غائیبی گەورە: چاودێریکردنی دەسەڵات،   رۆڵی دین، هاوڵاتیبوونی یەکسان

Draw Media

2024-08-25 11:23:42



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

بەرەو هەڵبژاردن 
بەشی پێنجەم

ئەوەی بەشێوەیەکی ترسناک لای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان غائیبە، لەپاڵ ئەو کێشانەدا کە لەبەشی پێشوی ئەم نووسینەدا باسمکرد، بریتییە لە غیابی بەرنامەیەکی روون سەبارەت بە چۆنیەتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و چۆنیەتی بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران. ئەم دیدە نەک تەنها لەناو روانینی سیاسیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا بۆ حوکمڕانیی غائیبە، بەڵکو لەناو چۆنەیتی ئیشکردن و بەڕێوەبردنی خودی حیزب و رێکخراو و گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆیشیاندا، غائیبە. وەک ووتم سەرۆکی لایەنە ئۆپۆزسیۆن و بڕیاربەدەستە گەورەکانیان. سەرۆک و بڕیاربەدەستی تاقانە و هەتاهەتایین. لەناو خودی ئەو لایەنانەدا هیچ توانا و میکانیزمێکی روون بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆک و بۆ سنووردارکردنی دەسەڵتەکانی، لەئارادانییە. نەوەی نوێ موڵکی شاسوارە و کۆمەڵی دادگەری موڵکی عەلی باپیر و یەکگرتووش موڵکی سەلاحەدین بەهادینە. یان لانیکەم بەو جۆرە کاردەکەن و بەڕێوەدەبرێن. ئەم هێزانە لە رۆژی دروستبوونیانەوە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو کەسانەدان و هیچ توانا و میکانزمێکی لێپرسینەوەش لە ئارادانییە بتوانێت سنوورێک بۆ خواست و حەز و تێگەیشتنی ئەوان، دابنێت. هەموویان بەناو کەسایەتی کاریزمییەوە کراونەتە خاوەنی هەموو بریارە سەرەکیی و ستراتیژییەکان. بەم مانایە، ئەوەی لەناو ئەو هێزانەدا حوکمڕانە خواست و ویست و سایکۆلۆژیای تایبەتی ئەو کەسانەیە. هەر لە سەرەتاشەوە هاوکێشەکە لای ئەم هێزانە تا ڕادەیەکی ترسناک سادەیە: ئەگەر خێزانە حوکمڕانەکانی ناو پارتی و یەکێتی لاببەن و خۆیان بچنە شوێنی ئەوان، ئیتر کێشەیەک لە وڵاتەکەدا نامێنێتەوە. لەم دیدگایەدا ئەمان مرۆڤی باش و بە ئەخلاقن و حوکمڕانەکان کەسانی خراپ و بەدئەخلاقن. واتە هەر لە سەرەتاوە مەسەلەی حوکمڕانیکردنیان کورتکردۆتەوە بۆ مەسەلەیەکی ئەخلاقیی و بۆ دابەشکردنێکی سادە بەسەر کەسی باش و کەسی خراپدا. 

ئەوەی مێژووی حوکمڕانیی و دەسەڵاتدارێتی فێرمان دەکات ئەوەیە کە مەسەلەی حوکمڕانیی باش پەیوەندیی بە بوونی کەسی باش و خراپەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە بوونی توانا و میکانیزمی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سادان و دەستگۆڕکێی دەسەلاتەوە هەیە. مەسەلەکە مەسەلەی دروستکردنی چەندان خاڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادانە بەرامبەر بە هەر پێگە و خاڵێکی دەسەڵات، لە کۆمەڵگادا. دەسەڵات بەبێ توانای لێپرسینەوە و چاودێریکردن و سنووربۆدانان و سزادان دەگۆڕێت بۆ سەرەتانێکی سیاسیی و بە شێوەیەکی کوشندە هەموو کۆمەڵگاکە،  نەخۆشدەخات. بە کورتییەکەی،  ئەوە بەس نییە مەسرور بارزانی یان قوباد تاڵەبانی لاببرێن و لە شوێنەکانیاندا سەلاحەدین بەهادین، یان شاسوار عەبدولواحید یان عەلی باپیر دابنرێن. هەرکەسێکی دیکە بخرێتە ئەو پێگانەی دەسەڵات و شوێنی ئەو دەسەڵاتدارنە، گەر میکانزمی ڕاستەقینەی یاسایی بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادان لەئارادا نەبێت، هەمان دۆخ و هەمان کارەسات بەشێوەیەکی دیکە، بەرهەمدەهێننەوە.  وەک ووتم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەناو خودی پارت و گروپە سیاسییەکانی خۆیاندا ئەم میکانیزمانەیان نییە و بوونی ئەو میکانیزمانەش قبووڵ ناکەن، ئیدی چۆن باوەڕیان پێبکرێت کە گەیشتنە دەسەڵات، دەکرێت ئەو میکانیزمانە دروست و دەستەبەربکەن. 

هەرچی رۆڵی دینە لە سیاسەتدا شتێکە نە هێزە حوکمڕانەکان و نە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، باسیناکەن. گوتاری باڵادەستی هێزە ئیسلامییەکانیش گوتاری بەرگریکردنە لە دین لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی، بەبێ دیدگایەکی رەخنەیی و بەوجۆرەی ئەوان لە دین گەیشتون. گوتاری هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش، وەک بنەماڵە حوکمرانەکان، گوتاری نەوێرانی باسکردنی رۆڵی دینە لەناو مەسەلەی حوکمڕانیدا. هەموویان بە درۆ و بە ڕاست، خۆیان وەک کەسانی دیندار و لەخواترس نمایشدەکەن و بە بەرچاوی کامێراکانەوە حەج و عەمرە ئەنجامئەدەن، یان وای نیشانئەدەن کە دیندار و حوکمڕانییەکەشیان لەگەڵ دیندا تەبادەبێت. ئەم هێزانە خاوەنی هیچ دیدێکی رەخنەیی بۆ رۆڵی دین لە ژیانی گشتیی و لە شێوازی حوکمرانیکردندا نین. هاوکات خاوەنی هیچ شیکردنەوە و دیدێکی رەخنەیی بۆ ئەو فۆرمە ترسناک و خنکێنەرانەش لە دینداریی نین، کە لەم دوو دەیەی دواییدا لەدایکبوون. ئەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنانە ئاو بە ئاشی ئەو پۆپۆلیزمە دینییەدا دەکەن، کە خەریکە تەڕ و وشک لە وڵاتەکەدا بەیەکەوە دەسوتێنێت. 

سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی  یەکگرتوی ئیسلامی، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەماندا، نەک تەنها بەرگریی لە هێزە ئیسلامییەکان دەکات، بەڵکو گوتاری سیاسیی سەرجەمی هێزە ئیسلامییەکان بە بەرگریکردن لە ئەخلاقەوە گرێئەدات، و ئەخلاقیش بە دیندارییەوە دەبەستێتەوە. هاوکات فوو بەو گوتارە دینییەشدا دەکات کە دەیەوێت قەناعەتمان پێبێنێت گوایە «پیلان» بۆ داڕمانی ئەخلاق و سڕىنەوەی دینداریی، لەئارادایە. ئەمینداری یەکگرتوو دەڵێت: «هەموو ئیسلامیەکان یەک ئامانجمان هەیە، پێکەوە ڕوبەڕوی گەندەڵی و پیلانی داروخانی ئەخلاقی دەبینەوە». کاتێکیش پێناسی یەکگرتووی ئیسلامی وەک پارتێکی سیاسیی دەکات وەک هێزێک دەیناسێنێت، ئەرکە سەرەکییەکەی بە خزمەتکردنی دینەوە گرێئەدات. ئەمینداری گشتیی دەڵێت «یەکگرتوو مشروعی هیدایەتە و بۆ خزمەتی دینی خەڵک و ئینجا خزمەتکردنی خەڵک هاتووە". لەکاتێکدا سەرەتایترین تێگەیشتنێکی هاوچەرخانە لە سیاسەت پێماندەڵێت ئەرکی پارتی سیاسیی خزمەتکردنی دین نییە، بەڵکو رێکخستی ژیانی گشتیی و ئیدارەدانی پێکەوەبوونی کۆمەڵگایە لەسەر بنەمای ماف و بەرپرسیاریەت، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان، نەک لەسەر بنەمای دین و دینداریی.  

قسەکردن لە بوونی پیلانێکش بۆ تێکدانی دین و دینداریی و لەوێشەەوە تێکدان و داڕمانی ئەخلاقیی، هەروەها نمایشکردنی هێزە ئیسلامیەکان وەک «مەشروعی هیدایەت»، بەشێکە لەو پۆپۆلیزمە دینییە کە ئەم هێزانە بەشێوەیەکی بەردەوام پەنایبۆدەبەن. 

لە ئاستە تیورییەکەیدا ئەم هێزانە دەیانەوێت شەرعیەتێکی دینیی بە سیاسەت بدەن، واتە دەخوازن سیاسەت  بۆئەوەی بتوانێت ببێت بە «مەشروعی هیدایەت»، لە دینەوە شەرعیەت وەربگرێت، لە کاتێکدا سیاسەت پێویستی بە شەرعیەتی دینیی نییە، بەڵکو پێویستی بە  بە شەرعیەتی ئیسنانیی و نیشتیمانیی، ھەیە. شەرعیەتی سیاسەت لە دینەوە نایەت، بەڵکو  لە بەرنامەی سیاسیی و لەو مۆدێلی حوکمڕانییەوە دێت، کە پێشنیاری دەکات. لەوەوە وەریدەگرێت کە تاکەکەسەکان وەک هاولاتی یەکسان و خاوەن ماف وێنابکات و کۆمەڵگاکەش وەک دەرەنجامی گرێبەستێکی کۆمەلایەتیی وێنابکات. ئەمەش تەواو ناکۆکە بەو پۆپۆلیزمە دینییە کە وای نیشئەدات کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگاکە کێشەی دین و ئەخلاقە و تەنها دین و ئەخلاقیش دەتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا هەم کێشەکانی کۆمەڵگاکە کێشەی دینیی نین، هەم دین خۆیشی لە کۆمەڵگاکەدا لەژێڕ هەڕەشە و پیلانێکی دەرەکیی یان ناوەکیدا، نییە. بە پێجەوانەوە  کۆمەڵگاکە تووشی ئاوسان و تەزەخومێکی دینیی گەورەبووە، کە وادەکات تەنانەت رێگە لە ناسینێکی راستەقینەی کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگاکە و  حوکمڕانییەکەی ناوی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بگرێت. 

کێشەکانی وڵاتی ئێمە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و پتەویان بەو مۆدێلە لە حوکمڕانیەوە هەیە کە ستەمگەریی ئاکارە هەرەسەرەکییەکەیەتی. ستەمگەرییەک کە لە حوکمی خێزانیی و تاکەکەسیی ئەم یان ئەو بنەماڵە و سەرکردەی سیاسیدا بەرجەستەیە. ئەوەی دەبێت رووبدات دانانی سنوور و یاسا و دەزگا و پلان و بەرنامەی لێپرسینەوەی سیاسییە لەم مۆدێلە لە حوکمڕانیی، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی  کەسەکان و بەرپرسیارکردنیانە بەرامبەر بەوەی دەیکەن و ئەنجامیئەدەن، بوونی میکانیزمی تایبەتە بۆ سزادانیان، نەک ئەوەی هەموو گوتار و هەوڵەکان ئاراستەی ئەوەبکرێن کە ئەو حوکمڕانە خراپانە لاببەن و ئەمانەی ئۆپۆزیسۆن بچنە شوێنیان. ئەوەی پێویستە مۆدێلەکە لە حیزبایەتیی و لە بکەری سیاسیی کە هەمان ئەو سیستمە دووبارەنەکەنەوە. تەڵاقدانی کاریزما و ڕووکردنە دەزگا و یاسا و ئامرازی لێپرسینەوەی دەسەڵاتداران و گۆڕینیانە بەشێوەیەکی بەردەوام. وەک وتیشم لە بنەرەتیشەوە کێشەی حوکمڕانیی کێشەیەکی ئەخلاقیی نییە.

کێشەی حوکمرانی کێشەی دابینکردنی مافە هەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، کە لە ئەزموونی سیاسیی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ گرێدراوە بە غیابێکی ترسناکی مەسەلەی هاوڵاتیبوونەوە. لە ڕاستیدا شتێک بەناوی هاوڵایی و هاوڵاتیبوونەوە نە لەناو سیستمە خێزانییە سوڵتانییە حوکمڕانەکەدا بوونی هەیە، نە لەناو عەقڵیەتی سیاسیی و دیدگای ئەو بەرە ئۆپۆزیسیۆنەدا کە زۆربەیان بەناوی مافی خودا، یان بەناوی دین، یان بەهۆی نارسیزمێکی سیاسیی کوشندەوە، باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ نییە و مەسەلەی هاوڵاتیبون لەلایەن، جگە لە دەستەواژەیەکی بێناوەرۆک شتێکی دیکە نییە. 

هاوڵاتیبوون مانای یەکسانبوونی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، چ یەکسانبوون لە مافدا و چ یەکسانبوون لە بەرپرسیاریەتدا. بۆ نموونە یەکسانبوونی، دیندارێک و بێدینێک، یان خاوەن دینێکی جیاواز لە  دینی زۆرینەی کۆمەڵگاکە، یان خەڵکی ئەم یان ئەو ناوچە، سەر بەم خێزان و بنەمالە یان بەویتریان. هەموو ئەمانە کاتێک وەک هاوڵاتی دەبنیرێن مانا سادەکەی ئەوەیە کە هەموویان هەمان ماف و هەمان بەرپرسیارێتیان هەیە، گرنگ نییە دینیان هەیە یان نیانە. هاولاتیبوون پەیوەندیی بە کێشەی دەستەبەرکردنی ژیانێکی باش و گونجاوەوە بۆ هەمووان هەیە، کە بتوانێت کەرامەتی مرۆڤ وەک مرۆڤ بپارێزێت، بە دیندار و بێدینەوە. پەیوەندیی بە کێشەی هاریکاریکردن و  زەمینەخۆشکردنیشەوە هەیە بۆ گەشەکردنی ئەو تاکەکەسە سەربەخۆیانەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی لە دونیای ئێمەدا دروستیاندەکات و دەستەبەرکردنی سەرجەمی ئەو مافانەش کە سەربەخۆبوونی ئەم تاکەکەسانە بپارێزێت و بەهێزبکات. 

بە کورتییەکەی، نەک تەنها بنەماڵە حوکمڕانەکان و هێزە دەسەلاتدارەکان، لەم بابەت و کێشە و تەحەدا سەرەکییانە نزیکناکەونەوە، بەڵکو بەشی هەرەزۆری ئەم مەسەلانە بەشێکیش نیین لە بیرکردنەوە و بەرنامەی سیاسیی و دیدگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand