راپۆرتەكانی (درەو) لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گفتوگۆی لەسەركرا
2024-08-28 20:44:07
درەو:
لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و پەیمانگای واشنتۆن گفتوگۆكرا لەسەر راپۆرت و بڵاوكراوەكانی (درەو) تایبەت بە (رەوسی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین لە هەرێم, پرسی نەوت و قاچاغی نەوتی هەرێم, پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێگەی حزبەكان)
محەمەد رەئوف سەرنوسەری دامەزراوەی میدیایی درەو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی تایبەت بە كاروباری عێراق و هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی دەرەوە، گفتوگۆی لەسەر بڵاوكراوەو راپۆرتە تایبەتەكانی (درەو) كرد بەتایبەت (پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، پرسی نەوت و قاچاخی نەوتی هەرێم، پرسی رۆژنامەوانی وتیرۆری رۆژنامەنووسان بەتایبەت تیرۆركردنی دوو رۆژنامەنووس لە لایەن تركیاوە).
لە گفتۆگۆكەدا ( Jacob D.Surface) لە دیكس سیاسی عێراق، (Jeffrey D. Zimmer) لە پرۆگرامی گشتی وەزارەتی دەرەوە، (Michael Day ) لە دیسكی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو چەند بەرپرسێكی دیكە بەشداربوون لە گفتوگۆكەدا.
لە پەیمانگای واشنتۆن (Washington Institute ) لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا راون تەیبڵێك رێكخرا لەگەڵ ژمارەیەك لە توێژەرو لێكۆڵەری تایبەت بە كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستان و میسرو فەلەستین، تایبەت بە (رەوشی رۆژنامەوانی، پرسی نەوتی هەرێم، هەڵبژاردنی كوردستان) لە پەیمانگای واشنتۆن سەرنوسەری (درەو) راپۆرت و بنكۆڵكاریی و كتێب و بڵاوكراوەكانی (درەو)ی لەگەڵ توێژەرانی پەیمانگای واشنتۆن گفتوگۆكرد.
لە بارەگای سەرەكی رێكخراوی (NED) لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی رێكخراوەكە گفتوگۆكرا لەسەر پرسی رەوشی رۆژنامەگەری و میدیا لە هەرێمی كوردستان, رێكخراوی ( NED) فەندی رێكخراوو دامەزراوە میدیاییە ئازادەكان دەكات, (دامەزراوەی میدیایی درەو) و بەشێك لە میدیا و رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن رێكخراوی (NED)ەوە فەند دەكرێن.
سەرنوسەری دامەزراوەی میدیایی درەو بەفەرمی بانگهێشتی كۆڕبەندی سەركردە نێودەوڵەتییەكان (ILF) كراوە كە لە ١٩ بۆ ٢٢ی ئاب لە شیكاگۆ بەڕێوەچوو.
تەلاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.
پەیمانگای واشنتۆن
كۆڕبەندی سەركردە نێودەوڵەتییەكان (ILF) لە شیكاگۆ