دیاردەی خۆڵبارین .. هۆکارەکانی، چۆنیەتی کۆنترڵکردنی
2022-05-23 13:44:46
درەو:
راپۆرتی: سەنتەری توێژینەوەی نەوەی نوێ
دەستپێک
دیاردەی خۆڵبارین ئێستا بووە بە گرفتێکی گەورەیی ژینگەیی لە عێراق و زۆر وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش، بەتایبەتی سوریا، ئوردن ئێران و تورکیا. ئەم خۆڵبارینە دەرەنجامێکی راستەوخۆی ئەو گۆڕانی کەش و هەوایە کە بەسەر گۆی زەویدا هاتووە، بەڵام بەشێکیشی دەرەنجامی خراپ مامەڵەکردنی مرۆڤەکانە لەگەڵ ژینگەو سەرچاوەکاندا. چارەسەری ئەم کێشەیەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاریکاری هەرێمایەتی و جیهانی هەیە بۆ رێگرتن لە دەرەنجامە کارەساتبارەکانی کە دوور نیە بەشێک لەم وڵاتانە بەکەڵکی ژیانکردن نەمێنن بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانەی کەش و هەواوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پرۆژەی گاپی تورکیا ( دروستکردنی ٢٢ بەنداو لە سەر دیجلەو فورات)ی وەک هۆکاری ئەم خۆڵبارینە ناوبردووە، لە بەرامبەردا تورکیاش ئەمەی رەتکردۆتەوەو گرفتەکە وەک دیاردەیەکی سروشتی دەبینێت کە تورکیاشی وەک عێراق گرتۆتەوە.
راپۆرتە چەند پێشنیارێکی خستۆتەڕوو کە دەکرێپ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمیش کاری لەسەر بکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە مەترسیدارەکانی ئەم خۆڵبارینە.
خۆڵبارین چیە؟
خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی کە هەندێ جار سروشتییەو و هەندێک جاریش کردەییە، یان لە ئەنجامی کارە نا تەندروستەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت. ئەم دیاردەیە بە هۆی راماڵینی خاکەوە دروست دەبێ بە هێزی با و دواتر دەنکۆڵەکانی خاک بەرز دەبنەوە بۆ بەرگی هەوایی وتا زیاتر لە ٢ کم لە رووی زەوییەوە.
بۆ روودانی ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی سروشتی پێویستە خێرایی با زیاتر بێت لە ٢٥ کم/کاتژمێر لە شوێنی سەرچاوەوە کە زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەکو بیابانی عەرەبی و بیابانی خۆرئاوای عیراق وهەندێ جاریش لە بیابانی ئەفریقیاوە.
هۆکاری خۆڵبارین
مەرج نییە خۆڵبارین تەنها لە بیابانەکانەوە سەرچاوە بگرێت چونکە زۆر جار لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دروست دەبێت.
یەکەم: ئەو زەوییانەی کە دەکەونە ناوچە وشک و نیمچە ووشکەکانەوەو کە بە هۆی کەمی روپۆشی رووەکی، کەم بارانی و بەرزی پلەکانی گەرمیاوە مادەی ئۆرگانیان زۆر کەم بۆتەوەو خاکەکانیان لاوازەو بە تەواوەتی شی بوەتەوە. بۆیە ئەم تایبەتمەندیانە وادەکەن کە خاکەکە بە ئاسانی لەگەڵ هەڵکردنی رەشەبادا بچێتە بەرگی هەواییەوە وبگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تر.
دووەم: چالاکییە ناتەندروستیەکانی مرۆڤ لەو جۆرە زەوییانە وەکو جووتکردن بە شێوەیەکی نازانستی، بە کارهێنانی ئۆتۆمبێڵ لەو زەوییانەو چالاکییە سەربازییەکان زیاتر بەشی سەرەوەی خاک شیدەکەنەوەو توشی راماڵێن دێت بە با.
بەپێی وتەی شارەزایەکی ستراتیجی و سیاساتی ئاوی، چاوەڕێ دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠، خۆڵبارین لە ٣٠٠ رۆژی ساڵەکەدا هەبێت (نزیکەی ٨٣% هەموو کات و تەمەنی مرۆڤەکان)، ئەگەر بێت و هەنگاوی پێویست نەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هۆکارانەی کە بوون بە هۆی دیاردەکە. چونکە ٧٠% زەویە کشتوکاڵیەکانی عێراق یان وێران بوون، یان لەبەردەم هەڕەشەی وێران بووندان.
شەڕو ململانێ سیاسیەکانی ناوچەکەش رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە وێرانکردنی زەویە کشتوکاڵیەکان و خێراکردنی دیاردەی بە بیابانبوون، کە هۆکارێکی سەرەکی ئەم خۆڵ بارینەن. بۆ نمونە، سوریا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە، ٢٥% ی زەویە کشتوکاڵیەکانی لە دەستداوە. بە پێی خەملاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیانی راستەوخۆی ئەم خۆڵبارینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانە ١٣ ملیار دۆلارە، زیانە ناراستەوخۆکانیشی چەندین جار زیاترە لەمە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، ساڵانە خۆڵبارین لە عێراقدا هەر هەبووە کەم و زۆر، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا وڵاتەکە روبەڕوی شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆڵبارین بۆتەوە بە جۆرێک مەودای بینین لە زۆربەی شارەکانی عێراق کەمبۆتەوە بۆ ٥٠ مەتر و هەزاران کەسیشی خستۆتە نەخۆشخانەکانەوە، ئەمە جگەلەوەی کە بە دەیان ملیۆن دۆلار زیانی لە کشتوکاڵی عێراق داوە.
لە عێراقدا وشک-کردنی زۆنگاوەکانی باشور لە لایەن رژێمەکەی سەدام حسێنەوە، دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیاو ئێران، کەمکردنەوەی دارستان و روپۆشە سەوزیەکان و کردنیان بە شوێنی نیشتەجێبوون وەک هۆکاری راستەوخۆیانەی دیاردەکەی باس دەکرێن.
پێکهاتەی خۆڵبارین
پێکهاتەی خۆڵبارین بە پێی سەرچاوەکەی دەگوڕێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەنکۆڵەکانی خۆڵ (خاک) تیرەیان ٥٠٠ مایکرۆن یا کەمترە، بە پێی کاریگەریان و رۆڵیان لە چڕی خوڵبارین وتوانای مانەوەیان لە بەرگی هەواییدا وکاریگەریان لەسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ ئەکرێتە چوار بەشەوە:
١- زۆر زبر: ئەم دەنکۆڵانە تیرەیان نزیکەی ٥٠٠ مایکرۆنەو لە بەر کێشیانەوە تا چەند سانتێمێک یا چەند مەترێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا دادەبەزنەوە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر چڕی خۆڵبارین وهەروەها لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆر کەمە یا هەر نییە.
٢- زبر: تێرەی ئەم دەنکۆڵانە لە نێوان ١٠-٥٠٠ مایکرۆنن وتا قەبارەیان نزیک بێت لە ١٠ مایکرۆنەوە زیاتر لە بەرگە هەواییدا دەمێننەوە بەڵام مانەوەیان لە بەرگە هەوایی تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە ودواتر دادەبزنە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە بەڵام بە شێویەکی زۆر کەم.
٣- ورد: ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تیرەیان لە نێوان ٥,٢-١٠ مایکرۆنە وبۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرگی هەواییدا دەمێننەوەو کاریگەریان زۆرە لە سەر تەندروستی مرۆڤ وبە تایبەتی لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان وتوشبوون بە هەستیاری چاوو کۆئەندامی هەناسەدان.
٤- زۆر وورد: ئەو دەنکۆڵانە دەگرێتەوە کە تیرەیان کەمترە لە ٥,٢ مایکرۆن. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە بە هەڵواسراوی لە بەرگی هەوا وهەندێ جار بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ رۆژ دەمێننەوە. وکاریگەری لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆرە ویەکێکە لە پڕمەترسیدارترین جۆرەکانی دەنکۆڵە و بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە زۆر بە ئاسانی تێکەڵ بە سوری خوێن دەبن وزۆر جار بە هۆی کرداری گۆڕینەوەی ئایۆنی (ion exchange) میتاڵە قورسەکانیان پێوەیە بۆیە ئەمەش مەترسیەکانی خۆڵبارین بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگا زیاتر دەکاتەوە.
کاریگەرییە ژینگەییەکانی خۆڵبارین
جگە لەوەی کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی رادەی بینین، لە گەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆری هەیە لە سەر هاوسەنگی نێوان تیشکی خۆر وتیشکی زەوی. کواڵیتی هەوا بە تەواوەتی دەگۆڕێت چونکە کاریگەری زۆری لە سەر رێژەی ئۆکسجین دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، بە هۆی وردی دەنکۆڵەکانی خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەنیشنە سەر گەڵای دارو رووەک و بەروبومە کێڵگەییەکانەوە بۆیە دەبێتە هۆی داخستنی مولولەی سەر گەڵای دارەکان و پەکخستنی کرداری رۆشنەپێکهاتن و دواتر وەرینی گەڵای دارەکان وکەمکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەروبومە کێڵگەییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، دوای نیشتنەوەیان لە سەر زەوی یا خاک دەبێتە هۆی تێکچونی پێکهاتەی خاک لە رووی کیمیاوی وفیزیاوی وبایۆڵۆجیەوە، و رێژەی میتاڵە قورسەکان لە خاک زیاد کات.
تایبەت بە سەرچاوەکانی ئاو، دیاردەی خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ زیادبوونی لێڵی ئاو و زۆر جار بە پێی خەستی خۆڵبارینەکە رێژەی ترشی وتفتی (pH)ی ئاو دەگورێت، هەروەها رێژەی میتاڵە قورسەکان لە ئاو زیاد دەکات کە هەموو ئەمانە کاریگەریان لە سەر زیندەوەرانی ناو سەرچاوەکانی ئاو دەبێت وتەنانەت کواڵێتی ئاوەکە دەگۆڕن.
کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین
تایبەت بە کۆنترۆلکردنی یا کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین تەکنیکەکان دەگوڕێت بە پێی شوێنی سەرچاوە یا شوێنی هەڵکردنی خۆڵبارینەکە.
رووبەری بچووک: لە روبەرە بچوکەکان پێویستە رێژەی مادەی ئۆرگانی لە نێو خاکدا زیادبکرێت، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە شێوەی زانستی و تێکەڵکردنی پاشماوەی رووەک و داری هاڕاو یا فراوانکردنی رووپۆشی رووەکی و دروستکردنی پشتوێنەی سەوز لە دەوروپشتی شارەکان.
هەندێ مادەی کیمیاویش بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو مادانە کاریگەریان لە سەر ژینگە زۆر خراپە بۆیە پێویست ناکات ئاماژەیان پێبکرێت.
رووبەری فراوان: بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین لە بیابانەکانەوە، بە هۆی فراوانی رووبەریان ئەوە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە نێوان ئەو وڵاتانەی کە خۆڵبارین کاریگەری دروستکردووە لە سەریان وەکو وڵاتانی کەنداو، عیراق، سوریا، ئێران و تورکیا و پێویستە بودجەی هاوبەشی بۆ تەرخان بکرێت بە مەبەستی ئیستغلالکردنی ئەو بیابانانە بە شێوەی زانستی. لە ئێستادا و بە هۆی کەم بارانی ووشکە ساڵی کە هۆکارێکن بۆ زیادبونی دیاردەی خۆڵبارین. ئەوەی زۆر پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە لە رووی کاریگەری خۆڵبارین لە سەر تەندروستی مرۆڤ و چۆنیەتی خۆپارێزی لەم دیاردەیە.
پێشنیاز و چارەسەر
لە روی دیپلۆماسی و سیاسیەوە:
یەکەم: حکومەتی فیدراڵی عێراقی دەتوانێت لە رێگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە فشاربکات لەسەر ئێران و تورکیا بۆ بەردانەوەی بەشی پێویستی ئاوی روبارەکان.
دووەم: بەدیهێنانی هاریکاری هەرێمایەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی خۆڵبارین هەنگاوێکی گرنگ و سەرەکی هەر چارەسەرێکە و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەتوانێت دەستپێشخەری بکات بۆ مەیسەرکردنی ئەم هاریکاریە لە نێوان تورکیا، ئێران، ئۆردن، سوریا، سعودیە و کۆیت.
لەرووی زانستی و تەکنیکیەوە:
ئەوەی پێویستە لە بیابانەکانی عیراق پەیڕەو بکرێت بە تایبەتی لە ناوچەی بادیە (موصل)، بیابانەکانی رۆژئاوا (ئەنبار) و بیابانی سماوە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەن:
یەکەم: زۆر گرنگە لەو ناوچانەی خۆڵبارینی لێوە سەرچاوە دەگرێت (وەکو بادیەی موصڵ، بیابانی رۆژئاوا لە ئەنبار و بیابانەکانی سماوە) تەکنیکی بارانی دەستکرد – (پیتاندنی هەور) پەیڕەو بکرێت بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی شێ لە خاکدا وجێگیرکردنی. وئامادەکردنی کەشێکی گونجاو بۆ گەشەکردنی رووەکی سروشتی لەو ناوچانە.
دووەم: زیادکردنی ریژەی ماددەی ئۆرگانی لە ناو خاکی بیابانەکانی عێراق وەک پاشماوەی رووەکی وئاژەڵی وداری هاڕاوکراو.
سێیەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بە درێژایی بیابانەکان و بە پێی پلانێکی تایبەت کە لە ماوەی ٥-١٠ ساڵ زیاتر نەبێت.
پێویستە لەو ناوچانەی کە ئاماژەی پێکرا پشتوێنەی سەوز بە پانتاییەکی زۆر دروستبکرێت وهەوڵبدرێت بە شێوەی کەنتۆری بێت بۆ کەمکردنەوەی جوڵەی راماڵینی خاک.
چوارەم: چاندنی ئەو جۆرە دارانەی کە پێویستی بە رێژەیەکی زۆر کەم لە ئاو هەیەو بەرگەی وشکی وپلەی گەرمی بەرز ومادەی پیس دەگرێت وەکو (کالیپتۆز، صەفصاف و ئەسل).
پێنجەم: ئاودێری کردنی ئەو پشتوێنە سەوزە بە ئاوی زێراب (پاشەڕۆ) دوای فلتەرکردنی بە شێوەیەکی زانستی سادە و بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێری نوێ (دڵۆپاندن یا پرشاندن) کە رێژەی بەفیرۆدانی ئاو کەم دەکاتەوە. هەروەها ئەتوانرێت بیر هەڵکەندرێت لەو بیابانانەو بە هەمان شێوە ئاوی ئەو بیرانە بە شێوەی زانستی بەکاربهێنرێت.
ئەمەش پێویستی بە گواستنەوەی پاشەڕۆی هەندێ لە شارەکانە بۆ بیابانەکان بە سیستمی کەناڵی داخراو ودروستکردنی گۆماوی دەستکرد.
شەشەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بۆ هەموو شارەکان.
حەوتەم: پەیڕەوکردنی سیستمی چاندن بە بێ کێڵان (zero tillage) لە زەوییەکشتوکاڵیەکانی هەموو ناوچەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان کە وادەکات رێژەی راماڵینی خاک کەم ببێتەوە.
ئەم تەکنیکە کاری سەرەکی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوە بەتایبەتی پێویستی بە چالاککردنی بەرێوەبەرایەتی رێنمایی کشتوکاڵی هەیە لە هەموو بەرێوەبەرایەتییە گشتیەکان.
پێشنیاز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
یەکەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بۆ هەموو شارەکانی کوردستان بە تایبەتی گەرمیان، دەشتی هەولێر وباشوری دهۆک بە رێگەی سیستەمی دڵۆپاندن و بەکارهێنانی ئاوی زێرابی شارەکان دوای پالاوتنیان. چونکە ئەم ناوچانە زۆرترین مەترسی بەبیابانبوونیان لە سەرە.
دووەم: راهێنانی جوتیاران لەسەر شێوازی نوێی کشتوکاڵکردن و پشتگیریکردنیان بۆ بە بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری زیرەک وەک دڵۆپاندن لەو ناوچانەی کە دەتوانن پشوێنەی سەوز بۆ کوردستان دروست بکەن، وەک گەرمیان، دەشتی هەولێر و باشوری دهۆک.
سێهەم: بە هەمان شێوەی بەشەکانی تری عێراق، کوردستانیش پێویستی بەو دارانە هەیە کە بە رێژەیەکی زۆر کەم لە ئاو دەوێت و بەرگەی وشکی و پلەی گەرمای بەرز ومادەی پیس دەگرێت وەک کالیپتۆز، صەفصاف و ئەسل.