو وێرانکارییانەی حکومەتی نازی بکەن کە کۆنترۆڵی ئەڵمانیای کردبوو، هەوڵی فراوانبوون و بڵاو کردنەوەی فاشییەتی دەدا لە هەمو کیشوەری ئەوروپادا، ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتی دەرکردنی یاسای نییە، بەڵام توانای فشارکردنی لە پێناو جێبەجێکردنی هەندێک لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان هەیە کە ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەسەر هەندێک پرسی دیاریکراو پێیگەیشتوون. میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ چییە؟ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە کە تەنیا ئەندامانی ئەنجومەنی ئەوروپا مافی بەشداریکردنیان هەیە. ئەم میساقە دادگای دامەزراند، بەو پێیەی شێوازی کارکردنی ڕێکدەخات و لیستی ماف و زەمانەتەکان لەخۆدەگرێت کە وڵاتانی ئەندام بەڵێنیان داوە پابەندبن پێیەوەی. تایبەتمەندییەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای چییە؟ ئەم دادگایە هەوڵی جێبەجێکردنی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەدات، ئەرکە سەرەکییەکەی دڵنیابوونە لە لەوەی دەوڵەتەکانی ئەندام رێزدەگرن لە ماف و زەمانەتەکانی لە میساقەکەدا هاتووە. ئەم کارەش لە رێگەی ئەو سکاڵایانەی (پێی دەوترێت "داواکاری") لە لایەن تاکەکانەوە پێشکەشیان کراوە ئەنجام دەدات، یان هەندێک جار دەوڵەتێکی ئەندام یان زیاتر پێشێلکاریان بەرامبەر ماف و زەمانەتەکان کردووە. بڕیارەکانی دادگاکە پابەندکەرن واتە دەبێت دەوڵەتاکانی ئەندام پابەند بن پێیانەوە، دادگاکە سەدان داواکاری سەیرکردووە لە رۆژی دامەزراندنییەوە،هەندێک جار بڕیارەکانی یاساو رێکارە کارگێرییەکانی لە هەندێک وڵات گۆڕیوە. ئەو مافانە چین میساقی ئەوروپی دەیانپارێزێت؟ میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەم مافانە دەپارێزێت: • مافی ژیانکردن • مافی دادگایەکی دادپەروەرانە لە پرسە مەدەنی و تاوانکارییەکاندا • مافی رێزگرتن لە ژیانی تایبەت و خێزانی • مافی رادەربڕین • مافی بیرو ویژدان و ئایین • مافی چارەسەری کاریگەر • مافی بەهرەمەندبوون لە موڵکوماڵی تایبەت بەشێوەیەکی پارێزراو میساقی ئەوروپی چی قەدەغە دەکات؟ • ئەشکەنجەو مامەڵەو سزای نامرۆڤانەو سوکایەتی پێکردن • زیندانیکردنی نایاسایی • جیاکاری نێوان خەڵک لەبەهرەمەند بوون بە ماف و ئازادییەکان کە لە میساقەکەدا هاتووە • دەرکردنی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەندام یان رێگەگرتن لە هاتنەناوەوە • سزای سێدارە • دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەوانەی هاونیشتمانی نین کێ مافی پێشکەشکردنی داوای هەیە بۆ دادگا؟ پێویست ناکات ئەو کەسەی داوایەک پێشکەشی دادگاکە دەکات هاوڵاتی یەکێک لە وڵاتانی ئەندام بێت، بەڵام دەبیت پێشێلکارییەکە لە لایەن یەکێ لە وڵاتانی ئەندامەوە لە دژی کەسێک لەسەر خاکەکەی ئەنجامدرابێت، ئەوەی داواکە پێشکەش دەکات دەبێت تاکێک یان پێکهاتەیەک، کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەک بێت،پێویستە قوربانی راستەوخۆی ئەو پێشێلکارییە بێت،سکاڵاکە نابێت گشتی بێت، لە دژی یاسایەک یان جێبەجێکردنی بێت، سکاڵاکە دەبێت لە دژی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک بێت کە میساقەکەیان ئیمزا کردووە، (نابێت لە دژی کەسێک یان دەستەیەکی تایبەت بێت). دادگاکە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی دادوەری کە دەوڵەتێکی ئەندام دەریکردووە یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتێکی ئەندامی نییە. بۆچی دادگاکە لە بەریتانیا مشتومڕی دروستکردووە؟ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە بۆتە هۆی توڕەی حکومەتی بەریتانیا، بۆ نمونە ساڵی (2012) دادگاکە رایگەیاند ناکرێت ئەبو قەتادە، دەستەراستی ئوسامە بن لادن رێبەری تەنزیمی قاعدە رادەستی ئوردن بکرێتەوە بە تۆمەتی تیرۆر،چونکە لەوێ ناتوانرێت دادپەروەرانە حوکمی لەسەر بدرێت، بە پێی رای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی. لە هەمان ساڵدا، دادگا هەڕەشەی لە بەریتانیا کرد، بەهۆی پابەند نەبوون بە بڕیاری دادوەر سەبارەت بە پێدانی مافی دەنگدانی زیندانییان. لەم دواییەشدا، دادگا بڕیاری راگرتنی گواستنەوەی هاوڵاتییەکی عێراقی بۆ رواندا بۆ سێ حەفتە راگرت، لە دوای بڕیاری کۆتایی دادگاکانی بەریتانیا لە تانەکەی بۆ بڕیاری گواستنەوەی، ئەمە لە کاتێکدا بوو دادگای باڵای لەندەن بڕیاریدا کە دەکرێت لە روانداوە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا ئەگەر تانەکەی سەرکەوتوو بوو، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی رایگەیاند، میکانیزمیكی یاسایی نییە تا جێبەجێی بکەین و زامنی گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە بکات لە وڵاتێکی ئەفریقییەوە. لەم ماوەیەی دواییدا، پەرلەمانتاران و ئەندامانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، داوای کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو دەکەن لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی و میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ. سەرۆکوەزیرانی پێشوو (دەیڤید کامیرۆن) دژی داوای ئەندامانی حزبەکەی بۆ هاتنەوە دەرەوە لە ئەنجومەنی ئەوروپی وەستایەوە، بەڵام پێیوابوو کە پێویستە گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ئەنجامبدرێت، چونکە بە پێی بۆچوونی ئەو هەڵەیە دادگاکە پێچەوانەی دەسەڵاتی پەرلەمانی بەریتانیا بێت. بەڵام بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەرگای بە کراوەیی بەجێهێشت بۆ گریمانەی کشانەوەی لە میساقەکە تا ئاسانکاری بکرێت بۆ گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە. هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ؟ بەریتانیا یەکەم دەوڵەت بوو لە ساڵی (1951) میساقەکەی پەسەندکرد، لە چوارچێوەی یاساکانی بەریتانیا پارێزگاری لێدەکرا بە پێی یاسای مافەکانی مرۆڤی ساڵی (1998) کە رێگەی دەدا لە دادگاکانی بەریتانیا ئەو مافانەی لە میساقەکەدا هاتووە جێبەجێبکرێت. بەڵام حکومەت بەڵێنیدا دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ و گۆڕینی بە یاسایەکی تر، ئەمەش دوای بەڵێنی پارتی پارێزگاران بەچاکسازی یاساکانی مافی مرۆڤ دێت لە بەرنامەی هەڵبژاردنیاندا بۆ ساڵی (2019). حکومەت دەڵێت، گۆڕانکارییە پێشنیارکراوەکان ئازادی رادەربڕین بەهێزدەکات، رۆڵی پەرلەمان دەخاتەوە پێگەی باڵای بڕیاردان، بەڵام ئۆپسزیۆن وایدەبینن کە چوارچێوە بۆ تایبەتمەندی و ئازادییەکان دروستدەکات و بوارێکی زیاتر دەدات بە حکومەت بۆ چاودێری هاوڵاتیان. لە بی بی سی وەرگیراوە.
درەو: راپۆرتی: روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ خوێندكارێكی زانكۆ دەڵێت " مامۆستاكەم نمرەی وانەكەمی كەمكردەوە لەبەر ئەوەی رازی نەبووم خواستە سێكسیەكانی جێبەجێبكەم" كچێك دەڵێت: لەبەرامبەر پێدانی دەرمان بۆ دایكە نەخۆشەكەم كارمەندی نەخۆشخانەكە داوای سێكسی لێكردم" مامۆستایەك دەڵێت بەرێوەبەری قوتابخانەكەم داوای سێكسی لێكردم" ئەمانە بەشێكن لە راپۆرتێكی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە شایەتحاڵەكان خۆیان قسەیان كردووە. روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی لە زۆربەی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان و تەنانەت لە ماڵەکانیشدا لە زیادبووندایە بە پێی قسەی شایەتحاڵ و قوربانییەکان. روانگەی عێراقی، گوێبیستی شایەتحاڵەکان بووەو چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، ژن، پیاو، هەروەها کارمەندانی ئاسایش و ڕۆژنامەنوس و مامۆستا قسەیانکردووە، وردەکاری رووداوەکانی هەراسانی سێکسیان خستۆتەروو کە لە نەخۆشخانەو زانکۆکان و قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و هەروەها دەزگاکانی راگەیاندن روویانداوە. هەموو قسەکەرەکان داوایانکردووە کە ناویان نەهێنرێت و زانیارییەکانیان بەجۆرێک ئاشکرا نەکرێت، ببێتە هۆی ناسینەوەیان یان ناسینەوەی ئەنجامدەرانی حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی، لەترسی کۆمەڵگەو و بەدواداچوونی خێڵەکی. "چارەسەر لە بەرامبەر سێکسدا" ژنێک کە داوای کرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە روانگەی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ دایکە تووشبووەکەی بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی (اڵامل) لە بەغداد، لە لایەن کارمەندێکی نەخۆشخانەکەوە داوای سێکسی لێکراوە بەرامبەر پێدانی دەرمان و چارەسەر بە دایکی، هەروەها دەڵێت: " چارەسەری دایکم لەسەر ئیمزایەکی ئەو وەستابوو، بیرم لە چارەسەری کێشەکە دەکردەوە،بە باوکیشم نەوت تا کێشەکە گەورەتر نەبێت،ترساشم زەرەر لە دۆخی تەندروستی دایکم بەم ئەگەر بە فەرمی شکات بکەم، چونکە بەرپرسان لەگەڵ هاوڵاتیاندا نین، بۆیە بێدەنگبووم." دوای رۆژێک لە رووداوەکە دایکی کۆچی دوایی کرد. هەروەها وتی:" دوو جاری تریش حاڵەتی هەرسانکردنی سێکسیم بەسەرداهاتووە، یەکەمیان، لە لایەن مامۆستایەکی زانکۆوە بوو، نمرەی زانستی وانەکەی کەمکردبووەوە، چونکە رازی نەبووم هەراسانم بکات، هەرچەندە لە پلەی دووەمدا بووم لە هەردوو قۆناغی بەکالریۆس و ماستەریشدا." لەگەڵ ئەوەشدا ئەم (سزادانەم) کەمتر بوو لەوەی هاوڕێیەکم سزا درا "مامۆستاکەی هەراسانی کردبوو، ئەویش وەڵامی نەدابووەوە بۆیە لە وانەکەیدا دەرینەچاند" حاڵەتی دووەم کە تیایدا رووبەرووی هەراسانکردن بۆتەوە کاتێک بووە کە داوای کاری پەیامنێری پێشکەش بە یەکێک لە کەناڵە ئاسامانییەکان کردووە: "لە لایەن سەرۆکی پەیامنێرەکانەوە هەرسانکرام، سەرەڕای تواناکەم بە ناچاری لە کارەکە کشامەوە." رۆژنامەنووسێک قسەی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد، داوای کرد ناوی خۆیی و ئەو دامەزراوەیەی کاری بۆ دەکات نەهێنرێت، پەیامێکی دەنگی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ناردووە: "بەڕێوەبەرێک لە دامەزراوەکەمان هاوڕێیەکمانی هەراسان کرد لە ناو شوێنی کارکردنماندا، هاوڕێکەمان دەستی بە لێدانی بەڕێوەبەرەکە کرد، بۆیە لە کارەکەی دەرکراو تۆمەتبارکرا بە درۆو دزینی پارە لە جانتای کچە هاوڕێکانی." "مامۆستایەکی زانکۆ بەزۆر دەست بۆ سنگی کچە خوێندکارێک دەبات" لە زانکۆی بەغداد، خوێندکار (ز.خ) لە ژووری یەکێک لە مامۆستاکاندا رووبەرووی هەراسانکردنی سێکسی بووەوە، هاوڕێیەکی چیرۆکەکە دەگیڕێتەوە:"چووە ژورەکەی تا پرسیارێکی لە بارەی وانەکانییەوە لێبکات، مامۆستاکە دەستی بۆ سنگی برد، لای سەرۆکی زانکۆ شکاتی لێکراو بۆ ماوەی ساڵێک لە وانەوتنەوە دورخرایەوە." هاوڕێکەی کە خەریکی خوێندنی ماستەرە و داوای کرد ناوی نەهێنرێت تا لە کێشە دوربێت، دەڵێت:"مامۆستایەک لە هەمان کۆلێج شەوێکی درەنگ پەیوەندی بە هاوڕێیەکمەوە دەکات و داوای لێدەکات کە سنگی بە روتی و شوێنە هەستیارەکانی تری جەستەی پیشان بدات، پاشان بیانوی بۆ ئەم پەیوەندییە ئەوە بو کە دەرمانێک وەردەگرێت کاریگەری لەسەر هۆشی دەکات." ئەم حاڵەتە "بە راگرایەتی کۆلێج و سەرۆکایەتی زانکۆ رانەگەیەنرا، چونکە یەکەم حاڵەتێکی نامۆ نەبوو وەک ئاسایی لێهاتبوو،هەموو دەیانزانی، وە جگە لە کێشە و ناوبانگی خراپ هیچی بۆ خوێندکارەکە نەدەهێنا سەرەڕای ئەوەی کە قوربانی بوون، بۆیە زۆرینە وای بە باش دەزانن کە بێدەنگی هەڵبژێرن، وە کەمن ئەوانەی کە بوێری دەکەن و بە فەرمی شکات دەکەن، ئەمانیش لای کەس باسی ناکەن ئەوانە نەبێت کە متمانەیان پێیانە تا ئامۆژگاریان بکەن و هاوکاریان بن." بە پێی وتەی خوێندکارێکی شایەتحاڵی رووداوی هەراسانی سێکسی. بە پێی ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ کردووە و ئەو چاوپێکەوتنانەی ئەنجامدراوە، قوتابخانەکانیش حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسیان تیادا روودەدات،مامۆستایان و خوێندکارانیش وەک یەک روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە. لە بەغداد، مامۆستایەک بە روانگەی عێراقی وت:"بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان داوای لە مامۆستایەکی هاوڕێیان کردووە کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێ، بەڵام رەتیکردۆتەوە بۆیە تەنگی پێهەڵچنیوە تا بێزار بووەو داوای گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی تر کردووە، ئەو مامۆستایە لە ناو خوێندکارەکاندا بە (مامۆستا سێکسییەکە) ناسراوە، چونکە داوی لێکردوون کە گرتەی سێکسی بۆ تەلەفۆنەکەی بنێرن." روانگە گوێی لە تۆمارێکی دەنگی گرت، دەیسەلمێنێت کە مامۆستایەک لە پارێزگای دیوانیە داوا لە یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی دەکات پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهێنرا، رۆژنامەنوسێک هەموو بەڵگەکانی گەیاندە نوسینگەی وەزیری پەروەردە. خوێندکارێکی قوتابخانەیەکی ئێواران دەڵێت، هاوڕێکانم کە تەمەنیان لە خوێندکارانی بەیانیان گەورەترە " واز لە هەراسانکردنی مامۆستایەک ناهێنن کە خۆبەخشانە وانەمان پێدەڵێت، بێ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە گرنگی بەم بابەتە بدەن." بەلسەم مستەفا، توێژەر لە زانکۆی واروکی بەریتانی و چالاکوانی بواری ژنان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:" لێکۆڵینەوەکانی زانستی دەروونناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە رەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز چواردەوری هەراسانکردنی سێکسی بە هەموو شێوەکانییەوە داوە، بۆیە کچان و ژنان لە کاتی روبەروبوونەوەیان بە هەراسانی سێکسی بێدەنگی هەڵدەبژێرن و بە هیچ کەسی راناگەیەنن کە توشی هەرەسانکردنی سێکسی بوونەتەوە." هەروەها دەڵێت: "بە کەم سەیرکردنی ژنان بەهۆی کلتورێکی پیاوسالاری باڵادەستەوە، قوربانییەکە تاوانبار دەکات، ئەمەش بڕوابەخۆبوون و هەستکردن بە ئارامی نامێنێت، ترسی ئەوەی دەبێت کە سەرزەنشت بکرێت و سزابدرێت، هەمو ئەمانە پێویستی بە دانانی یاسای بەهێز هەیە هاوشانی هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی بۆ گۆڕینی چەمکە باوەکان و بەهێزکردنی ڕۆحی پشتیوانی لەگەڵ ژنانی عێراق." "کارمەندەکانی پۆلیس مامەڵە دەکەن" لە هەمان چوارچێوەدا پۆلیسێک بە ناوی (ع.م) رووداوێکی مامەڵەی گێڕایەوە: ژنە سوڵکەرێکی عەرەب لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسەوە دەستگیرکرا، هیچ پەڕاوێکی فەرمی و نیشتەجێبوونی پێ نەبوو "پیش ئەوەی سەروو خۆمانی لێئاگادار بکەینەوە و حاڵەتەکەیان پێرابگەیەنین، ژنەکە بە دەموچاوییەوە ترسێکی زۆر دیار بوو، بەرپرسەکە داوای کرد کە سێکسی لەگەڵ بکات لە بەرامبەردا ئازادی دەکەن، لە راستیشداهەر ئەو روویدا." بە پێی شایەتی پۆلیسەکە "ئارامی لە ناو ماڵەکانیشدا نیە" لە چێشتخانەو بازاڕەکان، باخچە گشتییەکان، شەقام و ئۆتۆمبیلی کرێ، هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، تەنانەت لە هەندێک شوێن کە سروشتی ئاینیییان هەیە، هەندێک کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ و لە تەمەنە جیاوازەکاندا بە روانگەی عێراقی بۆ مەفەکانی مرۆڤ دەڵێن: " لە لایەن کرێکار،پیادە، شۆفێرەکان، پیاوە بە تەمەنەکان، روبەڕووی حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی وگوفتاری بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی قوربانییەکان بەتەنهاش نەبوون لە کاتی روودانی هەراسانکردنەکەدا و جلەکانیشیان فراوان بووە." "باوک و براکان هەراسانکەرن" بوونی کچ و ژنەکان لە ماڵەوە مانای ئەوە نییە پارێزراون لە هەراسانکردن، هەندێک جار لە لایەن باوک و براو خزمەکانیانەوە روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە تا دەگاتە ئاستی پەلاماری سێکسی و ئەنجامدانی سێک لە ژێر فشار و هەڕەشەدا." لەسەر بنەمای ئەوشایەتی و وتانەی کە روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ گوێبیستی بووە، زۆربەی قوربانییەکان وای بە باش دەزانن بێدەنگ بن بۆ دورکەوتنەوە لە (کێشە و ناوبانگی خراپ و رەتکردنەوەیان لە لایەن کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا نەبوونی بڕوا بە دادگاکان و بنکەی پۆلیس و سەختی سەلماندنی رووداوەکان لە بەردەمیاندا، چونکە ئەم سەلماندنە شەرمەزاریی دەهێنێت و ئەمەش درێژدەبێتەوە بۆ خێزانی قوربانییەکە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرستدا کە چەمکی پیاوسالاری و داب و نەریتی توندی خێڵەکان زاڵن لە کەیسەکانی شەرەفدا." "خێڵ لە بری دادگاکان کێشەکان کۆتایی پێدێنێ" ماددەی (396)لە یاسای سزادانی عێراقی، (7)ساڵ زیندانی داناوە بۆ ئەو کەسەی کە بە تۆمەتی هەرسانکردنی سێکسی بە هێز یان هەڕەشە یان هەڵخەڵەتاندن تاوانبار دەکرێت،سزاکە توندتر دەبێت بۆ (10)ساڵ ئەگەر ستەملێکراو خوار تەمەنی (18) ساڵ بوو، لە کاتێکدا ماددەی (402) لە هەمان یاسادەلێت کە "هەراسانکردن بە داواکاری" سزاکەی (3)مانگە یان غەرامە، وە ئەگەر داواکەی دووبارە کردەوە سزاکە زیاد دەبێت بۆ(6) مانگ، شارەزایان وایدەبینن ئەمە بەس نییە تا وەک پێویست رێگری بکەین لە هەراسانکردن. ماڵپەری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە راپۆرتێکی (15 ئەیلول 2019) لەزاری دادوەر سیماو نەعیم هوەیم لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی بەغداد ، دەڵێت:"دادگاکان کەیس و شکاتی زۆرمان لەسەر حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی بۆ دێت، بەڵام زۆرینەی کەیسەکان بە سوڵحی عەشایری کۆتایی پێدێت، موحافیزکاری کۆمەڵگەی عێراقی هۆکاری گەڕانەوەیە بۆ سوڵحی عەشایەری." "یاسایەکی تازە زۆر پێویستە" عەلی تەمیمی پسپۆری بواری یاسا، لە وتەیەکیدا بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:" پێویستییەکی بەپەلە هەیە یاسایەكی نوێ دەربكرێت، كە ماددە یاساییە پەرش و بڵاوەكان كۆبكاتەوە، بۆ رێگریكردن لە هەراسانكردن، كە بووەتە دیاردەیەكی باو لە عێراق، بە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە هەروەها پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حاڵەتەکانی هەراسانکردنی زیاترکردووە." روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەسەڵاتی باڵای عێراق دەکات بەدواداچوون بکات و چالاککردنی رێکارە یاساییەکان دژی هەراسانکاران و تەرخانکردنی خەڵکانی راهێنراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی هەراسانکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانباران لە سزا رزگاریان نابێت، هەروەها پاراستنی نهێنی ناسنامەی ئەو راپۆرتی تاوانی هەرسانکردنی داوە. هەروەها روانگە داوا لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكات كە هاوكار بن لە دانانی یاسای توندتر بۆ رێگریكردن لە هەراسانكاران و رێگەنەدان بە دەربازبوون لە سزا تەنها لەبەر "سوڵحی عەشایەری"، بەتایبەتی ئەگەر كارمەندی حكومەت بن، روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەم پرسانە بە توندی كاریگەری لەسەر دەروونی قوربانیان هەیە و كاریگەری لەسەر داهاتووی خوێندن و كاركردنیان هەیە تا دەگاتە ئاستی كۆچكردن و خۆكوشتن.
شیكاری: درەو ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. ئەمە کاتێدایە داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان بەراود بە (10) ساڵی ڕابردووە (52%) کەمی کردووە. خەرجی و داهاتی مانگانەی تاک و خێزان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی (2/10/2021) دکتۆر هەڤاڵ ئەبو بەکر پارێزگاری سلێمانی زینجیرەیەک ئاماری لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند؛ "پارێزگای سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بە پشتبەستن بە ئامارو کێوماڵە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتەکانی پلاندانان لە حکومەتی ئیتحادیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لێکۆڵینەوەیەکی ئاماریی بەراوردکاریی لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ بۆ ٢٠٢١)، واتە ماوەی (30) سی ساڵی ڕابردوودا کردووەو تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی تێدا ئاماژە پێکراوە. لە بەشێکی ئامارەکانیدا ئاماژە دراوە بە "داهات و خەرجی تاک" لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2021) تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (ملیۆنێک و 123 هەزار) دینارە، تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (234 هەزار) دینارە. تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (842 هەزار و 400) دینارە، تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (187 هەزار و200) دینارە. بەم پێیەش داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک بڕی (280 هەزار و 600) دیناری کەمترە لە خەرجییەکانی، وەک چۆن خەرجی هەر تاکێکیش بڕی (46 هەزار و 800) دیناری زۆرترە لە داهاتی مانگێکی. ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی (2012) لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم (عەلی سندی -وەزیری پلاندانانی هەرێم) ڕایگەیاند داهاتی ساڵانەی تاک لە هەرێمی کوردستان (4 هەزار) دۆلاری تێپەڕاندووە، واتە مانگانە (333) دۆلاری مانگانە، لەو کاتەدا بەهای (1) دۆلاری ئەمریکی (هەزار و 166) دینار بووە، واتە داهاتی مانگانەی تاک بە دینار بریتی بووە لە (388 هەزار و 666) دینار بووە. بەم پێیەش داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان لەساڵی (2021) بەراورد بە ساڵی (2012) بڕی (201 هەزار و 466) دینار و بەڕێژەی (52%) کەمی کردووە. (بڕوانە خشەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی هێزی کڕین پاڵپشت بەو داتاو زانیارییانەی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی/ سلێمانی، ڕۆژانە نرخی دراوو خۆراک لەبازاڕەکانی سلێمانی تۆمار دەکات، درەو دوو تۆمارەی جیاوازی بەڕێوەبەرایتییەکەی بەراورد کردووە کە لە (23/9/2029)ەو (13/6/2022) تۆماری کردوون (بڕوانە (هاوپێچی یەکەم و دووەم))، بەپێی ئامارەکە؛ نرخی سەرجەم کەل و پەل و دراوەکان بەڕێژەی جیاواز بەرز بوونەتەوە. ئامارەکان بە جۆرێکە بە تێکڕای ئەو نمونانەی درەو وەریگرتوون بە ڕێژەی (44%) بەزبوونەتەوە. بە واتایەکی تر ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) نرخی شمەک و دراو لە نێوان (23/9/2019) (13/6/2022) هاوپێچی یەکەم هاوپێچی دووەم