سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانیی لەبەردەم كێشەیەكی یاسایدا
2022-05-30 17:02:54
راپۆرت: درەو
رۆژی 1ی ئابی ئەمساڵ دادگای كەرخ لە بەغداد بڕیاری كۆتایی خۆی لەسەر سكاڵایەكی یاسایی دەدات كە لاهور شێخ جەنگیی لەدژی بافڵ تاڵەبانیی تۆماریكردووە، سكاڵایەك كە لەڕووی یاساییەوە حجزی لەسەر هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لەناو یەكێتیی دروستكردووەو بەبێ سازدانی كۆنگرە كێشە بۆ "سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانیی" دروست دەكات، لە فەرمانگەی حزب و رێكخراوە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا هێشتا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانیی لەبەردەم یاسادا
ماوەی سێ رۆژە میدیاكانی یەكێتیی بەفەرمی (بافڵ تاڵەبانیی)یان وەكو (سەرۆك)ی یەكێتیی ناساندووە، ئەمە دانانێكی رەمزییە، چونكە دۆسیەی یەكێتیی لە دادگای بەرایی كەرخ لە بەغداد، بەهۆی سكاڵایەكی (لاهور شێخ جەنگی)یەوە حجزی خراوەتەسەر.
واتە بەگوێرەی فەرمانی دادگای عێراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاوەكو دوای یەكلابونەوەی كێشەی بافڵ تاڵەبانییو لاهور شێخ جەنگیی ناتوانێت هیچ گۆڕانكارییەكی حزبی خۆی بەشێوەیەكی یاسایی بچەسپێنێتو لە فەرمانگەی كاروباری پارتو رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماری بكات، بەتایبەتیش دانانی بافڵ تاڵەبانیی وەكو سەرۆكی حزب.
كێشەی یەكێتی لە دادگاكاندا
رۆژی 8ی تەموزی ساڵی رابردوو، ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتیی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، بافڵ تاڵەبانیی لە بەیانی ئەو رۆژەدا (دەزگای زانیاریو دژەتیرۆر)ی كۆنترۆڵ كرد، دوای ئەم رووداوە بەفەرمی (لاهور شێخ جەنگیی) تۆمەتبار كرد بەوەی (ژەهرخوارد)ی كردووەو هەوڵی تیرۆركردنی داوە، بەهۆی ئەم تۆمەتەوەن لاهور شێخ جەنگیی بە مەرجی ئەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە دروست بكرێت، دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكایەتی خۆی رادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، بەڵام لیژنە دروست نەكراو ئەنجامەكانیش رانەگەیەندرا، ئەمە وایكرد لاهور شێخ جەنگیی سەرلەنوێ داوای دەسەڵاتەكانی بكاتەوە.
رۆژی 2ی تشرینی دووەمی 2021 دوای نزیكەی چوار مانگ لە رووداوەكانی 8ی تەموزو جموجوڵی سەربازیی لەلایەن هەردوو جەمسەری كێشەكەوە، بافڵ تاڵەبانیی بە نوسراوێك لاهور شێخ جەنگیی هاوسەرۆكی یەكێتی لە ئەندامێتی یەكێتی دورخستەوە، واتە یەكێك لە هاوسەرۆكەكان ئەوی تری لە حزب دەركرد.
بەگوێرەی یاسای بەركار، هەر گۆڕانكارییەك كە لەناوخۆی حزبە سیاسییەكاندا روودەدات، دەبێت لەماوەی مانگێكدا بە نوسراوی فەرمی (فەرمانگەی حزبو رێكخراوە سیاسییەكان)ی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی لێ ئاگاداربكرێتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانیی دوای تێپەڕینی شەش مانگ هێشتا بڕیارەكەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی لە یەكێتی رەوانەی فەرمانگەی حزبو رێكخراوە سیاسییەكان نەكردووە، بەوهۆیەوە ئێستا لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە هێشتا هاوسەرۆكی یەكێتییەو دادگای بەغداد حجزی لەسەر هەر گۆڕانكارییەك لەناو یەكێتی داناوە.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگیی مانگی ئازاری ئەمساڵ لەدادگای سلێمانی سكاڵای یاسایی دژی بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە.
رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ فەرمانگەی كاروباری حزبو رێكخراوە سیاسییەكان نوسراوێكی ئاڕاستەی (دادگای لێكۆڵینەوە یەك-ی سلێمانی) كردووە، تێیدا لاهور شێخ جەنگی وەكو (ئەندامێكی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی)و (هاوسەرۆك)ی یەكێتی دەناسێنێت، واتە تا ئەوكاتەش كە نزیكەی (5) مانگ بەسەر بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەركردنى لاهور شێخ جەنگی تێپەڕیوە ، هێشتا بافڵ تاڵەبانیی فەرمانەكەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی رەوانەی فەرمانگەی حزبو رێكخراوە سیاسییەكان نەكردووەو دورخستنەوەكەی لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە نەچەسپاندووە.
دوای تەماشاكردنی دۆسیەكە، دادگای سلێمانی لاهور شێخ جەنگیی ئاگاداركردووە لەوەی سكاڵا یاساییەكەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، چونكە دۆسیەی كاروباری حزبەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، بەوهۆیەوە هەر لە مانگی ئازاردا دۆسیەكەی بردوەتە دادگای بەرایی (كەرخ) لە بەغداد.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، رۆژی 11ی ئەیلولی ئەمساڵ دادگای كەرخ ئاگادارینامەی بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە بۆ ئەوەی بۆ بافڵ تاڵەبانیی ئاگادار بكات لەوەی رۆژی 25ی ئەیلول بەردەم دادگا ئامادە بێت لەسەر بنەمای ئەو سكاڵا یاساییەی كە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆماركردووە.
بافڵ تاڵەبانیی ئاگادارینامەكەی دادگای كەرخی وەرنەگرتووە، رۆژی 25ی ئایار بەبێ ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانیی یاخود پارێزەرە یاساییەكەی، دادگای كەرخ لەسەر سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیی دانیشت، لەم دانیشتنەدا بڕیاریدا رۆژی 1ی ئابی داهاتوو حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی سكاڵا یاساییەكە یەكلابكاتەوە، ئەمجارە لەبری دادگای بەرایی سلێمانی، لەرێگەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداركردنەوە بۆ بافڵ تاڵەبانیی نێردراوە، ئەگەر ئەمجارەش ئاگادارینامەكە وەرنەگرێتو نەچێتە بەردەم دادگا، رۆژی 1ی ئابی داهاتوو بەبێ ئامادەبوونی خۆی، دادگای كەرخ بڕیار لەسەر ئەو سكاڵا یاساییە دەردەكات كە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆماركردووە.
ئەگەر لەم دۆسیە یاساییەدا لاهور شێخ جەنگیی لە بافڵ تاڵەبانیی بباتەوە، كێشەی یاسایی بۆ یەكێتیی لە بەغداد دروست دەكات، كێشەیەك كە رەنگە تەنیا سازدانی كۆنگرەیەكی نوێ لەناو یەكێتیدا چارەسەری بكات.
سەرباری ئەو كێشە یاساییەی كە لەسەر پرسی سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی لە دادگای كەرخ هەیە، رۆژی 22ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكدا لە قەڵاچوالان بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیی وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناساند، رۆژی 28ی ئەم مانگەش لەبەردەم لایەنگرانی یەكێتی كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش ئامادەی بوو، سەرلەنوێ بافڵ تاڵەبانی وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناسێندرایەوەو چەند سەركردەیەكی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەسەر ئاستی عێراق پیرۆزباییان لە بافڵ تاڵەبانیی كرد.
كرۆكی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیی
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی لەبەردەستی (درەو)دایە، لەو سكاڵا یاساییەدا كە لاهور شێخ جەنگیی لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە (سەیوان سیروان جاسم) لە دادگای (كەرخ) تۆماریكردووە، باس لەوە دەكات، بافڵ تاڵەبانیی پێشتر چەند بڕیارێكی لەدژی ئەو دەركردووە بۆ لەكارخستنو دورخستنەوەی لە حزب، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی، پەیڕەوێك كە لە كۆنگرەی یەكێتیدا پەسەندكراوەو لەلایەن فەرمانگەی حزبەكانی عێراقەوە پشتڕاستكراوەتەوە.
لە سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیدا ئاماژە بەوەكراوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرچاوەی بڕیار لەدەستی (ئەنجومەنی سەركردایەتی)دایەو ئەو بەرزترین دەسەڵاتە لەناو حزبدا.
بەشێكی تری سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگیی دەڵێ" بافڵ تاڵەبانیی هەندێك تۆمەتی نادروستی بۆ لاهور شێخ جەنگیی دروستكردووەو رێگری لێدەكات دەسەڵاتەكانی خۆی پەیڕەو بكاتو ئەمەش پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە، بۆیە داوا دەكەین دادگا كەسی سكاڵا لەسەركراو بانگهێشت بكاتو بڕیار بدات لەسەر نایاسایبوونی ئەو بڕیارانەی دەریكردووەو سنورێك بۆ رێگیركردن لە پەیڕەوكردنی دەسەڵاتەكانی لاهور شێخ جەنگیی وەكو هاوسەرۆك دابنرێت".