Draw Media

بەرپرسان "نەجمە" بۆ كوڕەكانیان وەردەگرن

بەرپرسان "نەجمە" بۆ كوڕەكانیان وەردەگرن

2022-05-24 14:14:55


 
راپۆرت: درەو
ژمارەیەك لە كوڕو كەسی نزیكی بەرپرسانی حزبی و سەربازی و وەزیر و پەرلەمانتارانی یەكێتی لە خولی دەرچوانی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالاندا بینران، 12 پاسەوانی وەزیری پێشمەرگە و تەنانەت كوڕی وەزیری رۆشنبیریش لەم كۆلێژەدا پلەی ملازمی دوویان وەرگرت، ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان و ئەوانەش تەنیا خولێكی كەمتر لە (8) مانگیان بینی هەردووكیان یەك جۆر پلەی سەربازیان وەرگرت.  

دەرچوانی قەڵاچوالان 
لە خولی  دەرچوانی كۆلێژی قەڵاچوالاندا كە رۆژی 22ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وێنەی كوڕو كەسە نزیكەكانی بەرپرسە حزبی و وەزیر و پەرلەمانتاران دەركەوتن، 
رۆژی 22ی ئەم مانگە مەراسیمی دەرچوانی خولی (16)ی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداری لەم مەراسیمەدا كرد.
لەكاتێكدا باس لە دورخستنەوەی دەستی حزب دەكرێت لەناو هێزی پێشمەرگە، رۆژێك بەر لە مەراسیمی دەرچونی خوێندكاران، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ هەر دەرچوویەكی كۆلیژی سەربازیی (دەمانچە)یەكی پێشكەش كردن. 
لە خولی (16)ی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالاندا (503) خوێندكار لە هەردوو رەگەزیی (كچ‌و كوڕ) دەرچوون، (350) كەس لە دەرچووەكان ماوەی دوو ساڵی خوێندنی كۆلیژەكەیان تەواو كرد‌و بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)ی سەربازییان وەرگرت‌و پلەی (ملازمی دوو)یان پێدرا. (153) كەسی تریان تەنیا خولێكی كەمتر (8) مانگییان خوێندو هاوشێوەی ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان، پلەی (ملازمی دوو)یان خرایەسەر شان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەرەتا بەرپرسانی یەكێتی تەنیا (350) كەسیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان داخڵ كردووە، بەڵام دواتر كە زانیویانە لە سنوری پارتی (500) كەس داخڵی خولەكە كراوە، ئەوانیش ناوی (153) كەسی تریان بە پەلە داخڵ كردووە، ئەمە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا رویداوە، ئەو (153) كەسەی كە ناویان داخڵ كراوە ئەوانەن كە خولە (8) مانگییەكەیان خوێندووە. 

كوڕو كەسوكاری بەرپرسان لە كۆلیژی سەربازیی 
لەم خولەدا ژمارەیەك لە ئامر لیواو ئامر فەوجەكانی یەكێتی كوڕو خوشكەزارو برازای خۆیان داخڵ كردووە، بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، جگە لە وەزیری پێشمەرگە كە (12) كەسی لە سریەی پاسەوانەكانی خۆی داخڵ كردووە، لە لیستی ناو و وێنەی دەرچواندا كوڕی وەزیری رۆشنبیری‌و وەزیری دارایی بینران و پلەی (ملازمی دوو)یان وەرگرتووە. 
چەندین بەرپرسی باڵای حزبی كوڕو كەسە نزیكەكانیان داخڵكردووە (درەو) زانیویەتی، پەرلەمانتارێكی یەكێتی (2) كوڕو (2) برازای لە كۆلیژەكە داخڵ كراوە. 
 
پێوەرەكان چین ؟
سەرەتای كە دەست بە ناونوسین كراوە بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان، باسلەوە كراوە ئەوانەی وەردەگیرێن دەبێت بڕوانامەی (بەكالۆریۆس) یان (دیپلۆم) كەمتریان نەبێت، بەڵام دواتر پلەی بڕوانامە بۆ خوێندنی ناوەندی دابەزێندراوە.
لە وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی ناوخۆوە قوتابی بۆ ئەم كۆلێژە نێردراوە، كەسانێكی تریش كە هێشتا لە هیچ یەكێك لەو دوو وەزارەتە دانەمەزراون لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان وەرگیراون، بەڵام ئەولەویەت دراوە بەوانەی لە بەرپرسانی حزب‌و حكومەتەوە نزیكن. 

لەبارەی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالانەوە 
كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە ساڵی 1992 لەلایەن جەلال  تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی دروستكراوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئەم كۆلیژە خرایە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand