Draw Media

شێخە كۆچكردووەكەی ئیمارات كێیە ؟

شێخە كۆچكردووەكەی ئیمارات كێیە ؟

2022-05-14 11:39:53


 (درەو): 
شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان بە سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی هەڵبژێردرا، ئاژانسی هەواڵەكانی ئیمارات (وام) ئەم هەواڵەی راگەیاند. 
بەپێی قسەی ئاژانسەكە، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ، ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ محەمەدبن زاید ئال نهەیانی بە سەرۆك هەڵبژاردووە. 
ئەمە دوای رۆژێك دێت لە مردنی شێخ خەلیفە بن زاید ئال نهەیان كە لە ساڵی 2004وە سەرۆكایەتی ئیماراتی دەكرد. 
لە ئیمارات وەزارەتێك هەیە بەناوی (وەزارەتی كاروباری سەرۆكایەتی)، ئەم وەزارەتە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە هەڵبژاردنی محەمەد بن زاید ئال نهەیان وەكو سەرۆكی وڵات بەگوێرەی ماددەی (51)ی دەستوری ئیمارات بووە. 

لەبارەی سەرۆكی كۆچكردوو
دوێنێ شێخ خەلیفە بن زاید ئال نهەیان سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. 
وەزارەتی كاروباری سەرۆكایەتی ئیمارات، كە هەواڵی مردنی سەرۆكی ئاشكراكرد، پرسەی فەرمی لە وڵات راگەیاند، فەرمانیدا ئاڵای وڵات بۆ ماوەی (40) رۆژ دابگیرێت، ماوەی سێ رۆژ دەوامی فەرمانگەكانی دەوڵەتیش كرا بە پشوو. 
شێخ خەلیفە بن زاید دووەم سەرۆك بوو لە مێژووی ئیماراتی عەرەبیدا، 16هەمین حاكم بوو لە مێژووی ئەمارەتی ئەبوزەبی، كە گەورەترین ئەمارەت لەناو (7) ئەمارەتەكەدا كە پێكەوە ئیماراتە فیدراڵەكانیان پێكدەهێنن. 
ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2004 شێخ خەلیفەی وەكو سەرۆكی ئیمارات هەڵبژارد، ئەمەش دوای مردنی باوكی (شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهەیان) كە لە ساڵی 1971دا دەوڵەتەكەی دروستكرد. 
خەلیفە بن زاید ساڵی 1948 لە شاری (عەین)ی ئەمارەت ئەبوزەبی لەدایكبووە، كوڕە گەورەی شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهەیان بووە‌و جێنشینی باوكی بووە، لەشاری (عەین)‌و لە خوێندنگەی (نەهەیانییە) كە باوكی دروستكردووە، خوێندنی بنەڕەتی تەواو كردووە. 
یەكەمین پۆست كە وەریگرتووە پۆستی (نوێنەری حاكمی ئەبوزەبی بووە لە ناوچەی خۆرهەڵات‌و سەرۆكی دادگاكان بووە لەم ناوچەیەدا)، ئەمە لە ساڵی 1966دا بووە كە ئەوكات هێشتا تەمەنی 19 ساڵی تەواو نەكردووە. 
لە 1ی شوباتی 1969دا بووە بە جێنشینی ئیمارەتی ئەبوزەبی، لەو كاتەدا تەمەنی 21 ساڵ بووە‌و دوای رۆژێك دواتر پۆستی سەرۆكایەتی فەرمانگەی بەرگریی لە ئەمارەتی ئەبوزەبی وەرگرتووە، یەكێك لە ئەركەكانی ئەم پۆستە سەرپەرەشتیكردنی هێزی بەرگریی ئەمارەتەكە بووە، كە ئەم هێزە دواتر بووە بە بناغە بۆ دروستكردنی سوپای ئیماراتی عەرەبی. 
1ی تەموزی 1971 شێخ خەلیفە سەرۆكایەتی یەكەمین ئەنجومەنی وەزیرانی لە ئەمارەتی ئەبوزەبی وەرگرتووە، لەپاڵ ئەمەشدا هەرددوو پۆستی وەزارەتی بەرگری‌و دارایی لای خۆی بووە. 
دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی لە كانونی یەكەمی 1971دا، لە كانونی یەكەمی 1973دا حكومەتی فیدراڵی ئیمارات دروستكراوە، لەم حكومەتەشدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران دراوە بە شێخ خەلیفە، ئەمە لەپاڵ ئەو پۆست‌و بەرپرسیارێتییە خۆجێیانەی تر كە هەیبووە. 
20ی شوباتی 1974 دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی خۆجێی، شێخ خەلیفە بووە بە یەكەمین سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە شوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمارەتەكەی. 
بەوپێیەی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن بووە لە ئەمارەتی ئەبوزەبی، شێخ خەلیفە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای پترۆڵیشی وەرگرتووە، كە بەرپرسیارێتی پیشەسازی نەوتی لە ئەمارەتەكە‌و پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان دەكەوێتە ئەستۆ. 
لەپاڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردندا، شێخ خەلیفە ساڵی 1976 دەزگای ئەبوزەبی بۆ وەبەرهێنان دروستكردووە كە سەرپەرەشتی بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی دارایی دەكات لە ئەمارەتەكەدا‌و خۆی بووە بە سەرۆكی ئەم دەزگایە. 
ئایاری 1976 دوای یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی هەر حەوت ئەمارەتەكە لەژێر یەك فەرماندەیی‌و یەك ئاڵادا، شێخ خەلیفە بووە بە جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی. 
شێخ خەلیفە بۆ چەند كاتێكیش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سندوقی دراوی عەرەبی‌و پۆستی نوێنەری ئیماراتی عەرەبی لە دەستەی عەرەبی بۆ پیشەسازی سەربازیی وەرگرتووە. 
لە دیارترین دەستكەوتەكانی سەرۆكی كۆچكردووی ئیمارات دروستكردنی فەرمانگەی خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی‌و بینا بازرگانییەكانە لە ساڵی 1981دا كە بە "لیژنەی شێخ خەلیفە" ناسراوە، ئەم دەزگایە رۆڵی هەبووە لە دابەشكردنی سامانی وڵات بەسەر هاوڵاتیاندا لە ئەمارەتی ئەبوزەبی، ئەمەش لەرێگەی پێدانی پارە بەبێ وەرگرتنی سود بۆ دروستكردنی بینای بازرگانی كە داهاتی وەرزیی بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە رۆڵی بینیوە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان لە پرۆسەی رابوونی بیناسازی ئەمارەتەكەدا.
لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ گەشەپێدانی ژێرخان‌و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ئیماراتی عەرەبیدا، شێخ خەلیفە لەوانە بووە كە پاڵپشتی بنیادنانی بەرزترین بورجی كردووە لە وڵاتەكەیدا كە (بورجی خەلیفە)یە‌و بەرزترین بینایە كە مرۆڤ دروستی كردبێت‌و بەرزییەكەی (828 مەتر)ە، ئەم بورجە بەر لە مانگێك لە مردنی باوكی شێخ خەلیفە لە (2004) دەست بە دروستكردنی كرا‌و لە سەرەتای 2010دا تەواوكراو بەڕووی گەشتیاراندا كرایەوە. 
لەبواری كۆمەڵایەتی‌و مرۆییدا، شێخ  خەلیفە ساڵی 2007 دامەزراوەی خەلیفە بن زاید ئال نەهەیان-ی بۆ كاروباری مرۆیی دروستكردووە، كە خەرجی چارەسەری پزیشكی‌و خوێندن‌و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە‌و خۆراكی بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت لە چەند ناوچەیەكی جیهان لەئەستۆ گرتووە. 
شێخ خەلیفە لەوانە بووە كە بایەخێكی تایبەتی بە پاراستنی ژینگە داوە، یەكەمین وەزیری ژینگە لە  دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا لەلایەن ئەوەوە دانراوە. 
سەرباری ئەمە، شێخ خەلیفە مافی ئەوەی بە ژنانی ئیماراتی داوە ئەگەر هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوی بیانیدا كرد، رەگەزنامە بە منداڵەكانیان بدات كاتێك دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن، هەر لە سەردەمی ئەو پیاوەدا یەكەمین ژن بووە بەئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی فیدڕاڵی ئیمارات واتە پەرلەمانی ئیمارات. 
شێخ خەلیفە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی فیدراڵی (پەرلەمان) هەمواركرد، وای لێكرد نیوەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە كە ژمارەی ئەندامەكانی (40) كەسە بە هەڵبژاردن دابنرێن‌و نیوەكەی تری دابنرێن. 
بەڵام شێخ خەلیفە دەسەڵاتی زیاتر لە دەسەڵاتی راوێژكاریی بە ئەنجومەنی نیشتمانی (پەرلەمان) نەبەخشی، ئەمە وایكردووە هەندێك رەخنە لە چاكسازییەكانی بگرن لەم بوارەدا‌و تاڕەدەیەك بە چاكسازی روكەش لەبواری دیموكراتیەتی حوكمڕانیدا ناوی ببەن. 
كانونی دووەمی 2014 شێخ خەلیفە دوچاری جەڵتەی مێشك بووە، بەهۆیەوە نەشتەرگەریی بۆ كراو نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بوو، بەڵام  لەوكاتەوە دەركەوتنی لە بوارە گشتییەكاندا وەكو سەرۆك دەوڵەت كەمبووەوە، زۆرینەی كاروبارەكانی خۆی رادەستی محەمەد بن زاید ئال نهەیانی برای كرد كە جێنشینی ئەبوزەبی بوو. 
شێخ خەلیفە ساڵی 1964 هاوسەرگیری لەگەڵ (شەمسەی كچی شوهێل مەزروعی)دا كردووە‌و دوو كوڕو شەش كچان هەیە. 

یەكێك لە دەوڵەمەندترین سەرۆكەكان
سەروەت‌و سامانی شێخ خەلیفە بەنزیكەی (18 ملیار) دۆلار ئەژماردەكرێت‌و چوارەمین سه‌رۆكه‌ دەوڵەمەندەكانه‌ لەسەر ئاستی جیهان. 
سەرۆكی كۆچكردووی ئیمارات خاوەنی گەورەترین یەختە لە جیهاندا  كە ناوی یەختی "عەزام"ە‌و درێژییەكەی نزیكەی (180 مەتر)ەو دروستكردنی ئەم یەختە ماوەی چوار ساڵی خایاندووە‌و بڕی (نیو ملیار) دۆلاری تێچووە، خەرجی ساڵانەی ئەم یەختە نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلارە، لەسەر ڕووی یەختەكە‌و لەناویدا مەلەوانگە هەیە، ئەمە لەپاڵ شوێنی نیشتنەوەی هێلیكۆپتەر. 
ئۆكتۆبەری 2020 رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی هەندێك بەڵگەنامەی  بڵاویكردەوە كە نیشانی دەدات شێخ خەلیفە خاوەنی ئیمپراتۆریەتی خانوبەرەیە لە بەریتانیا، بەجۆرێك لەوكاتەدا بەهای ئەو موڵك‌و ماڵانە گەیشتوەتە زیاتر لە (5 ملیار) جونەیهی ئەستەرلینی، لەناو خێزانی شێخ خەلیفەدا ناكۆكی هەیە لەبارەی ئەم موڵك‌و ماڵانەوە. 
راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، هەگبەی خانوبەرە تایبەتییەكانی شێخ خەلیفە، كە هەندێكیان دەكەوێتە گرانترین گەڕەكەكانی لەندەن، زیاتر خانووی بازرگانی‌و نیشتەجێبوونی كوالیتی بەرزن. 
شیكاری تۆماری خانوبەرە نیشانی دەدات شێخ خەلیفە خاوەنی نزیكەی 170 موڵكی بازرگانی‌و تایبەتە، كە بریتین لە كۆشكێكی چەپەك لەنزیك ریچمۆند پارك بۆ ژمارەیەكی زۆر بینای ئۆفێسی سەردەمیانە لە لەندەن كە بەكرێ دەدرێن بە سندوق‌و بانكە وەبەرهێنەكان، كرێی ساڵانەی ئەم  موڵكانە دەگاتە (160 ملیۆن) جونەیهی ئەستەرلینی. 
سەرچاوە: بی بی سی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand