(درەو): كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت تەواو بوو، پارتی داوای گۆڕینی چەند خاڵێكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كردووە، یەكێتيی لەسەر گۆڕینی بڕگەی پارێزگاكان ناڕازیبووه، لایەنی شیعە وتویانە ناتوانین راستەوخۆ بڕیاری لیژنەی دارایی بگۆڕین. ئێوارەی ئەمڕۆ لەماڵی فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبووهوە، لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی یەكێتیی و پارتی بەشداربوون، فوئاد حسێن ناڕەزایی سەركردایەتی پارتی گەیاند بە سەركردەكانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر بڕیارەكانی لیژنەی دارایی عێراق سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، پارتی داوایكردووە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لە رەشنوسی یاسای بودجەدا جێگیربكرێت و لە شوێنی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی دابنرێت، نیگەرانییەكانی خۆشی لەسەر چەند بڕگەیەكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی راگەیاند، لەوانە: • بڕگەی تایبەت بە پاشەكەوت- بڕگەی (12) لەماددەی (14): وەفدی پارتی لەگەڵ ئەوە بوون (ئەگەر ئەو بڕگەیە وەك خۆی بمێنێتەوە، دەبێت پارەی تر خەرجبكرێت بۆ دانەوەی پاشەكەوت، نەك هەر لەسەر ئەو بڕە پارەیە بێت كە بۆ پشكی هەرێم دانراوە). • سەبارەت بە نەوتی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا- بڕگەی (10) لە ماددەی (14): وەفدی پارتی داوایكردووە ئەو بڕگەیە لاببرێت كە رێگری دەكات لە دەرهێنانی نەوتی كەركوك و نەینەوا لهو بیرانهی ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدان، بەتایبەت بیرە نەوتییەكانی (خۆرمەڵەو كۆرمۆر). • سەبارەت بە ناردنی بودجە بۆ پارێزگای ناڕازی- بڕگەی (9) لە ماددەی (14): وەفدی پارتی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، رازی نین بەو ماددەیە كە باس لەوە دەكات راستەوخۆ بودجە بنێردرێت بۆ پارێزگای ناڕازیی، بەڵام وەفدی یەكێتیی وتویانە (بەهیچ شێوەیەك رازی نابین دەستكاری ئەو بڕگەیە بكرێت)، لایەنە شیعەكانیش پشتیوانیان لە نوێنەری یەكێتیی كردووە لەسەر ئەم بڕگەیە. • سەبارەت بە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نەوت- بڕگەی (1) لە ماددەی (14): وەفدی پارتی زۆرتوندبوون لەسەر ئەم بڕگهیه، وتویانە (بەهیچ شێوەیەك رازی نابین وەزیری دارایی عێراق لەژێر چاودێری دیوانی چاودێریی، دەسەڵاتی خەرجكردن بدات به سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان). نوێنەرانی لایەنە شیعەكان تا ئاستێك بەڵێنی ئەوەیان داوە. سەبارەت بە تێبینی و سەرنجەكانی دیەكەی نوێنەری پارتی لە كۆبوونەوەكە. لایەنەكان وتویانە لەگەڵ پەرلەمانتارهكانیان قسە دەكەن، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چاوەڕوان دەكرێت چەند بڕگەیەك گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بەڵام وەفدی یەكێتیی سووربوون لەسەر ئەوەی بڕگهكانی تایبەت بە (خەرجكردنی پارەی بۆ پارێزگای ناڕازیی و دانەوەی پاشەكەوتی موچە) لە رەشنوسی بودجەدا بمێنێت. دەقی ماددەكانی (13-14)ی یاسای بودجەی گشتی عێراق كە تایبەتن بە پشكی هەرێم و ئیلتیزاماتی هەرێم، بڕیارە رۆژی شەممە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، ئهمانهن. ماددەی 13: یەكەم: پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت. دووەم: ٲ- حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهاتەكەشی وەكو داهاتی كۆتایی گەنجینەی فیدراڵی تۆمار دەكرێت. ب- حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی. ج- حكومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم. د- حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێ قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە، كە لای بانكە حكومی و ئەهلییەكانەوە هەیە، بە قیستی مانگانانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەم ساڵەوە بۆ ماوەی (٥) ساڵ. ماددەی 14: یەكەم: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندی عێراق دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێك، وەزاری درایی لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. دووەم: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەكات كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە. سێ یەم: لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە وردبینیی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشكەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەكات. چوارەم: وردبینی لە داتا داراییەكانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێكی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكرێت و وێنەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت. پێنجەم: لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەكانی پێشوو لە كەرتی نەوت و غازو پەیوەندییەكانی وەزارەتی نەوتی ناوەندو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات، پاشان بە روانگەیەكی هاوبەش و پەسەندكراو بەپێی دەستور لەلایەن هەردوولاوە پاكتاوی ماوەكانی پێشوو دەكرێت. شەشەم: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەكرێت لە رێكهوتی دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز. حەوتەم: لە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لەسەر ماف و پابەندییەكان، یان پابەند نەبوون، شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی كاردەكرێت. هەشتەم: كوردستان پابەندە كە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حكومەتی ناوەند زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق. نۆیەم: حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەپێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەش دەكات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازیی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەكە. دەیەم: حكومەتی عێراق پابەند دەكرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕێگریكردن لە دەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێمن بۆ كاتی ئێستا. یانزەیەم: حكومەتی عێراق پابەند دەبێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەروازە سنوریەكان بەڕێوەببات و سەرپەرشتی بكات. دوانزەیەم: حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەكەوتی موچەی ساڵانی پیشوو و كە لێبڕینی تێدا كراوەو بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەكو تەواوی شایستە داراییەكان دەداتەوە.
شیكاری: درەو # لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی حاکیمە، زیاتر دەبێت لە (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینار. # ئەگەر ئەو پشکەی دیاری کراوە مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە (ترلیۆنێک و 384 ملیار) دینار. # لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت، ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (138 ملیار و 413 ملیۆن) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات. # شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. # ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین، ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە زیاتر لە (135 مانگ) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە. یەکەم؛ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023) لە (13/3/2023) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی (2023)ی پەسەند کرد کە وەک ئاماژەی پێدراوە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەرکار دەبێت، پرۆژەکەش گەورەترین رەشنوسی یاسای بودجەیە لە مێژووی عێراقدا. لەکۆبونەوەی ژمارە (18)ی رۆژی (5/4/2023) خوێندنەوەی یەکەم و لە (18/4/2023) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاساکە ئەنجامدا، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایندەدا پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت. لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە ڕێژەی (87%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرێت. هاوکات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە ، بە جۆرێک؛ - لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی بریتی دەبێت لە بڕی (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، هەرێم پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (1). دووەم؛ پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە ئەستۆی حکومەت یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەک بریتین لە؛ 1. پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم. 2. لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ • (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار • (10) مانگ بە لێبڕینی (21%) X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار • کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). سێیەم؛ گێڕانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم پاڵپشت بە پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق پاڵپشت بە پێشنیاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە "هەمواری ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان" لە پرۆژە یاسای بودجەدا، کە لە (ماددەی 14 بڕگەی یانزەیەم)دا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە (10%)ی ئەو بڕە پارەیەی لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوت کراوە زیاد بکات بۆ مووچەی خەرجکراو تا خەرجکردنی تەواوی ئەو لێبڕینانە". بەگوێرەی ئەم دەقە یاساییە لەم بەشەدا پاڵپشت بە داتاکانی پێشوو (پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم)، شیکاری ئەوە دەکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بەو بڕگە یاساییە، کاریگەرییە داراییەکانی لەسەر بودجەی هەرێم و بڕی پێویست لە بودجەی تەرخانکراو لە ماوەی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران چەند و چۆن دەبێت. وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا، لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی بریتی دەبێت لە (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دینار بۆ هەرێم دەمێنێتەوە. بەم پێیەش ئەگەر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دیاری کراوەو مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە (ترلیۆنێک و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار و 833) دینار. ئەگەر لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم بڕی (138 ملیار و 413 ملیۆن و 659 هەزار و683) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات. وەک لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان پێدا، ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە؛ (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە (135 مانگ و چەند رۆژێک) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە، واتە زیاتر لە (11) ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی موچە خۆران شایستە داراییەکانیان وەربگرنەوە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).
خستنەڕووی راستییەكان و روونتركردنەوەی حەقیقەتەكان لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن هێمن ههورامی- جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان پاشخانی بابەتەكە پرسی کاراکردنەوەی کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، یەک لە بابەتە ھەرە گرنگ و لەپێشنەکانی بەردەم کاری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون. ھەوڵ و ھیمەتی ھەموو لایەکیشمان بۆ ئەوە بوو بە پشوویەکی درێژەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان سەرجەم فراکسێۆنەکان بدۆزینەوەو بنەمای سفر یان ١٠٠ لە بیرکردنەوەو جوڵەی فراکسێۆنەکان زاڵ نەبێت بەسەر لۆجیکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دا. لەو پێناوەشدا و لەپێناوی ئەوەی كە ئەو زەمینەسازییە سیاسییە لەبارە بهێنرێتە ئاراوە كە ئەم پرسە نیشتیمانیانە بەپێی ڕێككەوتن و گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاسایی، پەیڕەوی و پەرلەمانییەكان، هەنگاوەكانیان بۆ بگیرێتە بەر، لە ڕێكەوتی ٣ ـی ١١ ـی ٢٠٢١ ـەوە، واتە ساڵێک بەر لە کۆتایی ھاتنی وادەی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، کۆبوونەوە و دیداری فراکسێۆنەکان لەسەر ئەو پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن دەستیان پێکرد. پێش ئەم ڕێكەوتەش، خودی کۆمسیۆن بە سێ نوسراوی جودا به نووسراوەكانیان (ژ. 76 له 5 ـی 8 ـی 2019) و (ژ. 62 له 4ـی 8ـی 2021) و (ژ.13 لە 3ـی 3ـی 2022)، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو کە چارەنووسی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی کۆمسیۆن یەکلایی بكەنەوە، بەو پێیەی لە مانگی ١٢ ـی ٢٠١٩ ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران کۆتایی ھاتبوو، سەرباری ئەوەش شوێنی دوو کۆمسیار بە بەتاڵی مابوویەوە. دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن بە داخەوە فراکسێۆنەکان نەگەیشتنە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش. گفتوگۆكانیش كاتی زۆری خایاند، بە جۆرێك كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە وادەی یاسایی خۆیدا زەحمەت و ئەستەم كرد. سەرەنجامیش لەپێناو ڕێگرییكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی، بە ناچاری، بە دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان ژمارە (12)ـی ساڵی 2022، تا ٣١ ی ١٢ ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەر درا. پاساوی یاسایی دەرچوواندنی ئەم یاسایە گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و ئامادەسازییەكان بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەمەش بەڕوونی لە ھۆیەکانی دەرچوانی یاساكەدا، جێگیر كراوە. لە كاتێكدا، هەوڵە فرەلایەنەكان بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازییە هەمەلایەنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بوون، هاوتەریب هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەستی زیاتر و دۆزینەوەی بەهانەی یەك لە دوای یەك بۆ خۆدزینەوە و ملنەدان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمی پرۆسەكە، بەردەوام بوون. كاتێكیش كە گرتنەبەری ڕێكارە پەیڕەوییەكان تەوەری كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ـی ئاسایی لە ڕێكەوتی 22ـی 5ـی 2023ـدا، زیاد كرا، هەر بەگوێرەی بنەما و ڕێكارە پەیڕەوییەكانیش، بڕگەكە جێبەجێ كراو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ، بەگوێرەی بڕیارەیاسای ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنەكە كارا كرایەوە. بەدوای ئەوەشدا ڕێكارە تەواوكارییەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گیرانەبەر. بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (1603) لە ڕێكەوتی 28ـی 5ـی 2023ـدا، دەستبەكار بوون. كە ئێستا بەشێوەیەكی پەیڕەویی و یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كارا كراوەتەوە، لەمپەرێكی سەرەكی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، نەهێڵدراوە. لەپێناو ڕوونتركردنەوەی ڕاستییەكان و دەرخستنی حەقیقەتەكانی پەیوەست ئەم پرسە نیشتیمانییە گرنگە، بەپێویستی دەزانم بەشێك لە ڕاستیی و بەڵگەكانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ ڕای گشتی كوردستان ڕوون بكەمەوە. هەندێك بابەت و وردەكاریی و پیلان بۆ تێكدانی دانیشتنەكە و سەرنەگرتنی ئەم هەوڵە هەن، با بمێنن بۆ كاتی خۆی. هەوڵەكان بۆ لابردنی لەمپەرەكان لە دانیشتنێكی نائاسایی و كردنەوەی وەرزی بەهارەدا لە پێناو ڕەخساندنی ئەو زەمینە سیاسییەی كە پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستییەتی و نزیككردنەوەی بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆبوونەوەی رۆژی ١٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ ـدا ئامادەیی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی (4 بازنەیی)، بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری عێراق بە پێداویستییەکانیەوە و داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بکرێنە بنەما. بەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، مەودای جیاوازی بۆچوونەکان لە سەر ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بە رێژەی ٩٥٪ کەمکرایەوە. سەبارەت بە پێكهاتەكانیش ھەلوێستی فەرمیی پارتی ئەوە بوو کە پێکھاتەکان خۆیان لەگەل "یۆنامی" لەسەر ھەر فۆرمولەیەک رێکبکەون، پارتی پێشوازی لێ دەکات. دوای ئەم هەڵوێست و ھاتنەپێشەی پارتی و نیازپاکیە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسێۆنەکانی بەشدار لە کابینەی نۆیەممان کرد. لە ١٩ ـی ٢ ـی ٢٠٢٣ لە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو کۆبوونەوەیە بەرێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، داوام کرد کە ئێمە پێش ١ ـی ٣ ،کە رۆژی کردنەوەی وەرزی بەھارەیە، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدەین بۆ دوو بابەت: 1- خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەموو ئەو پێشنیازەیاسایانەی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کە پێشتر پێشکەشکراون، واتە پرۆژەکانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری. 2- کۆمسێۆن کارا بکەینەوە و بۆ ئەوەش بە پێی یاسای کۆمسێۆن لێژنەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی شوێنە بەتاڵەکان لەو کۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمان دروست بکەین. داواشمان کرد کە لەم کۆبوونەوە نائاساییەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساكان دەکەین و خەسڵەتی بەپەلەش دەدەینە پێشنیازەکان بۆ ئەوەی دەستوبردیان تێدا بكرێت و لە دانیشتنی ١ ـی ٣ ـدا، دانیشتنی کردنەوەی وەرزی بەھارە، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکەین و پاشان لە دانیشتنی دوای ئەوەدا، ھەم دەنگ بە ھەمواری یاساکە بدەین ھەم دەنگیش بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و هەڵبژاردنی دوو کۆمسیاری نوێ بۆ پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان، بە ئەنجام بگەیەنین. بۆ مێژوو، سەرۆکی پەرلەمان لەگەل ئەوە بوو کە ئاساییە دانیشتنە نائاساییەكە ئەنجام بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان بكرێ، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەم پێشنیازە پەسەند نەكردو داوای كرد كە مۆڵەتی چەند ڕۆژێكیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بچنەوە سلێمانی و لەگەڵ قیادەی خۆیان تاوتوێی بكەن. ئێمە ئەوكات پێمان ڕاگەیاندن كە ئەگەر ئێستاش ئەو دانیشتنە نائاساییە نەكرێت، خۆ دەبێت ئەم دوو بابەتە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەدا هەبن. پاش چەند رۆژێک، سەرۆکی فراکسێۆنی یەکێتی و جێگرەکەی ھاتنەوە لای من و لە نوسینگەی خۆم داوایان کرد کە بۆ دانیشنتی ١ ـی ٣ ئەو دوو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە، چونكە هەوڵێك هەیە كە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی خێرا بكەن و خاڵە هاوبەشەكان كۆنووس بكەن، پاشان ئەو خاڵە هاوبەشانە لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت. من ئیتر لەوەوە تێگەیشتم كە سەرۆکی پەرلەمان "ئۆکەی" حیزبەکەیی لا نییە بۆ ئەوەی نە دانیشتنە نائاساییەكە بكرێت، نە ئەو دوو بابەتە گرنگەش بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەوە، بەڵام دیسان لە پێناوی پێدانی دەرفەتێكی دیكە و هەماهەنگی هاوبەش، ڕەزامەند بووین كە ئەو دوو بابەتە نەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی 1-ـی 3 ـوە. بۆچی تەنانەت لێژنەی یاساییش خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەیاساكان نەكرد؟ لەگەل دەستپێکی وەرزی بەھارەدا، فراکسێۆنی پارتیش پێشنیازەیاسای ھەمواری یاسای ھەلبژاردنی پێشکەش کرد. هاوكات لێژنەی یاساییش، ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 3 ـی 2023 ڕایانگەیاند كە 13ـی 3 كۆبوونەوەی لێژنە دەكرێت بۆ ئەوەی پێشنیازەیاساكانی، كە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتی و پارتی و گۆڕان و کۆمەل و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری، پێشکەشکراون، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی بکەن تا لە نزیکترین دانیشتندا (بڕیار درا بوو كە چوارشەممە 15ـی 3 دانیشتنی پەرلەمان بكرێت) بخرێنە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت. ھەڤالانی یەکێتی، ھەم لە فراکسێۆن ھەم لە لێژنەی یاساییش ڕازی نەبوون نەنانەت لە لێژنەی یاساییش كۆبوونەوە لەبارەی پێشنیازەیاساكانەوە بكرێت. سەرۆکی فراکسێۆنی یەکێتی بە سەرۆکی فراکسێۆنی پارتی وتبوو ئەو دانیشنتەی لیژنەی یاسایی ببێت، کاریگەری لەسەر کۆبوونەوە بڕیارلێدراوەكەی پەرلەمان لە 15ـی 3ـشدا دەبێت. جارێكی دیكە، هەر لە پێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكە و ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیكە بۆ ڕێككەوتنی هاوبەش، ئەو كۆبوونەوەیەی لێژنەی یاساییش ئەنجام نەدرا. گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان له دانیشتنی ژماره (2)ـی ئاسایی خۆی لهڕێكهوتی 15ـی3ـی2023ـدا به بڕیاری ژماره (8)، لیژنهیەكی پهرلهمانیی لە 5 كەس پێكهێنا، كە تایبهت بوو بە وهرگرتنی ناو و سیڤی كاندیدان بۆ پڕكردنەوەی دوو پۆستە بەتاڵەكەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران. بەدوای ئەوەشدا جەنابی سەرۆكی هەرێم (كاك نێچیرڤان بارزانی) لە 26ـی 3ـدا به فهرمانی ههرێمی ژماره 90 بە ئەركی یاسایی خۆی هەستا و 18ـی 11ـی 2023 ـی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد. دوابەدوای ئەوەش جەنابی سهرۆكی حكوومهتی ههرێم (كاك مەسروور بارزانی)ـیش بهفهرمانی ژماره (1472) له 16ـی4ـی2023 ـدا ئامادهیی حكوومهتی بۆ دابینكردنی سهرجهم پێداوویستیهكانی كۆمسیۆن بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردنهكان دهربڕی. هەموو ئەمانە لە كاتێكدا بوون كە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵ لەمەڕ تانەكانی كە لە یاسای ژمارە (12)، یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان درابوون، بەڕێوە دەچوون. ئەمەش پێویستی دەكرد كە پەرلەمانی كوردستانیش بە ئەركی یاسایی و مێژوویی خۆی هەستێت و هەنگاوەكانی خۆی چڕ بكاتەوە و ئامادەكاریی بۆ ئەگەر و سیناریۆكانی لەمەڕ بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدڕاڵی ئامادە بكات. بەڵام بەداخەوە ڕێگریی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا. چەندین جاری دیکە داوامان کردەوە کە دانیشتنی پەرلەمان بکرێ و بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بکەین و دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دووەم بکەین و لە دانیشتنی دەنگدان بۆ ھەمواری یاسا، دەنگ بە کاراکردنەوەی کۆمسێۆن بدەین، بەلام بەداخەوە نە سەرۆکی پەرلەمان و نە فراکسێۆنی یەکێتی دوا بریار و ئۆکەی حیزبەکەیان لا نەبوو، بۆیە نەدەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت. ئەمە لە كاتێكدا، كە پێشتر و لە کاتی چوونمان بۆ سلێمانی لە ٢٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ و کۆبوونەوەمان لەگەل شاندی یەکێتی، لە ناو کۆبوونەوە چەندین جار تکا و ڕجام لە برایانی یەکێتی کرد رێگە بە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ھەموارەکان کە پرۆژەی خۆتانە و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن وەک خۆی کە رێککەوتنی ھەموو فراکسێۆنەکانە جێبەجێ بکرێ، بە داخەوە ھیچ بە پیرەوە ھاتنێکمان لێ نەبیبینین. دوای ئەوەی دادگای فیدرال دانیشنتنی بڕیاردانی لەبارەی یاسای ژمارە (12)ـیەوە بۆ ٣ ـی ٥ ـی 2023 دوا خست، چەند جارێکی دیکە داوامان کرد کە سود لەم دەرفەت پێدانە وەربگرین و ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەی یەکەم بکرێ و کۆمسێۆن کارا بێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدراڵێش بسەلمێنین کە بەردەوامی خوولی پەرلەمان بۆ ئەم ھەنگاونانە یاساییانەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێویستیەتی. بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێکی پۆزەتیڤمان لە برایانی یەکێتی، نە لەناو پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمان، وەرنەگرت. سوودوەرنەگرتن لە دەرفەت و دەستپێشخەری و بەڵێنەكان لەم سەرووبەندانەدا، بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بوون و لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتبوون. داوامان کرد ئەو خاڵانەی رێککەونتیان لەسەر کراوە بکرێنە بنەما بۆ ھەموارەکان و با لە پەرلەمان کاریان لە سەر بکرێ، بەڵام دیسان رێگە بە تیمی یەکێتی لەپەرلەمان نەدرا ھەنگاو بنێن. دوای دەستپێخەرییەكەی (سەرۆک بارزانی) کە لە مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتیمانی بارزانی"ـدا لە 11ـی 5ـی 2023ـدا، وەکو شاندی مەکتەب سیاسی پارتی رۆژی چوارشەمە ١٧ ـی ٥ چووینەوە سلێمانی. لەگەڵ دەستپێكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسییدا، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (كاك بافڵ تاڵەبانی)، لوتفی كردو پاش بەخێرهاتن، ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەگەر بابەتێكی پێویست هەبوو، پەیوەندیم پێوە بكەن. بۆیە لەو کۆبوونەوەكەدا بە شاھێدی ھەردوو شاند سێ جار تکاو ڕەجام لە برادەرانی یەكێتی كرد كە ڕێگە بە (د. رێواز) و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن کە پەرلەمان بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆن، وەك خۆی، و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دانیشتنێك ئەنجام بدات. لەم پێناوەشدا هەر گەرەنتیەكی یاسایی و سیاسییان بۆ دڵنیایی خۆیان دەوێت، ئامادەین، بە جۆرێك با سەرەتا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێین كە تا یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكرێتەوە، كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێك ناهاوژێت. تەنانەت پێشمان وتن خۆ ئەگەر كۆمسیۆن كاراش بكرێتەوە پارتی زۆرینەی تێدا نییە و بێ لایەنەكانی دیكە ناتوانێت هەنگاو بنێت. سەرەنجام لەسەر ئەوە رێککەوتین شاندی ھەڵبژاردن و فراکسیۆن بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونی من و (د. رێواز) کۆببنەوەو ھەوڵی نزیک بوونەوە بدەین و را ھاوبەشەکان بۆ کۆبوونەوەی دواتری مەکتەب سیاسی ھەردوولا بھێنینەوە. ھەمان رۆژی کۆبوونەوەمان لە سلێمانی، دوای نانخواردن داوام لە کاک (د. خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی شاندی یەکێتی کرد لەگەل (کاک بافڵ) قسە بکات بەوپێیەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دیار نییە چۆن و بە چی ئاڕاستەیەك دەبێت. بۆیە ئێمە دەبێت ئامادەسازیی خۆمان بكەین و پێش بڕیاری دادگا، هەرچۆنێك بووە، ئێمە كۆمسیۆنی خۆمان كارا بكەینەوە. پاش گەڕانەوەمان، بەڕێز (كاك بافڵ) پەیوەندی پێوەكردین و داوای ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەی لێكردین كە لەگەڵ (كاك د. خەسرەو) قسەمان لەسەر كردبوو. منیش بابەتەكانم بۆ بەڕێزیان ڕوونتر كردەوەو داواشم لێكرد كە ئەو دەرفەت و كاتەی لەبەردەستماون بقۆزینەوە و سوود لە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وەربگرین. هەروەك بە بەڕێزیشیانم وت ئێمە سبەی، هەینی ۱9 ـی ٥، لە پەرلەمان کۆ دەبینەوە ئەگەر ڕێنمایی تیمی یەكێتی بكرێ ڕێك بكەوین، لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆمسیۆن كارا بكەینەوەو خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاساكانی پێشكەشكراو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین. بەڕێزیشیان وتی "ئێمەش هاوكار دەبین"! بەڵام لە کۆبوونەوەكەی رۆژی هەیینیدا لە پەرلەمان هیچ شتیکی نوێ لە هەڵویستی شاندی یەکێتیدا نەبینرا. لەسەر كاغەزێك سێ پرسیارم نووسی و دامە دەست بەڕێز (د.ریواز)و داوام لێکرد لەگەڵ قیادەی خۆیاندا لە سلێمانی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە بكات. پرسیارەکانیش ئەمانە بوون: - ئایا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی پێکەوە دەبین یان نا؟ - ڕێگە دەدەن کۆمسیۆن کارا بکەینەوە ؟ - چ زەمانەتیکی یاسایی و سیاسیتان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەوێ؟ رۆژی شەممە 20 ـی ٥ ـی 2023، برایانی یەکێتی چەند کۆبوونەوەیەکی کارگێڕییان هەبوو. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا بەڕێز (د. ڕێواز)ـیش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشدار بوو بوو، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارانە بەدەست نەهاتن و هیچ شتێكی نوێش نەهاتنە پێش. رۆژی یەکشەمە۲۱ ـی ٥ ـی 2023، شاندی مەکتەب سیاسی یەکێتی هاتنە پیرمام و لەگەل شاندی پارتیدا كۆبوونەوە. بە شاهێدی هەردوو شاند جارێكی دیكەش سێ جار تكاو ڕجام لێكردنەوە كە ڕێگە بە سەرۆكی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی بابەتی كۆمسیۆن بخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی یەكێتیش هاوكار بێت. تەنانەت کاک (مەحمود محەممەد) سەرۆکی شاندی پارتی، پێی وتن فەرموون با سبەی بابەتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دانانی هەردوو وەزیرەکەتان و گۆڕانکاریەکانی ئێمەش بخەینە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەپیرەوەهاتنێكمان بۆ ئەم تەرح و پێشنیازانە لێ نەبینین! تەنانەت هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، پێمان وتن لەپێناوی یەكلاییكردنەوەی بابەتی پێكهاتەكانیش، با یەكێتی و پێكهاتەكان لەگەڵ "یۆنامی" بەبێ پارتی كۆ ببنەوەو بگەنە ڕێگەچارەیەك. لەو كۆبوونەوەیەدا هەر ڕێككەوتنێك بكرێ لەوبارەیەوە، پارتی پشتیوان دەبێت و پەسەندی دەكات، بەڵام دیسان گەرموگوڕییەكیش بۆ ئەم پێشنیازە بەدی نەكرا. هەموو ئەمانەش لەكاتێكدا بوو كە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان ژمارە (4)ـی ئاسایی لە 22ـی 5ـدا ڕاگەیەندرا بوو. ئیتر دەبوا چاوەڕێی چی بین؟ كە هیچ بەپیرەوەهاتنێك بۆ پێشنیازە یەك لەدوای یەكەكان نەبوو. تكاوڕجاكانی ئێمەش سوودێكیان نەبوو. بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران، نەدەزانرا چاوەڕێی چی بین و تاكەی چاوەڕێ بین. بۆیە لەپێناوی لابردنی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چیتر بەفیڕۆنەدانی ئەو كاتە كەممەی كە لە بەردەستدا ماوە. هەروەها ئەو لێژنە پەرلەمانییەی كە بۆ وەرگرتنی "سی ڤی" بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دوو كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن پێكهێنرابوو، سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردبوو، یادداشتیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردبووەوە. بۆیە فراكسیۆنی پارتی به پشتبهستن بە دەقی ڕوون و زەلالی برگهی چوارهمی ماددهی (48)ـی پهیرهوی ناوخۆ، 24 كاتژمێر بەرلە وادەی دانیشتنەكەی ڕۆژی 22ـی 5 داواكارییەكی بۆ زیادكردنی بڕگهیهك بۆ بهرنامهی كاری دانیشتنەكە پێشكەش كردبوو، بهمهبهستی كاراكردنهوهی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی ههرێم و پڕكردنهوهی بۆشایی دوو كۆمسیارهكهی. ئهم ههنگاوه یاساییهش مافێكی یاسایی و پهیرهویی بێچەندوچوونی هەر سەرۆكی فراكسیۆنێك، یان نوێنەری پێكهاتەیەك یان 10 ئەندامی پەرلەمانە كە پێشكەشی بكەن. پەیڕەو تەنها قەیدی 24 كاتژمێری بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ زیادكردنی خاڵێك لە بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو، داناوە. كاتێكیش داواكارییەكە لەو ماوە یاساییەدا پێشكەش كرا، ئیتر بهپێی حوكمهكانی بڕگهی یهكهم له ماددهی (16) و بڕگهی یهكهمی ماددهی (47) پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانیش، بەرپرسیارێتی یاسایی دهخاته ئهستۆی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان تا ههمواری بهرنامهی كاری ڕاگهیهندراو بكهن و ئهو بڕگهیهی كه داواكراوه بۆی زیاد بكهن. هەمان رۆژ من و بەڕێز سکرتێری پەرلەمان چووینە لای بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و داوامان کرد کە بە ئەركی یاسایی خۆمان هەستین و ئەو خاڵە بۆ بەرنامەی کار زیاد بکەین. بەڵام بەڕێزیان ئامادە نەبوو كە بەرنامەی كاری هەمواركراو ئیمزا بكات و وتیشی "لەگەڵی نیم و لەگەڵیشی نابم، سبەی خاڵی یەكەم و دووەم جێبەجێ دەكەم و بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەوێ نابم." ! پێمان وت کە هیچ کات بە دەستەوە نەماوە و ڕێککەوتنی هەموو لا هەیە كە کۆمسیۆن وەک خۆی کارا بكرێتەوە و لێژنەكەش كاری خۆی بە ئەنجام گەیاندووە. بۆیە تكایە با ئەم پرسە یەكلایی بكەینەوە و ڕۆژی سێشەممەش دانیشتنێكی دیكە بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازەیاساكانی پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەسڵەتی بەپەلەیان بدرێتێ، بەڵام دیار بوو هیچی لە حزبەكەیەوە پێ نەوترابوو. بۆیە بەرنامەی كاری واژۆ نەكرد و بەپێی پەیرەوی ناوخۆش، بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كار ئیمزا كرا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەكە زیاد كرا. ئیوارەی رۆژی یەکشەمە ۲۱ ـی ٥ ، بەریز کاک (عیماد ئەحمەد) سەرۆکی شاندی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم داوای کرد کە دانیشتنی سبەی دوابخەین. پێم وت: " ئێمە ڕازین و فەرموو بە بەریز د.ڕێواز بڵێن با ئیعلانی دانیشتن بۆ سێشەمە یان چوارشەمە بکات و بەرنامەی کاریش کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەکانی یەکێتی و ئاڵوگۆڕەکانی ئێمەش بێت لە ناو پەرلەماندا." رۆژی دووشەمە ۲۲ ـی ٥ كاتژمێر 8 و 51 دەقیقەی بەیانی نامەیەكی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان ناردو داوام لێكرد با دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دوا بخەین، بەمەرجێك بەڕێزیان هەر هەمان كات دانیشتنێكی دیكە ڕابگەیەنێت بۆ سبەینێ (واتە سێشەممە 23ـی 5) وە بەرنامەی كار هەمان ئەو خاڵانە بن كە لەگەڵ (كاك عیماد) باسمان كردبوو. لە هەمان كاتیشدا بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نامەیەكی دەنگی بۆ بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ناردو هەمان داوای لێكردبوو. بەڵام بە داخەوە، نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وەڵامێكی ئەرێنیان بۆ ئەم پێشنیازە پێ نەدرایەوە. کە چووینە دانیشتنەکەش، پێش دەستپێک، دیسان پرسیارم لە بەرێز سەرۆکی پەرلەمان کرد كە ئایا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئێمە هەیە، وتیان: "نەخێر"! بۆیە كاتێك دانیشتنەكە دەستی پێكرد، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و لێكدانەوەی نادروست بۆ دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دواخستنی دانیشتنەكەی ڕاگەیاند. لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك دانیشتنی ڕاگەیەندراو كە نیسابی یاسایی دەستەبەر بێت، پێش جێبەجێكردنی بڕگەكانی و تەواوكردنیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نییە. بەڵكو لەكاتی دانیشتنەكاندا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە دانیشتنێكی یاسایی و پەیڕەوی بەجێهێشت بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19) ئەركی بەرێوەبردنی دانیشتنەكە دەكەوێتە ئەستۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. بە تایبەتیش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەدەنگدان، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوون. بۆیە ئێمە بە ئەركی یاسایی و پەیڕەوی خۆمان هەستاین و دانیشتنەكەمان بەڕێوە برد. وێڕای هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی یەكێتی بۆ ڕاوەستاندنی دانیشتنەكە، بەڵام بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (48)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خاڵی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هێنرایە خاڵی یەكەمی دانیشتنەكە و پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی 58 پەرلەمانتاری ئامادەبوو (45 ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، 2 ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوە، 1 ئەندام فراكسیۆنی سەردەم و 10 ئەندام لە پێكهاتەكان)، بڕگەكە پەسەند كراو بەپێی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، كارا كرایەوە و دوو كۆمسیاری نوێشی بۆ هەڵبژێردرا. پاش ئەوەش لەبەر ئەوەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت. ئەمەش بە حوكمی پەیڕەوە و پێویستی بەهیچ جۆرە تەفویز و بریكارییەك نییە. هەربۆیە، بەپێی سرووشتی بڕیارەكە و گرنگی ناوەڕۆكەكەی بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە بۆ لایەنە پەیوەنددارەكان نێردرا بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی. سەرەنجامیش بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون. دەرەنجام ئەوەی كراوە، وێڕای گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنێكی فرەلایەنەی سیاسی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووە كە لە 11ـی 3ـی 2023ـدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەنجام دراوە كە تایبەتە بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن وەك خۆی و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی. كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بابەتێكی خیلافی نێوان لایەنەكان نەبووە. بەڵكو ئەگەر لە پێشتردا پارتی بەپێی ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، داوای دەكرد كە بەرمەبنای هەڵبژاردنەكانی 2018ـی كوردستان و 2021ـی عێراق كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە و كارا بكرێتەوە. چونكە لە كاتێكدا پارتی لە پێكهاتەكەی ئێستادا لە كۆی 9 كۆمسیار، سێكۆمسیاری هەیە، ئەوا بەپێی ئیستیحقاقی ئەو دوو هەڵبژاردنە كۆمسیارەكانی دەبوون بە چوار. بەڵام لە پێناو لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و ڕەخساندنی زەمینەی لەباری هەمەلایەنە بۆی و گەیشتن بە ڕێككەوتنی نیشتیمانی، دەستبەرداری ئەم مافەی خۆیشی بوو. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بابەتێكی خیلافی نەبووبێت، بۆچی هەوڵی لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاراكردنەوەیدا درا، بۆچی هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی ئەو دانیشتنەی درا كە كۆمسیۆنی تێدا كارا كرایەوە ؟ ئێستاش جەخت دەكەینەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی یەكەمی پیادەكردنی دیموكراسی و دەستاودەست پێكردنی دەسەڵاتە و مافێكی بنچینەیی گەلی كوردستان و هاووڵاتیانیەتی. مافێكی حزبی و تایبەت نییە تا بكرێتە كەرەستەی دانوستاندن و ڕێگرییلێكردن. بۆیە داوا دەكەین كە پێكەوە پەلە بكەین لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو لەسەر بنەمای چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و بە بنەماكردنی داتاكانی وەزارەتەكانی بارزگانی و پلاندانانی عێراق. ئەمەش لە پێناوی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 18ـی 11ـی 2023ـدا. كەواتە، لە ئێستادا كە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، بەگرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، كارا كراوەتەوە، هەر ڕێگریی و لەمپەردروستكردنێك لەبەردەم كارەكانیدا، لە هەرلایەكەوە بێت، بە پاڵنەری سیاسییە و ئامانجیش لێیان ڕاگرتن و خاوكردنەوەی هەنگاوەكانە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.
درەو: ئامادەکردنی: رێکخراوی ستۆپ/ به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکی (NED) لەكۆی (32) دەروازەی سنوری هەرێمی كوردستان تەنیا (6) دەروازەیان بەفەرمی لەلایەن بەغداوە ناسێندراون، (13) كۆمپانیا لە دەروازە سنورییەكان كار دەكەن، (8) هێزی جیاواز خاڵە سنوریەكان دەپارێزن، 20% ئەو بارانەی دێنە هەرێمی كوردستان لێخۆشبونیان بۆ دەكریت، 80%ی ئەو كاڵایانەی هاوردەی هەرێم دەكرێن، هەموو پشكنینە پێویستەكانیان بۆ ناكرێت. • لە هەرێمی كوردستان (32) دەروازەی سنوری هەیە (6) دەروازەیان بەفەرمی لەلایەن هەرێمی و بەغداوە ناسێندراوە، (20) دەروازەیان لەلایەن حكومەتی و هەرێم و بەغداوە نەناسێندراوەو (6) دەروازەی تریان تەنیا لەلایەن هەرێمەوە ناسێندراوەو لەلایەن عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراوە. • قەبارەی ئالوگۆڕی بارزگانی لە نێوان هەرێم و توركیا و ئێران (16 ملیار دۆلار) بووە، لەو رێژەیە 48% لە رێگای توركیا بووە، 18%یش لە رێگای ئێران بووە، ئەوی تریش لەگەڵ وڵاتانی دیكە بووە. • داهاتی گومرگی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022؛ مانگانە (140 ملیار) دیناری ساڵەكە دەكاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار، لە كۆی (4,800,000,000,000) دینار كە داهاتی نانەوتی ساڵێكی حكومەتی هەرێم. • لە یاسای بودجەی عێراق داهاتی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان. بە (١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) بۆ ساڵێك خەمڵێندراوە، واتا داهاتی خاڵە سنوریەكان بەنزیكەیی 35%ی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. • (13) كۆمپانیا لە بوارە جیاجیاكان بەشدارن لە بەرێوەبردنی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان، سەرجەمی ئەو گرێبەستانەش بەبێ كێبركێ بوە، بە رێژەی 25%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجی كۆمپانیاكان دەچێتر. • بەرێژەی 20%ی ئەو بارانەی دێنە هەرێمی كوردستان لێخۆشبونیان بۆ دەكریت، • بۆ پاراستنی دەروازە گومرگیەكانی هەرێمی كوردستان، 8 هێزی جیاوازی ئەمنی و سەربازی لە ئەركدان. • 80%ی ئەو بەرهەم و كاڵایانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەموو پشكنینە پێویستەكانیان بۆ ناكرێت، دەقی راپۆرتەكە کێشەی دەروازە سنورییەکان لێکەوتی لەسەر ئابوری و داهاتی هەرێمی کوردستان ئامادەکردنى: رێکخراوى ستۆپ/ به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکى (NED) ناوی راپۆرت: کێشەی دەروازە سنورییەکان لێکەوتی لەسەر ئابوری و داهاتی هەرێمی کوردستان نوسین و ئامادەکردنی: رێکخراوى ستۆپ ساڵی چاپ: ئایارى ٢٠٢٣ شوێنی چاپ: چاپخانەی کامبریدج – هەولێر بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ زنجیرەی (٣٦) ساڵی ٢٠٢٣ ستافی جێبەجێ کردنی پرۆژە بەڕێوەبەری پڕۆژە رێکخەرى راپۆرت لیژنەی هەماهەنگی ئاری عەبدوڵڵا فەرمان رەشاد خەتاب عەزیز هەژار سەلیم عبدالبارى ساڵح پڕۆژەى: بەهێزکردنى لێپرسینەوە و دەسەڵاتى یاسا له ههرێمی کوردستان Project: to Promote Accountability and Rule of Law in Kurdistan Region پرۆژەیهکی رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدانە، کە به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکى (NED) جێبهجێی دهکات، له تهموزی ساڵی 2015 دهستی پێکردوه، لەم وەرزەدا لە ئۆکتۆبەرى ٢٠٢١ تا سێپتێمبەرى ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت. پرۆژەکە لەسەر دوو ئاست کارى کردووە، چاودێری کارنامەى کابینەى نۆیەمى بۆ هێلە گشتیەکانى چاکسازى، ئاستى دووەم تایبەتە بە کارکردن دەربارەى بودجەى لە هەرێمى کوردستان. رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان SOMD-: رێکخراوێکی کوردستانیە بەگوێرەی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١ لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان تۆمارکراوە، رێکخراوی ستۆپ لەبواری بەدامەزراوەیی کردن و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی بواری لێپرسینەوە و شەفافیەت لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، لەرێگای پاڵپشتی بۆ بەهێزکردنی دامودەزگاکانی تایبەت بە چاودێری و لێپرسینەوە و نەهێشتنی گەندەڵی و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵیان، هاوکات چاودێریکردن و بەشداری کردن لە فشارە مەدەنیەکان و جێبەجێ کردنی پرۆژەی درێژخایەن لەو بوارە. ئۆفیسی سەرەکی رێکخراو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە. سندوقی نیشتمانی ئەمریکی بۆ دیموکراسی - NED: دامەزراوەیەکى تایبەتی قازانج نەویستە (نابازرگانی)یە کە لەساڵی١٩٨٣ دامەزراوە بە ئامانجی گەشەکردن و زیاتر بەهێزکردنی دیموکراسی لەسەرانسەری جیهان. بەشێوەیەکی سەرەکی لە لایەن کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شایستە دارایەکان لە بودجەی وەڵات بۆ دابین دەکرێت. ئەم دامەزراوەیە ساڵانە زیاتر بە (١٢٠٠) بەخشین لە (٩٠) وڵاتی جیاواز پاڵپشتی لەو پرۆژانە دەکات کە لایەن ئەو رێکخراو و گروپ ناحوکومییە - سەربەخۆکان پێشەکەش دەکرێن کە ئامانج و کارکردنی بڵاوکردنەوەی و چەسپاندنی دیموکراسییە. دەزگاکە لەلایەن ئەنجوومەنێک بەرێوەدەبرێت کە کەسایەتی ناودار و پسپۆر و شارەزای چەندین بواری جیاوازی تێدایە کە سەربەخۆن لە بریاردان. ١. پێشەكی هەرێمى کودرستان لەگەڵ دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكومەت، دەروازە گومرگییەكان، شادەماری ئابوری كوردستان بوونە، رۆڵێكی كاریگەریان لە دابینكردنی سەرچاوەی داهات هەبووە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە كێشە لە شێوازی بەرێوەردنیان هەبوە، بەتایبەت دوای دابەش بونی كوردستان بەسەر دوو زۆن. سەرەڕای یەكخستنەوەی ئیدارەكانی كوردستان، بەڵام تا ئێستاش دەروازەكان، بە دوو شێوازی جیاواز بەڕێوەدەرێن، كاریگەری دابەشبونە سیاسیەكان بەسەریاندا رەنگی داوەتەوە، بەرپرسانی باڵای حكومەتیش ئەو راستیەیان نەشاردۆتەوە. ئەم راپۆرتە كە لەلایەن تیمێكی 5 كەسی لە رێكخراوەكەمان ئامادەكراوە، دەرەنجامی 6 مانگ لە بەدواداچون و ئەنجامدانی دیدار و گفتوگۆی كراوەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان، تیایدا لەسەر كێشەكانی دەروازە گومرگییەكان لە چەند ئاستێك وەستاوین، لەوانە: چوارچێوەی یاسایی كاری دەروازە گومرگییەكان. كێشەكانی داهات و بەهەدەردان. كاریگەری رێکارى دەروازەکان لەسەر بەرهەمی نیشتیمانی. سەلامەتی خۆراك و بەرهەمە هاوردەكان. هاوكات لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ رێكخستنەوە و بەهێزكردنەوەی ئەم دەروازانە و بەربەستەكانی بەردەم ئەو هەوڵانە. هەریەكێك لەو كێشانەی كە هەن پەیوەندیدارن بە یەكەوە، چارەسەركردنی پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و جێبەجێكردنی بنەماكانی حكومڕانی باش هەیە، هیوادارین ئەو دەرەنجام و راسپاردانەی لەم راپۆرتە هەن، بكرێنە بەشێك لە هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو دەروازانە. ٢.١ بەربەستەكانی بەردەم ڕاپۆرت: گرفتەکانى دەستگەیشتن بە زانیارى و جێبەجێ کردنى یاساى مافى دەستکەوتنى زانیارى: كاركردن لەسەر راپۆرتێكی لەو شێوەیە پێویستی بە داتا و زانیاری ورد هەیە، تیمی ئامادەكردنی راپۆرت، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیانداوە لە زۆرترین سەرچاوەی جیاواز زانیاریەكان كۆبكەنەوە، بە گشتی زیاتر لە 25 سەرچاوە بەكارهێنراوە، بەڵام نەگەیشتن بە زانیاری پشتڕاستكراوە، یەكێك بوە لە گەورەترین كێشەكان، بەهۆی ئەم هۆكارانەی خوارەوەیە: یەكەم: لاوازی كۆكردنەوە و رێكخستنی زانیاری لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان، لە پاڵ ئەوەشدا شاردنەوەی لە هاوڵاتیان و میدیا و رێكخراو و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دیكە. دووەم: جێبەجێ نەكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری ژمارە 11ی ساڵی 2013، ئەو یاسایە پشتیوانیەكی راستەوخۆی شەفافییەت و پێدانی زانیارییە بە گوێرەی یاسا و ناچاركردن دامەزراوەكان بەم ئەركە، بەڵام دەرنەكردنی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە، كراوەتە پاساوی جێبەجێ نەكردنی، بۆیە لێرە جارێكیتر داوا لە حكومەت دەكەین، وەك چۆن پرسی شەفافییەتی كردۆتە یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەكەی، پێویستە یاساكە بخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە. سێیەم: نەبونی یاسای بودجە، حکومەتى هەرێمی كوردستان ماوەی 10 ساڵە بودجەی گشتی نیە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ناڕوونی لە داهات و خەرجییەكانی، هەبونی یاسای بودجە، هاوكار دەبێت، بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیان ئاگاداری داتا و زانیاریەكانی بواری داهات و خەرجیەكان بێت. سەرەڕای ئەم بەربەستانەش، تیمی ئامادەكردنی راپۆرت هەوڵیداوە زۆرترین دیقەت لە راپۆرتەكە هەبێت، هیچ زانیارییەك بەبێ بەدواداچون نەخرێتە ناو راپۆرتەكە. هیوادارین لە داهاتوو ئەم بەربەستانەی سەرەوە نەمێنێت، بۆ ئەوەی رێكخراوەكان و میدیا و دامەزراوەكانی دیكە، بگەنە زانیاری پشتراستكراوە، بۆ ئەوەی بتوانن شیكاری تەواوەتی و پێشنیاری گونجاو بۆ باشتركردنی سیاسەتە گشتیەكانی حكومەت بكەن. ٣.١ دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان لەکارنامەی کابینەی نۆیەم کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبەرواری (١٥/٧/٢٠١٩) یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامداوە، پرسی ریفۆرمی دارایی وەک یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی خۆی پەسەند کرد، لەچوارچێوەی (٥٢) خاڵی هێلە گشتیەکانى کارنامەکەیدا لە (١٣) خاڵدا باسی هێلە گشتیەکانی چاکسازی کردووە، کە لە ٢ خاڵدا باسى لە داهاتى ناوخۆ کردووە. یەکێک لە ئامانجەکانی لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، چەسپاندنی شەفافیەت لە داهاتى ناوخۆ و داپەرەوەرى لە وەرگرتنى باج کە بەوشێوەى خوارەوەیە: خاڵى شەشەمى هێلى گشتى چاکسازى بەوشێوە هاتوو، "کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار." خاڵى هەشتەمى هێلى گشتى چاکسازى هاتوو، "چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێکخستنی باج". بەلەبەرچاوگرتنی ئەم دوو خاڵە، لەم راپۆرتەدا هەوڵدراوە لێکۆلینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی چاکسازیی کردن لە داهاتە گشتیەکان بەتایبەت پرسی دەروازە سنورییەکان لە هەرێمى کوردستان بکرێت. ٢. چوارچێوەی یاسایی دەروازە سنورییەكان لەسەردەمی رژێمی پێشوو، بەگوێرەی هەردوو یاسای پێناسی گومرگی ژمارە (77)ی ساڵی (1955) و یاسای گومرگەكان ژمارە (23)ی ساڵی (1984) كاروباری دەروازە سنورییەكان رێكخرابوون، دوای ڕوخانی رژێمی بەعسیش، بەتایبەت لە ساڵی (2010) یاسای بەژمارە (22)ى تعریفەی گومرگی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، لە ساڵی (2016) یاساى ژمارە (30)ى یاسای دەستەی دەروازە سنورییەكان دەرچوێندرا، ئەو دوو یاسایە لە ژێر رۆشنایی دەستوری عێراق كە لە مادەی (114) تایبەتمەندی هاوبەشی لە بەرێوەبردن بۆ دەروازە سنوریەكان لە نێوان هەرێمەكان و ناوەند چەسپاندوە. ١.٢ رێکارەکانى حكومەتی هەرێمی كوردستان: بەپێی یاسای دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (2)ی ساڵی (2008)، هەروەها مادەی 10 لە یاسای وەزارەتی دارایی ژمارە (2)ی ساڵی 2010 دەروازە سنوریەكانی بەڕێوەدەبات. هەروەها بەپێی بریاری ژمارە(11)ی پەرلەمانی كوردستان لە سالی 1992 هەموو ئەو یاسانەی تا (31/10/1991) لەسەردەمی رژێمی ئەوسای عێراق دەرچون جێبەجیدەكرێن، ئەگەر لەپەرلەمانیشەوە جێبەجێكاریان بۆ نەكرێت. هەروەها بەپێی رای پەرلەمان و ئەنجومەنی شوراش ئەو یاسایانەی لە دوای (2005) دەرچون كە خەسڵەتی یەكگرتویان هەیە بەهەمان شێوە جێبەجێكراو دەبن. بەڵام ئەو پرس و بابەتانەی رێگەپیدانی هاوبەشیان هەیە یاخود زیاتر تایبەتن بە هەرێم ئەوە پێویستە لە پەرمان جێبەجێكردنی بۆ بكرێت. ٣. دەروازە سنورییەکان دواوبەدواى راپەڕینى بەهارى ١٩٩١ و پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەروازە سنورییەکان لە هەرێمى کوردستان یەکێک بووە لە پرسە گەرمەکان، کێشەیەک کە لە نێوان هێزەکان یەکلایی نەکرایەوە و بوو بەهۆکارێکى شەڕى ناوەخۆش. تاوەکو ئێستا گرفتى دەروازە سنورییەکان بەهەڵپەسردراوى ماوەتەوە و چارسەرى ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە. مانەوەى ئەو کێشەیەش کاریگەریى و لێکەوتەى خراپی بەسەر ئابوورى هەرێمى کوردستان هەبووە و دەبێت. لەو بەشەدا گرفتى دەروازە سنورییەکان دەخەینە بەرباس. ١.٣ زانیارى دەربارەى دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان ئێستا حكومەتی ناوەندیی عێراق، خاوەنی (14) دەروازەی سنوریی نێودەوڵەتییە، لە بەرامبەردا هەرێم خاوەنی (11) دەروازەی سنورییە لەگەڵ كێلێ كە لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە دەبنە (12) وەک لە راپۆرتی دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق دا هاتوە لە هەرێم (6) دەروازە دانیانپێدانراوە و بەرەسمی ناسێنراون، ئەوانى تر بەرەسمى نەناسێنراون. دەستەى بەرێوەبردنی دەروازە سنورییەكان: بەپێی یاسای دەروازە سنورییەكانی عێراق، دەستەى بەرێوەبردنی دەروازە سنورییەكان پێكهاتووە، نوێنەری ئەو پارێزگایانەی تێدایە كە دەروازەی سنوریان هەیە، بەڵام تائێستا نوێنەری شارەکانى هەولێر، دهۆك و سلێمانی لەو دەستانە نییە، ئەوە جگە لەوەی بەگوێرەی یاساكە نوێنەری چەندین دامەزراوە و وەزارەتی دیكە هەیە، بەڵام هیچ نوێنەرێكی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لیژنەكە نیە. خشتەى ناوى دەروازە فەرمییەکان لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوکات لە هەرێمى کوردستان چەندین دەروازەى دیکە نە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى نە لایەن حکومەتى هەرێم بەفەرمى نەناسێنراون، لە خشتەى خوارەوە خراوەتەڕوو: خشتەى ناوى ئەو دەروازانەى کە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و هەرێم بەفەرمى نەناسێنراون لەلایەکى دیکەدا، (٦) دەروازەى سنوری کە لەلایەن حکومەتى هەرێم بەفەرمى ناسێنراون، هێشتا لەلایەن حکومەتى فیدراڵى نەناسێنراون، بەڵکو لە ژێر لێکۆلینەوەن، لە خشتەى خوارەوە روونکراونەتەوە: خشتەى دەروازەى سنوورى نافەرمى لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و بەفەرمى ناسێنراو لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان واتە بە کۆى گشتى ژمارەى دەروازە سنورییەکان لە هەرێمى کوردستان بەوشێوەى خوارەوەیە: ژمارەی دەروازە سنورییەكان لە هەرێمی كوردستان ٢.٣ گرفتەکانى کارى دەروازە سنورییەکان لە خوارەوە بەشێک لە کێشە بنەڕەتیەکانى دەروازە سنورییەکان دیارى کراوە، کە لە هەرێمى کوردستان زۆرترین قسە هەڵدەگرێت و پێویستى بەپێداچوونەوەى جدى هەیە. گرفتى قاچاغچیێتی و یەکلایی نەکردنەوەى دەروازە لاوەکیەکان. خراپی سیستەم و نەبونی رێنمایی و سیستەمی ئەلكترۆنی یەكگرتووى سەرتاسەرى. یەکلایی نەکردنەوەى پرسی لیخۆشبوون. بە تایبەتکردنى کارى دەروازەکان بۆ كۆمپانیاکان لەبەرامبەر کەرتى گشتی. مامەڵەى دوو زۆنی لەگەڵ دەروازە سنورییەکان. نەبونی هەماهەنگی نێوان وەزارەتەكان و دەروازە سنورییەکان. نەبونی پسولە و فۆرمی یەكگرتوو بۆ مامەڵەى دەروازەکان. کێشەى كوالیتی كۆنترۆل و گرێبەستەكان. نەبونی ئامێری پشكینەری سۆنەر پێویست و باش . نەبونی بانك و سیستەمی کارى بانكی. پێناسەى گومرگى. كەمی ژمارەی كارمەندانی دەروازە سنورییەکان. پۆلێننەكردن و تبویب نەكردنی كاڵاکان. ٣.٣ دیاردەى قاچاخچیەتى لەئەنجامی بەدواداچون بۆ دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەیەکی قاچاخ و گەندەڵیە و داهاتەکەی ناشەفافە، دەستەی دەروازە سنوریەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات دەروازە سنوریەکانی هەرێم لەژێر هیچ چاودێری و کۆنترۆڵێکی عێراقدا نین و پابەندی بڕیاری ژمارە (١٣ی ساڵی ٢٠١٩)ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ نابن. ١.٣.٣ قاچاخچیەتى رێکخراو: لە هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پرسى قاچاخچیەتى یەکلایی بکرێتەوە، بەرپرسانى باڵا لە حکومەت و پەرلەمان و حزبەکان دانى پێدادەنێن، کە جورێک لە قاچاخچیەتى رێکخراو یا خەتى تایبەت بۆ ئەو بابەتە بەکاردێت. هەر لەو بارەیەوە شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنوری باشماخ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێ،" کێشەی ئێمە مەسەلەى قاچاخچیەتیە کە لە هەموو دونیادا هەیە، بەڵام ئێمە کێشەیەکى ترمان هەیە، کە پێى دەوترێت قاچاخچیەتى رێکخراو، ئەمەش بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتەى لە پشتەوەیە، نەک ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتى مەرزى باشماخ بەڵکو سەرووى ئێمە وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بە دەستیانەوە خواردوەو ناتوانن کۆنترۆڵى بکەن، ئەمانە کەسانى باڵادەستى ئەم وڵاتەن ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکى یاساییان لەگەڵدا بکرێ، قاچاخچیەتى رێکخراو مەبەستەکەم ئەمە، کاتێک ئەوان بارەکان دەهێنن بە هیچ شێوەیەک داغڵى سیستەمى نابن. دەروازەکان خەتى گومرگى و خەتى ئاساییان هەیە هى هاتوچۆ، ئەوانەى لە خەتى گومرگییەوە دێن هەموو رێکارێکیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموو بارەکان لە خەتى گومرگەوە نایەن، بەشێکیان لە رێگەى هێزى تایبەتى ئەمنییەوە دەهێنرێن بەبێ ئەوەى هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵدا بکرێت، واتە نە گومرگ نە پشکنین". ٢.٣.٣ قاچاخچیەتى و بەرهەمى ناوخۆىی: پرسى قاچاخچیەتى لێکەوتە و کاریگەرى زۆر دواى خۆى جێدەهێڵێت، بەتایبەتى لەسەر ئابوورى هەرێمى کوردستان بەگشتى و ئاسایشى خۆراک و پێشبڕکێى بازاڕ، لەلایەکى دیکەدا، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بەرهەمى نیشتمانى دروست دەکات، دەبێتە هۆى پوکانەوەى ئەو سێکتەرە. ساڵانە حکومەت و وەزارەتى کشتوکاڵی حكومەتی هەرێم، بەمەبەستى پاڵپشتى سێکتەرى بەرهەمى ناوخۆیی و نیشتیمانی، رێککارى هاوردەکردنى هەندێک کاڵا و خۆراک توند دەکەنەوە یا قەدەغەى دەکەن، بەڵام بەپێى بەدواداچونەکان قاچاخچیەتى نەیهێشتووە کاریگەرى ئەو بڕیار و رێکارانە لە ئەرزى واقع دەربکەوێت. هەر لەوبارەیەوە، نموونەى کێلگە پەلەوەرییەکان دەهێنینەوە، نوێنەرى کێڵگە پەلەوەرییەکان بەراشکاوى رایدەگەیەنێـت، کە هێنانى مریشکى بەستوو بەوشێوازە کە نرخەکەى گومانى زۆرى لەسەرە، چونکە لەو وڵاتەى کە لێى هاوردە دەکرێت بەنرخى زۆر زیاتر بە هاوڵاتیانیان دەفرۆشرێتەوە، ئەگەر وابڕوات کاریگەرى ئەو مامەڵەیە لەگەڵ پرۆژەکانى پەلەوەرى لە هەرێمى کوردستان لە ئایندەیەکى نزیک شتێک نامێنێنت بەناوى پرۆژانە و هەمووى لە ناودەچێت. زیادبونی دیاردەی هاوردەكردنی بەرهەمەكان لە دەرەوەی هەرێم بە شێوەی قاچاغ كاریگەری خراپی لەسەر ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی ناوخۆیی لە بەشەكانی دیكەی عێراق دروستكردووە، بە جۆرێك ئێستا عێراق بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم وەك بەرهەمی نیشتیمانی سەیر ناكات، گومانیان دەخاتە سەر، سەرەڕای كێشە سیاسیەكان، بەشێكی تر پەیوەندی بە بابەتی كێشەی گومرگی و كۆنترۆڵی سنورەكان هەیە، تەنها لە ساڵی 2022 عێراق رێگری كردووە (52) جۆر بەرهەم لە هەرێمی كوردستان هاوردەی بەشەكانی دیكەی عێراق بكرێت، كە بەرهەمە ئاژەڵیی و پەلەوەریەكان لەسەری سەرەوەی خشتەكەن. ٤. دادگای گومرگی لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 1984 یاسای گومرگی، دادگای گومرگی هێنراوەتە كایەوە، ئامانجی دادگاكە بینینی هەموو كەیسەكانی تایبەت بە تاوانە گومرگیەكانە، لە هەرێمی كوردستانیش ئەم دادگایانە بونیان هەیە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكان تا ئێستا وەك پێویست كارا نین. یەكێك لە كێشەكانی دادگای گومرگی، نەبینینی كەیسی تایبەت بە تاوانەكانی گومرگییە، پاساوی دادگا تایبەتمەندەكانیش ئەوەیە دەڵێن هیچ جۆرە كەیس و پەڕاوێكمان ئاراستە ناكرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو دادگایە بە سروشتی خۆی دادگایەكی (مەوزوعیە) واتا حوكم دەردەكات، نەك لێكۆڵینەوە بكات، یاساكەش باسی دادگای لێكۆلینەوەی گومرگی ناكات، بەوپێیەش بێت، دەبێت دادگاكانی لێكۆلینەوە بەگوێرەی تایبەتمەندی شوێن، بۆ نمونە بۆ شوێنێكی وەك ئیبراهیم خلیل گونجاوترین دادگا و نزیكترین دادگای زاخۆیە بۆ حاجی ئۆمەران دادگای چۆمانە، ئەوانە پێویستە لێكۆڵینەوە لە تاوانە گومرگیەكان بكەن، بۆ ئەوەی پەڕاوەكان بۆ دەركردنی بڕیار ئاراستەی دادگای گومرگی بكەن، كە تا ئێستا وەك پێویست ئەو ئەركە جێبەجێ ناكەن، ئەمەش وای كردوە تاوانەكانی تایبەت بە گومرگی لە هەرێمی كوردستان، لە ئاستی پێویست ڕووبەروویان نەبوبێتنەوە. ١.٤ گرفتى دادگاکان • دادگاكانی گومرگی تائێستا لە ناو كۆمەلگەی دادی نیە، بەڵكو لە شوێنێكن سەر بەوەزارەتی داراییە، ئەو تایبەتمەندییەی شوێن و سەربەخۆیی و پسپۆری نیە، لەهەمان كاتدا نوێنەری وەزارەتی دارایی تێدایە كە بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن. • بە بریاری دادگای فیدرالی عێراق لە رێكەوتی (20/10/2021) چەند برگە و مادەیەك لە یاسای ژمارە (34)ى ساڵی 1983 لەكارخران، ئەوانیش برگەكانی (245 و 246 و 247) كە باس لە پێكهاتەی دادگاكە دەكەن لە رووی پەیكەرەوە، كە لە دادوەرێك وەك سەرۆك و دادوەرێك وەك ئەندام و نوێنەری وەزارەتی دارایی پێكدێت، بەڵام دادگای فیدرالی ئەو پێكهاتەی راگرت، چونكە ناكرێت نوێنەری وەزارەتی دارایی كە لایەنی جێبەجێكارە، لە دادگایەك هەبێت كە بریاری سزای وەك پێبژاردن و گرتن و دورخستنەوە دەربكات، بەڵام تاكو ئێستا ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە دادگاكانی گومرگی لە هەرێم جێبەجێ نەكراون، لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، جارێكی تر ئەو دادگایەی گێرایەوە ناو كۆمەڵگەی دادی و بەپێی پسپۆری بەسەر دادگاكانی كەتن و تاوان دابەشیكردنەوە، خەریكن جارێكی تر لە چوارچیوەی دادگاكان رێكیان بخەنەوە بەشیوەیەك سێ دادوەر لە هەیكەلی دادگاكە بن یەك سەرۆك و دوو ئەندام. • ئێستا کارکردنى ئەوە دادگایانە دەکرێت وەک رێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەى کێشەکانى دەروازە سنورییەکان بێت. بە پێویستى دەزانین لە نزیکترین کات چارچێوەى چاکسازى لە دەروازەکان کار بۆ کاراکردنەى ئەو داگایانە بکرێت. ٥. داهاتی گومرگی لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ساڵی رابردوو، قەبارەی ئالوگۆڕی بارزگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران (16 ملیار دۆلار) بووە، لەو رێژەیە 48% لە رێگای توركیا بووە، 18%یش لە رێگای ئێران بووە، ئەوی تریش لەگەڵ وڵاتانی دیكە بووە، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە داهاتی گومرگی لە هەرێمی كوردستان، لە ئاستێكی بەرز بێت. كێشەی بەرێوەبردن و كۆكردنەوەی داهاتی گومرگەكان یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری چاكسازی و ڕووبەرووبونەوەی گەندەڵی، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، هەر لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەروازە سنورییەكانی هەرێم، لەلایەن حیزبەكان بەرێوەبراوە، تا ئێستاش ئەو كێشەیە بەردەوامە. تا ئێستا داتایەكی فەرمی پشت راستكراوە، لەبەردەست نیە بۆ داهاتی راستەقینەی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام خەمڵاندنەكان بەو شێوەیەی خوارەوەیە: بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە رێی بەدواداچون دەست تیمی ئامادەكردنی راپۆرت كەوتووە، داهاتی گومرگ لە ساڵی 2022؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری دەستكەوتووە و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار، لە كۆی (4,800,000,000,000) دینار كە داهاتی نانەوتی ساڵێكی حكومەتی هەرێم لە رێی داهاتی گومرگ دابین دەكرێت . لە یاسای بودجەی عێراق داهاتی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان. بە (١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) بۆ ساڵێک خەمڵێندراوە، بەوپێیەش بێت نزیكە لەگەڵ ئەو ژمارەیەی كە ساڵی پار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە. داهاتی خاڵە سنوریەكان بەنزیكەیی 35%ی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. ١.٥ كێشەی كۆمپانیا بەشدارەكان لە خاڵە سنوریەكان بەگوێرەی بەدواداچوون )13( كۆمپانیا لە بوارە جیاجیاكان بەشدارن لە بەرێوەبردنی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان، سەرجەمی ئەو گرێبەستانەش بەبێ كێبركێ بوە، هاوتا نین لەگەڵ رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی گرێبەستە حكومییەكان لە وەزارەتی پلاندانان، لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی وردبینیان تێدا نەكراوە، كە بەگوێرەی یاساكەیان دەبێت وردبینی بەسەر هەموو گرێبەستە حكومیەكان بكەن. بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەكاری راپۆرت، بە رێژەی 25%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجی كۆمپانیاكان دەچێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەو داهاتەی كە دەستیان دەكەوێت، بەرێژەی 80% تا 90% بۆ خۆیان دەگێرنەوە. وەزارەتی دارایی لە وەڵامی تیمی ئامادەكاری راپۆرت، رایگەیاندووە پێداچونەوە بە گرێبەستی كۆمپانیاكان كراوە، پشكی حكومەت تیایاندا زیاد كراوە. تیمی ئامادەكردنی راپۆرت بۆچونی زۆرێك لەلایەنەكانی ئاگاداری لە پرۆسەكە وەرگرت، بەشێكی بەرچاو لەو كارانەی كە بەو كۆمپانیایانە بەخشراوە، حكومەت پێشتر بەبێ كێشە خۆی ئەنجامی داون، پێدانیان بە كۆمپانیاكان بە پێویست نەزاندراوە. بەشێك لە كاری ئەو كۆمپانیایانەی لە خاڵە گومرگیەكانن بەو شێوەیەن: دڵنیایی (بەشێوەی ئارەزوومەندانە نیە، ناچاركردنە، لەكاتێكدا بابەتی دڵنیایی لە وڵاتانی تر ئارەزوو مەندانەیە، كەسیش قەرەبوو ناكرێتەوە). مەنەفێست ترانزێت خەبەر وصول (راگەیاندنی گومرگی) گەراجانە تەعقیم (لە كابینەی 9 دوای كۆرۆنا زیاد كراوە، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی لە گەرمیان بە نوسراو داوایان لە وەزارەتی دارایی كردووە بەهۆی ناپێویستی و كاریگەری پێچەوانە، لاببرێت بەڵام هەر ماوە. دروستكردنی تابلۆ كوالیتی چێككردنەوەی كاڵا گەشتیاری پشكنین سكانەر رێكخستنی ئۆتۆمبێل ٢.٥ گرفتەکانى ترانزێت: بەشێك لەو كاڵایانەی لەرێی خاڵە سنوریەكان هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بە شێوەی ترانزێت دەبرێنە وڵاتی سێیەم، كە زیاتر سوریایە، ئەو بڕە پارەی كە لە بارەكانی ترانزێت وەردەگرێت 20%ی ئەوەیە كە لەو بارانە وەردەگیرێت كە بۆ هەرێمی كوردستان دەهێندرێن. ئەم بابەتەش لە هەندێك حاڵەت بۆ خۆدزینەوە لە گومرگ، هێنانی كاڵای قەدەغە كراو، بە پاساوی ئەوەی كاڵاكە بۆ وڵاتێكی دیكەیە و تەنها لە رێی هەرێمی كوردستان تێپەر دەبێت، سوودی لێوەرگیراوە. تا ئێستاش ئەم بابەتە بەتەواوی كۆنتۆڵ نەكراوە، بۆتە رێگایەك بۆ هاتنە ناوەوەی بەرهەمی قەدەغەكراو بە هەر هۆكارێك بێت، لەگەڵ كەمبونەوەی داهات. ٣.٥ لێخۆشبوونی گومرگی: بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دوای بەدواچوونی تیمی ئامادەكردنی راپۆرت، بەرێژەی 20%ی ئەو بارانەی دێنە هەرێمی كوردستان لێخۆشبونیان بۆ دەكریت، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی (2008)ی پەرلەمانی كوردستان یاسای وەبەرهێنان، ئەم بابەتەش بەگوێرەی بەدواداچون خراپ بەكارهێنراوە، بەجۆرێك بەناوی لێخۆشبوون، بەشیك لە خاوەن پرۆژەكان كە (پشتیوانی)یان هەیە، رێژەیەكی زیاتر لە پێویستی پرۆژەكانی خۆیان كەلوپەل هاوردە دەكەن دواتر بە نرخێكی زیاتر دەیفرۆشنەوە. ٤.٥ ژمارەی هێزەكان بۆ پاراستنی دەروازە گومرگیەكان: بۆ پاراستنی دەروازە گومرگیەكانی هەرێمی كوردستان، 8 هێزی جیاوازی ئەمنی و سەربازی لە ئەركدان، كەچی بەگوێرەی دانپێدانانی سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ و پەرلەمانتارانیش، تاكو ئێستا بەتەواوی ئەو دەروازە سنوریانە كۆنترۆڵ نەكراون، لەناو ئەو هێزانەی كە لە دەروازە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان هەن. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە (18/11/2022) لەبارەی هۆكاری جێبەجێنەكردنی بڕیارەكان رایگەیاند لە سلێمانی پێیان وتین ئەگەر هێز بۆ خاڵە سنورییەکان بجوڵێنن شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت. ٥.٥ کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە گومرگیەكان تیبینیەکان لەسەر پرسی کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە گومرگیەكانی هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ وەزارەت سەرپەرشتی کاری کوالیتی کۆنترۆلی خۆراک و دەرمان و کەلوپەلەکانی تر دەکەن، کە ئەوانیش (وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی کشتوکال، وەزارەتی پلاندانان – دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆلی جۆری) کارەکان جگە لە دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، ئەوانی تر لەرێی کۆمپانیاوە لە خالە سنوریەکان ئەنجامدەدرێن، پێشتر حکومەت خۆی ئەنجامی دەدا، بەجۆرێک تەنها داهاتی دەستەی پێوانەسازی و کۆنتۆلی جۆری 11 ملیۆن دۆلار بووە، ئێستا هەر دەروازەیەكی گومرگی بۆ پرسی كوالیتی كۆنترۆڵ، دراوەتە كۆمپانیایەك، كە سەرپەرشتی كاری كۆنترۆڵی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دەكەن. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی تیمی ئامادەكردنی راپۆرت 80%ی ئەو بەرهەم و كاڵایانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەموو پشكنینە پێویستەكانیان بۆ ناكرێت، ئەوە بەو مانایە نایەت كە ئەو بەرهەمانە خراپن، بەڵام پشكنینی دڵنیایی بۆ ناكرێت كە كێشەیان نیە. ئەگەرچی بەگوێرەی هێلە گشتیەكانی چاكسازی كارنامەی كابینەی نۆیەم، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی خۆراك و دەرمان دابمەزرێندرێت، بۆ كۆنترۆڵكردنی كوالیتی كۆنترۆڵی خۆراك و دەرمان، كە بونی ئەو دامەزراوەیە دەیتوانی رۆڵی زۆری لە كۆنرۆڵكردن و رێگری لە هاوردەكردنی خۆراك و دەرمانی كوالیتی نزم بگرێت، بەڵام تاكو ئێستا دامەزراوەكە دروست نەكراوە. ٦.٥ تیبینیەکان گشتیەکان ئێستا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کاری کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە سنورییەکان جێبەجێ دەکەن، (جۆرێک لە دابەشکاری حیزبی هەیە)، بەگوێرەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم، پێویستە حکومەتی هەرێم چاودێری کاری کۆمپانیاکان بکات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونمان دامەزراوە حکومیەکانی هەرێم لەرووی ئامێر و تاقیگەوە توانای ئەوەیان نیە کارەکانی کۆمپانیاکان هەلبسەنگێن، واتە ئەو ئامێرانەی کۆمپانیاکان هەیانە لای حکومەت نیە، لەکاتێکدا دەبوو حکومەت ئامێری پێشکەوتوو تری هەبێت بۆ ئەوەی کاری کۆمپانیاکان هەڵبسەنگێنێت. لەهەرێمی کوردستان هیچ ئامێرێک نیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ کانزا قورسەکان، کە سەرچاوەی نەخۆشی شێرپەنجەن. مادەی پارێزەر لەناو بەرهەمە هاوردەكراوەكان، وەک پێویست پشکنینیان بۆ ناکرێت، خەرجی زۆرە بۆیە کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی کەم دەیکەن. پشكنینی دژە مێرووەكان بۆ بەرهەمە هاوردەكان ناكرێت كە دەكرێت سەرچاوەی نەخۆشی بن. پشكنینی پێكهاتەیش بۆ بەرهەمەكان ناكرێت، بۆنمونە كە زەیتێك بەناوی گوڵەبەرۆژە هاوردە دەكرێت پشكنینی بۆ ناكرێت بۆ دڵنیا بونەوە لە پێكهاتەكەی. بەهۆی هەبوونی دیاردەی قاچاخچیەتی لە دەروازە سنورییەكان، بەشێك لەو كاڵا و خواردەمەنیانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەهیچ جۆرە پشكنینێك تێناپەڕن، ئەوەش سەرچاوەی مەترسین. بەشێک لە کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆل ئۆفەری داشکاندن دەدەنە ئەو کۆمپانیایانە کەبەرهەمی زۆر هاوردە دەکەن، بۆ ئەوەی لەرێی ئەوان بەرهەم هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن. ٦. سەرئەنجامى هەوڵەکان ١.٦ چارەنوسی بڕیارەكانی چاكسازی لە خاڵە سنوریەكان: ١.١.٦ لیژنەکانی چاکسازیی: ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە واژوی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەن، لە (22/3/2020) چوار فەرمانی دەركرد بۆ چاكسازی كردن لە خاڵە سنوریەكان، بەمەستی زیادكردنی داهات و نەهێشتنی قاچاخ، پێداچونەوە بەگرێبەستی كۆمپانیاكان، لێخۆشبونی گومرگی، كاری نایاسایی و قاچاخچیەتی، بۆ ئەم مەبەستەش چوار لیژنەی جیاواز پێكهێنرا. لیژنەکانی حکومەت بۆ پێداچونەوە بە خاڵە سنوریەکان: ١. لیژنەی پێداچونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانی خاڵە سنوریەکان: ٢. لیژنەی بەدواداچون و دیراسەکردنی دۆخی خاڵە سنوریەکان ٣. لیژنەی پێداچونەوە بە باج ٤. لیژنەی پێداچونەوە بە لێخۆشبونی گومرگی ٢.١.٦ بەرێوەبەرایەتى چاودێرى گومرگى: هاوکات بەپێى بەیانى ژمارە (٤)ى ٢١/٧/٢٠٢٠ وەزارەتى دارایی (بەرێوەبەرایەتى چاودێرى گومرگى) دروستکردوە، لە بەیانەکەدا هاتوە، ئەو بەرێوەبەرایەتیە بۆ جێبەجێکردنى برگەى (یەکەم) لە ماددەى (١٨٣) لە یاساى گورمرگى ژمارە (٢٣)ى ساڵى (١٩٨٤) هەموار کراو، "لە پێناو چاکسازی زیاتر لە دەروازە سنوورییەکان و بەرزکردنەوەی شەفافیەت لە کاری گومرگیدا، وەزیری دارایی و ئابووری واژۆی کرد لەسەر کردنەوەی (بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی)". ٣.١.٦ ماڵپەڕى شەفافیەت: بە ناونیشانى چاودێری و ڕێکخستنی داهاتەکان، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە (١٥/١٢/٢٠٢٢) لە پەیامێکدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕى شەفافیەتى راگەیاند، کە بڕیارە "لە رێگەی ماڵپەری (shafafiat.com)ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان." داهاتەکانی سلێمانی لە رێگەی شەش گەنجینەدا (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە. ٣.١.٦ پرۆژەى ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە هەرێمی کوردستان: ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەى ١٤/٥/٢٠٢٣ پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، لە بڕگەی دووەمدا کۆبونەوەکەى ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا و بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی. ٢.٦ قەبارەی گەندەڵی و بەهەدەردان لە دەروازە گومرگییەكان: هەوڵەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم کاریگەریی ئەتۆیان لەسەر ئەرزى واقع بەدى ناکرێت، بەڵکو بەشێوەیەکى گشتى لە چوارچێوەى دروست کردنى لیژنە و دانانى بەرێوەبەرایەتى دانانى بەرنامە و دەرکردنى بڕیار سوڕاوەتەوە. پرسى چاکسازیی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمى کوردستان پێویستى بە هەوڵ و کارى جدى هەیە. هیچ راپۆرتێكی فەرمی بڵاوكراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە نیە، كە تیایدا ئاستی گەندەڵی و بەهەدەردان لە دەروازە گومرگییەكان دیاریبكات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەكردنی راپۆرت، ئەگەر ئەو پێشێلكاری و ناڕوونی و لێخۆشبونی ناپێویست و قاچاخچیەتی و پێداچونەوە بە گرێبەستی كۆمپانیاكان بكرێت، پێشبینی دەكرێت، داهاتی دەروازە گومرگیەكان بۆ دوو بەرامبەری ئێستا زیاتر بكرێت، واتە قەبارەی گەندەڵی و بەهەدەردان مانگانە لە هەرێمی كوردستا بە سەرووی 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بابەتە پێویستی بە بەدواداچونی فەرمی هەیە، چونكە پێشێلكاری و سەرپێچیەكان، بەگوێرەی دەروازە بۆ دەروازەیەكی دیكە جیاوازی هەیە، بۆ چارەسەریەكەش، بەهەمان شێوە پێویستی بە دەستنیشانكردنی زیاتر هەیە، بەڵام بە دڵنیایی چاكسازی كردنی تەواوەتی لە دەروازە سنورییەكان بە قازانجی داهاتی گشتی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت. ٧. دەرەنجام و راسپاردەکان ١.٧ دەرەنجامەكان تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم ستراتیژیەتێكی یەكگرتووی نیە بۆ رێكخستنەوەی دەروازە گومرگییەكانی هەرێمی كوردستان، حیزبە حكومڕانەكان بەگوێرەی زۆنەكانیان، رۆڵیان هەیە لە بەڕێوەردن و سوودمەندبوون لێیان. كەموكوڕی لە ئاستی نوێنەرایەتی كردنی هەرێمی كوردستان لە دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق هەیە. دادگا گومرگییەكانی هەرێمی كوردستان وەك پێویست بۆ ڕوبەروبونەوەی ئەو تاوانانەی لە دەروازە سنوریەكان دەكرێن كارا نین. حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لەم كابینەیە، هەوڵی داوە بەرێوەبردنی دەروازە گومرگییەكان بە ئەلیكترۆنی بكات، كۆنترۆڵی زیاتریان بكات، بەڵام تاكو ئێستا دەرەنجامەكان ڕوون نین. حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا لەسەر شێوازی بەرێوەبردنی دەروازە گومرگییەكان ناكۆكییان لە نێواندا هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك بەشێكیان رێگریی لێدەكرێت ببرێنە بەشەكانی دیكەی عێراق، بە پاساوی ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نین و هاوردە كراون. بەدان پێدانانی بەرپرسانی باڵای هەردوو زۆنی حكومرانی لە هەرێمی كوردستان، هێشتا كاری قاچاخچیەتی لە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان كۆنرۆڵ نەكراوە. هەبونی قاچاخچیەتی، زیانی زۆری بە بەرهەمی ناوخۆیی گەیاندووە، دەرفەت نادات بتوانن وەك پێویست بەرهەمەكانیان لە بازارە ناوخۆییەكان ساغ بكەنەوە. گرێبەستی كۆمپانیاكانی بەشدار لە بەرێوەبردنی دەروازە گومرگییەكان، نا شەفافە و هەمووی لە قازانجی كۆمپانیاكانە و بەشێكیشیان پێویست نین، سەرجەمیشیان بە بێ كێبركێ بوونە. داهاتی دەروازە گومرگیەكان زیاترە لەوەی بە فەرمی رادەگەیەندرێت،.بە چاكسازیكردن لێیان، دەكرێت داهاتی ئێستا بۆ تا دوو ئەوەندە زیاتر بكرێت. لە ڕووی كوالیتی كۆنترۆڵ، بەهۆی نەبونی پشكنینی پێویست لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەم بوارە، لاوازی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆری لە چاودێری كۆمپانیاكان، وای كردووە رێژەی 80% بەرهەمەكان بەسەرجەم پشكنینە پێویستەكان تێپەر نەبن. بەشێك لەو نوسراوانەی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ رێگری لە هاوردەكردنی بەرهەمەكان دەریدەكات، جێبەجێ ناكرێن. ٢.٧ راسپاردەكان دانانی ستراتیژیەتێكی یەكگرتووی بەرێوەبردن بە جۆرێك بەرێوەبردنی دەروازە سنورییەكان لەژێر كاریگەری حیزب و هێزە ئەمنییەكان بە تەواوەتی دەربهێندرێت، پرسی دەروازە گومرگییە نایاساییەكان كۆتایی پێبهێندرێت. داهاتەكان لە نێویاندا بچێتەوە ناو یەك خەزێنەی یەكگرتوو سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە دەستەی بەرێوەبردنی دەروازە سنوریەكانی عێراق. گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كاراكردنی زیاتری دادگا گومرگیەكان لە هەرێمی كوردستان. پێداچونەوە بە (رێگاكانی قاچاخچیەتی، كۆمپانیاكان، لێخۆشبونی گومرگی، ترانزێت) بە جۆرێك بتوانێت داهاتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان زیاتر بكات. پێویستە گرێبەستی كۆمپانیاكان بەگوێرەی پێویستی و بە كێبركێی یەكسان ئەنجامبدرێت، بە فلتەری دیوانی چاودێری دارایی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان تێپەڕن. رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ رێكخستنی كاری دەروازە گومرگییەكان، یەكخستنی پێناسی گومرگی. پێداچونەوە بە دیاردەی لێخۆشبوونی گومرگی، بە جۆرێك خراپ بەكار نەهێندرێت، بۆ كۆمەڵێك پرۆژە كە رەهەندی ستراتیژییان نیە، هاوكات سنورداركردنیشی لە بڕ و كات. دامەزراندنی دامەزراوەی خۆراك و دەرمان، پێداچونەوە بە كاری دەستەی پێوانەسازی و كوالیتی كۆنترۆڵ بۆ بەهێزكردنی كوالیتی كەلوپەل و خواردەمەنی هاوردەكراو. رێگری تەواوەتی لە كاری قاچاخی، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان بتوانن ساغ بكرێنەوە، كێشەشیان بۆ دروست نەبێت، كە هەوڵی هاوردەكردنی بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق دەدەن. رێكخستنەوەی ئەو هێزە ئەمنی و سەربازییانەی لە دەروازەكان هەن، بە جۆرێكیش تۆكمە بكرێن كە بۆشایی ئەمنی نەبێت بۆ خراپ سوود لێوەرگرتنیان. كۆنترۆڵكردنی حاڵەتەكانی (ترانێت) بە میكانیزمی گونجاو، بۆ ئەوەی خراپ سوودی لێوەرنەگیرێت. سەرچاوەکان ١. دەرئەنجام و راسپاردەى (٢) دوو فۆکس گروپ: یەکەم: لە هەولێر لە ٢٠/١٢/٢٠٢٢ بە بەشدارى ١٣ کەس لە شارەزایانى ئەو بوارە بوو. دووەم: لە سلێمانى لە ١٠/٤/٢٠٢٣ بە بەشدارى ٢٠ کەس لە شارەزایانى ئەو بوارە بوو. ٢. (٢٠) کۆبونەوە و دیمانەى تیمى ئامادەکارى راپۆرت لەگەڵ لایەنى پەیوەندار لە وەزارەت و دامودەزگان و پەرلەمان و شارەزانیانى ئەو بوارە. ٣. راپۆرتى لیژنەى دارایی کاروبارى ئابوورى پەرلەمان کوردستان دەەربارەى دەروازە گومرگییەکانى هەرێمى کوردستان، ٢٠٢٠. ٤. راپۆرتى (٥)ى هەڵسەنگاندنى چاکسازى دارایی لە کابینەى نۆیەمدا (گرفتەکانى بەرێوەبردنى داهاتى ناوخۆ)، رێکخراوى ستۆپ، هەولێر - ٢٠٢٢. ٥. پۆرتاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان. <WWW. gov.krd> ٦. ماڵپەڕى شەفافیەت، <https://shafafiat.com/> ٧. تقرير: دواجن إقليم كردستان ضحية الخلاف مع بغداد.. والاستيراد من تركيا، موقع ناس ،٦/١/٢٠٢٣. <https://www.nasnews.com/view.php?cat=99944> بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ 1. زنجیرەی یەکەم: راپۆرتی وهرزی یهکهمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان. 2. زنجیرەی دووەم: راپۆرتی وهرزی دووەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 3. زنجیرەی سێیەم: راپۆرتی وهرزی سێیەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 4. زنجیرەی چوارەم: راپۆرتی وهرزی چوارەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 5. زنجیرەی پێنجەم: راپۆرتی ساڵانە (2015 - 2016) داتاکانی گەندەڵی 6. زنجیرەی شەشەم: راپۆرتی وهرزی پێنجەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 7. زنجیرەی حەفتەم: راپۆرتی وهرزی شەشەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 8. زنجیرەی هەشتەم: راپۆرتی وهرزی حەفتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 9. زنجیرەی نۆیەم: راپۆرتی وهرزی هەشتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 10. زنجیرەی دەیەم: راپۆرتی (چاودێری و ههڵسهنگاندنی بڕیار و راسپاردهکان) بڕیار و راسپاردەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 1/1/2016 تاوەکو 9/12/2016 11. زنجیرەی یازدەیەم: راپۆرتی ساڵانە (2016 - 2017) داتاکانی گەندەڵی. 12. زنجیرەی دوازدەیەم: بەشداری کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی. 13. زنجیرەی سێزدەیەم: ئەنجامی راپرسیەک لەبارەی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان. 14. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (1). 15. راپۆرتی بەرەو بەھێزترکردنی رۆڵی دەزگای داواکاری گشتی. 16. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (2). 17. گلۆسەری چەمک و زاراوەکانی گەندەڵی و حوکمڕانی چاک. 18. شەفافیەتی نەوتی کوردستان لە چاوی دیلۆیتەوە. 19. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (3). 20. تقييم خدمة المياه في مدينة اربيل. 21. نەخشەڕێـی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان. 22. شاری هەولێر دۆخی ئاوی پاشەڕۆ، ئاستەنگ چارەسەرییەکان. ٢٣. چالاکردنى یاساى رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمى کوردستان. ٢٤. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (1). ٢٥. زێدەڕۆیی سەر زەوى و زارى کشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان (کێشە و چارەسەرییەکان). ٢٦. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (2). ٢٧. وردبوونەوە لە وردبینیەکەی دیلۆیت لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠، لە بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ و رێکخراوى روونبین. ٢٨. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (3). ٢٩. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (4). ٣٠. هەڵسەنگاندنی ئاستى جێبەجێکردنى یاسای کێبرکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان. ٣١. 9 ساڵ حوکمڕانى بەبێ بودجە (گرنگى بودجە لە پێشخستنى شەفافیەت و چاودێرى و چاکسازى لە داهات و خەرجى). ٣٢. هەڵسەنگاندنى چاکسازى دارایی لە کابینەى نۆیەمدا (گرفتەکانى بەرێوەبردنى داهاتى ناوخۆ) (5). ٣٣. مەترسیەکانى ئاستى دابەزینى ئاوى ژێر زەوى هەولێر کاریگەرى پرۆژەکانى نیشتەجێبوون بە نموونە. ٣٤. سەرەتایەک بۆ روبەڕوبونەوەى سپیکردنەوەى پارە لە هەرێمى کوردستان. ٣٥. چاودێرى و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتی هەرێمی کوردستان (6).
شیكاری: درەو پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمدا تێپەڕدەبێت، چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پەیوەند بە هەڵبژاردن (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان، پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە. دەستپێک لە رۆژی (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات. لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند؛ "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم". دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە". پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە. لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئهمڕۆ دووشهممه 22/5/2023، بهسهرۆكایهتیی د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان و ئامادهبوونی د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان، منی نبی قههوهچی، سكرتێری پهرلهمان، دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاسایی خولی بههارهی ساڵی پێنجهم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان، بهڕێوهچوو. سهرهتا د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، بهناوی خوا و گهلی كوردستانهوه دانیشتنهكهی كردهوه و بڕیاری دواخستنی دانیشتنهكهی بۆ كاتێكی تر دواخست. پاشان د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان سهرۆكایهتیی دانیشتنهكهی گرتهئهستۆ بهخستنه دهنگدانهوه بهردهوامیی به دانیشتنهكهدا و ههر بهدهنگدانیش ئاڵوگۆڕی له ڕیزبهندیی خاڵهكانی بهرنامهی كاری دانیشتنهكه كرا و بهمجۆره بهپێی خاڵی یهكهمی بهرنامهی كار، د. هێمن ههورامی، كاراكردنهوهی ئهنجوومهنی كۆمیسیارانی خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسندكرا و پاشان ناوی ههریهك له بهڕێزان (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر)ی وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسەندكران و بهمجۆره كۆتایی بهدانیشتنهكه هێنا". پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر) وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاساییان خوارد. ئەگەرچی ئەم پرسە بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتیدا تێپەڕدەێت. چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پیوەند بە هەڵبژاردن، وەک؛ (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان و نەدانی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان و پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیارتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە. یەکەم؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) حەوت جار هەموارکراوەتەوە، پێنج خولی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاساکە بەڕێوەچووە، بەڵام ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن دەربارەی یاساکە، هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکە لە ئارادایەو هەندێ جار لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان زیاتر دەڕۆن و باس لە یاسایەکی نوێ دەکەن، هەرچۆن بێت (هەموار یان گۆڕینی یاساکە) چەند پرسێکی سەرەکی نزیکە یاخود هەوڵ هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت ئەوانیش؛ 1. هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (7) جار هەموارکراوەتەوە، بەڵام لەسەرجەم هەموارکردنەکاندا ئەوە وەک خۆی ماوەتەوە کە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت..." ئەم دەقەش لە ماددەی نۆیەمی یاساکە جێگیر کراوە. بەڵام لە ئێستا فشارێکی زۆر هەیە خولێکی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەو دەقەی سەرەوە یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێو لایەنەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، "هەرچەندە وا نیشان دەدرێت کە لە ئێستادا ئەو ناکۆکیانە لەم بارەوە رەویوەتەوەو پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕەزامەندبووە بە هەموارکردنی دەقی ناوبراو". بەپێی ئەو دەقە، سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە سەرجەم ناحیەو قەزاو پارێزگاکانییەوە لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتووە، گرفتی سەرەکی "یەک بازنەی هەڵبژاردن" بەڕای زۆربەی چاودێرانی بوارەکە، لە قوڵایدا نادادپەوەری جوگرافی لێدەکەوێتەوە، لە ڕووی بوونی نوێنەر لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا. بەپێی پەیڕەو کردنی سیستمی یەک بازنەیی، سەرجەم ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان نوێنەریان بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان ناگات. ئەمە چۆن؟ بۆ نمونە "بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن" لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی (135) قەزاو ناحیەی هەرێمی کوردستان، (114) قەزاو ناحیە هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی کوردستان نیە. بە پێچەوانەوە لە کۆی (111) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (74) ئەندامیان بەڕێژەی (67%) نوێنەری (3) قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)ن. لە کاتێکدا (132) قەزاو ناحیەکەی دەرەوەی ئەو سێ شارە تەنها (37) نوێنەریان بە ڕێژەی (33%) لە پەرلەمانی کوردستانە. بۆ چارەسەرکردنی یاخود لانی کەمی کاڵ کردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە جوگرافییەی کە لە یەک بازنەیی دەکەوێتەوە، چەند بژاردەیەک لە ئارادایە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر هەموارکردن دەقی ماددە یاساییەکەو گۆڕینی کە (یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن) وەک ئەوەی لە ئێستادا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکەنەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پارێزگانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، بەمانای کۆتایی هاتن نییە بە نادادپەوەری جوگرافی، چونکە بەهۆی ڕێژەی بەرزی دانیشتوان لە شارە گەورەکان، نادادپەرەوەییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارە دەبێتەوەو ڕوودەداتەوە. بە بەڵگەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا پارێزگانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، کە هەر یەکەو بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو. بۆ نمونە لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی (14) قەزای سنوری پارێزگاکە (6) قەزایان بەڕێژەی (43%)ی قەزاکانی سنورەکە هیچ نوێنەرێکیان سەرنەکەوتووە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بریتین لە قەزاکانی (پێنجوێن، دەربەندیخان، کفری، قەرەداغ، شارباژێڕ و ماوەت)، بەڵام تەنها لە ناوەندی قەزای سلێمانی (16) کاندید سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. ئەمەش ئەو ڕاستییە رووندەکاتەوە، کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، مەرامی سیاسییان هەیە بە گۆڕینی یاساکە لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، زیاتر لەوەی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەرییە بێت کە لە سیستمی یەک بازنەیی دەکەوێتەوە. بۆ نمونە پاڵپشت بە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، سەنگی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان و دواتر گریمانە کردنی هەموای یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لێکەوتەکانی لەسەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کورستان، بەو شێوەیە دەبێت کە لە(چارتی ژمارە (1))دا نیشان دراوە. چارتی ژمارە (1) دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین، کە ئایا لەسەر چ بنەمایەک ژمارەی کورسی بۆ هەر بازنەیەک تەرخان دەکرێت، ئەگەر ژمارەی دانیشوانی سنوری هەر بازنەیەک بە پێوە بگیرێت _کە دەبێت هەر واش بێت_ کام پێوەری سەرژمێری تەبەنی دەکرێت، چونکە بە گوێرەی هەردوو ئاماری وەزارەتەکانی پلاندانانی (هەرێم و و عێراق) جیاوازی گەورە هەیە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارێزگاکانەوە، لەم بارەیەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). 2. تۆماری دەنگدەران هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1) ساڵی (1992)ی هەموارکراو، پاڵپشت بە ماددەی شەشەمی یاساکە "بەیاسایەک، دەستەیەکی باڵای سەربەخۆ پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان – عێراق، خشتەی دەنگدەران ئامادە دەکات..." ئەم دەقە یاساییە ئامادەکردن و ڕێکخستنی تۆماری دەنگدەران دەخاتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان. سەربارەی ئەوەش وەک لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ماددەی چوارەم بڕگەی پێنجەمدا هاتووە؛ (بهڕێوهبردنی پرۆسهی تۆماركردنی دهنگدهران و رێكخستن و نوێ كردنهوهی تۆمارهكانیان بۆ مسۆگهر كردنی مافی ههڵبژاردنیان) دەخاتە ئەستۆی کۆمسۆن. هاوکات لە ماددهی شهشهم، بڕگەی یەکەم، خاڵی (1)دا هاتووە "دامهزراندن و نوێ كردنهوه و بژارد كردنی تۆماری دهنگدهران له رێی ههموو جۆره شێوازێكی تازهی بهردهست، لهسهر لایهنی پهیوهندیداریش پێویسته هاوكاری و ههماههنگی لهگهڵ ئهنجوومهندا بكهن بۆ گهیشتن بهو مهبهسته". ئەم دەقە یاساییانەش دەسەڵاتی ئامادەکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم یەکلا دەکاتەوە. بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان خشتەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بە ناخاوێن دەزانن، داوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دەکەن. دەکرێت بوترێت ئەم خواستەش ڕەوایەتی تێدایە، بۆ نمونە بەپێی ڕاپۆرتێکی ئێنستتیوتی پەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاوی کردووەتەوە، تێدا ئاماژە بەوە دراوە زیاتر لە (932 هەزار) ناوی گوماناوی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە بەجۆرێک: - لیستی دهنگدهرانی تایبهت كه دووباره ناویان ههیه (184 هەزار) کەسە. - دووباره بووهوهی نێو خودی ههرێم (100 هەزار) کەسە. - دووباره بووهوهی نێوان ههرێم و ناوچهكانی مادهی 140 (94 هەزار و 567) کەسە. - ژمارهی مردووان (218 هەزار و 965) کەسە. - لهدایك بووانی ساڵی 2000 كه تهمهنیان بهر لهوادهی دهنگدانهو نهگهیشتوونهته 18 ساڵ (60 هەزار) کەسە. (بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاو کراوەتەوە، چونکە لە ئێستادا لەدایکبووانی ساڵی (2005) مافی دەنگدان بەدەست دەهێنن). - جیاوازی لهنێوان تۆماری بایۆمهتری عێراق و تۆماری ههرێم (275 هەزار و 423) کەسە و كۆی گشتی (932 هەزار و 964) هەزار ناوی گوماناوی دەکات. ئەگەر ئەو ژمارانە بە ڕێژەی (50%)یش ڕاستبن و ئەوا دەتوانن کاریگەری گەورە لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن جێبهێڵن، بە تایبەت ئەگەر لایەن یان چەند لایەنێکی سیاسی بە مەبەست ئەو ناوانەیان خزاندبێتە نێو لیستی تۆماری دەنگدەرانەوەو بتوانن بە قازانجی خۆیان بەکاری بهێنن. ڕاپۆرتەکەی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی (1996)ەوە دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانەی کە مردوون لە ساڵی (1996)ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەکە نەسڕاوەتەوە، کە بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێنرێت. سەرباری ئەو کەموکورتیانەی نێو تۆماری دەنگدەرانی هەرێم، ئەگەر لایەنێک یان چەند لایەنێکی سیاسی داوای جێبەجێکردنی تۆماری دەنگدانی کومسیۆنی عێراق بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا پێویستە هەردوو یاسای (هەڵبژاردن و کۆمسیۆن)ی هەرێم هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە ئاسانی لە پەرلەمانی کوردستان تێناپەڕێت (ئەگەر لایەنەکان لە بابەتی دیکەدا سازش بۆ یەکتر نەکەن) و ڕەنگە لە رووی واقعیشەوە گونجاو نەبێت کۆمسیۆنی هەرێم بەتەنها پشت بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی عێراق ببەستێت. بۆیە ڕێگاچارەی گونجاو داڕشتنی تۆمارێکی پاک و بێگەردی تایبەت بە کۆمسیۆنی هەرێمە، کە ئەمەش پێویستی ڕێ و شوێن قورس و کاتی زۆرە. بەڵام پێویستە لێرە ئاماژە بەوەش بدەین بە پێچەوانەی ئەو دەرەنجامەی لە ئامارەکانی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووەتەوە، جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان هەردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان مافی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەیە، چونکە بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021)، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەم سێ پارێزگایە مافی دەنگدانیان هەبوو بریتی بوو لە (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) هاوڵاتی. بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا و پاڵپشت بە داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە لە سایتی فەرمی دەستەکە بڵاوکراوەتەوە (3 ملیۆن و 277 هەزار و 551) کەس مافی دەنگدانی هەیە لە سێ پارێزگاکەو بەم پێیەش جیاوازییەکە بە ڕێژەی (6%) و (192 هەزار و 90) کەس کەمترە بەراورد بە داتاکانی کۆمسیۆنی عێراق. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). 3. پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەندێکش بە "گرێکوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەموارکراو ماددەی (سی و شەشەم)؛ یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشوری تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. لە یەکەم خولی هەڵبژاردن لە یاسای ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ ماددەی یەکەم (١٠٠) کورسی گشتی تەرخان کرا لە سەر بنەمای هەر نوێنەرێک (٣٠) هەزار کەس بێ ، کە ئەو کات ڕێژەی دەنگدەر نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی بوو، ڕێژەی (٥) کورسی بۆ (مەسیحیەکان) پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری دابین کرا."لەسەر پێشنیازی مام جلال "، دواتر ڕیژەی پێکهاتەکان لە (٥) کورسی زیاد کرا بۆ (١١) کورسی. پرسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان خاڵێکی دیکەی جەوهەری ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانە بە تایبەت پارتی بەرامبەر یەکێتی و ئۆپۆزسیون و سەربەخۆکان، کە ئەویش بریتیە لە دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان. هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن لەسەر ئەو بنەمایەی "نوێنەری ئێستای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەن ژمارەی کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێ، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کە (١) ملیۆن دەنگدەر هەبوو ژمارەی کورسی گشتی (١٠٠) کورسی بوو، لە ئێستادا ڕێژەی دەنگدەری گشتی زیاد لە (٣) ملیۆن دەنگدەرە، هیچ داواکاریەک نیە بۆ زیادکردنی ڕێژەی کورسی گشتی، کە جیاوازی لە نێوان ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٢٢ سێ سەد هێندەیە". لە پاڵ ئەم گۆڕانکاریە گەورەی ڕێژەی دەنگدەر هیچ لایەنێک لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان نیە داوای زۆرینەی لایەنە ناکۆکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتییە لەوەی کە کورسی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت و تۆماری تایبەتی دەنگدەرانی خۆیان ببێت، تەنها بەئامانج ئەوەیە کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، له ژێر گوشاردا نهبن به پاشكۆی سیاسهتی تهسكی هیچ لایهنێك، دهیانەوێت ههڵبژاردن و پشتیوانیكردنیان به جۆرێك بێت كه سهربهخۆیی و بههای نوێنهرایهتییهكهیان، له دهست نهدهن. بۆ ئهمهش، كورسیی پێكهاتهكان پێویسته ئهوهنده ئازاد بێت كه بتوانێت له سێبهری پاشكۆیهتی و بهرژهوهندیی حیزبت رزگار بكرێن. هەر لە بارەی کورسی پێکهاتەکانەوە (ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن) پێی وایە؛ "ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەربکرێت کە بەشێک لە یانزە کورسییە کە لە دەست یەکەمیان بسەنرێتەوە و بەشی دووەمی لێبدرێت، بەڵکو چارەسەری دروست ئەوەیە و کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە ڕەگی کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە". ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) ئەوەندە بە تەنگ مافی پێکهاتەکانەوەن بۆچی کاندیدی کلدۆ سریانی و ئاشوری و تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی ناخەنە نێو لیستەكانیانەوە؟، بۆ چارەسەری گرفتی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیش (3) ڕێگە پێشنیار دەکات؛ 1. جیاکردنەوەی چەند کوردسییەک بۆ پێکهاتەکان، لەنێو خۆیاندا هەڵبژاردن بکەن و کاریگەری دەنگدانەی پێکهاتەی زۆرینەیان بەسەرەوە نەبێت. 2. شێوازی جێکردنەوەی کاندیدانی پێکهاتەکان لەنێو حزبە زۆرینەکاندا (باشترین نەبراوەی کاندیدی پێکهاتەکان) 3. لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی پێکهاتەکان لە داڕشتنی بازنەکانی هەڵبژاردندا. دووەم؛ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (8 ساڵ و نیوی) تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاپرسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا زیاتر لە (3 ساڵ و نیو) بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و (2) لە ئەندامەکانی ساڵانێکە لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەی شێوازی کاراکردنەوەو پڕکردنەوەی هەبوو. لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد. لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق". بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێن، بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن، هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە. لەم چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 لهلایهن ئهنجومهنی دادوهری ههرێمی كوردستان متمانهی پێدرا. وەک ئاشکرایە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی یاساییان تەواو ببوو، هاوکات دوان لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو ئەنجومەنەکەدا نەمابوون، لەم بارەیەوە لە رۆژی (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات. لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشینەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتیمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم". دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە". پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە. لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئهمڕۆ دووشهممه 22/5/2023، بهسهرۆكایهتیی د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان و ئامادهبوونی د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان، منی نبی قههوهچی، سكرتێری پهرلهمان، دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاسایی خولی بههارهی ساڵی پێنجهم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان، بهڕێوهچوو. سهرهتا د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، بهناوی خوا و گهلی كوردستانهوه دانیشتنهكهی كردهوه و بڕیاری دواخستنی دانیشتنهكهی بۆ كاتێكی تر دواخست. پاشان د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان سهرۆكایهتیی دانیشتنهكهی گرتهئهستۆ بهخستنه دهنگدانهوه بهردهوامیی به دانیشتنهكهدا و ههر بهدهنگدانیش ئاڵوگۆڕی له ڕیزبهندیی خاڵهكانی بهرنامهی كاری دانیشتنهكه كرا و بهمجۆره بهپێی خاڵی یهكهمی بهرنامهی كار، د. هێمن ههورامی، كاراكردنهوهی ئهنجوومهنی كۆمیسیارانی خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسندكرا و پاشان ناوی ههریهك له بهڕێزان (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر)ی وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسەندكران و بهمجۆره كۆتایی بهدانیشتنهكه هێنا". پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە. بڕیار وایە ههریهك له (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر)ی وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران رۆژی (28/5/2023) لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاسایی بخۆن. رۆژی (29/5/2023) بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکەن. تایبەت بە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ڕابردوو و ئێستادا (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))؛ سەرچاوەکان 1. درەو میدیا، هەڵبژاردنی كوردستان بە ئاماری هەرێم دەكرێت یان بەغداد، 16/6/2022. 2. درەو میدیا، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، 7/6/2022. 3. درەو میدیا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە پشک پشکێنەی حیزبی ڕزگاری نابێت!، 25/1/2021. 4. عەونی بەزاز؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) بە سەرجەم هەموارەکانییەوە. 5. یاسای ژماره (4)ی ساڵی 2014 یاسای كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردن و ڕاپرسی. 6. ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، تۆماری دەنگدەران لە نێوان بێگەردی و ساختەکاریدا، تشرینی دووەمی (2017). 7. هاوڕێ تۆفیق، لە کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت کێشەکان چی بوون و کامیان چارەسەر بوون؟ (دەرەو میدیا) 8. ڕاپۆرتی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن (ئیفۆ گرافیک)، واڵی ئارام جەمال. 9. سەركۆ گەڵاڵی (ئەندامی پەرلەمانی کوردستان – فراکسیۆنی یەکێتی)، گرێ کوێرەی هەڵبژاردن بە ئاسانی ناکرێتەوە، پەڕەی تایبەتی نوسەر، 24/1/2023. 10. ئارام جەمال، رێگەچارەی قەیرانی نوێنەرایەتی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا، ئەیلولی 2022. 11. ڕاگەیەندراوی هابەشی کۆبونەوەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە 28/2/2023 12. سایتی پەرلەمانی کوردستان؛ بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کرایهوە. 13. سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان. 14. سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق.
راپۆرت: درەو لەدوای پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی دادوەریش كەوتە ناو كێژاوی ململانێی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، دادوەرەكانی هەولێرو دهۆك بەبێ دادوەرەكانی سلێمانی كۆبونەوەو سوێندخواردنی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان پەسەندكرد، یەكێتیی دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، ئەنجومەنی دادوەریی چییە؟ دادوەرەكانی چۆن دابەشبوون ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەكانی یەكێتیی نیشتمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی كۆبونەوەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كۆبونەوەیەكی دروستە، بۆیە ئەمڕۆ لەڕێگەی ئەنجومەنی دادوەرییەوە بڕیارەكەی پەرلەمانی جێبەجێكرد. دوای كۆبونەوە كێشەلەسەرەكەی 22ی مانگ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی نوسراوی ژمارە (10)ی ئاڕاستەی وەزارەتی داد كرد، تێیدا رایگەیاند، پەرلەمان كۆمسیۆنی كاراكردوەتەوەو متمانەی بە دوو كەس داوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، هاوكات رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە نوسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە كۆبونەوەی 22ی مانگی پەرلەمان هەڵگیراوەو كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە. لەنێوان ئەم دوو نوسراوەدا، فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی هەرێم كە سەربە پارتییە، نوسراوەكەی هێمن هەورامی پەسەندكردو لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاویكردەوە. لەسەر بنەمای نوسراوی ژمارە (10)ی وەقایعی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم كۆبووەوە، لە كۆبونەوەكەدا دەستبەكاربوونی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد. (عەلی ساڵح مەحمود)و (كامەران نەشئەت بەكر) وەكو كۆمسیاری نوێی كۆمسیۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریی سوێندی یاساییان خوارد. نیسابی ئەنجومەنی دادوەریی.. كێشەیەكی تر لەكاتێكدا هێشتا پارتیو یەكێتیی ناكۆكییەكانیان لەبارەی كۆبونەوەكەی 22ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەلادا نەخستووە، ئەمڕۆ كێشەیەكی تر هاتە پێشەوە كە كێشەی نیسابی یاسایی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمە. بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانو بەگوێرەی بڕگەی (ا) لە مادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەریی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەریی پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4) ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە. ئێستا ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لە (8) ئەندام پێكدێت، واتا بۆ تەواوكردنی نیسابی كۆبونەوە، دەبێت لە كۆی (8) ئەندام (6) ئەندام ئامادەبن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، 8 ئەندامەكەی ئەنجومەنی دادوەریی بەمشێوەیە دابەشبوون: • 3 ئەندام لە سنوری سلێمانیی • 5 ئەندام لە سنوری هەولێرو دهۆك سێ ئەندامەكەی سنوری سلێمانی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەرییان نەكرد تایبەت بە سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی بەشدار نەبوون بریتین لە هەریەكە لە: • دادوەر (لەتیف عوسمان شەریف) جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، بەپێی زانیارییەكان دوێنێ بۆی درێژكراوەتەوە بە ئومێدی ئەوەی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكە بكات، بەڵام بەشداری نەكرد) • دادوەر (جاسم جەزا جافر هەورامی)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی • دادوەر (ئاوات حاجی)- سهرۆكی دادگای تێههڵچوونهوهی كهركوك/ گهرمیان لەبەرامبەردا ئەو (5) دادوەرەی هەولێرو دهۆك كە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان كرد بریتی بوون لە هەریەكە لە: • دادوەر (عەبدولجەبار عەزیز حەسەن)- سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە) • دادوەر (محەمەد مستەفا مەحمود)- جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم • دادوەر (كاوە فەتحی مەعسوم)- سەرۆكی داواكاری گشتیی • دادوەر (فاخر سابر بایز)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر • دادوەر (بەهزاد فەتحی عەلی)- جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆك (لەبری سەرۆكی دادگاكە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە) یەكێتیی نیشتمانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی بە كۆبونەوەیەكی نایاسایی دەزانێت، چونكە دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، لەبری (6) ئەندام تەنیا (5) ئەندام بەشدارییان كردووە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت ئەنجومەنی دادوەریی بەبێ نیساب بڕیاریداوە لەسەر دەستبەكاربوونو سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. ئەمڕۆ كاری یەكێتیی قورستر بوو، ئەگەر سكاڵا لەسەر كۆبونەوەكەی 22ی پەرلەمان تۆمار بكات، دەبێت سكاڵاش لەسەر كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی تۆمار بكات. هەموو ئەم كێشانە وا دەكەن پێشبینی ئەوە بكرێت پارتیو یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەنە رێككەوتنو بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە. لەبارەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئەنجومەنی دادوەریی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی سێیەمە لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت). تاوەكو ساڵی 1992 دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان نەبووە، كاری سەرجەم دادگاكان بە یاسای ژمارە (160)ی ساڵی (1979) رێكدەخراو دادگاكان سەر بە وەزارەتی دادی بەغداد بوون. لەدوای راپەرینی ساڵی 1991و كشانەوەی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لە كوردستان دۆخەكە وەكو خۆی ماوەیەوە، واتا دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دروست نەكرا، چونكە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ژمارە (14)ی ساڵی 1992 كە یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، دادگاكانی بەستوەتەوە بە وەزارەتی دادەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دادگاكان راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)و سەربەخۆ نەبوون. دۆخی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا روخا، ساڵی 2005 عێراق دەستورێكی نوێی نوسییەوە، لە دەستورەكەدا مافی ئەوە بە دەسەڵاتی هەرێمەكان درا مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان بكەن، لەسەر ئەم بنەمایە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی دەركرد، ئیتر لێرەوە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان دادگاكان لە وەزارەتی دادو دەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاكرانەوەو خرانە سەر ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت). بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی، سەرۆكی دادگای پێداچونەوە هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریشە، ئەم كەسە پۆستەكەی هاوتای پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو سەرۆكی حكومەتە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەپێی ماددەی (38)ی یاساكە:" سەرۆكی دادگای پێداچونەوە پلەكەی وەزیرەو موچەو دەرماڵەی وەزیر وەردەگرێ"، واتا بەپێی پلەی وەزیفی نەخراوەتە ئاستی سێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێم. ئەو دادگایانەی كە سەربە ئەنجومەنی دادوەرینو بە دادگا مەدەنییەكان ناودەبرێن، بریتین لەم دادگایانە: • دادگای پێداچونەوە (التمییز) • دادگای تێهەڵچونەوە (استئناف) • دادگاكانی تاوان • دادگاكانی نەوجەوانان • دادگاكانی باری كەسایەتی • دادگاكانی كەتن • دادگاكانی كار • دادگاكانی لێكۆڵینەوە • دادگاكانی تایبەت بە ماددەكانی كەسایەتی بۆ مەسحییەكانو ئێزدییەكانو ئاینەكانی تر دەسەڵاتی سێیەم كێیە ؟ ئەنجومەنی دادوەریی كە دەسەڵاتی سێیەمە لە هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی ئەو یاسایەی كە كاری پێدەكات، ئەندامەكانی بریتین لەو كەسانەی كە ئەم پۆستانەیان هەیە: • سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەو جێگرەكانی • سەرۆكەكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (هەولێر- دهۆك- سلێمانی- كەركوك/گەرمیان) • سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی (تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە) • سەرۆكی داواكاری گشتی ئەم ئەنجومەنی سەرباری ئەوەی سەربەخۆیەو بەپێی یاساكەی دەبێت دادوەرەكانی حزبی نەبن، بەڵام وەكو هەموو دامەزراوەكانی تر ئەندامەكانی ئەم ئەنجومەنە دابەشبووە بەسەر پارتیو یەكێتیدا، دادوەرەكانی سنوری سلێمانی لەلایەن یەكێتییو ئەوانەی سنوری هەولێرو دهۆكیش لەلایەن پارتییەوە دانراون، بۆیە كاتێك كێشە لەسەر پرسە یاساییەكان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دروست دەبێت، دادوەرەكانیش دابەش دەبن، باشترین نمونە بۆ ئەم دابەشبوونەی دادوەرەكان كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەرییە. پارتی لە ئەنجومەنی دادوەریی (5) ئەندامو یەكێتیش (3) ئەندامی هەیە، واتا جگە لە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتو زۆرینەی پەرلەمانیی، پارتی دیموكرات جڵەوی دەسەڵاتی سێیەمیشی لەدەستدایە كە دەسەڵاتی دادوەرییەو دەتوانێت لەڕێگەیەوە سیاسەتەكانی خۆی سەربخات. ئەنجومەنی دادوەری بەپێی یاسا دەبێت مانگانە لانی كەم جارێك كۆبونەوە بكات، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی ئەنجومەنەكە بۆی هەیە لەكاتی پێویستدا داوای كۆبونەوە بكات، ئەگەر سەرۆك یان ئەو كەسەی كە نوێنەرایەتی سەرۆك دەكات لەگەڵ سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری ئامادەی كۆبونەوەیەك نەبن، كۆبونەوەكە بەڕێوەناچێت، بڕیار لەناو ئەم ئەنجومەنەدا بەزۆرینە دەدرێت واتە (50+1)ی ئەندامانی ئەنجومەن. بەپێی یاسا ئەنجومەنی دادوەریی ئەم تایبەتمەندیانەی پێدراوە: • ئامادەكردنی پلانو نەخشە بۆ دەزگای دادوەرییو وتووێژ لەسەركردنیو دەربڕینی تێبینییەكانی لەبارەیەوە. • سەیركردنی كاروباری دامەزراندنو بەرزكردنەوەو پایەپێدانو گواستنەوەو گەڕاندنەوەی دادوەرەكانو لێكۆڵینەوە لە رەوشتو توانایانو سەرپەرەشتیكردنی سەربەخۆیی دادوەریی. • ئامادەكردنی بودجەی ئەنجومەنو بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی. • رێكخستنی كارگێڕیو دادگاكان بەكاروباری خزمەتی كارمەندانو بەرزەفتكردنیان. • دیاریكردنی میلاكاتی دادگاكانو دامەزراندنی فەرمانبەران كە ئەو میلاكانە پڕدەكەنەوەو ئەوانی دیكە لەچوارچێوەی تەرخانكراوەكانی بودجەی ئەنجومەن دەبن. • دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەن. بودجەی دەسەڵاتی سێیەم ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێی ئەو یاسایەی كاری پێدەكات، بودجەی ئەم دەسەڵاتە سەربەخۆیە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە دەكرێتو دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەی وەكو پاشكۆی بودجەی گشتی ساڵانەی هەرێمی كوردستان پەسەندی بكات. بەگشتی بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی لەم دوو سەرچاوەیەوە دابین دەكرێت: • رەسمو غەرامەی دادوەریی كە لەلایەن دادگاكانەوە وەردەگیرێن. • ئەو پارەیەی كە ساڵانە حكومەتی هەرێم بۆ ئەنجومەنی دادوەریی تەرخان دەكات. بەگوێرەی دواین پرۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 دەرچووە، بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ ساڵەكە (46 ملیارو 787 ملیۆن) دیناربووە، لەو ساڵەدا ئەنجومەنی دادوەریی رێژەی (0,4%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێمی بردووە. بەپێی یاسای بودجەی 2013ی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەریی (3 هەزارو 468) كارمەندی هەبووە، ئێستا خەرجی موچەی ئەنجومەنی دادوەریی مانگانە بڕەكەی (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە. هەیكەلی كارگێری ئەنجومەنی دادوەریی
مهریوان وریا قانع یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانەی ناو دونیای ئێمە کە قسە و باسێکی کەمی لەسەرکراوە و لەسەردەکرێت، چەمکی ئەخلاقە، ئەگەرچی دەستەواژەی ئەخلاق و بەدئەخلاقیی بەشێکی بەرچاوی زمانی قسەکردنی ناو ژیانی رۆژانەیە. ئەگەرچی ھەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەوەی مرۆڤەکان دەیکەن و ئەنجامی ئەدەن بە باش و خراپە بەشێکی دانەبڕاوی ناوی ژیانی کۆمەڵایەتییە. ھاوکات حوکمدانیش لەسەر شتەکان و دیاردەکانیش بە باش و بە خراپ، بە ئینساف و بە بێئینسافیی، لەو شتانەیە کە بەشێکی زۆری خەڵک ڕۆژانە ئەنجامیئەدەن، کەچی تێڕامان لە چەمکەکە وەک چەمکێکی تیوریی و فیکریی، وەک چەمکێکی ئاڵۆز و گرفتئامێز، لە دونیای ئێمەدا لاواز و پەراوێزییە. ئەخلاق، کە لێرەدا بە مانای ئەتیک بەکاردێت، پەیوەندیی بە جۆر و شێوازیی ژیانەوە ھەیە، بە شێوازی ھەڵسوکەوتی تاکەکەس و گروپەکانەوە لەناو کۆمەڵگادا. جەوھەری ئەخلاق ئەوەیە پێمانبڵێت چی راستە بیکەین و چیش ھەڵەیە لێی دووربکەوینەوە، چی دادپەروەرانەیە پەیرەوی بکەین و چیش بێدادییە لێی بەدووربین. بەڵام شتەکان بەو سادەییە نییە کەو ئەو دوو رستەیەی سەرەوە پێماندەڵێن. با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە چەمکی ئەخلاق بۆ کەسەکان و بۆ ھێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان مانای جیاواز و لەیەکنەچویی ھەیە. لای کەسێکی دینیی، لای سەلەفییەک، لای کەسێکی سەر بە ئیسلامی سیاسیی، لای سۆفیەک، چەمکی ئەخلاق شتێک دەگەیەنێت، جیاواز لای کەسێکی لیبرال، یان نادینیی، یان کەسێکی دیموکرات لە دڵەوە باوەڕی بە جیاوازیی و لێکنەچونی مرۆڤەکان و مافی جیاوازبوون ھەبێت. ئەم تێگەیشتنە جیاوازانە بۆ ئەخلاق بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و بەشێکە لەو راستییە کە مرۆڤەکان ناتوانن کۆپی یەکتربن و کەسانی جیاوازیش تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ھەڵە و راستیی و ئەشێ و ناشێ و باش و خراپ و دادپەروەریی و نادادپەروەریی، ھەیە. زۆرجاریش تێگەیشتنی ئەمیان بۆ ئەو شتانە، تێگەیشتنی ئەویتریان بە بەد یان نائەخلاقیی یان نەشیاو، ناودەبات. لە پشتی چەمکی ئەخلاقیشەوە چەمکەکانی وەک ”مرۆڤی باش“، ”کۆمەڵگای باش“ و ”ژیانی باش“ ئامادەن. بەزۆر مانا ئەخلاق وەک رێگای گەیشتن بە بەختەوەرییش نیشانئەدرێت. بە شێوەیەکی گشتیی ئەخلاق کاریگەریی گەورە لەسەر پەیوەندیی مرۆڤ بە مرۆڤەکانی تر و بە کۆمەڵگا و بە سروشتەوە بەجێدەھێڵێت و ئاراستەی تێگەیشتنی مرۆڤاکانیش بۆ چەمکەکانی ”ئازادیی“ و ”بەرپرسیارێتی“ و ”دادپەروەریی“ و ”بێدادی“ش دەکات. ھەر یەکێک لەو چەمکانەش رەھەندی ئەخلاقیی گرنگیان ھەیە و دیدگای ئەخلاقیی جیاواز بە شێوازی جیاواز، لەناو ھەریەکێکیاندا ئامادەیە. ئەخلاق لە جیھانی ئەمرۆدا ھیچ مانایەکی نابێت گەر مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤ نەپارێزێت، ھەرچی ھێرشکردنێک بۆسەر ئەو مافانە، لەژێر ھەرناو و بەپێی ھەر بەھانەیەک بێت، کارێکی نائەخلاقییە. ھیچ حوکمدانێکی ئەخلاقیی، لەژێر ھەر ناو و بەھانە و بەناوی ھەرچییەکەوە بێت، نابێت بتوانێت بچێتە دەرەوەی سنوورەکانی پاراستنی مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤەوە، دەنا دەگۆڕێت بۆ حوکمدانێکی نائەخلاقیی. لە ڕاستیدا ئەخلاق بەر لەوەی پەیوەندیی کەسێک بێت بە دەوربەر و ژینگە و ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتییەوە کە لەناویدا دەژیی، واتە بەر لەوەی پەیوەندییەک بێت کە مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دروستیدەکات، ئەو پەیوەندییەیە کە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا، دروستیدەکات. ئەو پەیوەندییەیە کە وا لە مرۆڤێک دەکات لە خەمی دروستکردنی خۆیدابێت وەک بوونەوەرێکی عەقڵانیی و نرخێنەر و بەرپرسیار. مرۆڤ بۆئەوەی بتوانێت لەگەڵ کەسانیتردا لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیدا بێت، پێویستی بەوەیە سەرەتا لەگەڵ خۆیدا لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیدا بێت. بەم مانایە ئەخلاق، لە ھەنگاوی یەکەمدا، پەیوەندیی کەسەکانە بە خودی خۆیانەوە، پەیوەندەیی خودە بە خود خۆیەوە، ئەو پەیوەندییەیە وا لە کەسێک دەکات خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی بەرپرسیار، ببینێت و لە رێزگرتنی خودەوە بپەرێتەوە بۆ رێزگرتنی ئەوانیتر. بەم مانایە ئەخلاق، بە پلەی یەکەم، ئیشکردنی ھۆشیارانە و ئامانجدارانەی مرۆڤە لەسەر کەسایەتی خۆی. لەمەشدا کەسایەتی خۆی دەخاتە ژێێر رکێف و چاودێری کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقییەوە کە ئەو وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی دروستدەکەن. بەم مانایە ئەخلاق لەیەکەمیان ھەنگاویدا چالاکییەکی بەرپرسیارانەی تاکەکەسە بۆ دروستکردن و داھێنانی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی عەقڵانی و بەرپرسیار، وەک کەسێک خەمخواردنی لە خودی خۆی ھەنگاوی یەکەم و سەرەکیی خەمخواردنی بێت لە ئەوانیتر و لە کۆمەڵگا، نەک پەیڕەویکردنی ئەو یاسا ئەخلاقییە دەرەکییانە کە ئەوانیتر دروستیدەکەن و چاوەڕواندەکەن ھەمووان لە کۆمەڵگادا پیادەیبکەن. ئەمجۆرە لە ئەخلاق، کە لە دەرەوەڕا دێت و بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنرێت، ئەخلاقێکە دابڕاو لە ئازادیی تاکەکەس، لە ئازادیی ھەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە و نرخاندنی کەسەکان بۆ پرنسیپەکان و بریاردانی سەربەخۆیان لەسەر راستیی و دروستی ئەو پرنسیپانە، یاخود لەسەر ھەڵەبوون و بەرجەستەکردنی رۆحیەتی سەپاندنی یەکجۆر لە مرۆڤ و کۆپیکردنی ھەمووان لەسەر ئەو جۆرە تایبەتە پێشنیارکراوە. لە ڕاستیدا ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما سەرەکیی و کۆڵەکە ھەرە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەخلاق ئەگەر کۆمەڵێک یاسا و بەھا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنرێت، مرۆڤ ناچاربکرێت پەیرەویان بکات و نەتوانێت و ئەگەری لێدەرچونیانی لەبەردەمدا نەبێت، لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە ھەڵیدەبژێرن و پێیدەگەن و پیادەیدەکەن، نەک ئەوەی کورتکرابێتەوە بۆ یاسا و ڕێسا و بەھای کۆمەڵێک چاوساغی دیاریکراو لە کۆمەڵگادا و لە دەرەوەڕا و بەزۆر و نائازادنە بەسەر مرۆڤەکاندا سەپێندرابێت. دۆخی سەپاندن و ناچارکردن، مانایەک بۆ ئەخلاق، وەک پەیوەندی ئینسانیی مرۆڤەکان بە خودی خۆیان و بە دەوروبەرەکەیانەوە، ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ توانای ھەڵبژاردنی ھەبێت و ئازادانە و بە مەبەستی دروستکردنی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقی، پەیڕەویان بکات. بەم مانایە ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئازادییەوە ھەیە، پەیوەندیی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت، بیڵێت. ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەوشێوەیەیە. مرۆڤ کاتێک دەبێتە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی کە ژینگەی ناشیرن و خراپ بە ناشیرین و خراپ ناوبنێت و ژینگەی خنکێنەر وەک ژینگەیەکی خنکێنەر بناسێنێت و بەھای سوکایەتیکەر بە مرۆڤ وەک بەھای سوکایەتیکەر پێناسبکات. ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەوە ئەنجامبدات کە بەڕاستیی دەزانێت، بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، نەک عەقڵ و تواناکانی بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی بداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و خودا چییە و ئەمیش وەک مرۆڤ چۆن لەژێر سێبەری ئەو ئەمرانەدا، بژیی. ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەی کە ساتەوەختێکی مێژووی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و لەبەردەم گەشەکردنی ئازادانەی کەسەکاندا دروستیدەکات بۆئەوەی خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان بەرجەستەدەکات، ئەرکی ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگیی ئەخلاقە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە ئەو کارانەی بۆ مەیسەرببێت. ئەمڕۆکە، لەناو ئەو ھەموو فشارە ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینییەی لە دونیای ئێمەدا ھەیە، ئەگەری دروستبوونی بوونەوەری ئەخلاقیی بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمکرد، ئەگەرێکی لاواز و پەراوێزییە. لە دونیای ئێمەدا ھەم رای گشتیی و ھەم سیاسەت و ھەم رێگاکانی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانە و ھەم دین و بەشێکی گەورەی بانگخوازەکانی، مرۆڤی ئێمە ناچاردەکەن ئازاد نەبێت، بچووک و بێدەسەڵات و گێرایەڵ بێت، لەژێر فشاری ئەو ھێزانەدا بژیی کە دەیانەوێت مرۆڤەکان کۆپیبکەن و ھەموویان بکەن بە یەک کەس: ئەو کەسەی ئەوان دەیانەوێت.
درەو: بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر (9) ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كۆببێتەوەو سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەرنامەی كاری دانیشتنەكەیە، بەڵام تا ئێستا نیسابی كۆبوونەوە تەواو نەبووە، لەبەر ئەوەی پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4) واتا لەكۆی (8) ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری (6) ئەندام دەبێت ئامادەبێت، لە ئێستادا پێكهاتەی ئەنجومەنی دادورەی لە (8) ئەندام پێكدێت كە (3) ئەندامیان لە سنروی سلێمانین و (5) ئەندامیان لە سنوری هەولێرو دهۆك. لەدوای دانیشتنەكەی رۆژی 22ی ئایارو درووستبوونی پشێوی لەناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان و هەڵگرتنی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نوسراوی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دەستبەكاربوونی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی (عەلی بەندی و كامەران نەشئەت بەكر)ی رەوانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كردووە بۆ سوێندخواردن، لە بەرنامەی كاری ئەمڕۆی سوێندخواردنی ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی تێدایە، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی (درەو) تا ئێستا نیسابی كۆبوونەوە تەواو نەبووە، چونكە كۆبوونەوە پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4)ی ئەندامانی هەیە. بە پێی بڕگەی دووەمی مادەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەری پێویستی بە ئامادەبوونی ئەندامانی (3/4) هەیە لە ئێستادا ئەنجومەنی دادوەری (8) ئەندامی هەیە، واتا بۆ كۆبوونەوە دەبێـت (6) ئەندامی ئامادەبێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەو (8) ئەندامەی ئەنجومەنی دادوەری (3) ئەندامی لە سنوری سلێمانیەو (5) ئەندامی لە سنوری هەولێر و دهۆكە، تا ئێستا ئەو (3) ئەندامەی سنوری سلێمانی نەچوون بۆ كۆبوونەوەكە، بۆیە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەری نیسابی یاسایی پێتەواوناكرێت. هەروەها بە پێی بڕگەی (ا) لە مادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانیش "كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەری ناكرێت تا 3/4ی ئەندامانی ئامادە نەبێـت" بۆیە تا ئێستا ئەنجومەنی دادوەری نەیتوانیوە كۆبوونەوەكەی رێكبخات و ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنیش سوێندی یاسایی بخۆن.
(درەو): گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا دەستی پێكرد، 8 ملیۆن دەنگدەر كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووە، چەقی ململانێی ئەردۆغانو كلیچدارئۆغلۆیە، ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دەنگی بایكۆتچییەكان لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەتایبەتیش كە دواین راپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەردۆغان لە پێشەوەیە، ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ بۆ هەر سندوقێك 5 چاودێری داناوە. دووەم روبەڕووبونەوەی ئیسلامیو سۆسیال دیموكرات بۆ جاری دووەم، بەیانی ئەمڕۆ لە توركیا بنكەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا كرایەوە. ئەمە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە، ئەنجامی دەنگدانی ئەمڕۆ دەریدەخات ئایا ئەردۆغان دەڕوات یان بۆ ماوەی پێنج تری لە پۆستی سەرۆكایەتی توركیادا دەمێنێتەوە. لە كاتژمێر 8:00 بەیانییەوە دەرگای بنكەكان كرانەوەو كاتژمێر 5:00 ئێوارە دادەخرێن، دەست بە جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان دەكرێت. ئەردۆغان كە ماوەی 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆشدا چانسی زیاتری سەركەوتنی هەیە بەبەراورد بە ركابەرەكەی كە كەمال كلیچدارئۆغلۆی سۆسیال دیموكراتە. ئەمڕۆ دەنگدەرانی توركیا كە ژمارەیان (60 ملیۆن) كەسە، لەنێوان دوو تێڕوانیندا بۆ داهاتووی وڵاتەكەیان هەڵبژاردن دەكەن، دەنگ بە بەردەوامبوونی ئەردۆغانی ئیسلامی كۆنەپارێز دەدەن كە تەمەنی 69 ساڵەو هێشتا لە دەسەڵات تێرنەبووە یاخود دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغلۆی تەمەن (74 ساڵ) دەدەنو دیموكراتیەتێكی ئارام هەڵدەبژێرن، ئەمە وەكو ئەوەی كلیچدارئۆغلۆ دەیڵێت كە پێشتر فەرمانبەرێكی گشتی بووە. ئەردۆغان لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا رێژەی 49,5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە سەرباری ئەو هەڵاوسانە ئابورییە گەورەی كە لە توركیا هەیەو دۆخی ژیانی خێزانەكانی قورس كردووە، هێشتا دەنگدەرانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرفراوان پاڵپشتی لە ئەردۆغان دەكەن. ئەم پشتیوانییە بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان لە دەسەڵات، لە گەڕی یەكەمدا تەنانەت لەو ناوچانەش بینرا كە شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزە لێیداو لانی كەم 50 هەزار كەسی كوشتو نزیكەی سێ ملیۆن كەسی بێ مالو حاڵ كرد، دەنگدانی خەڵكی ئەم ناوچانە بۆ ئەردۆغان پێچەوانە پێشبینییەكانی بەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن بوو. ئەمڕۆ كەمال كلیچدارئۆغلۆ ركابەرایەتی ئەردۆغان دەكات، كەمال كە پسپۆڕێكی ئابورییە، حەزدەكات وەكو "باوە گەورەی دیموكراتیەت لە توركیا" خۆی بناسێنێت، ئەم پیاوە لە گەڕی یەكەمدا نەیتوانی بە باشی پرسی قەیرانی ئابوری مەترسیداری توركیا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەسەر سەرۆكی ئێستادا سەركەوێت. كلیچدارئۆغلۆ كە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی (جەهەپە)یەو پارتەكەی لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیاوە دروستكراوە، بەڵێنی ئەوە دەدات "بەهار بهێنێت بۆ توركیا"، دەیەوێت سیستەمی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوەو سیستەمە سەرۆكایەتییەكەی ئەردۆغان هەڵوەشێنێتەوە، لەپاڵ ئەمەدا بەڵێنی سەربەخۆكردنی دادگاو میدیاكان دەدات. بەر لە دوو هەفتەو لە گەڕی یەكەمدا كلیچدارئۆغلۆ رێژەی 45%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، سەرباری ئەوەی جارێكی تر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەكو نوێنەری زۆرینەی كورد لە توركیا پشتیوانی خۆی بۆ راگەیاندووە، بەڵام هێشتا چانسی سەركەوتنی كلیچدارئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا لاوازە. راپرسییەكان دەریدەخەن بە جیاوازی 5 پۆینت لەدوای ئەردۆغانەوەیە. یەك ملیۆن چاودێر كلیچدارئۆغلۆ توشی شۆك بوو كاتێك لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی نەیبردەوە، چونكە ئەمە پێچەوانەی پێشبینی كەمپەكەیو زۆربەی راپرسییەكان بوو. بەهۆی ئەوەی میدیاكان لە توركیا زۆربەیان تەرخانكراون بۆ هەڵمەتی ئەردۆغان، كلیچدارئۆغلۆ بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن پەنای بۆ تویتەر برد، لایەنگرەكانیشی هەڵمەتی دەرگا بە دەرگایان رێكخست بۆ دووبارە كۆكردنەوەی دەنگدەران. ستراتیژی كلیچدارئۆغلۆو لایەنگرانی بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ (8 ملیۆن 300 هەزار) دەنگدەرە كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووەو نەچونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی ئاستی بەشداری دەنگدەران گەیشتە 87%، چونكە لە یەك رۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە، رەنگە ئەمە كاریگەری لەسەر ئاستی بەشداری هەبێت. لەبەرامبەردا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، ئەردۆغان قسەكردنی لەناو كۆبونەوە جەماوەرییەكاندا زیاتر كرد، ئەمەش پاڵپشت بەو گۆڕانكارییانەی كە لە توركیا روودەدات لەوكاتەوە كە ئەو دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، سەرەتا وەكو سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2003و دواتریش لە 2014وە وەكو سەرۆكی وڵات. ئەردۆغان كە لەماوەی ساڵێكدا سێجار ئاستی كەمترین موچەی بەرزكردوەتەوە، بۆ گەڕی دووەم لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا بەخشندە تر بووەو بەڵێنی ئەوەی داوە دەرماڵەی تایبەت بەو خوێندكارانە بدات كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە كەسوكاریان لەدەستداوە. دوێنێ ئەردۆغان وتی:" یەكشەممە رۆژێكی تایبەتە بۆ هەموومان. سەردەمی كودەتاو حوكمی سەربازی بەسەرچووە". لەدواین چالاكی خۆیدا بەر لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەم، ئەردۆغان سەردانی گڵكۆی مەرجەعە سیاسییەكەی كرد كە (عەدنان مەندەریس) كە سەرۆك وەزیرانی ئیسلامی- نەتەوەپەرەستی توركیا بوو، ساڵی 1961 دەسەڵاتی سەربازی كودەتای بەسەردا كردو لەسێدارەی دا. ئەمڕۆ كە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، هاوكات یادی 10 ساڵەی خۆپیشاندانەكانی "غیزی"یە كە لە ئیستانبوڵ دەستیپێكردو دواتر سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، ئەم خۆپیشاندانانە یەكەم شەپۆلی ناڕەزایەتی بوون دژ بە حوكمڕانییەكەی ئەردۆغان، بەڵام بەتوندی سەركوتكرا. بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ، ئۆپۆزسیۆن بڕیاریداوە "بۆ هەر سندوقێكی دەنگدان 5 چاودێر دابنێت" واتا بە تێكڕا (1 ملیۆن) چاودێر. نێردەی هاوپەشی رێكخراوی ئاسایشو هاریكاری ئەوروپاو ئەنجومەنی ئەوروپا لە راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن لە توركیا دەڵێ: هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی پڕ لە كێبركێدا بەڕێوەچووە. میدیاكانی توركیا بێ پاساو پێشڕەوییان بە ئەردۆغان بەخشیوە. هاوپەیمانەكانی توركیا بە دیاریكراویش پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بەچڕی چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات كە پێشبینی دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەكانی بڵاوبكرێتەوە.
درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی رۆژو مانگی دیاریكراوی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر سایتەكەی دیاریكرد. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكراوەتەوەو كۆمسیۆنیش بەو شێوەیە كاراكراوەتەوە كە سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت دانیشتنەكەی پەرلەمان ناپەیڕەوی و نایاساییەو كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوەو جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت كاراكراوەتەوە، سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت "كاراكراوینەتەوە" و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت "كارا نەكراوینەتەوە"، كۆمسیۆن دەیەوێت كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بكات، بەڵام ئەندامانی (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) ئامادەنین بەشداری لە هیچ كۆبوونەوەو چالاكیەكی كۆمسیۆن ناكەن، بەوەش كۆمسیۆن ناتوانێت نیسابی خۆی تەواوی بكات. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە سایتی فەرمی خۆی رۆژ و مانگی دیاریكردووە بۆ وادەی هەڵبژاردن كە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە. لە ئێستادا (174 رۆژ و 9 كاتژمێر و 29 خولەك و 29 چركە)ی ماوە. لەسەر سایتی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە كە (3 ملیۆن و 85 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەیە بەم شێوەیە: • هەولێر: 1,109,072 • سلێمانی: 1,196,980 • دهۆك: 711,218 • هەڵەبجە: 68,191 • كۆی گشتی: 3,085,461
درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ كۆبوونەوە، كۆبوونەوەی كۆمسیۆن پێویستی بە ئامادەبوونی (5) ئەندامە لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن، ئەوەی تا ئێستا یەكلا بووەتەوە، سێ ئەندامی (پارتی)یە كە دوانیان سوێندی نەخواردووە ، شەش ئەندامی (كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان، یەكێتی) یەكلابوونەتەوەو بەشدار نابن لە كۆبوونەوەی كۆمسیۆن. لە دانیشتنی رۆژی 22/5/2023 پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردووە بەدوو بەشەوە، ئەندامانی كۆمسیۆن لە پشكی پارتی، پشتیوان لە نوسراوەكەی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكەن و پێیان وایە كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، دوو ئەندامەكەی پشكی یەكێتی پشتیوانی لە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و پێیان وایە كارانەكراونەتەوەو "ماوە بەسەرچوون" دوو ئەندامەكەی (یەكگرتوو كۆمەڵ)، بەشداری هیچ چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەن و دەڵێن" بەشێك نابین لەو ململانێ و كێشانە". بە پێی بەدوادچوونەكانی (درەو) بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ كۆبوونەوەی فراوانی كردووە بە ئامادەیی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆن، تیایدا بڕیاریانداوە نەبنە بەشێك لەو ململانێ و كێشانەی نێوان یەكێتی و پارتی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش دەبێت بە یاسایی و پەیڕەوی بێت، ئەوان بڕیاریان داوە بەشدار نەبەن لە هیچ كۆبوونەوەو چالاكیەكدا. كۆبوونەوەی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (دەنگۆی ئەوە هەیە كە رۆژی دووشەمە كۆببنەوە)، كۆبوونەوەكە پێویستی بە (5) ئەندام هەیە لە كۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن، واتا زۆرینەی رەها (50+1)، بە پێی هەڵوێستی تا ئێستای حزبەكان بێت، كۆمسیۆن ناتوانێت كۆببێتەوە تەنیا بە سێ ئەندامەكەی پارتی. بەپێی دابەشكارییە، پشكی حزبەكان لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیە: • پارتی: 3 ئەندام • یەكێتی: 2 ئەندام • گۆڕان: 2 ئەندام • كۆمەڵ: 1 كورسی • یەكگرتوو: 1 كورسی بڕیارە سبەینێ شوێنگرەوەی دوو ئەندامی كۆمسیۆن سوێندی یاسایی دەخۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان: • عەلی ساڵح بەندی لە شوێنی (جوتیار عادل) كە ئێستا وتەبێژی حكومەتی هەرێمە دەبێتە ئەندامی كۆمسیۆن و سوێندی یاسایی دەخوات لەسەر پشكی پارتی. • كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنی (سەیاح عەبدوڵا قاسم) ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە. ئەگەر ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی سوێندی یاسایی بخۆن پێكهاتەی كۆمسیۆن بەم شێوەیەی لێدێت: • هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە • رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە • شیروان زرار- كۆمسیارو وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە • ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە • عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمەو ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) • نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانەو سەربە یەكێتییە • سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)
درەو: بڕیارە سبەینێ دوو ئەندامە نوێیەكەی كۆمسیۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاسایی بخۆن. لە دانیشتنی رۆژی 22/5/2023 دوای درووستبوونی پشێوی و شەڕی نێوان فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی لە پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوی ئاراستەی كۆمسیۆن و ئەنجومەنی دادوەری كردووەو بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دانانی دوو ئەندامی نوێی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی پێڕاگەیاندوون، هەرچەندە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیارەكە بە نایاسایی و ناپەیڕەوی لە قەڵەم داوە بەڵام بڕیارەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوەكرایەوە. سبەینێ شوێنگرەوەی دوو ئەندامی كۆمسیۆن سوێندی یاسایی دەخۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان: • عەلی ساڵح بەندی لە شوێنی (جوتیار عادل) كە ئێستا وتەبێژی حكومەتی هەرێمە دەبێتە ئەندامی كۆمسیۆن و سوێندی یاسایی دەخوات لەسەر پشكی پارتی. • كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنی (سەیاح عەبدوڵا قاسم) ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە. ئەگەر ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی سوێندی یاسایی بخۆن پێكهاتەی كۆمسیۆن بەم شێوەیەی لێدێت: • هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە • رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە • شیروان زرار- كۆمسیارو وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە • ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە • عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمەو ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) • نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانەو سەربە یەكێتییە • سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)
راپۆرت: درەو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەدا هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر)ی لەدەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەندەوە، بەرهەمی ئەم دوو كێڵگەیە رێژەی 40%ی تێكڕای نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان پێكدەهێنن، واتا لە كۆی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، نزیكەی (160 هەزار) بەرمیل لەم دوو كێڵگەیە بەرهەمدەهێنرێن. حوزەیرانی ساڵی رابردوو كێڵگەی (كۆرمۆر) كە دەكەوێتە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەكێتیی چەندجارێك موشەكباران كرا، لەولاشەوە حەشدی شەعبی هێزی جوڵاند بۆ گرتنی (خورمەڵە) لەژێر ناوچەی دەسەڵاتی پارتیدا، ئەوەی حەشدی بەشێوەی سەربازی نەیكرد، لە پەرلەمانی عێراق بە بڕگەیەكی یاسایی ئەنجامدرا، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەم بابەتە بۆچونیان جیاوازە، حكومەت دەڵێ" قبوڵی ناكەین"، كەرتی نەوتی هەرێم بەبێ (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) چییە ؟ بەر لە دادگا، بودجە حوكم دەدات راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بودجەی 2023 پەسەندكرا، بڕگەی (10) لە ماددەی (14)ی پرۆژە یاسای بودجە كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسەندكراوە دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم پابەندن بە رێگریكردن لە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوكو نەینەوا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ئێستادا". ئەم بڕگەیە بەواتای ئەوەدێت، حكومەتی هەرێم چیتر بۆی نییە نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) دەربهێنێت، چونكە هەردوو كێڵگەكە سەربە كۆمپانیای نەوتی باكۆرن لە كەركوك و نەینەوا، ئەمە جگە لە راگرتنی كاركردنی حكومەتی هەرێم لە هەندێك كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای نەینەوادا كە بە تانكەر نەوتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە. كۆمپانیای نەوتی باكور لەدادگای فیدراڵی سكاڵای كردووەو داوای ئەم دوو كێڵگەیە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام بەرلەوەی دادگا بڕیار بدات، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە (4) ئەندامی فراكسیۆنە كوردیەكانی تێدایە (پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو)، ئەم دوو كێڵگەیەی لەدەستی حكومەتی هەرێم سەندەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم بڕگەیە زۆر توڕەیەو هەڕەشەی كشانەوە لە حكومەتی عێراق دەكات ئەگەر لە پەرلەمان ئەم بڕگەیە پەسەند بكرێت. راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) چ واتایەكی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە لە بواری نەوتدا ؟ بەرهەمی ئەم كێگانە چەندەو چ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەبێت ؟ خورمەڵە.. شادەماری نەوتی هەرێم بلۆكی خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر، ئەم كێڵگەیە درێژكراوەی كێڵگەی كەركوكە، لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ساڵی 2007 كەوتوەتە دەست حكومەتی هەرێم. ناوەڕاستی ئایاری 2022، كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگەی (خورمەڵە). حكومەتی فیدراڵ بە وەرگرتنەوەی ئەم كێڵگەیە، لە شادەماری ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە بەپێی داتاكانی 2022ی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: • داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم كێڵگەیە مانگانە (525 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دابین دەكات، لەكاتێكدا تێكڕای داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم (ملیارێكو 260 ملیۆن) دۆلارە. • لەكۆی (421 هەزار) بەرمیل نەوت كە رۆژانە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات بڕی (175 هەزار) بەرمیلی بەتەنیا لە كێڵگەی (خورمەڵە) بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش رێژەی 42%ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو و داهاتی نەوتی هەرێم لە (خورمەڵە)وە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام بەپێی راپۆرتێكی چەند رۆژی رابردووی ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە" كێڵگەی خورمەڵە ئێستا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش كەمبونەوەیەكی زۆرە بەبەراورد بە مانگێك لەمەوبەر كە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل بووەو بەر لە راوەستانی بۆرییەكە كە رۆژانە 135 هەزار بەرمیل بووە". كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی خورمەڵە دوای ئەوە دێت بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ، لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریسدا، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی لەرێگەی بۆرییەوە راگرت. لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە زیانی گەورەتری دەبێت، چونكە بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كێڵگەی (خورمەڵە)ەوە دەستپێدەكات، رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك دەچێتە خورمەڵەو لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، داهاتی ئەم نەوتەی كەركوك بۆ حكومەتی عێراق بوو، بەڵام كۆمپانیای (كار) كرێی بۆرییەكە لە عێراق وەردەگرتو بۆ هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك بڕی (10) دۆلاری دەستدەكەوت، كە بەتێكڕا مانگانە داهاتەكەی (27 ملیۆن) دۆلار بوو، بەڵام ئەگەر كێڵگەی خورمەڵە بكەوێتە دەست كۆمپانیای نەوتی باكور، چیتر كۆمپانیای (كاریش) ئەم قازانجەی دەستناكەوێت. كۆمپانیای كار لە كێڵگەی خورمەڵە كار دەكات، كە گەورەترین كۆمپانیای خۆماڵییە لە بواری وزەدا، كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە بۆ پەرەپێدان لە كێڵگەكەدا. بەڵام جۆری گرێبەستی ئەم كۆمپانیایە هێشتا نەزانراوە، كۆمپانیای كار كاتێك كێڵگەی (خورمەڵە)ی وەرگرتووە، كێڵگەیەكی ئامادە بووەو بەرهەمی هەبووە، زۆربەی بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەچێت بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی (كار)، بڕێكیشی بە تانكەر هەناردەی توركیا دەكرێت. بەمدواییە كە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا راوەستا، پێشنیازێك هەبوو بۆ ئەوەی كۆمپانیای (كار) ئاستی هەناردەی نەوت بۆ توركیا بە تانكەر بەرزبكاتەوە. كۆمپانیای كار، جگە لە كێڵگەی خورمەڵە، لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمیش دەكاتو پشكی 40%ی لە بۆرییەكەدا هەیە، لەپاڵ ئەمەشدا (كار) خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی كوردستانە كە رۆژانە نزیكەی (25 هەزار) بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەپاڵێوێتو بەپێی زانیارییەكان، كۆمپانیای كار بە دوو هێندەی نرخ نەوت بۆ حكومەتی هەرێم دەپاڵێوێت بە بەراورد بە عێراق. كۆمپانیای (كار) واناسراوە، لە لوتكەی دەسەڵاتی زۆنی زەردەوە نزیكە، بۆیە بە لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە، كۆمپانیاكە زیانی گەورەی دارایی بەردەكەوێتو ئەمەش بەواتای لێدان دێت لەیەكێك لە سەرچاوە بەهێزەكانی ئابوری پارتی دیموكراتی كوردستان. كۆرمۆر.. نەوتە پاكژەكەی یەكێتیی كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتا لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەم لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراوەو خراوەتەسەر قەزای چەمچەماڵ. كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر. بەرهەمی ئێستای كێڵگەكە بەمشێوەیە: • گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا • كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی • گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێتو دەیگوازێتەوە. بەپێی ئەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەی بودجەی 2023دا پەسەندی كردووە، دەبێت حكومەتی هەرێم بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە رابگرێت، بەڵام بڕگەكە ئاماژەی بە غاز نەكردووە. نەوتی ئەم كێڵگەیە (كۆندێنسەیت) لەماوەی رابردوودا یەكێك لە چەكە بەهێزەكانی یەكێتیی بوو دژ بە پارتی، چونكە بەم نەوتە كوالیتی نەوتی كێڵگەكانی تری هەرێم بەرزدەكرایەوە، كە زۆرینەیان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوون، واتا بە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (كۆرمۆر) چیتر یەكێتیش ئەم كارتەی بەدەستەوە نامێنێت، بەڵام ئەمە لەكاتێكدا روودەدات كە پرۆسەی نەوتی هەرێم بە گشتی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدا نامێنێتو دەكەوێتە دەست حكومەتی فیدراڵ. كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستانو پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات. شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەوكات ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد. ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراقو ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراقو توركیاش دابین بكەین. هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان بارزانی گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕو دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوەو یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئیتر لەدوای ئەم بڕیارەوە، حكومەتی فیدراڵ زیاتر دەستی كرایەوە تا ئەوەی سكاڵاكەی دادگای پاریسی دژی توركیا لە بەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوەو بەمەش بەتەواوەتی جڵەوی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی كرد، واتە ئەوەی ئێستا لە پرۆژەیاسای بودجەدا روودەدات، بەرەنجامی ئەم گۆڕانكارییانە بووە كە تێیدا پێگەی هەولێر لاوازو پێگەی بەغداد بەهێزتر بوو. ئازاری 2022 دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، چونكە كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێ سپێردرا بوو، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراقو ئەمریكیو توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكیو ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراقو توركیاو نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا. غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان لەناوخۆدا. ناوەڕاستی 2022 بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتیی ئەوكات باسیان لەوە دەكرد، راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەبوو، دەیانوت" راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆرە بۆ توركیا". ئەوكات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتیی رێگری كرد. رۆژی 28ی نیسانی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانو رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" روونو ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت". ئەوەی حەشد نەیكرد، بودجە دەیكات ! حكومەتی فیدراڵی عێراق گەورەترین كێڵگەی (غاز)ی هەرێمی كوردستان كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێم كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی، بە هی خۆی دەزانێت. حوزەیرانی 2022 چەندجارێك بە كاتیۆشا هێرش كرایەسەر كێڵگەی (كۆرمۆر)، پەنجەی تۆمەت لەم هێرشانەدا بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی راكێشرا. لەو رۆژانەدا كە موشەكەكان ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چووە (تەوێڵە)و لە باخەكەی (جەمیل هەورامی) چەند بەرپرسێكی ئێرانی بینی، ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە، دیارنییە ئایا باسی هێرشەكانی كۆرمۆرو خورمەڵەی تێدا كراوە یاخود نا. دوابەدوای هێرشەكانی (كۆرمۆر)، هێزەكانی حەشدی شەعبی خۆیان كۆكردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێڵگەی (خۆرمەڵە)، بەوپێیەی ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵ، دوان لە گەورە دەسەڵاتدارانی ناو حەشد كە هەریەكە لە (هادی عامریو قەیس خەزعەلی) بوون، ئەوكات جەختیان دەكرد لە كۆنترۆڵكردنی (خورمەڵە)، ئەمەشیان بە راشكاوی بە چەند بەرپرسێكی كورد وتبوو. رۆژی 23ی حوزەیرانی 2022 چەند گروپێكی حەشدی شەعبی هێزیان بەرەو نزیكی مەخمورو خۆرمەڵە جوڵە پێكرد، شەوەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركردو رایگەیاند" وەزیرانی كاروباری پێشمەرگەو ناوخۆم راسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتیو دامەزراوەكانی نەوتو گاز.. رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر". دۆخەكە گەیشتە ئاستی ئەوەی شەوی 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی پەیوەندی بە (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقاوە كردو بڕیاریشیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارودۆخەكە ئاگادار بكاتەوە، لەسەر زەویش مەسرور هێزێكی لەشكری (گوڵان)و زێرەڤانی بەرەو كێڵگەی خورمەڵە جوڵە پێكرد. ئەگەر حەشد دەستی بەسەر كێڵگەی خورمەڵەدا بگرتایە، جگە لەوەی شادەماری ئابوری هەرێمی دەبڕێت، بوونی هێزەكانی لەم ناوچەیەدا لەڕووی ئەمنییەوە دەبوو بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەولێر، چونكە خورمەڵە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. ئەوەی حەشدی شەعبی نەیكرد، ئێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەبێ ناردنی هێزو لەرێگەی زیادكردنی بڕگەیەك بۆ رێككەوتنی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ كردویەتیو هەرێم پابەند دەكات كێڵگەكە رادەستی بەغداد بكاتەوە. ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێ:" ئەو گۆڕانكاریانەی لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێككەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی كوردستان، لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریینو دژی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵیەو هەروەها دژی پرەنسیپەكانی ڕێككەوتنی حكومەتی ئیدارەی دەوڵەتو بەرنامەی ئەو كابینەیەیە كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە. ئێمە وەك حكومەتی هەرێم، بەهیچ شێوەیەك، ئەم ستەمكاریو پێشێلكردنەی مافەكانی خەڵكی كوردستان قبوڵ ناكەینو پابەندی هیچ بڕیارێكی تریش نابین جگە لەو ڕێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ حكومەتی بەڕێز سودانی كراوە". راپۆرتی پەیوەندیدا - كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتیو یەكێتیدا گیری خواردووە - دوكەڵ لە (كۆرمۆر)و ئاگر لە (خورمەڵە)یە - یەكێتی غاز رادەستی بەغداد دەكات
درەو: راپۆرتی: رۆیتەرز رۆژی یەك شەممەی داهاتوو(28)ئایار, هاوڵاتیانی توركیا لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەنگدەدەن, بۆ یەكلایەكردنەوەی كێبڕكێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ, ئەم راپۆرتە, زانیاری لەبارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و پرسە سەرەكیەكان لەخۆدەگرێت, وێڕای چۆنیەتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە (14)ی ئایاری رابردوو. درەو: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هاوڵاتیانی توركیا سەرۆكێك هەڵدەبژێرن, كە ماوەی ویلایەتەكەی بۆ پێنج ساڵە, لەگەڕی یەكەمی دەنگدان كە لە (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, ئەردۆغان(49.5٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, ئەوەش كەمێك كەمتربوو لەو زۆرینەیەی پێویستە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەچێتە خولی دووەم, لە پرۆسەیەكدا كە وا تەماشا دەكرێت راپرسیبێت لەسەر دەسەڵاتە پاوانخوازیەكەی ناوبراو. كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن كە شەش پارت لەخۆدەگرێت, (44.9٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) بە بەدەستهێنانی(5.2٪) دەنگەكان, پلەی سێیەمی بەدەستهێناو لەكێبڕكێكە دورخرایەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنەكە, پێشبینی رێكخەرانی راپرسیەكانی توشی شڵەژان كرد, كە كڵیچدار ئۆغلۆیان كردبووە براوەی یەكەم. كاندیدەكان سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای زیاتر لە (20)ساڵ لەگەیشتنی ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان بۆ دەسەڵات, دەیەوێت ماوەی ویلایەتەكەی درێژبكاتەوە, كە دەبێتە یەكەم دەسەڵاتدار لەسەردەمی توركیا هاوچەرخدا, ماوەی دەسەڵاتەكەی هێندە درێژەی كێشابێت. توانایەكی بەهێزی نواند لە(14)ی ئایاردا, كاتێك توانی دەنگدەرە موحافیزكارەكان كۆبكاتەوەو روبەڕوی پێشبینیەكانی ئاوابونی خۆری سیاسی ببێتەوە. سەركەوتن دەبێتە هۆكاری چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەم رابەرە, كە توركیای گۆڕی, سەرلەنوێ ئەو دەوڵەتە سیكۆلارە پێكدەهێنێتەوە كە (100) ساڵ لەمەوبەر دامەزرا, بۆ ئەوە هاوتەریبی تێڕوانینە ئاینیەكانی بێت و دەسەڵاتەكان لەدەستی خۆیدا كۆبكاتەوە, كە رەخنەگرەكانی بەڕۆیشتن بەرەو سەركوتكاریی دادەنێن. ئەردۆغان ئەم هەفتەیە پشتیوانی نەتەوەپەرستی توندڕەو سینان ئۆغانی بەدەستهێنا, ئەوەش ئاستەنگەكانی بەردەم كڵیچدار ئۆغلۆی سەختتركرد, كە لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا روبەڕی دەبێتەوە. لە دەنگدانی پەرلەماندا كە رۆژی (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, پارتی دادو گەشەپێدان بە حەوت خاڵ پاشەكشێیكرد, كە ساڵی (2018) رێژەی (42.6٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانێتیەكەی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا, ئەردۆغان داوا لەدەنگدەران دەكات پشتیوانی بكەن لەپێناو زامنكردنی سەقامگیری سیاسی. كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی ئۆپۆزسیۆنەو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریە, كە مستەفا كەمال ئەتاتورك_دامەزرێنەری توركیای هاوچەرخ دروستیكردووە. پرۆگرامێكی گشتگیری خستە بەردەم دەنگدەران و بەڵێنی سەرلەنوێ بەدیموكراسیكردنی توركیایدا, بە گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی و سەربەخۆكردنی دەسەڵاتی دادوەری, كە رەخنەگرانی دەڵێن ئەردۆغان بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی بەكاریهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا, گوتارەكەی لە (14)ئایارەوە ئاراستەیەكی توندی وەرگرتووە, بەجۆرێك دەستی بۆ دەنگدەرە نەتەوەپەرستەكان درێژكردووە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەردۆغانداو, بەڵێنیداوە بەگێڕانەوەی ملیۆنەها پەنابەر. پارتەكانی لایەنگری كورد لەتوركیا, پشتیوانیان بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا دووپاتكردەوە, بەبێ ناوهێنانی, ئەوەش دوای رۆژێك لەدەربڕینی توڕەییان لەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی سەركەوتنی راستڕەوی توندڕەو ئەنجامیدا, كە دژی كۆچبەرانن. رۆژی چوارشەممە, ئومیت ئۆزداغ سەرۆكی پارتی (ZP) پشتیوانی پارتەكەی بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ دەربڕی, كە رەنگە پاڵپشتیەك بێت بۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری, بۆ روبەڕوبونەوەی كاریگەری پشتیوانی سینان ئۆغان بۆ ئەردۆغان, پارتی(ZP) لە(2.2٪) دەنگەكانی لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا بەدەستهێناوە. مەترسییەكان چین؟ پرۆسەی دەنگدان تەنها بڕیار لەسەر ئەوەنادات كێ سەركردایەتی توركیا دەكات, كە دەوڵەتێكی ئەندامە لە ناتۆو ژمارەی دانیشتوانەكەی (85)ملیۆن كەسە, بەڵكو دەنگدانیشە لەسەر ئەوەی چۆن حوكم دەكرێت, ئابوریەكەی بەچ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات, لەنێوەندی قەیرانی قوڵی گرانی بژێوی و شێوازی سیاسەتی دەرەكی. ئەوانەی رەخنە لە ئەردۆغان دەگرن, دەڵێن: حكومەتەكەی دەمی ئۆپۆزسیۆنی گرتووەو مافەكانی زەوتكردون و دەسەڵاتی دادوەری خستووەتە ژێر هەژمونی خۆیەوە, بەرپرسانی توركیاش ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە. ئابوری توركیا بوارێكی ترە كە سەرنجەكانی لەسەرە, ئابوریناسان دەڵێن: سیاسەتە نا نەریتیەكانی ئەردۆغان, كە خۆی لە دابەزاندنی نرخی سوددا دەبینێتەوە, سەرەڕای بەرزبونەوەی نرخەكان, هۆكار بووە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵئاوسان لەساڵی پاردا بۆ (85%) بەرزبێتەوەو لیرە بگاتە یەك لەسەر دەی بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلار, لەماوەی دەیەی رابردوودا. كڵیچدار بەڵێیندا بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتێكی ئابوری كە زیاتر نەریتی بێت, لەگەڵ گێڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ بانكی ناوەندی توركیا. لەكاروباری دەرەوەشدا, لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغان, توركیا نمایشی هێزی سەربازی كردووە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا, پەیوەندیەكی توندوتۆڵتری لەگەڵ روسیا دامەزراندووە, پەیوەندیەكانی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاش بەشێوەیەكی بەرچاو ئاڵۆزبووە. هەروەك توركیاو نەتەوەیەكگرتوەكان نێوەندگیریان كردووە لەنێوان مۆسكۆ و كیێڤ بۆ هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرانیا, ئەردۆغان هەفتەی رابردوو درێژكردنەوەی رێككەوتنەكەی بۆ دوومانگی تر راگەیاند. راپرسی زیاتر لە (64) ملیۆن هاوڵاتی توركیا مافی دەنگدانیان هەیەو نزیكەی (192000) ناوەندی دەنگدان هەیە, بە زیاتر لە (6)ملیۆن دەنگدەریش كە بۆ یەكەمجار لەهەڵبژاردنی (14)ی ئایار مافی دەنگدانیان هەبووە, لەگەڵ (3)ملیۆن و (400)هەزار دەنگدەری دەرەوە, كە لەنێوان (20 بۆ 24)ی ئایار دەنگیاندا. ناوەندەكانی دەنگدان لەتوركیا, رۆژی (28)مانگ لە كاتژمێر (8)ی بەیانی دەكرێنەوە, كاتژمێر (5)ئێوارە دادەخرێن, رۆژی هەڵبژاردن فرۆشتنی مادە كهولیەكان قەدەغە دەكرێت. رێژەی بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی توركیا بەشێوەیەكی گشتی بەرزە, لە (14)ئایاردا, رێژەی بەشداری گەیشتە(87.04٪)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە, بەرێژەی (88.9٪) لەناوخۆی توركیاو (49.4٪) لەدەرەوە. ئەنجامەكان بەگوێرەی رێساكانی هەڵبژاردن, بڵاوكردنەوەی هەواڵ و پێشبینیكردن و كۆمێنتدان لەبارەی هەڵبژاردن, قەدەغەكراوە تا كاتژمێر شەشی ئێوارە, دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتژمێر (9)ی شەوەوە بۆیان هەیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڵاوبكەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا, دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا دەتوانێت رێگە بە میدیاكان بدات راپۆرت لەبارەی ئەنجامەكان بڵاوبكەنەوە لەكاتێكی زووتردا, زۆربەی كاتیش ئەمە دەكات. پێدەچێت ئێوارەی یەك شەممە, ئەنجامەكان لەكاتێكی زووتردا دەربكەون بە بەراورد بە هەڵبژاردنی (14)ئایار, بە لەچاوگرتنی ئاسانی جیاكردنەوەی كارتەكانی دەنگدان. سەرچاوە: رۆیتەرز
درەو: بەپێی مادەی (14) لە پرۆژە یاسای پەسەندكراوی لیژنەی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نەوتی هەرێم لەلایەن تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقەوە بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەدات، لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە. ماددەی 14: یەكەم: وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەندی عێراق داهاتی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندیی دادەنرێت بە بی ئەوەی هیچ لێبڕینێك، بۆ هەر مەبەستێك ئەنجامبدرێت، وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم یان هەر كەسێك كە خۆی دەسەڵاتی بداتێ,ئەم هەژمارە لە لایەن دیوانی چاودێری داراییەوە وردبینی تێدا دەكرێت، لیژنەیەكی شارەزای دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی ناوەندی ئەم كارە دەكات و هەموو هەژمارە هاوشێوەكانی تر دادەخرێت