(درەو): موڵكێك لەبەردەم پاركی ئازادی ناكۆكی خستوەتە ناو لقی سلێمانی یەكێتی مافپەروەرانەوە، هەندێك لە ئەندامانی یەكێتییەكە لەگەڵ كۆمپانیایەك رێككەوتوون موڵكەكە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوونی (29) نهۆمی، ئەندامانی تری یەكێتییەكە ناڕازی بوونو پرۆژەكەیان راگرتووە. كۆمپانیایەك بەناوی (خۆری ماردین) هەوڵیدا موڵكێكی لقی سلێمانی یەكێتی مافپەروەرانی كوردستان بكات بە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون. موڵكەكەی یەكێتی مافپەروەران دەكەوێتە كەرتی (مەڵكەندی- دەباشان) لەبەردەم پاركی ئازادیو بەرامبەر بە یانەی كۆمەڵایەتییەو بەردەمی شەقامی سەرەكیە. بۆ ئەم كارە، كۆمپانیاكە رەزامەندی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی یەكێتی مافپەروەرانی وەرگرتووە، بەڵام بەشێكی تری ئەندامانی ئەنجومەنەكە ناڕازیی بوونو سكاڵایان بردوەتە لای بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی. كۆمپانیاكە گرێبەستی پرۆژەكەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مافپەروەران كردووە، لەبەرامبەر دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر موڵكەكەیان، ژمارەیەك شوقەیان بۆ دابین بكات، بڕیاربوو هەفتەی رابردوو گرێبەستەكە ئیمزا بكرێت، دواتر كۆمپانیاكە دەستبەكاركردن بكاتو بینایەكی (29) نهۆمی لەسەر دروست بكات. دروستكردنی بینایەكی بەرز لەو ناوچەیەدا، جگە لە ناڕەزایەتی بەشێك لە مافپەروەران، ناڕەزایەتی خاوەن ماڵو موڵكەكانی ئەو ناوچەیەشی لێكەوتوەتەوەو دەڵێن یاسا رێگە بە دروستكردنی بینای (29) نهۆمی لەم شوێنەدا ناداتو تەنیا دەتوانرێت بینای (9) نهۆمی دروست بكرێت. بەهۆی ئەم ناڕەزایەتییانەوە، دروستكردنی پرۆژەكە راوەستاوەو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی دەستوەردانی كردووە بۆ راگرتنی كارەكە. موڵكەكە نوسراوی فەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی سلێمانی هەیە، بەپێی ئەم تۆمارە رووبەڕی موڵكەكە (هەزارو 699) مەترچوارگۆشەیەو بە (15 ئۆلك) تۆماركراوە، هەر مەترچوارگۆشەیەكی ئەم موڵكە نرخەكەی بە (456 هەزار) دینار دیاریكراوە. لە تۆماری خانوبەرەدا، ئەم موڵكە بۆ یەكێتی مافپەروەرانی كوردستان لقی سلێمانی دابینكراوەو ئاماژە بەوەكراوە ئەم موڵكە هیچ جۆرە مامەڵەیەكی لەسەر ناكرێت بۆ مەبەستی دیاریكراو نەبێت.
شیكاری: درەو بە هەموو پێوەرەکان هەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانی گەورەی دارایی گەیاندووە بە جۆرێک؛ کۆی ئەو داهاتەی حکومەتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی کەوتووە (1.4 ملیار) دۆلار بووە. لە کاتێکدا ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی بە شێوەی سەربەخۆ هەناردەی کردووە لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە بەبازاڕ بخرایە داهاتەکەی نزیکەی (3.4 ملیار) دۆلار دەبوو. ئەمە جگە لەوەی ئەگەر بەهۆی سیاسەتی نەوتەوە، پشکی هەرێم لە بودجە ڕانەگیرایە، بەپێی یاسا زیاتر لە (3.5 ملیار) دۆلار بەشی هەرێم دەبوو تەنها لە "داهاتی نەوتی عێراق"دا لە ماوەی ناوبراو. زیاتر لەوەش ئەگەر نەوتی هەرێم و عێراق پێکەوە لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە، ئەوا پشکی هەرێم لە سێ مانگی ڕابردوودا تەنها لە فرۆشی نەوتەوە زیاتر لە (4 ملیار) دۆلار دەبوو. یەکەم؛ داهاتی نەوتی عێراق و پشکی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوت، حکومەتی عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (292 ملیۆن و 640 هەزار و 250) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 253 هەزار و 570) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، هەر بەپێی زانیارییەکان بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (96.26) دۆلار فرۆشتووە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا بریتی بووە لە (28 ملیار و 196 ملیۆن و 897 هەزار و 810) دۆلار. بە پێی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) یاسای بودجەی گشتی عێراق، ماددەی (11) پشکی هەرێمی کوردستان بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە، هەر بۆیە بەپێی یاساکە "تەنها لە داهاتی نەوتی عێراق" لەم ماوەی ئەم سێ مانگەدا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (3 ملیار و 572 ملیۆن و 546 هەزار و 953) دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەو ماوەیەدا بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (1 ملیار و 410 ملیۆن و 293 هەزار و 864) دۆلار، واتە بڕی (2 ملیار و 162 ملیۆن و 253 هەزار و 80) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) ئەنجام) واتە هەر سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بەم شێوەیە بووە؛ 1. داهاتی نەوتی عێراق و پشکی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی 2022 بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوت، حکومەتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (99 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 202 هەزار و 777) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی "سۆمۆ"وە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، بەپێی زانیارییەکان بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (83.82) دۆلار فرۆشتووە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2022)دا بریتی بووە لە (8 ملیار و 322 ملیۆن و 679 هەزار) دۆلار. بە پێی یاسای بودجەی گشتی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە، هەر بۆیە بەپێی یاساکە "تەنها لە داهاتی نەوتی عێراق" لە مانگی کانونی دووەمدا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (1 ملیار و 54 ملیۆن و 483 هەزار و 429) دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەمانگی یەکی ئەمساڵ بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (427 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلار، واتە بڕی (627 ملیۆن و 217 هەزار و 645) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) کانونی دووەمی 2022). 2. داهاتی نەوتی عێراق و پشکی هەرێم لە مانگی شوباتی 2022 حکومەتی عێراق لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 313 هەزار و 935) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی "سۆمۆ"وە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، لە مانگی ناوبراودا بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (94.93) دۆلار فرۆشتووە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق لە مانگی شوباتی (2022)دا بریتی بووە لە (8 ملیار و 809 ملیۆن و 162 هەزار) دۆلار. پشکی هەرێمی کوردستان بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە، هەر بۆیە بەپێی یاساکە "تەنها لە داهاتی نەوتی عێراق" لە مانگی شوباتدا بریتی دەبێت لە (1 ملیار و 116 ملیۆن و 120 هەزار و 825) دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەمانگی دووی ئەمساڵ بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (432 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلار، واتە بڕی (684 ملیۆن و 92 هەزار و 745) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) شوباتی 2022). 3. داهاتی نەوتی عێراق و پشکی هەرێم لە مانگی ئازاری 2022 حکومەتی عێراق لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (100 ملیۆن و 563 هەزار و 999) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 244 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی "سۆمۆ"وە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، لە مانگی ناوبراودا بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (110.03) دۆلار فرۆشتووە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق لە مانگی ئازاری (2022)دا بریتی بووە لە (11 ملیار و 65 ملیۆن و 56 هەزار و 810) دۆلار. بەپیی یاسای بودجەی گشتی عێراق "تەنها لە داهاتی نەوت " لە مانگی ئازاردا پشکی هەرێم بریتی دەبێت لە (1 ملیار و 401 ملیۆن و 942 هەزار و 698) دۆلار. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەمانگی ئازاری ئەمساڵ بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (551 ملیۆن) دۆلار، واتە بڕی (850 ملیۆن و 942 هەزار و 698) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) ئازاری 2022). دووەم؛ جیاوازی داهاتی نەوتی هەرێم لەنێوان فرۆشتنی سەربەخۆ و کۆمپانیای "سۆمۆ"دا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بڕی (35 ملیۆن و 440 هەزار) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (414 هەزار و 327) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە (11) دۆلار کەمتر فرۆشتووە جگە لە مانگی ئازار کە بە (17) دۆلار کەمتر فرۆشراوە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان. بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا کە پێشتر بە هەواڵێک بڵاوی کردووەتەوە لە كۆبونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕاپۆرتێک لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتیەكان خوێندراوەتەوە کە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێمی بۆ مانگی ئازاری (2022)ی بەم شێوەیە تێدا خراوەتەڕوو؛ - رۆژانە: (421 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەكراوە - لە مانگەکەدا: (11 ملیۆن و 180 هەزار) بەرمیلی (فرۆشراوە) - تێكڕای نرخی بەرمیلێك: (100 دۆلار و 88 سەنت) بووە. - كۆی گشتی داهاتەکەی: (ملیارێك و 128 ملیۆن) دۆلار بووە. - خەرجی كۆمپانیاكان: (472 ملیۆن) دۆلار (42%) - كرێی بۆری: (60 ملیۆن) دۆلار (5%) - قەرزی كۆمپانیاكان: (45 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (4%) - كۆی خەرجی نەوت: (577 ملیۆن) دۆلار (51%) - كۆی پارەی ماوە بۆ حكومەت: (551 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (49%) بووە. بۆیە بە تێکڕای سێ مانگەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (87.51) دۆلار فرۆشراوە، کە نزیکەی (8.5) دۆلاری کەمترە لە نرخی نەوتی عێراق، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا بریتی بووە لە (3 ملیار و 80 ملیۆن و 940 هەزار و 600) دۆلار، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت و دانپێدانانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم (56%)ی داهاتی نەوتی هەرێم دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەکە کە دەکاتە بڕی (1 ملیار و 670 ملیۆن و 646 هەزار و 736) دۆلار و بڕی (44%) دەمێنێتەوە بۆ حکومەت کە لە ماوەی ناوبراودا بریتیە لە (1 ملیار و 410 ملیۆن و 293 هەزار و 864) دۆلار. لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەرناردەی کردووە، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراقی بفرۆشرایە کە هەر بەرمیلێکی دراوە بە (96.26) دۆلار، ئەوا کۆی بەهاکەی بریتی دەبوو لە (3 ملیار و 390 ملیۆن و 262 هەزار و 600) دۆلار. واتە ئەگەر نەوتی هەرێم لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ڕێگەی سۆموە هەناردە بکرایە ئەوا بڕی (1 ملیار و 979 ملیۆن و 968 هەزار و 736) دۆلاری زیاتر دەبوو لەو بڕەی ئێستا حکومەتی هەرێم بۆی ماوەتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) ئەنجام)، بەشێوەیەکی وردتر بڵێین هەر سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بەم شێوەیە بووە؛ 1. جیاوازی داهاتی نەوتی هەرێم لەنێوان فرۆشتنی سەربەخۆ و کۆمپانیای سۆمۆدا لە مانگی کانونی دووەمی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022)دا بڕی (12 ملیۆن و 860 هەزار) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (414 هەزار و 839) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە (11) دۆلار فرۆشتووە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، بۆیە بە تێکڕا مانگەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (75.51) دۆلار فرۆشراوە، کە زیاتر لە (8) دۆلاری کەمترە لە نرخی نەوتی عێراق، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار و 600) دۆلار، بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوتی هەرێم دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەکە کە دەکاتە بڕی (543 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلار و بڕی (44%) دەمێنێتەوە بۆ حکومەت کە لە ماوەی ناوبراودا بریتیە لە (427 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلار. لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەرناردەی کردووە، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراقی بفرۆشرایە کە هەر بەرمیلێکی دراوە بە (83.82) دۆلار، ئەوا کۆی بەهاکەی بریتی دەبوو لە (1 ملیار و 77 ملیۆن و 925 هەزار و 200) دۆلار. واتە ئەگەر نەوتی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا لە ڕێگەی سۆموە هەناردە بکرایە ئەوا بڕی (650 ملیۆن و 659 هەزار و 416) دۆلاری زیاتر دەبوو لەو بڕەی ئێستا حکومەتی هەرێم بۆی ماوەتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) مانگی کانونی دووەمی 2022). 2. جیاوازی داهاتی نەوتی هەرێم لەنێوان فرۆشتنی سەربەخۆ و کۆمپانیای سۆمۆدا لە مانگی شوباتی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی (2022)دا بڕی (11 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (407 هەزار و 143) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە (11) دۆلار فرۆشتووە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، بۆیە بە تێکڕا مانگەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (86.13) دۆلار فرۆشراوە، کە زیاتر لە (8) دۆلاری کەمترە لە نرخی نەوتی عێراق، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 882 هەزار) دۆلار، بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوتی هەرێم دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەکە کە دەکاتە بڕی (549 ملیۆن و 583 هەزار و 920) دۆلار و بڕی (44%) دەمێنێتەوە بۆ حکومەت کە لە ماوەی ناوبراودا بریتیە لە (432 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلار. لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەرناردەی کردووە، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراقی بفرۆشرایە کە هەر بەرمیلێکی دراوە بە (94.93) دۆلار، ئەوا کۆی بەهاکەی بریتی دەبوو لە (1 ملیار و 82 ملیۆن و 202 هەزار) دۆلار. واتە ئەگەر نەوتی هەرێم لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە ڕێگەی سۆموە هەناردە بکرایە ئەوا بڕی (650 ملیۆن و 173 هەزار و 920) دۆلاری زیاتر دەبوو لەو بڕەی ئێستا حکومەتی هەرێم بۆی ماوەتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) مانگی شوباتی 2022). 3. جیاوازی داهاتی نەوتی هەرێم لەنێوان فرۆشتنی سەربەخۆ و کۆمپانیای سۆمۆدا لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی ڕپۆرتەکەی ئەنجومەنی وەزیران حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ساڵی (2022)دا بڕی زیاتر لە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوتی بە بەتێکڕای ڕۆژانەی (421 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، بەلام بڕی (11 ملیۆن و 180 هەزار) بەرمیل نەوتی لێ فرۆشراوە، بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە (17) دۆلار فرۆشتووە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، بۆیە بە تێکڕا مانگەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (100.88) دۆلار فرۆشراوە، کە نزیکەی (10) دۆلاری کەمترە لە نرخی نەوتی عێراق، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بریتی بووە لە (1 ملیار و 128 ملیۆن) دۆلار، بەپێی زانیارییەکان لە مانگی ناوبراودا (51%)ی داهاتی نەوتی هەرێم ڕۆشتووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە دەکاتە بڕی (577 ملیۆن) دۆلار و بڕی (49%) دەمێنێتەوە بۆ حکومەت کە لە ماوەی ناوبراودا بریتیە لە (551 ملیۆن) دۆلار. لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەرناردەی کردووە، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراقی بفرۆشرایە کە هەر بەرمیلێکی دراوە بە (110.03) دۆلار، ئەوا کۆی بەهاکەی بریتی دەبوو لە (1 ملیار و 230 ملیۆن و 135 هەزار و 400) دۆلار. واتە ئەگەر نەوتی هەرێم لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە ڕێگەی سۆموە هەناردە بکرایە ئەوا بڕی (679 ملیۆن و 135 هەزار و 400) دۆلاری زیاتر دەبوو لەو بڕەی ئێستا حکومەتی هەرێم بۆی ماوەتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) مانگی ئازاری 2022). سێیەم؛ نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە و پشکی هەرێم تێیدا لە تەوەری یەکەمی باسەکەدا تیشکمان خستە سەر پشکی هەرێم لە فرۆشی نەوتی عێراقدا بەپێی یاسای بودجەی گشتی، بەبێ لە بەرچاوگرتنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەکات، بۆیە ئەگەر نەوتی هەرێم و نەوتی عێراق پێکەوە لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە هەناردە بکرێت، ئەوا بێگومان ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرز دەبێتەوە، بۆیە داهاتەکەشی زیاد دەکات، بە هەمان پێوەری پشکی هەرێمیش بەپێی یاسای بودجە لە داهاتی نەوت زیاد دەکات ئەویش بە جۆرێک؛ لە چارەکی یەکەمی (2022)دا هەرێم و عێراق پێکەوە بڕی (328 ملیۆن و 80 هەزار و 250) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 647 هەزار و 779) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە هەناردە بکردایە، هەر بەپێی زانیارییەکان بەرمیلێک نەوت لەو ماوەیەدا بە تێکڕای (96.26) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق و هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا بریتی دەبوو لە (31 ملیار و 586 ملیۆن و 49 هەزار و 591) دۆلار. بە پێی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) یاسای بودجەی گشتی عێراق، ماددەی (11) پشکی هەرێمی کوردستان بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە، هەر بۆیە بەپێی یاساکە "تەنها لە داهاتی نەوت"دا لەم ماوەی ئەم سێ مانگەدا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبوو لە (4 ملیار و 1 ملیۆن و 952 هەزار و 483) دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەو ماوەیەدا بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (1 ملیار و 410 ملیۆن و 293 هەزار و 864) دۆلار، واتە بڕی (2 ملیار و 591 ملیۆن و 658 هەزار و 619) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) ئەنجام) بە جۆرێک؛ 1. نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە و پشکی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی 2022 لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا هەرێم و عێراق پێکەوە بڕی (112 ملیۆن و 146 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 617 هەزار و 615) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە هەناردە بکردایە، کە بەرمیلێک نەوت لەو ماوەیەدا بە تێکڕای (83.82) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق و هەرێم لە مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بریتی دەبوو لە (9 ملیار و 400 ملیۆن و 84 هەزار و 258) دۆلار. بە پێی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) یاسای بودجەی گشتی عێراق، ماددەی (11) پشکی هەرێمی کوردستان بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە، هەر بۆیە بەپێی یاساکە "تەنها لە داهاتی نەوت"دا لەم ماوەی مانگی کانونی دووەمدا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبوو لە (1 ملیار و 190 ملیۆن و 990 هەزار و 675) دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەو ماوەیەدا بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (427 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلار، واتە بڕی (763 ملیۆن و 724 هەزار و 981) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) کانونی دووەم). 2. نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە و پشکی هەرێم لە مانگی شوباتی 2022 لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا هەرێم و عێراق پێکەوە بڕی (104 ملیۆن و 190 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 721 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە هەناردە بکردایە، کە بەرمیلێک نەوت لەو ماوەیەدا بە تێکڕای (94.93) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق و هەرێم لە مانگی دووی ئەم ساڵدا بریتی دەبوو لە (9 ملیار و 890 ملیۆن و 773 هەزار و 123) دۆلار. بە پێی یاسای بودجەی گشتی عێراق، "تەنها لە داهاتی نەوت"دا لەم ماوەی مانگی شوباتدا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبوو لە (1 ملیار و 253 ملیۆن و 160 هەزار و 955) دۆلار. لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەو ماوەیەدا بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (432 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلار، واتە بڕی (821 ملیۆن و 132 هەزار و 875) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) شوبات). 3. نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە و پشکی هەرێم لە مانگی ئازاری 2022 لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا هەرێم و عێراق پێکەوە بڕی (111 ملیۆن و 743 هەزار و 999) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 604 هەزار و 645) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە هەناردە بکردایە، کە بەرمیلێک نەوت لەو ماوەیەدا بە تێکڕای (110.03) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق و هەرێم لە مانگی سێی ئەم ساڵدا بریتی دەبوو لە (12 ملیار و 295 ملیۆن و 192 هەزار و 210) دۆلار. بە پێی یاسای بودجەی گشتی عێراق، "تەنها لە داهاتی نەوت"دا لەم ماوەی مانگی ئازاردا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبوو لە (1 ملیار و 557 ملیۆن و 800 هەزار و 853) دۆلار. لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەو ماوەیەدا بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (551 ملیۆن) دۆلار، واتە بڕی (1 ملیار و 6 ملیۆن و 800 هەزار و 853) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) مانگی ئازار). چوارەم؛ زیانە داراییەکانی فرۆشی نەوتی سەربەخۆ لە چارەکی یەکەمی 2022 بە هەموو پێوەرەکان هەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان زیانی گەورەی دارایی بە هەرێم گەیاندووە هەر یەک لە (خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (1)) بە ئاشکرا ئەو زیانە داراییانەی ڕوونکردووەتەوە. بە جۆرێک؛ کۆی ئەو داهاتەی حکومەتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی کەوتووە بریتی بووە لە (1 ملیار و 410 ملیۆن و 293 هەزار و 864) دۆلار. لە کاتێکدا ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی بە شێوەی سەربەخۆ هەناردەی کردووە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕ بخرایە داهاتەکەی بریتی دەبوو لە (3 ملیار و 390 ملیۆن و 262 هەزار و 600) دۆلار. ئەمە جگە لەوەی ئەگەر بەهۆی سیاسەتی نەوتەوە پشکی هەرێم ڕانەگیرایە، بەپێی یاسای بودجە بڕی (3 ملیار و 572 ملیۆن و 546 هەزار و 953) بەشی هەرێم دەبوو تەنها لە داهاتی نەوتی عێراقدا. زیاتر لەوەش ئەگەر نەوتی هەرێم و عێراق پێکەوە لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە، ئەوا پشکی هەرێم لە سێ مانگی ڕابردوودا بە پێی یاسا تەنها لە فرۆشی نەوت بڕی (4 ملیار و 1 ملیۆن و 952 هەزار و 483) دۆلار دەبوو. سەرچاوەکان - قانون رقم (23) لسنە 2021 الموازنە العامە الاتحادیە لجمهوریە العراق للسنە المالیە 2021؛ https://moj.gov.iq/view.5555/ - اعلنت وزارە النفگ عن مجموع الكمیات والایرادات المتحققە لصادرات النفگ، مجموع الصادرات النفگیە والایرادات المتحققە لشهر كانون الپانی الماچی؛ https://oil.gov.iq/?page=909 - اعلنت وزارە النفگ عن مجموع الكمیات والایرادات المتحققە لصادرات النفگ، مجموع الصادرات النفگیە والایرادات المتحققە لشهر شباگ الماچی؛ https://oil.gov.iq/?page=951 - اعلنت وزارە النفگ عن مجموع الكمیات والایرادات المتحققە لصادرات النفگ، مجموع الصادرات النفگیە والایرادات المتحققە لشهر ێژار الماچی؛ https://oil.gov.iq/?page=965 - هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2022، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10080 - حكومەت: داهاتی نەوت (ملیارێك و 128 ملیۆن) دۆلار بووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10104
درەو: ئامادەكردنی:ئەحمەد قادر عەلی هەرچەندە هەموو نوسین و لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن رۆژنامەی كوردستان لە 22ی نیسانی 1898 دەرچووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرواری ڕۆمی لەسەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە کە (٩ نیسانی ١٣١٤) نوسراوە کاتێک دەیگۆڕین بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی ڕۆژی پێنج شەممە دەکات، ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو ڕۆژەی کە لە بەردەم هەردوو بەرواری کۆچی و ڕۆمی سەر ڕۆژنامەکە نوسراوە. هەر لەو بەروار گۆڕینەدا ٢١ نیسانی ١٨٩٨ دەردەچێت نەك 22ی نیسانی 1898. سەرەتا ڕۆژنامەی کوردستان وەک یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی مایەی شانازی کورد بە گشتی و ڕۆژنامەنووسان و نوسەر و ڕۆشنبیرانە. وەک لە سەرچاوەکاندا باسکراوە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ زاینی، ٩ نیسانی ١٣١٤ رۆمی، ٣٠ ژوالقعدەی ١٣١٥ کۆچی لەلایەن مقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچووە. کۆتا ژمارەیشی لە ١٤ نیسانی ١٩٠٢ زاینی، ١ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی، ٦ محڕم ١٣٢٠ کۆچی دەرچووە. ژمارە (١-٥) لە قاهیرە، (٦-١٩) لە جنێف، (٢٠-٢٣) دووبارە لە قاهیرە، (٢٤) لە لەندەن، باس لەوە دەکرێت کە ژمارە ٢٥ دووجار دەرچووە، یەكەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆڵكستۆن هەر لە بەریتانیا، (٢٥-٢٩) لە فۆڵکستۆن و (٣٠-٣١) جارێکی تر لە جنێف دەرکراوە. وەبیرهێنانەوەیەک لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە و وتاری زۆر نوسراوە دەربارەی ڕۆژنامەی کوردستان و ڕۆڵ و پێگەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان. تەواوی ئەو لێکۆڵینەوە و نووسینانەی خوێندوومەتەوە جگە لە دوانیان هەموویان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرکراوە. لە هیچ یەکێک لەو لێکۆڵینەوە و نووسینانەدا بە بەڵگەی گومانبڕ نەسەلمێنراوە کە ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ دەرکراوە. بەگوێرەی سەرچاوەکانی بەردەست، د. مارف خەزنەدار یەکەم کوردە، ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی رۆژنامەی “کوردستان”ی بە ٢٢ی نیسان داناوە. ئەوەشی بە گوتارێک لە رۆژنامەی (برایی – التێخی) لە ژمارەی ٢٢ی نیسانی ١٩٦٨ بڵاوکردوە. لە هەمان ساڵ د. کەمال فواد لە کتێبخانەی ماربوورگ لە ئەڵمانیا زۆربەی ژمارەکانی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی دۆزیوەتەوە و بە گوتارێک لە ژمارە یەکی گۆڤاری “ڕووناکی” ، کە لە ٢٣ی مایسی ١٩٦٩ دەرچوو، ئەم دۆزینەوە تازە و گرنگەی بۆ خوێنەرانی کورد ئاشکرا کرد. دواتر هەر د. کەمال فواد تەواوی ژمارەکانی بەردەستی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی لە کتێبێکدا بەناوی: ("کوردستان" یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی) لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغدا چاپکرد. تا ئێستا سێ جار ئەو کتێبە چاپکراوەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هیچ یەکێک لەو نووسینانەی ئاماژەم پێدا، بەرواری کۆچی و ڕۆمی هاوتا نەکراوەتەوە بە بەرواری زاینی، تاوەکو خوێنەر دڵنیاببێتەوە لەوەی کە ئەو بەروارانەی لەسەر یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان هەیە بەرامبەرە بە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨. ئەو کاتەی ڕۆژنامەی کوردستان دەرکراوە بەپێی ساڵنامەی کۆچی و ڕۆمی بەروارەکان دیاریکراوە. ساڵنامەی زاینی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و مصردا بەکارنەهێنراوە. لە بەرامبەر ئەمەدا دوو بابەتی بڵاوکراوەم دەست کەوتووە کە ئاماژە بەوە دەدەن ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢١ نیسانی ١٨٩٨ دەرچووە. یەکەمیان وتارێکی مامۆستا فەرهاد شاکەلی-یە لە ژمارە (٤١٣)ی ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٧ بڵاوکراوەتەوە، تێیدا نوسەری بابەتەکە ٢١ی نیسانی بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی "کوردستان" داناوە. دووەمیان وتارێکی د. مەغدید سەپان-ە (د.سەپان) کە لە ساڵی ٢٠١٩ و یادی ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لە سایتی ڕۆژنامەوانی www.rozhnamawany.com بڵاوکراوەتەوە. هەرچەندە هەردوو مامۆستای بەڕێز لەنووسینەکانیاندا چەند بەڵگەیەکیان خستووەتە ڕوو بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانیان، بەڵام ئەو بەڵگانەیش تەواو بابەتەکەیان یەکلایی نەکردووەتەوە و بەڵگەی گومانبڕ نین. ئێستایش کە یادی ١٢٤ ساڵەی ڕۆژنامەی “کوردستان” دەکرێتەوە، ئیدی پێویستە هەڵوێستەی جددی لەسەر ئەم بەروارە بکرێت و ڕاستکردنەوەی پێویستی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی لەمە زیاتر ئەو هەڵە بەسەر ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردیدا تێنەپەڕێت. هەرچەندە ئەو بەروارە لە کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا جێگیر بووە، بەڵام پێویستە بەردەوام لێکۆڵینەوە لە سەرجەم بوارەکانی مێژوودا بکرێت و بە ڕوونی سەرەتا و کۆتایی ڕووداوەکان دیاری بکرێت و بسەلمێنرێت. ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢١ نیساندا دەرچووە! ئەوەی تێبینی دەکرێت لەسەر هەر ٣١ ژمارەکەی ڕۆژنامەی کوردستان بەرواری زاینی لەسەر نییە، بەڵکو تەنها بەرواری کۆچی و ڕۆمی نوسراوە. دیارە ئەمەش پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و ئاینی و کلتووری و کارگێڕی ئەو سەردەمەوە بووە کە ڕۆژنامەی کوردستانی تێدا دەرچووە. لەو سەردەمەدا ساڵنامەی زاینی بەکارنەهێنراوە و تەنها کار بە ساڵنامەی ڕۆمی و کۆچی کراوە. بۆ بەراوردی ئەو سێ ساڵنامەیە پێویستمان بە بەرنامەیەکی تایبەتە بۆ گۆرینی بەروارەکان لە ساڵنامە جیاوازەکاندا. بۆ ئەو مەبەستە بەندە پشتم بە سایتی فەرمی دەزگای مێژووی تورکیا Türk Tarih Kurumu بەستووە. لە سایتی ئەو دەزگایەدا بەشێکی تایبەتی تێدایە بەناوی ڕێنمایی گۆڕینی بەروار Tarih Çevirme Klavuzu بۆ گۆڕینی ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵ لە هەر سێ ساڵنامەی کۆچی، ڕۆمی و زاینیدا. لەو بەشەدا بەروار و مانگ و ساڵ دیاریدەکرێت و سایتەکە دەیگۆڕێت بۆ بەروار و مانگ و ساڵەکانی دیکە. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە ئێمە ئەو ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵە ڕۆمی و کۆچییەی لەسەر یەکەم ژمارە و کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستاندا نوسراوە دیاری بکەین و پاشان بیگۆرین بۆ ڕۆژ و بەروار و ساڵی زاینی. ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان کەی دەرچووە. کێشەی سەرەکی لەوەی کە ناتوانرێت بە تەواوی ڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان دیاری بکرێت پەیوەستە بە هاوتانەبوونی ڕۆژ و بەرواری دەرچوونی ڕۆژنامەکە بەپێی ساڵی کۆچی و ڕۆمی. وەک لە لاپەڕەی یەکەمی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی کوردستاندا نوسراوە (روژا پنجشمی دە ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥، پنجشنبە فی ٩ نیسان سنە ١٣١٤) . کاتێک بەرواری کۆچییەکە کە نوسراوە (پێنج شەممە ٣٠ ژوالقعدە ١٣٥) دەگۆڕین بۆ ساڵی زاینی و ڕۆمی، ڕۆژ و بەروارەکە دەگۆڕێت بۆ جومعە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ زاینی و ١٠ نیسانی ١٣١٤ ڕۆمی. لێرەدا دوو کێشەی سەرەکی دروست دەبێت کە ناچارمان دەکات ئەم بەروارە ڕەت بکەینەوە و بەهەڵەیەکی بەرپرسانی ڕۆژنامەکەی بزانین. یەکەمیان ئەوەیە کە لە ڕۆژنامەکەدا پێش بەرواری کۆچی نوسراوە (پێنج شەممە ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥) بەڵام لە ڕاستیدا ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥ کۆچی جومعە بووە. لە هەمانکاتدا ڕۆژ و بەرواری (پێنج شەممە ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥) کاتێک دەیگۆڕین بۆ ساڵنامەی رۆمی دەبێت بە (١٠ نیسانی ١٣١٤)، لە کاتێکدا لەسەر ڕۆژنامەکە نوسراوە (٩ نیسانی ١٣١٤). بەڵام بەرواری ڕۆمی لەسەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە کە (٩ نیسانی ١٣١٤) نوسراوە کاتێک دەیگۆڕین بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی ڕۆژی پێنج شەممە دەکات، ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو ڕۆژەی کە لە بەردەم هەردوو بەرواری کۆچی و ڕۆمی سەر ڕۆژنامەکە نوسراوە. هەر لەو بەروار گۆڕینەدا ٢١ نیسانی ١٨٩٨ دەردەچێت. جگە لەمانەش هەروەک د.سەپان لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێداوە، پێش ١٢٤ ساڵ "رۆژی هەینی لە میسر باوەڕناکرێ، خەریکی دەرکردنی رۆژنامە بووبن، چونکە لە جیهانی ئیسلامی ئەم ڕۆژە پشووە". هەر بۆ ئەو مەبەستە د.سەپان کۆپی دوو ژمارەی دوو رۆژنامەی ڕۆژانەی بەناوبانگی سویدی (Aftonbladet – Dagens nyheter)ی (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨)ی وەرگرتووە و بۆی دەرکەوتووە کە "لەسەر هەردووک ڕۆژنامە: “ئەفتۆنبلادێت، داگینس نیهێتەر” رۆژی هەینی نووسرایە…". جگە لەمانەیش لە زۆرێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەکەدا ڕۆژ و بەرواری ساڵی کۆچی بە تەواوی پاش و پێش کەوتووە، بە جۆرێک ئاڵۆزی و دژیەکی تێدایە کە تەنانەت ڕۆژ و بەروارەکە لە خودی ساڵنامە کۆچیەکەدا یەکناگرێتەوە، بۆ نموونە لە ژمارە (٦)دا نوسراوە (یکشمب دە ٢٥ جماژی الاول ١٣١٦ پازارایرتسی فی ٢٨ ایلول سنە ١٣١٤). بەڵام کاتێک ئەم بەروارانە دەگۆڕین بۆ ساڵنامە جیاوازەکان یان هەر خۆیان بەراورد دەکەین، دژیەکی زۆری تێدایە. بەپێی ساڵنامەی کۆچی ڕۆژی یەک شەممە ٢٣ جماژی الاول ١٣١٦ کۆچییە، بەڵام لە سەر ڕۆژنامەی کوردستان ٢٥ جماژی الاول ١٣١٦ نوسراوە. هەروەها پازارایرتسی کە لە بەردەم ساڵنامەی ڕۆمیدا نوسراوە دەکاتە دوو شەممە. کاتێکیش بەراوردی ڕۆژی دوو شەممە بە بەرواری ساڵنامەی ڕۆمی دەکەین ئەوا بە تەواوی ٢٨ ئەیلولی ١٣١٨ دەکات. واتە ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵی ڕۆمی کە لەسەر ڕۆژنامەکە نواسراوە ڕاستە و کێشەی تێدا نییە. بۆ دڵنیایی تەواو دەربارەی ئاڵۆزی و دژیەکی ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵی کۆچی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا نموونەیەکی دیکە دەخەینە ڕوو. بەپێی بەرواری سەر ڕۆژنامەی کوردستان خۆی بێت، ژمارە (٣)ی ڕۆژنامەکە لە "٢٨ ژوالحجە ١٣١٥" کۆچی دەرچووە، بەڵام ژمارە (٤)ی ڕۆژنامەکە لە "١٢ ژوالحجە ١٣١٦" کۆچی دەرچووە! لێرەدا پێویست بوو ژمارە ٤ لە ١٢ محرم ١٣١٦ کۆچی دەربچێت. لەبەرئەوەی دوای مانگی ژوالحجە لە ساڵنامەی کۆچیدا مانگی محرم کە یەکەم مانگی ساڵی کۆچیە دەستپێدەکات. لێرەدا بەرپرسانی ڕۆژنامەی کوردستان لە ژمارە (٤)دا بەروار و ساڵەکەیان ڕاست نوسیوە بەڵام مانگەکەیان بە هەڵە نوسیوە. لە لایەکی دیکەوە لە ژمارە (١-٥) ڕۆژنامەی کوردستان کە لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان خۆیەوە لە قاهیرە دەرکراوە، لە سەرجەمیاندا ڕۆژی پێنج شەممە نوسراوە، هەرچەندە لەسەر ڕۆژنامەکە نوسراوە "پازدە ڕۆژ جارێک دەردەچێت". بەڵام لە ڕاستیدا ئەو (٥) ژمارەیەی سەرەتای ١٤ ڕۆژ جارێک دەرچووە، هەر لەبەر ئەوەیش لە سەرجەمیاندا ڕۆژی پێنج شەممە نواسراوە. بەڵام سەرجەمی بەروارە کۆچییەکان لەو (٥) ژمارەیەدا دووبارە ڕۆژی هەینی دەردەچێت. ژمارەی شەشەمی ڕۆژنامەکەیش ٣ مانگ و ٢٤ ڕۆژ لە پاش ژمارە پێنج دەرچووە، هۆکاری ئەمەیش دەکرێت پەیوەندی بە وازهێنانی میقداد مەدحەت لە ڕۆژنامەکە و گواستنەوەی شوێنی دەرچوونی بۆ جنێف لە سویسراوە هەیە. وێنەی ژمارە (١) یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان. وێنەی ژمارە (٢) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی کۆچییەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و ڕۆمی دەخاتە ڕوو. وێنەی ژمارە (٣) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی ڕۆمییەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی دەخاتە ڕوو. کێشەی هاوتانەبوونی ڕۆژ و بەروارەکان لە کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەکەشدا ڕەنگی داوەتەوە. تەنانەت بەهۆی ئەوەی کە بە ڕۆژ و ساڵنامەی کۆچی و ڕۆمی نوسراوە، هەندێک لە لێکۆڵەران و نووسەران ڕۆژ و ساڵنامە ڕۆمیەکەیان بە ڕۆژ و ساڵنامەی زاینی وەرگرتووە، هەر بۆیە بەداخەوە لە هەندێک سەرچاوەدا باس لەوە کراوە کە کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ١ نیسانی ١٩٠٢ دەرکراوە. بەڵام لە ڕاستیدا ژمارە ٣١ ی ڕۆژنامەی کوردستان کە کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەکەیە لە ١ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی و ٦ محرم ١٣٢٠ کۆچی دەرچووە، هەروەک لەسەر لاپەڕەی یەکەمی ژمارە ٣١ی ڕۆژنامەکەدا نوسراوە (دوشمب ٦ محرم ١٣٢٠، ١ نیسان سنە ١٣١٨). لێرەشدا کاتێک ئەم بەروارانە دەگۆڕین بۆ زاینی، دەبینین کێشە لە دیاریکردنی ڕۆژ و بەروار بەپێی ساڵنامەی کۆچی هەیە. چونکە بە پێی ڕێنمایی گۆڕینی بەروار لە سایتی فەرمی دەزگای مێژوی تورکیا ٦ محرم ١٣٢٠ کۆچی ڕۆژی سێ شەممە دەکات، لە کاتێکدا لە ڕۆژنامەکەدا دوو شەممە نوسراوە. هەر ئەو بەروارەیش ١٥ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی دەکات، لە کاتێکدا لەسەر ڕۆژنامەکە ١٤ نیسانی ١٣١٨ نوسراوە. بەڵام کاتێک ڕۆژ و بەرواری ڕۆمی سەر ڕۆژنامەکە دەگۆڕین بۆ ڕۆژ و بەرواری زاینی و کۆچی، دەردەکەوێت کە ڕۆژی دەرچوونی کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دوو شەممە ١ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی بەرامبەر بە ١٤ نیسانی ١٩٠٢ زاینی دەکات. وێنەی ژمارە (٤) ژمارە (٣١) کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان. وێنەی ژمارە (٥) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی کۆچییەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و ڕۆمی دەخاتە ڕوو. وینەی ژمارە (٦) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی ڕۆمیەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی دەخاتە ڕوو. دەرەنجام ئاشکرایە بنەماڵەی بەدرخانییەکان و خودی میقداد مەدحەتیش هەم کاریگەر بوون بە بیری خۆرئاوا و ئەوروپا و هەمیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کە ئەو کاتە فەرمانڕەوایی ناوچەی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە تێکچووە و لە دەست ستەمی عوسمانییەکان هەڵهاتوون بۆ ئەوروپا و مصر. کەواتە دەکرێت بوترێت بەهۆی دوورکەوتنەوەیان لە کلتوور و کۆمەڵگەی ئیسلامی بەرپرسانی ڕۆژنامەکە زۆر بە وردی ئاگاداری ساڵنامەی کۆچی نەبووبن، هەر لەبەر ئەوەیش بووە لەبری ئەوەی ٢٩ ژوالقعدە بنوسن کە ڕۆژی پێنج شەممە دەکات، ٣٠ ژوالقعدە-یان نوسیوە کە ڕۆژی جومعە دەکات. لەمانەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەو ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵە کۆچیانەی لەسەر ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان نوسراون دژیەکی و ئاڵۆزی زۆریان تێدایە و ناکرێت وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پشتیان پێ ببەسترێت. لە کۆی گشتیدا دەتوانرێت بگوترێت ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆژی (پێنج شەممە ٩ نیسانی ١٣١٤ ڕۆمی، پێنج شەممە ٢٩ ژوالقعدە ١٣١٥ کۆچی، پێنج شەممە ٢١ نیسانی ١٨٩٨ زاینی) دەرچووە. د. کەمال فوئاد، کوردستان: یەکەمین رۆژنامەی کوردی (١٨٩٨-١٩٠٢)، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، چاپی سێیەم، تاران، ٢٠٠٦. فەرهاد شاکەلی، ڕۆژنامەی کوردستان کەی دەرچووە؟، ڕۆژنامەی ئاسۆ، ژمارە ٤١٣، (٢٢/٤/٢٠٠٧). www.rozhnamawany.com, (22.04.2022), ڕۆژنامەی کوردستان ٢١ نیسان دەرچووە http://www.rozhnamawany.com/?p=2578, (17.02.2022). www.ttt.gov.tr, Tarih Çevirme Kılavuzu, https://www.ttk.gov.tr/tarih-cevirme-kilavuzu/, (16.04.2022) *توێژەر و مامۆستای مێژووی ڕۆژنامەگەری لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە [email protected]
راپۆرت: درەو وەزارەتی نەوتی عێراق بێئومێد بووە لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی تۆمەتبار دەكات هەماهەنگ نیەو بەوەی پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نییە، بەنیازە لەرێگەی سۆمۆوە بە فەرمی داوا لە توركیا بكات، هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، رەنگە ئەمە سەرەتای قۆناغێكی سەختتری ئابوری هەرێم بێت، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیار دەدات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدادەوە بە (درەو)ی راگەیاند، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی نەوتی عێراق هەڵوێستێكی توند بەرامبەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت. بەپێی زانیاریی سەرچاوەكە، وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە بەشێوەیەكی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقو رایگشتی ئاگاداربكاتەوە لەوەی حكومەتی هەرێم بەتایبەت خودی (مەسرور بارزانی) هاوكار نییە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیو بەرپرسیارێتی ئەم پابەندنەبوونەش بخاتە ئەستۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم. (درەو) زانیویەتی، دوای ئاگاداركردنەوەی حكومەتی عێراقو رایگشتی لە پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی كۆمپانیای بەبازارخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بە فەرمی داوا لە توركیا بكات هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە رابگرێت. رێژەی 80%ی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەنیا داهاتی فرۆشی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت، راگرتنی هەناردەی نەوت ئابوری هەرێمو بژێوی موچەخۆرانو خەڵك بەگشتی ئیفلیج دەكات. هەرێمو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی حكومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق تائێستا نەگەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی (15)ی شوباتی دادگای باڵای فیدراڵی. رۆژی 11ی ئەم مانگە بۆ یەكەمجار دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم چووە بەغدادو لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆبووەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵ بەسەر هەرێمی كوردستاندا، بەڵام رۆژی 15ی ئەم مانگە عەبدولحەكیم خەسرەو ئەندامی وەفدی حكومەتی هەرێم وتی" سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبووە، چونكە ئێمە بە فەرمی وەڵامی بەغدادمان داوەتەوە كە ئەگەر پرسەكە پەیوەستە بەگفتوگۆ لەسەر بڕیارەكە، ئێمە دانوستان لەسەر بڕیار ناكەین، بەڵكو ئێمە دانوستان لەسەر بنەمای دەستور دەكەین". رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە. كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە: • یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستان نادەستورییەو هەڵدەوەشێندرێتەوە. • حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی. • سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە. • پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات. عێراق داوای چی دەكات ؟ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیدا، رۆژی 24ی ئازاری رابردوو نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد. لەم نوسراوەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق داوا دەكات حكومەتی هەرێم لەماوەی (15) رۆژدا كۆپییەك لە هەموو ئەو گرێبەستانەی رادەست بكات كە لە ساڵی 2004ەوە لە بواری نەوتو غازدا لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری (دۆزینەوە، بەرهەمهێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، هەناردە)ی نەوتدا كردویەتی، لەگەڵ تۆماری داهاتی فرۆشو هەناردەی نەوتی خاو و غاز، ئەمڕۆ 12 رۆژ بەسەر نوسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا تێدەپەڕێتو حكومەتی هەرێم هێشتا كۆپی گرێبەستەكانی رادەست نەكردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی بۆ هەرێم كردووە، ئەگەر گرێبەستەكانی نەوت رادەستی وەزارەتی نەوت ناكات، دەكرێت كۆمپانیایەكی بیانی بهێنرێتو ئەو كۆمپانیایە تەماشای گرێبەستەكان بكاتو هەمواریان بكاتەوە، حكومەتی مەسرور بارزانی بەم پێشنیازەش قایل نەبووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە نوسراوەكەیدا دەڵێ، داواكردنی كۆپی گرێبەستەكانی هەرێم بۆ ئەم مەبەستانەیە: 1- تەماشاكردنیان لەلایەن تیمێكی پسپۆڕو راوێژكارانی وەزارەی نەوتی عێراقەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری رێگەپێدراوی حكومەتی هەرێم. 2- گونجاندنی گرێبەستەكانی هەرێمو هەمواركردنیان بەپێی یاسای بەركاری عێراقو بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق. لەپاڵ پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق لە نوسراوەكەیدا لەبارەی نەوتی هەرێمەوە، جەخت لەسەر چەند خاڵێكی تر دەكات كە ئەمانەن: • پێشكەشكردنی داواكارییەك بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دروستكردنی كۆمپانیایەكی نەوتی، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاكییە نەوتیو غازییەكانی لەو كێڵگانەدا پێبدرێت كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرێبەستیان بۆ كراوە، ئەرك و ئامانج و سیاسەتی ئەم كۆمپانیایە ئەمانە دەبن: 1- سەرجەم ماف و پابەندییەكانی ئەو رێككەوتن و گرێبەستانەی پێشتر حكومەتی هەرێم كردویەتی، دەگوازێتەوە بۆسەر ناوی خۆی. 2- بەدیهێنانی سەرمایەگوزاری زیاتر لە سامانی نەوتدا لەڕێگەی: كەمكردنەوەی خەرجی وەبەرهێنان، بەڕێوەبردنی باشتری كێڵگەكانی نەوتو غازو زیادكردنی داهاتی هەناردەكردن. • وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیاز دەكات ئەو كۆمپانیایەی كە دۆسیەی نەوتو غازی هەرێم بەڕێوەدەبات ناوت لێبنرێت (KROC)و بكەوێتە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراقو كۆمپانیاكە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە خاوەندارێتی بكرێتو بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت (حكومەتی مەسرور بارزانی ئەم داواكارییەی عێراق رەتدەكاتەوە دەڵێ دەبێت هەرێم خۆی كۆمپانیا نەوتییەكە دروست بكات). • فەرمانبەرێكی پسپۆڕ كە پلەكەی لە بەڕێوەبەری گشتی كەمتر نەبێت دابنرێت بۆ، هەماهەنگیی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی داراییو بانكی ناوەندی عێراق بەمەبەستی كردنەوەی حسابێك لە یەكێك لە بانكە نێودەوڵەتییە متمانەپێكراوەكان، هەموو داهاتی هەناردەو فرۆشی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان بخرێتە ئەم حساب بانكییە.. لەسەر بنەمای پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پارەی لێبدرێت، هەروەها بەگوێرەی رێكخستنێك لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەمەرجێك ئەمە لەماوەی (45) رۆژدا لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم نوسراوەوە بكرێت (بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران). • هەموو ئەم رێوشوێنانەی لەم نوسراوەدا هاتووە وەكو سیاسەتێكی نوێیە بۆ ئایندەو هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پەبەندبونیان دەكەوێتە ئەستۆ. توركیا چی دەڵێ ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی توركیاو ئیماراتی عەرەبی ئامۆژگاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق نەبێتو لە رادەستكردنی نەوتو غاز پەلە نەكاتو كاتەكە درێژ بكاتەوە. لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، توركیا چاوی لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئامادەیە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كۆتایی بە مامەڵەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت. حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوەو هەڕەشەیە لەسەر توركیا، بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت.
راپۆرتی: درەو جارێكی تر هەرێمی كوردستان بووەوە بە مەیدانی شەڕو ئۆپراسیۆنەكانی توركیا، ئەمجارەیان بۆسەر ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ)یە، ئەمە لە كاتێكدایە توركیا خۆی بە نەخشەوە رایگەیاندووە (37) بنكەو بارەگای لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندایە، لەم راپۆرتەدا (درەو) مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێم دژ بە (پەكەكە)و ناوچەی جوگرافیای (پەكەكە)و ژمارەی بنكەو بارەگاكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمدا بڵاودەكاتەوە. ئۆپراسیۆنی نوێ ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لە 15ی نیسانی 2022 دەستیپێكردووە، بەرپرسانی پەكەكە هەڕەشەی ئەوە دەكەن شەڕ دەبەنە ناو شارە گەورەكانی توركیا، سەرۆك كۆماری توركیاش دەڵێت بە هەماهەنگی حكومەتی عێراق ئۆپراسیۆنیان دەستپێكردووە و سوپاسی حكومەتی هەرێم و عێراق دەكەین بۆ هاوكارییەكانیان لەروبەروبونەوەی تیرۆردا. ئۆپەرسیۆنی ئەمجارەی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ناوی لێنراوە "چنگی قوفڵ"ی لەناوچەكانی ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ) لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان سوپای توركیا بەڕێوە دەچێت توركیا جارێكی تر نەك ئاسمان، بەڵكو زەمینی هەرێمی كوردستانو عێراقی بەزاندووە، "جەندرمە"ی توركی ئێستا لەناو خاكی هەرێمدان. هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ هەرێمی كوردستان نوێ نییە، مانگی ئازاری 2018 سوپای توركیا لە سنوری ناحیەی (سیدەكان)ەوە بەقوڵایی (15 كم) هاتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، رۆژی 22/3/2018 لە ناوچەی (باڵەیان) فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بوردومان كردو (4) گەنجی ناوچەكە بەهۆی بۆردومانەكەوە شەهید بوون، رۆژی 26ی كانونی دووەم، ئەمە ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، ئەوكات لە شیلادزێ خەڵك وەكو ناڕەزایەتی دژی هێرشەكانی توركیا، پەلاماری بنكەیەكی سەربازیی توركیایاندا، ژمارەیەك تانكو كەلوپەلی سەربازگەكەیان سوتاند، هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەرەكانیان دەستگیركرد. توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هێرشی ئاسمانی دەكاتەسەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چیاكانی "قەندیل"یان كردووە بە بارەگای خۆیانو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لە ململانێی چەكداریدان لەدژی حكومەتی توركیا. بەپێی لێدوانێكی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 27ی كانونی دووەمی 2019دا داویەتی، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەماوەی چوار ساڵدا گەیشتووەتە (398) هێرش، ئەمە سەرباری (425) هێرش لەڕێگەی بۆردومانی تۆپخانەكانەوە، بە تێكڕا لەو هێرشانەدا زیاتر لە (20) كەسی مەدەنی كوژراونو هێرشەكان بونەتەهۆی وێرانبوونی گوندە سنورییەكانو نەخۆشخانەو رێگاو پرد خوێندنگەكان. مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان سەرەتاكەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەرەوەی سنور لەدژی پەكەكە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری وڵاتەكەیو لە دەرەوەی سنوریش ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان: • لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان كرد. • لە تشرینی یەكەمی 1984و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری ئەنجامدا، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكاران. • دوای ماوەیەك بێدەنگی، توركیا ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. • لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا (تورگوت ئۆزال) نامەیەكی بۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. • لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو (15 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای (20 رۆژ) لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. • دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان (30 هەزار) سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی (45 رۆژ)ی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی "حەفتانین"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. • لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە (24 ئۆپراسیۆن)، لە ساڵەكانی 2000و 2007و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد. پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بەهانەی هاتنەناوەوەی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان لێدانە لە پارتی كرێكارانی كوردستان. (پەكەكە) لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی "براكوژیی"ەوە لەگەڵ هێزەكانی (پەكەكە)، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوەو (پەكەكە) لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا. ئێستا بنكەو بارەگاكانی (پەكەكە) تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی رۆژهەڵاتو باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوە، ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان، جموجوڵی سیاسیو مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستانو ئێران، ناوچەیەكی فراوانو ناوەندی دەسەڵاتی (پەكەكە)ی تێدایە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری قەزاكانی (قەڵادزێ، رانیە، چۆمان، رەواندوز، سۆران) پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتیو سیدەكانو حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا (62) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی (پەكەكە)دان. بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)ی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دان، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە. زۆرترین سنوری دەسەڵاتی (پەكەكە) لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی (بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی) دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا بەتەواو لەبەردەم مەترسی هەژموونی (پەكەكە)دایە، لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو قەزایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە. لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە، واتە 35% خاكی قەزاكە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە. بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك، بەوپێیەی هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، (پەكەكە) پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێت، واتا تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی (بارزانو پیرانو شیروان) دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی (پەكەكە)ی تێدایە. لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوانو دەیان گوندو بەرزایی بەدەست (پەكەكە)وەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، تا ئەو رادەیەی دەتوانرێت بوترێت "پەكەكە بەتەواوی پارتی گەمارۆداوە". توركیا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەردەوامی هێرش و لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، رۆژ لە دوای رۆژیش بنكە سەربازیو هەواڵگرییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێم زیاتر دەبن. بە نەخشەیەك كە سەرۆكایەتی توركیا بڵاویكردەوە، توركیا (37) بنكەی سەربازی و هەواڵگری لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە. توركیا دەیان بنكەو بارەگای لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەدوای هاتنی "داعش"، بە بیانوی رزگاركردنی موسڵ، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015دا توركیا هێزێكی گەورەی هێنایە باشیكی نزیك موسڵ كە نزیكەی (900 سەرباز)و (16 تانك)و (20 زرێپۆش) بوون، بیانوی توركیا بۆ هێنانی ئەو هێزە، شەڕی روبەڕووبونەوەی "داعش" بوو، بەڵام لەماوەی ساڵی 2015 دا لە كۆی (300) هێرشو ئۆپەراسیونی ئاسمانی سوپای توركیا، تەنها (3) هێرشیان بۆسەر "داعش" بوو، لەبەرامبەردا (297) هێرشی بۆسەر بنكەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) بوو، واتا بەڕێژەی 1%ی هێرشەكانی توركیا بۆسەر "داعش"و 99%ی هێرشەكان بۆسەر (پەكەكە) بووە. ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكەی سەربازی دیكەی هەیە، بەتایبەتیش لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازیو (38 دەبابە)و (738 سەرباز) پێكهاتووە. هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدیو لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد. تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاوبوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (3 هەزارو 235) ئەفسەرو سەربازو جەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەكو تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپو (٢٦) هاوەن، (١٧) ئاڕبیجیو (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریی هەیە: * گەورەترین بنكەو بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەربازو (٩١) ئەفسەرو (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. * گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. * سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. * بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. * سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. * سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. * سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. * سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی (سەری زیری)، (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. * بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. * بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیەو توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش" بدات. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی (BBC)، توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (27) بنكەی سەرباری هەیە، هەندێك سەرچاوەی زانیاری باسلەوە دەكەن ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی كردووە بۆ (32) بنكە. ئامانجی سەرەكی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش لەناوچەكانی باتۆفانو بامەڕنیو ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "هەفتانینو مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە چەكەكە. رێككەوتنی بەزاندنی سنور لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق جگە لە هەندێك ورە ناڕەزایەتی، بێدەنگەو هەنگاوی كردەیی لەوبارەیەوە هەڵنەگرتووە، چونكە عێراقو توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن بەقوڵایی (20 كلم) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، ئەوكات ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لای توركیا لێدانی (پەكەكە)و لای حكومەتی عێراقیش لێدانی شۆڕشی كورد بوو لە باشوری كوردستان. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 لەو سەردەمەی كە (هۆشیار زێباری) وەزیری دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، لەبری كۆتایهێنان بە بەزاندنی سنور، مەودای بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرا بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. تیرۆری كۆنسە لە باشور ! سەرباری هێرشی ئاسمانیو زەمینی، سوپای توركیا لەم ساڵانەی دوایدا لەڕێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە سەركردەكانی (پەكەكە) دوزیوەتەوەو بە ئامانجی گرتوون: • 15ی ئابی 2018، زەكی شەنگالی یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی (پەكەكە)و ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا لە شەنگال تیرۆركرا. • 21ی ئازاری 2019، سەرحەد ڤارتۆ (ئەمروڵڵا دورسون) ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا. • 5ی تەموزی 2019، دیار غەریب ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە قەندیل تیرۆركرا. • 15ی ئۆكتۆبەری 2019، دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا تیرۆركرا. • 15ی ئۆكتۆبەری 2019، جەمیل ئامەد (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕٍۆكە بێ فرۆِكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا. • هەر بەمدواییە چەند روداوێكی تر لە هەرێمی كوردستان رویانداوە كە وابەستەكراون بە شەڕی نێوان پەكەكەو توركیا، لەوانە: - رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2017 هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی (پەكەكە)، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتبوو بۆ تیرۆركردنی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی (كەجەكە)، رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن (پەكەكە)وە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەلاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد، دواتر توركیا دەرگای گەشتی ئاسمانی بەسەر سلێمانیدا داخست، كۆتایی 2018 بەرپرسانی یەكێتی پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوەو گەشتە ئاسمانییەكان دەستیان پێكردەوە. - تیرۆركردنی دیپلۆماتكارێكی توركیا (هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن ئەفسەری هەواڵگری میت) لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر لە رۆژی 17ی تەموزی 2019دا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دەستگیركردو رایگەیاند (پەكەكە) لە پشت هێرشەكەوە بووە، بەڵام تا (پەكەكە) نكولی لەوە دەكات رۆڵی لەو هێرشەدا هەبووبێت، جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دەڵێ:" روداوەكە پەیوەندی بە ململانێی نێوان ئێرانو توركیاوە هەبووە".
راپۆرت: درەو ماجستێری لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان"دا هەیە، بەڵام لەسەردەمی حوكمدارێتی ئەودا، ناكۆكییەكان قوڵتر دەبنەوەو بەرەو دوو ئیدارەیی سەردەكێشن، ئەو مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لەگەڵ وەزیرەكانی وەك پادشایەك مامەڵە دەكات، حكومەتەكەی لە دروشمی چاكسازیو سەقامگیرییەوە بەرەو حكومەتی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان دەڕوات، ئێران و توركیا هێرشەكانیان بەرەو چەقی هەرێم ئاراستە دەكەن، كابینەكەی لە (33) مانگی تەمەنیدا (8 ترلیۆن) دیناری موچەخۆرانی نەداوە، نرخی سوتەمەنی لەسەردەمی "براگەورە"دا بەرێژەی (40%) زیادی كردووە، قوڵایی ستراتیژی هەرێم لە بەغداوە بەرەو ئەنقەرەو دوبەی رۆیشت... زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سەرۆك وەزیرانو بڕوانامەكەی رۆژی 10ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، لەدوای كاركردن لە دەزگای پاراستنی پارتیو دواتر سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقی بكاتەوە. بەهۆی كاركردنی لە بواری هەواڵگریو ئەمنیدا، هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا مەسرور بارزانی بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات، بەڵام ئەو كاتێك سیڤی خۆی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە نوسیبووی: بڕوانامەی ماجستێرم هەیە لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان" لەزانكۆی ئەمریكی لە (واشنتۆن دی سی)و شارەزایم هەیە لە "شێوەكارییو ئەسپسواریو مەلەوانی"، بەمە ویستی بەرگە ئەمنییەكە لەخۆی دابماڵێتو بەرگێكی مەدەنی بپۆشێت. حوكمڕانییەكەی براگەورە كابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، كابینەیەكی سێقۆڵییە، واتە سێ لایەنی سەرەكی پێكیانهێناوە كە بریتین لە (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان). حكومەتی سێقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) لە فەرهەنگی سیاسیدا بە "ترۆیكا" ناودەبرێت واتە گالیسكەیەك كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، دوای نزیكەی سێ ساڵ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا ئەسپەكان لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەوە كۆكو تەبا نین، بڕوانامەكەی مەسرور بارزانی لە بواری "چارەسەری ناكۆكییەكان"، سودێكی ئەوتۆی بۆ چارەسەری ناكۆكی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت نەبووە، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا دوو ئیدارەیی تۆختر بووەتەوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بەرێژەی 43% بۆ سنوری یەكێتیو 57% بۆ سنوری پارتی دابەشكراوە كە ئەمە پێوەری سەردەمی دوو ئیدارەیی پارتیو یەكێتییە، سێ حزبە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی ناكۆكن، ئەمە وایكردووە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە خەزێنەداری حكومەتی مەسرور بارزانییە نزیكەی دوو مانگە لەماڵەوە دانیشتووەو ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، سەرباری ئەمە یەكێتی وەكو هێزی دەسەڵاتداری بەشێكی هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاڵۆزی تێكەوتووە، بەتایبەتی لەسەر پرسەكانی (هەڵبژاردن)و (پۆستی سەرۆك كۆمار)و (هەناردەكردنی غاز بۆ توركیا)، دۆخەكە بەرەو سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی دەڕوات. لەو ماوەیەی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، زیاتر لەوەی وەكو سەرۆك حكومەتێك مامەڵە بكات، مەسرور بارزانی وەكو پادشایەك لەبەردەم وەزیرەكانی كابینەكەیدا دەركەوتووە، خۆی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكان ناكاتو وەزیرەكانی سپاردوو بە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەناو كۆبونەوەكانی حكومەتیشدا خۆی بابەتە گشتییەكان باسدەكاتو وردەكاریو وەڵامدانەوەی وەزیرەكان بۆ سەرۆكی دیوان بەجێ دەهێڵێت، ئەمەش بۆشاییەكی لەنێوان سەرۆكی حكومەتو وەزیرەكاندا دروستكردووە. لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە واتە لە ساڵی 2020وە كۆبونەوەكانی حكومەتی لە بارەگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە گواستوەتەوە بۆ هۆڵی (سەعد عەبدوڵا)، تاوەكو ئەمدواییەش، دەبوو وەزیرەكان بەر لە كۆبونەوەو دیداری سەرۆك وەزیران پشكنینی كۆرۆنا بكەن، مەسرور بارزانی عادەتەن دوای وەزیرەكان دەچێتە هۆڵی كۆبونەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە وەزیرەكان لەبەری هەستن بۆ پێشوازی. مەسرور بارزانی نزیكەی ساڵێكە نەچوەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، لە نوسینگەكەی خۆیەوە لە (پیرمام) كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات. كابینەی قەیرانەكان كابینەی مەسرور بارزانی كە بە دروشمی "چاكسازی" دەستبەكاربوو، دوای نزیكەی سێ ساڵ لە كاركردنی، دروشمو ناونیشانی گەورەی بووە بە "قەیران". • كابینەی مەسرور بارزانی لەماوەی سێ ساڵ تەمەنیدا، هیچ یاسایەكی بودجەی نەبووە، واتە لە دەرەوەی چاودێری پەرلەمان خەرجییەكانی دەكات. • ئەم كابینەیە دوای (8) مانگ لە دەستبەكاربوونی، بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە، دوچاری قەیرانی دارایی بوو، كابینەی مەسرور بارزانی لەماوەی (33) مانگی تەمەنی خۆیدا موچەی (8) مانگی موچەخۆرانی نەداوە، موچەی (7) مانگی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە (6 مانگ بە لێبڕینی 21%و مانگێكیش بە لێبڕینی 18%وە)، مەسرور بارزانی ئەم پارانەی موچەخۆرانی تەنانەت وەكو قەرزیش لەسەر خۆی ئەژمارنەكردووە، دەڵێ ئەو موچانەی نەدراون قەرزن لەسەر حكومەتی عێراق، ئەو موچانەشی كە بە لێبڕینەوە دابەشكراون خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخی داراییو نابێتە قەرز لەسەر شانی حكومەت، كۆی گشتی ئەو پارانەی كە كابینەی مەسرور بارزانی لە تەمەنی خۆیدا بە موچەخۆرانی نەداوە بڕەكەی (7 ترلیۆنو 150 ملیار) دینارە، كۆی گشتی ئەو بڕە پارەی كە بەهۆی لێبڕینەوە كەوتوەتە سەرشانی كابینەی مەسرور بارزانی بە بڕی (ترلیۆنێكو 320 ملیار) دینار ئەژمار دەكرێت، واتە بەگشتی كابینەی مەسرور بارزانی لە تەمەنی خۆیدا (8 ترلیۆنو 500 ملیار) دیناری موچەخۆرانی نەداوە. • مەسرور بارزانی كە رەخنەی لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی كابینەكانی پێشتری نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەگرت، لەماوەی نزیكەی سێ ساڵی تەمەنی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، قەرزەكانی سەرشانی هەرێمی كوردستانی لە (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار بەرزكردەوە، واتە تەنیا لەو ماوەیەی كە مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، قەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بڕی (4 ملیارو 88 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە. • لەسەردەمی دەسەڵاتی مەسرور بارزانیدا، كۆچی كورد بەرەو تاراوگە زیادی كرد، لەو زەمەنەدا، كۆچبەری كورد رێگایەكی نوێ بۆ رزگاربوون لە نیشتمانەكەی دۆزییەوە، رێگای دەریای (ئیجە)ی یۆنانی گۆڕی بۆ سنورەكانی (بیلاڕوسیا)، دیمەنی كۆچبەری كورد لە سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا لە تشرینی دووەمی 2021دا ناوبانگی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لەبەردەم رایگشتیو میدیاكانی جیهاندا زڕاند. • بە بەراورد بە كابینەی نێچیرڤان بارزانی، نرخی بەنزین لە كابینەی مەسرور بارزانیدا بەرێژەی 40% زیادی كردووە، نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا بە (650) دینار بوو، ئێستا نرخەكە بۆ (هەزارو 50 دینار) زیادی كردووە، نرخی بەنزین لەكابینەی نۆدا گیرفانی شۆفێرانی تەكاندووە، لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنێكو 900 هەزار) ئۆتۆمبێل هەیەو رۆژانە پێویستیان بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزین هەیە، واتە رۆژانە شۆفێران زیاتر (5 ملیار) دینارو ساڵانەش زیاتر (2 ترلیۆنێك) دینار لە كڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە شوفێرانی عێراق لیتری بەنزین بە (450) دینار دەكڕن، بەوپێیەش شۆفێرانی هەرێم ساڵانە زیاتر لە (900 ملیار ) دینار زیاتر لە شۆفێرانی عێراق لە كڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، بەرزبونەوەی نرخ لە كابینەی مەسرور بارزانیدا لەكاتێكدایە كۆرۆنا بەرەو كەمبونەوە رۆیشتووەو نرخی نەوتیش بەرزبونەوەی پێوانەیی بەخۆوە بینیوە. • ئەم كابینەیە لەسەرەتای دەستبەكاربونیەوە بەڵێنی ئەوەیدا بەغداد بكات بە قوڵایی ستراتیژی خۆی، بەڵام مەسرور بارزانی قوڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستانی بەرەو توركیاو ئیماراتی عەرەبی بردووە، لەوكاتەوە پۆستەی وەرگرتووە یەك جاری سەردانی بەغدادی كردووەو زیاتر لە سێجار سەردانی توركیاو ئیماراتی كردووە، حكومەتی مەسرور بارزانی بووە بە بەشێكە لە ململانێ ناوچەییەكانو ئەمەش فشاری خستوەتە سەر هەرێمی كوردستان. • لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەدژی پرۆسەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوەو داوای كرد هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوەهات مەسرور بارزانی بڕیاریدا هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات. • لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا، هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچە سنورییەكانەوە پەڕییەوە بۆ چەقی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم (هێرشە موشەكییەكەی 13ی ئازاری رابردوو)، بەرەبەیانی ئەمڕۆش دوای رۆژێك لە دیداری مەسرور بارزانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، توركیا هێرشێكی سەربازی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستپێكرد. • شوباتی 2021 لە پرسی ئازادی رادەربڕیندا، كابینەی مەسرور بارزانی لە كەیسی گیراوانی بادیناندا، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوبانگی زڕا، باڵیۆزی وڵاتان كاردانەوەیان نیشاندا، رۆژنامەی (فاینانشێڵ تایمز)ی بەریتانی نوسی" كوردستان بەرەو ستەمكاری دەڕوات"، مەسرور بارزانی لەناو حكومەتەوە فشار لە وەزیری لایەنە هاوپەیمانەكانی دەكات رەخنەگرتن لە میدیای حزبەكانیانەوە رابگرن، بەڵام میدیا تایبەتەكانی خۆی (كوردستان 24و باسنیوز) لە هێرشی بەردەوامدان بۆسەر حزبەكانو هەموو ئەو دەنگانەی لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكان رەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرن، بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین لەسەردەمی مەسرور بارزانیدا تەنانەت كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانیشی گرتوەتەوە، مەسرور بارزانی لە وەزیرو بەرپرسانی پارتی قەدەغەكردووە قسە بۆ (رووداو) بكەن، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی (رووداو) موراعاتی ئاسایشی نەتەوەیی ناكات. • مامەڵەی مەسرور بارزانی لەگەڵ پارچەكانی تری كوردستان بەتایبەتی (رۆژئاوای كوردستان) مامەڵەیەكی ئەمنی توندە، كە سەریكێشا بۆ داخستنی سنوری لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێكو دواتر بەنێوەندگیری ئەمریكییەكان دەروازی پیشخاپوری كردەوە.
شیكاری: درەو لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (36 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بە (6) وڵاتی جیاواز فرۆشتووە. بەهاکەی دوای فرۆشتنی هەر بەرمیلێک بە کەمتر لە (11) دۆلار لە نرخی جیهانی، زیاتر بووە لە (3ملیارو 200 ملیۆن) دۆلار، بە ڕێژەی (56%) و بڕی ( ملیارێك و 800 ملیۆن) دۆلاری چووە بۆ خەرجی، بڕی ( ملیارێك و 400 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم. یەکەم: هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2022) تا کۆتایی مانگی ئازاری هەمان ساڵ بری (36 ملیۆن و 460 هەراز) بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەندەرەی جەیهانی تورکییە بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کردووە، واتە تێکڕای ڕۆژانەی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە (405 هەزار 177) بەرمیل، (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (1)) بەجۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) ڕۆژانە بڕی (414 هەزار و 839) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە بە کۆی مانگەکە (12 ملیۆن و 860 هەزار) بەرمیل بووە. مانگی شوباتی هەمان ساڵ (11 ملیۆن 400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە کراوە بە تێکڕای ڕۆژانەی (407 هەزار و 143) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا مانگی شوبات (28) ڕۆژ بووە. هاوکات لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) حکومەتی هەرێم بڕی (12 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕای (393 هەزار و 548) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان ساڵ ساڵی بەرزبووەنەوەی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەکانی جیهان، لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردە کردنی نەوت کردووە، بازاڕی نەوت نرخی لەو جۆرەی بەخۆوە نەبینیوە، بەجۆرێک، لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە (117) دۆلار تۆمار کراوە. بە تێکڕای سێ مانگەکەش هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە (100) دۆلار بووە. بەڵام بەپێی زانیاری ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021) دا بە تێکڕای ساڵەکە حکومەتی هەرێم بەردەوام بە (11 - 12) دۆلار کەمتر نەوتەکەی خۆی ساغ کردووەتەوە. بۆیە؛ لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) کە تێکڕای نرخی نەوت بە (86.51) دۆلار تۆمار کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بە (11) دۆلاری کەمتر هەر بەرمیلە نەوتێکی فرۆشتبێت ئەوا بۆ هەر بەرمیلێک بڕی (75.51) دۆلاری بۆ ماوەتەوە. بەڵام لە مانگی شوباتی هەمان ساڵ تێکڕای نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە و گەیشتوو بە (97.13) دۆلار، بۆیە بە هەمان پێوەر حکومەتی هەرێم نەوتەکەی بە (86.13) دۆلار فرۆشتووە. لە کاتێکدا لە مانگی ئازاردا بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار کراوە و نرخی نەوت بە تێکڕا گەیشتووە بە (117.7) دۆلار، بۆ دەکرێت بڵێین حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلە نەوتێکی بە زیاتر لە (106) دۆلار فرۆشتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 1. کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (36 ملیۆن و 460 هەراز)بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە نزیکەی (90) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە (100) دۆلار بووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە بریتی بووە لە (3 ملیار و 254 ملیۆن و 680 هەزار و 600) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3)) بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار. لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار. لە مانگی ئازاردا زۆرترین داهات بە دەستهاتووە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، بەراورد بە مانگ و تەنانەت ساڵەکانی پێشتریش، کە بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. 2. خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا، (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە و کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە (ملیارێک و 822 ملیۆن و 621 هەزار و 136) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3))، بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بڕی (543 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی شوبات کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بڕی (549 ملیۆن و 853 هەزار و 920) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی ئازاردا کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلار، بڕی (728 ملیۆن و 974 هەزار و 400) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). 3. داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (ملیارێک و 432 ملیۆن و 59 هەزار و 464) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 76 ملیار و 486 ملیۆن و 222 هەزار و 800) دیناری عێراقی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3 + 4))، بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (427 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (619 ملیار و 535 ملیۆن و 386 هەزار و 800) دیناری عێراقی. لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (432 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (626 ملیار و 440 ملیۆن و 716 هەزار) دیناری عێراقی. لە مانگی ئازار کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (572 ملیۆن و 765 هەزار و 600) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (830 ملیار و 510 ملیۆن و 120 هەزار) دیناری عێراقی. چارتی ژمارە (3) چارتی ژمارە (4) چوارەم: کڕیارانی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە لایەن کەشتی (6) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، بە جۆرێک کەشتییە ئیتاڵییەکان بە ڕێژەی (37%) زۆرترین بڕی نەوتی هەرێمیان لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە بارکردووە. بە دوای ئەویشدا کەشتی یۆنانییەکان بە (27%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە و پاشان کەشتییە ئیسرائیکییەکان (15%) و کرواتییەکان (7%) و ئیسپانییەکان (4%) و ڕۆمانییەکان بە ڕێژەی (2%) نەوتەکەیان بارکردووە، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان - ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی مانگی رابردوی هەرێم ( 976) ملیار دینار بووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9598 - ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، کانونی دووەمی 2022؛ http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/02/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D9%83%D9%A2-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf - درەو میدیا؛ داهاتی مانگی شوباتی نەوتی هەرێم؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9851 - ئەنوەر کەریم؛ مانگی رابردوو هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (85) دۆلار فرۆشتووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9791 - ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، شوباتی 2022؛ http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/03/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%B4%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf - ئەنوەر کەریم؛ داهاتی مانگی ئازاری نەوتی هەرێم (ملیارێك و 291 ملیۆن) دۆلاربووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9979
راپۆرت: درەو یەكێتی سەرقاڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنێكی نهێنی خۆیەتی لەگەڵ حكومەتی بەغداد، دەیەوێت غازی ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی رادەستی بەغداد بكاتو لەرێگەی بەغدادەوە غازەكە هەناردەی توركیا بكرێت نەك راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەمە یەكێتی دەیەوێت بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵدا بكات نەك لەڕێگەی هەولێرەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. غازی سلێمانی بۆ بەغداد یەكێتی ئامادەنییە لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە غازی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەناردەی توركیا بكات. ئەم رۆژانە بڕیاربەدەستانی یەكێتی سەرقاڵی گرتنەبەری رێوشوێنن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی غاز. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، یەكێتی دەیەوێت غازی سنوری خۆی رادەستی بەغداد بكاتو بەم هەنگاوە پابەندبوونی ئیدارەی سلێمانی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە نیشان بدات. ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی لەدواین وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بەشداربووەو وەفدەكە داواكارییەكانی حكومەتی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوتو غاز رەتدەكاتەوەو بەبێ پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز لە عێراق نایەوێت پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ببێت. (درەو) زانیویەتی، بۆ رادەستكردنی غاز، یەكێتی دەیەوێت رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزا بكات، بەگوێرەی رێككەوتنەكە لەبەرامبەر بردنی غازی سنوری سلێمانی، حكومەتی عێراق پارەی پترۆدۆلار بۆ چەمچەماڵ وەكو ناوچەی بەرهەمهێنانی وزە دابین بكاتو بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی سلێمانیدا بكات نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە كە پارتی هەژمونی كردووە بەسەریدا. حكومەتی مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێمی كوردستان رەوانەی توركیا بكات، جێبەجێكردنی ئەم ئەركە دراوەتە دەست كۆمپانیای (كار) كە شێخ باز خاوەندارێتی دەكاتو بەمدواییە ماڵەكەی لە هەولێر بوو بە ئامانجی هێرشی موشەكیی ئێران. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەمدواییە نوسراوی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو ئاسانكاری بۆ كارەكانی كۆمپانیای كار بكەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی یەكێتی كارەكەیان راگرت. "با عێراق غازەكە هەناردەی توركیا بكات" سەرەتای شوباتی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرە، لەوێ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لێكرد غازی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات. دوای ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر فشار، 15ی شوبات دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، سكاڵایەكی حكومەتی عێراقی دژی هەرێم یەكلاكردەوەو داوای رادەستكردنی نەوتو غازی هەرێمی كرد، دواترو لە 13ی ئازاردا ئێران هەولێری موشەكباران كرد. خواستی توركیا بۆ غازی هەرێمی كوردستان دوای سەرهەڵدانی شەڕی روسیا- ئۆكرانیا دێت، توركیاو ئەوروپا زۆرینەی غازی سروشتی خۆیان لە روسیاوە دابین دەكەن، ترسیان لە راوەستانی هەناردەی غازی روسی هەیە، بۆیە بەدوای سەرچاوەی نوێی وزەدا دەگەڕێن. لەكاتێكدا وڵاتانی خۆرئاوا پەیتا پەیتا سزا بەسەر روسیادا دەسەپێننو موڵكو ماڵی بەرپرسانی روسیا بلۆك دەكەن، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ روسیا توندوتۆڵ دەكاتو دووجار دیداری لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە بەغداد كردووە. ئێران كە خۆی هەناردەكارێكی سەرەكیی غازی سروشتییە بۆ توركیا، نیگەرانە لە هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، یەكێتی كە لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی ئێراندا سیاسەتی خۆی رێكخستووە، نایەوێت بەهۆی هەناردەی غازەوە بۆ توركیا بكەوێتە ژێر فشاری تاران. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی دور لەچاوی كامێراكان سەردانی توركیایان كردووەو بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەیان ئاگادار كردووە" یەكێتی كێشەی نییە لەگەڵ ئەوەدا غاز بدرێت بە توركیا، بەڵام ئەوان دەیانەوێت عێراق غازەكە بە توركیا بدات، نەك بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە". توركیا دەیەوێت بەدوو شێواز لە غازی هەرێمی كوردستان سودمەند بێت، لەلایەك بەشێك لە پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبكاتەوە، لەلایەكی تر لەڕێگەی هەناردەی غازەكەوە بۆ ئەوروپا، لەڕووی ئابورییەوە سودمەند ببێت. رێككەوتنێكی كۆن بە بەرگێكی نوێوە ! ئەوەی ئێستا یەكێتی سەرقاڵی ئەنجامدانیەتی، رێككەوتنێكی پێشترە بەڵام بە بەرگێكی نوێوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ناوەڕاستی ساڵی 2020 یەكێتی بەشێوەیەكی نهێنی چوەتە گفتوگۆوە لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غاز، (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری وردەكاری ئەم گفتوگۆیانە بووە. ساڵی 2020 هاوشێوەی ئێستا یەكێتی گلەیی هەبوو لەبارەی ئەوەی دەسەڵاتی دارایی نییەو حكومەت وەكو پێویست كاروباری ئیدارەی سلێمانی بەڕێوەنابات، ئەوكات كە هێشتا دوو هاوسەرۆكەكە لەیەكتر نەترازابوون، یەكێتی بڕیاریدا لەڕێگەی بەغدادەوە دەرگایەكی نوێ بەڕووی سلێمانیدا بكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە 2020 یەكێتی رێككەوتنێكی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمزا كردووە، بەگوێرەی رێككەوتنەكە هەردوولا بڕیاریانداوە لەسەر دروستكردنی كۆمپانیایەك بەناوی (كۆمپانیای وزەی سلێمانی)، بڕیاریانداوە هەموو كێڵگەكانی نەوتو غازی سنوری ئیدارەی سلێمانی بدرێتە دەست ئەم كۆمپانیایە، پشكەكانی كۆمپانیاكە بەمشێوەیە دابەشكراوە: • رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیا بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت • رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیاكە بۆ حكومەتی عێراق دەبێت • رێژەی 20% پشكەكان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئامانجی سەرەكی یەكێتی لەم رێككەوتنە ئەوەبوو، حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی پارێزكای سلێمانی بكات، نەك لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە لە هەولێر، بەتایبەتی لە پرسی موچەدا. لەپاڵ موچەو مامەڵەی دارایی، یەكێتی خوازیاربوو لەرێگەی ئەم كۆمپانیا هاوبەشەی كە لەگەڵ حكومەتی عێراق دروستی دەكات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سنوری دەسەڵاتدارێتی خۆی لە (45 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە بۆ لانی كەم (72 هەزار) بەرمیل نەوت بەرزبكاتەوە. ئەوكات ئەوانەی ئاگاداری ئەم رێككەوتنە بوون باسیان لەوە دەكرد، یەكێتی رەزامەندی ئەمریكییەكان وەرگرتووە، بەڵام پرۆژەیەكی لەمشێوەیە ئەوكاتو ئێستاش بۆ ئێران جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی ئەگەر غازی سنوری سلێمانی پێداویستی عێراق پڕبكاتەوەو وابكات چیتر حكومەتی بەغداد پێویستی بە كڕینی غازی ئێران نەبێت. رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیو حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی نهێنی ئیمزا كرا، بڕیاردرا دەستبەكار بكرێت بۆ دروستكردنی كۆمپانیای هاوبەشی عێراقو سلێمانی، بڕیاربەدەستانی یەكێتی ترسیان لە كاردانەوەی پارتی هەبوو، بڕیاریاندا لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمانو حكومەت بكەنو ئاگاداریان بكەن لەوەی یەكێتی هەنگاوی سەربەخۆ هەڵدەگرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی سنوری ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی، نامەكەش ئاڕاستە كرا، بەڵام یەكێتی بەبێدەنگی لە ئیمزاكەی لەگەڵ بەغداد كشایەوەو رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆی یەكێتی كە دوو هاوسەرۆكەكەی لە یەكتری ترازاند، پرۆژەكەی خستە ژێر گڵەوە. بەپێی ئەوەی شارەزاكانی یەكێتی لە 2020دا خەمڵاندنیان بۆ كردبوو، ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرایە، ئیدارەی سلێمانی جگە لەوەی رێژەی 40%ی پشكی كۆمپانیاكەی دەستدەكەوت، بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە رێژەی 7%ی پشكی هەرێمی كوردستانیشی لە بودجەی گشتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەردەگرت، سەرباری ئەمە رێككەوتنەكە تەنیا لەبواری نەوتو غازدا نەبوو، بەڵكو رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی سلێمانیش كرابوو، بەشێوەی (پەنجا بە پەنجا) لەنێوان ئیدارەی سلێمانیو حكومەتی عێراقدا. غاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێتو بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا
راپۆرت: درەو كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵو خاشاك لە چەند ناوچەیەكی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان كاركردنیان راوەستاوە، خاوەنی یەكێك لە دیارترین كۆمپانیاكان دەڵێ دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، هەفتەیەكی تر لەناوەندی شاری سلێمانیش كاركردن رادەگرن، نەبوونی نەختینە لە بانكی سلێمانی كێشەی بۆ شایستەی دارایی كۆمپانیاكان دروستكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مانگرتنێكی نوێ سبەینێ یادی (ئەنفال)ە، قەزای چەمچەماڵ پایتەختی شەهیدانو مۆنۆمێنتی ئەنفال زبڵو خاشاك دایپۆشیوە، كرێكارانی ژینگەپارێز مانگرتنیان راگەیاندووەو دەڵێن كۆمپانیان موچەیان پێنادەن، ئەم مانگرتنە سنوری قەزای دوكانو ناوچەی گەرمیانیشی گرتوەتەوە. ئەمڕۆ ژینگەپارێزانی ناحیەی (پیرەمەگرون)ی سەربە قەزای دوكان خۆپیشاندانیان كردو رێگای سەرەكی دوكان- سلێمانییان داخست، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە هۆكاری پێنەدانی موچە بە كرێكارانی ژینگەپارێز بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە حكومەت شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات. كرێكارانی ژینگەپارێز هەفتانە (6) رۆژ كاردەكات، رۆژانە لەكاتژمێر (3)ی بەرەبەیانەوە دەست بەكاركردن دەكەن، موچەی مانگانەیان (350 هەزار) دینارە. خالید شینكی خاوەنی كۆمپانیای (شینكی) بە (درەو)ی راگەیاند، لەناوەندی شاری سلێمانیش تەنیا بۆ ماوەی یەك هەفتەی تر دەتوانن كار بكەنو كارەكانیان رادەگرن. قەیرانی زبڵو خاشاك لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان نوێ نییە، سەرەتای مانگی رابردووش كۆمپانیاكانی پاككردنەوە مانگرتنیان راگەیاندو بۆ ماوەی (5) رۆژ زبڵو خاشاك لە شەقامەكانی ناوەندی شاری سلێمانیدا كۆبووەوە، ئەوكات ئیدارەی سلێمانی ناچاربوو كرێكارەكانی شارەوانی بەكاربهێنێت بۆ خاوێنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكان. مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە هاوكاتە لەگەڵ نەمانی پارەی داهاتی ناوخۆ لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان كە دوو حزبی هاوبەشن لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانداو مەڵبەندی سەرەكییان لە سنوری سلێمانیدایە. وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی سەربە گۆڕانەو ماوەیەكە مانی گرتووەو ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، خەرجی پرۆژەكانی سنوری سلێمانی خستوەتەسەر داهاتەكانی سلێمانی، داهاتەكانی سلێمانیش بەتەنیا بەشی پڕكردنەوەی خەرجی موچەی موچەخۆرانی سنورەكە ناكات، لەم نێوەندەدا باسلەوە دەكرێت داهاتەكانی سلێمانی هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت سەربە یەكێتییە، هیچ چارەسەرێكی بۆ ئەم دۆخە داراییە پێ نییە. داهاتەكانی سلێمانی دەچێتە ناو بانكی (هەرێم)ەوە، وەزارەتی دارایی نوسراوی بۆ ئەم بانكە كردووەو فەرمانی كردووە هیچ بڕە پارەیەك بۆ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە خەرج نەكرێت تا ئەو كاتەی موچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت. سەرەتای مانگی رابردوو كە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی ناوەندی شاری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاندو زبڵ كۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، بڕی (ملیارێك) دیناری خستەسەر حسابی حكومەت لە بانكی هەرێم بۆ ئەوەی بدرێت بە كۆمپانیاكانو مانگرتن بشكێندرێت، ئەمە وەكو قەرزێكی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو بۆ حكومەت، ئامانج لێی دابینكردنی نەختینە بوو. پارەكەی بافڵ تاڵەبانی تەنیا مانگو نیوێك بڕی كرد، ناڕەزایەتی كۆمپانیاكان دەستیپێكردەوە، كۆمپانیاكان دەڵێن ئەو پارەیەی هاوسەرۆكی یەكێتی پێیداون، تەنیا بۆ خاوێنكردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار بووەو بۆ هەر زۆنێك بڕی (250 ملیۆن) دینار وەرگیراوە. كۆمپانیاكان كێن ؟ ئەو كۆمپانیایانەی كە لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕاندا گرێبەستی پاككردنەوەی خۆڵو خاشاكیان پێدراوە بریتین لە: • كۆمپانیای (خالید حەمەڕەوف شینكی) • كۆمپانیای (هەرێم) • كۆمپانیای (گەردین) • كۆمپانیای (ئۆرانۆس) • كۆمپانیای (بیڤان) • كۆمپانیای (شكار) • كۆمپانیای (گارێكس) ئەم كۆمپانیایانە كە كاری (كۆكردنەوە)و (داپۆشین) خۆڵو خاشاك دەكەن، دابەشكراون بەسەر چەند زۆنێكی ناوەندی شاری سلێمانیو دەرەوەی شاردا. ناوەندی شاری سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) زۆنی زبڵو خاشاكدا، سێ كۆمپانیا كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار دەكەن، بەمشێوەیە: • كۆمپانیای (خالید شینكی) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باشورو رۆژهەڵات)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. • كۆمپانیای (هەرێم) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باكورو رۆژئاوا)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. • كۆمپانیای (شكار) كاری پاككردنەوەی (ناوەڕاست)ی شاری سلێمانی دەكات بۆ هەر زۆنێك، كۆمپانیاكانی (250) كرێكارو (50) ئۆتۆمبیلیان تەرخانكردووە، زۆنەكانی تری دەرەوەی شاریش بەهەمان شێوە دابەشكراون بەسەر كۆمپانیاكاندا، ئەو دوو زۆنەی كە ئێستا مانگرتنی كرێكارانی ژینگەپارێزی تێدایە، یەكێكیان لای كۆمپانیای خالید شینكی كە زۆنی قەزای دوكانە، زۆنەكەی تریش كە قەزای چەمچەماڵە لای كۆمپانیای (شكار)ە. كێشەی دارایی كۆمپانیاكان مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نوێ نییەو لەمساڵدا ئەمە جاری سێیەمە، كۆمپانیاكان دەڵێن نزیكەی (10 ملیار) دیناریان لای حكومەتەوەو تا ئەو پارەیان بۆ نەگەڕێتەوە ناتوانن دەست بە كاركردن بكەنەوە. لە ساڵی 2020وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، وەزارەتی دارایی بڕیاریدا كۆمپانیاكانی پاككردنەوە، مانگانە رێژەی 60%ی شایستە داراییەكانیان (بە چوار گوژمە) وەربگرنو رێژەی 40%ی شایستەكانیان تا كاتێكی نادیار لە بانكدا بمێنێتەوە، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە دەڵێن لەو تەندەرانەی كە وەریانگرتووە بەهیچ شێوەیەك ئەم مەرجەی تێدا نەبووە. بەمدواییە كە قەیرانی نەمانی نەختیەی دارایی لە سلێمانی سەریهەڵدا، كێشەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی زیاتر بوو، وەكو خۆیان دەڵێن كە پێیان ناوەتە ساڵی 2022ەوە هێشتا شایستەی مانگی 10ی ساڵی 2021ی خۆیان وەرنەگرتووە. مانگرتنی یەكەمی كۆمپانیاكان لە شوباتی ئەمساڵدا بوو، ئەوكات بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بە بەڵێنی دابینكردنی (گاز) بۆ ئۆتۆمبیلەكانیان، وای لە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە كرد دەست بە كاركردن بكەنەوە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن ئەم (گاز)ە كێشەی دارایی ئەوانی چارەسەر نەكردووە، ئەو بڕە (گاز)ەی كە مانگانە هەر كۆمپانیایەك وەریگرتووە بەهاكەی (14 ملیۆن) دینار بووە، ئەمە لەكاتێكدا ئەوان بەپێی شایستەی دارایی خۆیان دەبوو مانگانە بڕی (500 ملیۆن) دینار وەربگرن. خاوەن كۆمپانیاكان باسلەوە دەكەن، لە جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی دارایدا بۆ گلدانەوەی 40%ی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان لە بانكەكاندا جیاكاری لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كراوە، چونكە كۆمپانیاكانی هەولێر سود لە گلدانەوەی 40%ی پارەكانیان لە بانكەكاندا دەبیننو بەكاریدەهێنن بۆ پڕكردنەوەی خەرجی زەمانەتو خەرجییەكانی تری خۆیان، بەڵام كۆمپانیاكانی سلێمانی 40%ی پارە گلدراوەكانیان لە بانكەكاندا نەماوە. لەپاڵ ئەمەدا، كۆمپانیاكانی هەولێر بەنرخێكی زیاتر لە كۆمپانیاكانی سلێمانی تەندەرەكانیان وەرگرتووە، واتە قازانجی زیاتر دەكەن، بۆیە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی كاریگەری زۆری لەسەریان نابێتو بەو 60%ی شایستەكانیان كە وەریدەگرن قایلنو كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی كێبركێی كۆمپانیاكانەوە نرخی تەندەرەكانی پاككردنەوە دابەزیوە. جگە لەوەی كێشەی خەرج نەكردنی شایستەكانیان هەیە، كۆمپانیاكانی پاككردنەوە گرفتیان لەسەر ئەو سزا داراییانە هەیە كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانیو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، داوا دەكەن ئەم سزایانەیان لەسەر بسڕێتەوە. زبڵ لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوەو فڕێ دەدرێت. تێكڕای قەبارەی خۆڵو خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆنو 628 هەزار) تەن، كە زۆربەی لەنزیك شارەكان فڕێدەدرێتو دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگەو تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. (31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش چەندینجارە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەننو شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵو كارەساتی ژینگەییەوە. زبڵ لەناوچەی دەسەڵاتی یەكێتیدا قەبارەی رۆژانەی خۆڵو خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا بەمشێوەیە: • سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن زبڵ كۆدەكرێتەوە • ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن • ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە، بڕی (2 هەزارو 720) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رێژەی 38%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. زبڵ لەناوەچەی دەسەڵاتی پارتیدا قەبارەی رۆژانەی زبڵو خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەمشێوەیە: • هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە • دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە بڕی (4 هەزارو 220) تەن زبڵو خاشاك كۆدەكەنەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی پارتی رێژەی 62%ی كۆی گشتی زبڵو خاشاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
سلێمان مستەفا لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات، بۆیە تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو، بەڵام گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت. بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن. تۆماری دەنگدەران تۆماركردنی ناوی دەنگدەران پرسێكە بەپێی رێوشوێنە بڕیار لێدراوەكان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەر هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك ناكرێت نادیدە بگیرێت، لەهەمانكاتدا خاڵێكی بنچینەییە بۆ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ئازادو دیموكراسیانە، كە پێویستە هاووڵاتیان بەیەكسانی بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن و ناویان تۆمار بكرێت، بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن وەك لەماددەی (21)ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، ماددەی (25) لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدنی و سیاسییەكان، بڕگەی یەكەم و دووەم لە جارنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پێوەرەكانی هەڵبژاردنی ئازادو پاك دوور لە هەر جۆرە جیاكاریەك، وە لە هەمانكاتدا مافی تانەلێدانیشان بۆ فەراهەمكرابێت لەكاتێكدا ئەگەر رێگایان لێبگیرێت لە تۆماركردنی ناوەكانیان، ئەگەر ئەو بێبەشكردنە بە هۆكاری یاسایی یان كارگێریی بێت. تۆماری دەنگدەران بریتییە لەو بەڵگەنامەی كە ئاماری دەنگدەران لە خۆ دەگرێت و ناوەكانی بە زنجیرە تیادا تۆمار دەكرێت، تۆماری دەنگدەران لیستی ناوی ئەو هاوڵاتیانەیە كە بە پێیی رێوشوێنی یاسایی بڕیار لێدراو تۆمار دەكرێن، كە لە یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن دیاریدەكات كە تۆماری دەنگدەران چۆن ئامادەدەكرێت، كەئەمەش لەوڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە، ئەم پرسەش لە رێگەی یاساوە یەكلای كراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆدەنگییەك هەیە لەسەر تۆماری دەنگدەران كە چۆن ئامادەبكرێت، چ جۆرە زانیاریەك لە تۆماری دەنگدەران تۆمار بكرێت، بۆ ئەمەش كۆمەڵێ بنەمای نێودەوڵەتی هەیە كە وڵاتان خۆیانیان پێوە پابەنددەكەن، لە ئامادەكردنی لیستی دەنگدەراندا ، وە چەند جورو شێوازێك لە تۆماری دەنگدەران بونیان هەیە : 1- سیستەمی خۆبەخشانە: واتە ئەو هاوڵاتیانەی مەرجە بابەتیەكانیان تێدایە، بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان، هەڵدەستێ بە پێشكەش كردنی داواكاریەك بۆ تۆماركردنی ناوی لە تۆماری دەنگدەران، لە یاسای هەڵبژاردنیش دوو جۆر لە تۆماری دەنگدەرانی خۆبەخشی تیاییە، ئەمانیش، یەكەم تۆماری بەردەوامە كە تیادا پرۆسەی تۆماركردن بۆ یەكجارەو ناشتوانرێت هەموار بكرێت تەنها لە حالەتی گۆرینی شوێنی نیشتەجێبوون، یالە دەستدانی لێهاتوویی هەڵبژاردن، ئەمەش لەزۆربەی وڵاتان پەیرەوی لێدەكرێت، دووەمیان سیستەمی تۆماری دەورییە كە پێویستە لەسەر دەنگدەر دووبارە بە شێوەیەكی دەوری ناوی خۆی تۆمار بكاتەوە ئەوەش ئێستا لە هەندێ لە ویلایەتەكانی ئەمریكا وەك ویلایەتی لویزیانا كە مەرجە دەنگدەر هەر چوار ساڵ جارێك ناوی تۆمار بكات. 2- سیستەمی بەزۆر: لەو سیستەمەدا لایەنی ئیداری تایبەتمەند لە ڕووی یاساییەوە هەڵسێ بە ئامادەكردنی تۆماركردنی، و تۆماركردنی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی كە مەرجە بابەتیەكانیان بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان تێدایە، بێ ئەوەی ئەو كارە لەسەر داوای هاوڵاتیان وەستا بێت. 3- سیستەمی تۆماری دەوری: بە گوێرەی ئەو سیستەمە لایەنی تایبەتمەند هەڵدەستێ بەئامادەكردنی تۆماری دەنگدەرانی نوێ لە ماوەیەكدا ئەو ماوەیەش لە وانەیە ساڵێك بێت یا دوو ساڵ یا زیاتر لەوەبێت،لە ڕبردوشدا كار بەم سیستەمە كراوە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی وڵاتان كاری پێ ناكەن. 4- سیستەمی تۆماری بەردەوام: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی تۆماركردن یەكجار دەبێت، ناشتوانرێت بە درێژایی ژیانی دەنگدەر گۆرانكاری بەسەر ئەو تۆمارەدابێت، مەگەر لە هەندێك حالەتدا نەبێت، وەكو گۆرینی شوێنی نیشتەجێبون یا لە دەستدانی شایەستی، ئەو جۆرە سیستەمە لە زۆربەی وڵاتان پەیرەو دەكرێت. 5- سیتەمی تۆماركردنی ئیلزامی: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكان لەسەر ئەو كەسانە كورتكراوەتەوە كە ناویان لە تۆماری دەنگدەران تۆماركراوە، ئەو كەسانەشی ناویان لەو تۆمارە تۆمار نەكراوە دوور دەخرێنەوە، هەتا ئەگەر مەرجە بابەتەكانیشیان تێدابوو كە ڕیگەیان بۆ خۆش دەكات مومارەسەی مافی دەنگدان بكەن. 6-سیستەمی تۆماری نا ئیلزامی: بەگوێرەی ئەوسیستەمە مافی دەنگدان بە هەموو كەسێك دەدرێت، ئەگەر مەرجە بابەتیەكانی مومارەسەكردنی مافی دەنگدانی تێدابێت،بێ ئەوەی بەشداریكردنی لە پرۆسەی دەنگدان پێویست بەوە بكات ناوی لە یەكێك لە تۆمارەكانی دەنگداندا تۆماركرابێت ، شان بە شانی ئەم جۆرو شێوازانە لە تۆماری دەنگدەران , ئێستا لە وڵاتانی پێشكەوتوو پشت بە داتای دەزگای گشتی كاروباری رەگەزنامە دەبەسترێت كە هەموو هاوڵاتیان خاوەنی كۆد نەمبەری خۆیانن ، وە هەر لەم داتایە تۆماری بایۆمەتری دروست دەكەن . تۆماری دەنگدەران لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان-عێراق. بە پێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، ئەركی كۆمسیۆنە بە پێیی سیستمی راستەوخۆ هەستێت بە ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی كوردستاندا. بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێریەكی پشتراستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسییەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیاریەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن. هەر لەهەمان یاسادا ئەنجوومەنی كۆمسیاران سەر پشككراوە لە گرتنەبەری رێگەو شێوازی تازە بۆ ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران، چۆنیەتی ئامادەكردن و نوێكردنەوەشی سپاردوە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی. بۆ ئەم كارەش كۆمسیۆن دەبێت سیستم و رێكاری تایبەت دەربكات بۆ رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەو چۆنیەتی تانەلێدان لە تۆماری دەنگدەران. بەڵام نازانرێت ئایا كۆمسیۆن پشت بە كام داتاو زانیاری ببەستێت , پرسیاری ئەوە نەكراوە كە كۆمسیۆن چۆن چۆنی تۆمار دروست بكات ، ئەگەر ئاماژە بە داتا فەرمیەكە نەكرێت ، چونكە كۆمسیۆن هێزی ناچاركردنی نیە داوا لە دەنگدەران بكات لە ماوەیەكی دیاریكراو بێن خۆیان تۆمار بكەن ، هەروەها داتای بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕگەزنامەش تا ئەمڕۆ ڕیگولەرە ، بۆ بەرچاوڕونی زیاتر لەو بارەیەوە هەوڵدەدەین شرۆڤەی دەقە یاساكانی پەیوەندیدار بكەین: یەكەم/ لەبرگەی یەكەمی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەگوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەك دادەمەزرێت لە ژێر ناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاكە دەسەڵات كە ڕێكاری هەموو هەڵبژاردن و ڕاپرسییە گشتییەكان ئەنجام دەدات لەسەر ئاستی سەرتاسەری كوردستان - عێراق. بە پێی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران. لە ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (كۆمسیۆن ئەمانەی خوارەوە دەگرێتە ئەستۆ) وە لە زنجیرەی پێنجەمی ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەڕێوەبردنی پرۆسەی تۆماركردنی دەنگدەران و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆمارەكانیان بۆ مسۆگەركردنی مافی هەڵبژاردنیان) ناوەڕۆكی ئەم ماددەیەش دووپاتیدەكاتەوە، لەسەر ئەوەی كە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران. دووەم/ لە بڕگەی یەكەمی ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (ئەنجوومەن ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادەدەكات)، لە بڕگەی یەكەمی زنجیرەی یەكەم لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دامەزراندن و نوێكردنەوە و بژاردكردنی تۆماری دەنگدەران لە ڕێی هەموو جۆرە شێوازێكی تازەی بەردەست، لەسەر لایەنە پەیوەندارەكانیش پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەندا بكەن بۆ گەیشتن بەم مەبەستە ) سێیەم/ لەبرگەی چوارەم لە ماددەی شازدەیەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دەركردنی پەیڕەوی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە) لێرەدا ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرابوو كە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ئەركێكی گران خراوەتە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی. بێگومان ئامادەكردن و رێكخستنی تۆماری دەنگدەران لەحاڵەتێكی وەك ئێستادا كە هیچ داتاو زانیاری باوەڕپێكراو بەردەست نییە، كارێكی سەخت و گرانە و لە ئایندەش كەموو كوڕیەكان بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن. تۆماری دەنگدەران لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو. یاسای هەڵبژاردن یەكێكە لە یاسا گرنگ و هەستیارەكانی هەر وڵاتێك، تەنانەت لە هەندێ كاتدا بە دەستوور ناودەبرێت، چونكە لەیاسای هەڵبژاردندا بڕیار دەدرێت لەسەر سیستم و شێوازی گۆڕینی ژمارەی دەنگەكان بۆ ژمارەی كورسی ، چۆنیەتی دابەشكردنی وڵات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەروەها لە كاتی ڕودانی تاوانەكانی هەڵبژاردن و دەقنوس كردنی، بەپێی یاسای هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانە دەكرێت. هەمان یاساش بڕیار لەسەر چۆنیەتی ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران و وردەكاریەكانی دەدات. لەخوارەوە بڕگە و خاڵ و ماددەكانی یاسای هەڵبژاردن پەیوەست بە تۆماری دەنگدەران شرۆڤە دەكەین. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو: لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراودا هاتووە (بە یاسایەك دەستەیەكی باڵای سەربەخۆ پێكدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان و بەرێوەبردنی كارەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، مەركەزەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمدا دەستنیشاندەكات، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكردنی ڕەوشی هەڵبژاردنەكان دەردەكات، سەرۆك و ئەندامەكانی لیژنەگەلی ناوەندەكانی ناوزەددەكات) . بە گوێرەی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن (دەستە) تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، رێنمایی دەردەكات بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای هەڵبژاردن. لەماددەی پانزەهەمی یاسای ژمارە (1) ساڵی (1992)دا هاتووە (لیستەكانی ناوی دەنگدەران بۆ هەرێمی كوردستان بە پێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادەدەكرێن و بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ و پیشە و ناونیشان و بەروار و شوێنی لە دایكبوونیان تێدا دەنووسرێ، ئەگەر ئەوەش نەكرا، ئەوا لەو بارەدا هەیئەی باڵا بۆی هەیە، ڕێگایەكی دیكەی لەبار بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزێتەوە) لە دەقی ماددەی سەرەوەدا هاتوو كە دەبێت تۆماری دەنگدەران ناو، ناونیشان، پیشە، بەروار و شوێنی لە دایكبوونی تێدا بنوسرێت و لیستەكەش بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە كە دەبێت كۆمسیۆن كام تۆمارو سەرژمێری بكاتە بنەمای رێكخستنی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە دەقی ماددەكەدا هاتووە ئەگەر ئەو رێگە نەكرا، ڕێگایەكی دیكەی لە بار، بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزرێتەوە، ئەم بڕگەیە بەمشێوازە گونجاو نییە لە رێكخستنی تۆماری دەنگدەراندا، چونكە ئەركی دەوڵەت (هەرێم) لێرەدا دیار و ڕوون نییە، كە تۆماری هاوڵاتیانی نەبێت كەبتوانێت كۆمسیۆن پابەندبكات پێیەوە. هەروەها لە ماددەی شانزەهەمی یاساكەدا هاتووە (دەستەی باڵا، بەلانی كەم (15) رۆژ پێش ماوەی دیاریكراوی دەنگدان، تۆمارەكان بەسەر مەركەزەكانی دەنگداندا، لە هەرێمدا دابەشدەكات بۆ ئەوەی لە تابلۆی تایبەت بەم مەبەستە بە هاوڵاتیانی ڕابگەیەنێ بە مەرجێ بە مۆری دەستەی باڵا مۆربكرێن، بەرواری ڕاگەیاندنەكەشی لەسەر بنوسرێت لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی لە ماددەی پانزەیەمدا هاتووە). بە سەرنجدان لە ناوەڕۆكی ئەم ماددەییە رووبەڕووی پرسیارێك دەبینەوە، ئایا چۆن دەكرێت (15) رۆژ پێش دەنگدان تۆمارەكان بەسەر ناوەندەكان دابەشبكرێن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان و شوێنی دەنگدان، جاگواستنەوەی ناو بێت، یان سڕینەوەی، یاخود زیادكردن لە ماددەی هەژدەیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دا هاتووە (بۆ هەر كەسێك مەرجەكانی دەنگدەری تێدا بێت و تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكرابێت لەخشتەی دەنگدەراندا، دەتوانێت داوای تۆماركردنی ناوی بكات، بۆ هەر دەنگدەرێك هەیە داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكراوە یان داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق لەخشتەی دەنگدەراندا سڕدراوەتەوە، لەماوەی دە رۆژدا لەبەرواری بڵاوكردنەوەی خشتەی دەنگدەرانەوە. داواكە، لەگەڵ ڕای لیژنەی مەركەزی پەیوەندیداری هەڵبژاردن، پێشكەش بە هەیئەی باڵا دەكرێ، هەیئەی باڵاش، لە ماوەیەكدا لە سێ رۆژ نەترازێ كە لە رۆژی پێشكەشكردنی داواكەوە دەستپێدەكا سەیر دەكات و یەكلایی دەكاتەوە). ناوەرۆكی دەقی ماددەی هەژدەیەم ئەو راستیە دووپاتدەكاتەوە كە دژ یەكییەك بەدیدەكرێت لە نێوان ماددەی شانزەهەم و هەژدەهەمدا، چونكە لانیكەم دەبێت تۆماری دەنگدەران بە شێوە كلاسیكیەكەی مانگێك بەر لە وادەی دەنگدان سەرجەم قۆناغەكانی تێپەڕاندبێت و ئامادەكرابێت بۆ چاپكردن، دەكرێت ئاماژە بە تۆماری سەرەتایی و تۆماری كۆتایی بدرێت. لە ماددەی نۆزدەهەمی هەمان یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (هەر هاوڵاتیەكی كوردستانی- عێراق چ نێر، چ مێ، بۆی هەیە ببێتە دەنگدەر یان پاڵێوراو، ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدابێت كە لەم یاسایەدا باسیان لێوەكراوە) . واتە لایەنی پەیوەندیدار پابەندە بە تۆماركردنی ناوی دەنگدەران بە بێ بوونی ویستی دەنگدەر، لە ماددەی بیستەمیشدا هاتووە (مەرجە دەنگدەر هاوڵاتی كوردستانی عێراق بێت و هەژدە ساڵی تەواوكردبێت). لە بەرامبەر ساختەكاری لە تۆماری دەنگدەران لەماددەی (57) هاتووە: هەر كەسێك ئەمانەی خوارەوەی كرد بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ كە لە (6) شەش مانگ كەمتر نەبێ و غەرامەیەكیشی لێوەردەگیرێ كە لە (100،000) سەد هەزار دینار كەمتر نەبێ و لە (500،000) هەزار دیناریش زیاتر نەبێ: 1- بەئەنقەست ناوێك یا ناوەكان یان سیفاتی قەڵبی لەخشتەی دەنگدەران تۆماركرد یان بە پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە ناوێكی تێدا نەنووسێ. 2- ناوی خۆی یان ناوی كەسێكی تری بەبێ بوونی مەرجی یاسایی پێویست تۆماركرد و دەركەوت كە بەمە دەزانێ و هەر كەسێكی دیكەش كەناوێكی تۆمار نەكرد یان سڕییەوە. لەماددەی پەنجاو نۆدا هاتووە (هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان- عێراق، كە لە دەرەوە دادەنیشن (المقیمین) مافی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان-عێراق هەیە. بێگومان یاسا مافی دەنگدانی داوە بە هاوڵاتیان بەڵام مەرجی دەنگدەریان تیا فەراهەم بێت، بەڵام بەشداریپێكردنی هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات، بە چ شێوەیەك بەشداریبكەن، چۆن تۆماری دەنگدەرانیان بۆ رێكبخرێت، ئەو لایەنە كێیە كە ئەركی رێكخستنی وەردەگرێت، پشت بەكام داتا و زانیاری ببەسترێت، ئایا كام بەڵگەنامە بكرێتە بنەما، لە چەند وڵات و شار ناوەندی دەنگدان بكرێتەوە ئەمانە ئەو پرسانەن كە لە دەقی ماددەكەدا بوونیان نییە. لەماددەی شەستی یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (پرۆسەی دەنگدانی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، زێرەڤانی هەرێم (پێشمەرگە) و سوپا، كارمەندانی نەخوشخانەكان و بەندینخانەكان و حەپس و سجنەكان، لە چەند مەركەزێكی تایبەت بە خۆیان ئەنجامدەدرێت كە دەستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هاودەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا دەستنیشانیاندەكات، بە مەرجێ پێش چل و هەشت سەعات لە وادەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت). دەنگدانی هێزە چەكدارەكان پێش وادەی دەنگدانی گشتی كارێكی باشە بۆ ئەوەی دەستكراوە بن لە رۆژی دەنگدانی گشتیداو ئاسایش و ئارامی وڵات بپارێزن و دەنگدەران بتوانن بەبێ ترس سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن، بەڵام جیانەكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان لە كات و ساتی خۆیدا كارێكی خوازراو نییە، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشت بە لیستی مووچە تەواوی زانیارییەكان بدات بە كۆمسیۆن بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان بە تەواوی و یەكجاری لە تۆماری گشتی جیابكرێتەوە. تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان. بنەمەیەكی یاسایی هەیە دەڵێت ((ڕادان) نابێت لەكاتی بونی دەقێكدا). گومانی تیا نییە لە هەرێمی كوردستان-عێراقدا، پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی جیا جیا بونیان هەیە، خۆشبەختانە بنەمای پێكەوە ژیان لە كوردستاندا خاڵێكی پرشنگدارە كە هەموو لایەك شانازی پێوەدەكەن. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە كەموكوڕی نییە لە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە ناو لیستی حزبە كوردستانییەكاندا. بۆ چارەسەری ئەم گرفتە وەك چۆن زۆربەی وڵاتان پەنایان بۆ كورسی كۆتا برد، لە هەرێمی كوردستانیش ئەم پرسە بەكۆتا چارەسەری بۆ دۆزرایەوە، بە پێی دەقی ماددەی (36)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، كورسی پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون: بۆ پێكهاتەی توركمان پێنج كورسی، پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری پێنج كورسی، بۆ پێكهاتەی ئەرمەن یەك كورسی. بەپێی دەقی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2009) یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەی هەموار كراو، كورسی بۆ پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون لە پارێزگای هەولێر (2) كورسی بۆ سریان كلدان ئاشوری، (3) كورسی بۆ توركمان) لە پارێزگای سلێمان (1) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، لە پارێزگای دهۆك (2) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، (1) كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن دەكرێت لێرەدا بپرسین ئایا مەبەست لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان چییە؟ بێگومان وەڵامەكەی روونە، كورسی كۆتای پێكهاتەكان ئەو كورسیەیە كە بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو دەستنیشاندەكرێت بۆ ئەوەی دەنگدەرانی هەر پێكهاتەیەك دەنگ بۆ كاندیدانی خۆیان بدەن و كاندیدی راستەقینەی خۆیان دەستنیشانبكەن. واتە نوێنەری هەر پێكهاتەیەك تەنها بەدەنگی پێكهاتەكەی خۆی بگاتە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پرسە بەكراوەیی هیڵدرایەوە تا ڕادەیەك ڕاوبۆچوونی جیاجیای لەسەر دروستبوو، گومان لە حیكمەتی بوونی كورسی كۆتاكان هاتە ئارا، بەوەی چۆن دەبێت دەنگدەری ئەو پێكهاتانەی دەنگدەریان زۆرە بتوانن دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەكانی تریش بدەن. ئەمەش وایكرد كە ئەم پرسە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی نەپێكێ. ئەوەی جێگای نیگەرانییە زۆرجار لە لایەن قەوارە گەورەكان تا رادەیەك ئەم پرسە قۆستراوەتەوە و ناكۆكی و دەنگی جیای دروستكردوە بۆیە گەر جیاكردنەوەی كورسی بۆ پێكهاتەكان جیاكاریەكی ئەرینی بێت ، ئەوا گومانی تێدا نییە جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیشیان جیاكاریەكی ئەرێنیە بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان خۆیان. بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن. هەر چەندە لە خاڵی پێنجەمی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا ئاماژە دراوە بەوەی كە دەنگدەرانی هەر پێكهاتەك دەنگ بە پاڵێوراوانی پێكهاتەی خۆیان بدەن، بەڵام بە پێی دەقی ماددەی (1)ی یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2013) یاسای دووەمین هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، ژمارە (4)ی ساڵی (2009) كاركردن بەم بڕگەیە راگیرا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا. لێرەدا بەكورتی وبە پوختی ئەم سەرنج و پێشنیاران دەخەینەڕوو بۆ ڕای گشتی و حزبە سیاسیەكان وپەرلەمانی كوردستان:. یەكەم: بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەبَبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێرییەكی پشتڕاستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسیەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیارییەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن ، بۆیە لە ئێستا تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو دووەم: لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا تەنها ئەو دەنگدەرانە مافی دەنگدانیان هەبێت كە خاوەنی كارتی بایۆمەترین ، واتە لەناو پرۆژە یاساكەدا بڕیار بدەن كار بە كارتی كورت مەودا نەكرێت ، ئێستا كۆمسیۆنی ئتتحادی دەرگای ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كردۆتەوە ، كەواتە ئەو هاوڵاتیانە كارتی بایۆمەتریان دەرنەهێناوە ، ئێستا فرسەتە بڕۆن بۆ دەرهێنانی كارتەكەی خۆیان ، وە ئەو دەنگدەرانەی كارتی بایۆمەتریان كردوە كارتەكەیان وەر نەگرتوتەوە ئێستا دەتوانن سەردانی ناوەندەكانیان بكەنەوە سێیەم: لە یاساكە دا مەرجی كارتی بایۆمەتری و بەڵگەنامەی كارتی نیشتمانی ، یان كارتی بایۆمەتری دەنگدان و ڕگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی بكرێتە مەرج . چوارەم: ئامێری ناسینەوەی دەنگدر گرنگی پێبدرێت و ڕێگە بە كەس نەدرێت بەشداری دەنگدان بكات گەر ئامیری ناسینەوەی دەنگدان ئۆكەی بۆ نەكات ، بۆ ئەمەش دەكرێت ئامێرەكانی كۆمسیۆنی ئتتحادی بەكاربهێنرێن ، یان ئامێری تازە دابین بكرێت و هەڵەو كەموكوریەكانی هەڵبژاردنی پێشووش رەچاو بكرێن . پێنجەم:پێویستە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەزگاكانی حزبیان هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی رێكارەكان دەنگدانی بایۆمەتری ، بۆ ئەوە كۆمسیۆن ببێتە لایەنی جێبەجێكار، هەموو ووردەكاریەكان لە ناو یاسادا جێگا بكەنەوە . شەشەم: بۆیە گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت ، چونكە تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە ، لەوانە 1-ڕێگە لە دووبارە دەنگدان دەگرێت 2-رێگا لە ساختەكاری بەڵگەنامەكان دەگرێت 3- تۆمارەكە كۆتایی بە بەیتی ناوی مردوو و دووبارەو بیانی دێنێت ، بەمەش متمانە بۆ دەنگدەر و حزبەكان و پرۆسەی سیاسی دەگێڕێتەوە ، بە پێچەوانەوە ئەوا دەبێت چاوەڕێی كارەساتێكی نەخوازراو بكەین ، بۆیە بانگەواز دەكەم بۆ حزبەكان ، تكایان لیدەكەم ، مەرجی بەكار هێنانی تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوە بكەن بە مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردن حەوتەم: پرسی تۆماری پێكهاتەكان دەبێت چارە بكرێت ، هەر وەك چۆن تەرخانكردنی (11) كورسی بەپێی بنەمای كۆتا بۆ پێكاتەكانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراون ، كە بە جیا كاری ئەرێنی بۆ هەرێم و ئەزمونەكەی هەژمار دەكرێت ، كەواتە دەبێت بە جیاكارێی ئەرێنی تۆمارەكەشیان جیا بكرێتەوە ، بە یەكێ لەم ڕێگایانە 1-لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگدان و خۆ تۆماركردنیان لە یەك كاتد بێت 2-لەسەرتای پرۆسەی هەڵبژاردن لەماوەیەكی دیاریكراو تۆماری پێكهاتەكان ئامادە بكرێت 3-لەكاتی بەرێوەچونی پرۆسەكانی هەڵبژاردنیش سندوقی دەنگدان و كارتی دەنگدانیان جیا بكرێتەوە ، ئەم جیاكاریە لە ڕوانگەی شۆڤێنیەت و نەتەوە پەرستی ولێكدانەوەی هەڵە نیە بەڵكو بۆ بەجێهێنانی حیكمەتی كۆتاكە خۆیەتی ، ئەم پرسەش لە قازنجی پێكهاتەكان و ئەزمونی هەرێمی كوردستاندایە . هەشتەم : بەرای تایبەتی خۆم وە بەرپرسم لە ڕای پیشەیی خۆم بەپێی ئەو ئەزمونەی كە هەمانە ، لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە : 1-كۆمسیۆنی هەرێم دەسەڵاتی ناچاركردنی نیە بەسەر دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی دیاریكراو سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن و ناوی خۆیان تۆمار بكەن 2-داتای كارتی نیشتمانی باشترین و پاكترین داتایە كە بكرێتە بنەمای تۆماری دەنگدەران بەڵام بە داخەوە تەواو نەبوە تا بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری 3-ئاماری تازەی سەرژمێری دانیشتوان لە لایەن حكومەتی ئتتحادی ئەنجامنەدراوە كۆمسیۆن بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری و ریگولەر 4-داتای بایۆمەتری فەرمانبەرانیش بەكەلك داتای بایۆمەتری نایێت 5-كۆمسیۆن ناتوانێت كۆتایی بە گومانەكانی هاوڵاتیان و حزبە سیاسیەكان بێنێت لە غیابی نەبونی داتایەكی باوەڕپێكراو پەسەند كراو لە لایەن پەرلەمانەوە ، بۆ رێگا گرتن لە گومان و دووبارە دەنگدان و دەنگدان لەجیاتی كەسانی ترو و ئەوانەی كوچی دواییان كردوە ، بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنە كار بە تۆماری بایۆمەتری عێراق بكرێت ، بۆ ئایندەش داتای كارتی نیشتمانی بكرێتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری ، بێ گومان دەبێت ئەم پرسەش لەناو یاسای هەڵبژاردن شوێنی بۆ بكرێتەوە ، بۆ ئەمەش پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە . سلێمان مستەفا حەسەن
شیكاری: درەو بەشی دووەم لەگەڵ ئەوەی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، دۆخی دارایی و بودجەی عێراقی بەڕادەیەکی زۆر بوژاندووەتەوە، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی هیچی کەمتر نییە لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی و ئابوری عێراقی توشی هەڵاوسانی بازاڕو داکشانی کەرتەکانی وەبەرهێنان و بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان کردووە. ئەمە جگە لەوەی هەر سزایەکی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕوسی کارکردنی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە عێراق گرفتار دەکات و عێراق توشی زیانی گەورەتر دەبێت، چونکە کۆمپانیا ڕوسییەکان بە قەبارەی (13) ملیار دۆلار لە عێراق وەبەرهێنان دەکەن. کایگەرییەکانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئابوری عێراق بەشێک لە چاودێران پێیان وایە عێراق پارێزراوو سەلامەترە لە کاریگەرییەکانی جەنگ بەراورد بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش بەشێکی پەیوەندیدارە بە ڕەهەندی جوگرافییەوە، لەوانەیە بەشێکی ئەو بۆچونەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ڕەنگە پێیان وابێت عێراق ڕاستەخۆ لە ژێر کاریگەرییەکانی جەنگدا نیە، بە تایبەت ئەگەر پشت بەو شیکردنەوەیە ببەسترێت کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێویشیاندا ڕوسیا (2%) تێپەڕ ناکات. بەڵام ئەم بۆچونە ڕاست نییە کاتێک سەیری عێراق بکرێت وەک بەشێک لەنێو سیستمی جیهاندا، بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستادا کە سیستمی ئابوری جیهان گوزارشتە لە کۆمەڵێک لینکی ئاڵۆزو پێکەوە گرێدراو، هەموان پێکەوە تەواوی دەکەن، هەر بۆیە عێراق بە نۆرەی خۆی و بە قەبارەی بەشدارییەکانی لەنێو سیستمی ئابوری جیهان هاوشێوەی هەموان پشکی دەبێت بەرکەوتەی ئاسەوارەکانی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا، بەڵام دەکرێت بوترێت سەرجەم ئاسەوارەکان کاریگەری خراپیان نابێت بەڵکو بەشێک لە کاریگەرییەکان بۆ عێراق خێر دەداتەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئابورییەوە، بۆیە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو کاریگەری ئەرێنی و نەرێنییانەی جەنگ لەسەر دۆخی ئابوری عێراق؛ یەکەم: ئاسەوارە ئەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابوری عێراق 1. زیادکردن و کەڵەکەبوونی داهات: عێراق وەک یەکێک لەو دەوڵەتانەی هەناردەکارێکی گەورەی نەوتە، بەپێی داتاکان لە دوای وڵاتی سعودییەوە پلەی دووەمی هەیە لە نێو وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک، هەر وەک چۆن پلەی دووەمی گرتووە لە نێو وڵاتانی عەرەبی لە ناردنەدەرەوەی نەوتی خاو، سەرباری ئەوەی پلەی پێنجەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان لە یەدەگی نەوتی سەلمێندراو بۆ ساڵی (2021) کە بە (149) ملیار بەرمیل نەوت خەمڵیندراوە، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەدوای هەر یەک لە سعودییەو ئێرانەوە دێت لە بوونی یەدەگی نەوت، سەرباری ئەوانەش عێراق داهاتی دارایی خۆی بە زیاتر لە ڕێژەی (90%) لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە بەدەست دەخات. لای هەموانیش ڕوونە کە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا بووە هۆکاری بەزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، کە بووە هۆی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر داهات و دۆخی دارایی عێراق، بەڕای بەشێک لە شارەزایانی بیانی ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت چاوەڕاون دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بگاتە سەرو (150) دۆلای ئەمریکی، بەم گریمانەیش بێت داهاتی نەوتی عێراق بۆ زیاتر (200%) گەشەدەکات، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە تێکڕای نرخی نەوت گەیشتە (74) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا ئەگەر بەراورد بکرێت بە ساڵی (2020) گەشەکردنەکە زۆر لەوە زیاتر دەبێت و دەگاتە نزیکەی (375%) کە تێیدا تێکڕای نرخی نەوت (40) دۆلاری ئەمریکی بوو بۆ هەر بەرملێک نەوت. 2. بەرزبوونەوەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP): لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزەو ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بە هۆکاری جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا، فشار و سزا ئابورییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕوسیا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی داهاتی نەوتی عێراق (45% – 60) بەهای بەرهەمی ناوخۆی عێراقی پێکدەهێنت، ئەگەر ئەو گریمانەیەی کە لە خاڵی ڕابردوو بۆ بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە داهاتوودا خرابووە ڕوو بەدی بێت، ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە بەهای گەشەی دارایی و بەرهەمی ناوخۆی لە عێراقدا، بۆ نمونە ئەگەر پشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراقی ببەستین بۆ ساڵی (2020 و 2021)، ئەو پێشبینەیە بۆ نرخی نەوت کراوە کە (150) دۆلار بێت بە تێکڕا بۆ ساڵی (2022 - 2023) و عێراق (3.5 ملیۆن) بەرمیل نەوت ڕۆژانە هەناردە بکات، ئەوا گەشەکردنەکە بەم جۆرە دەبێت کە لە (چارتی ژمارە (1)) ڕونکراوەتەوە؛ چارتی ژمارە (1) دووەم: ئاسەوارە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابوری عێراق 1. هەڵاوسانی گشتی؛ لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی (2021) بە بریاری حکومەتی عێراق، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزێندرا، ئەم بڕیارەش هەڵاوسانی بازاڕی بە ڕێژەی (6.8%) بەرزکردوەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی (2020) بە (3%) تۆمار کرابوو، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ڕێژەی هەڵاوسان بەرزتر ببێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر، چونکە جگە لەو هەڵاوسانە ناوخۆییە هەڵاوسانێکی جیهانیش لەسەر ماددە خۆراکییەکان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری گەورە لەسەر ئابوری عێراق جێبهێڵێت، چونکە بەپێی لێدوانی (مەزهەر محمەد ساڵح- ڕاوێژکاری دارایی حکومەت) عێراق (80%) پێداویستییە خۆراکییەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات. 2. داکشان لە کەرتەکانی وەبەرهێنان؛ کەرتەکانی وەبەرهێنان کە دەکرێت بە کەرتی ڕاستەقینە (حەقیقی)یش ناوی ببەین بریتین لە کەرتەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی، بنیادنان وخانوبەرە، گواستنەوە، گەیاندن و گەشتوگواز) کە هاوپشکن لە دەستبەرکردنی بەرهەمی ناوخۆ و(31%) کۆی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق پێکدەهێنن، بەم ئەنجامەش هەر هەڵئاوسانێک لەو شمەکانەی عێراق لە دەرەوە هاوردەی دەکات، کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەو داهاتەی عێراق لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت. بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەی لە نرخی نەوتیشدا ڕووی داوە، بڕیاربەدەستانی عێراق چاویان لەوەیە لە ڕێگەی هەناردەکردنی زیاتری نەوتەوەە داهاتی گەورەتر بەدەست بخەن، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ پشتگوێخستنی کەرتی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە لە عێراق، بۆیە چاوبڕینە زیادکردنی داهات لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە دەبێتە هۆی؛ - داکشانی ئابوری و هەڵاوسانی زیاتر لەبازاڕەکانی ناوخۆ. - بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بە هۆی داکشان و هەڵاوسانی ئابورییەوە، کە لە ئێستادا بێکاری (13.8%) و بەم شێوەیە بڕوات لە ساڵانی داهاتوو بەرزدەبێتەوە بۆ (30%). - قوڵبوونەوەی کێشەکان لە کەرتە پێکهێنەرەکانی کۆی بەرهەمی ناوخۆ (GDP) 3. بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان؛ لە ئێستادا داهاتی گشتی خەزێنەی عێراق ڕووی لە بەرزبوونەوەو زیاد بوونە، لە ئەنجامی ئەو بەرزبوونەوەیەیەی لە نرخی نەوت و کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت و وزە لە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیاوە ڕویداوە، لە بەرامبەردا بردنەدەرەوەی دراوی قورسیش ڕووی لە زیادبوونە، لەبەرئەوەی شمەکی هاوردەکراو پێویستی بە هێزێکی گەورەتری داهات هەیە بۆ کڕین بەراورد بە ڕابردوو، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا عێراق بەڕادەیەکی گەورە شمەک و خزمەتگوزاری و بەرهەمە نەوتییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، لەگەڵ ئەوەی تەرازووی بازگانی زیادەیەکی زۆری هاتووەتە سەر بەراورد بە ساڵانی پێشتر لە سایەی داهاتی نەوتەوە کە (99.7%) هەناردەکردنی عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام (70% - 80)ی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی نەتەوە بەدەستهاتووە دەڕوات بۆ پێداویستییە هاوردەکراوەکانی دەرەوە، وەکو ئەوەی لە (چارتی ژمارە (2))دا ڕونکراوەتەوە. چارتی ژمارە (2) سێیەم: کشانەوەی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە عێراق کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی ڕوسی لە کەرتی نەوت و غازی عێراق کاردەکەن، کە دیارترینیان بریتین لە (رۆسنەفت) کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات، کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ) لە کێڵگەی قوڕنە وەبەرهێنان دەکات و (گاز پرۆم)یش لە کێڵگەی بەدرە لە پارێزگای واست و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات. بەپێی لێدوانی باڵیۆزی ڕوسیا لە بەغداد (ماکسیموف)؛ ڕوسیا بە قەبارەی (13) ملیار دۆلار لە کەرتی وزەی عێراقی وەبەرهێنان دەکات. بۆیە بە زیادکردنی سزاکانی سەر ڕوسیا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر تەواوی کەرتی وزەی ڕوسی ئەگەری کشانەوەی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە عێراق گریمانەکراو دەبێت، ئەمەش زیان بە کەرتی وزەو نەوتی عێراق دەگەیەنێت. سەرچاوە: علي عبدالرحيم العبوديّ، الآثار العالمية للحرب الروسية-الأوكرانية وانعكاساتها على الاقتصاد العراقي، مرکز البیان للدراسات والتخطیط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/04/65rtry.pdf ڕاپۆرتی پەیوەندیدار https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10035
راپۆرت: درەو پارتیو یەكێتی لەسەر شەڕێك ناكۆكن كە 31 ساڵ لەمەوپێش رویداوە، پارتی سەروەرییەكانی شەڕەكە بۆخۆی دەگێڕێتەوە، یەكێتیش بۆ یەكەمجار ئەمساڵ هاتوتەسەر هێڵو داوای مافی خۆی لەو شەڕەدا دەكاتەوە، شەڕێك كە بارزانیو تاڵەبانی لەگەڵ سەددام كۆكردەوە بۆ دانوستان، تاڵەبانی لە دیداری تەمەنی خۆیدا لەبارەی ئەم شەڕەوە باسی "جەمەدانی"یەكەی بارزانی دەكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لەشەڕی غازەوە بۆ شەڕی كۆڕێ ! ئەم رۆژانە ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی، لەسەر پرسی غازو داهاتەكانو پۆستی سەرۆك كۆمار زیاتر قوڵبووەتەوەو سەریكێشاوە بۆ بابەتو رووداوە مێژووییەكانیش. چەند ساڵێكە پارتی لەرێگای میدیاكانییەوە، یادی شەڕی "كۆڕێ" دەكاتەوەو سەروەرییەكانی ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگەكانی خۆی دەگێڕێتەوەو یەكێتی بێدەنگە، بەڵام ئەمساڵ كە هەردوو حزب لەناكۆكی قوڵدان، یەكێتی بێدەنگ نەبوو، هاتوەتە سەر خەتو دەڵێ كۆڕێ داستانی پێشمەرگەی یەكێتییە نەك پارتی. لەبارەی شەڕی "كۆڕێ"وە دوای راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعسو كشانەوەی سوپای عێراق لە كوردستان، نزیكەی 25 رۆژ دواتر، سوپای عێراق خۆی كۆكردەوە بۆ داگیركردنەوەی كوردستان، رۆژی 28ی ئازاری 1991 سوپای عێراق لەماوەی دوو رۆژدا كەركوكی لەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە سەندەوە. دوای داگیركردنەوەی كەركوك، سوپای عێراق بەرەو هەولێر رۆیشت، رۆژی 31ی ئازار هەولێریشی داگیركردەوە، بەهەمان شێوە هێرش بۆسەر سلێمانیو ناوچە ئازادكراوەكانی تری كوردستان دەسیپێكرد، ئەمە كۆڕەوی لێكەوتەوە، خەڵكی كوردستان لە ترسی تۆڵەكردنەوەی بەعس، هەندێك بەرەو توركیاو هەندێكی تر بەرەو ئێران ئاوارەبوون. دوای داگیركردنەوەی هەولێر لەلایەن رژێمی بەعسەوە، بەرەی كوردستانیی كە لە (پارتیو یەكێتیو لایەنەكانی تر پێكهاتبوو)، بڕیاریدا دوو هێڵی بەرگریی بۆ روبەڕووبونەوەی بەعس دروستبكات، بۆ ئەوەی سوپای عێراق نەتوانێت بچێتە (پیرمان)، هێڵی یەكەمی بەرگریی لە (خانزاد) دانرا، هێڵی دووەمیش لە (سەری رەش). سەرباری ئەم دوو هێڵە بەرگرییەی هێزەكانی بەرەی كوردستانیی، رۆژی 6ی نیسان سوپای عێراق گەیشتە (پیرمام)، سوپای عێراق لە (پیرمانم) رانەوەستا، هێرشی بەرەو (كۆڕێ)و (شەقلاوە) دەستپێكرد، چونكە ئەو پێشمەرگانەی لە (پیرمام) بەرەنگارییان كردبوو، بەرەو (كۆڕێ) پاشەكشێیان كردبوو، لە (كۆڕێ) دوو شەڕ رویدا كە بە شەڕی یەكەمو شەڕی دووەمی كۆڕێ ناسراون. شەڕی یەكەمی كۆڕێ لە پاشنیوەڕۆی 7ی نیسانی 1991 شەڕی یەكەمی كۆڕێ رویدا، لەم شەڕەدا پێشمەرگە هێرشی سوپای عێراقی راوەستاند، نەیانهێشت هێزەكە بگاتە ناو (دەربەندی كۆڕێ). دوای ئەم سەركەوتنە، هێزەكانی بەرەی كوردستانیی (واتە هێزی هەموو لایەنەكان) سەرلەنوێ لە كۆڕێ كۆبونەوە، پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان بەسەر سەنگەرەكاندا دابەشكرانەوە، دابەشبوونەكە بەمشێوەیە بوو: • هێزی یەكێتیو زەحمەتكێشان لە شاخی (زیبكە) لە بەری رۆژهەڵاتی كۆڕێ جێگیر بوون • پێشمەرگەكانی پارتیو سۆسیالیستو حزبوڵای شۆڕشگێڕی كوردو حزبی شیوعیو بزوتنەوەی ئیسلامی لەسەر بەرزاییەكانی سەر كۆڕێ جێگیربوون • هێزێكی (پارتی گەل) لە رۆژئاوای شەقامی سەرەكی كۆڕێ- حوجران جێگیربوون بەرەبەیانی رۆژی 11ی نیسان شەڕی دووەمی (كۆڕێ) رویدا، كە شەڕە گەورەكەیە، لەم شەڕەشدا سەرلەنوێ هێزی سوپای عێراق شكا، دوای ئەو پێشڕەوییە زۆرەی كە كردبووی، هەولێرو سلێمانیو ناوچەكانی تری كوردستانی داگیركردبووەوە، ئەمە یەكەمجار بوو، سوپای عێراق روبەڕووی بەرگری پێشمەرگە ببێتەوەو هێزەكە بشكێت، ئەمە شەڕەو دیمەنی كۆڕەوی خەڵكی كورد وایكرد، رژێمی سەددام دوای كۆڕەو داوای دانوستان لەگەڵ بەرەی كوردستانیدا بكات. سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، هێزی هەموو لایەنەكان لەم شەڕانەدا بەشداربوون، ئاماری شەڕی "كۆڕێ" نیشانی دەدات لەم شەڕەدا (13) پێشمەرگە شەهیدبوون، شەهیدەكان بەمشێوەیە دابەشبوون بەسەر لایەنەكانی بەرەی كوردستانیدا: • یەكێتی: 9 شەهید • پارتی: 2 شەهید • بزوتنەوەی ئیسلامی: 2 شەهید نزیكەی (50) پێشمەرگەش لە هەموو لایەنەكانی بەرەی كوردستانیی لە شەڕەكەدا برینداربوون. مام جەلالو جەمەدانییەكەی بارزانی لە دیداری تەمەندا، مام جەلال سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبارەی شەڕی كۆڕێو دانوستان لەگەڵ بەعس دڵێ" مەسعود بارزانی لە كۆبونەوەی خەلیفاندا سوربوو لەسەر ئەوەی رێككەوتن لەگەڵ حكومەت مۆر بكاتو گوتی: من بەتەنیا ئیمزای دەكەم، من هیچ باوەڕم بە خەڵكی كوردستان نەماوە، من باوەڕم بە پێشمەرگەی پارتی نەماوە، كە لێمان قەوما لە هەموو ئەو پێشمەرگانەی پارتی پارتی كە لەگەڵمدا بوون، چل كەسم لەگەڵ مایەوە، ئەگەر لەبەرخاتری گۆڕی بارزانیو بیری بارزانی نەبوایە، ئەو جەمەدانییە سورەم دەخستە ژێر قۆندەرەكەمو هیچ باوەڕیشم بە پێشمەرگەی یەكێتی نییە كە لێمان قەوما تەنها دەستەكەی كۆسرەتو دەستەی حەسەن كوێستانیو چەند كەسێكی كەم مانەوە لە كۆڕێ، باوەڕم بەوە نەماوە خەڵكی كورد مقاوەمەتو خەبات بكاتو جارێكی تر نامەوێ ببمەوە پەنابەر لە ئێران، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە، ئەو رێككەوتنامەیە ئیمزا بكەم.. دوای ئەوەی مەسعود بارزانی ئەو قسانەی كرد، عەزیز محەمەد تكای كردو گوتی: كاك مەسعود من دەمەوێت داوات لێ بكەم، تۆ كوڕی بارزانیت، خەباتتان كردووە، گەلی كورد تێكۆشەرەو ئامادەی فیداكارییە، من تكات لێ دەكەم ئەوە مەڵێو مەیكە". دوای رووداوەكانی شەڕێ كۆڕێو كۆڕەوی خەڵكی كوردستان، تاڵەبانیو بارزانی هەردووكیان بە دەستپێشخەرییەكەی سەددام قایل بوونو چونە بەغداد بۆ دانوستان لەگەڵ رژێم. "هێزی بارزان شەڕی كرد" ئەو فەرماندانەی پارتی كە بەشدارییان لە هەردوو شەڕی "كۆڕێ"دا كردووە، لەوانە (سەعید ئەحمەد نادر) كە فەرماندەی هێزەكە بووە، باس لەوە دەكەن، هێزی بارزان سەرەتا شەڕی كردووەو سوپای عێراقی تێكشكاندووە، كە هێزی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی ئەم سەركەوتنەیان بینیوە، كۆبونەتەوەو لە شەڕی دووەمدا بەشدارییان كردووە، واتە سەرچاوەی سەركەوتنەكە بۆ هێزەكانی پارتی دەگەڕێننەوە. بەڵام حەسەن كوێستانی یەكێك لە فەرماندە سەربازییە دیارەكانی یەكێتی لەو شەڕانەدا لە یادەوەریەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لەهەردوو شەڕەكەدا ئەوان ئامادەبوون و لەسەنگەری پێشەوەدابون و سەرپەرشتی شەڕەكەی كردووە.
شیكاری: درەو بەشی یەکەم جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لە چەند ڕوویەکەوە کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری جیهان بەجێهێشتووە، جگە لە دروستبوونی قەیرانی وزە کە لەگەڵ دەستپێکی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی، هاوکات هەڵئاواسانی نرخی شتومەک و داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی بەڕێژەی (1%) ڕویداوەو، پێدەچێت سیستمی دارایی جیهانیش لەت ببێت. دەستپێک دۆخی ئێستا گەواهی ئەوە دەدات کە جیهان لەبەردەم قەیرانی سیاسیی و ئاسایشی و ئابورییە، ئەویش بەهۆی ئەو بارگرژییەی لەم داواییانە کەوتووەتە لەنێوان و روسیا لە لایەک و ئۆکرانیا بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، بەتایبەتیش دۆخەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوە لەدوای ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن ڕوسیاوە دژ بەو وڵاتە. دەکەوتنی ئاسەوارە خێراکانی جەنگیش بەرەو ئەو ڕاستییە پەلکێشمان دەکات کە سیستمی جیهانی لە ئێستادا هاوشێوەی "گوندێکی جیهانی"یە وەک بەشێک لە شارەزایان ناویان لێناوە. هەر بۆیە هەڵگرسانی جەنگ بە خێرایی کاریگەریی کەسەر سیستمی جیهانی و دەبێت لە هەردوو کایەی سیاسی و ئابوری ڕەنگدانەوەکانی بەڕوونی دیارن، بەڵام کاریگەرییەکانی بە یەک ئاست و دابەش نەبووە بەسەر تەواوی هێزە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، بەڵکو بەشێکیان ڕاستەوخۆ و هەندێکیشیان بە ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری جەنگەکەدان. ئاراستەی جەنگەکە کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوون و ئاڵۆزبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانەکان، هەندێک وای دەبینین کە جەنگەکە هەڕەشە دەبێت لەسەر سیستمی ئێستای جیهان، بە تایبەت بەشێک لە وڵاتان هەست بە قەیرانێکی نوێی جیهانی دەکەن، لەم ڕونگەوەیە بەشێک لە شارەزایانی ئابوری عێراق کۆمەڵێک پرسیاریان لا گەڵاڵە بووە، دیارترین پرسیارەکان ئەوەیە: کاریگەری جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لەسەر ئابوری عێراق تا چ ئاستێک دەبێت؟ ئایا ئەو کاریگەرییانە کە بەشی گەوەرەیان لەسەر ئاستی ئابوری عێراق دەبێت کاریگەری باش (ئیجابی) یان خراپ (سلبی)یەکانی گەورەتر دەبێت؟ ڕەنگدانەوەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لەسەر دۆخی ئابوری جیهان لەگەڵ دەسپێکی هەڵگرسانی جەنگی نێوان روسیاو ئۆکرانیا و لە هەفتەی یەکەمدا کۆمەڵێک کاریگەری خنکێنەر باڵی بەسەر ئابوری جیهاندا کێشا، ئەم ڕاستییەش لە ئێستادا بە ئاشکرا بە بازاڕی جیهانییەوە دیارە، بەشی زۆریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕاستە جەنگەکە جەنگی نێوان دوو وڵاتە، بەڵام لە بازنەیەکی فرە سنوردایە جگە لەوەی ڕوسیا وڵاتێکی بەڕوبەر فراوانە هاوکات خاوەن ئابورییەکی زەبەلاحیشە لە جیهاندا، چونکە ڕوسیا لە سێ یەکەمەکەی جیهانە لە بەرهەمهێنانی نەوت، هەر وەکو چۆن لەگەڵ ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی (30%) گەنمی جیهان دابین دەکەن، سەرەرای دابینکردنی ڕۆنی ڕۆکی، ڕوسیا بە گەورەترین سەرچاوەی کانزای جیهان و خاوەن کشتوکاڵی گەورەو بەهێزە و هاوبەشی بازرگاکانی لەگەڵ نیوەی وڵاتانی جیهان هەیە. هەموو ئەمانە وادەکای کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانکراوبێت، بەپێی ئاماژە ئابورییەکان، پوختەی کاریگەرییەکان لە چەند خاڵێکدا ڕوون دەکەینەوە. 1. درێژبوونەوەی قەیرانەکان لەسەر سەرچاوەکانی وزە: روسیا شان بەشانی وڵاتانی ڕێکراوی ئۆپێک بەشدارە لە بازاڕی وزەی جیهانی (نەوت و غاز)، هەردوو لا پێکەوە پێداویستییەکانی بازاڕی نەوت و غاز پڕ دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی روسیا هێزێکی کاریگەری جیهانە لە بازاڕی وزەدا و بەپێی زانیارییەکان (31%)ی پێداوستی نەوتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و (30%) پێداویستی غازو (30%)ی پێداویستی غەڵوزی ئەو وڵاتانە پڕدەکاتەوە. بۆیە هەر جموجۆڵێک بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر روسیا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەت بۆ سەر کەرتی وزە، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوونی قەیرانی ئابوری گەورەتر، چونکە هەر کەمبوونەوەیەک لە خستنەڕووی نەوت و غاز، کاریگەری دەبێت کەسەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە بە ئاستێکی زۆر گەورە، ئەوەشی گەواهی ئەو ڕاستییەیە، لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەیەکی دورودرێژە کۆنترۆڵی نرخی وزە کراوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی سەپاندنی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی. (بڕوانە چارتی ژمارە (1 - 2)) چارتی ژمارە (1) https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/ چارتی ژمارە (2) https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart 2. هەڵئاوسانی جیهانی: سەرباری دروستبوونی هەر قەیرانێک لە کەرتی وزەدا ڕاستەوخۆ قەیران لە کەرتەکانی دیکەشدا دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەک لە ئۆکرانیاو ڕوسیا دوو بەرهەمهێنەرو هەناردەکاری سەرەکی شمەک و خۆراکن بە تایبەت لە گەنم و گەنمەشامی و کانزاکان، بۆیە دەبینین بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە نرخی ئەو شمەکانە ڕوویداوە، هێشتا بەرزبوونەوەکان بەردەوامیان هەیە، کە دەکرێت بە هەڵئاوسانێکی گەورەی جیهانی لە قەڵەم بدرێت، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی گەنم لە دەرەوە هاوردە دەکەن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) بوشل (bushel): یەکەی پێوانەیە بۆ پێوانی شمەکی وشکە بە تایبەتیش کێشانی بەروبوومی کشتوکاڵی، پیوانەکەش لە بەروبومێکەوە بۆ بەروبوومێکی دیکە دەگۆڕێت بۆ نمونە (1 بوشل = 27.2188 کیلۆگرام لە گەنم، بەڵام 1 بوشل = 20.412 کیلۆگرام لە گەنمەشامی) https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data 3. داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی: بێگومان جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا جۆرێک شێواوی بەخشیەوە بە دۆخی ئابوری ئێستای جیهان، کە دەبێتە هۆی پاشەکشە لە گەشەی ئابوری لە ساڵی 2022 – 2023، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەریتانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەشەی ئابوری جیهان بە تێکڕا (1%) دابەزیوە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمبوونەوەی خستنەڕووی وزەی ڕوسیا لە بازاڕەکانی جیهان، لای هەموانیش ئاشکرایە کە بەشێکی دەگەڕیتەوە بۆ سزاکانی سەر ڕوسیا، ئەمەش بووە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی بەرمهێنانی دەوڵەتانی وەبەرهێن بەهۆی ئەو نادڵنیایی و شێواوییەی لە بازاڕەکانی جیهان هاتووەتە ئاراوە. ئەمە جگە لەوەی جەنگ بەشێکی گەورەی لەو ئاڵوگۆڕو گواستنەوە وشکانی و ئاوییانەی بواری بازرگانی پەکخستووە، بەتایبەتیش ئەو گواستنەوانەی پێشتر بە سنوری ڕوسیاو ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبوون، وەکو چۆن لەم دواییانە ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە ڕاگرت، وڵاتی تورکیاش کۆت ئاستنەگی دروستکرد لە گەرووی بۆسفۆر بۆ ئاڵوگۆڕو گواستنەوە، ئەم بارودۆخانە پێکەوە گەشەی ئابوری جیهانیان پاشەکشە پێکردو پێدەکەن. 4. دابەشبوونی سیستمی دارایی جیهان: هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت سزا ئابوری و داراییەکانی سەر ڕوسیا زیاد بکەن، بۆیە هەر سزا سەپاندنێک بەسەر کۆمپانیا وبانک و دامەزراوە داراییەکانی ڕوسییەکان لە لایەن هەریەک لەو دەوڵەتانەوە کاریگەری گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت، وەک چۆن بینیمان دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی روسیا بۆسەر خاكی ئۆكرانیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێ لەدژ مۆسكۆ راگەیاندو جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رایگەیاند دەركردنی روسیا لە سیستمی "سویفت" تایبەت بە مامەڵە داراییەكان یەكێك دەبێتە لە بژاردەكان. بە گوێرەی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە حاڵەتێكدا ئەگەر روسیا لە سیستمی سویفت بكرێتە دەرەوە ئاستەم دەبێت دامەزاراوە داراییەكانی بتوانن پارە بۆ ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن، ئەوەش كۆمپانیا گەورەكانی روسیا دەخاتە حاڵەتی شۆك بە تایبەتی بۆ كڕیارەكانی نەوتوغاز. هەروەها راپۆرتێكی تۆڕی " ئێن بی سی نیوز" جەختدەكاتەوە كە دوورخستنەوەی روسیا لەو دامەزراوە بانكییە گرنگە دەبێتە هۆی دەستبەجێی گەیاندنی زیان بە ئابوری روسیا بە تایبەتی كە ئەوە بەواتای دابڕاندنی روسیا دێت لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانی لەوانەش داهاتی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز كە زیاتر لە 40%ی داهاتی روسیا پێكدەهێنێت. بۆیە بە گوێرەی راپۆرتێكی " سی ئێن ئێن" روسیا لەماوەی رابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی تایبەت بەخۆی بۆ حەواڵەكردنی دراو كە لە (20%)ی حەواڵە ناوخۆییەكانی پشتی پێدەبەستن. راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە كە سیستمی ئاڵۆگۆڕو حەواڵەی بانكیی روسیی بواری ئەوە بۆ مۆسكۆ دەڕەخسێنن كە بتوانێت لەگەڵ بانكەكانی چیندا مامەڵە داراییەكانی بكات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت و لەتی دەکات. سەرچاوەکان - علی عبدالرحیم العبودیّ، اڵاپار العالمیە للحرب الروسیە-اڵاوكرانیە وانعكاساتها علی الاقتصاد العراقی، مرکز البیان للدراسات والتخگیگ، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/04/65rtry.pdf - رەو میدیا، بۆچی بەكارهێنانی سیتمی سویفت دەبێتە گورزێكی تێكشكێنەر لەدژی روسیا، لینکی ڕاپۆرت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9768 - Average annual Brent crude oil price from 1976 to 2022; https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/ - Natural Gas Prices - Historical Chart; https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart - Wheat Prices - 40 Year Historical Chart https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data - Corn Prices - 59 Year Historical Chart; https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data - بوشل (Bushel)؛ https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D9%88%D8%B4%D9%84
(درەو): ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە راپۆرتێكی ووردی لەسەر مێژووی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە. 🔹 تەموزی 2002 واتە ساڵێك پێش روخانی رژێمی عێراق، كۆمپانیای (جینیل ئێنێرجی) توركی گرێبەستی بەشداری بەرهەمهێنانی كێڵگەی نەوتی (تەقتەق)ی بەپشتیوانی گەورە وەبەرهێنەرانی تورك واژۆ كرد، پاشان لە 2004دا بەشێك لە بڕگەكانی ئەم گرێبەستە هەموار كرایەوە. (پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە) 🔹 12ی نیسانی 2003 هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركوك كشانەوە، هێزەكانی ئەمریكا بیرە گەورەكانی پارێزگاكەیان كۆنترۆڵكرد. (رۆژنامەی بەیانی ئیماراتی). 🔹 2004 كۆمپانیای DNO نەرویجی گرێبەستی بەشداری بەرهەمهێنانی كێڵگەی نەوتی (تاوكی) لە هەرێم واژۆ كرد. (ئەلجەزیرە). 🔹 تشرینی دووەمی 2005 كۆمپانیای DNOی نەرویجی دەستیكرد بە هەڵكەندنی بیرە نەوتییەكان لە هەرێم. (ئەلجەزیرە) 🔹 8ی نیسانی 2006 بۆ یەكەمجار بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (زاخۆ) لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. (ئەلجەزیرە). 🔹2006 كۆمپانیای (Western Zagroz Resources) گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەی (كەلار- باوەنور) لە هەرێمی كوردستان واژۆ كرد. (پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە) 🔹2007 كۆنسۆرتیۆم كە پێكهاتووە لە (دانا غاز)و (نفگ الهلال)ی ئیماراتی، گرێبەستی خزمەتگوزاری كێڵگەكانی غازی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ) بەدەستهێنا. (پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە). 🔹9ی ئابی 2007 یاسای ژمارە 22 ساڵی 2007 "یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان-عێراق" پەسەندكرا. (قاعدە التشریعات العراقیە) 🔹 2007 بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (تاوكی) لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. (ئەلجەزیرە) 🔹2007 (روپێویی جیولۆجی ئەمریكی) تێكرای یەدەگی نەوتی لە كوردستان بە (45 ملیار) بەرمیلو غازی شروشتی بە (3 بۆ 6 ترلیۆن) مەترسێجا خەمڵاند. (دامەزراوەی كارنیجی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی) 🔹9ی ئەیلولی 2007 حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ (هانت ئۆیل)ی ئەمریكی بۆ روپێویی جیولۆجیو دۆزینەوەی نەوتو هەڵكەندنی بیر، واژۆ كرد. (ئەلجەزیرە) 🔹 14ی ئەیلولی 2007 حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە وەزیری نەوتی عێراق (حسێن شەهرستانی) دەكات دەستلەكاربكێشێتەوەو دەستوەردان لە كاروباری هەرێمدا نەكات، ئەمە دوای ئەوەهات شەهرستانی تانەی دا لە یاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی كە حكومەتی هەرێم لە بواری نەوتو غازدا واژۆی كردبوون. (ئەلجەزیرە) 🔹14ی ئۆكتۆبەری 2007 گرێبەستی (هانت ئۆیل) ئەمریكی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە میدیا جیهانییەكاندا دەنگدانەوەی دروستكرد، ئەمە بەهۆی ئەوەی (رای هانت) كە بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە بوو، ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاریی كاروباری دەرەوەی كۆشكی سپیو هاوڕێی نزیكی جۆرج بوش بوو. (رۆژنامەی ئەلحەیات) 🔹3ی ئۆكتۆبەری 2007 سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (هانت ئۆیل) رایگەیاند پەیوەندی خێزانیی لەگەڵ سەرۆك بوشو كۆمارییەكاندا، هۆكار نەبووە بۆ یارمەتیدانی لە وەرگرتنی ئەو گرێبەستانەی نەوت لە هەرێمی كوردستان. (Wall street Journal) 🔹27ی ئەیلولی 2007 بەرپرسێك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەڵێ، گرێبەستی (هانت ئۆیل) لەگەڵ هەرێمی كوردستان، یەكڕیزی نیشتمانیی تێكدەداتو وڵات دەخاتە پشێویەك كە هیچ سودێكی نییە، ئامۆژگاری كۆمپانیاكان دەكات كە ئارەزوی بەستنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ هەرێم دەكەن، نەچنە بابەتە سیاسییەكانو ڕیسكە یاساییەكان. (رۆژنامەی الرأی) 🔹23ی تشرینی دووەمی 2007 وەزیری نەوتی عێراق (حسێن شەهرستانی) هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرێبەستەكانی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان راگەیاند. (رادیۆی نێودەوڵەتی مۆنتیكارلۆ) 🔹24ی تشرینی دووەمی 2007 حكومەتی هەرێمی كوردستان لێدوانەكانی وەزیری نەوتی عێراق (حسێن شەهرستانی) رەتكردەوەو رایانگەیاند، لێدوانەكان لە قەبارەی شەهرستانیو ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی، گەورەترە. (ئەلجەزیرە) 🔹11 كانونی دووەمی 2008 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ڕێگا بەو كۆمپانیا بیانییانەی نەوت نادات كە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم واژۆكردووە، لە عێراقدا وەبەرهێنان بكەن. (ئاژانسی هەواڵی براسا) 🔹24 حوزەیرانی 2008 حكومەتی هەرێم واژۆكردنی دوو گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (تالیسمان)ی كەنەدی راگەیاند، تا لەگەڵ كۆمپانیای (زاگرۆس) لە وەبەرهێنانی كێڵگەی (كەلار- باوەنور) بەشدار بێت. (ئەلجەزیرە) 🔹1ی حوزەیرانی 2009 كۆمپانیای DNO گروپ، بۆ یەكەمجار هەناردەكردنی نەوتی لە هەرێمی كوردستانەوە راگەیاند، وەك هەنگاوی یەكەم لە كێڵگەكانی (تەقتەق)و (تاوكی) بە تێكڕای (100 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جیهانو لە ڕێگەی تانكەرەوە. (ئەلجەزیرە) 🔹19ی تەمموز 2009 یەكەم پاڵاوگەی نەوت لە هەرێمی كوردستان كرایەوە كە كۆمپانیای (كار) خاوەندارێتی دەكرد، توانای پاڵاوتنی (75 هەزار) بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێكدا. (ئەلجەزیرە) 🔹24 ی حوزەیرانی 2011 كۆمپانیای DNOی نەرویجی رایگەیاند، نەوت لە كێڵگەی (تاوكی) لە كوردستانەوە هەناردە ناكات تا حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق وردەكاری رێككەوتنەكەیان لەبارەی هەناردەكردنی نەوت رانەگەیەنن. (رۆیتەرز) 🔹5ی شوبات 2011، نوری مالیكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، جەختیكرد رەزامەندە لەسەر گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانو بەپێی گرێبەستەكانیان كۆمپانیاكان مافیان هەیە، حكومەت شایشتەكانیان لە ئەستۆ دەگرێتو نەوت رادەستی (سۆمۆ) دەكات بۆ فرۆشتنی. (BBC) 🔹6ی ئایار 2011 بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ یەكەمجار بەغداد (243 ملیۆن) دۆلاری لە بەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان، خەرج كردووە. (BBC) 🔹18ی ئۆكتۆبەری 2011 حكومەتی هەرێم گرێبەستێكی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی واژۆ كرد، مافی دەرهێنانی نەوتی لە (6) ناوچەی باكوری عێراق پێداوە. 🔹18ی ئۆكتۆبەری 2011 حكومەتی عێراقی گرێبەستی (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی ئیدانەكرد، بە هەڕەشەی بۆ سەر یەكگرتوویی نیشتمان ناوبرد، چونكە ڕێگەی داوە بە دەرهێنانی نەوت لە 6 ناوچە، كە سیانیان لە دەرەوەی سنوری هەرێمەو لە چوارچێوەی سنوری پارێزگای نەینەوادایە. (دامەزراوەی كارنیجی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی) 🔹 21ی تشرینی دووەمی 2011 وەزیری نەوتی عێراقی (عەبدولكەریم لعێبی) دەڵێ، حكومەتی عێراق پەیامێكی ئاڕاستەی (ئێكسۆن مۆبیل) كردووە دەربارەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ هەرێم واژۆی كردووەو چاوەڕێی وەڵامیان دەكەین. (رۆیتەرز) 🔹 1ی نیسانی 2012 حسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، دەبێت كوردستان هەموو نەوتە بەرهەمهێنراوەكەی لەناوچەكانی هەرێم بەشێوەیەكی خێرا رادەستی وەزارەتی نەوت بكات، ئەگەر ئەیەوێت پشكی خۆی لە بودجە وەربگرێت. (BBC) 🔹 12ی نیسانی 2012 هاوپەیمانی كوردستانی داوا لە حكومەت دەكات حسێن شەهرستانی لە پۆستەكەی دوربخاتەوە، ئەمە دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی تۆمەتبار كردووە بەوەی نەوت هەناردەی ئیسرائیل دەكات، ئیمزای كۆكردوەتەوە بۆ لێپرسینەوەی لەناو پەرلەماندا. (المدی) 🔹 24ی تەموزی 2012 وەزارەتی نەوتی عێراق راگرتنی مامەڵەكردنی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای "شیفرۆن"ی ئەمریكیدا راگەیاندو رێگری كرد لە ئەم كۆمپانیایە بەشداری هیچ گرێبەستو رێككەوتنێك بكات لەگەڵ وەزارەتی نەوتو هاوبەشەكانیدا، بەتایبەتی لە كەرتی دەرهێناندا، ئەمە ئەگەر شیفرۆن لەو گرێبەستە نەكشێتەوە كە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستاندا واژۆی كردووە. (Arabic C.N) 🔹 7ی ئەیلولی 2012 حسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقو وەزیری نەوت هەڕەشە دەكات ئەو كۆمپانیا بیانیانە بخاتە لیستی رەشەوە كە گرێبەستیان لەگەڵ كوردستان كردووە. (DW) 🔹 27ی تشرینی دووەمی 2013 حكومەتی هەرێم رێككەوتنێكی درێژمەودای لەگەڵ توركیا واژۆ كرد، ئەم رێككەوتنە رێگە بە ئەنكەرە دەدات لەرێگەی هێڵی عێراق- توركیاوە، نەوتی هەرێم بگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانو لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان هەناردەی بكات، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا هەرێم بەڵێن بدات بەرهەمە نەوتییەكان بە توركیا بكڕێتو نەوتیشی بە نرخێكی گونجاو پێی بفرۆشێت هەروەها داهاتەكانی بخاتە (هالك) بانكی توركیاوە، داهاتەكان لەژێر سەرپەرشتی حكومەتی توركیاو حكومەتی هەرێمدا بێت. (پەیمانگای واشنتۆم بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی دوور) 🔹 31ی كانونی یەكەمی 2013 هەرێمی كوردستان پلان دادەنێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لە كۆتایی ساڵی 2013دا. (RT) 🔹 10ی كانونی دووەم 2014 وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەمی فەرمی دەردەكاتو تێیدا رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت لەبارەی ئەوەی بەشێوەیەكی سەربەخۆ هەستاوە بە هەناردەكردنی نەوت، بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەندیی، كە ئەمە پێشێلكردنی دەستورە، هەرێم بە بەقاچاخبردنی نەوت تۆمەتبار دەكات. (BBC) 🔹 8ی ئایاری 2014 حكومەتی عێراق كە وەزارەتی نەوت نوێنەرایەتی دەكات، داواكارییەكی ئاڕاستەی "ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس" كرد، بۆ ئەوەی ناوبژیوانی لەنێوان عێراقو توركیادا بكات لەبارەی یاسایبوونی بەكارهێنانی هێڵی نەوتی عێراق- توركیا بۆ گواستنەوەو هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق. (پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی دوور) 🔹 18ی ئایاری 2014 كۆمپانیای (هۆلیود ئنێرجی)ی ئەمریكا كە لە ساڵی 2003وە لە كوردستان كاردەكات، دۆزینەوەی دوو كێڵگەی نوێی نەوتی لە دهۆك راگەیاند، پێشبینی دەكات هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دواین گەورە كۆگای نەوتی جیهانیدا بێت. (سایتی پارتی دیموكراتی كوردستان) 🔹 22ی ئایاری 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی خاو لە كوردستانەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ رادەگەیەنێت. (BBC) 🔹 21ی حوزەیرانی 2014 وەزارەتی نەوتی عێراق حكومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات بە هەناردەكردنی نەوتی عێراقی بۆ ئیسرائیل، بە پێشێلكردنی روونی بەهاو بنەماو چەسپاوە نیشتمانییەكان ناوی دەبات. (النهار) 🔹 17ی حوزەیرانی 2014 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەستنەوەی كێڵگەكانی كەركوكی بە بۆری نوێ نەوتی كوردستانەوە راگەیاند، كە لەرێگەی توركیاوە هەناردە دەكرێت، هێزەكانی پێشمەرگە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكیان كۆنترۆڵ كردووە. (Reuters) 🔹 11ی تەموزی 2014 وەزارەتی نەوتی عێراق هێزەكانی پێشمەرگە تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستیگرتووە بەسەر دوو كێڵگەی سەرەكی نەوتدا لە پارێزگاری كەركوك، ئەمە بە هەڕەشە بۆ یەكڕیزیی نیشتمانیی ناودەبات. (BBC) 🔹 12ی تەموزی 2014 وتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان رایدەگەیەنێت كوركوك بە تەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایەو سوپای عێراقی تێدا نەماوە. (BBC) 🔹 24ی ئابی 2015 ئیسرائیل مانگانە بە بەهای (ملیارێك دۆلار) نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی (ئایارو ئاب) هاوردە كردووە، ئەمە رێژەی 77%ی خواستی ئیسرائیل بۆ نەوت پێكدەهێنێت. (Financial Times) 🔹 30ی تشرینی یەكەمی 2015 عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن دەڵێ" گومان هەیە نێوەندگیرێكی پاكستانی بەناوی (مورتەزا لاخانی) تێوەگلابێت لە گرێبەستی گەندەڵیدا لەناو هەرێمی كوردستان، ئەم نێوەندگیرە وا ناسراوە كە پەیوەندی لەگەڵ سەركردایەتی پارتی دیموكراتی دەسەڵاتداردا هەیە. (Financial Times) 🔹 15ی ئازار 2016 هاوپەیمانی كوردستانیی داوا لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران دەكات حسێن شەهرستانی وەزیری نەوت لە پۆستەكەی لابداتو بیداتە دادگا. (المسلە) 🔹 30 ی كانونی یەكەمی 2016 ژمارەیەك لە كۆمپانیا نەوتییەكان لە نزیكەی (19) ناوچەی نەوتی هەرێم كشانەوە، ئەمە بەهۆكاری تەكنیكیو سیاسیو ئابوری، لەناویاندا كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبیل)و (شیفرۆن). (رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر) 🔹 2ی حوزەیرانی 2017 كۆمپانیای "روزنەفت"ی روسی واژۆكردنی گرێبەستێكی گرنگ لەگەڵ هەرێم ئاشكرا دەكات كە ماوەی (20 ساڵ) دەخایەنێت. (RT) 🔹 28ی نیسانی 2017 ئامارێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایدەكات (200) پاڵاوگەی بێ مۆڵەتی نەوت لە كوردستان كاردەكەنو خاوەندارێتییان بۆ كەسانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە. (العربی الجدید) 🔹 10ی حوزەیرانی 2017 وەفدێكی حكومی بە سەرۆكایەتی جەبار لعێبی وەزیری نەوت سەردانی كوردستان دەكاتو لەگەڵ سەركردەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان. (رووداو) 🔹 19ی ئەیلول 2017 جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم نیشان دەدات بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوە نەوتییەكان. (كەناڵی الحرە) 🔹 25ی ئەیلولی 2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان ریفراندۆم رێكدەخات بۆ جیابونەوە، رێژەی بەشداری لەم ریفراندۆمەدا 92% بوو. (ویكیپیدیا) 🔹 17ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزەكانی عێراق گەورەترین گێڵگەی نەوتییان لە پارێزگای كەركوك كۆنترۆڵكردەوە، ئەمە دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە. (France24) 🔹 2018 بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 دەگاتە (202 ملیۆن) بەرمیل، لەم بڕە (180 ملیۆن) بەرمیلی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە كراوە، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتی دیلۆیت. (سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان) 🔹 20ی حوزەیرانی 2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەگاتە بەغداد بۆ دیدار لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقو تاوتوێكردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان، لەپێش هەمووشیانەوە دۆسیەی هەناردەی نەوت. (ئاژانسی هەواڵەكانی عێراق) 🔹 21ی ئابی 2019 كۆمپانیای (ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە) كە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش) بەڕێوەدەبات رایگەیاند، بۆ یەكەمجار لەدوای دەستپێكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە لە كێڵگەكەدا، ئاستێكی پێوانەیی بەرهەمهێنانی تۆماركردووە، بەجۆرێك تێكڕای قەبارەی بەرهەمی مانگانە لە تەموزی 2019دا (ملیۆنێك) بەرمیلی تێپەڕاندووە. (Reuters) 🔹 12ی كانونی یەكەمی 2019 سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان راگەیاند بۆ دیاریكردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی هەرێم بە بڕی (450 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەمە بۆ خۆبەدورگرتن لە كاریگەرییەكانی رێككەوتنی "ئۆپێك" بۆ دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان. (ئاژانسی ئەنادۆڵ) 🔹 24ی نیسانی 2019 سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی داواكراو لە نەوتی خاوی رادەستی حكومەتی ناوەندی نەكردووە. (Ultra Iraq) 🔹 21ی ئایاری 2019 عادل عەبددولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڕەشەی بڕینی پشكی هەرێم دەكات لە بودجەدا، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت بە بەڵێنەكانی بۆ رادەستكردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل بەپێی ئەوەی رێككەوتنیان لەسەر كردووە. (Independent Arabia) 🔹 20ی نیسانی 2020 هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوە دەكات لە گەورەترین دۆسیەی بەرتیل كە كۆمپانیای (روزنەفتی) روسی لەرێگەی نێوەندگیرێكی پاكستانییەوە بەناوی (مورتەزار لاخانی) بە بەرپرسانی هەرێمی داوە لەپێناو بەدەستهێنانی گرێبەستە نەوتییەكان. ((Alhurra) 🔹 26ی نیسانی 2020 ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران فەرمان بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەكات، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رابگرێتو ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە كە لەماوەی رابردوودا خەرجیكردووە، ئەمە بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان داهاتەكانی نەوتی دەرهێنراوی خۆی لەماوەی رابردوودا نەگەڕاندوەتەوە. (الجزیرە) 🔹 2ی ئایار 2020 راپۆرتی "دیلۆیت" داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 ئاشكرا دەكات كە گەیشتوەتە (8 ملیارو 400 ملیۆن) دۆلارەو پوختەی قازانجەكەی گەیشتوەتە (4 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلار، بەتێكڕای نرخی (52.76) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. (Iraqi24) 🔹 9ی ئەیلولی 2020 وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە كوردستان دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ (120 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزێنێت، ئەمە بۆ پابەندبوون بە بڕیارەكانی "ئۆپێك پڵەس". (Reuters) 🔹 22ی ئەیلولی 2020 عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقو وەزیری دارایی دەڵێ، كێشەكانی عێراق لەگەڵ ئۆپێكدا هۆكارەكەی بەقاچاخبردنی نەوتە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، كە بووە بە سەرچاوەیەك بۆ قاچاخچێتی. (SP Global) 🔹 2ی تشرینی یەكەمی 2020 عێراق یەكێك لەو وڵاتانەی ئەندامی ئۆپێكە كە بەكەمترین شێوە پابەند بووە بە بڕیارەكانی رێكخراوەكەوە لەبارەی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەمەش بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە دیاریكردنی بڕی بەرهەمهێنان. (Oil Price)) 🔹 13ی تشرینی یەكەمی 2020 ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازی دروستكردنی كۆمپانیایەك دەكات بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی هاوبەش. (Reuters) 🔹 31ی تشرینی یەكەمی 2020 كوردستان راوەستانی هەناردەی نەوتەكەی بۆ توركیا رادەگەیەنێت بەهۆی بەئامانجگرتنی بۆری نەوتی جەیهان، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەرپرسیارێتی هێرشەكە لەئەستۆ دەگرێت. (سكای نیوزی عەرەبی) 🔹 18ی كانونی دووەمی 2021 ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، خەرجی بەرههەمهێنانی نەوت لە كوردستان بەرزەو نەوتی هەرێم بە كەمتر لە نرخی جیهانیی دەفرۆشرێت، بۆیە دەبێت هەرێم دۆسیەی نەوت رادەستی سۆمۆ بكات. 🔹 28ی كانونی دووەمی 2021 عێراق سكاڵا نێودەوڵەتییەكەی دژی توركیا لەبارەی فرۆشتنی نەوتی كوردستانەوە كارا دەكاتەوە، ئەمە دوای سڕكردنی بۆ چەندجارێك لەسەردەمی حكومەتەكانی پێشتردا. (ئیندیپێندنتی عەرەبی) 🔹 3ی شوباتی 2021 كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) رایدەگەیەنێت، هیچ بڕە نەوتێكی هەرێمی رادەست نەكراوە، سەرباری ئەو رێككەوتنەی كە دەڵێ دەبێت هەرێم 250 هەزار بەرمیل رادەست بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی خۆی لە بودجەدا. (ئاژانسی ئەنادۆڵ) 🔹13ی شوباتی 2021 (بێژەن مسافر رەحمانی) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای DNOی نەرویجی كڕینی پشكی ئیكسۆن مۆبیل لە كێڵگەی "بەعشیقە" رادەگەیەنێت، بەمەش پشكی كۆمپانیاكە لە كێڵگەكە بۆ 64% بەرزدەبێتەوە. (News Daily Arabic) 🔹 7ی ئابی 2012 ئۆپێك داوا لە عێراق دەكات بڕی (6 ملیۆن) بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی مانگانەی نەوتی خۆی كەمبكاتەوە، ئەمە بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە رێككەوتنی "ئۆپێك پڵەس"ەوە. (ئیندیپێندنتی عەرەبی) 🔹 8ی ئابی 2021 كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی كرد، چاوی بە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت كەوت، رێككەوتن لەسەر پێویستی مامەڵەكردنێكی زۆر شەفاف لەگەڵ بەڕێوەبردنی سامانی نەوت لە عێراقو كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان. (وەزارەتی نەوتی عێراق) 🔹 4ی ئەیلولی 2021 وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ ستراتیژیەتی وەزارەتەكەی نوێكردنەوەو بەهێزكردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو كۆمپانیا جیهانییانەی كە لە بواری نەوتو غازدا لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007ەوە كاردەكەن، چونكە رۆڵی وەزارەت بەتەنیا لە سەرپەرەشتیكردنی ئەم پرۆسەیەدا كورت دەبێتەوەو لەسەرەتای دروستبوونییەوە رۆڵی جێبەجێكاری لەم بابەتەدا نییە. (سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان) 🔹12ی كانونی دووەمی 2021 كۆمپانیای (جینیل ئێنێرجی) سوربوونی خۆی نیشان دەدات بۆ پەنابردن بۆ دادگای نێودەوڵەتی، بۆ داواكردنی قەرەبوو لە هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆتایهێنان بە گرێبەستی بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی دوو گێڵگەی غاز لە كوردستان. (الگاقە) 🔹دوای چەندین ساڵ لە ئیمزاكردنی گرێبەست لەنێوان كۆمپانیای "ستێر گروپ"و "هێزەكانی سوریای دیموكرات- هەسەدە" كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە دەبێت رۆژئاوای كوردستان رۆژانە بڕی 30 هەزار بەرمیل نەوت بە كەمتر لە نرخی جیهانیی بە هەرێم بفرۆشێت، 22 كانونی دووەمی 2021 حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بە هەڵوەشاندنەوەی بۆریی نەوتی ناسراو بە (انبوب عدی). (روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ) 🔹30ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەتی بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بۆ بڕی تەنها (200 ملیۆن) كەمكردوەتەوە.(رۆژنامەی برایەتی) 🔹15ی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا یاسای نەوتو غازی هەرێم نادەستورییە، حكومەتی هەرێم ناچارە هەموە بەرهەمە نەوتییەكان رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێریی دارایی، وردبینیو پێداچونەوە بۆ سەرجەم بەندەكانی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بكات. (ئاژانسی هەواڵەكانی عێراق) 🔹16ی شوباتی 2022 حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی رەتدەكاتەوە، بڕیاری رادەستكردنی بەرهەمی نەوتی هەرێم بە عێراق، بە بڕیارێكی نادادپەروەرانەو نادەستوریی ناودەبات. (Alhurra) 🔹16ی شوباتی 2022 مەسعود بارزانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیارێكی تەواو سیاسی ناوهێنا، وتی: بڕیارەكە پێچەوانەی دەستوری عێراقەو ئامانج لێی دژایەتی هەرێمی كوردستانە. (Independent) 🔹16ی شوباتی 2022 ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، وەزیری نەوت رادەسپێرێت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانو كۆمپانیا بیانییە پەیوەندیدارەكان هەماهەنگی بكات بۆ ئامادەكردنی میكانیزمو هەنگاوەكان تا ئیدارەی دۆسیەی نەوت بكرێتو بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی جێبەجێ بكرێت. (المدی) 🔹20ی شوباتی 2022 بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، كۆمپانیا بیانیەكان كە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، دەخاتە دۆخێكی نالەبارەوە، ئەمە بەهۆی یاسایی نەبوونی گرێبەستەكانەوە. پشكی ئەو كۆمپانیایانە لە بۆرسەی جیهانیی پاشەكشەی بە خۆیەوە بینی. (لێدوانی شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەلجەزیرە) 🔹 26ی شوباتی 2022 بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، (ئیحسان عەبدول جەبار) سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراقی فەرمانێكی كارگێری دەردەكات بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا لە بەرپرسانی كۆمپانیاكە، تا ئەركەكانیان لەسەر هەموو پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن. (ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە) 🔹 5ی ئازاری 2022 وەزارتی نەوتی عێراق راستەوخۆ داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات نوێنەری خۆی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیو ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی دیاری بكات، لەگەڵ پاراستنی تەواوی مافەكانی وەزارەتو هاوبەشەكانیو داواكارییەكانی پێشوویان بەپێی بڕیاری دادگا. (ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە)
شیكاری: درەو نەوتی هەرێم لە سێ ئازاری (2020 - 2021 - 2022)دا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان مانگەکانی ئازاری (2020 – 2021 و 2022) بە ڕێژەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئازاری ساڵی (2020) دوای لێدەکردنی خەرجییەکان تەنها نزیکەی (164 ملیار) دیناری بۆماوەتەوە. بەڵام لە ئازاری ساڵی (2021)دا بڕەکە گەیشتووە بە ( 416ملیار) دینار و لە مانگی ئازاری (2022) بەراورد بە ئازاری (2020) بە ڕێژەی (80%) ئەو داهاتەی تەنها لە فرۆشی نەوتەوە لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە زیادی کردووە و (831 ملیار) دیناری تێپەڕاندووە. ئازاری 2020 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری (2020) بڕی (15 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، کۆریای باشور، مسر و ئیمارات) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕی جیهانیدا لە مانگی ئازاری ساڵی (2020) بەتێکڕا (32.01) دۆلار بووە. ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا نەوتەکەی بە (10) دۆلار کەمتریش فرۆشتیبێت، ئەوا تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (22.01) دۆلار، بەم پێیەش ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بەهاکەی بریتی بووە لە (330 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار. بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت و زانیارییە بڵاوکراوەکانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا (58%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە ڕۆشتووە، بەو پێیەش ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە لە مانگی ئازاری ساڵی (2020) تەنها (138 ملیۆن و 663 هەزار) دۆلاری ئەمریکی بووە. ئەوەی جێ ئاماژە پێدانە لەمانگی ئازاری ساڵی (2020) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1180) دیناری عێراقی بووە، بۆیە ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتی بووە لە (163 ملیار و 622 ملیۆن و 340هەزار) دیناری عێڕاقی بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) ئازاری 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (12 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەم پێیەش بڕی (3 ملیۆن) بەرمیل لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کەمی کردووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵێک پێشتر، ئەو بڕە نەوتەشی فرۆشتووە بە کەشتی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، رۆمانیا، ئیسپانیا و ئیسرائیل). نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕی جیهانیدا لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بەتێکڕا (65.41) دۆلار بووە، واتە نزیکەی دوو هێندەی ساڵێک پێشتر بەرزبوونەوەی بەخۆوە دیوە. ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا نەوتەکەی بە (11) دۆلار کەمتریش فرۆشتیبێت، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی (2021) ئاماژەی بۆ کراوە، ئەوا تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (54.41) دۆلار، بەم پێیەش ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەناردەی کردووە بەهاکەی بریتی بووە لە (652 ملیۆن و 920 هەزار) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)دا (56%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە ڕۆشتووە، بەو پێیەش ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بڕی (287 ملیۆن و 284هەزار و 800) دۆلاری ئەمریکی بووە. ئەوەی جێ ئاماژە پێدانە لەمانگی ئازاری ساڵی (2021) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە، بۆیە ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتی بووە لە (416 ملیار و 562 ملیۆن و 960 هەزار) دیناری عێڕاقی بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) ئازاری 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری (2022) نزیکەی بڕی (12 ملیۆن 220 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، ئەو بڕە نەوتەشی فرۆشتووە بە کەشتی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا و ئیسرائیل). نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕی جیهانیدا لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) بەتێکڕا (117.70) دۆلار بووە، واتە نزیکەی دوو هێندەی ساڵێک پێشتر و سێ هێندەی ئازاری ساڵی (2020) بەرزبوونەوەی بەخۆوە دیوە. ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا نەوتەکەی بە (11) دۆلار کەمتریش فرۆشتیبێت، وەکو ئەوەی لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت ئاماژەی بۆ کراوە ئەوا تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (106.41) دۆلار، بەم پێیەش ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەناردەی کردووە بەهاکەی بریتی بووە لە (1 ملیار و 303 ملیۆن و 874 هەزار) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)دا (56%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە ڕۆشتووەو دەکرێت ئە بۆ ساڵی (2022)ش درێژ بکرێتەوە، بەو پێیەش ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) بڕی (573 ملیۆن و 704 هەزار و 560) دۆلاری ئەمریکی بووە. ئەوەی جێ ئاماژە پێدانە لەمانگی ئازاری ساڵی (2022) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە، بۆیە ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتی بووە لە (831 ملیار و 871 ملیۆن و 612هەزار) دیناری عێڕاقی بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) خشتەی ژمارە (3) بەراروردکاری نەوتی هەرێم لە نێوان مانگی ئازاری ساڵەکانی (2020 – 2021 - 2022) یەکەم: بڕی نەوتی هەناردەکراو - حکومەتی هەرێم لە ئازاری (2020) بڕی (15 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە ئازاری (2021) نزیک لە هاوشێوەی ئازاری (2022) بڕی (12 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، واتە هەناردە کردن بەڕێژەی (25%) و (3 ملیۆن) بەرمیل نەوت هەناردەکراو کەمی کردووە. دووەم: داهاتی نەوت - لە ئازاری (2020) تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بە (22.01) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (330 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بڕی (138 ملیۆن و 663 هەزار) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە، کە بەهاکەی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بریتی بووە لە (163 ملیار و 622 ملیۆن و 340هەزار) دینار. - لە ئازاری (2021) تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بە (54.41) دۆلار فرۆشراوە، حکومەت بەبەهای (652 ملیۆن و 920 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بڕی (287 ملیۆن و 284هەزار و 800) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەم بڕەش بەراورد بە مانگی ئازاری (2020) نزیکەی دوو هێندەیە و بڕی (148 ملیۆن و 621 هەزار و 800) دۆلاری زیاترە، کە دەکاتە (52%). بەڵام بەدینار داهاتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لە ئازاری ساڵی (2020) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1180) دیناری عێراقی بووە، بەڵام لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1450) دیناری عێراقی بووە. - لە ئازاری (2022) تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بە (106.70) دۆلار فرۆشراوە، حکومەت بەبەهای (1 ملیار و 303 ملیۆن و 874 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بڕی (573 ملیۆن و 704 هەزار و 560) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەم بڕەش بەراورد بە مانگی ئازاری (2020) نزیکەی چوار هێندەیە و بڕی (435 ملیۆن و 41 هەزار و 560) دۆلاری زیاترە، کە دەکاتە (76%). بەڵام ژمارە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت ئەگەر داهاتی مانگی ئازاری ساڵی (2022) بەراورد بکەین بە داهاتی مانگی ئازاری ساڵی (2021)، چونکە ئەو بڕە داهاتەی حکومەت لە داهاتی نەوت بۆی ماوەتەوە لە ساڵی (2022) دوو هێندەی داهاتی مانگی ئازاری ساڵی (2021)ە، واتە (286 ملیۆن و 419 هەزار و 760) دۆلاری زیاترە بە ڕێژەی (50%). بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4) بەراروردکاری نەوتی هەرێم لە نێوان مانگی ئازاری ساڵەکانی (2020 – 2021 - 2022) بە گرافیک چارتی (1) چارتی (2) چارتی (3) چارتی (4)
