كەمال ئەتروشی.. نەخۆشە یان نیگەرانە؟
2022-05-26 14:33:54
راپۆرت: درەو
هەڕەشەی پارچە پارچەكردنی ئەو كەسانەی كرد كە گەندەڵن، بەڵام لەبەردەم سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانیدا بە چۆكدا هات، ئەو كەمال ئەتروشییە، ئەو پیاوەی وتی "خۆم نەوت دەبەم بۆ گوندەكان" بەلام لەسەردەمی ئەودا خەڵك لەسەرما رەقبووەوە، باسی چارەسەری كێشەی بەنزینی كردو لەسەردەمی ئەودا بەنزین بەرزترین نرخی تۆماركرد، كەمال ئەتروشی بەهۆی نەخۆشییەوە دەستی لەكاركێشایەوە یان نیگەرانە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
نەخۆشە یان نیگەرانە ؟
راگەیاندراوی نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشی بۆ بارودۆخی تەندروستی وەزیر دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر پەیوەندی بە دەستوەردانی لە كاروباری وەزارەتەكەی هەیە، بەتایبەتیش دەستڕۆیشتوویی دكتۆرە (رانیا مەجید) یاریدەدەری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری ئابوری لە كاروباری وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دكتۆرە (رانیا) جگە لەوەی یاریدەدەری مەسرور بارزانییە بۆ كاروباری ئابوری، ماوەی ساڵێكە بەهۆی بلۆككردنی ئاشتی هەورامیی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، كاروبارەكانی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری (وزە)ش بەڕێوە دەبات، واتە لەیەك كاتدا یاریدەدەرە بۆ كاروباری ئابوریو هەم یاریدەدەرە بۆ كاروباری وزە.
(درەو) زانیویەتی، بەشێكی تری نیگەرانییەكانی كەمال ئەتروشیو دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پەیوەندی بە دەستوەردانی بێسنوری ژنێكی ترەوە هەیە بەناوی (دكتۆرە غەزالە)، ئەم ژنە بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستو كۆمپانیاكانە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
دكتۆرە رانیاو دكتۆرە غەزالە هەردووكیان دوو كەسی زۆر نزیكن لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە.
ئەتروشی كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی وەرگرت، یەكەم بەڵێنی ئەوە بوو پەیكەری وەزارەتەكە بگۆڕێت، وەكو خۆی دەیوت "دەیەوێت پەیكەرێك بۆ وەزارەتەكەی دروست بكات كە نێودەوڵەتی بێت"، بەڵام نەیتوانی ئەمە بكات، پەیكەرەكەی سەرۆكی حكومەت لەناو وەزارەتدا بەهێزتر بوو.
كۆتاییەكانی 2021 كەمال ئەتروشی بۆ ماوەیەك وەزارەتەكەی بەجهێشت، ئەوكاتیش دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوبووەوە، بەڵام دواتر رەتیكردەوەو وتی بۆ وەگرتنی چارەسەر چوەتە دەرەوەی وڵات.
نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندا
پێش دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشیو دوای دەستلەكاركێشانەوەشی، دۆسیەی نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندایە كە هەرسێكیان كەسانی نزیكی بنەماڵەی بارزانین.
ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە سێبەری مەسرور بارزانییە لەناو حكومەتدا، بەرپرسی هێنانەوەی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمە لە (سیتی بانك)ی ئەمریكاوە بۆ بانكی (میسر) لە دوبەی، دوای هێنانەوەی پارەكە بۆ كوردستان، داهاتی نەوت دەچێتە (RT) بانك، بەڕێوەبەری ئەم بانكە ژنێكە بەناوی (همێلە عەبدولستار گەردی)، لای ئەم ژنەوە پارەی نەوت رەوانەی بانكی (منارە) دەكرێت بۆ خەرجی موچە.
(همێلە گەردی) لەگەڵ (دكتۆرە رانیا مەجید)و (دكتۆرە غەزالە) وەكو سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانی، جڵەوی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانو داهاتەكانیان بەدەستەوەیەو لەسەردەمی مەسرور بارزانیدا هیچ وەزیرێكی نەوت ناتوانێت تەجاوزی دەسەڵاتی ئەم سێ ژنە بكات.
هەڕەشەی بەغداو چۆڵبوونی وەزارەت !
دوای نزیكەی ساڵو نیوێك لە دەستبەكاربوونی، كەمال ئەتروشی دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستان دەستی لەكاركێشایەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نۆیەمدا هەر لەسەرەتاوە بە قەیران دەستیپێكرد، ئەم وەزارەتە دوای ساڵو نیوێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت پڕكرایەوە.
بەر لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە تەموزی 2019دا، گۆڕانكارییەك لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، مەسعود بارزانی كە خۆی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵگرتبوو پۆستی سەرۆكی هەرێمی دا بە نێچیرڤان بارزانی برازای، لەبەرامبەر ئەمەدا نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو بۆ مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی مامی، مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربونیدا ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، ئاشتی نزیك بوو لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ماوەی زیاتر لە 14 ساڵ لەگەڵ ئەودا كاری كردبوو، بەمە مەسرور بارزانی ویستی سەرچاوەی دارایی نێچیرڤان بارزانی لە نەوتی هەرێمدا وشك بكاتو خۆی جڵەوی دۆسیەكە بگرێتە دەست.
پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەكاتێكدا چۆڵ دەبێت لە 15ی شوباتی ئەمساڵدا دوای (10) ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە، دادگای فیدراڵی یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو داوای كرد هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.
ئێستا كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چۆڵ بووەو مەسرور بارزانی بە وەكالەت كاروباری وەزارەتەكەی داوەتە دەست (كەمال محەمەد)ی وەزیری كارەبا، وەزارەتی نەوت دوو هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم هەڵگرتووە، لە هەنگاوی یەكەمدا نامەی بۆ كۆمپانیاكانی نەوتو غاز لە هەرێم ناردووەو داوایان لێدەكات بێنە پێشەوە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق، لە هەنگاوی دووەمیشدا باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردووەو داوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی لێكردووە.
لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ كەمال ئەتروشی
رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 وەكو دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، كەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.
بەم سوێندخواردنە، كەمال ئەتروشی كۆتایی بە ماوەی زیاتر لە (14) ساڵ دەستڕۆیشتویی (ئاشتی هەورامی) هێنا بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، وەزیرێك كە وەزارەتی نەبوو، دۆسیەی نەوتو غازی كوردستان لەناو (جانتا)كەیدا هەڵگرتبوو، لە لەندەنەوە مامەڵەی بە سامانی سروشتی كوردستانەوە دەكرد.
ئەتروشی كە مەسرور بارزانی كاندیدی كردو مەسعود بارزانی پاڵپشتی لێدەكرد، ساڵی 1955 لەدایكبووە، 1975 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە كۆلیژی زانستەكانی زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دوای تەواوكردنی خوێندن دەستی بەكاركردن كردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا، تاوەكو 1985 كاری بۆ كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق كردووە.
چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، ساڵی 1987 خوێندنی باڵای لەزانكۆی (بۆردۆ)ی فەڕەنسا تەواوكردووەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە، لە هەمان زانكۆ ساڵی 1991 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە.
دوای تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا، كەمال ئەتروشی لە پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ نەوت دەستی بە كاری توێژینەوە كردووە، شارەزایی (35 ساڵ)ی لە بواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە، لەگەڵ چەندین دامەزراوەو كۆمپانیای گەورەدا كاریكردووە، لەوانە:
• كۆمپانیاكانی (Elf)ی فەڕەنسی
• ئاژانسی نێودەوڵەتی كەنەدا
• توێژەرو وانەبێژ لە زانكۆكانی (مكگیل)و (كارلتۆن)ی كەنەدی
• كۆمپانیای نەوتی كوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت
• كۆمپانیای (پترۆناس)ی مالیزی
• كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسی
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كەمال ئەتروشی دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، رووی لە كوەیت كردووەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە كوەیت دەژی.
ئێستا كە ئیتر كەمال ئەتروشی پۆستەكەی بەجێهێشتووە، خەڵكی هەرێمی كوردستان تەنیا دوو یادگاری ئەوی بۆ بەجێماوە، یادگاریی یەكەم كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆر بڵاوبووەوە قسەیەكی ئەو بوو كە وتی" ئەوەی گەندەڵی دەكاتن نە شەرەفی هەیە نە ناموسی هەیە نە عەسڵی هەیە نە ئەخلاقی هەیە.. بە حەققی خوای.. رب العالمین.. ئەوەی بگرم موەزەفی من بیتن، بیانی بیتن یان چاوشین بیتن سەد پارچەی دەكەم".
قسەیەكی تری كەمال ئەتروشی لەو ماوەی كە وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو جێگای سەرەنجی رایگشتی بوو، ئەویش ئەو قسەیە بوو كە وتی خۆم دەچمە ناو گوندەكان لە ناوچە شاخاوییەكانو نەوتی سپی دابەش دەكەم، بەڵام لەسەردەمی ئەودا خێزانێك لەسەرمادا بەهۆی بەكارهێنانی دار بۆ خۆگەرمكردنەوە، بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستدا.
ئەتروشی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی بەنزینی دا، بەڵام ئەم بەڵێنەشی بەجێ نەگەیاندو نرخی بەنزین لەسەردەمی ئەودا نرخی بەنزین بەرزترین ئاستی تۆماركردو تائێستاش بەردەوامە.