درەو: ڕاپۆرتی بنكۆڵ كاریی: رێكخراوی ئاران لە هەرێمی كوردستاندا (128) نەخۆخانەی حكومی هەیە (48 هەزار) كەس یەك نەخۆشخانەی بەردەكەوێت و (10 هەزار) كەس (11) پزیشكیان بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بەچارەسەرو كرینی دەرمانو نەشتەرگەریی لە دەرەوەی نەخۆشخانە حكومیەكان زیاتر لە ( 3 ملیار) دۆلارە، ئەو پارەیەی خەڵكی لە ساڵێكدا بەهۆی سەردانیكردنی عیادە پزیشكییەكان خەرجیدەكەن (437 ملیار) دینارە. دەقی راپۆرتەكەی رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی تەوەرەكان:- یەكەم / كەرتی تەندروستی گشتی:- پێناسەیەكی كورتی نەخشەی تەندروستی گشتی لە هەرێمی كوردستان:- 1- بەپێی دواین ئامار لە هەرێمی كوردستاندا (128) نەخۆشخانەی حكومی هەن، روبەری دابەشبوونی جوگرافی نەخۆشخانە حكومیەكان بەمجۆرە و بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبوون:- بەم پێ یە لە هەرێمی كوردستاندا نزیكی هەر (48,000) كەسێك یەك نەخۆشخانەی بەر دەكەوێت. 2- لەهەرێمی كوردستاندا (915) مەڵبەندو بنكەی تەندروستی هەیەو روبەری جوگرافیەكەیان بەمجۆرە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبوون:- بەم پێ یە لە هەرێمی كوردستاندا هەر بنكەیەك یان مەڵبەندێكی تەندروستی بۆ (6,744) كەسە. (ئەمە بەشێوەیەكی گشتیو تێكەڵاو دابەش كراوە، دامەزراندنی مەڵبەندی تەندروستیو بنكەی تەندروستی بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانیو ستانداردی عێراقی دەبێت بەپێی رێژەی دانیشتوانی ناوچەكان بێتو لەبەشەكانی دیكەی ئەم راپۆرتەدا شوێنی مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوان شی كراوەتەوە. 3- لە هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی گشتی هەر (10,000) كەسێك (11) پزیشكیان بەر دەكەوێتو بەپێی پارێزگاكانیش هەر (10,000) كەسێك بەمجۆرە ژمارەی پزشكیان بەردەكەوێت:- 4- لە هەرێمی كوردستان هەر (10,000) كەسێك چوار پزشیكی پسپۆریان بەردەكەوێتو دابەشبوونی جوگرافی پزیشكی پسپۆر بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 5- لە هەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك سێ پزیشكی دانی بەر دەكەوێت و دابەشبوونی جوگرافی پزیشكانی ددان بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 6- لەهەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك (17) پەرستاری بەردەكەوێت، دابەشبوونی جوگرافی پەرستار بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 7- لە هەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك دوو پزیشكی دەرمانسازی بەردەكەوێتو دابەشبوونی جوگرافی پزیشكانی دەرمانساز بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 8- لە هەرێمی كوردستاندا هەر(10,000) كەسێك (14) كارمەندی تەندروستی بەردەكەوێتو دابەشبوونی جوگرافی كارمەندانی تەندروستی بە پێی پارێزگاكان بەمجۆەرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 9- روپێویەكی مەیدانی مەڵبەندو بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان. تیمەكانمان لە میانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا لە سنوری هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان توانییان زانیاری لەسەر (405) بنكەی تەندروستیومەڵبەندی تەندروستی سەرەكی كۆبكەنەوە كە وەك سامپڵی كەرتی گشتی تەندروستی وەرگیراون، مەڵبەندی تەندروستی سەرەكی كە لە بنكەی تەندروستی فراوانترە یەكێكە لەناوەندە هەرە گرنگەگانی كەرتی گشتی كە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكات، لەسنوری پارێزگای دهۆك زانیاری لەسەر (61) بنكەی تەندروستیومەڵبەندی تەندروستی وەرگیراوە، هەولێر (102) سلێمانی (233) و هەڵەبجە نۆ بنكەو مەڵبەندی سەرەكی تەندروستی. بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانیو ستانداردی تەندروستی عێراقی دەبێت بۆ هەر (10) هەزار كەس دو تا سێ مەڵبەندی تەندروستی سەرەكی هەبن، هەروەها بۆ یەك هەزار تا دوو هەزار كەس لە ناوچەیەكی نیشتەجێبووندا یەك بنكەی تەندروستی هەبێت، بەڵام سەرجەم ئەو مەڵبەندە تەندروستیانەی تیمەكانی ئاران كاریان لەسەركردوون هەریەكەو بۆ زیاتر لە(10) هەزار كەسە، هەروەها بنكە تەندروستیەكان بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆر كەمترن لەو ستاندەرەدەی هەیە، ئەمەش وایكردوە بنكە تەندروستیەكان هیچ سودێكی ئەو تۆ نەیەگەیننو مەڵبەندە تەندروستیەكانیش بكەونە ژێر لێشاوی خەڵكەوە. بنكە تەندروستیەكان لەلایەن كارمەندانی تەندروستیەوە بەرێوە دەبرێن، بەڵام مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیەكان پزیشكیان تیا دادەنیشێت، بەپێی بەدواداچونەكانی تیمەكانی ئاران، سەرجەم ئەو مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیانەی لەدهۆك كاریان لەسەر كراوە پزیشكیان تیا دادەنیشێت، هەر یەك لە سلێمانیو هەولێرو هەڵەبجە 70-80% یان پزیشكیان لێ یە، ستافی تەندروستی كارمەندان لە مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیەكان لەنێوان 7 تا17 كەسن هەروەها لە بنكەكان لەنیوان دوو تا پێنج كەسن، ستافی مەڵبەندو بنكەكانی هەولێر زیاتر راهینراوترن بە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان. پزیشكی ددان زۆرترین ژمارەی هەیە لەنێو پسپۆریە پزیشكیەكان ئەوانەی لەمەڵبەندە پزیشكیەكان دەوام دەكەن. پزیشكان كە لەكەرتی گشتیدا كار دەكەن، 100% ئەوانەی پلەی پزیشكی راوێژكاریان هەیە دوو كار دەكەن كارێك لە كەرتی گشتیو كارێك لە كەرتی تایبەت، بەپێی مەرجەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەبێت پزیشكی راوێژكار (35) كاتژمێر لە یەك هەفتەدا كار بكات، بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی ئاران لە میانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا ئەوە دەركەوت بەدەگمەن پزیشكێك نابینی پابەندی ئەو رێنماییە بێت، بەشی هەرە زۆری پزیشكانی راوێژكار ڕۆژانە كەمتر لە چوار كاتژمێر كار دەكەن لەكەرتی گشتیدا كە هەفتانە دەكاتە كەمتر لە (20) كاتژمێر، ژمارەیەك لە پزیشكانی راوێژكار رۆژانە لەكاتژمێرو نێوێك تا دوو كاتژمێر كار دەكەن كە ئەمەش دەكاتە هەفتانە نزیكەی (10) كاتژمێر یان كەمتر، ئەمەش لەكاتێكدا هەمان پزیشك لە كلینەكە تایبەتەكەی خۆی تا درەنگانی شەو كار دەكات، بەشێكی زۆر لەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە حكومیەكان لە قاوشەكان دەخەوێندرێن گرفتی سەرەكیان ئەوەیە پزیشكەكانیان لە رۆژانی پێنجشەممە جێیان دەهێڵن تا یەكشەممە، هەندێكیان نەخۆشی هەستیارنو بارودۆخیان تایبەتو مەترسیدارە، ئەمانە بە پزیشكی ئیشكگر دەسپێردرێن، پزیشكە ئیشكگرەكان پسپۆرییان لەگەڵ بەشی هەرە زۆری نەخۆشەكان جیاوازەو ناتوانن هیچی ئەوتۆیان بۆ بكەن، لەمیانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا یاوەری چەندین نەخۆش دوێندران كە باسیان لەوە دەكرد پزیشكی نەخۆشەكانیان ئامادەنین جوابی تەلەفۆنیش بدەنەوەو دەبێت چاوەڕێ بكەن تا رۆژی یەكشەممە پزیشكی پسپۆر دێتەوە بۆ دەوام، بەڵام ئەم بارودۆخە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان تەواو پێچەوانەیە، نەخۆش دەتوانێ زوو زوو لەگەڵ پزیشكەكەیدا پەیوەندی بگرێتو لە كاتی هەر پرسیارێكدا ستافی نەخۆشخانە ئەهلیەكان پەیوەندی بە پزیشكی نەخۆشكەوە دەكەنورێنمایی لێ وەردەگرن، واتا هەمان پزیشك كە وەڵامی یاوەرانی نەخۆشی خەوتوو لە نەخۆشخانە حكومیەكان ناداتەوە ئامادەیە لە شەوێكدا چەندین جار لە رێگای تەلەفۆنەوە رێنمایی بدات بە نەخۆشەكەی كە لەنەخۆشخانەی ئەهلی ماوەتەوەونەشتەرگەریی یان چارەسەری بۆ كردوە، یاوەرانی نەخۆش ئەوانەی لە قاوشی نەخۆشخانە حكومیەكان ماونەتەوە بە ئاسانی هەست بەوە دەكەن كە ئەمە بەشێكی سەرەكی یە لە پرۆسەی ئاراستەكردنی نەخۆش بۆ كەرتی تایبەت. دووەم / سیمی پرایڤت - نیمچە تایبەت :- لە ساڵی 2014 وە لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، وەزارەتی تەندروستی بە ئامانجی ئەوەی خەڵك ناچار نەبێت پەنا بۆ كەرتی تایبەتونەخۆشخانەی ئەهلی ببات ئەم سیستەمەی داهێناوە، واتا نەشتەرگەریی بە نیوە نرخ لە نەخۆشخانە حكومیەكان بە ئامێری حكومەتو كارمەندی حكومەتو لەناو بینای حكومەتدا دەكرێت، بەپێی رێنماییەكان دەبێت سەرجەم نەشتەرگەرییەكانی سیمی پرایڤت لە دوای كاتژمێر دووی پاش نیوەرۆوە بكرێن، وە دەبێت لە كاتی بەیانیاندا پزیشكەكان ئەو پشكەی كە بۆیان دیاری كراوەو پێویستە بە بێ بەرامبەر وەك خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر پێشكەش بەهاووڵاتیانی بكەن تەواو كردبێت دوای ئەوە نەخۆش ئاراستەی سیمی پرایڤت بكەن، بەپێی زانیاریەكان هەر پزیشكێك لەسەریەتی بەپێی توانای نەخۆشخانەكە رۆژانە بێ بەرامبەر پێنج نەشتەرگەریی بكات، كە ئەویش یەك نەشتەرگەری گەورەو دوو نەشتەگەری ناوەندو دوو نەشتگەری بچوك، دەكرێت دوو نەشتگەری گەورەو یەك بچوك یان یەك ناوەند بكات، دوای ئەوە ئەگەر داواكاریی نەشتەرگەریی زیاتر بوو ئەوا دەكرێت نەخۆشەكان ئاراستەی سیستەمی سیمی پرایڤتبكرێن بە نیوەی نرخی بازار نەشتەگەریان لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆ بكرێت. ئایا رێنماییەكانی سیستەمی سیمی – پرایڤت وەك خۆی جێبەجێ دەكرێن؟ بەپێی رێنماییەكان دەبێت نەخۆشخانە حكومیەكان 100% ئەو توانایەی بۆ بەیانیان هەیانە بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری حكومی بێ بەرامبەر خستبێتە گەڕ، ئەو كات نەخۆش ئاراستەی سیمی پرایڤت بكەن، وە نابێت پێش كاتژمێر دووی دوا نیوەرۆ هیچ نەشتەرگەرییەكی سیمی پرایڤت لەنەخۆشخانە حكومییەكان بكرێت،بەڵام ئەم رێنماییە بە تەواوی لەلایەن نەخۆشخانە حكومییەكانەوە پێشێل كراوەو كار گەیشتوەتە ئەوەی بە دەگمەن نەشتەرگەرییەكی بێ بەرامبەر لەنەخۆشخانە حكومییەكان دەكرێت، مەگەر نەخۆشەكە برابێتە بەشی فریاكەوتنو بێهۆش بێتوبارودۆخی لە مەترسیەكی تەواودا بێت، بەشێكی زۆرلەو نەخۆشخانەی لە سیمی پرایڤت نەشتگەرییان بۆ دەكرێت لەپێش كاتژمێر 12ی نیوەرۆ بۆیان دەكرێت، نەشتەرگەریی هەیە لە كاتژمێر 10 بۆ 11ی پێش نیوەرۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش پێشێل كردنی زەقی بریارەكەیەو پێچەوانەی یاسایە، گرفتێكی دیكەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حكومیەكان دوری نۆرەی بەركەوتنە، بەشێوەیەكی گشتی نۆرەی نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر لە سێ مانگی بۆ سێ ساڵە،نەخۆش هەیە بۆ نەشتەرگەرییەك بێ بەرامبەر پێی وتراوە سێ سالًی دیكە وەرەوە، نەخۆش هەبوە لە 2020 سەرەی 2023 یان بۆ نوسیوە، بەڵام بە سیمی پرایڤت هەمان رۆژ یان بەهیچ جۆرێك لەیەك هەفتە تێپەڕ ناكات، لەكاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا تیمەكانی ئاران زانیاری ئەوەیان دەست كەوتوە كە پزیشكی وا هەبوە وتویەتی من لەكاتژمێر 9 تا 2ی پاش نیوەرۆ تەنیا فریای ئەنجامدانی سێ نەشتەگەریی بێ بەرامبەر دەكەوم چونكە نەشتەرگەریی دەبێت بە وردی و لەسەرخۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام هەمان پزیشك لەكاتژمێر2ی پاش نیوەرۆ تا 7ی شەو شەش نەشتگەری لەسیستەمی سیمی پرایڤت یان لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان ئەنجام دەدات، كە ماوەكە هەمان ماوەیە بەڵام نەشتەرگەرییەكان دوو هێندەن، شارەزایانی كەرتی تەندروستی حكومی پێیان وایە ئەم سیاسەتەی حكومەتی هەرێم گرتویەتیە بەر بەناوی سیمی پرایڤت– نیمچە تایبەت راهێنانی خەڵكە لەگەڵ ئەوەی كەرتی گشتی تەندروستی نەمێنێتو بەرەو كەرتی تایبەت خەڵك ئاراستە بكرێت، ئەمەش لەژێر كاریگەریی حیزبەكانی دەسەڵاتدا، چونكە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی بواری دەرمانو تەندروستیو نەخۆشخانە ئەهلیەكان هی حیزبەكان یان بەرپرسە باڵاكانی حیزبەكانن،ئاراستە كردنەكەش ئاراستەكردنە بەرەو بازاری رەش نەك بیمەی تەندروستیو پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە. سیمی پرایڤت جگە لەنەشتەرگەریی كاروباری دیكەی پزیشكی گرتۆتەوە، بۆنمونە تیشكی MRI و CT-Scan بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان دەبێت بە نرخی (25,000)دینار بۆ هاووڵاتیان بگیرێت ئەو كاتەی پزیشك داوای دەكات، بەڵام بەو نرخە نۆرەی ئەنجامدانی ئەو تیشكە بەم جۆرەیە لە هەندێك لەو نەخۆشخانانەی لۆدیان كەم لەسەرە مانگێكی پێدەچێت، ئەوانەی لۆدیان مام ناوەندە سێ مانگو ئەوانەشی لۆدیان زۆر لەسەرە لەشەش مانگ كەمتر نیە، گوێش بەوە نادرێت كە نەخۆش باری تەندروستی خراپە، بەڵام بە هەمان ئامێرو لەناو هەمان بینادا ئەگەر بێتو نەخۆش ئامادە بێت بە سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەت كە نرخی هەر تیشكێك (70,000) هەزار دینارە بیگرێت ئەوا هەمان رۆژ ئەو جۆرە تیشكەی بۆ دەگیرێت كە لەناو خەڵكدا بە ئەشیعەی تەنوری ناو دەبرێت. ژمارەی ئەو تیشكانەی لەنەخۆشخانە حكومیەكان لەبواری MRI و Ct Scan لە 2021دا لە پارێزگای سلێمانی گیراون (20,000) تیشك تێپەڕ دەكات، لە پارێزگای دهۆكیش لەساڵی 2020 ژمارەی ئەو تیشكانەی لە هەردوو بوارەكەدا گیراون بریتی یە لە (26,335) تیشك كە(19,979) تیشكی Ct Scan و (6,356) تیشیكی MRIین، بەپیًی ئەو زانیاریانەی دەست تیمەكانی رێكخراوی ئاران كەوتوون 61% تیشكە گیراوەكان لە هەردوو بوارەكەدا لە هەردوو پارێزگا لە ئێوارانو بە نیمچە تایبەت گیراون كە نرخی هەر تیشكێك لەو دو بوارەدا (70,000) دینارە. بەتایبەت كردنی كەرتی حكومی و ناچار كردنی خەڵك كە لە نەخۆشخانە حكومیەكان بە پارە نەشتەرگەریی ئەنجام بدەن، هەروەها ناچاركردنی خەڵك كە بەپارەیەكی زۆر لە كەرتی تایبەتو نەخۆشخانەی ئەهلی خزمەتگوزاری تەندروستی وەربگرن، هیچ بارگرانیەكی لەسەر شانی حكومەت سوك نەكردوە، حكومەت هەمان بودجەو موچەی ساڵانی رابردوو بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان دەكات، بەم جۆرە:- تەنیا بۆ موچەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئەم بڕە پارەیە دابین بكات:- • مانگانە برٍی (50,520,000,000) پەنجا ملیارو پێنجسەدو بیست ملیۆن دینار. • ساڵانە (606,240,000,00) شەش سەدو شەش ملیارو دوسەدوچل ملیۆن دینار. كۆی ئەو پارەیەی لە ساڵی 2011 وە تەنیا بۆ موچەی وەزارەتی تەندروستی تەرخان كراوە بریتی یە (6,062,400,000,000) شەش تریلۆنوشەست و دو ملیارو چوار سەد ملیۆن دینارە، كە یەكسانە بە(4,096,216,000) چوار ملیارو نەوەدو شەش ملیۆنودوسەدوشازدە هەزار دۆلار، هەرچەندە بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەوە لەساڵی 2014 وە داتاكان وەك پێویست بەردەست نین بەڵام كۆی ئەو پارەیەی لە (10) ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بۆ موچەو پێداویستیەكانی دیكەی وەزارەتی تەندروستی تەرخانی كردوە حەوت ملیار دۆلار تێپەر دەكات، بەڵام بێ بەرهەمەو بێ پلان بەكار هێنراوە، كۆتاییەكەی هەرەسی كەرتی گشتی بوەو خەڵكی لەگیرفانی خۆیان نەخۆشەكانیان چارەسەر دەكەن، كۆمپانیای حیزبیو كەسانی دەسترۆیشتووی حیزبو خاوەن بەرژەوەندی هەرەسیان بە كەرتی گشتی تەندروستی هێناوەو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەكاریان هێناوە، كە سەرەرای ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لە (10) ساڵی رابردوودا داهاتی ووڵاتەكەیان سەروی حەوت ملیار دۆلاری بۆ كەرتی تەندروستی خەرج كراوە، بەڵام هیچ هاووڵاتیەك حالًی حازر ناتوانێت بە ئاسانی نەشتەرگەریەكی بێ بەرامبەری لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆ ئەنجام بدرێت، ئەگەر بێتو زۆر زەروریش بێت. وەزارەتی تەندروستی نەشتەرگەرییەكانی سیمی پرایڤت كە بە پارە كراون دەكات بە چالاكی خۆی. دامودەزگاكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان مانگانەو ساڵانە ئاماری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییو خزمەتگوزاری تەندروستی لە وێبسایتەكانیانو دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكەنەوە، كە گوایە وەك خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر پێشكەش بە هاووڵاتیان كراوە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو نەشتەرگەریانەو ئەو خزمەتگوزاریانە بە پارە لەناو نەخۆشخانە حكومیەكاندا كراون، بەڵام حكومەت وەك چالاكی خۆیو پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بێ بەرامبەر نمایشیان دەكات. سلێمانی:- لە سنوری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بە هەموو ناوچەكانی پارێزگاكەوە بەپێی ئەو ئامارەی راگەیەنراوە لە ساڵی 2021دا ژمارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكان بەمجۆرەن:- • ژمارەی ئەنجامدانی كۆی نەشتەرگەریی 13,357 نەشتەرگەریی. • نەشتەرگەریی تایبەتو سەروگەورەو گەورەو ناوەند 2,645 نەشتەرگەریی. • نەشتەرگەریی دڵ وەك قەستەرەودانانی باڵۆنوفەتح سەدر 6,720 نەشتەرگەریی. ئەوەكانی دیكە یان نەشتەرگەریی بچوكن یان پۆڵێن نەكراون كە چی جۆرێكن. بەپێی بەدواداچوونەكانی تیمەكانی رێكخراوی ئاران، 67% رێژەی ئەو نەشتەرگەریانەی لە نەخۆشخانە حكومیەكانی سلێمانی ئەنجامدراون بە پارە واتا بەنیمچە تایبەت كراون. دهۆك:- پارێزگای دهۆك تائێستا ئاماری ساڵی 2021ی رانەگەیاندوە، بۆیە ئەم راپۆرتە كاری لەسەر ئاماری 2020 كردوە، ژمارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2020دا بەم جۆرەیە:- • كۆی نەشتەرگەریی لە 2020دا 34,430 نەشتەرگەریی. • نەشتەرگەریی قەستەرە 1,330 • نەشتەرگەریی دانانی گورچیلە 43 تەندروستی دهۆك تەنیا ئەو دوو جۆرە نەشتەرگەریەی پۆڵێن كردوەو ئەوەكانی دیكەی دیاری نەكردوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی ئاران رێژەی نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكانی دهۆكدا 65% تێپەڕ دەكات. هەولێر:- ماڵپەری تەندروستی هەولێر هیچ ئامارێكی كارەكانی بڵاو نەكردۆتەوە، بەشی هەرە زۆری پۆستەكانی ماڵپەڕەكە ئاگادارییە بۆ كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی بواری تەندروستی. هەڵەبجە:- پارێزگای هەڵەبجە تەنیا پارێزگایە كە تەندروستیەكەی ئاماری نەشتەرگەری بێ بەرامبەرونیمچە تایبەتی ئێوارانی جیا كردۆتەوە، ئەگەر نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە بە نمونە وەربگرین ئەوا بۆ مان دەردەكەوێت كە نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت واتا بە پارە لە نەخۆشخانە حكومیەكاندا چۆن شان لەشانی نەشتەرگەریی بێبەرامبەر دەدات، بەپێی ئەو ئامارەی خودی تەندروستی هەڵەبجە بڵاوی كردۆتەوە، لە ساڵی 2021 لەو نەخۆشخانەیە (950) نەشتەرگەریی جۆراو جۆر ئەنجامدراون، كە (650) نەشتەرگەریی لەوانە بەنیمچە تایبەت كراونو تەنیا (300) نەشتەرگەریی بەبێ بەرامبەر ئەنجام دراون، لەكاتێكدا كۆی ئەو نەشتەرگەریانە لەناو هەمان هۆڵی نەشتەرگەریو هەمان نەخۆشخانەو هەمان ئامێر ئەنجامدراون، بەڵام ئەوانەی توانویانە پارە بدەن ئەوا چانسی ئەوەیان هەبوە زوتر و زیاتر نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام بدرێت. نرخی نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكان بەمجۆرەیە:- • نەشتەرگەری بچوك 100,000 تا 150,000 دینار • نەشتەرگەریی ناوەند 300,000 تا 500,000 دینار • نەشتەرگەریی گەورە لەسەروی یەك ملیۆن دینار • نەشتەرگەریی تایبەت بەپێی جۆری نەشتەرگەریەكە دەگۆرێت بەزۆری لەسەروی سێ ملیۆن دینارەوەیە. نرخی بەشێك لەنەشتەرگەریەكان لەسیستەمی نیمچە تایبەتی حكومی لەنرخی بازار زیاترە، بۆ نمونە جۆرێك لە نەشتەرگەریی برٍبرەی پشت لە نیمچە تایبەتی حكومی بە (1,500,000) دینار ئەنجام دەدرێت، لەنەخۆشخانەی ئەهلیش هەمان نرخە، جۆرێكی تر لە نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت لەنیمچە تایبەتی حكومی بە(3,000,000) دینار ئەنجام دەدرێ بەڵام لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان لەخوار ئەو نرخەوەیە. بەشێوەی گشتی لە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان رێژەی ئەو نەشتەرگەریە نیمچە تایبەتانەی لەنەخۆشخانە حكومیەكان دەكرێن دەگاتە 70% هەروەها 100% ئەو نەشتەرگەریانەی لە نەخۆشخانەكانی بوژانەوەی دڵ لەبوارەكانی قەستەرەو دانانی باڵۆنو شەبەكەو كردنەوەی سینگ (فەتح سەدر) ئەنجام دەدرێن بەپارەنو لەو بوارەدا نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر نەماوە. ئەو پارەیەی لە هاوولاتیان وەردەگیرێت لە سیستەمی نیمچە تایبەت كە لەناو تەندروستیدا بە سیمی پاریڤد ناسراوە، 20% بۆ كارمەندانی تەندروستیە ئەوانەی بەشداریی لە نەشتەرگەریەكەدا دەكەن 40% بۆ پزیشكی ئەنجامدەری نەشتەرگەرییە، 40% بۆ وەزارەتی تەندروستیە، ئەمەش ئەوە دوپات دەكاتەوە ئەو كارمەندو پزیشكانەی موچەی حكومەت لەبەرامبەر خزمەتكردنی خەڵك وەردەگرن لە هەمان كاتو هەمان شوێنو بە هەمان ئامێرو پێداویستی بە پارە رێگەیان پێدراوە كاری نیمچە تایبەت ئەنجام بدەن، كە ئەمەش پێچەوانەی ناوەرۆكی یاسای كارگێڕی عێراقە كە لە وەسفی فەرمانبەری دەوڵەتداو لەریزی ئەو كارانەی كە نابێت فەرمانبەر لەسنوری فەرمانگەكەی خۆیدا بیكات ئەوەیە نابێت بە ئەنجامدانی هەندێك كاری بازرگانی هەڵبسێت كە پەیوەندی بەفەرمانگەكەی خۆیەوە هەبێت، جگە لەمەش داهێنانی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكانی هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی زەقی دەستوری عێراقە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە، دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ماددەی 31دا ئاماژەی بەوە كردوە هەموو هاووڵاتیەك مافی چاودێریی تەندروستی هەیەو دەبێت دەوڵەت گرنگی بە تەندروستی گشتی بدات، بەپێی هەمان ماددەی دەستور دەبێت دەوڵەت پارێزگاریی تەندروستی دابین بكاتو هۆكارەكانی چاودێری تەندروستیو چارەسەر بە دامەزرادنی جۆرەهای نەخۆشخانەو دامەزراوەی تەندروستی دابین بكات، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە سیستەمی نیمچە تایبەت پێچەوانەی ماددەی 31ی دەستور هەڵسوكەوت دەكات. كێ سودمەندی داهێنانی سیستەمی سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەتە؟ وەزارەتی تەندروستی تەنیا 40% داهاتی ئەو نەشتەرگەریانەی بەر دەكەوێت، 60% دەروات بۆپزیشكو كارمەندانی تەندروستی بەشدار لە نەشتەرگەریەكاندا، ئەمەش دەری دەخات حكومەت وەك پێویست لێی سودمەند نابێت، لەمیانی هەمو ئەو رێشوێنانەی بۆ ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە گیرانە بەر لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئەوە كراوە كە وەزارەتی تەندروستی ئەم سیستەمە پەیرە و دەكات بێ ئەوەی وەك پێویست لێیی سودمەند بێتو بارگرانیشی خستۆتە سەر هاووڵاتی، ئایا دەبێت هۆكارەكەی چی بێت؟ ئەنجامەكان ئەوەن كە حیزبە دەست رۆشتوەكانو كەسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزب كاریگەریی تەواویان لەسەر وەزارەتی تەندروستی هەیەو هەر ئەو جۆرە كەسولایەنانە بەپلان كار بۆ نەهێشتنی كەرتی گشتی تەندروستی دەكەنو لەبەرژەوەندی كۆمپانیاو نەخۆشخانە ئەهلیو كۆمەڵگا پزیشكیەكانیان كەرتی گشتی بەرەو هەرەس یان هاوشێوەكردنی بە كەرتی تایبەت دەبەن، داهێنانی سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەت بەشی هەرە سەرەكی ئەو پیلانەیەو نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەكانو ناچاركردنی خەڵك بە كرینی دەرمان لەبازار تەواوكەری بەشەكانی دیكەی پیلانەكەیە. سێیەم / كلینكە پزیشكیە ئێوارانەكان:- بەهۆی نائومێدبوونی لە كەرتی گشتیو دەستنكەوتنی خزمەتگوزاری پێویست لەو كەرتەدا خەڵك ناچارن رو لەبازارو لەونێوەندەشدا رو لە كلینكە پزیشكیە ئێوارەكان(عیادەكان) بكەن، كۆی ژمارەی كلینە پزیشكییە ئێوارەنەكان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (3037) كلینكە، بەپێی بەدوادا چوونەكانی تیمەكانمان لەماوەی (10) مانگی رابردوودا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی سەردانی كلینەكەكانی ئێواران دەكەن لەنێوان نۆ نەخۆش بۆ (62) نەخۆشن بۆ هەر كلینكێك، بەشی هەرە زۆری كلینەكەكان ژمارەی نەخۆشەكانیان لەنێوان (15 بۆ 30) نەخۆشدایە، بۆیە ئەم راپۆرتە (15) نەخۆشی وەك ژمارەی تێكرا بۆ كلینیكە ئێوارانەكان داناوە، بەم پێ یە رۆژانە (45.555) كەس وەك نەخۆش سەردانی كلینكە ئێوارانەكان دەكەن. نرخی بینینی نەخۆش لەلایەن كلینكە ئێوارەنەكانەوە، بەپێی بە دواداچونەكانمان بەشی هەر زۆریان (15,000) دینارە، بەشێك لە كلینكەكان (20,000) دینار و هەندێكیش بەتایبەت ئەوانەی لەناو نەخۆشخانە ئەهلیەكان كار دەكەنوبەسەربەخۆ نەخۆش دەبینن (35,000) دینارە، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لە كلینەكان كە لە كۆمەڵگا پزیشكیەكاندان(3000) دینار وەردەگرنو كلینكی واش هەیە (5000) دینار تا (10,000) دینار وەردەگرێت ، بەڵام بەشی هەر زۆر لەنێوان (15,000 بۆ 20,000) دینارە، ئەم راپۆرتە نرخی (15,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا وەرگرتوە، بەم پێی یە ئەو پارەیەی رۆژانەو هەفتانەو مانگانەو ساڵانە لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت بە كرێی بینینی نەخۆش لەلایەن پزیشكەكانەوە لە كلینكە ئێوارانەكان بەم جۆرەیە:- • رۆژانە (683,325,000) شەش سەدو هەشتاو سێ ملیۆنو سێ سەدو بیستو پێنج هەزار دینار. • پێنج رۆژی هەفتەیەك (3,416,625,000) سێ ملیاروچوار سەدوشازدە ملیۆنوشەش سەدوبیستوپێنج هەزار دینار. • بیست رۆژی مانگێك (13,666,500,000) سیازدە ملیارو شەش سەدو شستوشەش ملیۆنو بینجسەد هەزار دینار. • لە ساڵێكدا (163,998,000,000) سەدو شەستو سێ ملیارو نۆسەدو نەوەدو هەشت ملیۆن دینار. هەر بەپێی بەدواداچوونی تیمەكانمان هەر نەخۆشێك كە سەردانی پزیشكی ئێواران دەكات جگە لە پارەی بینینی پزیشك برٍی ئەو پارەیەی بۆ پشكنینوكرینی دەرمان دەیدات لەنێوان (15,000 دینار بۆ 75,000) دیناردایە بەشی هەرە زۆری نەخۆش ئەو پارەیەی دەیدات لەنێوان (20,000 بۆ 40,000) دیناردایە، ئەمە جگە لە حاڵەتە تایبەتەكان كە تێچونێكی بەرزی هەیە، هەروەها جگە لە نەخۆشانی كۆرۆنا كە حاڵەتیان تایبەتەو تێچوونی كۆرسێك دەرمانیان لەنێوان (100,000 بۆ 300,000) دیناردایە، ئەم راپۆرتە نرخی (25,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا بۆ تیچوونی هەر نەخۆشێك بەدەر لە كرێی بینینی نەخۆش داناوە، كە ئەمە وەرگرتنی لانی كەمی تێچوونە، بەم پێ یە ئەو پارەیەی لەهەرێمی كوردستاندا خەڵك دەیدات بە پێداویستیەكانیان كاتێك سەردانی عیادە پزیشكیەكان دەكەن جگە لە كرێی بینینی پزیشك رۆژانەو هەفتانەو مانگانەو ساڵانە بەمجۆرەیە:- • رۆژانە (1,138,875,000) یەك ملیارو سەدوسیو هەشت ملیۆنو هەشت سەدو حەفتاو پێنج هەزار دینار . • پێینج رۆژی هەفتەیەك (5,694,375,000) پێنج ملیارو شەش سەدونەوەدو چوار ملیۆنو سێ سەدو حەفتاوپێنج هەزاردینار. • بیست رۆژی مانگێك (22,777,500,000) بیست و دوو ملیارو هەشتسەدو حەفتاو حەوت ملیۆنو پێنجسەد هەزار دینار. • ساڵێك (273,330,000,000) دووسەدو حەفتاو سێ ملیارو سێ سەدوسی ملیۆن دینارە. كۆی ئەو پارەیەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا بەهۆی سەردانیی كردنی عیادە پزیشكییەكان دەیدەن بە كرێی بینینی نەخۆشوتێچووی نەخۆشەكانیان بریتی یە لە (437,328,000,000) چوارسەدو سیوحەوت ملیارو سێ سەدو بیست هەشت ملیۆن دینار. چوارەم/ نەخۆشخانە ئەهلیەكان:- لە دوای كلینكە ئێوارەكان نەخۆشخانە ئەهلیەكان وێستگەی دوەمی نەخۆشن لە هەرێمی كوردستاندا، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە لێشاو روو لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەكەن بۆ چارەسەر كردن، ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان تا تەواوبوونی ئەم راپۆرتە (79) نەخۆشخانەیە، ئەم ژمارەیە لە گۆراندایە بەهۆی ئەوەی بەردەوام ساڵانە نەخۆشخانەی نوێ دەكرێتەوەو هەندێك نەخۆشخانەش دادەخرێن، بەهۆی لاوازی كەرتی گشتیو پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزاری پێویست بە هاووڵاتیان, نەخۆشخانە حكومیەكان جمەیان دێ لە خەڵك، بەشی زۆری ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەكەن زیاتر بۆ نەشتەرگەرییە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە حكومیەكان بەبێ بەرامبەر بە ئاسانی بۆ هاووڵاتی ناكرێتو دەبێت بە نیمچە تایبەت بیكەن، نرخی نیمچە تایبەتیش نزیكە لە نرخی نەخۆشخانە ئەهلیەكانەوە، بۆیە هاووڵاتی وای پێ باشە بچێتە نەخۆشخانەی ئەهلی چونكە ئەو پارە هەردەدات، پێی باشترە بیدات بە نەخۆشخانەی ئەهلی بۆ ئەوەی رێزی زیاتریان لێ بگیرێتو خزمەتی زیاتر بكرێن، تێكڕای ژمارەی ئەنجامدانی نەشتگەری بۆ هەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە هەرێم پێنج نەشتەرگەرییە، نەخۆشخانەی وا هەیە رۆژانە (10) نەشتگەر ئەنجام ئەدات، كەمترین ژمارەی ئەنجامدانی نەشتگەرگەریی لە رۆژێكدا بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەكان چوار نەشتەر گەرییە، ئەم راپۆرتە پێنج نەشتەرگەریی وەك ژمارەی تێكرا وەرگرتوە، نرخی نەشتەرگەری گەورە لە(450,000) دینارەوە دەست پێدەكات تا شەش ملیۆن دیناری دەروات، نەشتەرگەری تایبەتو هەستیار هەیە نرخەكەی لەسەروی (30,000) دۆلارەوەیە، ئەم راپۆرتە تەنیا ئەو نەشتەرگەریانەی وەرگرتوە كە ئەكرێت لە نەخۆشخانە حكومیەكان ئەنجامبدرێن، بەڵام لەبەر باش نەبوونی كەرتی گشتی هاووڵاتی ناچارە لە كەرتی تایبەت ئەنجامیان بدات. رۆژانە لەسەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان (395) نەشتەرگەری جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێن، ئەم راپۆرتە نرخی تێكڕای بۆ هەر نەشتەرگەریەك بە (500,000) هەزار دینار داناوە، كە ئەمە كەمترینە، ئەو پارەیە لەهەرێمی كوردستان دەدرێت بەكرێی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بەمجۆرەیە:- • رۆژانە (197,500.00) سەدو نەوەدو حەوت ملیۆنو پێنجسەد هەزار دینار. • شەش رۆژی هەفتە (1,185,000,000) یەك ملیارو سەدو هەشتاو پێنج ملیۆن دینار. • (24) رۆژی مانگێك (4,740,000,000) چوار ملیارو حەوت سەدو چل ملیۆن دینار. • ساڵانە:- (56,880,000,000) پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو هەشتا ملیۆن دینار. ئەو پارەیەی ساڵانە لەلایەن خەڵًكی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت بە كرێی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە هەرێمی كوردستان لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان، بەدۆلارو بە نرخی ئەمرۆی بازار دەكاتە (38,432,000) دۆلار. مانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان:- بەپێی بەدوادا چوونی تیمەكانی ئاران هەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی بەشێوەیەكی بەردەوام رۆژانە یەك تا (10) نەخۆشی تێدا دەمێنێتەوە، نەخۆشخانە هەیە ژمارەی ئەوانەی تێیادا دەمێننەوە دەگاتە (12) نەخۆش، بەڵام زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلیەكان بەشێوەیەكی بەردەوام شەش نەخۆشیان تیادا دەمێنێتەوە، ئەم راپۆرتە شەش نەخۆشی وەرگرتوە لە رۆژێكدا، كەئەم ژمارەیە لە زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا هەیە، جگە لەچاودێری چڕ بە زۆری نەخۆشخانەكان لە رۆژانی شەممە تا پێنجشەممە دەهێڵدرێنەوە، واتا لەو شەش رۆژەدا زۆرترین ژمارەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەهێڵدرێنەوە، بۆیە ئەم راپۆرتە شەش رۆژی هەفتەی وەرگرتوە، نرخی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بە زۆریی لە (50) هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا (100) هەزار دینار، هەندێك نەخۆشخانە نرخەكەیان دەگاتە زیاتر لە (250) هەزار دینار بۆ یەك شەو مانەوە، نەخۆشخانە هەیە لەهەرێمی كوردستان نرخی یەك شەو مانەوە تیایدا بۆ نەخۆشێك لەبەشی ئاسایی (700,000) دینارەو لەبەشی چاودێری چڕ یەك ملیۆن دینارە، ئەم راپۆرتە (75,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا بۆ كرێی مانەوەی شەوێك لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دیاری كردوە، بەم پێَی یە رۆژانە (474) نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەهێڵدرێنەوە كە كۆی نرخەكەی بەم جۆەیە:- • رۆژانە (35,550,000) سیوپێنج ملیۆنو پێنجسەدوپەنجا هەزار دینار • هەفتانە (213,300,000) دوسەدو سیازدە ملیۆنو سێ سەد هەزاردینار • مانگانە (853,200,000) هەشت سەدوپەنجاو سێ ملیۆنو دوسەد هەزاردینار. • ساڵانە دەكاتە (10,238,400,000) دە ملیاودوسەدوسیوهەشت ملیۆنو چوارسەدهەزار دینار. كۆی ئەو پارەیەی كە لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە ساڵانە دەدرێت بە كرێی مانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بە دۆلارو بە نرخی ئەمرۆی بازار بریتی یە لە (6,917,000) شەش ملیۆنو نۆسەدو حەڤدە هەزاردۆلار. مانەوە لەبەشی چاودێرییی چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان:- بەشیًوەیەكی بەردەوامو بە تێكڕا رۆژانە دوو نەخۆش لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەمێننەوە كە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (51) نەخۆشخانە بەشی چاودێریی چڕیان هەیە، كەمترین نرخ بۆ مانەوە لەبەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان (500,000) هەزار دینارە وە زۆرترین نرخ یەك ملیۆن دینارە، ئەم راپۆرتە كەمترین نرخی وەرگرتوە كە رۆژانەو مانگانەو ساڵانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەپێناو مانەوەی نەخۆشەكانیان دەدرێت بە نەخۆشخانە ئەهلیەكان ئەویش برٍِی (500,000) هەزار دینار بۆ (24) كاتژمێر مانەوە، بەپێی ئەو ئامارەی دەستی تیمەكانی ئاران كەوتوە رۆژانە بەلای كەمەوە دوو نەخۆش لەبەشی چاودێری چڕی ئەو نەخۆشخانە ئەهلیانە دەمێننەوە كە ئەو بەشەیان هەیە، ئەمەش دەكاتە (102) نەخۆش، لەهەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەدرێت بە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بۆ مانەوە لەبەشی چاودێری چر بەمجۆرەیە:- • رۆژانە (51,000,000) پەنجاویەك ملیۆن دینار. • حەوت رۆژی هەفتەیەك (357,000,000) سێ سەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار. • سی رۆژی مانگێك (1,530,000,000) ملیارو پێنجسەدو سی ملیۆن دینار. • ساڵێك (18,360,000,000) هەژدە ملیارو پێنجسەدو بیست ملیۆن دینار بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشخانە ئەهلیەكان زۆربەیان بیناكانیان وەك تەلاری بازرگانی دروستكراون، كەمترین مەرجی نەخۆشخانەیان تێدا هەیە، بەشێكیان نزیكی شوێنی نیشتەجێبووننو لەناو گەڕكەكاندان، ئەوەش وای كردوە ببنە هۆی بێزاركردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، بەتایبەت لە روی راگرتنی ئۆتۆمبێلەوە كە زۆربەیان پاركی تایبەت بە راگرتنی ئۆتۆمبێلیان نیە، پسپۆرانی بواری تەندروستی باسی حاڵەتێكی زۆر مەترسیدار دەكەن لە نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا ئەویش سیستەمی ئاوەرۆی ئەو نەخۆشخانانەیە، ئاوەرۆی بینای نەخۆشخانە ئەهلیەكان هەر وەك بینای ئاسایی دروست كراونو تێكەڵ بە ئاوەرۆی گشتی شار دەبێت، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونكە ئەو پاشەرۆیانەی لە نەخۆشخانەكاندا بە ئاو پاك دەكرێًنەوەو دەرژێنە ناو ئاوەرۆوە دەبێت چاڵی تایبەتیان بۆ هەڵبكەندرێتو بە تانكەر دەربدرێنو لە شوێنی گونجاودا بە شێوەی زانستی لەناو ببرێن، بەڵام سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكانو بگرە نەخۆشخانە حكومیەكانیش ئەو مەرجەیان تیا نیە، پسپۆرانی تەندروستی لەمیانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا باسیان لەمەترسی ئاوەرۆی نەخۆشخانەكان كرد كاتێك تێكەڵ بە ئاوەرۆی گشتی شار دەبێت، ئاوەرۆی گشتی شار زۆرجار دوبارە بەكار دەهێندرێتەوە، لە هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری شارەكان ئاوەرۆكەیان بۆ بواری كشتوكاڵو سەوزە بەكار دەهێندرێتەوە، بۆیە تێكەڵبوونی ئاوەرۆی نەخۆشخانە بە ئاوەرۆی گشتی زۆر مەترسیدارەو چەندەها زیانی تەندروستی بۆ مرۆڤ دە بێت، بەتایبەت وا لەلەشی مرۆڤ دەكات لەكاتی نەخۆش كەوتنووەرگرتنی چارەسەردا دەرمان لەسەر لەشی چالاك نەبێت، ئەم گرفتەش لە هەرێمی كوردستاندا زۆر بەدی دەكرێت، كە بەیەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی ساغبونەوەی برٍێكی یەكجار زۆر دەرمان هەژمار دەكرێت پێنجەم / نۆرینەگەكان:- لەنەخشەی بازاری تەندروستیوكەرتی تایبەتی تەندروستی هەرێمی كوردستاندا نۆرینگەكانیش شوێنێكی فراوانیان هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان پشت بە نۆرینگەكان دەبەستن بۆ چارەسەركردن، ئەوەش لەبەر ئەوەی نرخیان هەرزانترەو بەدەنگەوە هاتنیان خێراترەو نزیكیشن لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكەوە، نۆرینگەكان دابەشی ناو گەڕەكو شوێنە جیاوازەكانی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بوون. بەپێی داتاكانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (4230) نۆریگە هەن كە كارمەندی تەندروستی بە هەردوو جۆرەكەی پەیمانگاو زانكۆ بەرێوەی دەبەن، بەپێی بەدواداچوونی تیمەكانمان رۆژانە هەر نۆرینگەیەك ژمارەی ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن لەنێوان هەشت بۆ (15)كەسن، كە زۆرینەی نۆرینگەكان ژمارەی سەردانیكەرانیان رۆژانە (10 – 15) كەسە، ئەم راپۆرتە تێكڕا (10) كەسی وەك ژمارەی گشتی سەردانی كردن بۆ هەر نۆرینگەیەك وەرگرتوە، هەروەها برٍی ئەو پارەیەی رۆژانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەنۆرینگەكان دەدرێت بەكرێی وەرگرتنی دەرمان یان هەر پێداویستییەكی دیكە لە یەك هەزار دینار تا (15,000) دینارە، لە هەندێ حاڵەتدا دەگاتە (20,000) دینار، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیان كە سەردانی نۆرینەگەكان دەكەن برٍی چوار تا (10,000) دینار دەدەن، ئەم راپۆرتە نرخی حەوت هەزار دیناری وەك نرخی تێكڕا وەرگرتوە كە زۆرینەی هاووڵاتیان بەو برٍە پارەیە خزمەتگوزارییان بەدەست هێناوە، زۆرینەی هەرە زۆری نۆرینگەكان لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ دوا نیوەروان كراوەن، هەندێكیان رۆژانی شەممە بەیانیانیش كراوەن، هەندێًكیان رۆژانی هەینیش كراوەن، ئەم راپۆرتە لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ واتا شەمە تا پێنجشەمەی وەرگرتوە، هەروەها لە مانگێكدا (24) رۆژ، كە رۆژانە (42,300) كەس سەردانی نۆرینگەكان دەكەن. لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ئەو پارەیەی لەلایەن خەڵكەوە دەدرێت بە نۆرینگەكان بەم جۆرەیە:- • رۆژانە (296,100,000) دوسەدونەوەدوشەش ملیۆنو سەد هەزاردینار. • هەفتانە (1,776,600,000) یەك ملیاروحەوت سەدو حەفتاو شەش ملیۆنو شەش سەد هەزار دینار. • مانگانە (7,106,400,000) حەوت دوملیارو سەدو شەش ملیۆنو چوار سەد هەزار دینار. • ساڵانە (85,276,800,000) هەشتاو پێنج ملیارو دوو سەدو حەفتاو شەش ملیۆنو هەشت سەد هەزار دینار. شەشەم / بازرگانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان:- بازرگانەكانی دەرمانو دەرمانسازانو خەڵكی ئاساییش لە هەرێمی كوردستان وا وەسفی ئەم بازرگانیە دەكەن كەلە دوای نەوتەوە بە پلەی دوەم دێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانو ئەو كۆمپانیایانەی لەهەرێمی كوردستاندا كاری هاوردەكردنی دەرمان دەكەن خواستی ئەوەیان نیە قەبارەی راستەقینەی نرخی دەرمانی هاوردە كراو ئاشكرا بكەن، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك كەلە سەرەكی ترینیان ئەوەیە كۆمپانیاكانی هاوردەی دەرمان لەلایەن بەرپرسە هەر باڵاكانی حیزبو دست رۆیشتوی ناو حكومەتەوە خاوەندارێتی دەكرێنو هەموو دەسەڵاتێكی خۆیان بەكار دەهێنن بۆ شاردنەوەو ئاشكرا نەكردنی ئەو قەبارەیە بۆ رای گشتی، بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەو بارەیەوە ماندوبونێكی زۆرو كاری بنكۆڵیی هەناسە درێژی دەوێت، لە میانی ئامادە كردنی ئەم راپۆرتەدا رێكخراوی ئاران گەیشت بەو زانیاریەی كە قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەو بوارەوە هاوردە دەكرێت بە ئامانجی فرۆشتنی بە خەڵك مانگانە (100,000,000) سەد ملیۆن دۆلار تێ پەڕ دەكات، ئەمەش لەسالًێكدا دەكاتە (1,200,000,000) یەك ملیارو دوسەد ملیۆن دۆلار، كەئەمەش قەبارەی 25% كۆی دەرمانی هاوردەكراوی هەموو عێراقە، كە ساڵانە قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لەعێراقدا دەگاتە (5,000,000,000) پێنج ملیار دۆلار، 100% ئەو دەرمانەی كۆمپانیاكان هاوردەی دەكەن لەبازارو بەخەڵك دەفرۆشرێتەوە، چونكە ئەم قەبارەیەی لەسەرەوە باس كرا تەنیا ئەو دەرمانەیە بۆ ساغ كردنەوە لە بازار هاوردە دەكرێتو ئەو دەرمانە ناگرێتەوە كە حكومەت بۆ خۆی هاوردەی دەكات یان دەیكڕێت، ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكان دەكەن بەشی هەرە زۆریان لە بازار دەرمان دەكڕن، نەخۆشەكان لە نەخۆشخانە حكومیەكان بڕێكی زۆری ئەو دەرمانانەیان دەست ناكەوێت كە بۆیان نوسراوە بۆیە رو لەبازار دەكەن، ئەم دیاردەیە لەلای ئەوانەی نەخۆشی كۆرۆنایان لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا هەیە بەگشتی دەبینرێتو دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە حكومیەكاندا زۆر كەمەو دەبێت خاوەنی نەخۆش لەبازار بۆی بكرێت. بەم پێ یە بە رونی ئەوەمان بۆ دەركەوێت كە هاوكات خەڵكی هەرێمی كوردستان ساڵانە یەك ملیارو دوسەد ملیۆن دۆلاریش دەدەن بە كرینی دەرمان لەبازار، ئەم برە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لەسەرەوە باس كرا كە هەر نەخۆشێكی سەردانی كەر بۆ كلینیكە ئێوارەكان بری (25,000) دینار دەدات بە كرینی دەرمانو پێداویستی، ئەوە تەنیا ئەو كەسانە بوون كەسەردانی كلینكە پزیشكیەكان دەكەن، ئەمەی لێرەدا باس دەكرێت بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن ئەو هاووڵاتیانەوە دەكڕدرێت كە سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكان دەكەنو چارەسەریان بۆ دەنوسرێتو ناچارن لە بازار بیكرن، لەساڵی 2020دا سەرە رای ئەوەی رێشوێنی كۆرونا گیرابۆوە بەرو هێشتا حاڵەتی داخستنی شوێنە گشتیەكان هەر مابوون، بەڵام لەهەردوو پارێزگای سلێمانیو دهۆكو لەو ساڵەدا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكانیان كردوە، بەشی هەرە زۆری ئەوانە ناچاربوون لەبازار دەرمان بكرن كە لەلایەن پزیشكەوە لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆیان نوسراوە. هاوردەكردنی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان بێ گرفت نیە، پسپۆرانی بوارەكە باس لەوە دەكەن بەم دواییە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێنێكی گرتۆتە بەر بەتایبەت دوای دانانی كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمانو یەك خستنی كۆمپانیاكان تا رادەیەك كوالیتی ئەو دەرمانەی هاوردە دەكرێت باش بوە، بەڵام هێشتا هەر گرفت ماوە، ئەویش ئەوەیە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی هاوردەكردنی دەرمان هی كەسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزبو حكومەتنو حاڵەتی وا هەیە كەسانێك بەپرسیارێتی گەورەیان هەیە لە خاڵەكانی داخڵكردنی دەرمان، لەهەمان كاتدا خاوەندارێتی كۆمپانیای گەورەی هاوردەكرنی دەرمانیش دەكەن، ئەمەش گومانی خستۆتە سەر پرۆسەكەوبەكارهێنانی ئەو پێگانە بۆ بەرژەوەندی تایبەت ئەگەرێكی بەهێزە. حەوتەم / دروستكردنی دەرمان لەهەرێمی كوردستان:- لەهەرێمی كوردستاندا سێ كارگەی دروستكردنی دەرمان هەن، كە دوان لەوانە لەپارێزگای سلێمانیو یەك كارگەش لە پارێزگای هەولێرە، دوان لەكارگەكانی دەرمان لەلایەن هەردوو حیزبی دەسترۆیشتوی هەرێمەوە خاوەندارێتی دەكرێت لەگەڵ بوونی پشكی چەند سەرمایەدارێك تیایاندا، كۆمپانیایەكیش لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتی دەكرێت، كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبەرهەمی كارگەكانی دەرمانی هەرێم رازیەو وەزارەتەكە خۆی كڕیاری دەرمانەكانیانە، بەپێی بەدواداچونەكانی ئاران ئەو كارگانە بەشێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی هندستانو چینو هەندێك جاریش لە وڵاتانی ئەوروپاوە ماددەی بنەرەتی دەرمان دەهێننو لێرە دەیكەن بەدەرمان، بەدواداچونەكانی ئاران لەم راپۆرتەدا ئەوەی نیشاندا ئەو كۆمپانیایانە تا رادەیەكی باش پابەندی مەرجەكانی گواستنەوەی ماددەی بنەرەتی دەرمانن لە كاتی هاوردەكردنداو گرنگی بەو بوارە دەدەن، ئەم كارگانە جگە لەبازارەكانی هەرێمو عێراق دەرمان بە وڵاتی ئوردنو ئیماراتو دەوترێ بە چەند وڵاتێكی ئەوروپیش دەفرۆشن، بەشێك لەدەرمانسازانو شارەزایانی بوارەكە بۆچونیان وایە كە ئەو كارگانە جیاوازی لە كوالیتی ئەو دەرمانانەدا دەكەن كە لەناو هەرێمو دەرەوەی هەرێم بەتایبەت دەرەوەی عێراق دەیفرۆشن، ئەم راپۆرتە بەدواداچوونی بۆ ئەو بوارەش كرد، جیاوازیەكە زیاتر لە كارتونو مەرجی ئەو وڵاتانە دەركەوت كەبۆ لەكارتون نانی دەرمان هەیانە نەك خودی چالاكیی دەرمانەكە. لە وڵاتانی دیكە كارگەكانی دەرمان بۆ تێست كردنی بەرهەمەكانیان جگە لە تێستی تاقیگەیی تێستی مرۆیشی بۆ دەكرێت، واتا كەسانی خۆبەخش لەلایەن تاقیگەكانەوە ئامادەكراون تا دەرمانیان لەسەر تاقی بكرێتەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستانو كارگەكانی دەرمان كەسانی خۆبەخشیان نیە، بۆیە ناچاربوون سەرەتا لە تاقیگەكانی وڵاتی هندستان ئەو تاقیكردنەوەیە بكەنو دواتریش لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی عێراق تاقیكردنەوەكە گواسترایەوە بۆ وڵاتی ئوردن، بەڵام پسپۆرانی بوارەكە وای دەبینن بۆ بابەتێكی هەستیاری وەك دەرمان باشترە لەناو خۆی وڵات ئەو تاقیكردنەوەیە ئەنجام بدرێت، چونكە ئەگەر چوە وڵاتێكی تر ئەوا ئەگەری ساختەكردن یان شێواندنی ئەنجامەكان ئەگەرێكی بەهێزە. ململانێ یەكی توندی دور لە پیشەیی لەنێوان ئەم كارگانەشدا هەیە، ئەوانیش هەوڵی شكاندنی یەكتر دەدەنو پروپاگەندەی جۆراوجۆر بۆ یەكتر دەكەن بێ ئەوەی خۆیان لەپروپاگەندەكەدا بەشدار ببن، بەڵكو لەپشت پەردەوە قودوە دەرمان بە لۆگۆی یەكتر نیشان دەدەن كە بەبێ مەرج دروستكراوەو مێرو یان شتی دیكەی تێدایە، ئەوان ئامانجیان لەم كارە شكاندنی یەكترە، بەڵام ئەم كارە زیاتر خەڵك دەخاتە بەر دودڵیوراراییو ئەوانەی لەو جۆرە دەرمانانەیان وەر گرتوە توشی دڵەراوكێو حاڵەتی دەرونی خراپ دەبن. هەشتەم / هێڵی زانیاریەگشتیەكانی ئەم راپۆرتە:- • ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بەچارەسەرو كرینی دەرمانو نەشتەرگەریی لە دەرەوەی دامەزاروە تەندروستیە حكومیەكان زیاترە لە سێ ملیار دۆلار، كە بۆ نزیكەی (3000) پزیشكو(79) نەخۆشخانەی ئەهلیو نزیكەی (4300) نۆرینگەو چەند كۆمپانیایەكی هاوردەی دەرمانو سێ كارگەی دروست كردنی دەرمان دەروات. • لە دە ساڵی رابردوودا خەڵكی هەرێمی كوردستان نزیكەی سی ملیار دۆلاریان لەچارەسەر كردنی نەخۆش لە كەرتی تایبەتو بازاردا خەرجكردوە. • داهاتی ساڵانەی بەرپرسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزبو حكومەت ساڵانە زیاترە لە یەك ملیارو پێنجسەد ملیۆن دۆلار. • لە دە ساڵی رابردوودا حكومەت زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە كەرتی گشتی تەندروستیدا خەرجكردوە. • كەرتی گشتی تەندروستی گەیشتۆتە ئاستێك هیچ هاووڵاتیەك بە ئاسانیو لەماوەیەكی كەمدا خزمەتگوزاری وەك نەشتەرگەریو هاوشێوەكانی بۆ ئەنجام نادرێت. سەرچاوەكانی ئامادە كردنی ئەم راپۆرتە:- 1. گەڕانو سەردانە مەیدانیەكانی تیمەكانی رێكخراوی ئاران. 2. سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان 3. سەندیكای پزیشكانی كوردستان 4. دەزگای ئاماری هەرێمی كوردستان 5. راپۆرتی رێكخراوی نێودەوڵەتی راند لەبارەی بارودۆخی كەرتی تەندروستی گشتی لە هەرێمی كوردستان. 6. پسپۆرانی تایبەتمەندی سەرجەم بوارەكانی ناو راپۆرتەكە كە وایان بەباش زانیوە لەبەر بارودۆخی تایبەتی خۆیان ناویان نەهێندرێت. 7. ئاماری هەرسێ بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە پارێزگاكانی سلێمانیو دهۆكو هەڵەبجە. سەرجەم داتاكانی ناو ئەم راپۆرتە لەماوەی نیسانی 2021 تا 15ی كانوونی دوەمی 2022 كۆ كراونەتەوە. رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی نۆیەم / خاوەندارێتی ئەم راپۆرتە:- • دەزگاكانی راگەیاندنو رێكخراوە ناحكومییە ناوخۆییو نێودەوڵەتیەكانو سەندیكاكانو دامەزراوە حكومیەكانو توێژەرانو قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكان یان قوناغەكانی دیكەی خوێندن مافی بڵاو كردنەوەو بەكار هێنانی كۆی راپۆرتەكە یان بەشێك لە زانیاریەكانی راپۆرتەكەیان هەیە بەو مەرجەی ناوی رێكخراوی ئاران وەك خاوەنی راپۆرتەكە بهێنن. ستافی ئامادەكار بەرێوەبەری پرۆژە هەژار وهاب عوسمان بەرپرسی پەیوەندیوهەماهەنگی ئاسۆ محمد مستەفا بەرپرسی دارایی نیزام نازم عبدل تیمی ئامادەكار لە پارێزگای سلێمانی هاوژین یاسین محمد سەرۆكی تیم بەختیار رحیم محمد ئەندامی تیم سیڤان عمر ئەندامی تیم تیمی ئامادەكار لە پارێزگای هەولێر ئاری سابیر حەویز سەرۆكی تیم گلێنە قوباد حمد ئەمین ئەندامی تیم پەشێو عمر حەوێز ئەندامی تیم. تیمی ئامادەكار لە پارێزگای هەڵەبجە رێبواری هەورامی سەرۆكی تیم حوسنا مەحمود جەعفەر ئەندامی تیم رەیان شەوكەوت محەمەد ئەندامی تیم دیزاینی راپۆرت شوان رحیم دیزاینی بەرگ د- .ئەكرەم فەرەیدون
درەو: كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی كە لەبواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات ملیاردێربونی خۆی راگەیاند، (86%)ی داهاتەكەی لە 2022 دا لە نەوتی هەرێمی كوردستان بووە. ئەمڕۆ 10ی شوباتی 2022، كۆمپانیا ( DNO)ی نەرویجی كە تایبەتە بە نەوت و غاز لە سایتی رەسمی خۆیدا بڵاویكردەوە" كە كۆمپانیاكە ریكۆردێكی نوێی لە داهات تۆمار كردووە و بۆ یەكەمجار داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە زیاتر لە ( ملیارێك) دۆلار، كە 63% زیاترە لە ساڵی رابردوو. ئەویش لە دەرەنجامی بەرز بونەوەی نرخی نەوت و گازو بەرزی تواناو ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكەیە. كە ئەمەش وایكردووە قازانجی ساڵأنەی كۆمپانیاكە بگاتە 321 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی. لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی فەرمی كۆمپانیاكە، سەرۆكی جێبەجێكاری دی ئێن ئۆ، بیجان موسەڤەر وتی :"لەگەڵ بەردەوامی كاریگەری پەتای كۆرۆنا، دی ئێن ئۆ ساڵی ڕابردوو بوو بە كۆمپانیایەكی (ملیار دۆلاری) لە پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا". هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد "ئێمە وەك هەمیشە پابەندین بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەشێوەیەكی بازرگانی سەرنجڕاكێش بەڵام لە لایەنی كۆمەڵایەتیشەوە بەرپرسیارانە كاردەكەین و هەستیارین بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە" كۆمپانیای DNOی نەرویجی راشیگەیاندووە كە زۆرینەی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستاندا بووە بەجۆرێك لە كۆی گشتی پوختەی داهاتی كۆمپانیاكە لە ساڵی 2021 دا كە لە رۆژێكدا (94 هەزار) بەرمیل نەوت بووەو لەو ژمارەیە (81 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بووەو تەنها (12 هەزارو 900 )بەرمیل نەوتی بەرهەمی رۆژانەی بووە لە كێڵگەكانی كۆمپانیاكە لە تۆڕی دەریای باكوور، واتا لە ( 86%) بەرهەمی نەوتی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستاندابووە بەرهەمی كۆمپانیای DNOی نەرویجی لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستادا لە ساڵی 2021دا بەمشێوەیە بووە: • كێڵگەی نەوتی پێشكەبیر تێكڕای 61 هەزار و 800 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا • كێڵگەی نەوتی تاوكێ تێكڕای 46 هەزارو 900 ەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا • تێكڕای نەوتی سەرجەم كێڵگەكانی 108 هەزارو 700 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بە تێكرای ساڵانە كۆی گشتی (81 هەزارو 500 )بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرهەمی كۆمپانیای DNOی نەرویجی بوووە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا، بە پێی راپۆرتی كۆمپانیاكە. هاوكات لەگەڵ ئاشكرا كردنی داهاتی ساڵانەی كۆمپانیاكە DNOی نەرویجی راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٢، DNO پلان دادەنێت بۆ خەرجكردنی كرداری (800ملیۆن) دۆلار بۆ فراوان كردنی پرۆژەكانی. لە هەرێمی كوردستان، DNO چالاكیە هەڵكەندنەكانی زیاتر دەكات بۆ هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمھێنانی كۆمپانیاكە لە نزیكەی )105 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بە درێژایی ساڵەكە. هەروەها بەشداری لە مۆڵەتی بەعشیقە بە زیادەی (4 هەزار) بەرمیلی رۆژانە.
(درەو): بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ سەردانی ئەنكەرەی كردو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای بینی، ئەم سەردانە كتوپڕە سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی هەرێمە لەگەڵ توركیا، كە دوای نەوت، غازی هەرێمی كوردستانیش رادەستی توركیا دەكات، سایتێكی توركیا باس لە بایەخی غازەكەی كوردستان بۆ توركیا دەكات، دەڵێ ئەو غازە توركیا لە قەیران رزگار دەكات، توركەكان، تەنانەت چاویان لەو (كبریت)ەشە كە لەناو غازەكەی هەرێمدا هەیە. دەقی هەواڵی سایتی (haber 7) لەبارەی غاز لە كورستان: توركیا 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە تەنیشت خۆیدا هەیە چارەسەری وزە لە تەنیشتی خۆماندایە، عێراق (900 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی هەیە، پسپۆڕان دەڵێن" دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە رزگارمان ببێ كە كاریگەری لەسەر جیهان بەگشتی دروستكردووە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە دەكەوێتە تەنیشتی خۆمانەوە". لە فڕۆكەكەیدا لەكاتی گەڕانەوەی لە ئۆكرانیا، سەرۆك ئەردۆغان وتی" دەكرێت غازی سروشتی لە عێراقەوە بۆ توركیا دابین بكرێت"، بەمەش وردەكاری پرۆژەكە ئاشكرا بوو. پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی باكوری عێراق (میدیا توركییەكە ناوی كوردستانی نەهێناوە) كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 2017وە پچڕا، لەبواری ئابوریو وزەو سیاسەتدا كاریگەر بوون. ساڵی رابردوو (192 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەرێگەی ئەم هێڵەوە گواستراوەتەوە، كە رۆژانە توانای وەرگرتنی (ملیۆنێك) بەرمیلی هەیە، (گۆخان یاردیم) بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای (بۆتاش) دەڵێ" 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە باكوری عێراقدا هەیە.. توركیا دەستكەوتی مێژوویی بەدەستدەهێنێت لەرێگەی دامەزراندنی هێڵی وەبەرهێنانو گواستەوەی ئەم غازە لە پاڵ نەوتدا". (عارف ئەكتورك) سەرۆكی پێشووی بەشی فرۆشتنی غازی سروشتی لە كۆمپانیای (بۆتاش) وتی" لە ساڵی 1974وە بازرگانی هایدرۆكاربۆنیمان لەگەڵ عێراق هەیەو ساڵی 2013 نوێكراوەتەوە، ئێمە دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە دەرباز ببین كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە، لەوێ كێڵگەی غاز هەیە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە تەنیشتنی خۆماندایە". بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی توركیا، (گۆخان یەردیم) بە ئاماژەدان بەوەی ژێرخانی بازرگانی غاز لەگەڵ باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) ئامادەیە، وتویەتی" كۆمپانیاكانی (تاپكۆ)و (بۆتاش) كە دوو كۆمپانیای جیهانین، لەحاڵەتی رێككەوتنی فەرمیدا، تاپكۆ دەتوانێت لەماوەیەكی كورتدا كاری هەڵكەندنو دەرهێنان ئەنجام بدات.. هێڵی بۆریمان هەیە كە تا خۆرهەڵاتی توركیا درێژدەبێتەوە، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێڵەكە لە خاكی عێراقدا دەكەوێتە سەر زەوییەكی تەختو دەكرێت لەماوەیەكی زۆر كورتدا ئامادە ببێت، یەدەگێكی نائاسایی غاز لە (مەنسوریە)و (كۆرمۆر) لە ناوچەی چەمچەماڵ هەیە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی توركیاو عێراق رەزامەندی لەسەر بدەن، توانای یەك ملیۆن بەرمیل بەس نییەو دەبێت هێڵێكی تری بۆری نەوت دروست بكرێت، ئەم توانایە هەیەو ئەو ژمارەیە گواستنەوەی لەرێگە تانكەر ناگرێتەوەو ئامانجەكە ئەوەیە لە پلانی سەرەتایدا ئاستی هەناردە لە (10 ملیار) مەتر سێجاوە بگەیەندرێتە (10 ملیار) مەتر سێجای ساڵانە. لەپاڵ نەوتو غازدا، عارف ئەكتورك باس لە زنجیرەیەك سودی تر دەكاتو دەڵێ" غاز لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بڕێكی زۆر كبریتی تێدایە، ئەگەر بتوانرێت ئەم كبریتە بخرێتە بازاڕەوە، ملیاران دۆلار سودی ئابوری تێدا دەبێت، بەڵام ئەگەر كبریتەكە لەناو كێڵگەدا بمێنێتەوە، شاخی كبریتی لەناوچەكەدا لێ دروست دەبێتو لەكاتی بارانباریندا ترشی كبریتی دروست دەكاتو كارەساتی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە. حكومەتی ناوەندی عێراق سكاڵایەتی یاسایی لەسەر توركیا بەرزكردوەتەوە كە پەیوەندی بە بازرگانی نەوتەوە هەیە لە ساڵی 2013و دواتر لەرێگەی هێڵی بۆری (IT Petrol)، كرۆكی سكاڵاكە كە بەرزكراوەتەوە بۆ بڕیاردانو هێشتا ئەنجامی حوكمەكەی رانەگەیەندراوە دەڵێ، حكومەتی باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) دەتوانێت تەنیا رێژەی 17%ی نەوتی هەناردەكراو ببات، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، توركیا دیپلۆماسیەتێكی چڕ لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لە بەغدادو ئیدارەی بەرزانیدا پەیڕەو دەكات، سەرچاوە دیپلۆماسییەكان دەڵێن دەستكەوتی گەورە لەم بوارەدا بەدەستهاتووە.
راپۆرتی: درەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (8 ساڵی رابردوو)دا زیاتر لە (ملیارێكو 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام كەمتر لە (31 ترلیۆن) دیناری داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەشێوەی سەربەخۆ، هەرێم بڕی (81 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق لەدەستداوەو (45 ترلیۆن) دیناریش قەرزار بووە. پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەماوەی نێوان ساڵانی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن) دینار، لەم بڕە پارەیە تەنیا (15 ترلیۆن) دینار رەوانەی هەرێم كراوە، واتا بڕی (81 ترلیۆن) دینار لە پشكی هەرێم راگیراوە. یەكەم: پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی (2004-2014) پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، واتا فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ، لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە وەكو پشكی كورد، بڕێكی زۆر پارە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێم دەكرا، بەجۆرێك لە دوای ساڵی 2004 -2014، حكومەتی فیدراڵ 17%ی بودجەی گشتی بۆ هەرێم ناردووە. بەپێی سەرچاوەكان، ئەو پارانەی لە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێم لە حكومەتی فیدراڵ دەست حكومەتی هەرێم كەوتووە، كە لە ساڵی 2004ەوە تا ساڵی 2014 بەردەوام بووە، بریتی بووە لە (75 ملیارو 177 ملیۆن) دۆلار (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛ ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعشو گرفتەكانی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، یاسای بودجە نەبوو، دەسەڵاتی خەرجییەكان درابوو بە وەزارەتەكان، ئیتر لێرەوە پشكی هەرێم بڕدرا. بەپێی توێژینەوەیەكی (فەرمانگەی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) كە لە تشرینی یەكەمی 2020 بڵاوكراوەتەوە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005تاوەكو 2019 بڕی (96 ترلیۆنو 196 ملیارو 503 ملیۆن) دیناری لە بەغدادەوە وەرگرتووە، لە بەرامبەردا تەنها (2 ترلیۆنو 273 ملیارو 430 ملیۆن) دینار داهاتی خۆی بۆ حكومەتی ناوەند لە بەغداد گەڕاندوەتەوە. دووەم؛ پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی 2014-2021) لەدوای ساڵی (2014)ەوە دۆخەكە بەشێوەیەكی ترە، ئەگەرچی لە یاساكانی بودجەی (2014-2021) پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمو سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هیچ كات ئەو بڕە پارەی كە وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە، وەك خۆی بۆ هەرێم نەنێردراوە، بۆ نمونە بڕوانە خشتەی ژمارە (1)؛ پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق (2021-2014) (دینار) تێبینییەكان دەربارەی خشتەی ژمارە (1) 1. حكومەتی عێراق لە ساڵی 2020 یاسای بودجەی نەبووە. 2. سێ مانگی سەرەتای 2020، هەموو مانگێك 453 ملیار لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە. 3. (6) مانگی سەرەتای ساڵی (2021) تێپەڕی بەڵام حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردووە، لە (6) مانگی دووەمی ساڵی (2021) بە شێوەی سلفە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار وەك سلفە رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە. شیكاری خشتەی ژمارە (1) 1. پشكی هەرێمی كوردستان لەماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن و 540) ملیار و 995) ملیۆن دینار. 2. تەنها بڕی (15 ترلیۆن و 929 ملیار و 533 ملیۆن) دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە. 3. بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە. سێیەم؛ داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی ئابوری سەربەخۆدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆدا، لەماوەی ساڵی (2014) تا كۆتایی ساڵی (2021) زیاتر لە (1 ملیارو 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، بە تێكڕا بەرمیلێكی نەوتی بە بڕی (54) دۆلار فرۆشتووە، بەكۆی گشتیو بەبێ هیچ خەرجیو تێچونێك، بەهای ئەو بڕە نەوتەی فرۆشتویەتی زیاتر بوو لە (55 ملیار دۆلار) بەرامبەر بە زیاتر لە (68) ترلیۆن دینار (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) فرۆشی نەوتی هەرێم (2014- 2021) بەڵام بەپێی وتەی (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان) كە رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) لە كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند؛ (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات تێچووی دەرهێنانی نەوتەو (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێت، بۆیە دوای لێدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوتو هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە (ساڵی ڕابردوو)دا لە ڕێگەی فرۆشتنی (1 ملیارو 103 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتەوە، دەكاتە (25 ملیارو 485 ملیۆن 858 هەزارو 150) دۆلار، كە بەهای (1) دۆلار بە تێكڕا لەماوەی (ساڵی رابردوو) بریییە لە (1 هەزار و 211) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (30 ترلیۆنو 863 ملیارو 374 ملیۆنو 220 هەزارو 231) دینار وەك داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم (2014-2021) پاش لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی چوارەم؛ دەرەنجامی فرۆشی سەربەخۆی نەوت ئەگەر بەراوردی ئەو داهاتە بكەین كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی كەوتووە، بەو بەشەی لە بودجەی عێراق لەدەستی داوە، ئەوا؛ 1. حكومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422 ملیۆن) دینار بودجەی لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە. 2. حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بڕی (1 ملیارو 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8 ساڵ)دا هەناردە بكات، بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار دوای لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی بۆ بمێنێتەوە. 3. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەكەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار. پێنجەم: كەڵەكەبونی قەرزە گشتییەكان بەهۆی كورتهێنانە بەردەوامەكانو بەتایبەتیش بەهۆی قەیرانەكانی ساڵانی (2014-2017و 2020)، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، كە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆرانو بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەكانو قەرزی دەرەكیو قەرزی بانكی (تی بی ئای)و قەرزی ناوخۆین، بڕی ئەم قەرزانە زیاتر لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریكییە (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) بەشێكی گەورەی قەرزەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ پێش كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بروانە چارتی ژمارە (3)). هاوكات (خشتەی ژماره (4)) دەربڕی قەبارەی قەرزە گشتییە كەڵەكەبووەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە درێژایی ساڵانی (2012 - 2021). چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) خشتەی (4) سەرچاوەکان 1. کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28/6/2021. 2. م.جهانگیر صدیق احمد، چاكسازى ئابوری له ههرێمی كوردستان، پاساو و بهربهستهكان له (2005 - 2019)، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، مجلة الدراسات السياسية و الأمنية - المجلد (الرابع) العدد (الثامن) كانون الاول ٢٠٢١؛ https://www.centerfs.org/files/2021/12/3-Vol.4-No.8k-81-112-3.pdf 3. ماڵپەڕی درەو میدیا، زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتاو ژمارەكانی حكومەت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5813 4. ماڵپەڕی درەو میدیا، فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9584 5. ماڵپەڕی درەو میدیا، لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ ئابوری سەربەخۆیان؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8611 6. قانون الموازنة العامة الاتحادية للسنة المالية2021. 7. ابتسام عبد اللطيف محمد، مستحقات اقليم كوردستان وكميات ومبالغ تصدير النفط خارج اطار شركة (سومو) ومدى تاثيرها على الموازنة الاتحادية للمدة (2005-2019)، دائرة البحوث والدراسات النيابية مكتب بحوث الموازنة. 8. Deloitte, Kurdistan Regional Government of Iraq, Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020, 20 June 2021.
راپۆرتی: درەو کازاخستان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان. بەڵام لە ساڵی (1991)ەوە تا ساڵی (2019) بۆ ماوەی پێنج خول تەنها (نور سوڵتان نزار باییف) سەرۆکایەتی کردووە و لەسەردەمی ئەوو دوای ئەویش دەسەڵات هەر دەنگیێکی ناڕازی کپ و سەکوت کردو وە، جا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هێزی دەوڵەتەکەوە بووبێت یان هێنانی هێزی دەرەکییەوە بووبێت. کازاخستان کازاخستان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی هەدوو کێشوەری ئاسیاو ئەوروپا پێکەوە دەبەستێت و بەشێکی فراوانی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیاو بەشێکیشی دەکەێتە خۆرهەڵاتی ئەوروپا، بە دیاریکراوی دەکەوێتە ئەوە ناوچەیەی کە بە ئاسیای ناوەڕاست ناسراوە کە دەوڵەتانی ((ئۆزپاکستان، تورکمانستان، کازاخستان، تاجاکستان و قیرغیزستان) دەگرێتەوە. دراوسێکانیشی بریتین لە هەریەک لە وڵاتانی (لە باکور و ڕۆژئاواوە روسیا، لە باشور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە چین، لە باشوریشەوە هەریەک لەچین و قیرغیزستان، ئۆزپاکستان و تورکمانستان، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بەشێکی فراوانیشی دەڕوانێت بەسەرددەریا داخراوەکەی قەزوین)دا. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی سنورەکەی دەکەوێتە سەر دەریای قەزوین، بەڵام بەیەکێک لە دەوڵەتە داخراوەکان (Landlocked country) دادەنرێت، چونکە ئەو دەریایە ناتوانێت بە جیهانی دەرەوەی ببەستێت و دەریاکە بۆخۆی داخراوە. لە ڕووی ڕووبەری جوگرافییەوە نۆیەم گەورەترین دەوڵەتی جیهانە، لە کیشوەری ئاسیاش سێیەم گەورەترین دەوڵەتە و ڕوبەرێکی فراوانی هەیە کە بریتییە لە (2 ملیۆن و 724 هەزار و 900) کیلۆمەتر چوارگۆشە. لە ڕووی کارگێڕییەوە دابەش بووە بەسەر (14) ویلایەت و (160) کەرت و (10) شارەوانییەوە، لە ساڵی (1929) تا ساڵی (1997) شاری (ئەلماتی) پایتەختی وڵاتەکە بووە، بەڵام لە ساڵی (1998)ەوە (نور سوڵتان نزار باییف - سەرۆکی وڵات) پایتەختی دەوڵەتەکەی گواستەوە بۆ شاری (ئاستانا) و لە ساڵی (2019) ناوی شارەکەی گۆڕی بۆ (نور سوڵتان) کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە لە ڕووی ڕووبەرەوە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی (2021) ژمارەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە (19 ملیۆن و 44 هەزار و 688) کەس، بەم پێیەش (0.24%)ی دانیشتوانی جیهان پێدەهێنێت. دانیشتوانەکەی زۆرینەی کازاخین و سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەو ئاینی دیکە لە وڵاتەکە دەژین لە ڕووی ئانیشەوە نزیکەی (70%) دانیشتوانەکەی موسڵمانن و بەشێکی کریستان و کەمە ئاینییەکانی دیکەن. بەپێی زانیارییەکان لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان و گەورەترین ئابوری ناوچەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و بەڕێژەی (60%) پێداویستییەکانی ئەو ناوچەیە دەبین دەکات. پێگەی سیاسی کازاخستان کازاخستان سەرەڕای ئەوەی خاوەن ئابورییەکای بەهێزە لە ناوچەکەی خۆی، گرنگییهکی گهورهشی بۆ ئهو دهوڵهتانه ههیه که دهیانهوێت ههژموونی سیاسی و ئابوری خۆیان له ناوچهکه زیاد بکهن، لەسەر و هەموانیشەوە "روسیا" که له ڕابردووداوو بهدرێژایی مێژووی روسیا ئهم ناوچه جوگرافییه ناوچهیهکی ههستیار و گرنگ بووه بۆی، ههر له ناوهڕاستی سهدهی (18)هوه تا شۆڕشی ئۆکتۆبهری (2017) و درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد تا دەگات بە دەسەردەمی ئەمڕۆ، چونکه خاوهن کۆمهڵێک تایبهتمهندی سهرچاوهی جوگرافی و جیۆسیاسی و سهرچاوهی درێژبوونهوهی پارێزگاری و ئارامی و سیستمی سیاسی له روسیا. سەردەمێکیش گۆڕەپانەکەی ناوچەیەکی گرنگ بوو لە دەستپێکی بونیادنانی چەکی ناوکی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و سەرۆکایەتی نور سوڵتان نزار باییف کازاخستان پێش (31) ساڵ و لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت، وەک دواین کۆماری یەکێتییەکە سەربەخۆیی ڕاگەیاند، هەر لە سەرەتاشەوە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە وڵاتەکە تەبەنی سیستمی سەرمایەداری کرد. لە ڕووی سیستمی سیاسییەوە کار بە سیستمی سەرۆکایەتی کراو دەسەڵاتەکان لە وڵاتدا بەم شێوەیە بوون. لە کازاخستان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بریتییە لە سیستمێکی دوانەیی (سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەت)، بەپێی دەستور سەرۆکی دەوڵەت سیاساتی حکومەت دادەڕێژێت، دەسەڵاتی ئقالەکردنی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە، هەر خۆیشی سەرۆکی هەرێمەکان و یەکە ئیدارییەکانی وڵاتەکە دیاری دەکات، نوسینگەی سەرۆک سەرپەرشتی سیاسەتی دەرەوەو پرۆسەی وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتەکە دەکات. هەوروەها سەرۆکی دەوڵەت دادوەری ویلایەت و یەکە کارگێڕییەکان دیاریدەکات و ئەنجومەنی شارو ویلایەتەکان بە هەڵبژاردن دێن و دەسەڵاتە خزمەتگوزارییەکان مومارەسە دەکەن. هەرچی پەرلەمانی ئەو وڵاتەشە لە دوو ئەنجومەن (نوێنەران و پیران) پێکدێت. نور سوڵتان نزارباییف کێیە؟ نور سوڵتان نزار باییف لە دایکبووی (6ی حوزەیرانی 1940)ە لە کازاخستان (یەکێتی سۆڤییەت) لە ساڵی 1962ەوە پەیوەندی بە حیزبی شیوعی سۆڤییەتی (CPSU)ەوە کردووە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە لە ساڵی (1984 – 1989) و لە ساڵی (1990) ئەنجومەنی باڵای سۆڤییەت لە کازاخستان (نزار بایف)ی بە سەرۆکی کۆمار هەڵبژارد. لە کانونی یەکەمی 1991 کازاخستان سەربەخۆیی خۆی لە یەکێتی سۆڤییەت ڕاگەیاند، هەر لەو کاتەوە نور سوڵتان نزار باییف سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتە دەست و بۆ ماوەی (5) خول تا (20ی ئازاری 2019) لە پۆستەکەی مایەوە. خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵات دەستپێدەکات تا ساڵی (1995) و لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بە ڕەزامەندی (95.5%)ی بەشداربووان ماوەکەی تا ساڵی (2000) بۆ درێژکرایەوە، کە بە درێژکراوەی خولی یەکەمی ناوبراوە. خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی پێش تەواو بوونی ماوەکە بە چەند مانگێک و لە ساڵی (1999) دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا (81%)ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت، لە هەمان ساڵدا پارتی (نور ئاتان)ی دامەزراندو توانی کۆنتۆڵی زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە بباتەوە. ئەم خولەی تا ساڵی (2006) بەردوام بوو. خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (2006)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە (4/12/2005)ەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵات ئەنجام درا (نور سوڵتان نزار باییف) توانی (91.15%)ی دەنگی دەنگدەرانی وڵاتەکەی کۆ بکاتەوە لە (11/1/2006) سوێندی یاسایی خوارد. لەم خولەدا لە (18/5/2007) پەرلەمانی وڵاتەکە لە ڕێگەی هەمواری دەستورەوە ڕێگەی بۆ (نور سوڵتان نزار باییف) خۆشکرد کە بتوانێت بۆ دوو خولی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە بپاڵێوێتەوە. هەر لەم خولەدا بوو ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵات لە (12/5/2010) ناسناوی (زەعیمی نەتەوە)ی پێ بەخشی و تا ساڵی (2011) کۆتایی بەم خولەشی هات. خولی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی (نور سوڵتان نزار باییف) لە (3/4/2011)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژادندا توانی دەنگی (95%) دەنگدەرانی وڵات بەدەست بهێنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بووە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە باکۆت کرابوو سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایی بەرفراوان و دروستکرنی لەمپەر بۆ چاودێرانی هەڵبژاردنەکە، بەپێی ئەو تێبینییانەی چاودێرانی نێودەوڵەتی توماریان کردبوو بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڕەشەو ئاستەنگ و بۆ لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبییەکان ئەنجام درابوو. تا ئەوەی ناڕەزاییەکی بەرفراوان بەشێک لە شارەکانی گرتەوەو چەندین کوژاروو برینداری لێکەوەتەوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان کرابووە سەر. خولی پێنجەم و کۆتایی لە (26/4/2015) بە کۆکردنەوەی (95%)ی دەنگەکان دەستپێدەکات و لە (19/ئایاری/ 2019) کۆتایی بەم خولەی سەرۆکایەتییەکەشی هات. نور سوڵتان نزار باییف هاتنی قاسم جۆرمات تۆکاییف و سەرهەڵدانی قەیرانە نوستووەکان لهگهڵ گهیشتنی (قاسم جۆرمات تۆکاییف) به کورسی سهرۆکایهتی وڵاتی کازاخستان، لە (19/ئایاری/2019) و دوای دەستلەکارکێشانەوەی (نور سوڵتان نزار باییف) خهڵکی وڵاتهکه بههیوا بوون لانی کهم گۆڕانکاری له ژیانیان ڕووبدات بهرهو ژیانێکی باشتریان بۆ دەستەبەربێت، لهسهرهتاوه شارهزایان باسیان لهوه دهکرد نمونهی قۆناغێکی گواستنهوهی سهرکهوتوو له کازاخستان ڕوودهدات گۆڕانکاری لهسهر ئاستی سهرۆکایهتی وڵات گۆڕانکاری جهوههری لهڕووی سیاسی و ئابورییەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دهرگای خێریان بهڕوودا دهکرێتهوه. بۆیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی وڵاتەکە لە (9/ حوزەیران/2019) (قاسم جۆرمات) توانی (70%)ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت ببێت بە یەکەم سەۆکی وڵاتەکە دوای (نور سوڵتان) و دووەم سەرۆک لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکە. هەرچەندە چاودێرانی هەڵبژاردنەکە پێشێلکاری زۆرو نەڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیان تۆمارکردبوو لە پێش و کاتی ئەنجامدانی هەرڵبژاردنەکە، هەر بۆیە بەشێک لە چاودێران پرۆسەکەیان بە شانۆ وەسفکرد. بەڵام دوای ئەو هەنگاوە ڕوونە بۆ گرنتی کردنی گواستنەوەیەکی ئاسانی دەسەڵات لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتدا، لەگەڵ ئەوەی (نور سوڵتان نزار بایف) لە (19ی ئازاری 2019) دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی کرد، بەڵام لەسەرەتادا پارێزگاری لە پۆستە سەرەکییەکانی دروستکردنی بڕیار لە وڵاتەکە کردبوو، لە نێویشیاندا سەرۆکایەتی کردنی پارتی فەرمان ڕەواو ئەنجومەنی ئاسایش و لەسەروو هەموویەوە وەک "زەعیمی نەتەوە"، لە کۆتایی ڕێگەکە حیزبی تەسلیم کردەوەو (قاسم جۆرمات تۆکاییف) هەڵبژێردرا. لهگهڵ گهیشتن به ساڵی نوێی (2022) ئاستی ناڕهزاییهکانی خهڵکی کازاخستان ڕووی له بەرزبوونەوە کرد، به ئاستێک گهیشت سهرنجی زۆربهی کهناڵ و ئامرازهکانی ڕاگهیاندن و تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان و چاودێران و شیکهرهوه سیاسییهکانی بۆخۆی ڕاکێشا، باس له ڕهنگدانهوهی داهاتووی ململانێ نێودهوڵهتی و ههرێمییهکان له ئاسیای ناوهڕست دەکرا، ئەگەر چی تیشک خرایە سەر بەزبوونەوەی نرخی غاز شل وەک هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان، بەڵام لە قوڵاییدا هۆکاری گەورەتر هەبوون. شارەزایانی بوارەکە (کازاخستان) پێیان وایە سیستمەکە کۆمەڵێک یاسای داڕشتووەکە ڕێگربووە لە هەر شەپۆل و تێڕوانین و ئاراستەیەکی پێچەوانەی کارەکانی حکومەت، چونکە لە ڕابردوودا حکومەت بەرهەڵستی هەر کیان و ڕەوت و هێزێک دەبوویەوە کە هەوڵی دەرچوونی لەو چوارچێوەیە بدایە کە دیاری کربوو سەرکوت دەکرا، لەو ماوەیەدا سیستمەکە سەرکوتکاری ئازادی و مومارەسە سیاسییە پێچەوانەکانی دەکرد تا ساڵی (2019) قەیرانی کازاخستان سەریهەڵدا. قاسم جۆرمات تۆکاییف ڕەگ و ڕێشەی قەیرانەکە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان لە شوباتی 2019 بەدیارکەوت کاتێک خێزانێک لە ڕوداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە پایتەختی وڵات (نور سوڵتان) پێنج ئەندامیان سوتان و کوچی دواییان کرد، ئەوە لە کاتێکدابوو باوکیان چووبووە سەر کاری شەوانە بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکە، ئەمەش بووە سەرەتای بزیسک و پرشنگی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایتییەکان لە ژێر کاریگەری ئەو ڕووداوەدا، لەدوای دوو هەفتە لە ناڕەزایەتییەکان و بەرفراوانبوونی لە دەرەنجامی کەڵەکە بوونی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوری سیاسییەکانی کازاخستان بوو، ناڕەزایەتییەکان هەموو شاری (نور سوڵتان)ی گرتەوە لە کاتی بۆنەی ساڵانەی سەرداری شار کە ناسراوە بە "بەختی سوڵتانۆڤ" سەرۆک (نور سوڵتان نزار باییف) ژمارەیەک بڕیاری زۆری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەو ڕاگرتن و تەشەنەسەندنی داواکارییەکان، لە نێویشیاندا ئیقالە کردنی سەرۆکی حکومەت (بەخیتشان ساجینتاییف) لەو کاتەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پیران (قاسم خۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، لەگەڵ ئەو هەوڵانە بۆ چاکسازی لە ئاستی خواستی ناڕەزاییەکان نەبوو، بۆیە سەرۆکی کۆمار لە (19 ی ئازاری 2019) دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە (قاسم جۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی کۆمەڵگا پێیان وابوو کە ئەمە دووبارە بوونەوەی (نزار بایف)ە بە هاوشێوە یان جێگرەکەی . بەڵام ئەم دەست لەکار هەڵگرتنەی (نزار باییف) لە ڕۆژنامەو گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بووە جێی سەرنج و بە بازدانێکی نەوعی درا لە قەڵەم بووە سەرەتای بەرقەرابوون ئاشتی لە مێژووی سیاسی وڵاتەکە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نەهات کە (نور سوڵتان نزار باییف) لە گۆڕەپانەکە چووبێتە دەرەوە، بەڵکو کارکردن لە پۆستە حکومی و سیاسییە هەستیارەکان لە نێویشیاندا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرەڕای سەرکردایەتی کردنی حیزب (نور ئاتان) و بەدەستهێنانی مافی ڤیتۆ لە دامەزراندنی وەزیرەکان و دادوەرانی کەرتەکان ژمارەیەکی دیکەی گەورە بەرپرسانی ئیسغلال کردبوو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لهماوهی ئهو سێ دهیهی (نزار باییف) له دهسهڵات بوو، دامهزراوه گشتی به پێچهوانهوه قۆسترابوویهوه بۆ کۆکردنهوهی دهسهڵات له دهستی سهرۆک و چهسپاندنی سیستمێکی سهرکوتکهر و کۆنترۆڵکردنی دامەزارەو یەکە ئابورییەکانی وڵاتەکە بۆ نزیک و هاوڕێ و دۆستەکانی خۆی. تا لە کۆتایەییەکانی ساڵی (2021) (نور سوڵتان نزار بایف) لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دوورخرایەوە. لەگەڵ دەستپێکی ساڵی (2022) دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی زۆر، داواکارییەکان دەستی پێکرد. بەهۆی زیادبوونی ئاستنهگه ئابورییهکان و تهشهنهسهندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە سهریکێشا بۆ سهرهتایهکی نوێی ناڕهزایهتی کۆمهڵایهتی پاشان زیابوونی نرخی غاز و سوتهمهنی بووه هۆی توڕهییهکی بهرفراوانی هاوڵاتیانی وڵاتهکه و سهرههڵدانی ناڕهزاییهتیهکی بهرفراوان له شارهکانی ناوهڕاستی دەوڵەت و تهشهسهندنی. دوای کوژرانی لە (164) هاوڵاتی و گرتنی زیاتر لە (6000) خۆپیشاندەرو بینداربوونی هەزاران کەس لە هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکان. بە دەستێوەردانی ڕاستەخۆی هێزی سەربازی ڕووسی و وڵاتانی هاوپەیمانی لە (ڕێکخراوی ئاسایشی بەکۆمەڵ) ناڕەزیەتییەکان کۆتایی پێهێنرا. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: کارینا فایزولینا، احتجاجات كازاخستان: بحث في الخلفيات والتداعيات والسيناريوهات المحتملة، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛ https://studies.aljazeera.net/sites/default/files/articles/documents/2022-02/%D9%86%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%AC%20%D8%AA%D9%86%D9%85%D9%88%D9%8A%D8%A9%20%D9%88%D8%A7%D8%B9%D8%AF%D8%A9%20%20%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9%20%D8%A3%D8%B1%D8%A8%D8%B9%20%D8%AF%D9%88%D9%84%20%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A9.pdf أحمد خليل أرتيمتي - عماد الشيخ داود، الأزمة الكازاخستانية ما بين الحراك الداخلي والتدخل الروسي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/01/9ytfdd2.pdf محمد مروان، أين تقع كازاخستان، علی الموقع؛ https://mawdoo3.com/%D8%A3%D9%8A%D9%86_%D8%AA%D9%82%D8%B9_%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86#.D8.A7.D9.84.D8.AF.D9.8A.D8.A7.D9.86.D8.A9_.D9.81.D9.8A_.D9.83.D8.A7.D8.B2.D8.A7.D8.AE.D8.B3.D8.AA.D8.A7.D9.86 كازاخستان.. انفصلت عن الاتحاد السوفياتي قبل 31 عاما وحكمها رئيسان فقط، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%86%D9%81%D8%B5%D9%84%D8%AA-%D8%B9%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D8%AD%D8%A7%D8%AF روسيا تعلن اكتمال نشر قوات "حفظ السلام" في كازاخستان والسلطات تؤكد استقرار المناطق المضطربة، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/news/politics/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D8%AA%D8%B9%D9%84%D9%86-%D8%A7%D9%83%D8%AA%D9%85%D8%A7%D9%84-%D9%86%D8%B4%D8%B1-%D9%82%D9%88%D8%A7%D8%AA کازاخستان، علی الموقع؛ https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86 كم عدد سكان كازاخستان 2021؟ ..الترتيب العالمي لكازاخستان من حيث الكثافة السكانية، علی الموقع؛ https://gloig.ru/%D9%83%D9%85-%D8%B9%D8%AF%D8%AF-%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86-%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-2021%D8%9F/
(درەو): رابەری گشتی مافی ئەوەی نییە خۆی كاندید بكاتەوە، تەنیا كەسێك خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی 50+1ی كۆنگرە نەهێنێت، رابەری ماوە تەواوبوو لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە، ئەمە پوختەی چیرۆكی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامییە. بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی كۆنگرەی 12ی خۆی لە هەولێر دەستپێكرد، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كردووەو مافی ئەوەی نییە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، بەڵام بزوتنەوە مەرجی داناوە ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، كامیل حاجی عەلی تاكە كەسێكە كە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی (50+1) بەدەست نەهێنێت، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە، ئەمە مشتومڕی دروستكردووە لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام رابەری ماوەتەواوبوو دەڵێ" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی رابەری بزوتنەوە لەوتارێكدا لە كۆنگرەی 12ی حزبەكەی لە هەولێر وتی: • بڕیار بوو ئەم كۆنگرەیە لە هەڵەبجە بكەین، بەڵام هەڵەبجە بەناو پارێزگایە، بینایەكی تێدا نییە ئەم خەڵكە تێیدا كۆببنەوە. • ئێمە نەهاتوین خەڵك فریو بدەینو بڵێین بڕۆن موزاهەرە بكەن، بەڵام دوای كە گەیشتە قایمایی، دوو تەقە بكرا بێین بەیان لەسەر موزاهەرەچییەكان دەربكەینو بڵیین ئەوانە ئاژاوەگێڕن، ئێمە ئەم سیاسەتە بێ ئەخلاقییەمان نەكردووە. • منەتی دەسەڵات بە هیچ ئەگەر چوبین پارچەیەك عەرزمان لێوەرگرتبێت، ئەگەر دەستمان لێ پانكردبێتەوە. • هەیبەتی بزوتنەوەی ئیسلامی تائێستا پارێزراو بووەو نەمانهێشتووە كەس ئەو هەیبەتە بخاتە ژێر پرسیارەوە. • ئێمە كە قسەمان نەكردووە، وتومانە قسەیەك ئەكەین كە پێمان هەڵبگیرێت، ئێمە شۆڕشێكی ئەخلاقین، موزایەدەكردن لە ئێمە ناوەشێتەوە. • بۆ هەشت ساڵ زیاترە بودجەی بزوتنەوەی ئیسلامی بڕاوە، ئەو فەقیرییەی كە بەسەرماندا هاتووە لە پاكێتی خۆمانە. • مامۆستا مەلا عوسمان موئامەرەیەكیان لێكردو بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت.
(درەو): یەکێتی گومانی ھەیە "تویت"ەکەی سەدر تەکتیک بێ بۆ کۆبونەوەکەی دوو شەممەی پەرلەمان، پارتی بێدەنگەو ئاگاداری تەكتیكەكەی سەدرە، مالیکیش داوای لە یەكێتی كردووە كاندیدەكەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن. تەکتیک لە تویتدا ! سەدر براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی تویتەرەوە خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ ھاوپەیمان و نەیارەکانیدا. ئێوارەی ئەمڕۆ لە تویتێکدا داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد، ئەگەر ھۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار مەرجەکانی تێدا نەبوو، دەنگی بۆ نەدەن. سەرباری قسەوباسەکان لەباری تێوەگلانی زێباری لە گەندەڵی، پەرلەمانی عێراق کاندیدبوونی زێباری پەسەندکردووە، واتە مەرجی کاندیدبوونی تێدایە، ئەمە یەکێتی لە تویتەکەی سەدر خستوەتە گومانەوە. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، یەکێتی زۆر ئومێدی لەسەر تویتەکەی ئەم ئێوارەی سەدر ھەڵنەچنیوە، گومانیان ھەیە تەکتیکی سەدر بێ بۆ ئەوەی رۆژی دوو شەممە نیسابی کۆبونەوەی پەرلەمان تەواو ببێ و دوای ئەمە لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردندا، بەزۆرینەی سادە ھۆشیار زێباری بە سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرێت. سەرباری ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام ئەم پۆستە بەلای لایەنە شیعەکانیشەوە گرنگە، چونکە سەرۆک کۆمار کاندیدی لایەنی براوە شیعە رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ حکومەت. ئەگەر رێککەوتنی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) بەردەوام بێ، زێباری سەرۆک کۆمار بێ باشترە، چونکە لە پرسی راسپاردنی کاندیدی کوتلەی گەورەدا بۆ پێکھێنانی حکومەت، پابەند دەبێ بە رێککەوتنەکەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی هیچ گومانێكی بۆ ردووست نەبووە لەسەر تویتەكەی (سەدر) و بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی رەنگە تەكتیكێكی نێوان خۆیان بێت بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی پارتی. ئەگەرێکی تر ! سەدر لە سەروبەندی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکدایە بۆ یەکخستنی ناو ماڵی شیعەو بانگھێشتکردنی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆناو حکومەت. ئەم بیرۆکەیە دوای ئەوە ھات مەسعود بارزانی وەفدێکی ھاوبەشی پارتی و سوننەکانی ناردە نەجەف، بۆ ئەوەی سەدر قایل بکەن ئەو لایەنانەی تری شیعەش بەشداربن لە حکومەتدا، بەتایبەتی نوری مالیکی. ئێستا کە ئیتر دۆخەکە گەیشتوەتە بنبەست و بەبێ رێککەوتنێکی نوێ پەرلەمان ناتوانێ رۆژی دووشەممە کۆببێتەوەو سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت، سەدر تێگەیشتووە دەبێ بە رێککەوتنەکەیدا بچێتەوە، ھەر رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بکات، لەسەر دەستپێشخەری خۆی دەیکات نەک بارزانی. ئێستا کە شیعەکان خەریکە لەناو خۆیان پێکدێن، ئیتر پارتی و یەکێتی لە ھەردوو جەمسەرەکەی ناو شیعەوە گورزیان بەردەکەوێت. ئەمەش ئەگەرێکەو دەکرێت رووبدات، بەتایبەتی لەگەڵ موقتەدا سەدردا کە بەخێرایی بڕیارەکانی دەگۆڕێت. مالیکی یەکێتی بێ ئومێد دەکات لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتمانیش کە بەرھەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، چاوی لەوە بوو بە پشتی نەیارە شیعەکانی سەدر واتە (مالیکی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، حەکیم و عەبادی) کاندیدەکەی خۆی سەربخات، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو) نوری مالیکی ھەڵوێستی لەبارەی بەرھەم ساڵحەوە نەرێنییە و داوای کردووە یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگۆڕێت. لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەدیاریکراویش نوری مالیکی کە خاوەنی زۆرترین کورسی ھاوپەیمانێتییەکەیە (37) كورسی، پاڵپشتی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ناکات. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، سەرچاوەی ئەم نیگەرانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەرھەم ساڵح لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا رێگر بووە لەوەی جێگرانی سەرۆک کۆمار دابنێرێن، مالیکی یەکێک لەوانە بووە چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستە بووە. سەرباری ئەمە، بەگشتی لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی ھەڵبژاردن دژی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە بە بەرپرسی دەزانن لە تێپەڕاندنی یاسا نوێیەکەی ھەڵبژاردن، کە بە زیانی ئەوان شکایەوە.
راپۆرت: درەو لەدوای نەوت ئەردۆغان داوای غازی هەرێمی كوردستان دەكات، نێچیرڤان بارزانی بەنەوتی هەرێم پێگەی خۆی قایمكرد، دوای ماوەیەك پەراوێزخستن، لەرێگەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانەوە گەڕایەوە ناو گۆڕەپانەكەو لەگەڵ ئەردۆغاندا سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی دەستپێكردووە، لەكاتێكدا ئێستا نەوت بووە بە بابەتێكی سەرەكی كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد، دیار نییە مامەڵەی غازەكە لەداهاتوودا لێكەوتەكانی لەسەر هەرێم بۆ داهاتوو چۆن دەشكێتەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. توركیا غازی دەوێت ! بەشێوەیەكی كتوپڕ، گەیشتە ئەنكەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆبوەوە. سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی هێندە كتوپڕ بوو، تەنانەت میدیاكانی خۆشی نەیانزانی بوو، هەواڵی سەردانەكەیان لە سایتی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە گواستەوە. سایتی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ زانیارییەكی لەبارەی كرۆكی دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان ئاشكرا نەكرد، بەڵام ئەردۆغان لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ ئۆكرانیا، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی ناردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆیان كردووە. نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە" هەرشتێك لە توانامدا بێت دەیكەمو بابەتی غازەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا تاوتوێ دەكەم". غاز لە دوای نەوتەوە نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی هەرێمی كوردستانە لە بواری وزەدا لەگەڵ توركیا، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدایە كە هەرێمی كوردستان بەبۆری نەوتی خۆی بەناو خاكی توركیادا دەگەیەنێتە بەندەری (جیهان)ی توركیاو لەوێشەوە رەوانە وڵاتی (ئیتالیا، ئیسپانیا، یۆنان، ئیسرائیل، بولگاریا، كراواتیا). لەدوای نەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش رەوانەی توركیا بكات، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات، بەهۆی ئەگەری پەلاماردانی ئۆكرانیا لەلایەن روسیاوە، وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لێ نیشتووە توشی قەیرانی غازی سروشتی ببنو روسیا وەكو هەناردەكاری گەورەی غاز لە جیهاندا، غازی ئەوروپا راگرێت. مامەڵەكردن بە غازی سروشتی هەرێمەوە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لەكاتێكدایە هێشتا هەرێمی كوردستان كێشەی نەوتەكەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق چارەسەر نەكردووەو بەغداد سورە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ سامانی سروشتی خۆی بفرۆشێت، دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ، ئێستا دوو سكاڵای گەورەی لەسەرە، سكاڵایەكیان لە دادگای فیدراڵی عێراقە، سكاڵایەكی تریش هەیە كە حكومەتی عێراق لە دادگای پاریس لەسەر توركیا تۆماریكردووە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی بەغداد نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە، لەبارەی ناردنی غاز بۆ توركیا دەبێت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا قسە بكەم. غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێت و بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لەسەروبەندی پەسەندكردنی بودجەی 2021ی عێراقدا، لەناو یەكێتییەوە هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی غازەكەی كۆرمۆر رادەستی حكومەتی عێراق بكرێت، ئەمە بەمەرجی ئەوە بوو، حكومەتی بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكاتو موچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوكات یەكێتی تائاستی ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ مستەفا كازمی رۆیشتووەو بڕیاربووە حكومەتی عێراقو سلێمانی پێكەوە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی غاز دروست بكەن، بەڵام ئەم رێككەوتنە نەگەیشتنە ئەنجامو ناكۆكییەكان لەناوخۆی یەكێتیدا تەقینەوە. دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا نێچیرڤان دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە دوای 17 ساڵ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت، ناوەڕاستی 2019، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵگرت بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزاییو لەبری ئەمە، مەسعود بارزانی مامی پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد بۆ نێچیرڤان بارزانی. مەسعود بارزانی هەر بەناو پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد، ئەگەرنا بەشێوەیەكی واقعی هێشتا ئەو سەرۆكە، تا ئەو رادەیەی لە میدیای فەرمییەكانی پارتیدا، هێشتا دەستەواژەی سەرۆك بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنرێت. لەوكاتەوە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، نێچیرڤان بارزانی پەراوێز خراوە، وەفدە بیانییەكان هەروەكو پێشتر سەردانی مەسعود بارزانی دەكەن، نێچیرڤان كە خۆی بە ئەندازیاری كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان دەزانی، نەیتوانی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی كۆمار، پارتیو یەكێتی لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمەوە بگەیەنێتە رێككەوتن، بەڵام كاتێك ئێران فشارەكانی لەسەر پارتی توندكردەوە، رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەركەوتەوەو مەسعود بارزانی بە نوێنەرایەتی خۆی رەوانەی نەجەفی كرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ موقتەدا سەدردا بكات. دوای ئێران، توركیاش چانسێكی تری دایەوە بە نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە، سەردانی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی بۆ لای ئەردۆغان، جارێكی تر كەیسی وزەی هەرێمی كوردستانی دایەوە دەست نێچیرڤان بارزانی. لەوكاتەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نەماوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لاواز بووە، سەردانەكەی دوێنێی بۆلای ئەردۆغان پەیوەندییەكانی لەگەڵ دۆستە كۆنەكەیدا بوژاندەوە.
راپۆرت: درەو نیسابی یاسایی تەواو نابێت، دوو شەممە سەرۆك كۆمار هەڵنابژێردرێت، بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت، پێشبینییەكان بەمشێوەیە، ئەگەر یەكێتیو لایەنە شیعەكان بتوانن (110) كورسی كۆبكەنەوە، دەتوانن بۆ هەمیشە نیسابی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، ئەمە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش پەكدەخات، جگە لە رێككەوتن هیچ چارەسەرێك لە ئارادا نییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتە. دوو شەممەی گەورە ! رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ، ئەمە دوو شەممەی گەورەی یەكلابونەوەی ململانێكانی پارتیو یەكێتییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ خۆشیدا ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بەلادا دەخات، چارەسەر یان گەیشتن بە بنەستێكی چەند مانگە. دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراقداو تەنیا ئەو بۆی هەیە لێكدانەوە بۆ ماددەكانی دەستور بكات، ئەمڕۆ وەڵامی داوایەكی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی دایەوە. بەرهەم ساڵح لە نوسراوێكدا داوای لە دادگای فیدراڵی كرد، ئەوە یەكلابكاتەوە ئایا دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی چەندە، واتە چەند كەس لە پەرلەمانتاران ئامادە بن، دەتوانرێت دانیشتنەكە ساز بدرێت ؟ هەفتەی رابردوو مشتومڕ لەبارەی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروستبوو، هەندێك لە یاساناسان دەیانوت بەهۆی ئەوەی سەرۆك كۆمار لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بە دەنگی (دوو لەسەر سێ) هەڵدەبژێردرێت، نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان (دوو لەسەر سێ)یە، دوو لەسەر سێ واتە لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمانی عێراق (220) ئەندامیان لە هۆڵی كۆبونەوەكەدا ئامادەبن، ئەوكاتە دانیشتنەكە دەستپێدەكات، یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەوانە بوو كە بەرگری لەم بۆچونە دەكردو بەڵگەی یاسایی بۆ دەهێنایەوە. لەبەرامبەردا رایەكی تر هەبوو، دەیوت، دوو لەسەر سێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە نەك نیسابی یاسایی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە، یەكێك لەوانەی كە پشتیوانی ئەم بۆچونەی دەكرد یاساناسی بەناوبانگ (تاریق حەرب) بوو، حەرب دوێنێ كۆچی دوایی كردو فریای ئەوە نەكەوت بیبینێت كە بۆچونەكەی لەمبارەیەوە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە رەتدەكرێتەوە. دادگا یەكلای كردەوە دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ حوكمی خۆی لەبارەی ئەم ناكۆكییە یاساییەوە یەكلاكردەوەو لەوەڵامی نوسراوەكەی بەرهەم ساڵحدا رایگەیاند: • بەگوێرەی ماددەی (70)ی دەستور سەرۆك كۆمار بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێتو نیسابی یاسای دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش (دوو لەسەر سێ)یە. ئایا نیساب پێكدێت ؟ ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی قسەی خۆی كرد، بۆ هەموو لایەنەكان روونبوەتەوە دانیشتنی رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێویستی بەوەیە (220) ئەندامی پەرلەمان ئامادە بن تێیدا، بەپێچەوانەوە نیسابی یاسایی پێكنایەتو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوادەكەوێت. ئەگەر هاوپەیمانێتییە سیاسییەكانی ئێستا تاوەكو رۆژی دوو شەممە وەكو خۆی بمێنێتەوەو هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نوێ لەنێوان لایەنە ركابەرەكاندا نەكرێت، رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان كێشەی تێدەكەوێت، چۆن ؟ • هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) كۆی ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (175) كورسییە، بۆ تەواوكردنی نیسابی (220) كورسییەكە، پێویستیان بە (45) كورسی ترە، لەم حاڵەدا ئەگەر هێزەكانی تری وەكو (جوڵانەوەی نەوەی نوێو ئیمتیداد)یش لەم بەرەیەدا رابوەستن وەكو ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەماندا دەنگیان بۆ حەلبوسی دا، هێشتا ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە (200) كورسییەو پێویستی بە (20) كورسی تر هەیە بۆ ئەوەی نیساب تەواو بكەن. • بەرەی نەیارانی سەدرو هاوپەیمانێتییەكەی، كە بریتین لە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی نیشتمانی) ئەمانەش لە باشترین حاڵدا بە تێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (100) كورسییەو بەتەنیا ناتوانن نیسابی (220) كورسی بۆ دانیشتنەكە ئامادە بكەن، بەڵام ئەمانە كە ترسیان لە زۆرینەی سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی هەیە، ئەگەر بتوانن ژمارەی كورسییەكانیان بۆ (110) كورسی زیاد بكەن، بۆ هەمیشە دەتوانن (نیسابی یاسایی) تێكبدەنو دۆخێكی چەقبەستووی هاوشێوەی ئەوەی لوبنان دروست بكەن، سەرباری ئەمەش دەتوانن پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو تەنانەت پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش پەكبخەن، چونكە بەپێی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كوتلەی گەورە دیاری دەكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. لەحاڵێكدا كە نیسابی یاسایی (دوو لەسەر سێ) بێت، (110) كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێت بە (یەك لەسەر سێی پەكخەر- الثلث المعتل)، چونكە 210 لەگەڵ 220 بەتێكڕا دەكات (230) كورسی، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق (329) كورسییە. چارەسەر چییە ؟ دابەشبوونی سیاسی ئێستای عێراق ئەگەر تاوەكو رۆژی دوو شەممە كە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، وەكو خۆی بمێنێتەوە، نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروست نابێت. تاكە چارەسەری ئەم دۆخە ئەوەیە، سەدر قایل ببێت بە بەشداربوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم) لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەمە وادەكات لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم لایەنانە بەشداری لە كۆبونەوەی پەرلەمان بكەنو نیساب تەواو بكەن، ئەمە ئەو دۆخەیە كە ئێرانییەكان كاریان لەسەر كردووە، مەسعود بارزانی كە كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (هۆشیار زێباری) پێشوەختە دركی ئەم چەقبەستنە سیاسییە كرد، بۆیە وەفدی ناردە لای سەدرو داوای لێكرد لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری بكەن لە حكومەتەكەیدا. سەدر تائێستا سورە لەسەر ئەوەی نابێ نوری مالیكی بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەڵام دەرگای بۆ بەشداربوونی لایەنەكانی تر كردوەتەوە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێن بەبێ مالیكی بەشداری ناكەین، لەم نێوەندەدا باس لە چارەسەرێكی مامناوەندی دەكرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی رێككەوتن. ئەگەر سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا ؟ دەستوری عێراق ماوەی (30) رۆژی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە دوای كۆبونەوەی یەكەمی خولی نوێی پەرلەمانەوە. خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (خولی پێنجەم)، كۆبونەوەی یەكەمی خۆی لە رۆژی 9ی مانگی رابردوو (كانونی یەكەمی 2022) سازكرد، رۆژی 8ی ئەم مانگە ماوەی دەستوریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت. پەرلەمانی عێراق رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتووی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە دەكاتە (7)ی ئەم مانگە، رۆژی 8ی ئەم مانگە وادەی دەستوری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت. ئەگەر رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان پێكنەهاتو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، ئەوا بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی خۆی بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتنو سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت. دادگای فیدراڵی ساڵی 2010 حوكمێكی دەركردووە كە وەڵامی دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا دەداتەوە، دادگا دەڵێ ئەو وادەی (30) رۆژەی دوای كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، وادەیەكە "بۆ رێكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، نەك بۆ خستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار". واتە بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگای فیدڕاڵی، ئەگەر رۆژی دوو شەممە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵنەبژێردرێت، رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرفتی بۆ دروست نابێتو دەكرێت لەكاتێكی تردا رێككەوتن بكرێتو نیسابی یاسایی تەواو بكرێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەوكاتەش بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی وەكو سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت.
(درەو): هێزێكی تایبەت بە هێلیكۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگا ئیدلب، لەوێ نزیكەی سێ كاتژمێر شەڕ بووە، هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا كێشەی تێكەوتووەو سەربازانی ئەمریكی خۆیان تەقاندویانەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن نێچیرێكی گەورە راوكراوە، بەڵام هێشتا ناوی نێچیرەكە ئاشكرا نەكراوەو بایدن ئەمڕۆ رایدەگەیەنێت. "سەركەوتوو بوو" جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" رایگەیاند، ئەركەكە تایبەت بوو لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆرو سەركەوتوو بوو. "هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت كە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكادان تایبەت بە روبەڕووبونەوەی تیرۆر، ئەركەكەیان ئەنجامدا.. ئەركێكی سەركەوتوو بوو، هیچ زیانێك لە ریزی هێزەكانی ئەمریكا نەبوو.. هەركاتێك زانیاریمان بەردەست كەوت، قسەی زیاتر دەكەین" وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وای وت. سەرچاوەكان لە سوریاوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزێكیان لەرێگەی هێلیكۆیتەرەوە دابەزاندووە، ئەم هێزە ماڵێكیان لەنێوان هەردوو شارۆچكەی (ئەتمە)و (دێر بلوت) لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كردوەتە ئامانج. ئەو ناوچەیەی كە شەڕەكە تێیدا رویداوە، كەمپی پەنابەرانی تێدایەو هەندێك لە راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن، سەركردەی گروپە توندڕەكان ئەم كەمپانەیان كردوەتە پەناگە. سەركردەیەكی قاعیدە ! دوای دابەزینیان، هێزەكە لەرێگەی بڵندگۆوە قسەیان كردووەو داوایان لە داواكراوەكان كردووە خۆیان رادەست بكەن، شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەم ئۆپراسیۆنە هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی بووە. هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن لەم ئۆپراسیۆنەدا (9) كەس كوژراون، هەندێك تر دەڵێن (12) كەس كوژراون. رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ" لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكییەوە دەڵێ" ئەم ئۆپراسیۆنەكە لە چەند رۆژی رابردوودا پلانی بۆ دانراوەو تیرۆرستێكی گەورەی كردوەتە ئامانج". بەپێی قسەی رۆژنامەكە، لەم ئۆپراسیۆنەدا فڕۆكەی جەنگی لە جۆری (ئاباچی) بەكارهاتووەو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش گورزی ئاسمانییان وەشاندووە.. هێزە تایبەتەكەی ئەمریكا لەگەڵ هەندێك هێزی تردا، هەڵیانكوتاوەتەسەر شوێنێك لە ناوچەی (ئەتمە) لە پارێزگای ئیدلبو ئۆپراسیۆنەكە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاندووە، ژمارەیەك كەس كوژراونو هەندێك لە خانوەكانی ناوچەكە وێران بوون. ئەو شایەتحاڵانەی نزیك بوون لە شوێنی رووداوەكەوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی ئەمریكا توشی روبەڕووبونەوە بوون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هەوڵی دەستگیركردنیان داون، ئەو شوێنەی كە ئەم رووداوە تێیدا رویداوە دەكەوێتە دووری نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە گوندی (باریشا)، ئەو گوندەی كە ئۆكتۆبەری 2019 هێزەكانی ئەمریكا ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش"یان تێدا كوشت. ئۆپراسیۆنەكە بەلای ئەمریكییەكانەوە زۆر گەورەیە، وا بڕیارە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ فرانك ماكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە وتارێك بخوێنێتەوە. رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) دەڵێ" ئەو ئۆپراسیۆنەی كە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە باكوری خۆرئاوای سوریا ئەنجامیانداوە، سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدە كردوەتە ئامانج. تەقاندنەوەی هێلیكۆپتەرێك رۆژنامەكە لەزاری چەند چاودێرێكی ئەمریكییەوە نوسیویەتی" كەمێك پاش ناوەڕاستی دوێنێ شەو، هێلیكۆپتەرە ئەمریكییەكان هێزەكانی كۆماندۆیان گواستوەتەوە، گەمارۆی ماڵێكیان داوە لە ناوچەی (ئەتمە) كە دەمەوێتە سنوری نێوان سوریاو توركیاو ئەم ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە. شایەتحاڵەكان دەڵێن، هێزە ئەمریكییەكە لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەدا، بە بڵندگۆو بە زمانی عەرەبی هاواریان كردووەو داوایان لە ژنو منداڵ كردوو لەناو ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، پاش نزیكەی دوو كاتژمێر لەم بانگەوازە، شەڕێكی گەورە دەستی پێكردووە، موشەكی تێدا بەكارهێنراوە. بەگوێرەی راپۆرتی (نیویۆرك تایمز)، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا توشی كێشەی میكانیكی بووە، بەناچاری نیشتوەتەوە، هێزەكانی ئەمریكا خۆیان فڕۆكەكەیان تەقاندوەتەوە".
درەو: نوسینی: خالد سلێمان لە مێژووی زەویدا پێنج لەناوچوونی گشتی گەورە ڕوویداوەو جۆرەکان (ڕووەک و ئاژەڵ) لەناوچوون، هەمووشیان دەرەنجامی دیاردەی سروشتیی بوون، لە کاتێکدا هۆکارەکانی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات و زۆربەی زاناکان ناوی لێدەنێن لەناوچوونی گشتی شەشەم، بەتەواوەتی دەگەڕێنەوە بۆ مرۆڤ. ژمارەیەک زانای سروشتی و زیندەوەرزانی، پێیان وایە ئێمە نەک تەنها لەسەر ڕێگەی لەناوچوونی گشتی شەشەمین، بەڵکو کاتی ئەوەش بەسەرچووە لەو زیانە گەورانە پاشگەزبینەوە کە لە ماوەی 500 ساڵی ڕابوردوودا بەزەویمان گەیاندووە. بەپێچەوانەی پێنج لەناوچوونەکانی ترەوە، کە مەزەندە دەکرێت بەرواری ئەوەی پێنجەم بگەرێتەوە بۆ 66 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کە دەرەنجامی دیاردەی سروشتین بوون، هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ چالاکیی مرۆیی و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی سروشتدا. ئەمە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە زانکۆی هاوای (ئەمریکا) و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس (فەرەنسا) پێی گەیشتوون. توێژەرانی بەشدار لەم توێژینەوە نوێیەدا بەناونیشانی : لەناوچوونی گشتی شەشەم: ڕاستی، خەیاڵ یان خەمڵاندن؟ پێیان وایە ڕێژەی (7.5٪ تا 13٪)ی دوو ملیۆن جۆری ناسراو لەسەر زەوی، لە ساڵی (1500 ز)ەوە تا ئەمڕۆ لەناوچووە. ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ڕیتمی لەناوچوونی جۆرەکان لەماوەی 500 ساڵدا لەو ڕێژەیە زۆر زیاترە کە لە سەر لیستی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان دانراوە. ئەم رێژەیەش بەگوێرەی لیستی ڕێکخراوەکە خۆی لە 869 جۆردا دەبینێتەوە، واتە 0.04%ی جۆرەکان. بەگوێرەی توێژینەوە نوێکەی زانکۆی هاوای و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس کە گۆڤاری زانستییBiological Reviews لەسەرەتای مانگی یەک (جەنیوەری) 2022دا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو جۆرانەی کە لەماوەی دیاریکراودا بەهۆی مرۆڤەوە لەناوچوون خۆی لە نێوان 150000 تا 260000دا جۆردا دەبینێتەوە، لەناویاندا ڕووەک. ڕۆبێرت کوای، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بەئێمێل بۆم ناردبوو دەڵێت: هەڵبەتە جۆری زیاتر هەن کە نەماندۆزینەتەوەو کەس هیچیان لەبارەوە نازانێت. نووسەرانی توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هەندێ ناوەند نایانەوێت باوەڕ بەو ئارگۆمێنتە بەرچاوانە بکەن کە خەسڵەتەکانی قەیرانی گەورەی هەمە-چەشنی لەگەڵ ڕوودانی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی جۆرەکان، دیاری دەکەن. باوەڕیشیان بەوە نیە کە لەناوچوونێکی شەشەمی جۆرەکان لە ئارادا بێت. بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکانیان، ئەو کەسانەی کە شکیان لە حاڵەتی لەناوچوونی شەشەم جۆرەکان هەیە، بەزۆریی دەگەرێنەوە بۆ سەر ئەو لیستە سورەی کە (IUCN) بۆ جۆرەکان دایناوە. بە پشت بەستنیش بەو رێژە کەمەی لیستەکە دایناوە، پێیان وایە کە ڕێژەی گشتی لەناوچوون جیاواز نیە لە ڕێژەی سروشتیی لەناوچوون. لیستە سورەکەی (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان، لەڕوانگەی نووسەرانی توێژینەوە نوێکەدا، زۆر لایەنگرانەیەو ئاسان نیە پشتی پێ ببەستین، چونکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی حاڵەتی لەناوچوونی گروپەکانی باڵندەو شیردەرەکان، وشکاوی و خشۆکەکان و هەروەها ماسیش وەردەگرێت. بەم شێوەیەش لیستەکە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە لەناوچوونی مێرووەکان وەردەگرێت، لەکاتێکدا مێرووەکان زۆرینەی زۆری جۆرەکانی ئاژەڵان لەسەر زەوی پێکدەهێنن؛ واتە 95٪ تا 97٪ جۆرەکانی کۆمەڵگەی زەوی مێروون. پشتگوێ خستنی ئەم لایەنەش، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پیشان نەدانی رێژەی تەواوی حاڵەتی لەناوچوون. لەهەمان کاتدا، ژمارەیەک لە زاناکان قەیرانی لەناوچوون ڕەتناکەنەوە، بەڵام وەک ڕەوتێکی نوێی سروشتی لێی دەڕوانن، چونکە مرۆڤیش بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە جیهانی سروشتی، بگرە هەندێک بە ئارەزووی یاریکردن بەم تیۆرە لە بەرژەوەندی مرۆڤدا شتەکان ساغ دەکەنەوە. نووسەرانی توێژینەوە زانستییە نوێکە دەڵێن: ئێمە لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا هاوڕا نین، چونکە مرۆڤ تاکە جۆرە کە لە ئاستێکی فراواندا توانای یاریکردنی بەزەوی هەیە، ئەوە مرۆڤە مۆڵەتیداوە بەڕوودانی ئەم قەیرانەی ئێستای هەمە-چەشنی. چارڵز داروین لەکوێی ئەم قەیرانەدایە؟ ئەوانەی بڕوایان بەو تیۆرە هەیە کە دەڵێت لەناوچوونی جۆرەکان، ڕەوتێکی نوێی گەشەسەندنە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، پشت بەتیۆری نشونماو گەشەسەندن دەبەستن، کە زانای زیندەوەرزانی بەریتانی چارڵز داروین (1809-1882)، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە: پێکهاتنی جۆرەکان، وەک پێکهاتنی جیۆلۆجی چیاو و دۆڵ و دەریاکان، کارێکی سروشتییە، مانەوە و لەناوچوونیان پەیوەستە بەوەی کە سروشت چی بژاردە دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە جۆرە نوێکان، ئەگەر لەسەر وشکانی بن یان لەناو ئاودا، بەشێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆ دەردەکەوتن، لەسایەی ئەو خەسڵەتانەی هەیانەو باشتر بوونیان لە جۆری ترو چوونە ململانێوە لەگەڵیاندا، دەمێننەوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرەش کە داروین لەژێر ناونیشانی بژاردەی سروشتیدا کاتیگۆری دەکات، لەناوچوونی ئەو جۆرانەی پێگەو گرنگییان کەمترە لە جۆری تر، تا ڕادەیەک گومانی لەسەر نیە. تیۆری نشونماو گەشەسەندنیش کە لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان)دا بەدوور و درێژی خراوەتەڕوو لەسەر سێ کۆڵەکە ڕادەوەستێت: بژاردەی سروشتیی، توخم لەگەڵ گۆڕانی بۆماوەیی و ململانێ لەپێناو مانەوەدا. بژاردەی سروشتیش وەک داروین باسی دەکات بریتییە لە وردبوونەوە لە بچووکترین جیاوازی لە کە هەموو ڕۆژێکدا، لە هەموو کاتژمێرێکدا و لەهەموو جیهاندا. بنەمای ئەم پرۆسەیەش ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی خراپە لە جۆرێکدا، هەروەها پاراستن و زیادکردنی هەموو شتێک باش و بەسوود لە جۆرێکەی تردا؛ ئەوەی یەکەم لەناودەچێت و ئەوەی دووەم دەمێنتەوە. پرۆسەکەش لە بێدەنگی و بەبێ هۆشیاری کاردەکات، یانی لەهەر کات و دەرفەتێکدا کە بوونەوەرێکی زیندوو دەتوانێت دۆخی ئۆرگانی و نائۆرگانی خۆی چاک بکات. بەکورتییەکەی و پشت بەستن بەو بۆچوونەی کە پێی وایە دروستبوونی هەر توخمێک و هەر جۆرێک، لە کۆتاییدا بەیارمەتی خەسڵەتە وەرگیراوەکان دەبێت، لەناوچوون دەرەنجامێکی بێگومانە. یانی جۆر هەیە لەرێگەی ململانێوە لەپێناو مانەوەدا، لەسەر لاشەی جۆری تر دروست دەبێت. ئەوەی لەناودەچێت سوودو گرنگیی کەمترە لەوانی تر. بەگوێرەی تیۆرەکەی داروین، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی هەر جۆرێکیش سەربەخۆیە لەوەی لە جۆرێکی تردا هەیە، هێزی بژاردەی سروشتیی کارایەو دەسەڵاتی باڵای هەیە کە کۆکردنەوەی سەرجەم گۆڕانەکاندا، ئیتر ئەگەر کاریگەرییەکان ڕێکخراوو خێرا بن یان هێواش و بێ مەبەست. داروین لەهەموو ئەمانەدا پشتی بەستبوو بە توێژینەوەی زاناکانی پێش و سەردەمی خۆی لە زانستەکانی زیندەوەرزانی و زەویدا، وەک زانای جیۆلۆجی بەریتانی چارڵز لایێل، زانای زیندەوەرزانی بەریتانی هێبرت سبنسەر و زانای زیندەوەرزانی فەرەنسی ژان باتیست لامارک. لەو ساڵانەی کە چارڵز داروین خەریکی گەشەپێدانی تیۆری بزاوتی لەناوچوون و بژاردەی سروشتیی بوو، کۆتایی دوو باڵندەی پەنگوینی گەورە بوو، کە بەتەنها لەسەر گۆی زەوی مابوونەوە. ئەو دوو پەنگوینە (Great Auk بەئینگلیزی) ساڵی 1844 لەسەر دەستی ڕاوچییەکانی ئایسلەندا لە دوورگەیەکدا کوژران و بە یەکجاریی ناوی پەنگوینی گەورە لەمێژوودا سڕایەوە. لەگەڵ ئەوەی سڕینەوەی ئاسەواری باڵندەکە، هەر لەسەر دەستی زانایەکی بواری باڵندەناسیی بەریتانی بەشێوەیەکی ورد تۆمارکرا، سەرنجی داورینی ڕانەکێشاو لە ئۆفیسەکەی خۆیدا لە Dawn House خەریکی نووسین و گەشەپێدانی بیرۆکەکانی بوو لەسەر بژرادەی سروشتی و گەشەسەندن. بەپێی نووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبێرت، ژمارەی باڵندەی پەنگوینی گەورە کە فڕین خیانەتی لێکرد، پێش ئەوەی بکەوێتە بەردەم کۆمەڵکوژیی ڕاوچییە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی دووای دۆزینەوەی ئەمریکا (1495)، لەسەر هەردوو ڕۆخی باکووری زەریای ئەتڵەسی بە ملیۆنان دەژمێردرا. پەنگوینی گەورە، لاشەیەکی پڕو قەڵەوی هەبوو، بەڵام باڵەکانی کورت بوون و نەیدەتوانی بفڕێت، لەناو دەریادا مەلەوانێکی خێراو لێهاتوو بوو، تەنانەت لە قوڵای 40 مەتریشدا. ساڵی یەک هێلکەی دادەناو بۆ ئەم مەبەستەش لەناو دڵی زەریاوە لە کۆتای بەهارو سەرەتای هاویندا خۆی دەگەیاند رۆخەکان یان دوورگەکان و بەدیار هێلەکەکەوە دەبوو تا لە دایکبوونی بێچووەکەی. مێینەو نێرەکە هەردووکیان ئەم بەرپرسیارێتییەیان دەگرتە ئەستۆ. ئەگەر پشت بە تیۆری بژرادەی سروشتیی داروین ببەستین، ئەوا لەناوچوونی ئەم باڵندە وشکاوییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توانای بەرگری و ململانێی لەگەڵ جۆرەکانی تر نەبوو، هەروەها بێفەڕیش بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕاوچی و گەریدەکانی ئەوروپا بوون لەناویان برد، چونکە گۆشتێکی زۆر خۆشی هەبوو. جگە لە گۆشتەکەیشی، پەڕە نەرم و دەگمەنەکەی پەنگوینی گەورە، سەرچاوەی دروستکردنی سەرینی نوێی ئەوروپیانە بوو، هەورەها لەشی بەچینێکی ئەستووری ڕۆن داپۆشرابوو کە بۆ هەموو جۆرە سوتەمەنییەک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە باکووری ئەتڵەنتی سارددا، وای لە ڕاوچی و کۆڵۆنیالیستەکان دەکرد هەندێجار بیسوتێن و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. کۆڵۆنیالیست و دەریاوانی بەریتانی ڕیچارد وێتبۆرن (1561-1635) لە ڕۆژانەکانیدا دەنووسێت، <وەک ئەوەی خوا ئەم بوونەوەرە داماوەی کردبێتە کەرەستەیەکی نایاب بۆ ژیانی مرۆڤ>. گەریدەو دۆزەرەوەی فەرەنسی، ژاک کارتیێ (1491-1557) کە یەکەم ئەوروپی بوو نەخشەی ڕووباری سانت-لۆرانت لە کەنەدا بکێشێت، لەسەر چۆنێتی کوشتنی ئەو ئاژەڵە باسی ئەوە دەکات چۆن هەندێکیان دەخواردو خوێیان بەهەندێکی تریشیانەوە دەکردو دەیانخستنە ناو بەلەمەکانەوە، لە شوێنێکدا دەنووسێت: <لەماوەی نیو کاتژمێردا دوو بەلەممان پڕکرد>. لەناوبردنی پەنگوینی گەورە کە سەدان هەزار ساڵ بوو لە باکووری زەریای ئەتڵەسی دەژیا، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەکانی چارڵز داروین لەسەر تیۆری نشونماو گەشەسەندن. داروین دووای ئەوەی لەگەڵ کەشتیەوانی بەریتانی ڕۆبێرت فیتزۆری، لە ساڵی 1831 تا 1836 بەکەشتی HMS Beagle کە سەر بە هێزی دەریاوانیی شاهانەی بەریتانی بوو، گەشتێکی ڕۆخەکانی ئەمریکای باشوور دەکات و ژیانی هەمە-چەشنی و جۆرەکانی ئاوی و وشکاویەکانی دوورگەکانی گالاپاگۆش دەبینێت، بیرۆکەی نووسینی لەسەر بژرادەی سروشتی لا دروست دەبێت. بەتایبەتی لەماوەی گەشتەکەدا کتێبی (پرانسیپەکانی جیۆلۆجیا) دەخوێنێتەوە لە نووسینی زەویناسیی ئەو کاتە، چارڵز لاێل، بیرۆکەی بەراوردکردن و لێکچوونی پێکهاتن لە نێوان و جیۆلۆجیا و بایۆلۆژیدا (واتە زەویناسی و هەمە-چەشنی) دەگەڕێتەوە بۆ چارڵز لاێل و داروین لەزۆر شوێندا باسی ئەوە دەکات. ساڵانێک پێش ئەو گەشتەو گەڕانەوەی داروین بۆ بەریتانیا کە ئیتر دەستی کرد بەنووسین، کەشتییەکی تری هاوشێوەی سەر بە هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانی بەناوی HMS Boston و بەسەرکردایەتی کەشتییەوان ئارۆن تۆماس لە بەریتانیاوە بەرەو نیوفاوندلاند دەڕوات لە باکووری ڕۆژهەڵانی کەنەدا. بەشێک لەو شایەتحاڵی و نووسینانەی لەسەر تراژیدیای لەناوبردنی پەنگوینی گەورە لەبەردەستدان، لەو گەشتەی کەشتی HMS Boston دا نووسراون کە سەفەری بۆ نیوفاوندلاند کرد، بازرگان و دۆزەرەوەی بەریتانی George Cartwright لەو کەسانە بوو. لەگەڵ ئەوەی بەریتانیای ئەو کاتە هەندێ ڕێسای لەپێناو پاراستنی پەنگوینی گەورە دەکرد، بەڵام هیچ شتێک ڕێگەی لە کۆڵۆنیالیست و ڕاوچی و گەریدەکان نەدەگرت و بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژیی. ساڵی 1785، بازرگان و دۆزەرەوە بەریتانییەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر سنوورێک بۆ کوشتنی ئەو باڵندەیە دانەنرێت ئەوا ژمارەی زۆر کەمدەبێتەوەو دەچێتە ڕیزی نەبوونەوەو دەنووسێت: "ئەم وێرانکارییەی ئەو خەڵکە کردیان، لەدەرەوەی خەیاڵە". ئەم ڕستەیە قەبارەی کۆمەڵکوژییەکە دژی ئەو باڵندەیە دەردەخات. ئەم گێڕانەوە مێژووییانە پێمان دەڵێن کە چارڵز داروین بێئاگا نەبووە لەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن کۆڵۆنیالست و گەریدەو ڕاوچییە ئەوروپییەکانەوە دژی باڵندەکە ئەنجامدرا، بەتایبەتی مامۆستایەکی زانستی ئاژەڵان لە زانکۆی کامبریدج لەو کاتەدا کە ناوی (ئالفرێد نیوتن) بوو، زانیاری وردی لەسەر کوشتنی دواهەمین جووتە پەنگوین هەبوو. لەهەمان کاتدا کەسێکی نزیک بوو لەداروین-ەوەو هەر ئەم هۆکارەشە وا لەنووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبرێت، دەکات بنووسێت: "لەناوچوونی جۆرەکان کە هۆکارەکەی مرۆڤە لەبەر چەند هۆکارێک جێگەی دڵەڕاوکێیە، هەندێکیشیان پەیوەندییان بە خودی تیۆرەکەی داروین-ەوە هەیە، جێگەی سەرسوڕمانە کە زانایەکی لێهاتووی وەک داروین کە توانای ڕەخنە لەخۆگرتنی هەبوو، تێبینی ئەوەی نەکرد". ئێلیزابێت کۆلبرێت دەیەوێت ئەوە بەبیری خوێنەران بهێنێیەوە، کە داروین بەشێوەیەک لە شێوەکان دانی بە ڕۆڵی مرۆڤدا نابوو لە لەهەندێ حاڵەتی لەناوچوون، بەڵام ئەوە تەنها لە ڕستەیەکی کورتدا بوو لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان) کە دەڵێت، "هەندێ ئاژەڵ بەهۆی مرۆڤەوە پێش لەناوچوونیان دەگمەن دەبن". ڕووەکەکانیش لەناوبران نووسەرانی ئەو توێژینەوە زانستییەی کە ئەم وتارەی لەسەر بنیادنراوە، مافی خۆیانە شکیان لەو لیستانە بێت کە بۆ لەناوچوونی جۆرەکان دانراون، هەروەها ئەو بۆچوونانەش ڕەتبکەنەوە کە لەناوچوونەکە وەک ڕەوتێکی سروشتی دەبینن و دەیکەنە بەهانەیەک بۆ بێدەنگی بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی زۆرینەی کۆمەڵگەی زەوی دەکرێت. نووسەرانی توێژینەوەک بەبێ پەردەپۆشی باسی ئەوەیان کردووە کە مرۆڤ تاکە جۆرە توانای هەیە لە ئاستێکی فراواندا یاری بەزەوی بکات. دەتوانرێت لەوەش زیاتر بووترێت و کۆی بێدەنگی و هێنانەوەی بەهانە بۆ کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکان و تەماشاکردنی وەک جوڵەیەکەی سروشتیی، گرێبدرێت بە بۆچوونێکەوە کە مێژوو لەت و پەت دەکات، بەتایبەتی مێژووی مرۆڤ و پەنجەمۆرەکانی لەسەر زەوی. لێرەدا دەمەوێ بگەڕێمەوە لای مەسەلەی دابڕان لەگەڵ ڕابووردودا و پەیوەندی بە کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکانەوە، هەروەها فەرامۆشکردنی جۆرێک لەبەرژەوەندی جۆرێکی تردا. مەسەلەکە لێرەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک کۆی قەیرانی لەناوچوون یان لەناوبردن، گرێ دەدەین بە مێژووی کۆڵۆنیالیزمەوە، کە کۆمەڵکوژییکە تیایدا بەشێکە لە ڕەوتە مێژووییەکە و تراژیدیای پەنگوینی گەورەش باشترین نموونە بوو. ئەوە کۆمەڵکوژییەی کۆڵۆنیالیزم پیادەی کرد، بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کارەساتی لەناوچوونی ئێستا، لەم سۆنگەیەشەوە مێژووی کۆمەڵگەی زەوی لەت لەت ناکرێت؛ دەبێ هەمووی پێکەوە بخوێنینەوە. مێژووناس و بیریاری بەریتانی کریستۆفەر ئالن بێلی لە کتێبی (لەدایکبوونی جیهانی نوێ)دا دەنووسێت: ئەگەر پێش 50 ساڵ پرسیارمان لە مێژوونووسان و خوێندکارە لێهاتووەکان دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە گەورانە بکردایە کە لە بەشی دووەمی سەدەی هەژدە، لەسەر زەوی ڕوویاندا، لەوانەیە هەموویان ئاماژەیان بۆ شۆڕشی پیشەسازی و سەرەتای ماشێنسازی لە بەرهەمهێناندا بکردایە لە بەریتانیای گەورە. کەسیش شکی لە گرنگێتی و ڕۆڵی پرۆسەی پیشەسازی درێژخایەندا نیە لەو شێوازەی کە هەموو جیهان پێی دەژیت، بەڵام بەپێچەوانەی پرۆسەی پیشەسازاندن و بەڕوانگەیەکی گلۆباڵ، دوو گۆڕانی تری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوون کە پێگەیەکی گرنگتریان لە هەموو ئەو گۆڕانکاریانە هەبوو کە لە مێژووی پەرەسەندی هەسارەی زەویدا ڕوویاندا، بەلایەنی کەمەوە هەتا ساڵی 1830. گۆڕانی یەکەم، ماڵیکردنی سروشت بوو. مرۆڤ بە هەزاران ساڵی گەشەسەندندا تێپەڕبوو، لە گەریدەیی و گەڕان بەدووای خۆراک و جێگۆڕکێ بەبێ ئامانجی نیشتەجێبوون و داگیرکردنی زەوی، تا دەگاتە چالاکی جوتکاریی داریکراو، دووای ئەوەش شێوازی ڕێکخراوی زایتر لە بەکارهێنانی زەوی و کشتوکاڵی چڕوپڕ. ئەم وەرزەی مێژووی مرۆڤایەتی، واتە قۆناغی کشتوکاڵی چڕوپڕ، خێراییەکی فراوانی بەخۆوە بینی لە بەکارهێنانی زەوی و لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لەپێناو بازرگانیکردن بە دارو پێست و گۆشت و قاوە...هتد. ئەمە فاکتەری سەرەکی لەنابردنی شێوازی کشتوکاڵی لۆکاڵی و کلاسیکی بوو کە کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقیا لەسایەیدا دەژیان. تا ئەمڕۆ، هەندێ وڵات لە دنیادا باجی ژینگەیی قۆناغی پێش پیشەسازی ئەدەن، کە دەکرێ وەک قۆناغی ملکەچکردنی سروشت یان ماڵیکردنی سروشت بناسرێنێت، چونکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر کولتورو شێوازەکانی خواردندندا هێنایە کایەوە، لەزۆر شوێنی جیهاندا بووە هۆی ڕووتاندنەوەی خاک و کۆتایهێنانی جۆرەکان. لەم میانەدا دەتوانین ئەزموونی هاییتی لە دوورگەکانی دەریای کاریبی وەک نموونە بهێنینەوە. ساڵی 1804 دەرکەوتنی هاییتی وەک یەکەم کۆماری ڕەش پێستەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوە هۆی ڕووتاندنەوەی وڵاتەکە کە دەوڵەمەند بوو دارستانی چڕوپڕ. کاتێل کرێۆلیەکان، واتە خەڵکی هاییتی، سەربەخۆییان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپاندن، کە دەبێ 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لەبەرامبەر سەربەخۆییدا بدەنە فەرەنسا (15 ملیار یۆرۆ بە حیسابی ئەمڕۆ). کۆمارە تازە لەدایکبووەکەش، هیچ پارەیەکی نەختییی نەبوو، بەڵام خاوەن خاکێکی دەوڵەمەند بوو، داری گوێزی هیندی، ماهۆنگۆ، مانگۆ و هەروەها خۆرمای هیندی لە 80% ڕووبەری وڵاتەکەیان داپۆشیبوو. کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کە بەسەر کۆمارە نوێکەدا سەپاندی، بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتەکەدا، دەستی کرد بەبڕینەوەی دارەکانی هاییتی و دەیان ساڵ بەردەوام بوو هەتا قەرزی کۆڵۆنیاڵیی لە رێگەی دارەوە وەربگرێتەوە. هەڵبەتە پێش ئەم ڕوداوە بە نزیکەی هەشتا ساڵ، واتە لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا لە ڕێگەی ڕووتاندنەوەی هاییتی-یەوە نیوەی قاوەی جیهانی بەرهەم دەهێنا. لە ڕێگەی سیستمێکی کۆیلایەتییەوە، بازاڕەکانی ئەوروپای پڕکردبوو لە قاوە. لەنێوان ساڵانی (1755-1789) دا ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا گەورەترین وەبەرهێنانی قاوەی لەو کۆڵۆنییەدا کردو لەماوەی 34 ساڵدا بەرهەمی قاوەی لە سێ ملیۆن کیلۆگرامەوە گەیاندە 34 ملیۆن کیلۆگرام، یانی نیوەی پێداویستی جیهان لە قاوە. هاییتی، کە ئەمڕۆ یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی دنیاو تەنها 2%ی ڕووبەری خاکەکەی بە دارستان و سەوزایی داپۆشراوە، دووای 200 ساڵ لەسەربەخۆیی، باجی تێکدانی سیستمە سروشتییەکەی و لەناوبردنی جۆرەکان دەدات. ئەم کۆمەڵکوژییە سیستێماتیکییەی جۆرەکانی ڕووەک بەرێژەی 98% لە دوورگەکانی کاراییب هاوکات بوو لەگەڵ لەناوبردنی باڵندەی پەنگوینی گەورە لە باکووری زەریای ئەتڵەسیی. گۆڕانکاری دووەم، بەدیاریکراوی لەم خاڵەدا دەردەکەوێت، واتە ماڵیکردنی سروشت لەژێر ڕکێفی سیستمی کۆڵۆنیاڵدا کە بەش بەحاڵی خۆی شێوازی نوێی لە کولتورو خۆراک و بەکاربردندا سەپاند بەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا؛ بەتایبەتیش کولتوری بەکاربردنی قاوەدا کە پێش کۆڵۆنیالیزم دەگمەن بوو لە ئەوروپادا. دەستگرتن بەسەر شەکرو قاوەدا، سەرەتای ڕێکخستنەوەو چڕکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان بوو، نەک تەنها لە شێوازی بەکاربردندا، بەڵکو لە توانای گەیشتنیش بە سەرچاوەو خۆراکی باش لە کوالێتیدا لە ڕووی بەهاو چێژەوە. دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی خۆراکدا بەبێ سیستمێکی کۆڵۆنیاڵ لەسەر زەوی مەحاڵ بوو، لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەکیش لە هاییتی نموونەیەکی ڕوون بوو ڕەفتاری کۆڵۆنیالیزم لە ملکەچکردنی سروشت، کە تێکدانی سیستمێکی تەواوی ژینگەیی بەدووادا هات. بەم شێوەیەش، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان لە کشتوکاڵ و خۆراکدا کە دەرەنجامی ماڵیکردنی سروشت بوون لە ژێر ڕکێفی سیستمێکی کۆڵۆنیاڵدا، بوونە سەکۆی سەردەمی پیشەسازی کە وەک گڕی یەکەمی گەرمبوونی زەوی دەناسرێت. ئەویش لەپای پیشەسازییەکی فراوان کە ڕێژەیەکی زۆری گازە گەرمکەرەوەکانی دەخستە کەشەوە. ئیتر بەم شێوەیە، دووای پڕوکاندنی زەوی لەکاتی ماڵیکردنیدا بەدرێژایی هەردوو سەدەی شانزەو هەڤدە، سەردەمی پیشەسازی کە کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەی پێ ناسرایەوە، بووە ئاگرێکی نەرم و لەسەرخۆ زەوی گەرم دەکرد، ئەویش لەڕێگەی دەردانی گازەوە بۆ کەش. بەو شێوەیە هەردوو سەدەی (16 و 17) بە ملکەچکردنی زەوی ناسرانەوە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە کە خۆراک و دارو پێستی لە کۆڵۆنیەکانیەوە لە هەردوو بەشی ئەمریکا و ئاسیا دەگواستەوە بۆ شارەکانی خۆی، لەهەمان هەمان کاتیشدا کۆیلەی لە دوورگەی (گۆرێ)ەوە لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا دەگواستەوە بۆ ئەمریکا. ئەگەر لە ئامارەکانی حاڵی زەوی وردبینەوە، (وێنەی خوارەوەدا)، تێبینی ئەو دەرەنجامە کارەساتبارانە دەکەین کە سیاسەتی ملکەچکردنی زەوی و بەکارهێنانی زۆرەملێی جۆرەکان، بەرهەمی فەلسەفەیەکی ئابووریی ئەوروپی بوون، کە سروشتی وەک سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتوو دەبینی. ئەمڕۆ، کە دەبینین زەوی لە 85% ی شوێنە شێدارەکانی لەدەست ئەدات، سێ چارەکی بەزۆرملێ دەگۆڕدرێت و لە 3%ی دەریاکان لە ڕووی هەمە-چەشنییەوە فۆرمی کێویانە وەردەگرێت، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو جیهان لەبەردەم ئەوەدایە ببێتە کۆپییەکی تر لە هاییتی، چونکە پرۆسەی لەناوبردنی کۆمەڵگەی زەوی زۆر خێراترە لەوە لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیزم لە سەدەی (16 و 17) دا ڕوویدا. تەنها لەنێوان ساڵانی (1980-2012) زیاتر لە یەک ملیۆن کیلۆمەتر لە دارستانی کەمەری و نیمچە کەمەریی لەسەر ئاستی جیهان لەناوبراون، کشتوکاڵیش فاکتەری یەکەمی ئەم وێرانکارییەیە. لە داگیرکردنی ئەمریکاو خاکی ماورییەکانەوە لە ئوسترالیاو نیوزلەندا تا دەگایە نیمچە دوورگەی هیندی و ئەفریقیا، بۆ یەک چرکەش ملەکەچکردنی زەوی نەوەستاوە. وەک چۆن جوگرافیاناس و دۆزەرەوەو گەریدەکانی سەدەی شانزە، بەشدارییان لە دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی زەوی و تێکدانی شێوازە خۆڕسکەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکدا کرد، ئەمڕۆش ناوەندێکی زۆری زانستی و دامەزراوەی ئەکادیمی و سیستمی سیاسی ڕاستڕەو، لەپشتەوەی تێکدانی ئەو بەشەی زەوین لە کۆڵۆنیالیزم ماوەتەوە. جیهانی ئەمڕۆ لەپاڵ بێدەنگییەکی هاوشێوەی بێدەنگییەکەی چارڵز داروین، هیچ شوورەییەک لەوەدا نابینێت، چارەنووسی زەوی وەک ئەوەی هاییتی لێبکات.
راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ئامارەکان ژمارەی سەرجەم کاندیدەکان (پیاو و ئافرەت) بریتی بووە لە (3 هەزار و 225) کاندید و بە سەرجەمیان (8 ملیۆن و 854 هەزار و 25) دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام (329) کاندیدە سەرکەوتووەکە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 927) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (46%). (946) کاندیدی پارتی هەبوو کە دەکاتە (29%)ی کاندیدەکان، و کۆی گشتی دەنگەکانیان (1 ملیۆن و 829 هەزار و 416) دەنگ بووە بە ڕێژەی (21%). کۆی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئافرەتان (95) ئافرەت بوونەو (59)یان کە دەکاتە (62%) کاندیدە سەرکەوتووەکانی نێو ئافرەتان بە دەنگی خۆیان سەرکەوتوون و (36) ئافرەتیش بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. نوێنەرایەتی لیست وهێزە سیاسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێی بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆی بەشداربووانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 گەیشتە (8 ملیۆن و 858 هەزار و25) دەنگدەر لە (83) بازنەی هەڵبژاردن دەنگیان بە (3 هەزار و 225) کاندید داوە. کۆی ئەو دەنگانەی کوتلە سیاسییەکان بەدەستیان هێناوەو نوێنەرایەتییەکان گەیشتووە بە ئەنجومەنی نوێنەران (7 ملیۆن و 975هەزار و 498) دەنگ بووە، ژمارەی کاندیدەکانیان (2 هەزار و 30)کاندیدبووە. کۆی ئەو دەنگانەی (329) کاندیدە سەرکەوتووەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستیان هێناوە بریتییە لە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 838) دەنگ. خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتووە لە (16) کوتلەو لایەنی سیاسی و (17) لیست و قەوارە کە تەنها (1) کورسییان هەیە، جگە لە سەربەخۆکان کە خاوەنی (43) کورسیین، ئەو هێزانەش بریتین لە؛ (بڕوانە گرافیکی ژمارە (1)) - کوتلەی سەدر (موقتەدا سەدر): کە خاوەنی (73) کورسین و بەکۆی گشتی (885 هەزار و 310) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. - سەربەخۆکان: کە خاوەنی (43) کورسین و بەکۆی گشتی (1 ملیۆن و 686 هەزار و 792) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. - تەقەدوم (حەلبوسی): کە خاوەنی (37) کورسین و بەکۆی گشتی (637 هەزار و 198) دەنگیان بەدەستهێناوە. - دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی): کە خاوەنی (33) کورسین و بەکۆی گشتی (502 هەزار و 188) دەنگیان بەدەستهێناوە. - پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی): کە خاوەنی (31) کورسین و بەکۆی گشتی (781 هەزار و 670) دەنگیان بەدەستهێناوە. - فەتح (هادی عامری): کە خاوەنی (17) کورسین و بەکۆی گشتی (462 هەزار و 800) دەنگیان بەدەستهێناوە. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (باڤڵ تاڵەبانی): کە خاوەنی (17) کورسین و بەکۆی گشتی (368 هەزار و 226) دەنگیان بەدەستهێناوە. - عەزم (خەمیس خەنجەر): کە خاوەنی (14) کورسین و بەکۆی گشتی (421 هەزار و 579) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئیمتیداد (رەکابی): کە خاوەنی (9) کورسین و بەکۆی گشتی (299 هەزار و 303) دەنگیان بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ (شاسوار عەبدولواحید): کە خاوەنی (9) کورسین و بەکۆی گشتی (233 هەزار و 834) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئەشراق ئەلکانون: کە خاوەنی (6) کورسین و بەکۆی گشتی (100 هەزار و 374) دەنگیان بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی تەسمیم: کە خاوەنی (5) کورسین و بەکۆی گشتی (153 هەزار و 614) دەنگیان بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت: کە خاوەنی (4) کورسین و بەکۆی گشتی (359 هەزار و 876) دەنگیان بەدەستهێناوە. - بابلیون: کە خاوەنی (4) کورسین و بەکۆی گشتی (50 هەزار و 378) دەنگیان بەدەستهێناوە. - گەل ناسنامەمانە: کە خاوەنی (3) کورسین و بەکۆی گشتی (58 هەزار و 89) دەنگیان بەدەستهێناوە. - حەسمی چاکسازی: کە خاوەنی (3) کورسین و بەکۆی گشتی (26 هەزار و 973) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئەو لیستانەی تەنها (1) کورسییان بەدەستهێناوە ژمارەیان (17) لیست و هێزی سیاسییە. گرافیکی ژمارە (1) نوێنەرایەتی ئافرەتانی هێزو کوتلە سیاسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرا ژمارەیان (95) ئافرەتەوە (59) یان بە دەنگی خۆیان و (36) یان بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. ژمارەی ئەو هێز و کوتلە سیاسییانەی کاندیدی ئافرەتیان سەرکەوتووە (18) لایەنن و (5) ئافرەتیش بە لیستی فەردی و سەرکەوتوون، (5) لەیەلانیش ئافرەتەکانیان بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە گرافیکی ژمارە (2)). گرافیکی ژمارە (2) ئافرەتان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) بەپێی ئامارەکان ژمارەی سەرجەم کاندیدەکان (پیاو و ئافرەت) بریتی بووە لە (3 هەزار و 225) کاندید و بە سەرجەمیان (8 ملیۆن و 854 هەزار و 25) دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام (329) کاندیدە سەرکەوتووەکە (4 ملیۆن و 66 هەزار و 927) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (46%). سەبارەت بە ئافرەتان ژمارەیان (946) کاندید بووە، کە دەکاتە (29%)ی کاندیدەکان، و کۆی گشتی دەنگەکانیان (1 ملیۆن و 829 هەزار و 416) دەنگ بووە بە ڕێژەی (21%). کۆی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئافرەتان (95) ئافرەت بوونەو (59)یان کە دەکاتە (62%) کاندیدە سەرکەوتووەکانی نێو ئافرەتان بە دەنگی خۆیان سەرکەوتوون و (36) ئافرەتیش بە سیستمی کۆتا سەرکەوتوون. (5) لە ئافرەتە سەرکەوتووەکان بە لیستی سەربەخۆ خۆیان کاندید کردبوو. (27) کاندیدیان زیاتر لە جارێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوونە. سەرجەم ئەو (95) کاندیدە سەرکەتووەی ئافرەتان بە هەموویان تانیویانە (917 هەزار و 601) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە گرافیکی ژمارە (3)). گرافیکی ژمارە (3) کورسی و ڕێژەی دەنگی کوتلە براوەکان بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دیارترین هێزو لایەنە سیاسییە براوەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەم شێوەیەیە؛(بڕوانە گرافیکی ژمارە (4)). - کوتلەی سەدر (موقتەدا سەدر): (94) کاندیدی هەبووەو (73) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (78%) و بەکۆی گشتی (885 هەزار و 310) دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. - پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی): (51) کاندیدی هەبووەو (31) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (61%) و بەکۆی گشتی (781 هەزار و 670) دەنگیان بەدەستهێناوە. - دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی): (71) کاندیدی هەبووەو (33) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (46%) و بەکۆی گشتی (502 هەزار و 188) دەنگیان بەدەستهێناوە. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (باڤڵ تاڵەبانی): (44) کاندیدی هەبووەو (17) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (39%) و بەکۆی گشتی (368 هەزار و 226) دەنگیان بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ (شاسوار عەبدولواحید): (23) کاندیدی هەبووەو (9) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (39%) و بەکۆی گشتی (233 هەزار و 834) دەنگیان بەدەستهێناوە. - تەقەدوم (حەلبوسی): (122) کاندیدی هەبووەو (37) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (30%) و بەکۆی گشتی (637 هەزار و 198) دەنگیان بەدەستهێناوە. - ئەشراق ئەلکانون: (24) کاندیدی هەبووەو (6) کاندیدیان سەرکەوتوون بە ڕێژەی (25%) و بەکۆی گشتی (100 هەزار و 374) دەنگیان بەدەستهێناوە. گرافیکی ژمارە (4)
راپۆرت: درەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2021)دا، زیاتر لە (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەپێی داتاكان تێكڕای نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان زیاتر لە (70) دۆلار بووە، بەم پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان "پێش لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی نەوت بە پێی نرخی بازاڕەكانی جیهان" بەبەهای زیاتر لە (10 ملیار 670 ملیۆن) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، كە بەرامبەرە بە زیاتر لە (15ترلیۆن و 553 ملیار) دینارە. بەڵام دوای لێدەركردنی خەرجییەكانیو هەرزانتر فرۆشتنی هەر بەرمیلێك بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان، تەنها بڕی (3 ملیارو 870 ملیۆن) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە كە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆنو 611 ملیار) دینارە لەماوەی ساڵی (2021)دا. یەكەم: تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2021 بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی Economy) Country) تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ ساڵی (2021) بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی، بە جۆرێك مانگی (تشرینی یەكەمی ساڵی 2021) بەرزترین ئاستی تۆمار كردووەو تێكڕای نرخی نەوت لەم مانگەدا بریتی بووە كە (83.54) دۆلار، لە مانگی (كانونی دووەمی ساڵی 2021) نزمترین نرخی نەوت لە ساڵەكەدا تومار كراوە كە بریتی بووە لە (54.77) دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (1) دووەم: فرۆشی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی ساڵی (2021)دا بڕی (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، بەجۆرێك لە مانگی (نیسانی 2021)دا بەرزترین ڕێژەی نەوتی هەناردە كردووە بە قەبارەی (14) ملیۆن بەرمیل لە مانگەكەدا، لە مانگی (ئابی 2021) دا كەمترین بڕی هەناردە كردووە بەراورد بە مانگەكانی دیكەی هەمان ساڵ كە (11 ملیۆن و 50 هەزار) بەرمیل بووە. بۆ وردەكاری زیاتر (بڕوانە چارتی ژمارە (2)). سێیەم: داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 1. داهاتی نەوت هەرێم، پێش لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی بە نرخی بازاڕە جیهانییەكان: بەپێی داتاكان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی (ئەیلولی 2021)دا زۆرترین داهاتی نەوتی هەبووە، بەو پێیەی (13 ملیۆنو 90 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لەم مانگەدا نرخی نەوت بە تێكڕا (74.49) دۆلار بووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بە هەرزانتر نەفرۆشتبێتو بەبێ لێدەركردنی خەرجییەكانی نەوت بەها گشتییەكەی بریتی بووە لە (1 ملیارو 35 ملیۆنو 411 هەزار) دۆلار، كە بەهاكەی بەرامبەر بە دینار بریتی بووە لە (1 ترلیۆنو 501 ملیارو 345 ملیۆنو 95 هەزار) دینار. كەمترین داهاتیش لە مانگی (كانونی دووەمی 2021)دا تۆمار كراوە كە (12 ملیۆنو 800 هەزار) بەرمیل هەناردە كراوەو تێكڕای نرخی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (54.77) دۆلار، بەم پێیەش داهاتی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (701 ملیۆنو 56 هەزار) دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە (ترلیۆنێكو 16 ملیارو 531 ملیۆنو 200 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ زانیاری زیاتر تایبەت بە سەرجەم مانگەكانی ساڵی (2021) (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). سەبارەت بە كۆی گشتی فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، تێكڕای نرخی نەوت لە ساڵەكەدا بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكەدا هەناردەی كردووە بەبێ هیچ خەرجیو هەرزان فرۆشییەك، دەكاتە (10 ملیارو 670 ملیۆن و 453 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریكی، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (3))، ئەو برە داهاتەی لە فرۆشی نەوت دەستدەكەوێت بە دینار بریتی دەبێت لە (15 ترلیۆنو 553 ملیارو 358 ملیۆنو 97 هەزار) دینار، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (4)). 2. داهاتی نەوت هەرێم، دوای لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی بە نرخی كەمتر بازاڕە جیهانییەكان: رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان)، ڕایگەیاند، (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات، تێچووی دەرهێنانی نەوتە، (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێتەوە، بۆیە دوای لیدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوتو هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوت دەكاتە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، ئەگەری بەهای (1) دۆلار بەرامبەربێت بە (1450) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆن و 611 ملیار و 535 ملیۆن و 410 هەزار و 740) دینار لەماوەی ساڵی (2021)دا. هاوكات بڕی (5 ملیاو 344 ملیۆن و 319 هەزار و 439) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەكەو قەرزی كۆمپانیاكان كە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 749 ملیار و 263 ملیۆن و 186 هەزار و 260) دیناری عێراقی، بۆ وردەكارت زیاتر بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) چوارەم: كڕیارانی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 لە ساڵی (2021)دا نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی لەلایەن كەشتی (12) وڵاتەوە باركراونو زۆرترین باركردن كەشتییە ئیتالییەكان كردووەیانە كە (56 ملیۆنو 81 هەزار) بەرمیل نەوت بووە، بە ڕێژەی (37.1%)، كەمترین بڕی باركراویش كەشتی پۆڵندیو بولگارییەكان بووە كە بڕەكەی (600 هەزار) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (0.4%) بووە. (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) سەرچاوەكان: - كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەشی سێیەمی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (16)ی ئاساییی خولی بەهارە ڕۆژی 2021/6/28، دەقی وتەكانی لە چەناڵی یوتیوب؛ https://www.youtube.com/watch?v=6fpM-92PuRc - ڕێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت، نەوتی باركراوی هەرێم، ماڵپەڕی ڕێكخراوی ڕوونبیین؛ https://www.roonbeen.org/%d9%86%db%95%d9%88%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%da%a9%d8%b1%d8%a7%d9%88%db%8c-%d9%87%db%95%d8%b1%db%8e%d9%85/ - Crude Oil Brent US Dollars per Barrel, at the saite; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2021 - ئەنوەر كەریم، داتای ورد لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان، داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2021، ماڵپەڕی زەمەن؛ https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=54202 راپۆرتەكانی دیلۆیت: - Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 January 2021 to 31 March 2021, at the saite; https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q1%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf - Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 April 2021 to 30 June 2021, at the saite; https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q2%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf
درەو: راپۆرتی: پەرەگراف- غەمگین محەمەد ڕێگەی تانجەرۆ لە خۆرهەڵاتی سلێمانی بەرەو گوندەكان وەك تازە قیرتاو ڕەش دەردەكەون، بەڵام هەر ئەو ڕەشییە دەبێتە بەڵا و خەریكە وردە وردە ژینگەی پاكی لادێ لەناودەبات. پەیامنێری پەرەگراف بۆ بەدواداچونی زیاتر لە تانجەرۆوە بەرەو گوندەكان دەڕوات؛ ئاڕاستەی شەقامە سەرەكییەكە ڕووەو گوندەكانی ئاڵیاوای سەروو و خواروو، گۆپیتە، شێخ وەساڵان و گوندەكانی دیكەی ئەو سنورەیە، هەموو ڕێگاكەش ڕەش دەكاتەوە. بە وردبونەوەی زیاتر لە شەقامەكە و دواتر زانیاری خەڵكی ناوچەكە، دەركەوت ئەو ڕەشییە قیر نییە، بەڵكو پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانی ڕۆنی ئۆتۆمبێلە لە تانجەرۆ و لەوێ دەیڕێژن. تەها عەبدوڵا، گوندنیشنێكی ناوچەكەیە و لەو ڕێگایەوە بۆ كاركردن دەچێتە شار، شایەتحاڵی ڕەشكردنی ئەو شەقامەیە و بۆ پەرەگراف وتی "دوو ساڵە ئەم ڕۆنە سوتاوە لەسەر جادەكان ڕۆدەكرێت، نازانم كێ دەیكات، بەڵام هەر زەوی تەڕببێت لەو شوێنانەی زۆریان داكردووە ئۆتۆمبێلەكانمان لەسەری دەخلیسكێت و دەبێت زۆر بە وریاییەوە بڕۆین، ئەگەرنا بە ئاسانی خۆت بۆ ناگیرێتەوە و تووشی ڕووداو دەبیت". بەدواداچونەكەی پەرەگراف بەردەوامە و زیاتر دەڕوات، لەڕێگادا بەرەو گوندی گۆپیتە چەندین خانوی پلاستیكی بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیی هەن وەك سەوزەوات، كە هەندێكیان كەمتر لە پێنج مەتر دورن لەو شەقامەی پاشماوەی ڕۆنی كارگەكانی تیادا ڕۆ دەكرێت و تێكەڵ بە خاكەكەش دەبن. باجی فاتم، خەڵكی گوندەكەیە و دەڵێت، یەكەمجار خەڵكی گوند خۆی ئەو پاشماوە ڕەشەی كارگەكانی هێناوە، گەڵابەیەكیان لە پاشماوەی كارگەكانیان بە 40 هەزار دینار دەكڕی، تا لە شەقامەكاندا ڕۆبكرێن و دواتر بڵاوبكرێنەوە، ئەوەش بۆ ڕێگری لە تەپوتۆزی هاوین و قوڕاوی زستان. "تۆ نازانیت، ئەگەر ئەوە نەبێت تۆز و خۆڵی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دەمانخوات، ئێستا ئیسراحەتمان كردووە" باجی كاتێك ئەو قسانە بۆ پەرەگراف دەكات، هیچ زانیارییەكی لەبارەی مەترسییەكانی ئەو پاشماوەیە بۆ ژینگە و كەشوهەوای گوندەكەی نەبوو. كڕینی پاشماوە و پیسیی كارگەكان هەر ماوەیەك درێژە دەكێشێت؛ دواتر خودی كارگەكان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و بێبەرانبەر ئەو پاشماوە گوند بە گوند دەگەیەنن، لە هەر شوێنێك شەقامەكە ڕەش نەبوو، هەر لەوێ پاشماوەكە ڕۆ دەكەن و دواتر گوندنشینان خۆیان بەسەر شەقامەكەدا وەك قیرتاو بڵاویدەكەنەوە. ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە و هەر گوندێك شەقامەكەی ڕەش بكاتەوە ئەوا پاشماوەی كارگە بەرەو گوندی دواتر دەڕوات. "چەندین ساڵە لە گوند دەژیم و ڕێگەوبانەكانمان گڵە، حكومەتیش قیری ناكات، بۆیە پاشماوەی كارگە خۆڵ و تۆزی ڕێگاكەی لە كۆڵ كردوینەتەوە" مام عەلی، دانیشتوی گوندی گۆپیتە بۆ پەرەگراف وای وت. ئەو دەڵێت، هەندێك شوێنی شەقامەكە لە كاتی بارانباریندا دەبێتە كێشە بۆ شۆفێران، چونكە زیاد لە جارێك پاشماوەی تێدا ڕۆكراوە و ئۆتۆمبێل لەسەری دەخلیسكێت. ڕۆكردنی پاشماوەی كارگە لە ڕێگای گوند هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پیسبونی ژینگە و نەك هەر ڕێگەپێدراو نییە، بەڵكو بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت. كاتێك پەیامنێری پەرەگراف گوندی گۆپیتە بەرەو ناوچەكانی دیكە تێدەپەڕێنێت، ئۆتۆمبێلێكی كارگەكان دەبینێت ئەوكاتەی سەرقاڵی ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكەیەتی لە قەراغی ڕێگاكەدا، ئەوەش بە دەرفەت دەزانێت لێی بپرسێت پاشماوەكە لە كوێ دەهێنێت و لەسەر ڕاسپاردەی كێ و بۆچی لەو ڕێگایەدا ڕۆی دەكات؟ بەڵام ئەو دەڵێت، تەنیا كارمەندێكە و پێیدەڵێن پاشماوەكە لە ڕێگای گوند هەڵڕێژە. بەوتەی ئەو شۆفێرە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت و هیچ زانیارییەكی دیكە ئاشكرا بكات، لەبەرانبەر ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكانیاندا "زۆرجار گوندنشینان دەستخۆشیمان لێدەكەن و دەڵێن لە تەپوتۆز ڕزگاریان بووە". هەر لەو ڕێگایەدا منداڵانیش بەپێ هاتوچۆ دەكەن و هەر لە ناوچەكەشدا ئاژەڵ لەو ژینگەیەدا بەخێو دەكرێت. پسپۆڕانی بواری ژینگە ئەو كارە بە "كارەسات" ناودەبەن، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی پیسبوون و ڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆی ڕەگەزەكان هەیە و تێكیدەدات، لە وەرزە گەرمەكاندا بەهۆی بەتینیی تیشكی خۆر بەشێكی ئەو پاشماوەیە دەبێتە غاز و هەوا پیس دەكات، پاشماوەكەی تریشی تێكەڵ بە خاك دەبێت و لەكاتی باران بارینیشدا ڕۆدەچێتە ژێر زەوییەوە، تا تێكەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبێت و پیسی دەكات. هەر ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕوەك هەیە، ڕەگەكەی ئەو پاشماوەیە وەردەگرێت، لە ڕوەكەكانیشەوە راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ جەستەی مرۆڤ و ڕەنگە ببێتە هۆی ژەهراوی بوون. ساڵح مەجید، پسپۆڕی بواری ژینگە بۆ پەرەگراف وتی "پاشماوەی پاڵاوگەكان و كارگەی ڕۆنەكان مەوادی هایدرۆكاربۆنی و توخمە قورسەكانیان تێدایە، بۆ هەر پێكهاتەیەك سنوور دیاریكراوە كە چەند ڕێگەپێدراوە بوونی هەبێت لە ئاو و هەوا و خاكدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو بابەتانە بە تەواوی پەراوێزخراون و هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت". لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی هەن، ئەو پاڵاوگانە جگە لە مەترسیداریی بەرهەمەكانیان، خۆشیان بوونەتەهۆی پیسبونی ژینگە، بەوتەی خودی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار"، سەرباری چەندین بڕیار بۆ داخستنیان هێشتا بەشێكیان هەر لەكاردان. "لە وڵاتان نابێت یەك دڵۆپ لە پاشماوەی كارگەكانی ڕۆن بكەوێتە سەر زەوی، بەڵكو دەبێت بە شێوازێكی دروست و بەپێی تایبەتمەندییان ڕیسایكلین بكرێن و لەناوببرێن" بەوتەی پسپۆڕەكەی بواری ژینگە. چەندین جار ڕێكخراوەكانی ژینگە داوای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و پابەندبوونی كارگەكانیان كردووە بە ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، بەڵام دۆخەكە هەر وەك خۆیەتی. ساڵح مەجید دەڵێت "لەبەرئەوەی هێز و دەسەڵات و خاوەن بەرژەوەندییەكان دەسەڵاتیان لە ڕاو بۆچونە زانستییەكان و كەسە ئەكادیمییەكان زیاترە بۆیە باش نابێت". بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری پەرەگراف، كاركردنی ئەو پاڵاوگە و كارگانە و پاشماوەی كارەكانیان، كاریگەریی ڕوونو دیاری هەیە لەسەر ئاو و هەواو خاكی نزیكی ئەو شوێنانەی تێیدا دامەزراون، ئەوەش لای حكومەتو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە، شاراوە نییەو چەندینجار باسكراوە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی سلێمانی پاساوی ئەوەیە توانای قیرتاوكردنی ڕێگەوبانی گوندەكانیان نییە، كە خەڵكەكەی "لەبەر نەبونی قیرتاو و بە ناچاری پاشماوەی كارگەكان بەكاردەهێنن". محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی، بۆ پەرەگراف باسی لەوە كرد، ئاگادارە كە ئەو ڕۆنە ڕەشە لەسەر شەقامی ئەو گوندانە ڕۆكراوە، وتی "لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە ڕێگری لێ بكەین و ئەوە كاری شارەوانی و ئەو بەرپرسە ئیدارییانەیە كە لەو سنوورە باڵا دەستن". بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ كە ئەو گوندانە سەر بەو ناحیەیەن و بەرزترین دەسەڵاتی ئیداریی سنورەكەیە، بە پەرەگرافی وت "پاش بەدواداچوون لە ئەنجومەنی گوندەكانەوە بۆمان ڕونبووەتەوە ئەو پاشماوەیەی لە شەقامی گوندەكان ڕۆدەكرێت پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانەو گوندنشینان لێی ناڕازیی نین". عوسمان ئەنوەر بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ، ئاماژەی بەوە كرد، زۆربەی جادە و كۆڵانەكانی ئەو ناوچەیە قیرتا و نەكراون و هاووڵاتیان بێزاربوون لە دەست تەپوتۆزی هاوین و قوڕ و لیتەی زستان، وتیشی "بۆیە ئەگەر بزانم پاشماوەی چ كارگەیەكە خۆم داوایان لێ دەكەم لە جادەو كۆڵانی ناوچەكانی تری سنووری ناحیەی بەكرەجۆ بیڕێژن و بڵاوی بكەنەوە". بوونی ژمارەیەك كارگەو پاڵاوگەی نایاسایی لە تانجەرۆ، بەوتەی بەڕێوەبەری ڕیگاوبانی سلێمانی "زۆر زیانی لە ژینگەو ڕێگەوبانی ناوچەكە داوە بە شێوەیەك لە چەند ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبان بۆ ئەو ناوچەیە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵاوگەو كارگانەوە نەمانتوانیوە جێبەجێی بكەین". محەمەد جەلیل، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا حكومەت بودجەی نییە، ئەو پلانەی بۆ چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبانی گوندەكان پێشكەشی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی دەكەن جێبەجێ ناكرێن و ژمارەیەكی كەمیان بودجەیان بۆ خەرج دەكرێت. گوندنشینان بۆ ڕزگاربوون لە تۆز و خۆڵی ڕێگەوبانەكان، ڕازیی و دڵخۆشن بە هەڵڕشتنی پاشماوەی ئەو كارگانە؛ بێ ئاگا لەوەی ئەو پاشماوەیە زیان بە ئاو و هەوا و خاكی گوندەكانیان دەگەیەنێت، لەكاتێكدا حكومەت هیچ پلانێكی ڕوونی نییە بۆ تێكەڵەڕێژكردن و قیرتاوی ڕێگەی گوندەكان تا بەر بە پیسبونی ژینگە بگرێت.
راپۆرت: درەو جێگرەوەكەی قاسم سولەیمانی لە هەولێر بووە، پەیامێكی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندووەتە پارتی، ئێرانییەكان دەیانەوێت بارزانی لە سەدر دوربخەنەوە، پێشنیازێك لە ئارادایە پارتیو یەكێتی هەردووكیان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. قائانی لە هەولێر بووە بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستیكەوتووە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی هەولێری كردووەو چاوی بە بەرپرسانی باڵای پارتی كەوتووە. بەپێی قسەی سەرچاوەكان، قائانی كە شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانییە، پەیامێكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندوەتەوە پارتی. وردەكاری پەیامەكەی رابەری باڵا نازانرێت، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخەكەن دەڵێن، ئێران شكستی هێناوە لە پاشگەزكردنەوەی موقتەدا سەدر لە دروستكردنی حكومەتی زۆرینەو پاراستنی یەكڕیزی ناو ماڵی شیعە، بۆیان دەركەوتووە كلیكی شكستهێنان بە سەدر، مەسعود بارزانییەو دەیانەوێت بارزانی لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ سەدر بكشێتەوە. هەوڵێك بۆ چارەسەر ململانێی پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق توندبوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێرانییەكان هەوڵێكی نوێبان خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن. (درەو) زانیویەتی، هەوڵەكەی ئێران بۆ چارەسەری ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی خۆی دەبینێتەوە لە پێشنیازێك بۆ چارەسەر، پێشنیازەكە داوا دەكات پارتیو یەكێتی هەردووكیان كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوەو لەنێوان (حاكم رزگار)و (لەتیف رەشید) یەكێكیان ببن لە كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. ئێرانییەكان لەبەرامبەر كشاندنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن پارتییەوە كە (هۆشیار زێباری)یە، دەیانەوێت یەكێتی قایل بكەن بەوەی پارتی هەموو پۆستە وزارییەكانی پشكی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق پارتی ببات. بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، مەترسی لەبەریەك هەڵوەشانی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، تەنانەت ئێرانییەكانیش دركیان بە مەترسیداری دۆخی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی كردووە، بەڵام هەردوو حزبەكە كە لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بانگەشەی یەكڕیزییان دەكرد، تائێستا سورن لەسەر ئەوەی بە دوو كاندیدەوە دەچنە بەردەم پەرلەمان. رۆژی دوو شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەگەر هەوڵی ئێرانییەكان شكستی بهێنێتو پارتیو یەكێتی تا ئەو كاتە لەسەر كاندیدێك نەگەنە رێككەوتن، چانسی سەركەوتنی هۆشیار زێباری یاخود بەرهەم ساڵح لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبێت: • بژاردەی یەكەم: دۆخی هاوپەیمانێتییەكانی عێراق وەكو ئێستا بمێنێتەوە واتە (هاوپەیمانێتی سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) بەردەوام بێتو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەن سەدرەوە بانگهێشتی ناو حكومەت نەكرێنو هەوڵی ئێرانییەكان شكست بهێنێت، چانسی سەركەوتنی هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرهەم ساڵح بەهێزتر دەبێت. • بژاردەی دووەم: سەدر لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی لەگەڵ (بارزانی+ سەدر) بكشێتەوەو قایل بێت بە بەشداریكردنی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ فالح فەیاز+ قەیس خەزعەلی+ عەبادی+ حەكیم) لە كابینەی نوێی حكومەتو بیرۆكەی خۆی لە "حكومەتی زۆرینە"وە بگۆڕێت بۆ "حكومەتی تەوافوقی"، یاخود پارتی لەژێر فشاری ئێرانییەكاندا لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر بكشێتەوە، لەم بژاردەیەدا چانسی سەركەوتنی (بەرهەم ساڵح) لە (هۆشیار زێباری) زیاترە، چونكە ئەم بژاردەیە عێراق دەخاتەوە سەر رەوتە كۆنەكەی خۆیو پۆستەكانی بەگوێرەی تەوافوقی سیاسی دابەش دەكرێنو پۆستی سەرۆك كۆمار وەكو پشكی یەكێتی دەمێنێتەوە.