وەزیری نەوتی عێراق باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات
2022-05-23 07:45:11
(درەو):
دوای ناردنی نامەیەك بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە دووەم هەنگاودا بۆ جێبەجێكردنی بریاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم، وەزیری نەوتی عێراق لە بەغداد باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردو دەیەوێت لەرێگەی توركیاوە هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، عێراق بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كارتێكی دژی توركیا بە دەستەوەیە كە حوكمی دادگای پاریسەو یەكلابونەوەی ئەم حوكمە بڕی (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو دەخاتە ئەستۆی توركیا.
لە توركیاوە بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ دەكرێت
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق عەلی رەزا كۆنای باڵیۆزی توركیای لە عێراق بانگهێشت كرد.
بەگوێرەی هەوڵی پێگەی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری نەوتی عێراق باسی لە زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی عێراق كردووە لەرێگای بەندەری جیهانی توركیو چارەسەری كێشە یاساییەكانو پرۆژەو رێككەوتنی نوێ كردووە.
خاڵی گرنگو جەوهەری كۆبونەوەكە، گفتوگۆكردن بووە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نادەستوریبوونی پرۆسەی نەوتو گازی هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، وەزیری نەوتی عێراق بەڕوونی پەیامێكی ئاڕاستەی توركیا كردووە لەبارەی ئەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم نایاساییەو پێویستە لیژنە پێكبهێندرێت سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێگای كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە.
وەزیری نەوتی عێراق هۆشداریشی بە باڵیۆزی توركیا داوە، ئەگەر ئەنكەرە پابەندنەبێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، ئەوا داوا یاساییەكەی 2015ی بۆ زیندوو دەكرێتەوە كە عێراق لە دادگای پاریس لە دژی توركیا تۆماریكردووە.
ئەمە دووەم هەنگاوی وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان، لە یەكەم هەنگاودا وەزیری نەوت نامەیەكی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم ناردو داوای لێكردن بێنە پێشەوەو لەبری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای "سۆمۆ" گرێبەستی كاركردنیان لە كێڵگە نەوتییو غازییەكانی هەرێمی كوردستان نوێ بكەنەوە.
توركیا چی دەڵێ ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی توركیاو ئیماراتی عەرەبی ئامۆژگاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نەبێتو لە رادەستكردنی نەوتو غاز بە حكومەتی عێراق پەلە نەكاتو كاتەكە درێژ بكاتەوە.
لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، توركیا چاوی لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئامادەیە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كۆتایی بە مامەڵەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت.
حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوەو هەڕەشەیە لەسەر توركیا.
بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت.
هەرێمو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی
رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە.
كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە:
• یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستان نادەستورییەو هەڵدەوەشێندرێتەوە.
• حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی.
• سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە.
• پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات.