Draw Media

پلاسخارت: دۆست ئەوەیە دەتگرێنێ.. 

پلاسخارت: دۆست ئەوەیە دەتگرێنێ.. 

2022-05-25 17:20:15


راپۆرت: درەو
ساڵێك لەمەوبەر وتی" پێتان وانەبێ ئۆتۆنۆمییەكەی هەرێمی كوردستان تاسەر بەردەوام دەبێت" لەدوای ئەم قسەیەوە دادگای فیدراڵی عێراق بەبڕیارێك هەرێمی ناچاركردووە نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئێستا قسەیەكی تر دەكات‌و دەڵێ"لایەنی جوگرافیی هەمیشە لەبەرژەوەندی هەرێمدا نییە"، ئەو خاتوو جینین پلاسخارتە، ژنێك كە كێشەی (زەردو سەوز)ی گەیاندوەتە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

عێراق لەسەردەمی پلاسخارتدا
"دۆست ئەو كەسەیە ئەتگرێنێ" جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ساڵێك لەمەوبەر لەبەردەم سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەمشێوەیە قسەی كرد. 
خاتوو پلاسخارت ئەم قسەیەی كرد بۆ ئەوەی دواتر بە سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بڵێ" پێتان وانەبێت ئەو ئۆتۆنۆمیەی ئێستا هەتانە هەروا بە مسۆگەریی‌و هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، یەكڕیزیی بۆ مانەوەی ئەو قەوارەیە پێویستە".
لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، خاتوو پلاسخارت حەوتەمین نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عێراق، ئەم ژنە لە ئابی 2018وە لە عێراق دەستبەكاربووە، واتە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی داعش‌و ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانەوە، دوو رووداو كە بارودۆخی ئەمنی‌و سیاسی عێراقیان ئاڵۆز كردبوو. 
لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم  ژنەوە، عێراق رووداوێكی سیاسی گەورەی بەخۆوە بینی، ئۆكتۆبەری 2019دا شەپۆلێك خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق دژی خراپی خزمەتگوزاریی دەستیپێكرد، ئەم خۆپیشاندانانە دواتر فراوانتر بوون‌و داوای لادانی چینی دەسەڵاتداری دوای روخانی سەددامیان دەكرد، خۆپیشاندانەكان (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناچار كرد دەستلەكاربكێشێتەوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئەمە یەكەمجار بوو سەرۆك وەزیرانێك لەژێر فشاری شەقامدا ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكرێت. 
پلاسخارت لەوانە بوو هەرزوو كەوتە بەرەی خۆپیشاندەرانەوە دژی چینی دەستڕۆیشتووی عێراق، ئەو چووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی لە بەغداد، سواری "توك توك" بوو كە سیمبولی ناڕەزایەتییەكان بوو، بە لەچكەوە سەردانی ئایەتوڵلا عەلی سیستانی كرد لە نەجەف‌و پاڵپشتی سیستانی بۆ خۆپیشاندەران‌و ئەنجامدانی چاكسازی لە عێراق راگەیاند. 

مەندوبی سامی یان نوێنەری یو ئێن ؟
لەوكاتەوە رۆڵی پلاسخارت لە عێراق زیادی كرد، نەخشەرێگای بۆ دەربازبوون لە بارودۆخەكە ئاڕاستەی حكومەت‌و پەرلەمان دەكرد، جموجوڵەكانی ئەو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی نیگەران كرد، هەندێك پێیان دەوت "ئەم ژنە وەكو مەندوبی سامی مامەڵە دەكات نەك وەكو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان" لەمەدا ئەیانویست بڵێن ئەو كارانەی خاتوو پلاسخارت دەیكات لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆی دیاریكردووە. 
هەندێك لە عێراقییەكان لەبارەی دەسەڵاتی پلاسخارتەوە زیاتریش دەڕۆشتن‌و بەراوردیان دەكرد بە خاتوو (گێرترود بێل) راوێژكاری (پێرسی كۆكس) مەندوبی سامی بەریتانیا لە عێراق لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا، ژنێك كە دەوترێت دەسەڵاتێكی رەهای هەبووە‌و راپۆرت‌و بیروبۆچونەكانی لای بەریتانییەكان بایەخی گەورەی هەبووە‌و سەركردە سیاسییەكان‌و وەزیرو ئەفسەرو پیاوماقوڵانی عێراق پێیان وتووە (خاتوون)‌و لەخوایان ویستووە جارێك بچنە دیداری، چونكە خاتوون دەسەڵاتی رەهای هەبووە‌و توانیویەتی ئیشوكارەكانیان رایی بكات.     
پلاسخارت دووەم هاوڵاتی هۆڵەندییە كە پۆستی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقی دوای روخانی سەددامدا وەردەگرێت، پێش ئەم لە ماوەی 2009  تا  2011 نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (ئاد میلكەرت) بوو كە ئەویش پیاوێكی هۆڵەندی بوو.    

"وەكو سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مامەڵە دەكات"
پلاسخارت لەوانە بوو كە رۆڵی كاریگەریی هەبوو لە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن (شیعەكانی دۆستی ئێران) تۆمەتباریان كرد بەوەی رۆڵی هەبووە لە نوسینەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن. 
كۆتا رۆژەكانی تشرینی دووەمی 2021 هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح‌و دیارترین دۆڕاوی هەڵبژاردن، جامی توڕەیی خۆی بەسەر خاتوو پلاسخارتدا رشت‌و وتی:" بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەی كە پلاسخارت دەیكات خەریكە متمانەمان بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەق دەبێت، پلاسخارت وەكو ئەوەی سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بێت دەستوەردان لە هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانیدا دەكات.. ئێمە مەندوبی سامی قبوڵ ناكەین، دەبێت پلاسخارت پابەندبێت بە ئەركی خۆیەوە". 
ئەوكات لایەنە شیعە دۆڕاوەكان باسیان لەوە دەكرد، سەدان بەڵگەی ساختەكارییان لە هەڵبژاردن خستوەتە بەردەم خاتوو پلاسخارت، ئەویش بەڵێنی پێداون لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا باس لەو ساختەكارییانە بكات، بەڵام كاتێك لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش قسەی كردووە، رێك بەپێچەوانەی بەڵێنەكەیەوە وتویەتی" هەڵبژاردنەكە خاوێنە". 

پلاسخارت‌و پرۆژەی كۆنفیدراڵی !
دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق، پلاسخارت كەوتەوە جموجوڵ، ئەمجارەیان پرۆژەیەكی گەورەتری بۆ عێراق ئامادە كردبوو كە پرۆژەی (كۆنفیدراڵی) بوو. 
لە تەموزی 2020 پلاسخارت جموجوڵ‌و سەردانە سیاسییەكانی زیاتر كرد، ئەوكات سەرچاوە ئاگادارەكان باسیان لەوە دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی عێراق نەخشەرێگایەكی "گشتگیر"ی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە.
وەكو باسدەكرا، پرۆژەكە داوای جێبەجێكردنی سیستمی "كۆنفیدراڵی"ی دەكرد لە عێراقدا، بەپێی پرۆژەكە، لەنێوان ئەو حكومەتانەی كە لە عێراقدا هەن هەندێك دەسەڵاتی وەكو ئابوری‌و دارایی‌و گومرگەكان ئازاد دەكرێن‌و بڕیار بەكۆی دەنگ دەدرێت، ئەگەر یەكێك لە حكومەتەكان بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئەو نییە، پابەند نابێت بە جێبەجێكردنییەوە.
واتە پلاسخارت هەوڵی دەدات عێراق لە وڵاتێكی (فیدراڵی)یەوە بكات بە وڵاتێكی (كۆنفیدراڵی)، مەسعود بارزانی لەوانە بوو كە پاڵپشتی لە پرۆژەكە دەكرد، بەڵام هەرزوو پرسی كۆنفیدراڵی لەلایەن لایەنە عێراقییەكانەوە رەتكرایەوە‌و هەوڵەكە بە شكست كۆتایی هات. 
بۆ دەستپێكردنی ئەم هەوڵە، خاتوو پلاسخارت شكستهێنانی بەردەوامی دانوستانەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستانی كردبوو بە هۆكار‌و باسی لەوەكردبوو پرۆژەكە لەلایەن وڵاتانی گەورەی جیهان لە پێش هەمویانەوە ئەمریكا، پاڵپشتی دەكرێت.
ئێستا پلاسخارت لەبارەی دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادەوە لەبەردەم واقعێكی گەورەتردایە، كە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە بۆ رادەستكردنی نەوت‌و غاز لەلایەن هەرێمەوە، بڕیارێك كە رۆژ لەدوای رۆژ پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.

زەردو سەوز.. جوگرافیای هەرێم
رۆژی 17ی ئەم مانگە لەدواین وتاریدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پلاسخارت لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە وتی:" ساڵێك لەمەوبەر لەزانكۆی كوردستان جەختم لەسەر دوركەوتنەوە لە دووبەرەكیی نێوان (زەردو سەوز) كرد واتە پارتی‌و یەكێتی، بەڵام دوای ساڵێك دووبەرەكی قوڵتربوەتەوە، ئەمەش بەخراپی كاریگەریی لەسەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە". 
پلاسخارت ئاماژەی بەوەكرد، هەرێمی كوردستان بژاردەی لەبەردەمدایە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، بۆ ئەمەش داوایكرد كەشوهەوای هەڵبژاردن فەراهەم بكرێت‌و دەرفەتی یەكسان بەهەموو لایەنەكان بە گەورەو بچوكەوە بدرێت، دواین بڕیاری پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی خواستی پلاسخارتە، پەرلەمان پرسی هەڵبژاردنی داوەتە دەست حزبەكان، ئەمەش ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن زیاتر دەكات. 
پلاسخارت جارێكی تر هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دایەوە، وتی:" لایەنی جوگرافی هەمیشە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە، دەبێت بارودۆخی ناوازەی جیۆپۆلەتیكی كوردستان هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بەوردی بیربكەنەوە". 

"پیرەژنەكە"
سەرباری ئەوەی لەناو ململانێی توندی پیاوە سیاسییەكانی عێراقدا كاردەكات، بەڵام هێشتا پلاسخارت وەكو هەر ژنێكی ئاسایی پێی ناخۆشە پێی بوترێت پیر بووە. تشرینی دووەمی 2021 لە كۆنفرانسێكی جێندەریدا خاتوو پلاسخارت گلەیی لە حاڵی خۆی كرد‌و وتی: منیش توندوتیژیم بەرامبەر كراوە، پێم دەڵێن پیرەژن.. پیاوێك لە تەمەنی مندا پێی دەوترێت گەنج یان پێی دەوترێت عاقڵ‌و به‌ئەزمون، ئەوانەی دەیانەوێت سوكایەتی بكەن دەبێت پێیان ناخۆش نەبێت ئەو پیاوانەی كە هاوتاو هاوكاری منن بەلایەنی كەمەوە دەیەیەك لە من گەورەترن".
پلاسخارت نیسانی 1973 لە هۆڵەندا لەدایكبووە، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزمونی كاری سیاسی هەیە، یەكەم ژن بووە لەماوەی ساڵانی (2012 بۆ 2017) وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە، ئەمەش ئەو ماوەیە بووە كە رێكخراوی "داعش" تێیدا سەریهەڵداوە. 
بەهۆی پۆستەكەیەوە وەكو وەزیری بەرگریی، پلاسخارت بەرپرسی ئەركانی هێزی چەكدارو هێزی پاڵپشتی‌و هێزی شاهانەی هۆڵەندا بووە كە ئەمانەش بەگشتی چوار جۆر هێز بوون (زەمینی، دەریایی، پۆلیسی سەربازیی، هێزی پاسەوانی سنور)، لەو ماوەیەدا سەرپەرەشتی بەشداری هۆڵەندای كردووە لە جەنگی (مالی) لە كیشوەری ئەفریقا، ئەفغانستان‌و عێراق، بەرپرسی هەماهەنگیی بووە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا‌و ناتۆ‌و نەتەوە یەكگرتووەكان. 
پلاسخارت لە ماوەی ساڵانی 2010 بۆ 2012 ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا بووە، لە 2004 بۆ 2010 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووەن وەكو نێردەی كۆمسیۆنی ئەوروپا لە ئەمیستەردام‌و لاتیڤیا كاریكردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand