Draw Media

گۆڕان پێنج ساڵ دوای مردنی نەوشیروان مستەفا

گۆڕان پێنج ساڵ دوای مردنی نەوشیروان مستەفا

2022-05-19 09:27:01


راپۆرت: درەو
ئەمڕۆ (5) ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تێدەپەڕێت، لەكاتێكدا بزوتنەوەكەی یادی كۆچی دوایی ئەو دەكەنەوە، حزبەكە سەری نەماوە، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندنەكەی كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی ناو بزوتنەوەكەن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە. 
عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەكە ئەمڕۆ چوەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا‌و تاجەگوڵینەی دانا. 
زیاتر لە حەوت مانگە رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەسیان لەكاركێشاوەتەوە‌و هێشتا شوێنەكانیان پڕنەكراوەتەوە، بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی بزوتنەوەكە بڕیاردراوە تاوەكو بەر لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان سازبدرێت‌و ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە كە لە پەیكەری سیاسی بزوتنەوەكەدا دروستبووە. 

چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان
دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاند‌و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد. 
25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی دژایەتیكردنی "گەندەڵی" بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌و لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم. 
بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (13) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكرا‌و لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان درا.
خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بڕیارەكانی خۆی لە جڤاتی نیشتمانی وەردەگرێت‌و جێبەجێان دەكات. 

خانەی یەكەم 
تاوەكو نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندا بوو، خانەی راپەڕاندن دروست نەكرا، ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، دوای مردنی، ئەو موڵك‌و ماڵانەی كە بەناویەوە بوو، كوڕەكانی گواستیانەوە سەر ناوی خۆیان، ئەم رووداوە كاردانەوەی هەندێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە‌و وەكو "تەوریسی سیاسی"‌و "دەستگرتن بەسەر موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەكە" ناویان برد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد‌و شوێنەكەی نەوشیروان مستەفاشی بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. 
یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە: 
•  عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە
•  عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكە‌و دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوە‌و ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات)
•  جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•  جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان
•  محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان 
•  شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك
•  رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی
دیارترین كارێك رێكخەری گشتی‌و یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردی، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروستكرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات‌و پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە‌و گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوە‌و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد.

خانەی دووەم
خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو.
جڤاتی نیشتمانی كە خۆشی وادەی بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێكهاتەی نوێی خانە كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر بەهۆی شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەستیان لەكاركێشایەوە بەمشێوەیە بوو:
•  عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•  عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا)
•  جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو قسەی هەیە لە پرۆسەی دروستكردنی دەستە كاتییەكەدا)
 • دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری ژورەكان
•  شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا، یەكێك لەوانە بوو كە داوای دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ببرێتە دەرەوە‌و موڵك‌و ماڵی گۆڕان لە موڵك‌و ماڵی تایبەتی نەوشیروان مستەفا جیا بكرێتەوە)
•  برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك (لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كاندید بوو لە بازنەی هەولێر، بەڵام سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان) 
خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بووە.

كۆنفرانسی نیشتمانی
بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021دا، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی 2021 دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلی‌و هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری. 
ئاسۆی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی گۆڕان هێشتا لەناو گردی زەرگەتەدا دەسوڕێتەوە‌و ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە تائێستا زۆربەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ كاری سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.
گۆڕان لەكاتێكدا توشی ئەم تەقینەوە ناوخۆییە بووە، كە ماوەیەكە‌و بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەكیان لەگەڵ سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەی‌و ئەوی تریان دژ، جڤاتەكەشی بۆچونی جیاوازیان هەیە لەبارەی مانەوە یاخود كشانەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەكاتێكدا جڤاتەكەی بڕیاری كشانەوەی داوە، چەند رۆژی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە بۆ پڕكردنەوەی چەند پۆستێكی تری خۆی لەناو حكومەت‌و پەرلەمان بە پلەی (راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی). 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand