شاعیری "شیعری قاچاخ" كۆچی دوایی كرد
2022-05-21 10:21:02
راپۆرت: درهو
تەرمی شاعیری "شیعری قاچاخ" گەیشتەوە عێراق، بەهۆی شیعرە یاخییەكانییەوە نیوەی تەمەنی خۆی لە تاراوگە بەسەر برد، مردنەكەشی جیاواز بوو، ناڕەزایەتی خەڵكی عێراقی بە دەسەڵاتداراندا تەقاندەوە، پەلاماری كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران درا، مزەفەر نەواب كێیە ؟ ئەو شاعیرەی سەددام حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركردو بۆشی دەگریا، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
مردنی مێژوویەكی تری شیعر
"ئەو لە ساڵی 2005وە مردووە" نوسەرو رۆماننوسی سوری (ئیبراهیم جەبین) بەمشێوەیە باسی لە مردنی شاعیری گەورەی عێراقی (مزەفەر نەواب) كرد.
دوێنێ هەواڵی كۆچی دوایی مزەفەر نەواب لە تەمەنی (88) ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی (شاریقە) لە ئیماراتی عەرەبی راگەیەندرا، نەواب دوای ململانێیەكی دورو درێژ لەگەڵ نەخۆشی ماڵئاوایی كرد.
ئەو بە یەكێك لە دیاترین ئەو شاعیرانەی عێراق دادەنرێت كە كاروانی شیعرییان لە پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوو دەستیپێكردووە، بەمردنی ئەم پیاوە لاپەڕەی قۆناغێكی مێژووی شیعری عێراقی هەڵدرایەوە كە نوسینی شیعر بوو بە رۆحێكی یاخیانەو شێوازێكی ناباو، بەوە ناسرابوو شێوازێكی دانسقەی لە نوسینو خوێندنەوەی شیعردا هەیە بە هەردوو شێوازی زمانی ستانداردی عەرەبیو زمانی ئاخاوتن، بەتایبەتیش كاتێك لەبەردەم جەماوەردا شیعرەكانی دەخوێندەوە.
ریشەیەكی ئۆرستۆكراتی
مزەفەر نەواب لە یەكێك لە گەڕەكە كۆنەكانی بەغداد لە ساڵی 1934 لەدایكبووە، ئەو یەكێكە لە ئەندامانی خێزانی (نەواب) كە بەر لە داگیركردنی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە، خێزانەكەی حاكمی یەكێك لە ویلایەتەكانی هیندی باكور بوون.
خێزانەكەی بەرەنگاری داگیركاریی بەریتانییەكان بونەتەوە، ئەمە حاكمی ئینگلیزی لە خێزانەكەی توڕە كردووە، دوای لێكردوون یەكێك لە وڵاتانی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی دوربخرێنەوە، خێزانەكەی عێراقیان هەڵبژاردووە، ئیتر لە هندستانەوە بەرەو عێراق نەفی كراون، واتە لە بنەڕەتەوە نەواب خەڵكی هیندستانە.
خێزانی نەواب كە خێزانێكی دەوڵەمەندی ئۆرستۆكرات بوون، چێژیان لە مۆسیقاو هونەرەكان وەرگرتووە، كۆشكی خێزانەكە دوای نەفیكردنیان لەسەر روباری دیجلە بووە لە بەغداد، ئەم جێگایە شوێنی كۆبونەوەی شاعیرو هونەرمەندو سیاسەتمەداران بووە.
لە پۆلی سێی سەرەتایدا، مامۆستاكەی هەستی بە بەهرەی مزەفەر نەواب لە نوسینی شیعردا كردووە، لە قۆناغی ئامادەیدا وای لێهاتووە شیعری لە دیواربەندی خوێندنگەكەی بڵاوكردوەتەوە.
لەناو بارودۆخێكی ئابوری سەختدا ساڵی 1956 كۆلیژی ئادابی لە بەغداد تەواو كردووە، لەم ساڵانەدا باوكی توشی زیانێكی دارایی گەورە دەبێتەوەو هەموو سەروەتو سامانەكەی لەدەستدەدات، تەنانەت كۆشكە جوانەكەشی، دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ، نەواب وەكو پشكنەری هونەری لە وەزارەتی پەروەردە دامەزرێندراوە، ئەم كارە دەرفەتی ئەوەی پێدەدات هانی ئەو كەسانە بدات لەبواری مۆسیقاو هونەری شێوەكاریدا بەهرەیان هەیە، لە تافی لاوێتیدا نەواب چوەتە ریزی حزبی شیوعی عێراقییەوەو لەناو ئەم حزبەدا خەباتی كردووە.
مردنی دایكی
مزەفەر نەواب یەكێك لە پاڵەوانەكانی رۆمانی (عین الشرق)ە، كە رۆماننوسی سوری ئیبراهیم جەبین نوسیویەتیو لە چەند بەشێكی ئەم رۆمانەدا باس لەو بەشەی ژیانی نەواب دەكات كە بۆ زۆر كەس زانراو نین، بەدیاریكراویش پەیوەندی نەواب لەگەڵ دایكیدا.
جەبین لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ سایتی (الحرە)دەڵێ" دایكی نەواب خاتونێكی بەغدادی كەم وێنە بوو، پیانۆژەن بووەو ئەو پەروەردەی كردبوو لەسەر چێژوەرگرتن لە هونەر".
جەبین كە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، لە ساڵی 1989وە دۆستایەتی لەگەڵ نەواب پەیدا كردووە، كاتێك كە نەواب لە تاراوگەی دیمەشقدا ژیانی بەسەر بردووە.
دواینجار كە نەوابی بینیوە، نەواب سكاڵای لەو شۆكە بەردەوامە كردووە كە لە ژیانیدا رویداوەو ئەوەش دواجار بوەتە هۆی مردنی، ئەمە بەگوێرەی قسەی جەبین كە باسلەوە دەكات، مزەفەر نەواب لەڕووی جەستەییەوە بەهێز بووەو زۆر بایەخی بە تەندروستی خۆی داوە، بەڵام مردنی دایكی كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لەسەر مردنەكەی.
"ئەو ساتەی كە تێیدا هەواڵی مردنی دایكی پێدەدرێت، ساتی شۆك بوو، پێشبینی مردنی ئەو ژنەی نەدەكرد".
جبین باس لە یەكەمین سات دەكات كە نەواب هەواڵی مردنی دایكی پێگەیشتووە، چۆن ئەو هەواڵە دواتر كاریگەریی لەسەر دروستكردووەو كردوەیەتی بە كەسێكی جیاواز.
"یەكێك لە رۆژەكانی ساڵی 2005 پەیوەندی بە دایكییەوە كرد لە بەغداد بۆ ئەوەی لەبارودۆخی دڵنیا بێت، پێیان وت كەس لە ماڵەوە نییە، پرسیاری كرد بۆ كوێ رۆشتوون؟ پێیانوت بەرێگاوەن بۆ گۆڕستان، چونكە دایكی بەخاكدەسپێرن".
جەبین دەڵێ" دوای ئەم هەواڵە نەواب راستەوخۆ توشی شۆك بوو، بەپێی قسەی خۆی ئەم شۆكە لاوازترین گۆشەی جەستەی هەڵبژاردووە كە كۆئەندامی دەمارە".
دوای ئەو رووداوە خەمناكە لەسەر دڵی نەواب، دەركەوت دوچاری نەخۆشی ئیفلیجی (پاركینسۆن) بووەو لەوكاتەوە تا مردنی ئیفلیج بوو.
جەبین دەڵێ" ئەو لەو ساتەوە مرد، ئیتر ئەو مزەفەرە نەبوو دەمانناسی، كە مرۆڤێكی دڵخۆش بووە تەنانەت لەناو شیعرە خەمناكەكانیشیدا هەستت بە خۆشیو شادیو گەشبینی دەكردو بێئومێدی بوونی نەبوو، مردنی دایكی لەناوەوە رۆحی وێران كرد".
شیعری شۆڕشگێڕانە
بەهۆی مەیلی سیاسیو شعرە شۆڕشگێڕانەكانییەوە، نەواب زیاتر لە نیوەی ژیانی لە تاراوگەو دوور لە نیشتمانی دایكی بەسەر برد، لەنێوان سوریاو لوبنانو لیبیاو وڵاتانی تردا هاتوچۆی دەكرد.
ئەو سەردەمەی مێژووی عێراق سەردەمی كودەتاكانو ململانێی توندی نێوان شیوعییەكانو قەومییەكان بوو، كە دوای كودەتاكەی ساڵی 1963 دەستیان بەسەر حوكمدا گرتو دەستیان كرد بە راوەدونانی مزەفەر نەوابو هاوڕێكانی، ئەمە نەوابی ناچاركرد بەرەو ئێران هەڵبێت، ئەو دەیویست لەڕێگەی ئێرانەوەی خۆی بگەیەنێتە یەكێتی سۆڤیەتی جاران.
بەڵام دەزگای هەواڵگری ئێران نەوابی دەستگیركردو رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراقی كردەوە، دەسەڵاتی ئەوكاتی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، دواتر سزاكەی بۆ زیندانی هەتا هەتایی كەمكردەوە.
كۆتایی 1963 نەواب چووە زیندانەوە، لەوكاتەدا شیعرە بەناوبانگەكەی (البراءة)ی نوسی، كە یەكێكە لە دیارترین نوسینەكانی، شاعیری جوانەمەرگی كورد (دڵشاد مەریوانی) ئەم شیعرەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی (شیعری پاكانە)، هونەرمەندی كۆچكردوو (حەمە جەزا) ئەم شیعرەی كردووە بە مەقام.
نەواب لە زیندانی بەدناوی "نوگرە سەلمان" زیندانی كراوە، كە لەو سەردەمەدا تایبەتكراوە بە گیراوانی سیاسی عێراق، دواتر گواستراوەتەوە بۆ زیندانی (حلە) لە پارێزگای بابل، لەوێ نەواب لەگەڵ زیندانییەكانی تردا بەشێوازێكی سەرەنجڕاكێش لەرێگەی هەڵكەندنی تونێلێكەوە، لە زیندان هەڵاتن.
دوای هەڵاتنی لە زیندان، نەواب ماوەی (6) مانگ خۆی لە بەرچاوی خەڵك ون دەكاتو لەناو بەغداد خۆی دەشارێتەوە، دواتر دەچێت بۆ هۆڕەكان لە باشوری عێراقو ماوەی ساڵێَك لەگەڵ خەڵكی جوتیارو سادەی ناوچەكەدا ژیاوە، ساڵی 1969 دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی عێراق لێبوردنێكی گشتی دەردەكەن، بەهۆی ئەم لێبوردنەوە نەواب دەگەڕێتەوە بۆسەر كارەكەی لە وەزارەتی پەروەردە، بەڵام زۆر نامێنێتەوەو ئیتر لێرەوە عێراق بەجێدەهێڵێتو لەنێوان چەند پایتەختێكی وڵاتانی عەرەبی لەوانە (بەیروتو دیمەشقو عەممان)دا هاتوچۆ دەكات.
ریلو حەمەد
لەو ماوەیەدا كە عێراقی بەجێهێشت، نەواب یەكەمین دیوانی خۆی نوسی، دیوانەكە بە زمانی ئاخاوتنی عێراقی بوو، دیوانەكەی ناونیشانی یەكێك لە شیعرە بەناوبانگەكانی هەڵگرتبوو كە شیعری (الریل و حمد) بوو كە ساڵی 1956 دەستی بە نوسینی كردبوو لە ساڵی 1958دا تەواوی كردبوو.
لەم دیوانەی نەوابەوە بەناوبانگترین گۆرانی عێراقیی هاتنە دەرەوە كە ئەوانیش گۆرانی (الریل وحمد)و گۆرانی (البنفسج)ی گۆرانیبێژی ناسراوی عێراقی (یاس خزر) بوون.
نەواب زۆر بایەخی بە پاڵپشتیكردنی دۆزی فەلەستین دەدا، دەیان شیعری بۆ نوسیوە لە دیارترینیان شیعری (القدس عروس عروبتكم)ە، كە تێیدا هێرش دەكاتەسەر سەركردەكانی عەرەب، ئەمە وایكرد زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی قەدەغەیان كرد نەواب پێ بخاتە ناو خاكی وڵاتەكەیانەوە، ئیتر لێرەوە نازناوی "شاعیری شیعری قاچاخ" بەخشرا بە مزەفەر نەواب.
نەواب بەشێوازێكی تەنزئامێز رەخنەی لە كۆبونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی دەگرت، دیاترین ئەو شیعرانەی بۆ كۆبونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی نوسیویەتی بریتی بوون لە (دوامە النورس الحزین)و (القمە الپانیە)و (تكاثرت القمم).
لە دیاترین شیعرەكانی تری نەواب بریتین لە (بنفسج الچباب)و (فی الحانە القدیمە)و (قراوە فی دفتر المطر)و (یا حزن)و (عائلە القطط)و (یا جهیمان)، سەرباری كاریگەربوونی بە بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەمەی كە تێیدا ژیاوەو بۆی نوسیوە، نەواب شیعری خۆشەویستیشی نوسیوە.
سەددامو ئەسەدر
ساڵی 1968 دوای ئەوەی بەعس دەسەڵاتی لە عێراق گرتەدەست، لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیان سیاسی دەركرد، لەم ساڵەدا نەواب چاوی بە سەددام حسێن دەكەوێت كە لەوكاتەدا جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت، لەبارەی ئەم دیدارەوە، نەواب لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ چاوپێكەوتنەكە ماوەی نزیكەی دوو كاتژمێرەی خایاند لە بەغداد، لەم دیدارەدا سەددام پێی وتووە دەبێت شیوعییەكان هاوكاری بەعسییەكان بكەن، پێشنیازی وەرگرتنی پۆستێكی فەرمی بە مزەفەر نەواب داوە، بەڵام ئەو رەتیكردوەتەوە.
ئیتر لێرەوە نەواب عێراقی بەجێهێشتو تاوەكو ساڵی 2011 نەگەڕایەوە، گەڕانەوەكەشی تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێك بوو، جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق پێشوازی لێكرد.
رۆماننوسی سوری ئیبراهیم جەبین دەڵێ، نەواب جارێك پێی وتووە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی سەددام كە لە رژێمەكەی جیابوەتەوە، بۆی باسكردووە چۆن سەددام گوێی لە شیعرە میللییەكان نەواب گرتووەو گریاوە.
ئاماژە بەوەدەكات" ئەم رووداوە زۆر كاریگەری لەسەر مزەفەر نەواب هەبووە، بەوپێیەی سەرسەختترین دوژمنەكانی كە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە گوێی لە كاسێتە قەدەغەكراوەكانی ئەو گرتووە لە عێراقو هێندە كاریگەر بووە پێی گریاوە".
هەر ئەمە نییە، بەپێی قسەی جەبین، شاعیر مزەفەر نەواب هەڵوێستی لە حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سوریاش وەرگرتووە، سەرباری ئەوەی لە دیمەشق ژیاوە رەتیكردوەتەوە دیداری حافز ئەسەد بكات، ئەم كارەشی لەناو وڵاتێكدا كردووە كە رژێمێكی دیكتاتۆری حوكمی دەكات.
"نەواب میواانداریكردنو مانەوەی لە سوریا قبوڵكرد، بەڵام بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانكردنی كۆشكی كۆمارو دیداری ئەسەد رەتكردەوە".
جەبین باسلەوە دەكات" نەواب كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر شیعری عەرەبی بەجێهێشتووە، كاریگەرییەك كە كەمتر نییە لە كاریگەری شاعیری گەورە نزار قەبانی، رەنگە زیاتریش، چونكە ئەو لە یەككاتدا بە زمانی ستانداردو بە زمانی ئاخاوتنیش دەینوسی".
"من ئەمڕۆ خەمبار نیم بە مردنی ئەو، چونكە باش دەزانم كاریگەریی ئەو دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێتو زیاتر بەو كەسانە دەگات كە ناسیویانە یاخود نەیانناسیوە لە نەوەكانی داهاتوو".