"تەوافوقمان كردووە هیچ كاردانەوەیەكمان نەبێت"

Draw Media

2024-09-05 08:53:35



(درەو): 
یەكەم كاروانی كەلوپەلی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆمەڵەكان" ئەمڕۆ بە بارهەڵگر لە (زڕگوێز)ەوە دەگوازرێتەوە بۆ (سورداش)، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی چونەتە ناو كەمپەكانەوە، یەكێك لە بەرپرسانی كۆمەڵە دەڵێ:" تەوافوقمان كردووە كاردانەوەمان نەبێت".
هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بە ژمارەیەك بارهەڵگرەوە چونە ناو هەرسێ ئۆردوگای (زڕگوێز- بانەگەورە- زڕگوێزەڵان). یەكەم كاروانی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو كەمپانە، ئەمڕۆ رەوانەی (سورداش) دەكرێن، ئەمە جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانەو دوای چۆڵكردنی تەواوەتیی كەمپی هێزەكانی رۆژهەڵات رادەستی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەكرێت. 
سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو هێزەكانی رۆژهەڵات بە (درەو)ی راگەیاند" هەرسێ لایەن (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران- كۆمەڵەی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) تەوافوقمان كردووە كە هیچ كاردانەوەیەكمان لەبەرامبەر هێزەكانی ئەمنییەكانی سلێمانی نەبێت".
ئەو سەرچاوەیە وتی:" نامانەوێت ئەمە بكەین بە بابەتێك كە كاریگەریی لەسەر ئەمنی قەومی كورد هەبێت لەنێوان رۆژهەڵات و باشور، بۆیە قبوڵمان كردووە ئەو شوێنانە بەجێبهێڵین".
رۆژی 19ی ئازاری 2023، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراق سەردانی بەغدادی كرد، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی ئەمنیی پاراستنی سنورەكانی ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرا "كۆنوسی ئەمنیی"، ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە پاككردنەوەی سنوری هەرێمی كوردستان‌و ئێران بوو لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی تری رێككەوتنەكە جەخت لەسەر چەككردن‌و گواستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو لەناو هەرێمی كوردستان بۆ ناو چەند كەمپێكی نوێ. 
پارتی و یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرە ئەمنییەكانی خۆیانەوە (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم) هەرزوو پابەندبوونی خۆیان بە رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان تاران و بەغداد نیشاندا.
رۆژی 27ی ئەیلولی 2023، وەفدێكی ئێران كە بۆ بەشداری لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی سەردانی سلێمانیان كردبوو، چونە زڕگوێزو بەناو كەمپی حزبەكانی رۆژهەڵاتدا سوڕانەوەو وێنەیان گرت، وەفدەكە دوو كەس بوون، یەكێكیان (حەسەن دانایی فەڕ)‌و ئەوی تر (ئاغای مسگریان) بوو، كە دوو فەرماندەن لە سوپای قودس، یەكێتیی بەم كارە ویستی دڵنیایی بە ئێران بدات كە كەمپەكەی چۆڵ كردووەو هێزی پێشمەرگەی تێدا نەماوە.‌
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان عێراق و ئێران بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران بە جۆرێكی تر ئەنجامدراوە. (درەو) زانیویەتی، حزبی دیموكرات لەگەڵ (قاسم ئەعرەجی) راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی كردووە لەسەر ئەوەی خانەوادەكانیان لە كۆیە، لە شوێنی خۆیان و لە ناوچەكانی (ئازادی و ئامریە)و چەند شوێنێكی تر بمێننەوە، بۆیە ئەم شوێنانە پەرژیزنیان بۆ كراوەو بوون بە كەمپ بۆ خانەوادەكانی دیموكرات.
سەرەتای ئەم فشارە نوێیەی كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ سەردەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەكەی ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بە ناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، لەوكاتەوە بەرپرسانی ئێران دەستیانكرد بە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگە بە گواستنەوەی چەك دەدات بۆ ناو خاكی ئێران و ئەو چەكانە دژ بە هێزە ئەمنییەكان لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا بەكاردەهێنرێن، سەرباری رەتكردنەوەی ئەم تۆمەتە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، هەر لەو ساڵەدا ئێران زنجیرەیەك هێرشی موشەكیی و درۆنی بۆسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە كۆیەو زڕگوزێز دەستپێكرد. 
ئاكامی ئەم هێرشانە، ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئەمنیی بوو لەگەڵ بەغداد، كە ئێستا دواین قۆناغی بە چۆڵكردنی كەمپی حزبەكانی رۆژهەڵات جێبەجێ دەكرێت.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand